خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شاری مەدریدی ئیسپانیا

15/10/2020

ئەمڕۆ شەمە ، 15/10 ، پرۆتێستێکی ئێکجار گەورە لە مەدرید لەلایەن خانەنشینان و کرێکاران و خەڵکانی دیکەوە بەڕیوە چوو.  ئەم خۆپشاندان وپرۆتێستە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ کراوە تاکو ئەوانەی کە دەیانەوێت بەشداربن لە شار و شارۆجکەکانی دیکەوە لە وەختدا بگەنە مەدرید.

بە دەیەها گروپ لە شارەکانی دیکەوە بەڕێکەوتن بۆ مەدرید لەوانە گروپێك لە خانەنشینان کە بە ڕێپێوان لە Valencia بۆ مەدریدی پایتەخت کە 300 کیلۆمەترە  ، کەوتنە ڕێ تاکو بگەن بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا وەکو لە وێنەیەکیاندا دەبینرێن .

باری ئابووری ئیسپانیا خراپە و ڕێژەی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە سەدا 9.3 یە کە ئەمەش ژیانی خەڵکی بە ڕادەیەکی زۆر خراپ کردووە  کە چارێکیان لا نییە جگە لە بەرگری لە خۆیان و ژیانیان و بەگژاچوونەوەی حکومەتی ئیسپانیا.

تورکیا گەورەترین زبڵخانەی پاشماوە پلاستیکییەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

10/10/2022

“لەو کاتەوەی حکومەتی چین سیاسەتی بڕیاری دەستبەرداربوون لە هاوردەکردنی پاشماوەی پلاستیکیی لە ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ کردووە، تورکیا بووەتە گەورەترین زبڵخانەی پاشماوە پلاستیکییەکانی چەند وڵات و بە تایبەتیش وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا.

لە ساڵی ٢٠١٦دا تورکیا ٣٣ هەزار و ٨٠٤ تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوردە کردووە. تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ژمارەیە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا ١٢٠٠ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٤٧ هەزار و ٤٣٢ تۆن. لە دوای کشانەوەی لە یەکێتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠، بەریتانیاش بڕێکی زۆر پاشماوەی پلاستیکی هەناردەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کردووە. لە کاتێکدا زیاتر لە نیوەی پاشماوەی پلاستیکی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا هەناردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کراوە، بەریتانیا ١٢٢,٨٩٨,٣٨٥ کیلۆگرام پاشماوەی پلاستیکی، واتە لەسەدا ٢٧ی هەناردەی پاشماوەی پلاستیکی بۆ تورکیا ڕەوانە کردووە.”

بازرگانی جیهانی ڕیسایکڵکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان زۆر زنجیرە خەڵک لەخۆدەگرێت، لەوانە دەڵاڵ و بریکاری پاشماوەکان، هەڵگرانی پاشماوە، بریکاری کەشتیوانی و دەسەڵاتدارانی بەندەرەکان، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بازرگانی یاسایی پاشماوەی پلاستیکی گەیشتووەتە ٢ ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانیدا.

لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە تا ٢٠٢٠، هەناردەی پاشماوەی پلاستیکی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا لە ٣٨ هەزار و ٨٠٤ تۆنەوە بۆ ٤٤٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن بەرزبووەتەوە – واتە زیادبوون بە ڕێژەی لەسەدا ١٢٠٠.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە توێژینەوەیەکی دوورودرێژدا پەردە لەسەر بێمافییەکانی کرێکاران ، ژەهراویبوونی ژینگە، کارکردنی منداڵان، بازرگانیکردنی قاچاخ، بوونی سەدان کارگەی تۆمارنەکراو و نایاسایی، پشکنینی سەرپێی و چاوداخستنی دەسەڵاتداران لە بازرگانی ڕوو لە گەشەی ئەم کەرتە، هەڵئەداتەوە. لە چاوپێکەوتنەکاندا ئاماژە بە نایاساییبوونی سەدان کارگە ئەکەن کە ڕێژەی ٥٠ تا ٩٠% ی سەرجەم کارگاکانی ئەو بوارە پێکئەهێنن.

بە پشتگوێخستنی یاساکانی بواری پارێزگاری لە ژینگە، بەکارهێنانی ئامێری هەڵەو ، شوێنی نادروست و بچووک و دابڕاو لە کەمترین پێداویستییەکانی سەلامەتی بوونەتە سەرچاوەیەکی مەزنی ژەهراویبوونی ژینگە و مرۆڤەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە :” کرێکاران و دانیشتوانی ناوچەکە ئەگەر لە کاتی پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان (ڕیسایکڵکردندا) ژەهرەکان و دوکەڵەکان هەڵمژن، بەرکەوتەی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان ئەبن. شێرپەنجە، نەزۆکی، کەموکوڕی لەدایکبوون، لەدایکبوونی پێشوەختە و تەنگەنەفەسی، کێشەکانی تری کۆئەندامی هەناسەدان، سەرئێشە، و نەخۆشیەکانی پێست کاریگەرییە ژەهراوی و زیانبەخشەکانی ئەم بازرگانییەن.

شاری ئەدەنە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، زیاد لە ٥٠%ی هاوردەکردنەکان لە خۆ ئەگرێت. تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ١٦٧ دامەزراوەی مۆڵەتپێدراو بۆ ریسایکلکردنی پلاستیک لە ئەدەنە و ٢٣٢ دامەزراوەی مۆڵەتپێدراو بۆ ریسایکلکردنی پلاستیک لە ئەستەنبوڵ هەبوون، کە زۆربەیان لە نزیک شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون، کلینیکەکانی پزیشکی، قوتابخانە و پارکەکان دامەزراون.

کۆچبەران و پەنابەران ژمارەیەکی ناڕێژەیی بەرزی کرێکاران لە دامەزراوەکانی ڕیسایکڵکردن پێکدەهێنن، چونکە ئەم جۆرە کارانە بۆ ئەو کەسانە بەردەستن کە زمانی تورکی نازانن، بەربەستی چوونە ژوورەوەیان کەمە و زۆرجار بەشێکن لەو ئابوورییەی کە کراوەیە بۆ ئەو تاکانەی بەبێ مۆڵەتی یاسایی کار ئەکەن، یان دووچاری ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان ئەبنەوە لە کاتی کارکردن .

کوردەکان لە ناو هێزی کار لە دامەزراوەکانی ڕیسایکڵکردندا نوێنەرایەتییەکی زۆریان هەیە. بەشی زۆری ئەو کەسانەی لە بواری ڕیسایکڵکردنی پلاستیکدا. بە پێ‌ی ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافی مرۆڤ ئەو کوردانەی لە ئەدەنە دەژین زۆربەیان منداڵی قوربانیانی ئاوارەیی زۆرەملێن، یان خۆیان قوربانین، کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودەوە لە گوند و شارۆچکەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە هاتوونەتە تورکیا کاتێک سوپای تورکیا سیاسەتی چۆڵکردن یان سووتاندنی هەزاران گوندی گرتەبەر.

نەک هەر بەکارهێنانی پلاستیک لە دەیەکانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٦٠ سێ هێندە زیاد بکات. پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٦٠ سێ هێندە زیاد بکات.

پلانەکان بۆ گەورەکردنی پیشەسازی پلاستیک بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە جیهاندا دەجووڵێنرێن، شانبەشانی کۆمپانیاکانی کاڵای بەکاربەر. لەگەڵ گواستنەوەی وڵاتانی جیهان لە نەوت و گاز وەک وزە لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتبارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردینیی، وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی پلاستیک و پترۆکیمیایی زیاد دەکەن. هەروەها توانای دروستکردنی پلاستیک زیاد دەکەن. زۆربەی پلاستیکەکان لە سووتەمەنی بەردینی دروست دەکرێن و زیندەیی ناشکێن و دەتوانێت چەندین سەدە بخایەنێت تا دەشکێت.

ئەو پلاستیکە کە ئەمڕۆ دروست دەکرێت بەردەوام دەبێت لە کێشەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمەش قەیرانی پلاستیک دەکاتە زیانێکی بەرچاوی بۆ دەیان نەوەی تر.

بە پێ‌ی ڕاپۆرتەکە :”لە کۆی ١٦ کرێکار کە کرێی خۆیان بۆ ڕ.چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرت کردووە، دوو کرێکار کەمترین مووچەیان وەرگرتووە و ١٤ کرێکارەکەی تریش کەمتر لە لانی کەمی کرێیان وەرگرتووە.

سەرجەم ڕاپۆرتەکە لەم بەستەرە چاو لێبکە

https://www.hrw.org/…/health-impacts-plastic-recycling…

پێشێلکردنەکانی مافی ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە کەرتی پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

12/10/2022

پێشێلکردنەکانی مافی ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە کەرتی پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن

ئازادی کۆبوونەوەو ڕێکخراوبوونی کرێکاران یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانە بۆ گردبوونەوەو پێکهێنانی ڕێکخراوە و یەکێتییە سەربەخۆکانی خۆیان لە ناوەندەکانی کار . ئامانج لەم ئامرازە گرنگە زامنکردنی یەکێتی کرێکارانە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ماف، داواکاری و خواستەکانیان. بەڵام ئەم مافە لە زۆرێک وڵاتانی جیهان لە پێناو دوورخستنەوەی کرێکاران لە هێزی دەستەجەمعی و تێکدانی ڕیزەکانی یەکێتی کرێکاران هەمیشە ڕێگری لێکراوە و بە یاسا لەهەوڵی بەرتەسکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەیدا بوون.

دواین ڕاپۆرتی ناوەندی سەرچاوەی مافەکانی مرۆڤ و کارگوزاری () باس لە پێشێلکردنی ئەم مافە گرنگەی کرێکاران ئەکات لە پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن لەو وڵاتە هەژارنشینانەی کە بەرهەمی فاشیۆنە بەناوبانگ و مەزنەکان لە جیهان و بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو دابین ئەکەن.

ڕاپۆرتەکە کە ئەمڕۆ ١١ی ئۆکتۆبەر لە ژێر ناونیشانی ( لێنەکراوە، فاشیۆن و ئازادی ڕێکخراوبوون) بڵاوکرایەوە چاوپێکەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ ٢٤ سەرۆکی یەکێتی کرێکاریی، ١٢٤ چالاکوانی کرێکاریی و مافەکانی مرۆڤ لە بەنگلادیش، کەمبۆدیا، هیندستان، ئەندەنوسیا و سریلانکا کردووە. زیاد لە ٦٠% یان پێیان وایە کە ئازادی گردبوونەوو ڕێکخراوبوون لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆر بەرتەسک بووەتەوەو هێرشی زیاتریان لە لایەن خاوەنکاران و دەسەڵاتدارانەوە کراوەتە سەر. نیوەی بەشداربووان ئاماژەیان بە هەڵکشانی هەڵاواردن، ترساندن، هەڕەشە و هەراسانکردنی ئەندامانی یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پێشێلکردنی ئەم مافە سەرەتاییە، و بەهانەکان بۆ ڕێگانەدان بە پێکهێنانی یەکێتی کرێکاریی و هەڵوەشاندنەوەیان لە ١٣ کارگەی گەورە ئەکات، کە سەرجەمیان کار بۆ ١٥ هەرە لوتکە (Top)ی براندە جیهانیەکان ئەکەن، لە نێویاندا (adidas) ، (Asda)، (Benetton Group)، (BESTSELLER)، (C&A)، (Sainsbury’s)، (ETAM)، (H&M)، (HUGO BOSS)، (J.Crew)، (OVS SpA)، (Mango)، (Next)، (Primark)،و (Under Armour).

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی بەهانەکانی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ کراوە لە هێرشکردنە سەر چالاکوانانی کرێکاریی و یەکێتییەکان و بەردەوام لە ژێر فشاری هەڵاواردن، هەڕەشە، توندوتیژی، تۆمەتی درۆ و دەستگیرکردندا کاریان کردووە.

بە پێ‌ێ راپۆرتەکە سەرکوتکردنی هەوڵەکانی ڕێکخستن و هەڵپەساردنی رێککەوتنە دەستەجەمعییەکان هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەتاکەوە دەرکەتوون، و درێژەکێشان و بەردەوامی ئەم پێشێلکارییەی خاوەنکاران و دەسەڵاتداران، کاریگەری کوشندانەی لەسەر مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران لە خواستی مووچەی شایستە، هەلومەجی کارکردنی گونجاو و سەلامەت کردووە. لە غیابی ئەم ناوەندە پارێزگارییە دەستەجەمعییەی کرێکاراندا ، ژنانی کرێکار زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر و دووچاری ئەوپەڕی کەمی کرێ و هەقدەست، سوکایەتیپێکردن، هەراسانکردنی سەرکار، نەبوونی گرێبەستی کار، کاری ناجێگیر، و سەعاتکاری زۆر و بێقەرەبوو بوونەتەوە.

ناوەندی سەرچاوەی مافەکانی مرۆڤ و کارگوزاری پێ‌ی وایە ئەبێت حکومەتەکان، براندو خاوەنکارەکان هەنگاوی جدی بنێن بۆ پاراستنی مافی ئازادی ڕێکخراوبوون. پێ‌ی وایە :” پێویستە لێکۆڵینەوەی پێویست لەودیو وردبینی کۆمەڵایەتی (social audit)، پەیوەندی چالاکانەی براندەکان لەگەڵ دابینکەران بە مەبەستی پاراستنی ئازادی ڕێکخراوبوون، و هێنانە کایەی چوارچێوەیەکی لێکۆڵینەوەی ئیجباری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەخۆ نیشان بدەن “

توێژینەوەکە هەر لە سەرەتای پەتاکەوە ئەم راستییانەی بۆ دەرکەتووە :

* نزیکەی دوو لەسەر سێ (٦١%)ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە دۆخی ئازادی گردبوونەو ڕێکخراوبوون خراپتر بووە

* نیوەی بەشداربووان (48%) ئاماژەیان بە هەڵکشانی هەڵاواردن، ترساندن، هەڕەشە و هەراسانکردنی ئەندامانی یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان کردووە

* زیاد لە چارەکی بەشداربووان (27%) باسیان لە هەڵکشانی توندوتیژی دژ بە ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان کردووە

* نزیکەی یەک لەسەر سێ (٣٠%)ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە، توندوتیژی و هەراسانکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ئەنجامی سنووردارکردنی مافی ڕێکخراوبوون و مافی ڕێکخراوەکان زیادیان کردووە

* لە ئەنجامی سنووردارکردنی مافەکانی ڕێکخراوەکان ، زیاتر لە نیوەی (58%) بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بە زیادبوونی دزینی مووچە و خزمەتگوزاری ئاشکرا کردووە.

سەرجەم ڕاپۆرتەکە لەم بەستەرە چاو لێبکەن

https://media.business-humanrights.org/…/2022_Unpicked…

مانگرتنەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا درێژەیان هەیە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

13/10/2020

ڕۆژی سێشەممە ئەلیسابێث بۆرن سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لە ئەنجومەنی نیشتمانیی هەڕەشەئامێزانە رایگەیاند: حکومەتەکەی دەست بەسەر ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکاندا ئەگرێت و لە ئامادەکاری ئەوەدایە تا پۆلیسی ئاژاوەگێڕی بە ئامانجی تێکشکاندنی مانگرتنەکان ، هێرشکردنە سەر مانگرتووان و ناچارکردنیان بە گەرانەوە بۆ سەر کارەکانیان ڕەوانەی پالاوتگەکان بکات.

ئەم زمانی هەڕەشەکردنەی ئەلیسابێث بە دوای بانگەوازی کرێکارانی پاڵاوتگەکانی (جیرۆم گراڤێنشۆن و فۆس سورمێر)دا هات بۆ بەردەوامبوون و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان . دواین پاڵاوتگەی تۆتاڵ لە دۆنگیس کە تا ئەم هەفتەیە لە کاردا بوون پەیوەستبوون بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا.

هەربۆیە سەرجەم کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و زیادکردنی مووچەکەنیان خەباتێکی سەرتاسەرییان دەستپێکردووە. مانگرتنەکان لە سێهەمین هەفتەدان و تا ئێستا شەش پاڵاوتگە لە کۆی حەوت مانگرتنی کرێکاران تیایاندا بەردەوامە.

ئەم ناڕەزایەتییانەی کرێکاران تەنها زنجیرەیەکە لەو خەبات و تێکۆشانەی سەرجەم کرێکاران لەم دەورەیەدا دژ بە سەرمایەداری لە ئاستی جیهان دەستیان پێکردووە. کرێکارانی گواستنەوە، هێڵی ئاسنین و بەندەرەکان لە بەریتانیا و باشووری ئەفریکا، ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئەڵمانیا و نەرویج،سربیا و کۆسۆڤۆ و یۆنان. ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران لە نیوزلەند، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەش کرێکارانی خزمەتگوزاری لە یەکێتی کرێکاریی ڤێردی – ئەڵمانیا- داخوازینامەیەکیان بۆ زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی زیاد لە ١٠% لە دانووستانەکانی مانگی جەنیوەری ساڵی نوێ بەزرکردەوە و هەرئیستا دەستیان بە خەباتێکی نەپساوە بۆ کۆکردنەوەی هێز لە دەورەی ئەم خواستانە کردووە. جگە لە هەڵکشانی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران لە ئەمریکا، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و هێڵەکانی ئاسن، و ستارباکس.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدان حکومەتە بۆرژوازییەکان بڕی ملیارەها دۆلار لە ژێر ناوی پاکێجەکانی هاوکاریی شەڕ ئەڕژێننە قوڕگی شەڕی ڕوسیاو ناتۆوە لە ئۆکراینا. بە پێ‌ی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت تا کۆتایی ئەمساڵ زیانی 2.8 تریلیۆن دۆلار بە ئابووری جیهان ئەگەیەنێت. بە پێ‌ی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گەشەدان گەشەی ئابووری لە ساڵی داهاتوو بۆ 2.2% دائەبەزێت. لە پێشتر پێشبینی 3.2% ئەکرا ، جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕێژەیە ئەکاتە سەرجەم داهاتی ئابووری فەڕەنسا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا. هەمان ڕێکخراو پێی وایە گەشەی ئابووری ولاتانی ئەوروپا بۆ 0.3 % لە ساڵی ٢٠٢٣ دائەبەزێت. بە پێ‌ی بلومبێرگ بڕیار وایە لەساڵی ٢٠٢٣ دا تەنها ڕوسیا بڕی( ٦،٥ تریلیۆن ڕۆبڵ واتە 112 ملیار دۆلار) کە ئەکاتە چارەکی داهاتی نیوخۆیی بۆ خەزێنەی شەڕ تەرخان بکات. لە بڕی ٧٠ ملیار دۆلاری داهاتی نێوخۆیی ئۆکراینا بڕیار وایە نیوەی زیاتری بۆ شەڕی بە وەکالەت تەرخان بکرێت ، ئەو شەڕە وێرانکەرەی کە بووەتە ئاوارەبوونی زیاد لە ٧ ملیۆن ئۆکراینایی لە ولاتی ئەوروپا و ٦٠%ی دانیشتوانەکەشی داتەپاندووەتە خوار هێڵی هەژارییەوە.

ئەلیسابێث رایگەیاند :”تا ئەو جێەی یاسا ڕێگام پێئەدات، فەرمانم بە پۆلیس کردووە، دەست بەو ڕێکارانە بکەن تا کارمەندانی گرنگ لە بەگەڕخستنەوەی پاڵاوتگەکان دابین بکەن”.

لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەلیسابێث کرێکارانی پاڵاوتگەی دۆنگیس و کرێکارانی صیانە لە پێنج ڕیاکتۆری ئەتۆمیی مانگرتنیان راگەیاند. بەڵام ڕۆژێک بە دوای قسەکانیدا تێپەڕی، لە لایەن پۆلیسەوە چوار چالاکوانی کرێکاریی لە پاڵاوتگەکانی جیرۆم – گراڤێنچۆن دەستگیرکران. کە لەوانەیە دووچاری سزای ١٠ هەزار یورۆ سەرپێچی و ٦ مانگ زیاندانیی ببنەوە.

ئیستا 30.8 % ی وێستگەکانی بەنزین لە سووتەمەنی بێبەشن.

سەندیکای بیرۆکراسی( کۆنفیدراسیۆنی بەڕێوەبەریی فەڕەنسا و کۆنفیدراسیۆنی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار (CFE-CGC) و کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی دیموکراسی فەڕەنسا (CFDT) لە هەوڵی کۆتاییپێهێنانی مانگرتنەکاندان و گرێبەستێکیان پێشتر بە زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی 5.5%، لەگەڵ ئێکسۆن‌مۆبیڵ واژۆ کردووە بەڵام لە لایەن کرێکارانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هەڵئاوسان کە ٧% ە ڕەد کراوەتەوە و خوازیارکردنی مووچەکانن بە بڕی ٧-١٠%. و کۆنفیدراسییۆنی گشتی کار (CGT) هێشتا سوورە لە درێژەدان بە مانگرتنەکان، و بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەت لەسەر ئەم پرسە.

ژمارەیەک لە کرێکاران ترسی ئەوەیان لێنشتووە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانی وتووێژەکانەوە دانوستان بەدەر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی کرێکاران بکرێن ,و گرێبەستی تر بە شتێک ئیمتیازی زیاترەوە بەسەریاندا لە جیاتی وەڵامدانەوە بە گشت خواستەکانیان بسەپێندرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی فشارەکانی حکومەت پێیان ناوەتە قۆناغی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ. بەلام شەڕی کرێکاران هێشتا بەردەوامە و کۆتاییان نەهاتووە.

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

14/10/2022

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

فرۆنتێکس، دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپایە. چاودێری دۆخی سنوورەکان دەکات و یارمەتی دەسەڵاتداران دەدات لە هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام. بڕیار وایە لە ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبەر لە ڕۆتەردام کۆنفرانسێک لەسەر سیستمی هاتنە ژوورەوەو دەرچوون (Entry/Exit System (EES)) ببەستێت.

کۆنفرانسەکە ستافی فرۆنتێکس، کارمەندانی دەسەڵاتدارانی سنوور و بەندەرەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، و نوێنەرانی کۆمپانیا هەڵبژێردراوەکان، و کۆمەڵەکانی کەشتییە گەشتیارییەکان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی چوونە ژوورەوە/دەرچوون کە بنکەیەکی زانیارییە لەسەر بنەمای بایۆمەترییە، لە سنووری دەریایی خاڵی پەڕینەوەی نێوان ولاتانی ئەندام.

هەروەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆنی ئەوروپادا هاتووە (و بەستەرەکەی لە خوارەوە دائەنێم) سیستمەکە بریتییە لە :” سیستمێکی ئایتی ئۆتۆماتیکی بۆ تۆمارکردنی گەشتیاران لە وڵاتانی سێیەمەوە، چ خاوەن ڤیزەی کورتماوە چ گەشتیارانی بێ ڤیزا، هەر جارێک کە سنوورێکی دەرەکی یەکێتی ئەوروپا دەبڕن. سیستەمەکە ناوی کەسەکە و جۆری بەڵگەنامەی گەشتەکە و داتای بایۆمەتری (پەنجە و وێنەی دەموچاوی گیراو) و بەروار و شوێنی چوونە ژوورەوە و دەرچوون تۆمار دەکات”. بڕیار وایە سیستمەکە وەک پرۆژەی بەرگریی لە پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا لە مانگی مەی ٢٠٢٣ ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پروپۆزڵی(پێشنیازی) پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە وەک پاکێجی سنووری سمارت ناسێنرا لە بەرپەرچدانەوەی هاتنی لێشاوی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٥ و لە لایەن کۆمسیۆنەوە لە سالی ٢٠١٧ پرۆژەکە وەک پاکێجی سنووری سمارت (زیرەک) بڕیاری جێبەجێکردنی درا.

وەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆندا هاتووە : ” EES جێگەی سیستەمی ئێستای مۆرکردنی دەستی پاسپۆرت دەگرێتەوە کە کاتێکی زۆری دەوێت ڕێگە بە دۆزینەوەی سیستماتیکی ئەو کەسانە نادات کە زیاد ئەمێننەوە یان ناگەڕێنەوە. بەشداری دەکات لە ڕێگریکردن لە کۆچی نائاسایی و یارمەتیدەری پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ئەوروپایە “

کۆمیتەی دژ بە بارگانیکردنی چەک لە هۆڵەندا پێی وایە :”سەرباری ئەوەی دیوارێکی ڤێرچواڵە ، هاوسان لەگەڵ ئەو سنوورە فیزیکیانەی کە ئێستا بوونیان هەیە ، درێژەی هەولەکانی میلیتاریزەکردنی سنوورە بۆ ریگرتن لە پەنابەران و ئاسانکردنی دیپۆرتکردنەوەیان ، جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی قازانجی سەرمایە بۆ کۆمپانیاکانی پیسەسازی سەربازی و ئەمنیی “

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک پێ‌ی وایە :” یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم تۆڕە دروستکردنی ڕژێمێکی ‘ئاپارتاید’یە: هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا و گەشتیارانی ئاسایی دەبێت بە خێرایی و بە ئاسانی سنوورەکان ببڕن، لە کاتێکدا کۆچبەرە ‘نەخوازراوەکان’ ئەبێت دەستنیشان بکرێن، و کۆنترۆڵ بکرێن، و ڕەت بکرێنەوە . نیگەرانی زۆر سەبارەت بە بنەما ڕەگەزپەرستەکانی سیستەمێکی لەو جۆرە بوونی هەیە، نەک تەنها لە لایەنگری ڕەگەزی، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسێتی تاک و تەکنەلۆژی و مەترسییەکانی تێڕوانینی پرۆفایلی بێئاگاداری و هیچ بەهانەیەکی یاسایی لە لایەن پۆلیسەوە”

سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی پیشەسازی سەربازی کە لە پشت قازانجکردنی بێشوومارەوەن لەم سیستمانەی جیاکاریی ڕێکخراوەکە بەم سیویە زنایاری ئەبەخشێت: ” بنکەدراوە(داتا بەیس)ی سنوور و کۆچەکانی یەکێتی ئەوروپا دەرفەتی قازانجی گەورە بۆ بواری ئایتی لەناو پیشەسازی سەربازی و ئاسایشدا خستووەتە ڕوو. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پێنج کۆمپانیا – ئاتۆس بەلجیکا، ئای بی ئێم بەلجیکا، ئیدیمیا (فەرەنسا)، لیۆناردۆ (ئیتاڵیا) و سۆپرا ستێریا بێنێلۆکس (بەلجیکا) – زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆیان لە گرێبەستەکانی جێبەجێکردن و پاراستنی EES بەدەستهێناوە، لەنێویاندا لایەنەکانی بایۆمەتری. گرێبەستی بچووکتر بەخشراوەتە ئێڤێریس (ئیسپانیا) و ڤیژن-بۆکس (پۆرتوگال) بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی تاقیکاری بەم سیستەمە لە ئیسپانیا و بولگاریا.”

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک لە درێژەی بابەتەکەیدا ئەم هەوڵە وەک بەردەوامبوون لە شکستی سیاسەتەکانی کۆچبەریی ولاتانی ئەوروپا ئەناسێنێ. لە کاتێکدا کۆمپانیا سەربازی و ئەمنییەکان بێشوومار قازانج ئەچننەوە، دەرگاکان بە هەموو شێوەیەک بە ڕووی پەنابەران دائەخرێن و توندتر ئەکرێنەوە.

https://frontex.europa.eu/about…/who-we-are/origin-tasks/

https://home-affairs.ec.europa.eu/…/entry-exit-system_en

تەقینەوەی کانگایەکی خەڵوز لە تورکیا لانیکەم 25 کوژراوی لێکەوتەوە و دەیان کرێکاری تریش لە نێو کانەکە گیریان خواردووە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

15/10/2022

ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:15 ی ئێوارە لە کانگایەکی شارۆچکەی ئەماسرا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش تەقینەوەیەک روویدا و کانەکە داڕما، تاکو ئێستا ٢٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی تریش بریندار بوون، و ژمارەیەکی زۆری کرێکارانیش لە قوڵایی ٣٠٠ – ٣٥٠ مەتر گیریان خواردووە . سەرجەم کرێکارانی کارکردوو لە نێو کانەکە ١١٠ کرێکار بوون. ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاترو زیاتر ئەبن.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەوپەڕيی دڵپڕی و حەسرەتەوە، و تووڕەیی بەرامبەر حکومەت لە چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزان و هاوڕێکانیاندا لە دەوری کانەکە کۆبوونەتەوە. ژمارەیەک لەو کرێکارانەی بە ئەستەم خۆیان ڕزگارکردووە برینەکانیان سەختن. ئەگەرچی تاکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە نەزانراوە بەڵام سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی کانەکان – سەر بە دەوڵەت- ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی گازی میثان ڕووی داوە. ژمارەیەک لە خەڵکیش لە تویتەر بۆ خراپی محاولەی کارەبایی نێو کانەکەیان گەڕاندووەتەوە.

لە دوای کارەساتی گیانلەدەستدانی ٣٠١ کرێکار لە ٢٠١٤ لە شارۆچکەی سۆمای تورکیا، ئەم تەقینەوەی ئەماسرا بە زنجیرەی ئەو کارەساتە خوێناوییانەی لە مێژووی کانەکانی تورکیا ڕوویان داوە هەژمار ئەکرێت.

لاوازی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی شوێنی کار لە دەرئەنجامی بە تایبەتکردنی کانەکان و فەرامۆشیی چاودێری حکومەت بەسەر کۆمپانیاکان و لێنەپرسینەوە و چاوداخستن بۆ چنینەوەی قازانجی زۆری کۆمپانیا و خاوەنکارەکان سالانە ژیانی سەدان کرێکاری خستووتە بەردەم مەترسی و مەرگ.

ڕاپۆرتێکی سێ ساڵ لەوەپێش باس لە خراپی دۆخی ناو کانەکە ئەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قوڵیی ٣٠٠ مەتر نزیکبووەتەوە و ئەگەرەکانی تەقینەوەو خنکان بەهۆی گازەکانەوە زۆرتر بوون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ١٩٠ ڕووداوی کار لە ساڵی ٢٠١٩ ئەکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٦٤ ڕووداوی کار تیایدا ڕوویان داوە، کە بوونەتە برینداربوونی ١٦٤ کرێکار، تەنها ٧ لەو ڕووداوانە لە سەر زەوی بوون و ١٥٧ ڕووداوەکەی تریش لە نێو کانەکە ڕوویان داوە. لە سێپتەمبەری ئەمساڵ لە کاتی سەردانکردنی وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکان ،و سەرۆکی شارەوانی و چەند پلەداری تری حکومیی و یەکێتی کرێکاریی (سەر بە دەوڵەت) ،بۆ کانەکە کرێکاران ئاماژەیان بە ئەگەری ڕوودانی کارەسات و تەقینەوە کردووە. هەموو ئاگادارییەکان بە چەند گوێیەکی کەڕدا چوون و تەنها گوێیان لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و چنینەوەی قازانجی بڕی ملیۆنەها دۆلار بووە.

ئەم وەزیرە درۆزنە لە ٢٠ی سێپتەمبەر رایگەیاندبوو :”چاومان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانە، بەڵام ئامانجی یەکەمی ئێمە سەلامەتی کرێکارانە، لە دوای سۆماوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ تا ڕووداوەکان لە سفر نزیک ببنەوە ، هەرچەندە تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین بەڵام هەر لە هەوڵداین، بەڵام بشڵێین چی، بەداخەوە کەرتی کانەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین پیشەسازییەکانی سەرتاسەری جیهان “

ئەم قسانە دیوی دووەمی قسەکانی ئەردۆگانن کە بە دوای کارەساتی سۆمادا رایگەیاند :”ئەمانە شتی ئاسایین و لە سروشتی کارکردنی ئەم کەرتەدا هەر ڕوو ئەدەن”!

داتاکانی چاودێری سەلامەتی کار لەو وڵاتە درۆکانی وەزیر ڕەد ئەکەنەوە، هەر بەدوای کارەساتی سۆما لە ساڵی ٢٠١٤، لە هەمان ساڵدا زیاد لە ٣٨٦ ڕووداوی کار ڕوویان داوە. لەساڵی ٢٠١٥، ٦٧ کرێکار ، لە ساڵی ٢٠١٦، ٧٤ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٧، ٩٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٨، ٦٦ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٩، ٦٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦١ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢١، ٧٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە، سەرباری برینداربوونی سەدان کرێکاری تر بە هۆی ڕووداوەکانەوە. تا ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٥٣ کرێکاری کانەکان گیانیان لەدەستداوە و بەم کارەساتەش ژمارەکان هێندەی تر هەڵکێشن.

ئەگەری مانگرتنەکانی هێڵێ ئاسنین لە ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدوە وەرگیراوە

15/10/2022

دەنگەکان بۆ راگرتن و بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسنین لە ئەمریکا تا دێن بەرزتر ئەبنەوە. پاش ئەوەی ئەم هەفتەیە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، گرێبەستی نوێیان ڕەدکردەوە. ماوەی چەند مانگە کرێکاران لە ئەگەری وەڵامنەداوە بە خواستەکانیان لە زیادکردنی مووچە، گرێبەستی دادپەروانە ڕایانگەیاندووە ناڕەزایەتی دەستلەکارکێشانەو مانگرتنی سەرتاسەری رائەگەیەنن.

مانگرتنەکان کاریگەری توندیان ئەبێت لەسەر زنجیرەی دابینکردنەکان لە نێوخۆو دەرەوە، و هێواشکردنەوەی چوونی کەولوپەل بۆ نیو کۆگاو فرۆشگاکان.. کارپێنەکردن و وەستانی ٧ هەزار شەمەندەفەر لە ڕۆژێکدا کە سەرجەم 40٪ ی گواستنەوەی کالاکان لە نێوخۆو بۆ شوێنە دوورەکان دابین ئەکەن، کاریگەری زیانگەیاندنی لانی کەم ٢ ملیار یورۆ لە ڕۆژێکدا بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی ٧٠%ی گازی ئیثانۆل بە ڕێگای شەمەندەفەر ئەگوێزرێتەوە و کارڕاگرتنەکان جارێکی تر ئەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گاز لەو وڵاتە. هەر ئەم ترسەیە سەرۆکی ئەمریکای هێنایە سەر خەت تا بە خێرایی دانوستانەکان بەڕێوە بچن و گرێبەستەکان واژۆ بکرێن بێ ڕوودانی هیچ جۆرە مانگرتنێک. گرێبەستەکەی ١٥ ی سێپتەمبەری جوو بایدن 14٪ زیادکردنی دەستبەجێی مووچە و 24٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە خۆ ئەگرن.

پاش ئەوەی گرێبەستی نوێ کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە ئەو داخوازییە گرنگانەیان لە زیادکردنی مووچەو مەزایای مۆڵەت و خانەنشینی لەخۆ نەگرت ، کرێکاران لە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، کە سێهەمین یەکێتی کرێکاری گەورەیە لەسەر ئاستی ئەمریکا و نوێنەرایەتی ١١ هەزار کرێکار ئەکات، لە دەنگدانێکی ئاشکرادا بە ڕێژەی 56% ڕەدیان کردەوە. کرێکاران خوازیاری مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ لە ساڵێکدان بە تەواوی مووچەوە و بێ هیچ لێبڕینێک ، لە کاتێکدا گرێبەستەکە تەنها یەک ڕۆژی لەخۆگرتبوو.

پاش بێکارکردنی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران ، فشاری کار کەوتووەتە سەر ئەو کرێکارانەی ماونەتەوە بە هەلومەرجی کاکردنی سەخت و هەمان مووچە، بۆیە چیتر ئامادەی قبوڵکردنی نین. تا ئێستا دوو یەکێتی کرێکاریی بیرۆکراتی بێ گەڕانەوە بۆ کرێکاران ، و ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕاپرسییەک (یان بەهانەی ڕاپرسی و شاردنەوەی زانیارییەکان ) ڕایانگەیاندووە کە ئەندامەکانیان دەنگیان بەو گرێبەستە داوە(بێ ئاماژەدان بە ژمارەی بەشداربووان و ژمارەی دەنگەکان)و مانگرتن ناکەن، بەڵام ئەم دەنگانە هێشتا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران لەو خواستانە ناکەن و ئەگەرەکانی بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسن تا دێن ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.

ڕژێمی ئێران و پاشەکشەیەکی دیکە

15/10/2022

ڕژێمی ئێران لەبەردەم ڕاپەڕیوانی ئێراندا پاشەکشەیەکی گەورەی کرد.  ڕژێم بۆ بەرگریکردن لەخۆی هەموو تاکتیك و فێڵێک دەگرێتە بەر .  یەكێك لەو تاکتیکانە کە لەم یەك دوو ڕۆژەدا کردی هەڵواسینی لەوحەیەکی بازرگانی کە لە ناویدا وێنەی 50 لە ژنە مەشوورەکانی ئێرانی لە گۆڕەپانێکی گەورەی تاراندا هەڵواسی لە ژێر ناوی ” ژنانی خاکەکەم ” وەکو سەپۆرتێك بۆ لەچك و بەزۆرکردنی لەچك بەڵام کەمتر لە 24 سەعات لەژێر فشاری ئەو ژنانە و خێزان کەس و کاریانا، ڕژێم ناچار کرا کە وێنەکان داگرێت.  

هەر یەك لەو ژنانە بە جۆرێك کاردانەوەی خۆیان دەربڕی بەرانبەر ئەو ڕەفتارە ناشیرینەی کە ڕژێم کردی لە خراپ بەکارهێنانی کەسایەتی و ژیانی ئەواندا.

فاتمە موعتەمەد-ئاریا، ئەکتەرێکی خاوەن چەندین خەڵات، یەکەم کەس بوو کە ناڕەزایی دەربڕی و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە  ئەو حیجابی نەپۆشیوە، وتی: ” من بە ژنێک لە خاکێکدا هەژمار ناکرێم کە منداڵی بچووک و کچە بچووکەکان و گەنجانی ئازادیخواز لە کێڵگەکانیدا دەکوژرێن”

. من دایکی مەهسام، من دایکی سارینام. من دایکی هەموو ئەو منداڵانەم کە لەم خاکەدا کوژراون. من دایکی هەموو خاکی ئێرانم، نەک ژنێک لە خاکی بکوژاندا”

هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەرهێنەری سینەما مەرزیە بۆرومەند و شاخەوان پەروانە کازمی ئەوانیش  بەکارهێنانی وێنەکەیان لەسەر تابلۆی بازرگانی ئیدانە کرد

بۆرومەند لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوسیویەتی: ” بەڕێزان وێنەکەم لەو دیوارە لاببەن کە لەژێرییەوە زوڵم لە منداڵان و گەنجان دەکرێن .من هەرگیز ڕێگە نادەم هیچ گروپێک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ناسنامەی کولتووری من بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن”.

من ماتەمینی بۆ مەهسا و بۆ هەموو ئەو بەهایانە دەگێڕم کە بەناوی ئایینەوە لەدەستمان داوە”.

كازمی كه‌ گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ی ئێڤرێست و چه‌ند لوتكه‌یه‌كی 8 هه‌زار مه‌تری له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام نووسیویه‌تی: ”  زۆر توڕه‌م به‌ بینینی وێنه‌كه‌م له‌م پۆسته‌ره‌دا،  شەرمەزارییە کە ناو و وێنەی ئێمەی ژنان تەنها بۆ سووکایەتیکردن بەکاردەهێنرێت”.

هەروەها کوڕی ئەکتەری کۆچکردوو هۆما رۆستا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بەکارهێنانی  ” شەرمەزارانەی” وێنەی دایکی و داوای لابردنی وێنەکەی کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” دایکم، هۆما رۆستا بە درێژایی ژیانی کەسی و هونەری لەگەڵ خەڵکدا بووە و بە کەرامەت و شانازییەوە ژیاوە.  ساڵانێک بوو تەنانەت بەهۆی ناو و پێگەی باوکی ڕەزا روستا ناوی سانسۆر  دەکرا کەچی ئێستا، دوای مردنی، دەستت بەسەر وێنەکەیدا گرتووە و  لە گۆڕەپانێکدا داتناوە  کە بە سوپاسەوە ڕۆژانە بە چاوی خۆم شاهیدی دیمەنی قێزەونی ترساندن و بێڕێزی بە ژن و پیاو بووم” کاڤییە سەمەندریان لە ئینستاگرام-دا نوسیوێتی.

پێشنیارێكی نوێ لە تورکیا دوێنی شەو بوو بە یاسا

14/10/2022

ئاکەپەی حوکمڕان هەمیشە بیر لە بڕیار و پێشنیاری نوێ دەکاتەوە تاکو بیانکاتە یاسا دژ بە ئازادییەکانی خودی هاووڵاتیانی و هەرەوەها ڕۆژنامەوانەکانی بە تایبەتی لە ئێستادا کە هەڵبژاردنی گشتی نزیك دەبێتەوە.

دوێنێ شەو ، 5شەمە، 13/10 پەڕلەمانی توورکیا بڕیاری دا ئەو  کەسەی زانیاری ناردروست لە کڕۆژنامە و سۆشیال میدیا و ئۆنلاین بڵاوبکاتەوە دەکرێت تا 3 ساڵ حوکمبدرێت .

بوراک ئێربای کە پەڕلەمانتارێکە لەکاتی وتارێکیدا کە لە پەڕلەماندا دەدرا وەک ناڕەزایەتییەک مۆبایلەکەی بە چەکوش دەشکێنێت.  ئەو بە پەرلەمانتارانی وت: “ئێوە تەنها یەک ئازادیتان هەیە، ئەو مۆبایلەیە کە لە گیرفانتاندایە… ئەگەر ئەم یاسایە دەربچێت دەتوانن بەم شێوەیە مۆبایلەکانتان بشکێنن، پێویست ناکات بەکاری بهێنن.”

هەروەها یاسا نوێیەکە داوا لە بەرنامەکانی نامە ناردنی وەک وەتساپ و هەروەها خاوەندارێتی کۆمپانیای مێتا دەکات، زانیاری بەکارهێنەران پێشکەش بە بەرپسان  بکەن کاتێک دەسەڵاتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی وڵاتەکە داوای دەکات.

Emre Kızılkaya کە ڕۆژنامەنوسێکە  دەڵێت: “دادوەرێک بڕیاری چۆنیەتی پێناسەکردنی زانیاری ناڕاست و مەبەست دەدات، کە بەڕاستی دەسەڵاتی ئارەزوومەندانە دەداتە حکومەت بۆ ڕەخنەگرتن لە ڕۆژنامەگەریی ”  ئەمە تاوانە کە حکومەت بە زانیاری نادروستی ناو دەبات ” ئەو وتیشی ” شتێک لێرە نییە بە ناوی  دیموکراسییەتەوە  بیبینێت ، ئەویش ئەوەیە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەبێ ڕاوێژکردن بە هیچ ڕێکخراوێکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس، بە تەواوی پڕۆژە یاسایەکی سەبارەت بە ئیکۆسیستەمی زانیاری و ڕۆژنامەگەری ئامادە کردووە

“….هەروەها ئەمەش پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک گووگڵ نیوز یان فەیسبووک ناچار دەکات هەواڵ و ئارگویمێنتەکان  بۆ حکومەت ئاشکرا بکەن، ئەمەش نیشانی دەوڵەتی تورکیا دەدات کە چ  ئیدیعایەك  بەرز دەکەنەوە و چی سەرکوت دەکەن”. “ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بێ وێنەیە.”

نە شا و نە ڕابەری، بڕوخێت سیستەمی سەروەری

نە شا و نە ڕابەری، بڕوخێت سیستەمی سەروەری

ڕاپەڕینی چەوساوان لە ئێران یەک ڕاپەڕینە، دابەشکردنی بەسەر ئێتنییەکان هەنگاوێکی دژەشۆڕشانەیە!

بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی چەوساوان لە ئێران وەک ڕاپەڕینی چەوساوان لە سوریە (٢٠١٢) نەگۆڕدرێت بە جەنگی میلیشیایی ئایینەکان و ئێتنییەکان، پێویستە لە مێژووی خەبات و بەرەنگاری ئەزموون وەربگرین.

ئێستا کە دە ساڵ بەسەر جەخماخەی ڕاپەڕینی چەوساوانی سووریە تێپەڕیوە، مێژوو بۆ ئێمە سەلماندوە، گوۆڕینی ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بە جەنگی میلیشیایی و بۆڕبۆڕێنی ڕامیاریی ڕەوتە ڕامیارییەکان، زەمینەی بەهێزبوونەوەی دژەشۆڕش لەباردەکات و ڕاپەڕین دەگۆڕێت بە گەمەی ڕامیاریی دەزگە سیخوڕییەکانی زلهێزان و کۆمپنانییە جیهانخۆرەکان و بەرپاکردنی حەمامی خوێن لە ڕێگەی جەنگی میلیشیاکان وەک دەسکەلای دەوڵەتانی ناوچەکە.

بەداخەوە لە ڕاپەڕینی چەوساوانی تونس تاکو سوریە و یەمەن دژەشۆڕش توانی بە بەرزکردنەوە و پیرۆزکردنی ئاڵای دەوڵەت و چەکدارکردنی ڕاپەڕیوان ڕاپەڕینەکان بگۆڕێت بە ئامرازی جێبەجێکردنی نەخشەی زلهێزەکان و کۆمپانییەکان، جەنگی دە ساڵەی نێوخۆیی سوریە و یەمەن زیندووترین نموونەن، کە بوون بە گەورەترین بازاری چەکفرۆشی.

هەرچەندە ئێران لە کۆمەڵێک هەرێمی ئێتنیی و ئایین جیاواز پێکهاتوە و خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشوو بە جۆرێک بەسەر ئەو بوونە ڕامیاریی و کولتوورییانە بەش بووبوون، بەڵام ئەم جارە بەپێچەوانەی پێشوو، وەک ڕاپەڕینی ١٩٧٩ چەوساوانی ئێران وەک یەک جەستە ڕاپەڕینەوە. ئەوە ئەرێنییترین و دڵخۆشکەرترین وەرچەخان و هەڵکشانی تێکۆشانی چەوساوانی ئێرانە، ئەزموون وەرگرتنە لە مێژووی چوار دەهەی ڕابوردوو، نیشانەی خۆهوشیاریی چەوساوانی ئێرانە.

بەڵام وێرای هەموو دڵخۆشییەک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی چەوساوان، هێشتا نابێت یەک چرکە لە مەترسیی پلانەکانی دژەشۆڕش (حکومەت تاکو شاخوازان و ناسیونالیستەکان و سەلەفییە سوننەکان) خافڵ ببین. ئەگەر بە وردیی کاردانەوە و هەڵوێستەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران سەنج بدەین، بەداخەوە، لێرە و لەوێ هەوەڵەکانی دژەشۆڕش دەبیندرێن، هەرچەندە سەرەتایین، بەڵام هەموو شتێک بە سەرەتایەک بەڕێدەکەوێت، گۆڕینی ڕاپەڕینی چەوساوانی سوریە بە جەنگی میلیشیایی دە ساڵە و وێرانکردنی شارەکان و گوندەکان و گۆڕینی ڕاپەڕینەکە بە حەمامی خوێن بۆ چەوساوان، لە یەک تەقە و لە هەوڵێکی سەرەتاییەوە دەستیپێکرد، کە تەقەکردنێک بوو لەنێو خۆنیشاندانێکی هێمنانەی پاش نوێژی هەیینییەک.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو لە دەرەوەی ئێران شاخوازان بەردەوام بە ئاڵای دەوڵەتەوە بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان هەوڵدەدەن و حکومەتیش لەنێوخۆ بە پەلاماردانی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە دەرەوەی ئێران (لە هەرێمی کوردستان/عیراق) و هەر ئاوا پەیڕەوکردنی دوو ئاست لە سەرکوتکردن لە بلووجستان و کوردستان توندتر بەراورد بە شارەکانی دیکە، هەوڵیدا هەم میلیشیای حزبە چەکدارە کوردەکان بۆ وەڵامدانەوەی چەکدارانە ڕاکێشبکات و هەم لەنێوان ڕاپەڕیوانی هەرێمـەکانی بلووجستان و کوردستان و ئازەرباینجان و خوزستان لەتەک نێوەندی فارسیزماننشین گومان و دووبەرەکیی درووستبکات. هەڵبەتە هاوکاتی هەوڵەکانی حکومەت، حکومەتانی پاکستان و تورکیە و حکومەتەکانی کەنداوی عەرەبیی لە ماوەی چەند دەهەی ڕابوردوو دەستەکانی خۆیان لەنێو ئەو هەرێمانە کە هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەییهەیە، ئامادەکردوون و هەرئێستا خەریکی دنەدانی دووبەرەکیی هەن. لە گشت ئەوانەش کاراتر و خراپتر دوو دیاردەن، کە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە دەرکەوتوون: یەکەم تەقەکردن و چەکدارکردنی ڕاپەڕین بەتایبەت لە هەرێمەکانی دەرەوەی ناوەند. دوەم ئێتنییکردنی خۆنیشاندانەکانی هاوپشتیی لە دەرەوەی ئێران بەتایبەت لە ئۆروپا، کە خۆنیشاندانی هاوپشتیی بەس بۆ ڕاپەڕینی هەرێمێک دەکەن و ئەوەش سەرەتای پارچەپارچەکردنی ڕاپەڕین و درووستکردنی دووبەرەکییە بە هاندانی نەتەوەچییەتی و سەلەفیەتی ئایینیی.

ئێمە وێرای دژایەتی و ڕسواکردنی ئەو هەوڵانە و هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە هەر هەوڵ و بۆچوون و بانگەوازێکی دژەشۆڕشانە، بە گوێرەی ئەزموونگیریی خۆمان لە مێژووی ڕاپەڕینەکان و بە دیاریکراویی ڕاپەڕینی ١٩٧٩ چەوساوان لە ئێران و ڕاپەڕینی ١٩٩١ چەوساوان لە عیراق و خۆنیشاندان و ڕاپەڕینەکانی دواتر، ئەو سەرنجانەی خۆمان وەک پێشنیار و پشتیوانی بە هاوڕێیان و هاوچینانی خۆمان لە هەموو هەرێمەکانی ئێران پێشکەش دەکەین، تاقە ئامانجی ئێمە بەرگرتنە لە هەوڵی ئەو دەستە و لایەنانەی کە خەریکن ڕاپەڕینی یەکگرتوانەی ئەم جارەی چەوساوانی ئێران بە پارچە پارچەی ناسیونالیستیی و بە جەنگی میلیشیایی دەگۆڕن.

پێویستە ئەوەش بڵێین، کە خۆشبەختانە تاکو ئەوێندەرێ ئێمە ئاگاداری چالاکییەکانی نێوخۆی شار و هەرێمەکانی ئێران هەین، بەگشتیی ئاستی خۆهوشیاریی ڕاپەڕیوان لە ئاستی بەرپرسیاریی مێژوویی شۆڕشگەرانە هەیە و مەترسییەکان تاکو ئێستا کەم هەژموون بوون. بەڵام لەتەک ئەوەش نابێت ئێمە ( وەک پشتیوانیکەرانی هاوچینانی ڕاپەڕیو لە ئێران) کەمتەرخەمانە دابنیشین و جموجووڵ و هەوڵی ڕەوت و میلیشیا دەسەڵاتخوازەکان (لە ناسیونالیست و سەلەفی و شاخواز تاکو چەپی حزبگەرا) نادیدە بگرین، چونکە ئەوانە هەردەم دەستەی ئامادەکراو و شانەی خۆمەڵاسدەری زلهێزەکان و کۆمپانییەکان بوون بۆ کۆنتڕۆلکردن و بەلاڕێدابردنی هەر خۆنیشاندان و ڕاپەڕینێک؛ دژەشۆڕش هەموو کاتێک لە هەموو شوێنێک لە ڕێگەی ڕەوت و حزب و ملیلیشا دەسەڵاتخوازەکان توانیویەتی و دەتوانێت بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی چەوساوانی ناهوشیار بەسەر شەپۆل و هەڵکشانەکانی (شۆڕشی کۆمەڵایەتیی) زاڵ ببێت و تێکیبشکێنێت.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی دژەشۆڕش، پشتیوانی ئازادیخوازان و ڕەوت و بزووتنەوە دژەسەروەرکان لە ئاستی جیهانیی و لە هەموو هەرێمەکانی جیهان بۆ چەوساوانی ڕاپەڕیو لە ئێران، دەتوانێت بەهێزکەری هاوسەنگیی هێز بۆ بەرەی شۆڕش و هەر ئاوا کاراترین وەڵامدانەوە و بەرەنگاریکردنی شۆڕشگەرانە بێت دژی هەوڵەکانی دەوڵەت و سەرمایەداران، کە هەر ئێستا خەریکی ئامادەکردنی سیناریۆی خۆیانن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵی ئێرانی پاش ڕووخانی حکومەتی ئێستا.

نا بۆ دەوڵەت و حکومەت، نا بۆ چەک و میلیشیا، نا بۆ حزبایەتی، نا بۆ ناسیونالیزم، نا بۆ سەلەفیزم

بەڵێ بۆ هاوپشتی جیهانیی، بەڵێ بۆ ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی، بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی خۆجێی هەموو هەرێمەکانی ئێران، بەڵێ بۆ فێدرالیزمی نادەوڵتیی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردییزمان

١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

https://linktr.ee/anarkistan