ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

حکومەتی فەرەنسا لە وتووێژی ڕاگەیاندنی حاڵەتی کتوپڕیدایە ( حاڵەتی تەواریی )

01/07/2023

پاش ئەوەی کە خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان گەیشتە هەندێك گەڕەکی پاریس و فراوانتربوونی لە دووەم و سێیەم شاری فەرەنسا : مارسێل و لییۆن و دەستگیرکردنی نزیکەی 1000 کەس و خستنە سەرشەقەمەکانی زیاتر لە 45 هەزار پۆلیس ، دوێنی هەینی بە پەلە ماکرۆن لوتکەی کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپای بەجێهێشت و گەیشتەوە پاریس بۆ کۆبوونەوەی بە پەلە .

ماکرۆن فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ڕاگەیاندنی حاڵەتی کتوپڕیی  و قەدەخەکردنی هەموو جۆرێکی پرۆتێست و خۆپیشاندان کە پێشتر لە ساڵی 2005 دا کراوە و قەدەخەکردنی سۆشیال میدیاش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە مارسێل و هەندێک گەڕەکی پاریس دوو شەوە خۆپیشاندان وپرۆتێست قەدەخە کراون.  لە ئێستادا 79 پۆلیس بریندار بوون و 2560 شەقام و شوێنیس گڕی تێبەردراوە .  لە مارسێل مەخزەنی ئەپڵ و سوپەرمارکێتی ئاڵدی تاڵانکراون و لە  گەرەکەکانی دەرەوەی پاریس –یش شۆپی گەورەی زار و هەندێك لە شؤپە گەورەکانی دیکەش فەرهوود کراون.

لە راستیدا لەبری ئەوەی پۆلیس لە هەوڵی ئارامیکردنەوەی بارودۆخەکە بێت و کۆنترۆڵی بکات بووەتە بەرەیەکی جەنگ دژ بە میللەت تا ئەو ڕادەیەی کە وادەزانێت خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان مەبەستی سەرەکییان و دووژمنی تەواویان پۆلیسە .

پۆلیسی فەرەنسا بە گوێرەی قسەی هەندێك لە ڕێکخراوەکان و شارەزاکان و توێژەرەوەکانی توندوتیژی ، دڕندە ترین و توندوتیژترین و ڕایسستترین  پۆلیسن لە هەموو ئەوروپا کە خاوەنی ئەو مەیلە نالەبارەن پۆلیسی فەرەنسا مەیلی توندوتیژی هەیە کە لەلایەن گروپەکانی وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی ئەوروپا تیشکی خستۆتە سەر.

هەر ئەمساڵ بەم گەنجەی کە لەم ڕۆژانەدا کوژرا ئەمە سێهەم کەسە هەر بۆ هەمان مەبەست دەکوژرێت پارەکە 13 کەس تەقەیان لێکراوە ن لە ساڵی 2021  3 کەس و ساڵی 2020 دوو کەسی  دیکە هەر بە هەمان مەبەست کوژراون کە هەموو ئەمانە زۆربەیان عەرەب و ڕەيشپێستەکان بوون. لە ساڵی 2018  و 2019دەدا لە پرۆتێستی یەلەك زەردەکاندا 2500 کەس بریندار بوون و گەلێکیان یا چاوێکی یا قاچێکی لە دەست داوە. هاوکاتیش 1800 پۆلیسیش بریندار بوون .

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان زۆربەی شارەکانی فەرەنسای گرتۆتەوە

زاهیر باهیر

30/06/2023

بە تێپەڕبوونی سێ شەو بەسەر ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە فەرەنسا پاش کوژرانی گەنجێکی 17 ساڵی بە ڕەچەڵەک جەزائیری پرۆتێستەکان زۆر فراوانتر بووە و  تاکو ئەم دەمەوبەیانییە زیاتر لە 667 کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەسگیر کراون.

بارودۆخەکە بەجۆرێك مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و دەوڵەت دروستکردووە کە دوێنێ شەو لە هەندێك شاردا شەوان قەدەخەی هاتوچۆکردن ڕاگەیەندرا .  ئەم زانیارییە لە فەرماندەیەکی پۆلیسەوە دزەی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە مەترسی ئەوەیان هەیە کە پریشکی ناڕەزاییەکان هەر لە ئێستاوە گەیشتۆتە شارەکان بۆیە وا پێشبینی دەکەن کە لە ئەمڕۆ و ئەمشە و خەڵکانی نێو شارە گەورەکانیش بە ناڕەزاییەکان بە ئاستێکی گەورە بەشداری دەکەن و مەترسی ئەوەیان هەیە هەمان ناڕەزایی ساڵی 2005 دووبارە ببێتەوە کە سێ هەفتەی خایاند و هاوکاتیش کرێکاران لە زۆر بەشدا پشتیوانییان بە مانگرتن لێکردن .

هەواڵەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئاراستەی ناڕەزاییەکان تا ڕادەیەك گۆڕاوە ئەویش بە دەستبردن بۆ سوتانی بانقەکان و مەکدۆناڵد و تاڵانکردنی سوپەرمارکێت و شۆپەگەورەکانن کە قازانجی بێ وێنەیان کردووە لە ساڵی پار و ئەمساڵیشدا هەرەها هێڕشبردنە سەر مەرکەزی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان.

هەموو خۆپیشاندان و ناڕازاییەك وێرای ئەوەی کە توندوتیژیش دەگرێت بە خۆیەوە کە پەرچەکرداری دەوڵەت و دەزگە سەرکوتکەرەکانێتی ، وانەی گەورە دەدات بە دەسەڵات و دەسەڵاتداران بەوەی کە خەڵکی فەرەنسی نە خەساوە و نە خەوتووە و نە دەشکرێت دەستبەرداری کولتوری شۆڕشگێڕانەی نزیکەی 200 ساڵەی خۆیان ببن .  هاوکاتیش ئەو دەرسە دەدات بە جەماوەر و بە ئاگایان دەهێنێتەوە و چاویان دەکاتەوە و ئەوەیان پێدەگەیەنێت کە سیستەمێك ، دەوڵەتێك کە بە زەبروزەنگ و کۆڵۆنایزکردن و هەراسانکردنی گەنجان و سەرکوتکردنی بیروڕا و ڕووتکردنەوەی هەرە زۆرینەی خەڵکەکەی بۆ کەمایەتییەکی زۆر کەمی دەوڵەمەند و ساماندارەکەی دامەزرابێت ،  ڕەنگە چی تر بە قسە و واژۆ و گلەیی و بەکارهێنای کارتی هەڵبژاردن گۆڕانکاری نەکات . 

خۆپیشاندان و پرۆتیستەکانی فەرەنسا لە پەرەسەندن و فراوانبووندایە

29/06/2023

ڕۆژی سێ شەمە، 27ی مانگ گەنجێکی 17 ساڵ بە ڕەچەڵەک جەزائیری لە شارۆچەکەی Nanterre کە دەکەوێتە دەرەوەی پاریس لە لایەن پۆلیسەوە بە بیانوی ئەوەی کە نەوەستاوە لە ترافیك لایتدا لە نزیکەوە بریندار کراو دواتر گیانی لەدەستدا.

بێ گومان پۆلیس وەکو پۆلیسی هەموو شوێنێك ڕاستی ڕووداوەکە ناگێرنەوە، بەڵام خۆشبەخاتەنا لە ڕێگای سمارت فۆن و کامیراکانەوە درۆکان هەر زۆر زوو پوچەڵدەبنەوە و سۆشیال میدیاش گەرچی زۆر لایەنی خراپی  هەیە وەکو هەموو شتێكی دیکە هەر ئاوا لایەنی باشیشی هەیە هەر زوو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان خەڵکی ڕاستییان بۆ دەرکەوت گەنجان هاتنە سەر شەقەمەکان .

ئێستا پرۆتێستەکە زۆرێك لە شاروچەکە و گەڕەکەکانی هەندێك لە شارەکانی گرتۆتەوە و بە دەیەها شوێن کە ڕەمزن بۆ دەوڵەت دەسەڵاتەکەی لەگەڵ دەیەها پۆلیسخانە سوتێنراون ئەمە جگە لە سوتانی دەیەها سیارە و بەرمیلی خۆڵڕشتن و دورستکردنی بەربەست لەسەر شەقامەکان بۆ وەستاندن و هێواشکردنەوەی جوڵەی پۆلیس . هاوکاتیش تاکو دوێنێ شەو زیاتر 150 کەس لە ناڕەزاییکاران دەستبەسەر کراون و گەلێکیش لە  هەدوو بەرەکە واتە خەڵکی و پۆلیس بریندار بوون.

ماکرۆن و وەزیری ناوخۆو پۆلیس ناچار کران بەوە کە بە فەرمی ئەوە بڵێن کە ئەوەی پۆلیس کردوویەتی قەبوڵناکرێت و هیچ شتێك پاساوی کوشتنی گەنجێك نییە و  کارێکی خراپە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت .  هەروەها دوێنی ماکرۆن داوای کۆبەنەوەی کوبرای کرد لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستەکانیا بۆ وتووێژ لەسەر بارودۆخەکە و چارەسەری.

ئەمانە هەندێکن لەو شوێنانەن کە مەرکەزی پۆلیس لەوێدا سوتێنروان ،Trappes, Gennevilliers، Meudon ، لە ئێستاد خۆپیشاندان ە پرۆتێستەکان لە زۆر شار و شارۆچکەی فەرەنسادا بڵاو بووتەوە لەوەنە Lyon ، Villeurbanne ، Vénissieux ، Bron

 لە وەسفی شەوی پێشوودا وەزیری ناوخۆ وتی ” شەوێکی توندوتیژی بەرگە نەگیراو بوو بەرامبەر بە هێماکانی کۆمار: هۆڵەکانی شارەوانی، قوتابخانەکان، بنکەکانی پۆلیس سووتێنران یان هێرشیان کرایە سەر

پرسی ڕایسسیزم و مەحرومکردنی خەڵکانی پێستڕەش  و عەرب پرسێکی زیدنووەوە فەرەنسا لەم بارەیەوە هەنگاوی گەورەی نەناوە هەر وەکو گەنجێك لە خۆپیشاندەران بە  ڕؤژنامەنوسێکی وت ” خێزانی ئەم گەنجە سێ نەوەیە لێرن کەچی هێشتا قەبوڵ ناکرێن “

بێگومان هاتنە سەر شەقامی خەڵکی هەر بە تەنها لەبەر ئەمە نییە بەڵکو بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە خەڵکی وەکو هەموو شوێنێکی دیکە تێیدا دەژین بەڵام وەکو هەمیشە بۆ ڕودانی ڕاپەڕینێك تەنها چەخماخەیەکی دەوێت ئیدی لە هەر شوێنیکی وڵاتدا بێت .  ئەمەش یەکەم جار نییە کە لە فەرەنسا ئەمان ڕوودەدات ، فەرەنسییەکان کە خاوەنی کولتوری یاخی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆر و نایەکسانێتی و نادادپەرروەری کۆەمەڵایەتین ، بۆیە  هەمیشە ئەمانە ڕوودەدات و دەرسێك دەدات دەوڵەت و دەسەڵات و هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی شۆڕشەوە نزیمکمان دەکاتەوە .

گەورەترین خۆپیشاندان و پرۆتێست لەم چەرخەدا لە فەرەنسە ساڵی 2005 بوو کە لەو ساڵەدا مردنی دوو کوڕی گەنج کە لە وێستگەیەکی کارەبا لە کلیشی سوس بۆیس لە دەرەوەی پاریس

خۆیان لە پۆلیس شاردبووەوە، چەندین هەفتەی نائارامی بەدوای خۆیدا هێنا، فەرەنسا باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند، چونکە زیاتر لە 9 هەزار ئۆتۆمبێل و دەیان بینا و شوێنی بازرگانی گشتی ئاگر دران.

مەرگی هەر هاوڕێیەک، مەرگی گەڵایەکی درەختە هەمیشە سەوزەکەی ئەنارشیزمە

خەمی نان و خەونی ئازادی

27/06/2023

بۆ ئێمە ئەنارشیستەکان

ڕاگەیاندنی مەرگی هاوڕێیان سەخترین گوتن و نووسینە ..

بە داخ و پەژارەکی زۆرەوە، شەوی ڕابوردوو هاوڕێ (سەلام عارف) ئێمەی تەنیا بەجێهێشت و ئارام و خاترجەم بۆ هەمیشە لە ژیانی کویلەوارانەی سەرمایەداری ڕووی خۆی وەرگێڕا.

ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان هاوخەمیی خۆمان لەتەک خزمانی هاوڕێ سەلام و ئێوە خوێنەرانی سایتی ئەنارکیستان، پەیجی ئەنارکیستان، یانەی ئازادیخوازان و سەکۆی ئەنارکیستانی سلێمانی دەردەبڕین.

هەرچەند لەباری پەککەوتەیی جەستەیی چەند دەهەی هاوڕێ (سەلام عارف) مەرگ ڕزگارکردنی جەستە بێت لە ئازارە ناکۆتاکان، بەڵام بۆ ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان مەرگی ئەو و هەر هاوڕێیەک وەک برینێکی هەمیشەیی لەنێو جەستەی بوونی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئێمە دەمێنێت. هاوکات ئەنارشیست مانەوەی هاوڕێیان تاکو دوا ساتی ژیانی خۆیان، بۆ ئێمەی هاوسەنگەری ئەوان سەرچاوەی وزەی شۆڕشگێڕانە و بڕوابەخۆبوونی ناکۆتا بوە و دەبێت و دەمێنێت.

یادی هاوڕێ (سەلام عارف) پڕ یاداوەری خۆش و هەمیشە زیندوو دەمێنێت

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان

٢٠٢٣/٠٦/٢٧

https://www.facebook.com/salam.aref.5

سەریھەڵدان و چۆن کەتواریی کردنەوەی سیستەمی خۆڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی

سیستەمێک کە لەنێو تیئۆری یان خەیاڵ سەریھەڵدابێت،چۆن کەتواریی و کردەیی دەکرێتەوە؟

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی پێشینەیەکی زۆر کۆنی ھەیە و وەک تۆماری پێشینەیی نموونەی لەنێو گوند و شارە ئازادەکانی ڕابوردوو ھەیە، کە بە دێمۆکراتی [سیستەمی دێمۆکراسی، نەک سیستەمی پارلەمانی] ناسراوە، لە ڕابوردووی زۆربەی گوندەکان ناوچەی خۆمان دەتوانین ڕابوردوو و دوایینەی سیستەمێکی ئاوا بدۆزینەوە و ببینین، کە تاکو ئێستاش ئەگەر دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییایەتی لە گوندەکانی لای خۆمان دەربکەین، خۆ بە خۆ لەتەک ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی خەڵک ڕووبەڕوو ھەین، چونکە لەنێو کولتووری خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ئاوەز و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ڕێکخستنی سرووشتی خەڵکی ناوچەکە بنەمای سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ھەن و خۆشبەختانە ھێشتا کۆمەڵەکانی ئێمە وەک کۆمەڵە نێوەندەکان [کۆمەڵەکانی باکوور] بەتەواویی لە پێشینەی خۆبەڕیوەبەری کۆمەڵایەتیی دانەبڕاون و سیستەمی دەوڵەت بە تەواویی نەبووە بە بەشێک لە ئاوەز و کولتووری خەڵک.

بێجگە لەوە، تیئۆری بەرەنجامی ئەزموونگەریی و ژییان و کارکردنی خەڵکییە، ھیچ کەتوارێک بەبێ خەیاڵ و ئارەزووی مرۆڤ بەدینەھاتووە، ئیدی ئەو خەیاڵە ئارەزووکردن بۆ ئازادیی و ڕزگاریی و خۆشگوزەرانیی بووبێت، یان بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و ملھوڕیی چینایەتی. بەڵام لێرەدا لە بارەی تیئۆریەکی زادەی خەیاڵ و دوور لە کەتوار و ئەزمووننەکراو قسەناکەین، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی گەڕانەوەیە بۆ سەر ڕابوردووی خۆمان، گێڕانەوەی ڕابوردووە بۆ نێو ژییانی کۆمەڵایەتیی خۆمان، خۆڕزگارکردنی خۆمانە لە سیستەمە داگیرکەرەکان| ڕامیارەکان.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەم گەڕانەوەیە بۆ سەر سرووشتە کۆمەڵایەتییەکەی خۆمان و ھەم ھوشیارانە ئەزموونکردنەوەی ئەزموونی کۆمەڵە پێشینەکانە لە سەردەمێک، کە مرۆڤایەتی لەتەک فەوتان ڕووبەڕووە و خەریکە کۆمەڵایەتیی-بوونی مرۆڤ دەبێتە ئەفسانە و چەپاوڵگەریی بازار و پاوانگەریی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێت بە کولتوورێکی جیھانگر و مرۆڤەکانی بە ئەوپەڕی لە-خۆ-نامۆ-بوون و ڕۆبۆت-بوون گەیاندوون.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پارلەمانیی

ئایا ناکرێت (سیستەمی پارلەمانیی) و (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) تێکەڵ بکرێن؟

[نا] و نەخێر و ھەرگیز. چونکە دوو سیستەمی زۆر جیاوازن و تەنانەت دژی یەکدین؛ سیستەمی پارلەمانیی، سیستەمی میانجیگەرایی نێوان دەستەبژێرە دارا و ڕامیارەکانە و دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیی بێجگە لەوەی کە ئامرازی سەرگەرمکردن و خەڵەتاندنی خەڵکییە بۆ خۆشباوەڕکردن سەریھەڵداوە، ھاوکاتیش بەکاربردنی دەنگی خەڵکییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەی نێوان دەستەبژێرە دارا و دەسەڵاتخوازەکان و ڕەوایەتییدان بە مشەخۆریی و ملھوڕیی ئەوان. ئەوەش پێشینەیەکی درێژی ھەیە؛ شان بە شانی بوونی کۆمەڵە ئازادەکان، کۆمەڵ خێڵەکییەکان ھەبوون، کە چەکەرەی سیستەمی ڕامیاریی بوون و سیستەمی دەوڵەتیی لەنێو ئەوانەوە سەریھەڵداوە و بە ئەم ڕۆژگارە گەییشتووە. ڕابوردوو ئایینکاران و میرزاکان و دەربارانی دیواخان میانجکەری نێوان سەرۆکخێڵ و میرەکان بوون، ئێستا بەوپەڕی پەرسەندن و بە لووتکەگەییشتنەوە، ڕامیاران|پارلەمانتاران ھەمان ڕۆڵدەگێڕن و وەک لۆبییەک ھەمان پاداشتی دارا و دەسەڵاتداران وەردەگرن .

بە کورتیی و پوختیی، سیستەمی پارلەمانیی ڕەتکردنەوەی سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) دەبێت و لەسەر بنەمای لەنێوبردنی ھەموو بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ؛ لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتیی و ئاوەز و ھوشیاری کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی سەریھەڵداوە. سیستەمێکە بۆ مسۆگەرکردن و پاراستنی مشەخۆریی و سەروەریی کەمینەیەکی دارا و ڕامیار لە سەرووی ھەموو کۆمەڵ و بۆ ئەو مەبەستەش، پارتییە ڕامیارییەکان کە گەمەکەری سەرەکیی سیناریۆکانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیین، ئامرازی دووبەرەکی-کردنی نێوان خەڵک و خۆشباوەڕکردنی خەڵکیین بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی .

بەرانبەر بە ئەوەش، سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی واتا ڕەتکردنەوەی ھەموو سیستەمە ڕامیارییەکان و لەنێو ئەوانەش گەشەکردووترینیان، کە سیستەمی پارلەمانییە. چونکە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئاشتەوایی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی و خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت و خۆی ڕادەگرێت و دەتوانێت بەردەوام ببێت. میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی ئەو لە میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی سیستەمی ڕامیارییەکان جیاوازن و بە ڕەتکردنەوەی ئەوان دەتوانن کارا و ئەرێنیی بن.

ھەرچەندە جیاوازی ئامانج جۆری ئامراز دەستنیشاندەکات، بەڵام جیاوازی نێوان سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) بەس جیاوازی ئامانجی ئەوان نییە، بەڵکو جیاوازی ڕێکخستن و میکانیزم و شێوازی کارکردنی ئەوانە. لەبەر ئەوە ھەرگیز ناتوانرێت سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) تێکەڵبکرێن، چونکە لەنێوبەری یەکدی دەبن و مەرجی بوونی ھەر یەک لەئەوان بە نەبوون و لەنێوچوونی ئەوی دیکەیان پەیوەستە، ھەر وەک جەنگی و ئاشتی، کە دەستپێکردنی یەکێک لە ئەوان، خۆبەخۆ کۆتاییھاتنی ئەوی دیکەیان دەبێت؛ یان ڕزگاری [خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی] یان کۆیلەتیی [سیستەمی دەوڵەتیی]، لەنێوان ئەوان ئاشتیی و ئەگەری ئامێتەبوون نییە!

سیستەمی ڕامیاریی بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە ئاژاوە، بە دووبەرەکیی ئەندامانی کۆمەڵ، بە گەندەڵی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەیە. بەڵام سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ بەدیھاتن و دامەزران و بەردەوامبوونی خۆی، پێویستی بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، یەک دەست و یەک ڕێزبوونی ئەندامانی کۆمەڵ، متمانە و خۆشەویستی کۆمەڵایەتیی، بەھێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە کورتیی و پوختیی، پێویستی بە سەرھەڵدانی ھارمۆنیی ژییانی کۆمەڵایەتیی ھەیە.

ئەوەش لە سایەی سیستەمی ڕامیاریی ئەستەمە، چونکە تاکو سیستەمی ڕامیاریی؛ ڕێکخستنی پارتییایەتی؛ پێکھاتنی پلەبەندیی و قووچکەیی و نێوەندگەرا بڕیاردەری سەرووی خەڵک بن و بمێنن، ھەرگیز و ھەرگیز سیستەمی کۆمەڵایەتیی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سەقامگیر نابن، بەڵکو بە بەردەوامیی و پەرەسەندنی سیستەمی ڕامیاریی شوێنەوارە پێشینەییەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەنێودەبرێن و بۆ تێگەییشتن و وێناکردنی ئەو شتە،بەس سەرنجدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جارانی پێش ڕاگواستنی گوندەکان و ئێستا دەتوانێت باشترین بەڵگە بێت، کە بە چ ڕادەیەک مرۆڤایەتیی لەنێوچووە .

بەبێ حکوومەت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی چۆن سەردەگرێت؟

بەبێ (دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و پارتیی و لەشکر و پۆلیس و ڕۆڵی دەستەبژێرەکان)، چۆن (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) سەردەگرێت؟

بە دڵنیایی، کاتێک ئێمە بە ئاوەزی ڕامکراو و بە ھۆشی شۆردراوە و لە-خۆ-نامۆ-بوون و ھەمیشەیی دیتنی سیستەمی ڕامیاریی و کەتواری کۆمەڵی ئەم ڕۆژگارە، لە کۆمەڵی سبەینێ بڕوانین، وێناکردنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ بەبێ دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و دەسەڵاتداریی پارتییەکان و لەشکر و پۆلیس و زیندان و قەنارە، ئاسان نییە، بەڵکو ئەستەمیشە. چونکە لە ئەم ڕۆژگارە ھەڵپەی دەسەڵات و زاڵبوون و دەوڵەتمەندبوون و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی بووە بە کولتووری زۆربەی خەڵک و ئەو بنەما دڕندانەیە بووە بە فیلۆسۆفی ژییانی خەڵک “ئەگەر تۆ من نەکوژی، من تۆ دەکوژم، ئەگەر تۆ دەستی من نەبڕی، من دەستی تۆ دەبڕم، ئەگەر تۆ لەسەر من زاڵنەبی، من لەسەر تۆ زاڵدەبم، ئەگەر تۆ پارووی دەمی من نەڕفێنی، من شیری دەمی منداڵکەی تۆ دەڕفێنم ” ….تد. لە بارێکی ئاوا ئەگەر خۆ-ھوشیاریی بوونی نەبێت و بەردەوام لەنێو ھەموو بوارەکانی ژییان بۆ کردەیی کردنەوە و سەلماندنی پێویستیی و بوونی ڕابوردوویی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بانگەواز نەکەین و کۆشش نەکەین و خۆمان ڕێکنەخەین و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکانی خۆمان پێکنەھێنین، وێناکردنی دونیایەکی خاڵی لە زۆرداریی و ھەڵپە و چەپاوڵ و پاوانگەریی، زۆر ئاسان نییە و ئەستەمە.

بەڵام ئەوەش لەبیرنەکەین، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر لە بارەی ھەر دوو سیستەمەکە (سیستەمی دەوڵەتیی ئێستا) و (سیستمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئایەندە) بۆ خەڵکی لای خۆمان قسە بکرایە، بەدڵنیاییەوە زۆربەی خەڵکی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی باشتر و کەتوارییتر دەبینی و وێنادەکرد و تێدەگەییشت، تاکو سیستەمی دەوڵەتیی، بەتایبەت دەوڵەتی ھاوچەرخ و نەزمی بازاری بەڕەڵڵا (نیئۆلیبراڵ). چونکە سەد ساڵێک پێشتر وەک ئێستا پارتییایەتی و ڕامیاریی و پارلەمان و دەوڵەت لەسەر ئاوەزی خەڵک زاڵ نەبووبوون و کاناڵەکانی میدیا لەجیاتی خەڵک بیریان نەدەکردەوە و خەڵک لە کەتواری ژییانی خۆیەوە شتەکانی تەماشادەکردن، نەک وێناکردنی ئایدیۆلۆجیایانەی شتەکان. خەڵک دارای ئاوەزی خۆی، بیرکردنەوە خۆی، ئەزموونی خۆی، ژیریی خۆی بوو و سەربەخۆیی کەسەکان، سەربەخۆیی ئاوەزی کۆمەڵایەتیی، خۆبیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئەزموونگەری کۆمەڵایەتیی و ھارمۆنی پێکەوەژییانی کۆمەڵایەتیی بەرھەمدەھێنا و ھێنابوو؛ کاتێک کەسێک کە بە ئامانجی خەڵەتاندنی خەڵک پڕۆپاگەندەی دەکرد، یەکسەرە لەتەک بەرەنگاری خۆ-ھوشیاریی خەڵک ڕووبەڕوو دەبوو و خەڵک بەو کەسەیان دەگوت ڕامیارە و ڕامیاریی دەکات. لەوانەیە باشترین نموونە ئەوە بێت، کە پێرێ و دوێنێ و تەنانەت ئێستاش تاکو ڕادەیەک ھێشتا خەڵکی لای خۆمان بە ڕامیاری و پارتییایەتی و پارلەمان و دەوڵەتگەرایی دەگوت و دەڵێن درۆ و دەسەلە و سیستەمی خەڵەتاندنی خەڵکی. ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، چونکە ڕابوردووی خەڵکی زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی بووە، بەتایبەت لە ئەو گوندانە، کە دەسەڵاتداریی خان و سان و شێخ و بەگلەران نەبووە و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی و یاسا سرووشتییەکان بنەمای خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵەکان بوون.

ئایا ئەگەری بەدیهاتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی هەیە

ئایا ئەو ئەگەرە ھەیە، ڕۆژێک لە ڕۆژان (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) لە گشت لایەک بەدیبێت یان سەربگرێت؟

پێش ھەموو شتێک، بەدیھاتنی ھەر شتێک وابەستەی ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ دەبێت. ڕوودانی ئەوەش پێویستی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ھەیە؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای گۆڕانی ھەمە لایەنەی ژییان و دونیابینیی و شێوازی بەرھەمھێنان و جۆری دارایی سامانەکانی کۆمەڵ، ڕوودانی ئەوەش خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و بزاڤی کۆمەڵایەتیی و بەرخودانی کۆمەڵایەتیی پێویستە و گەرەکە.

بەدیھاتنی سیستەمێکی ئاوا کاری شەو و ڕۆژێک نییە. چونکە سیستەمی چینایەتیی بە یەک شەو و ڕۆژ دانەمەرزراوە، تاکو بتوانرێت بە یەک شەو و ڕۆژ لەنێوببرێت. سیستەمی چینایەتیی یانەیەکی سەربازیی، یان پۆلیسخانەیەک نییە، تاکو بە داگیرکردن و چەککردنی پاسەوانەکانی لەنێوببرێت و لەنێوبچێت؛ لە ئەم ڕۆژگارە سیستەمی چینایەتیی بە ھۆکاری ملدانی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەکانی جیھان بە ملکەچیی و دەقگرتن بە ژێردەستەیی سەروەریی کەسێک، یان پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتێک، بووە بە بەشێک لە کولتووری خەڵک و گۆڕانی کولتووری خەڵکیش ڕوودانی شەو و ڕۆژێک نییە و نەبووە، ڕەوتێکی درێژخایەن و فرە ڕەھەند و فرە بارە و بەردەوام بووە و دەبێت. لە ئەم ڕۆژگارە سەروەریی چینایەتیی بەس بە زۆری چەک و داگیرکاریی نەسەپێندراوە، بەڵکو بە کاراییدانانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و بوونی بە بەشێک لە ئاوەز و ژییانی نادەربەسانەی خەڵک جێگربووە و خۆی ڕاگرتووە و بەردەوام بووە و دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایە، پێش ھەموو شتێک ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی پێویستە، ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی فرە لایەن و فرە مەیدانە؛ بە ھۆنراوە، چیرۆک، ڕۆمان، شانۆگەریی، موزیک، گۆرانی و سروود و ڕاگەیاندن و چالاکیی بەردەوام و خەباتی ڕاستەوخۆ..تد. بە کورتیی و پوختی گۆڕانی سەراپای بوونی ھۆشیی و ماددیی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆژگارە پێویستە. لە بەرانبەر کۆششی ئازادیخوازانە، دەوڵەتی ھاوچەرخ ھەیە، کە لە ئەم ڕۆژگارە لووتکەی گەشەکردنی سیستەمی ڕامیارییە [چینایەتییە] و ھەزاران ساڵێک بە چەک و کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی و وێرانکردن پێگەییشتووە و بە ئەم ڕۆژە گەییشتووە؛ چەندین سەردەمی و قۆناخی [خێڵەکی، ئایینی، پاشایی، دەرەبەگی، تاکپارتیی، پارلەمانیی] بڕیون، تاکو بووە بە ئەو شتە، کە ژێردەستەکەی ئاوا بزانێت، کۆمەڵی مرۆڤایەتیی ھەرگیز بەبێ دەوڵەت بوونی نەبووە و نابێت و دەوڵەت ھەمیشەیی بووە و دەمێنێت.

لەبەر ئەوە پێگەییشتن و دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ڕەوتێک و پڕۆسێسێکی درێژخایەنە و بەپێچەوانەی گۆڕینی سیستەمە ڕامیارییەکان، ھەرگیز بە کودەتای سەربازیی و ڕاپەڕینی کاتیی خەڵک و یەک شەو و ڕۆژ و بەس بە ڕوخاندنی دەوڵەت بەدینایێت و ھەر ئاواش لە ڕێی ھەڵبژاردن و دەنگدان پارلەمانیش بەدینایێت، ھەر ئاوا پەرەسەندن و جیھانگیریی ئابووری سەرمایەداریی ھەرگیز مرۆڤایەتی لە بەدیھێنانی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی نزیکناکاتەوە و بە پێچەوانەوە، بەو ڕادەی سیستەمی سەرمایەداریی گەشەبکات، بە ھەمان ڕادە چین و توێژ و کەسە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان لە سەربەخۆیی و خۆبوون و بڕوابەخۆبوون دووردەخاتەوە و سەرەتانی لەخۆنامۆبوون زیاتر مرۆڤایەتی لەنێودەبات و لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی نائومێددەکات، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی تەواو پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی پارلەمانیی بۆرجوازییە و ھەرگیز سیستەمی پارلەمانیی و دەوڵەت بە خۆشیی خۆیان بواری سەرھەڵدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی نادەن. لە ئەو بارەوە سەرھەڵدان و پەرەسەندن و بەکولتووربوون و بوونی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بە بەشێک لە ڕۆشنبیریی خەڵک، خۆبەخۆ بە واتا ڕەتکردنەوەی سیستەمە ڕامیارییەکانە لە خیڵەکیی تاکو پارلەمانی.

ھەر ئاوا بۆ بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھاوکاتی ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کۆششی کولتووریی، کۆششی ئابوورییش پێویستە، کە بە چالاکیی کردەیی دەکرێت و گونجانی سیستەمەکە دەسەلمنێت؛ ھەرەوەزی ئابووریی، کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرھەمھێنان، کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و سامانەکانی کۆمەڵ، تاکو ئەو شوێنەی کە دەکرێت و دەگونجێت، گۆڕینی دارایی تایبەتیی بە دارایی کۆمەڵایەتیی، ھەڵبەتە ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە، نەک بە ئەو جۆرەی کە بۆلشەڤیکەکان لە ڕوسیا وەک دیکتاتۆریی پارتیی و فەرمانداریی و لەسەر بنەمای دارایی دەوڵەتیی خەڵکیان بە ئابووریی دەوڵەتیی و (کێڵگە دەوڵەتییەکان ) ناچارکرد.

ئێستا ئیدی پرسی گۆڕان و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتیی، بەس پرسی لەنێوبردنی سەروەریی و ئازادبوون و یەکسانی ھەموو خەڵک نییە، بەڵکو پرسی مەرگ و مانە. چونکە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی سیستەمی چینایەتیی بە قۆناخی لەنێوبردنی ھەموو شتێک گەییشتووە، کە لە چاوچنۆکیی و پەلکێشانی خۆی ڕێگرییبکات، سیستەمی چینایەتیی وێرانکردنی ژینگەیە، جەنگی میلیشیایی و ناوچەیی و جیھانییە، جەنگی ئابووریی و کولتوورییە، برسییەتی و ئاوارەیی و تیرۆریزم و ئاژاوەنانەوە و تایبەتکردنی سەرچاوەکانی ژییان ( خاک و ئاو و ھەوا و وزە و ڕۆشنایی.. تد.) و پاوانکردن و چەپاوڵکردنی ھەموو بوونێکی مادیی و ھۆشیییە!

چەند نموونەیەک لە خۆ-ڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و گرووپە خۆجێییەکانی شوێنی بەرھەمھێنان و ژییان

چەند نموونەیەک لە خۆ-ڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و گرووپە خۆجێییەکانی شوێنی بەرھەمھێنان و ژییان

گرووپە خۆجێیەکان

– گرووپەکانی خۆخزمەتیی و خۆکۆمەکیی کۆڵان و گەڕەک و گوند و شاران.
– گرووپەکانی پێکەوە-ژییان| ھاوسایی، ھاوماڵیی …تد
– گرووپەکانی شوێنی بەرھەمھێنان بۆ ئەنجامدانی چالاکی ڕۆشنگەریی و ھاریکاریکردنی یەکدی.
– گرووپەکانی خۆکۆمەکیی منداڵان و خوێندکاران لەنێو فێرگەکان و شوێنی ژییانی خۆیان.
– گرووپەکانی خۆپارێزگاریی کۆڵان و گەڕەک و گوند و شاران.
– گرووپەکانی بەرەنگاریکردنی توندوتیژی بەرانبەر منداڵان و ژنان.
– ھەر گرووپپێکی دیکەی شوێنی ژییان و بەرھەمھێنان و خوێندن و خزمەتکردن..تد

گرووپە خۆکۆمەکییەکان

– گرووپەکانی خۆکۆمەکیی نەخۆشان،
– گرووپەکانی خۆکۆمەکیی ئالوودان بە کەرەسە بەنگکەرەکان و مەینۆشیی،
– گرووپەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک لە کاتی نەھامەتییەکان،
– گرووپەکانی ژنان و پیاوانی تەنیا-سەرپەرشتیکەری خێزان،
– گرووپەکانی ھەر بوارێکی دیکە کۆمەڵایەتیی …تد
گرووپە ھونەریی و کولتوورییەکان
– گرووپەکانی موزیک ژەنین و فێربوون و ئاھەنگگێڕان،
– گرووپەکانی نماییشدان (شانۆ)ی گەڕۆک و جێگیر،
– گرووپەکانی پەڕتووک-خوێندنەوە و پەرتووکخانەی گەڕۆک،
– گرووپەکانی فیستێڤاڵ بۆ پەیوەندانی کەلەپوور و فرە-کولتووری،
– گرووپەکانی چێشتخانە گشتیی و نێوان کولتوورییەکان،
– گرووپی دیکەی ئەو بوارانە ..تد

ڕێکخراوە جەماوەرییەکان

– ڕێکخراوەی کرێکاران
– ڕێکخراوەی جووتیاران
– ڕێکخراوەی باخەوانان
– ڕێکخراوەی پیشە دەسییەکان
– ڕێکخراوەی مامۆسایان
– ڕێکخراوەی خوێندکاران
– ڕێکخراوەی خزمەتکارانی بواری پەروەردە و نەخۆشخانە و پیرخانە
– ڕێکخراوەی بێکاران
– ڕێکخراوەی کەمئەندامان
– ڕێکخراوەی ھەر بوارێکی دیکەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی …تد
ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان

– گرووپ و ڕێکخراوەی پاراستنی مافی منداڵان
– گرووپ و ڕێکخراوەی تێکۆشان بۆ ھاومافیی ڕەگەزیی [ژن و پیاو]
-گرووپ و ڕێکخراوەی فریاگوزاری کۆمەڵایەتیی کاتی نەھامەتییە سرووشتییەکان و جەنگییەکان
– گرووپ و ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی
– گرووپ و ڕێکخراوەی ئاژەڵپارێزیی و ئاژەڵدۆستی
– گرووپ و ڕێکخراوەی … ھەر بوارێکی دیکەی ژییان …تد

ئاوا کە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشتر ئاماژەدراوە، تان و پۆی پێکھاتنی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) وەک دەزوو و خانەکانی جاڵجاڵۆکە پێکەوە ھەڵدەپێکرێن و توندوتۆڵ دەبن، بە جۆرێک کە ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە؛ ئەگەر تاکەکەس وەک بچووکترین خانەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی وەربگرین، لەنێو خێزان یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نموونە: پیاو کرێکار و ژن فێرکار و منداڵانیش خوێندکار، وەرزشەوان، ھونەرمەند، بە ئەو جۆرە ھەر کەس بە جۆرێک لەتەک کەسەکانی دۆروبەی خۆی پەیوەستە و گرفتی ھەموو بوارەکان یەخەگیری ھەر کەسێک و ھەر توێژێک دەبن؛ ئەندامانی خێزانێک ھاوکات چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵ پێکەوە گرێدەدەنەوە و خوشک و برا و ئامۆزا و خاڵۆزا و پوورزا و دایک و باوک و خێزانکەش بە ھەمان جۆر خەڵکی کۆڵانێک و گەرەکێک یان کرێکاران و جوتیاران و باخەوان و فێرکەران و …تد پێکەوە لە ڕێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە پیشەییەکانی شوێنی بەرھەمھێنان و پەیوەندییە ھۆگرییە ھونەریی و وەرزشییەکان و پەیوەندییە ھاوسێیەتی و ھاوگوندییەکان وەک تان و پۆی جاڵجاڵۆکە پێکەوە بەستراون و ئیدی بە ئەو جۆرە سیستەمێکی تۆکمە و سرووشتیی و ھەمیشەیی و ئازادانە و یەکسانانە و دادپەروەرانە درووستدەبێت و سیستەمەکە دەکات بە پایەی کولتووریی و بەشێک لە ھوشیاری و ئاوەزی ئەندامانی کۆمەڵ؛ خۆشەویستی شوێنی ڕق و دووبەرەکیی پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجیی دەگرێتەوە؛ کۆمەککردن شوێنی ھەڵپە و چەپاوڵکردن و دەستبڕین دەگرێتەوە؛ مرۆڤایەتی شوێنی ڕەگەزپەرستیی و نەژادپەرستیی و “نەتەوە”چییەتی و ناوچەگەریی دەگرێتەوە؛ پێکەوە ژییان و سەربەخۆیی کەسەکان شوێنی ملکەچیی و ملھوڕیی و پاوانکردن و دەسەڵات دەگرێتەوە، ھارمۆنی نێوان ڕەگەزەکان شوێنی پیاوسالاریی و ژنسالاریی دەگرێتەوە….تد. گرنگی ڕێکخراوە ئاسۆیی و سەربەخۆ جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانیش ھەر ئەوەیە، کە ھەموو ئەندامانی کۆمەڵێک وەک ئەندامانی جەستەی مرۆڤ یەکگرتوودەکەن و ھارمۆنییەکی سرووشتیی لە نێوان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەئافرێنن.

شێوازی تێکۆشانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێش پێکھاتنی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

شێوازی تێکۆشانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێش پێکھاتنی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە، لەسەر بنەمابوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، خۆکۆمەکیی و ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان پێکدێت، بە واتایەکی دیکە لە بنی کۆمەڵەوە دەستپێدەکات و ڕێکخراوەکانی خوارەوەی کۆمەڵ تان و پۆی ئەو دەبن؛ سیستەمێکی نێوەندیی و قووچکەیی و پلەندییانە نییە. لەبەر ئەوە بۆ پێکھێنانی ئەو و گۆڕانی سیستەمی ئێستا بە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھیچ پێویستییەک بە ھێز و بزووتنەوەی چەکداریی و کودەتای سەربازیی و توندوتیژی جەسەیی و جەنگ نییە و زیاتر لە ئەوەش، دەبێت و پێویستە کەسانێک کە چالاکانە بۆ پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی کۆشش دەکەن، بە ھەموو جۆرێک دژی چەک و جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ و …تد کۆشش بکەن و لەتەک ھەموو ھەنگاوێک و ھەر سات و ھەر چالاکییەک، ئەوە ڕۆشن بکەنەوە و ڕابگەیێنن، کە دژی چەک و جەنگ و توندوتیژی هەن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی و ڕامیاریی لەتەک سیستەمی ئێستا ڕەتکدەکەنەوە و لەجیاتی ئەوە بزووتنەوە و بانگەوازی ڕۆشنگەرانە و سەرپێچیکردنی سڤیلیست [مەدەنی] پەیڕەودەکەن و لەنێو شەونشینییەکان، شوێنەکانی بەرھەمھێنان، فێرگەکان، قاوەخانەکان، پەرستگەکان، پرسەخانەکان، لەسەر قەبران، لەنێو ئۆتومەبێل و گەشت و گوزار، لە بازار، لە کاتی گەلکارییەکان، ھەر ئاوا لە ڕێی نماییشنامەی مەیدانی [شانۆی گەڕۆک] و گۆرانی و ھۆنراوە و ھەڵبەست و نووسین و چیرۆک، بە کورتیی و پوختیی، ھەر ڕێگەیەک کە بە ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ئاستی ڕۆشنبیریی خەڵک خزمەتبکات و متمانە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی بەھێزدەکات، ئەوەش بەس چالاکی ڕۆشنبیریی و کۆششی ڕۆشنگەرانە دەبێت، نەک میلیشیا و جەنگ.

پێکھێنانی سیستەمێکی ئاوا نە بە کودەتای سەربازیی دەکرێت و نە بە بردنەوەی دەنگدانی پارلەمانیی و نە بە بەشداریکردنی فەرمانداریی و دەوڵەت و نە بە چەکھەڵگرتن و کوشتار و سەپاندن. نەخێر و نەخێر و نەخێر. چونکە چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی ئامرازێکن بۆ لەنێوبردنی پەیوەندیی و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بە درێژایی سەردەمی سەرھەڵدانی سیستەمی دەوڵەتیی [ لە سەرۆکخێڵ و ئیمپڕاتۆر تاکو فەرمانداریی پارلەمانیی] بە ھەموو جۆرێک بۆ چەکدارییکردن و ڕامیارییکردنی بزووتنەوەکانی خەڵک و گۆڕینی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک بە داخوازی ڕامیاریی وەک “دەوڵەتی خۆمان”، “حکومەتی کرێکاریی” ھەوڵدراوە، کە بێجگە لە پووچگەراییەکی ڕامیاریی ھیچی دیکە نەبوون و نین و نابن، چونکە ھیچ سەردەمێک سیستەمی ڕامیاریی [دەوڵەتیی] خزمەتکەری کۆمەڵ نەبووە و نابێت و لەوەش زیاتر، سیستەمی ڕامیاریی ئامرازی خۆسەپاندنی کەمینەیەکی دارا و ڕامیارە لەسەر کۆمەڵ بۆ بەھرەکەشیکردنی ڕەنجی کەس و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ و بۆ تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵ و پاسەوانیی دارایی تایبەتیی مشەخۆرەکان سەریھەڵداوە. ھەر لەبەر ئەوە ھەموو ئاژاوەیەک، ھەموو توندوتیژییەک، ھەموو جەنگێک، ھەموو بزووتنەوەیەکی چەکداریی و ڕامیاریی بە مانەوەی سیستەمە ڕامیارییەکان خزمەتدەکات و لە ڕێی گۆڕینی بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان بە بزووتنەوەی چەکداریی و توندوتیژ، دەوڵەت و دەزگەکانی بیانوو بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدەستدەھێنن و بێجگە لەوەش جەنگەکان ھەم وێرانکردنی کۆمەڵگەکان [نشینگەکان] بەرەنجامیانە و ھەم بازاری کۆمپانییە جیھانلووشەکان بەگەڕدەخەنەوە و ھەم بازاری کۆمپانییەکانی چەکسازیی و بازاری دەڵاڵانی بازاری چەک گەرم دەکەن و ھەم بۆ سەرھەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان زەمینە خۆشدەکەن و ھەر ئاواش بیرکردنەوەی نەژادپەرستیی و شۆڤێنیستیی و فاشیستیی ناھوشیارانەی خەڵکی ناڕازی بەھێزدەکەن و پەرەپێدەدەن.

ئەگەر سەردەمی ھەموو جەنگەکان سەرنجبدەین، ئەو ڕاستییە وەک بەرجەستەبوونێکی ڕابوردوو بۆ ئێمە دەسەلمێن؛ سەردەمی پێش جەنگەکان سەردەمی تەنگەژەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بوون، جەنگەکان ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێودەبەن، توندوتیژی سەردەمی جەنگ و پاشکارایی توندوتیژییەکان و ماڵوێرانیی و برسییەتی و ئاوارەیی و نائومێدیی خەڵک بەرەو نەژادپەرستیی و شۆڤێنیزم و فاشیزم ئاراستە دەکەن، کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان بە بەھێزکردنی سیستەمی دەوڵەتیی و سەروەریی چینایەتی خزمەت دەکەنەوە و دیوی ڕاستینەی دەوڵەت بوون و هەن و دەبن.

بەکورتی و پوختیی، شێوازی کۆششی کۆمەڵایەتیی بۆ پێکھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەمان شێوازی کۆششی ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ بەدیھێنانی داخوازییەکانی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان. ھەمان شێواز و بەرجەستەترینیان ‘خەباتی ڕاستەوخۆ’ و ‘سەرپێچیکردنی سڤیلیستیی’ و ‘مانگرتنی گشتیی’ و سەرتاسەریی کۆمەڵ دەبێت، دوور لە توندوتیژی و ڕامیارییبازیی پارتییەکان و ڕامیاران، چونکە گۆڕینی کۆششی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بە توندوتیژیی و بزووتنەوەی چەکداریی، ھەم جەماوەریی-بوون و کۆمەڵایەتیی-بوونی بەرخودان و بزووتنەوەکان لەنێودەبات، ھەم بە سیستەمی سەروەریی و سەرمایەداران و ڕامیاران خزمەت دەکات و بەھێزتر دەکاتەوە و مانەوەی مسۆگەر دەکات.

چەند نموونەیەک بۆ ھۆکاری ڕەتکردنەوەی جەنگ و توندوتیژیی
– درووستکردن و ھەناردنی گرووپە ئیسلامییە ڕامیارییەکان پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەڵکی عیراق، بۆ دەرەوەی شارەکان [ناوچەی ھۆرامان]، ھەم ھوشیاریی کۆمەڵایەتیی خەڵکیان لەنێوبرد و ھەم بوونی ئەو گرووپانە بوو بە بیانوو بۆ خۆلادانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ئاوەدانکردنەوەی گوندە ڕاگوازراوەکانی ساڵی ١٩٧٨ و گوند وێرانبووەکانی جەنگی ئیراق-ئێران، کە بە ئەو بیانووە بووجەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان “دێزە بە دەرخوونە” کرا و تاکو ئێستاش ئەو ناوچانە ھەر وەک وێرانەی ڕاگواستن و جەنگی ماوەنەتەوە و داخوازییەکانی پاش ڕاپەڕین تاکو لەنێوچوونی فەرمانداریی بەعس، کە ئاوەدانکردنەوە و بۆژاندنەوەی وێرانەکانی ڕاگواستن و جەنگی عیراق-ئێران و قەرەبوونی زیانەکانی خەڵک بوو، لە ھۆشبردران.

– جەنگی ئیران-ئێراق، بێجگە کوژرانی ملیۆنان کەس و پەککەوتەیی چەند ملیۆن کەسی دیکە، ئاوارەیی و وێرانیی و گرانیی و …تد، توانی گەورەترین بزووتنەوەی نەژادپەرستیی و فاشیستیی دژی کرێکارە ئاوارە ئەفغانییەکان لە ئێران و میسرییەکان لە عیراق ھەڵخڕێنێت و ھەر ئاوایش بازارێک بۆ سەرمایەگوزاریی کۆمپانییە جیھانلووشەکان گەرم بکات؛ چ بە فرۆشتنی چەک و چ بە فرۆشتنی کەرەستەکانی ڕۆنانەوە و چ بە زەمینەسایی بۆ سەرمایەگوزاریی ئەوان.

– ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە ساڵی ٢٠١١، کە سەرەتا بزووتنەوەیەکی خۆخۆی خەڵکی ناڕازی بوو و ئازادکردنی شارەکان و پێکھێنانی ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و خۆبەڕێوەبەریی خەڵک ھەنگاوی یەکەمی بوون، بەڵام ئەوە مەترسیەکی گەورەی بۆ سەر دەوڵەتی سووریە و ھەم بۆ سەر ھاوساکانی [دەوڵەتی تورکیە و دەوڵەتەکانی کەنداو] درووستدەکرد. لەبەر ئەوە بە نەخشەی کۆمپانییەکانی چەکسازیی و ھاندانی سیخوڕەکانی دەوڵەتی تورکیە و سعودیە و …تد بزووتنەوە ئاشتیوازەکە گۆڕدرا بە بزووتنەوەی چەکداریی و ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێوبردان و کۆششکارانی ئەوان نموونە (عومەر فارس) لەنێو زیندانی دەوڵەتی سووریە لەنێوبردران، ھەر ئاوا (خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی ڕۆژاڤا) کە بە کۆششی ئاشتییانە پێکھاتبوو، بە نەخشەی زلھێزەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە جەنگ گیرۆدە دەکرێت و ھەرچی جەوانی ئازادیخواز و خۆھوشیاری ڕۆژاڤا ھەبوون، بەکوشتدران و ئەوانەی کە ماوە، دەکرێن بە ھاوپەیمان و ھاوسەنگەری زلھێزەکان، کە نوێنەرایەتیی کۆمپانییەکانی چەکسازیی و سیستەمی ڕامیاریی جیھانیی دەکەن.

لەبەر ئەوە، ھەر پەنابردنێک بۆ چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی، چ خەڵک بخوازێت یان نا، بە سیستەمە جیھانگیرەکە و کۆمپانییەکانی چەکسازی و دەزگە سیخوڕییەکان و دەڵاڵانی بازاری چەک و دەوڵەتەکانی ناوچەکە خزمەتدەکات و وەک سەراپای ڕابوردووی مرۆڤایەتی، سەرەنجامەکەی بەس لەنێوچوون و خۆکوژیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و بەس.

بە کورتیی و پوختیی، ئەگەر کەسێک بیەوێت بۆ بەدیھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی تێبکۆشێت، پێویستە پێش ھەموو شتێک، دژی چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی بێت، دژی ڕێکخستنی پلەبەند و قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، دژی دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگوازیی بێت، دژی ڕەگەزپەرستیی [سێکسیزم] و نەژادپەرستی [ڕەیسیزم] و شۆڤێنیزم و فاشیزم بێت، چونکە ھەموو ئەو ئاراستانە بەس بە سیستەمی ڕامیاریی [دەوڵەت] خزمەتدەکەن و ئەوانە دەستی شاردراوە و تابووری پێنجەمی دەوڵەتە ھاوچەرخەکان بوون و هەن و دەبن.

بەرانبەر بەوانە، بەس خۆھوشیاریی ئەندامانی کۆمەڵ و چالاکیی ڕۆشنگەرانە و خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی، ڕۆشنگەری کۆمەڵایەتیین، کە بەرەنجامی خودی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی دەبن، پەیڕەوکردنی ئەو ئامراز و شێوازە کۆمەڵایەتییانە ئەرکی ھەر کۆششکارێکە لەپێناو پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی.

ڕێگەی تێکۆشان بۆ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سەختە، دوور و درێژە، چونکە دژەباو و دژی سەراپای سیستەمێکی جیھانگیرە؛ سیستەمێک کە مرۆڤایەتی ھەڵوەشاندووە و مرۆڤی کردووە بە ڕۆبۆت و ھۆش و ئاوەزی ئەندامانی کۆمەڵی سڕیوەتەوە و لەنێوبردووە و ئامانجی ئەو بەس سەروەریی و قازانج و مشەخۆریی کەسە دارا و دەسەڵاتدار و ڕامیارەکانە و کەسە ڕامیارەکان ڕاستڕەو تاکو چەپڕەو، ئایینگەرا تاکو سێکیولارگەرا، دیکتاتۆریخواز تاکو پارلەمانخواز، ھەموو دەسکەلای سیستەمی دەوڵەتیی [سەروەریی چینایەتیی] و سیستەمی دەوڵەتیی ھەردەم کوتەکی دەستی کۆمپانییە جیھانلووشەکان بووە و دەبێت.