به هیوای دووبارەنەبوونەوەی ئەزمونەکانی ۱۹۹۱’ له کوێستان و بڕین و ماڵوێرانی و ڕه و کردنی زۆرەملێ.با هەر کەس ئەوەندەی بۆی ڕەکرێت’ به تەنها’ یان بەکاری هەرەوەزی’ له ماڵ و گەرەک و شوێنه گشتیەکان’ شوێنی کارکردن’ مەکتەب و دانیشگا و باخچەی ساوایان و خەسته خانەکان و … کاری هەرەوەزی و بەرگری و ئامادەکاری بۆ پەرەنەسەندنی پلان و نەخشه داڕێژراوەکانی مافیای نەوت’ بانقەکانی و میلیشیا ‘ خەمخۆرەکانیان’ بکرێت. ئەمه ” داعش” وه چەند ناو و گرووپی میلیشیای لەم جۆره ‘ دەمێکه هەن و دروستکراون ‘ بۆ کاتی پێویست. ئەم شەڕو و’ داگیرکاری و تۆقاندن و کوشت و بە ینەی’ که مافیای نەوت’ له ڕێگای بانق و چەته میلیشیاکانی یەوه پەیڕه و دەکرێت و دەسەپێنرێت و بەردەوامیشی دەبێت’ دیوێکی تری مەترسیداری لەناوبردنی و تێکدانی ‘ سوریا – خۆرئاوا و کەنتۆنه ئازادەکانیەتی’ که دەیانەویت’ عێراق- کوردستانی باشوری بۆ بکەنه پردێک. به هیوای لەیەک نزدیکتربوونەوه و لەیەکگەیشتنی باشتر.
هەڵوێستی سەربەخۆی جەماوەر لە نێوان ( داعش ) و ( دەوڵەت )
هەڵوێستی سەربەخۆی جەماوەر لە نێوان ( داعش ) و ( دەوڵەت )
بەدەر لەوەی کە هێرشی (داعش) و ڕەوی سوپای دەوڵەتی عیراق کێ و چی لە پشتەوە، بەدەر لەوەی نەخشەڕێژانی ئەم هێرشە هێزە دەرەکییەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکەن یا هێزە نێوخۆییەکانی عیراق، جەنگێكی سەرتاپاگیر لەنێوان دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازاندا لە ئارادایە و باجدەری سەرەکی ئەم جەنگە و هەموو جەنگەکانی سەراپای مێژوو، تەنیا خەڵکی سڤیل و چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵن.
ئا لێرەوە ئەنارکیستەکان وەك چالاکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و لایەنگرانی بەرەی جەماوەریی، ئەم جەنگەش وەك هەر جەنگێکی دیکەی نێوان دەوڵەتان و میلیشیاکان و هێزە دەرەکی و نێوخۆییەکان ڕەتدەکەنەوە و بە جەنگێکی ناڕەوای دەزانن و تەنیا لە بەرەی یەك جەنگدا خۆیان دەبیننەوە، جەنگی کۆمەڵایەتیی چەوساوان دژی چەوسێنەران ؛ جەماور دژی دەوڵەت؛ جەماوەر دژی میلیشیا؛ جەماوەر دژی داگیرکەر، جەماوەر دژی ڕامیاران؛ جەماوەر دژی هەموو هێزە سەربازیی و پۆلیسیییەکان.
لەبەرئەوە تەنیا هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی جەماوەر لە گەڕەك و گوند و کارگە و فێرگە و فەرمانگە و ناوچە و هەرێمەکاندا وەك ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵایەتی بۆ بەرگرتن بە هێرشی ( داعش ) و ملهوڕییەکانی دەوڵەت و فەرماندارییە هەرێمییەکان بە فەرمی دەناسن و کار بۆ هەڵخڕاندن و پێکهێنانی دەکەن.
هەڵبەتە وەها هەڵوێستێك تەنیا لە حەز و خەیاڵەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو پشت بە ئەزموونەکان دەبەستێت، کە هیچ کات سوپا و لەشکری دەوڵەت شایانی بڕوا و پشتپێبەستنی جەماوەر نین و هەمیشە ئەگەری کایەکردنیان لە پلانە دەرەکی و نێوخۆییەکاندا هەیە و هیچ کاتێکیش لەبەرەی جەماوەردا نەبوون و ناشبن، بەڵکو هەردەم سەرکوتگەری بەرەی جەماوەرن و داکۆکی لە بەرژوەندی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان دەکەن. بۆ نموونە پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ هێزی میلیشیاکانی بەرەی کوردستانی لە یەکەمین هەنگاودا کەوتنە سەرکوتی بزووتنەوەی ” شورایی ” و پاش چەند ڕۆژێك هەر ئەو هێزانە نەك نەیانتوانی لە بەرامبەر هێرشی سوپای تێکشکاوی ( ڕژێمی بەعس )دا خۆیان ڕابگرن، بەڵکو بە هەمان شێوەی هەڵوێست و کاردانەوەی سوپا و هێزەکانی دەوڵەتی ئێستا عیراق [ لە موسڵ ] لە پێش خەڵکی سڤیل و بێچەکەوە ڕەویانکرد و گەڕانەوە ئەو دیو ئەو سنوورانەی لێوەی هاتبوونەوە. لە بەرامبەردا تەنیا هێزی چەکداری “شورایی” کە دەستبەجێ و خۆبەخۆ پێکهاتبوو و بە کۆنترین و لاوازترین چەکەوە بەرەنگاری لەشکری دەیان هەزاری ڕژێمی بەعس دەبوویەوە. هەروەها لەم ڕۆژانەشدا بە هەمان شێوە و سیناریۆ، بینیمان کە چۆن هێزی سوپای عیراق و هێزە نێوخۆییەکانی دەوڵەت کەوتنە ڕەوکردن و گەییشتنە ناوچەکانی دەرەوەی پارێزگەی موسڵ. دیسانەوە سوپا و لەشکری فەرمی دەوڵەت، نەك نەیتوانی بەرگریی لە دوژمن [ داعش ] بکات، بەڵکو بە کۆڕەوکردنی بووە هۆی ڕوخاندنی ورەی خەڵك و ورەبەخشین بە چەند سەد چەکدارێکی ( داعش ). بێجگە لەوە، ئەگەر سەرنجی چۆنیەتی کارکردن و هێرشەکانی ( داعش ) و (جبهة النصرة ) و ( طالیبان ) و ( انصار اسلام ) و تەنانەت دەوڵەتانیش بدەین، ئەوان بە ڕۆشنی دەبینین، کە بە کشتوبڕی گشتی و کاری تیرۆریستی و سەربڕین و دروستکردنی ترس لە دەروونی جەماوەردا، دەتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەمەش کارێکی ئاسان و ئاساییە، چونکە پێشتر جەماوەر لە هەموو توانا و دەسەڵات و ورەیەك داماڵڕاوە و هەموو بڕیار و بەرەنگارییەکان بە سوپا و میلیشیاکان سپێردراون. لەبەرئەوە کاتێك کە ورە و بڕوابەخۆبوون لە ڕێگەی یەکگرتنی جەماوەریی و پێکهێنانی گاردی گەلیییەوە دەبوژێتەوە، هەم جەماوەر دەبێتە هێزێکی خۆڕاگر و هەرگیز نەبەزیو و هەم سوپای دەوڵەت و میلیشیا تیرۆریستەکانی وەک ( داعش ) و ( جبهة النصرة ) ورە لەدەستدەدەن و لە بەرامبەر یەکرێزیی جەماوەردا بەچۆکدادێن.
ئەگەر سەرنجی ئەزموونی خۆبەرگریی جەماوەریی خەڵکی سڤیل لە خۆراوا (کوردستانی بەشی سوریە) بدەین، ئەوا دیسانەوە هەمان نموونەی درەوشاوەی هێزی چەکداری بزووتنەوەی “شورایی” دەبینین و دەبینین نەك تەنیا بەرامبەر (داعش)، بەڵکو بەرامبەر (جبهة النصرة) و دەستە دەرکییەکانی دەوڵەتی تورکیە و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش وەستاونەتەوە و سەرەڕای ئابلۆقەی ئابووریی دەوڵەت و حکومەتەکانی ناوچەکە و پیلانەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمان، ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی خۆڕێکخستووی بەرەی جەماوەریی لە خۆراوا لە سەرکەوتندایە و پاشەکشێ بە دوژمنەکانی دەکات.
لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لەم ڕووداوانە و پشتبەستن بە ئەزموونە مێژووییەکانی بەرەی شۆرش لە سەرتاسەری جیهاندا، تەنیا یەك بەرە و ئەڵتەرناتیڤ هەیە، کە ئەنارکییەکان پشتی پێببەستن و پێداگریی لەسەربکەن و پێشنیاریبکەن و بۆ هەڵخراندن و پێکهێنانی دەستبەکاربن؛ ئەویش خۆڕێکخستنی بەرەنگاریی سەربەخۆی جەماوەرییە بە پێکهێنانی هێزە گەلییە سەربەخۆکان لە نێوەندەکانی کار و ژیاندا. وەها کارێك دەستپێکردنی دەستبەجێ و هەردەمی گەرەکە و پێویستە هەر لە ئێستاوە سەربەخۆ لە هێزەکانی دەوڵەت و حکومەتەکان و پارتەکان و میلیشیاکان، لە شارەکانی دیکەی عیراقدا بەخێراترین کات گەورەترین هێزی بەرەنگاریی جەماوەریی بەتایبەت لە شاری کەرکووك و بەغداد کە ئامانجەکانی دواتری هێزە تیرۆیستییەکانی (داعش)ن، پێکبهێنرێت، نابێت لەبیربکرێت کە وەها هێزێك تەنیا هێزی پیاوانە نییە، بەڵکو هێزی یەکگرتووی ژنان و پیاوانی سەراپای کۆمەڵە !
بەرەو پێکهێنانی هێزی بەرەنگاریی سەربەخۆی جەماوەریی، سەرکەوتن تەنیا لە هێزی یەکگرتووی جەماوەردایە
پێکهێنانی کۆمیتە و هەرەوەزیی گەڕەك و کارگە و فێرگە و فەرمانگە و گوندەکان، بەردی بناخەی بەرەنگاریی جەماوەریین
سەکۆی ئەنارکیستان
١٣ی جونی ٢٠١٤
ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ * / ٢
ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *
هەژێن
٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣
بەشی دووەم
” پارلهمان بهرزترین شێوهی دهوڵهتی چینایهتییه و دواین وێنهی دیموكراسییهتیشه . پارلهمان ئهو هێزه ڕێكوپێكهیه كه ههردوو بهرهی ڕاستڕهو چهپڕهوی له خۆیدا كۆكردۆتهوه بۆ پارێزگاری كۆمهڵگای سهرمایهداری . “
وێڕای هاوبۆچوونیم لەتەك ئەم دەستەواژەیەی نووسەردا ” ئهو هێزه ڕێكوپێكهیه كه ههردوو بهرهی ڕاستڕهو چهپڕهوی له خۆیدا كۆكردۆتهوه بۆ پارێزگاری كۆمهڵگای سهرمایهداری . ” لەمەڕ پارلەمان، بەڵام من پارلەمان بە دەوڵەت نابینم، نە لە نزمترین و نە لە بەرزترین شێوەی دەوڵەتدا. پارلەمان ئۆرگانێکی دەوڵەتی هاوچەرخە، کە ڕۆڵی میانجیکردنە لەنێوان پارتە دەسەڵاتخوازەکان و ڕێکخستنی یا میانجی نێوان جەنگی بێبەرنامەی کۆمپانییەکانە. هەروەها دێمۆکراسیی پارلەمانی دوایین وێنەی دێمۆکراسی نییە و هەر ئەو دێمۆکراسییە پارلەمانییەش دەکرێت گۆرانی دیکەی بەسەردابێت و بێجگە لەوەش دەتوانرێت میکانیزمە دێمۆکراتییەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ] لە سیستەمی شورایی / کۆمونەیی / هەروەزیی / ئەنجموومەنییدا بەکارببرێن، واتە بەشداربوون و ڕێکخستنی بەشداریکردنی هەمووان لە کاروبارەکانی ڕێکخسن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، لەسەر ئەو بنەمایە هیچ کات ڕێکخستنی کاروبارەکانی کۆمەڵگەی ناچینایەتی لەسەر بنەماکانی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، یەکساننییە و ناکاتە دێمۆکراسی پارلەمانی ! چونکە ناتوانین بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمووانیی دانیشتوانی گوندێك، گەڕەکێك، کرێکارانی کارخانەیەك، خوێندکارانی فێرگەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك لە کۆبوونەوەی گشتییدا بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دوور لە هەژموونی ڕامیاران و پارتەکان و نوێنەرایەتی، بەگوێرەی بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، بە زۆردارەکی و بە ئارەزووی خۆمان و لە تووڕەبوون و تێەگەییشتنی خۆمانەوە لەتەك هەڵبژاردن و دەنگدان بە ڕامیاران و ڕەوایەتیدان بە ملهوڕی دەسەڵاتداران لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی نوێنەرایەتی [پارلەمانی] بەیەك بچوێنین و یەکسانبکەین !
باشە، ئەگەر دێمۆکراسی هەر ئەوەیە کە ڕامیاران دەسەڵاتداران و سەرمایەداران پاگەندەیدەکەن و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆش بێکەڵکە، ئەدی “کۆمونە”ی ئاسمانی چۆن ڕێکدخرێت و شێوازی ڕێکخستن و شێوەی بەشدارییککردنی دانیشتووان چۆن دەبێت و میکانیزمەکانی بەرگرتن بە سەرهەڵدانی بیرۆکراسی و دیکتاتۆری و پاوانگەریی تاك و گروپ و دستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان کامانەن و چ فیلتەر و لەمپەرێك بۆ نەگەڕانەوەی هەمان ڕێکخستنی پێشوو [چینایەتی] هەیە ؟
” پرۆلیتاریاش ئهو چینهیه كهدژایهتی خاوهندارێتی چینایهتی لهڕێی دژایهتی دهوڵهت و پارلهمانهوه ئهكات . واته زۆرانبازی نێوان برجوازییهت و پرۆلیتاریا له شهڕی نێوان پارلهمانتاریستهكان و پرۆلیتاریادا خۆیئهنوێنێ . “
بەداخەوە، نووسەر زۆر ڕواڵەتییانە بۆ دەسەڵات و پێکهاتەکانی دەسەڵات و سەروەرانی کەتواریی دەڕوانێت. ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتبینە ئەوی لە بەرانبەر دەسەڵات و کاراکتەرە ڕاستینەکاندا نابیناکردووە، کە خاوەنی کۆمپانیا و کارخانە و دەسەڵاتدارەکانن و ئەوی ناچار بە نادیدەگرتنی کەتواری شتەکان کردووە، کە پارلەمانتارەکان تەنیا دەڵال و میانجیگەری نێوان هێزە زاڵەکانن و لە سەروویی ئەوانەوە ئەوە هێزی ئابووریی کۆمپانییەکان و دەسەڵات و ىڕیاری پارت و دەسەڵاتداران هەیە، کە بەندی یاساکان پێشنیاردەکات و پارلەمانتاران لەو نێوەدا تەنیا ڕۆڵێکی ڕۆتین و پێشتر بۆنووسراویان لە پەسەندکردنی پێشنیارەکان و بە بڕیارکردنیاندا هەیە ! بەپێچەوانەی تێگەییشتنی لنگاوقووچانەی نووسەر، دەکرێت لە وڵاتێکدا نە پارلەمان هەبێت و نە دەوڵەتی هاوچەرخ، تەنیا کۆمەڵە میلیشیایەك سەروەربن و دارایی تایبەت و خێزانی و خێلەکی و پارتیی و میلیشیاییش هەبێت. کەواتە تەنیا بە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارلەمان و پارت ناتوانین دژایەتی دارایی تایبەت بکەین، هەر ئاوا کە ناتوانین تەنیا بە لابردنی دەوڵەت، پێکهاتە قووچکەییەکانی خێڵ و خێزان و پارت و دەستەبژێرە ئابووریی و ڕامیاریی و ڕۆشنبیریی و کارگێرییەکان لەنێوبەرین. دارایی تایبەت [چینایەتی] پێش ئەوەی دەوڵەت رایگرتبێت، بەخۆی کولتوور و ئاوەز و هوشیاریی و حەز و بوونی تاك و خێزان و کۆمەڵ پێکدەهێنێت و لە پێکهاتەی خێڵایەتییەوە تا کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و ئەم ڕۆژگارەی سەرمایەداریش وێرای جیاوازی شێوەی دەسەڵاتداریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەر هەبووە. لەبەرئەوە سەرهەڵدانی دارایی کۆمەڵایەتیی [ناچێنایەتی] و هەڵوەشاندنەوەی دارایی چینایەتی [تایبەت] تێکۆشان و ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و پێویستی بە شۆڕشێکی کولتووری لە هوشیاریی کەسەکاندا هەیە. کەی تاکی نادارا بە ئاستێك لە هوشیاریی وەك بەرەنجامی ئەزموونگیریی خەباتی ڕۆژانەی خۆی بەو سەرەنجامە گەییشت، کە گەلگاریی لە تاککاریی، پێکەوەژیان لە دابڕان و لەخۆنامۆبوون، دارایی کۆمەڵایەتی لە دارایی تایبەت، هەرەوەزی لە کێبڕکێ، هاوپشتی کۆمەڵایەتی لە ڕکەبەریی ڕامیاریی باشترە، ئەوا ڕوخانی دەوڵەتەکان و سەندنەوەی ئاپارتمان و باخچە و فێرگەکان و نەخۆشخانەکان و کارگەکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەیان ئاسانترین کارێك دەبێت، کە هەموو تاکێکی گۆڕانخواز [شۆڕشخواز] دەتوانێت وێنایبکات و دەرکیبکات. بەواتایەکی دیکە تاوەکو تاکی ژێردەست بەرژەوەندی خوا و دەوڵەت و پارت و نەتەوە و خێڵ و ڕابەر و دەستەبژێر لە سەرووی بەرژەوەندی و تاکایەتی خۆیەوە دابنێت، ئەستەمە دارایی و سەروەریی چینایەتی لەقببێت و لەتەك ویستی تاکەکانی کۆمەڵ و ڕەوت و گەشەی کۆمەڵ بکەوێتە ناکۆکی.
” پرۆلیتاریا ههرگیز ناتوانێ ئهوئامێره كۆمهڵایهتییه به كار بهێنێ بۆخۆڕزگاركردن له چهوساندنهوه كه خۆی ئامێرێكی كۆمهڵایهتییه بۆ چهوساندنهوهی ، دوژمنایهتی برجوازیهتیش بهبێ دوژمنایهتی پارلهمان و ئازادییه سیاسیهكهی ، هیچناگهیهنێ جگه له دوژمنایهتی پرۆلیتاریا خۆی . “
بەداخەوە نووسەر نەك هەر تەنیا لنگاوقووچ پێکهاتە و دیاردەکان دەخوێنتەوە، بەڵکو بوونە کەتوارییەکانش ئاوەژوودەکاتەوە. “پارلەمان …. ئەوئامێره كۆمهڵایهتییە” چییە؟ پارلەمان دەزگەی ڕامیارییە نەك ئامێر ! دەزگەی ڕامیارییە و ڕاگری سیستەمی ڕامیارییە و ئاراستەکەر و ڕەوایەتیپێدەری دەسەڵاتی ڕامیارییە، نەك کۆمەڵایەتی!
من نازانم لە کوێدا و بە چ پێوەرێك پارلەمان “کۆمەڵایەتییە”؟ لە تێڕوانینی دوور لە کەتواری نووسەردا “كۆمهڵایهتیی” چ واتایەك دەبەخشێت؟ ئایا ئەو لەنێو “ڕامیارییبوون” و “کۆمەڵایەتییبوون”دا چ لێکچوون و خاڵێکی نێوکۆیی و هاوبەشییەك دەبینێت ؟
وەك پێشتر ڕۆشناییم خستەسەر، “ڕامیارییبوون” واتە دابران و نامۆبوون لە “کۆمەڵایەتییبوون”. ڕامیاریی واتە هونەری دەسەڵاتداریی دەستەبژێرە سەروەرییخوازەکان. سیستەمی ڕامیاریی واتە ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لەلایەن مشەخۆران و ملهورانەوە لە سەروووی ویست و خواست و توانای تاکە بەرهەمهێنەر و بنیاتنەرەکانی کۆمەڵگەوە. وەها ڕێکخسنێك تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنەوەیان لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان مەیسەردەبێت، واتە نامۆکردنی تاك بە خۆی وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و بە پەیوەندییە ئاسۆییە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەرئەوە هەر پاگەندەیەك بۆ کۆمەڵایەتییبوونی پارلەمان و دزگەکانی دیکەی سیستەمی چینایەتی، تەنیا ڕەوایەتیەدانە بە سەروەریی چینایەتی و بەس. بەپێچەوانەوەی پاگەندەکانی نووسەرەوە ڕامیاران و دەسەڵاتداران هیچ کات بوێریی ئەوەیان تێدانییە و نیشانیاننەداوە، کە پارلەمان و دەزگەکانیان بە دەزگەی کۆمەڵایەتیی ناوببەن و لە هیچ کات و بە هیچ شێوەیەك ناکرێت و لە توانادا نییە، دەزگەیەك، کە بۆ لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێوبردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە سەریهەڵدابێت، بەخۆی دەزگەیەکی کۆمەڵایەتیی بێت. ئەمە تێنەگەییشتنە لە جیاوازی نێوان کۆمەڵایەتییبوون و ڕامیارییبوون، لە جیاوازی نێوان سیستەمی ڕامیاریی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان و سیستەمی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا سروشتییەکان، لە جیاوازی نێوان هەڵپە و پلانی ڕامیاریی و خەبات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، لە جیاوازی نێوان کار و چالاکی ڕامیاریی و کار و چالاکی کۆمەڵایەتیی، لە جیاوازی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ڕامیاریی سەرووخەڵکی [چینایەتی] و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی ئاسۆیی [ ناچینایەتی و ناقووچکەیی]، لەیەك دەستەواژەدا ئەمە تێنەگەییشتنە لەوەی کە پارلەمان بریتییە لە دەزگەیەکی ڕامیاریی سەرووخەڵکی، کە تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت بێتەبوون و خۆی ڕابگرێت و تاکەکان بە هێزی و توانا کۆمەڵایەتیی خۆیان نامۆبکات و لەسەر بنەمای پەیوەندییە سەروخوارییە ڕامیارییەکان ڕێکبخاتەوە و سەروەریی چینێکی دارا و مشەخۆر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت!
” ئهوكاتهی مێژوو دامهزراندنی پارلهمانی دیموكراسی خستهئهستۆی برجوازیهت ، ههرلهوكاتهدا شكاندنی دهوڵهت و پارلهمانی خستهئهستۆی پرۆلیتاریا ، بۆیه ناكرێ پرۆگرامی مێژوویی پرۆلیتاریا له هیچ ئاستێك و هیچ جێگایهكدا لهگهڵ پارلهمانتاریستهكاندا یهكبخرێ . “
لە دەرەوەی ویست و کارکردی مرۆڤە بەدەربەست و نادەربەستەکانەوە، “مێژوو” چییە؟ ئایا “مێژوو” هێزێکی ئاسمانییە، ئایا بەرنامەڕێژییەکی میکانیکی سەرووی کۆمەڵگەیە، ئایا یاسایەکی داڕێژراو و پێشبینییەکی زانایانەیە؟
ئەوەی کە ئەم بۆچوونە دیتێرمینیستییە پشت بە بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية] دەبەستێت، خۆی بەیانگەری خۆیەتی و ئەوەی کە مێژوو لە دەرەوەی کارکرد و ویستی مرۆڤەکانەوە دەبێت و ئەوەی کە مرۆڤەکان بە ڕۆبۆتێکی ناچار بە پەیڕەوکردن و ملکەچیی بۆ بنەماکانی ڕێکخستنی ئابووریی و گەشەی ئابووریی دەبینێت، نکۆڵیهەڵنەگرە. ئەگەرنا قسەکردن لەوەی کە مێژوو فەرمان بە مرۆڤەکان بدات و ئاراستەی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنیان دیاریبکات و پێکهێنانی پارلەمان یا هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان بخاتە ئەستۆی ڕۆبۆتەکانی، بێجگە لە پووچگەرایی هیچی دیکە نییە! ئەمە هەمان بڕوای زۆرەکییانەی [عقيدة الجبرية] ئایینەکانە بۆ ڕۆڵی مرۆڤ لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ئەرك و بەڕێوەبردنی کار و بارەکانیدا، کە بەگوێرەی ئەو تێڕوانینە مرۆڤ لە نێوچەوانی نووسراوە دەبێت ئەوە بکات و ئەوە بێتەڕێی کە بۆی دیاریکراوە، واتە لە تێڕوانینی دیتێرمینیستیدا مێژوو هەمان ڕۆڵی خوای ئاسمانەکانی هەیە و مرۆڤیش کۆیلەیەکی ناچار بە پەیڕەوی چارەنووسێك کە بۆ دیاریکراوە !
دەکرێت بڵێین، بۆرجوازی وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی، پەنای بۆ پارلەمان وەك دەزگەیەکی میانجیگەری نێوان باڵ و هێزە دەسەڵاتخوازەکان و ئاشتکردنەوەیان لەسەر خوانی مشەخۆرانەی چینایەتی، بردووە و ناچاربووە دروستیبکات و مل بە دەنگدانی گشتی بدات. هەروا دەتوانین بڵێین، پڕۆلیتێرەکان [تاکە نادارا و بێدەسەڵاتەکان] بۆ ڕزگاربوونیان لە کۆیلەتی و سەروەریی چینایەتی، ناچارن هەموو دەزگە ڕامیارییەکان لەنێوبەرن و لەپێش هەموویانەوە پارلەمان و سیستەمە نوێنەرایەتییەکەی. بەڵام ناتوانین وەك ئاییندارێك بڕوا بەخۆمان بهێنین، کە ئێمە ڕۆبۆتێکی ناچار و پرۆگرامکراوی جیبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا “مێژوو”ین ! چونکە ئەوە ئامادەیی ئێمەیە بۆ کۆیلەتی، کە سەروەریی بۆرجواکان مسۆگەردەکات و ئەوە یاخیبوونی ئێمەیە لە کۆیلەتی، کە سەروەریی چینایەتی لەنێودەبات و ئەوە کارکرد و ویستی مرۆڤە هوشیارەکان و پاشرەویی ناهوشیارەکانە کە ئاراستەی مێژوو دیاریدەکات، نەك هێزێك لە سەرووی تاك و جڤاکەوە. وەها ویستێك [ئیرادەیەك] بە خودهوشیاریی شۆڕشگێرانەوە پەیوەستە، کە لە تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵ و بەرنامە و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی سەرهەڵدەدات و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرجەستەدەبێت و دەىێتە بەشێك لە بیرکردنەوە و ئەزموونگیریی کۆمەڵگە !
” ئهركی مێژوویی كاپیتالیزم خۆی و پارلهمانهكهیتی كه بهردهوام به ڕێگای ڕیفۆرم و چككردنی گوزهرانی (( هاونیشتمانی !! )) یهكانی و پێشخستنی شارستانیهت و زانست و تهكنهلۆژیا ، (( پله به پله )) كۆمهڵگاكهی بباتهپێشهوه ، واته پتهوكردن و نهشهونمای ههمیشهیی كۆمهڵگاكهی دابین بكات ، وه سهرئهنجامی واقیعی ئهو پێشكهوتنهش سهبارهت به پرۆلیتاریا ، بریتییه له :
(( كرێكار له ههژاری خۆی زیادئهكات ههچهند لهو سامانه زیابكات كه بهرههمی ئههێنێ ، وه ههرچهندیش هێزو پلهی بهرههمهكهی زیادبكات . كرێكار ئهبێته ههرزانترین كاڵا ههرچهند ژمارهی ئهو كاڵایهی زیادكرد كه دروستی ئهكات …… “
جارێکی دیکە، ئەگەر باوەڕمان بە ئەرکی مێژوویی هەبێت، کەواتە بڕواشمان بە قۆناخبەنییەکان وەك پێداویستییەکی مێژوویی دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایانەش دەبێت مل بە ملهوڕیی مێژوو بدەین و مرۆڤایەتی ناچاربووە هەموو قۆناخەکانی تائێستا ببرێت و بەگوێرەی ئەو بۆچوونە تەنانەت ئەگەر هەموو پرۆلیتێرەکان [کۆیلان، جوتیاران، کرێکاران و توێژە نادارا و بێدەسەلاتەکانی دیکەی ئەم ڕۆژگارە] خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانە و سوشیالیستخوازانەشیان هەبووایە، ئەوا نەیاندەتوانی بەر ئاراستەی مێژوو بەرەو ئەم ڕۆگارە [کۆمەڵگەی سەرمایەداریی] بگرن. بەواتایەکی دیکە پێویستە دەستبەرداری هەموو چالاکی و تێکۆشان و هەوڵدانێك ببین و چاوەڕێی خوا “مێژووی دەرەوەی ویستی مرۆڤەکان” بکەین و هەموو جەنگ و سەرکوت و برسیەتی و نایەکسانی و سووکایەتی و بەهرەکێشیی و چەوسانەوەیەك بە شتێکی پەسەندکراو و ناچاریی وەربگرین!
ئایا هیچ دەزگە و ڕاگەیاندن و ئیدئۆلۆگێکی سەرمایەداریی دەتوانێت باشتر لە نووسەری ئەم دێرانە، ڕەوایەتی بە کۆمەڵگەی چینایەتی بدات و پاساوی مێژوویی بۆ سەروەریی چینایەتی و درێژەکێشانی تا ئەم ڕۆژگارە بهێنێتەوە ؟
“…. كرێكار ههرچهند زیلتر وهبهرهم بهێنێ كهمتر ئیستهلاك ئهكات وه ههرچهند نرخی بهرههمهێنراوهكانی زید ببێ خۆی زیاتر لهوه كهم ئهبێتهوه ، … وه ههرچهند مهدهنیهتی بابهتهكهی زیادیكرد كرێكار وهحشیتر ئهبێ ، وه ههرچهند داهێنان لهكاردا زیادیكرد كرێكار گێلۆكهترئهبێ و كۆیلایهتی بۆ سروشت زیاتر ئهبێت . “
ئەمە چ داهێنان و پێگەییشتنێکی تیئۆرییە، کە نووسەر ئافراندوویەتی، بە چ بەڵگە و بنەمایەکی لۆجیکی و هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نووسەر دەیهەوێت بۆ ئێمەی بسەلمێنێت، کە ئەگەر کرێکار زیاتر بەرهەمهێنێت، ئەوا کەمتر بەکاردەبات؛ ئایا گەدە و ئارەزووی پۆشاکگۆڕین و کێبركێ و چاولێگەریی کەمدەکەن، یا بە بینی زۆری بەرهەمەکان، ئارەزەوومەندیی کەمدەکات؟
بەپێچەوانەی ئەم پێگەییشتنە ئەنتیکەی نووسەرەوە، کرێکار لە هەر سەردەم و کاتێکی دیکە، زیاتر بە کولتووری بەکاربەریی نادەربەستانە ئالوودەبووە و کرێکار لە هەموو سەردەمێکی دیکە زیاتر بووەتە ڕاگریی سیستەمی سوودی بانکیی و کرێکار لە هەموو سەردەمێك زیاتر ساخکەرەوەی کاڵای خۆیەتی. ئایا مەبەست لە “مهدهنیهتی بابهتهكهی ” چییە، کە کرێکار ” وهحشیتر ” دەکات؟ ئەی ” وهحشی ” چییە، مەگەر مەبەست لەو دەستەواژە دژە-مرۆییە لوتبەرزانەی وردەبۆرجوازی، “ناشارستانیبوون” نییە؟ ئەدی چۆن تاکو مرۆڤ شارستانیتر بێت، ناشارستانیتر دەبێت؟ من لە بابەێکی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر واژە و چەمکی ” وهحشی” کە کۆمونیستەکان زۆر بە شانازییەوە بەکاردەبەن و بەو هۆیەوە سووکایەتی بە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەکەن، کە هێشتا وەك بەشێك لە سروشت لە دەرەوەی بازاری سەرمایە دەژین. هەروەها بە کام پێوەر و لۆجیك مرۆڤ بە داهێنان لە کاردا گێلتر دەبێت، مەگەر کاری کۆمەڵایەتیی ئافەرێنەری هوشیاریی و مرۆڤ و بەرجەستەکردنی ئەزموونەکانی نییە؟ لەوە بەدبەختیتر ئەوەیە، بەکامە پێوەر مرۆڤ بە زیاتربوونی داهێنانەکانی، کۆیلەتی بۆ سروشت زیادیکردووە؟ سروشت چییە، ئایا مرۆڤ [کرێکار] لە دەرەوەی سروشت چییە و بوونی هەیە؟
هیوادارم خوێنەرانی ئازیز، لەم بارەوە کۆمەکی منی کڵۆڵ بکەن و تێمگەیێنن، کە ئەو دەستەواژانەی سەرەوەی نووسەر، چۆن پێکەوە کۆدەکرێنەوە و یەکدەگرنەوە و چ پێوەر و لۆجیکێك پەسەندەیاندەدات. هەروەها بێجگە لەو پرسیارانەی سەرەوە، ئایا پێشکەوتنی چینایەتی و داهێنانی سەروەرانە، وێرانگەری سروشت و لەنێوبەری سروشتی مرۆڤ و کردنی بە ڕۆبۆت و دوورخەرەوەی نییە لە سروستیبوونی ؟
” … ڕاسته كار شتی جوان بۆ دهوڵمهندهكان وهبهرئههێنێ بهڵام نهبوونی بۆ كرێكار وهبهرههم ئههێنێ . كار كۆشك و تهلار وهبهرئههێنێ بهڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وهبهرئههێنێ بڵام شێواوی _ التشوه _ بۆ كرێكار … زیرهكی وهبهرئههێنێ بهڵام دهبهنگی و گێلۆكهیی بۆ كرێكار … _ ماركس _ العمل المغترب )) . “
بڕواناکەم لە هیچ زمانێکی دونیادا داڕشتن و دەربڕینی هێندە پەڕپووت بوونی هەبێت، تا ئەوە دەربرینی مارکس بێت. خوێنەری هێژا سەرەتا سەرنجی ئەم وەرگێڕانە بدەن ” كار كۆشك و تهلار وهبهرئههێنێ بهڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وهبهرئههێنێ بڵام شێواوی _ التشوه _ بۆ كرێكار … زیرهكی وهبهرئههێنێ بهڵام دهبهنگی و گێلۆكهیی بۆ كرێكار … “
بێجگە لەوە، ئایا مەبەستی مارکس لە “کار”ە بەگشتی یا “کار” لە سایەی سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا ؟ ئەگەر مەبەستی ئەوەیە، کە نووسەر دەیەوێت بە ئێمەی بگەیێنێت، ئەی مارکس “کار” لە سیستەم و ڕێکخستنی کۆمونەیی [کۆمونیزم]دا چۆن پێناسەدەکات؟ ئەگەر هەمان پێناسەی بۆی هەیە و دەخوازێت هەڵوەشێتەوە، چی جێگەی کار دەگرێتەوە و بەبێ کار، مرۆڤ چۆن پێداویستییەکانی خۆی دابیندەکات؟
” كۆمهڵگای سهرمایهداریش له دمێكهوه توانای لهناوبردنی خۆی ڕخساندووه ، ……..
….. جگه لهوهش تهنیا ئهو سامانه زۆرهی برجوازیهت بهكاریدێنێ بۆ دامودهزگاكانی سوپا و ئهمن و پۆلیس ودین و بیرۆكراسییهكان ، ههر تهنیا گێڕانهوهی ئهو سامانه بۆ كۆمهڵ بهسه بۆ سهركهوتن بهسهر كۆمهڵگای چینایهتیدا. “
ئەگەر خۆم لە سەرنجدانی پەڕپووتیی داڕشتنی دەستەواژەکان لابدەم و هەڵە ڕێزمانییەکان ڕاستنەکەمەوە، ئەوا ئەوەندە بەسە، بڵێم ئەم بۆچوونەی نووسەر لەمەڕ ڕەخسانی زەمینە لەنێوچوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و لە توانابوونی سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵگەی چینایەتییدا، سەلمێنەری دروستی بۆچوون و لێکدانەوەی منە بۆ بۆچوونە دیتێرمینیستییەکانی ئەو، وەك ئەوەی پێشتر ڕۆشنمکردەوە. کە لە بۆچوونەکەی ئەودا مرۆڤایەتی ناچار و سزاوارە بە هاتن و ملدان بە سەرمایەداری و پڕۆلیتێرەکان نەیاندەتوانی لە ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییاندا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو شوێنێکی دیکە ئاراستەبکەن؟ ئایا ئەمە ئەو نائومیدییە نییە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی یا ئەو هەلپەرستییە سازشکارییە نییە، کە کاوتسکی پێیگەییشت ؟
کەواتە با ئێمە ڕوو لە بزواندنی سۆزی سەروەران بنێین و کۆیلەتییەکی کەمێك خۆشتر و باشتر و خۆشگوزەرانەتر بۆ خۆمان دابینبکەین، هەروەك لەم ڕۆژگارەدا چەپەکان بە ڕوونان لە ینک و پدک دەیکەن ! کاتێك کە گۆڕان و ڕوخانی سیستەمی چینایەتی لە دەرەوەی کار و چالاکی و خەبات کۆیلەکانییەوە بێت و تەنیا خوا “مێژوو” دیاربکات و بەبێ هاتنەدی ئەو مەرجە خواکردانە “مێژووکردانە” هیچ شتێك توانانی ڕوودانی نەبێت و هێڵی ڕەوتکردنی مێژوو دیاریکراوبێت و لادان و تەینەکردنی ئەستەم بێت، ئیدی قسەکردن لە کۆمەڵگەیەکی باشتر چ پێداویستییەکی هەیە. بە گوێرەی ئەو بۆچوونەی نووسەر، باشتر نییە هەموو کۆمونیستەکان ببنە سەربازی سەرمایەداری، بۆ ئەوەی ڕەوتی گەشەکردن و زووتێپەڕبوونی ئاسانتر و بە بەزییانەتر بکەن ؟
بەبۆچوونی من، ئەمە هەر ئەو پاگەندانەن، کە کۆنە ئەندامەکانی (کۆڕەک) و باڵە جیاوەبووەکەی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست [باڵەکەی کوردستانی] لە دەمی هەڵبژاردنی ئایاری ١٩٩٢دا دەیانکرد و دەیانگوت ” بڕینی قۆناخی دێمۆکراسی پارلەمانی، پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزمە، لەبەرئەوە دەنگدان بە ینک، مسۆگەرکەری زووتر گەییشتنە بە سۆشیالیزم وەك حەتمەتێکی مێژوویی”، ئەگەر نا، پەیامی بێهوودەیی و بێویستی مرۆڤ لە بەرانبەر زۆرداریی مێژوودا، دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟
من لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەدا تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم، بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية ] لاساییکردنەوەیەکی نەزانانەی کولیچەخواردنی مرۆڤە خوداپەرستەکانە لە ئاسمان بەگوێرەی ئەو چارەنووسەری کە خوای ئاسمانەکان بۆ مرۆڤایەتی دیاریکردووە!
” بهپێش چاومانه له پێشكهوتوترین ووڵاتهوه تا ناوبراو به دواكهوتوترین ووڵات ، دهوڵت زیاتر لهنیوهی بهرههمی كۆمهڵ بهكارێنێ بۆ ئهو دامودهزگایانهی كهنك ههر كهمترین هاوبهشی ناكهن لهبهرههمهێناندا بهڵكو ههموو مهبهستێكیش له بوونیان تهنیا پاراستنی سهروهرێتی چینایهتییه ، چونكه سهروهرێتی چینایهتی نیه بهبێ سوپا و ئهمن و پۆلیس و دین و بیركراسییهت و …. “
لێرەدا پێویستە بپرسین، ئەگەر لە دەرەوەی ویستی تاکەکانەوە، ئەوە تەنیا “مەرجە مێژووییەکان”ن کە سەرهەڵدان و مانەوە و لەنێوچوونی قۆناخە مێژووییەکان دیاریدەکەن، ئیدی بۆچی و لەپێناو چی دەوڵەت نیوەی بەرهەمی کۆمەڵ [مشەخۆریی ڕەنجی بەرهەمێنەران] بۆ ئەو دەزگە بێبەرهەمانەی کە سەروەریی چینایەتی دەپاریزن، تەرخاندەکات؟ ئایا پاراستنی سەروەریی چینایەتی لە کێ، کاتێك کە بەگوێرەی بۆچوونی خودی نووسەر تاك/ ژێردەستەکان لە گۆڕین و ڕوخانی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا هیچ ڕۆڵێکیان نییە ؟
“ههربهمپێیه گیروگرفتی ئهم مهسهلهیه لهوێوه دهستپێناكات كه گوایه كۆمهل َ دواكهوتووه و توانی ماددی كامڵ نهبووه بۆ وهدیهێنانی كۆوڵگایهكی ناچینایهتی ، بهڵكو لوێوه دهستپێئهكات كه : بهرههم چۆن دابهشئهكرێ له كۆمهلدا ؟ ….. ، بهڵكو له لهناوبردنی دهسهڵاتی چینایهتیدایه ، وه بهبهرنامهی لانیكهمنا ، بهڵكو بهرنامهی لانی زۆریش نهلهدوور و نهلونیكهوه ناكهوێته ناكۆكی لهگهڵ خاوهندارێتی چینایهتیی ، “
نووسەر چەند پەرەگراف پێشتر پێچەوانەی ئەم دەربڕینەی لە “كۆمهڵگای سهرمایهداریش له دمێكهوه توانای لهناوبردنی خۆی ڕخساندووه ، ….. …. ، ههر تهنیا گێڕانهوهی ئهو سامانه بۆ كۆمهڵ بهسه بۆ سهركهوتن بهسهر كۆمهڵگای چینایهتیدا. ” دەدوێت. کەچی لێرەدا دەڵێت “… كه گوایه كۆمهل َ دواكهوتووه و توانی ماددی كامڵ نهبووه بۆ وهدیهێنانی كۆوڵگایهكی ناچینایهتی ،” !
هەڵبەتە تا ئێرە، ئەمە یەکەمین دەستەواژەیە کە تێیدا نووسەر گومان لەسەر تێڕوانینی دیتێرمینیستانەی خۆی و کۆمونیستەکانی دیکە دادەنێت. بەداخەوە هەرچەندم کۆشا نەمتوانی لە دەستەواژەکانی دیکەی ئەو پەرەگرافەی تێبگەم و نازانم ئایا ئەم دەستەواژە ” بهڵكو لوێوه دهستپێئهكات كه : بهرههم چۆن دابهشئهكرێ له كۆمهلدا ؟” دڕێژەی ئەو گومانەیە کە بە “گوایە” دایدەنێت یا ڕەتکەرەی ئەو گومانەیە و دەیەوێت دێژە بە دڵنیایی و بڕوای بە دیتێرمینیزم بدات. چونکە هەرچەند وردبوومەوە، نەمتوانی لەم دەستەواژە تێبگەم ” بهڵكو بهرنامهی لانی زۆریش نهلهدوور و نهلونیكهوه ناكهوێته ناكۆكی لهگهڵ خاوهندارێتی چینایهتیی ، ” !
” ئهم بۆچوونه هیچنیه جگه له داماڵینی پرۆلیتاریا له ماهییهته مێژووییهكهی . پرۆلیتاریا چینێكه لهسهر ئاستی مێژووی مرۆڤایهتی و ئهركهكهیشی تاكه ئهركێكی مێژووییه و لهیهك پرۆگرامی مێژوویدا كوتئهبێتهوه : ههڵگێڕانهوهی سیستهمی كاری كرێگرته ، وه بۆئهوهش هیچ ڕێگهیهك شكنابات جگه له شۆڕش ، شۆڕشیش واتای گۆڕانكاری ئابوری و سیاسی نییه له كۆمهڵدا ، به ڵكو سهركهوتنه بهسهر چینهكاندا .“
وێڕای چەندبارەبوونەوەی ” ماهییهته مێژوویی … ئاستی مێژوو … ئهركێكی مێژوویی … پرۆگرامی مێژووی .. ” کە بە بۆچوونی من، ئەم شێوازە لە لێکدانەوە و خستنەڕووی بوون و دیاردە و شتەکان، تەنیا ئایدیالیزەکردنی مێژووە و بەس. هەروەها وێناکردنی پرۆلیتاریا وەك یەکەیەکی سەراپا هوشیار و سەراپا شۆڕشگێر، بێجگە لە لاساییکردنەوەی دەقاودەقی [هەڵبژاردنی یەهودییەکان لە تەورات و کریستەکان لە ئینجیل و عەرەبەکان لە قورئان]دا بە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و شانازی ئایینەکە و پەیامهەڵگرانی ئایینەکە، هیچی دیکە نییە. ئەگەر پڕۆلیتاریا بەو پێوەرە ئایدیالیستییە و تێڕوانینە دیتێرمینیستییە، چینێکی سەراپا شۆرشگێڕ و ڕەتگەرەی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی داراکان بووایە، دەبوو بەلایەنی کەمەوە سیستەمی سەرمایەداری یەك ڕۆژ توانای پایەدارمانەوەی نەبووایە. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوە پڕۆلیتێرەکان و منداڵانی ئەوانن، کە هێزی پۆلیس و سوپا و ڕیزی دەنگدەر و ئەندامانی پارتەکان و دژەشۆڕش پێکدەهێنن. ئەگەر نا، هەژماری چەند هەزار کەسیی سەرمایەدار و دەسەڵاتدارێك لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانییەکان و پارلەمانەکان و فەرماندارییەکاندا، توانای ڕاگرتنی نزیکەی حەفت ملیارد مرۆڤی کۆیلەی نییە !
هەروەها بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، چۆن سەرکەوتن بەسەر چینەکاندا ڕوودەدات و چۆن نەگەڕانەوەی چینەکان مسۆگەردەکرێت، بێجگە لەوە، ئەی کێ شۆرش بەسەر چینەکاندا دەکات، ئایا هێزێکی دەرەکی وەك “خوا” یا بوونەوەرانی ئەستێرەکانی دیکە ئەنجامیدەدەن ؟
” … له كاتێكا پرۆلیتاریا سهرئهكهوێ ، لههیچ حالێكدا نابێته لایهنی سهروهر له كۆمهڵدا ، چونكه ئهوكات سهرئهكهوێ بهسهر خۆی و دژهكهیدا . ئهوكاته پرۆلیتاریا وونئهبێ ، ههروهك چۆن دژهكهشی ، كه سنوری بونی ئهو دیارئهكات ، وونئهبیت ، كه ئهویش خاوهندارێتی تایبهتییه . – ماركس – العائله المقدسه } . “
لێرەدا دیسان دەگەڕێمەوە سەر پەرەگرافی پێشووتر و دەپرسم: بەبێ گۆڕان و لەنێوبردنی زمینە ئابوورییەکانی کۆیلەتی پڕۆلیتاریا، چۆن پڕۆلیتاریا وندەبێت و دژەکەشی لەنێودەچێت؟ ئایا بەبێ گۆڕانی ئابووری بەواتای گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، لەنێوبردنی دارایی تایبەت لەتوانادا دەبێت؟ هەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم لە گۆڕانی ئابووریی، گەشەکردنی بنەمای ئابووریی و تێپەڕاندنی ناچارییانەی قۆناخەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی نییە، بەڵکو مەبەستم لە سەرهەڵدانی ناکۆکییە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، کە دەبێتە سەرهەڵدانی یاخیبوونی چینایەتی لە سەروەریی چینایەتی، کە لەو بارەدا بێجگە لە دوو ڕێگەچارە زیاتر لەبەردەمدا نامێننەوە: یا لەنێوبردنی پرۆلیتاریای یاخیبوو لەلایەن سەروەرانەوە، کە چیدی توانانی مانەوە و ملدانی بە سەروەیی نەماوە، کە ئەمەش دەکاتە تێداچوونی کۆمەڵگەی چەند چین. [مەبەستی من لە پڕۆلیتاریا تەنیا کرێکارانی پیشەسازی نین، بەڵکو تاکی هەموو چین و توێژە نادارا و بندەستەکانی سەرمایەدارییە، کە چینێکی بنکە فراوانی کۆمڵایەتی پێکدەهێنن]؛ یا ڕێگەی دووەم، لەنێوبردنی سەروەریی چینایەتی [وەك نووسەریش پێداگریی لەسەر دەکات]، کە بێجگە لە لەنێوبردنی کۆیلەتی چینایەتی پڕۆلیتاریا، هیچی دیکە ناتوانێت بگەیێنێت ! بەڵام لەبیرماننەچێت، وەها یاخیبوون و ئاڵوگۆڕێك تەنیا بەرەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش لە گۆڕانی شێوازی خواردن و قسەکردن و بیکردنەوەوە بیگرە تا شێوازی مانگرتن و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتی و شێوازی پەروەردەکردنی مرۆڤی خودهوشیار و خودکارا و بنیاتنانی کۆمەڵگە ناچینایەتی دەگرێتەوە و هیچ گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی بەبێ هاوەڵدووانەیی گۆڕانی ئابووریی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خۆڕێکخستن ئەستەمە ڕووبدات، کە هاوکات بریتییە لە گۆڕانی هۆشیی [هوشیاریی، ئاوەزیی، شێوازی بیرکردنەوە] و گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بنەما و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنی کۆمەڵگە ، کە لەم ڕۆژگارەدا هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندی سەرمایەداریی ڕێکخراون و پێکهاتوون و ئاراستەدەکرێن، بەواتایەکی دیکە سەرمایەداریی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی [ستایلی] ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی باوە، ئەوی بخوازێت سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێت، ناچارە کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی ژیان و بیرکردنەوە بکات، نەك دروشمدان لە دەرەوەی کایەکانی کارکردن و ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر بە دروشم و توندوتیژی و ڕامیاریی و پارتایەتی توانای گۆڕانی سیستەمی چینایەتی هەبووایە، هەنووکە دوو سەدە بوو، کە کۆمەڵگەی چینایەتی لەسەر دەستی بلانکییەکان گۆڕدراوبوو !
بوونی دهسهڵات و سهروهرێتی له كۆمهڵدا بوونی چهوسلندنهوه و ناكۆكی چینایهتییه ، پرۆلیتاریاش واهاتووه چهوساندنهوهی مرڤ لهلایهن مرۆڤهوه لهناوببات . ….
پڕۆلیتاریا لە کوێوە هاتووە و چییە و کێیە و کێ ئەو هاتنەی ئەوی دیاریکردووە و کێ ئەو ئەرکەی بەو سپاردووە ؟ ئایا پڕۆلیتاریا مرۆڤی کۆیلەکراوە یا یا پەیامبەری گۆڕین و لەنێوبردنی کۆمەڵگەی چینایەتی؟ کێ ئەو پەیام و ئەرکە پیرۆزەی بەو سپاردووە؟ لە تابلۆی تۆمارکراو/پارێزراو (اللوح المحفوظ)دا ئەو ئەرکەی بۆ دیاریکراوە یا لە ئایدیۆلۆجیای “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا”دا؟
بەبۆچوونی من، وێناکردنی پڕۆلیتاریا [چ بە واتا مارکسیستییەکەی “کرێکارانی پیشەسازیی” و چ بەواتا لاتیینییەکەی بەکرێگیراوان “هەموو کەسێکی نەدار و ژێردست، کە بۆ بژێوی ناچار بە فرۆستنی هێزی کاری بێت”] وەك یەکەیەکی هاوئاهەنگ و یەکدەست و سەراپا هوشیار و شۆڕشخواز و هاوپشتیگەر و هاریکار و هەرەوەز و دژە-دەسەڵات و دژە-سەرمایەداریی و دژە-سەرکوت و دژە-نایەکسانی و دژە-چەوساونەوە، تێڕوانینێکی ئایدیالیستییە و زۆر لەو کەتوارەوە دوورە، کە تێیدا پڕۆلیتێرەکان لەسەر بە سەروەرکردنی ڕامیاران و پارتەکان چاوی یەکدی دەردەکەن و بۆ ڕازیکردنی دڵی خاوەنکارەکەیان، پاشقول لەیەکدی دەگرن و ملی یەکدی دەشکێنن. ئەمە بێجگە لەوەی کە سەرپای سوپا و پۆلیس و ئەشکەنجەدەران و زیندانەوان و تیرۆرستان و پارت و بزووتنەوە ئایینیی و نەتەوەیی [ناسیونالیست] و ڕەگەزپەرست [سێکست] و ڕەیسیست و کۆنەپەرستەکان لە پڕۆلیتێرە ناهوشیار و خۆشباوەڕەکان پێکهاتوون و پێکدێن. چونکە ئەگەر پڕۆلیتێرەکان ئەوانە بوونایە، کە نووسەر وێنایاندەکات، ئەوا نە سەرمایەداری دەیتوانی ببێتە قوناخێکی گەشەکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی و نە خودی پڕۆلیتێرەکان ڕەدووی فاشیزم و نازیزم دەکەوتن و نە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ ئاوا بەئاسانی لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە بزووتنەوەکانیان؛ کۆمیتەی کارخانەکان و شوراکان و ڕاپەرینەوەکانیان، تێکدەشکێندران! ڕاستە کەتوار پێچەوانەی ئارەزوو و خەونی ئێمەیە و بۆ ئێمە خوازراو نییە، بەڵام ناچارین لەبەرچاویبگرین و بەو جۆرە مامەڵەی لەتەکدا بکەین، کە هەیە، نەك بەو جۆرەی کە ئارەزووی دەکەین و لە خەیاڵی خۆماندا ئافراندوومانە، هەر ئەم هۆکارەشە، کە بەرەو خۆبیرکردنەوە و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردن دنەماندەبات و پارتایەتی و سیستەمی ڕامیاریی و پێشڕەوبازیی کۆمونیستەکان وەك دژە-شۆڕش لەبەردەمماندا بەرجەستەدەکات!
” ئهوتا له پرۆسیسێكی دووسهد ساڵهدا ، واته له شۆڕشی فهرهنسییهوه تا ئێستا ، جیهانی سهرمایهداری لهسهر بناغهی ڕیفۆرم و دیموكراسییهت گهشه ئهكات و پرۆلیتاریاش ههموو مافێكی دراوهتێ تهنیا بۆئهوهی مافی شۆڕشی لێبسهندرێتهوه … “
شۆڕش یا نییە یا جیهانییە و هیچ شوناسێك وەرناگرێت. “شۆڕشی فەرەنسی” واتای چییە و جیاوازی لەتەك شۆڕشەکانی دیکدا چییە ؟ ئەگەر جیاوازی هەیە، چییە و لە کوێیدایە ؟ ئەگەر جیاوازی نییە، ئەدی بۆچی شوناسی بۆ دیاریدەکرێت. پاشان “شۆڕش” ڕاپەڕین و یاخیبوونێکی ساتەکی نییە، تاکو ساڵ و شوێن و قۆناخێکی بۆ دیاربکەین. شۆڕش پرۆسێسێکی مێژوویییە و لەوەتەوەی ژیان هەیە، مرۆڤایەتی لە شۆڕشدایە؛ شۆڕش لە ژیاندا و شۆڕش لە بەرانبەر ڕێکخستنی چینایەتی و شۆڕش لە بەرانبەر هێزە کۆنەپارێزەکان، هەر ئاوا بڕیاریش نییە، پاش کۆتاییهاتنی کۆمەڵگەی چینایەتی، ئیدی شۆڕش بوەستێت، چونکە وەستانی شۆڕش دەکاتە وەستانی مێژوو و وەستانی مێژووش دەکاتە کۆتایی ژیان لەسەر گۆی زەوی [لێرەدا تەنیا مەبەست لە ژیان لەسەر گۆی زەویی و کۆمەڵگەی چینایەتی لێرە و شۆڕش بەو دەرکەی لەم ساتەدا هەمانە] .
من لەو بڕوایەدانیم، کە جیهانی سەرمایەداری لەسەر بنەمای “ڕیفۆرم و دێمۆکراسی” بەو واتا گشتگیرەی نووسەر، گەشەبکات. چونکە وەك پێشتر گوتم، هەموو ڕیفۆمەکان یەکسان نین و میکانیزمی ڕێکخستنی سیستەمی سەرمایەداریش، دێمۆکراسیی نییە و هەر شتێکێش سەروەران پاگەندەی بکەن، ناکاتە ئەوەی کە ڕاستدەکەن و هەر ئەوەیە کە ئەوان خوازیارن وابێت و پاگەندەی دەکەن!
با لەم بارەوە بە چەند نموونەیەك پرسیاربکەین: زیندانەوانەکان خۆیان بە پارێزەری جەماوەری ژێردەست و خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن، ئایا دەتوانین ڕەوایەتی و دروستی بەمە بدەین؟ پارتەکان و ڕامیاران لە دەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆربەی داخوازییەکانی ژێردەستان بەرزدەکەنەوە، ئایا ئەمە دەتوانێت بەواتای دژە-شۆڕشبوونی ئەو داخوازییانە بێت [ینک لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢دا دروشمی ٣٥ سات کاری هەفتانەی بەرزکردەوە!] ؟ بۆلشەڤیکەکان، مائوئیستەکان، …تد لەژێر ناوی پڕۆلیتاریادا هەموو ناڕەزایەتییەکی پڕۆلیتیرییان سەرکوت و کوشتوبڕکرد، ئایا دەتوانین بڵێین، ئەو سەرکوت و کوشتوبرانە بەشێكن لە شۆڕش و درێژەی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و شۆڕش بوون؟
دێمۆکراسی وەك چەمك و واتای بنەڕەتیی، واتە خۆفەڕمانڕەوایەتی گەلیی، (گەل)یش واتە زۆرینەی کۆمەڵگە. ئایا لە هیچ سەردەمێکی کۆمەڵگەی چینایەتییدا زۆرینە توانیوویانە لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا بەشداربن؟ ئایا تەنانەت ئەو تاکە گەلییانەش، کە دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، ئایا هیچ کاراییان لەسەر بڕیاری هەڵبژڕدراوان و دەسەڵاتدارانی نوێ هەیە؟ ئیدی چۆن دەتوانین پاگەندەی ئەوە بکەین، کە سیستەمی سەرمایەداریی، سیستەمێکی دێمۆکراسییە؟ ئایا دێمۆکراسی بەواتای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لەنێوان پارتەکان و ڕامیاراندا؟ ئایا پارلەمان [نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆ] لە هیچ بڕیاردانێکدا لەسەر پرس و کار و بارێکی کۆمەڵایەتیی، پەیوەندی بە گەل و بە دەنگدەرانییەوە هەیە ؟
وێڕای “نا”بوونی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، ئەگەر هەموو وەڵامەکانیش “ئەرێ” بن، دیسانەوە ناتوانین و ناکرێت دێمۆکراسی وەك گشتێك ڕەتبکەینەوە، چونکە دێمۆکراسی هەر لە یۆنانی کۆنەوە، دوو شێواز و ڕێچکەی لە خۆگرتووە؛ خۆبەڕێوەبەرایەتی شارە ئازادەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ پشت بەستوو بە بڕیاردان و جێبەجێژکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەشدارانەوە] ؛ پارلەمانتاریزم، سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی شارە ژێردەستەکانی ئیمپراتۆرەکان [وەك ئەوەی کە لەم ڕۆژگارەشدا هەیە]!
ئایا لە هیچ سەردەمێکی دێمۆکراسی پارلەمانیدا بەو جۆرەی کە نووسەر دەخوازێت وێنایبکات، پڕۆلیتێرەکان هەموو مافێکیان دراوەتێ؟ بۆ نموونە ئایا دەتوانن هەر کات ویستیان کۆنتراکتی کارەکەیان بوەستێنن و بڕۆن؟ ئایا مافی دیاریکردنی کرێی کارەکەی خۆیانیان هەیە، هەروا کە تەماتەفرۆشێك و سەرمایەدارێك نرخ لەسەر تەمامەتەکی، کاڵاکەی دادەنێت؟ ئایا کرێکار مافی بڕیاردانی لەسەر چۆنیەتی کارکردن و شێوازی کارکردن و کات و ماوەی کارکردن و چۆنیەتی بەرهەمهێنان و ..تد هەیە؟ ئایا هیچ کەس مافی ئەوەی هەیە، کە لە دەرەوە و پێچەوانەی دەسەڵاتی سەروەران [دەوڵەتمەندان، فەرمانداریی و دەوڵەت] بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیان و نیشتەجێبوون و کارکردنی بدات؟ ئیدی ئەو هەمووە مافانە کامانەن، کە نووسەر لەبارەیانەوە دەدوێت ؟
پاشان، شۆڕش ماف نییە، تاکو کەسێك بیدات یا بتوانێت لە پڕۆلیتێرەکانی بسێنێتەوە! هەر لە کۆنەوە گوتوویانە “ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت/ دەسەپێنرێت”. ئەگەر تێڕوانینی نووسەر لەمەڕ ماف و پێبەخشینی دروستبێت، ئەوا ئاوا کە ماف بەخشیشی سەروەران بێت، دەتوانرێت بسەندرێتەوە. بەڵام پێچەوانەی تێگەییشتنی حەزۆکیانەی نووسەر، نە ماف دەدرێت و نە شۆڕشیش مافە! شۆڕش ڕەوتی بەرەنگاریی مرۆڤە لەتەك هەر بوون و دەروبەرێك کە ڕێگە لە ئازادی و ئارەزوو و ئاسوودەیی ژیان و لە ویست و خواستی دەگرێت؛ شۆڕش پراکتیك و کارکردنی خودهوشیارانەی ئەوانەیە، کە دەخوازن سیستەم و سەروەریی کۆمەڵگەی چینایەتی لەنێوبەرن و بە خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی [سۆشیالیستی / ئەنارکی] بنیاتبنێن، ئەگەر نا ئەو کاریکاتێرە لە “شۆڕش”، کە وەك ماف سەروەران بیدەن و بیسەننەوە، تەنیا لە ئایدیۆلۆجیای دیتێرمینیستیدا بوونی هەیە، کە نووسەر لە سەراپای نووسینەکەیدا پێداگریی لەسەر دەکات و وەك گۆچانە جادوویەکەی موسا، ئەستەمەکان دەکات بە نائەستەم!
” ئهوهی سهرمایهداری له ڕیفۆرمی كۆمهڵایهتی دهستی كهوتووه ، ئهوه بهرلهههرچی چارهسهری نهخۆشییهكانی و بههێزكردنی دهسهڵاتی بهسهر كۆمهڵدا و پتهوكردنی ڕگهزهكانی سهروهرێتی چینایهتی بووه ، واته سوپا و ئهمن و پۆلیس و دین و قوتبخانه و بیركراسییهت ….”
لێرەدا چەمك و واتای ڕیفۆرم زۆر بەگشتی خراوەتەڕوو و لە تێگەییشتنە چینایەتییەكان داماڵڕاوە. ڕیفۆرم بەواتای داڕشتنەوە یا گۆڕینی فۆرمی شتێك، لەبەرئەوە تێگەییشتنەكان لەم چەمكە بنەمایەكی چینایەتی لەخۆدەگرن. ھەروەھا ئەگەر تەنانەت ھەر بەواتا گشتیی و باوەكەی كە بە ھەڵە بۆ چاكسازیی بەكاردەبرێت، وەریبگرین، ئەوا ئەوەی بۆ خاوەنكارێك چاكسازییە، بۆ بەكرێگیراوێك بەواتای خراپسازیی دێت، بۆ نموونە ڕیفۆرم لە ماوەی كاردا، ئەگەر زیادبكرێت، بە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت و ئەگەر بە ھەمان بڕی گشت كرێوە كەمبكرێتەوە، واتە ھیچ لە مووچەی ڕۆژانە و ھەفتانە و مانگانە و ساڵانە كەمنەكرێتەوە، ئەوا بە قازانجی كرێكار تەواودەبێت، ڕوودانی ڕیفۆرمەكە بە بارێكدا پەیوەندی بە ئامادەیی ھێز و فشارە چینایەتیی لایەكەوە پەیوەستە، ئەگەر كرێكار یەكگرتووبێت، ئەوا سەركەوتن بۆ ئەو دەبێت و ڕیفۆرم لە قازانجی ئەو تەواودەبێت، بەڵام ئەگەر خۆشباوەڕ و ناھوشیار پرشوبڵاوبێت، ئەوا لە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت.
ڕیفۆمی كۆمەڵایەتییش لەسەر ھەمان بنچینە ڕوودات و ملكەچی ھاوسەنگی ھێز ھوشیاریی و ئامادەیی بەرە دژەكانە. ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتیی بە قازانجی سەرمایەداریی، واتە ڕامیارییكردن و گۆڕینی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە پەیوەندی ڕامیاریی و ڕێكخستنیان لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی، كە خۆبەخۆ بە ھەڵوەشاندنەوەی ھەروەرزیی و ھاوپشتی كۆمەڵایەتیی كۆتاییدێت [لێرەدا زۆر لەسەر ئەو گۆڕینە و چۆنیەتی كاركردنی ناڕۆم، لەبەرئەوەی وەك بابەتێكی سەربەخۆ لە ھەلێكدا لەسەری كاردەكەم].
ھەر لەبەرئەوە، شتێك بەناوی ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتی لە دژی شۆڕش بوونی نییە و تەنیا دەتوانین قسە لە گێڕانەوەی باری كۆمەڵایەتیی پەیوەندییەكان بكەین، واتە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ڕامیارییكراوەكان و لەنێوبردنی سەروەریی پارێزەرانی، كە خودی یا سەراپای پەیام و ئامانجی شۆڕشی كۆمەڵایەتی پێكدەھێنێت! ئەگەر مەبەست لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی، مسۆگەریی و دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکان] بێت، ئەوا بۆچوونێکی ئاوا، کە ئەو کۆمەکە کۆمەڵایەتییانە بە بەخشیش و بەخشندەیی ڕامیاران و دەوڵەت و سەرمایەداران بزانێت، لە شیرینکردن و جوانککردنی ڕوخساری دزێوی سیستەمی چینایەتی لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە لە شاردنەوە و نکۆڵیکردن لە خەباتی بێوچانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی لە سەدەکانی ڕابوردوودا بۆ ئەو دەستکەوتانە، زیاتر نییە! وەك زانراوە و دەزانین و کەتواری ڕووداوەکانی ڕابوردوو و ئێستاش هەر ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانە [کۆمەکی کۆمەڵایەتی]، کە ڕۆژانە ئیدئۆلۆگەکانی نیئۆلیبرالیزم کار لەسەر هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیان دەکەن، بەرهەمی چەند سەدە خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانە، نەك بەخشندەیی یا پلانی سەرمایەداری !
لەبەر ڕۆشنایی ئەو بیرۆكانەی سەرەوە، سەرمایەداریی تەنیا لە ھەڵوەشاندنەوەی نەك شێوەگۆڕینی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدا دەستكەوتی ھەبووە. دەكرێت ئێمە قسە لە ڕیفۆرمی پەیوەندی نائازاد و ھەرەوەزیی خێڵەكییانە بە پەیوەندی ئازادی تاك و ھەوەرزیی ھوشیارانە، بكەین [ئەمەش بابەتێكی دیكە و لە ھەلێكی گونجاودا كاری لەسەر دەكەم]، چونكە ئەوە گۆڕینی شێوەیەكی پەیوەندی كۆمەڵایەتییە و لە ھەر دوو بارەكەدا كۆمەڵێك توخمی وەك تاك و ھەرەوەزیی بوونیان ھەیە، بەڵام لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە سیستەم و پەیوەندی ڕامیاریی، بەواتای گۆڕینی شێوە نایێت، بەڵكو لەنێوبردنیەتی. ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، گێڕانەوەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ئازادی تاك، نە بە گەڕانەوە بۆ پێكھاتەی خێڵایەتی و نە بە ڕیفۆرمی سیستەمی ڕامیاریی، ناكرێت.
ھەروەھا بەكاربردنی دەستەواژەی ” ڕگهزهكانی سهروهرێتی چینایهتی … واته سوپا و ئهمن و پۆلیس و دین و قوتبخانه و بیركراسییهت …. ” نادروستە و ئەو پێكھاتانە ئامرازن نەك ڕەگەز و ھیچ ڕەگەزێك [نە نێر و نە مێ] وەرناگرن. دەزانم كە زۆرێك لە نووسەرانی كورد لە ڕەخنەی زمانەوانی ھەراسان و زویردەبن، بەڵام بە بۆچوونی من زمانی نادروست، ھزری نادروست بەرھەمدەھێنێت. لەبەرئەوە ناتوانم بە ئاسانی و نادەربەستانە بەلای ھەڵە و نادروستییە زمانەوانییەكاندا گوزەربكەم.
” جگه لهوهش گهشهی كاپیتالیزم و بڵاوبونهوهی ژیانی شارستانییهت هیچنییه جگه له پرۆسیسێكی مێژوویی بۆ دابڕانی مرۆڤ له مرۆڤ و داماڵینی مرۆڤ له ههموو ماهییهتێكی ئینسانی و كردنی به گیانلهبهرێكی خۆویست ، واته داماڵینی مرۆڤ له نهوعه ئینسانییهكهی و دوورخستنهوهی مرۆڤایهتی له ژیانی كۆمۆنهیی . “
بەداخەوە لەم دەستەواژانەدا من تێناگەم شارستانی بە چ واتایەك بەكاربراوە، ئایا مەبەست لە سڤیلبوون [كە لە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی جەنگەلییەوە بۆ بوونەوەرێكی ناجەنگەڵیی] یا مەبەست لە شارنشینییە، ئەگەر مەبەست یەكەمیان بێت، من بە نادروستی دەزانم، چونكە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی ناھوشیار و كەمدەركەوە بۆ بوونەوەرێكی بەرھەمھێنەر و ھوشیار و بە ئاوەز، پێشكەوتنێكی پۆزەتیڤە و ئەگەر ئەو گۆڕانە نەبووایە، ھیچ كام لە ئێمە ئەم دەركەی ئێستای لەلا دروستنەدەبوو. ھەروەھا ڕوونەدانی ناتوانێت مسۆگەركەریی نەبوونی دڕندەیی و زۆردارییبێت، بێجگە لەمەش من ئەو بۆچوونەم ھەیە، ھەر ئاوا كە لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا پێكھاتەی ھەرەوەزیی و ناچینایەتی ھەبووە، ھەر ئاواش لە بەرەبەیانی ژیانی مرۆڤەوە دڕندەیی مرۆڤ و پێكھاتەی چینایەتی ھەبوون، كۆمونەی سەرەتایی لە سەرتاسەریی گۆی زەویدا وەك یەك، لە ھەموو جێیەك ئامادە، تەنیا خەیاڵێكی ئایدیالیستانەی ماركسیستییە، هەروەك هێندێك مارکسیست مژدەی ڕاپەڕینی “شۆڕشی” یەك -دەمەی جیهانی دەدەن و بەو پووچگەراییە لە تێکۆشان و چالاکی ئەم ساتە دوورماندەخەنەوە و وابەستەی بەڵێنەکانی سەرخەرمانمان دەکەن !
بەڵام ئەگەر بەواتای شارنشینیی بەكاربرابێت، ئەوا پێش شارنشینی و سەرھەڵدانی شارە پیشەسازییەكان [كە دەكرێت تەنیا واتای دروستی شارستانی بێیت نەك سڤیلییبوون]، لە گوند و ئەشكەوتەكانیشدا ڕەگیزە و بنەمای پێكھاتەی چینایەتی لەنێو خێڵەكاندا ھەبووە. كەواتە بەگوێرەی ھوشیاربوونەوەی خەریكە شتێك بەدەستدەھێنێت و بەدەستدەھێنتەوە [بەدستھێنان بەو واتایەی ئەوانەی ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای خێلەكی ژیاون، بەگوێرەی ھوشیاربوونەوە خەریكن بەدەستیدەھێنن، بەدەستھێنانەوەش بەو واتایەی ئەوانەی كە پێكھاتەی خیلەكییان نەبووە و لەلایەن ئەوانەی كە خێڵەكیبوون مرۆڤایەتییان لەنێوبراوە،خەریكن بەدەستیدەھێننەوە].
نموونەیەكی ئامادە لە ژیانی ئێمەدا، لەم بارەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تاكە خێڵەكییەكان لە سایەی چەكداریی بەكۆمەڵ و خێڵەكییانەی خێڵەكەیانەوە، بە سووكایەتیپێكردن و ستەملێكردن و ئەتككردن، تاكە ناخێڵەكییەكانیان ناچار بە ھەڵگرتنی چەكی ڕژێمی بەعس و خۆڕێكخستن لە شێوەیەكی خێلەكییدا بۆ بەرگرتن بە چەكدارانی خێڵ، دەکرد. لەم كاتەدا ئەگەر ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانی تاكی ھەردوو بەرەبێت، ئەوا دەبێت بەم جۆرە دەرببڕدرێت، كە تاكە خیڵەكییەكان خۆیان لە پەیوەندییە خێڵەكییەكان ڕزگاردەكەن و تاكە ناخێڵەكییە ناچاركراوەكان دەگەڕێنەوە سەر بوونە ناخێڵەكییەكەیان. بەم نموونە دەمەوێت بڵێم، كە ھەمووان خێڵەكی نەبوون و ھەمووانیش كۆمونەیی نەژیاون و قۆناخێكی گشتگیر و سەرتاسەریی بەناوی كۆمونەی سەرەتایی بوونی نییە. دەكرێت ھەندێك لە پێكھاتە كۆمەڵایەتییەكان بەگوێرەی پێشینەیان لە ڕەوتی ئەم ڕۆژگارەدا خەریكی چوون بەرەو مرۆڤبوون بن و ئەوانی دیكە خەریكی گەڕانەوە بۆ سەر مرۆڤایەتی لەنێوبراویان بن.
بەکورتی، نە مرۆڤ ڕۆبۆتی مێژوویەکی پێشتر ئامادەکراو و نووسراوەیە و نە مێژووش لە دەرەوەی ویستی [ئیرادەی] مرۆڤەکانەوە بوونی هەیە! هەروەها لە سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا نە ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی هەیە، نە یەکسانی ئابووریی و دەسەڵاتیی و نە سەربەخۆیی تاك و کۆمەڵ! بیچگە لەوەش، وێناکردنی دەستەکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە بەخشندەیی و پێداویستیی سیستەمی چینایەتی، بێجگە لە پووچگەرایی ئایدیۆلۆجی هیچی دیکە نییە و ئەرکی وەها تێڕوانینێك بەخۆی بزانێت یا نا، تەنیا جوانکردنی ڕوخساری سیستەمی چینایەتی و ڕەوایەتییدانە بە هێرشە جیهانییەکانی بۆ سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لە دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بەملاوە، هەموومان بینەری یەك ڕاستی جیهانین، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [سۆشیال] و لێسەندنەوەی دەستکەوتەکان و یاساکانی کارە! ئەگەر ئەو دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی چەند سەدەی نین و کۆمەڵێك ڕیفۆمن و خودی پارتەکان و پارلەمانتاران لە بەرژەوەندی سیستەمی ئابووریی و ڕامیاریی سەرمایەداریی کردوویانن، ئەدی بۆ لەم ڕۆژگارەدا دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان لە هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیاندا پێشبڕکێ دەکەن و کاتێك لە سایەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپا وەها هێرشێك سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، شایی و لۆغانی دەوڵەتە پاشکۆکانیان و سەرمایەداران لە ئەفریکا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین و ئەوروپای خۆرهەڵاتیی دەستپێدەکات ؟ ئەگەر دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی ژێردەستان نین، بۆچی لە هەڵوەشاندنەوەیاندا ژێردەستان کاردانەوە نیشاندەدەن و ناخوازن لەدەستییانبدەن ؟
************************************
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596
* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنەوەی ئەم دواکەت.
** “…” دانانی نیشانەی گێڕانەوەی قسە لە پێش و پاشی بەشە وەرگیراوەكان، لە منەوەیە و بە مەبەستی جیاكردنەوەی دەقە ڕەخنەلێگیراوەكانە لە بۆچوونەكانی خۆم، چونكە لە ‘فەیسبووك’دا ھێڵبەژێرداھێنان و ڕەنگكردنی نووسین لەبارنییە و ھەروەھا زۆرێك لە سایتەكان و گۆڤار و ڕۆژنامەكان، ھێڵ و ڕەنگی دەقی دیاریكراو لادەدەن و ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی خوێنەر لە جیاكردنەوەی ڕەخنەلێگیراو و ڕەخنەگردا.
*** من لێرەدا ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە بۆچوونەکانی نووسەر دەگرم، لەوانەیە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەشبن لە بۆچوونەکانی کارل مارکس، بەڵام لەبەرئەوەی کە من ئەو سەرچاوانەم نەخوێندوونەتەوە، نووسەر لەوە بەرپرسە کە ئایا مارکس ئاوادەبێژێت یا نا.
ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی
ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی
زاهیر باهیر- سلێمانی
٢٠/٠٥/٢٠١٤
بەشی پێنجەم:
حەوتەم : ” من کچەکەم بەناوی هەڵەبجەوە ناونا و بەڵام نەمزانی هەڵەبجەییەك دێت و دەیکوژێت”
یەکێک لەسەردانەکانمان ، سەردانی ” ناوەندی ڕۆژاوا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجیانە” بوو کە مامۆستا طەها خەلیل هاوسەرۆکی مەڵبەندەکەیە . لەم ناوەندەدا کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو نوسەری دیکەشی لێیە کە هەندێکیان لە دەرکردنی گۆڤارێك بەناوی ” دراسات کردیە” خەریکن. دیارە ئەم ناوەندانە هەمیشە دەبێتە چەقی لێدوان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، بە تایبەتیش کە هەردولامان ، واتە من و برادەرەکەم و ئەوانیش دوو لایەنی نەناس بە یەکدی بوین کە هەردولامان تامەزرۆی گفتوگۆی دووورو درێژو جددی لەسەر زۆر کێشە بوین بۆیە بێدەنگی لە چەند چرکەیەك زیاتری ، نەخایاند.
مامۆستا ‘طەها’ ی نوسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر کە ماوەیەك بوو لە سویسراوە بە ماڵ و منداڵەوە ، بە دڵسۆزی و گوڕوتینێکی یەکجار زۆرەوە، گەڕابووەوە و خۆی و ‘هەڵەبجەی’ کچی خۆبەخشانە ، لێبڕاوانە وەکو گەلێکی دیکەی نێو ئەو کۆمەڵگەیە کاریان بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نوێیەی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، دەکرد. مامۆستا طەها کە تەمەنی لە چلەکاند بوو ، قژێکی ماش و برنج، دڵێکی گەروەو فراوان، مێشکێکی پڕ لە مەعریفەو ئایدیا، کە کاتێک دەکەوتە قسەکردن و لێدوانەوە زۆر بە قوڵی و پڕ لە حەسرەتەوە قسەی لەسەر کێشەکان لە هەموو ڕویەکەوە: لەسەر ڕۆڵی پەیەدە و تەڤدەم و هێزە سەربازییەکان بە هێزی ئاسایشیشەوە، دەکرد. ئەو مرۆڤێکی بەتاڵ نەبوو لە زانیاری و ئەزموونی شەخسیش، هەر بۆیە کە دەهاتە قسە لەسەر هەر لایەنێکی ئەم ڕوداوە، شۆڕشی ڕۆژاوا، بە قوڵی و وردی بۆی دەچوو.
بۆچونەکانی ئەو سەبارەت بە ئێستاو داهاتووی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، هەر لە ڕوە گەشبینییەکەیەوە، نەبوو، بەڵکو لایەنی نەرێیی و کەموکوڕییەکانیشی ڕەچاو دەکرد. ئەو چجای ئەوەی کە کەموکوڕی لەو ڕووداو و ئەزموونەدا دەبینی ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وابووکە دەبێت کاری تەواو بۆ سەرکەوتنی ئەم تەجروبەیە بکرێت، هاوکاتش دەیگوت کە لە کۆتاییدا بارودۆخەکە بە هەر بارێکدا بشکێتەوە شەڕی نێوانی کوردان و ڕژێم شتێکی حەتمییەو ناتوانرێت لێی دەرباز ببین.
ئەو کاتێک کە لە دووژمنانی پرسی میللەتانی ڕۆژاوای کوردستان دەدوا، پەنجەی بۆ هاوکێشەو سەنگی هێزەکانیش لە بەرامبەر دووژمنیشدا، ڕەدەکێشا، باسی لە کەموکوڕییەکانی هێزە کوردییەکان ، ئەوانەی کە ئیدارەی خۆجێیان دروستکردووەو ئەوانەشی وەکو موعارەزەش کە لە دەرەوەی ئەو ئیدارەیەن، دەکرد .
مامۆستا طە ئەو ڕاستییەی دەزانی کە هەڵوێستی ڕژێم و لەشکری ئازاد و بەرەی نوسرە و داعش و ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی دیکە لەسەر پرسی کورد ، هەڵوێستێکی باشیان نییە ، کە لەناو ئەم هێزانەشدا داعش دووژمنێکی سەرسەختی کوردە، بەڵام هەرگیز نە بیری لەوەکردبووەو نە چاوەڕوانی ئەوەشی دەکرد، کە لەناو ئەو هێزە دڕندەدا، کوردی تیابێت و قوربانی بە ژیانی خۆی لە کوشتنی کوردانی ڕۆژاوادا، بدا، ئەمە چچای ئەوەی کە کوردانێکی هەڵەبجەییش هەبن و هاوکاری کەسانێک بکەن کە بێن لە ١١/٠٣/٢٠١٤ لە ئاهەنگێکدا کە لە دائیرەی شارەوانی و ئیدارەی محەلی لە شاری قامیشلۆ، گێڕرابوو، ئاهەنگگێڕان بدەنە بەر نارنجۆك و دواتریش خۆیان بتەقێننەوە و ١٠ کەس بکەنە قوربانی هێڕشە دڕندانەکەیان، کە لە ناویاندا کچە ٢٣ ساڵە دووگیانەکەی ئەو “هەڵەبجە” بوو کە ماوەیەکی کەمبوو هاوسەرگیریی کردبوو.
سەختە یەکجار سەختە دایك و باوك بتوانن وێنەو سیمای ساتی تیاچوونی منداڵەکانیان، لەبەرچاو ونکەن ، یادو بیرەوەرییەکانی ژیانیان، لە یاد بکەن… لەگەڵ هەموو جارێك بینینی شوێنی ڕووداوەکە، لەگەڵ هاتنی ڕۆژی کارەساتەکە ، جارێکی دیکە گەرمە شینیان، دەستپێنەکاتەوە و یادی لەدەستدانی منداڵەکانیان، فەرامۆشنەکەن ….ئەم دیمەنانە، ئەم یادوەریانە بە بەردەوامی، بە درێژایی تەمەنیان دووبارە دەبنەوە…هەمیشەش دڵی برینداری دایکان و باوکانی قوربانییەکان، دەکولێننەوە.
ئاسانیش نەبوو بۆ کەسێکی وەکو ئێمەی باوك لە کاتێکیشدا کە شوێنی قوربانییەکانمان،دیتبوو، لەگەڵ بینینی هەموو جارێکی مامۆستا طەها-دا، لە ناخەوە وەکو باوکێك لە خەمی ئەو بێبەش بووبێتین ، لە قوڵایی دڵەوە بۆی نەگریابیتین.
شەهید، شەهیدبوون، مەڵبەندی خێزانی شەهیدان، لیژنەی خانەوادەی شەهیدان، گۆڕستانی بە کۆمەڵی شەهیدان، خێمەی پرسەی شەهیدان، کە نە قورئان و نەفاتیحای تیادا ناخوێنریت…. ئەم وشانە، دەستەواژانە، ڕۆژانە دەیەها جار بەرگوێمان، دەکەوتن، ئێمەش لە دیدەنی هەر شار و شارۆچکەو گوندێکماندا، دەبوایە دێنی مەڵبەندی شەهیدان و گۆڕستانی شەهیدانیشمان ، بکردایە. شەهید و شەهیدبوون، لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا شوێن و پێگەیەگی تایبەتی خۆی هەیە، خاڵێکی ناوکۆیی نێوانیانە، پەیوەندییەکی تایبەتیشی لە نێوان سەرجەمی باوکان و دایکان و کەسوکاری شەهیداندا دروستکردووە و ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی نێوانیان سەنگی قورسی ئازارەکانیانی، کەمکردۆتەوە، زامی قوڵی دڵی دایك و باوکانی ، تا ڕادەیەك ساڕێژ کردوە. خودی خانەوادەی شەهیدانیش، وەکو خانەوادەیەکی دیار و تایبەت و شکۆمەند، دەردەکەون.
ئەوان شکۆمەندی شەهیدان و ڕێز لێگرتنیان لەبەر ئەو ئاسایش و ئازادییەی کە بە خوێنی تێکڕای ئەوان، هەمووان، بەدەستهێنراوە، هەر لەبەر ئەوەش نە شەهیدی سەرکردە هەیەو نە شەهیدی بنکردە، شەهیدێك نییە کە فەزڵی بەسەر ئەوانی دیکەیاندا هەبێت، شەهیدێك نییە کە پاداشت و یارمەتییەکی زیاتری لەوی دیکەیانیبێت یاخوود گۆڕێکی ڕازاوەتری هەبێت.
تێگەیشتن لە پێگەو جێگەی شەهید و ڕێز لە خانەوادەی شەهیدان زەحمەت نییە کە لە کاتێکدا دەبینین کورد لە ڕۆژاوادا لە هاووڵاتی پلە سێوە، بووبێتە پلەی یەکەم، خاك و خانووبەرە و بینای بە پێوە مابێت، ئازادی و ئاسایش بەرقەرار بێت، جورێک لە ژیان دەستەبەر، کرابێت. ئاخر چۆن بتوانرێت لە یاد بکرێن لە کاتێکدا تەنها ئەوانەی کە لەوێ دەژین ئەوانەشی سەردانی شوێنی شەڕو و بەیەکادانەکان، دەکەن، دەزانن لە پاککرنەوەی هێزە درندەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرە چ جەنگێکی پاڵەوانانەیان کردووە.
لەسەردانی شاری ‘سەرێکانی’ کە کۆڵانێکی تیادا نەماوەتەوە کە بە گولە نەبێژرابێت، بە هاوەن و و زرێپۆش ماڵێک یا چەند ماڵێکی تیادا، کاول نەکرابێت. لەو شارەدا، لە بەرگریکردن لەم شارە لە بەرامبەر زیاد لە ٧٠٠٠ لە سوپای ئازاد و داعش و بەرەی نوسرە و ئەوانی دیکەیان لە تەنها ٢ هەفتەدا بە ٤٥٠ جەنگاوەری هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش ئەو شەڕی دەستەیەخەیەی کە لەوێداکراوە کە تیایدا دیوار لە بەرامبەر(مواجەی) هێزەکانی دووژمندا، لە دەیەها ماڵدا کونکراوە تاکو مەتر بە مەتر بەریان پێهەڵچنن و بیانشکێنن، نازانم چەند جار لە مێژوی نوێی سوریادا ڕویدابێت ئەو لەشکرە گەورەو خاوەن نوێترین چەكە، بۆ جارێکی دیکە ببەزێننرێن و بە دەیەها جەنازەش لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، کە لە نێوانیاندا چەند گەنجێکیان هەڵەبجەییی بوون. لەم شەڕەدا ئەمان خاوەنی ٥٣ شەهید و لە وانیش کەسێك ناتوانێت ، هەژمارەی کوژراوانیان، بکات. جەنگی ‘سەرێکانی’ یەکێك بووە لە هەرە سەختترین و درێژخایەنەکانی نێوانی ئەوان و دووژمنانیان کە ژمارەی قوربانییەکانیان گەلێك بووە.
درێژەی هەیە
ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ * / ١
ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *
هەژێن
٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣
بەشی یەکەم
ئەوە چەند جارێكە لێرە و لەوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتار و سەرنجگەلێك لەمەر ” ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی” بەرچاودەكەون، كە ئەگەر خوێنەر بنەمایەكی بۆ تێگەییشتن و خوێندنەوەیەكی بۆ مێژووی واژەكان و ململانێكانی كۆمەڵگە لەو پێناوەدا نەبێت، ئەوا بەو سەرەنجامە دەگات، كە بۆ ڕزگاربوون لە كۆیلەتی چینایەتی، ناچار بە دژایەتی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی دەبێت و بێجگە لە بەرزكردنەوەی ئاڵای دیكتاتۆری پارت و گروپێكی ڕامیاریی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ناتوانێت داھاتوویەكی ھیوابەخشی ھەبێت. ھەڵبەتە ئەمە بۆ خراپتێگەییشتنی یا ناھوشیاریی خوێنەر ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ سەرەتاتكێی شەرمنۆكانەی دەستەبژێرێك دەگەرێتەوە، كە لەو بڕوایەدایە لە سایەی ڕابەرایەتی خۆی و جێگەوتەبوونی بیرۆكە ئایینزاكانیدا، كۆمەڵگەی چینایەتی لەنێودەچێت و مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت !
بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئەو خراپتێگەییشتنانە، ھەوڵدەدەم ئەم بابەتە ” ئازادی و یهكسانی!“، كە ناوی نووسەرەكەی دیارینەكراوە و لە ڕووپەڕی ھاوەڵێكی ‘فەیسبووكئاوا’ وەرمگرتووە و بەستەری بابەتەكە لە كۆتایی ئەم ڕەخناندنەدا دانراوە. ھەڵبەتە دڵخۆشم بەوەی كە ناوی نووسەر نازانم و ناشیناسم، تاوەكو شێوازی ڕەخنەم باری بەرانبەرکێی كەسیی بەخۆییەوە نەگرێت و ڕەخنەلێگیراویش ھەست بە پەلاماردراویی نەكات و وەڵامەكان بارێكی گشتی وەربگرن. ھەروەھا نەگوتراو نەمێنێتەوە، من ھیچ كێشەیەكم لەتەك ئەم شێوازی نووسینی نەناسراوەدا نییە و بەخۆشم ساڵانێك ھەروا لە بواری نووسین و خۆدەربڕیندا، خەریكی نووسین و ئامادەبوون بووم. تەنیا لایەنێكی نەخوازراوی ئەم شێوازە ئەوەیە، كە زۆر جار نووسەران بۆ سەپاندنی بۆچوونەكانیان، پەنا بۆ دەستەواژەی “ئێمە” و نوێنەرایەتی پارت و چین و مرۆڤایەتی دەبەن و ئیدی ئەمە دەبێتە ھۆی لە سەرووی ڕەخنەوە وەستانی بۆچوونیان و گشتگیركردنی بڕیار و بۆچوونەكانیان، كە دواجار بە پەسەندانی دیكتاتۆریی تاك و دەستەیەك كۆتایی دێت و بە نوێنەرایەتی پڕۆلیتاریا دادەپۆشرێت.
” ئازادی و یهكسانی !
ئهوه ئهو وێنه بێگهردهیه كه كاپیتالیزم وای نیشان ئهدات دونیایهكی خهیاڵی لێپێكهێناوه . ئازادی و یهكسانی ! ئهوه ئهو شارستانییهته جوانهیه كه كۆشك و تهلاری ڕزاوه و كوخهبێئاگردانهكان ، خۆشگوزهرانی و برسێتی لهسهر زهوی ههمان كۆمهڵگا كۆئهكاتهوه . “
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم، کە “خەیاڵی” بە واتای “باڵا / ئایدیال” نییە، هەروەها بەداخەوە لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا سێ چەمك و واژەی “ئازادی” و “ڕزگاری” و “سەربەخۆیی” تێکەڵکراون، کە بەبۆچوونی من، ئازادی پەیوەندی بە خۆڕزگارکردنی تاك لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوروبەریی لە ناخی خۆیدا هەیە، ئیدی ئەو خۆڕزگارکردنە هزریی بێت [خۆراپساندن لە هەژموونی بیرکردنەوەی زاڵ و خۆبیرکردنەوە بە ئاراستەی دژەباو]، یا خۆڕزگاریی ئابووریی بێت [کاری سەربەخۆ کەسیی یا کاری هەرەوەزیی دوور لە چەوساندنەوەی دیگەران]، بەواتایەکی دیکە ئازادی بەرهەمی خۆڕزگارکردنی تاكی ژێردەستەیە لە هەژموونی دەوروبەری و لە گۆڕانی زەمینە خۆییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەپێچەانەوە “ڕزگاری” لە گۆڕانی زەمینە و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، واتە پەیوەندی کار، پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی ئەوینداریی، پەیوەندی هاوەڵێتی، پەیوەندی جڤاکی. لەبەرئەوە تا کاتێك ئەو دووانە بەیەك ئاراستە ڕەوتنەکەن، هەرگیز نابنە ئافەرێنەری شێوە پەیوەندییەکانی نوێ یا دژەباو. هەروەها بەبێ ڕزگاربوون لە وابەستەیی ئابووریی، سەربەخۆییش بەدینایێت. بۆ نموونە لە ڕاپەڕینی ئازار و ڕاپەڕینەوەی دووەمی ١٩٩١دا یەکێتی جەماوەرییانەی تاکە ژێردەستەکانی سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس توانی لەشکری ئەو ڕژێمە داگیرکارە ڕابماڵێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە پێشتر ئەو تاکانە لە لە ناخی خۆیاندا، زەمینەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرووخەڵکییان [دەوڵەت، فەرمانداریی، پارت، دەسەڵاتی ڕامیاریی] لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا، لە سیستەمی خێزانی و پەروەردە و خوێندن و کار و لە شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیاندا، لە شێوەی ژیانی خۆیاندا نەڕەخساندبوو یا بەلایەنیکەمەوە ڕەتنەکردبووەوە، زۆر بەئاسانی ملیان بە جێگرتنەوەی ئەو دەسەڵاتە سەرووخەڵکییەی ڕژێمی بەعس لەلایەن بەرەکوردستانی [نوێنەرایەتی ڕامیاریی چینی بۆرجوازی کورد] دایەوە و بەبێ گۆڕان لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا گەڕانەوە ماڵ. بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە کار بۆ ئامادەکردنی زەمینە خۆییەکانی ڕزگاریی [واتە ئازادبوونی تاك لە هەژموونی دەرەکی] بکەین، بەدڵنیاییەوە لە ڕاپەڕینێکی دیکەدا ڕزگاری لە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی ئەگەر مسۆگەریش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەمان شت ڕووناداتەوە. ئەمە گرفتی تەواوی ڕاپەڕینەکانی سەراپای مێژوو بووە [لە ڕاپەڕینی کۆیلانەوە تا ڕاپەڕینی جوتیاران و تا ڕاپەڕینەکانی سەردەمی سەرمایەداری]، کە لە نائامادەیی یا لە ئازادنەبوونی تاك لە هەژموونە دەستەمۆکەرەکان، هەردەم نادەربەستانە ئەو تاكە ملی بە سەروەریی دیگەران داوەتەوە.
هەروەها لە ڕووی ئاماژەی زمانەوانییەوە، دەتوانین بڵێین “من ئازادانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ئازادم ، ئازادم چی دەپۆشم، ئازادم چی دەخۆم”، “خۆم لە ژێردەستی ڕزگاردەکەم، لە ملدان بەو کارە خۆم ڕزگاردەکەم، لە وابەستەیی بەو کۆنتراکتە کارییە یا هاوسەرییە، کرێچییەتییە ڕزگاردەکەم “، “دەمەوێت سەربەخۆ بم، بەخۆم [سەربەخۆ] بەڕێوەرایەتی خۆم بکەم، ..تد”، بەڵام ناتوانین بڵیین “من ڕزگارانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ڕزگارم، ڕزگارم چی دەپۆشم، ڕزگارم چی دەخۆم”، هەر ئاوا پێچەوانەکەشی دروستە … هەروەها سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] تاك بەبێ ڕزگاری لە وابەستەیی ئابووریی هەگیز نایێتەدی و ڕزگاری تاکیش بەبێ ئامادەیی و ئازادئەندێشی تاك هەرگیز ڕوونادات، ئەگەر ڕووشبدات، ئەوا تاکی ڕزگارکراو، بە لەنێوچوونی بار و دۆزەکە ڕزگارکەرەکە، دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی! سەرباری ئەوەش من لە وەڵامدانەوەکانمدا بۆ ئەوەی کە خوێنەر لە جیاوازی نێوان ئاماژەی من و نووسەردا بۆ “ئازادی” تووشی سەرگێژە و سەرلێشێوان نەبێت، ئەم تێبینییە لەبەرچاوناگرم و هەمان واژە لە بەرانبەر واژەی بەکاربراودا بەکاردەبەمەوە!
لێرەدا وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەتوانێت کۆمەك بە هەنگاوەکانی داهاتوومان بکات: ئایا لەنێوان کۆیلەتی و ئازادی یا بێجگە لە باری کۆیلەتی و ئازادی، بارێکی دیکە هەیە، کە مرۆڤ تێیدا جێگیربێت یا ڕێوشوێنی خۆی تێدا دیاریبکات ؟
لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئەوە خراپتێگەییشتنە لە سەرھەڵدان و بوونی مێژوویی دروشمی “ئازادی و یەكسانی” وەك خەون و ئارەزووی چەوساوان. ناکرێت هەر لەبەرئەوەی کە سەروەران و مشەخۆران پاگەندەی بوونی “ئازادی” و “یەكسانی” لە سایەی سەروەریی چینایەتییخۆیاندا بكەن، ئیدی ئێمە وەك دژێك نەفرەت لە چەمكی “ئازادی” و “یەكسانی” و “دادپەروەریی” بكەین و هەروەها ناشتوانێت ئەوە بەڵگەی ڕاستگۆیی ئەوان بێت لە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەدا. بەڵكو پێویستە ئەو چەكە دزراوە “ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی” لە دەستی سەروەران دەربكێشینەوە و بەرەوڕوویانی بكەینەوە. بەداخەوە زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیست، لە ھەڵچوون و تووڕەییەوە، “ئازادی” لە مافی كاركردن و “یەكسانی” لە مافی سكاڵاكردنی دادگەیی و “دادپەروەریی” لە نادادوەریی سەرمایەداریدا كورتدەكەنەوە و بەم كارە تاكی چەوساوە بە بوونی “ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی” لە سایەی سەرمایەداریدا خۆشباوەڕدەكەن و بەوە ھیواداریاندەكەن، كە ئەگەری ھاتنەدی وەھا خەونێكی ئەستەم لە سایەی بەخشندەیی سەرمایەداریدا ھەیە و بەو جۆرە خزمەتێكی گەورە بە ڕەنگدانەوەی پاگەندەكانی نیئۆلیبرالیزم لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا دەكەن و ئاو بە ئاشی پارتگەلی وەك “گۆڕان/ نەوشیروانییەکان”دا دەکەن و تاکی گۆڕانخواز بە دێموجامەی “گۆڕان”ی نەوشیروانییەکان خۆشباوەڕدەکەن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتناسەوە، ئەركی چالاكانی خودھوشیار بەدرۆخستنەوەی ئەو پاگەندانەیە و نیشاندانی كەتواری ناڕاستبوونییانە، بەوەی كە نیشانیبدەین، ئەوەی دێوجامەی دێمۆكراسیی بە باڵادا بڕاوە، ئەتكردنی دێمۆكراسییە و دێمۆكراسیی بەواتای بەشداربوونی ھەمووان لە بەڕێوەبەرایەتی و یەكسانی دەسەڵاتدا دێت و ئەوەش تەنیا لە دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆدا بەدیدێت و ئەوی ئێستا لەم سەر تا ئەو سەری دونیادا ھەیە و زاڵە، تەنیا سەروەریی كەمینەیەكی سەرمایەدار و ڕامیارە و لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتی گەل “دێمۆکراسیی”دا، واتە دیكتاتۆریی چینایەتی!
” ئهوه ئهو شارستانێتییهیه ههموو ئازادییهكی كاركردنی بۆ دابینكردووین “
بەبۆچوونی من “شارستانی چینایەتی” لە ھەموو سەردەمەكانیدا تەنیا یەك شتی بەرھەمھێناوە، ئەویش نائازادانە كاركردن بووە، چونكە كۆیلە ھیچ كات ناتوانێت ئازادی كاركردنی ھەبێت، كە ھەیبوو ئەوا كەسێكی سەربەخۆ دەبێت و لە كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتیدا دەژی و كاری ئازاد، تەنیا لە كۆمەڵگەی ئازاد و لەسەر بنەمای ڕزگاربوونی ھەمووان لە كۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەكان دێتەدی. چۆن من دەتوانم ئازادبم، كاتێك كە تۆ مافی كۆیلەكردن و بەكرێگرتنی منت ھەبێت؟ كاتێك كە منیش ئازادبووم، ئەوا خۆبەخۆ تۆ توانا و مافی بەكرێگرتنی منت نییە، ھەر وەك چۆن سەرمایەدارێك توانانی ملكەچپێكردن و بەكرێگرتنی سەرمایەدارێكی دیكەی نییە، لەبەرئەوەی كە ھەردووكیان دەسەڵات و ئازادی بڕیاردانیان ھەیە! ھەروەھا ئاخۆ ئەگەر ھەمووان مافی بڕیاردانی دوور لە ناچاریی ئابووریی و فشاری یاسای ڕامیارییان ھەبێت، چەند كەس لەو كۆیلانەی نێو ئەو حەفت ملیارد مرۆڤەی كە لە ژیاندان، هوشیارانە و خۆخواستانە ئامادەن ھەمان كار و فەرمان ئەنجامبدەن و ھەڵبژێرن و کۆیلەی دیگەران بن؟ ئایا پاش وەڵاموەرگرتنەوەی ئەم پرسیارە، بیرۆكەی ئازادبوون و ئازادی كار لە سایەی سەروەریی چینایەتییدا ناچێتە خانەی پووچگەراییەوە؟
” بۆیه ئهو هێزهی ئهركی لهناوبردنی ئهم كۆمهڵگایهی گرتۆته ئهستۆ ، ئهوه ئهو هێزهیه كه دژایهتی كاپیتالیزم لهدژایهتی دیموكراسییهتدا ئهنینێ ، چونكه ئهو بهههشته خهیاڵییهی كاپیتالیزم وامان لێئهكات خهوی پێوهببینین ، “
كامە دێمۆكراسی، ئایا ئەو “هێزە” ھەموو جۆرە بەرێوەبەڕایەتییەك ڕەتدەكاتەوە؟ ئەی كۆمەڵگە بەبێ بەرێوەبەرایەتی، چۆن ڕێكدەخرێت، یا ژیانی كۆمەڵایەتی چۆن خۆی ڕادەگرێت؟
بەبۆچوونی من یەكیكردنی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرمایەداریی بە دێمۆكراسی، یا كورتكردنەوەی دێمۆكراسی لە دێمۆكراسی پارلەمانیدا، ئەوەندەی خزمەت بە مانەوەی سەرمایەداری دەكات، ھێندە دژایەتی ناكات، چونكە بڕینی گەلییبوون بە باڵای سیستەمی دەستەبژێرانەی ڕامیاراندا، بەجۆڕێك ڕەوایەتیپێدانیەتی و خۆشباوەڕكردنی چەوساوانە بە گەلییبوونی بەڕێوەبەرایەتیی كەمینەی سەرمایەدار !
” بهههشتی ئازادی و یهكسانی ، ئهوه ههر ئهم دۆزهخهیه كه ئهمڕۆ تیایا ئهژین ، دۆزهخی ئازادی و یهكسانی .“
ئایا ئەو دۆزەخەی كە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی كۆیلەكراو تێدا دەژی، بریتییە لە “ئازادی و یەكسانی” یا نەبوونی ئازادی و یەكسانی؟ من نازانم نووسەر چ پێناسەیەكی بۆ “ئازادی” و “یەكسانی” ھەیە و چ ئەڵتەرناتیڤێكی بۆ واژەكانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ھەیە و لەو كۆمەڵگە خەوناوییەدا، كە دەیھەوێت بیكاتە خەونی ئێمەی شەیدایانی ڕزگاری، پەیوەندی تاكەكان لەسەر چ بنەمایەك ڕادەوەستێت، چی جێگەی ئازادی كار و یەکسانی ئابووریی و دەسەڵات و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی دەگرێتەوە و شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان چۆن دەبێت و سیستەمێك كە ڕێكخەری پەیوەندییەكان بێت، چۆنە و چییە؟
” ئازادی هیچنیه جگه له ئازادی كۆیلهی كرێگرته له فرۆشتنی هێزی بازوویدا ، وه بناغهی سروشتی ئازادیش پێكهاتنتێكی ئازادی نێوان سهرمایهداری ئازاد و كرێكاری ئازاده له كڕین و فرۆشتنی كاردا . “
كاتێك كە كەسێك كۆیلە و كرێگرتەبێت و بێجگە لە ھێزی بازوو و ھۆشی ھیچی دیكە بۆ مانەوەی شكنەبات، ئیدی لە چیدا ئازاددەبێت و ئازادبوونی لە كوێدایە؟
بەبۆچوونی من، ئەوە تێنەگەییشتنە لە ئازادی، كە لە ھاوكێشەی كڕیاری خاوەنھەڵبژێر و فرۆشیاری ناچاردا، ھەر دوو لا بە یەكسان ئازاد ببیندرێن و بە یەك بچوێندرێن! ئایا ئەگەر كرێكار ناچارنەبێت، ئامادەدەبێت ساتە خۆشەكانی ژیانی لە جیاتی بەكاربردنیان بۆ پەروەردەی توانا و حەز و خۆشەویستی بەشكردن لەتەك ھاوسەر و منداڵ و ھاوەڵانیدا، بخاتە خزمەت چاوچنۆكیی سەرمایەدارێك یا سەروەرێك؟ ئەگەر وەڵام بەم پرسیارە “ئەڕێ” بێت، کەواتە نووسەر هەر لە سەرەتای بوونەوە مۆری دەبەنگبوون لە مرۆڤی ژێردەست [پڕۆلیتار] دەدات. لەبەرئەوە پێویستە وەڵام بەوە بداتەوە: یا کرێکار کۆیلەیە و ئازادنییە، یا کرێکار ئازادە و دەبەنگانە و خۆویستانە لەو پەیوەندییانەدا دەخوازێت بمێنێتەوە؟
” ئازادی دیموكراسی دامودهزگای سیاسی نییه ، بهڵكو رێكخستنی كۆمهڵ و پێوهندی كۆمهڵایهتییه ، شێوهیهكه له شێوهكانی موڵكیهتی چینایهتی و زهمینهی مێژوویی دهسهڵاتی سهرمایهیه “
بەبۆچوونی من، شتێك بەناوی “ئازادی دێمۆكراسی” بوونی نییە، ئەگەر بە داتاشینیشی ناچاربین، ئەوا تەنیا دەتوانێت لە ئازادبوونی مشەخۆران و سەروەران لە ڕووتاندنەوەی ئێمەدا واتایەك پەیدابكات. ڕاستە دێمۆكراسی چ جۆرە بۆرجوازییەكەی و چ جۆرە دژە بۆرجوازییەكەی [دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ] دەزگەی ڕامیاریی نییە، بەڵكو شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانە. ئەرێ، منیش دەڵێم وایە؛ “دێمۆكراسی” باو، پاگەندەی بۆرجوازییە بۆ مۆڕاڵییكردنی مشەخۆریی و بۆ پاراستن و پیرۆزكردنی دارایی تایبەت و سەروەریی چینایەتی، بەڵام ڕەتكردنەوەی ئەو شێوە پەیوەندی و ڕێكخستن و بنەما مۆڕاڵیی و تێڕوانینانە، بە لەبەرچاوخستنی ئازادی ناكرێت و تەنیا بە خەیاڵپڵاوی دەستەبژێری گۆشەگیر و خۆبەڕابەرزان ناكرێت، بەڵكو بە كردەییكردنەوەی دژەكەیەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا و بە كولتووركردنی سۆشیالیزمە وەك شێوەی ژیان، وەك ھزرین و وەك كولتوور !
من لە تووڕەیی نووسەر و هاوبیرانی بەرانبەر واژەی “ئازادی” تێدەگەم و دەرکیشیدەکەم، کە دیوی شاراوەی حەزی بەکاربردنی دستەواژەی “بژی دیکتاتۆی پڕۆلیتاریا”یە، بەڵام لەژێر لێدانی گیانی ڕوخانی “قەڵای بۆلشەڤیزم” و هەژموونی بیری زۆرینەدا، ناچار بە پێچانەوە و دەربڕینی لە دژایەتی ئازادیدا دەبێت. ئەمە هەمان تووڕەیی و نەفرەتە کە لێنین و ترۆتسکی بەرانبەر واژەی “ئازادی” لە دەستەواژەکانی شۆرشگێرانی ئۆکرانیا و کڕۆنشتات و چالاکانی کۆمیتەکانی کارخانەکاندا، هەیانبوو و بە ئاگر و ئاسن وەڵامیاندایەوە و لە سیاچاڵەکانی “چێکا/ ک.گ.ب” دوا هاوارەکانیان خنکاند. ئەمە سەرەتاتکێی شەرمنۆکانەی دیکتاتۆریی بۆلشەڤیزمە لە سەردەمی نەمانی بازاری سەرمایەگوزاریی “پارتی پێشڕەو”دا !
” ئازادی مهرجی بوون و مانهوهی كاپیتالیزمه ، مهبهستیش له ئازادی هیچنیه جگه له ئازادكردنی بهرههمهێهران له پێوهندییاندا لهگهڵ سهرمایه ، {{ … ئازادیش له دوو ڕووه وه ، یهكهم ، پێویسته كارگهر كهسێكی ئازادبێ ، بهپێی ئارهزوی خۆی هێزی بازووی بهكاربهێنێ بهو وهسفهی كاڵایهكی تایبهته به خۆی ، دووهم ، پێویسته هیچ كاڵایهكی تری نهبێ كه بیفرۆشێ ، پێویسته ، ئهگهر ئهم تهعبیره ڕاستبێ ، ئازادبێ له ههموو شتێك ، …. ماركس _ سهرمایه _ كتێبی یهكهم }} . “
من تێناگەم، چۆن ھاوكات ئازادی ھەم “مهرجی بوون و مانهوهی كاپیتالیزمه” و ھەم “ئازادكردنی بهرههمهێهران له پێوهندییاندا لهگهڵ سهرمایه ” ؟ ئایا مەبەستی ئەو دەستەواژە ئازادكردنی بەرھەمێنەرانە لە كۆت و بەندی پەیوەنییە داسەپێنراوەكانی سەمایە یا ئازادبوونیان لە ڕێكەوتن لەتەك سەرمایەدا ؟ ئایا ئازادبوونی کرێکار لە بەکاربردنی هێزی کاریدا باشتر نییە لە ئازادنەبوونی لە چۆنیەتی بەکاربردنی هێزی کاریدا، کە ئەم ڕۆژگارە [لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا] بوونی هەیە؟ ئایا من لەو دەستەواژانە تێنەگەییشتووم یا نووسەر بە هەڵە کوردتاندوونی؟
دیسانەوە ناچارم ھەمان پرسیار بكەمەوە؛ ئازادی كرێكار لە كوێدایە، كاتێك كە نەبوونی و ھاندەری زیندوومانەوە، ملكەچی بازاری سەرمایە و سەروەریی چینایەتی دەكات ؟
كاتێك كەسێك لە دارایی و سامانی كۆمەڵگە خاوەنی ھیچ شتێك نەبێت، ئیدی چۆن دەتوانێت سەربەخۆ بێت، بەواتایەكی دیكە بەبێ سەربەخۆیی ئابووریی قسەكردن لە ئازادبوون لە یاساکانی بازار، دەچێتە خانەی پووچگەراییەوە. كۆیلەتی كرێكاریش لە وابەستەیی ئابوورییەوە دەستپێدەكات و دەبێت بە بەشێك لە پێكھاتەی سەرخانی كۆمەڵ و پێگە كۆمەڵایەتییەكەی دیاریدەكات !
” {{ .. دهستووری 1793 ئهڵێ : بهیانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانی ” مادهی 2 ئهم مافانه ( مافی سروشتی و ههڵنهوهشێنراوه ) ئهمانهیه : یهكسانی ، ئازادی ، ئاسایش ، مولكیهت ” .
” ئازادی ” لهچی پێكدێت ؟ _ .. ئازادی ئهو دهسهڵات یان توانایهیه كه مرۆڤ ههیهتی له پێناوی ههركارێدا كه زیان له مافهكانی كهسێتر نادات _ … كواته ئازادی مافی كاركردنێكه كهزیانی بۆ كهسێتر نهبێ . ئهو سنورهی كه ههموو كهس ئهتوانێ تیایا بجوڵێتهوه بهبێ زیان له كهسێتر ، لهلایهن یاساوه دانراوه ، … بهڵام مافی مرۆڤ ، ئازادی ، لهسهر پێوهندی مرۆڤ لهگهڵ مرۆڤدا نهوهستاوه ، بهڵكو له لێككردنی مرۆڤه لهگهڵ مرۆڤ … _ ماركس _ المسأله الیهودیه }}. “
بەبۆچوونی من، ئەوەی كە كاری ھیچ كەسێك زیانی بۆ كەسانی دیكە نەبێت، درەوشاوەترین بنەمایەكە، كە مرۆڤایەتی پێیگەیشتووە و تا ئێستا لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا نەکراوەتە بنەما و ئەگەر كۆمەڵگەی داھاتوو پشت بەو بنەمایە نەبەستێت، ئەوا مرۆڤایەتی ھەر دەبێت بڵێت “خۆزگە بە كفندزی پێشوو” ! نووسەر *** لە جیاتی ئەوەی كە ڕەخنە لەوە بگرێت، كە ھەم دانەرانی ئەو یاسایە و ھەم سەرمایەداران، پێویستە وەك ھەر كەسێكی دیكە ملكەچی ئەو یاسا بن. هەروەها بڕیارەكانی دەسەڵاتداران دژی ئازادبوونی بێدەسەڵاتانن و كاری سەرمایەدارانیش دژی ئازادی و ژیان و حەز و خەونی بەرھەمھێنەرانە. كەچی نووسەر ڕەخنە لەو بنەما درەوشاوەیە دەگرێت، كە ناچاریی و فشاری بزووتنەوە شۆڕشگێرەكانی ئەو سەردەمە یاسادانەران و دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی ناچار بە دانانی بەشێکی ئەو پەرەگرافە [تەنیا ” یهكسانی ، ئازادی …”] لە یاساكەیاندا كردوون! گرفتی سەرەكی خۆ بە سۆشیالیستزانانی پاشكۆی چەپ ئەوەیە، كە خوێندنەوەیان بۆ دەق نییە، ئایا لە چ سەردەم و بارێكدا ئەو دەقە سەریھەڵداوە و لەو كاتەدا كۆمەڵگە لە چ بارێكی شۆڕشگێرانەدا بووە. لەوەش بەدبەختیتر ئەوەیە، كە ئەو دەربڕین و بنەمایانە بە بەخشندەیی یا پیلانی یاسادانەرانی دەوڵەت و سەرمایەداران بزانیت و پاشبنەمای كۆمەڵایەتیی و مێژووییەکەی دەركنەكەیت !
بە پشتبەستن بەم وەرگێڕانە، ئەگەر من ھەڵە تێنەگەییشتبم، ماركس باس لە کاریکاتێری ئازادی لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا، ئازادی لە پاگەندە و بانگەوازی بۆرجوازی بۆ ماف، دەكات، نەك ئازادی وەك چەمک و گشتێتی ویستێك و وەك بوونێك لە سروشتی مرۆڤ و بوونەوەردا.
تا ئێرە نووسەری ئەم بابەتە، خەریكی ناشیرینكردنی ئازادی و یەكسانیخوازییە، بەڵام ماركس قسە لە ئازادییەك دەكات، كە بۆرجواكان پاگەندەی دەكەن! لەبەر ڕۆشنایی ئەمە، من ھەوڵی نووسەر لە شێواندن و بەكاربردنی دەربڕینەكانی ماركس’دا بۆ ڕەوایەتیدان بە ھەڵویستی خۆی لە ئازادی و دامركاندنەوەی قینی خۆی لە ئازادی، دەبینم. بەڵگەشم ئەو دەستەواژەی ماركس’ە کە لە مانیفێستی كۆمونیست وەرگیراوە و زۆر بە ڕۆشنی ھەڵوێستگیریی خۆی لە ئازادی دەستنیشاندەكات !
” {{ … مهبهست له ئازادی لهباری ئێستای بهرههمهێنانی برجوازیدا ، ئازادی بازرگانییه ، ئازادی كڕین و فرۆشتن _ ماركس _ مانیڤێستی حیزی كۆمۆنیست }} . “
…..
” {{ وهلێرهدا لهسهروو ئهوهوه ڕاستییه ههمیشهییهكان ههن ، وهك ئازادی و دادپهروهی ، .. هتد ، ئهمهشتێكی هاوبهشه له ههموو قۆناغهكانی پێشكهوتنی كۆمهڵایهتیدا . بهڵام كۆمۆنیزم ئهم ڕاستیه ههمیشهییانه _ الحقائق الابدیه _ لهناو ئهبات ، كهواته كۆمۆنیزم دژی ههموو پێشكهوتنێكی مێژوویی ڕابووردووه _ ماركس _ ههمان سهرچاوه}} . ”
ھەرچەندە بۆ من، خودی مانیفێست پێكھاتەیەكە لە بیرۆكەی دژبەیەك [پارادۆكس] و دەكرێت ئاوابێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە من لەم ساتەدا ئەو سەرچاوەیەم لەبەردەستدا نییە، تاوەكو لەوە دڵنیابم، ئایا پێش ئەم دەستەواژەی دوایی، لە مانیفێستدا چی نووسراوە. ناتوانم ڕاستەوخۆ ڕەخنەم ئاراستەی بۆچوونەكەی ماركس بكەم. بەبۆچوونی من ئەگەر لە دەستەواژەكانی پێشووتردا قسە لە پاگەندەی بۆرجوازی لەمەڕ مێژووییبوونی تێڕوانینەكانی بۆ ئازادی و دادپەروەریی، نەكرابێت، ئەوا ماركس بە ھەڵەداچووە، چونكە مێژووییبوونی ئازادی و دادپەروەریی وەك ڕاستیییەكی كۆمەڵایەتی، بنەمایەكی چینایەتی ھەیە لە خەباتدا. بەواتایەكی دیكە، ئەگەر سەروەریی و مشەخۆرییەكی چینایەتی ھەر لە بوونی سەرۆكخێڵە سەرەتاییەكانەوە تا دەگاتە دەوڵەتێكی ھاوچەرخ نەبوونایە، ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەدەبوونە خەون و داخوازیی بەدینەھاتووی مێژوویی ھەموو سەردەمەكان و چین و توێژی ھەموو قۆناخەكان !
لەبەرئەوە بەكاربردنی واژەگەلی وەك ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لەلایەن سەروەرانەوە، ناتوانێت بەڵگەی ھەبوونی پەیوەندی لە نێوان خەون و داخوازیی چەوساوان و پاگەندەی سەروەراندا بێت و ناشتوانێت سەلمێنەرێك یا تاپۆیەك بێت، كە ئەو داخوازییانە بكاتە ھی چینە سەروەرەكان !
بەبۆچوونی من، وەھا لێكدانەوەیەك بۆ پاگەندەكانی سەروەران و یەكیگرتنیان لەتەك ئاوات و داخوازیی چەوساواندا، خراپتێگەییشتنە لە پێكھاتە و چۆنیەتی گەشەی كۆمەڵگەی مرۆیی و ھاندەری ڕوودانی ڕیفۆرمەكان. سەروەران ھەر لە سەرۆكخێڵێكەوە تا ڕامیارانی دەسەڵاتداری ئەم ڕۆژگارە، كە لە ھیچ سەردەمێكدا و لە ھیچ گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، بە خواست و بەگوێرەی ڕەزامەندیی خۆیان ملیان بەجۆرێك لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەداوە و ناشدەن، بەڵكو ئەوە ھێزی یەكگرتووی چەوساوان و فشار و مەترسی پەرەسەندنی خەباتی ئەوانە، كە تەنانەت سەروەرانی ناچار بە قسەكردن لەو خەونانانە و ناوھێنانیان كردووە! ئەگەر بە ئارەزوومەندی بێت، ئەوا سەروەران خوازیارن ئەو دەستەواژانە لە ھۆش و زمان و دەربڕینی چەوساواندا بسڕینەوە!
لەبەرئەوە، بەبۆچوونی من، دژایەتی ناھوشیارانە و نەزانانەی ھەر دیاردەیەك، تەنیا تین و ھێزی پێدەبەخشێت، ھەروەك چۆن بینیمان لە ھەرێمی كوردستاندا لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابوردوودا دژایەتی وردەبۆرجوازییانەی ئایین، تەنیا بە تینگرتنی ئایین و دەمارگیریی مەزھەبی تەواوبوو و ھێشتاكە ھێز لەو ڕەخنە كرچ و كاڵانەوە وەردەگرێت، كە چەپ ئاراستەی ئایین و گروپە ڕامیارییەكانی نێو كایەی ئایینی کردن!
بێجگە لەوەی سەرەوە، من لەم دەستەواژە تێناگەم ” … كهواته كۆمۆنیزم دژی ههموو پێشكهوتنێكی مێژوویی ڕابووردووه _ ماركس _ ههمان سهرچاوه “
باشە ئەگەر ئێمە هەموو پێشکەوتنێکی مێژوویی لە ڕابوردوودا ڕەتبکەینەوە، سەرمان لە کوێوە دەردەچێت؟ ئایا بەگوێرەی ئەو دەربڕینە، کۆمونیزم گەڕانەوە نییە بۆ سەرەتای نیاندەرتاڵبوون؟ ئایا مرۆڤ و کۆمەڵگە بەبێ پێشکەوتنە مێژووییەکانی تا ئێستایان، بێجگە لە نیاندەرتاڵێکی دڕندە و خێلێکی سەرەتایی هیچیدیکیان لێ دەمێنێتەوە ؟ ئایا وەها بیرۆکەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمونیزم، هەمان بیرۆکەی گەڕانەوەی مرۆڤی دەرکراو و سزاوار نییە بۆ بەهەشت؟ ئەگەر ئەمە وەرگێڕانی دەقە تەوراتی و ئینجیلی و قورئانییەکان لەمەڕ بەهەشت نەبێت بۆ بە دونیاییکردنی بەهەشت [دەکردنی مرۆڤ لە کۆمونەی سەرەتایی و هەوڵی گەڕانەوەی بۆ هەمان کۆمونە]، ئەدی چیدیکەیە ؟
“ ئهی یهكسانی ؟
یهكسانیش هیچنیه جگه لهیهكێتی پێوانه _ وحده القیاس _ ی ئهو كارهی كرێكار ئهیكات لهبهرامبهر ئهو پارهیهدا كه وهك كرێ وهریدهگرێ . واته یهكسانی ئهو پێوهندیییه كه ئاڵوگۆڕی كاڵای لهسهر ئهكرێ له كۆمهڵگای سهرمایهداریدا . “
دیسانەوە بەبێ دەستنیشانكردنی شوێن و كات و لایەنی پاگەندەكەری یەكسانی، لنگاوقوچ یەكسانی لێكدراوەتەوە. ئەگەر یەكسانی بریتیبێت لە یەكە و یەكێتی پێوانەی كار و كرێ، ئەدی قسەكردن لە زیدەبایی لە خانەی چ پووچگەراییەكدا جێگەی دەبێتەوە؟ ئەگەر ڕادەی كار و بڕی كڕێ بە یەكەیەك یەكسان بن، ئەدی زێدەبایی لە كوێدا دەمێنێتەوە و سەرمایە چۆن كەڵەكە دەبێت و قسەكردن لە بوونی چەوسانەوەی ئابووریی چەندە واتای كەتواریی دەبێت و پێداویستی سەروەریی ڕامیاریی بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی كۆمەڵایەتییەكان لەچیدا دەبێت ؟
ئەمە بەمەرجێك تەواوی سۆشیالیستەكان و خودی ماركس بە دیاریكراوی قسە لە نایەكسانبوونی تاكەكان و ھاوكێشەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە ئابوورییەكان و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و دەكات ! لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، دیسانەوە ئەمە جۆرێكە لە ھەڵەتاتنی تیڕوانینی ماركس بۆ پشتئەستووركردنی بۆچوونە لنگاوقوچە دابڕاوەكانی خودی نووسەر.
ھەروەھا بێجگە لەوەش، سەراپای نووسینەكە لێكدانەوەیەکی ئایینیانەیە بۆ گوتەكانی ماركس و ماركسیزم. باشە ئەگەر گوتە ناپەیوەستەكانی ماركس لەم بابەتەدا دەرھاوێژێن، نووسەر چی بۆ گوتن دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەمە جۆرێك لە گێرانەوە و لێكدانەوەی مەلایانەی مێژوو نییە ؟
” {{ ووشهی (( یهكسانی )) … هیچنیه جگه له یهكسانبوونی ئهو ئازادییهی لهسهرهوه پێناسهكراوه … “
بەبۆچوونی من، ئازادییەكان كاتێك دەتوانرێت یەكسانبكرێن، كە بوونیان ھەبێت، كاتێك كە نایەكسانیی؛ سەروەریی كەمینەیەك بە ھاوتای ژێردەستەیی زۆرینەیەك بچوێندرێت و لە دەرەوەی ئەو ھەوڵ و پاگەندەیەی ڕەخنەگرانی توڕە لە دەرەوەی ھوشیاریی، ئەو ھاوتاكردنە بە یەكسانی و یەكێتی سەروەریی و كۆیلەتی لێكبدەنەوە، تەنیا داماوییەكی ھزریی و ھەژاریی فیلۆسۆفی بەرھەمدێت تا دەبێتە سەرەنجام!
” دهستووری 1795 مانی ئهم یهكسانیه دیاری ئهكات : (( مادهی ژماره 5 . یهكسانی پێكهاتووه لهوهی كه یاسا یهكێكه بۆ ههمووان … )) _ ماركس _ المساله الیهودیه }} .
واته یهكسانی هیچنیه جگه له یهكسانبوونی ههردوو چینهكه له سلیهی ههمان شێواز و پێوهندی كۆمهڵایهتدا {{ .. خاوهن پاره و خاوهن هێزی بازوو له بازاڕدا یهكئهبینن و ئهكهونه پێوهندی لهگهڵ یهك بهووهسفهی ئاڵوگۆڕئهكهن . وه ئهوان هیچ جیاوازییهكیاننیه تهنیا ئهمهنهبێت : یهكێكیان ئهكڕێ و یهكێكیا ئهفرۆشێ ، وه ههردووكیان ههر له بهرئهوهۆیه ، دووكهس یهكسانن لهمافدا _ ماركس _ سهرمایه ، كتێبی یهكهم }} . “
کام شێواز و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ؟ کۆمەڵایەتیی یا ڕامیاریی ؟ بەبۆچوونی من، ئەو یەکسانییە فۆرمۆڵکراوە لە دەقێکی یاساییەدا ڕواڵەتییە و بوونی نییە، تاوەکو واتای یەکسانی بدات و ئەو دوو چینە یەکسانبکات. بەداخەوە نووسەر وەك زۆرینەی ماركسیستەكانی كورد، پەیوەندییە ڕامیارییە لە سەرەوە ڕێكخراوەكان لەتەك پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە ئاسۆییەكان یەكیدەگرێت. لەبەرئەوە نووسەر ئەوە لەبیردەکات، پەیوەندییەك، کە لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی ڕێکخرابێت، لە هەبوونە کۆمەڵایەتییەکەی کەوڵکراوە و بەشێکە لە ڕێکخستنێکی بێگیانی میکانیکی و دابڕاو.
” … {{ هیچ یهكێك لهم مافانهی مرۆڤ … تێپهڕی مرۆڤی خۆویست _ ألانسان الانانی _ ناكات ، مرۆڤ بهو وهسفهی ئهندامێكه له كۆمهڵگای برجوازیهتدا یان فهردێكی دابڕاوه له كۆمۆنه … تهنیا خهریكه بهبهرژهوهندی خۆیهوه مرۆڤ لێرهدا دووره لهوهی وهك كائینێكی نهوعی سهیر بكرێ .. ئهو تاكه پێوهندییهی مرۆڤ پێكهوه ئهبهستێ تهنیا پێویستی سروشتییه ، پێویستی و بهرژهوهندی تایبهتی ، پاراستنی موڵكیهت و كهسایهتی خۆویستی خۆیان _ ماركس _ المساله الیهودیه }} . …”
لەوانەیە بە بارێكی زۆر كەم و لاوازدا ئەمە دروستبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە تاك لە ھەموو تایبەتمەندییەك و لە ھەموو خۆویستنێك ڕاماڵراوە و بووەتە گیانەوەرێكی خۆبەخش بۆ كەمینەیەك. بۆ نموونە بە ملیۆن تاك دەبنە دژی ملیۆنانی دیكە، نەك لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، بەڵكو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی و لیستی كەسانێكی دیكە. ئایا ئەگەر مرۆڤ شانازی و خۆویستنی تێدامابێت، ئامادەیە ملی خۆی و ھاوچینەكانی بۆ دوژمنەكانی بشكێنێت ؟
كۆمونەیەك كە تاكەكانی خۆویست نەبن، ئایا چاوەڕواندەكرێت گشت ویستبن؟ ئەمە كامە لۆجیك پەسەندیدەكات. ئەوە ئازادی و یەكسانی تاکایەتی ھەمووانە، كە وا لە تاك دەكات، گرنگی و پێویستی بەرژەوەندی ھاوبەش و گشتی دەركبكات، نەك توانەی سڕینەوەی تاكایەتی تاك! ئەگەر بە سڕینەوەی سەربەخۆیی تاكایەتی تاك، كۆمەڵگە بە كۆمونەژیان بگەییشتایە، دەبوو تاكەكانی كۆمەڵگەی دیكتاتۆری یەكەمین پێشەنگانی وەھا كۆمونەیەك بوونایە، بەڵام بەپێچەوانەوە تاكی تێكشكاو، تەنیا پێكھێنەری كۆمەڵگەی تێكشكاوە و كۆمەڵگەی تێكشكاویش ناتوانێت ھەڵگری توخمی كۆمونەیی بێت.
ھەڵبەتە مەبەستی من لە كۆمونە، كۆمەڵگە و كۆمیونیتی ئازادە، كە لەسەر بنەمای دارایی ھاوبەش و كاری ھاوبەش و ژیانی ھاوبەش و ھەرەوەزی و ھاوپشتی خۆی گرتبێت، ئەگینا بەكاربردنی دابڕاوانەی واژەی “كۆمونە” دەتوانێت ھێمابێت بۆ كۆمونەیەكی تۆتالیتێریی یا كۆمونەیەكی ئایینی داخراو یا كۆمونەیەكی میلیشیایی یا ھەر تەنیا بریتیبێت لە واتا كارگێرییەكەی واتە “شارەوانی” !
” وهههربهمپێیه ئازادی و یهكسانی ، دیموكراسییهت ، ئهو پێوهندیییه كه جگه له فهردی دابڕاو له كۆمۆنهی ئینسانی هیچ زاتێكی تر قبوڵناكات له خۆیدا ، وه فهردی دابڕاویش كهلای برجوازیهت هاونیشتمانییهكه و وهك كاڵایهك ، ئازاد و یهكسان ، له سایهی سیستهمی ئاڵوگۆڕدا لهبهردهم یاسادا ڕاگیراوه ، ئهو بهرههمهێنهرهیه كه بههیچ چینێكهوه نهبهستراوه و هیچ بهرژهوهندییهكی جیاوازی نییه لهگهڵ نوێنهره ڕهسمییهكهی كۆمهڵدا ، واته دهوڵهت ، بۆیه ئهبێ ههموو مافێكیشی لهو ڕێگهیهوه و بهپێی یاسا دیاریكراوهكان پێڕهو بكات . “
ئەگەر بە پێچەوانەسازیی وەڵام بەو دەستەواژە دوور لە لۆجیکانە بدەمەوە، ئەوا دەبێت ئاوا دابڕێژرێنەوە “تاکی کۆمونەیی، بوونێکی داماڵڕاوە لە ئازادی و یەکسانی و دێمۆکراسی”، واتە بوونەوەرێکی کۆیلەیە ! ئایا نووسەر بێجگە لەمە دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟ پاشان لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا تاك کاڵا نییە، بەڵکو بەرهەمی کاری ئەو کاڵایە و هیچ کاڵایەك لەو بازارەدا ئازاد و یەکسانە نییە و ئەگەر کاڵاکان یەکسان بن، ئەدی لەو ئاڵووێرە ئازادەدا چۆ قازانج دروستدەبێت ؟ ئەگەر کاڵاکان ئازادن، بۆچی ئێمە ناتوانین بەبێ بەرانبەر لێیان بەهرەمەندبین ؟
هەرچەندە دێژەی پێناسەکەی نووسەر دروستە و لەتەکیدا هاوبۆچوونم، بەڵام ناکرێت لە گوتنی ئەوە خۆم لابدەم، کە نووسەر زۆر ئایدیالیستانە لە “کۆمونە” دەڕوانێت و ئەگەر لە هەموو دەقە ئایینییەکانی تەورات و ئینجیل و قورئاندا واژەی “بەهەشت” لابەرین و واژەی “کۆمونە”ەکەی نووسەر بەو پیرۆزکراویی و گشتگیرکراوییەوە دابنێین، هێچ ناجۆری و نالەبارییەك لە واتاکاندا دروستنابێت و هەر ئاواش ئەگەر لە هەموو ئەو نووسینانەی کە بەو جۆرە “کۆمونە” ئایدیالیزە دەکەن، واژەی “کۆمونە” دەربکەین و واژەی “بەهەشت” لە جێیان دابنێین، ئەوا هیچ لە واتای دەستەواژەکان ناگۆڕێت و ناجۆریی و نالەبارییەك دروستناکات !
*****************************************************
* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردەنوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنوەی ئەم دواکەت.
بەستەری بابەتەکەی نووسەر : https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596
ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لەبەرگری و خۆڕاگریی
زاهیر باهیر-سلێمانی
٢٠/٠٥/٢٠١٤
بەشی چوارەم:
پێنجەم: ژنان و ڕۆڵی ژنان لە بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیدا ” تەڤدەم” :
ژنان لە تەواوی بزوتنەوەی سیاسی و سەربازی و “تەڤدەم” دا لە ڕۆژاوا، ڕۆڵێکی یەکجار گەورەو گرنگ دەببینن. بیرۆکەی بەشداریکردنی ژنان بەو شیوەیەی کە لەوێ دەبینرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی فیکری ئۆجەلان بەتایبەتی و کادیران و سەرانی پەکەکەو پەیەدە بەگشتی، ئەوان هەستیان بەوەکردوە کە ئافرەتان نەك ڕۆڵیان لە پیاو کەمتر نییە بەڵکو دەتوانن لە بواری تێکوشان، ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کاریگەرانەتر و گەورەتر لە پیاوان ببینین بۆیە ئافرەت لەو کۆمەڵگەیەدا بەرەو تەقدیسکردن دەڕوات ، باس لە کۆمەڵگەی دایکایەتی ” ئومومە” دەکرێت کە سەرەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و کۆتایی قۆناخە مێژووییەکانە. لای ئەوان تەواوی بەهاکانی خودی مرۆڤ ، ژینگە ، کۆمەڵگە ،تەنها لە بەهای ئافرەتدا، لە بەهای کۆمەڵگەی دایکایەتیدا، دەبینرێنەوە.
ئافرەت لەوێ، لە ڕۆژاوا، لە کونجی ماڵەوە هێنراوەتە دەرەوەو بووەتە کەسێکی شۆڕشگێڕ، زۆر کارامانە کار لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە دەکات، دەستی ڕەنگینی ئافرەت، تواناو دڵسۆزی ئەوان، باوەڕبەخۆبوونیان و گێرانەوەی متمانە بەخۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی ئێستای ڕۆژاوادا، هێزی لابەلاکردنەوەی کێشەکانن کە لە سەرەوە تا خوارەوەی هەموو ڕیز و شانەکانی “تەڤدەم” و یەپەگە و یەپەژە و هێزی ئاسایشیشی، گرتۆتەوە،دەست و پەنجەی تێکۆشانی ئەوان لەسەر ڕازاندنەوە و دروستکردنی نەخشەی کۆمەڵگەی ئایندەی ڕۆژاوا، بە ئاشکرا دیارە. سەنگ و قورسایی و ڕۆڵیان لە کارکردن لەسەر بەرەوپێشەوەبردنی کۆمەڵگەی ڕۆژاوا لە هەنووکەدا زۆر بە زەقی تەنانەت لە ئیدارە خۆجێیەکەشدا، ئاشکرایە ، تا ئەو ڕادەیەی کە تەواوی ژیانی خۆیانیان، خۆیان وتەنی بۆ شۆڕش تەرخانکردوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا من هێشتا ناتوانم بڵێم لەوێ، لە ڕۆژاوا، بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی ژنان هەیە، هەروەکو چۆن لە خواروی کوردستانیشدا ئەو بزوتنەوەیە نییە، چونکە تەواوی ئەو جموجوڵییەی کە لەوێ هەیە لە چوارچێوەی ڕیزەکانی پەیەدە و تەپدەم و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایشدایە. بەڵام بەم ئاستەشەوە چالاکی ژنان بە جۆرێک پەیوەستبووە بە کێشەی ڕۆژاواو شۆڕشەکەیەوە، نەک هەر ناتوانرێ باس لەو هێزە سیاسی و سەربازییانە نەکرێت، کە ڕۆڵی ئەمان ، ژنان، تیایاندا فەرامۆشناکرێت وکاریگەرە، بەڵکو بە نەبوونی ئەوان لەو بوارانەدا، تەواوی بزوتنەوەکە پێش بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، هەرەس دەهێنێت.
ئەوەی کە جێی تێبینیەو ڕەنگە لای هەندێکیش مایەی نیگەرانی بێت، کە ژنان لەوێ دەستبەرداری هەموو خواستە شەخسیی و تایبەتییەکانیان لە پێناوی شۆڕش و سەرکەوتنیدا، بوون. من و برادەرەکەم جاروبار لەگەڵ هەندێکیاندا دەمەتەقێمان لەسەر مەسەلەی خۆشەویستی، سێکس، پەیوەندی ژن و پیاو لە دەرەوەی ئەنجامدانی کارە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان و هاوسەرگیری و گەلێکی دیکە لە خواست و ئارەزووەکانی دیکەی جێندەی ژنان، دەکرد، بەڵام ئەوان هەمیشە شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕشلایان باڵاتر و لە پێشتر بوو لە ویست و ئارەزووەکانی خۆیان بەتایبەت لە نێوەندی ئەو ئافرەتانەی کە ساڵانێکی درێژ لە شاخبوون کە نەک هەر تەمەنی منداڵییان لەوێ بەڕێکردوە، بەڵکو گەنجێتیشیان. هەمان لێدوانمان لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵانی هێزەکانی ئاسایش و یەپەگە و یەپەژەشدا دەکرد ، هەر هەمان سەرەنجامی دەدایە دەستمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەکو مەسەلەیەکی مەبدەئی، خۆشەویستی و هاوسەرگیری، هەردوکیان، قەدەخە نەبوون و هەردو جێندەکە ئازاد بوون لە کردنیاندا، بەڵام لەسەر حسابی دوورکەوتنەوەیان یا گواستنەوەیان لە شوینە حەساسەکانەوە، بۆ شوێنێکی دیکە.
هەڵبەتە حوکمدان لەسەر ڕاستی و ناڕاستی ئەم دیاردەیە لەو بارودۆخەدا بەدەر لە هەڵسەنگاندنی لەو ژیان و ئامانجەی کە هەیانە ، ڕاستدەرناچێت ئەمە جگە لەوەش کە ژنان و پیاوان خۆیان لە ژیانیاندا گرنگی ( ئەسبەقییەت) بەچی دەدەن ، بە ڕای من ئەوەندەی بە ئارەزوی خۆیان مافی هەڵبژاردنی ئیختیارەکانیان هەبێت ، لێرەدا کێشەیەک نابێت و ئیدی قسەیەكیش بۆ من و کەسی دیکەش ناهێڵێتەوە. لێرەدا و لە ئێستادا من بواری لێکۆڵینەوەم لەسەر ئەو باسە ، نییە، بەڵام دەتوانم ئەو ڕاستییە بڵێم ( ئەوەی کە من بینیومە) کە تاکە ئافرەتێكم لەسەر دوکانەکان، چایخانەکان و چێشتخانەکان، نانەواخانەکان، بەنزینخانەکان، کارکردنی سەر شەقامەکان…..و ئەو شوێنانەی بەدەر لە ئۆفیسەکان و هەڵسوڕاوانی ناو لیژنەو کۆمیتەو کۆمونەکاندا، نەبینیوە.
شەشەم: بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی ” تەڤدەم” و ماڵی گەل:
بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی “تەڤدەم” خاوەنی بەرنامەیەکی سەرومڕە ، کە خۆی بۆ ناو هەر هەموو شانەکانی کۆمەڵگە شۆڕکردۆتەوە و چەندەها مەیدانی کارکردنی لە غیابی ئیدارەیەکی فەرمی، نیمچەدەوڵەتێك،یا دەوڵەتێکدا، گرتۆتەوە، ئێستاش کە ئیدارەیەکی خۆجێی هەیە ئەم بزوتنەوەیە بڕبڕەپشتی کۆمەڵگەی ڕۆژاوایە و بەپێی قسەی بەشداربووانی نێو ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵیاندا ئەمان کرد، هەتا لە بارودۆخی هەنووکەشداکە ئیدارەیەکی خۆجێی، هەیە، بە باوەڕی ئەوان لە هەبوونی ئیدارەیەکی بەهێزدا ئەوانیش بەهێزتر دەبن و هێشتا بڕیارەکان لە دەستی خۆیاندا دەمێنێتەوە.
لە بەرنامەی “میساق” بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، کە ٢٦ لاپەڕەیەو بە درێژی لە هەموو شتێک دەدەوێت ، وامنیش بە کورتی تەنها پرنسپڵەکانی ، دەکەمە کوردی. لە لاپەڕەی ٣ ی ئەو بەرنامەیە، لە بەشی یەکەم، لە بەشە بنەڕەتییەکانیدا، لە جەوهەری ئەو بزوتنەوەیە، تەڤدەم، دەدوێت و ئاوا پێناسەی دەکات:
” ڕژێمێکی دیمۆکراتی و کۆنفیدراڵی-کۆمەڵایەتییە، لەسەر بناغەی دیمۆکراتییەت و سەربەستی ئافرەت و پرسی شوێنەوارناسی، دێریئنناسی ( ئیکۆلۆجێ) دامەزراوە،. ڕێکخستنێکی دیمۆکراسی و ڕامیاری و کۆمەڵایەتییە و ئاسۆییانە و هەڕەمیانە/ قوچکەیی، بە دوور لە دەوڵەت، خۆی ڕێکدەخات، ئامانجی بەدیهێنانی هەڵبژێرە ( ئیختیارات) دیمۆکراتییەکانە کە لەسەر ئاستی خوارەوە ، بنکە،لەخۆدەگرێت و گەشەدەکەن، ئەم ڕێکخراوەش گرنگی بەشداریکردن لەسەر هەموو ئاستەکان ، نیشاندەدات. ئەوانەی کە ئەم فۆرمە ” تەڤدەم” دەیانگرێتەخۆ، مافی بڕیاردان و گفتوگۆ و لێدووان و ڕادەربڕینیان، هەیە ، لە لابەلاکردنەوەی کێشەی کوردیدا بۆچوونی دەوڵەتی نەتەوەیی، تەبەنی ناکەن، بەڵکو نموونەی گەلێکی دیمۆکراتی و بەدەستهێنانی ئیدارەیەکی خۆجێی دیمۆکراتییانە، دروستدەکات و کۆنفیدراڵییەتی دیمۆکراتیانە بۆ گەل و نەتەوە و نەتەوەیەکی دیمۆکراتی لە ناوخۆ و شکۆی نیشتمان لە دەرەوە، لەخۆدەگرێت”
تەڤدەم بەکردەوە سەلماندی کە دەتوانرێت بێ هەبوونی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی، بێ هەبوونی دەوڵەتێک ، نیمچەدەوڵەتێک، کۆمەڵگە دەتوانرێت لەڕێگەی هۆشیاری تاکەکانییەوە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریبوون، هەبوونی گیانی لەخۆبوردن و خۆبەخشیی و هاوکاریکردن بە دروستکردنی لیژان و کۆمیتەو کۆمونەکان، تەواوی کۆمەڵگە بەخۆیان ببەن بەڕێوە.
تەڤدەم یا بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، بە بەکارهێنانی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ، لە ڕۆژی نەمانی ڕژێمەوە لەوێ تا ئەم ساتەوەختەی کە ئەم ڕاپۆرتەی تیادا دەنوسرێت، ئەو خۆبەڕیوەبردنەی بە ئەنجامگەیاندووە و بەردەوامە و هاوکاتیش تەحەدای هەر هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی وەکو شەڕی دووژمنانی هەمەلایەنە، ئابلوقەی ئابووری، نەبوونی هیچ جۆرە هاوکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بنەڕەتی وسەرەکی هیچ لایەن و وڵاتێك ، کەمی کادیری فەنی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و دکتۆر و کارمەندانی چارەسەری نەخۆشی و زۆری دیکە لەمانە ، کردووە.
ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبردنە ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە کە باوەڕبوون بەخۆ، کاری خۆبەخشانە، خۆڕاگریی و بەرگریی، هۆشیاری تاک ، باوەڕىوون بە مەسەلەکە و بە سەرکەوتنی پرسەکە، هەموو کاتێک و لە هەموو بستێکی ئەم سەرزەمینەدا، کاری کردەیە، ئیدی گرنگ نییە ماوەیەکی کەم دەژی یا زۆر، ئەوەی گرنگە کۆڵنەدانە، خۆبەدەستەوەەنەدانە، بەرهەڵستی و بەرگری ( مقاوەمە) یە.
بەرنامەکەی ئەمان هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەکەی گرتۆتەوە، لە هەموو مەیدانەکاندا،کاری پێکراوە و پێدەکرێت، ئەم مەیدانانەش کە لە چەندەها لیژنە دروستبوون وەکو: مەیدانی هزر و ڕۆشینبیری دیمۆکراتیانە، مەیدانی سیاسەتی دیمۆکراتیانە، مەیدانی کۆمەڵایەتی، مەیدانی کۆمەڵگەی ئازاد، مەیدانی ئابووری، مەیدانی ئاسایش و پاراستنی گەل…..هتد
ماڵی گەل:
ماڵی گەل دڵی تەڤدەمە، بناغەو ڕێکخەرو هەڵسوڕێنەر و پارێزەری بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتییە. ماڵی گەل ئەو دەزگە بایاخدارەیە کە کرۆکی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی پێکدەهێنێت کە لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکاندا هەیە و لە لایەن خەڵکانی ئەو شوینەوە دروستبووە. ماڵی گەل لە سەرجەمی لیژانەکانی ناوشار و گەڕەك و گوند پێکهاتوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان، کە لە هەموویان گرنگتر ” کۆمونەکانە” کە لە گەڕەکێکدا، لە گوندێکدا ، لە شەقامێکدا چەندەها لیژنەی لەخۆگرتوە بە لیژنەی یەکخستنەوەو سوڵحیشەوە. من لێرەدا دەقی پێناسەی “کومون” ئەوەی کە لە”میساقی تەڤدەمدا” هاتووە بۆ خوێنەر لە عەرەبییەوە دەکەمە کوردی:
” کۆمون بچوکترین یەکینەی کۆمەڵگەیە و چالاکترینیانە، بە گوێرەی مامەڵەیەکی بە عەمەلیانەی (پراکتیکانە) کۆمەڵگە کە سەربەستی ئافرەت و دیمۆکراتی شوێنەوارناسی ، دێرینناسی (ئیکۆلۆجی) تیادا باڵادەستە ، دروستدەکرێت و فکرەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ دەگرێتەبەر. کۆمون هەڵدەسێت بە گەشەدانی لیژنەکان کە بایاخ بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، قسە لەسەر حەلی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایش وڕۆشنبیری، خپۆپاراستن و بەرگری لەخۆ و ئابوورییەکان، دەکات کە لەهێزی خۆیەوە، وەریدەگرێت نەك لە دەوڵەتەوە. هێزی خۆی لە ڕێگای دروستکردنی ڕێکخراوەکانکە لە شێوەی کۆمونە کشتیارییەکان و کۆمونەکانی گوندەکان و کۆمونەکانی بووژاندنەوە و کۆمەڵە و هەرەوەزییەکان، دروستدەکات.
کۆمونەکان لەسەر بناغەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە شەقامەکان و دێهاتەکاندا، دادەمەزرێ، ئەوانە ئەو جێگایانەن کە هاووڵاتی خۆی تێیدا ڕێکدەخات و ویستی ئازادانەی خۆی تیادا بەرجەستە دەکات و دەستپێشخەری کاریگەرانەی خۆی لە هەموو شوێنەکانی نیشتەجێبوونیدا دەکات و دەرگای لێدوان لەبەردەم هەموو کێشەکان و حەلەکانیاندا دەخاتە سەرپشت .
کۆمونەکانی دێهات و شەقامەکان لە بەشداریکردنی هەموو هاووڵاتیان کە دانیشتووی ئەو شوێنانەن، پێکدێت. کۆمون لە دانیشتنی یەکەمیدا هەڵدەسێت بە دانانی دیوانی کۆمون کە لە ٢ هاوسەرۆك و بریکارییەکانیکە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمونەکە و دانانی لیژنەیەکی ئیداری بۆ کۆمونەکە، لە ئەستۆیە.
کۆمون بڕیارەکانی خۆی بە ئاشکراو بە بەشداریکردنی هەموو هاووڵاتییەکی نێو کۆمونەکە کە تەمەنی لە سەروی ١٦ ساڵییەوە بێت، دەدات و هەفتانە کۆبوونەوەکانی بە ئەنجامدەگەیەنێت..”
کۆمونەکان لە ٦مەیدانی سەرەکیدا کە مەیدانی هزر و ڕۆشنبیری دیمۆکراتی، سیاسیەتی دیمۆکراتی، کۆمەڵایەتی و مەیدانی کۆمەڵگەی ئازاد وئابوری و مەیدانی ئاسایش وپاراستنی گەل….. کاردەکەن و لیژنەیەکی تەنسیق لە نێوانیاندا هەیە کە کۆبوونەوەی هەفتانە بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمونەکان، دەکەن. هەر یەکێك لەم مەیدانانەش چەندەها لیژنە و کۆمیتەی جیا جیای، لێدەبێتەوە و کاری تیادا دەکرێن.
بۆ تێگەیشتن لە ئەرك و ڕۆڵی کۆمونەکان ، من و برادەرەکەم کۆبوونەویەکمان لەگەڵ کۆمونەی گەڕەکی کۆڕنیشی قامیشلۆ کرد کە ١٧ کەسیان ئامادە بوون، زۆربەیان ژن بوون . لەو کۆبوونەوەیەدا کە نزیکەی ٢کاژێری خایاند لە ئەنجامی پرسیار و وەڵام و لێدوان، بۆمان دەرکەوت کە لەو گەڕەکەدا ١٠ کۆمونیان هەیەو ژمارەی هەر کۆمونێکیش ١٦ بۆ ١٧ کەسن. ئەوان بە ئازادی و هەڵپەیەکی ( حەماسێکی) زۆرەوە پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت لە هەموو کێشەکانی ئەو گەڕەکانەدا ئازادن و خۆیان خاوەنی بڕێارەکاننو بەدەرن لە دەستتێوەردانی پەیەدەو لایەنە بەرپرس و باڵاکان، تەنانەت هەندێکیان ئەندامی پەیەدە نەبوون و مەرجیش نییە بۆ ئەندامبوونی کۆمۆنەو دروستکردنی کۆمونە، پەیوەندی پارتیانەیان بە حیزبەکانەوە هەبێت. ئەوان لە وەڵامی پرسیارەکانماندا زۆر شتیان باس دەکرد،دوو نموونەی زیندویان لەسەر بڕیارەکانی خۆیان، هێنایەوە کە لە بەرامبەر یەکێکیاندا ئیدارەی خۆجێی هەڵوێستی بێ لایەنیانەی وەرگرتبوو. لە دووهەمیشیاندا کە بەجێهێنانی پرۆژەیەك بوو، وتیان تەواو ڕای هەر هەموو دانیشتوان و ماڵان وەرگیراوە دوای ئەوە بە هەرەوەزی بڕیاریان لەسەرداوە. ئەوەی کە من لەو کۆبوونەیەو وتووێژەکانماندا تێگەیشتم ئەوان تەواوی سەربەستییان هەیە لە دانی بڕیارەکانیاداو لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆشەوە ئەو بڕیارانە دەدەن.
من زۆر دڵخۆشبووم بە بینیی کۆمونەکان و جۆری کارکردن و چالاکییان چونکە ئەمە تەنهائامرازێکە لە گۆڕینی کۆمەڵگە لە بنەوە نەک پێچەوانەکەی، هاوکاتیش بەردەوامبوون و گەشەکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە، تاکە ڕێگایەکە کە هەموو بڕیارەکان ، بەهۆیەوە، بگەڕێنرێتەوە بۆ خودی خەڵکی لە شوێنە جیا جیاکانی نیشتەجێبوون و کارکردن و خوێندن و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و …هتد ، دیسانەوەش تەنها ئامرازێکی خەبات و جەنگینە دژی بیرۆکراسییەت و ئیدارەی بیرۆکراسییانە. هەر بەم پێوەرەش هەبوونی ئەم جۆرە لیژنانە، گروپانە، بەهەر ناوێکەوە بن، هاوکێشەیەك دروستدەکەن کە گەشەی ئەمان کەمکردنەوە و نەمانی بیرۆکراسییەت و ئیدارەکانێتی و پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە.
درێژەی هەیە
ئهنارکیزم، پهرتووکخانهی کوردی و سهرچاوهی ڕهخنەلێگرانی
ئهنارکیزم، پهرتووکخانهی کوردی و سهرچاوهی ڕهخنەلێگرانی
سهرنجدانێکی ڕهخنهییه له وتاری “ ئهنارکیزم“ نووسینی فوئا د قهرهداغی و
خوێندنهوه و دهرکی چهپ بهگشتی لەبارەی هزر و فیلۆسۆفی ئهنارکیزم
بۆ خوێندنەوە لەسەر هێڵ و کۆمپیوتەر و مۆبایل
داگرتن
بۆ چاپکردن
داگرتن
ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی
ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی
زاهیر باهیر- سلێمانی
٢٠/٠٥/٢٠١٤
بەشی سێیەم:
چوارەم: بارودۆخی سیاسی و سیاسەتی پەیەدە:
هەموومان ئەمڕۆ خاکی خاپورکراو و جەستەی بریندار و لە خوێن هەڵکشاویشارە گەورەکەنی سوریا دەبینین، نەبوونی و برسێتی و مردن و کوشتنی هاووڵاتیانی سوریا ، ڕۆژانە بە چاوی خۆمان دەبینین و دەبیستین، بە ملیۆن خەڵك لە جێگاو ڕێگای خۆیان هەڵکەنراون و میوانی خێمەکانی تورکیاو لوبنان و کوردستانن. لەو شوێنانەشی کە لە دەستی سوپای ئازادیی و لایەنەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرەو ئەوانی دیکەدان ، جگە لە برسێتی و بێکاری، بە دەستی نەبوونی ئازادی و فەرزکردنی سەوابیتە دینییەکانەوە، دەناڵێنن، داهێنانی یاسای زۆرەملێوەکو ڕیشهێڵانەوەو بەزۆر نوێژکردن و قەدەخەکردنی جگەرە و لەبەرکردنی جل و کەلوپەلی ئاساییان، بەسەریاندا دەسەپێنن، کە لەنێو هاووڵاتییاندا، ئافرەتان و کچانی منداڵ و گەنجانی تەمەن ١٠ بۆ ١٨ ساڵ زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە یەخسیر و زەرەرەمەندی یاسای شەریعەتی ئەو کۆمەڵ و گروپە ئیسلامییە توندڕەوانەن. لە بەرامبەر ئەمەشدا ٣ کانتۆنی دیکەی سوری، کە ڕۆژاوای کوردستانن ، ژیان بە جۆرێکی تر تیایدا دەگوزەرێت. لە کانتۆنی جەزیرەدا لە دووەم شاری سەرەکی ئەو کانتۆنەدا دوای شاری حەسەکە، شاری ” قامیشلی یا قامیشلۆ”یە، گەر کەسێکی بێ ئاگا لەو بارودۆخە بەریتە ئەوێ، بەهۆی هەبوونی ئازادی وئاسایش و ئەمانەت تیایدا بە هیچ شیوەیەک ئەو کەسە هەست ناکات کە ئەو شارە شارێکی سوریایە.
لە شارو گوندەکانی نێو جەزیرەدا ئاسایش ،ئازادی ، تەبایی و برایی، ڕۆحی هاوکاری و پێکەوەژیان ، پێکەوەهەڵکردن، بوونی هەیە و بەردەوامە ، بەڕادەیەك کە کەسێکمان بەرچاو نەکەوت کە کێشەیەکی ئاسایی نێوانی دووکەس ، دوولایەنی بەبیر بێتەوە. سازبوونی ئەم زەمینەیەش لە سای سیاسەتی پەیەدە و کارە لەخۆبڕاوەکانی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی ” تەپدەمە”وەن، کە “ماڵی گەل”یان لە هەموو شوێنێکدا دروستکردووە ( لە بەشەکانی داهاتوودا دێمەوە سەر ماڵی گەل) کە لەو بوارەدا ئەوەندەیان کارکردووە کە زۆربەی زۆری کێشەکانیان گەر لەبەین نەبردبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ، کە بەرەو لابەلاکردنەوە، دەڕۆن. لەولاشەوە هێزی ئاسایشی ژنان و پیاوان ( هێزی بەرگری گەل) کە دەتوانم بڵێم بە خوێنی خۆیان ئاسایش و ئازادی تەواویان بۆ سەرجەمی دانیشتوانی کانتۆنی جەزیرە، بەدەستهێناوە، ویست و ئیرادەی خەڵکیان بەرزکردۆتەوە، بڕواو متمانەی خەڵکیان بە کرداری جوان و مامەڵەی باشیان بەدەستهێناوە، تا ئەو ڕادەیەی کەسانی غەیرە کورد بەباشی هەست بەوە دەکەن کە ئازادی و ئاسایشی ئەوان بەرهەمی ڕژانی خوێنی سووری بە فیڕۆنەچووی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایشە لە تەك هەوڵی بێ وچانی تەپدەمدا.
هێزی ئاسایش کە تێکەڵەیەکە لە پیاوان و لە ژنان لەگەڵ تیمی تایبەتی ئاسایشی ژنانیش، ئاسایشی هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانیان، پاراستووە، ئەمەشبە هاوکاری لەگەڵ بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی “تەپدەم” و ئیدارەی خۆجێییەوەیە تاکو خەڵکی بتوانن بە ئازادانە کاروباری ڕۆژانەیان، ئەنجامبدەن.
من و برادەرەکەم کە لەو گەشتەدا بەیەکەوە بوین، ڕۆژانە چەندەها نموونە و مامەڵەی باشی ئاسایشمان لەگەڵ خەڵکیدا دەبینی یا دەبیست، من لێرەدا تەنها نمونەیەکیان باسدەکەم.
لە کاتی گەڕانەوەماندا کە دەبوایە لە تەلکۆچەریا تەلکۆچکەوە بگەڕاینایەتەوە، بەهۆی گیروگرفتەوە نەمانتوانی هەمان ڕۆژ کە گەیشتینە ئەوێ بگەڕیینەوە، ئیدی لای ئەوان ، واتە لەکن ئاسایشی تەلکۆچەر ماینەوە. شەوو ڕۆژێکی زۆر خۆشمان لەگەڵیاندا بردەسەر کە پڕبوو لە میهرەبانی و سۆزو بڕواو متمانەیەکی زۆر لە نێوانمانا، هەردوولامان ئازاد بوین لە وتنی ئەوەی کە دەمانویست .
شەوەکەی لەگەڵ هەڤاڵ “ف” دەمەتەقێیەکی دوور و درێژمان، سەبارەت بە کارەکانیان لەوێ و فەلسەفەی ئەو کارکردنە وکاری سەربازی و ئەو کارە جەنگیانەی کە لەو ناوچەیەدا کە لە دەسەڵاتی داعش پاکیانکردوونەتەوە، کرد. ئەو هەڤاڵە وتی ” پیشتر شاری تەلکۆچەر نزیکەی ١٣٥٠ ماڵبوون و کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی “داعش” وە، ڕوبەڕوی مامەڵەیەکی زۆر خراپ لە لایەن داعشەوە بوونەتەوە……لەوانە کۆکردنەوەی خەڵکی شارەکە و سەربڕینی ٢ گەنج بەدیارچاویانەوە، هەروەها قەدەخەکردنی کچان لە قوتابخانە، فەرزکردنی شەریعەتی ئیسلامی بە هەموو خاڵەکانییەوە، سەپاندنی ڕیشهێڵانەوە و نوێژکردن و چوون بۆ جومعە و جەماعەت…..” هەڤاڵ “ف” بەردەوامبوو لەسەر قسەکانی و وتی “ئەو کارانەی ئەوان “داعش”، بوونە هۆی ناڕەزایی خەڵکی تەلکۆچەر و ڕەوکردنیان بۆ شوێنەکانی دیکە….. کاتێک کە هێزەکانی ئێمە داعشیان دەرپەڕاند کەمتر لە ١٠٠ ماڵ لەوێ مابوونەوە…….دواتر کۆبوونوەیەکمان بەخەڵکەکە کردو پێمان ڕاگەیاندن کە ئێمە تەنها بۆ ٢ کار لێرەین، یەکەمیان: پاراستنیانە لە هێزەکانی ڕژێم و داعش و بەرەی نوسرەو سوپای ئازاد. دووهەم: بەگەڕخستنەوەی قوتابخانەکان و خەستەخانەکان و شارەوانی و شوێنەکانی دیکەیە بۆیان…. ئێمە دەست لەکاروباری شەخسی و شارەکەو هیچ شتێکی تر وەرنادەین، بێ بڕیار و ڕازیبوونی ئەوان. بۆ ئەمەش، ئێمە داوامان لێکردن کە” ماڵی گەل”لە تەلکۆچەر لە هەموو گەڕەکێک و شەقامێکدا، لە خۆیان دامەزرێنن و بەخۆیان بڕیاری ژیانی خۆیان بدەن و چییان پێویستەو چییان پێویست نییە ئاگەدارمان بکەنەوە…… تەنها ئەوەندەمان پێوتن کە داخوازییەکانیانمان، پێبڵێن تاکو ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت ، بۆیان بکەین…..ئێستا ئەوان “ماڵی گەلی” خۆیان هەیە، لیژنەیان بۆ هەموو شتێک ڕیکخستوە و کاری لەسەر دەکەن….ئێمەش بە کردەوە سەلماندمان کە جیاوازی لە نێوانی هیچ زمان و ڕەگەز و نەتەوەو دینێکد،ا ناکەین، هەر بۆیەش هەر زوو کە ئەوانەشی شاریان بەجێهێشتبوو گەڕانەوە ناو شارو ئێستا ١١٥٠ ماڵ لەم شارەدا دەژین…تەلکۆچەر کە ژمارەی گوندەکانی، کە سەربەئەون، ١١٦ گوندن بە بێ گرفت ، بەسەربەستی دەژین و کاروباری خۆیان بەڕێدەکەن…. ئەوەندە متمانەمان پێدەکەن کە لە دووری ٤٥ کیلۆمەترەوە هەر سەیارەیەکی غەیرە بێتە ئەم ناوچەیەوە بێ موقابیل خەڵکی ناوچەکە ، ئاگەدارمان دەکەنەوە…..ئەمە جگە لەوەی کە کەسانی عەرەب، لە هێزەکانمانا بەشداریدەکەن… ” ( ئێمە خۆشمان بە چاوی خۆمان بڕێک لەو ڕاستییانەمان بینی کە تەواوی ئەو خەڵکانەی مەتبەخەکەیانیان لە تەلکۆچەر دەبرد بەڕێوە، هەندێکی دیکەشیان کە کاریان چایی لێنان، بوو، کە حەساسترین شوێنن، عەرەب بوون و لەوێدا کاریان دەکرد و متمانەی تەواویان پێکرابوو)
نکوڵی لەوە ناکرێت کە لە دەستپێکردنی ڕاپەڕینەوە تاکو ئێستا پەیەدە و سەرانی پەیەدە ، زۆر بە وردی بارودۆخی ناوخۆی سوریایان لە هەموو بوارەکاندا هەڵسەنگاندووە، ئەوان دەزانن کە سوپای ئازادی سوریا کە تێکەڵەیەکی هەمە لایەنەیەو هەڵوێستیشیان سەبارەت بە کێشەی کورد لە هەڵوێستی ڕژیـم چاکتر نییە، بۆیە خۆجیاکردنەوە لێیان و گرتنەبەری سیاسەتی “نە دۆست و نە دووژمن” لەگەڵیاندا، تا ڕادەیەک، ڕاگرتووە. هاوکاتیش ئەو ڕاستییەش دەزانن، کە هەڵوێستی ڕژێم لە مەسەلەی کورد لەوێ، خراپە، لەبەر ئەم هۆیەش نایانەوێت لەم کاتەی ئێستادا نزیکبوونەوەو هاوکاری لەگەڵیاند، بکەن ، چونکە کردنی ئەمە یانی ڕوتبوونەوەیان لە جەماوەر و دۆڕاندنی پرسەکەیان.
لە سەرانسەری کانتۆنی جەزیرەدا هێزی سووپای سوریی لە شاری حەسەکە، نیوەی شارەکەیان بەدەستەوەیەو لە شاری قامیشلۆش ٦ بۆ ٧ هەزار کەس لە هێزی ڕژێم هەیە کە ٢ هەزاریان ئاسایشن و ئەوانەی دیکەشیان هێزی سەربازین.
ئەو هێزەی ڕژێم کە لە قامیشلۆیە، پانتاییەکی زۆر زۆر بچوکی ناو سێنتەری ” قامیشلۆ” یان، بە دەستەوەیە کە پێی دەڵێن ” مورەبەعی ئەمنی” . ئەم هێزەش فڕۆکەخانەی قامیشلۆ ۆ دایەرەی بەرید و پۆست لە تەك بەشێك لە کارەبایان بەدەستەوەیە. هەروەها لەم ” مورەبەعە ئەمنییە”دا هەموو دەزگە خزمەتگوزارییەکان و دەزگە سیخوڕییەکانیان، دروستکردۆتەوە، ئەمە لە کاتێکدا، بێ لە خەڵکێکی زۆر زۆر کەمی شارەکە، کە پەیوەندی پتەویان بە ڕژێمەوە هەبووەو و هەیە ، موراجەعەی ئەو دەزگانەی ئەوان دەکەن ، کەسانی دیکە نایکەن. . ئەم هێزەی ڕژێم لە دەرەوەی ئەو شوێنە بچوکەی کە لێی کۆبوونەتەوە، بێ لەو سێ شوێنەی کە پێشتر ناوم هێنان لە تەك نیوەی شاری حەسەکەدا، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیان نییە و هەموو جەزیرە لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئاسایش و یەپەگەو یەپەژەدان .
دووژمنەکانی پەیەدە و هێزەکانی ئۆپۆزۆسوێن مانەوەی ئەو “مورەبەعە ئەمنییە” و دانی موچە لە لایەن ڕژێمەوە بە کرێکاران و کارمەندە پێشووەکانی دەوڵەت ، بە خیانەتکردن لە پرسی کورد ، دەزانن و پەیەدە بەوە تاوانبار دەکەن کە گوایە ئەوان هاوکاری ڕژێمن و بەشێکن لێی. من بەشبەحاڵی خۆم باوەڕم بەم پڕوپاگەندەیە نییەو ناتوانم بڕوا بهێنم کە پەیەدە و باڵە سەربازییەکانیشی هیچ جۆرە هاوکارییەکی بناغەییان لەگەڵ ڕژێم داهەبێت، بەڵام ڕەنگە جۆرێک لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوانی ئیدارەی خۆجێی جەزیرە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ” مورەبەعە ئەمنییە”دا، هەبێت، بەتایبەت لە کاتی ڕوودانی کێشەیەکدا، کە بەڕای من ئەمە کارێکی خراپ نییەو جۆرە تاکتیکێکە کە لە خزمەتی خەڵکی جەزیرەدایە.
ئەم سیاسەتەی کە لە جەزیرەدا پیادە دەکرێت بە سوودێکی زۆر گەورە بۆ هاووڵاتیانی کانتۆنی جەزیرە گەڕاوەتەوە کە بە هێڕشکردنە سەر ئەو ” مورەبەعە ئەمنییە” و دەستبەسەراگرتنی، لەبەر ئەم هۆیانە، بە زیانی دانیشتوانەکەی دەگەڕێتەوە: یەکەم: دروستکردنەوەی شەڕ و گەڕانەوەی لەشکری ڕژێمە کە دەبێتە نانەوەی پشێوییەکی زۆرو کوشتن و ماڵکاولی و ڕەوکردنی خەڵکی و وێرانکردنی ئۆفیس و ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون، لە لایەکی دیکەشەوە کردنەوەی دەرگایەکی گەورەیە بۆ هێزە تیرۆریستەکان و لەشکری ئازادی سوریی، ڕوودانی ئەمەش دوور نییە بە لەدەستدانی کانتۆنی جەزیرە، کۆتایی نەیەت. دووهەم : تا ئەو کاتەی ئەو هێزە کەمەی سوریی لەو مورەبەعە ئەمنییەدا بن، شەڕو بەیەکدادان لە نێوانی هێزەکانی( بەرگری گەل)،یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش و سوپای دەوڵەتدا، نابێت و ڕژێمیش بەردەوامدەبێت لە پێدانی موچە بە موچەخۆران، هەروەها ئابڵوقەی ئابووریشیان ناخاتە سەر، کە ئەمەش یانی بژێویەکی باشتر بۆ خەڵکی و کەمکردنەوەی ئەركە لەسەر پەیەدە لە دابینکردنی ژیانی خەڵکانی مووچەبڕاودا. سێهەم: لەم بارودۆخەدا دەلاقەیەک ناکرێتەوە بۆ هێزە نەیارەکانی کورد و مەسیحییەکان و یەزیدییەکان ، لە نانەوەی پشێوییەکی زیاتر و جێ بەجیکردنی ئەجەندە شارەوەکانیان. چوارەم: لە دۆخێکی ئاسایشیی ئاوادا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش ، باشتر دەستیان دەپەرژێت هەم لە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر بە هێزەکانی ڕژێم لە حەسەکە و هەم بە کۆمەککردنیشیان بە هێزەکانی خۆیان لە کۆبانی و لە عەفرین ، گەر پێویست بکات.پێنجەم: پتەوکردن و چەسپاندنی خۆیان و هێزیان بە زیاتر کارکردن لەسەر ڕۆحی تەبایی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەمی دانیشتوانی جەزیرەدا و دروستکردنی بڕوا و متمانەیەکی زۆرلای ئەوان، تا ڕادەی ئەوەی لەم بارەیەوە کە هێزێکن بەراورد ناکرێن نەک هەر بە ڕژێم و سەردەمی پێشتر، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمیشدا، لە بەڕیوەبردنی ژیانی خەڵکەکەیان و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان لە تەك ئازادی و ئاسایش و جۆرێك لە دادپەروەری.
بێ گومان ئەوە نەبێت هەر لەهەبوونی سیاسەتی “نە ئاشتی و نەشەڕ” هەر پەیەدە سوودمەند بووبێت، بەڵکو ڕژێمی ئەسەدیش، سوودمەند بووە. بۆ نموونە ڕژێم لە نەمانەوەی لەشکرەکەی لە سەرانسەری جەزیرە بێ لە مورەبەعە ئەمنییەکەی قامیشلۆ و نیوەدەسەڵاتی ڕژێم بەسەر شاری حەسەکەدا، خەرجییەکی زۆری لەم سیاسەتەدا، بۆ گەڕاوەتەوە ،ئەمە جگە لەوەی کە توانیوێتی بیانگوێزێتەوە بۆ ئەو بەرە جەنگییانەی کە پێویستی کردووە کە وەکو لەشکرێکی یەدەکی لەو شوێنانەدا، بەکاری هێناون. لە لایەکی دیکەوە ڕژێم ئیدی پێویستی بەبەرگریکردن لەوسێ کانتۆنە، لە ڕوبەڕوبوونەوەی هێزە نەیارەکانیدا بە هێزی تورکیشەوە، نییە، چونکە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش بۆ داکۆکیکردن لە خاك و هاووڵاتیان، بە خوێنی خۆیان دەیانپارێزن.
بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە و مانەوەی بارودۆخەکە بەلانی کەمەوە لەم وەختەی ئێستادا ، بە قازانجی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا دەگەڕێتەوە. هەمووشمان دەزانین گەر زروفەکە لە قازانجی پەیەدەو خەڵکی لەو دەڤەرەدا،نەگەڕێتەوە، لەشکری سوری، بە ئاسانی دەتوانێت بێ پێویستبوون بە هاوکارییەکی کاریگەرانەی ئەو هێزەی کە لەو مورەبەعە ئەمنییەدا هەیە، بگەڕێتەوە ناو جەزیرە. خۆ ئەگەر بارودۆخەکەش لە بەرژەوەندی خەڵکی ڕۆژاوا گەڕایەوە، ئەوە ئەو کاتە ئەوانەی لەو مورەبەعە ئەمنییەدا هەن بێ بەرگری،بە چەکەکانیانەوە دێنەوە ناو ڕیزەکانی خەڵکەکەوە.
درێژەی هەیە
نامەیەكی كراوە بۆ ڕێكخستنە ئەناركیستییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیھان دەربارەی جامی جیھانی تۆپیپێ لە برازیل
نامەیەكی كراوە بۆ ڕێكخستنە ئەناركیستییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیھان دەربارەی جامی جیھانی تۆپیپێ لە برازیل
بەر لەوەی كە جامی جیھانی (تۆپیپێ)ی ٢٠١٤ لە برازیل ئەنجامبدرێت، ناڕەزایەتیی بەرفراوان دژی سەریانھەڵداوە. دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە سەرۆككۆماریی خاتوو (دیلما روسف) ئەو ناڕەزایەتییانەی سەركوتكرد. (ڕوسف) كە بەخۆی لە دەھەی حەفتای سەدەی رابوردوودا چریكێكی چەپڕەو بوو و دژی دیكتاتۆری سەربازیی تێدەكۆشا، ھەنووكە كە بەدەسەڵات گەییشتووە و فەرمانی بێچەندوچوونی بە ھێزەكانی بڕازیل داوە، كە ھەر جۆرە ناڕەزایەتییەك لە ماوەی بەرپاكردنی (جامی جیھانی)دا بەتوندی كپبكەنەوە.
لەم بارەوە شەش ڕێكخستنی ئەناركیستی برازیل نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی ڕێكخستنە ئەناركیستییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیھان كردووە، كە لە خوارەوە دەقی نامەكە بۆ كوردزمانان وەرگێڕدراوە.
و. لە فارسییەوە: ھەژێن
٢ی جونی ٢٠١٤
فیفا بەرپاكردن و بەڕێوەبردنی جامی جیھانی (تۆپیپێ)ی ٢٠١٤ ڕاسپاردەی بڕازیل كردووە. لەم ساتانەدا كە ئەم نامەیە دەنووسرێت، ٢٥.٦ ملیارد ڕیال یەكسان بە ١١.٥ ملیارد دۆلار بۆ بەرپاكردنی ئەم خولەی جامی جیھانی خەرجكراوە. لە سەدا ھەشتا و سێ ( ٨٣%) ئەم بڕە پارەیە لە خەزێنەی گشتی و باجی ھاووڵاتیان دابینكراوە. ئەمە لە كاتێكدا كە لایەنیكەمی كرێ لە برازیل ٧٢٤ ڕیال یا ٣٢٥ دۆلارە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تیكتێك بۆ ھەزار دۆلار ھەیە. كرێكارانی برازیل ھەزێنەی جامی جیھانییان دابینكردووە، بەڵام ناتوانن تێیدا بەشداریبكەن. لە ڕاپۆرتێكدا كە لەم دوایانەدا بڵاوبووەتەوە، نیشانیدەدات، كە (٧٥.٨%)ی خەڵكی برازیل دژی سەرمایەگوزارییكردنن لە جامی جیھانی (تۆپیپێ)دا.
یونیسكۆ ڕایگەیاند، كە لە برازیل ٣.٧ ملیۆن منداڵ لە فێرگە بێبەشن و ١٠% گەورەساڵان بە نەخوێندەواری گیرۆدەن. دەوڵەت بڕیاریداوە لە ماوەی بەرپاكردنی (جامی جیھانی)دا فێرگەكان پشووبدەن [دابخرێن]، ھەروەك ئەوەی كە لەم بوارەدا كەموكڕی بوونی نەبێت. ئێمە لە وڵاتێكدا دەژین، كە ٢٤٢٠٠٠ خێزان لە ئەلەكتریك [كارەبا] بێبەشن. لە وەھا وڵاتیكدایە بتی تۆپیپێ كە بە “دیاردەی” ڕوناڵدینۆ ناودەبرێت، لە بەرانبەر چاوەڕوانی خەڵكدا گوتی “بە نەخۆشخانە دروسكردن ناتوانرێت جامی جیھانیت ھەبێت” .
باری ئابووریی ھەنووكەی برازیل زۆر خراپە. ئەمە لە كاتێكدا كە برازیل دارای بەرزترین ڕادەی باجگیرییە، ٥٠% داھاتی ناپوختەی نێوخۆیی دەكرێتە ھەزێنەی دانەوەی قەرزە گشتییەكان، بەڵام نیوەی سامانە بەرھەمھاتووەكان دەچنە گیرفانی چەند بانكدارێكەوە. گەندەڵیی دەوڵەتی و بەڕێوەبەرایەتی خراپ، بەسەر سەرپایای بەرژەوەندییە گشتییەكاندا زاڵبووە.
پرسەكە تەنیا خەرجكردنی ھەزێنە سەرسوڕھێنەرەكان نین بۆ جامی جیھانی تۆپیپێ، زۆرێك لە مافە سڤیلییەكان لەپێناو ئەوەدا پێشێلكراون. ھەڵبەتە وەھا كەتوارێك شتێكی تازە نییە، چونكە برازیل دارای پۆلیسێكە كە بەوپەڕی ھێزەوە سەربازییە و چەندین جار نێوەندە نێودەولەتییەكانی وەك لێبوردنی نێونەتەوەیی و تەنانەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوازیاری ھەڵوەشاندنەوەی (PM) یا پۆلیسی سەربازیی برازیل بوون.
دەوڵەت پۆلیسی سەربازیی بەرپرسكردووە، تاوەكو خەڵكی ھەژار كە لە دەوروبەری یاریگەكەدا دەژین، چواردەوریان بدەن. دەوڵەت بۆ ئەم پرسە یارمەتی لە ھێزی سەربازی وەرگرتووە. ھەڵبەتە ھێزەكانی پۆلیس و سوپا بۆ ئاساییشی خەڵكی نەھاتونەتە بوون، بەڵكو دەیانەوێت پارێزگاری لە گەشتیاران و تەماشاكەران بكەن. بۆ نموونە كۆمەڵەی وەرزشی “دا مارە” لە ئێستادا لەلایەن ٢٥٠٠ كەس لە ھێزەكانی پۆلیسی سەربازی و سوپا و ھێزی دەریاییەوە دەورەدراوە. فیفا و دەوڵەتی برازیل تەنانەت مافی نیشتەجێبوونی خەڵكیان پێشێلكردووە و ھەزاران خێزانیان لە (تەنەكەئاوا)كان دەرپەڕاندووە. ھەندێك لەو خێزانانە وەك Aldeia Maracanã دژی دەركردنیان بەرھەڵستیانكرد و بە توندوتیژی لە شوێنی ژیانیان دەرپەڕێنران.
ھەروەھا بۆ ئێمە كە لە چوارچێوەی دەوڵەتی “دێمۆكراتیك”دا دەژێن، سەرسوڕمێنەر نییە، كە سەربازان برژێنە پێگەیەكی لەباری دروستكردن لە دڵی ئامازۆندا (Belo Monte) و ناڕەزایەتی نیشتەجێییان دژی چێكردنی بەنداوێك تێكبشكێنن.*
لەبیرمانەچێت كە ١٢ كرێكار لەپێناو دروستكردن و ئامادەكردنی یاریگەكە لە كاتی خۆیدا گیانیان لەدەستدا. لەیادمانبێت كە فورومی سەرتاسەری بەرگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی كری مندالان ڕایگەیاندووە، كە نیو ملیۆن كەس لە منداڵان لە داوی سێكسرۆشیدان. جامی جیھانی تۆپیپێ تەنیا چارەڕەشی زیاتر بۆ ئەم منداڵانە دەھێنێت.
زۆرێك لە ئێمە دەڕژێینە شەقامەكانەوە و لە دژی بار و دۆخی ھەنووكەیی ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام دەوڵەت كە لە پشتیوانی ڕاگەیاندنە پانوپۆرەكان بەھرەمەندە، ھەوڵدەدات ئێمە بە تاوانبار نیشانبدات، تاوەكو بتوانێت زیاتر سەركوتگەریی بكات. ڕێكخستنە نادەوڵەتیی و ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان چەندین جار توندوتیژییەكانی دەوڵەتیان خستوونەتەڕوو، بەڵام تا ھەنووكە سەرەنجامێكی نەبووە.
دەوڵەت و دەزگە كارگێڕییە جۆروجۆرەكانی ھەرگیز وەڵام بە داخوازییەكانی خەڵك بۆ دابینكردنی تەندروستی، خوێندن و سەرپەنا و كار نادەنەوە. ئەوەی لەم زەمینانەدا ھەمانە، تەنیا بەرەنجامی تێكۆشانی یەكگرتووانەی خۆمانە.
تكایە نامەكەی ئێمە وەربگرن، زانیارییەكانی بە زۆرترین كەس بگەیێنن. كۆمەكمان بكەن، تاكو بە ھەموو جیھان نیشانبدەین، كە دەوڵەت و فیفا و پشتیوانانی جامی جیھانی، دەستیان لەنێو دەستی یەكدی ناوە، بۆ ئەوەی كەتواری ڕووداوەكان بشارنەوە.
ناوی ڕێكخستنەكان :
Fenikso Nigra
Boletim Operário
Liga Sindical Operária Camponesa
Danças das Idéias
Caos em Fluxo
Barricada Libertária
نامه سرگشاده به تشکلات آنارشیستی و مردم جهان در بارەی جام جهانی فوتبال در برزیل
نامه سرگشاده به تشکلات آنارشیستی و مردم جهان در بارەی جام جهانی فوتبال در برزیل
پیش از آن که جام جهانی فوتبال ۲٠١۴ در برزیل انجام گردد، اعتراضات گستردەای علیه آن صورت گرفتند. دولت این کشور به ریاست جمهوری خانم دیلما روسف آن ها را سرکوب نمود. روسف که خود در دهەی هفتاد میلادی سد.ەی پیش چریکی چپ گرا بود و علیه دیکتاتوری نظامی مبارزه نمود، اکنون که به قدرت رسیده به نیروهای انتظامی و نظامی برزیل دستور اکید داده است که هر گونه اعتراضی را در طی برگزاری جام جهانی به شدت خفه کنند. شش تشکل آنارشیستی برزیل نامەای سرگشاده به تشکلات آنارشیستی و مردم جهان نوشتەاند که در زیر برای فارسی زبانان ترجمه می شود.
نادر تیف
١٢ / ٣ / ١٣٩٣ – ٢ / ۶ / ٢٠١۴
فیفا برگزاری جام جهانی فوتبال ٢٠١۴ را به برزیل محول کرده است. در لحظاتی که این نامه نوشته می شود ۶ / ۲۵ میلیارد رئال برابر با ۵ / ١١ میلیارد دلار برای برپایی این جام خرج شده است. هشتاد و سه درصد این مبلغ از خزانەی عمومی و مالیات شهروندان تأمین شده است. در حالی که دستمزد حداقل در برزیل ۷٢۴ رئال یا ٣٢۵ دلار است، قیمت بلیت می تواند به هزار دلار برسد. کارگران برزیل هزینه های جام جهانی را تأمین کرده اند اما نمی توانند در آن شرکت نمایند. گزارشی که اخیراً منتشر شده نشان داد که ٨ / ۷۵ % مردم برزیل مخالف سرمایه گذاری های هنگفت در جام جهانی فوتبال هستند.
یونسکو اعلام کرد که در برزیل ٧ / ٣ میلیون کودک از مدرسه محروم هستند و ١٠ % بزرگسالان از بیسوادی رنج می برند. دولت تصمیم گرفت تا مدارس در طی برگزاری جام جهانی تعطیل گردند، گویی اصلاً کمبودی در این زمینه وجود ندارد. ما در کشوری زندگی می کنیم که ٢۴٢٠٠٠ خانواده به نیروی برق دسترسی ندارند. در چنین کشوری است که بت فوتبال که «پدیده» ی رونالدینو نامیده می شود در انظار عمومی گفت:«با بیمارستان سازی نمی توان جام جهانی داشت.»
وضعیت اقتصادی کنونی برزیل بسیار بد است. در حالی که برزیل دارای بالاترین میزان های مالیات گیری است، ۵٠ % درآمد ناخالص داخلی هزینه ی بازپرداخت وام های عمومی می گردد. مردم از گرسنگی می میرند، اما نیمی از ثروت های تولید شده به جیب چند بانکدار می ریزند. فساد دولتی و مدیریت بد منابع عمومی فراگیر است.
مسئله فقط صرف هزینه های سرسام آور برای برگزاری جام جهانی فوتبال نیست، بسیاری از حقوق مدنی برای آن لگدمال شده اند. البته چنین واقعیتی تازگی ندارد، چرا که برزیل دارای پلیسی است که قویاً نظامی است و بارها نهادهای بین المللی همچون عفو بین الملل و حتا سازمان ملل متحد خواستار انحلال PM یا پلیس نظامی برزیل شده اند.
دولت پلیس نظامی را مؤظف نموده است تا شدیداً مردم فقیری را که پیرامون استادیوم ها زندگی می کنند احاطه نماید. دولت از نیروی ارتش برای این امر یاری گرفته است. البته نیروهای پلیس و ارتش برای امنیت مردم بسیج نشده اند، بلکه می خواهند از گردشگران و تماشاگران محافظت کنند. برای مثال مجموعه ی ورزشی «دا ماره» هم اکنون در اشغال ٢۵٠٠ تن از نیروهای پلیس نظامی، ارتش و نیروی دریایی است. فیفا و دولت برزیل حتا به حق مسکن مردم تعرض کرده اند و هزاران خانواده را از حلبی آبادها بیرون نموده اند. برخی از این خانواده ها مانند بومیان Aldeia Maracanã علیه اخراج خود مقاومت کردند و با خشونت از محل زندگی اشان بیرون رانده شدند.
البته برای ما که در چارچوب دولتی «دمکراتیک» زندگی می کنیم شگفت آور نیست که نظامیان وارد نیروگاهی در حال ساخت در قلب آمازون (Belo Monte) شوند و اعتراضات بومیان را علیه ساخت سدی درهم بکوبند.
فراموش نکنید که دوازده کارگر برای ساخت و ساز سروقت استادیوم های فوتبال جهت برگزاری جام جهانی جان خود را از دست دادند. از یاد نبرید که فوروم ملی پیشگیری و لغو کار کودکان اعلام کرده است که نیم میلیون نفر از ایشان در چرخه ی روسپی گری قرار دارند. جام جهانی فوتبال تباهی بیش تری برای این کودکان همراه خواهد داشت.
بسیاری از ما به خیابان می آییم و علیه وضعیت موجود اعتراض می کنیم، اما دولت که از حمایت رسانه های بزرگ برخوردار است تلاش می کند ما را تبهکار جلوه دهد تا بتواند به سرکوب بیش تری دامن بزند. تشکلات غیردولتی و سازمان های بین المللی بارها خشونت های دولتی را افشاء و محکوم کرده اند، اما تاکنون نتیجه ای نداشته است.
دولت و نهادهای اداری گوناگونش هرگز به خواسته های مردم برای بهداشت، آمورش، مسکن و کار پاسخ نمی دهند. آن چه ما در این زمینه ها داریم نتیجه ی مبارزات متحد خودمان است.
نامه ی ما را دریافت کنید، اطلاعاتش را با بیش ترین اشخاص در میان بگذارید. به ما یاری رسانید تا به جهانیان نشان دهیم که دولت، فیفا و اسپانسرهای جام جهانی دست به دست هم داده اند تا واقعیات را پنهان کنند.
Fenikso Nigra / Boletim Operário / Liga Sindical Operária Camponesa / Danças das Idéias / Caos em Fluxo / Barricada Libertária

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.