بڕی گەنمی ئۆکرانیا ئەمساڵ نیوە ساڵانی پێشووە بە هۆی داگیرکردنی ڕوسیاوە

02/08/2022

ئۆکرانە یەكێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی دونیا لە بەرهەمهینانی دانەوێڵەدا.     لە ساڵی 2021 پێش شەڕەکە  بە ئۆکرانیا دەوترا زەمیلەی نانی ئەوروپا  بە حسابی ئەوەی کە گەنمێکی زۆر بەرهەمدەهێنێت.  بەگوێرەی  قسەی زێلینسکی کە لە ڤیدێویەکدا  لە تویتەرەوە بڵاویکردۆتەوە، ئۆکرانیا پێشتر 80 ملیۆن تەن دانەوێڵەی بەرهەمهێناوە، کە گەنم و گەنمەشامی و جۆی تێدایە، بەشی ئەوەی دەکرد بۆ ماوەی شەش مانگ خۆراك بە 400 ملیۆن کەس بدات .  لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: ئەمساڵ ئۆکرانیا لە رێڕەوی دروێنەکردن و ناردنی کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیەدایە.

بە گوێرەی ڕێکەوتنەکەی ڕۆژی 22/07 لە تورکیا ، یو ئێن و تورکیا زەمانەتی ڕەتبوون و گەیشتنی  پاپۆڕەکانی کە گەنمیان تێدایە بۆ شوێنی مەبەست دەکەن ، بەڵام تا ئێستا هیچ پاپۆڕێک بەڕێنەکەوتووە و چاوەڕاوانی لایتی سەوزی ئەو دوو وڵاتە دەکەن .

لەوە دەکات هەرناردەی گەنم و گەنمەشامی کەمتربێتەوە بە هۆی کوژرانی یەکێك لە خاوەنی کێڵگە هەرە  گەوەرەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ژنەکەی بە تۆپی دوورهاوێژی ڕوسیا لەم رۆژانەدا.  ئەم ژن و پیاوە خاوەنی سایلۆ و پاپۆڕی تایبەتی خۆیان بوون کە ساڵانە دەیانتوانی 2.25 ملیۆن تەن دانەوێڵە هەڵبگرێت، کە گەورەترین بوو لە ئۆکرانیا.

بەکاربەر لە دوو لاوە باجی هەڵکشانی نرخی وزە دەدات

30/07/2022

ڕۆژی هەینی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا  قازانجێکی بێ وێنەی 17.85 ملیار دۆلاری (14.77 ملیار پاوەند)ی تۆمارکرد، کە نزیکەی چوار هێندە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵێک لەمەوبەر، هەروەها کۆمپانیای شیڤرۆن قازانجی  11.62 ملیار دۆلاری تۆمارکرد کە دەکاتە 9.61 ملیار پاوەند.  ئەم قازانجە بەرزە ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆمپانیای شێڵی بەریتانیا ژمارەی پێوانەیی قازانجی خۆی شکاند، ڕایگەیاند  کە 11.4 ملیار دۆلار (نزیکەی 10 ملیار پاوەند) بۆ ماوەی سێ مانگ لە مانگی نیسانەوە تا حوزەیران قازانجی کردووە.

جۆ بایدن لە مانگی حوزەیراندا وتی: “ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی هەمووان قازانجی کۆمپانیای ئێکسۆن دەزانین …ئەمساڵ ئێکسۆن پارەی زیاتری لە خودا بەدەستهێناوە.”

بەرزبوونەوەی نرخی وزە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە هەڵاوسانی پارە بەرەو بەرزترین ئاستی چوار دەیە لە ئەمریکا دەبات ئێستا بە تێکڕا لە سەرانسەری ئەمریکادا 4.25 دۆلار نرخی هەر گاڵۆنێکە، کە زیاتر لە یەک دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک زیاترە لە چاو ساڵێک لەمەوبەردا.

چارەسەری بایدن زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەیە کە ئەمە لەگەڵ سیاسەتی لایەنگرێتی ئەو بۆ چاککردنی ژینگە ناکۆکە .

لە سەرەتای ساڵی 2022  ەوە پشکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن و شیڤرۆن بە ڕێژەی نزیکەی لە سەا 46 و 26 بەرزبوونەتەوە.

فرانسیس ئۆگرادی، سکرتێری گشتی سەندیکاکان لە بەریتانیا، ئەو “قازانجە چاوئاوکەرانە”ی بە “سوکایەتییەک بە ملیۆنان کەسی کرێکار ناوبرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پارەی وزەوە لە شەڕی ژیاندان. ئاماژەی بەوەشکردووە، “خەڵکی کرێکاران لە مێژووی مۆدێرندا ڕووبەڕووی درێژترین و توندترین فشاری مووچە دەبنەوە. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کارگەر پشکی دادپەروەرانەی خۆیان لەو سامانە بەدەستبهێنن کە دروستی دەکەن، بە چالاکی ڕاستەقینە دەست پێدەکات بۆ دابەزاندنی نرخی وزە”.

دوو مانگرتنی گەورە لە بریتانیا: 

29/07/2022

دوای مانگرتنی ڕۆژی 4 شەمەی  زیاتر لە 40 هەزار کرێکار و کارمەندانی شەمەنەفەرەکان ومیترۆکان ئەمڕۆش، هەینی ، 29ی مانگ 28 هەزار ئەندازیاری تەلەفوناتی بریتانیا کە لە ساڵی 1984دا کرا بە کەرتی تایبەتی لە دەوڵەتییەوە، لەگەڵ 9 هەزار لە سێنتەری وەلامدانەوەی تەلەفوندا مانیان گرت و هەروەها ڕۆژی 2شەمەش ، 01/08 لە مانگرتندا دەبن.

ئەمان داوای زیادکردنی مووچەکەیان دەکەن زۆرێك لەم کرێکارانە لە ئێستادا گەر چی کار دەکەن بەڵا بە یارمەتی وەرگرتنی کەرەسەکانی خواردن لە سێنتەری خواردن بەخشینەوە دەژین .

ئیدارە دەڵێت ئەوان ناتوانن پارەی زیاتر بدەن ئەمە لە کاتێکدا کە قازانجی ئەم کۆمپانیایە لەم ساڵدا  تا ئیستا 1.9 ملیار پاوەندە و بەڕیوەبەری جێ بەجێکارەکەی موچەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 32 زیادی کردووە ئەمەش موچەی ساڵانەی گەیاندۆتە 3.5 ملیۆن پاوەند.

لە لایەکی دیکەوە نقابەی ئەسلیف کە نقابەی سایەقی قیتارەکان و ئەوانەی ژێرزەمنییشە بە ڕێژەی لە سەدا 93 دەنگیان بە مانگرتن دا.  ئەمانیش بەیانی ، شەمە ، 30ی مانگ بۆ 24 سەعات مان دەگرن دووبارە لە 13 ی مانگی ئاب-یشدا 24 سەعاتی دیکە ماندەگرنەوە ئەگەر ئیدارە داخوازییەکەیان جێ بەجێنەکات .

نقابە ئۆفەرەکەی ئیدارە کە لە سەدا 6.6 قەبوڵکردوە بەڵام چاوەڕوانی ئەندامانی دەکات بزانن ئایا بەوە رازی دەبن یانا ، هاوکاتیش کرێکارانی قیتاری یۆرۆ ستار لە سەدا 8.2 یان بۆ زیاد کراوە .  نقابە دەڵێت زۆرێك لە ئەندامانی لە ساڵی 2019 کرێیان بۆ زیاد نەکراوە.

صەدیق خان سەرۆکی شارەوانییەکانی لەندەن کە سەر بە پارتی لەیبەرە و پێگە وپلەکەی وەکو پاڕێزگاری لەندەنە پشتگیری لە مانگرتنی کرێکاران دەکات و دەڵێت ” بەرپرسیارێتی مانگرتنەکان لە ئەستۆی حکومەتە، کە دەستوەردان لە کۆمپانیاکانی شەمەندەفەر دەکەن کە دەیانەوێت گرێبەستێک بکەن……… تەنها ڕێگەیەک کە ئەم ناکۆکیانە مەمیشە چارەسەر بکرێن ئەوەیە ئەگەر [وەزیری هاتوو چۆ و  گواستنەوە] گرانت شارپ و حکومەت دەست وەرنەدەن لە وتوو وێژەکانی نێوانی نقابە و کۆمپانیاکانی خاوەنکار و ڕێگە بە کۆمپانیاکانی شەمەندەفەر بدات قسە لەگەڵ سەندیکاکان بکەن.”

دوو ڕاپۆرتی گرنگ لەسەر کاردانەوەی کەمکردنەوەی هەناردەی غازی ڕوسیا 

زاهیر باهیر

29/07/2022

دوای کەمکردنەوەی غازی ڕووسی بە ڕێژەی لە سەدا 80 لە ڕێگەی بۆری نۆرد ستریم یەک-ەوە و بڕیاری کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپی لە سەر خەزنکردن و دەستەگرتنەوە بە غازەوە بە ڕێژەی لە سەدا 15 لە ئێستادا کاردانەوەکەی زۆرە و پێشبینی زۆر واقیعیانە دەکرێت  کە من دەمێکە کردوومن.

بۆ ئەمەش دوو راپۆرت یا دوو وتاری گرنگی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی  ئەو ڕاستیانە دەردەخات.  منیش بە پێویستم زانی کە بیخەمە بەردەم بینەرانی ئەم پۆست و نوسینە.

ڕاپۆرتی یەکەم:

ڕاپۆرتی یەکەم یاخود وتاری یەکەم سەبارەت بە ئەڵمانیایە کە هەر لە ئێستاوە لە 3 شاری گەورەیدا خەریکن بڕیارەکەی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا جێ بەجێدەکرێت.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە هانۆڤەر یەکەم شاری گەورەیە کە ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردنی وزە دەستپێدەکات  و بەرلین ڕوناکی مۆنۆمێنتەکان دەکوژێنێتەوە.  هانۆڤەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەمە بووە یەکەم شاری گەورە کە ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردنی وزە ڕابگەیەنێت، لەوانە کوژاندنەوەی غازی ئاو گەرمکردن و دوشکردن و حەمامەکانی باڵەخانە و ناوەندەکانی کات بەسەربردن کە لەلایەن شارەوانی شارەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

شارەکانی ئەڵمانیا خەریکی کوژاندنەوەی ڕوناکی شوێنەوارە گشتیەکان و گرتنەوەی  نافورە و سەپاندنی دوشێکی سارد بەسەر مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەکانی شارەوانییەکاندان.  ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا  پێشبڕکێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی خۆی لە بەرامبەر قەیرانی غازی ڕووسیا کە لە ئارادایە.

بیناکانی شارەوانییەکان لە پایتەختی ویلایەتی ساکسۆنی خواروو تەنها لە 1ی تشرینی یەکەمەوە  تاکو  31ی ئازار گەرم دەکرێن، کە پلەی گەرمی ژوورەکە لە 20C (68F) زیاتر نەبێت، هەروەها بەکارهێنانی یەکەکانی تەندروستی گەڕؤك [مۆبایل] و گەرمکەرەوەی پانکە قەدەغە دەکرێن.  بڕیارە ئەم بڕیاری کەمکردنەوەی وزە و دەستگرتنەوە بە غازەوە دایەنگە و باخچەی منداڵان و  قوتابخانە و خانەی چاودێری و نەخۆشخانەکان نەگریتەوە.

   بەلیت ئۆنای سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە پارتی سەوز وتی: “دۆخەکە پێشبینی نەکراوە”. هەموو کاتژمێرێکی کیلۆوات ئەژمار دەکرێت، و پاراستنی ژێرخانی گرنگ دەبێت لە پێشینە بێت.”

شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، شەوی چوارشەممە نزیکەی ٢٠٠ شوێنەواری مێژوویی و بینای شارەوانییەکان لە تاریکیدا داپۆشران، چونکە شارەکە بە مەبەستی پاشەکەوتکردنی کارەبا سپۆتلایتەکانی کوژاندەوە.   ئەو شوێنەوارانەی پێشتر لە شەودا ڕووناک دەکرانەوە بریتین لە ستوونی سەرکەوتن لە پارکەکەی تیرگارتن، کڵێسای یادەوەری لە بریتشایدپلاتز و مۆزەخانەی جولەکەکان، چی تر وەکو جاران نابن.

دوێنی ڕۆژی 5شەمە حکومەتی ئەڵمانیا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە نرخی غاز زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە پێشبینی دەکرا.  بۆ ئەمەش وەزیری ئابووری ڕۆبێرت هەبیسك وتی ”   هێشتا ناتوانین بڵێین لە مانگی نۆڤەمبەردا نرخی غاز چەند دەبێت، بەڵام هەواڵە تاڵەکە ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە چەند سەد یۆرۆیەك لەسەر هەر  هەر ماڵێک زیاد دەبێت

سەرەڕای بەکارهێنانی غاز بۆ کاروباری ئاسایی،  ئەڵمانیا لە سەدا 15 غازەکەی بۆ وزەی کارەبا بەکاردەهێنیت کەواتە کەمی غاز ڕەنگە لەسەر ئەڵمانیا زیاتر بکەوێت تاکو هەندێك وڵاتی دیکە.  لە ساڵی پاردا 2021،  14 وڵاتی ئەوروپی لە سەدا 50ی غازی پێویستیان لە ڕوسیا وەرگرتووە.

شاری میونیك / میونیخ لە باشووری ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە ڕوناکی هۆڵی شارەوانییەکەی لە گۆڕەپانی مارینپلاتز دەکوژێنێتەوە، کە بەزۆری تا کاتژمێر ١١ی شەو ڕووناک دەکرێتەوە و تەنها ئاوی سارد لە ئۆفیسەکانی شارەوانییەکاندا هەیە هەروەها شەوانە نافورەکان دەگرنەوە.

شارەوانی شاری نورنبێرگ سێ لە چواری مەلەوانگەی ناوەوەی خۆی دادەخات کە لەلایەن شارەکەوە بەڕێوەدەبرێن و تا 25 ی ئەیلول لیدۆکانی دەرەوەی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

ڕاپۆرتی دووهەم:

لە راپۆرتی دووهەمدا زۆر نهێنی گەورە و نیگەرانی قووڵ ئاشکرادەبێت و چی تر لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە ناتوانرێت بشاررێتەوە.

بەهۆی ئەوەی کە چی تر خەڵکی لە ئەڵمانیا نایانەوێت ئابلوقەی ئابووری و سزای ئابووری ڕوسیا بدرێت [ وەکو ئەوەی ڕوسیا بە سزاکان بڕوخێت ] ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاسۆی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئەڵمانیا لە پاییزی ئەمساڵدا لەسەر نرخی بەرزکردنەوەی غاز دەبینێت.

هەروەها  ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی چاویان لەسەر و سەرنجیان لەسەر توندکردنەوەی هەژموونی  ئێستای سزاکانە بۆیە پێشنیاری توندڕەوتر دەخەنە ڕوو و پێیان وایە  ڕەنگە 20 وڵات بەشداربن لە تێپەڕاندنی سزاکانی کە ئێستا بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت ”  لە ئۆکرانیا پوتین بە مووشەک و تانک شەڕ دەکات، لە ئەوروپا بە نرخی غاز شەڕ دەکات

لە لایەکی دیکەوە   ئاندری یەرماک، ڕاوێژکاری سەرەکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بە ڕوونی ئاگادارە لەوەی کە ڕەنگە ڕای گشتی چۆن بگۆڕێت و دەڵێت هەڵە دەبێت ئەگەر ڕێگە بدرێت شەڕەکە بەرەو زستان بکێشێت.   ئەو پێیوایە دەبێت ئەمساڵ شەڕەکە یەکلایی بکرێتەوە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەریتانیا کە دۆستێکی نزیکی ئۆکرانایە و دنەی زیاتری دەدات بۆ شەڕ و ماڵوێرانکردنی زیاتر ، تەنانەت پشتگیری سیاسیی ئەم چی تر وەکو پێشتر نابێت و لە لەرزیندا دەبیت ئەگەر قائیمەی غاز لە مانگێکدا سەرکەوێت بۆ 500 پاوەند، چونکە مەترسی ناڕەزایی گەورە دەکرێت  کە ” فەوزای” یەکی گەورە دەبێت .  ئەمە لە کاتێکدا لە ڕوسیا ئەم مەترسیانە یا نییە یاخود کەمە چونکە  مەرج نییە  پوتین  گوێ لە ڕای گشتی بگرێت؛ ئەو خۆی دیکتاتۆرە و خاوەنبڕیارە.

ئێستا ئەوروپا بۆ جێگرەوەی وزەی ڕوسیا هاوار بۆ سعودییە و جەزائیر و عێراق و قەتەر و کازاخستان و نایجیریا دەبات .

ئەڵمانیا کە لە ئێستادا  مشتومڕ لەسەر هەڵەکانی ڕابردووی سیاسەتی دەرەوەی دەکات و مێرکڵ تاوانبار دەکات بەوەی کە ئەڵمانیای بە پاشكۆیی رووسیا هێڵاوەتەوە، واڵتەر ئیشینگەر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەڵمانیا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی” لە سیاسەتی ئەمنی، لە سیاسەتی ڕووسیا، لە سیاسەتی وزەدا، ئێمە لە زەمینەی سفرداین و دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەین.

هەر ئەو هەندێك سیاسی دیکە دەڵێن گەر ئەم بار و دۆخە بەردەوام بێت چی   تر ئەڵمانیا وڵاتێكی پیشەسازی پێشکەوتوو نابێت .

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاوا هاتووە هەناردەی غازی ڕووسیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بە رێژەی نزیكەی چارەكێك كەمیكردووە، بەڵام داهاتەكەی بۆ 11.1 ملیار دۆلار (9.1 ملیار پاوەند) بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە 3.6 ملیار دۆلار پێش جەنگەکە.  ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئەگەر ڕوسیا هەر ئاوا بە کەمی غاز هەناردەی ئەوروپا بکات خۆی مایەپوچ نابێت؟  لە ڕاستیدا ئێمە زۆر بێ ئاگاین لە وریایی و زۆڵێتی پوتین .  ئەو زۆر باش دەزانێت بەردەوامیدان بە جەنگەکە بە قازانجی ئەو و زیانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە.

ئێستا ئەوروپا بیر لە هێنانەکایەی یاسای نیشتمانی دەکاتەوە و  بیگرێتە بەر  کە ڕێگە بە حکومەتەکان دەدات لە تەجمیدکردنی [بەستنی] سەروەت و سامانی کەسیی ئۆلیگارکەکانی ڕووسەوە لەوێوە دەستیان بە سەردا بگرن..

Zaherbaher.com

کاردانەوەی مانگرتنەکەی دوێنێی کرێکاران و کارمەندانی شەمەنەفەر و میترۆکان لە لایەن سیاسیەکانەوە- بریتانیا 

28/07/2022

مانگرتنی زیاتر لە 40 هەزار کرێکار و کارمەندی شەمەنەفەرەکان و میترۆکان لە دوێنێ دا ، 4شەمە ، 27/07 زۆر سەرکەوتوو بوو تا ئەو ڕادەیەی کە بەشێك لە سیاسییەکانی هەر 3 حیزبەکە موحافیزین ، کرێکاران، لیبراڵدیمۆکراتی بە جارێك توشی هێسرتریا کرد .  ژنە کاندیدی بەهیوای سەرەك وەزیرانی بریتانیا   وتی “بە تەواوی هەڵەیە کە خەڵکی گەشتیار لەلایەن سەندیکا میلیتانتەکانەوە  دەستبەسەر دەکرێن  من هێڵێکی توند دەگرمەبەر لەسەر کردەوەی سەندیکاکان کە یارمەتی خەڵک نادات لە ژیاندا بەردەوام بن” . دڵنیایی ئەوەشی کردەوە کە  لەسەر بڕیارەکەی خۆی سوورە  کە یاساخی مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی 3 بەشی سەرەکی کە شەرەیانی  ئابووری ئەم وڵاتەیان لە دەستدایە ، نەك بەوەی کە قازانج بەرهەم دەهێنن ، بەڵکو ئەوانن کە کرێکاران دەگوێزنەوە سەر کار و دەیانهێننەوە ، ئەوانن کە ژیانیان دەپارێزن و تەندروستییان ڕادەگرن .

لە وەڵامی ئەو ژنەدا سەرۆکی نقابەکە ، مایك لینچ وتی ” پێشنیارەکانی لیز ترۆس دەگاتە گەورەترین هێرش بۆ سەر سەندیکاکان و مافە مەدەنییەکان لەوەتەی سەندیکاکانی کرێکاران لە ساڵی 1871 بە یاسایی کراون مانگرتن  مافێکی سەرەکی دیموکراسییە.  گەر ئەم پێشنیازانە ببنە یاسا، گەورەترین بەرگری و بەگژاچوونەوە  ڕوودەدات کە لەلایەن تەواوی بزووتنەوەی سەندیکاکانەوە دروست دەبێت، بە ڕادەی مانگرتنی گشتی ساڵی 1926  و مافی ژنان بۆ دەنگدان و و بزوتنەوەی چارتەرییەکان “

سەرۆکی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] پێشتر ڕاگەیاندنێکی بۆ پەڕلەمانتارەکانی نارد کە نابێت بچنە پیکت لاینەوە [ ناو ڕێزی کرێکارانی مانگرتوو کە لەبەردەم کۆمپانیا یا ئۆفیسەکەیاندا مانیان گرتوە تاکو کرێکارانی ئیزراب شکێن شەرمەزار و ڕسوا بکەن] . بەلام هەندێك لە ئەندام پەڕڵەمانەکانی لە مانگرتنی مانگی پێشوودا قسەی ئەویان شکان .  دوێنێش وەزیری سێبەری هاتووچۆ و ڕێگاوبان چووە ناو ڕیزی کرێکارانی مانگرتووە و هاوپشتی خۆی بۆ دەربڕین و دیمانەیەکی لەگەڵ ڕادوێ و تی ڤی دا کرد پشتگیری مانگرتوانی کرد و بە مافی رەوای خۆیانی زانی. بەڵام پاش چەند کاتژمێرێك لە لایەن سەرۆکی حیزبەکەیەوە دەرکرا بە پاساوی ئەوەی ئەوان حکومەتی ئایندەن و لە چاوەڕوانی دەسەڵاتگرتنە دەستدان بۆیە نابێت ئەوان بەشداری لە مانگرتندا بکەن.

دەرکردنی ئەم وەزیرە کە خۆی پێشتر لە نقابەی کرێکاران بەشی هاتووچۆ کاری کردووە ، زۆر ڕقی نوێنەران و سەرۆکی هەندێك نقابەی هەڵسان تا ئەو ڕادەیەی کە سەرۆکی نقابەی کرێکارانی مانگرتوو کە حیزبی نییە لە وەڵامی پرسیارێکی  یەکێك لە میدیاکاندا کە ئایا بانگهێشتنی مانگرتنی گشتی دەکات وتی ”  گەر ئەو ژنە ببێتە سەرەک وەزیران و ئەوە بکات ئەو لە گەڵ  نقابەی مەرکەزیی  TUC ەکەمپەینی مانگرتنی گشتی دەکات  .  ئەو جەختی ئەوەشی کردەوە  “هەموو مانگرتنێک پرۆسەیەکی دیموکراسییە”،  وتیشی : “ڕوونە ئەم حکومەتەی موحافیزین دۆستی کرێکاران نییە “.  ئەو وتیشی لەو کاتەوەی کە مانگرتن دەستی پێکردووە 2500 کرێکار پەیوەندییان بە نقابەوە کردووە و بوونەتە ئەندام.

ئەوەشی کە زیاتر حکومەتی توڕە کردوە هەر دوێنێ نقابەی ئەسلیف ، نقابەی  سایەقی میترۆکانی ناو شار کە 974 سایەقن بە ڕێژەی لە سەدا 93 دەنگیان بە مانگرتن داوە.  کە لە مانگی ئایندەدا ڕوودەدات .

کەمکردنی هەناردەی غازی ڕوسیا و گرانبوونی غاز

28/07/2022

دوای  ئەوەی کە ڕوسیا بڕیاری دا لە ڕۆژی 4 شەمەوە ، 27/07 وە هەرناردەی غازی  لە ڕێگای بۆری نۆرد ستریم  یەك- وە بۆ ئەورووپا بە هۆکاری بوونی گرفتی تەکنیکییەوە کەم بکاتەوە ، وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپا بە بڕیارەکەی سەرۆکی کۆمیسۆن کە دەستگرتنەوەیە لە بەکارهێنای غاز بە ڕێژەی لە سەدا 15 ڕازی بوون.  دەستبەجێ هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی غاز نرخی غازیان بۆ جارێکی دیکە سەرخست .  لە بریتانیا نرخی غاز کە لە مانگی نیسانەوە سەرکەوتووە ، جاری دووهەم لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دووبارە سەردەکەوێت بە هۆی ڕێکەوتنەکەی حکومەت و کۆمپانیای غازەکان لە سەر نرخێكی دانراو کۆتایی دێت.

بریتانیا کە کەمترین بڕی غاز لە ڕوسیا وەردەگرێت بڕی دانی پارەی غاز لە مانگی یەکی ساڵی تازەوە لە سەر خانەوادەیەکی ئاسایی دەچێتە 3،850 پاوەند کە دووقاتی ساڵی پارە. هاوکاتیش داوا دەکرێت تۆڕی وزە ئامادە بێت کە ڕەنگە پێویست بکات خەڵوز بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا .  هەروەها داخستنی محەتە ئەتۆمییەکان ڕابگیرێت بەهۆی پێویستی بوون بە وزەوە.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی دواڕاپۆرت کۆمپانیای شێڵ لە 3 مانگدا لە نێوانی نیسان و مانگی حوزەیراندا بە بڕی 10 ملیار پاوەند قازانجی کردوە و لەم پارەیەش 6.5 ملیاری دەبەخشێت بە خاوەنپشکەکان .  ئەمە بڕی قازانجە نزیکەی دووجار لە چاو 3 مانگی پێشتردا سەرکەوتووە کە 7.4 ملیار دۆلار بوو.  بە هۆی جەنگەکەی نیوانی روسیا و ئۆکرانیاوە 100 کۆمپانیای گەورە 11.5 ملیار دۆلار قازانجیان  تەنها لە وەرزی [ 3 مانگ] دووهەمی ئەمساڵدا کردووە.

 ئێستاش دوای کەمبوونەوەی غازی ڕوسیا و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ئەوروپا بەوەی کە ڕەنگە دواجار پوتین غازیان لێببڕێت ئەو بڕیارەی سەرەوەیان دا کە لە سەرەتای مانگی ئایندەوە ، مانگی ئاب، تاکو کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ئایندە ، 2023 بەو ڕێژەیە دەست بە غازەوە بگیرێت ، واتە سەرف نەکرێت .  بەواتایەکی دیکە خەزنکردنی غاز .  ئەم بڕی خەزنکردنەش لەم چەند مانگەدا  دەکاتە 45 ملیار میتر سێ جا .

وەکو پێشتر وتم دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەڵمانیا ئیدارەی مێرکڵ تاوانباردەکەن بە پاشکۆبوونی ئەڵامانیا بە ڕوسیاوە ، هاوکاتیش وەزیری وزەی فەرەنسی ، Agnès Pannier-Runache ، زۆر نیگەرانە بەرانبەر بە بارودۆخەکە بۆیە وتی ” تەندروستی تەواوی ئابووری ئەوروپا لە مەترسیدایە: زنجیرە پیشەسازییەکانمان بە تەواوی وابەستەی یەکترن: ئەگەر پیشەسازی کیمیایی لە ئەڵمانیا کۆکە بکات، ئەوا دەکرێت تەواوی پیشەسازی ئەوروپا بوەستێت. “

لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکەی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا :

  • ماڵتا و قوبرس و ئیرلەندە لەم بڕیارە بەخشراون چونکە ئەوان بە تۆڕی گازی ئەوروپاوە نەبەستراونەتەوە.
  • هەموو دوو مانگ جارێك هەر یەك لەو وڵاتانە ڕاپۆرتی جی بەجێکردنی بڕیارەکە بخەنە بەردەم پەڕلەمانی ئەوروپی  و کۆمیسۆن.
  • لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا  گەر جەنگەکە کۆتایی نەیە پێداجوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێتەوە.
  • هەنگاریا ئامادە نییە ئەم بڕیارە پەسەند بکات لەبەر نزیکییەوە لە ڕوسیاوە گەرچی لەسەر ئابڵوقەی ئابووری سزای ئابووریی روسیا ڕازی بوو.
  • ·          حکومەت کەمپەینی بە ئاگاهێنانەوەی خەڵکی بکات لە دەستگرتنەوە بە سەرفرکردنی غازەوە.

وا پێشبینی دەکرێت کە زستانی ئەمساڵ زۆر سارد دەبیت و بڕی ڕادەی خەزنی غاز لە ئەوروپا بە گشتی کە لە سەدا 66  ڕەنگە بەهۆی ساردی ئەم زستانەوە ئەم بڕە غازە سەرفبکریت .  

مانگرتنی زیاتر لە 40 هەزار لە کرێکارانی شەمەنەفەر و میترۆکان لە بریتانیا 

27/07/2022

پاش ئەوەی کە وتووێژی نێوانی یەكێك لە نقابەکانی  کرێکاران و کارمەندانی شەمەنەفەر و میترۆکان هەفتەی پێشوو هەرەسی هێنا لە سەر پرسی ئیش و کرێ و هەلومەرجی کارکردن و خانەنشینی نقابە چارێکی نەما جگە لە جێ بەجێکردنی بڕیاری کرێکاران کە بە هاودەنگی تەواو ئامادەی مانگرتن بوون.

دوای 3 ڕۆژ مانگرتن لە مانگی پێشوودا ، مانگی حوزەیران، ئەمڕۆ ، ڕۆژی 4 شەمە ، 27ی مانگ پتر لە 40 هەزار کراێکار کە سەر بە 14 کۆمپانیای جیاوازن  لە مانگرتندان هەر ئاواش گەر کۆمپانیاکان ئامادە نەبن داخوازییەکانیان بەجێبگەیەنن ئەوە لە مانگی داهاتووشدا ، مانگی ئاب ڕۆژانی 18 و 20 ی مانگ بۆ جارێکی دیکە ماندەگرنەوە.

کۆمپانیاکان لە وتوووێژیاندا لەگەڵ نقابە بریاری بەرزکردنەوەی کرێیان بە ڕێژەی لە سەدا 4  بۆ ئەمساڵ  و لە سەدا 4 دیکە بۆ ساڵی 2023 بەو مەرجەی کە دەستکاری هەلومەرجی کارکردن بکرێت ، ئامادەییان دەربڕی . بەڵام نقابە بەمە ڕازی نەبوو و ڕەتیکردەوە.

لە ئێستادا یەكێك لە بەربژێرەکانی سەرەكوەزیرانی بریتانی کە جێگای بۆریس جۆنسۆن دەگرێتەوە ژنێكی زۆر ڕاستڕەو و شەڕخوازە و ئێستا وەزیری دەرەوەیە ، بەندێکی مانیفێستی هەڵبژاراندەکەی جەزرەبە گەیاندنە بە کرێکاران بە یاساخکردنی مانگرتنیان بە تایبەت بۆ کەرتەکانی هاتووچۆ و خەستەخانە و بەشی تەندرورستی و ئەوانەی کە  لە بەشی وزەدا کاردەکەن.

ئەم خاڵەی نێو مانیفێستەکەی ئەم ژنە زۆرێك لە لایەنەکان و نقابەی نیگەران و توڕە کردووە تا ڕادەی ئەوەی کە دەڵێن ئەمە لە چەرخی نۆزدەوە گەورەترین نکوڵیکردن و زەوتکردنی مافی مەدەنی خەڵکییە و تەسککردنەوەی بواری دیمۆکراتییە .

هاوکاتیش مایك لینچ سکرتێری گشتی نقابەکانی ئەم کرێکارانە لە وەڵامی ئەو ژنە بەربژێرەدا وتی لیز تروس  [ ناوی ژنەی بەربژێرە]  پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەندیکایی کاریگەر لە بەریتانیا نایاسایی بکات و مافێکی سەرەکی دیموکراسی لە خەڵکی کرێکار بدزێت . ئەگەر ئەم پێشنیازانە ببنە یاسا، گەورەترین بەرگریی و بەگژاچوونەوە ڕوودەدات کە لەلایەن تەواوی بزووتنەوەی سەندیکاکانەوە دروست دەبێت، کە وەکو  مانگرتنی گشتی ساڵی 1926 و پرۆتێستی ژنان بۆ مافی دەنگدان و بزوتنەوەی چارتەرییەکان [ جارتیزم ] دەبێت.”

بێ گومان مانگرتنی ئەمان دەبێتە هۆی مەشلولکردنی کار لە زۆرێك لە شۆپ و کۆمپانیا و باڕو شوێنە کانی دیکەدا .

ڕوسیا کەلەبچەکەی دەستی بڕێك لە دەوڵەتانی ئەوروپای تووندتر کردەوە: 

زاهیر باهیر

26/07/2022

دوای ئەوەی ڕوسیا بە بیانوی بەسەرکردنەوە و پشکنین و چاککردنی بۆرییەکانی غاز ، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ تاکو 21ی مانگ هەناردەی غازی لە ڕێگای بۆرییەکانی  نۆرد ستریم یەکەوە بوەستێنێت.

هەر ئەو کاتە دەوڵەتە ئەوروپییەکان کەوتنە دڵەڕاوکێ تا ئەو ڕادەیەی هەندێكیان وایان پێشبینی دەەکرد کە ڕوسیا هەرناردەی غاز بۆیان ڕادەگرێت.

بڕیاری نوێی ڕوسیا کەمکردنەوەی  هەناردەی غازە لە ڕۆی 4 شەمەوە، 27ی مانگ، بە بیانوی بوونی گرفتی تەکنکی لە جیهاز و پەمپەکانی غازی کۆمپانیای غاز پرومەوە، کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە. بەڵام زۆرێك لە سەرانی ولاتانی ئەوروپا باوەڕ بەمە ناکەن و وای دەبینین کە هەنگاوی ئایندە ڕاگرتنی هەناردەی غازە لە لایەن روسیاوە.

ئێستا کۆمیسۆنی یەکێتی ئەورپا بڕیارێکی دەرکردووە،  داوا دەکات کە ولاتانی ئەوروپا لە سەدا 15 غاز کە سەرفی دەکەن خەزن بکەن .

 ئەڵمانیا بە حوکمی ئەوەی کە وابەستەی گەورەی ڕوسیایە لە غازدا ئەم بڕیارەی کۆمیسۆنی ئەوروپا بە دژایەتیکردنی ئەڵمانیای دەزانێت .  فەرەنسا و ئیتالیا و دانیمارک و پۆڵۆنیا و هۆڵەندە ویۆنان دژ بەم بڕیارە وەستاونەتەوە بە بڕیارێکی تاکڕەواونەی دەزانن و داوا دەکەن کە لە پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپادا لێدوانی لەسەر بکرێت .  هەرچیش ئیسپانیا و پورتوغالە زۆر بە جددی دژی بڕیارەکەن و یەکێتی ئەوروپا بەوە تاوانبار دەکەن کە بارودۆخی ئیسپانیا و پورتوغال نازانن.

بی گومان دانی بڕیار هەر زۆر ئاسانە بەڵام جێ بەجێکردنی زۆر گرانە .  دەوڵەتانی ئەوروپا دەکرێت ئەو بریارە پەسەند بکەن بەڵام بۆ جێ بەجێکردنی  ڕێگایەك ئەوەیە کە بتوانن هاووڵاتیانیان بەوە قایل بکەن کە دەست بە غازەوە بگرن ، کە ئەمەش هەر زۆر گرانە کە لە کاتێکدا ئەوروپا پێ دەنێتە وەرزی سەختی زستانەوە. 

ئئەگەر هاووڵاتیانیش ئەوەیان قەبوڵ کرد ئەی کارگە و کارخانە و ئۆفیس و شوێنانی دیکەی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان و قەسابخانەکان چۆن دەتوانن دەست بە سەرفکردنی غازەوە بگرن .  ڕەنگە بتوانن بەڵام ئەمەش لەسەر حسابی گەشەی ئابووریی دەبێت ، کە ئەمەش ڕویدا دووبارە ڕێژەی بەتاڵە لە زیادبووندا دەبێت و داهاتی وڵات دادەبەزێت و گرفتی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنیت  تا دەگاتە ڕادەی دروستبوونی ” ئاژاوە”.

ڕیگایەکی دیکەش هەیە ئەویش گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوز وەکو جێگرەوی غاز بەڵام ئەمەش قەبوڵنەکراوە لەبەر ژینگە و تێكچوونی ژینگە لەپاڵ وێرانکردنی ژیانیشا. 

دەوڵەتانی ئەوروپا دارێکیان بە دەستەوەیە تەنانەت ناوەڕاستەکەشی گواوییە .  شەڕێکی بێ پاسا و و وێرانکارییان دروستکرد کە گەر فریای خۆمان نەکەوین دەبینە سووتەمەنی سەرەکی جەنگەکە .

زانیاریەکی سەرسوڕهێنەر

24/07/2022

لەم یەك دوو ڕۆژەی پێشوودا ڕۆژنامەی گاردیان زانیاری ئەوەی ئاشکرا کرد کە چۆن کارتێلەکانی نەوت بۆ ماوەی 50 ساڵە  ڕۆژانە 3 ملیار دۆلار قازانج دەکەن.

دیارە قازانجی ئەوان لەسەر 3 بنەمایە کە یەکەمیان : چەوساندنەوەی هێزی کار و هەر ئاواش چەوساندنەوەی بەکاربەرانی بەرهەمەمانی ئەوان لە نەوت و گازۆیل و غاز و موشتەقاتەکانی دیکەی .  دووەم : تێکدانی ژینگە و پاوانەکردنی بە ئارەزووی خۆیان بۆ مەبەستی قازانجی زیاتر و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر.  سێیەم : یاساکان و نوێنەراەکانیان لە دەوڵەتدا یاخود لۆبییەکانیان کە چۆن هەموو ئەمانە بە قازانجی ئەوان کاردەکەن واتە دژ بە کۆمەڵ و بە ژینگە.

جێگای تاسان نییە کە ئەم قسەیەی پرۆفیسۆر Aviel Verbruggen بە ڕاست و دروست وەرگرین کە دەڵێت ” قازانجی ئەم کارتێلانە  کە لە ساڵی 1970 وە 52 تریلۆن دۆلار بووە، واتە ساڵی 1 تریلۆن دۆلار قازانج،  ئەوەندە زۆرە کە دەتوانێت  هەموو سیاسەتمەدارێک، هەموو سیستەمێکی پێبکڕرێت، هاوکاتیش دەکرێت  کارکردن لەسەر قەیرانی کەشوهەوا دوابخەن.  ئەم پارەیە ئەوەندە زۆرە کە دەستتێوەردانەکانی سیاسسیەکان دەوەستێنی و چالاکییەکانی بەرگریش لە ژینگە سنووردار دەکات.” هەر ئەم پرۆفیسۆرە وا پێشبینی دەکات کە لە ساڵی 2022 ئەم قازانجە زیاتر دەبێت. ئەوە ئاشکرایە  کە بۆچی نرخی نەوت و بەنزین و گازۆیل و غاز ئەوەندە گرانە لە جیهاندا ، تێگەیشتن  لە فۆرمیلەکە زۆر ئاسانە هەتا قازانج هەڵکشێت دەبێت نرخی کەرەسەکان بەرزتر ببێتەوە ، پێچەوانەکەشی دروستە.

هێڕشی پۆلیس و سەربازی سریلانکە بۆ سەر کەمپێکی ناڕەزایانی دژ بە حکومەت

22/07/2022

دوای خەباتێكی درێژخایەن لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتنی گشتی کرێکاران توانییان حکومەتەکەی ڕاجاپاکسە بهێننە خوارەوە ڕاجاپاکسە خۆشی بەرەو مالی و دواتر بۆ سنگاپور ڕا بکات. 

پاش دەست لەکارکێشانەوەی فەرمی ڕاجاپاکسە پەڕلەمانی سریلانکە لە دوا کۆبوونەوەیاندا بڕیاریان دا کە ڕامیل کە 5 جار پێشتر و ئەمجارەش سەرەکوەزیرانی ئەوێ بووە بکەنە سەرۆکی دەوڵەت تاکو هەڵبژاردنی گشتیی، کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2024 دایە.

دانانی ڕامیل بە سەرەک کۆمار ئەوەندەی دیکە خۆپیشاندەرانی سوور کرد لە سەر بەردەوامدانی خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانیان و سووربوونیان لە سەر لابردنی ڕامیل وەکو داخوازییان کە نابێت ئەوانەی کە لە حکومەتداریی پێشیوودا بەشداربوون لە مەی ئێستا و ئایندەدا بەشدار بن .

بۆیە هەر لەو ڕۆژەوە خۆپیشاندانەکان شێوەیەکی توندوتیژی وەرگرتووە لە لایەن پۆلیسەوە لە دوێنێشەوە بە فرمانی ڕامیل هێزی سەربازیشیان هێناوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و بڵاوەپێکردنیان کە گوایە ئەوەی ئەوان دەیکەن یاسایی نییە و کارێکی فاشستانەیە.

ئەوە بۆ ماوەی 3 مانگ دەچێت کە خۆپیشاندەران کەمێکی گەورەیان لە دەرەوەی ئۆفیسی سەرۆکی پێشوی سریلانەکە ، ڕاجاپاکسە ، کردۆتەوە سەدەها کەس شەوو ڕۆژ لەو کەمپەدا بوون دروشمایان :  Gota Go Gama, واتە گۆتە کە کورتە ناوی یەکەمی ڕاجاپاکسەیە،  بڕۆ ماڵەوە ، بەواتایەکی دیکە دەست لەکار بکێشەرەوە.

دوای  ئەوە خۆپیشاندەران بڕیاریان دا کە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا ، هەینی ، کەمپەکە چۆڵ بکەن و ڕادەستی حکومەتی بکەنەوە بەڵام ئەم بەیانییە پۆلیس و ژمارەیەکی زۆری سەرباز هەڵیان کوتایە سەر کەمپەکە و خێمە و کەرەسەکانی ناو کەمپەکەیان تێكوپێك داو 10 کەسیان گرتووە و زیاتریش لە 50 کەس بریندارکراون.  دڕندەیی پۆلیس و سەربازەکان بە گوێرەی قسە و ڕاپۆرتی گروپەکانی مافی مرۆڤ و لایەنەکانی دیکە زۆر دڕندانە بووە ، هیچ دەستیان نەپاراستووە نە لە منداڵ و پیر و پەککەوتە و نە کەسی دیکە، بۆیە ئەركێکی ئەوانەی کە لە کەمپەکەدا بوون، گێڕانی چەند ڕیزێکی بازنەیی  بووە بە دەوری خەڵکانی پیر و منداڵان و ژنانی دووگیاندا بۆ پاراستنیان لە لێدان و ڕاکێشانیان کە خۆیان توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان نییە .

لە ئێستادا بارودۆخەکە زۆر دژوارە و چاوەڕوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی زیاتر و گەورەتر دەکرێت .