ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

حکومەتی بریتانی یاسای نوێی دژە نقابە دەخاتە بەر دەنگدان

03/01/2023

لە مانگی ئابی ساڵی پارەکەوە، 2022 ، کە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی بەشە جیا جیاکانی کرێکاران دەستیپێکردووە و مانگ بە مانگیش چڕ تر دەبێتەوە و لایەنگری زیاتریان دەکرێت ، چارەسەری  حکومەت بۆ ئەم کێشە گەورەیە کە خۆیان خولقاندویانە دەرکردنی یاسایەکی نوێیە دژ بە نقابە.

یاسای دژە نقابە یاسایەکی نوێ نییە و لە هاتنی مارگرێت تاچەرەوە بۆسەر حوکم لە بریتانیا لە ساڵی 1979 یەكێك لە ڕیفۆرمە سەرەکییەکانی لێدان بوو لە بزوتنەوەی کرێکاران بە دانانی چەندەها یاسای دژە نقابە کە هیچ وڵاتێکی ئەوەروپی و ئەمەریکاش ئەوەندە ئازادییەکانی نقابە و کرێکارانیان تەسك نەکردۆتەوە.  کە حیزبی لەیبەریش [ کرێکاران ] لە ساڵی 1997 دا هاتنە سەر حوکم لە بری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە یا بڕێك لەو یاسایانە، ئەوانیش بڕگەی خراپتریان بۆ زیاد کرد سەبارەت بە ئازادیی نقابە و کرێکاران و کرێکارە چالاکەکان .

لە ئێستادا حیزبی موحافیزین دەیانەوێت یاسایەکی دیکە لە هەفتەی ئایندەدا بخەنە بەردەم پەڕلەمان تاکو دەنگی لەسەر بدرێت . دوو بڕگەی سەرەکی ئەو یاسایە، یا لائیحە نوێیە :

یەك: نقابە و کرێکارەکانیان کە لە بەشە شادەمارییەکانی ئابووریی بریتانیادا هەژموونیان هەیە وەکو کرێکارانی ڕێگاو بان و بە هەمو جۆرەکانەوە، نێرس و دکتۆر و هەموو کارامەندانی دیکە کە لە بەشی تەندروستییدا کاردەکەن، بەشی ئاگرکوژانەوە ، نقابەی مامۆستایان ، …. بە گوێرەی یاسای نوێ گەر سەربگرێت دەبێت لانی کەم لە سەدا 20ی خزمەتگوزارییەکان لە کاردا بن تاکو کاروبارەکان تا ڕادەیەك بڕوات.

 دوو: لە ئێستادا بە گوێرەی یاسا ئەو نقابەیەی کە کارتی دەنگدان دەنێری بۆ ئەندامەکانی سەبارەت بە مانگرتن، دەبێت لە سەدا 50 دەنگەکان بگەڕێتەوە ، واتە ئەندامان دەنگی خۆیان بە ئا یا نا بۆ مانگرتنەکە بدەن .  بەڵام بە گوێرەی یاسای نوێ گەر بخرێتە کار دەبێت لەسەدا 40 دەنگدەران کە کارتەکەیان دەنێرنەوە ڕایان بۆ مانگرتنەکە دابێت ئەو کاتە مانگرتنەکە یاسایانەیە و دەکرێت بکرێت .  بێ گومان ئەمە زۆر سەختە چونکە ڕەنگە لە دەیەها خۆئامادەکردندا بۆ مانگرتن لە یەکێکیاندا ئەو ڕێژەیە دەنگ بە مانگرتن بدات.

حکومەت ئەم لائیحەیەی بۆ دەچێتە سەر و لەوە دەکات کە پەڕلەمان لەبەر ئەوەی زۆربەیان ئەندامانی حیزبی موحافیزینن   دەنگی بۆ بدەن دواتر هەواڵەی ئەنجومەنی پیران بکرێت [ House of Common  ] لەوێشدا ڕەنگە ڕای لەسەر بدرێت گەر نەشدرێت ئەوە دوای ئەخەن بۆ کاتێکی دیکە .  بەڵام نقابە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە حکومەت بەرێت بۆ دادگە ئەگەر بڕیار لەسەر ئەو یاسایە درا.  لەبەر ئەوە گەر ئەو یاسایەش سەربگرێت هەتا مانگی 9 ی ئەمساڵ باوەڕناکەم بکەوێتە کار .

ناکرێت و نابێت …

زاهیر باهیر

28/12/2022

ناکرێت و نابیت شتە بچوکەکان بە هەند وەرنەگرین و ڕەتیان نەکەینەوە.  هەموو شتێکی گەورە بنەمایەکی بچوکی هەیە ، هەموو شتێکی گەورە لە لەسەر زەمنیەی شتە بچوکەکان تێستی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت ، زانراوە و دەزانرێت کە قەبوڵ دەکرێت یاخود ناکرێت.

هەموو سوکایەتییەکی گەورە  بە هەر کەس دەکرێت لە سوکایەتی بچوکەوە دەستی پێکردوە ، زەوتکردنی ئازادییە گەورەکان لە زەوتکردنی ئازادییە بچوکەنانەوە دەستیپێکردوە و دەکات . لێسەندنەوەی مافە گەورەکانمان لە قەدەخەکردنی مافە بچوکەکانمانە دەستی پیكردووە ، هەر خاڵ و ڕوداوی گەورەیە لە خاڵ و ڕووداوی گچکەوە دەستپێدەکات، مەیل و حەز و پێداویستییە گەورەکان لە بچوکەکانەوە نکوڵی لێکراوە، هەموو پرس و کێشە گەورەکان لە خۆیانەوە هەڵنەتۆقیون و گەوەرە نەبوون، بەڵکو بە پرۆسەی بچووکی و گچکەییدا ڕۆیشتون و گەورە بوون.

زۆربەی کات ژنێك کە لاقەی جنسی دەکرێت یاخود دەکوژرێت پێشتر تەحەڕوشی پێکراوە ، پێشتر سوکایەتی پێکراوە ، پێشتر دەستی بۆ هێنراوە بە هۆیەك لە هۆیەکان قەبوڵ کراوە . کرێکارێک ، کارمەندێك کە قەبوڵی لێسەندنەوەی مافێکی بچوکی  کرد ، لەوێدا ناوەستێ و هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ زەوتکردنی مافە گەورەکانی.  

لەبەر ئەوە هەر کات شتە بچوکەکان قەبوڵ کران، ئەوە خۆشکردنی زەمینەی قەبوڵکردنی شتە گەوەرەکانە ، بۆیە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و جوداخوازیی و تانە و تەشەرەکان و ئەوانی دیکە دەبێت هەر لە هەنگاوی یەکەمدا ڕووبوڕوویان ببینەوە، بییانوەستێنن پێش ئەوەی گەورەبن.  کە گەورە بوون ڕاوەستانیان ستەم و گران بێت .  

ناڕەزایی قوتابیانی کچان دژ بە بڕ یارەکەی تالیبان

23/12/2022

دەسەڵاتی تالیبان لە ئەفغانستاندا لەم ڕۆژانەدا بڕیاری داخستنی زانکۆکانی بەسەر کچاندا دەرکرد .  ئەم بڕیارەی تالیبان دووەم بڕیاری گرنگ و سەرەکییە کە دژ بە ڕەگەزی مێیینە دەریدەکات.  لە مانگی ئازاری ڕابووردوودا بڕیاری داخستنی قوتابخانە ناوەندییەکانی کچانیان دا ، ئێستاش زانکۆکان .

باوەڕناکەم حکومەتی تالیبان ئەم بڕیارەیان بۆ بچێتە سەر چونکە ژنان و کچانی قوتابی بەرهەڵستی بڕیارەکە دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن هەر وەکو چۆن لە ئێستادا لە چەند زانکۆیەك دەستیان پێکردووە.

 بێ گومان ڕاپەڕینی ژنان و کچان و دواتریش پەیوەستبوونەوەی کوڕان و پیاوان لە ئێراندا پێیانەوە بەهرە و ئەزموونی خۆی دەگوێزێتەوە بۆ ئەفغانستان و دەبێتە هاندەر و بەگریکردن لە مافە ڕەواکانیان .  ئەوە ڕاستییە کە ژنان و کچانی ئەفغانستان لە ژنان و کچانی ئێران بێ تواناتر نین، هاوکاتیش دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئەفغانستان زۆر زۆر لاوازترن لە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران .

داتایەك *نیشانی دەدا کە بڕ و ڕێژەی خوێندکارانی ڕەگەزی مێیینە و ژمارەی وەرگرتنیان لە زانکۆکان بۆ نموونە لە ئەندەنوسیا کە گەورەترین وڵاتی جیهانە کە زۆرینەی موسڵمانە، لە 2% لە ساڵی 1970 بۆ 39% لە ساڵی 2018 بەرزبووەتەوە ،  لە سعودیە نیوەی تەمەنی ژنان کە دەکرێت لە زانکۆ بن دەچنە زانکۆ ، کە ئەو ڕێژەیە لە چوون و وەرگرنتی کجان لە زانکۆ لە مەکسیک، چین، بەرازیل و هیندستان.و هەموو  وڵاتێکی جیهانی موسڵمانان، جگە لە ئەفغانستانی دوای هاتنەوەی تالیبان بەزرترە .

ژنان لە کۆمەڵی ئەفغانستاندا ڕۆڵێکی باڵایان هەبووە لە پێش هاتنی تالیباندا  لە ساڵی 1996 دا لە زۆربەی دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکاندا ژمارەی سەرەکی بوون و شوێدەستیان دیار بووە .

 پێش دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان لە ساڵی 1996، 60%ی مامۆستایانی زانکۆی کابول (و نیوەی خوێندکارەکانی) ژن بوون. ژنانی ئەفغانی 70%ی مامۆستایانی قوتابخانەکانی وڵاتەکە بوون ، لە سەدا  50%ی کرێکارانی حکومەتی مەدەنی و 70%ی 130,000 فەرمانبەری حکومی لە کابول بوون  و  40%ی پزیشکی ئەفغانستانیان پێکدەهێنا.   تەنها لەم سەدەیەدا – تا ساڵێک لەمەوبەر – ژمارەی کچانی ئەفغانی کە لە قوتابخانەدا ناویان تۆمارکردووە لە تەنها 100 هەزارەوە لە ساڵی 2000 بۆ زیاتر لە 3.5 ملیۆن زیادی کردووە و خوێندەواری ژنان دوو هێندە زیادی کردووە.

…………………….

*ئامارەکان لە وتارێکی گۆردن بڕاونی کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیاوە وەرگیراون

پێشبینی ڕاپۆرتێك بۆ ساڵی ئایندەی ژیانی  دانیشتوانی بریتانیا

23/12/2022

بە گوێرەی راپۆرتێکی PWC ، PricewaterhouseCoopers کە ئەمڕۆ لە  ڕۆژنامەی گاردیاندا بڵاوکرایەوە  موچە و کرێی ساڵی ئایندە ، ساڵی 2023 بە هۆی بەرزی نرخی هەموو شتێکەوە و زیادبوونی باج و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سلفەی عەقار و قەرز، دادەبەزێتە ئاستی موچە و کرێی ساڵی 2006 لە بریتانیادا.

بارودۆخی ئابووری  خەڵکی ئەوەندە خراپ دەبێت کە گەلێك لە بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە.  بە گوێرەی راپۆرتەکە ڕێژی تەڵاق لە برەودا دەبێت، بە ڕێژەی لە سەدا 20 دەچێتە سەرەوە واتە  140 هەزار لە ئینگلەندە و وێڵس-دا زیادە دەبێت  بە ڕادەیەك کە لە هەر کاتژمێکدا 16 تەڵاق ڕوودەدات.  هاوکاتیش نرخی خانوو بە ڕێژەی لە سەدا 8 دێتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدا خانوو فرۆشان زیانی زۆریان لێدەکەوێت  هاوکاتیش کڕیارانی خانوو ناتوانن بیکڕن چونکە ڕێژەی سوو بۆ سلفەی عەقار و قەرز بەرزە و لە بەرز بوونەوەدایە.

بەرزبوونەوەی  قەیرانی تێچووی ژیان، بە بەرزبوونەوەی بێکاری و زیادبوونی مایەپوچیی [ئیفلاس] بزنسەکان و خراپی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، پێشبینی دەکرێت پێوەرە سەرەکییەکەی ڕەزامەندی و بەختەوەری  لە ژیاندا بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزێت.  لە سالی 2013 وە کە ئەم جۆرە تۆەمارکردنە دەستیپێکردووە  پێوەرەکانی بەختەوەری لە لوتکەی 7.7 لە ساڵی 2019 وە  دادەبەزێت بۆ لە سەدا 7.3 لە  ساڵی 2023 دا.

مانگرتنی کارمەندان و کرێکارانی پشکنینی پەساپۆرت و کرێکارانی پۆست و بەرید و پەیوەندییەکان لە بریتانیا دەستی پێکرد

23/12/2022

دوای مانگرتنی پەرستارەکانی ئینگلەند و وێڵس ڕۆژی سێشەمە،20/12  هەروەها مانگرنتی سایەق و تیمی ئیسعافەکان،  ڕۆژی چوارشەمە، 21/12  ئەمڕۆ مانگرتنی کارمەندان و کرێکارانی پشکنینی پەساپۆرتە لە فڕۆکەخانەکان و سەرسنورەکاندا.  ئەمانیش  بۆ ماوەی 8 ڕۆژ لە ئەمڕۆوە، هەینی، مانگرتنەکەیان دەست پێدەکات.

مانگرتنی ئەمان کارایی زۆر و فشارێکی گەورە لەسەر  کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییەکانی فڕۆکە و فرۆکەخانەکان دادەنێت .  نزیکەی 9000 سەفەر لە 6 فڕۆکەخانەی سەرەکی بریتانیادا کە 1.8 ملیۆن گەشتیار، سەفەرکەر لە ماوەی مانگرتنەکەدا، لەو سەفەرانەدا دەگرێتەوە .

 هەروەها کرێکارانی پۆست و بەرید و پەیوەندییەکانیش بۆ دوو ڕۆژ لە  ئەمڕۆە، هەینی و سبەینێ شەمە بۆ چەند جارێکی دیکە لە مانگرتندا دەبن . ئەم وەختەش لە هەموو ساڵێکدا وەختێکی زۆر گرنگ و تایبەتە بۆ خەڵکی کە کاتی کریسمس و سەری ساڵی نوێیە و نامە و کارت و دیارییەکی زۆر لەم ماوەیەدا دەبێت بگوێزریتەوە ، بەڵام ئەمساڵ ئەمە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە بۆ کۆمپانیاکە لە کاتێکدا کە نامە و دیارییەکان لە وەختدا ناگەن ، هاوکاتیش  مانگرتنەکە هاوپشتی زۆرێك لە خەڵکیان هەیە.

مانگرتنی کارمەندانی ئیسعاف و تیمەکانیان لە ئینگلەند و وێڵس بۆ 11 کاتژمێر دەستی پێکرد

21/12/2022

ئەمڕۆ 4 شەمە دوای مانگرتنی نێرسەکان کە بۆ دووەم جاریان لە هەفتەی پێشووەوە بۆ 24 سەعات دوێنێ، سێشەمە  مانیان گرت ، مانگرتنی دەیەها هەزار سایەقی ئیسعافەکان و   تمیەکانیان ئەمڕۆ دەستی پێکرد.

حکومەت بۆ شکاندندی مانگرتنەکە 600 سەربازی بۆ ماوەی نێوانی 2 ڕۆژ و بۆ 3 ڕۆژ ڕاهیینان پێکردووە تاکو لە لەندەندا ئەمڕۆ دەستبەکار بن .  بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە یەك : کە ئەمانە ژمارەیان ئەوەندەکەمە وەکو دڵۆپێک لە بیرێکی پڕ بێت ئاوایە.  دوو ئەم ئیسعافانە تیمی چارەسەری کتوپڕییان لەگەڵدا نییە ئەمان تەنها وەکو تەکسی نەخۆشەکان دەگوێزنەوە بۆ خەستەخانەکان . سێ: ئەمان بە گوێرەی یاسای هاتووچۆ بۆیان نییە بدەن لە گڵۆپی سوور و بۆشیان نییە گلۆپی ئیشارەتی سەرەوە کە شینە و دەخولێتەوە بۆ ئاگەدارکردنەوەی خەڵک و لێخوڕانی سەیارەی سەر شەقامەکان بەکاربهێنن.

حکومەت لێرە ئەمەی  بە مەبەستێکی سیاسی و پرۆپاگەندەی سیاسیانە کردووە تاکو ئەو ئاماژەیە بدات کە ئەمان بەتەنگ نەخۆشەوە دین دەنا خۆشیان و خەڵکیش دەزانن گەر ئەمە جارەسەر بێت، گرتنی تەکسی لە لایەن خودی نەخۆشەکەوە ئاسانتر و خێراترەو گەڕانەوەی پارەی تەکسسیەکەش بۆیان کەمتر دەکەوێت لە دەرکردنی ئیسعافێك بۆ گەیاندنی نەخۆشە  بۆ خەستەخانە کە هەموو دەرکردنی ئیسعافێك لە کاتی ئاسساییید الە نیوانی 2500 بۆ 3000 پاەند دەکەوێت چونکە زۆربەیان لە لایەن کۆمپانیای تایبەتییەوە دەهێنرێن.

هاوپشتی خەڵکی و تەنانەت بەڕێوەبەرەکانی خەستەخانەکان و بەشە جیاوزەکانی تەندروستی و چارەسەر بۆ نێرسەکان و ئیسعافەکان لە هەڵکشاندایە .  کۆمەڵێك لە بەڕیوەبەری خەستەخانەکان نامەیەکیان بۆ وەزیری تەندروستی نوسیوە و نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بە بارودۆخەکە ڕاگەیاندووە.  هاوکاتیش داوا لەو  و لە سەرەکوەزیران دەکەن کە لەگەڵ نقابەی نێرسەکان و کارمەندانی ئیسعافەکاندا دانیشن وتووێژ بکەن و ئەم کێشە گەوەرەیە کە کارەسات بەسەر خەڵکی بریتانیادا دەهێنێت جارەسەر بکەن .

ڕۆژی 23 ی مانگە واتە هەینی کارمەندان و کرێکارانی پشکنیننی پەساپۆرت لە فڕۆکەخانەکاندا و سەر سنورەکان بە 8 ڕۆژ لە مانگرتندا دەبن . هاوکاتیش کرێکارانی قیتارەکانی سەرزەوای لە 24ی مانگەوە هەتا 28 مانگ لە مانگرتن دا دەبن .  لە ڕۆژی 3 و 4 و 6و 7ی مانگی داهاتووشدا دووبارە کرێکارانی دوو نقابەی هاتووچۆو گواستنەوە و قیتارەکان مان دەگرنەوە.  

ململانێی دوو گەندەڵی ئەی ئێن سی بۆ سەرکردایەتی ئایندەی ئەی ئێن سی،ANC

زاهیر باهیر

20/12/2022

لەو کاتەوەی کە باشووری ئەفریقا لە  ساڵی 1994 وە لە  دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ، ڕایسیسزم، ڕزگاری بووە ، نەك هەر نەیتوانیوە ژیانی خەڵکەکەی لە ڕوی ئابوورییەوە بەرەو پێشەوە بەرێت ، بەڵکو خەڵکەکەی هەژارتر بووە ، گرانی زیاتر پەرەی سەندووە ، بێ لانەو بێ جێگایی زۆرتر بووە .  هەر وەکو چۆن لە سای دەسەڵاتی خۆماڵیدا لە باشووری کوردستان ژیانی خەڵکی خراپتربووە هەر ئاواش لە باشووری ئەفریقا.

سەکردەکانی ئەی ئێن سی کە بوونەتە سەرۆکی وڵاتەکە یەك لە دوای یەك لە گەندەڵییەوە ئاڵاون سەرۆکی پێشتر جەیکەب  زوما ئەوە لەسەر گەندەڵی دەنگی پێنەدرا و لە ڕابەرایەتی دووریان خستەوە . ئەمەی ئێستا  Cyril Ramaphosa، ئەم کابرایە کە پێشتر سەرۆکی گشی نقابەکانی هەموو باشووری ئەفریقا بووە و زۆر چالاك بووە لە ساڵی 1987 دا بۆ 3 هەفتە مانگرتنی گشتی کرێکارانی ئەوێ سەرکردایەتی مانگرتنەکەی کردووە و زیانێکی ئێکجار گەورەی ئابوورییان بە دەوڵەتی پێشینەی ئەوێ گەیاند .  بە  هاتنەدەرەوەی مەندێلا لە بەندیخانەوە دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی ڕامافۆسا وەکو قارچکی بەهاری لای خۆمان هەڵتۆقی و بوو بە ملیوێنەر و بزنسمانێکی گەورە .  دواتریش لەپەراوێزی گەندەڵییەکانی سەرۆکی پێشتری وڵات ، جەیکەب زوما، ئەم بە باشترین سەرکردە بۆ ئەی ئێن سی و سەرەك کۆماری ئەوێ هەڵبژێررا و ئەوەندەی دیکە ئاڵا لە گەندەڵییەوە.

لە ئێستادا ئەی ئێن سی کۆنفرانسی پەنجا و پێنجەمی دەگرێت .  لەم کۆنفراسەدا دوو کەسیان بەربژێر کردووە بۆ سەرۆکی ئەی ئێن سی و سەرۆکی ئاییندەی باشووری ئەفریقا . ڕامفۆسا کە سەرۆکی  هەنوکەییە و ئەوی دیکەیان  لە لایەن بەشێکی ئەی ئێن سی-یەوە ، کە لایەنگری سەرۆکی پێشینەن، جەیکەب زوما-ن. ڕامسفۆسا لەسەر گەندەڵی تێیگیراوە و دەیانەوێت لای بەرن.

ڕکەبەرەکەی ڕامفۆسا،  کۆنە وەزیری تەندروستی بوە کە لەسەر گەندەڵی لەسەردەمی کۆرۆنادا لە وەزارەت دوورخرایەو ناوی Zweli Mkhize  یە کە کۆنتراکتی پەتای کۆرۆنای بە کۆمپانیەك داوە کە لە لایەن  کەسێکی تێکەڵاو بە خۆی کۆنترۆڵکراوە .

نەیارانی ڕامفۆسا دەیانەوێت ئەو دەست لەکاربکێشێتەوە بەهۆی ئابرووجونێکەوە کە پەیوەندی بە دۆزینەوەی کۆگایەکی پارەی نەختینەییەوە هەبووە لە کێڵگەکەیدا. ناوبراو ڕەتی کردووەتەوە کە هەڵەی کردبێت و هیچ تاوانێکیشی تۆمەتبار نەکراوە.  بەڵام دۆزینەوەی ئەم پارەیە  پرسیاری لەسەر ئەوە دروستکرد کە چۆن پارەکەی دەستکەوتووە و ئایا ئەو پارەیەی ڕاگەیاندووە و بۆچی ڕاپۆرتی نەکردووە کاتێک دزەکان دەچنە ژوورەوە و لە مۆبیلیاتەکان دەریانهێناوە.

کە ئەم راستیانە دەزانیت ئیتر ئایندەی خەڵکانی هەژاری باشووری ئەفریقات بۆ دەدەکەوێت لە سایەی ئەم سەرۆك و ڕێکخراوانەدا، هەمان تاس و هەمان حەمام بەڵام لە شوێنی جیاوازدا.

هەموومان لە هەمان کەشتیداین

زاهیر باهیر

19/12/2022

قسەخۆش و بەناوبانگەکەی سیاسییەکانی بریتانیا و سامانداران ئەوەی سەرەوەیە کە لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی جەنگ یاخود پەتایەك وەکو کۆرۆنا یاخود کارەساتێکی سروشتیی دەبینەوە ئەم قسەخۆشە دەدەن بە گوێماندا و دڵمان دەدەنەوە .  بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە هەمومان لەیەك زریانداین نەك یەك کەشتی .  لەو زریانەدا هەمانە یاختی هەیە ، هەیە کەشتی هەیە کە پارێزراوە، هەشمانە کە زۆرینەین ئەو بەلەمەمان پێیە، چووپەکە،  کە پەنابەران لە ئاوەکەی پێدەپەڕنەوە بەرەو بەندەری دۆڤەری بریتانایا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی گاردیان سەرەڕای ئافاتی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی لە بریتانیا ژمارەی ملیاردەرەکان بە ڕێژەی لە سەدا 20 سەرکەوتووە لە 147 ملیاردەرەوە لە ساڵی 2020 بۆ 177 ملیاردەر لە ئەمساڵ هەڵکشاوە .

ساڵی 1990 تەنها 15 ملیاردەر هەبووە لە بریتانیا، کە سامانی هاوبەشی هەموویان تەنها 53.9 ملیار پاوەند بووە بەڵام پاش 32 ساڵ واتە ساڵی 2022  کە ژمارەکە هەڵکشاوە بۆ 177 سامانی هاوبەشی هەموویان 653 ملیار پاوەندە کە تێکڕای سامانی هەر  یەکەیان نزیکەی 2 ملیار پاوەندە.

ئەوەی کە ژمارەی ملیاردەرانی لە بریتانیا لەم دوو ساڵەدا  سەرخستووە دوو هۆی سەرەکییە : یەکەم : نرخی خانووبەرە واتە موڵك بە هۆی کۆرۆناوە و سیاستی حکومەتەوە سەرکەوتووە . دووەم: حکومەت لە کاتی پەتای کۆرۆنادا هەفتانە پارەی چاپ دەکرد و فڕێی دەدایە نێو بەشی داراییەوە .  لەو سەردەمەدا چەندەها تریلۆن دۆلار خرایە ئەو بوارەوە واتە بەشی بۆرصە و دارایی لە بریتانیادا.

لە کاتێکدا کە ئەوە دەبینیت جیگای سەر سوڕمان نییە کە دەبینیت 3.9 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا دەژین ، نزیکەی 2 ملیۆن کەس لەسەر بەخشینەوەی خۆراکە کە زۆربەیان کار دەکەن ، لە لایەن سێنتەرەکانی خۆراك بەخشینەوەوە 6.7 ملیۆن خێزان لە دۆخی دەستەویەخەی خۆگەرمکردنەوەدا دەژین . هەر ئاواش نابێت لامان غەریب بێت کە حکومەت ئامادە نییە کە موچە و کرێی مامۆستا و نێرس و ئاگرکوژێنەرەوە و کرێکارانی بەشی هاتووچۆ و شارەوانییەکان و ئەوانی دیکە زیاد بکات.

ئەمە ئەو کەشتییەیە کە هەر هەموومان بێ جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزیی و تد تێییداین !!!!!!!

ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی ، تاران عەلیدۆستی لەسەر ڕەخنە لە سزای لە سێدارەدان دەستگیرکرا

18/12/2022

عەلیدۆستی یەکێکە لە هەرە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئێران، براوەی چەندەها خەڵاتە لەوانە خەڵاتی ئۆسکارە سەبارەت بەو فلیمەی دەریان کرد لەساڵی 2016 دا لەژێر ناوی  The Salesman.

عەلیدۆستی هەرگیز پشت و پەنای خۆی بۆ ڕاپەڕیوانی ئێران و ڕەخنەگرتن لە ئاخوندەی دەسەڵاتدار نەشاردۆتەوە، بە ئاشکرا کۆمەکی بەو ماڵ و خێزانانەی کە خاوەنی قوربانیانی لە سێدارەدرا و بەندکراو و بریندارانی دەستی چەقۆکێشەکانی دەسەڵاتن کردووە.

ئەو لە خیزانێکی ناودارەوە هاتووە ،  باوکیشی ، حەمید عەلیدۆستی یاریکەری تیپی نەتەوەیی فوتبۆڵی ئێرانی بووە یەکەم ئێرانیش بووە کە یاری بۆ تیپێکی بێیانی کردووە. ئەو کە زمانزانێکی باشی ئەڵمانی و ئینگیلزی بووە دوو کتێبی لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی وەرگێڕاوە.

دواین پۆستی تاران عەلیدۆستی لە ئیستینگرامدا دەڵێت ” ناوی موحسین شیکاری بوو ، هەر ڕێکخراوێکی جیهانی کە ئەم خوێنڕێژییە دەبینێت و هەڵوێست وەرنەگرێت، شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتیی”

عەلیدۆستی سوێندی خواردوە ئێران بەجێنەهێڵێت و نووسیوێتی ” جگە لە ئێران پاسپۆرت و شوێنی نیشتەجێبوونی هیچ شوێنێکم نییە .  من دەمێنمەوە و وەک هەموو ئەم کەسە ئاساییانە کاتێک هاوار دەکەم بۆ مافەکانم  ڕاستەوخۆ چاو لە چاوەکانت دەبڕم ،  ”  ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم بوێرییەم لە ژنانی خاکەکەمەوە بە میرات وەرگرتووە، کە ساڵانێکە ژیانی خۆیان دەژین، هەموو ڕۆژێک بە بەرهەڵستی و بەرخۆدان… دەمێنمەوە ڕاناکەم، واز ناهێنم، لەگەڵ خێزانی زیندانییەکان و کوژراوەکان دەوەستم و داوای مافەکانیان دەکەم  .  من شەڕ بۆ نیشتمانەکەم  دەکەم، ئامادەم باجەکەی  هەرچی بێت بیدەم تاکو لە پێناوی بەرگری لە  مافەکانم ڕاوەستم و لە هەمووی گرنگتر: باوەڕم بەو شتانە هەیە کە ئەمڕۆ پێکەوە بنیاتی دەنێین”.

هەڵئاوسانی پارە و زیادکردنی کرێ و مووچە لە بریتانیا

زاهیر باهیر

18/12/2022

سەرەكوەزیران و وەزیری دارایی و سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگەلەند لە بەرانبەر داخوازییەکانی کرێکارانی بەشەکانی پەروەردە و تەندروستی و چارەسەر و ئاگرکوژێنەرەوە و شارەوانییەکان و هاتووچۆ بە هەموو بەشەکانییەوە و بەرید و پۆست و بەشە دەوڵەتییەکانی دیکەدا دەلین هەڵئاوسانی پارە ڕێێژەکەی بەرزە و بە زیادکردنی کرێ و مووچە ئەم ڕێژەیە زیاتر دەچیتە سەرەوە. 

ئەمەی سەرەوە بیانویەکی زۆر زۆر لاوازی ئەو سێ لایەنەی سەرەوەیە کە پێچەوانەکەی دروستە .  ئەوەی کە هەڵئاوسانی پارەی سەرخستووە کرێ و مەچەی زیادە نییە بەڵکو سەرکەوتنی بڕی قازانجە ، ئەو خەڵاتیی و شایستە و شیرینیانەیە  کە پێشکەش بە سەرۆك و سەرۆکی جێ بەجێکاری کۆمپانیا و بانقەکان و بۆرسە و بەشەکانی دیکەی دارایی دەکرێت.

بۆ سەلماندنی ئەوەش پێویستت بە هێنان و بردنی چەند فۆرمیلەیەکی حسابی  و هێنان و بردنی چەند چەمکێکی ئابووریانە کە ئابووریناسە لیبراڵەکان بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکاری دەهێنن نییە.  بە گوێرەی ئامارەکان بڕی ڕێژەی بەرزبوونەوەی کرێ و موچەی کرێکارانی بەشی کەرتە ئەهلییەکان و دەوڵەتییەکان لە سەدا 6 دایە و لەوە تەجاوازی نەکردووە  ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە سەر و لەسەدا 11وەیە .  بە زمانی سادە تێچوی پێداویستییەکانی خەڵکی بەڕێژەی لە سەدا 11 و زیاتریش چووتە سەرەوە کەچی ڕێژەی بڕی زیادبوونی کرێ یا موچە بە ڕێژەی لەسەدا 6 .

 هەر وەکو ئابوریناسێکی بریتانی دەڵێت ” پرسیارێک کە مشتومڕەکان سەبارەت بە هەڵاوسان دەشێوێنێت ئەمەیە: چۆن ئامارە فەرمییەکان کە بەرزبوونەوەی مووچە بە تێکڕا 6% نیشان دەدەن – کە زۆر لە خوار 10.7%ی پێوەرەکانی نرخی بەکاربەرەوەیە – لەگەڵ گێڕانەوەی بەیلیدا [ ئاماژەیە بە ئەندرو بەیلی-یە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەندە ] دەگونجێت؟ چۆن داتاکانی یەکلاکردنەوەی مووچە کە بەدواداچوون بۆ ئەو گرێبەستە گەورانە دەکات کە ئەمساڵ لەلایەن خاوەنکارە گەورەکانەوە لە سەرانسەری کەرتی گشتی و تایبەتدا پێشکەش دەکرێن، هۆکارێک بۆ نرخی هەڵهاتوو، واتە فڕینی نرخ، ئاشکرا دەکەن کاتێک دەریدەخات ئەو گرێبەستانە بە تێکڕا تەنها 4%؟”

Paul Donovan, کە سەرۆکی جێ بەجێکاری ئابوورییە لە بانقی سویسری  ” پشکنینی بەرزبوونەوەی تێچووی مووچەی لە سەرانسەری کەرتی هۆتێلەکاندا کردووە، کە لە کۆتایی ساڵی 2019 وە بۆ بەرهەمهێنان ڕێکخراوە، و بۆیان دەرکەوتووە کە لە نێوان ٥5% بۆ 6% بووە.. نرخی چێشتخانە و هۆتێلەکان بە ڕێژەی 16% بەرزبووبوونەوە”.

Paul Donovan,  بۆی دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرانی هۆتێلەکان ستافی کەمتر بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنان، ئەمەش کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی مووچە سنووردار دەکات . ئەم بەرزبوونەوەی کاراییە بۆ خاوەن پشکەکان دەگوازرایەوە نەک بەکاربەران، کە ئەوەی پێدەوتن کە نرخەکان پێویستیان بە بەرزبوونەوە بوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پارەی مووچە ببنەوە.

ئابووریناسە بریتانییەکە دەڵێت بە شێوەیەکی فراوانتر کۆمپانیاکان لە ئەمریکا لە ماوەی سێ مانگدا تا کۆتایی مانگی ئەیلول قازانجی چارەکە ساڵێکیان نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا دوو ساڵ پێشتر2.4 ملیار دۆلار بووە و لە هەشت ساڵی پێش پەتای کۆرۆنادا تێکڕای دوو ملیار دۆلار بووە.

هاوکاتیش شیکارییەکانی سەندیکای یونایت بۆ گەورەترین 350  کۆمپانیای بەریتانیا ڕەوتێکی هاوشێوەی ئاشکرا کرد – ڕێژەی قازانج لە ساڵی 2021دا بە ڕێژەی 73% زیاتر بووە لە ساڵی 2019.  شیکارییەکە دەڵێت “هەرچەندە فرۆشتن لە ساڵی 2021 دا دابەزیوە، بەڵام قازانجەکان هێشتا وەکو موشەك فڕیون “، سکرتێری گشتی سەندیکاکە، شارۆن گراهام وتی. “تەنانەت بە لابردنی کۆمپانیاکانی وزە لە ژمارە کۆمپانیاکان ، تێکڕای قازانج هێشتا بازدانێکی  سەرسوڕهێنەر کە 52%.”

داتا فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن کە نرخی بەکارهێنانی  هۆتێلەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسانی بەریتانیا، بۆیە ڕەنگە ئەو نرخە گەورەکردنەی لە ئەمریکادا بەناوبانگ بووبێت لە سەرانسەری کەرتی هۆتێلەکانی بەریتانیادا دووبارەکرابێتەوە.  سەدان بەرهەم لە دوکانەکاندا هەن کە سوودیان لە دابەزینی تێچووی گواستنەوە و کەمبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خاو و تێچووی کار وەرگرتووە کە هاوشێوەی ئەمڕۆ نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.