مانگرتنی کڕێکارانی Starbucks لە ئەمەریکا بەردەوامە

11/08/2022

ئەم مانگە زنجیرەیەك مانگرتنی کرێکارانی ستۆرەکانی [ مەخزەن] کۆمپانیای ستارباکس زیاتر لە 17 ویلایەتی ئەمەریکای گرتەوە کە بریتی بووە لە 55 مانگرتنی جیاواز کە ویلایەتی فلۆریدا یەكێك بوو لەوانە.

هەروەها چەندین فرۆشگای ستاربەکس لە ویلایەتی ماساشوستس لەسەر پرسی مووچە و یارمەتییەکان مانگرتنێکی یەک ڕۆژەیان ئەنجامدا و دوو فرۆشگا درێژەیان بە مانگرتنەکە داوە، لە کاتێکدا فرۆشگایەک لە بۆستن لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە مانگرتنێکی نادیاریان گرتووە و داوای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێکی فرۆشگاکە دەکەن لەسەر دروستکردنی تۆمەت و کردنی  هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوە لە کرێکاران.

مانگرتنی کرێکاران لەوێ لەسەر زیادکردنی موچەکەیان و مۆڵەتدانی خۆڕێکخستنیانە لە نقابەدا.  بۆ ئەمەش ستارباکس بە هیچ شێوەیەك ڕازی نابێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 200 ستۆری ستارباکسدا بە زۆری زۆرداری ئەو کرێکارانەی ئەوێ نقابەی خۆیانیان دروستکردووە وێڕای ئەوەی کە چالاکوانەکانیان هەندێکیاد لەسەر کار دەرکراون بۆ نموونە 75 کرێکار دەرکراون بە سەدەهای تریان سەعاتی کارکردنیان بۆ کەمکراوەتەوە و بیمەکانیان لێبڕاوە.

بۆ هاوکاری ئەم کرێکارانە  نقابە 1 ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە و لاداوە تاکو یارمەتی ئەو کرێکارانەی پێبدات کە لەسەر کارەکانیان دەرکراون ، یاخود لە مانگرتندان .

بە گوێرەی ئامارێك لە ماوەی مانگرتنی کرێکاراندا زیانی 375 هەزار دۆلاریان لە کۆمپانیاکە کەوتووە.

 

زنجیرەی مانگرتنەکان  لە بریتانیادا بەردەوامە و بە ئاسانی ناپسێت

10/08/2022

115 هەزار  لە کڕیکارانی پۆستی بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 97.6  دەنگیان بە مانگرتن لە ڕۆژانی 26 و 31 ی ئەم مانگەو ڕۆژی 8 و 9 ی مانگی سێبتەمبەردا دا .

ئەم مانگرتنە لە دوای شکستهێنانی وتووێژی نێوانی نقابەی کرێکاران و ئیدارەدا بوو .  ئیدارە  ئامادەیە تەنها موچەی کریکاران بە ڕێژەی لە سەدا 2 بەرزبکاتەوە .  ئەم ڕێژەیەش لە ڕاستیدا هەر هیچ نییە بە بەراورد بە فرانبوونی هەموو شتێك و هەڵئاوسانی پارە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لە وەرگرتنی هەموو جۆرەکانی قەرزدا، هەر ئەم هۆکارەشە کە هانی  کرێکاران دەدات کە بەو ڕێژە گەورەیەوە  ئامادەی مانگرتن بن.  

نەگەبەتی شەڕەکە بەهەر حاڵ، ئەوە وشکە ساڵیشی هاتە سەر

زاهیر باهیر

09/08/2022

شەڕەکە و وشکە ساڵی گەورەترین گرفتیان بۆ  دانیشتوانی ئەوروپا بە گشتی و بریتانیا بە تایبەتی دروستکردووە .  هیوادارم لێرەدا بوەستێت و پەتایەکی کۆرۆنائاساشی نەیەت بەسەردا.

بریتانیا دووەم وڵاتی دەوڵەمەندی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دەوڵەمەندی دونیایە.  بە بەراورد بە ئەو سەرەوەت سامان ئەو هەموو سەرمایەدارە هەڵتۆقیوو و ئەو پاشخانە مێژوییەی کە پڕە لە دزی و تاڵانی  و ڕاوو ڕوتی وڵاتانی دیکە و مێژوییەکی پڕ لە شەرمەزاری لە شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانا، کەچی نەیتوانیوە خۆی لە پاشکۆیی نەوت و وزە و نەگبەتی وشکەساڵی دەربکات، کە لە ڕاستیدا ئەمانە پارەی دوو سێ شەڕێکی تێنەدەجوو.

لە کاتێکدا کە پێشبینی ئەوە دەکرێت کە مانگی ئۆکتۆبەر هەڵئاوسانی پارە بە ڕێژەی لە سەدا 13 بەرزدەبێتەوە و قائیمەی ساڵێکی غازی ماڵێکی ئاسایی دەگاتە 3،630 پاوەند و لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا گوایە دەچێتە 4 هەزار. 

گرفتێکی دیکە لە پێش بریاتانیایە کە دەبێتەو هۆی سەرخستنی پارەی وزە [ غاز و کارەبا] بە بڕێکی زیاتر بە هۆی وابەستەیی بە ولاتی نەرویجەوە لە وزەدا کە لە ڕێگای بەستنەوەی بۆرییەوەی لە Kvilldal لە نەرویج و Blyth لە بریتانیاوەیە  کە 730 کیلۆمەترە لە گەیاندنی وزەکەدا.

وشکە ساڵی لە نەرویجدا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە داوا لە دانیشتوانی ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتەکە کراوە، لەکاتی شوشتنی ددانەکانیاندا و دووشکردندا دوشێکی کورتتر بکەن  و هەر زووش بەلوعەکان بگرنەوە.

ئەم وشکەساڵییەی نەرویچ دەبیتە هۆی لێبرانی ئەو بڕە وزە، کارەبایەی کە لە نەرویجەوە دەگاتە بریتانیا، چونکە ئاستی ئاو لە باشووری نەرویج  زۆر کەمبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی لە ناوخۆدا، خودی ئەمەش کارایی لەسەر وڵاتانی دیکەی وەکو ئەڵمانیا و هۆڵندە و بریتانیا دادەنێت .

لەم وڵاتانەدا، بەکاربەرانی بریتانی لە وزە لەم زستانەدا ڕووبەڕووی پارەی زیاتر و ئەگەری کەمیی وزە دەبنەوە، دوای ئەوەی نەرویج هەڕەشەی  ناردنی  بەشی هەناردکردنی کارەبای لە بریتانیا کرد.  بەریتانیا وزەی کارەبای ئاوی لە نەرویجەوە وەردەگرێت لە ڕێگەی کێبڵی پەیوەندی ژێر دەریاوە کە لە ژێر دەریای باکووروە دەڕوا دەگاتە بریتانیا.

وەزیری نەوت و وزەی نەرویچ ، Terje Aasland ، تێرجە ئاسلاند، دوێنی،  دووشەممە بە پەرلەمانی نەرویجی راگەیاند: ” وەزیفەی پڕکردنەوەی بەنداوەکان پێش بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەوێت  کاتێك کە ئاستی پڕییان  لە خوار تێکڕای پڕی ساڵانی پێشووترەوەیە”.  ئاسلاند ئاماژەی بەوەشکردووە، ” بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشووری نەرویج بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 18% دابەزیوە و هەفتەی رابردووش بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشووری رۆژئاوای نەرویج کەمترین ئاستی بووە لە ئەمساڵدا کە لە ئێستادا بینراوە”.

وتی: “ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا کە مێژووییە.  دۆخێکە کە بۆ یەکەمجار چەندین ساڵە نەبینراوە، ناتوانین بە تەواوی ماوەیەك  لە بەهاری ئایندەدا دابەشکردنی کارەبا [ کارەبا بە نۆبە یاخود چەند سەعات چەند سەعاتێك ]  ڕەت بکەینەوە. بەڵام دەسەڵاتە پرۆفێشنەڵەکەمان  جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەری ئەمە کەمە”.

ئاسلاند وتی زەحەمەتە کێشەی دابەشکردنی کارەبا ئەم زستانە یەخەی دانیشتوانی نەرویج بگرێت ، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە کە پچڕانی کارەبا لە مانگی نیسان یان ئایاری داهاتوودا ڕووبدات، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ بزنس  نەک بەکاربەرانی ماڵان.

چەوساوەکان

جیهان نۆرمان

06/08/2022

چەوساوەکان هەمیشە بە دڵ و بە گیان خەباتیان کردووە بۆ ئازاد بوونیان لە سیستەمی سەرمایەداریی، سەرمایەدارانیش هەرگیز دوودڵ نەبوون لە تێرۆرکردن و لەناوبردنییان.

لەم بەربەرەکانییەی نێوان ژیان و کۆیلەیەتیدا، هەمیشە بەشێکی چینی چەوساوە کراوەتە قەلغان و پاسەوانی دەستەلاتی سەرمایە، وەك سووتەمەنی و خۆراکی سوپا و هێزی پاراستنی یاسا و سیستەمی چەوساندنەوە.

هەرکات سەربازەکانی سوپا و هێزەکانی پاراستنی دەستەلاتداران بە هۆشیاریەوە ڕیزەکانی سوپاکانیان چۆلکرد، هەرکات لوولەی چەکاکانیان رووکردە ئەوانەی ئەمریان پێدەکەن، ئەوکات دەکرێ چاوەرێی ئەگەری وەرچەرخانێکی رادیکالیش بکەین.

خۆبەخت نەکردن لە بەرژەوەندی دەستەڵات و یاسای سەرمایەداران، یاخیبوون لە ڕەوشت، نەریت و ئەرکەکانی کۆمەڵی سەرمایە، بنەمای هەموو ڕاپەڕینێکی ڕاستە بۆ ئازاد بوونی کۆمەڵی مرۆڤایەتی. بە پێچەوانەوە تا دەوڵەت بتوانێت چەوساوەکان بە ترس و تێرۆر، بە گێلکردن و کۆییکردن، لە بەرگی هاووڵاتی ژیرو گوێرایەڵیدا راگرێ بۆ پەیڕەوکردنی یاسای کاریکرێگرتەو شارستانییەتی سەرمایە، تا بێت دوارۆژی کۆیلەیەتیان درێژتر دەبێت.

مسۆگەریی ئازادبوونی چەوساوەکان تەنها لە یاخیبوونی بەکرداردایە لە ئەرك و مافەکانی کۆمەڵی کۆیلەیەتی کاریکرێگرتە، لە سیستەمی نامۆکردنی مرۆڤ لە سروشت و کۆمەڵی مرۆڤایەتی خۆی، لە خەباتدایە بۆ ژیانی کۆمەکی ئازاد.

هیچ یاساییەکی تۆمارکراوی ڕەها نییە کە هاتنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی دوور لە چەوساندنەوە وەك مسۆگەر دیاریبکات.

بێگومان، ئومێد هیوا، بڕوابوون و ئارەزووبوون بە هاتنی کۆمەلێکی دوور لە چەوساندنەوەی ئازاد دروستە، بەڵام چۆنیەتی و توانای ڕاستی و بە کردار بۆ ئەنجامدانی شتێکی ترە کە بوونی نییە لە دەرەوەی تواناو ئاستی خەباتەکانی ئەمرۆی دونیا، چ لە ڕووی ئۆبژێکتیڤەوە، واتە چ لە رووی ئاستی گشتی ناکۆکیەکانی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە، چ لە رووی سیبژێکتیڤەوە، واتە ئاستی تایبەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێری دژ بە کۆمەڵی سەرمایەو دەولەت. بە ڕوونتر، لە هەلوێست، لە هەلسوکەوت و کرداری تاکو کۆمەکی مرۆڤەکاندا دەتوانرێت دەرك بە توانا سەرەکیەکانی وەرچەرخانێکی شۆرشگێرانەی دژ بە چەوساندنەوەی سەرمایەداریی بکرێت، نەك لە بڕوایەکی ئایدیالیستی ڕەها بە شۆرش.

زانین، ڕاست دیاریکردن و بە ئاگابوون لە شێوازو تایبەتمەندییەکانی چالاکیو داپچڕاندنە شۆڕشگێرەکانی ئەمرۆی دونیا دژ بە دەوڵەت و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە، لە هەموو بوار و ئاستەکانی کۆمەڵدا، هەنگاوی سەرەکییە بۆ ڕاست هەڵسەنگاندنی ناکۆکیەکان و کێشە و کۆسپەکانی بزووتنەوەی ئازادی سەرتاسەری کۆمۆنەی مرۆڤایەتی.

لە تایبەتمەندییەکانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی شۆرشگێری دژ بە کەپیتالیزم دەتوانین سەرنجی چەند دیاردەیەك بدەین:

ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایی و بەرهەڵستیکردنە ڕادیکالیەکانی دژ بە دەوڵەت و سەرمایەدارێی، مۆرکی حیزبایەتییان پێوە نییە، داواکانیان سیاسی نین، تایبەت نین بە توێژێکی دیاریکراو، بەڵکو داوای ژیانە و پەیوەوەستە بە پێداویستی کۆمەڵێکی مرۆڤایەتی دژ بە کۆیلەیەتی.

سەرەڕای جیاوازییە ناوچەییەکان، هەموو بزووتنەوەکان لە ناخدا بەرهەڵستی هەمان کۆسپ و کێشەی ژیان دەکەن، بە گشتی دەربڕ و هەڵگری هەمان پێداویستی سەرەکین.

ئەوانەی کە لێپرسراوی سەرەکی کێشەکانی چەوساوەکانی دونیان، سەرەڕای جیاوازیە نیشتمانیەکانیان، جیاوازی زمان و ئیدیۆلۆژی سیاسیان، لە ناوەرۆکدا خاوەنی هەمان بەرژەوەندین، لە پراکتیزدا پەیڕەوی هەمان پڕۆگرامی چەوساندنەوەو زولم و زۆرکردنن.

خەباتەکان، گەورەو بچوکیان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر هەموو بەشەکانی سیستەمی سەرمایەو دەوڵەتەکەیان لە جیهاندا.

لە ڕاستیدا من نازانم هۆکارەکانی ئارەزووی ئەمریکا و بریتانیا بۆ شەڕ  چییە

زاهیر باهیر

05/08/2022

دەلێم هۆکارەکانی ئارەزوویان بۆ جەنگ نەك هۆکارەکانی بەرژەوندییان. من نازانم ئایا لە گەمژەیی ئەم دوو وڵاتەیە کە هیچ وانەیەك وەرناگرن لە شەڕی دۆڕاویان لەگەڵ ڕوسیادا، یا لە غەڕایی و نێرەکەریی و کەڵەگاییانە ، یاخود گرنگ نییە شەڕ دەبێت با ببێت و چی دەبێت با ببێت کوێ وێران دەکرێت و کێ دەکوژرێت با  ببێت ، واتە لە بەتەنگ نەهاتنەوە و بێ دەربەستییەوەیە.

من باوەڕم وایە کە چین شەڕی سەربازی ناکات و تایوان بە شەڕ ناچار ناکات و خۆشی دەزانێت کە تایوانی لە دەستچووە و نابێتەوە بە بەشێك لە چین ، بەڵام ئەویش حەزی بە گێچەڵ و فشار خستنە سەر تایوان  وئەمریکایە.

دوێنێ درەنگێ وتارێکی ئابوریناسێکی بریتانیم خوێندەوە کە لەسەر چوونی نانسی پیلۆسی نوسیبووی.   من لێڕەدا دوو بڕگە لە وتارەکەی وەردەگێڕم، کە دەڵێت:

بەڵام مەترسی زێدەڕەوی چین هەیە بە هۆی پشتبەستنی تایوان بە سووتەمەنی هاوردەکراوە، چین ئەوە بقۆزێتەوە بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر دوورگەکەدا.  وەك مارک ویلیامز، سەرۆکی شیکەرەوە و توێژەرەوە  ئاسیا لە  ئابووریییەکانی  سەرمایە، ئاماژەی پێدەکات، کە ئەم ئابلوقەدانە  بەم زووانە پیشەسازی تایوان پەكدەخات و دەبێتە هۆی  لێکترازانی ئابووریی گەورەی جیهانی .  سەرەنجامیش لەبەر ئەو شمەك و  ماتریاڵ و موڵکە ناوکۆییەکانی لە نێوانیاندا هەیە و لە لایەن تایوانەوە بەرهەمدەهێنرێت  کە لە هەموو شتێکدا بەکاردەهێنرێت لە مۆبایلەوە تا ئۆتۆمبێل و لە ئێستاوە کەمیان کردووە.   سنووردارکردنی هەناردەکردنی چیپس[ چیپەکان ] دەبێتە هۆی بەربەست و ڕێگرتن لە چارەسەری  بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و لاوازبوونی گەشەی ئابووری.  ئەمەش بە ناچاری فشار لەسەر ئەمریکاش دروست دەبێت نەک تەنها بۆ سەپاندنی سزای ئابووری و هەڵپەساردنی  سەروەت و سامان بەڵکو دەستوەردانی سەربازیش بکات.

ئەگەر ئەمە ئاڵۆزکردنی چین و تیژکردنەوەی گرژییەکان نەبێت، ئەی چییە؟ 

زاهیر باهیر

03/08/2022

لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا زۆرمان لەدەسەڵاتدارانی ئەمریکا و بریتانیا و هەندێك ولاتی دیکە دەبیست بە پاساوی بەردەومیدان بە جەنەگەکە و تێشکانی ڕوسییا ئەوە کە : “گەر ڕوسیا لەمەدا بۆی بچێتە سەر ئەوە دواتر ولاتە بچوکە کۆنەکانی سەر بە بلۆکی کۆنی ڕوسسی-شی بە دوادا دێت ، هەر وەها ئەمە هانی چین-یش دەدات کە هێڕش بکاتە سەر تایوان”

ئێستا کە ئەمان بۆیان دەرکەوتووە کە چین هێڕش ناکاتە سەر تایوان ،  بە دڵنیاییەوە چینییەکان هێڕش ناکەنە سەر چیینییەکان ، دەیانەوێت هەرچۆن هەیە دنەی چین بدەن کە هێڕش بکاتە سەر تایوان ، وەکو ئەوەی ئەمان ئەم جەنگەیان باش بردەوە و لەمەدا زۆریان هەڵتڕان ، ئیمجا نۆبەی شەڕی چین و تایوانە، یاخود جەنگێکی دیکەیە .

بێ گومان چوونی نانسی پیلۆس ، قسەکەری فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەررانی ئەمەریکا، نە بۆ هاوپشتی ڕژێمی تایوانە و نە دڵڕاگرتنی دەوڵەتی چین-یشە لەم وەختە ناسکەدا، بەڵکو توندەکردنەوەی گرژییەکانی نێوانی تایوان و چین و خۆشیان کە  بە تەرەفگیری و ” دیمۆکراسی” دەزانن.

ئەم ڕەفتارەی ئەمریکا و ئێستاش کە بریتانیا دەیەوێت وەفد لە مانگی نۆڤەمەبەردا بنێرێت بۆ تایوان شتێك نییە تەنها خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی و نانەوەی شەڕ نەبێت.

بێ گومان تایوان مافی خۆیەتی لە قەبوڵکردن و پێشوازیکردنی  هەر میوانێك و دۆستێکیان هەر ئاواش ئەمەریکاش مافی خۆیەتی لە زیارەتی هەر وڵاتێک و هاوکاریکردنی .  بەڵام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەمەریکا وەکو وڵاتی باڵادەستی جیهانی بە حساب دیمۆکراسی و هەر بە حساب پاریزەری مافی مرۆڤ و لەباربردنی زەمینەی نائارامیی و کرژی و جەنگ ، لە ئێستادا نە دەبوایە بەو کارە هەڵسایە ، ئەگەر ئەمە بۆ دروستکردنی جەنگ یاخود جۆرێك لە جەنگ نییە؟!!!

چین ئەمەی پێ قەبووڵناکرێت بۆیە هەرەشەی جددی دەکات لەو بارەیەوە. هەر لە ئێستاشەوە لە دەربڕینی ڕەتدانەوەیدا  هەندێك ڕێکاری بەکارهێناوە.  هاوکاتیش سەفیری چینی لە بریتانیا ئینزاری بەریتانیای کرد کە ” دوورکەونەوەی لەوەی کە ئەمەریکا دەیکات” ، وتیشی :  “ئەوەی یاری بە ئاگر بکات خۆی دەسوتێ”

کە قازانجی ئەوان دووقات یاخود سێ قات بوو، یانی زیادکردنی نرخ لەسەر تۆ بە هەمان ڕێژە

03/08/2022

کۆمپانیاکانی وزە:  نەوت و غاز و گازۆییل ، یەک بەدوای یەکدا قازانجی 3 مانگی دووهەمی ئەمساڵیان ڕادەگەیەنن . لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵکی لە دڵەڕاوکێی بەسەربردنی ژیانی خۆی و خێزانیاندان و نازانن چۆن بتوانن قائیمەی غاز و کارەبا و پارەی بەزنزین و گازۆیل بدەن کەچی ئەم کۆمپانیانە  زۆر بێ شەرمانە و بێ شکۆ قازانجە زەبەلاحەکیان ئاشکرا دەکەن. ئەمەش وەکو بەرزکردنەوەی دوو پەنجەیە بە ڕووماندا کە ئاماژەیە بە جوێنێکی زۆر ناشیرین بە ئێمە هەموومان.

دوای ئەوەی کە کۆمپانیای شێڵ لەم چەند ڕۆژەدا ڕای گەیاند کە قازانجی ئەم 3 مانگەیان واتە لە مانگی نیسانەوە بۆ حوزەیران   کە 11.4 ملیار دۆلار (نزیکەی 10 ملیار پاوەند)، هەر ئاواش ڕۆژی هەینی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا  قازانجێکی بێ وێنەی 17.85 ملیار دۆلاری (14.77 ملیار پاوەند)ی تۆمارکرد، کە نزیکەی چوار هێندە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵێک لەمەوبەر.  لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای شیڤرۆن قازانجی  11.62 ملیار دۆلاری تۆمارکرد کە دەکاتە 9.61 ملیار پاوەند.  ئەم قازانجە بەرزە ژمارەی پێوانەیی قازانجی خۆی شکاند. 

ئێستاش کۆمپانیای بریتن پیترالیۆم [ BP ] ڕایگەیاند کە ئەوانیش بۆ هەمان ماوە نزیکە 7 ملیار پاوەند[ 6.9 ] قازانجی کردووە .  ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا 6.2 ملیار دۆلار بووە، هەروەها سێ هێندەی قازانجی بنەڕەتی کۆمپانیای بی پی کە لە چارەکی دووەمی ساڵی 2021 دا 2.8 ملیار دۆلار بووە.  لە مێژوی ئەم کۆمپانیایەدا  ئەمەش دووەم بەرزترین قازانجی 3 مانگی بووە ،  ئەمە دوای قازانجی  8.8 ملیار دۆلار لە هاوینی 2008دا.

کۆمپانیای بی پی رایگەیاندووە، لە رێگەی بەرنامەی کڕینی پشکەکانەوە 3.5 ملیار دۆلار دەداتە وەبەرهێنەران، لە هەمان کاتدا کۆی گشتی پێدانی پاداشتەکانی بە رێژەی 10% زیادکردووە بۆ نزیکەی 1.1 ملیار دۆلار.

کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ناچاربوو بەهای وەبەرهێنانەکانی لە ڕووسیا بە بڕی24 ملیار دۆلار لەدەست بدات ، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێکی زۆری ئەو زەرەرە لەدەستچووەی قەرەبوو کردووەتەوە.  بەیانی ڕؤژی سێشەمە نرخی پشکەکانی کۆمپانیای BP بە ڕێژەی 4% بەرزبووەتەوە.

قازانجی ئەم کۆمپانیانە هەر ئەوە دەرناخات کە باسمان کرد بەڵکو ئەوەش دەسەلمێنێت کە جەنگ چ خێر و بەرەکەتێك بۆ ئەمان دێنێت.

بڕی گەنمی ئۆکرانیا ئەمساڵ نیوە ساڵانی پێشووە بە هۆی داگیرکردنی ڕوسیاوە

02/08/2022

ئۆکرانە یەكێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی دونیا لە بەرهەمهینانی دانەوێڵەدا.     لە ساڵی 2021 پێش شەڕەکە  بە ئۆکرانیا دەوترا زەمیلەی نانی ئەوروپا  بە حسابی ئەوەی کە گەنمێکی زۆر بەرهەمدەهێنێت.  بەگوێرەی  قسەی زێلینسکی کە لە ڤیدێویەکدا  لە تویتەرەوە بڵاویکردۆتەوە، ئۆکرانیا پێشتر 80 ملیۆن تەن دانەوێڵەی بەرهەمهێناوە، کە گەنم و گەنمەشامی و جۆی تێدایە، بەشی ئەوەی دەکرد بۆ ماوەی شەش مانگ خۆراك بە 400 ملیۆن کەس بدات .  لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: ئەمساڵ ئۆکرانیا لە رێڕەوی دروێنەکردن و ناردنی کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیەدایە.

بە گوێرەی ڕێکەوتنەکەی ڕۆژی 22/07 لە تورکیا ، یو ئێن و تورکیا زەمانەتی ڕەتبوون و گەیشتنی  پاپۆڕەکانی کە گەنمیان تێدایە بۆ شوێنی مەبەست دەکەن ، بەڵام تا ئێستا هیچ پاپۆڕێک بەڕێنەکەوتووە و چاوەڕاوانی لایتی سەوزی ئەو دوو وڵاتە دەکەن .

لەوە دەکات هەرناردەی گەنم و گەنمەشامی کەمتربێتەوە بە هۆی کوژرانی یەکێك لە خاوەنی کێڵگە هەرە  گەوەرەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ژنەکەی بە تۆپی دوورهاوێژی ڕوسیا لەم رۆژانەدا.  ئەم ژن و پیاوە خاوەنی سایلۆ و پاپۆڕی تایبەتی خۆیان بوون کە ساڵانە دەیانتوانی 2.25 ملیۆن تەن دانەوێڵە هەڵبگرێت، کە گەورەترین بوو لە ئۆکرانیا.

بەکاربەر لە دوو لاوە باجی هەڵکشانی نرخی وزە دەدات

30/07/2022

ڕۆژی هەینی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا  قازانجێکی بێ وێنەی 17.85 ملیار دۆلاری (14.77 ملیار پاوەند)ی تۆمارکرد، کە نزیکەی چوار هێندە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵێک لەمەوبەر، هەروەها کۆمپانیای شیڤرۆن قازانجی  11.62 ملیار دۆلاری تۆمارکرد کە دەکاتە 9.61 ملیار پاوەند.  ئەم قازانجە بەرزە ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆمپانیای شێڵی بەریتانیا ژمارەی پێوانەیی قازانجی خۆی شکاند، ڕایگەیاند  کە 11.4 ملیار دۆلار (نزیکەی 10 ملیار پاوەند) بۆ ماوەی سێ مانگ لە مانگی نیسانەوە تا حوزەیران قازانجی کردووە.

جۆ بایدن لە مانگی حوزەیراندا وتی: “ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی هەمووان قازانجی کۆمپانیای ئێکسۆن دەزانین …ئەمساڵ ئێکسۆن پارەی زیاتری لە خودا بەدەستهێناوە.”

بەرزبوونەوەی نرخی وزە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە هەڵاوسانی پارە بەرەو بەرزترین ئاستی چوار دەیە لە ئەمریکا دەبات ئێستا بە تێکڕا لە سەرانسەری ئەمریکادا 4.25 دۆلار نرخی هەر گاڵۆنێکە، کە زیاتر لە یەک دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک زیاترە لە چاو ساڵێک لەمەوبەردا.

چارەسەری بایدن زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەیە کە ئەمە لەگەڵ سیاسەتی لایەنگرێتی ئەو بۆ چاککردنی ژینگە ناکۆکە .

لە سەرەتای ساڵی 2022  ەوە پشکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن و شیڤرۆن بە ڕێژەی نزیکەی لە سەا 46 و 26 بەرزبوونەتەوە.

فرانسیس ئۆگرادی، سکرتێری گشتی سەندیکاکان لە بەریتانیا، ئەو “قازانجە چاوئاوکەرانە”ی بە “سوکایەتییەک بە ملیۆنان کەسی کرێکار ناوبرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پارەی وزەوە لە شەڕی ژیاندان. ئاماژەی بەوەشکردووە، “خەڵکی کرێکاران لە مێژووی مۆدێرندا ڕووبەڕووی درێژترین و توندترین فشاری مووچە دەبنەوە. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کارگەر پشکی دادپەروەرانەی خۆیان لەو سامانە بەدەستبهێنن کە دروستی دەکەن، بە چالاکی ڕاستەقینە دەست پێدەکات بۆ دابەزاندنی نرخی وزە”.

دوو مانگرتنی گەورە لە بریتانیا: 

29/07/2022

دوای مانگرتنی ڕۆژی 4 شەمەی  زیاتر لە 40 هەزار کرێکار و کارمەندانی شەمەنەفەرەکان ومیترۆکان ئەمڕۆش، هەینی ، 29ی مانگ 28 هەزار ئەندازیاری تەلەفوناتی بریتانیا کە لە ساڵی 1984دا کرا بە کەرتی تایبەتی لە دەوڵەتییەوە، لەگەڵ 9 هەزار لە سێنتەری وەلامدانەوەی تەلەفوندا مانیان گرت و هەروەها ڕۆژی 2شەمەش ، 01/08 لە مانگرتندا دەبن.

ئەمان داوای زیادکردنی مووچەکەیان دەکەن زۆرێك لەم کرێکارانە لە ئێستادا گەر چی کار دەکەن بەڵا بە یارمەتی وەرگرتنی کەرەسەکانی خواردن لە سێنتەری خواردن بەخشینەوە دەژین .

ئیدارە دەڵێت ئەوان ناتوانن پارەی زیاتر بدەن ئەمە لە کاتێکدا کە قازانجی ئەم کۆمپانیایە لەم ساڵدا  تا ئیستا 1.9 ملیار پاوەندە و بەڕیوەبەری جێ بەجێکارەکەی موچەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 32 زیادی کردووە ئەمەش موچەی ساڵانەی گەیاندۆتە 3.5 ملیۆن پاوەند.

لە لایەکی دیکەوە نقابەی ئەسلیف کە نقابەی سایەقی قیتارەکان و ئەوانەی ژێرزەمنییشە بە ڕێژەی لە سەدا 93 دەنگیان بە مانگرتن دا.  ئەمانیش بەیانی ، شەمە ، 30ی مانگ بۆ 24 سەعات مان دەگرن دووبارە لە 13 ی مانگی ئاب-یشدا 24 سەعاتی دیکە ماندەگرنەوە ئەگەر ئیدارە داخوازییەکەیان جێ بەجێنەکات .

نقابە ئۆفەرەکەی ئیدارە کە لە سەدا 6.6 قەبوڵکردوە بەڵام چاوەڕوانی ئەندامانی دەکات بزانن ئایا بەوە رازی دەبن یانا ، هاوکاتیش کرێکارانی قیتاری یۆرۆ ستار لە سەدا 8.2 یان بۆ زیاد کراوە .  نقابە دەڵێت زۆرێك لە ئەندامانی لە ساڵی 2019 کرێیان بۆ زیاد نەکراوە.

صەدیق خان سەرۆکی شارەوانییەکانی لەندەن کە سەر بە پارتی لەیبەرە و پێگە وپلەکەی وەکو پاڕێزگاری لەندەنە پشتگیری لە مانگرتنی کرێکاران دەکات و دەڵێت ” بەرپرسیارێتی مانگرتنەکان لە ئەستۆی حکومەتە، کە دەستوەردان لە کۆمپانیاکانی شەمەندەفەر دەکەن کە دەیانەوێت گرێبەستێک بکەن……… تەنها ڕێگەیەک کە ئەم ناکۆکیانە مەمیشە چارەسەر بکرێن ئەوەیە ئەگەر [وەزیری هاتوو چۆ و  گواستنەوە] گرانت شارپ و حکومەت دەست وەرنەدەن لە وتوو وێژەکانی نێوانی نقابە و کۆمپانیاکانی خاوەنکار و ڕێگە بە کۆمپانیاکانی شەمەندەفەر بدات قسە لەگەڵ سەندیکاکان بکەن.”