پەیوەندی نێوانی کولتور و ئاین/دین

زاهیر باهیر

18/03/2024

کولتور چییە؟ کولتور کۆمەڵە ئاداب و هەڵسوەکەوت و تێڕانینییکی هاوبەشی کۆمەڵێك خەڵکە وەکو پێوەرێكی کۆمەڵایەتی دایانناوە کە گرنگ نییە زۆر بن یا کەم کە لە شوێنیکدا جێگیر بوون.  هەرگیز کۆمەڵەکانی بەشەرییە بێ کولتور نەبوون چونکە پێداویستی ژیان و هەڵکردن بە یەکەوە و هەندێ کاری هاوبەش و چەندەها شتی دیکە زەروورییەتی دانانی جۆرێك لە یاسا و ڕێسای بەسەردا سەپاندوون.

ئاین چییە؟ ئاین بڕوا و ئیمانێکە کە خودی ئەو کۆمەڵە کەسە بۆ خۆیانی دیاری دەکەن و دروستی دەکەن  کە ئاسوودە و ئارامییەك دەداتە ڕۆحیان، ئیدی ئەوەی کە بڕوایان پێی هەبووە بینراوە یا نەبینراوە، هەستپێکراوە یاخود هەستپێنەکراو گرنگ نەبووە.  مێژوی ئاین و ئاینەکان لە چاو مێژوی کولتوری کۆمەڵەکاندا هەر زۆر زۆر نزیکە.

ماوەیەکی زۆری پێچووە کە دین/ئاین ببیتە بەشێك لە کولتوری خەڵکەکە، کۆمەڵەکە. پاشان ئەمیش بووەتە بەشێك لە داب و نەرێتی کۆمەڵ و کۆمەڵاتی ئەو کۆمەڵە ، بەڵام هەرگیز ئاین لە ململانێد نەبووە کە پاوانەی کولتور بکات، بەڵکو هاوسەنگی و ئاشتەواییەکی زۆر هەبووە لە نێوانیاندا ، هەر لەبەر ئەوەش کەس زۆری لە کەس نەکردووە و فشاری نەخستۆتە سەر ئەوی دیکە. 

بێ گومان بە تێپەڕینی زەمەن و قۆناخەکانی بەشەرییەت کارایی لەسەر هاوسەنگی نێوانی کولتور و ئاین دانراوە.  کۆمەڵگەی کوردی هەتا کۆتایی پەنجاکان-یش ئاین و کولتور لای ئاوێتە بووە و هەوڵی ئەوەی داوە کە تەنانەت  ئایەت  و وتە شەرەنگێزەکانی موحەمەدی پەیامهێنەریش ڕەتبکرێتەوە بۆیە نە لە مزگەوتەکاندا و نە لە ماڵ و نە لە قوتابخانەکاندا زۆربەی کات ئایەتە باشەکانی قورئان و وتە باشەکانی موحەمەد باسکراون و ناوهێنراون.  کەس مەبەستی نەبووە کە دین بکاتە داردەستێك بۆ مەبەستی دەسەڵاتخوازیی .

لە سەرەتای شەستەکانەوە و دواتریش بەهاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم، ڕێڕەوی دین لە بەشێك لە کولتوری کۆمەلایەتی و تا ڕادەیەك لەوەی لاوەکی بێت گۆڕدرا .  بە واتایەکی دیکە پەیوەندی نێوانی کولتور و ئاین / دین لە هاوسەنگی دەرچوو و ململانێیەکی تووندوتیژ کەوتە نێوانیانەوە تاکو دین سەرکەوێت بەسەر کولتوردا، بە مانایەکی دیکە لە بری ئەوەی کە دین وەکو بەشێك لە کولتوردا بمێنێتەوە ئاشتەوایی نێوانیان بەردەوام بێت بۆ خزمەتی کۆمەڵ، دین هەوڵی پاوانەکردنی کولتوری دا و ویستی خۆی ببێتە سەرەکی و کولتور ببێتە بەشێك لێی .  بەمشێوەیە ڕۆیشت تاکو بە گوێرەی دین داب و نەرێتی کۆمەڵایەتی و کاروباری ڕۆژانە و مامەڵە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بسەپێنرێت بەسەر کۆمەڵدا .

بە داخەوە کە سەرەنجام دین بەسەر کولتوردا سەرکەوت و ئەو هەموو کارەساتە دڵتەزێنانەیان بۆ بەشەرییەت هێناوە کە کۆمەڵگەی ئیسلامی لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا پێوەی دەنالێنێت.