بەشداریکردن و کۆمەک بۆ کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی یادی١٥٠ ساڵەی یەکەمین ئینتەرناسیوناڵی دژە-دەسەڵات

بەشداریکردن و کۆمەک بۆ کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی یادی١٥٠ ساڵەی یەکەمین ئینتەرناسیوناڵی دژە-دەسەڵات

ڕۆژی ١٩ – ٢٣ی ئەم مانگە (حوزەیران/ جوون) واتە سبەینێ (دووشەممە) تاکو ڕۆی هەیینی لە شاری سانت ئیمییەر سویسرا بەرپادەکرێت. بەشداری کردن و کۆمەککردنی ئێمە ئەنارشیستانی کوردیی-زمان لەنێو ئەو کۆبوونەوە و بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، گرنگییەکی بەرچاوی  دەبێت.

هەر کەسێک و هەر گرووپێک ئامادەی کۆمەککردنی مادیی بە کۆبوونەوەکە هەیە، دەتوانێت بە کلیککردنی ئەو لینکە بڕی کۆمەکی خۆی بۆ ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە بنێرێت

https://www.helloasso.com/associations/international-federalist-association-ifa/collectes/support-the-international-anarchist-gatherings-in-st-imier-switzerland-in-july

خۆپیشاندانی Just Stop Oil لە لەندەن بەردەوامە

15/06/2023

دوێنێ چوارشەمە ١٤ ی مانگ، گروپی جەست ستۆپ ئۆیل لە سەر چوار لە جسرەکانی لەندەن ڕێپێوانی زۆر هێواشیان ئەنجامدا کە دواتر بووە هۆی دەستبەسەرکردنی هەندێکیان بە گوێرەی یاسای نوی کردنی ڕێپێوانی هێواش ، دەنگە دەنگ کردن، ئەنجامدانی چالاکی ڕاستەوخۆ و زۆر چالاکی دیکە یاساغ کراوە

مانگرتنی سێ ڕۆژی دکتۆرەکانی ئینگلتەرە

١٤/٠٦/٢٠٢٣

ئەمڕۆ ٤شەمە، ١٤/٦ مانگرتنی ٢٧ هەزار دکتۆر دەستیپێکرد کە ماوەی چەند ساڵێکە لە خزمەتدان لە سەعات ٧ سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بۆ ٣ ڕۆژ تاکو شەمە، ١٧ی مانگ سەعات ٧ی بەیانی لە مانگرتندا دەبن.

ئەمە جاری دووەمیانە کە ماندەگرن ، مانگرتنی پێشوویان لە مانگی نیساند بوو. داخوازی ئامان زیدکردنی موچەیانە بە ڕێژەی لە سەدا ٣١ ئەم داخوازییەش گەرچی بە ڕێژەیەکی بەرز دەبینرێت تەنها بۆ هێنانە ڕیزی ئاستی موچەیانە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ کە قەیرانە داراییەکە دەستیپێکرد، چونکە لەو کاتەوە بڕی سەرکەوتنی هەڵئاوسانی پارە یاخود تێچوی ژیانی خەڵك زۆر سەرکەوتووە.

مارکس و ئەنارکیزم

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

VI

بەشی یازدەیەم و کۆتایی

کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی 1873دا هەڵگیرسا، ئەندامانی نێونەتەوەیی  کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرد.  مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de Barrameda, Seville, Cartagena  ) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە  هەر دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە.  بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز.  لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat ) و بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان.  ئەگەر ئەنگلس  تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!

دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی 1891 کاتێک سەرکردەکانی بەناو “گەنج/لاو” لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت کە لینین دەبوو بیکات، دژی “هەلپەرستەکان” و “کاوتسکییەکان”، پارتێکی جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist ) لە بەرلین  دامەزراند.  لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ.  بۆ نموونە ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler ) بخوێنێتەوە، ئەوا  هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ‘ دەوڵەت و شۆڕشی’ لینین-ی دێنە سەر ڕێی.  وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە  بنەماکانی دیموکراسییان ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر ئەساسی  بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.

کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم “گەنجانە/لاوانە” کە وەک کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟  لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge ) ، ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری 1891 بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت  “بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن.  بێ گومان لە نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە نێو گەلەکەماندا کار بکەن.  هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە  جادووگەر هەن . بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.”                      

بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە “کۆمۆنیستەکانی” ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن”.

VII

تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن مەحاڵن.  لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی تەنانەت کەمتریان هەیە.  دەبێ زۆربەی  سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان هاوڕا دەبێت.  ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری  پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی لێکرد.  تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو،  مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی بەختەوەری ئەنارکیزم.

تەواو

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

V

بەشی دەیەم

لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش  ئەمەیە:  کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی  کرێکاری سۆسیالیستی لە  زەلکاوی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم  هەوڵێك بوو بۆ کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن .  ئەو کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند.  بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی 1871 ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:

“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات . تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی ( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت)  چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە  سیاسییەکەی بە شێوەیەك یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”.

ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك  یاخود فیدراسیۆن لە نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات،  چونکە ئەوە تەنها ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن.  بەڵام ئەوەی کە ئەنجومەنی/ لیژنەی  جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی، کارێکی سەپێنراو  بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە شۆڕشگێڕەکانەوە.

کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی 1872 تاجی نایە سەر ئەو کارانەی مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی.  کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان هێنایە ناوەوە.

درێژەی هەیە

………………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

بۆچی سەرمایەداریی لە قەیراندا نییە ؟

زاهیر باهیر

10/06/2023

ئەوانەی لەناو چەپەکاندا کە باوەڕیان وایە کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە دوو جۆرن:

یەك: ئەوانەن کە پشتیان  بە قسەکەی مارکس پرسە ئابوورییەکەی بەستووە.  دیارە لێرەدا ڕەخنە لە مارکس ناگیرێت و تانە و تەشە نییە بۆ ئەو، چونکە مارکس تەواوی پێشبینییەکانی ئایندەی کۆمەڵی لەسەر بنەمای شیکردنەوە و توێژینەوەی ئابووریی ، پیشەسازی ، کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی کردووە .

دوو: ئەو هاوڕێیانەن کە تەنها سیستەمی سەرمایەداری وەکو پێکهاتە ئابوورییەکەی دەبینن . ئەوان کە دەبینن لێرە و لەوێ چەند بانقێکی گەورە ، چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح مایەپووچ دەبن ئیتر لای ئەوان  ئەوە دەگەیەنێت کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە .

ئەو هاوڕێیانە ئەوە لەبیردەکەن کە سەرمایەداریی سیستەمێکی سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، کولتوریی ، بازاڕیی، ڕۆسنبیریی و فەرهەنگییە هەر وەکو چۆن سیستەمێکی ئابوورییە ، بە هەرەسهێنانی لایەنە ئابوورییەکەی نەك هەر سەرمایەداریی دەڕوخێ بەڵکو زۆر باشتر  و بەهێزتر لەوەی پێشتری دروستدبێتەوە. نموونەش بۆ راستی قسەکەم ، دوای هەڵسانەوەی سەرمایەداریی لە ” قەیرانەکانی”. نموونەی نوێ  قەیرانە داراییەکەی 2008 ، دواتر ئەوەندە بە گوڕ و بەهێز هەستاوەتەوە کە  ژیانی ئێستامان خراپترە لە 2008.

گۆڕانی سەرمایەداریی لایەنە ئابووریییەکەی هەرگیز گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست ناکات تا ئەو کاتەی کار لەسەر ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دەکرێت بە تایبەت فەرهەنگ و کولتورەکەیەتی کە مێشکمانی داگیر کردووە لەبری هاندانمان بۆ زرگارکردنی خۆمان ، بەکاری دەهێنین بۆ زیاتر کۆیلەبوونی خۆمان لە ماڵ و موڵک و ساماندا.

من چەند جارێک ئەوەم وتووە هەر کۆمپانیایەك لە دونیادا بەڕیوەبەرەکانی بەجێی بهێلێت و ڕێگا بدرێت کە خودی کرێکارەکان بەڕیوەی بەرن دوای ماوەیەکی کورت هەر لە نێو خۆیاندا بەڕیوەبەر و چاودێر هەڵدەبژێرن، جێگای ئیدارە کۆنەکە دەگرنەوە ، هەر ئاواش سیستەمی پشك پشكێنە و قازانجی بەرهەمەکانیان دادەهێننەوە بە گوێرەی بریاری خۆیان بەڕیوەی دەبەن و خەڵکانی نێو کۆمۆنێتییەکەی کە لێوەی هاتوون بێ سوود دەبکەن و ئەو خەڵکەش هیچ ڕۆڵێکیشیان نابێت لە بڕیارەکان و دابەشکردنی بەروبوومەکانیاندا.  هۆکارەکەش ئەوەیە هێشتا زهنییەتی کرێکارەکان هەر ئەوەی کۆنە و مێشکیان لە لایەن فەرهەنگ و کولتوری سەرمایەدارییەوە داگیرکراوە و لەو خووە و نەرێت و موڵکدارێتی و مولكپەرستیە ڕزگاریان نەبووە .

هەر ئاواش پێشتریش وتومە کە دەڵێن سەرمایەداری لە قەیراندایە ، یانی لاوازە و بەرەو لاوازی و تا ڕادەی داڕمان دەڕوات .  بەڵام ئەگەر لاوازە و لە قەیراندایە چۆن مێشکی بەڕێوەبەرانی ئەو سیستەمە کە هەرە کەمینەی خەڵکن کار دەکات و شەڕ و بێ  کاری و بێ خانوو بەرەیی و گرانی و تاوان و هەڵکەندنمان لە شوێنی خۆمان وزۆر نەهامەتی دیکەمان دەتوانن بۆ دروست بکەن و بماندەن بە شەڕی هەمە جۆرە بە یەکدیدا ؟

سەرمایەداریی ئەو کاتە لە ئەزمەدایە و لە ئەزمەدا دەبێت کە ئێمە خۆمان لە دەرەوەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕێکبخەین ولە هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵدا بین ، بەڵام پێش ئەوە دەبێت لە هەوڵی گۆڕینی خۆماندا بین .  پۆلیسەکەی ناو مێشکمان بکوژین ، داب و نەرێت و خووی سەردەم لە خۆمان پاکبکەینەوە، هەڵپەی پارە و موڵکییەت و سامان لە خۆماندا ڕەتبکەینەوە ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان دروستانە و مرۆیانە بکەینەوە.  ئەو کاتە بەگژاچوونەوەی سەرمایەداریی زۆر ئاسانە و لە ڕاستیشدا لە ئەزمەدا دەبێت .  بەڵام ئستا ئەوە ئێمەین لە ئەزمەداین نەك سەرمایەداریی.    

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

IV

بەشی نۆیەم

بە دڵنیاییەوە ئەرکی لینین کارێکی ئاسان نەبوو: لە لایەکەوە ناچار بوو سازشی  بوێرانە بەرامبەر بە مەیلی دژە دەوڵەتی ئەنارکیستەکان بکات، لە لایەکی دیکەشەوە دەبوو نیشانی بدات کە هەڵوێستەکەی بە هیچ شێوەیەک ئەنارکیستی نییە، بەڵکو تەنیا مارکسیستییە.  وەک دەرئەنجامێکی حەتمی ئەمە،  لای هەموو مرۆڤێکی خاوەنلۆژكی دروستبیرکەرەوە، کارەکانی پڕن لە هەڵە.  نموونەیەك نیشان دەدات کە  جەختکردنەوەیە لەسەر خواستێك ئەوەندەی بکرێت تاکو  مەیلێکی گوایە دژە دەوڵەت لە مارکسدا بخاتە بەرچاو. بۆ ئەمەش  لینین ئەو بڕگە بەناوبانگەی مارکس کە  لە ‘ شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسادا’ نوسیوێتی دەهێنێتەوە کە مارکس پەسەندی ئەوە دەکات کە کۆمۆن دەستی کردووە بە لە ڕەگ هەڵکێشانی دەوڵەتی مشەخۆر.  بەڵام لینین ئەوەی بە بیر نەهێنایەوە کە مارکس بەو قسەیەی کە بە ئاشکرا لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتوویەتی، ناچار بووە بۆ لایەنگرانی باکونین سازش بکات، کە ئەو کاتە لە دژی ئەوان سەرقاڵی خەباتێکی زۆر سەخت بوو.

تەنانەت فرانز مێهرینگ (Franz Mehring ) کە ناتوانرێت گومانی هاوسۆزی لەگەڵ زۆرینەی سۆسیالیستەکاندا لێ بکرێت، لە دوایین کتێبی کارل مارکسدا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمە سازشێك بوو ، کە دەڵێت: “ بە هەر حاڵ چەندێك هەموو وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمە ڕەنگە دروستی تیدا بێت ، بەڵام گومانی تیا نیە فکری ناوەرۆکەکەی ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە مارکس و ئەنگڵس چارەکە سەدەیەك پێشتر  لە دوای مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد.”

باکۆنین ڕاست بوو کاتێ کەو وتی ” دیمەنی راپەرینە شۆڕشگێریە چەکدارییەکەی  بزوتنەوەی کۆمیۆن  هێندە کاریگەر بوو تەنانەت بیرو باوەڕی مارکسییەکانیش کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ناچاربوون دان بە کار و ڕەفتارەکانی کۆمیۆندا  بنێن و پشتیوانی لێبکەن ، بگرە لەوەش زیاتر لە دژی قەناعەت لۆژیك و باوەڕی خۆیان وەستانەوە و خۆیان دایە پاڵ کۆمیۆن و ڕێباز و ئامانجەکانیان پەسەند کرد.  ئەمە گەمەیەکی کەڕنەڤاڵی کۆمیدی بوو کە وەك کارێکی گەوجانە و  و نا ئاسایی هاتبێتە پێش چاو بەڵام پێویست بوو، چونکە شۆڕشەکە جۆش و خرۆشێکی ئاوای هێنابووە کایەوە ئەگەر مارکسییەکان هەوڵیان  بدایە  دەست بە بیرو باوەڕی ڕەق و تەقیانەوە بگرن و خۆیان پەراوێز دەکرد و دەکەوتنەبەر تانە و پشتتێکردنی خەڵک و دادەبڕان دەچوونەوە ناو خەڵوەتگەی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە. “**

درێژەی هەیە

………………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

**باکۆنین لێردا وتویەتی ” They tried to retreat into the ivory tower of their dogma ”  لەبەر ئەوەی ئەمە تێرمێکە ، منیش بەو شێوەیە سەرەوە وەرمگێڕاوە.

ئێدورد سنۆدین ” Edward Snowden “

08/06/2023

ئێدورد سنۆدین ” Edward Snowden ” بە بۆنەی 10 ساڵ تێپەڕبوونی بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لێی بە ئاگابوو لە ساڵی 2013 دا ، بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دەدوێت.

ئەو نیگەرانی خۆی دەربڕی نەک تەنها لە مەترسییەکانی حکومەتەکان و تەکنەلۆجی گەورە، [ Big Tech ] بیگ تەک بەڵکو کامێرای چاودێری ڤیدیۆیی و ناسینەوەی دەموچاو و زیرەکی دەستکرد و سیخوڕی دەستێوەردانکەری وەک پێگاسۆس  Pegasus، کە دژی ناڕازییان و ڕۆژنامەنووسان بەکاریدەهێنن کە لە بازاڕەکاندا بەردەستن. وتیشی پەشیمان نییە لەوەی کر کردویەتی

ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە لە ساڵی 2013 بینیمان لەگەڵ تواناکانی ئەمڕۆی حکومەتەکان، پێدەچێت   ساڵی 2013 لەچاو ئێستادا وەک یاری منداڵان بێت.”

ئەو لە بارەی 2013 وە وتی ” متمانەمان بە حکومەت هەبوو کە ێپێچمان پێ لێنەدات ، کەچی کردی .  متمانەمان بە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان هەبوو کە سوودمان لێ وەرنەگرن بەڵام کردیان.  ئەوە  دووبارە دەبێتەوە، چونکە ئەوە سروشتی دەسەڵاتە”.

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

III

بەشی هەشتەم

هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی 1914 ئاشکرابوونی مایەپوچیی سۆسیالیزمی سیاسی بوو.

پاشان شتێکی شاز ڕویدا و  هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە تەنها لەڕووی  نەفامی ( جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.

بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد.  ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە.  لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان، هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی دەوڵەت و شۆڕش بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە “دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی” لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی و زەلکاوی  پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت بووە.

مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی ئەویش  کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە.   تا ئەو کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو  لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر-ی ساڵی 1917دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین کتێبی  ‘دەوڵەت و شۆڕشی’ بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.

درێژەی هەیە

………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

پرۆژەیەکی نوێی حکومەتی بریتانیا

زاهیر باهیر

06/05/2023

دۆزینەوەی تەکنەلۆجیا نوێیەکان یاخود ” پێشەوەچوونی کۆمەڵ” هەندێك جار زیاتر بە بارە خراپەکەیدا بەکارهێنراوە یاخود ئەو پێشەوە چوونەی کۆمەڵ بەو ئاراستەیەدا نەبووە کە لە ڕاستیدا کۆمەڵ بەرەو پێشەوە بەرێت .

لە نوێترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا نوێشدا  ‘زیرەکیی دەستکرد ‘ Artificial Intelligence ، کە وەك چاوەڕواندەکرێت کە لە دوو ساڵی ئایندەدا توانا و زیرەکی مرۆڤ و خولقێنەرەکەی تێدەپەڕێنێت.

بەکارهێنانی ‘ زیرەکیی دەستکرد ‘ شۆڕشێکی گەورەی سەردەمە لە بواری تەکنەلۆجیادا کە تەواوی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان ، ڕەنگە ، بگۆڕێت .  بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێستا چەندێك ئەم تەکنەلۆجیایە سوودمەندە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵ ئەوەندەش مەترسیدارە گەر بێت و ڕێ و شوێنی بۆ دانەنرێت و کۆنترۆڵ نەکرێت ، کە لەوەش دەکات کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبێت .

ئەوە ئاشکرایە کە بەکارهێنانی ‘ زیرەکیی دەستکرد ‘ نەك بە ملیۆنەها کار لەناو دەبات بەڵکو لە چەند ساڵی داهاتودا ڕەنگە دەساڵ یاخود بیست ساڵی دیکە ئەو کارانەی کە لە ڕێگای ئەوەوە نەکرێت و ناکرێت دەگمەن بن ،  ئەمەش   یانی بەتاڵەکردنی سوپای گەورەی کرێکاران لەسەر کار .  هەر لە ئێستاوە هەندێک لە کۆمپانیاکانی برتتانیا بیر لە دەرکردنی کرێکاران و کارمەندان دەکەنەوە .  لەوانە کۆمپانیای تەلەفوناتی بریتانیایە کە ڕایگەیاند لە دوو ساڵی ئایندەدا 50 هەزار کەێکار دەردەکات.  ئەم بارودۆخەش  یانی کەمکردنەوەی توانای کڕینی تاک و خیزانەکان.

 لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئەی کەواتە کاڵاکان چۆن ساغدەبنەوە؟

لە وەڵامدا من دەلێم سەرمایەداری تا ئێستا حەلی عەمەلی هەبووە بۆ قەیرانەکانی و هەرگیز ڕێگای نەداوە کە قەیرانەکانی پێوە دیار بێت و هەمیشە داوییتیە کۆڵی ئێمەدا گروپی هەرە ساماندارن و دەستبژێر لێی دەرچوون و سیستەمیش گەنجتر بووتەوە لەو  سەردەمەی مارکس-ی تێدا ژیاوە ، بۆیە بەڕای من شتێک نییە کەناوی ئەزمەی سەرمایداریی بێت و چونکە ئەو لە ئەزمەدا نییە و ئەوەی لە ئەزمەدایە ئێمەین .

بۆ حەلی شەپۆلدانەوەی کاڵاکان لە بازاردا دەستەی سامانداران ، دەستەی دەستەبژێر [ Elits ] لە ڕێگای حکومەتەکانیانەوە بەتەمان  ئەو گرفتەش حەل بکەن.

بۆ نموونە لە ئێستادا حکومەتی بریتانی پرۆژەیەکی خستۆتە کار کە هەر  لە لندەدن-دا  بە بەشداری 30 کەس بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەم پرۆژەیە بەردەوام دەبێت .  بەشداربووانی پرۆژەکە مانگانە 1600 پاوەندیان پێدەدرێت [ دیارە بێ کارن ] و پێویست نییە هیچ جۆرە مەرجێکیان بەسەردا بسەپێنرێت جگە لە مۆنیتەریکردنیان ئەمەش تەنها لە ڕوی دەرونییەوە کە کاتێك کار ناکەن لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەژین دەبێت  باری دەرونییان چۆن بیت و بەرەو کوێ دەڕوات؟.

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دیار نییە و یا باسی لێناکرێت ئایا ئەو بڕە پارەیە زیاد دەکرێت بە گوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان؟ ئایا ئەم بڕە پاەرەیە کرێی خانوو و پارەی کارەبا و غاز و ئاوی لە سەرە یا زێدە پارەیەکیش بۆ ئەوانە تەرخان دەکرێت ؟

ئەمانە و زۆری تر پرسیارن و بێ گومان حساباتی بۆ دەکرێت ، بەڵام ئەوەی لای ئەمان لە ئێستادا گرنگە باری دەرونی کەسەکانە پاش دوو ساڵ لەبەر ئەوەی کە کار ناکەن تاکو بزانرێت ئەمە کێشەیەك بۆ  ‘مشەخۆرەکانی’ ئایندە دروست دەکات یا نا؟  

لێرەدا ئێمە لە نێوانی دوو دروشمداین کە دەکرێت یەکێیان هەڵبژێرین و کە دەروی رزگارکردنمانە، سەرنگونکردنی سیستەمەکەیە و هێنادی  سیستەم و کۆمەڵی سۆشیالیستییە .  دروشمەکان :ئەی ڕۆبۆتەکانی جیهان ، ئەی ‘ زیرەکی دەستکرد ‘ یەکبگرن و مانبگرن تاکو ئێمە ڕزگار بکەن؟ یاخود ئەی تەواوی جەماوەر ، ” مشەخۆرەکان ” ئەی خەڵکینە یەکبگرن بۆ ئازادیی و ڕزگارکردنی خۆتان لە دەست ئەم سیستەمە نامرۆڤایەتییە کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لەناوبردووە؟