بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەرھەمدەھێنێت ؟
ھەژێن
بەشی یەكەم
بەپێچەوانەی دەرکی لێنین و پاشڕەوانییەوە، ئەنارکییەکان خەباتی ڕۆژانە ڕەتناکەنەوە، هەروەها هیچ بەوەش خۆشباوەڕ نین، کە سەرمایەداری ڕیفۆرم بکرێت، لەبەرئەوەی لەبری ڕیفۆرمخوازیی، سەرقاڵی جۆشدانی خەباتی سەربەخۆی ڕۆژانەی ژێردەستان دژی سەروەریی دەبن.
بەشی دووەم
خوێنەرانی ھێژا، ببوورن، بەھۆی ونكردنی بەستەری مشتومڕەكەوە، ئاگام لە درێژەی مشتومڕەكە و بۆچوونە تازە زیادكراوەكان نەبووە، بۆیە درنگ بەسەر ئەم بەستەرەدا كەوتمە و درەنگ وەڵامم دایەوە. لێرەدا لەبەرئەوەی شەو درەنگە تەنیا وەڵامی یەكێك لە سەرنجەكانی وەستا سابیر دەدەمەوە، وەڵامی سەرنجەكانی دیكەی وەستا سابیر و ھاوڕێیانی دیكە، بەیانی یا كاتێكی دیكە دەدەمەوە، ھیوادارم بە سنگێكی فراوانەوە ھەڵەی داڕشتن و چاپم لێوەرگرن، چونكە نووسینی سەرنج لە فەیسبووكدا بێ ھەڵە نابێت …
بەڵێ وەستا گیان، مرۆڤ بەبێ ھۆشمەندی گیاندارێكی سروشتییە، ھەروا كە بە ھۆشمەندیشەوە ھەر گیاندارێكی سروشتییە و نابێتە دەستكرد یا ماشینی. من تێناگەم مەبەستت لە “زاڵبوون بەسەر سروشتدا چییە”، ئایا مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی سروشتی توانیویەتی خۆی لە سروشت و سروشتە سروشتییەكەی جیابكاتەوە، تاوەكو لە دەرەوەی ئەو سروشتەوە توانای زاڵبوونی بەسەر سروشتدا ھەبێت یا بەدەستیھێنابێت؟
لەوەتەی مرۆڤ ھەیە، بەتایبەت ئەوەی كە تۆ بە ھۆشمەندی لە دەرەوەی سروشت ناوی دەبەیت، تەنیا توانیویەتی یەك شت بەرامبەر سروست بكات، ئەویش تێكدانی سروستی ژینگەكەی خۆیەتی، كە سەرەنجامەكەیان تەنیا تووانەوەی بەستەڵەكی جەمسەرەكانی گۆی زەوی و تسونامی و زریان و بومەلەرزە پەیتاپەیتاكان بووە ! تكا دەكەم نەلێیت داھێنانی تازەترین فڕۆكەی جەنگی و تڕومبێڵی پان و پۆڕی ئەمەریكی!
كامە زاڵبوون؛ كاتێك كە من سەرنجی ئەو زاڵبوونە ھۆشمەندانەیەی كە تۆ لەبارەیەوە دەدوێت، دەدەم، تەنیا یەك وێنا بۆ ئەو مرۆڤە ھۆشمەندە ناسروشتییە لەلام گەلاڵە دەبێت، ئەویش كاریكاتێری ئەو مرۆڤەیە، كە لەسەر لكی درەختێكە و بە مشارێكەوە خەریكی بڕینەوەی لكەدرختەكەی ژێرپێی خۆیەتی! ئایا ئەو ھۆشمەندییەی كە ویستوویەتی یا پاگەندەی زاڵبوون بەسەر سروشتدا دەكات، بێجگە لەمە، ھیچی دیكەی بەرھەمھێناوە؟
بەلێ چالاكی (ئەكشن) دەروێشان، ھۆشمەندانەیە و بەرھەمی زنجیرەیەك ئەزموونی مرۆڤایەتییە، بەڵام شۆرشگیڕانە نییە، ھەر ئاوا كە فەرمانبردنی ئەندامانی پارتێك وەك مێگەل، شۆڕشگێڕانە نییە !
ئایا جیاوازی لەنێوان دەروێشانی خانەقایەك و ئەندامانی پارتێك ھەیە، ئەگەر ھەیە، كامەیە، تكا دەكەم ؟
بەڵام ھەموو چالاكییەك كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، مامانی لەدایكبوونی ھوشیارییە و ھەر چالاكییەك بەپێی ڕەچەتەی ئایدیۆلۆجی ئەنجامبدرێت، ھیچ جیاوازی لەتەك بەجێگەیاندنی دەقە پیرۆزكراوەكانی ئایینەكان نییە، ئەگەر ھەیە، تكایە جیاوازییەكەی لە چێدایە؟
تكایە خۆت ساخكەرەوە، مادە پێش ھۆشە یا ھۆش پێش مادەیە؟ چونكە تۆ خەریكی پاساو بۆ وتە ئایدیالیستییەكەی لێنین دەھێنیتەوە، كە بوونی تیئۆری شۆرشگێڕانە [ھەڵبەتە لەو قوماشەی كە خۆی مەبەستییەتی] دەكاتە پێشمەرجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ئایا دەزانیت ئەمە سەری لە كوێوە دەردەچێت ؟
وابزانم، سەرنجی ئەناركیستان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] تەنیا لەسەر وتەی سەر وێنەیەكە و نەچووەتە سەر بابەتەكە، تكایە با وەڵامەكانیش لەو خوڵگەدا بدرێنەوە،؛ ئایا ئەو وتەیە دروستە یا نا ؟
لێرەوە دەچمە سەر وەڵامی باسە لاوەكییەكان، كە تۆ تێكەڵ و پێكەڵت كردوون …
پرسیارێكی زۆر سادە و دوور لە بێنەوبەردە؛ لە دروستبوونی (پارتی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا)وە تا ئەم ساتە، لە دونیادا چەند پارت بەو ناوەوە [بنیادنانی پارتی شۆشگێری چینی کرێکار] كە تۆ باسی دەكەیت، دروست بوون و سەرەنجامیان چی بوو و بووە و دەىێت؟ بڕواشناكەم كە بەتەمابیت بڵێیت ئەو پارتانە بەو ھەموو تیئۆریسیۆن و [خۆتان واتەنی] ڕابەرانەوە، نەیانتوانیبێت ئەو پارتە بن، كە تۆ خەریكی وەك نووشتە دەیپێچیتەوە و دەیكەیتە ملی كرێكاران و نیازیشت نییە بە كرێكاران بڵییت جیاوازی پارتەكەی تۆ لەتەك پارتەكەی لێنین و ناوەكانی دیكە، كە خۆت ڕیزتكردوون چییە و ئەوەی تۆ چی ئەنجامدەدات، كە ئەوان ئاوەزیان پێینەشكابێت، یا جیاوازی بەرنامەی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی پارتەكەت لەتەك ئەوانەی پێشووتر چییە، ئەوە بۆ كرێكاران مسۆگەر دەكات، كە بەھەمان ڕێچكە و كەندەڵانی سەرنگومبووندا نەیانباتەوە ؟
ئینجا وەستا گیان، نازانم تۆ ئەم ناوانەت “چارتی یەکانی بریطانیا و فابی یەکان و برۆدۆنی یەکان دواتر کاوتسکی و برنشتانی یەکان” چۆن لەتەنیشت یەك ڕیزكردوون ، ئایا دەتوانیت بۆ ئێمەی خوێنەری كورد بسەلمێنیت، كە ئەناركیستەكان ئەوانەی كە تۆ بە پرۆدۆنی [نەك برۆدۆنی] ناویاندەبەیت، ڕیفۆرمیستبوون؟
ھیوادارم لەم بارەوە بە وتارێكی ڕەخنەیی لە بۆچوونەكانی پرۆدۆن و ئەناركیستەكانی پاش ئەو، ڕیفۆرمیستبوونی ئەو باڵە لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی بسەلمێنیت، ئایا دەزانیت ڕیفۆرم بە واتای چاكسازیی لە سیستەمی سەرمایەداریدا نەك باشتركردنی ژیان و گوزەران و ھەلومەرجی كاركردن، چونكە ئەوەی دووەم بە خەباتی ڕۆژانەی خوودی كرێكاران دێتەدی و ئەوەی یەكەم بە چەنەبازیی ڕامیارەكان لە پارلەمانەكاندا یا لە نووسینگەی پارتەكاندا !
تكا دەكەم ھەر وەڵامێك بە بەڵگە و سەلمێنەری مێژوویی نەك بە حەز و گەزی پارتایەتی و ئایدیۆلۆجیا !
شتێك كە زۆر بەلامەوە سەیرە ئەوەیە، پاش ١٩ ساڵ بیستنەوەی بۆچوونەكانت، كەچی ھێشتا بە ھەمان نەفەسی جاران شتەكان لێكدەدەیتەوە و زۆر بە یەقینەوە قسەدەكەیت، ئایا دەزانیت، یەقین لە ئایدیالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەتگەرەوەی ڕەخنەیە ؟
بەداخەوە تۆ ھاتوویت و دۆ و دۆشاوت تێكەڵكرووە، تاوەكو باشتر بتوانیت لە لێڵی باسەكەدا مەلەبكەیت، ئایا دەكرێت زۆر ڕۆشن و بەبێ پەردە ناوی ئەوانە بھێنیت، كە نامە و سكاڵا و واژۆنامە بۆ دەسەڵاتداران و ناوەندە جیھانییەكانی سەرمایە دەنێرن، كێن و ناویان چییە؟
تۆ ئەناركیستەكان خۆت واتەنی ” برۆدۆنی یەکان“نت خستووەتە پاڵ باڵە ماركسیستەكان و پاشان لە واژۆنامە نووسین بۆ ” سەرانی بۆرژوازی جیهانی و پارتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش” بەشدارتكردوون. ئەمە چەندی بە چەندە ؟ من دەزانم مەبەستت لە كێیە، بەڵام نازانم بۆی وا بە مەتەڵ بۆچوونەكەت دەردەبڕیت و ناتەوێت بەڕۆشنی بلێیت فڵانی لەتەك پارت یا ھێڵە ڕامیارییەكەی تۆمە. تۆ دەتەوێت بە تیرێك دوو نیشانە بپێكیت، لە وەڵامدانەوەی وەڵامی (ئەناركیستان)دا دەتەوێت سۆزی ئەوانەی، كە خۆت بە نامەنووس بۆ سەرانی بۆرجوازی جیھانی و پارتە كۆنەپەرسەتاكانی ناوچەكە ناویاندەبەیت، بەدەستبھێنیت و لەولاشەوە بە لەژێر پەردەی ڕیزكردنی كۆمەلێك ناوی بزووتنەوە و كەسایەتی سەدەی نۆزدە، پەلاماری ئەو ھیلە ڕامیارییە یا ئەو پارتە بدەیت، كە خۆت بە نامەنووسیان ناودەبەیت !
من پەسەندی شكاندنی ئامێرەكان ناكەم، بەڵام ئەگەر بڕیاربێت لەنێوان ئەو ھۆشمەندییەی كە تۆ پێتوایە توانیویەتی بەسەر سروشتدا زاڵبیت و شكاندنی ماشینەكان لەلایەن (چارتیستەكان)ەوە بكەم، ئەوا بەبێ سڵەمینەوە، ئەوەی چارتیستەكان شۆرسگێرانەت بووە. چونكە یەكەم، زیانیان لە خاوەنكارەكان داوە و دووەم نیشانیانداوە، كە ئامێرەكان بەبێ كرێكاران ھێزنین و ھیچیان لەباردا نییە، بەڵام ئەو ھۆشمەندییەی كە تۆ بە شانازییەوە پێتوایە بەسەر سروشتدا زاڵبووە، تەنیا وێرانكردنی ژینگەی بارھێناوە و ھیچی دیكە !
لە بەرامبەر ئەم ڕستەیەدا “ڕاستە مرۆف هۆشمەندی بەرهەم ئەهێنێ بەڵام مەرج نی یە هەمو جارێ بە قازانجی چینی کرێکار بێت ” تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم، كە مرۆڤ ھۆشمەندی بەرھەمناھێنێت، بەڵكو كاری مرۆڤە كە ھۆشمەندی وەك دەرەنجامی ئەزموونەكان لەلای خودی مرۆڤی كاركردوو كەڵەكە دەكات و دەیكاتە سامانی ھزریی بۆ نەوەی داھاتوو، بەڵام ئەگەر نەوەی داھاتوو، وەك ماركسیستەكان دانیشتن و ھۆشمەندی پێش خۆیان پیرۆزبكەن، ئەوا مرۆڤایەتی وەك پارتە كۆمونیستەكان تەنیا شكست سەرەنجامی دەبێت. ھەروەھا نازانم بۆ دەبێت چینی كرێكار ئەوەندە دەستەپاچەبێت، كە كەسانی دەرەوەی خۆی ھۆشمەندی بۆ بەرھەمبھێنن؟ ئایا ئەمە لەتەك ئەوەی كنسێت و كلیسا و مزگەوتەكان بە درێژایی مێژوویان پاگەندەیان كردووە، جیاوازی ھەیە؟
خوێنەرانی ھێژا، بۆ گەڕانەوە سەر بۆچوونەوەكانی وەستا سابیر و بەشداربووانی دیكە، تكایە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە كرتە بكە :
بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەھرەمدەھێنێت ؟
ھەژێن
بەشی سێیەم
سڵاو ھاوڕێیان، دەستخۆش وەستا سابیر بۆ سەرنجی دووەمت، ھەرچەندە تا نزیكەی كۆتایی وەڵامەكەت خوێنەر لەوە تێناگات، كە ڕووی دەمت لە كێیە، تا لە كۆتاییەكەدا دەردەكەوێت مەبەستت چییە.
بەداخەوە سێ بەشی وەڵامەكەت بۆ پێداھەڵدانی مەزھەبییانەی ماركسیزم تەرخانكردووە و پاشان بە یەقینگەرایی قوفڵ لە گشت دەرگەكانی بیركردنەوە دەدەیت. ئەزیزم، دەكرێت كەسێك لە حوجرەكانی پارتدا وەھا بۆ شاگردان بدوێت و بە مەزھەبی ماركسیزم سەرسووڕماویان بكات، بەڵام كاتێك كە لە تۆڕێكی كۆمەڵایەتییدا مشتومڕ لەسەر بابەتێك دروستدەبێت، ناكرێت كاتی خوێنەر بەو مەوعیزانە بگریت. پێویستە لە وەڵامی بابەت دەرنەچیت و دەقاودەق لەسەر بۆچوونە دەربڕاوەكانی بەرامبەر قسە بكەیت. مشتومری نێوان سۆشیالیستەكان كایەی نێوان (تۆم و جێری) نییە، كە خەریكی بردنەوە و براوەكاری بین و لەبری گوێگرتن و خوێندەوەی یەكدی، خەریكی سەرقاڵكردنی بەرامبەربین بە شتی لاوەكی و خۆدزینەوە لە بابەت.
تۆ سەد ئەوەندەی تر ڕستە ڕیزبكەیت، ھێشتا ناتوانێت ھێندەی ھاوڕێ (سەلام عارف)ی ئەناركیست پێداگری لەسەر وردەكاری و جوانییەكانی ھزری ماركس بكەیت. ئەو لە بەرامبەر ئایدیالیزمی (لێنین)دا پشتیوانی لە ماركس دەكات و تۆش دەتەوێت بەڕیزكردنی كۆمەڵێك مەوعیزە، بیسەلمێنیت، كە ئەوەی لێنین وتوویەتی، درێژەی بیركردنەوەی (كارل ماركس)ە. ئەمەیە كڕۆكی بەدبەختییەك، كە وای لە لایەنگرانی ماركس لە كوردستان و خۆرھەڵاتی ناوین كردووە، لەبری پێداگری و شانازی بە سۆشیالیستبوونەوە، چەپایەتیییان كردووەتە میراتی ماركس، لەبری خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژانەی چین و توێژە ژێردەستەكان، ڕیفۆرم و چەنەبازیی ڕامیارییان كردووەتە میراتی ماركس و خەباتی كۆمونیستی.
كاكی خۆم، زانست شتێكی زۆر پیرۆز نییە، وەك پەنابەرە ئەفریكییەكە لەبەرامبەر كابرای نازی وتی “ھەموو خوێڕی و ساختەچییەك دەتوانێت ئاڵمانی بێت !” ھەر ئاواش ھەموو داھێنانێكی دژە مرۆیی و دژە سۆشیالیستی دەتوانێت زانست بێت، ئاخر لە ئەمڕۆدا زانست ئەو شوناسەی لەدستداوە، كە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات، بەڵكو چەكی دەستی بۆرجواكانە و لە كلیسا باشتر خزمەت بە سەروەری و مشەخۆری دەكات.
من دژی زانست نیم و زانست؛ تەكنۆلۆجی مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست، مەرجی سەرەكی گەشە و ھەڵكشانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی و داھاتووی مرۆڤایەتین، بەڵام دانانی ترۆھاتێك، كە ئەمڕۆ بە زانست دەناسرێت، لە سەروویی ھەموو شتێكەوە و دەمكوتكردنی خەڵك بەوە، كارێكی دژە شۆڕشانەیە.
پاشان نە زانست و نە یاساكەی نیوتن و نە تیئۆرییەكانی داروین و ماركس ناكرێت لەسەرووی ڕەخنەوە بن، ھەروەھا بەداخەوە ھەم تیئۆرییە زانستییەكەی داروین و ھەم تیئۆرییە ڕامیاریی و ئابوورییەكەی [مەبەست لە دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمە نەك لێكۆڵینەوەكانی دیكەی ماركس] لە سەدەی بیستەمدا گەورەترین خزمەتیان بە سەروەری و مانەوەی بۆرجوازی كرد و ئابووری دەوڵەتی و ناوەندگەرایی پلان، لەوەوە سەرچاوەیان گرت. تیئۆری “بنچینەی جۆرەكان”ی داروین، گەورەتین دار بوو بەدەست ڕژێمی ئاپارتایدیستی ئەفەریكای خوارووەوە، ھەروەھا تیئۆری “ململانێی مانەوە”ی داروین تا ئێستاش گەورەترین خزمەتی بە ڕەوایەتیدان بە چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەو، كردووە. ئەگەر كاتت ھەبوو خراپ نییە، سەرنجی ڕەتدانەوەی كرۆپۆتكین بۆ ئەو تیئۆرییە بدەیت، كە دەیەوێت بەھەمان بنەمای ژیانی ناچاریی ئاژەڵەكان، ڕەوایەتی بە زاڵبوونی ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا بدات …
ئایا كوورەكانی مرۆڤسوتاندن لە ئاڵمانیا و تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی بەسەر ھیرۆشیما و ناكازاكی و یورانیۆم بەسەر سەربازانی ئێرانی لە لەنگەرگەی (فاو) و كیمیایی بەسەر ھەڵەبجەدا، داھێنان و دەسكەوتی زانستی نەبوون، ئایا سێدارەی ئەلەكتریستی و بڵاكردنەوەی ئایدز لە ئەفەریكای خواروو لەڕێی دەرزیلێدانەوە، داھێنانی زانستی و دەستكەوتی زانستی نەبوون، ئایا بڵاكردنەوەی ڤایروسە دروستكراو و جێنشێوێنراوەكان بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی نەخۆشی و فرۆشتنی ھەرچی زیاتری دەرمانی كیمیایی و لێدان لەو كۆمیونیتییەیانەی كە نایانەوێت بچنە ژێر باری جیھانگیری نیئۆلیبرالیزم، داھێنانی زانستی نین و شانازیی ئەو زانستە نین؟
بەداخەوە دەستەواژەی “زانستی بوون” ئەوەندەی كراوەتە كوتەك لەسەر ڕەخنەگرانی تیئۆرییەكان، ئەوەندە واتای زاسنتی بەھیچ شتێك نەبەخشیوە و لەتەك گوتەی كنسێت و كلیسا و مزگەوتەكان، كە لەبەرامبەر ھەر ڕەخنەیەكدا (یەھوا و گۆد و ئەللە) قوتدەكەنەوە، جیاوازیی نیییە و ئەوەندەی خزمەت بە ئایدیاكانی ئایدیالیزم دەكات، ئەوەندە خزمەتی بە ئایدیاكانی ماتریالیزم نەكردووە !
ئەزیزی من، ڕیزكردنی ڕستە و پەرەگرافی پێداھەڵدان ئاسانە، بەڵام، پەسەندكردنی بۆ ئاوەزی تەندروست و پشتبەستوو بە لۆجیك، زۆر گرانە !!!!!!
پاشان تۆ دەڵێیت “تئیۆری شۆڕش ئەگەر زانستی نەبێت تێک ئەشکێت ، تێک شکانی شۆڕشی ئوکتۆبەر بە مانای تێک شکانی تیئۆرێ زانستی یانەی شۆڕشی بەڵشەفیکەکان و لێنین نی یە ، بە مانای تێک شکانی دەستکەوتە زانستی یەکانی مارکس ئەنگس بۆ خەباتی چینایەتی نی یە . “
منیش دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر تیئۆری شۆڕش پشت بە لۆجیكی ماتریالیستی نەبەستێت، ئەوا خۆبەخۆ دەچێتە خانەی دژە-شۆرش واتە نالۆجیكیی ئایدیالیستی. بەڵام ھەر بەو پێوەرەی خۆت، كە تیئۆرییەكانی لێنین بەتایبەت [پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی شۆرشگێڕ و تیئۆرییە ئابوورییەكانی كە كۆڵەكە ئابوورییەكانی ڕوسیای بۆلشەڤیكی [١٩١٧-١٩٨٩]یان لەسەر بنیاتنرا، زانستی دەزانیت، كەچی ئامادەنیت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێت، كە ئەو شكستە بەرھەمی ئەو زانستەبوون كە تۆ بوویتەتە كۆیلەی و وەك خوایەك لە سەرووی خۆتەوە داتناوە !
بە بۆچوونی من، یا تیئۆرییەكانی ماركس و لێنین [بەتایبەت لێنین] زانستی نەبوون و ھەر بە پێوەرەكەی تۆ واتە شۆڕشگێڕیش نەبوون، یا ئەوەتا شكستی ئیمپراتۆری (٧٠) ساڵەی بۆلشەڤیزم، شكستی ئەو تیئۆرییانەیە !!! ئەگەر نا، بۆ ئێمەی ڕوون بكەرەوە، كە چۆن شكستی ئەو تیئۆرییانە نەبووە و نییە، بەڵام تكادەكەم بە خوێندەوە و لێكدانەوەی ئابووریی و تیئۆریك نەك بە پێداھەڵدانی مەزھەبییانە ….
وەستا گیان، ئەگەر مەبەستت لەم دەستەواژەیەدا “چەندین ڕەوت و بۆچون و دارو دەستەو تاقمی جۆراو جۆر هەن لە توێژە ووردەبۆرژواکانی ناو کۆمەڵگا کە دژایەتی کۆمۆنیزم ئەکەن بە شێوەیەکی شەرمێونانە و بە پێچ و پەناوە،“
ئەناركیستەكانن، ئەوا تەنیا ئەوە بەسە كە بڵێم، ئەناركیستەكان بەخوێن و قوربانیدانی مێژوویی، كە ئێستاش ناشیرترین لەكەیەكە بەنێوچەوانی (لێنین وترۆتسكی)یەوە، وەڵامی ناكۆمونیستبوون و نا شۆڕشگێربوونی بۆلشەڤیكەكانیان داوەتەوە، لە ئەمڕۆشدا لە سەرتاسەری دونیادا لە (جاكاتا)وە تا (یوھانسبێرگ) لە بزووتنەوەی دژی جیھانگیریی نیئۆلیرالیزمەوە بیگرە تا داگیركردنی كارخانەكان لە (ئەرجەنتین)ەوە تا یۆنان و میسر، ئەوە ئەناركیستەكان كە ئاڵای سۆشیالیزمیان بەرزكردووەتەوە و بە ئاشكرا دەلێن، سۆشیالیزم دەوڵەت نییە، بۆلشەڤیزم دژە-شۆرش بووە و ھەیە. ئیدی نازانم كێن ئەوانەی كە شەرمنۆكانە ناوێرن ئەمە بە تۆ بلێن؟
لەبارەی بەشی تەواوكەری ئەو دەستەواژەوە، ئەوەیان پەیوەندی بە شەڕەدەندووكی نێوان خۆتان [پاشڕەوانی لێنین و مەنسووری حیكمەت]ەوە ھەیە و تەنیا خۆتان دەتوانن بەسەرەنجامی بگەییێنن ….
لەوە بەدوا بەتەواوی پشتیوانی لە بۆچوونەكانت بەرامبەر ھەلپەرستیی چەپ لە كوردستان و عیراق دەكەم، كە بۆ دەستكەوتی پارتیی و كەسیی خۆیان، لەتەك بكوژانی ھاوڕێیكانیان كەوتوونەتە سازش …
وەستا گیان، ھیوادارم درێژە بەم مشتومڕە بدەین، بەڵام تكادەكەم، بەبێ پەنابردن بۆ گێڕانەوە، با ھەر یەكە لە ئێمە، لە توانای ھزریی خۆمانەوە لە ئەزموونی خۆمانەوە، لە پێگەییشتنی خومانەوە، ھەوڵی ڕۆشنكردنەوە و كردنەوەی گرێكوێرەكان و شڵەقاندنی گۆمە لیخنەكان بدەین، ئەو گۆمانەی كە ڤایروس و بەكتریای وەھای بەرھەمھێناوە، كە بەناوی سۆشیالیزمەوە لیبرالیزمی نەزمی نوێ، بە كۆمەڵگەی كوردستان دەفرۊشێتەوە..
دەبێت بمبووریت و دڵگیر نەبێت، لە توندی وەڵامدانەوەكانم، چونكە ئەوە شێوازی وەڵامدانەوەی تۆیە، كە ئاوا دەمھێڼیتە قسە … وەڵامدانەوەی بەرامبەر بەبێ ناوھێنانی و تۆمەتباركردنی بە بەكڕیگیراو و خزمەتكاری بۆرجوازی، شێوازێكی ناشێرینی دەھەی نەوەدی چەپی كوردستانە و ھیوادارم ئەگەر خۆت بە سۆشیالیست و كۆمونیست دەزانیت، ھەوڵبدەیت خۆت لەو شێوازە بۆرجوازییانەیەی كەمڕاگرتنی بەرامبەر، ڕاببسێنیت…
كاتێكی خۆش بۆ ھەمووان و دەستی خەباتكارانەتان دەگوشم ….
خوێنەرانی ھێژا، بۆ گەڕانەوە سەر بۆچوونەوەكانی وەستا سابیر و بەشداربووانی دیكە، تكایە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە كرتە بكە :
دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی دووەم
هەژێن:
سڵاو ھاوڕێیان، مشتومڕەكەتان خۆشە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەم سەرنجانەی لەلای من بەجێھێشتن … .
ھاوڕێ (زاھیر)یش لە وەڵامی ھاوڕێ (فوئاد)دا، بەھەمان تێڕوانین، چەمكی پڕۆلیتاریا بەكاردەبات، كە دەكاتە كرێكاری پیشەسازی و لەم بارەدا ڕاسدەكات، پرۆلیتاریا كەمینەیە، بەڵام پڕۆلیتاریا لە یۆنانی كۆنەوە بە واتای چینی ئەو تاكانەی كە خاوەنی سامان و دسەڵات نین یا كۆیلەی كەسانی دیكەن، كە لەم بارەدا ھەموومان بە كرێكار و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار و خانەشین و بێكار و جوتیار و ھەرجی ژێردەست ھەیە، دەگرێتەوە؛ واتە ھەموو ئەوانەی كە مافی بڕیاردانیان لەسەر ژیانی خۆیان و كاروباری كۆمەڵگە نییە. من پڕۆلیتاریا بەم واتایەی دووەم بەكاردەبەم ..
ھاوڕێ فوئاد، لەوەتەی دەوڵەت سەریھەڵداوە، ھەندێك كاری ئەنجامداوە؛ لەوانە وردوخاشكردنی ویست (ئیرادەی تاك) و متمانە بەخۆی، لەنێوبردنی پەیوەندی و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە دامودەزگە ڕامیارییەكان، ڕۆبۆتكردنی تاك و كوشتنی ھەموو گیانێكی ھەرەوەزیی و ھاڕێكاریی و متمانەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێكخستنی ئابووری كۆمەڵگە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت و لە باشترین باردا خاوەندارێتی دەوڵەتی، لەنێوبردنی مۆڕاڵ و ڕێسای كۆمەڵایەتی و یاسای سروشتی، جێگرتنەوەیان بە مۆڕالی ڕامیاریی و یاسای دەستكرد، ھەروەھا كەڵەگایی بەسەر كۆمەڵگەوە و بڕیاردانی جەنگ و سازش و كوشتوبڕین و جینۆساید و داگیركردن و تاڵانكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بەنێوی كۆمەڵگە و نەتەوە و چینەوە .. . ئایا دەتوانرێت و دەكرێت و بۆی ھەیە وەھا ئامرازێك ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و پارێزەری دادپەروەریی؟ ھەروەھا ئەگەر لە سەردەمی دەربڕینەكانی (گۆدوین شتاینەر و و پرۆدۆن و باكونین)دا ھاوڕێ ماركسیستەكان، لەبەر نەبوونی ئەزموونی دەوڵەت لەلایەن پارتە كۆمونیستەكانەوە و بەنێوی پرۆلیتاریاوە، توانیبێتیان ئەوان [ئەناركیستەكان] بە خەیاڵپڵاو تۆمەتباربكەن، ئایا پاش ئەو ھەموو كۆیلەكردنەی پرۆلیتێرەكان لەلایەن دەوڵەتی پارتە كۆمونیستەكانەوە لە (ڕوسیا)وە بۆ چاینا و كوبا و ڤێتنام و كۆریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیا و ئەڵمانیا و ھەنگاریا و بولگاریا و … تد، ئەوە نالۆجیكی نییە و پاش ئەو ھەموو ئەزموون و سەلماندنە مێژووییانەی دروستی بۆچوونی ئەناركیستەكانی پێش و پاش ئینتەرناسیونالی كرێكاری (یەكەم)، ڕاستی بۆچوونی ئەناركییەكان ناسەلمێنێت ؟
بابەتێكی دیكە خەدری مێژووییە لەو سۆشیالیستە كەتوارییانەی كە بەداخەوە ئەناركیستەكانیش وەك ماركسیستەكان بە یوتۆپی (خەیاڵپڵاو)یان ناودەبەن، كە بە بڕوای من لە ھەموو سۆشیالستەكانی پێش و پاشی خۆیان كەتواربینتر بوون و بەكردەوەش سەلماندیان پرسی سۆشیالیزەكردنی كۆمەڵگە، پرسێكی ڕامیاریی نییە و تەنیا بە ھەنگاوی كردەیی دەكرێت، سۆشیالیزم ببێتە سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵگە .. .
ھاوڕ فوئاد، بەداخەوە لە دوا وەڵامتدا بۆ ھاوڕێ زاھیر، بەجۆرێك دەرگەت لەسەر لێدوانەكە داخستووە. لە كاتێكدا كە ھیچ یەك لە ئێمە ناتوانین بڵێین، من ئەوەم بۆ داھاتوو یا لە داھاتووشدا ئاوا دەبم، دەكرێت بڵیین من لەم ساتەدا ئاوا بیردەكەمەوە، چونكە بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە خولەكێكی دیكە ئاوا بیردەكەمەوە، ڕەتكردنەوەی بنەماكانی بەردەوامی گۆڕانی مرۆڤە وەك ماددە .. .
زاهیر باهیر:
کاک فوئاد تکایە بمبەخشە گەر کۆمێنتەکەم ، لای تۆ وای گەیاندبێت کە تۆ لەسەر ئەنارکیسزم هیچت نەخوێندۆتەوە یا هیچ نازانیت. من دڵنیام کە تۆ دە ئەوەندەی منت لەسەریان خوێندۆتەوە. لێتی ناشارمەوە تاکو ئەم دەقەیە من کتێبێکی یەکێک لە ئەنارکستە بیردۆزە کۆنەکانم نەخوێندۆتەوە، من تەنها لێرەو لەوێ چەند وتارێکم خوێندۆتەوە. من کە ئیدیعای ئازادیخوازی و ئەنارکستێت دەکەم لە خوێندنەوەی شتەکانی ئەنارکستەکانەوە نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەوەیەکی سەردەمێکی زۆرەوە کە پێموایە چەند ساڵێکی خایاند ، هەروەهاش تەماشای ئەزموونەکانی هەموو پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و نموونەی دەوڵەتەکانی بەلشەفی، تێکەڵاوبوونم بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرەو نقابەکەیان، وایلێکردم کە من بە سەرجەمی بیروڕای خٶم و هاوڕێیانی دووروو نزیك و تەواوی ئەزموونەکانماندا بچمەوە بگەمە ئەم قەناعەتەی ئێستام ، ئەمە جگە لەوەی کە من فکری ئەنارکست بە ڕۆح و گیانی سروشتی خودی مرۆڤ دەزانم کە گیانی یاخیبوونی تێدایە، حەزی بەوە نییە کە نەسیحەت و ئیرشادات بکرێت، حەزی بە ئازادییەو دژی کۆنترۆڵکردنە، حەزی بەوەیە کەکەس بڕیاری بۆ نەدات خۆی خاوەنی بڕیارەکانی بێت. هەر هەموومان کە گەنج بووین ئەمانەمان تیادا بووەو خاڵی هاوبەشیمان بوون لەگەڵ یەکتریدا. گەر من بچمە جەدەلی دەوڵەت و پارت و سیاسەتەوە باوەڕناکەم پەنا بۆ تەنها بڕگەیەکی یەکێک لەو ئەنارکستە ناودارانە، بەرم ، مەگەر تەنها لە ٢ بوواردا کە یهکهمیان ئاماژە بە ئامارهکانهو ئەوی تریان هێنانەوەی ئەزموونهکانی سەردەمی ئەوانن. من باوەڕم وایە نابێت هەوڵبدەین تیورەکان بسەپێنین بەسەر کۆمەڵگەو چینەکاندا ، بە یەک وشە واقیعدا، بەڵکو دەبێت تیورەکان و بیرۆکەکان لە واقیعەوە هەڵهێنجین . هەروەکو خۆتیش دەزانیت باشترین بەڵگەنامە گەڕانەوە بۆ واقیعە ، لەبری گەڕانەوە بۆ بڕگەی ناو کتێبەکان ئیدی ڕابوردوو یا ئێستا، گرنگ نییە.
لە کۆتاییدا وەکو ئەو هاوڕێیەش پێشتر وتی ، تۆ دەرگات لەسەر مشتومڕەکان داخست، کە ئەمە بێئومێدی لای من دروستکرد چونکە من هەمیشە ڕام وایە کە تۆ یەکێکی لە هەرە ڕۆشنبیرەکان و بە ئەقڵ و سەلیقەی زۆرو قوڵەوە دەچیتە ناو کێشەکان ، پرسەکانەوەو لێکدانەوهکانت شایانی خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنن. با ئەوەش بڵێم ، من خۆم هێشتا بەدوای حەقیقەتدا دەگيڕیم بۆیە تامەزرۆی مشتومڕو ڕاگۆڕینەوەم لەگەڵ هەمووتاندا. هەڵبەتە تۆش ئازادیت لە بڕیارەکانتا. خۆشی و تەندروستی باشت بۆ دەخوازم.
فواد قەرەداخی :
سوپاس هاوڕێیان بۆ وەڵامەکانتان ، وەڵامەکان دیسان لەسەر دەوڵەت تەرکیزیان کردووە ، کە هاوڕاتانم لەسەر ماهییەتی دەوڵەت بەڵام + ناسنامە چینایەتییەکەی . ئێوە باس لەدەوڵەت بە گشتی دەکەن ، من پێموایە دەوڵەت ناسنامەی چینایەتی هەیە و سەرکوت بەشێکی کارێتی ، بەڵام کێ سەرکوت دەکات ؟ ئەوە مەسەلەکەیە ، لەلایەکی ترەوە من دەبینم کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکیان هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتی چینایەتیدا ، دیارە ئەو تەجروبەیە فەشەلیکرد بەڵام دەستکەوتیشی لە سەرەتادا هەبووە و دەکرێت بۆ دواڕۆژ سوود لەو تەجروبەیە وەربگیرێت بۆ دەورەیەکیتری تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری ، ئەو سیستمەی بە تێکۆشانی منظم ، بە خۆڕێکستن ، بە حزبی تکۆشەرو جەماوەیی پۆڵایین دەڕووخێت ، من تا ئێستا نازانم بەبێ دەسەڵاتی سیاسی چینی پێشڕەوی کۆمەڵگا چۆن دەتوانین مەرجەکانی کۆمەڵگای ( بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت ) بەدیبهێنن ئانارکیستەکان بەرنامەیەکی رۆشنیان بۆ ئەوە نییە ، ئەوان دەسەڵاتخواز نین ، واتە دەسەڵاتیان ناوێت ، بۆیە بە عەمەلی ئەبێت دەسەڵاتی سیستمی سەرمایە دەستکارینەکەن ،ئەم جیهانە بەرینە چۆن دەگاتە کۆمۆنیزم کە تۆ بەرنامەی رووخاندنی سەرمایەو چۆنیەتی رێکخستنەوەی کۆمەڵگای گواستنەوەت پێ نەبێت . من دەرگاشم لەسەر ئەم مەسەلەیە دانەخستووە ، بە پێچەوانەوە دەرگایەکم کردەوە کە ئێوە بتوانن لێی بچنە ژوورەوەو بەرنامەی تەفصیلی و عەمەلی ئانارکیستی بخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و میکانیزمی نەهێشتنی دەوڵەتیان پێ بڵێن لە سەرانسەری جیهاندا ، من بەرنامەی ئانارکیستەکان بە بەرنامەیەکی خەیاڵیی دەزانم کە ئەگەری بەدیهێنانی نییە ، بۆیە وەک هەر کەسێکیتر چاوەڕوانی نووسینەکانتان دەکەم و هەر کاتێک قەناعەتمکرد دڵنیابن بێ سێو دوکردن پێیەوە پەیوەست دەبم .
ھەژێن :
سڵاو ھاوڕێ فوئاد، پرسەكە لەسەر قەناعەتكردن بەیەكتر نییە، نەخێر من بۆخۆم و لە ھاوڕێ (زاھیر)یش دڵنیام كە نیازی شتێكی ئاوای نییە، بەڵكو ھەوڵدانە بۆ مشتومڕكردن و بۆچوونگۆڕینەوە و دەرگەئاوەڵاكردن بەڕووی كۆمەڵێك پرسدا، كە بەداخەوە بەستەڵەكیان بەستووە. ھەروەھا وەك ھاوڕێ زاھیر دەڵێت “پرسەكە لەسەر دروستی و نادروستی ئەم و ئەو نییە” بەڵكو لەسەر دەربڕینی بۆچوونی كەسیی خۆمان و بەشكردنیەتی لەتەك ھاوەڵەكانی فەیسبووكدا .. . با ئاوای دابنێین، كە لە مێژوودا ئەناركیستەكان بوونیان نییە، ئەی دەبوو من و تۆ و ئەوانی دیكە لەبەردەم شكستخواردنی بەكردەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەردەستی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان چیمان بكردایە؟ ئایا ئەركی من و تۆ و ئەوانی دیكە نییە، كە لەو شكستانە وردبینەوە و لە دەرەوەی بۆچوونە باوەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەرێین؟
بە بۆچوونی من ئەو لێدانەی كە بۆلشەڤیزم لە ١٩٠٥ە تا ١٩٨٩ لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كرێكاری داوە، ھەموو دەوڵەتەكانی بۆرجوازی لەوەتەی سەرمایەداری ھەیە، تا ئەمڕۆش نەیداوە … . چونكە بۆلشەڤیكەكان بە ڕابەرایەتی لێنین [نەك تەنیا ستالین و دواتران] دەسكە دارینەكەی تەورەكە بوون لە بڕینەوەی دارستانەكانی شۆرشدا تا ئێستاش ھەر دەسكەتەورن … .
ئەوەی كە تۆ بەبێ دەوڵەت، ناتوانیت وێنای كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەیت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم وەك زۆربەی ھاوڕێ ماركسیستەكان شۆڕش بە ڕووداوێكی كتوپڕ و دیاڕێكراوی ماوەیی دەزانیت، بۆیە لەوەھا بارێكدا تاكی پەردەوەری سیستەم و كولتووری بۆرجوازی [مشەخۆری] لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی سۆشیالیسیدا وەك جانەوەری چاوچنۆك دێتەبەرچاو و ناچار بۆ ڕاگرتن و سۆشیالیزەكردنی پێویستت بە دەوڵەت و دامودەزگە سەركوتگەرەكانی دەبێت. بەڵام ئەگەر شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی لە بەرەبەیانی مرۆڤایەتییەوە تا دواساتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانیت، ئەوا ئەو شتانەی بە شۆرش ناویاندەركردووە، دەبنە ڕاپەڕین و بەرھەڵستاری لە ڕوەتی شۆڕشدا و زۆر ئاسایی ھەر لە ھەناوی ئەم سیستەمەدا، ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكانی پڕلیتاریا، لە خوارەوەرا وەك فێرگەیەكی سۆشیالیستی، تاكەكان بە كولتووری سۆشیالیستی پەروەردەدەكەن و لەنێو خۆیاندا [لە ماڵە ھاوبەش و ھەروەزییەكانیاندا، لە كارگە و فرۆشگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكاندا] بەپێی توانا سۆشیالیزم ئەزمووندەكەن و وەك ھاوڕێ زاھیر دەلێت ” لەوێوە تیئۆرییە شۆڕشگێرییەكانیان سەرھەڵدەدەن…”.
تكایە ئەم دوا ڕستەمە وەك خۆی لێ وەربگرە؛ سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان خەڕێكن لەم سیستەمەدا ڕۆژانە خشت بە خشتی ئەم سیستەمە دەدەنە بەر ڕەخنە و بە كردەوە لە ھەرەوەزیی ژیاندا ھەڵیدەگێرنەوە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی پارتە كۆمونیستە زۆر و زەبەندەكانەوە، كە لە ئەوروپا خاوەنی پیتزەری و ڕیستورانت و قاوەخانە و فرۆشگەن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان و كرێكارانی كۆچەر بە كرێیەكی زۆر كەم بەكرێدەگرن و دەیانخەنە خزمەت سیستەمی كاری كرێگرتەوە و لەسەر ڕەنجی ئەوان، سەرمایەی دراوی پێكەوەدەنێن و لەولاشەوە لەسەر چالاكی و خەباتی لێبڕاوانەی ئەندامانی پارتەكانیان، ناووناوبانگ دەردەكەن و وێنەی خۆیان لەبەردەم وێنەكانی ماركس و ئینگلس و لێنین و ترۆتسكی و ستالین و مائۆتسی تۆنگ و جیڤارا و پەخشان و تەخشان دەكەن .. .
ھاوڕێم، ئەناركیستەكان كەتوار لە قاڵبی تیئۆری نادەن، بەڵكو تیئۆرییەكان لە ئەزموونكردنی خەباتدا لە كەتواری ئەم ساتەدا بەدەستدەھێنن، ھەروەھا ئەناركیستەكان بەرنامەی ڕامیاری داناڕێژن، چونكە، یەكەم، ڕامیاریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامراز و چەكی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتین و دووەم، ئەناركیزم بە واتای سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە بەخۆی بەرنامەی ژیانە و كاتێكیش كە ژیان لە قاڵب بدرێت، ئیدی تەنیا تابووتێك لە چەشنی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی و ماوی و كاسترۆییمان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئێمە ئەو شكستانەی كە لەسەر دەستی سۆشیالیستە دەوڵەتخوازەكان بەسەرماندا ھاتوون، بەھەند وەرنەگرین و دووبارە لە ھەوڵی چێكردنەوەی دەوڵەتێكدا بین لە جێی دەوڵەتێكی دیكە، ئەوا وەك ھەر دەستەیەكی دیكەی مەزھەبی لە جیھانی خەیاڵدا خەڕێكی چێكردنی بەھەشتێك دەبین، كە لە جیھانی كەتوارتیدا بێجگە لە پیرۆزكردنی دۆگمەكان، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە!
دەكرێت لە زنجیرە وتارێكی دوورودرێژدا بچینە پای شێوازی خەباتی ئەناركی و شێوە و بنەمای كۆمەڵگەی ئەناركی و چۆنیەتی پێكھاتنی كۆمەلگە ئەناركییەكان، بەڵام بەداخەوە ڕوونكردنەوەی كۆمەڵگەی ئەناركی كە ڕەتكردنەوەی سەراپای كۆمەڵگەی چینایەتی چەند ھەزار ساڵەیە، لە وەلامی كۆمێنتێكی فەیسبووكدا ئاسان نییە، ھەر بۆیە لەمەڕ ھەڵەی داڕشتن و ڕێنووسی نێو سەرنجەكانیم، داوای لێبوردن دەكەم، چونكە بواری نووسین لە فەیسبووكدا ھەر ئەوەندەیە .
درێژەی ھەیە ….
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، تكایە كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:
سڵاو ھاوڕێیان، ئەمەی دەیخوێننەوە، سەرنج و وەڵامی ئێمە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ە بە سەرنج و ڕەخنەی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)ە لە بارەی مشتومرێكەوە، كە لە ڕووپەڕی ئەو گروپەدا لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە ….
ھیوادارین خوێنەرانی ھێژا، سەرنج و ڕەخنەی خۆیان لەمەڕ وەڵامەكەی ئێمە لە بەشی كۆمێنتی خوارەوەی ئەم بابەتەدا بنووسن و بەرچاوی ئێمە ڕۆشنبكەنەوە .. بەشداریتان، مایەی دڵخۆشی و نیشانەی بەدەربەستبوونتانە لەمەڕ پرسەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو [ئەناركی / سۆشیالیستی]
سڵاو ھاوڕێیان، …..
بەشداریكردنی دەنگە جیاوازەكان، ھیوابەخشە و بەھیوای بەردەوامبوونی …
بەڕێزان (لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)، بەشداریتان مایەی دڵخۆشییە، خۆزگە ھاورێ (شوان سدیق)، كە وەك ھاوبۆچوونییەك ئەم وتەیەی (لێنین)ی لە ڕووپەڕەكەی ئێوەوە، لەتەك ھاوەڵەكانی بەشكردبوو، بەخۆشی بەشداری مشتومڕەكەی بكردایە.
بەڕێزان، سەرنجەكەی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF) لەسەر ئەو وتەیەی لێنین بوو، ھەڵبەتە ھەر كەس و گروپێكیش كە ھاوبۆچوونی ئەو بۆچوونەی لێنین بێت، بەدڵنیاییەوە سەرنجەكەی (KAF) ئەویش دەگرێتەوە. ھەروەھا نووسەری سەنجەكەش سەرپەرشتیگەری ڕووپەڕی (ئەناركیستان)ە و ئەو سەرنج و بانگەواز و وەلامانەی كە بەناوی (KAF) بڵاودەبنەوە، تەنیا دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو سەرخەتانەدا بن، كە ھەموو ھاورییانی سەكۆ لەسەریان كۆكن، دەسەلاتی سەروو خەڵكی ئیدی حكومەتی بۆرجوازی بێت یا كرێكاری یا مرۆڤایەتی، یەكێكە لەو ئیدانەی كە (KAF) ڕەتیدەكاتەوە و یەكێكە لەو سەرخەتانەی كە ھەموو ھاوڕێیان لەسەری كۆكن.
بەڵام كاتێك من یا ھەر ھاوڕێیەكی دی بەناوی سەكۆوە بكەێتە وەلامدانەوەی مشتومڕە فرەلایەن و ناكۆتاكان، ئەوا كارێكی ئاوا بۆ ھەموومان دروستدەكات، كە ناچاربین لەسەر ھەموو پەرەگرافێك ڕەزامەندی ھەمووان بەدەستبھێنین و بەو جۆرە نە فریای وەڵامدانەوەكان دەكەوین و نە فریای ژیانی ڕۆژانە و دەبێت ھەموو چركەیەك لە كۆبوونەوەدا بین، ئەمەش ھەم ئەستەمە و ھەم لەبەرئەوەی كە ئێمە بەناو زۆرێك لە ولاتەكاندا پرش و بڵاوین..
ھەر لەبەرئەوە، لێرەدا بە كورتی وەلامی سەرنجەكەتان كە ڕوویان لە سەكۆیە، دەدەمەوە، بەلام وەك تاك لەوانەیە زۆرێكمان بەشداری بكەین و لە ئێوە زیاتر ئارەزوومەندی مشتومڕی دۆستانە بە ئامانجی بەھێزكردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی/ ئەناركی لەو گۆشەیەی دونیا [خۆرھەڵاتی ناوین] ھەین.
لەوانەیە بۆ ئێوە ئاسایی و مەیسەربێت، كە كەسێك بەناوی گشتەوە قسە بكات، چونكە ئێوە باوەڕتان بە نێوەندگەرایی بڕیاردان ھەیە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی بنەماكانی ئێمەیە، كە باوەڕمان بە بڕیاردانی بەكۆمەڵ و ھاوئاست ھەیە. بۆیە لە درێژەی مشتومڕەكەدا وەك تاك بەشداردەبین نەك وەك (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF).
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی وەڵام و پرسیارەكانی ئێوە، بەپێویستی دەزانم، كە دەستخۆشی لە گشت بەشداربووان بكەم و پێیانبڵێم، كە بەردەوامیدان بەم مشتومڕانە خزمەتێكی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و دادپەروەرییخوازی كوردستان و ناوچەكەش دەكات، ئێوە وەك كەسانی بەدەربەست و دڵسۆزی ئەو بزووتنەوەیە، مایەی دڵخۆشی ئێمەن ..
لەبەرئەوەی كە بەگشتی لەتەك بۆچوونی ھاوڕێیان (باكۆ جەلال و سیروان فاتیح و كەیفی ئەمین و زاھیر باھیر)دا ھاوبۆچوونین و سەرنجەكانیان بە دروست و لۆجیكپەسەند دەزانین، لێرەدا تەنیا لە وەڵامەكەی ئێوە دەدەینەوە، كە لەتەك تێڕوانینی ئێمەدا جیاوازە و بۆ ئێوەش ھەر ئاوایە…
“لەسەر بەرنامەیەک دەڕۆن کە پێشتر پەیڕەو کراوە و سەری نەگرتووە، و ئێمە سیستەمێکی زۆردار دادەمەزرێنین،”
بەڕێزان، وابزانم لە سەرنجەكەی ئێمەدا ناوی ھیج كەس و گروپێك نەھاتووە، بەڵام ئەگەر ئێوە پشتیوانی لەو بۆچوونەی لێنین دەكەن، ئەوا ناچار دەبن ھەمان ڕێچكە بگرنەوەبەر، كە لە ڕوسیا گیرایەبەر …
بەڕێزان، شۆرش خۆی لە خۆیدا ڕێكخستنی سروشتی و كۆمەڵایەتییانەی دەنگە نارازییەكانە، بەڵام نە شۆڕش بەو واتایە دێت، كە ئێوە مەبەستتانە و نە پارت ئامرازی ڕێكخستنی شۆرشی كۆمەڵایەتییە و نە حكومەت دەرەنجامییەتی، باشترین نموونەش ڕوسیایە، كە لە تێكشكاندنی كۆمیتەی كارخانەكان و سۆڤیەتەكانی كڕیكاران و جوتیاران و سەربازان و دەریاوانان لەلایەن بۆلشەڤیكەكانەوە، حكومەتی بۆلشەڤیكی دروست بوو و خۆی سەپاند.
ئێمە باوەڕیی بێچەندوچوونمان بە رێكخستن و پێداویستی ڕێكخستن ھەیە، بەڵام نە ڕێكخستنی ڕامیاریی و نە رێكخستنی قوچكەیی [ھرمی / ھیرارشی]، بەڵكو ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی. ھەروا شۆرش دروستناكرێت، شۆرش سروشتی گۆرانی كۆمەڵە و ھۆشیاربوونەوەی جەماوەری ژێردەست بە پێداویستی شۆڕش و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، بەرەو (سۆشیالیزم / ئەنارشی) ئاراستەی دەكات، نەك پارت و رابەڕ و فیلۆسۆفان ….
باشە مەگەر وەرگرتنەوەی چەك لە خەڵك، بە بڕیارێك نابێت، ئەدی ئەو بڕیارە چییە، یا یاسای پارتە یا یاسای حكومەت. ئەگەر لەمە بگوزەرێین نازانم بۆ خەیاڵتان بۆ چەكردنی خەڵك چووە، مەگەر ئێوە بەتەمانین “خۆتان واتەنی شۆڕش بكەن” و دوای بیدەنەوە دەستیی “خاوەنە بنچینەییەكانی” ؟ باشە جیاوازی لێسەندنەوە/ وەرگرتنەوە/ لێوەرگرنەوە/ پێدانان لەتەك ئەوەی بەیاسایەك فەرمانیان بەسەردا بدەیت چییە؟
باشە بەڕێزان، ئێوە لە خاڵی یەكەمدا باس لە ” دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستی ” دەكەن و كەچی یەكسەر پاش ئەوە، قسە لە “باج دانان لەسەر سەرمایەداران ” دەكەن! باشە كۆمەڵگەیەكی سۆشیالیستی كە سەرمایەداری تێدامابێت و بەكاربێت و باجی لێبسێندرێت، چ جیاوازییەكی لەتەك سۆشیالیزمەكەی سۆشیالدێمۆكراتەكان ھەیە ؟ ئایا لە بارێكی ئاوادا كە سەرمایەداران ھەبن و زەكاتیان لێبسێندرێت، سیستەمی سویندی یا ئاڵمانی باشتر نییە، كە پێویست بە خۆماندووكردن و خەڵك بەكوشتدان و ئەندامبوون لە پارتەكەی ئێوەشدا ناكات؟
ئەم تێڕوانینەی ئێوە دوو شتی بەبیرھێناینەوە؛ یەكەم كە ئۆباما لە كاتی ھەڵبژاردندا پاگەندەی بیمەی دەرمانی بۆ خەڵك كرد، لە ئەمەریكا بە كۆمونیست تاوانباركرا! دووەمیان لە ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە ھاتبوو بۆ سوید، نامەی بۆ ھاوڕێكانی نووسیبووەوە، “ھاوڕێیان ئەو سۆشیالیزمەی ئێمە باسی دەكەین، لێرە بەخۆی ھەیە ! ” …
“١-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە :”
پاشان مەبەستتان لە “بەگشتی کردنەوەی موڵکە تایبەتیەکان” چییە؟ ھەر دەولەتیكردن نییە، كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و (ڤاتیكان)ەوە بیگرە تا سوید و یوھانسبێرگی ئەفەریكا و جاكاتا و سیدنی و ئەمەریكا و كەنەدا ، نموونەی زۆری ھەیە؟
ئایا ئێوە دەزانینن دەوڵەتیكردن ناكاتە سۆشیالیزە (كۆمەڵایەتیی)كردن ؟
ئەی مەبەستتان لە ” ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.” چییە، تكایە كەمێك وردتری بكەنەوە، تاوەكو ئێمەش لێی تێبەگەین !
” ٢-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە:”
چەوسانەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە تەنیا لە ھۆشی ناسیونالیستەكاندا بوونی ھەیە، لە ھیچ سەردەمێكدا سۆشیالیستێك (چ بلانكیستەكان، چ ماركسیستەكان، چ ئەناركیستەكان، چ سۆشیالدێمۆكراتی ئەوروپی و چ بۆلشەڤیكی، چ نادرۆنیكیستەكان و چ سۆشیالیستە شۆرشگێڕەكان چ مەنشەڤیكەكان، چ ترۆتسكیستەكان و چ مائیۆئیستەكان و چ كاسترۆئیسەكان و چ چێ گواراییەكان و چ خۆجەییەكان و گروپە سۆشیالیستەكانی پێش و پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ی كوردستانیش) كەس ئەم بۆچوونەوەی نەبووە، نازانم ئێوە لە كوێ ھێناوتانە و بەتەمان بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە بە خەڵكی پێشكەش بكەن ؟
نەتەوە تەنیا لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەچەوسێتەوە، ھەروا كە ژێردەستانی نەتەوەكەی خۆیان و ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەست، وەك یەك لەڕووی چینایەتییەوە دەچەوسێنێتەوە، ھۆی چەوسانەوەی نەتەوەكان، بنەمای ئابووری و ڕامیاریی ھەیە !
ئەگەر لەمەش بگوزەێین، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی چ جیاوازییەكی لە چەوسانەوەی نەتەوەیی ھەیە؟ بەپێچەوانەوە ئێمە ئەناركیستەكان و زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیستی ماركسیست، نەھێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەكان [نەك قەدەخەكردن]ی چەوسانەوە، تەنیا لە ڕزگاری نەتەوەكاندا دەبینینەوە، بە تێكشكاندی داگیركەر و ڕاپەڕین و خەبات لەلایەن ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەستەوە دەبینین… سۆشیالیزمیش سڕینەوەی كولتوور و شوناسی نەتەوەكان نییە، بەڵكو لەنێوبردنی زەمینەكانی ناسیونالیزمە وەك ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی بۆرجوازی.
بەڕێزان نەھێشتن و ھەڵوەشاندنەوە، زۆر لە قەدەخەكردن جیاوازە، چونكە ئەوە تاكی عەرەب نەبوو، كە ئێمەی وەك تاكێكی كورد دەچەوساندەوە، بەڵكو ئەوە دەوڵەتی بۆرجوازی عەرەب لە عیراقدا بوو، بۆیە ئاوەز پەسەندی ناكات، دەسەڵات شت لە خۆی قەدەخە بكات، دەولەت تەنیا چەكوشی بۆرجوازییە بەسەر خەڵكەوە، ئیدی ڕێكخستنی ئابووریی ئەو دەولەتە كەرتی گشتی (دەوڵەتی) و بازاری قۆرخكراوبێت یا كەرتی تایبەتی و بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم بێت !
ڕاستییەكەی دەبێت لەم خاڵەدا ددان بەوەدا بنێین، كە ئێوە لە بۆلشەڤیكەكان جیاوازن، چونكە ئەوان چەوسانەوەی نەتەوەیان لەلایەن نەتەوەوە نەدەبینی، بەڵكو لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەبینی!
بەڕێزان، بەپێچەوانەی بینینی خۆتانەوە، لەم دەستەواژە ناڕۊشنەدا ” دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن لەو ناوچەیەی کە لە داهاتوو دا ئەو ” لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و ڕامیاریی و كولتوورییەكانیییەوە”ەی تێدا جێبەجێ بکرێت،” شتێكی جیاواز لەوەی ڕەخنەگرانی دیكتاتۆری دەیڵێن، نەوتووە، ئێمەش ھەر لەوێوە دژایەتی دەكەین، كە دەوڵەتە و دەوڵەتیش ئامرازی دەستی چینێكی سەروەر، ئیدی سەروەران چینێكی كۆمەڵایەتی وەك بۆرجوازی بن یا كۆمونیستە دەسەڵاتخوازەكان! ئەوا ھیچ لە پرسی دیكتاتۆریی ناگۆرێت و بە كردەوەش دیتمان، كە ھیچ جیاوازییەك لەنێوان دیكتاتۆری بۆلشەڤیكەكان و نازییەكان و فاشییەكان و بەعسییەكاندا نەبوو و نەبووە ونییە و ناشبێت !
باشە كاتێك كە شۆرشی پڕۆلیتاریا بێت لە لەنێوبردنی چەوسێنەرەكەی، كە دەكاتە لەنێوبردنی خۆی، ئیدی چۆن دەمێنێت و دەبێتە سەروەر و دیكتاتۆر؟ ھەڵبەتە لە مۆدێلە سۆشیالیستییە ئاخرزەمانییەكەی ئێوەدا، كە تێدا ھێشتا سەرمایەداران خاوەنی كارخانەكانن و باج دەدەن، دەكرێت پرۆلیتاریاش لە كارخانەكاندا خەریكی خەباتكردن بێت بۆ باشتركردنی ژیانی وەك لە تەواوی دەوڵەتەكانی دیكەدا، خەریكن و ناچارە، لەسەر ئەم بنەمایە دیكتاتۆریی پارتەكەی ئێوە بەناوی پرۆلیتاریاوە، مرۆڤ دەتوایت وێنای بكات !
” پارت دەتوانێن ببێتە لێژنەی ڕێبەری کردنی ئەو حکومەتەی کە لەلایەن گەلەوە بڕیارەکانی دەردەچن و پارت دەتوانێت پارێزگاری لەو ئامانجانە بکات کە بریتین لە “ئازای و یەکسانی”
باشە گەل یا چینێك كە توانانی شۆرسكردنی ھەبێت و توانای لەنێوبردنی سیستەمێكی ھەزاران ساڵەی چینایەتی ھەبێت و مافی ىڕیاردانیشی ھەبێت، ئیدیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت ئەو لێژنانە پێكبھێنێت، كە بۆ جێبەجێكردن پێویستن؟ ئیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت پاریزگاریی لە ئامانجەكانی بكات؟ ئایا مرۆڤ ھەیە ئامانجی ھەبێت و نەتوانێت پاریزگاری لە ئامانجەكەی بكات ؟ كەسی ئامانجدار، كەسی ھوشیارە و كەسی ھوشیاریش پێویستی بە شوانەیی كەس نییە!
ببوورن، لەمە زیاتر من ناتوانم بچمە وردەكارییەوە، چونكە نازانم بۆچوون و تیروانینی ھاوڕێیانم لە درێژەیدا چی دەبێت، بۆیە لێرەدا كۆتایی بە وەلام بەناوی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ەوە دەھێنم و ئەگەر پێویستی كرد، ئەوا لە درێژەی مشتومڕەكەدا ھەر كەسەمان بەناوی خۆمانەوە بەوپەڕی دڵخۆشییەوە بەشداری دەكەین.
دووبارە سڵاو و خۆشەویستیمان بۆ ھەموو كەسێك كە ھیوای دواڕۆژی بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر [سۆشیالیستی / ئەناركی]ەوە گرێداوە، ھیوادارین وەڵامەكانمان ھەستی كەسیی ھیچ كەسێكیان بریندار نەكردىیت و ھەروا ھەر كەس لەلای خۆیەوە ھاوڕێ و ھاوەڵانی خۆی بۆ بەشداری لەم مشتومڕەدا بانگەواز بكات.
تێبینی و تكایەكی دۆستانە : پێشتر ھاوڕێیانمان لە كۆمەلێك مشتومڕی ھاوڕێیانی ئێوەدا بەشدارییانكردووە، بەڵام بەداخەوە لەبری بەردەوامیدان بە مشتومرەكان، ھاوڕێیانی ئێوە بابەتەكانیان سڕیونەتەوە، تاوەكو كۆتایی بە مشتومڕەكە بھێنن. لێرەدا مەبەستم لە ئەكاونتێك بەناوی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان) نییە!
بەرەو كۆمەڵگەی بێچین و چەوسانەوە
خوێنەرانی ھێژا بۆ خوێنندەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكەن :
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی یەکەم
فواد قەرەداخی :
دەوڵەتی کام چین ؟ دەوڵەت هەیە ناسنامەی چینایەتی نەبێت ؟پاشان مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەبستراکت ! ، مرۆڤی سەر بە چ چینێک ؟ ئایا دەوڵەت و مرۆڤی سەروو چینەکان یان موازی بە چینەکان هەیە؟ ، ئەوە باکۆنین هەڕەمەکی دەدوێت ؟ دەوڵەت لەژێر سایەی هەموو سیستمەکاندا ئامرازی سەرکوتی چینایەتییە بەدەوڵەتی سۆشیالیستیشەوە ، بەڵام چٶن نامێنێت ، میکانیزمی نەمانی چییە ؟ باکۆنین رێگای ئەوەی دیاری نەکردووە ، ئەویش وەکو سۆسیالیستە یۆتۆپییەکان تەنها خەون دەبینێت بە نەمانی دەوڵەتەوە ، هەر بۆیە لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە لەبەردەم مارکس فەشەلی هێناو تا ئێستاش کە سەدەونیوێک دەکات هەڵنەساوەتەوە .
زاهیر باهیر :
دەستخۆش کاک فوئاد بۆ کۆمێنتەکەت. من لێرەدا تەنها ٣ خاڵ دەخەمە پێشچاو. ١- ئەو کۆمێنتەی تۆ هەوێنی نووسینی چەندەها وتارەو کە ئەمەش لە فەیسبووکدا ناکرێێت. ئازادیخوازان ، ئەنارکستەکان دەیەها کتێبیان لەو بارەیەوە نوسیوەو ، هێشتا هەر بەردەوامن. کۆمەڵێک وتاری باش لەسەر نازەروورێتی دەوڵەت و بۆچی ئەوان دژایەتی دەوڵەتیان کردوە؟ کە بە دڵنیاییەوە دەڵێم لە دەرگای ئەو پرسیارانەی تۆش دەدات، لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕراوە و تەنها ئەوەی ماوە کە لەگەڵ دەقە ئەڵمانییەکەیدا چێک بکرێت. ڕەنگە لە کۆتایی ماننگی ٣ دا بڵاو بکرێتەوە. هەر کە ئامادە بوو من بە میلێک بۆت ڕەوانە دەکەم بەهیوام تۆ کاتت هەبێت بۆ خوێندنەوەی و دڵنیاشم کە بایی ئەوەی تێدایە کە تۆ سەرنجی خۆتی لەسەر بنوسیت، کە ئەمەش دەبێتە مایەی مستومڕێکی باش. من خۆم ئامادە باشی ئەوەم تێدایە کە بکەومە ناو ئەو ئەو گۆبەنەوە ، هەڵبەتە هاوڕێیانی ترش لە هەردوو ڕوانگەکەوە، ئەوانیش دێنە زمان. ٢- با واز لە مسەلەی تیوری بهێنین بەڵام کەسێک لەم دنیایەدا هەیە نمونەی دەوڵەتێکمان بداتێ لە : دینی، قەومی، لیبراڵ، دیمۆکراسی ، دیکتاتۆری تا مارکسی و سۆشیالیستی کە بەلانیکەمەوە لە چەند ساتێکیاندا فاشی نەبووبێتن؟!!!! بەلای منەوە فاشیەت مەیلی حوکمکردن نییە بەڵکو سروشتی خوودی دەوڵەت و حکومەتە. ٣- مەسەلەکان گۆڕاون ، کیبڕکێکە تەنها لە نێوانی پرۆلیتاریاو سەرمایەداریدا نییە بە تەنها. لە هەقەتدا ئەمڕۆ پڕۆلیتاریا بەشێکی یەکجار کەمی کۆمەڵگەکان پێکدەهێنن. ئەمڕۆ کێشمان کێشەکە لە نێوانی هەرە زۆربەو هەرە کەمایەتییەکەدایە، تەنانەت سروشت و ئاژەڵ و سەرجەمی گیانلەبەرانی سەر زەوی و ئاوی و ئاسمانی لەگەڵ ئێمەن دژی ئەو کەمایەتییەدان، چونکە سیستەمی سەردەم ئەوانی خراپتر ئیبادەکردوە لە پێناوی سوودو سەرمایەدا تاکو بەشەرییەت. منیش لەگەڵتام دەوڵەت نییە ناسنامەی یا ئامرازی چینایەتی نەبێت. واقیعەن هەر ئەمەشە کە دەوڵەت دەبێت دژایەتی بکرێت و وجوودی نەمێنێت، چونکە هەمیشە چین کەمایەتییە بە کۆمەڵگە، کەواتە چینێک کە کەمایەتییە حوکمڕانی زۆربەکەی تری دەکات، کە لەم حاڵەتەشدا گەر لۆجکانە تەماشای بکەین ، ئەو حوکمە ناتوانرێت بکرێت جگە لەبەکارهێنانی زوڵم وزۆرو ئەشکەنجەو تیرۆر. جارێکی تریش سوپاست دەکەم ەوەو دەستخۆشیت لێدەکەم.
فواد قەرەداخی :
کاک زاهیر رەنگە من کاتی ئەوەم نەبێت داخڵی نووسینێکی دورودرێژ ببم دەربارەی ئەنارکیزم ، ئەوەندەش بێ ئاگا نیم لێی ، بەشی خۆم لەسەری خوێندۆتەوە ، من لە مەسەلەی دەوڵەتدا هاوڕاتم بەڵام بەرنامەی ئانارکیستی بۆ نەمانی دەوڵەت خەیاڵییە ، ئینجا من بڕوام بە بوونی حزب هەیە ، بڕوام بە رێکختن سیاسی پرۆلیتاری هەیە نەک نەقابی ، من دەسەڵاتخوازم بەپێی پرنسیپەکانی ئانارکیزم ، بەبێ دەسەڵات وەرگرتن پرۆلیتاریا هیچ نییە ، رزگاری بەشەرییەت بە بزووتنەوەیەکی جیهانی رێکخراوی پرۆلیتاری دەکرێت کە لە قۆناغی یەکەمدا دەوڵەتی سۆسیالیستیی کرێکاران دامەزرێنێت و ، دوائاکام بە کۆمۆنیزمی بگەیەنێت .بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی نووین لەم رووەوە شیکردنەوەی چینایەتییە ، باسی هەر شتێک دەکەین دەبێت بڵێین ( کام چین : پڕۆلیتاریا یان بۆرژوازییەت ) ئیتر ئەوە دەوڵەت بێت ، حزب بێت ..هتد .
درێژەی ھەیە ……
گهڕان بهدوای کۆمهڵگهی داهاتوودا*
دانیێل گرین
و. له عهرهبییهوه: سهلام عارف
(٨) سهندیکالیزمی کرێکاریی **
(باکۆنین) ڕۆڵی سهندیکا کرێکارییهکانی، هێنده مهزن نرخاندووه، که به ( ڕێکخستنی سروشتی جهماوهری) زانیوون، ههروهها به (کاریگهرتریین ئامرازی جهنگ)ی داناون بهدهست کرێکارانهوه دژی بۆرژوازی، ئهو پشتی به کرێکاران بهستووه، نهك به ئایدۆلۆجیابازهكان [تیۆرزانەكان]، تا هۆشمهندی بکهنه دیاری و بیدهن به کرێکاران، به مهبهستی ههڵبهستنی هزری سۆسیالیستی، که لهگهڵ غهریزهکانیاندا بگونجێت و هێزی پرۆلیتاریا ڕێکبخهن له دهرهوه ڕادیکالیزمی بۆرژوازی، لای (باکۆنین) داهاتوو داهاتووییهکی فیدرالی نیشتمانی و جیهانی دهبێت، بهو جۆره که ههموو لاشه پیشهییهکان لهخۆ دهگرێت، له کۆنگرهکانی ئینتهرناسیۆنالیزمی یهکهمدا، به ڕاشکاوی باسی سهندیکالیزمی کرێکاری نهدهکرا، تا ساڵی ١٨٦٩ له کۆنگرهی بال (Bale )دا لهژێر کاریگهری ئازادیخوازهکاندا، ئهو مهسهلهیه هێنرایه گۆڕێ، باس کرایه باسی ئهوه، که دوای لهناوبردنی کاریکرێگرته، سهندیکاکان دهبنه ناوکی خۆبهڕێوهبردن و کۆڕه پیشهییهکانیش جێگهی حکومهت دهگرنهوه، دواتر ساڵی ١٨٧٦ هاوڕایهکی (باکۆنین) به ناوی (جیمس گیوم James Guillaume) له درێژهی نمایشکردنی بیرکردنهوهکانیدا دهربارهی ڕێکخستنی کۆمهڵایهتی، سهندیکالیزم ئامێتەی خۆبهڕێوهبردن دەكات و داوای دروستکردنی فیدرالییه پیشهییهکان له ههموو لقهکانی کارکردندا دهکات، تا لهنێوخۆیاندا یهکبگرن “نەك بهمهبهستی پاراستنی موچه له چڵێسی و چاوبرسێتی خاوهنکاران (…)، بهڵکو بهمهبهستی مسۆگەركردنی ههلومهرجهکانی بهکارهێنانی ئامرازهکانی کارکردن، ئهو ئامرازانه، که کرێکاران به کۆمهك بوونهته خاوهنیان، واته بهو جۆره، که ههمووان بتوانن بهکاریان بهێنن، ئهو بهکارهێنانهش بهپێی ڕێکهوتنێکی گۆڕینهوهی ههموو خاوهندارییه کۆمهکییهکانی گشت فیدریالییه پیشهییهکان، تا دواتر ئهو فیدریالانه دهبنه نهخشهکێشکاران لهو چهشنه، که (باکۆنین) ئاسۆی هێڵه سهرهکی و گشتییهکانی کێشاوه، ئا بهو جۆره ڕوونکرایهوه، که سهندیکاکان دهتوانن ببنه نهخشهکێشکاران و ئامرازی بهیهکهوه بهستنی جومگهکانی هاوبهشییه بهرههمهێنهرهکان لهبواری کاری خۆبهڕێوهبردندا، دوور له ئهقڵییهتی حزبچێتی و پشتگیۆخستنی بهرژهوهندییه گشتییهکان، جگه لهوه سهندیکاکان دهتوانن ببنه ڕێگر له هاوبهشییهکان، تا خۆپهرستانه خۆبهڕێوهبردن مومارهسه نهکهن، ههروهها ئهوهش خرایهڕوو، که ئیتر نابێت سهندیکاکان هێنده پوچ و سوك بن، تهنها ههر پردێك بن له نێوان کرێکاران و خاوهنکاردا .
**********************************
پهڕاوێز
*پهرتوکی- من العقیدة الی الممارسة- دانییل غیرین
**بابهتی ههشههم له بهشی دووهمی کتێبی ناوبراو
*** شارێکی سویسریه لەسەر ڕوباری ڕاین
گهڕان بهدوای کۆمهڵگهی داهاتوودا*
دانیێل گرین
و. له عهرهبییهوه: سهلام عارف
(٧) بههاوبهشییکردن (سۆشیالیزەكردن)ی تهواو**
(پرۆدۆن) دهربارهی ئهو چهشنە بهڕێوهبردنهی، که هاوبهشییهکان پیادهی دهکهن، تێگهیشتنی تایبهتی خۆی ههبووه، بهڵام خراپ لهیهکتر تێگهیشتنێك دهربارهی ئهو تێگهیشتنه (پرۆدۆن)یه، ههبوو، ههندێك ئاوا لێکیانئهدایهوه، که لهو چهشنهیه که له جهزائیر پراکتیزه دهکرێت، واته کهرتی سۆسیالیستی (گشتی) دهتوانێت لهپاڵ دامهزراوه سهرمایهدارهکاندا بژی و له پێشبڕکێشدا بن، ههروهها به پێچهوانهشهوه، تا ئهو کاته، که ههموو بهرههمهێنان هاوبهشیی دهکرێت و دهخرێته ژێر ڕکێڤی خۆبهڕێوهبردنهوه.
(باکۆنین)ی کۆمهکیخواز collectiviste لهگهڵ خودی خۆیدا لۆجیکه، مهترسییهکانی پێکهوهژیانی ئهو دوو کهرته دهبینێت، هاوبهشییه کرێکارییهکان ناتوانن ئهو سهرمایهیه پێکهوهبنێن، تا بتوانن بهرهو ڕووی سهرمایهکانی بۆرژوازی ببنهوه، ئهوه لهلایهك لهلایهکی ترەوه مهترسی “دروستبوونی چینێکی نوێی بۆ چهوساندنهوهی پرۆلیتاریا ” ڕهچاوکردووه، لهژێر کاریگهری دهوروبهره سهرمایهدارییهکهدا، خۆبهڕێوهبردن ههڵگری ههموو تۆوهکانی ڕزگاربوونی جهماوهره، بهڵام ئهو تۆوانه ناتوانن بڕوێن و نهشونما بکهن، تا ههموو سهرمایهکان و دامهزراوه پیشهسازییهکان و کهرهسه سهرهتاییهکان و ئامرازهکانی بهرههمهێنان (…)له بواری پیشهسازی و کشتوکاڵییدا نهبنه خاوهندێتی کۆمهکیی هاوبهشییه بهرههمهێنهرهکان، ههروهها لهگهڵ بوونی ڕێکخراوه کرێکارییه ئازاد و به فیدرالیبووهکان ” به بهکارهێنانی ئامرازه کاریگهرهکانی ناو کۆمهڵگه، گۆڕانێکی ڕیشهیی کۆتایی ڕوودهدات، بهو واتهیهکی دی، تهنها شۆڕشی کۆمهڵایهتی دهتوانێت خاوهندارێتی تاکی (تایبهت)ی بگۆڕێت بۆ خاوهندارییهتی کۆمهکی، له ڕێکخستنێکی ئاواهیدا، کرێکاران به کۆمهکیانە دهتوانن ببنه سهرمایهدارانی خۆیان، خاوەنکاری کارهکانی خۆیان، ئهو شۆڕشه لهوه زیاتر، که بۆ پێویستی کهسیی هیچی دی بهجێناهێڵێت بۆ خاوهندارێتی تاکی، بهکاردههێنرێت “.
لهبهرئهوهی جارێ شۆڕشی کۆمهڵایهتی ڕووینهداوه (باکۆنین) هانی کرێکاران دهدات خۆیان ڕێکبخهن، خۆیان سهروهری کارهکانی خۆیان بن ، ئهو بهوه هۆشمهند بووه، که ئهو وردهکاریانه له کۆمهڵگهی سهرمایهداریدا سنووری کاریگهریان دیاریکراوه، لهبهرئهوه بهو ئاڕاستهیه هانی کرێکاران دهدات كە ” لهبری گرنگیدان به ههرهوهزییهکان، باشتر وایه زیاتر گرنگی به مانگرتنهکان، بدهن “.
*****************
پهڕاوێز
* وەرگێڕدراو لە پهڕتوکی – من العقیدة الی الممارسة.دانییل غیرین-
** socialisation intégrale بابهتی حهوتهمی بهشی دووهمی پهرتوکی ناوبراو-و-ك
گهڕان بهدوای کۆمهڵگهی داهاتوودا *
٦- یهکێتی و نهخشه
دانییل غیرین
و. له عهرهبییهوه: سهلام عارف
(پرۆدۆن) پێشبینی “ناوهندێتی و یهکێتی” کردووه،جهختی لهسهر کردوونهتهوه، ئهو پێشبینی و جهختکردنهوهیهی لهخۆڕا نهبووه، چونکه ئهو بڕوای تهوای بهوه ھەبووه، که ناکرێت هاوبهشییهکان بێسەرەوبەرە و پهرشووبڵاوبن، ههر ئهو بڕوایهش بووه، که پاڵی بهوهوه ناوه ئهو پرسیاره بکات “ئایا گوزهراندنی پیشهسازی مهزن لهلایهن دامهزراوه کرێکارییهکانهوه دهربڕیینه له یهکێتی؟”
“ئێمه ناوهندێتی ئابووری دهخهینه جێگهی ناوهندێتی سیاسی” (پرۆدۆن) خهمی ئهوهی ھەبووه و سڵی لهوه کردۆتهوه، که نهخشهکێشان، نهخشهکێشانی دهسهڵاتگهرایی بێت، لهبهرئهوه ( پێشبڕکێی خۆبهخۆیی به باشتر زانیوه، بهو مهرجه که هاریکاری بزوێنهری بێت) لهو کاته بهدواوه ئازادیخوازیی (ئهنارکیزم) بهرگری له نهخشهکێشانی دیموکراتی و ئازادیخواز و ههڵسهنگاندنی نهخشه لهخوارهوه بۆ سهرهوه دهکات، تا دهگاته دامهزراوه فیدریالییهکان، ئهو بیروبۆچونهش، له کاری خۆبهڕێوهبردنهوه سهرچاوهیگرتوه.
(باکۆنین) دواتر نهخشهکێشانی بینیوه و دهستی بۆ مهوداکانی لهسهر ئاستی دونیا درێژکردوه ، که ئاسۆکانی له خۆبهڕێوهبردندا ئهبینرێن.
“هاوبهشییه کرێکارییهکان، له مێژوودا دیاردهیهکی نوێن، ئێمه له دایکبوونیان دهبینین، له ئێستادا، تهنها چاومان تێبڕیوون، ئێمه دهزانیین که دروستبوون و نهشونماکردنیان زادهی ههلومهرجه سیاسی و ئابورییهکانن، ئێمه ناڵێین، که هیچ گومانێکمان نییه، بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا ههر دهڵێین، که دهشێت ئهو هاوبهشییانه دوای ئهوهی سنووری ناوچهکان و ههرێمهکان و دهوڵهتهکان دهبڕن، دهبنه، ناوك و سهکۆ و پایه ئهستوورهکانی کۆمهڵگهی مرۆڤایهتی نوێ، ئهو هاوبهشییانه لهبری ئهوهی بهسهر نیشتمانهکاندا دابهشبن، بهسهر چهندهها پێکهاتهی پیشهسازیدا دابهشدهبن ” ئا بهو چهشنه فیدرالیهکی مهزن دروست دهبێت و له سهریشییهوه کۆمهڵهیهك سهقامگیر دهبێت، لهبهر تیشکی (ئاماره وورده فراوهکان و بهڵگهنامه جیهانی)ەکاندا،ئهو هاوبهشییانه له خاڵی خستنهڕوو و داوا (العرض الطلب)ەوه دهستپێدهکهن، تا ئهو خستنهڕوو و داوایه ببێته جڵهوگری، دیاریکردن و دابهشکردن له نێوان وڵاته پیشهسازییه بهرههمهێنهرهکاندا، بهو چهشنه ئەستەم دهبێت قهیرانه بازرگانی و پیشهسازییهکان ڕووبدهن، ههروهها سستی و پهنخواردنهوهش ڕادهماڵرێت و ئیتر ناتوانرێت ههوڵ وکۆششهکان و سامانهکان بهفیڕۆبدرێن.
*********
پهڕاوێز
*کتێبی (من العقیدة الی الممارسة-دانییل غیرین)
** بابهتی (6)ی بهشی دووهمی کتێبی ناوبراو-و-ك
بههاوبهشیکردنی تهواو-تشریك کامل-
گهڕان بهدوای کۆمهڵگهی داهاتوودا*
دانییل غیرین
و: له عهرهبییهوه (سهلام عارف)
5-پێشبڕکێ
یهکێك لهو بنهمایانه، که ئابووری بۆرژوازی جێیدههێڵێت، پێشبڕکێیه، که له ئابووری کۆمهکی و خۆبهڕێوهبردندا دهمێنێتهوه و گیروگرفتێکی زۆر و ئاڵۆز دهخوڵقێنێت، لای (پرۆدۆن) ئهو پێشبڕکێیه دهربڕینه له”خۆبهخۆیی کۆمهڵایهتی” دهشبێته دابینگەری (ئازادی) هاوبهشییهکان، بهبڕوای ئهو بۆ ماوهیهکی درێژخایان دهمێنێتهوه و دهبێته بزوێنهرێکی نایاب و دانسقه بۆ هاوبهشییهکان، بهبێ ئهو پێشبڕکێیه “خاوخلیچیهکییهکی مهزن” جێگهی جموجۆڵی یهکێتی پێشهسازیی دهگرێتهوه، لهگهڵ ئهوهشدا (پرۆدۆن) ئهوهشمان بۆ ڕووندهکاتهوه، که ”دامهزراوهی کرێکاریی بهرامبهر کۆمهڵگه پابهندی ئهوهیه، که بهرههمهکان و خزمهتگوزارییهکان به نرخێك دابینبکات و پێشکهشی بکات ، که تهواو نزیك بێت له نرخی تێچوهوه(…) ئا بهو جۆره ڕێگه له دامهزراوهکان دهگیرێت، تا نهتوانن هیچ هاوپهیمانییهکی پاوانگەر [مۆنۆپۆلی ***] دروستبکهن، به زهبری یاسای پێشبڕکێ دامهزراوه کرێکارییهکان ناچارن دهفتهر و بهڵگهنامهکان بخهنه بهردهمی کۆمهڵگه، پێشبڕکێ و هاوبهشییهکان پشتی یهکترن، بهوه دهبنه هێز بۆ یهکتر(…) سۆسیالیزم لهوهدا ههڵه بوو،که پێشبڕکێی بهڕوخێنهری کۆمهڵگه زانیوه، پێویست ناکات(…) پێشبڕکێ لهناوببرێت، تهنها پێویستە پارسهنگی ڕابگیردرێت و خافڵ نهکرێت**** (لوي بلان) گاڵتهجاڕییهکی زۆری بهوهکردوه، که (پرۆدۆن) خووی بهو پێشبڕکێیەوه گرتووه (بلان) دهربارهی ئهوه گوتوویهتی “ئێمه لهوه ناگهین، ئهوه چییه وههای لهوانه کردووه ئهو دوو بیروباوهڕه دژ بهیهکه تێکهڵی یهکتر بکهن، واته پێشبڕکێ بکرێته خۆراکی هاوبهشییهکان، به ڕاستی هزرێکی سوک و قێزهونه، ههر لهوه دهچێت، خهسێنراوێك بخهیته جێگهی بێگونێك” ئهو بهو گاڵتهجاڕییه ویستوییهتی باسی “نرخی یهکگرتوو” بکات، که دهوڵهت دیاریبکات، ههروهها دەیەوێت پێشبڕکێی نێوان بهشهکانی ههمان جۆری پیشهسازی لهناوببرێت (پرۆدۆن) وهڵامی ئهوه دهداتهوه، که “تهنها پێشبڕکێ توانای ئهوهی ههیه ببێته ڕێکخهری نرخ، بهجۆرێك که لهگهڵ توانای بهکاربهر [المستهلك]دا بگونجێت (…) دهستبهردان له خزمهتگوزارییهکان نرخ بهرزدهکاتهوه (…) پێشبڕکێ لهناودا نهمێنێت (…) کۆمهڵگه کهفتهکار دهبێت، وێنهی کاتژمێرێکی بێ زهمبهلهك.
وهنهبێت (پرۆدۆن) لایهنه بێفهڕهکانی پێشبڕکێی نهبینیبێت، له کتێبهکهیدا (ئابووری ڕامیاریی)دا ئاوا باسی پێشبڕکێ دهکات، که سهرچاوهی نابهرابهرییه، لهگهڵ ئهوهشدا باسی ئهوه دهکات، که تا پێشبڕکێ (بێسەرەوبەرانە)ە پەیڕەوبکرێت “سهرکهوتن ههر له پهرژهوهندی گهورهیه”چونکه پهرژهوهندی تایبهتی ههوێنی ئهو پێشبڕکێیهیه، جگه لهوه ئهو پێشبڕکێیه دهبێته هۆی ههڵگیرسانی جهنگی نێوخۆیی (سڤیلی/ ئەھلی)، دواتر دروستبونی (ئۆلیگاری/حوکمی کهمایهتی) پێشبڕکێ بەخۆی دهبێته بکوژی خۆی. به تێڕوانینی (پرۆدۆن) نهبوونی پێشبڕکێ هیچی باشتری نییه له بوونی، بۆ سهلماندنی ئهو ڕاستییه (توتن/ تاباك) به نموونه دههێنێتهوه، که چۆن به حوکمی بوونی مۆنۆپۆل و دوورهپهرێزی له پێشبڕکێوه، بهرههم زۆر کهمه و پهرژهوهندی زۆری تێئهچێت،جا ئەگهر بێت و ههموو پیشهسازی ملکهچی ههمان سیستهم بێت،کۆمهڵگه ناتوانێت پارسهنگی داهات و خهرجییهکان ڕابگرێت.
ئهو پێشبڕکێیه، که(پرۆدۆن) خهوی پێوه بینیوه، پێشبڕکێی ههڕهمهکی و بهرهڵایەکهی ئابووری سهرمایهداری نهبوو، بهڵکو پێشبڕکێیهك بوو، که جڵهوی بهدهست بیروباوهڕێکی بهرزهوهیه، ئهو بیروباوهڕه سروشتێکی (کۆمهڵایهتی)ی پێدهبهخشێت و لهسهر بنهمای گۆڕینهوهی ڕاست و دروستی بێغهلوغهش پێکدێت و زادهی ئاوەزێکی ههرهوهزییه و ڕێگهش له هیچ دهستپێشخهرییهکی تاکیش ناگرێت، ههموو سامانهکان بهرهو کۆمهکی ڕائهکێشت، بهپێچهوانهی خاوهندارێتی سهرمایهدارییهوه، که بهردهوام خهڵکی لهو سامانانه دوورخستۆتهوه.
ئینکاری لهوه ناکرێت، که ئهو تێگهیشتنه، تا ڕادهیهك یۆتۆبییه، با ئهو پێشبڕکێیهش له سهرهتاوه له بارودۆخێکی بهرابهرییهوه دهستیپێکردبێت، دواتر لهگهڵ ئابووری بازاڕدا دهبنه مایهی دروستبوونی نابهرابهری و چهوساندنهوه، پێشبڕکێ و ئابووری بازاڕ لهگهڵ خۆبهڕێوهبردنی کرێکاریدا نایانکرێت، واته ناتوانن پێکهوه بژین، ئەگهر پێکهوهش بژین، ژیانێکی کاتییه، ئهویش به هیوای ئهوهیە؛
1- (پرۆدۆن) واتهنی، تا هورده هورده لای بهڕێوهبهرانی خۆبهڕێوهبردن ئاوەزی “گۆڕینهوهی بێغهلووغهش” نهشوونما دهکات
2- تا کۆمهڵگه له قۆناغی نهبوونییهوه دهچێته قۆناغی ههبوون و فرهییهوه، تا بهو چهشنه پێشبڕکێ پاساوی مانهوهی خۆی لهدهستدهدات، لهو حاڵهتهدا، چاکتره پێشبڕکێ له بواری کهرهسهکانی بهکاربەریی [المواد الإستلاکیة]دا بێت وێنهی یوگۆسلاڤیا،لهبهرئهوهی، ههر هیچ نهبێت، کهمێك مافی بهکارهێنهران دهپارێزێت.
قوتابخانهکهی (کرۆپۆتکین) و ئاڕاستهکانی دی، دژی ئهو ئابوورییه کۆمهکییه (پرۆدۆن)یه بوون، به بیانووی ئهوهوه،که ئهو ئابوورییه لهسهر بنهمای ململانێ ڕاوهستاوه، بهبۆچوونی ئهوان ھەرچەندە ئهو پێشبڕکێیه، له خاڵێکی یهکسانیشهوه دهستیپێکرد بێت، بهڵام دواتر ئهو یهکسانییه له ئامێزی ئهو شهڕهدا دهمرێت و سهرکهوتووان و ژێرکهوتوانی لێدهکهوێتهوه، سهرباری ئهوه، ئهوان دهڵێن، که ئاڵوگۆڕی بهرههمهکان به پێی یاسای خستنهڕوو و داوا [عرض و طلب] بهڕێوهدهچێت. ئهوهش خۆی له خۆیدا، ئەگهر مانایهك ببهخشێت، ئهو مانایه دهبهخشێت، که ”کهوتنه ناو جهرگهی پێشبڕکێی دونیای بۆرژوازییهوهیه”، ئهو زمانه زیاتر له زمانی ئهوانه دهچێت، که ئهمڕۆ له دونیای کۆمونیزمهوه ***** لهژێر پهردهی دژایهتیکردنی پێشبڕکێی ئابووری بازاڕدا دژایهتی، ئهو ئابوورییه کۆمهکییه دهکهن، ئهوانه وههاشی پیشانئهدهن، که ههتا ههتایه ئهو دوو تێگهیشنه،ههروا پێکهوه لکاون و هیچ گۆڕانێکیان بهسهردا نایێت.
***********************
پهڕاوێز
* بهشی دووهم له کتێبی –من العقیدة الی الممارسة دانییل غیرین-
** بابهتی پێنجهمی بهشی دووهمی کتێبی ناوبراو،ئهم واژەیه له وهرگێڕانهکهی (جۆر سعدا) کراوه به (جامبازییهکان) له دهقه فهرهنسییهکهدا (پێشبڕکێ concurrence)یه،له وهرگێڕانهکهی (حسین دبوق)یشدا (پێشبڕکێ)یه،من ئهوهی (حسین دبوق) به ڕاستر دهزانم لهبهرئهوه (پێشبڕکێ)م ههڵبژاردوه-و-ك
*** ئهو دوو کهوانهیه (پرۆدۆن) خۆی دایناون-و-ع
**** لهوێدا (پرۆدۆن) بۆ ڕاگرتنی پارسهنگ و چاودێری،به وانا مهجازییهکهی وشهی پۆلیسی بهکار هێناوه-و-ع
***** مهبهست له بلۆکی سۆڤیهتییه، ڕهخنه له شێوازی بهڕێوهبردن له یوگۆسلاڤیا دهگیرا، چونکه ڕۆڵی حزب له بهڕێوهبردندا، کهمێك ئههوهنتر بوو -و-ك
ڕاپەڕین؛ ھوشیاربوونەوەی جەماوەر بوو بە تواناییەكانی خۆی و لێدانی مۆری ناپێویستبوون بوو لە تابووتی بزاڤی سی ساڵەی چەلكداری
ھەژێن
٠٦ی ئازاری ٢٠١٣
ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١، بێوینەترین ساتی یەكگرتنی ھێزی جەماوەریی كۆمەڵگە بوو لە مێژووی ھەرێمی كوردستان (كوردستانی باشوور/ كوردستانی داگیركراوی عێراق)دا. ئەوەی كە بزووتنەوەی چەكداری بەدرێژایی سی (٣٠) ساڵ سازش و پێشلەشكری ڕژێمەكانی عیراق و ئێران و جەنگی نێوخۆیی و ماڵوێرانیدا نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕین لە ماوەی چەند ڕۆژدا توانی بە ھێزی یەكگرتوو و سەربەخۆی جەماوەریی، ھێزەكانی ڕژێمی بەعس لە كوردستان ڕابمالێت و دەرگەی سنووری ئێران و توركیە و سوریە بۆ گەڕانەوەی بزووتنەوەی چەكداری پەنابەر لەو وڵاتانە، ئاوەڵا بكات و بیانگێڕێتەوە كوردستان. بەڵام ئەوان وەك حازرخۆری سفرەدڕ، یەكەمین كار كە پێیھەستان، ھێڕش بوو بۆ سەر رێكخستنە ھوشیارانە و خۆخۆیی و سەربەخۆكانی جەماوەر [شوراكان] و ڕەشەكوژی ژنان و پاشەكشێ لەبەرامبەر ھێڕشی بەعس و پاشان سازش و گفتوگۆ بوو لەتەك جەلادانی كۆمەڵدا.
دەسەڵاتدارانی ھەرێم یا وردتر بڵێین (ینك) و (پدك) ھەردەم لە بیست و دوو ساڵی ڕابوردوودا و ئەورۆكەش لە ھەوڵی ئەودابوون و ھەن، كە ئەو مێژووە بشێوێنن و ڕاپەڕینی جەماوەریی و یەكگرتن و ڕێكخستنە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین لە ھۆشی جەماوەردا بسڕنەوە و بۆ ئەنجامدانی وەھا كارێك ھەر لە یەكەمین ڕۆژانی پاش سەركەوتنی ڕاپەڕین بەسەر ڕژێمی بەعسدا، كەوتنە خۆسەپاندن و پاشەكشێكردن بە خەڵك و ھەروەھا لە یەكەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەوە، كەوتنە چێكردنی ئەفسانەگەلی ئاوا، كە ڕاپەڕین بەرھەمی بزاڤی چەكدارییەوە و بە دنەدان و بانگەوازی ئەوان [ئەوانی پەنابەر لە ئوردووگەكانی قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ و مساكن البرزە*] ڕوویداوە.
ڕاپەڕین، وێرای تێكشكانی لە پیلانێكی سێ لایەنەی حازرخۆرانی سفرەدڕ و ڕژێمی بەعس و گڵۆپی سەوزنیشاندانی لەشكری ھاوپەیمانان بۆ ڕژێمی بەعس و پاشەكشێ و ھەڵھاتنی ھێزەكانی بەرەی كوردستانی وەك پیشمەرجی گفتوگۆ و دانیشتنی حكومەتی بەعس لەتەكیان، ھێشتاكە كۆمەلێك ئەزموونی لە ھۆشی نەوەی ڕاپەڕیندا جێگیركردووە و تاكو ئێستاش ھەر ناڕەزایەتییەك و ھەر خۆپیشاندانێك، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سروش لە لایەنە پۆزەتیڤەكانی ڕاپەڕین وەردەگرێتەوە و ڕاپەڕین پلەیەكی مێژووییە لە خۆھوشیاری چین و توێژە بندەستەكانی كۆمەڵگەدا، بۆیە گەڕانەوە و سڕینەوەی ئەستەمە و لەنێوبردنی ئەو ھوشیارییە تەنیا بە لەنێوبردنی مێژوو مەیسەردەبێت، ئەمەش ئەستەمە، چونكە لە توانای ھیچ ھێزێكیدا نییە و نابێت.
ڕاستە ڕاپەڕین بەواتا شۊڕشگێڕانەكەی؛ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی ستەم و جیاوازی چینایەتی، سەركەوتنی بەدەستنەھێنا، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوو، كە ئەوەی سێ دەھە بزاڤی چەكداری ماڵوێرانگەر و تێكدەری پێكھاتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی لە سێ ڕۆژدا ئەنجامی دا. ھەروەھا ئەوەی كە ڕاپەڕین نەیتوانی واوەتر لە ڕاماڵینی لەشكری داگیركەر لە كوردستاندا بڕوات، ھۆكاری خۆیی دەرەكی ھەبوو؛ لەوانە خۆشباوەڕیی خەڵك بە ناسیونالیزم وەك ڕزگاركەری تاك لە ستەمی نەتەوایەتی، جێكەوتبوونی سوونەتی بزاڤی چەكداری و نامۆبوونی جەماوەر بە خەباتی كۆمەڵایەتی، قورسایی و ماندوویی جەماوەر لەدەست جەنگ و ئابلۆقەی ئابووریی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی ھەم جۆرە، سێبەركردنی جەنگی كەنداو بەسەر داھاتووی نادیاری عیراق و نزمی ئاستی خۆھوشیاریی تاك لەو سەردەمەدا و خۆشباوەڕیی بە پارتە ڕامیارییەكان لەژێر كارایی ستەم و ھەڵاواردنی نەتەوەییدا.. وەك دەبینین ھەندێك لەم ھۆكارانە وەك لە زۆربەی ڕاپەڕینەكانی ھەنووكەی وڵاتانی عەرەبی و جیھاندا بوون و دەبنە ھۆی واوەترنەچوونی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئاستی یا لە سنووری ھوشیاریی پارتایەتی، كە تێدا باوەڕبوونی تاك بە ھەموو توانایەكی خۆیی و كارایی و بەھێزی یەكگرتنی جڤاكی و ڕۆڵی چارەنووسسازانەی خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە ژێردەستەكان، دەكوژرێت و دەیكاتە پاشكۆ و بوونێكی نادەربەست و داماو و چاوەڕێی پارتی باش و سەرۆكی باش و دەوڵەتی باش، واتە ژیان لە بەھەشتی ئەفسانەكاندا.
لە بارێكی ئاوادا ڕاپەڕین داچڵەكان و بەخۆداھاتنەوەی تاكە لەو خەوە قورسەی كە چەندین دەھە و پارت و دەستەبژێرە ڕامیاركان، لە رێگەیەوە تاك بە ھێز و تواناییەكانی خۆی نامۆدەكەن و بەوە گۆشیدەكەن، كە بڕیاردان و ئاراستەكردنی گۆڕین و ڕاپەڕین و شۆڕش كاری ھەموو كەسێك نییە و پێویست نییە تاك لەو بارەوە خۆی ماندووبكات و كارێكی ئاوا تەنیا كەسانی ئەكادێمی، ڕامیار و شارەزای تیئۆرییە ڕامیارییەكان توانای ئەنجامدانیان ھەیە.
بەڵێ لە وەھا بارێكدا قسەكردن لە تێكشكانی ڕاپەڕین ھەم ناكەتوارییە و ھەم بێویژدانی و شێواندنی ڕاستی ڕووداوەكانە. ڕاستە كەسانێك دێن و دەیانەوێت ڕاستی چۆنیەتی ڕووداوەكان بنووسنەوە و بڵێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی كە ئامانج لە كارەكەیان تێگەییشتن لە خودی سروشتی ڕاپەڕین و چۆنیەتی پێگەییشتن و ھەڵكشانی خۆھوشیاری ڕاپەڕینی جەماوەر نییە و نایانەوێت گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون و دەستبەكاربوونی تاكە یەكگرتووەكان لە ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی جەماوەردا، بە ھەند وەربگرن و تەنیا كۆشش بۆ زاقكردنەوەی ڕۆڵی گروپە ڕامیارییەكەیان یا كەسیی خۆیان لە بەرامبەر ھەوڵی شێوێنەرانەی دەسەڵات و پارتەكان و دەستەبژێری بەرتەریخواز، دەكەن، بۆیە ھەوڵەكان سنووری ململانێی ڕامیاریی گروپەكان لەسەر ئەوەی كێ ڕابەربووە و كێ مافی شوانەیی جەماوەری ھەیە، تێپەڕناكات و تاك لە بەشداری و ھاتنەوەمەیدان دووردەخاتەوە و بەجۆرێكی دیكە دەیكاتەوە پاشكۆی دسەڵاتخوازییەكی دیكە..
لێرەدا من بەتەما نیم مێژوو بنووسمەوە یا ھەڵسەنگاندن لەسەر سەركەوتن و تێكشكانی ڕاپەڕین بكەم، لە شوێنی دیكەدا بەپێی توانا و دەركی خۆم لەو بارەوە بۆچوونی خۆمم دەربڕێوە، بەڵام ئەوەی كە دەمەوێت لێرەدا قسەی لەسەر بكەم، دەنگۆیەكە یا ھەوڵ و سیناریۆیەكە، كە ئەم ساڵ دەیەوێت دوابزماری سەركەوتنی دەسەڵات لە تابووتی مراندنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ھۆشی تاكدا بدات و لێرەوە مێژووییەكی شێوانیراو بنووسێتەوە و بەوە ھەم تایتلی ئەكادێمی و ھەم پاداشتی ڕامیاریی و ئابووریی مسۆگەربكات، ئەوەش ھەوڵی دەستەبژێری بەناو ڕۆشنبیری كوردە، كە بێجگە لە دەستی شاراوەی دەسەڵات، ھیچ ڕۆلێكی دیكە ناگێڕێت و نەیگێڕاوە. ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا و تەنانەت لە سایتی بەشی كوردی ڕادیۆ ئەمەریكاشدا ئەم دەنگۆكانە دەخوێنینەوە؛یادكردنەوەی ڕاپەڕین پێویست نییە، یادكردنەوەی كیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال پێویست نییە، یادكردنەوەی جەنگ و كوشتاری نێوخۆیی پێویست نییە، … تد، بەڵام ئەم دەنگۆیانە ھیچ قسەیەكیان لەسەر یادی لەدایكبوون و مردنی سەرانی پارتەكان و سەرۆككۆمارەكان و دامەزراندنی پارتەكان و شانازییە خوێناوییە ڕامیارییەكان، نییە و وەك بڤەیەك ناتوانن خۆیان لەو باسانە بدەن، لە بەرامبەردا دەیانەوێت ئەم ساڵ بە ساردكردنەوەی خەڵك لە ساڵیادی ڕاپەڕین و كیمیاباران و ئەنفال و جەنگی نێوخۆیی، گوڵی خاترجەمی لە یەخەی پارتەكان و دەسەڵاتداران بدەن و لەوە خاترجەمیان بكەن، كە چیدیكە ڕاپەڕین خاڵێك نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەزموونەكان، چیدیكە پارتەكانی بزاڤی چەكداری ناسیونالیزمی كورد خەمی ھەڵدانەوەی پەڕەی ھاوبەشییان لەتەك سوپای پاسداران لە ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە و زەمینەخۆشكردنیان بۆ ئەنفال نەبێت، چیدیكە پەڕەی شەرمەزاریی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بە ڕوویاندا ھەڵنادرێتەوە، چیدیكە تاكی ھۆش و ئاوەزسڕاوە، لە ساڵیادی ئەو سەركەوتن و شكستانەدا توانای دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕووی دەسەڵات و سیستەمە دژە مرۆییەكەی نیئۆلیبرالیزم لە كوردستاندا نییە و دەسەڵاتداران بە ھاوبەشی دەستەبژێری چەواشەكەر، دەتوانن بەری فریودانی جەماوەر بخۆن و بێترس لەسەر تەختی دەسەڵات، درێژە بە مشەخۆرییان بدەن!
بەداخەوە بێجگە لە ھەوڵی دەسەڵات بۆ شێواندنی ئەو مێژووە، چەند دەستەی دیكە ھەن كە بەجۆرێك ھەوڵیان بۆشێواندنی شۆڕشگێڕیی جەماوەر لە ڕاپەڕیندا، داوە یا دەدەن، لەوانە :
دەستەی یەكەم ، گروپە چەپەكان. ئەم دەستەیە بە ھەموو ڕێكخراوەكانی ئەو كاتییەوە، چ وەك ڕێكخراو و چ وەك تاكەكەس، لەپێش ڕاپەڕین و لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا بەشداری چالاكانەیان كردووە و ھەبووە و تەنانەت لە بەرگریكردنیشدا لەبەرامبەر گەڕانەوە و ھێڕشی ڕژێمی بەعسدا قوربانی بەرچاویان داوە. بەڵام بەداخەوە وێڕای بەشداری چالاكانەیان لە ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ و ڕاپەڕینی دووەمی ھەمان ساڵدا، دواتر لەسەر بنەمای پەرتووكگرتنەوەی چەند چەپێكی ئێرانی دوور لە كەتوار، كەوتنە سەركۆنەی ڕاپەڕین و بە دابەزاندنی خەون و ئاواتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری یاخیبوو لە ستەمی ڕژێمی بەعس تا ئاستی ھەڵچوونێكی تاڵانگەرانە، لەنێوەندی خودی پاشڕەوانیان لە كوردستان و لەنێوەندی خوێنەری فارسی زماندا وێنەیەكی قێزەونیان بەسەر ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی كوردستانیان بڕی.
پاش ئەو دەربڕێنانەی قسەگەرانی فراكسیۆنی كۆمونیزمی كارگەریی نێو پارتی كۆمونیستی ئێران و درێژەدانیان بەو پاگەندە ژەھراوییانە پاش جیابوونەوەی ئەو فراكسیۆنە و خۆڕێكخستنی لە نێو پارتی كۆمونیزمی كارگری ئێراندا، تاسەردەمی یەكەمین جیابوونەوە لەو پارتە، كە نووسەری وتارەكە یەكێك بوو لە جیابووەكان، ئەو پارتە و پاشڕەوانی لە ھەرێمی كوردستاندا پێداگرییان لەسەر ئەو بۆچوونە نادروست و دوژمنكارانەیە دەكرد، بەڵام كاتێك كە بە كردەوە لە بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی پارێزگەی سلێمانیدا، بۆیان دەركەوت، كە نە ھێزی سێەمی نێو پاگەندەكانی خۆیانن و لە خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان ڕەخنەی بێبنەمای ئەو ھێڵە ڕامیارییە لەبیردەكات، ناچار پاشتر بەلای ڕاپەڕین و سەربەخۆیی كوردستان و ڕیفراندۆم و كۆمەلێك ھەوڵی بێسەرەنجامدا بایاندایەوە و لەو كاتەوە باجی پێداگرییان لەسەر ئەو لێكدانەوە نادروست و بێبنەماییەیان دەدەن و زۆرجار لەژێر فشاردا لەتەك خۆیاندا دەكەونە ناكۆكی؛ كاتێك كە دەیانەوێت خۆیان بكەنە پاڵەوانی ڕاپەڕین، ناچار وێنە و ئەلبوومەكانی ڕاپەڕین دەھێننەوە پێشەوە، بەڵام ھیچ كات لەو كاتەوەی كەوتوونەتە بانگەوازی جیابوونەوەی كوردستان و ڕیفراندۆم، بوێری ئەوەیان لەخۆیان نیشاننەداوە ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆیان بەرامبەر ڕاپەڕین بگرن، ھەم دەست بەو ڕەخنەوە دەگرن و ھەم شانازی بە بەشداربوونیان لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا دەكەن. ئەم ھەڵویستە دوو جەمسەرییەیان لەبەردەم پرسیارێكی ئاوەزگیرانەدا دایاندەنێت، كە ھەموو ساڵێك لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا لە ھۆشی خوێنەردا قوتدەبێتەوە؛ ئەگەر ڕاپەڕین ھەڵچوونێكی تاڵانگەرانە بوو، ئیدی شانازی بەشداری ئەوان لە چیدایە؟ یا ئەگەر بەشدارییان بۆخۆیان مایەی شانازییانە، كەواتە بەبپێی لێكدانەوەكانی قسەگەرانی ھێڵە ڕامیارییەكەیان لەو كاتەدا، ئەوان بەشی شێریان لەو ھەڵچوونە تاڵانگەرییەدا بەردەكەوێت؟! ئەگەر بەشداری ئەوان، كارێكی شۆڕشگێرانە بووبێت، كەواتە ڕاپەڕینیش ھەڵچوونێكی شۆڕشگێرانە بووە، ئەگینا ناكرێت بەشداری دەستەیەك یا ڕەوتێك لە ڕاپەڕینێكدا كە یاخیبوونی تاڵانگەرانە بووبێت، بە كارێكی شۆرشگێڕانە بخوێندرێتەوە!!
دەستەی دووەم ، ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و نائومێد، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتاوە، لەبەرئەوەی كە تێگەیشتنێكی میكانیكانەی لە ڕاپەرێن و شۆڕش ھەیە، كاتێك ڕاپەڕین ناگاتە ئاستی دروشمە نەزۆكەكانی ئەوان، ئیتر ڕاپەڕین تەنیا لە گۆڕینی خودە بە جامەدانی و پۆستاڵ بە كڵاش و پۆشاكی سەربازی بە كەتافی كوردیدا كورتدەكاتەوە و ھیچ ئاڵوگوۆڕێكی كۆمەڵایەتی و ھیچ ئاستێكی ھوشیاریی و ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی بەڕووی دەسەڵاتی بۆرجوازی كوردیدا ھاتووەتە سەرھەڵدان نابینێت. ئەمەش ڕەش و سپی خوێندنەوەی كۆمەڵگە و گۆرانەكانییەتی، ئەمە لە پەرتووك و ئایدیۆلۆجیاوە ڕوانینە بۆ ژیان و خەبات و گەشەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە. بەداخەوە پاش بیست و دوو ساڵ خەریكە ئەم دەنگانە دووبارە سەرھەڵدەدەنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەریی بەو تەنكبینییە ئالوودەدەكەنەوە. ھەرچەندە كەسانی خاوەن ئەو بۆچوونە لە توڕەبوون و دڵسۆزییانەوە، ئەو دەستەواژە بێگیانانە بكەنە چەپكەگوڵی ساڵیادی ڕاپەڕین و بەبێ خۆماندووكردن لە تێگەییشتن لە ڕاپەڕین و سروستی سەرھەڵدانی و ئەگەری سەركەوتن و ڕەھەندەكانی كارایی لەسەر ڕووداوەكانی دواتر، بەڵام دەربڕینەكانیان دەچنە خانەی ساردكردنەوەی خەڵك لە بڕوابەخۆبوون و ئەندێشەی ڕاپەڕین و ئەم دەستەیە لەوەدا ھاوبۆچوونی دەستەی سێیەمە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم، بە درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دادەنێت. بەڵام جیاوازی چاوەڕوانی ئەم دەستەیە لە چاوەڕوانی دەستەی سێیەم، ئەوەیە، كە ئەم دەستەیە بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستەی سێیەمەوە، دەخوازێت كە ئەم سەرەنجامەی نەبووایە!
دەستەی سێیەم ، دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرتەریخواز، قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ساڵانی ٩٣-١٩٩٤ و ھەروەھا لە سەردەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەملاوە، ھەوڵیانداوە مێژوو بە ئاراستەی لێكدانەوە بێبنەما و پوچەكانی خۆیان بشوێنێنن و تێنەگەییشتنی خۆیان لە ڕاپەڕین و سەربەخۆیی جەماوەر، تیئۆریزە بكەن. ئەم دەستەیەش دەسەڵاتی ھەرێم وەك درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دەبینێت و ئەم سەرەنجامەش بە نیگەتیڤ نابینێت، تەنیا گلەیی ئەوەیە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم یا پارتە فەرمانڕەواكانی ھەرێم، لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نییە، واتە سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكان نەیتوانیوە بگاتە ئاستی سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكانی ئۆروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و لەولاشەوە نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و لە عیراق جیابێتەوە، ھەڵبەتە ئەو گلەییانەیان لە سیستەمی چینایەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوپێچی بەرتەری زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خودی خۆیان وەك دەستەبژێری ڕۆشنبیر و ژیری دەسەڵاتخوازە.
ئەم دەستەیە ھیچ كات لەسەر چینایەتیبوونی سیستەمەكە و نایەكسانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تاكەكانی ھەرێم یا لەسەر بوونی زیندان و لەسێدارەدان و تایبەتیكردنەوەی كەرتە خزمەتگوزارییەكان و كارخانەكان، ڕەخنەی ئاراستەی دەسەڵاتداران و پارتەكان نەكردووە، بەڵكو ھەردەم خۆی وەك راوێژكاری دەسەڵات بۆ زیاتر چەسپاندنی ڕامیاریی و پلانە ئابوورییەكانی سیستەمی جیھانداگیركەری نیئۆلیبرالیزم، نیشانداوە و لەو ڕوانگەیەشەوە گلەیی لە دەسەڵاتداران ھەبووە و پێیوابووە، كە دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە باشتر خزمەت بە جێگیربوون و كۆمەڵایەتییبوونەوەی نەخشە ئابووریی و ڕامیارییەكانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا بكەن .
بە كورتی ھەر سێ باڵی دەسەڵاتخواز چ گروپە چەپەكان و چ ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و ھیوابڕاو و چ دەستەبژێری ڕۆشنبیری نێو میدیای دەسەڵات و میدیای بەناو ئەھلی، لە یەك خاڵی ھاوبەشدا یەكدەگرنەوە، ئەویش تیۆریزەكردنی ھەڵەلێكدانەوەی خۆیانە بۆ ڕاپەڕین و ڕەوت و پەرەسەندنی كۆمەلگە. ھەر سێ ڕەوت بەمەبەستی كایەكردن و گشتییكردنەوەی بەرژەوەندییەكانیان لە بۆشایی نەبوونی خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری نارازییادا، چەمكەكانی شۆرش و ڕاپەڕین تێكەڵوپێكەڵدەكەن و لەوێوە ڕەخنە و گلەیی لە شۆرشگێڕبوون و نەبوونی دەسەڵاتداران و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕین دەگرن و دەكەن. بە واتایەكی دیكە، ئەوا لە خاڵێكەوە دەسپێدەكەن، كە بەخۆی ناڕۆشن و لنگەوقوچلێدانەوەیە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەمە بێجگە لەوەی كە ھەر سێ باڵ پێداگریی ئایدیۆلۆجی و بڕوایی لەسەر پێویستبوونی پارت و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و ھەوڵی ڕامیاریی و ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی یا جێگۆڕكێی دەسەڵاتداران بە شۆڕش ھەژماردەكەن و چ خۆیان و چ دەسەڵاتخوازانی دیكە بە شۆڕشگێڕ دەچوێنن.
ئەوان ھەوڵی پەردەپۆشكردنی ئەوە دەدەن، كە ڕاپەڕین لە كودەتای سەربازیی و ھەلپەرستی ڕامیاریی جیادەكاتەوە، كە سەربەخۆیی جەماوەرە لە بڕیاردان و نەخشەكاری پارت و ھەوڵی ڕامیاران بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و جێگرتنەوەی سەروەرانی پێشوو. ھەر ئەم خاڵەشە كە ھەرسێ دەستە دەسەڵاتخوازەكە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ توڕەدەكات و بەرەو سووكایەتی و جنێودان و شێواندنی ڕاستیی ڕاپەڕین ھاندەدات. لە ڕاپەڕیندا جەماوەر بە ھەموو چین و توێژە ژێردەستە نەدارەكانەوە بە ھەموو ئاستە جیاوازەكانیان لە ھوشیاریی شۆڕشگێڕانەدا و بە ھەموو خەونەكانیانەوە، بەشداریدەكەن و قوربانی بۆ دەدەن و ھیوای خۆیان بە سەركەوتنییەوە گرێدەدەن. ھەر بۆیە سەركەوتنی تەواوەتی ھەر ڕاپەڕێنێك بە ئاستی خۆھوشیاریی ئەو چین و توێژە ژێردەست و نەدارانەوە پەیوەستە، كە دەبنە مۆتۆری خرۆشانی و سووتەمەنی كلپەسەندنی و چەندێك تاكەكانی جەماوەری ڕاپەڕیو توانبێتیان خۆڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی (ناڕامیاریی) سەربەخۆ و خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانە و خۆئامادەییان بۆ ڕێكخستنەوەی ئازادیخوازانەی كۆمەڵگە لە ڕەوتی خەباتی پێش ڕاپەڕیندا ئامادەسازی بكەن و بیانكەنە یەكە پێكھێنەرەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و سوونەتێك لە ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتوورریی خۆیاندا، سەركەوتن و بەدیھاتنی زۆرێك لە ئاواتەكانی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە، مسۆگەرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە چەندێك تاكەكانی ئەو چین و توێژانە وابەستەی گروپە ڕامیارییەكان و چاوەڕوانی سەرۆكی باش و پارتی باش و میرایەتی باش بن وەك ھاتنی “ئیمامی زەمان”، ئەوا شكست و ھەڵگەڕانەوەی سەرەنجامەكانی ڕاپەڕین لە بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازان و ئاسانڕێكخستنەوەی سیستەمی قوچكەیی چینایەتی تەواو دەبێت، چونكە نەبوونی ئامادەیی خۆدەستبەكاربوونی جەماوەریی بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانی ڕۆژانەی لەسەر بنەمای یەكێتی فیدرالیستییانەی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان و پێكھێنانی بەرێوەبەرایەتی ئازادانەی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای بناخەییبوونی ڕۆڵی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكانی بەرھەمھێنەرانی كۆمەلگە، ڕێگە بۆ چێكردنەوەی ئاسانی سیستەمی تێكشكاوی قوچكەیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕۆڵی ڕێكخراوە ڕامیاریی و سەربازییەكانی دەسەڵاتخوزان، خۆشدەكات .
وەك لە زۆر شوێن و كاتی دیكەدا بۆچوونی خۆمم لەم بارەوە بەڕۆشنی دەربڕیوە، شۆڕش ڕووداوێكی كاتیی و پلانی ڕامیاریی پارتەكان و پلانی سەربازیی جەنەرالەكان نییە، شۆڕش پرۆسێسێكی مێژوویی درێژخایەنە و لە بەرەبەیانی ژیان و سەرھەڵدانی كۆمەڵگەی چینایەتیدا وەك ناچارییەك تاكی ژێردەست پەنای بۆ بردووە و ھەر بەناچاریش لەپێناو گەییشتن بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەردا درێژەی پێدەدات و تاوەكو سیستەم و سەروەریی چینایەتی چ كۆیلایەتی و چ فیئۆداڵی و چە سەرمایەداری لە شێوەی پاشایەتی و كۆماری و تاكپارتی و چ لە شێوە دێمكراسییە پارلەمانیییەكەیدا بوونی ھەبێت، بەناچاریی شۆڕش وەك بەرەنگاریی ئازادیخوازان و یەكسانیخوازان و دادپەروەییخوازان بەڕووی چەوسانەوەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام وەك وتم ڕاپەڕین تەنیا خاڵێك و ڕووداوێكی دیاریكراوی نێو ئەو پرۆسێسە مێژووییەیە و دەتوانین بە خاڵی بەرجەستە و یاخیبوونی پەرەسەندووی بەرنگارییە چینایەتییەكە ناوی بەرین، ئیدی ئەو ڕاپەڕینە دژی سەروەری ھەر شێوەیەك لە میرایەتی و ھەر جۆرێك لە دەوڵەت بێت، ھیچ لە كڕۆكە چینایەتییەكەی ناگۆڕێت و سەربەخۆییشی لە ھەوڵ و پیلانی دەسەڵاتخوازان و ململانێی نێوان باڵەكانی چینی مشەخۆر، بە خۆھوشیاریی جەماوەر و سنووربەندیی ئازادیخوازانەی تاكە ڕاپەڕیوەكان لەتەك ڕێكخستنی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازاندا، پەیوەستە!
ھەر لەسەر ئەو بنەمایە لەتێڕوانینی مندا، ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ پلەیەكە لە ھەڵكشانی خۆھوشیاریی شۆرشگێڕانە و دەستپێكی گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون بۆ جەماوەر و بەبێ ڕاپەڕین ھیچ تاكێكی كۆمەڵگە بەو ئاستە لە ھوشیاریی ئەوڕۆكەیی نەدەگەییشت و ھەروا ئەستەمیش بوو، لە وەھا بارێكدا كۆمەڵگە بەبێ كاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەكان دەستەوئەژنۆ دابنیشێت، چونكە بڕیاری ڕاپەڕینی جەماوەریی بڕیارێكی سەرەڕۆیانە و سەرشێتانەی كۆمەڵەكەسێك نییە، بەڵكو پێگەیین و كەڵەكەبوونی وانەكانی خەبات و ئەزموونگیریی جەماوەرە لە شكستەكانی. باشترین نموونەش ئەزمووونگیریی لە شكستی چەند جارەی بزاڤی چەكداری كە بێجگە لە زیندان و سێدارە و ڕاگواستنی گوندەكان و كیمیاران و ئەنفال و وێرانی ژینگە و ھەڵوەشاندنەوە و تێكدانی ڕیز و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و جێگرتنەوەیان بە ڕكەبەرایەتی و ململانێی ڕامیاریی و جەنگی میلیشییایی و خێڵەكی نێوان سەرانی پارتەكان، ھیچی دیكەی بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەرھەمنەھێنا و تا ھەنووكەش ئەو كاراییە نیگەتیڤە ڕامیاریی و میلیشیایانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكدا ڕەنگدەدەنەوە و لە ساڵی ١٩٦١ تا ئەمڕۆكە نەوە لە دوای نەوە، باجی خۆشباوەڕیی كاتیمان بەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانە دەدەین!
بەبۆچوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ بەرەنجامی ھەڵكشانی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی و خۆھوشیاریی و ئازادیخوازیی تاكی چین و توێژە ژێردەستەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بوو، ھەر ئاوا كە ڕاپەڕینی كۆمونخوازەكانی پاریس و ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و ١٩١٧ی ڕوسیە و ڕاپەڕینەوەی ٧ی ئاازاری١٩٢١ی دەریاوانانی كرۆنشتات و ١٩١٨- ١٩٢١ی جوتیارانی ئوكرانیا و ڕاپەڕینی ١٩٣٦ ئازادیخوازانی ئیسپانیا و ڕاپەڕینی ١٩٥٦ی ھەنگاریا و ١٩٧٩ی ئێران و پۆلۆنیا و ڕاپەڕینەكانی ئەوڕۆكەی یۆنان و باكووری ئەفەریكا و ولایەتەكانی ئەمەریكا، ڕاپەڕینی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەریی بوو، بریتی بوو لە ھەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەڕووی سیستەمی مشەخۆرانە و سەرووخەڵكیی سەروەریی كەمایەتیی بەعسییەكان و ئەوی كە لە دووتوێی پەرتووكانەوە ڕاپەڕینەكان دەخوێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە بە سەرەنجامێك لە دەرەوەی كەتواری ڕووداوەكا دەگات و وەھا بە سەرەنجام گەییشتێك بۆ كەموكوڕی ڕاپەڕین و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕێن ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ گیرۆدەبوونی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئەو كەسانە دەگەرێتەوە (داژەیەتگەرانی ڕاپەڕین) لە جاڵجاڵۊكەی تیئۆرییە ڕامیاییەكاندا، كە وەك مردوویەك ناتوانن لە ڕابوردوو ڕزگاریان ببێت.
لێرەدا وێڕای پێداگرتنەوەم لەسەر شۆڕشگێڕانەبوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ وەك ھەموو ڕاپەڕینەكانی دیكەی مێژوو، لەسەر ئەوە پێداگریی دەكەمەوە، كە میرایەتی بۆرجوازی ھەرێم، بەرھەمی تێكشكاندنی ڕاپەڕین [نەك شكستخواردنی خۆیی] بوو و بەبێ تاكتیكی چۆڵكردنی بەرەكانی جەنگ و بڵاوكردنەوەی دەنگۆی گەڕانەوە ڕژێم و كۆڕەوی میلیشیای پارتەكان لەپێش جەماوەرەوە و تێكشكاندی بزووتنەوەی شورایی بەھەڕەشەی چەكداریی و پاگەندەی ژاراوی لە دژی لە ڕادیۆكانیانەوە و گفتوگۆی دێژخایەن لەتەك ڕژێمی بەعس و سازدانەوەی سیستەم و دەزگە سەروو خەڵكییەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەڕێگەی ڕەوایەتی پارلەمانییەوە، ئەستەم بوو ئاوا بە ئاسانی جەماوەری ڕاپەڕیو مەیدان بۆ حازرخۆرانی سفرەدڕ چۆڵبكات. بەڵێ ھەردەم سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانبەختكردووانی ڕاپەڕینەكانی ئازار و جونی ١٩٩١ دادەنەوێنم و خۆم بە سوپاسگوزاری گیانبەختكردیان دەزانم، كە لەپێناو ڕزگاربوونی ئێمە [تاكە زیندووەكانی كۆمەڵگە] لە دەسەڵاتی ڕژێمی داگیركەری بەعس، دەستبەرداری ژیان و ئازیزانیان بوون.
*******************************
* [قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ] دوو لقی یا دوو پێگەی سنوورنشینی سوپاسی پاسدارانی ئێران بوون، كە ھەموو پەیوەندییەكی پارتەكانی بەرەی كوردستانی لەتەك كۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی ئەوو دوو لقەی سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدەدران و ھەموو پشتیواییەكی لۆجیستیكی ئێران بۆ بەرەی كوردستانی لە بارەگاكانی ئەو دوو لقەوە وەردەگیران.
* [مساكن البرزە] گەڕەكێكی دیمەشق بوو، كە بنكە و بارگەی زۆرینەی پارت و كەسەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بەرەی كوردستانی لەوێ كەوتبوون.
ڕێنیشاندەری بابەتەکان
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.