ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

10 کەس لە گروپی Just Stop Oil ئەمڕۆ دەسگیر کران

31/05/2023

ئەندامانی گروپی جەست ستۆپ ئۆیەک لە 24ی نیسانەوە هەموو ڕۆژێک خۆپیشاندانیان  ئەنجامداوە، و بەڵێنیان داوە تا کاتێکی نادیار بەردەوام بن تا حکومەت واز لە پێدانی مۆڵەتی نوێ بۆ غاز و خەڵوز و نەوت دەهێنێت.

ئەمڕۆ بەیانی زوو لە سێ شوێندا لە لەندەن جالاکی ڕاستەوخۆیان نواند ، لەوانە لەسەر شەقامی بەردەم پەڕلەمانی بریتانیا بوو کە 56 کەسیان ڕێپێوانی هێواشیان ئەنجام دا کە ئەمەش بە گوێرەی یاسای نوێ یاساخە بۆیە 10 کەسیان لێ دەستتگیر کرا.

کرێکارانی دائیرەی خێرخوازی St Mungo  لە مانگرتنی یەك مانگیدان

30/05/2023

کرێکارانی ئەو دەزگەیەی سەرەوە کە  هاوکاری و کۆمەك بەوانەی کە خانووبەرەیان نییە و لەسەر شەقامەکانن ، لە 3شەمەوە ، 30/05 تاکو 26/06 لە مانگرتندا دەبن بۆ بەرگریی لە زیادکردنی موچە و کرێیان .

ئەندامانی سەندیکای یونایتد زیاتر لە 500 کرێکاریان لە سەرانسەری باشووری ئینگلتەرادا : لە لەندەن، بریستۆڵ، برایتۆن، ئۆکسفۆرد، بۆرنمۆس و ڕیدینگدەنگیان بەمانگرتن داوە و دوێنێ، 3شەمە یەکەم ڕۆژی مانگرتنەکەیان بوو.

سکرتێری گشتی سەندیکای یونایت، شارۆن گرەیام، وتی: “ئەو کرێکارانەی کە لەو دەزگەیەدا کار دەکەن و کارەکەیان هاوکاری ئەوانەن کە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە و ئەوانەش کە ماڵ و شوێنیان نییە گەیشتونەتە ئەوا ڕادەیەی کە هەڵوێست وەرگرن “

ئەو وتی “ئیدارەی ئەو دەزگەیە لەبری ئەوەی دەست بەسەر دەستپێشخەرییەکەدا بگرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە ،  ئێستا ئیدارەی سانت مونگۆ ڕووبەڕووی مانگرتنی مانگێک دەبێتەوە و کرێکاران پشتگیری تەواوی یونایتیان هەیە.  ئۆفەری بەزەییانەی مووچە کە لە سەدا 2.25 هەموو  کەسێکی ناو سەندیکای توڕە کردووە.  ئێستا وەڵامەکە لە دەستی ئیدارەی دەزگەکەدایە دەتوانن ئۆفەری  ئەندامانی یونایت بکات بە مووچەی شایستە. ، کەچی لە بری ئەمە بێباکن بەرامبەر بەو فشارە داراییانەی کە ڕووبەڕووی ستافەکانیانی خۆیان دەبنەوە، لە ڕاستیدا و  بەڕاشکاوی ئەم هەڵوێستە  سەرسوڕهێنەرە”.

نایەکسانی نێوانی ژنان و پیاوان لە داهاتدا لە بریتانیا

29/05/2023

ژنان لە بریتانیادا دوو جار ڕووبەری نایەکسانی لە گەڵ پیاواندا دەبنەوە.  جارێکیان  لە ئێستای کارکرندیاندا لە مووچە و کرێدا لە هەمان کاردا کە پیاوان دەیکەن ، ئەم جۆرە جیاوازییە تا ڕادەیەکی زۆر زانراوە .  بەڵام ئەمەی دووهەمیان واتە ئایندەیان  کە لە بڕی کەمیی موچەی خانەنشینییانە کەمتر زانراوە.

  بە گوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکان ، لە نێوانیاندا ڕاپۆرتێکی سەندیکای مەرکەزی بریتانییایە  لە توێژینەوەکەیدا مەزەندە دەکات کە جیاوازی لەسەدا 40.5 لە داهاتی خانەنشینی بۆ ژنان و پیاوان لە نێوان ساڵانی 2020/2021 .  ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو گەورەترە لە جیاوازی مووچەی جێندەیی کە لە ساڵی 2021دا نزیکەی 15.4% بووە.  

لە دەرەوەی کار، ژنان بەشێکی زۆری چاودێریکردنی بێ مووچە لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەدەن، جا ئەمە چاودێریکردنی منداڵە بچووکەکان بێت یان چاودێریکردنی ئەندامانی خێزان کە نەخۆشن.  لە ئەنجامدا ژنان زیاتر بە شێوەی نیوەکاتی [ پارتایم ] کار دەکەن.. ئەمەش یانی دانی تەکس و بیمەی تەئمیم کەمتر دەدەن کە ڕۆڵی لە پارەی خانەنشینییاندا هەیە.    داتاکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی بۆ ساڵی 2022 ئاشکرای دەکەن کە 38%ی ژنان لە کاری نیوەکاتیدا بوون بە بەراورد بە 14%ی پیاوان

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی توێژینەوەیەکی حیزبی لەیبەر  پارتی کرێکاران دەڵێت  کە جیاوازی مووچەی ڕەگەزیی/جێندەیی بۆ ژنانی تەمەن 50 ساڵ پێش ساڵی 2050  بەردەوام دەبێت.

شیکارییەکەی پارتی کرێکاران دەریخستووە کە بەناو مووچەی یەکسان لە کرێکارانی ژن کە لە نزیک دەرکردنی یاسای مووچەی یەکسان لە ساڵی 1970 لەدایک بوون، پێناچێت لە ماوەی ژیانی کارکردنیاندا ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە.

توێژینەوەیەک کە بۆ ئانلیس دۆدز، وەزیری حیزبی لەیبەر بۆ کاروباری یەکسانیی ژنان ئەنجامدراوە، حیسابیان کردووە کە ڕێژەی خاوی گۆڕانکاری لەگەڵ مووچەی یەکسان بۆ ژنان لە تەمەنی 50 ساڵیدا بەم شێوەیە، جیاوازی مووچەی ڕەگەزی پێش ساڵی 2050 بەو ڕێڕەوەی ئێستا لەناو ناچێت.

داتاکانی ڕاپرسی ساڵانەی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی سەبارەت بە کاتژمێرەکان و داهاتەکان دەریدەخەن کە جیاوازی مووچەی ڕەگەزیی زۆرترینە بۆ ژنانی تەمەن 50 بۆ 59 ساڵ، کە 11.7% بۆ کرێکارانی تەواوکات[ فولتایم].  ئەمەش نزیکەی چوار هێندەی ژنانی تەمەن 30ساڵ زیاترە.

شیکارییەکە دەریخستووە کە لە نێوان هێزی کاری ژنانی تەمەن 50 بۆ 64 ساڵدا، 185 هەزار کەسی دیکە لە سەرەتای تووشبوون بە کۆڤیدەوە لە ڕووی ئابوورییەوە ناچالاک بوون، لە کاتێکدا مووچەی ڕاستەقینەی ژنانی تەمەن 40 و 50 ساڵان لە ساڵی 2010ەوە بە ڕێژەی 1000 پاوەند لە ساڵێکدا دابەزیوە.

بەپێی توێژینەوەکان  لە مانگی شوباتدا بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی یەک لە هەر 10 ژن کە تەمەنیان لە نێوان45 بۆ 55ساڵدایە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی دەرکەوتنی  نیشانەی نەخۆشییەوە و نەبوونی پشتیوانی لە شوێنی کارەکانیان، کارەکانیان جێهێشتووە.

مارکس و ئەنارکیزم*

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم

مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung ) کە یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو.  پێشتر باسمان لەوە کردووە کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن (Victor Considerant ، Pierre Leroux  ، Proudhon)  دەکات و گومانی تێدا نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ سۆسیالیزم ڕاکێشاوە.  بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی  مارکس وەك سۆسیالیستێك.  بەم پێیە لە گۆڤاری دەوریدا  باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە “خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی سۆسیالیستی” ناودەبات[7 ] .  لە ساڵی 1843دا کە سانسۆری برۆسسیا ‘ ڕینیشە زایتونگی’ (Rheinische Zeitung)  بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا.  ئەم گۆڕانکارییە لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “خێزانی پیرۆز، ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە” کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە.  کتێبەکەی ساڵی 1845 ی  بە ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ باوەر (Bruno Bauer ) [8 ] سەرۆکایەتی دەکرد.  سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان، کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.

لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، ‘ خێزانی پیرۆز’ [The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە.  ڕاستە، فرانز مێهرینگ، [Franz Mehring ] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس، بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان خێزانی  پیرۆزیان’ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها هۆکارێکی دیکەش  بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو، بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو.  جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا،  تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.

لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا هەیبوو. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی بایاخ و ڕینمایی  بێت بۆ مارکسییەکان.

با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی 36دا چی دەڵێت:

“هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت  تەنها “ڕێکەوتە ” ، وەک ئەوەی’سەی’  (Say  ) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت [9 ] . بەڵام پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی.  ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین . کتێبەکەی پرۆدۆن ‘ موڵکییەت چییە’ بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی’ سێیس’ گرنگە کە ‘ سێیەم ئیستەیتە’*** (The Third Estate )بۆ سیاسەتی مۆدێرن”.

جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت.  لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن  ‘موڵکییەت چییە؟’ دەڵیت یەکەم شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی  و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە.  بەڵام لە نامە مەشوورەکەی  کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،( Sozialdemokrat ) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.

درێژەی هەیە

…………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

*** پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی  پاشایەتیدا  دابەش بوو بوو – ئیستەیتی/ پۆلینەی  یەکەم ( قەشە و کاهین و ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم( خەڵکانی ئاسایی ) کە دژ بە پاشایەتی و دەسەڵاتداران بوون کە  نزیکەی 27 ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا 98ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە  حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نەبوو.  ئەندامانی ئیستەیتی  سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و بازرگانانی بچوك.  سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی ڕۆڵیان لە  ئابووریدا، تاڕادەیەك  هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو.   بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە خەڵکی،  بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.

[7] Rheinische Zeitung, 7 January 1843.

[8] B. Bauer : بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی بەرلین “ئازاد”، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا.  کەسایەتییەکانی وەک فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی.  بیری پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا  بوو.  لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی،  لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم 1843 دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا .  چاپی دووەم (بێرن، 1844) بەختی باشتری هەبوو.  بەڵام نووسەر خۆی نا،  بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا.  (تێبینی سەرنوسەر.)

[9] J. B. Say,   ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی.  فۆبیای کارل مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی – ماکس شتێرنەر)، هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە ستەمکارییەکەی دەدا. (تێبینی سەرنوسەر)

………………………………

تێبینی : وەردپرێس ڕێگا نادات کە هێمای ئەنارکیزم [ A ] لە پاڵ مارکس دا دابنێم ، شوێنەکەی هەر بە ڕەشی ماوەیەوە

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

II

بەشی سێیەم:

هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن ” موڵکییەت چییە؟” ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد.  ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی مارکس نییە، هەروەها  ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە لە شوێنی خۆیدا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.  چونکە مارکس لە نووسینەکانی دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ بڵاوکردنەوە.

لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبووە.  ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا ” هەژاری فەلسەفە” لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات (Sozialdemokrat ) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.

مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری سیاسی ناویان دەبات.

مارکس نوسیوێتی “مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون.  لە فەرەنسا هەقێتی کە ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی.  ئێمە وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی  بەرامبەر بەم دوو  هەڵەیە دەربڕین.” 4]]

مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی ‘برەی’ (Bray)دزیوە، نووسیوێتی:

” ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray ) دا [5 ] دۆزیوەتەوە”

جێگای سەرنجە کە مارکس ، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی بەکارهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی’ لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکیمانیفێستی دیموکراسی’ ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن  تۆمەتبار بکات.  بەڵام با بەردەوامبین. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ مارکس پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات [6]. هەروەها لە پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (1865) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە بدۆزینەوە:

 لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە ، واتە( موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە.  بە کارە هەژێنەرەکانی وەك ئەمە،  بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا دەیگێڕن.”

مارکس لە  نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک کە پێشتر لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا’ دەنگی دابوووە.

تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە  ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان  زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە.  لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بووە.  چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری ساڵی 1840 دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون.  تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت  چییە؟ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو.  ئەمەش توانای مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی خۆی وەک سۆسیالیستێك.  لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی کە دواتر دێن  پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.

درێژەی هەیە

……………………………………

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[4] Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.

[5] Bray: Labour’s Wronszs and Labour’s Remedy, Leeds, 1839.

[6] Marx and Engels: The Communist Manifesto, page 21.

تێبینی : وەردپرێس ڕێگە نادات هێمای ئەنارکیزم [ A ] لێرەدا دانێم هەر بە ڕەشی ماوەیەوە .

1579 کەس لە پرۆتێستەکەی شاری دانهاك-ی هۆڵەندە دەستگیرکران

28/05/2023

دوێنێ شەمە ، 27/05 زیاتر لە 7000 کەس بەشدارییان لە پرۆتێستی ‘ یاخیبوون لە لەناوچوون ‘ ” Extniction Rebellion  “  لە دانهاك لە هۆڵندە کرد و چەند کەسایەتییەکی ناوداری هۆڵەندی لەنێو خۆپیشاندەراندا بوون.  بەشداربووان پێشبنی هێڕششی پۆلیسیان بە بە کارهێنانی هێزی فشاری ئاویی بۆیە هەندێکیان جفلی مەلەیان لەبەر کردووە و هەرەها چەفتریشیان پێبوو.  ئەم ناڕەزایەتییە حەوتەمین ناڕەزایەتییە کە لەلایەن یاخیبوونی لە لەناوچوونەوە لە هەمان بەشی ڕێگای ئۆتۆمبێل لەو شارە نزیک لە پەرلەمان و بینا سەرەکییەکانی وەزارەت ڕێکدەخرێت.

چالاکوانان لە ماوەی پاشنیوەڕۆدا بەشێک لە ڕێگایەکی ئۆتۆمبێلیان داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە یارمەتییەکانی حکومەتی هۆڵەندا بۆ سووتەمەنی بەردینی.

ئان کێریڤێرس، تەمەن 31 ساڵ، خوێندکاری خوێندنی باڵا دەڵێت: “ئێمە لێرە دەمێنینەوە تاوەکو هەموومان بەکێشدەکەن …. گۆڕانی ژینگە قەیرانێکی پەرەسەندووە و هۆکارەکەی دەزانین و هێشتا لەلایەن حکومەتەکەمانەوە پاڵپشتی دەکرێت و پێویستە بوەستێت” ئەمەی  بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە.

ئارۆن پێرێرا، وتەبێژی گروپەکە وتی: “ئێمە هەموو مانگێک، یان هەر دوو مانگ جارێک دەگەڕێینەوە، هەر جارێکیش ژمارەی (خۆپیشاندەران) دوو هێندە زیادی کردووە.” “پشتیوانییەکی فراوانی جەماوەری هەیە بۆ کردەوەی ڕاستەقینەی پاراستنی ژینگە و خەڵک لەو ڕاستییە بەئاگا دێتەوە کە حکومەت چالاکانە دژی ئەمە دەڕوات بە پاڵپشتیکردنی پیشەسازی سووتەمەنی بەردینیدەکات.”

لە چەند مانگی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەکانی سەرتاسەری ئەوروپاش گردبوونەوەیەکی زۆر کراوە،  لەنێویاندا خۆپیشاندانەکانی فڕۆکەخانەی ئایندهۆڤن لە هۆڵەندا لە مانگی ئازاردا.   ئەم هەفتەیە بەشداری لە گروپەکانی دیکەدا کرا لە خۆپیشاندان دژی گەورەترین پێشانگای فرۆشتنی فڕۆکەی تایبەتی ئەوروپا لە جنێڤ ،  بەشێک لە چالاکوانان خۆیان بە زنجیر بەستەوە بەو فڕۆکانەی کە نمایشکرابوون، هاتوچۆی ئاسمانیش بۆ ماوەیەکی کورت لە فڕۆکەخانە پەکی کەوت  بەهۆی ئەوەی کە چالاکوانان خۆیان بە قیرتاوەکەوە گیرکرد / لکاندبوو .

 

پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتی سەرتاسەری لە دژی چالاکوانانی ژینگە ئەنجام دا

25/05/2023

هێڕشەکانی پۆلیس  ڕۆژی 4شەمە ، 24ی مانگ، سەعات 7 ی سەر لەبەیانی لەسەردەستی 170 پۆلیسدا دەستیپێکرد دژ بە  ئەندامانی ” دوا نەوە” .  لەو هەڵمەتەی پۆلیس دا لە 7 هەرێمی ئەڵمانیادا دایان بەسەر 15 خانوودا.

ئەو هێڕشکردنەش لەسەر فەرمانی دەسەڵاتداران لە میونشن بووە دژی ئەو چالاکوانانە تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە گروپەکە  ڕێکخراوێکی تاوانکارییە.

بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتیی میونشن، گەڕانەکان لەسەر داوای فەرمانگەی پۆلیسی تاوانەکانی ویلایەتی باڤاریا (LKA) ئەنجامدراون، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەدایە، گوایە سکاڵا لە لایەن داینشتوانەوە دراوە بە پۆلیس .  پۆلیسیش دەڵێت  ئەندامانی نەوەی لێتزتێ [ دوا نەوە]  کە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 38 ساڵدایە،  گومانیان لێدەکرێت “ڕێکخراوێکی تاوانکاری پێکبهێنن یان پشتگیریان بکەن”.

لە لایەن پۆلیسەوە 7 کەس لەوانە بە تاوانبار درانەتە قەڵەم گوایە لە  هەڵمەتێکی خۆبەخشی کۆکردنەوەی پارە بە بڕی 1.4 ملیۆن یۆرۆ (1.22 ملیۆن پاوەند) یان هەیە و دایان ناوە  بۆ دابینکردنی دارایی پرسی شەڕە یاساییەکانی داهاتووی گروپەکە کە دەچێتە دادگە.

نەوەی لێتزتێ [ دوا نەوە]  بۆ یەکەمجار پێش دوایین هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ساڵی 2021دا ناوبانگی دەرکرد، کاتێک بەشداربووانی گروپەکە مانیان لە خواردن گرت و لە دەرەوەی بوندستاگ کەمپیان کرد و داوای قسەکردنیان لەگەڵ ئەندامانی ئایندەیی حکومەتدا کرد سەبارەت بە داواکارییەکانیان.

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

I

بەشی دووەم :

مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی “یۆتۆپیا”یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە،  ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە.  ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد . لە ساڵی 1842دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische    Zeitung   کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە  کۆمۆنیزمدا دێت.  پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: “کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon  ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان” [3]

گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی.جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon ) بووە، تەنانەت  ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن ‘موڵکایەتی چییە**؟’ (What is Property?  ) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات.  تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوە و مێشکی مارکس-ی  زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو.  دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو “دۆزینەوە زانستییە” گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە.  لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.

تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ  تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە ‘موڵکییەت چییە؟’ ناودەبات بە” یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی” ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریشنەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی  نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک.  ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە  (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.

مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی  بە هەژموونی  تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.

درێژەی هەیە

…………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

**موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە . موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت ، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و …. واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت .

[3] Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.

پرۆتێستی ئەمڕۆی گروپی Just Stop Oil

24/05/2023

ئەمڕۆ ، چوارشەمە ، سەعات 8ی سەر لەبەیانی زیاتر لە 35 کەس لە گروپی جەست ستۆپ ئۆیەل ڕوویان کردە چەند شەقاماێکی باکوری لەندەن بۆ ڕێبڕینەوە لە سەیارە ، بەڵام لە دواجاردا پۆلیس 6 کەسیانی دەستگیر کرد بە گوێرەی بڕگەیەکی یاسا نوێکە کە چی تر ڕێگایان پێنادرێت،  گوایە خەڵکی بۆ سەر کار دوا ئەخەن و ژیانی خەڵك تێك دەدەن .

یاسای نوێ هیچ جۆرە بوار و بۆشاییەکی نەهێڵاوەتەوە بۆ کردنی هیچ جۆرە پرۆتێست و خۆپیشاندانێك کە پۆلیس دەکرێت پەنا بۆ هەر بڕگەیەکی ئەو یاسایە بەرێت و دەستبەسەرت بکات.

بریتانیا بەرە و حوکمێکی پۆلیسی سرف دەڕوات کە بە گوێرەی قسەی زۆرێك لە سیاسییەکان و دەرەوەی ئەوانیش وەکو ڕێکخراو و گروپەکانی کە لەسەر مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن بریتانیا خراپترین وڵاتە لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا لە  یاساخکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکدا.

تکایە کلیکی ئەو دوو لینکە بکە ، لە یەکێکیاندا چۆن کرێکارێك کە لەو شەقامەدا کار دەکات چۆن پەلاماری چالاکوانەکان دەکات، کە بە دوو پۆلیس بۆیان دابین ناکرێت .

گروپێکی ژینگە پارێز بە پرۆتێستێکیان توانییان  کۆبوونەوەی گشتیی شێڵ لە لەندەن بۆ سەعاتێك ڕاگرن

24/05/2023

دوێنێ ، 3شەمە، 23/05 کۆمپانیای شێڵ کۆبوونەوەی ساڵانەی خاوەن پشکەکانی هەبوو .  هەر بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ئەوانەی کە چووبوونە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکەوە خۆیان ئاشکرا کردو بە وتنەوەی دروشمەکانیان توانییان بۆ ماوەی کاتژمێرێك کۆبوونەوەکە ڕاگرن .  دواتر بە سکوێرێتی پاراستنی هۆڵەکە تونرا   بەو شێوەیەی کە لە وێنەکاندا دەبینرێن برانە دەرەوە .

ڕاستە ئەم چالاکییانە زۆر بچوك و کورتە بەڵام کارایی خۆیان و دەنگدانەوەیان زۆر لە کردن و کۆکردنەوەی  ملیۆنەها واژۆ و ناردنی ئیمەیل بۆ پەڕلەمانتار و کردنی پێشنیار بۆ سیاسی و بزنسامانەکان گەلێك کاریگەرترە.