خوێندکاران لە ئەوروپا دەستیان بەسەر قوتابخانە و زانکۆکاندا گرت

06/05/2023

لە پێشینەی کردنی کەمپەینی مانگێك بۆ بەرگریکردن لە ژینگە پاش ئەوەی کە دەسەڵاتداران و بزنسمانەکان ڕاستگۆنەبوون لە بەڵێنەکانیان سەبارەت بە نانی هەنگاوی گەورە لە پاراستنی ژینگەدا، خوێندکاران لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپادا دەستیان بەسەر قوتابخانە و زانکۆکاندا گرت.

تا ئێستا زیاتر لە 22 قوتابخانە و زانکۆ لە لایەن خۆێندکارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە .  ئەوە ڕاستییە کە ئەو ژمارەیە زۆر زۆر کەمە بۆ هەموو ئەوروپا بەڵام ئەمە تەنها دەستپێکە.  سەرەتایەكە بۆ خۆکۆکردنەوە و چربوونەوەی بزوتنەوەی گەنجان کە لە ساڵی 2019 دا پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا بەردەوام بوو کە ڕۆژانی شەمە زیاتر لە 70 وڵاتدا خۆپیشاندن و پرۆتێست دەکرا.

لە ئەڵمانیا ئەم زانکۆیانە دەستییان بەسەردا گیراون : Wolfenbüttel, Magdeburg, Münster, Bielefeld, Regensburg, Bremen ،  Berlin

لە ئیسپانیا لە بەرشەلۆنە زانکۆی ئۆتۆنۆمی دەستی بەسەردا گیراوە .  لە بەلجیکا 40 خوێندکار دەستیان بەسەر زاکۆی Ghent گرتووە .  لە  کۆماری چیك 100 قوتابی چادریان لەبەردەم وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییدا هەڵداوە .  لە بریتانیا دەستبەسەراگرتنی زانکۆکانی Leeds, Exeterو  Falmouth.دەستیپێکردووە. 

ڕادیکالترین چالاکی لە لشبوونەی پایتەختی پورتوگال لە لایەن گەنجانەوەیە کە دەستیان بەسەر 7 قوتابخانە و 2 زانکۆدا گرتووە .  بۆ پاڵپشتی ئەوان گەنجانی دیکە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و شەقامەکانیان لە پێداڕۆیشتنی سەیارە دابڕی . دروشمی گەنجان : کۆتایی بە Fossil ، دەستبەسەراگرتن.   بە جارێ هاوار دەکەن : دەستبەسەراگرتن لەبری مانگرتن ، کۆتایی بە ئابووریی فۆسیل بێنە لەبری گوێگرتن لە زانست … ئەمانە دروشمەکانی ساڵی 2019 بوون .

ڕێکخەرانی کەمپەینەکە هیوادارن دوایین شەپۆل ڕادیکالیزمی مانگی ئایاری ساڵی 1968 بگرێتەوە و دروستی بکاتەوە، کاتێک ناڕەزایەتییە دژە ئیمپریالیزمەکانی خوێندکارانی زانکۆ لە پاریس لەلایەن خوێندکارانەوە دەستیپێکرد و دواتریش  کرێکارانی مانگرتووەوە بەشدارییان تێدا کرد و شەپۆلێکی ڕاپەڕینی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا خێراتر کرد.

لەم هەڵمەتەدا کە دەستیپێکردۆتەوە دەڵێن : “ئێمە وەک خوێندکارێک دەست پێدەکەین کە قوتابخانە و زانکۆکان داگیر دەکەن، بەڵام پێویستمان بە هەموو کۆمەڵگە هەیە کە هەنگاوی ڕیشەیی لەگەڵماندا بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە [سووتەمەنی] بەردینی.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “تەنها لەگەڵ ئەوەی وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە هەموو کۆمەڵگە بەرپرسیارێتی وەستاندنی سەردەمی سووتەمەنی بەردینی دەگرێتە ئەستۆ، دەتوانین بەڕاستی سیستەمەکە بگۆڕین.” دەڵێن  “هەر کەسێک لە هەر بەشێکی جیهانەوە بیەوێت ئەم چالاکیانە لە قوتابخانە یان زانکۆی ناوخۆیی ڕێکبخات، زۆر بەخێرهاتن دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، بە مەرجێک ڕازی بێت بەشداری بکات بۆ گەیشتن بە داواکاری سەرەکیمان و پەیڕەوکردنی سێ بنەماکەمان: گەنجان ڕابەرایەتی دەستبەسەرگرتن دەکەن، چوارچێوەی دادپەروەری کەشوهەوا/ ژینگە کە داخوازییە، هەروەها دەستی بەسەردا بگرە تا سەردەکەویت ”.

کۆنترۆڵکردنی کرێی خانوو لە ئینگلتەرە و وێڵس

05/05/2023

ساڵی 2010 کە حیزبی موحافیزین هاتنە سەر حوکم چەندەها ڕیفۆرمیان کرد کە لەوانە  کەمکرنەوەی بیمەکان و قورسکردنیان لە داواکردنیاندا و بڕینی بیمەی منداڵان بۆ زیاتر لە 2 منداڵ لە خێزانێکدا و باج دانان لەسەر ژوری زیادە و هەروەها مافی  خاوەنخانوو بە دەرکردنی کرێچییەکەی هەر کات بیەوێت بێ ئەوەی کە کرێچییەکەی دانی کرێی پشتگوێ خستبێت یاخود پاکوخاوێنی و ڕێكوپێکی خانوەکەی ڕانەگرتبیت و ئاسایشی دراوسێکانی تێک نەدابێت .

ئەم یاسایە ئەو ئازادییەی دا بە خاوەنخانو کە سەربەست بن لە دەرکردنی کرێچییەکانیاندا و بردنیان بۆ دادگا هەر کات ویستیان.  بۆ ئەمەش کەمپەینێکی زۆر گەورە کرا چونکە بوە هۆی ئەوەی کە ساڵانە زیاتر لە 9 هەزار کرێچی بێ ئەوەی کارێکی خراپیان کردبێت دەرکرێن .  دواجار تریزە مەی کە سەرۆکی وەزیران بوو لە ساڵی 2019 دا بڕیاری دا کە ئەم یاسایە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام بە هاتنی حکومەتە یەك بە دوا یەکەکاندا ئەوە هەر نەکرا و هەر مایەوە . 

لە ئێستادا دەردەکەوێت کە 87 پەڕلەمانتار کە 68 کەسیان سەر بە حیزبی موحافیزنن  لە پاڵ کارەکانی خۆیاندا خاوەنخانوون و خانووەکانیان داوەتەوە بە کڕێ . لەم پەڕلەمانتارانەی حیزبی موحافیزین 5 دانەیان وەزیرن و لە کابینەی ئێستادان .  ئەم وەزیرە خاوەنخانوانە ساڵانە 10 هەزار پاوەند هەر داهاتی خانوووکانیان بووە کە دوان لەوانە وەزیری داریی و وەزیری ناوخۆیە .

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت کە چاوەروان لە حکومەتێك بکەیت هەر لە 5 پەرلەمانتاری یەکێکیان خاوەنخانوو بن بێن کۆنترۆڵی کرێ و باشکردنی هەلومەرجی ژیانی کرێچیان بکەن کە خۆیان خاوەنخانوون؟ بە واتایەکی دیکە ئایا ڕازی دەبن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا کۆنە و دانانی یاسایەکی نوێ  کە مافە سەرەکییەکانی کرێچی بپارێت ؟  وەڵامەکە مەگەر لەژێر فشارێکی ئێکجار گەوەرەی خەڵکدا بێت .

ئەمە لە کاتێکدا ئامارەکان دەریدەخەن لە ئینگلتەرا لە ئێستادا ساڵانە زیاتر لە 9 هەزار دەرکردن بەبێ تاوان ڕوودەدەن.  لە ساڵی 2021دا نزیکەی 800 هەزار خانووی تایبەت بە کرێ لە ئینگلتەرا نەیانتوانی “ستانداردی خانووی شایستە” بەگوێرەی پێوانەی حکومەت بەدیبهێنن.

قازانجی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز

05/05/2023

لە کاتێکدا کە تێچوونی ژیانی خەڵکی لە بریتانیادا ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و هەر ئاواش ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە ، هاوکات کۆمپانیاکانی غاز و نەوت قازانجێکی خەیالی دەکەن لەگەڵ هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.

هەفتەی پێشو کۆمپانیانی پیترۆلی بریتانی بڕی قازانجی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستە ڕوو کە 4.9 ملیار دۆلار بوو.

دوو ڕؤژ لەمەبەریش کۆمپانیای شێڵ-یش بۆ هەمان ماوە واتە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە قازانجیان زیاتر لە 9.6 ملیار دۆلار بووە لە کاتێکدا ساڵی پارەکە، 2022، بۆ هەمان وەرز قازانجەکەی 9.1 ملیار دۆلار بووە . شارۆن گراهام، سکرتێری گشتی سەندیکای یونایت، وتی ” هەردوو کۆمپانیاکە “بەردەوامن لە قازانجکردنی بێ سەروبەرەدا”، ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو قەبارەیەی قازانجکردنە کە ئەمڕۆ لەلایەن شێڵ و کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی (بی پی) کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا  نمایشکرا یەکێکە لە ئابرووچوونەکانی  کۆمپانیاکانی سەردەمی ئێمە”

پێشکەوتنی ” زیرەکی دەستکرد” دەتوانێت شارەستانییەت لە ماوەی بیست ساڵدا بەرەوە نەمان بەرێت*

زاهیر باهیر

04/05/2023

ئەمە قسەی دکتۆر جێفری هنتن-ە، Geoffrey Hinton ،   کە بە باوکی ڕۆحی زیرەکی دەستکرد ناونراوە . دکتۆر هنتن کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا کار دەکات و لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی دیکەدا کاریان لەسەر ‘ زیرەکی دەستکرد’ ” Artifical Intelegence  ” دەکرد لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەو پرۆژەیە  لە گووگڵ پاشەکشەی کرد.

هۆکاری پاشەکرشەکردنەکە بە دێڕێک خستە بەرچاو ئەویش گەیشتنێتی بەو قەناعەتەی کە پشێەوەچونی ‘ زیرەکی دەستکرد’ مەترسیدارە لە سەر ژیان و کۆمەڵ کە دەگاتە پلەی زیرەکتر لەوەی کە دروستی کردووە ، واتە لە خۆیان .

بە کشانەوەی لەو پرۆژەکەی گووگڵ دەنگ و سەدایەکی گەورەی دروست کرد کاتێك کە جیهانی بە ئاگاهێنایەوە لە مەترسی دیجیتەڵ زیرەکیی . ئەم ئاگەدارکردنەوە وای لە هەر یەك لە ئیلون میسك، کۆشکی سپی و بێرنی سەندێرس “Elon Musk ، White House ، Bernie Sanders ”  کرد داوای یارمەتی و کۆمەکی لێبکەن،  بەڵام ئەو رەتیکردەوە.

ئەو کە لەم ماوە زۆرەدا بە تایبەت لە  ساڵی 2018 و بە یارمەتی هاوکارەکانی زۆر بە چڕی و بێ ماندووبوون لە   پێشەوەبردنی ‘ زیرەکی دەستکرددا’ گەیشتە قەناعەتی ئەوەی کە مێشکی دیتجیتەڵی ڕەنگ مێشکی بایۆلۆجی سەرکوت بکات ، واتە پێشی بداتەوە.

دکتۆر جێفری هنتن کە خۆی بە سۆشیالیست دەزانێت ڕەنگە وەڵامەکەی  بۆ کەسان و لایەنانی بەدەسەڵات قەناعەتکەر نەبێت و نەیانەوێت بیبیستن.  لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی گاردیاندا وتی حکومەتی ئەمریکا بە ناچاری نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی هەیە . مەیلی منیش ناکۆکە لەگەڵیانا………بۆ نموونە، دڵنیام کە وەزارەتی بەرگری پێی وایە کە تاکە دەستی سەلامەت بۆ ئەم شتانە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خۆیەتی ، تاکە گروپێك لە خەڵك کە لە ڕاستیدا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن”

دکتۆر هنتن درێژەی بە قسەکانی داو وتی ” من سۆسیالیستم ”  بوو وتی  “پێموایە خاوەندارێتی تایبەتی میدیا و ‘ ئامرازەکانی حیسابکردن’ ، باش نیین”.

ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداریدا سەیری ئەوە بکەیت کە گووگڵ چی دەکات، ئەوا بەو شێوەیە بەرپرسیارانە ڕەفتار دەکات کە چاوەڕێی دەکەیت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەوڵدەدات زۆرترین سوود بۆ هەموو خەڵک بەدەستبهێنێت، بەڵکو  لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە زۆرترین سوود بۆ خاوەن پشکەکانی، ئەوەش شتێکی زۆر جیاوازە.”

ئەو بە بەردەوامی لە دیمانەکانیدا کە پرسیاری زیاتری لێدەکرێت وەڵامی زیاتر دەداتەوە. کاتێك کە پرسیاری ئامۆژگاری لێدەکەرێت قسەیەکی وای لا نییە و دەڵێت  “من کەسێکی سیاسی نیم  “  “من تەنها کەسێکم کە لەناکاو ئاگادار بوومەوە کە مەترسی ئەوە هەیە شتێکی بەڕاستی خراپ ڕووبدات.  خۆزگە چارەسەرێکی جوانم هەبوایە، وەک: ‘تەنها واز لە سووتاندنی کاربۆن بێنە و باش دەبیت.’ بەڵام ناتوانم چارەسەرێکی سادەی ئاوا  لەو جۆرە ببینم.”

 درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێت ” لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هەوڵم داوە مۆدێلی کۆمپیوتەر دروست بکەم کە بتوانێت شتەکان فێربێت کەمێک وەک شێوازی فێربوونی مێشک، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەم کە مێشک چۆن شتەکان فێردەبێت،  بەڵام بەم نزیکانە بڕیارمدا کە ڕەنگە ئەم مۆدێلە گەورانە لە ڕاستیدا زۆر باشتر بن لە مێشک…... “پێویستە ئێستا زۆر بیر لەوە بکەینەوە، و ئەگەر شتێک هەبێت کە بتوانین بیکەین.  هۆکاری ئەوەی کە من ئەوەندە گەشبین نیم ئەوەیە کە هیچ نموونەیەک نازانم کە شتە زیرەکترەکان لەلایەن شتە کەمتر زیرەکەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن.…….پێویستە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت کە  لە ئێمە زیرەکتر بێت بە هەمان ڕادە کە ئێمە لە بۆقێك زیرەکتر بین.  ئەوە زۆر باشە کە بڵێین: ‘باشە، مەیانبەستنەوە بە ئینتەرنێتەوە ’، بەڵام هەر ئەوەندەی قسەمان لەگەڵ دەکەن، دەتوانن وامان لێبکەن شتەکان بکەین.”

ئەم شتانە یارمەتی حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان  دەدەن لە لەناوبردنی ڕاستییەکان، یان دەستکاریکردنی دەنگدەران..  مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، لە دۆخێکدا کە ئەمریکییەکان تەنانەت ناتوانن ڕازی بن کە چەکی  هێرشبەرانە نەدەن بە کوڕانی هەرزەکار، ئەوە شتێکی قورس نییە بیری لێبکرێتەوە.

لە ئۆڤاڵدە، Uvalde ، [کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2022ی 21 کەس لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە تەکساس کوژران]، 200 پۆلیس هەبوون کە نەیاندەوێرا لە دەرگایەکەوە تێپەڕن، چونکە کابراکەی دیوەکەی تر تفەنگی هێرشبەری هەبوو و تەقەی لە منداڵان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانن بڕیار بدەن کە چەکی هێرشکردن قەدەغە نەکەن . ئا لەم بارەدا سیستەمێکی سیاسی تەواو ناکارامەی لەو جۆرە، سیستەمێکی دروست نییە بۆ ئەوەی ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات”.

مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد

بە گوێرەی دیمانە و قسەکانی جێفری هنتن کە من هەنێکیانم لە سەرەوە داناوە کە خودی ئەویش لە هەموو کەس باشتر لە وردەکاری و وەزیفەکانی ‘ زیرەکی دەسکرد’ دەزانێت گەر بەو شێوەیە بێت کە ئەم دەیڵێت زۆر بەترسیدارە.  ئەم مەترسییەش زیاتر دەبێت ل کاتێکدا کە کار بەو بکرێت ئەرک و وەزیفەکانی و توانای فراونتر دەبێت ، لە حاڵەتێکی ئاوادا مەترسییەکانیش گەورەترن . 

دکتۆر هنتن لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت  حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان گەورەترین ئاڵای سوورن کە ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤایەتی ناتوانێت دەستی بە مەترسییەکانی ‘ زیرەکی دەستکرددا ‘  بگرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت.”

پێشبڕکێی ‘زیرەکی دەستکرد’ لە ئێستاوە کەمبوونەوە  بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژی سێشەممە، 02/05، کۆمپانیاکانی پەروەردە کە لە بۆرسەکانی لەندەن و نیویۆرک بازرگانی دەکەن، سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بەهایان سڕراوەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای چێگ ” Chegg ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە یارمەتی ئۆنلاین دەدات بە خوێندکاران بۆ کاری نووسین و بیرکاری، ڕایگەیاند کە ChatGPT کاریگەری لەسەر گەشەی کڕیاران هەیە.

ترسەکان سەبارەت بە دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی پەرەپێدانی ‘ زیرەکی دەستکرد’ کۆنترۆڵنەکراو، بووە هۆی ئەوەی لە مانگی ئازاردا نامەیەک بڵاوبکرێتەوە – کە واژۆکارەکانی بریتی بوون لە ئیلۆن ماسک و ستیڤ وۆزنیاک، هاوبەشی دامەزرێنەری ئەپڵ – کە داوای وەستاندنی دروستکردنی ” زیرەکی دەستکرد بکەن”   لانیکەم بۆ شه‌ش مانگ .  پرسیاری ئەوەش کراوە کە ئایا پێویستە “هەموو کارەکانی کە بە ئۆتۆماتیکی دەکرێن دووربخەینەوە، لەوانەش ئەوانەی کە بەدیهێنراون“.

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ، WEF ،کە ڕێکخراوێکە لە پشتی  کۆبوونەوەکانی داڤۆسەوەیە ، لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان لەوانەش’  زیرەکی دەستکرد’ ببنە هۆی جۆرە پشێوییەكی “بەرچاو” لە بازاڕەکانی هەلی کاردا.  کۆمپانیای WEF ڕاپرسییەکی لە زیاتر لە 800 کۆمپانیا کردووە کە 11.3 ملیۆن کرێکار و کارمەندیان هەبووە، 25%یان ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن’  زیرەکیی دەستکرد’  لەدەستدانی هەلی کار دروست بکات، هەرچەندە 50% ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن گەشەی هەلی کارەکان هان بدات. لە مانگی ئازاردا، گۆڵدمان ساشە ڕایگەیاندبوو، پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە لە بواری ‘ زیرەکی دەستکرددا’ دەتوانێت ببێتە هۆی ئۆتۆماتیکیکردنی نزیکەی 300 ملیۆن فولتایم کار، واتە جێگایان بگرێتەوە کە ئەمەش بەشی  پارێزەران و ئەدمین  لەنێو ئەو کەسانەی کە کاراییان لەسەر دادەنێت دەگرێتەوە.

لە کاتێکدا کە ‘زیرەکی دەستکرد’ لەوانە کە دروستیان کردووە زۆر زیرەكتر بێت ئیتر کۆنترۆڵکردنیشی زۆر گران دەبێت بۆیە مەترسییەکان هەر لەو ئاستەدا کە لە سەرەوە و لە لایەنکانی دیکەی ژیاندا دەردەکەوێت ئاسان نابێت. وێڕای ئەوانەش کە ئەو لیدوان و شیکردنەوانە بۆ بارودۆخی زیرەکی دەستکردە کە تا رادیەك هێشتا لە سەرەتادایە ، دیارە بە تێپەڕبوونی زەمەن و کاری زیاتر لەسەر دروستکردنی و پڕۆگرماکردنی زیاتری مەترسییەکانیش گەورەتر دەبن .

بەشەرییەت بەرەو کوێ؟

ئەمە پرسیارێکە کە کەس ناتوانێت بە دەقیقی وەڵامی بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان مافی ئەوەمان هەیە کە ڕای خۆمان و پێشبینیمان بخینە بەرچاو.

من وا پێشبینی دەکەم کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی دیکەدا زۆربەی کارەکان جگە لەهەندێك کاری دەستی کە دەگمەن دەبن هەمووی لە لایەن ڕۆبۆت و ‘ زیرەکی دەستکردەوە’ ئەنجام دەدرێت.  بە واتایەکی دیکە ژمارە و ڕێژەی کرێکاران بەرەو کەمی و کەمتر دەڕوات .  لەو حاڵەتەشدا توانای کڕینی خەڵکی زۆر کەم دەبێتەوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە لە بازاڕدا دەبن .  کاتێك کە کاڵا پێویستی بە سەرفبوون هەیە کڕین هەیە بەڵام زۆربە کاریان نییە ، دەوڵەت گەر لەناونەچێت دەبێت بڕێك پارەی شیاو بۆ هاووڵاتیانی زامن بکات تاکو پێی بژین بە کڕنیی کاڵاکان و پێداویستییەکانیان .

لەو بارەشدا نرخی پیداویستییەکان و کاڵاکان زۆر زۆر هەرزان دەبن چونکە خاوەنکار و کۆمپانیاکان بڕی تێچوونی کاڵاکانیان ئێکجار کەم دەبێتەوە .  هۆکارەکەش نەدانی کرێ و مووچەی کرێکارە، نەدانی پارەی نەخۆشی و هۆڵیدەیی و خانەنشینی بیمەکانی، و کە ئێستا کرێکاران و کارمەندان شایستەین .

هاوکاتیش دەوڵەت ڕێژەیەك کە بتوانێت بیمەی ئەم هەموو خەڵکە بەتاڵەی پێبداتەوە باج لەسەر کاڵاکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان و قازانجیان دادەنێت .

لە کۆتاییدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئایندە بکەین و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ و بەڕیوەبردنی لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کرێکارانی زیندوو بە مردوو دەگۆڕێت، زۆر زۆر زەحەمەتە.

*سەرچاوەی ئەم نوسینە لە چەند وتارێکی ڕؤژنامەی گاردیانەوە وەرگیراوە.

Zaherbaher.com 

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

04/05/2023

بەشی هەشت

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.  گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

…………………………………

حەوت : گەندەڵی و ئابرووچوون :      

دەسەڵاتخوازی و خودی دەسەڵاتداریی سەرچاوەی  گەندەڵییە.  حیزبەکانی بریتانیا بە تایبەت موحافیزین کە لە دەسەڵاتدان بە بەردەوامی ئابڕووچونی زۆریان لێدەردەکەوێت . من لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم . ڕوشی سوناك-ی سەرەكوەزیران پێش ئەوەی کە بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا هەڵببژێرێت  دەرکەوت لە سامانی  630 ملیۆن پاوەندی ژنەکەی باجی پیویستی نەدراوە تا ئاشکرا نەبوو و ناچار نەکرا باجەکە نەدرا.

لە ئاهەنگێکدا [ پارتی] ، ژمارەیەك لە کەسە نزیکە ناودارەکانی لیز تروس ڕۆژێك پێش ئەوەی ببێتە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە هیشتا وەزیری دەرەوە بوو لە یەكێک لە خانووە دڵگیرەکاندا، دوای ئاهەنگەکە بڕێك ماتریاڵی سپی دۆزرایەوە کە شوێنەواری مادەی کۆکاین-ی پێوەدیار بوو .

ئابڕووچوونەکانی بەرپرسانی حیزبی موحافیزین بەردەوامە.  قسەکەری ڕیشی سوناكی سەرەکوەزیران لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەڕلەمانتارەکانی کە لە کاتێکدا بە کاری پەڕلەمانی دەنێرێنە وڵاتان شەوانە لە ئوتێلەکاندا کاری سێکسی لەگەڵ ژنانی لەشفرۆشدا دەکەن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخوۆنەوە و دوای ئەوەش دیاری بەهادار وەردەگرن .

زۆرێك لە ئەندام پەڕلەمانەکان کاری دووهەم دەکەن دەرکەوت کە بە هەموویان لەو کارەدا 15.2 ملیۆن پاوەندیان دەستکەوتووە .  ترێزە مەی کۆنە سەرەک وەزیران هەر بە تەنها بە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە ئەمە لە سەرو موچەی پەڕلەمانتارییەکەیەوە.  بۆریس جۆنسۆنی کۆنە سەرەکوەزیرانیش دوای دەستکێشانەوەی لە کارەکەی لە مانگی سێبتەمبەرەوە تاکو مانگی مارتی ئەمساڵ  2.5 ملیۆن پاوەندی بە وتنەوەی موحازەرە لە ئەمەریکا و شوێنی دیکە دەستکەوتوە کە لە هەندێکیاندا سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پێدراوە. ئەمە  جگە لە ئوتێلی بەلاش  و گواستنەوەی بە بەلاش بۆ هۆڵی موحازەرەکە و نانخواردنی و لە هەندێکیشیا پارەی بیتاقەی تەیارەشی بۆ دراوە.   بێ گومان دیاری بەها و داوەت و داوەتکاری و پارە لە لایەن بزنسەوە هەر باس ناکرێت ، ئەمە بێ لەوەی کە هەندێکیان خاوەنپشکن لە بزنسەکاندا.

لە بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافیزین دا،  حیزبی لەیبەریش [ حیزبی کرێکاران] کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە 2.1  ملیۆن پاوەند داهاتی کاری دووهەمیان بووە، هاوکاتیش  حیزبی لیبرڵ دیمۆکرات بە بڕی 171 هەزار پاوەند کاری دووهەمیان کردووە.

ئەوە هەر باسی سەردەمی کۆرۆنا ناکرێت کە ئێستاش ناتوانرێت جێگای زیاتر لە 12 ملیار پاوەند بکرێتەوە لە سەرجەمی ئەو 37  ملیار پاوەندەی کە بۆ کەرەسەی خۆپاراستن و سێنتەرەکانی پشکنین و پۆشاکی دکتۆر و نێرس و پاککەرەوەی زەوی و جیهازەکان و شتی دیکە بەکارهێنراوە . هاوکاتیش هەندێك نوسینگە و کۆمپانیای بچوك کە دۆست و ناسیاوی بەرپرسان بوون پارەی خەیاڵییان پێبەخشراوە لەبری کڕینی هەندێك کەرەسەدا.  لە ئێستاشدا  یەك دوو لە وەزیرەکان وەزیفەکەیان  هەڵپەسێرراوە و لێپێچینەوەیان لێدەکەن .

نەدیم زەهاوی ، کوردەی لای خۆمان، کە چەند پلە و پێگەیکەی گرتە دەست لەوانە وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیری و وەزیری کۆرۆنا و دواتریش وەزیری دارایی بریتانیا کە ئەم پۆستە لە گرنگیدا لە دوای پۆستی سەرەکووەزیرانەوە دێت ، دەرکەوت  کە بڕی  تەواوی باجی نەدابوو لە لایەن دائیرەی باجەوە ئاگادارکرایەوە بەڵام هێشتا ئەو هەر نکوڵی لە گەندەڵێتی خۆی دەکرد.  دواتر لەژێر فشاری میدیا و حیزبەکانی دەوەوەی دەسەڵات  ناچارکرا  کە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

شێوەیەکی دیکە لە گەندەڵی کە باوە لەناو هەردوو حیزبەکەدا کە دێنە سەر حوکم مەسەلەی واستە قەبوڵکردنە، دانانی کەسانی نزیك لە خۆیانە، تێوەگلانە لە کارێکەوە بۆ وەرگرتنی پۆست.  باشترین نمونە لێرەدا سەرۆکی دەزگەی بی بی سی یە کە تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە هەر بەردەوامە.  یاخود بەخشینی پارەیە کە پێی دەلێن دۆنەیشن، کە دەدرێت بە حیزبەکان، کاتێکیش کە حیزبەکان دێنە سەر حوکم ئەوان ئەوەیان لەبەرچاوە و پێگەی هەستیار و گرنگیان تا دەگاتە پێگەی وەزیریی دەدرێتێ.  ئەمە جگە لە پرسی دەڵاڵی کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن لۆبیکردن لە لایەن بزنسمانە گەوەرکان و کۆمپانیاکانیانەوە.

گەندەڵی یاسایش هەیە ، واتە خودی  یاساش هاوکاری گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات بە هەبوونی بۆشایییەك یاخود دانی دەرفەت بۆ نەدانی باج.  لە ئێستادا 169 ملیار پاوەند لە دەرەوەی بریتانیا لەو وڵات و شوێنانەی کە باجی لەسەر نادرێت یاخود هەر زۆر زۆر کەمە، لەوێ خەوێنراوە و پارەی دیکەی دێتە سەر، کە حکومەت دەسەڵاتی سزادانی خاوەنەکانیانی نییە چونکە خودی کارەکە یاساییە .

ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون لە سەدەها نموونەی زیندوو لە کۆن و لە ئێستاشدا .

درێژەی هەیە

وێڕای هاتنی یاسای نوێی دژە ئازادیی چالاکییە ڕاستەوخۆییەکان بەردەوامن

03/05/2023

گروپی Just Stop Oil ئەمڕۆ، چوارشەمە، 03/05 ،  یازدەهەمین ڕۆژیانە کە لە سەر شەقامەکان بە کردنی چالاکی ڕاستەوخۆوە سەرقاڵ و بەردەوامن، لەم ماوەیەدا 37 چالاکییان ئەنجام داوە . هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 657 کەس بە ڕێپێوانی هێواش شەقامێکی سەرەکییان ڕاگرت.

ئەمەی ئەمان کردیان و دەیکەن یاسای نوێی دژە ئازادیی زۆر دژە پێی، بە گوێرەی ئەم یاسایە پۆلیس بۆی هەیە کە هەمویان بگرێت و لانی کەم کە هیچیان نەکردووە 6 مانگ بەندیان بکەن .  ئەوەتا هەر لە ئەمڕۆوە پێش ڕۆژی  تاجنانە سەر پاشا چارڵس پۆلیس دەستیان کردووە بە خەڵکگرتن لەسەر بناخەی پێشبینیکردنی خۆیان کە ئەو کەسانە لەو گروپانە دێنە سەر شەقامەکان و ” ئاژاوە دەنێننەوە ژیانی خەڵکی دەوەستێنن” .

دوێنێ پۆلیس نامەی تایبەتی هەڕەشەی بۆ هەندێك گروپی وەکو ئەو گروپەی سەرەوە و گرپی دژ بە ڕژێمی پاشایەتی و گروپی یاخیبوون لە فەنابوون و گروپی  دیکە ناردووە کە ئەگەر خۆپیشاندان و پرۆتێست بکەن دەبێت موخالەفەی یاسای تازە نەکەن.  گەر بیکەن ئەوە بە سزا دەگەیەنرێن.

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

بەشی حەوتەم

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.  گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

…………………………..

شەش: خوێندن و پەروەردە:

لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری دایەنگای دەوڵەتی باخچەی منداڵان هەبوون یا ئەوەتا بەلاش بوون یاخود پارەیەکی زۆر کەمیان لەسەر دانرابوو.  ئەوانەی ئیشیان دەکرد دەیانتوانی کە ساواکانیان و منداڵانی پێش تەمەنی خوێندن  لەوێ دابنێن، کاتێکیش کە دەوام تەواو دەبوو هەر کراوە بوو بە بێ دانی پارە تاکو ئەو کەسانەی کە درەنگ لە کارەکانیان دەبونەوە فریای بردنەوەی منداڵەکانیان بکەون.  لە ئێستادا زۆربەی زۆری دایەنگا و باخچەی منداڵان بوونەتە ئەهلیی ئەوانەشی کە ئەهلی نین نرخیان چووەتە 600 بۆ 800 پاوەند بۆ مانگێك.  ئەهلەییەکان زۆر لەمە زیاترە، سەرەڕای ئەوەش هەتا کاتژمێری 3.30 پاشنیوەڕۆ کراوەن ئەو دایک و باوکانەی کە کار دەکەن تا کاتژمێری 5 و 6ی ئێوارە، دەبێت زیادە پارە بدەن  بۆ ئەو دوو کاتژمێرە .

 هەر لەو سەردەمەدا قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکان خزمەتی باشتریان دەکرا لەبارەی خواردنەوە و هاوکاری پۆشینی پۆشاکی قوتابخانەیان دەکرا و گەشتی قوتابخانەیان خۆڕایی بوو  کە دەگەیشتنە  زانکۆ ئەوەشیان لەسەر حسابی دەوڵەت بوو و پێویستی نەدەکرد کە خۆیان هیچ بدەن.  بە هاتنی تاچەر بۆ حوکم وردە وردە کرا بە قەرز بۆ زۆرێك لە قوتابیان.  لە ئێستاشدا ئەوەی کە دەچێتە زانکۆ دەبیت قەرز بکات بۆ هەقی وانەبێژ و کتێب و پێداویستییەکانی تر و گرتنی خانوو گەر لە دەروەی شوێنی نیشتجێبوونی خێزانەکەی بیت .   لانی کەم قەرزی خوێندکارێکی زانکۆ بۆ 3 ساڵ لە سەرو 50 هەزار پاوەندەوەیە .

خودی قوتابخانەکانیش گرفتگەلێکی زۆریان هەیە وەکو گەرمکردن و ساردکردەنەوەیان، بوونیان لە شوێنی زۆر قەرەباڵخ و سەر شەقامەکاندان، سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان چاککردن و نوێژەنبوونەوەیان دەوێت.  قوتابیانیش گرفتی  زۆر گەورە رووبەڕویان دەبێتەوە وەکو هەڵگرنتی چەقۆ و چەقۆکێشی لە قوتابخانەکاندا و هێنانی مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنیان لە قوتابخانە کە سەرچاوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە لەپاڵ گرفتی ژیاندا، ئابووریی.  ئەم گرفتانە ئەوەندە زۆرن و کاریگەرن زۆرێك لەو قوتابخانەی کە لە گەرەکە هەژارەکاندان پۆلیسیان تێدایە و پۆلیسیش ئۆفیسی خۆی هەیە.

درێژەی هەیە

ئەوە چ چین و توێژاڵێکە هۆکاری هەڵئاوسانی پارەن لە بریتانیادا؟

02/05/2023

بانقی مەرکەزی بریتانیا و هەندێ لە ئابوورییناسان داوا لە کرێکاران لە بریتانیا دەکەن کەدانیشن و داوای ڕەوای زیادبوونی مووچە و کرێیان نەکەن چونکە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی پارە و بارودۆخەکە خراپتر دەبیت.

یەك : بانق بەمە داوا لە کرێکاران دەکات کە چارەسەری هەڵئاوسانی دراو بکەن نەك خۆیان و حکومەت و بەرپرسانی دەوڵەت .

دوو : ئەوەی کە هەڵئاوسانی پارە دروست دەکات کۆمپانیا گەورەکان و خاوەن پشکەکانیانە و توێژاڵی دەستەبژێر و قازانجی ئەوانە نەك بەرزبووەنەوەی چەند پاوەندێکی کرێ و موچەی کرێکاران.

هەر بۆ نموونە: دوو لە سوپەرماکێتە سەرەکییەکانی بریتانیا: یەك: سەینسبێری کە قازانجی پاری تاکو ئەمساڵ 04/03  690 ملیپۆن پاوەند بووە. 

دوو: سوپەرمارکێتی تێسکۆ ، قازانجی پاری تا 05/03 ی ئەمساڵ 753 ملیۆن پاوەند بوە. 

کەواتە سەرت سووڕنەمێنیت کە تێچووی پێداویستییەکانی ژیان ، یاخود بە یەك وشە ژیانکردن لە سەرەتای  مانگی پێشوودا ڕێژەکەی 19.1 بووە لە کۆتایی مانگی پێشوودا ڕێژەکەی سەرکەوت بۆ لە سەدا 20 . ئەمەش وایکردوە کە وا پێشبینی دەکرێت کە لە چەند مانگی دیکەدا ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە ڕێژەی لە سەدا 10.1 بۆ ڕێژەی لە سەدا 15 سەربکەوێت.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە ماوەی 3 مانگی ئەمساڵدا قازانجێکی خەیاڵییان کردووە .  کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی هەر بە تەنها لەم 3 مانگەدا قازانجەکەی 5 ملیار دۆلار بووە لە بەرانبەر قازانجی هەمان وەرزی پارساڵ ، 2022 ، کە 4.3 ملیار دۆلار بووە .

ئیتر تۆ خۆت وەڵامبدەرەوە کە کێ و یا چ لایەنێك هۆکاری هەڵئاوسانی پارەن!!!

ماوەی 30 ساڵە خۆپیشاندانی وەکو ئەمەی ئەمڕؤ لە فەرەنسا نەکراوە

01/05/2023

ئەمڕۆ بە بۆنەی یەکی ئایارەوە نزیکەی 2 ملیۆن کەس لەسەر شەقامەکانی شارەکانی فەرەنسا بوون.  بە گوێرەی میدیای فەرمی 30 ساڵ زیاترە کە خۆپیشاندانی ئاوا گەورە و کارا لە فەرەنسەدا نەکراوە .

پۆلیس هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەر بە هەڵگرنتی ڕومانە و چەک و ئاوڕشێنی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی غازی چاوکزانەوە .  هەر لە شپرزەیەتی خۆیاندا چەندەها ئاگر بە خۆیان و خەڵکیشدا کەوتەوە کە یەك دوانێکیان لە کردنەوەی ڕومانەکە و شپرزەبوونی خۆیانەوە کە بۆیان نەدەکرا هەڵی بدەنە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

خەڵکی فەرەنسا لەوە ناکات کۆڵبدەن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان وپرۆتیستەکەیاندا هەتا ئەو کاتەی کە چۆک بە حکومەت دادەن ئیتر لە ڕێگای شەقامەوە بێت یاخود دەنگدانەوە.   

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

30/04/2023

بەشی شەشەم

سەرەتایەك :ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون. ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.  گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات………………………پێنج: شارەوانییەکان :بریتانیا دابەش بووە بەسەر شارەوانید، لەندەن بە تەنها دابەش بووە بەسەر 32 شارەوانیدا.  شارەوانی لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەك وەکو حکومەتێکی خۆجێی وایە زۆربەیان لە لایەن یەكێك لە حیزبەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەشیانە ڕێژەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان تێکەڵەیەکە لە ئەندامانی حیزبەکان. شارەوانییەکان  بەرپرسن لە زۆر پرس کە لەو گەڕەکە یا لەو شارۆچکەیەدا هەیە هەر لە پرسی خانوبەرە و  قوتابخانەکان و چاککردنی شەقامەکان و هاوکاری ئەوانەی کە بێ لانە و بێ جێگان. بەرپرسن لە سێنتەرەکان و کتێبخانەکان و  خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان [ سۆسیاڵ سێرڤس] و بەشی پیران و هەندێك لە خانەی پیران و پارکەکان و پاکوخاوێنی و شەقامەکان و کۆکردنەوەی باجی شۆپ و باڕ و چێشتخانەکان و ئەوانەی دیکە.یەكێك لەو بەشە گرنگانە خانووبەرەیە . دوای جەنگی جیهانی دووهەم خانوویەکی زۆر زیاتر لە پێشتر لە بریتانیا بە  تایبەت لە لەندەندا دروستکراو بوونە موڵکی شارەوانییەکان. لە دوای ساڵانێکی زۆریش ژمارەیەك جەمعیە بەناوی هاوزینگ ئەسۆسییەشنەوە دروستبوون و ئەوانیش کەوتنە خانو دروستکردن وەکو موڵکی خۆیان و دانەوەیان بە کرێ.  ساڵانە ئەوەندە خانوو دروستدەکرا کە  بە زیادبوونی ژمارەی نەوەی نوێدا ڕابگات بەڵام بە هاتنی مارگرێت تاچەر ساڵی 1979 زۆر شت گۆڕران و کرانە ئەهلی.  لەو گۆڕانکاریانە مەسەلەی خانوشی بەر کەوت.  بۆ ئەمە تاچەر سیاسەتی ” مافی کڕینی “  خانوەکانی شارەوانی دانا کە یەكێك بوو لە ڕیفۆرمەکانی بە داشکاندنی نرخەکەی لە نرخی بازاڕ.  بە هاتنی حکومەتەکانی دیکە ڕێژەی داشکاندنی نرخی خانووەکانی شارەوانی بۆ خودی کرێچیانی تا لە سەدا 50 سەرکەوت. ئەم سیاسەتە چەند کاردانەوەیەکی خراپی  هەبوو: یەك: کرێچی  شارەوانییەکانی کردە کرێچی بانق بە وەرگرتنی سلفەی عەقار.  دوو: ئەمەش وای کرد کە کرێکاران بە جۆرێك لە جۆرەکان ببەستێتەوە بە بانقەوە کە بۆ مانگرتنی سەر کاریان لە پێناوی مافی ڕەوایاندا وا بەئاسانی بڕیاری مانگرتن نەدەن لەبەر ئەوەی کاتێك کە ناتوانن سلفەی عەقارەکەیان بدەنەوە بانق مافی دەستبەسەراگرتنی خانوەکە و مەزاتکردنی بە نرخێکی  هەرزان هەیە . سێ: بەمە سەرمایەگوزارییەکی گەوەرەی بۆ بانقەکان دروست کرد و دەوڵەمدنتری کردن و بە چەشنێکی دیکە ژیانی خەڵکی پێوە بەستنەوە. چوار: ئەوەندەی کە خانوش دەكڕران لە لایەن کرێچیەکانەوە نیوەی ئەوەش دروست نەدەکرایەوە بەم هۆکارەش ژمارەی نێو لیستی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی خانوی شارەوانییان دەکرد دەچووە سەرەوە و ماوەی چاوەڕاوانی کردنیش زیاتر دەبوو لەو لاشەوە کرێی خانوی لەسەر کرێچییەکان  گرانتر و گرانتر دەبوو. هەر ئەم سیاسەتە ڕێژەی بەتاڵەی کەمکردەوە چونکە ئەوانەی کە لە خانووەکاندا دەژیان و بەتاڵە بوون، ئیتر هەوڵی ئەوەیان دا هەرچۆن هەیە و هەر کارێك دێتە پێشەوە بیکەن تاکو خانووەکانی کە نیشتەجێبوون تێیدا لە شارەوانی بکڕنەوە.ئەم سیاسەتە بە هاتنی حیزبی کرێکاران [ لەیبەر] یش هەر بەردەوام بوو تاکو وای لێهات کە ئێستا  خانووکانی  شارەوانیی و هاوزینگ ئەسۆسییەشن ژمارەیان زۆر هاتۆتە خوارەوە. . لە سەردەمی مارگرێت تاچەردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە خانوی شارەوانیدا لە ئینگلتەرە و لە وێڵس دەژیان . لە ساڵی 1981 دا 321،66 خانوو هەر بە تەنها لە ئینگلتەرەدا فرۆشران. لە سالی 1982 ژمارەکە سەرکەوت بۆ 174،697 خانوو.  لە ساڵی 2012/2013 دا 3،744 و لە ساڵی 2014/2015 شدا 16،519 خانوی تر فرۆشران .  سیاسەتەکە لەمەدا نەوەستا بەڵکو لەبەر ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی پارەی تەواو نادات بە شارەوانییەکان، شارەوانییەکانیش ناچارن ئەو خانوانەی کە  نزیکەی 60 ساڵ و 70 ساڵە دروست بوون و کۆن بوون پێویستیان بە دەستکاری و چاککردنەوە هەیە ناتوانن چاکیان بکەن .  لەبەر ئەمە کۆمپانیای گەورە لە وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمەریکاوە دێن ئەو خانوانە کە لە بلۆکێکدان ڕەنگە زیاتر لە 200 فلات بن لە شارەوانی دەکڕنەوە و  بە ڕیکەوتنێك کە بڕێک پارەی باش بە شارەوانی دەدەن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو خانوانە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بدرێنەوە بە شارەانی و شارەوانیش بیداتەوە بەوانەی کە پێشتر تێیدا بوون یاخود ئەو خێزانانەی کە لە لیستی چاوەڕوانییدان سەرەیانە.  ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەموو فلات و خانوی سەردەمیانە دەبن و کرێی هیچ کامیان لە دوو هەزار پاوەند و سێ هەزار پاوەند لە مانگێکدا کەمتر نابێت ئەمە جگە لە دانی پارەی ئاو و کارەبا و غاز و تەلەفون هەروەها خزمەتگوزاری دیکە وەکو دانانی سکوێرێتی و پاککردنەوە و پارێزگاریکردن لە مەسعەد و پارەی باخچەوان و هەندێك کولفەی دیکە.  بێ گومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکە کە بە هۆی نەدانی پارەی تەواو بە شارەوانییەکان بە ناڕاستەوخۆ هانیان دەدات کە دەبێت ئەو خانوانە کە پارەی چاککردنەوەیان نییە بیفرۆشن بەو کۆمپانیایانە بە پارەکەشی دەفعی پێداویستییەکانی دیکەیان بکەن، کە بەمەش نەك هەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی شارەوانییەکانە، بەڵکو  لیستی سەرەی چاوەروانکردنی خانوەکانی شارەوانی زۆر درێژکردۆتەوە، هاوکاتیش هەل و بوارێکی باشیش خرایە بەردەمی کۆمپانیاکان بۆ کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر. سیاسەتێکی دیکەی خراپی مارگرێت تاچەر سەبارەت بە خانوو بەرە ئەوە بوو لە ساڵانی هەشتاکانی حوکمڕانییەکەیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێساکانی بیناسازیی داڕشتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەڵێنی وەزیرێکیدا بەناوی  مایکل هێسلتاین ئاوا داڕێژرا “زۆرترین خۆڕێکخستن” و “کەمترین دەستوەردانی حکومەت”.  ئەمەش بە زمانی ئینگلیزی بە سادەیی  یانی بۆ کۆمپانیاکانی بەجێبهێڵن با کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن..  ئەم سیاستە لە سەردەمی دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2012  فراوانتر و خراپتر کرا کە بەڵێنی ساڵی نوێی دا کە “کلتوری تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمیشە بکوژێت”.  ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی بەشێکی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە سەلامەتی دانیشتوان و بیناکان لە کارەساتی ئاگر کەوتنەوە و لافا و گەرمی و ساردی زۆر ، دەپاراست  کە ناو بەناو پشکنینی سەلامەتییان بۆ دەکرا.هەر بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایانەوە گەلێك کارەساتی ئاگربەربوونەوە ڕوویدا و بووە هۆی زیانی گیانیی و ماڵیی.  کارەساتی گەورە ڕۆژی 14/06/2017 لە بینایەکی چەند نهۆمیدا لە ڕۆژئاوای لەندەن ڕووی دا بە کەوتنەوەی ئاگر کە بووە هۆی سووتانی 72 کەس لەو بینایەدا. درێژەی هەیە