ئەفسانەی سروشت و واقیعی شار

شاخەوان عەلی

22/05/2021

لە نەستی مرۆڤی هاوزەمانماندا، لە ڕوانگەی ئەفسانەی شارەوە، فۆبیایەک چێنراوە لەبارەی سروشتەوە، وەک وەحشەت و ئاشوبێکی گەورە تێگەیەنراون، کە تیایدا سەرما و گەرما و کارەساتی سروشتی و ململانێی سەختی ژینگەیی هەیە، یاسای دارستان و هێز و دڕندەیی حوکم دەکات، پڕە لە مار و دوپشک و ئەسپێ و کرم و قالۆنچە، شوێنی دواکەوتوویی و لادێیبوون و جەهل و نەزانیە.. خوڵقەتی مرۆڤ بەجۆرێک دەستکاری کراوە، ماڵی ڕاستەقینەی خۆیی لێ کراوەتە غوربەتێکی ترسناک. لە شەوی نوتەک دەترسێت، نەک لەو پیسبوونە ترسناکەی کە بۆ ڕوناکی فەنەرەکان ملیۆنان ماشێنی بەرهەمهێنی ژەهر ئیش پێدەکرێ، هەڵپەی مرۆڤ بۆ سەنتەری بە چیمەنتۆ سواغدراوی شارەکان پاڵەپەستۆی دروست کردووە، دەترسێت تەنانەت ئەگەر بکەوێتە گەڕەکەکانی کەناری چیمەنتۆ و قیر و هەرا و زەنا و پیس و پۆخڵی شارەوە..

دەترسێت بزانێ پۆڵکە و کنگر و پەڵپنە چیە، نەکا تێرمینی جەهل و دواکەوتوویی بەسەرا بسەپێ، کەچی بێ ترس سەری خۆی دەهاوێتە ناو ئەو موعەلەبە ژەهراویانەی مارکێتەکانی لێ تەژی کراوە، تەنانەت کار بەو ڕادەیە گەیشتووە سڵ لە گڕەو تیشکی خۆر بکەنەوە، نەک لەو هەوایەی کە بە ژەهری میسان و کاربۆن و قوڕقوشم بۆی سازگار دەکرێ..

ئەوەی تۆقێنەرە شارە، یاسا چەوسێنەرەکانتێتی، داهێنانە ژەهراویەکانێتی، قەتارەی ماشێن و کارگەکانی بەرهەمهێنانی ژەهری ترسناکن، چ مار و دوپشک و ئەژدیهایەکی حەوسەری ئەفسانەیی بەهێندەی واقیعی سەرمایەگوزاری بەدڕەوشتی شارەکان ترسناکە؟ تۆ ماڵت لای جبەخانەی باروتی سەربازەکان بێت، شەرمە لە هەورەبروسکە زەندەقت بچێ. تۆ کە بین بە شەربەت و پیپسی کۆلای ساختەوە دەێیت و ناترسی، چی وایکردووە جورئەت نەکەی لە کانیاوەکان بخۆیتەوە؟

پێویستە کاتێکی زۆر بەخۆت بدەیت تا ئەو هەموو تۆز و گەردەی سەر چاوانت دەسڕیتەوە و ئەو ڕاستیە ببینی کە بە چ ئەندازەیەک نامۆکراویت و ڕاستی و ناڕاستیت لێ ئاوەژوو کراوە.

ماوەیەکی زۆرە، هێندەی بۆم کرابێت خۆم لە پەتا و ژەهری شار دوور ڕاگرتووە، هەستدەکەم لە ماڵەوەم.

ماندوویەتیەکی زۆررر.. بەڵام چێژێکی زۆر.. لەبەر کار و دەستم لە خاکدا، زۆر نامپەرژێتە سەر بەکارهێنانی مۆبایل و تەکنیکەکانیش، لەم نزیکانە خانووی چۆڵی زۆر لێیە، هی ئەو خەڵکانەی جار جار بە ترسەوە دێن و بە پەلە چەند شیشێک گۆشت دەبرژێنن و نەرمەقوتی دەکەن و لێی هەڵدێنەوە ڕووە و شار.

بەجۆرێک ڕاهاتوومەتەوە لەگەڵ ئەم ماڵە ڕاستەقینەی خۆمدا، کە ئاستەمە بتوانم بەرگەی ژیانی شارەکان بگرمەوە، ئەزانم سەختە، ئەوەشی زۆر سەختی کردووە، ئەوەیە کە لەم ڕەوتەدا تەنهام.. قەلەندەرێکی تەواو.. ئەم ناوە هەموو شتێکی لێیە و مرۆڤ نەبێ، شەمەترێنکە و ژیژک و قەلەباچکە و کۆترە گاپەل و بەیبون و گوڵە خەزێم و کنۆڕ.. ئاوەدانیەکی ئێجگار گەورەی باڵندە و دار و درەخت و گژوگیا، ئەوەی لێرە نیە، ئەو مرۆڤانەن کە پێویستە لێرە بن، ئەگەرچی من لە سەدەیەک زیاتری پێش خۆم دەژیم، بەڵام ئەو مرۆڤانەی لێ نیە کە لەسەدەیەک پێشتر هەبوون.. ئەوانەی دڵساف و هاوسۆز و وەفادار بوون، ئەوانەی پێکەوە بەهەرەوەزی کارەکانیان دەکرد، ناو سروشت بۆ مرۆڤی تەنها تاقەت پڕوکێنە، چەند باش بوو کۆمەڵێ مرۆڤ لەم نزیکانە بوونایە، پێکەوە کارمان بکردایە و پێکەوە پشوومان بدایە، لە گویسەبانەکانەوە کاسە هاوسێمان ئاڵوگۆڕ بکردایە، شەوچەرە و گاڵتە و گەپی ئێوارانی بەر ئاگردان بیتریقاندینایەتەوە، لەبەر مانگەشەو یان جریوەی ئەستێرەکاندا گۆرانیمان بگوتبا، بەدیار چیرۆکی دڵداریە جوانەکانی لاوانی دێ وە حەسرەتزەدە بین، خۆزگە ژیان بەجۆرە ڕەسەنەکەی دەستی پێدەکردەوە، ژیان بێ حیزب و مشەخۆری سیاسی، بێ ژەهری ماشێنەکان، بێ شێواندنی جوانیەکانی سروشت، بێ پەڵپ و پارە، بێ چاوچنۆکی، بێ لاف و گەزافی بۆینباخ لەملەکان، بێ فەرمانبەرە وەڕزە کۆیلەکراوەکان، بێ ئاین و ئایدۆلۆژیا خوێناویەکان.. سروشت خۆی باشترین قوتابخانەیە، ڕامان لە هێلانەی پەرەسێلکەیەک لە قۆزاخەی کرمێک، وانەیە نەک تێڕامان لە باڵەخانەی هەوربڕی پڕ لە مرۆڤی خەسیوی شارەکان، ئێرە دەرمانخانەیەکی گەورەیە، نەک کۆگاکانی ساغکردنەوەی حەبی ئیکسپایەر و کیمایی بیمارستانی شار، فارماسۆلۆژی ئەوەتا لەناو ئەو ڕووبەرە سپیەی بەیبوندا، بایەلۆژیا لە ڕوانینی ئەوەوەیە کە ئێستا وەرزی جوتبوونی کیسەڵ و ژیژکەکانە، جیۆلۆجیا لەناو ئەم بەردانەدا تۆمارە، نەک لەو محازەرەیەی کە باوێشک دەدەی بەدیار ئوستازێکی بێ سەوادەوە..

شەکەتی کارم و پێی ڕاناگەم.. بەڵام بە بیماریە دەرونیەکانیش ڕاناگەم، بە هەڵمژینی ڕەساس و دوکەڵی پیسی شاریش ڕاناگەم.. دەزانم دوری خستوومەتەوە لە ئازیزانم، کەمتەرخەمی کردووم… ئەو ئازیزانەی کە پێویستە شەو و ڕۆژ لە تەکیان بم، بەڵام دەی دوورم لە جمەی حەشاماتێکی دەبەنگ و عەقڵ خەسیوی گەورەی شاریش..

لە پاش قۆناغی سروشتی ژیانی مرۆڤ، شارەکان گەورەترین تەڵە بوو کە مرۆڤی تێکەوت، کرایە هیۆمان زوو (باخچەی بەشەری-لەجێی باخچەی ئاژەڵان) مرۆڤ، وەک ئاژەڵەکانی باخچەی ئاژەڵان، وا قەناعەت پێکراوە کە لە باخچەی شار و دەوڵەت و سیاسەتبازیدا بەکەرامەتەوە دەژینرێت، بێ ئاگا لەوەی کە ژیانی لێ زەوتدەکرێ، کە بەسەر ژیان و ڕەنجیەوە تاڵان و مشەخۆریەکی شکۆشکێنەرانە دەکرێت.

ئەم ژیانە هی منە، بە مادوویەتیەکەشیەوە، مەحکومم بەوەی سەرما و گەرمای ماڵی ڕاستەقینەی خۆم قبوڵ بکەم، ئەوە درۆی خاوەن باخچەمرۆییەکانە، کە باخچە گەورەکەی سروشتی لێکردوویت بە دێوەزمە، ئەگینا… گەورەترین چێژ و دڵنیایی لە سروشتدایە. ئێمە لەو قەلمراوانە دەچین کە ساڵانێکە لە بیاباندا ڕادەهێنرێین و مەلەیان بیرچۆتەوە، لە ئەسپی سێرکەکان دەچین کە بیری نەماوە چۆن بە یەرغە و چوارناڵە غاردانی دەکرد، مرۆڤ لە شاردا لەمرۆڤبوون خرا، بەو هۆشە بیمارەیەوە، زەحمەتە لەوە تێبگا چەندە دڵارایە ژیانی ناو سروشت.

ئامارەکان و بەڵگەکان وەکو سوودی کۆرۆنا بۆ دەوڵەمەندەکان:

23/05/2021

ئامارەکان و بەڵگەکان وەکو سوودی کۆرۆنا بۆ دەوڵەمەندەکان:

ڕۆژانە ئامار و بەڵگەی زیاتر دەردەکەوێت کە ئافاتی کۆرۆنا زۆر سوودمەندبووە بۆ کۆمپپانیا و سەرمایەدارەکان تا ئەو ڕادەیەی کە لە ماوەی تەنها ساڵێكدا بڕی داهاتی ئەو کۆمپانیا و ساماندارانە ئێکجار سەرکەوتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی ڕۆژی شەمە، 22/05/21  هەر لە بریتانیادا 24 کەسی دیکە لەو ساڵەدا  بوونە ملیارددەر بەمەش ژمارەی ملیارددەرانی بریتانیا ئەمساڵ لە سای کۆرۆنادا گەیشتە 171 ملیارددەر .  ئەمەش یانی گەورەبوونی کەلێنی نێوانی هەژاران و سامانداران، یانی بەرزبوونەوەی  ژمارەی هەژاران لە بریتانیا، یانی کەمبوونەوەی داهاتی فیعلی بەشەکەی دیکەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە و زیادبوونی خەڵکانی بێ خانووبەرە و دروستبوونی فشاری زیاتر لەسەر خێزانداران تاکو فشاری کار لەسەر خۆیان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژین. هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوانی 2016 و 2018  لەسەدا 40ی دانیشتوانی بریتانیا پاشەکەوتیان سفر بووە، هیچ پاشەکەوتێکیان نەبووە.  

ئەو وێنانەی سەرەوە هەندێك لە دەوڵەمەندەکانی بریتانیان .  دەوڵەمەندترین کەسیان Len Blavatnik  کە لە ئەسڵدا خەڵکی ئۆکرانیایە، کە شوورەوی هەڵوەشایەوە، لە هەڕاجکردنی موڵک و سامانەکانی دەوڵەتا ئەمیش پشکی خۆی بەرکەوت لە کۆمپانیای وزە و ئەلەمنیوێمەوە دەستیپێکردووە و دواتر هاتۆتە بریتانیا، ئاڵاوە لە بزنسی میوزیکەوە  . ئەم کابرایە سامانەکەی بە بڕی 7.2 ملیار پاوەندە هەر بە تەنها لە ساڵی 2020 سەرکەوتووە بۆ 23 ملیار پاوەند.

لە بریتانیا 9 سەرمایەداری دیکەش بڕی داهاتیان بە شێوەیەکی خەیاڵی لە ساڵی 2020 دا سەرکەوتوە . ئەم کابرایە بە بەردەوامی بەرتیلی داوە کە لە وڵاتانی ” دیمۆکراتی ” ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەم بەرتیلە پێی دەڵێن “تەبەڕوع” ، لەو کەسانەی کە پارەی پیداون دۆناڵد ترامپ بووە کە 1 ملیوێن دۆلاری پێداوە.

ئەمەی خوارەوە لیستی ئەو 10 ساماندارانەی بریتانیان.  ژمارەی ناو کەوانەکە ڕیزبەندی دەوڵەمەندیان پێش ساڵی 2020 نیشاندەدات ، ژمارەی دووهەم بڕی سامانی ئێستایانە ، ژمارەی سێیەم بری ئەو پارەیە کە بە تەنها لە ساڵی 2020 دا لە سەردەمی کۆرۆنادا چووەتە سەر داهاتەکەیان .

Top 10 richest in the UK

The 10 richest people in the UK, according to the Sunday Times rich list, are

  1. Sir Leonard Blavatnik (previously 4th) – £23bn (up £7.2bn) – heavy industry and media
  2. David and Simon Reuben (=2nd) – £21.46bn (up £5.5bn) – property and internet
  3. Sri and Gopi Hinduja and family (=2nd) – £17bn (up £1bn) – industry and finance
  4. Sir James Dyson and family (1st) – £16.3bn (up £100m) – electrical goods
  5. Lakshmi Mittal and family (19th) – £14.68bn (up £7.9bn) – steel
  6. Alisher Usmanov (7th) – £13.4bn (up £1.7bn) – mining and investment
  7. Kirsten and Jorn Rausing (6th) – £13bn (up £900m) – inheritance and investment
  8. Roman Abramovich (12th) – £12.1bn (up £1.9bn) – oil and industry
  9. Charlene de Carvalho-Heineken and Michel de Carvalho (9th) – £12bn (up £1.7bn) – inheritance, brewing and banking
  10. Guy, George, Alannah and Galen Weston and family (8th) – £11bn (up £470m) – retailing

چالاکییەکی راستەوخۆ:

22/05/2021

ئەمڕۆ ، شەمە، 22/05/21 بە کاتی بریتانیا 4.30 بەیانی زوو، گروپێکی بەرگریی لە گیانلەبەران و ئاژەڵ دایان بەسەر 4 سێنتەری دابەشکردنی مەکدۆناڵدا : Hemel Hempstead, Basingstoke, Coventry , Heywood دەیانەوێت چالاکییەکەیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بخایەنێت .  بە جالاکییەکەیان ئەو چوار سێنتەرەیان بلۆكکردووە ناهێڵن کە هیچ شتێك بگاتە 1300 لقی مەکدۆناڵد بەمەش توانیویانە گرفتێکی یەکجار گەورە بۆ مەکدۆناڵد دروستبکەن .

چالاکوانەکان داوای ئەوە دەکەن کە تا ساڵی 2025 دەبێت مەکدۆناڵد ڕڕێمی خواردنەکانی لە خواردەمەنی گۆشت و ماسییەوە بگۆڕێت بۆ ڕژێمی خواردەمەنی ڕووەکیی .  ئەوان باوەڕیان وایە گۆڕینی سیستەمی خواردنی گۆشت بە خوردەمەنی ڕووەکی نەك هەر کارایی باش لەسەر تەندروستی مرۆڤ دادەنێت بەڵکو کاراییەکی پۆزەتیڤانەش لەسەر ژینگە و ژیانی دانیشتوانی ئەم پلانێتە/ گەردوون دادەنێت و ڕۆڵیشی دەبێت لە پارێزگاریکردن لە سەرچاوە سروشتیەکانی وەکو ئاو و هەروەها گرفتی هاتووچۆ و هێنانەخوارەوەی ژمارەی مردنی خەڵکی. لە یەکێك لە ڕاگەیاندنەکەیانا بە میدیان وت” پیشەسازی گۆشت و شیرەمەنی پلانێتەکەمان وێراندەکات  و بڕێکی زۆری غازی دووەم ئۆکسیسدی کاربۆن دروستدەکات و بە ملیار ئاژەڵ و گیانلەبەر ساڵانە سەردەبڕێن.  تاکە ڕێگای واقیعیانەی بەردەوامیدان بە ژیان  بۆ بژێوی 10 ملیار خەڵك تەنها لە ڕێگای سیستەمی خواردەمەنی ڕوەکییەوەیە …”

کوژرانی فەلەستییەکان و بێ دەنگی ئێسلامییەکان

Zaher Baher

11/05/2021

ئەوە نزیکەی 3 هەفتەیە کە فەلەستینییەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ئۆرشەلیم لە لایەن پۆلیسی ئیسرائیلییەوە برینداردەکرێن لەبەر ئەوەی کە رازی نابن کە لە خانووکانیان دەرکرێن و هەندێك ماڵی جولەکەی تێبخرێت.  لەم ماوەیەدا زیاتر لە 300 کەس بریندارکراون  کە هەندێکیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

لە دوێنێوە بە هۆی قازیفەکانی ڕێکخراوی حەماساوە قوربانیانی فەلسەستینییەکان لە سەر دەستی دەوڵەتی دڕندەی ئیسرائیل-دا زیادی کردوە.   هەر دوێنی زیاتر لە 24 کەس کوژراون کە 7 کەسیان هی یەک خێزانن و سیانیش لە کوژراوەکان منداڵی هەمان خێزانن.  بە گوێرەی هەواڵی  بی بی سی لەو 24 کەسە 7 کەسیان منداڵن .

لەگەڵ ئەم هەموو کوشتن و بڕین و زوڵم زۆرەدا ئیسلامییەکان لە کوردستان و لە ئەوروپا و لە ئەمریکا بێ دەنگن و فزەیان لە خۆیان بڕیوە ،  ئەردۆگان جار و بار بۆڵە بۆڵێك دەکات ئەویش هەر بۆ ڕیکۆرکردنی هەڵوێست.   ئەوە هیچ پاکستانی و صۆماڵییەکانی بریتانیا کە هەر یەکەیان بستێك ڕیشیان درێژە و بە کڵاوێکی ئەفغانی و کراس و دەرپێیەکی سپی هاودامان بەم شەقانەدا دێن و دەچن کەچی جوکەیان لێوە نایەت .

هەرچیش ئیسلامییەکانی کوردستان و سەلەفی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و ئیخوان هەن هەیە ئەوانیش مێشێك میوانیان نییە ، بەڵام ئەگەر ئەوە هێڕشێکی دیکەی ئەردۆگان بوایە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان یا خود باکور، یا  بۆ سەر قەندیل ، ئێستا بە برقییە و پەیام و تەلفون بۆ ئەردۆگان و دەستخۆشی لیکردنی، دونیایان پڕ کردبوو ، نوێژی هەینی و کاتەکانی دیکە پارانەوە بوو بۆ سەرکەوتنی ئەرۆدۆگان ، ئەوە هیچ عەلی قەرەداخی و سەید ئەحمەد بە هەڵەداوان دەگەیشتنە لای ئەردۆگان بۆ تازە کردنەوەی بەیعەتیان.

دوو هەڵوێست :

یەکەم : لە لایەن هەندێك لە کوردەکانەوە کە زۆر کەیفیان بەو مەجزەرەیە دێت و بە ڕەوای دەبینن.  دەی با ئەو کەسانە خۆیان بخەنە ناو جوتێ پێڵاوی کەرکوک –ییەکەوە کە بە زۆر ماڵەکەی لێزەوتدەکرا و خێزانێکی عەرەب لە سەردەمی صەدام-دا دەەهێنرا و دەخرایە ناوییەوە.

دووەم: ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵ و پەروشیان داواکردنە لە ئیسرائیل: دان بەخۆیا بگرێت، با بەو دەرەجەیە نەبێت و بەرگریکردنەکەی لە خۆی، سنورداربێت ، با هەردوولایان ئاگربەستی بکەن .

ئاگربەستیی؟؟!!! لە نێوانی سێیەم دەوڵەتی دونیا لە ڕوی پێشکوتنی چەك و تەکنەلۆجیای سەربازی و سیخوڕی لە بەرانبەر قازیفەیەکدا کە جارێك سەر دەکات و جارێك کورت و جارێکیش هەر بە ئاسمانەوە دەتەقێتەوە .

بەڵێ ئاگربەستی لە نێوانی دارولاسیك بەدەستان و بەرد هاوێژان لەگەڵ تەنك باشترین چەکی تەقەمەنی .  ئاگربەستیی لە نیوانی نەك هەر ئیسرائیل بەڵکو لە نێوانی ناتۆ و ئەوروپا و زۆرێك لە ولاتانی دیکە بە وڵاتانی عەرەبیشەوە لەتەك نەتەوەیەکدا کە تاکە دۆستێکیان نییە و هەمو پشت و پەنایەکیان ڕێکخراوە تیرۆریستەکانە کە ئەوانیش قوڕەکەیان بۆ خەستتر دەکەنەوە.  

پرۆتێستەکانی کۆڵۆمبیا چڕتر و بەهێزتر بووە

11/05/2021

لە ڕۆژی 28/04 وە تاکو ئێستا پرۆتێستەکانی کۆلۆمبیا بەردەواومە، ژمارەی کوژراوان هەتا دوێنێ گەیشتە 47 کەس . ئەوەی کە ڕوداوی نوێیە لەو پرۆتێستانەدا:

یەکەم : پۆلیس بە جلی مەدەنییەوە دەچێتە ناو خۆپیشاندەران و ناڕەزییەکانەوە بۆ تیرۆرکردنی کەسە چالاکەکان.

دووەم : سەرۆکی کۆڵۆمبیا بڕیاری دا کە سوپا و پۆلیسی زیاتر بنێرێتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەران.

سێیەم : لە دوو لاوە هەواڵەکان ئەوەیان بەیان کرد کە پۆلیس کەوتونەتە بەرانبەر بە یەك تا ڕادەی تەقەکردن لە یەك .

تایبەتمەندیی ناڕەزاییەکانی خەڵکی لەوێ:

ئەوەی کە هیوایەك دەدات بە بزوتنەوەی خەڵکی لەوێ ئەوەیە کە لە ڕۆژی 28/04 وە کرێکاران دەستیان کرد بە مانگرتنی گشتی و لە شانی خۆپیشاندەرانەوە دەڕۆن دەست لە ناو دەست دژ بە زوڵم و زۆر و هەژاریی و نایەکسانی کۆمەڵایەتیین لەوێ.   ئێمە ئەم دیارەدەیەمان لەم 20 ساڵەی دوایدا بە دەگمەن بینیوە.  بۆ نموونە لە فەرەنسا پەسەك زەردەکان بۆ ماوەی نزیکەی 3 ساڵە لە خۆپیشاندانا بەڵام تا ئەم چرکەیە تاکە بەشێکی پیشەسازیی ، کرێکارەکانی  بۆ تاکە چرکەیەك نەك مانیان نەگرتووە بەڵکو کاریشیان نەوەستاندوە.  لە چیلی ، لە بریتانیا ، لە ئەمەریکا ، لە هۆنگکۆنگ … و هەندێك وڵاتی هەمان شێوە بوو .  لە عێراقدا چەند جارێك کرێکارانی بەشی نەوت هاپشتی خۆیان بە مانگرتن بۆ خۆپیشاندەران لە بەغداد نیشاندا.

بێ گومان پاڵپشتی کرێکاران نەك هەر زۆر گرنگە بەڵکو بە بێ بەشداری ئەوان یا شەڕەکە دەدۆڕێت یاخود دەسکەوتێکی ئاوای نابێت .  پرسیارەکە ئەوەیە :  بۆچی کرێکاران لە وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوودا ڕؤڵیکی ئاوایان نییە لە هاوپشتی  و یارمەتی خەباتی ئەوانەی کە لە خودی کرێکاران بارودۆخی ژیانیان زۆر زۆر خراپترە؟

کۆڵۆمبیا تایبەتمەندییەکی دیکەشی هەیە وەکو کوردستان ، عێراق و فەلەستین و ئیسرائیل کە بۆ چەند دەیەیەکە لە شەردایە ، ئەو وڵاتانە لە سای شەڕی نەگریسی  ناوخۆ و داگیرکردندا چەندەها نەوەیان پەروەردە کرد و بەلام نەوەکانیش هەمان بارودۆخی باوك و باپیرانیان بەڕێکرد. 

مانگرتن و پرۆتێستەکانی کۆڵۆمبیا هەر بەردەوامە:

09/01/2021

ئەوە 10 ڕۆژە پرۆتێست و مانگرتنی کرێکاران لە کۆڵۆمبیا نەك هەر بەردەوامە، بەڵکو بە لێشاو خەڵکی زیاتر دەچێتە سەر شەقامەکان و ڕۆژانەش داخوازییەکانیان زیاد دەکەن . ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنە وڵاتانی دەرو دروسێشی ترساندوە دەترسن وەکو بەهاری عەرەبی ئەمیش بتەنێتەوە.

تاکو ئێستا 37 کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون 234 کەسیش بریندارن  و 923 کەسیش دەستبەسەر و گیراون.

خۆپیشاندان ومانگرتنەکان دژ بە زیادبوونی باج لەسەر خوردەمەنی پۆشاک و خوردنەوەکانە،  کە بڕیارە ئەو یاسایە بخرێتە کارەوە کە ئەمەش زیاتر خەڵکە ئاساییەکە دەگرێتەوە و ئەوانن کە باجەکەی دەدەن.

ئابووریی کۆڵۆمبیا ساڵی پار بە ڕێژەی لە سەدا 7 هاتۆتەخوارەوە، هاوکاتیش ئاستی برسێتی  لە سەدا 36 وە بۆ لە سەدا 43 بەرزبوەتەوە .  ڕێژەی بەتاڵەش لەسەردایە. كۆڵۆمبیا قەرزارە و حکومەتەکەی توانای ئیدارەدانی خەڵکەکەی نەماوە، دەیویست بە دانی ئەم باجە لە لایەن خەڵکەکەیەوە 6.7 ملیار دۆلاری قەرزەکانی پێبداتەوە و یارمەتی 3 ملیۆن لە خەڵکەکەی کە لەو پەڕی هەژزاریدا دەژین بدات.

ئێستا پرۆتێستەکان لە 3 شارە سەرەکییەکەی کۆڵۆمبیا : Bogota, Medellin, Cali   بۆ زیاتر لە 10 شاری دیکە، تەنیوەتەوە.

 لە ئێستادا کۆمیتەی مانگرتنی نەتەوەیی/ گشتیی  لە کرێکاران و قوتابییان ، بێ کاران و کەسانی زۆر هەژار پێكهاتووە بۆ بەڕێکردنی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان .  حکومەت هەفتەی پێشو ناچار بوو کە پاشەکشە لە بڕیارەکەی بکات و هەڵیوەشێنێتەوە ، بەڵام خەڵکی بەوەش ڕازی نییە و دوای سوتاندنی چەندەها مەخفەری پۆلیس داوای ڕیفۆرم لە سیستەمی پۆلیسدا دەکەن.

 ڕۆژی 5 شەمە سەرۆکی کۆڵؤمبایا داوای لە کۆمیتەی مانگرتن و پرۆتێستەکان کرد کە لە گەڵیانا دانیشێت و داخوازییەکانیان لەگەڵدا باس بکات ، بەڵام تائێستا ئەوان رازی نەبوون بە بینینی سەرۆك.

کاتێك کە هێزی کرێکاران و باقی خەڵکەکەی دیکە یەکدەکەوێت ئیتر هێزێك، بەربەستێك نامێنێت لە بەردەم سەرکەوتنیانا.

بەیەکادانی پۆلیسی ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان بەردەوامە:

09/01/2021

لە سەرەتا مانگی رەمەزانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، مزگەوتی ئەقسا، فەلەستینەیەکان ناو بەناو دێنە سەر شەقام بۆ بەرگریکردن لە سیاسەتی دەرکردنی خێزانە فەلەستینییەکان لەوێ .  بە هۆی بڕیاری دادگاوە کە دەبیت هەندێك لە خیزانی فەلەستینییەکان  لە خانووەکانیان دەربکرێن . بۆ بەرگریکردن لەو خیزانانە لەبەردەم ماڵەکانا پرۆتێست بەردەوامە پۆلیسیش دەیەوێت بڵاوەیان پێ بکات و لە شەقامیش وەردیاننێن.  ئەمەش بووەتە هۆکاری  خۆپیشاندان و بەیەکادانەکانی نێوانی فەلەستینییەکان و پۆلیسی ئیسرائیلی کە تا دوێنێ شەویش، شەمە شەوەکەی،  هەر بەردەوامبووە. 

ڕۆژی 4شەمە 22 فەلەستینی برینداکران ڕۆژی هەینی 205 کەسی تریان  بریندسارکران کە 95 لەمانە پێویستیان بوو کە ببرێنە خەستەخانە . پۆلیس ئەسپ و دار و فشاری ئاو و گولەی پلاستیك دژ بە خۆپیشادنەران بەکاردەهێنن.  یەکێك لە بریندارەکان چاوێکی لە دەستداوە.

دوێنێ شەویش ، شەمە شەوەکەی ، پرۆتێستەکان بەردەوام بوو، بووە هۆی بریندارکردنی نزیکەی 90 کەسی دیکە لە فەلەسەتینییەکان.

“وەرن خۆشم بکوژن، من تەنها ئەو کوڕەم هەبوو” هاواری دایکێك لە پۆلیس کە کوڕە 19 ساڵانەکەیان کوشت.

04/05/2021

“وەرن خۆشم بکوژن، من تەنها ئەو کوڕەم هەبوو”  هاواری دایکێك لە پۆلیس کە کوڕە 19 ساڵانەکەیان کوشت.

” ئەوان ڕەنگە چەکیان هەبێت بەڵام ناتوانن هەموومان بکوژن”  پەیامی گەنجێك دژ بە پۆلیس.

” کۆڵۆمبیا پێویستی بە گۆڕانکارییە، لەسەر شەقام دەبین تا ئەو کاتەی بەدەستی دەهێنین” پەیامی گەنجێکی تر.

” ئێمە کۆڵنادەین و ناترسین لە چەکەکانیان” پەیامی گەنجێکی دیکە .

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی کۆڵۆمبیا بەردەوامە و چەند شارێکی دیکەشی جگە لە Bogotá و Cali  گرتۆتەوە هەرچەندە سەرەککۆماری کۆڵۆمبیا دوای 24 سەعات لە هەڕەشەکانی ڕۆژی شەمەی، چۆکی دادا بۆ داخوازییەکانی خەڵك و بریاری هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر خواردن و خۆردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی-دا .

ڕۆژی 4شەمەی پێشو مانگرتنی گشتی لەوێ دەستیپێکرد و بەدوایدا خۆپیشاندان و پرۆتێست، دەستیپێکرد.   لەو ڕۆژەوە 16 کەس لە خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەران کوژراون لەگەڵ پۆلیسێکدا.

گەرچی حکومەت چۆکی دادا بۆ داخوازییەکانی خەڵکی بەڵام هێشتا خەڵکی بەوە رازی نییەو نایانەوێت شەقام بەجێبهێڵن و بچنەوە ماڵەوەو داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکەن ، Francisco Maltés   ڕابەری ناوەندی کرێکارانی کۆڵۆمبیا دەڵیت ” خەڵکی لەسەر شەقام داوای زیاتر لە هەڵوەشاندنەوەی باج دەکەن” 

خەڵکی لە کۆڵۆمبیا بۆ سەدەها جار سەلماندیانەوە کە ئەوەی کار دەکات ، ئەوەی داخوزییەکان بەدیدەهێنێت تەنها ئەنجامدانی چالاکی راستەوخۆیە.

واتای چەمکی ” ئەرکی مێژوویی” لای ئەلێکسەندرا بێرکمان

ئەلێکسەندرا بێرکمان لە پەرتوکی ئەلف و بێی ئەنارکیزمدا لە چاپتەری: “ئامادەکاریی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی” زۆر جوان و زۆر بە کورتی باس لەو چەمکەی سەرەوە دەکات.  بێرکمان دوای چەند لاپەڕەیەك لەسەر بابەتەکە کە درێژەدانی دەمەتەقێیەکە لەگەڵ کەسێکدا کە تێڕوانینی هەڵەی سەبارەت بە ئەنارکیزم هەیە دەڵێت:

بەڵی کرێکاران، کە خراپترین قوربانیانی ئەم بارودۆخە هەنووکییەن، هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە لە بەرژەوەندی ئەوانە. زۆر ڕاستییە کە  وتراوە ” ڕزگاری کرێکاران دەبێت لە لایەن کرێکاران خۆیانەوە بێت”  چونکە هیچ چینێکی کۆمەڵایەتی دیکە ئەوە بۆ ئەوان ناکات.  هاوکاتیش ئازادیی کرێکاران یانی پاکبوونەوە و ڕزگاربوونی تەواوی کۆمەڵ، هەر لەبەر ئەوەشە کە هەندێك سەبارەت بە کرێکاران دەڵێن ” ئەرکی مێژوویی” ئەوانە  بۆ هێنانی ڕۆژی باشتر.

بەڵام بەکارهێنانی وشەی ” ئەرك” هەڵەیە، فرمانێك یاخود ئەرکێك دەگەیەنێت کە لە لایەن دەسەڵاتێك لە دەرەوە سەپێنراوە بەسەر یەکێکدا. ئەمە چەمکێکی هەڵە و ڕێونکەرە ، لە جەوهەردا هەستێکی دینیانەی میتافیزیکیانەیە.  بەڕاستی ئەگەر ڕزگاری کرێکاران ” ئەرکی مێژویی” بێت یانی مێژوو دەیکات و بە جێیدەگەیەنێت بێ گوێدانە ئەوەی کە ئێمە چۆن بیری لێدەکینەوە، هەستیپێدەکەین  یاخود شتێك سەبارەت بەوە بکەین.  ئەم هەڵوێستە هەوڵی مرۆڤ ناپێویست دەکات، پوچگەراییە، چونکە ” ئەوەی کە پێویستە، دەبێت ببێت” ئەم فکرە جەبرییە  تێشکێنەری هەموو پێشنیار مومارەسەی ئاوەزی تاك و ئیرادەیەتی.  

ئایدیایەکی مەترسیدار و زەرەرمەندە، هێزێك لە دەروەی مرۆڤ نییە کە ڕزگاری بکات ، هێزێك نییە و ناتوانێت فرمانی پێبکات بۆ هیچ ” ئەرکێك، پەیامێك” هیچ کام لە ئاسمان و بەهەشت و مێژوو نایکەن.  مێژوو حیکایەتی ڕووداوەکانی ڕابوردووە، دەتوانێت وانە دابدات بەڵام ناتوانێت ئەرکێك بسەپێنێت. ئەوە ” پەیام، ئەرك ” نییە، بەڵکو ئارەزوو و بەرژەوندی پڕۆلیتاریایە لە ڕزگارکردنی خۆی لە کۆیلایەتیی.  ئەگەر کرێکار هۆشیارانە و چالاکانە هەوڵی بۆ نەدات  هەرگیز ” ڕوونادات” .  زەرووریە کە خۆمان پاکبکەینەوە لە فکر و چەمکی بێ مانا و هەڵەی ” ئەرکە مێژووییەکان”.  جەماوەر ناتوانێت بگاتە ئازادیی جگە لە گرتنەبەری  ڕێگای پێشەوچونمان لە تێگەیشتنی ڕاستینەی بارودۆخی هەنووکەیی، بە بەرچاوگرنتی توانا و دەسەڵاتیان، بەفێربوونی یەکێتی و هاوکاریی و بەشداریکردنی.  بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش دەبێت سەراپای بەشەرییەت ئازادبکرێت و ئازادبووبێت.

پرۆتێستی خەڵکی لە کۆڵۆمبیا هەر بەردەواومە:

02/05/2021

لە ڕۆژی 4 شەمەوە ، 28/04 ، بە هەزاران کەس لەسەر شەقامەکانی کۆڵۆمبیان دژ بەو بڕیاری دەوڵەتی ئەوێ کە باجی خستۆتە سەر کەرەسەکانی خواردن و خواردنەوەکان ئاو و کارەبا.   هەتا دوێنێش ، ڕۆژی یەکی ئایار، هەر بەردەوام بوە ، ژمارەی بریندارانی پۆلیس 216 پۆلیسە و هی خۆپیشاندەران و ناڕەزییکەران 179 کەسە، تا ئێستاش لە ماوەی ئەم 4 ڕۆژەدا بە گوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ 14 کەسیش کوژراوە. لەوە ناکات کە خەڵکی بە ئاسانی دانیشن دەستبەرداری بژێوییان ببن حکومەتیش دەڵێت ریفۆرمی ئابووریی زەرووریە و وڵات بۆ پێگەیەکی باشتر دەگوێزێتەوە.