ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

سه‌رکه‌وتنەکانی خۆبه‌ڕێوەرایەتییەکان *

سه‌رکه‌وتنەکانی خۆبه‌ڕێوەرایەتییەکان *

دانییل گیرین
و.  له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌:  سه‌لام عارف

ئازادیخوازه‌کانی ئیسپانیا، گرنگییه‌کی زۆریان به‌لایه‌نی ئابووری ده‌دا، له‌و بواره‌دا به‌هه‌ڵوێست و سه‌رسه‌خت بوون، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا خستیانه‌ڕوو، که‌ هه‌رچی سازشێکیان کردبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ بووه‌، که‌ چاریان ناچاربووه‌، سازشه‌کانیش ته‌واو دیاریکراو و به‌رته‌سکبوون، له‌خۆوه‌ و ئازادانە بوون، له‌ کشتوکاریی و پیشه‌سازیدا، خۆبه‌ڕێوه‌بردن کردەیی ‌ده‌کرایەوە، سروشتی  گشتیریانەی جەنگ پابه‌ندی به‌هێزی ده‌وڵه‌ت بوو، هه‌رچه‌نده‌ جارجارێك خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌ناچاری پاشه‌کشێی ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و پاشه‌کشێیه‌، له‌ به‌هێزی ده‌وڵه‌ت و گشتگیریی جه‌نگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو، هێزی ده‌وڵه‌ت و جه‌نگ نه‌یانتوانی به‌ته‌واوی ببنه‌ ڕێگه‌گری خۆبه‌ڕێوه‌بردن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەزموونگەریی کۆمونیستی به‌گوڕتر و پته‌وتر ده‌بوو، به‌واتایه‌کی دیکە دژایه‌تی نێوان کۆماره‌ بۆرجوازیه‌که‌ و ئه‌و ئەزموونگەرییه‌ی، که‌ کردەیی ده‌کرایەوە. پێویسته‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بکرێت، (پێراتPierat) وتویه‌تی ‌هه‌رچه‌نده‌ شڕۆڤەکردنی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌، هه‌روا کارێکی سانا نییه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی که‌سێکه‌ شڕۆڤەی بکات، گرانی شڕۆڤەی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌، که‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن بەگوێرەی شوێن ‌و کات هه‌مه‌جۆر بووه‌، بێجگە ‌له‌وه‌ ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌، له‌ سه‌ربازگه‌ی کۆماریدا کرا به‌ژێر دیواری بێده‌نگیه‌وه‌ و هیچ گرنگییەکی پێنەدرا‌، ئه‌وەیش که ‌له‌و بێده‌نگییه‌ قوتاری بوو، له ‌یاده‌وه‌رییه‌کانی خه‌ڵکیدا مایه‌وه‌، له‌ فلیمی (مردن لە مەدرید)یشدا به‌دیناکرێت، دەشێت ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ بە باشتریین دیاری ئازادیخوازی ئیسپانی دابنرێت، که‌ پێشکه‌شی کردبێت.

شۆڕشی19ی ته‌موز له‌ به‌رپه‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی توندوتیژی گه‌لیدا لە دژی یاخیبونه‌ فرانکیه‌که‌ خۆی نواند، ئه‌و ده‌مه‌ خاوه‌نداراییه‌ پیشه‌سازییه‌کان و خاوه‌نزەوییە گه‌وره‌کان، داراییه‌کانی خۆیان جێهێشت و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵهاتن، کارگه‌رانیش ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ئه‌و داراییه‌ جێهێڵراوانه‌دا، سه‌پانه‌کان خۆخۆیی بڕیاریاندا به‌ ئامرازه‌کانی خۆیان، له‌ کشتوکاڵکاریدا به‌رده‌وامبن و له‌ هەرەوەزییه‌کاندا به‌شداریانکرد، 5ی ئه‌یلول له‌ (کاتالۆنیا) له‌سه‌ر داوای (کۆنفدراڵی نیشتمانی بۆ کار) جوتیاران کۆنگره‌یه‌کی هه‌رێمیان به‌ست، کۆنگره‌ بڕیاریدا، که‌ به‌ چاودێریی سه‌ندیکالیسته‌کان زه‌وییه‌کان کۆبکه‌نه‌وه‌، له‌ جێگه‌ی خاوه‌ندارییه‌ گه‌وره‌کان و سامانی فاشیسته‌کان، سۆشیالیزم جێگیربکەن، هه‌رچی داراییه‌ گچکه‌کانیش هه‌بوون، ئازادبوون، که ‌تا کاتی به‌ ڕەواکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان، له‌نێوان دارایی تاکیی و هەرەوەزییدا خۆیان یه‌کلابکه‌نه‌وه‌. له ‌7ی تشرینی1936حکومه‌تی کۆماری، به‌بێ هیچ قه‌ربووکردنه‌وه‌یه‌ك ده‌ستیگرت به‌سه‌ر دارایی هه‌موو ئه‌و ملهوڕانه‌دا، که‌  له‌ هەڵگەڕانەوە‌ فاشیستییه‌که‌دا به‌شداربوون، به‌ڵام له‌ گۆشه‌ی ڕه‌واییه‌وه‌، ئه‌و کرده‌یه‌ نیوه‌ناچڵ بوو، چونکه‌ ته‌نها به‌شێکی که‌می ئه‌و زه‌ویانه گێڕدرانەوە، که‌ جوتیاران خۆیان خۆبه‌خۆیی بەدەستیانهێنابووەنەوە، بێبێجگە ‌له‌وه‌ ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌کردبوو، له‌نێوان به‌شداربووان و به‌شدارنه‌بووانی هەڵگەڕانەوەکە.

له‌و وڵاته‌ دواکه‌وتووانه‌دا، که‌ ئامرازه‌ ته‌کنیکییه‌ کشتوکاڵکارییه‌ پێویسته‌کان دەسەبەرنین، جوتیارانی که‌م ده‌رامه‌ت، ئارەزووی دارایی تایبه‌تی ده‌که‌ن، به‌ڵام جوتیاره‌ که‌م ده‌رامه‌ته‌کانی ئیسپانیا، نه‌ك هه‌ر ئاشنای ئه‌و بارە‌ نه‌بوون، له‌و بواره‌دا ‌خاوه‌نی هیچ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیش نه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نها له ‌ڕێگه‌ی کشتوکاڵکاری سۆسیالیستییه‌وه‌ ئه‌و حەزەیان ده‌رده‌بڕی، په‌روه‌رده‌کردنی ئازادیخوازیی و دابونه‌ریتی هەرەوەزیی له‌ ئیسپانیا بووبووه‌ مایه‌ی پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌، که‌ دواکه‌وتووی ته‌کنیکی ئافراندبووی، په‌روه‌رده‌کردنی ئازادیخوازیی و دابونه‌ریتی هەرەوەزیکاریی حەزی تاکخوازی کپکرد و بووه‌ وزه‌به‌خش و هانده‌ری جوتیاران، تا ڕاسته‌وخۆ ڕوو لە سۆسیالیزم بنێن، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیارانی خۆشگوزه‌ران وه‌ک خۆیان مانه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خۆیان نه‌گۆڕی، هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوە %90ی سه‌پانه‌کان چوونه‌ هەرەوەزییه‌کانه‌وه‌، پته‌وبوونی هاریکاریی جوتیاران و کرێکارانی شاره‌کان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، کاریگه‌ری ئه‌رکی جوتیاران له‌ هەرەوەزییەکاندا، هه‌روه‌ها لایه‌نگری هاوبه‌شیی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌ریخست، که‌ هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ گونده‌کاندا به‌هێزتر بووه‌.

هەرەوەزییه‌ کشتوکاڵییه‌کان، دوو ئه‌رکی جیاوازیان گرته‌ ئه‌ستۆی خۆیان؛ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و ناوچه‌یی، زۆر جار سه‌ندیکاکان ئه‌و کارانه‌یان هه‌ڵده‌سوڕاند، یان چاودێرییان ده‌کردن.
له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری، ئه‌نجومه‌نی گشتی جوتیاران له‌ هه‌موو گوندێك ئەنجومەنێکی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵده‌بژارد، بێجگە ‌له‌ سکرتێر، هه‌موو کارگه‌ران له‌ کاری بازووییدا به‌رده‌وام بوون، بۆ تەندروستە‌کان له‌‌نێوان تەمەنی هه‌ژده ‌و شه‌شت‌ ساڵیدا کارکردن دەبوویی بوو، جوتیاران به‌سه‌ر ده‌سته‌ی ده (١٠)‌ که‌سییدا دابه‌شبووبوون، یان بەسەر زیاتردا، له ‌سه‌روویانه‌وه‌ نوێنه‌رێك ‌هه‌بوو، بەگوێرەی ته‌مه‌ن و سروشتی کار بۆ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك ناوچه‌یه‌کی کشتوکاڵی دیاریده‌کراو ده‌درایه‌ ده‌ستیان، هه‌موو ئێواره‌یه‌ك ئەنجومەنی به‌ڕێوه‌بردن، نوێنه‌ره‌کانی کۆده‌کردنه‌وه ‌و ئەنجومەن‌ی شار داوای له‌ هەرەوەزییه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کان ده‌کرد، که‌ به‌ ڕاپۆرت چالاکییە‌کانیان بخه‌نه‌ڕوو.

بێجگە ‌له‌ پۆشاك، که‌لوپه‌ل و پێداویستییەکانی نێوماڵ، پاشه‌که‌وتی که‌سی، ئاژه‌ڵی گچکه‌، باخچه‌ی ماڵان، باڵنده‌ ماڵییه‌کان، که‌ بۆ به‌کارهێنانی خێزانی ئاماده‌کرابوون، هه‌موو شته‌کانی دیکە هاوبه‌شیبوون، پیشه‌کاران، ئارایشته‌کاران، کەوشدووران … تد له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا کۆبووبونه‌وه‌، مه‌ڕ و ماڵاته‌کان کۆکرابوونه‌وه‌، سه‌دان ڕانه‌مه‌ڕ به‌ شوانه‌کان درابوون له‌نێو چیاکاندا دابه‌شده‌کران به‌سه‌ر هه‌موواندا.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ جۆری دابه‌شکردنی به‌رهه‌مه‌کانه‌وه‌ هه‌بوو، چه‌ند جۆرێك تاقیکرایه‌وه‌، بۆ نموونه‌ کۆمونیزمی ته‌واو، که‌ زاده‌ی ڕێکخستنی هه‌روه‌زیی بوو، بێجگە ‌له‌وه‌ تاقیکردنه‌وە و‌ پێکه‌وه‌لکاندنی ئه‌و دوو جۆره‌، زۆر جار کرێی دیاریکراو، بەگوێرەی پێویستییه‌کانی ئه‌ندامه‌کانی خێزان دیاریده‌کرا، سه‌ری گه‌وره‌ی خێزان، له‌جیاتی ئه‌و کرێیه‌ کارتێکی وه‌رده‌گرت، که‌ بڕێکی دیاریکراوی (پێزه‌تاس  Pesetas)، واته‌ دراوی ئیسپانی له‌سه‌ر تۆمارکرابوو، سه‌ری گه‌وره‌ی خێزان ده‌یتوانی به‌و کارته‌ له‌ دوکانه‌کانی شاره‌وانییه‌کان که‌لوپه‌لی به‌کارهێنان له‌و دوکانانه‌ له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك هه‌بوون، له‌ کڵێسه‌کان و پاشکۆکانیان وه‌ربگرێت. ئەگه‌ر بڕێکی ئه‌و به‌هایه‌ به‌کارنه‌هێنرایه‌، ده‌توانرا بخرێته‌ سه‌ر پاشه‌که‌وتی که‌سیی، به‌و جۆره‌ ده‌توانرا به‌هایه‌کی زیاتر ده‌ستبخرێت، کرێی نیشته‌جێبوون، کاره‌با، چاره‌سەری پزیشکیی، ده‌رمان، یارمه‌تی په‌ککه‌وته‌کان…تد هه‌موو خۆڕایی بوون، له‌ته‌ك ئه‌وەشدا خوێندن، په‌رستگە کۆنه‌کان کرابوون به‌ خوێندگه‌، تا ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵی خوێندن دەبوویی بوو، سپاردنی کاری بازوویی بە کەسانی خوار ئەو ته‌مه‌نه‌ قەدەخەبوو.

ئازادیخوازه‌کان خه‌مخۆری ئازادی تاك بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ جەختیانده‌کرده‌وه‌، که‌ ده‌بێت پابه‌ندبوون به‌ هەرەوەزییەکانه‌وه‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بێت، نه‌بوونی فشار له‌سه‌ر خاوه‌نداراییه‌ گچکه‌کان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، کە هه‌ندێکیان دووره‌په‌رێز بوون و نه‌چووبوونه‌ هەرەوەزییه‌کانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ لایه‌نگرانی خۆبەسێیبوون [خودکەفایی]، له‌به‌رئه‌وه‌ سوودمه‌ند له‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان نه‌بوون، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو،  له‌ کاره‌ هاوبه‌شیه‌کاندا به‌شداریبکه‌ن و له‌ هه‌ندێك یارمه‌تی هەرەوەزیی سوودمه‌ندبن،هه‌روه‌ها مافی ئه‌وه‌شیان هه‌بوو به‌شداری ئه‌نجومه‌نه‌ گشتییه‌کان بکه‌ن و ده‌یانتوانی به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ دوکانه‌کانی شاره‌وانیه‌کاندا بخەنەڕوو، به‌ڵام قەدەخەبوو له‌وه‌ زیاتر زه‌ویان هه‌بێت، که‌ ده‌یچێنن، ه‌روه‌ها قەدەخە بوو خۆیان و داراییه‌کانیان بۆ شێواندنی سیستمی سۆسیالیستیی به‌کاربهێنن، له‌ملا و ئه‌ولا ئاره‌زوومه‌ندانه‌ زه‌وییه‌کی زۆری جوتیاره‌ تاکخوازه‌کان خرایه‌ سه‌ر زه‌وییه‌ به‌هاوبه‌شییکراوه‌کانی گونده‌کان، ئه‌وه‌ش بووبووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌، که‌ ژماره‌ی جوتیاره‌کان و بازرگانه‌ تاکخوازه‌کان که‌مببێته‌وه‌، ئه‌وان هه‌ستیان به‌ دابڕان و گۆشه‌گیریی کرد، ناچار ئاوایان به‌باشترزانی بچنه‌ نێو هەرەوەزییه‌کانه‌وە.

ده‌رکه‌وت، ئه‌و یه‌کانه‌ی که‌ باوه‌ڕی کرێی هەرەوەزییان په‌یڕه‌وده‌کرد، ته‌مه‌ندرێژتر بوون، له‌وانه‌ که‌ سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی کۆمونیزمی ته‌واو بوون، یه‌که‌کانی کۆمونیزمی ته‌واو به‌ژماره‌ که‌مبوون، گرنگییه‌کی ئه‌وتۆیان به‌و خۆپه‌رستییه‌ ڕه‌گئه‌ستوره‌کەی ناوناخی سروشتی مرۆڤایه‌تی نه‌ده‌دا، به‌تایبه‌تی لای ژنان، له‌ هه‌ندێك گونددا پاره‌ی ئاڵوگۆڕپێکردن له‌نێو برابوو، هه‌مووان دارایی گشتیان به‌کارده‌هێنا، به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان که‌وتبوونه‌ نێو بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وه ‌و بێفه‌ڕی خۆبەسێی که‌وته‌ڕوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تاکخوازی و دابڕان له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ندێك له‌ خاوه‌نداراییه‌ گچکه‌کان ده‌ستیانکێشایه‌وه‌، ئه‌وانه‌ زیاتر ئه‌وانه‌ بوون، که‌ به‌رله‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌نی ئاوەزێکی کۆمونیستی چووبوونه‌ نێو هەرەوەزییه‌کانه‌وه‌‌.

شارۆچکەکان له‌ فیدراڵییه‌ کانتۆنییه‌کاندا یه‌کیانگرتبوو، ئه‌وانیش له‌ فیدریاڵییه‌کانی هه‌رێمییه‌کاندا یه‌کانگیربوون، ***‌ لەسەر بنەمای سەرەتاکان  هه‌موو زەوییەکانی فیدراڵییە کانتۆنه‌کانی نه‌گرتبووه‌وه‌، هیچ پارچه‌ زەوییەك نه‌بوو به‌ تۆپزی وه‌لانرابێت، واته‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری هاریکاریی نێوان گونده‌کاندا بێت، سندوقه‌کانی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و هەرەوەزییانه دروستبوون‌، که‌ کەمدەرامەت بوون، واته‌ ئه‌وانه‌ی که‌ لە ڕووی ئامرازه‌کانی کارکردن و که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانەوە هەژاربوون، ئه‌وا ئامراز و که‌ره‌سه‌ و ده‌ستی کارکردنیان پێده‌درا، له‌یه‌کنه‌چویی به‌هاوبه‌شیکردن، له‌ جیاوازی گرنگیی هه‌رێمه‌کانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، (کاتالۆنیا) هه‌رێمی داراییه‌ گچکه‌کان و نێوەنجییه‌کان بوو، له‌وێ دابونه‌ریتی تاکخوازی باوبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وێ به‌هاوبه‌شییکردن، ته‌نها بریتیبوو له ‌چه‌ند هەرەوەزییه‌کی نموونه‌یی، له‌ (ئاراگۆن) به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو، سێ له‌سه‌ر چواری به‌هاوبه‌شییکرابوو، کاروانی یەکینە جه‌نگاوه‌ره‌کانی (دیورتیDurrti) به‌ره‌و باشوور بۆ جه‌نگکردن دژی فرانکۆیییه‌کان چووبوو، له‌ هه‌مانکاتدا بۆ دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێکی شۆڕشگێڕ، له‌ ئیسپانیای کۆماری، ده‌سه‌ڵاتێك، که ‌له‌ جەماوەرە‌ سه‌رچاوه‌بگرتبێت، ئه‌و ڕه‌وه‌ بووه‌ بزوێنه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ری سه‌پانه‌کان 450 هەرەوەزییان دروستکرد، که ‌500.000 که‌س تیایاندا به‌شداربوون، له‌ ناوچەی پێنج هەرێمکە (الأقالیم الخمسة) واته‌ لۆڤان، که (ڤالێنسیا Valencia) پایته‌ختی بوو، ده‌وڵه‌مه‌ندتریین ناوچه‌ی ئیسپانیا بوو، لەوێ نزیکه‌ی 900 هەرەوەزیی دروستکرا، کە له ‌ %43ی گەرە‌کان****ی له‌خۆگرتبوو، له‌وێ له ‌%50ی ترشییه‌کان به‌رهه‌مده‌هێنرا، ڕێژه‌ی، له‌%70ی له‌ (کاستل) بوو، له‌وێ به‌ به‌شداری  100.000  که‌س، 300 هەرەوەزیی دروستبووبوون، به‌هاوبه‌شیکردن گه‌یشته‌ ناوچه‌ی (أسترمادور) و به‌شێك له‌ (ئەندولوس) و (ئەستورياس)، واته‌ باکووری ئیسپانیا، له‌وێ هه‌ندێك ڕاڕایی و پاشه‌کشێ ڕوویدا، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند چاره‌سکرا.

پێویسته‌ ئاماژە بە‌وه‌ بکەین، که‌ شایه‌تی (گاستۆن لوڤان) به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و که‌سانه‌وه‌یه‌، که‌ لەو بڕوایەدان بوون،‌ ئه‌و سۆسیالیزمه‌ بناخه‌ییه‌، کرده‌ی ئازادیخوازه‌ سه‌ندیکالیستیه‌کان بوو، ئه‌و ده‌ڵێت “به‌بێ ئه‌وه‌ی ئازادیخوازه‌کان به‌وه‌ بزانن، له‌و هه‌رێمانه‌دا، جوتیاره‌ سۆسیال دیموکراته‌کان و کریستییه‌کان و ته‌نانه‌ت کۆمونیسته‌کانی ناوچه‌ی(ئەستوریاس) ده‌ستپێشخه‌رانی ئه‌و جه‌مکردنه‌وه‌یه‌ بوون.

تا ئه‌و ده‌مه‌ی دوژمنانی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان بۆگه‌ن نه‌کردبوو، جه‌نگیش نه‌بووبووه‌ به‌ربه‌ستی، هیچ گومان له ‌سه‌رکه‌وتنی خۆبه‌ڕێوه‌بردن له‌کایه‌دا نه‌بوو، هه‌ندێك له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کان، له‌ دواکه‌وتوویی کشتوکاڵی ئیسپانیاوه‌ سه‌رچاوه‌یانگرتبوو، ژمارده‌کردنی داراییه‌ گه‌وره‌کان کارێکی سه‌خت نه‌بوو، چونکه‌ ژماره‌یان که‌م بوو،نیوه‌ی زەوییەکانی ئیسپانیا دارایی ده (١٠)‌ هه‌زار ده‌ره‌به‌گ بوون، ئه‌وانیش وه‌هایان به‌باشترزانی زەوییەکان به‌ نه‌چێنراوی به‌جێبهێڵن، نه‌با توێژێك له‌ چێنه‌ران دروستببێت و هه‌قده‌ستی باشتر به‌ سه‌پانه‌کان بده‌ن و ئه‌وه‌ش ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ پێگه‌ی سه‌روه‌رانی چه‌رخه‌کانی نێوه‌ڕاست، به‌و جۆره‌ سەرماگوزاری سامانه‌‌ سروشتییه‌کانی زه‌وی ئیسپانیا دواکه‌وت.
بەگوێرەی نه‌خشه‌یه‌کی گشتی و له ‌سایه‌ی ڕێنمایی و فه‌رمانه‌کانی ئه‌ندازیاران و ته‌کنیکزانانی بواری کشتوکاڵی،زەوییەکی زۆر ده‌سخرا و به‌ زەوییەکانی دیکه‌وه‌ لکێنرا، داهات زۆرتر بوو و له ‌%30‌  گه‌یشته‌  ‌%50، ڕێگه‌کانی کارکردن و وزه‌ی مرۆیی و میکانیکی ئاوەزگیرانە‌تر به‌کارده‌هێنران و ڕووبه‌ره‌ چێندراوەکان زیادیکرد، شێوازه‌کانی کارکردن پێشکه‌وتن، وه‌زه‌ی مرۆیی و ئاژه‌ڵی و میکانیکی ئاوەزگیرانەتر به‌کارده‌هێنرا، هه‌مه‌جۆریی چاندن سه‌ریهڵدا، ئاوەڕۆ و ئاودێران پێشکه‌وتن، ڕواندنی دار و دره‌خت به‌شێکی زۆری وڵاتی ته‌نی، جێگه‌کانی به‌خێوکردنی به‌راز دروستکران، خوێندگه‌ی ته‌کنیکی دروستکران و کێڵگه‌ی نموونه‌ی دامه‌زێنران، ئاژه‌ڵه‌کان زۆرتر بوون و هەژمارکران، ده‌ستکرا به‌ دروستکردنی پیشه‌سازی یاریده‌ر، بێبێجگە‌ له‌وانه‌ سه‌رهه‌ڵدانی هاوبه‌شییه‌کان و سه‌رکه‌وتنیان، پڕکردنه‌وه‌ی جێگه‌ی داراییه‌ گه‌وره‌ وازلێهێنراوه‌ نه‌چێنراوه‌کان،هه‌روه‌ها سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و داراییه‌ گچکانه‌دا، که‌ به‌ ته‌کنیکی کۆن و به‌شێوازێکی سه‌ره‌تایی و به‌بێ به‌کارهێنانی په‌ین و به‌ تۆوی خراپ چێنرابوون.

هه‌رهیچ نه‌بێت، به‌لایەنی که‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنرا، سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی نه‌خشه‌یه‌کی کشتوکاڵی بوو، ‌له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئامارگیرییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی هاوبه‌شیی هەرەوەزییه‌کان بۆ فرۆشتن، که‌ کۆمیته‌ کانتۆنییه‌کان کۆیده‌کردنه‌وه‌ و نیشانیانده‌دا، دوای چاودێرییکردنی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تیه‌وه‌، له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی هه‌رێمه‌وه‌، بێجگە‌ له‌و چاودێریکاریه‌، بازرگانی ده‌ره‌وه‌ش ئه‌رکی کۆمیته‌ی هه‌رێمەکان بوو، به‌رهه‌مه‌ پیشاندراوه‌کانی کۆده‌کرده‌وه‌ بۆ فرۆشتن، له‌به‌رامبه‌ریدا به‌هاوبه‌شی پێویستییه‌کانی ناوچه‌کانی ده‌کڕی، ئازادیخوازیخوازیی سه‌ندیکالیستی کشتوکاڵیی ناوچه‌ی (لوڤان) نیشانیدا، که‌ خاوه‌نی باشتریین توانای ڕێکخستنی کۆکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانه‌، له‌و ناوچه‌یه‌ هەناردەی ترشییه‌کان پێویستیی هەبوونی پرۆگرام و ته‌کنیکێکی نوێی سه‌پاند، گه‌رچی هه‌ندێك جیاوازی و توندوتیژی له‌نێوان به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا ڕوویدا، به‌ڵام به‌ جۆرێکی نایاب کار به‌و پرۆگرام و ته‌کنیکه‌ نوێیه‌ کرا.
هاوتەریبی ‌ پێشکه‌وتنه‌ مادیه‌که‌، ڕۆشنبیریش پێشکه‌وت، بەگوێرەی ته‌مه‌ن له‌نێوبردنی نه‌خوێنده‌واری دەستپێکرا، فیدرالییه‌کانی هه‌رێمیه‌کان بۆ گونده‌کان پرۆگرامی وانه‌گوتنه‌وه‌ و ئاهه‌نگی سینه‌مایی و شانۆکاریان داڕشت، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، که‌ زوربه‌ی زۆری گه‌ل نه‌خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ له‌ زیره‌کی و ده‌ستپێشخه‌ریی گه‌ل خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، جوتیاران خستیانەڕوو، که‌ خاوه‌نی هۆشیاری سۆسیالیستیین، شاره‌زای کارکردنن، توانای ڕێکخستیان به‌هێزه ‌و ئاوەزی هاریکاریان بڵند و پێشکه‌وتووه‌، ئه‌و ئاوەزه‌ چاودێره‌ بیانییه‌کانی سه‌رسامکردبوو (فیرنەر بۆرکوەی  Ferner Borkway) له‌ (پارتی کار)ی سه‌ربه‌خۆ، پاش سه‌ردانی هەرەوەزیی (سێگۆرب Segorbe) وتوویه‌تی ” ئاوەز و به‌جۆشی به‌شداریکردنی هه‌ر جوتیارێك له‌ هاوبه‌شیکاریدا، مایه‌ی شانازییه‌ و سه‌رسوڕهێنه‌، شایه‌نی ستاییشکردن”.

خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له‌ بواری پیشه‌سازیشدا سه‌رکه‌وت به‌تایبه‌تی له‌ (کاتالۆنیا) پیشه‌سازی له‌و هه‌رێمه‌ بەراورد بە هه‌رێمه‌کانی دیکە، پێشکه‌وتوتر بوو، له‌و جێگایانه‌دا که‌ خاوه‌نکاره‌کان هه‌ڵهاتبوون، کرێکاران خۆبەخۆیی ڕه‌وایەتیان به‌ به‌ربه‌ڕێکردنی کارگه‌کان دا، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا که‌ کرێکاران خاوه‌نی ئه‌زمونێکی زۆر نه‌بوون، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوارمانگ کرێکاران به‌بێ خۆتێهه‌ڵقورتانی ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌کانی (به‌رشه‌لۆنه‌)یان، له‌ژێر شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای ڕه‌ش و سوری*****  (کۆنفدرالی نیشتمانی بۆ کار) به‌ڕێوه‌بردن، ئه‌و کاتە‌ له‌وێ بارودۆخه‌که‌، نه‌وه‌ك روسیای 1917 بوو و نه‌وه‌ك سه‌رده‌می داگیرکردنی کارگه‌کانی ئیتالیای 1920 بوو، ته‌کنیکزانه‌کان چوونه‌ پاڵ کارگه‌ران، له‌و ناوچه‌یه‌ واته‌ (کاتالۆنیا) هه‌ر له‌ ڕۆژانی یه‌که‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستان بوو، له‌ته‌کیاندا ئه‌ندازیاره‌کانیش بوونه‌ لایه‌نگرانی به‌هاوبه‌شیکردن و یارمه‌تدانی کارگه‌ران.

ئۆکتۆبەری 1936 له‌ (به‌رشه‌لۆنە)، به‌ به‌شداری 600.000 کرێکار کۆنگره‌یه‌ك به‌سترا، به‌ هاوبه‌شیکردنی پیشه‌سازی بابه‌تی سه‌ره‌کی کۆنگرەکه‌ بوو، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا که‌ بڕیاری به‌هاوبه‌شیکردن درا، چاودێریکردنی حکومه‌تیش خزێنرایه‌ نێو خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌، به‌و چه‌شنه‌ دووکه‌رت دروستبوون، که‌رتی سۆسیالیستی و که‌رتی تایبه‌تی، ئه‌و کارگانه‌ی که‌ ژماره‌ی کرێکاره‌کانیان له‌ سه‌د کرێکار زیاتر بوو، بوون به‌هاوبه‌شی ئه‌وانه‌ش، که‌ ژماره‌یان له‌ نێوان په‌نجا و سه‌د کرێکار بوو، ئەگه‌ر سێ له‌سه‌ر چواری کرێکاران ڕازیووان، ده‌توانرا به‌هاوبه‌شی بکرێن، بێجگه‌ له‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشانکرا، که‌ ده‌کرێت داراییه‌کانی ئه‌وانه‌ش، که‌  له‌ پیلانگێڕیدا به‌شداربوون، به‌ هاوبه‌شی بکرێن، بێگومان پاش ئه‌وه‌ی، دادگەی گه‌ل به‌ پیلانگێڕی تاوانباریانده‌کات، هه‌روه‌ها به‌هاوبه‌شیکردنی دارایی، ئه‌و که‌رته‌ تایبه‌تیانه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان که‌ وەلانرابوون و ڕۆڵێکی گرنگیان له‌ ئابووری نیشتمانیدا هه‌بوو‌، ( له‌ ڕاستیدا هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ به‌ هاوبه‌شیکران).

کارگه‌ خۆیی به‌ڕێوه‌ده‌برا، کۆمیتەی به‌ڕێوه‌بردن، له‌ پێنج تا پازده‌ ئه‌ندام، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ نوێنه‌رانی په‌رژه‌وه‌ندییه‌ جیاوازه‌کان بوون، ئه‌و کۆمیتە‌یه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی  دەزگەی ڕێنوێنیکەر (جهاز الوصایة) نوێنه‌رێکی ده‌ستنیشانده‌کرد، تا له‌ دامه‌زراوه‌ گرنگه‌کاندا نوێنه‌ری هەبێت، بێجگە ‌له‌وه‌ بۆ هه‌ر کۆمیتە‌یه‌ك چاودێرێکی حکومه‌تی داده‌مه‌زێنرا، به‌و جۆره‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن واتای خۆی له‌ده‌ستدابوو، واتاکه‌ی پڕبه‌پێستی خۆی نه‌بوو، به‌ڕێوه‌بردنێکی هاوبه‌شبوو، له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌ودا له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تدا، واته‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن نه‌بوو، ئه‌نجومه‌نی گشتی لقی پیشه‌سازی، که‌ له‌ (چوار نوێنه‌ری کۆمیتە‌کانی به‌رێوه‌بردن و هه‌شت نوێنه‌ری سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان و چوار لە ته‌کنیککاران) پێکهاتبوو، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، کە کۆمیتە‌ی به‌ڕێوه‌بردن وەلابنێت، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ گشتییه‌، نه‌خشه‌ی به‌ڕێکردنی کاری داده‌ڕشت و قازانجه‌کانی دیاریده‌کردن.

له‌و دامه‌زراوانه‌دا، که‌ وه‌ك که‌رتی تایبه‌تی مابوونه‌وه‌، کۆمیتە‌ی کرێکاریی هه‌ڵده‌بژێردراو ئه‌رکی ئه‌وه‌بوو به ‌” په‌یوه‌ندی له‌ته‌ك خاوه‌نکاردا” چاودێری به‌رهه‌مهێنان و هه‌لومه‌رجه‌کانی کارکردن بکات.
له‌ کارگه‌ به‌هاوبه‌شیکراوه‌کاندا، کاریکرێگرته‌ وه‌ک خۆی مایه‌وه‌، کرێکار مووچه‌یه‌کی نه‌گۆڕاوی ده‌درایه‌، قازانجه‌کان له‌سه‌ر ئاستی کارگه‌ دابه‌شنه‌ده‌کران، دوای به‌هاوبه‌شییکردن مووچه‌ به‌رزنه‌کرایه‌وه‌، بڕی مووچە له‌ هاوبه‌شییه‌کاندا که‌متر بوو له‌چاو که‌رته‌ تایبه‌تیه‌کاندا، بڕیاری ڕاگەیاندراوی 24ی تشرینی یه‌که‌می 1936 سه‌ود  مامه‌ڵه‌ی ته‌بایبوون بوو، له‌نێوان به‌ئارەزووی ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆ و ئارەزووی – ڕێنوێنی دەوڵەتگەرایی الوصایة الدولانیة-دا، به‌واتایه‌کی دی له‌نێوان سه‌رمایه‌داریی و کۆمونیزمدا، ئه‌و بڕیارە ڕاگەیاند‌ شالیارێکی ئازادیخواز دایڕشتبوو، (کۆنفیدرالی نیشتمانی بۆ کار) په‌سه‌ندیکردبوو، ئه‌وه‌ش له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، که‌ سه‌رکرده‌ ئازادیخوازه‌کان له‌ حکومه‌تدا به‌شداربوون، واته‌ کلیلی پێشڕه‌ویکردنی ده‌وڵه‌تگه‌رایی، به‌ده‌ست خودی ئازادیخوازه‌کانەوە  بوو، ئینجا ئیتر چۆن ئه‌وان ده‌توانن دژی ئه‌وه‌ بوەستن و له‌وه‌ هه‌راسانبن، که‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ستوه‌رداته‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌؟ گه‌ر گورکێك بخرێته‌ ئاخوڕێکه‌وه‌، هورده‌ هورده‌ وه‌ك سه‌روه‌رێك ڕه‌فتارده‌کات.

هه‌رچه‌نده‌ دەستڕۆییشتووییەکی زۆر به‌ ئه‌نجومه‌نه‌ گشتیه‌کانی لقه‌ پیشه‌سازییه‌کان درابوو، به‌ڵام له‌ کاتی کردەییکردنەوەدا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئاره‌دا بوو، که‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن ببێته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی تایبه‌تمه‌ندیه‌کی خۆپه‌رستی، واته‌ دروستبوونی جۆرێك له‌ “هه‌ره‌وه‌زی پیشه‌یی بۆرجوازی” (پیرات) واته‌نی، که‌ هه‌ر یه‌که‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنان، ته‌نها گرنگی به‌ په‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی بدات، چه‌ند هەرەوەزییه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌بوون، چه‌ندێکی دیکەی هه‌ژاریش هه‌بوون، هه‌ندێکیان ده‌یانتوانی به‌ڕێژه‌یه‌کی دیاریکراو کرێی زۆرتر بده‌ن، هه‌ندێکیش توانای ئه‌وه‌یان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت کرێی پێش سەردەمی شۆڕشیش بده‌ن، هه‌ندێك خاوه‌نی زۆر که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی بوون، هه‌ندێکی دی به‌پێچه‌وانه‌وه‌. بۆ چاره‌سەرکردنی ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌، خێرا سندوقێکی نێوه‌ندی دروستکرا، تاکو به‌ویژدانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌کان دابه‌شبکات، کانونی یه‌که‌می  1936 له‌ (ڤالێنسیا‌) چه‌ند کۆبوونەوەیەکی سه‌ندیکایی کرا، بڕیاردرا ، که‌ به‌گوێرەی نه‌خشه‌یه‌کی گشتی ئۆرگانی که‌رته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان یارمه‌تی یه‌کدی بده‌ن، تا بتوانن خۆیان له‌ پێشبڕکێی په‌رشوبڵاوی زیانبه‌خش لابده‌ن، ئه‌و ده‌مه‌ به‌ بەرنامەڕێژییەوە له‌ ناوچه‌ی (کاتالۆنیا) ده‌ستیان به‌ ڕێکخستنی (پسپۆڕییه‌کان) کرد، سه‌دان دامه‌زراوه‌ی گچکه‌ داخران، یان لکێنران به‌و دامه‌زراوانه‌وه‌، که‌ خاوه‌نی که‌ره‌سه‌ و ئامرازی باشتر بوون، بۆ نموونه‌ ژماره‌ی کارگه‌کانی تواندنه‌وه‌ی ئاسن، له ‌70 دانه‌وه‌ کران به ‌24 دانه‌، پێستەگەرییەکان له ‌71 دانه‌وه‌ کران به ‌40دانه‌، کارگه‌کانی شووشه‌سازی له ‌100 دانه‌وه‌ کران بە 30 دانه‌، هه‌رچه‌نده‌ پیشه‌سازی، له‌ژێر چاودێریی سه‌ندیکاکاندا بوو، به‌ڵام کۆکرانەوەیان نه‌بووه‌ وزه‌به‌خشی گه‌شه‌کردنێکی نموونه‌یی، به‌و چه‌شنه‌ی که‌ ئازادیخوازه‌کان چاوه‌ڕوانییاندەکرد. بۆچی؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ستالینیسته‌کان و ڕیفۆرمخوازه‌کان دژی ئه‌وه‌بوون، که‌ به‌سه‌ر دارایی چینی نێوه‌نجیدا ده‌ستبگیرێت، ئەوان مامه‌خه‌ که‌رتی تایبه‌تی بوون و ستاییشیاندەکرد.

له‌ (کاتالۆنیا)ی کۆماری ئیسپانی، هه‌ندێك له‌ نێوه‌نده‌ پیشه‌سازییه‌کان بڕیاری راگەیێندراوی به‌هاوبه‌شیکردنی کاتالۆنی کردەیی‌ نه‌کرابوو، ژماره‌ی کۆکراوه‌کان که‌م بوو، له‌ زۆر له‌و دامه‌زراوانه‌ی ناوچه‌ی (ئەستورياس)، که‌ وه‌ك که‌رتی تایبه‌تی مابوونه‌وه‌، ته‌نها کۆمیتە‌ چاودێره‌ کرێکارییه‌کان هه‌بوون.

سه‌رکه‌وتنی خۆبه‌ڕێوه‌بردن له‌ بواری پیشه‌سازییدا هاوتای  لە ئاستی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی بواری کشتوکاڵی بوو، گەواهیدەرانی ئه‌و ئەزموونە‌، ته‌نها به‌وه‌ ڕازینه‌بوون، که ‌ئه‌و ئەزموونە گه‌وره‌ و گران ڕابگرن، به‌تایبه‌تی بواری به‌ڕێکردنی خزمەتگوزارییە په‌رژه‌وه‌ندییه‌ سڤیلییە‌کان سڤیلییەکان، که‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌بران، ناڵێین هه‌موو کارگه‌کان، به‌ڵام ده‌توانیین بڵێین به‌شێکی زۆر له‌ به‌هاوبه‌شیکراوه‌کان (سۆسیالیزم) به‌شدارییه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان دیت، له‌ جه‌نگدا ساڵی 1936 کارگه‌کانی چه‌کسازی له‌ ده‌ره‌وه‌ی (کاتالۆنیا) دروستکرابوون، ژماره‌یان که‌م بوو، له‌وێ خاوه‌نکاره‌کان هیچ ئومێد و بڕوایه‌کیان به‌ پرۆلیتاریای کاتالۆن نه‌مابوو، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی سه‌پاند، که‌ هه‌رچی زووتره‌ کارگه‌ران کارگه‌کانی به‌رشه‌لۆنه‌ بگۆڕن و بیانکه‌نه‌ خزمه‌تکاری پارێزگاری کۆماری، ئه‌وه‌بوو کارگه‌ران و ته‌کنیککاران، به‌ هه‌ڵپه‌ و وره‌یه‌کی به‌رز و به‌ ئاوەزێکی ده‌ستپێشکارانه‌وه‌، له‌نێو خۆیاندا که‌وتنه‌ پێشبڕکێ، توانیان ئامرازه‌کانی جه‌نگ بگه‌یێننه‌ به‌ره‌کانی جه‌نگ، له‌ته‌ك ئه‌وه‌دا هه‌وڵوکۆششێکی دی بۆ داهێنانی ته‌کنیکێك، که ‌له‌وه‌وپێش له‌ ئیسپانیا نه‌بوو و ئه‌و ته‌کنیکه‌ش له‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه‌ کیمیاییه‌کان بوو، ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆ دابینکردنی پێویستییه‌کانی جه‌نگ بوو، له‌سه‌ر ئاستی پێویستییه‌ سڤیلییە‌کانیش پیشه‌سازی به‌هاوبه‌شیکراو، به‌هه‌مان ڕیتمی (نەزمی) پێشکه‌وتوو ده‌ست بە گۆڕینی ڕیشاڵه‌کانی چنین، هه‌روه‌ها کەنابیس و توێکڵی چەڵتوك و سلیلۆز و شتی دیکە کرا.

په‌راوێز
* په‌ڕتوکی ( التحرریة من العقیدة الی الممارسة) دانییل غیرین
** گەڕەک محلات localités جمع محلة-و-ع
*** ده‌نووسین  بە گویرەی سەرەتاکان “مبدئیآ” چونکه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ندێك جیاوازی ڕوویدا له‌ نێوان هه‌ندێك گونددا -و-ع
**** ئه‌و خۆجێیانه‌ی باشوور، که‌ ئازادیخوازه‌کان سه‌رپه‌رشتیان نه‌ده‌کردن، سه‌پانه‌کان، هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌کرد، که‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی داراییه‌ گه‌وره‌کان گواستنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌یه‌، چونکه‌ شاره‌وانییه‌کان به‌ جۆرێکی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی ئه‌نجامیاندا و باری ژیانی سه‌پانه‌کان وه‌ك خۆی مایه‌وه‌، له‌وێ خۆبه‌ڕێوه‌بردن له‌ئارادا نه‌بوو -و-ع
***** ئاڵای ئەنارکۆ سەندیکالیستە ئازادیخوازەکان-و-ع

ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژاوا و باکوری کوردستان گومانی بۆ ده‌ستپێکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگای گروپه‌ خۆجێیه‌کانه‌وه‌ ، نه‌ هێڵاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژاوا و باکوری کوردستان گومانی بۆ ده‌ستپێکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگای گروپه‌ خۆجێیه‌کانه‌وه‌ ، نه‌ هێڵاوه‌ته‌وه‌.

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
27/01/2015

مێژوی ئه‌و هه‌وڵ و بزوتنه‌وانه‌ی که‌ ویستویانه‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ بری شۆڕشی سیاسی، بکه‌ن ، زۆر که‌من و ته‌نهاش له‌ چه‌ند جێگایه‌کی ئه‌م دونیایه‌دا کراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌کو حه‌قیقه‌تێکی هه‌میشه‌یی ماونه‌ته‌وه‌ که‌ شۆڕش یا نییه‌ یا ده‌بێت کۆمه‌ڵایتی بێت.  واته‌ گۆڕانکارییه‌کان ده‌بێت سه‌راپاگیری بێت هه‌ر له‌ گۆڕینی مێنته‌ڵێتی تاك، کوڵتور ، ڕۆشبیری و په‌روه‌رده‌کردن ، ئابوری ، ژینگه‌ و ئیکۆلۆجی ، چاره‌سه‌ر و ته‌ندروستی تا ده‌گاته‌ گۆڕانکاری سیاسی. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ به‌ کۆمه‌ڵایه‌تیکردنه‌وه‌ی شۆڕش له‌ پارتایه‌تیییه‌وه‌، له‌ده‌ستده‌رهێنانی له‌ چنگی حیزب و سه‌کرده‌ و ده‌سته‌بژێر و سیاسییه‌کانه‌وه‌ بۆ ده‌ستی خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ ، ده‌ستپێکردنی له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ و له‌ داخوازی خه‌ڵکانی په‌راوێز خراوه‌وه‌، نه‌ك له‌ سه‌ره‌وه. نه‌ك له‌ گۆڕینی باشتری ژیانی که‌مینه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌، ته‌نها ئه‌مه‌شه‌ که‌ ده‌سته‌به‌ری گۆڕانکارییه‌ سه‌ره‌کی و ناسه‌ره‌کییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ ده‌کات و سه‌رجه‌می کێشه‌و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵیش بنه‌بڕ ده‌کات.

مێژوی چه‌رخی ڕابوردوی به‌شه‌رییه‌ت، گه‌رچی له‌ چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌کدا یا وڵاتێکدا خاوه‌نی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌ گشتی مێژوییه‌کی ڕه‌شی پڕ له کوشتن و بڕین و جه‌نگی گه‌وره‌ و گچکه‌ی نێوانی حکومه‌ته‌کان و جه‌نگی ئه‌هلی و ڕاکه‌ڕاکه‌ی برسێتی و ڕوتی و ڕه‌جاڵی و کۆچ و هه‌ڵکه‌ندنی ملیوێنه‌ها خه‌ڵکی ده‌ربه‌ده‌ر و چه‌وسانده‌نه‌وه‌ی زۆرینه‌ و‌ ژیانه‌وه‌ی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دین و مه‌زهه‌ب و چه‌نده‌ها خراپه‌کاری دیکه‌، هه‌ر هه‌مووشی به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ بووه‌. گومانیشی تیادا نییه‌ که‌ دروستبوونی حیزبگه‌لێکی یه‌کجار زۆری هه‌مه‌چه‌شنه‌ی ده‌سه‌ڵاتخواز و به‌هه‌ڵپه بۆ ده‌سه‌ڵات ، که‌ هیچ وه‌خت هیچکامێکیان سڵیان له‌ خراپه‌کاری بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات بۆ تاکه‌ چرکه‌یه‌کیش، نه‌کردۆته‌وه‌، هۆکارێکی گرنگ بوون‌. حیزبه‌کان و سیاسییه‌کان له‌م ماوه‌ دوور و درێژه‌دا به‌ ئێستاشه‌وه له‌ گرتنه‌به‌ر ی هه‌ر جۆره‌ سیسته‌مێك : دیمۆکراسی ، دیکتاتۆری جا ئیدی له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ یا کوده‌تاوه‌ یا جێنشینییه‌وه‌ بووبێت هیچی له‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ نه‌گۆڕیوه‌ و هه‌میشه‌ش ئامرازی ده‌ستی خه‌ڵکانی ده‌ستڕۆیشتو و ده‌وڵه‌مه‌ند و ناوداری نێو کۆمه‌ڵ وبانقه‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان ، بوون.

ئه‌م مێژووه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌ حیزبه‌کان له‌ دینییانه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یی له‌ چه‌پیانه‌وه‌ بۆ ڕاستیان له‌ موحافیزکاریانه‌وه‌ بۆ لیبراڵ له‌ کۆمۆنیستیانه‌وه‌ بۆ سۆشیالیستی ده‌سه‌ڵاتخواز ، ئه‌وه‌نده‌ی که‌ زه‌مینه‌ی ژیاندنه‌وه‌ و به‌رقه‌راری و به‌رژه‌وه‌ندی ناوکۆیی، له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ جیاوازی له‌ نێوانیاندا نه‌بووه‌ ، نه‌ك هه‌ر له‌ ئامانجه‌کانیاندا به‌ڵکو له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و خه‌ڵکانه‌شی که‌ کراونه‌ته‌ په‌یژه‌ یا پلیکانه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج و مه‌رامیان به‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ نێوه‌ندی خه‌ڵکانی هه‌ژار و به‌شخوراوانیشدا ئه‌وه‌نده‌ی جیاوازی سیاسی له‌ نێوانیاند هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌بایی له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان به‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌که‌مدا، ناومهێنان ، نه‌بوون و نین‌ . به‌ واتایه‌کی دیکه‌ هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ له‌ سنور و بازنه‌ی په‌رده‌وازه‌یی و نادۆستایه‌تی نێوانیان و به‌نده‌یه‌تی بۆ خاوه‌نکار و خاوه‌نزه‌وییه‌کانیان، بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ .

له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دووژمنکاری و کارکردن له‌سه‌ر دابڕانی خه‌ڵکی له‌ یه‌کدی و په‌رده‌وازه‌یی و هێنانی ئه‌م هه‌موو جه‌نگ و نه‌هامه‌تی و بێکاری و هه‌ڵکه‌ندن له‌ جێگه‌ی خۆو ……هێشتا ئه‌م حیزبانه‌ به‌ هێزن و له‌ لایه‌ن زۆرینه‌یه‌که‌وه‌ ، به‌ تاکه‌ ڕیگایه‌ك له‌ سه‌رفرازکردنی به‌شه‌رییه‌تدا، ده‌زانرێن و ده‌ناسرێن. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ خه‌ڵکی تا ئێستاش پشتیان تێنه‌کردون، متمانه‌یان پێده‌که‌ن و ده‌نگ و ده‌م و مێشك و کرده‌وه‌ی خۆیانییان پێده‌به‌خشن . دیاره‌ ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆی هه‌یه‌ و من له‌ وتاری ” هێزه‌ تاریکه‌کان ” که‌ له‌ 14/11/2012 دا په‌نجه‌م بۆ هه‌ندێکیان ڕاكێشاون. هاوکاتیش خه‌ڵکانێکی زۆریش هه‌نه‌ که‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئاکامه‌ی که‌ بڕوا ومتمانه‌ی خۆیانیان له‌ پارته‌ سیاسییه‌کان سه‌ندۆته‌وه‌ و به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی سه‌ره‌گێژه‌یی و واقوڕمان و بێمتمانه‌یی به‌خۆیان ده‌ژین و به‌شێك له‌مانه‌ش ئه‌زمونی که‌سایه‌تی خۆیان و خه‌ڵکانی دیکه‌ش، بێ ئومێدی کردون که‌ باوه‌ڕیان به‌ هیچ نه‌مێنێت . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا خه‌ڵکانێك هه‌ن که‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی که‌ گۆڕانه‌ سیاسییه‌کان ، گۆڕانکاری له‌ چه‌شنی حکومه‌ته‌کاندا ده‌کات، نه‌ك له‌ سیسته‌مه‌که‌دا ، له‌ ڕوکه‌ش و شته‌ هه‌ره‌ گچکه و لاوه‌کییه‌کاندا ده‌کات، نه‌ك له‌ گرفته‌ گه‌وره‌و جه‌وهه‌رییه‌کاندا. له‌ناو ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌شدا خه‌ڵکیان تیادا هه‌یه‌ که‌ به‌ گومانن که‌ له‌ ڕێگه‌ی گروپه‌ لۆکاڵییه‌کانه‌وه‌ بتوانرێت شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بکرێت.

من لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌ زه‌روره‌ی هۆکاری درو‌ستبوونی گروپه‌ خۆجێیه‌کان و ڕۆڵیان بکه‌م، چونکه‌ له‌ وتاری ” بۆچی دروستکردنی گروپه‌ لۆکاڵییه‌کان زه‌رورییه‌؟ ” که‌ به‌ به‌رواری 16/01/2012 نوسیومه‌ و بڵاومکردۆته‌وه‌ زۆر به‌ درێژی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی گروپه‌کان و بواری تێکۆشانیان و پێکهاته‌ی دروستبوونیان و ئامانجیان و یه‌کگرتنه‌وه‌یان له‌ تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌سه‌ر ئاستی دێهات و شارو شارۆچکه‌ و ده‌ڤه‌ر و وڵاتدا، دوواوم . ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌رنجی خوێنه‌ر و خه‌ڵکی بۆ ڕاکێشم ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڵێم ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژاوا و باکور ئه‌و گومانه‌یان له‌ کارایی و کاریگه‌ری ڕۆڵی ئه‌م گروپانه‌ له‌ کردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و لاوه‌خستنی ، یا لانیکه‌م، که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی حیزب و حیزبایه‌تی، ڕه‌وانه‌وه‌ .
ئه‌و دوو ئه‌زموونه‌ گه‌رچی له‌ ئامانج و ڕه‌نگه‌ له‌ چونێتی پێکهاته‌ی گروپیییاندا و له‌ پشتبوونی جوتێك حیزبی تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك، له‌یه‌که‌وه‌ نزیکن و هاوبه‌شن ، به‌ڵام له‌ دوو زه‌مینه‌ و له‌ دوو شوێنی یه‌کجار جیاوازدا دروستبوون که‌ سه‌رجه‌می جیهانیش له‌ یه‌کێك له‌و دوو شێوه‌یه‌ ، ده‌رناچێت.

یه‌که‌میان ته‌جروبه‌ی ڕۆژاوایه‌ که‌ دوای کشانه‌وه‌ و ده‌رکردنی هێزه‌کانی ڕژێم له‌وێ بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراسی ( ته‌ڤده‌م) دروستبوو به‌ دروستبوونیی گروپه‌ لۆکاڵییه‌ جیاجیاکاندا و دواتریش یه‌کگرتنه‌وه‌یان له‌ ” ماڵی گه‌ل” دا ( من ئه‌مه‌م له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ڕۆژاوادا باس کردوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ پێویستی نازانم که‌ دووباره‌یان بکه‌مه‌وه‌) . که‌ تا ئێستاش ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌ قوڵبوونه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سهاتی زیاتردایه‌ بۆ خودی خه‌ڵکه‌که‌ ، گه‌رچی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌ناوبردندایه‌، به‌و ڕاده‌یه‌یه‌ که‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان و ستایش و کۆمه‌كپێکردنی زۆربه‌ی چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی جیهان به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا.

دووهه‌میان ته‌جروبه‌ی باکوری کوردستانه‌ که‌ لێره‌دا هیچ چواندنێك له‌ نێوانی ئه‌م و ئه‌وه‌ی ڕۆژاوادا نییه‌ . وه‌کو له‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا وتم له‌ ڕۆژاوا ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌ و خه‌ڵکانی ڕۆژاوا به‌ هه‌موو جیاوازییه‌ ئیتنیکییه‌کان و دینییه‌کان و ڕه‌گه‌زییه‌کانیانه‌وە ده‌ستیان کراوه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌یانویست بیکه‌ن و فشاری ڕژێمیان له‌سه‌ر نه‌مابوو . ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌ ڕویه‌که‌وه ‌ کردنی گۆڕانکارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و هه‌ڵزنانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بنه‌وه‌ به‌ باڵای به‌رزی کۆمه‌ڵ بۆ سه‌ره‌وه‌ ، ئاسان بوو، له‌ ڕویه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ، که‌ لایه‌نه‌ سه‌خته‌که‌یه‌تی ، تا ئێستاش له‌ژێر رهه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگی ناوخۆ و هاتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ڕژێم و هێڕشی هێزه‌ تیرۆریسته‌کان و گه‌مارۆی ئابوری و ڕۆشنبیری و په‌راوێزخستن و گه‌مارۆی دیکه‌ و ئه‌گه‌ری ڕوودانی جه‌نگی ناوخۆی پارتییه‌ کوردییه‌کان .. زۆری دیکه‌ له‌م مه‌ترسیانه‌ له‌ ئارادان. هه‌رچی ته‌جروبه‌ی باکوریشه‌ شتێکی ده‌قا و ده‌ق جیایه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی تورکی هه‌ر ماوه‌ له‌وێ و به‌به‌رده‌وامیش تیرۆری فکری و جه‌سته‌یی چالاکوان و که‌سوکاری چالاکوانان ده‌کات ، به‌ڵام لێره‌دا وه‌کو له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی سه‌ردانی ئه‌وێدا له‌ 02/11/14 له‌ژێر ناوی ” شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی دره‌نگ یاخود زوو، باکوری کوردستان، ڕاده‌ماڵێ ” نوسیومه‌، خه‌ڵکی له‌وێ چی دیکه‌ نایه‌وێت مل بۆ ده‌سه‌ڵات شۆڕبکات و وه‌کو جاری جاران سوکایه‌تی و به‌که‌مگرتنی و مه‌حرومکردنی له‌ مافه‌کانی، قبوڵ بکات. له‌ حاڵه‌تێکی ئاوادا که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌ی فاشی و به‌هیێز له‌وێدا هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ری ئه‌مه‌شدا ئیراده‌یه‌کی پۆڵاین و خه‌ڵکانێکی له‌ خۆبڕاو و ستراتیجێتێکی نوێ و تاکتییکێکی تازه‌ش که‌ تاکه‌ ڕێگا‌‌چاره‌یه‌که‌ بۆ چۆكدادانی ده‌وڵه‌ت و ڕژێمه‌که‌ی، بوونه‌ته‌ هێزێك، هێزێکی نوێ له‌ناو هێزێکی ده‌وڵه‌تیدا ، ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌وجودی ناو ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار . که‌واته‌ پاوه‌ر ، ده‌سه‌ڵات له‌ناو ده‌‌سه‌ڵاتدا دروستبووه‌ . که‌واته‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندگه‌رێیدا موئه‌سه‌سه‌یه‌کی خه‌ڵکی ، ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵکی ، ئیراده‌ و ئیداره‌ی خه‌ڵکی ڕاوه‌ستاوه‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژیش ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ره‌و پێشتر ده‌ڕوات ، که‌ ده‌یسه‌لمێنێت به‌ کۆمه‌ڵیکردنی شۆڕش ئه‌مه‌یه‌، ئه‌مه‌یه‌ ده‌ستپێکردنی شۆڕش له‌ بنی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ ، ئه‌مه‌یه‌ شاڕێ له‌ مه‌حفکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، به‌ بنکه‌نکردنی ، به‌لاوازکردنی.

ئه‌مه‌ی که‌ له‌ باکوردا کراوه‌ و به‌رده‌وامه‌ کرۆك و جه‌وهه‌ری گروپی خۆجێییه‌ ، جوانی و ڕه‌وایه‌تی و ئه‌م شێوه‌ خه‌باته‌یه‌، که‌ بنکه‌نکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌، لێدانه‌ له‌ هه‌موو ناوه‌ندگه‌راییه‌ک، نه‌هێڵانی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێره‌کانه‌ به‌ هێنانه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاره‌کان بۆ ناو خودی کۆمۆنێتییه‌کان . ئه‌م چه‌شنه‌ خه‌باته‌ش ده‌توانرێت ، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی میکانیکیانه‌ نا ، گشتگیری بکرێت به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و که‌له‌پوره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ری و دواتر به‌جێی ده‌هێڵێت به‌حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌راپای وڵاتان و ده‌ڤه‌ره‌کاندا هه‌یه.  که‌واته‌ دونیای ئه‌م چه‌شنه‌ خه‌باتکردنه‌ له‌ یه‌کێك له‌م دوو ته‌جروبه‌ گرنگه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌رناچێت، یا خه‌ڵک خۆی ده‌سه‌ڵاتی گه‌لی خۆی، بێ له‌ هه‌بوونی هێزی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، پێکده‌هێنێت، یاخود ده‌سه‌ڵات و پاوه‌ری خۆی له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵات و پاوه‌ری حکومه‌تی ناوه‌نددا، دروستده‌کات.‌

نکوڵی له‌وه‌ ناکرێت که‌ هه‌ر یه‌ك له‌و ته‌جروبه‌یه‌ حیزبێکی گه‌وره‌ و چه‌ند که‌له‌سه‌رێکی چالاکی له‌ هه‌ردو ده‌ڤه‌ردا له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ش ئاشکرایه‌ که‌ خه‌ڵکانێك ، با که‌مینه‌ش بن، له‌ناو هه‌ردوو حیزبدا هه‌ن و هانده‌ر و کۆمه‌ککار و پشتیوانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌ ده‌که‌ن و زۆر باشیش ده‌زانن که‌ هه‌موو هه‌نگاوێکی پێشه‌وه‌چوونی بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراسسی‌ ، بزمارێکه‌ له‌ تابوتی حیزب ده‌درێت و هاوکێشه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌یی ( عه‌کسی) لێره‌دا ڕێده‌کات ، ئه‌ویش‌ تا بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌هێز بێت ، بزوتنه‌وه‌ی حیزبی و حیزبایه‌تی لاواز و بێ هێز ده‌بێت، پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته‌. هه‌ر بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌ هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌که‌دا وا به‌و ئاسانییه،‌ نه‌ له‌ئێستادا و نه‌ له‌ ئاینده‌شدا، کۆنترۆڵناکرێت و ناخه‌سێنرێت. تازه‌ کوڵتورێک دروستبووه‌ ، ئه‌زموونێك پێی گرتووه‌ و به‌ڕێوه‌یه‌، نه‌وه‌یه‌کی نوێ هه‌ڵگرێتی ، ژنانێکی یه‌کجار زۆر باوه‌ڕو متمانه‌یان به‌ خۆیان په‌یدا کرده‌وه‌ و خۆیان سه‌پاندوه ‌و به‌شی هه‌ره‌ سه‌ره‌کین له‌ گۆڕانکارییه‌کاندا هه‌م له‌گۆرنکارییه‌کانی خودی خۆیاندا و هه‌م له‌ گۆڕانکارییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشدا، هه‌وادار و لایه‌نگرانێکی زۆریش له‌ ئه‌وروپاو شوێنانی دیکه‌وه‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ن …….کوڵتورێك ، ئه‌زموونێک ، نه‌وه‌یه‌کی نوێ، ئافره‌تانێك ..خاوه‌نی ده‌نگی خۆیانن ، به‌گژاچووه‌وه‌ی کوڵتوری کۆنه‌په‌رستانه‌ ، ده‌مامکی حیزبیانه‌ ، دیسه‌پلینی ستالینیانه‌ ..له‌کاردایه‌ و له‌ ڕکه‌به‌ریدا ده‌بن له‌گه‌ڵ حیزب و بزوتنه‌وه‌ی حیزبایه‌تی و هه‌موو چه‌شنێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناگه‌لی ، ناخۆیی. ئه‌و ڕۆحییه‌ته‌ ، ئه‌و ڕه‌وتی به‌گژاچونه‌وه‌یه‌، گه‌ر له‌ ئێستاشدا بتوانرێت له‌ژێر کۆنترۆڵ و فشاری حیزبیدا یا له‌ژێر فشاری هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان و ڕووداوه‌ چاوه‌ڕوننه‌کراوه‌کانی ئێستا و ئاینده‌یه‌کی نزیکدا، کپیش بکرێته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز پشکۆ گه‌شه‌کانی خامۆش ناکرێنه‌وه‌‌ . له‌ ڕاستیدا من ئه‌وه‌نده‌ی خۆشباوه‌ڕ و خۆشبینم به‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمکردن ، ئه‌وه‌نده‌ خۆشبین و خۆشباوه‌ڕ نیم به‌ سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری مه‌گه‌ر هه‌مان بزوتنه‌وه‌ لانی که‌م له‌ ناوچه‌که‌دا دروست ببێت ، یاخود سوشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی جیهان. له‌ ئاستێکدا بن که‌ بتوانن به‌ هێزی به‌شه‌ری و پسپۆڕی خۆیان له‌ بواری زهنی و عه‌مه‌لیدا به‌ ئابوری و ڕۆشنبیری و چاره‌سه‌ر و خه‌سته‌خانه‌و داووده‌رمان و پێداویستییه‌ زه‌رورییه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ، لێبڕاوانه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ بۆ من به‌گژاچوونه‌وه‌ و گیانی به‌رهه‌ڵستی و ته‌سلیم نه‌بوون و هۆشمه‌ندی به‌ بوونی دونیای زوڵم و زۆر و نایه‌کسانی، نادادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌ڕو شۆڕ و نه‌بوونی و برسسێتی و ده‌ربه‌ده‌ری و … هتد دیسانه‌وه‌ هۆشمه‌ندی به‌ گۆڕینی هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ دوونیایه‌کی به‌تاڵ له‌وانه‌ ، به‌ دونیای سۆشیالیزم/ئه‌نارکیزم، که‌ هه‌بوونی ئه‌مانه‌ کلیلێکن له‌ کردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ و به‌ده‌ستخستنی، من گه‌شبین و به‌ ئومێدم. ‌ ‌

ڕۆشنبیره‌ حیزبییه‌کانی کورد، به‌ ئاشکرا کار له‌سه‌ر ده‌مه‌زه‌ردکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوانی هه‌رێم و په‌که‌که‌ ده‌که‌ن

زاهیر باهیر-له‌نده‌ن

21/01/2015

له‌و ڕۆژه‌وه‌ی که‌ ئێزیدییه‌کان له‌ شه‌نگال بڕیانداوه‌ که‌ خۆیان کاره‌کانی خۆیان به‌ڕیوه‌به‌رن ، گه‌لێك له‌ڕۆشنبیره‌ حیزبییه‌کان به‌ڕاست و چه‌پدا له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وتار و پۆستی سه‌ر فه‌یسبووکن و به‌ گوێره‌ی سه‌لیقه‌ و بۆچونی خۆیان ئه‌و ڕوداوه‌ی ئێستا و ئاینده‌شی شیده‌که‌نه‌وه‌ و قسه‌ی له‌سه‌رده‌که‌ن، گوایه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وندی نه‌ته‌وه‌ی کورد نییه‌ و ئێستا کاتی یه‌کگرتنه‌ و په‌که‌که‌ فرسه‌تبازه‌ و ده‌ست له‌ باشوری کوردستان وه‌رده‌دات و گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه‌. که‌ زیاتر بۆنی خوێنی لێدێت تاکو بۆنی شیکرنده‌وه‌یه‌کی واقیعیانه‌ ی به‌ ویژدانه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌موو ئه‌م نوسه‌ره‌ حیزبییانه‌دا ‌ دیاره‌ که‌ به‌و چه‌شنه‌ قسان ده‌کات عارف قوربانی-یه‌ که‌ که‌سێکی ڕۆشنبیری دیاره‌ له‌ نێوه‌ندی ڕۆشنیران و سیاسییه‌کانی کورددا. قوربانی به‌ وتارێکی ئه‌م دوایه‌ی که‌ له‌ هاوڵاتیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌ویش دڵی خۆی له‌م ڕوداوه‌ کردووه‌‌ ته‌رزه‌ و هه‌ندێك قسه‌ی بێسه‌روبه‌ره‌ ده‌کات، بییه‌وێت و نه‌یه‌وێت وتاره‌که‌ی له‌ خزمه‌تی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوانی هه‌رێم و په‌که‌که‌دایه‌ . ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌و ناکۆکییانه‌شی که‌ ده‌یبینین له‌م نوسینه‌یدا، ئه‌و ده‌ڵێت ” هێشتا شه‌نگال له‌ژێر حوکمى دڕندانه‌ى داعشدایه‌، هێشتا شه‌نگال له‌چوارچێوه‌ى ماده‌ى 140ى ده‌ستورى عێراق به‌شێکه‌ له‌و ناوچانه‌ى سه‌ر به‌به‌غدان و نه‌توانراوه‌ به‌ڕێوشوێنى ده‌ستوریی و یاسایى بخرێته‌ ناو نه‌خشه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمه‌وه‌، که‌چى په‌که‌که‌ کانتۆنى ئیدارى بۆ دروستده‌کا” . باشه‌ گه‌ر خه‌ڵکی له‌ شه‌نگال دا بیانه‌وێت خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، خراپییه‌که‌ی له‌ چیدایه‌؟ که ‌له‌ کاتێکدا ‌ ئێوه (یه‌کێتی و پارتی )‌ هه‌ردوولاتان وا بۆ 12 ساڵی ڕه‌به‌ق ده‌چێت نه‌ك هه‌ر نه‌تانتوانیوه‌ شه‌نگاڵ و ناوچه‌کانی دیکه‌ بگێڕنه‌وه‌ سه‌ر کوردستان ، ته‌نانه‌ت نه‌شتانتوانیوه‌ که‌ وتووێژێکی به‌رگرتووشیان له‌سه‌ر بکه‌ن . که‌ کاتێك به‌ وتووێژ و ساز ش و کاره‌کانی دیکه‌تان نه‌تانتوانی هیچ بکه‌ن ده‌بوایه‌ خۆتان هانی خه‌ڵکانی شه‌نگالتان بدایه‌ که‌ خۆیان، خۆیان له‌ ” قوڕگی شێر ڕزگار بکه‌ن” .  که‌ ئه‌م بێ ده‌نگییه‌شتان کرد و هیچتان نه‌کرد ، ده‌ لێره‌شدا هه‌ر هیچ نه‌بیت ، هه‌ر بێده‌نگ بن. !!! هیچ نه‌بێت پێشه‌کی بچن قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و په‌که‌که‌دا بکه‌ن و بزانن ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌م بواره‌دا چی بکه‌ن و به‌ره‌و چ ئاقارێك پرۆژه‌که‌یان ده‌به‌ن. دوای ئه‌وه‌ به‌چ ڕویه‌که‌وه‌ ئێستا ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شانه‌ ده‌که‌ن !! ئێوه‌یه‌ك که له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌ویی 22 ساڵه‌تاندا که‌ گوایه‌ سوپاو هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایشتان هه‌یه‌ ‌و شانازیتان پێوه‌ ده‌کردن، به‌ڵام نه‌تانتوانی بۆ ماوه‌ی 22 چرکه‌ به‌رگری له‌و خه‌ڵکه‌ داماوه‌ بکه‌ن ، ئێستا به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ ده‌تانه‌وێت حوکمیان بکه‌ن؟!!!

هه‌ر به‌ دوای ئه‌و بڕگه‌یه‌دا کاک عارف ده‌ڵێت ” ده‌مێکه‌ هه‌ست به‌مه‌ترسى پیلان‌و پلانى هێزگه‌لێک ده‌کرێت، که‌ ده‌خوازن رێگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچونى ئه‌زمونى ئه‌م به‌شه‌ى کوردستان بگرن، به‌تایبه‌تیش له‌دواى ئه‌وه‌ى هه‌رێم بۆ یه‌که‌مجارو به‌ده‌نگێکى دلێره‌وه‌ وتى ده‌وڵه‌تى کوردیم ده‌وێت.” من له‌ کاك عارف ده‌پرسم کام ئه‌زموون؟ ئه‌زموونی گه‌نده‌ڵی ، کوشتنی ژنان و ڕۆژنامه‌وانان و چالاکوانی سیاسی و دروستکردنی به‌ندی مافیا و دزینی سامانی وڵات و قووتی خه‌ڵکی و سازشکردن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی و ده‌رو دراوسێ و جیهانی و ئاڵانی کوردستان له‌ شه‌ڕێکی نه‌بڕاوه‌یی و به‌رده‌وامیدا به‌ هێنانی داعش ، پیسکردنی ژینگه‌ و کارکردن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ و به‌هاکانی و وێرانکردنی له‌ هه‌موو بواره‌کانیدا: ئابوری کوڵتوری سیاسی ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵایه‌تی…هتد کام ئه‌زموون ئه‌و ئه‌زموونه‌ بێزراوه‌ خراپه‌ی که‌ هه‌مووان به‌چاوی خۆمان ڕ ۆژانه‌ ده‌یبینین؟!!.   ئه‌ی دیسانه‌وه‌ کامه‌یه‌ پێشکه‌وتن و به‌ره‌و پێشکه‌وتن که‌ کاك عارف باسی لێوه‌ ده‌کات؟!! خۆشی زۆر باش ده‌زانێت که‌ بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی شتێك نه‌بوو جگه‌ له‌ گه‌مه‌ی سیاسی و خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکییه‌وه‌!!! ئه‌مه‌ له‌ لای زۆربه‌مان ئاشکرا و ڕونه‌.

کاك عارف درێژه‌ به‌ نوسینه‌که‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت ” گۆڕینى ئاراسته‌ى شه‌ڕى داعش له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، په‌لکێشکردنى هێزى په‌که‌که‌ بۆ قوڵایى خاکى باشور له‌جه‌له‌ولاو که‌رکوک‌و تا نزیک حه‌مرین، بێ‌ ئاگادارى پێشوه‌خته‌ى دامه‌زراوه‌ شه‌رعى‌و ده‌وڵه‌تیه‌کانى هه‌رێم‌و ئیمراڵى، کردنى ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ته‌راتێنى سوپاى ده‌ره‌کى. سه‌ره‌تاى هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌کى ئێجگار گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ى تائێستا هه‌ستى پێده‌کر.” کورد ده‌مێکه‌ وتویانه‌ ” خۆت بده‌ به‌ کوشت بۆ بۆره‌ پیاو هێشتا به‌ دووژمنت ده‌زانێت” به‌ڕاستی ئاوایه‌. له‌ بری پیاهه‌ڵدان و نرخاندنی چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌و هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه و‌ ده‌ستخۆشی لێکردنیان و ستایشکردنی گیانبه‌ختکراوانیان، بۆ ئه‌وه‌ی کاك عارف و هاوڵاتییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ك کاك عارف ئاوا به‌ سه‌لامه‌تی و بێباکی له‌ناو ماڵ و منداڵانی خۆیاندا دانیشن ، که‌چی تانه‌یان لێده‌دا، وه‌کو سوپایه‌کی داگیرکه‌ر به‌خه‌ڵکیان ده‌ناسێنێت.!! هاوکات چاوی له‌ ئاستی ئه‌و ڕاستییه‌دا ده‌نوقێنی و هه‌رگیز زوقره‌ی ئه‌وه‌ ناکات که‌ ئه‌و پرسیاره‌ ڕووبه‌ڕوی بارزانی پارتی بکاته‌وه‌ که‌ بۆچی داعش و شه‌ڕی داعشیان ئاڵانه‌ کوردستانه‌وه‌؟!!

له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی نوسینه‌که‌یدا ده‌ڵێت ” ه‌وه‌ى په‌که‌که‌ له‌ شه‌نگال کردى، ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بۆ دروستکردنى مه‌یلى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتى لاى ئێزدیه‌کان که‌پێشتریش زۆر لایه‌ن کاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرد هانى ئێزدى بده‌ن که‌نکوڵى له‌کوردبونى خۆیان بکه‌ن، به‌ڵکو سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى له‌باشورو له‌ت‌و په‌تکردنى ئیداره‌ى هه‌رێم و تێکدانى ئه‌زمونى حوکمڕانى کوردى. که‌ ره‌نگه‌ له‌داهاتوى نزیکدا لێکه‌وته‌ى ترو ده‌رهاویشته‌ى رونتر وه‌ک ئاماژه‌ى ئه‌و مه‌ترسیه‌ هه‌ستپێبکه‌ین.” له‌م بڕگه‌یه‌دا کاك عارف باس له‌‌ شتێك ده‌کات که‌ به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 60 ساڵه‌ی دواییه‌دا ، ئێمه‌ نه‌مان بینیوه‌ که‌ ئه‌ویش : یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌!!! کام یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ؟ ئه‌و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که‌ تا ئێشتاش دوو ئه‌ماره‌ت له‌ کوردستاندا هه‌یه‌؟!! ئه‌و یه‌‌کێتییه‌ی که‌ به‌ هه‌زاره‌ها که‌سیان له‌ یه‌کدی کوشت ؟ ئه‌و یه‌کێتییه‌ لاوا‌زه‌ی که‌ گه‌ر ئێستا کاك عارف دوو وتاری شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ئاواش ‌ له‌سه‌ر نێوانی ئه‌وانیش بنوسێت، زۆر نزیکه‌ که‌ جه‌نگێکی دیکه‌ له‌ نێوانیاندا به‌رپابکات!! ته‌نانه‌ت یه‌کێتی له‌ناو حیزبه‌کانشدا نییه‌ چ له‌ناو پارتی و چ له‌ناو یه‌کێتی و چ له‌ناو گۆڕانیش-دا . لام سه‌یره‌ که‌ کاك عارف ده‌نوسێت و باس له‌ له‌ت و په‌تکردنی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌کات وه‌کو هه‌رێم خۆی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا به‌ له‌ت و په‌تی نه‌خولقابێت!!! هه‌ر له‌ خوار ئه‌و بڕگه‌وه‌ خۆی ده‌که‌وێته‌ ناکۆکییه‌وه‌ و پێ له‌وه‌ ده‌نێت که‌ کوردستان یه‌کگرتوو نییه‌ و ده‌ڵێت ” هاندانى جیاکردنه‌وه‌ى شه‌نگال له‌کوردستان زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌و ساتانه‌ى کوردستان بۆ دوو هه‌رێم دابه‌شکرابوو، مه‌ترسیدارتره‌ له‌وه‌ى ئێستاش هه‌رێم بکاته‌وه‌ به‌دوو له‌ت…”..

کاک عارف بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خوێنه‌ر بڵێت گوایه‌ ئه‌و ڕۆشنبیرێکی دیمۆکراتیخوازه‌ و ڕێز له‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌گرێت، ده‌نوسێت ” چونکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نها خۆبه‌ڕێوه‌بردنى کاروبارى ژیانى رۆژانه‌ى ئێزدیه‌کان نیه‌، که‌ئه‌وه‌ مافێکى سه‌ره‌تایى خۆیانه‌، پلانه‌که‌ بۆ دابڕینى خاک‌و کوشتنى رۆح‌و مه‌یلى پێکه‌وه‌ژیان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌که‌یانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان. وه‌ک پێشتر چه‌ند جارێک ئه‌م ئاماژه‌یه‌ له‌زارى به‌رپرسه‌کانیانه‌وه‌ هه‌ستى پێده‌کرا. ” به‌ڵام هه‌ر که‌س به‌ وردی ئه‌م وتاره‌ کورته‌، به‌ڵام پر له‌ غه‌زه‌ب و ڕكوکینه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌که‌که‌ ، بخوێنێته‌وه‌ ده‌زانێت که‌ به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و شه‌ڕه‌نگێزێتی وتاره‌که‌ی و په‌رۆشی له‌ده‌ستدانی ئیمتیازاته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و مشه‌خۆری و چه‌پاوڵی ڕۆشنبیرانی حیزبی ، له‌ پاڵ ئه‌و سێ و چوار وشه‌یه‌یه‌ی که‌ ده‌ریبڕیون، ‌ ناشارێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش ته‌نها وه‌کو دێوجامه‌یه‌ك به‌کاری هێناوه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی وتنی قسه‌ی ناڕاست و تاوانبارکردنی په‌که‌که‌و خۆڵکردنه‌ چاوی ئێمه‌شه‌وه‌ ، ‌ ده‌نا چۆن مرۆڤ ده‌توانێت ئاوا بێباکانه‌ و بێ به‌ڵگه‌ و له‌ گیرفانی خۆیه‌وه‌ بێته‌ قسه‌ و بوختان ببه‌خشێته‌وه‌‌ .

ئه‌و وتاره‌ی كاك عارف نوسێنێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێت که‌ له‌سه‌ری بنوسرێت چونکه‌ هێچ بڕگه‌یه‌کی نییه‌ شیاوی لێدوان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌و کۆتایی وتاره‌که‌ی به‌وه‌ ده‌هێنێت گوایه‌ په‌که‌که‌ به‌ بێ ڕاوێژ و پرس هاتۆته‌ که‌رکوك و‌ ئه‌مه‌ به‌ پلان و پیلان ده‌زانێت و داوا له‌ هه‌موو که‌سێك له‌ کوردستاندا ده‌کات، که‌ به‌ری پێبگرن . به‌ڵام کاك عارف هه‌موو ئه‌و پلان و پیلانگێڕییه‌ی که‌ لانی که‌م له‌ ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابووردوودا هه‌رێـم وه‌کو حکومه‌ت و پارته‌ سیاسییه‌کانیش دژی خه‌ڵکی هه‌ژار و ئاسایی کووردستان له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری سیاسی و ئابوریدا،ده‌یگێڕن نایبینێت، ئه‌وه‌ باله‌وه‌شیان بگه‌ڕێین که‌ ئه‌و هانی خه‌ڵکی نادات و به‌رپرسیاریان ناکات تاکو بۆ مافه‌کانی خۆیان ڕاوه‌ستنه‌ ‌ سه‌ر پێ!!!. فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بی ئه‌وه‌ی فلسێکی بگه‌ڕێته‌وه‌ باخه‌ڵی خه‌ڵکی کوردستان ، ئه‌مه‌ پیلانگێڕی نییه‌؟ کردنی گه‌مه‌ی سیاسی و دروستکردنی کرژی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندیدا به‌ هه‌ر بیانویه‌ك بێت، ئه‌مه‌ پیلانگێڕی نییه‌ ؟!! هێنانی داعش و ئاڵانی کوردستان له‌ جه‌نگه‌وه‌، پیلانگێڕی نییه‌؟!! هه‌ڵکه‌ندنی خه‌نده‌ق و دانانی گه‌مارۆی ئابوری و ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی و داووده‌رمان و چاره‌سه‌ر، دژی کوردانی ڕۆژاوا ، پیلانگێڕی نییه‌ ؟!! بێده‌نگی گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ باسمکردن، هیچیان پیلانگێڕی نییه‌؟!! ڕێکه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ تورکیا و بۆ لێدان له‌ په‌که‌که‌ و هه‌بوونی بنکه‌ی سه‌ربازی تورکیا له‌ کوردستاندا و ڕێکه‌وتنی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ئێراندا و ده‌ستتێکه‌ڵاوکردن له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئه‌وێدا ، پیلانگێڕی نییه‌؟!! باشه‌ بۆچی کاك عارف له‌ ئاستی ئه‌مانه‌دا بێده‌نگه‌ ، به‌ڵام له‌ کاتێکدا که‌ ‌ خه‌ڵکی شه‌نگال خۆیان بیانه‌وێت کاروباری خۆیان ، خۆیان به‌ڕێوه‌ی به‌رن و په‌که‌که‌ش به‌ده‌میانه‌وه‌ بچێت، بۆچی ئه‌مه‌ ده‌بێت پیلانگێڕی بێت و به‌ دژه‌ نه‌ته‌وه‌یی پارچه‌کردنی خاکی کوردستان، بدرێته‌ قه‌ڵه‌م؟!! که‌له‌ کاتێکدا شه‌نگال ئێستاش هه‌ر سه‌ر به‌ عێراقه‌ . ئه‌ی ئه‌گه‌ر شه‌نگال پارچه‌یه‌که‌ له‌ کوردستان و ئێزیدییه‌کانیش به‌شێکن له‌ گه‌لی کورد بۆچی سوپاکه‌ی کاك عارف ، بۆ چرکه‌یه‌ك به‌رگرییان لێنه‌کردن؟!!بۆچی ئه‌و کاره‌ساته‌ مێژووییه‌یان به‌سه‌رهێنان؟!!

ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ‌ ئه‌م وتاره‌ی کاك عارف یه‌ك وشه‌ی ڕاستی تیادا نییه‌ و زۆریش بێویژدانی له‌ حه‌قی په‌که‌که‌ کردووه‌.‌

له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی فه‌ره‌نسا و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك:

له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی فه‌ره‌نسا و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك:

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

12/01/2015

 ته‌نها ده‌مه‌وێت به‌ ڕه‌چاوکردنی چه‌ند خاڵێك له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی فه‌رنسا، هه‌ڵوێسته‌یه‌ك و تۆزێك تێڕامان، بکه‌ین و تێفکرین پێشئه‌وه‌ی ببینه‌ دادوه‌ر و دادگه‌:

ئه‌و‌ دووکه‌سه‌ی که‌ به‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ هه‌ڵسان زۆر ده‌مێك بوو‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانی ئه‌مه‌ر‌یکاوه‌ چاودێری کرابوون و چوونیان بۆ ئه‌مه‌ریکا یاساخ کرابوو، هاوکاتیش ئه‌مه‌ریکا هه‌موو ئه‌و زانیارانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ئه‌و دووانه‌ی‌ هه‌بوو به‌ فه‌ره‌نسایان دابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌ره‌نسا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانی و پۆلیسی ئه‌وێ هیچ جۆره‌ کاردانه‌وه‌یه‌کیان نه‌بوو ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌شی که‌ خۆشیان خاوه‌نی تۆماری هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وان بوون. بۆچی بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و کاره‌ساته هیچیان نه‌کرد‌؟!!!

له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌می میدیا و هه‌تا خه‌ڵکانی خۆپیشانده‌ر‌ و خه‌ڵکانی دیکه‌شه‌وه‌ ته‌نها دوو پرسیار ده‌کرێت: که‌ چی ڕوویدا؟ ڕووده‌داته‌وه‌ یا نا؟ پرسیاره‌ گرنگه‌که‌ که‌ بناخه‌ی ڕوودانی ئه‌م کاره‌ساتانه‌یه‌ ناکرێت و بڤه‌ن‌: بۆچی ئه‌مانه‌ ڕووده‌ده‌ن؟ چۆن ڕێگایان لێده‌گیرێت تاکو جارێکی دیکه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕوونه‌ده‌نه‌وه،‌ خۆ ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ دواجاریش نابێت؟!!

44 له‌ سه‌رانی ده‌وڵه‌تان یا که‌سانێکی پایه‌ و پله‌ به‌رز به‌ نوێنه‌ری وڵاته‌که‌یان ،‌ هاتون بۆ پاریس هه‌م بۆ هاوپشتی حکومه‌تی فه‌ره‌نسا و گوایه‌ هی هاووڵاتیانیش، هه‌میش گوایه‌ به‌رگری له‌ مافی قسه‌کردن و وتن و ئازادی و سه‌ربه‌ستی وتن و قه‌ڵه‌م ده‌که‌ن. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان چ له‌لایه‌ن میدیاوه‌ و چ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی ئاساییشه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێستێکی مرۆڤانه‌و چاك فرۆشرایه‌وه‌‌. هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌ ناکرێت که‌ ئه‌م ‌ پیاوکوژ و دیکتاتۆرانه‌ی که‌ له‌ فه‌ره‌نسا ، کۆبوبوونه‌وه‌، ‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ نین که‌ وڵاتانی خۆیانیان کردووه‌ به‌ به‌ندیخانه‌ له‌ پیاده‌کردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستیدا؟!! ئیدی چۆن ده‌توانن یا به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ به‌ر‌گری له‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی ده‌که‌ن؟!! هه‌ر ئه‌مانه‌و پێشینه‌کانیان و حیزبه‌کانیان نین که‌ بارودۆخێکی وایان خولقاندوه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا شوێنێك نییه‌ که‌ دڵنیابیت له‌ ئاسایش و ئارامییه‌که‌ی ؟!! بۆ خه‌ڵکی پرسیارێك ناکات له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان و ناوه‌وه‌یان ، له‌ ڕۆڵیان له‌ هاوکاری و یارمه‌تیدان و به‌ستنی په‌یوه‌ندی برایانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می وڵاتانێکدا که‌ دیکتاتۆرییه‌ت، کوشتن و بڕین و فڕاندن و گرتنی تیادا پیاده‌ ده‌کرێت؟ پرسیار له‌ ڕۆڵیان، سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگه‌کانی که‌ خولقاندیان؟ لابه‌لانه‌کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان و کورد له‌ تورکیا بۆچی ناکرێت؟!! ئایا جێی گومان و سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ ده‌وترێت ، ئه‌مانه‌ بۆ به‌رگری له‌ سه‌ربه‌ستی و ئازادی هاتوون و ‌ کۆبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن؟!! ئه‌ی چۆنه‌ پیاوی مه‌زنی وه‌کو سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئیسرائیل و نوێنه‌ری تورکیا و سعودییه‌ و ئه‌مارات و میسر و لیبیا و پیاوی وه‌کو دایڤید کامیرۆنی تیادایه‌؟ وه‌زیری ‌ ناوخۆ‌ی کامیرۆن ، تیرێزه‌ ‌ مه‌ی، له‌حاڵی حازردا ده‌یه‌وێت پێشنیازێکی بکاته‌ یاسا که‌ ئه‌ویش به‌ یاساکردنی مه‌کته‌ب و خوێندنگا و دانیشگاکانن که‌ ڕۆڵی پۆلیس و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کان ببینن له‌ به‌ربه‌ستکردنی تیرۆردا به‌ نه‌هێڵانی ئازادی و سه‌ربه‌ستی لێدوان و دیبه‌یت له‌ دانیشگاکانی بریتانیادا و یاساخ بکرێن، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له‌ یاساکه‌ بکرێت ئه‌وه‌ سزا ده‌درێن؟!!

دووڕویی و ده‌بڵستانده‌ری گۆڤاری شارلی هێبدۆ که‌ داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی قسه‌کردن و قه‌ڵه‌م ده‌کات به‌ڵام: ‌ له‌ ساڵی 2012 دا له‌سه‌ر‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك کوڕه‌که‌ی سارکۆزی کۆنه‌ سه‌رۆکی فه‌ره‌نسای به‌‌ جووله‌که‌ چواندا، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و وتاره‌ی نوسیبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پۆزشی نه‌هێنایه‌وه‌ ، به‌زۆر ده‌ستیان له‌کارکردن ، پێکێشایه‌وه‌؟ له‌ ساڵی 2006 دا که‌ ڕۆژنامه‌که‌ی دانیمارك ئه‌و کارتۆنه‌ی له‌سه‌ر په‌یامبه‌ری موسڵمانان ، بڵاوکرده‌وه‌ ، پێشنیازی ئه‌وه‌شی بۆکرا که‌ شتێکیش له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه‌ی عیسا بڵاوبکاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و، پێشنیازه‌که‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ستی خه‌ڵکی ده‌خرۆشێنێ و ده‌یانهێنێته‌ سه‌ر شه‌قام!!! ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستی ئیسلامه‌کان ، نه‌یان ده‌زانی که‌ هه‌رواده‌بێت؟!!   له‌ ساڵی 2005 دا بۆچی ڕۆژنامه‌ی لی مۆندیان غه‌رامه‌ خست گوایه‌ که‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌وێدا هاتبوو هه‌ستی تاوانبارکردنی ڕایسیسزمی تیادا جوڵێنراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئیسرائیل و خه‌ڵکانی جووله‌که‌!! . له ساڵی 2008 دا یه‌کێك له‌ نوسه‌ره‌کانی شارلی هێبدۆ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ره‌فزی هێنانه‌وه‌ی پۆزشی کرد سه‌باره‌ت به‌و کۆمێنتی ئه‌نتی سامیستیك، که‌ له‌ گۆشه‌یه‌کیدا، نوسیبوی ، ده‌رکرا!!! ئه‌ی کوا مافی قسه‌کردن و ئازادی و سه‌ربه‌ستی قه‌ڵه‌م لێره‌دا؟ ئه‌ی بۆ که‌ ئه‌و کاریکاتێره‌یان له‌سه‌ر موحه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر کرد ، بۆچی وتیان نابێت قودسییه‌ت هه‌بێت و ده‌بێت ئازادی قسه‌ و قه‌ڵه‌م هه‌بێت!! نه‌ پۆزش هێنرایه‌وه‌ و نه‌ که‌سیش ده‌رکرا؟ !! ئه‌ی ئه‌مانه‌ دووڕویی و دووفاقه‌یی نییه‌؟!!!!

دووڕوییه‌کی دیکه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی خۆپیشانده‌ره‌وه‌: ئه‌ی که‌ ئه‌و 3 ئافره‌ته‌ چالکوانه‌ کوردانه‌ی ‌ ساڵی 2013 که‌ وه‌کو ئه‌مانه‌ی ئێستا خه‌ڵتانی خۆێنکران و هیچ گوناهیکیشیان نه‌بوو. ئه‌مانیش ‌ ته‌نها وه‌کو شارلی ‌هێبدۆ به‌رگرییان له‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی قسه‌و قه‌ڵه‌م و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌کرد، بۆچی ئه‌م خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکست که‌ تێکه‌ڵاو به‌ خۆپیشاندانی کورده‌کان بوون ، که‌سی دیکه‌ نقه‌یان لێوه‌ نه‌هات؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی ئێستا بکرایه ‌و بکوژه‌کانی ئه‌وانیان ده‌سگیر بکردایه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرایه‌ ، ڕه‌نگ بوو که‌ ئه‌م ڕوداوه‌ی ئێستا ڕوونه‌دات ، ئه‌گه‌ر ڕووشی بدایه‌ ڕه‌نگ بوایه‌ باجه‌که‌ی به‌م قورسییه‌ی ئێستا نه‌بوایه‌ ؟!!

هاوکاتیش ئه‌ی له‌گه‌ڵ دووڕویی حکومه‌تی فه‌ره‌نسی-دا ده‌ڵێین چێ؟ له‌ ماوه‌ی 2 کاژێردا ناو و کونییه ‌و تۆماری تاوانی دووانه‌که‌یان که‌شفکرد و 80 هه‌زار پۆلیس و هه‌ندێك سیخوڕیشیان له‌ هه‌موو شوێنێکدا بڵاو کرده‌وه‌ تاکو ته‌واویان کردن؟!! ئه‌ی چییان بۆ ئافره‌ته‌ چالاکوانه‌ کورده‌کان کرد ؟ بکوژه‌کانیان تا ئیستاش ئازادن و سه‌ربه‌ستن له‌ کوشتنی که‌سانی دیکه‌شدا !!! خۆ ئه‌م 3 ئافره‌ته‌ش هه‌ر هه‌ڵگری هه‌مان پاسپۆرتی فه‌ره‌نسین و هه‌ر هاووڵاتین و خوێنیش هه‌ر خوێنه‌و ڕه‌‌نگیشی هه‌ر سووره‌؟!!

حکومه‌ته‌کانی فه‌ره‌نسا چییان کردوه‌ تاکو تیرۆریست و کاری تیرۆریستیانه‌ له‌ نێوانی موسڵماناندا له‌ فه‌ره‌نسا که‌م بکاته‌وه‌، گه‌ر بنه‌بڕیشی نه‌کات: تا ئیستاش ڕێژه‌ی بێکاران و ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ خانوی خراپدا ده‌ژین و گیروگرفتی زۆریان هه‌یه‌، له‌ نێوه‌ندی کۆمۆنێتی موسوڵمانه‌کاندان؟!! ئه‌و دوانه‌ی که‌ ئه‌و کوشتاره‌یان کرد هه‌ر به‌ منداڵێتی دایکوبابیان مردوون، ئه‌مان ته‌مه‌نی منداڵێتی و هه‌ره‌ لاوێتیییان له‌ هه‌تیوخانه‌ به‌سه‌ربردووه‌ . دواتر که‌ له‌وێ ڕزگار بوون خۆیان له‌ نێوه‌ندی شه‌ڕو ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و “تاوان ” کۆمه‌ڵێك مافیادا دۆزیوه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خزێنراونه‌ته‌ به‌ندیخانه‌ ، ئیدی له‌وێش له‌لایه‌ن ئیسلامی توندڕه‌وو تۆڕه‌کانیانه‌وه‌ قۆزراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مانه‌ که‌ دونیای واقیع بێ توانا بوو له‌ دۆزینه‌وه‌ی یا خولقاندنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌ویدا بۆیان ، ئیمجا رویانکرده‌ ئاسمان و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان کرد که‌ له‌ ئاسمان ئه‌و ئارامی و ژیانباشییه،‌ بدۆزنه‌وه‌.   دیاره‌ من به‌رگری له‌مانه‌ ناکه‌م به‌ڵکو ده‌مه‌وێت وه‌کو “گا‌ری یوێنگ” ی ڕۆژنامه‌وان، له‌ وتارێکیدا که‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی گاردیانی نوسیبوو ، ده‌ڵیت ” ئه‌مان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی که‌ کردیان. به‌ڵام ئێمه‌ش ، کۆمه‌ڵ، هه‌ر هه‌موومان به‌رپرسیارین له‌و بارودۆخ و ژینگه‌یه‌ی که‌ ئه‌مانه‌ی به‌رهه‌م هێنا. گه‌ر ده‌خوازین که‌سانی دیکه‌ جیاواز بن له‌مان – که‌متر ڕکوکینه‌دار بن ، زیاتر به‌ هیواو ئومێد بن- پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که هاوکات ‌ زیاتر له‌ یه‌ك ئایدیا له‌ مێشکماندا، هه‌بێت” چه‌ند قسه‌یه‌کی جوانه‌ ، چه‌ند حه‌لێیکی که‌تواریانه‌یه‌…

میدیاو گه‌لێك له‌ ڕۆشنبیران و چالاکوانی سیاسی کوردیش پێمانده‌ڵێن: ‌ “ئه‌مه‌ی که‌ ڕویدا و ڕووده‌دات ‌ شه‌ڕی نێوانی کۆنه‌پارێزان و پێشکه‌وتنخوازانه‌، جه‌نگی نێوانی موسڵمانان و لیبراڵه‌کانه‌، یا ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بین یا دژی بین”!! ئه‌رێ به‌ راستی ئه‌مه‌ وایه‌؟!!   ئه‌م جه‌نگه‌ هه‌رچییه‌ك بێت جه‌نگی دژی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکیه‌ چ له‌ ئه‌وروپا و چ له‌ وڵاتانی دیکه‌، جه‌نگێکه‌ دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه‌ و هه‌ردووکیشیان یه‌کدی ته‌واو به‌هێز ده‌که‌ن. به‌ روودانی ئه‌م جۆره‌ هێڕشانه،‌ کاره‌ تیرۆریسیانه‌ له‌ لایه‌ن گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌کانه‌وه‌ ‌ جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و سیسته‌مه‌که‌یان ‌ له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا به‌هێزترده‌کات، هه‌رچیش جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و میدیاکه‌یانه‌ له‌ کاتی ڕوودانی ئه‌م جۆره‌ کاره‌ساتانه‌دا ئه‌مانیش به‌ ده‌وری خۆیان ئه‌و گروپ و بزوتنه‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ به‌هێزتر ده‌که‌ن . له‌م ناوه‌شدا ئێمه‌ زه‌ره‌ر ده‌که‌ین ، لانی که‌م له‌ 4 لاوه‌: یه‌که‌میان: گورجکردنه‌وه‌ و توندکردنه‌وه‌ی یاساکانی دژه‌ تیرۆر و دانانی یاسای نوێش له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایان و په‌ڕله‌مانه‌که‌یانه‌وه‌ به‌ پاساوی ڕوودان و مه‌ترسی تیرۆری زیاتر تاکو ئه‌وه‌شی له‌ ئازادییه‌کان ماومانه‌، زه‌وتیکه‌ن لێمان و باشتر کۆنترۆڵمان بکه‌ن. دوهه‌م : به‌هێزبوونی گروپ و‌ بزوتنه‌وه‌ ڕایسست و فاشست و هاوچه‌شنه‌ کانیانه‌ له‌م وڵاتانه‌دا. سێهه‌م: دروستکرنی ژینگه‌ی ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ نێوانی هه‌ڵگرانی دینه‌ جیاوازه‌کان و خه‌ڵکانی بێیانه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ ، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێته‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له‌یه‌کدی و گه‌وره‌کردنی ئه‌و که‌لێنه‌ی که‌ له‌ ئێستادا له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ یاسای په‌نابه‌ران ئاڵۆزتر و سه‌ختتر ده‌بێت و چاودێرییه‌کی زیاتریان له‌سه‌ر ده‌کرێت و که‌ش و هه‌وایه‌کیش ده‌خولقێنێت که‌ حکومه‌ته‌کان به‌ پاساوی جیا جیا نه‌ك هه‌ر که‌سی دیکه‌ وه‌ر نه‌گرن به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که‌ لێره‌ن و هیچیان نییه‌ ، فشاری ناردنه‌وه‌ی‌ زیاتریان بخرێته‌ سه‌رو که‌ لێره‌شن چه‌نده‌ها کۆت و به‌ندیان بۆ دابنێن ، تاکو له‌به‌رچاو بن.

چواره‌م : به‌هۆی ڕوودانی ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ و به‌ پاساوی ” ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ده‌بێت ئه‌سبه‌قییه‌ت به‌وه‌ بدرێت و ده‌بێت هه‌موو نه‌ته‌وه‌ یه‌کبگرێت، به‌رگری له‌ خاك و دانیشتوانی و ئاڵاو نیشتمانه‌که‌ی بکه‌ن ” هه‌موو داخوازییه‌کانی دیکه‌ی خه‌ڵکی که‌نار ده‌خرێت و فه‌رامۆش ده‌کرێت.

ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ بۆ‌ ده‌سه‌ڵاتداران گه‌ر هیواشیان بۆ نه‌خواستبێت ، ئه‌وه‌نده‌ سوودمه‌نده‌ ‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ‌ پێشوازی لێده‌که‌ن .

بانگەواز بۆ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنارکیستانی خۆرهەڵاتی ناوین، ئازاری ٢٠١٥

بانگەواز بۆ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنارکیستانی خۆرهەڵاتی ناوین، ئازاری ٢٠١٥

بەشی: نووسین و بابەت

ڕێکەوتی: ٢٤ی دێسەمبەری ٢٠١٤

نووسراو لەلایەن: هاوبەشیی ئازادیخواز، فێدراسیۆنی ئەنارکیستانی فەرەنسی-زمان، فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیست

 wene

خۆرهه‌ڵاتی ناوین وه‌کو ناوچه‌یه‌ك له‌ جیهاندا له‌ ئێستادا به‌رده‌وام له‌ ڕاپه‌ڕین و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌رییدایه‌. له‌ باکورییه‌وه‌ بۆ باشووری ته‌نگژه‌ی ئابووریی و دراویی جیهانی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌، ئه‌مانه‌ش بوونه‌ته‌ هۆی پتربوونی نائارامی و برسێتی و هه‌ڵکه‌ندرانی سه‌دان هه‌زار کەس له‌شوێنی خۆیان.‌

ئەگەرچی بارودۆخه‌که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ جیاوازیش بێت، هێشتا دانیشتووانه‌که‌ی له‌ژێر بەزەیی سه‌رمایه‌داران و دۆست و هاوکارانیاندا ده‌مێننه‌وه‌. دوای بەدوای قه‌یرانی ئابووری جیهاندا زنجیره‌یه‌ك له‌ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی ناوچه‌که‌ی گرتەوە و له‌ (تونس)ە‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و نازانین له‌کوێدا بەسەرنجامدەگات. ئه‌م ڕووداو و ڕاپه‌ڕینانه‌ که‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوینیان گرتووەتەوە،‌ ئومێد و بڕوابەخۆبوونی گۆڕانی ژیانیان بەخودی خەڵکی به‌خشی.

هەرچەندە خرۆشانه‌کان‌ جه‌ماوه‌ریی‌ بوون، به‌ڵام بارودۆخه‌که‌ له‌ سێ ساڵی ڕابووردوودا له‌ تونس و له‌ (میسری)ش به‌خێرایی به‌ره‌و خراپبوون ڕۆیشت. له‌ ڕاستیدا میلیشیاکانی RDCی ڕژێمی پێشووی تونس و هه‌روه‌ها هێزی سه‌ربازی (جێنه‌تا)ی میسر له‌ پاش سه‌رده‌می شۆڕش کەوتنە کنەی چەپاوڵی دەسەڵات‌ له‌ ڕێگەی هاریکاری و هاوپشتیی ئه‌ندامان‌ پێشووی خێڵه‌کانه‌وه‌. ئێستا له‌ شوێنه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداریی و ساماندا، ده‌ستێکی باڵایان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ژیانی خه‌ڵکی به‌ره‌و نائارامی و نەهامەتی بردووه‌.

هەروەها لەبارەی‌ بارودۆخه‌که‌ لە سوریا و (لیبیا)ش، گروپه‌ ئیسلامییه‌ به‌کرێگیراوه‌کان، که‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ عه‌ره‌به‌کانی ئیمارات و یاخود ئێرانه‌وه‌ کۆمەکی دراویی ده‌کرێن، خۆیان بەسەر تێکۆشانی خه‌ڵك دژی دیکتاتۆریی و سەرکوتگەریی سەپاند و خستیانە به‌رژه‌وندی خۆیان. به‌تایبه‌ت خه‌ڵکەکانی سوریا بەکردەوە خۆیان لەبەردەم جەنگ دژی سەرکوتگەریی به‌شار ئه‌سه‌د و جەنگاوەرانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی دیتەوە.

ئەگه‌رچی چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ که‌وتنه‌ ترساندن و سه‌رکوتکردنی خۆێناوییانه‌ی خۆنیشاندانه‌کان و ڕاپه‌ڕینه‌کانیان، به‌ڵام جه‌ماوه‌ر لە‌ میانەیدا ئه‌نارکسته‌کان، لەسەر‌ به‌رەنگاریکردن و جەنگین لەپێناو خۆڕزگاربکردن و خۆڕێکخستن و پێکهێنان و پتەوکردنی هاوپشتی و ئاڵوێرکردنی هاریکاریی خۆیان بەردەوامبوون.

له‌بەر ڕۆشنایی وەها گیانێکی هاوپشتیی و هاریکارییی بەرانبەرانەدا، ئێمه‌ بانگهێشتی هه‌موو ئه‌نارکستان و که‌سانی دژه‌ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ین، تا له‌ پێکهێنانی تۆڕێك بۆ ئاڵوێڕکردن و هاوبه‌شییکردنی زانیارییەکان و پرۆژه‌کان و هاوپشتی لەنێوان ئه‌نارکستانی خۆرهەڵاتی ناویندا، بەشداریی و هاریکاریمان بکەن.

بۆ ئه‌م مەبەستە، گروپی ئازادیخوازانی تونس ” هاوبەشیی ئازادیخواز” ، فیدراسێۆنی ئه‌نارکست و فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئه‌نارکست (IAF-IFA ) بۆ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نارکستانی خۆرهەڵاتی ناوین، بانگهێشتانده‌کات، که‌ له‌ تونس له‌ ماوەی ڕۆژانی 27- 29ی ئازاری ٢٠١٥، بەرپاده‌کرێت. ئه‌م بانگهێشتە‌ بۆ هه‌موو هاوڕێیانمان،‌ ئەوانەش که‌ هی ئەو ناوچه‌یە ‌نین، کراوه‌یه‌ .

کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌بارەی بارودۆخێکەوە‌ دەبێت، که‌ تێیدا خه‌ڵکەکانی خۆرهەڵاتی ناوین له‌نێو قه‌یرانی ئابووریی و ناڕه‌زاییە جه‌ماوه‌رییەکاندا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمگەلێك، کە خەڵکیان دەچەوساندەوە و هەوڵی پاراستنی ئەو بەهرەکێشییەیان دەدا، لەتەکیدا ڕووبه‌ڕوو بوون‌ ‌.

هاوبەشیی ئازادیخواز، فێدراسیۆنی ئەنارکیستە فەرەنسی-زمانەکان و فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیست (IAF-IFA)

فێدراسیۆنی ئەنارکیستە فەرەنسی-زمانەکان (FR AF): relations-internationales@federation-anarchiste.org

هاوبەشیی ئازادیخوازی (تونس) : commun.anar.lib@gmail.com

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیست (IFA) : secretariat@i-f-a.org

Bangewaz bo yekemîn Kobûnewey Enarkîstanî Xorhellatî nawîn, Azarî 2015

Bangewaz bo yekemîn Kobûnewey Enarkîstanî Xorhellatî nawîn, Azarî 2015

Beşî: Nûsîn û Babet

Rêkewtî: 24î Dêsemberî 2014

Nûsraw lelayen: Hawbeşîy Azadîxwaz, Fêdrasyonî Enarkîstanî Ferensî-zman, Fêdrasyonî Nêwneteweyî Enarkîst

 wene

Xorhellatî nawîn weku nawçeyek le cîhanda le êstada berdewam le raperrîn û derbrrînî narrezayî cemawerîydaye. Le bakurîyewe bo başûrî tengjey abûrîy û drawîy cîhanî tengî pêhellçinîwe, emaneş bûnete hoy ptirbûnî naaramî û birsêtî û hellkendranî sedan hezar kes leşwênî xoyan.

Egerçî barudoxeke le nawçeyekewe bo nawçeyekî dîke cyawazîş bêt, hêşta danîştuwanekey lejêr bezeyî sermayedaran û dost û hawkaranyanda demênnewe. Dway bedway qeyranî abûrî cîhanda zincîreyek le raperrînî cemawerîy nawçekey girtewe û le (tunis)ewe destîpêkrid û nazanîn lekwêda beserincamdegat. Em rûdaw û raperrînane ke nawçey xorhellatî nawînyan girtuwetewe, umêd û birrwabexobûnî gorranî jyanyan bexudî xellkî bexşî.

Herçende xroşanekan cemawerîy bûn, bellam barudoxeke le sê sallî rabûrdûda le tunis û le (mîsrî)şi bexêrayî berew xrapbûn royişt. Le rastîda mîlîşyakanî RiDCî rjêmî pêşûy tunis û herweha hêzî serbazî (cêneta)î mîsr le paş serdemî şorrş kewtne kney çepawllî desellat le rêgey harîkarî û hawpiştîy endaman pêşûy xêllekanewe. Êsta le şwêne serekîyekanî desellatdarîy û samanda, destêkî ballayan heye, emeş jyanî xellkî berew naaramî û nehametî birduwe.

Herweha lebarey barudoxeke le surya û (lîbya)ş, grupe îslamîye bekrêgîrawekan, ke lelayen hendêk le ‘erebekanî îmarat û yaxud êranewe komekî drawîy dekrên, xoyan beser têkoşanî xellk djî dîktatorîy û serkutgerîy sepand û xistyane berjewnidî xoyan. Betaybet xellkekanî surya bekirdewe xoyan leberdem ceng djî serkutgerîy beşar esed û cengaweranî xelafetî îslamî dîtewe.

Egerçî çîne desellatdarekanî ew wllatane kewtne tirsandin û serkutkirdnî xoênawîyaney xonîşandanekan û raperrînekanyan, bellam cemawer le myaneyda enarkistekan, leser berengarîkirdin û cengîn lepênaw xorrizgarbkirdin û xorrêkxistin û pêkhênan û ptewkirdnî hawpiştî û allwêrkirdnî harîkarîy xoyan berdewambûn.

Leber roşnayî weha gyanêkî hawpiştîy û harîkarîyî beranberaneda, ême bangihêştî hemû enarkistan û kesanî djedesellat dekeyn, ta le pêkhênanî torrêk bo allwêrrkirdin û hawbeşîykirdnî zanyarîyekan û projekan û hawpiştî lenêwan enarkistanî xorhellatî nawînda, beşdarîy û harîkarîman bken.

Bo em mebeste, grupî azadîxwazanî tunis ” hawbeşîy azadîxwaz” , fîdrasêonî enarkist û fîdrasyonî nêwneteweyî enarkist (IAF-IFA ) bo kobunewey enarkistanî xorhellatî nawîn, bangihêştandekat, ke le tunis le mawey rojanî 27- 29î azarî 2015, berpadekrêt. Em bangihêşte bo hemû hawrrêyanman, ewaneş ke hî ew nawçeye nîn, kraweye .

Kobûneweke lebarey barudoxêkewe debêt, ke têyda xellkekanî xorhellatî nawîn lenêw qeyranî abûrîy û narrezayye cemawerîyekanda bo ruxandinî rjêmgelêk, ke xellkyan deçewsandewe û hewllî parastinî ew behrekêşîyeyan deda, letekîda rûberrû bûn .

Hawbeşîy azadîxwaz, fêdrasyonî enarkîste ferensî-zmanekan û fêdrasyonî nêwneteweyî enarkîst (IAF-IFA)

Fêdrasyonî Enarkîste Ferensî-zmanekan (FR AF) : relations-internationales@federation-anarchiste.org

Hawbeşîy Azadîxwazî (Tunis) : commun.anar.lib@gmail.com

Fêdrasyonî Nêwneteweyî Enarkîst (IFA) : secretariat@i-f-a.org

2014 in review

The WordPress.com stats helper monkeys prepared a 2014 annual report for this blog.

Here’s an excerpt:

A New York City subway train holds 1,200 people. This blog was viewed about 7,100 times in 2014. If it were a NYC subway train, it would take about 6 trips to carry that many people.

Click here to see the complete report.

2013 in review

The WordPress.com stats helper monkeys prepared a 2013 annual report for this blog.

Here’s an excerpt:

A New York City subway train holds 1,200 people. This blog was viewed about 4,700 times in 2013. If it were a NYC subway train, it would take about 4 trips to carry that many people.

Click here to see the complete report.

هه‌ڵبژاردنی داهاتوی یۆنان ڕه‌نگه‌ چاره‌نووسی یورۆ و زۆنی یۆرۆ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

هه‌ڵبژاردنی داهاتوی یۆنان ڕه‌نگه‌ چاره‌نووسی یورۆ و زۆنی یۆرۆ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

باهیر- له‌نده‌ن

03/01/2015

پاش ئه‌وه‌ی له‌ دوو دانیشتنی په‌ڕله‌ماندا به‌ هۆی نه‌هێنانی ده‌نگی ته‌واوه‌وه‌‌ که‌ ده‌بایه‌ له‌ کۆی 300 په‌ڕله‌مانتاری ئه‌وێدا ، لانی که‌م 180 که‌سیان ده‌نگیان به‌ سه‌ره‌کۆماری کاندیدکراو، بدایه‌، نه‌درا، ئیدی سه‌ره‌كوه‌زیران، ئه‌نتۆنوێس سه‌ماره‌س‌ ، چاری نه‌ماو بڕیار ی هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ ڕۆژی 25 ی ئه‌م مانگه‌، جێنیوه‌ری، دا.

هه‌ڵبه‌ته‌ جێگای سه‌رسامبوون نییه‌ که‌ سه‌رکۆمار ده‌یه‌وێت ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌ و سه‌ره‌کوه‌زیرانیش که‌ سوڕی په‌ڕله‌مانه‌که‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ئاینده‌دا ، ساڵی 2016، ته‌واو ده‌بێت، به‌ خۆشییه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی، پێشته‌واوبوونی خوله‌که‌ی، ده‌کات. ئابوری یۆنان که‌ له‌ ساڵ ی2008 دا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی کوشنده‌ بووه‌ و‌ تا ئێستاش، پاش گۆڕینی ده‌موچاوه‌کانی سه‌ره‌كوه‌زیران و وه‌زیری دارایی و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ پارتێکی چه‌په‌وه‌ بۆ لیبراڵ له‌ خه‌ڵکانی سیاسییه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکانی ته‌کنۆکرات، نه‌ك هه‌ر ژیانی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ گیانی ئابوریدا، به‌ڵکو بارودۆخه‌ ئابورییه‌که‌ خراپتر بووه‌ و به‌ره‌و داڕمانی زیاتر ده‌چێت.

ئه‌و ده‌رمان و نوشتانه‌ی که‌ ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی وه‌کو بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی ناوه‌ندی ئه‌وروپا له‌پاڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کۆمیسۆنی ئه‌وروپا، بۆ یۆنانیان نوسی و کردیان، هیچ ده‌وایه‌کی پێ شیفا نه‌بوو، بگره‌ لێشی کرده‌ سه‌ره‌تان ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دووجه‌مسه‌ری ته‌واو له‌یه‌ك جیاوازیشی له‌و وڵاته‌دا به‌هێز و به‌هێزتر کرد ، که‌ ئه‌ویش پارتی ڕایسستی neo-Nazi Golden Dawn Party ئه‌وێ و پارتی چه‌پی Syriza که‌ ‌گه‌نجێکی 40 ساڵه‌، Alexis Tsipras ، سه‌رکردایه‌تی ده‌کات که‌ هه‌ردووکیان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا به‌ ڕیژه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو سه‌ره‌لوێنکی په‌ڕله‌مانیان، به‌ پیتتر کرد. هاوکاتیش ئه‌و ده‌زگه‌ دراوییانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناوم هێنان که‌وتنه‌ ئیستغلالکردنی بارودۆخه‌که‌ی ئه‌وێ به‌ دانی قه‌رزی 250 ملیار یورۆ به‌ بڕی سوویه‌کی به‌رز له‌ته‌ك سه‌پاندنی هه‌لو مه‌رجێکی یه‌کجار سه‌ختی وه‌کو به‌ تایبه‌تکردنی که‌رته‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌رزکردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر داهاتی خه‌ڵکی، ده‌رکردنی کارمه‌ند و کرێکارێکی زۆر ، که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های حه‌قیقی کرێ، که‌مکردنه‌وه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و داخستنی بڕێکیان و به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌های سووی بانقه‌کان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خانووبه‌ره‌ی خه‌ڵکی که‌ چیتر نه‌یانده‌توانی سلفه‌ی عه‌قاره‌کانیان بده‌نه‌وه‌ و زیادکردنی ڕیژه‌ و ژماره‌ی خه‌ڵکانێک که‌ که‌وتنه‌ سه‌رجاده‌ و بێ لانه‌و خانووبه‌ره‌ که‌وتن و زۆری دیکه‌ له‌م سیاسه‌تانه‌ی ‌ دژ به‌ئابوریی .

به‌ڕێکردنی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ نه‌ك هه‌ر ئابوری ئه‌و وڵاته‌ی نه‌بوژانه‌وه‌و نه‌تواننرا قه‌رزه‌کانی پێبدرێته‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ کردی به‌ قوڕدا و بوو به‌ژێر قه‌رزی دیکه‌و مه‌سروفاتی زیاده‌ی دیکه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی بێکاران و کرێی خانوویان .

له‌ ئێستادا به‌های حه‌قیقی کرێی سه‌ر کار به‌ ڕیژه‌ی له‌ %30 دابه‌زیوه‌ ، به‌رهه‌مهێنانی که‌رته‌ پیشه‌سازییه‌کان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %35 اهاتۆته‌ خاره‌وه‌ ، ‌ له‌ 4 که‌سی ئه‌وێ یه‌کێکیان به‌تاڵه‌یه‌، خه‌ڵکانێک که‌ له‌ ئاستی هێڵی برسێتیدا ده‌ژین، ڕێژه‌یان له‌ %23 وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ له‌ %40.5 ، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ڕیژه‌ی له‌ %25 هاتۆته‌ خواره‌وه‌، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌ باجی ژیان که‌ خه‌ڵکی له‌وێ ده‌یدات به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵکانی بێ خانووبه‌ره‌وه‌ ، به‌هۆی داڕمانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و داخستنی خه‌سته‌خانه‌کان و نه‌بوونی داووده‌رمانی ته‌واوه‌، به‌خشینه‌وه‌ی خواردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان له‌ بره‌ودایه‌ ، مردنی منداڵانی ساواو گچکه‌ ، له‌ زیادبووندایه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ، ده‌زگه‌ دراوییه‌کان وا پێشبینی ده‌که‌ن که‌ پێداگر تن له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ی زیاتر ( ته‌قه‌شوف) له‌ داهاتوودا ‌ بودجه‌ی یۆنان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %3 له‌ ساڵی 2015 دا و به‌ ڕێژه‌ی له‌ %4.5 له‌ ساڵی 2016 دا و هه‌ره‌ها له‌ ساڵانی ئاینده‌شدا به‌ ڕێژه‌ی زیاتر، سه‌رکه‌وێت . ئه‌‌م داخوازی و هیوایانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاکو بڕی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی یۆنان زیاتر بێت که‌ سووی ئه‌م قه‌رزانه‌ش له‌ ساڵی 2009 وه‌ له‌ ڕێژه‌ی له‌ %130 وه‌ بۆ ڕیژه‌ی له‌ %175 سه‌رکه‌وتووه‌    . بۆرصه‌ی یۆنان له‌ ڕۆژی 29/12/2014 ده‌دا به‌ ڕێژه‌ی له‌ %10 شکا و کارایی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر قه‌رزه‌کان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %12 چووه‌ سه‌ره‌وه‌ .

مانیفێستی پارتی چه‌پ و مه‌ترسی ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌وروپا:

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمکرد ، پارتی چه‌پی SyriZa به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکالی بۆ هاووڵاتیانی یۆنان هه‌یه‌ که‌ زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌‌ بۆیان و به‌ حه‌لی کێشه‌ی ئابوری 6 ساڵه‌یانی ده‌زانن ، پارتی چه‌پ گه‌رچی له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو قه‌رزه‌کان هه‌ر به‌ هاتنی بۆسه‌ر حوکم و کشانه‌وه‌ی له‌ زۆنی یورۆ پاشگه‌ز بووه‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مانیفێسته‌که‌ی هێشتا به‌شی ئه‌وه‌ی تیادا هه‌یه‌ که‌ به‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رز خه‌ڵکی ده‌نگی بۆ بده‌ن. له‌و به‌ندانه‌ش که‌ مایه‌ی دڵخۆشی و بڕوای خه‌ڵکییه‌ : سه‌رخستنی کرێی کاره‌، به‌دواچوونه‌‌ بۆ خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌وێ و کۆمپانییه‌کان که‌ پاره‌کانیان له‌ وڵاتی سویسرا داده‌نێن تاکو باجی له‌سه‌ر نه‌ده‌ن، پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ قه‌رزه‌کانی یۆنان ده‌بێت به‌گوێره‌ی گه‌شه‌کردنی ئابوری ئه‌وێ بدرێته‌وه‌ نه‌ك له‌ سه‌رکه‌وتنی بڕی پاره‌ی بودجه‌‌ که‌ له‌سه‌رئه‌نجامی سه‌رفنه‌کردن و که‌مکردنه‌وه‌ی پاره‌ی بیمه‌کان و سه‌رخستنی باج و داخستنی ده‌زگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان، دێته‌ ده‌ست، پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر ملکه‌چ نه‌کردن بۆ ده‌زگه‌ دراوییه‌کان، به‌ڵکو ئاماده‌یی وتووێژ له‌گه‌ڵیاندا، کوژانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کان به‌ بڕی 350 ملیار یورۆ ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ ( ته‌قه‌شوف)، به‌ستنه‌وه‌ی تێکڕای خانه‌واده‌کان به‌ تۆڕی کاره‌باوه‌ ، ده‌ستوبردیی له‌ چاره‌سه‌رکردنی بێکاریدا به‌ به‌ڕێکردنی به‌رنامه‌یه‌کی ته‌واوه‌، دابه‌زاندنی بڕی باج له‌سه‌ر داهات ، دانی خواردن به‌ وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانن به‌هۆی بێ خانوو به‌ره‌وه‌‌ هه‌وه‌ها دابینکردنی شوێن بۆ حه‌وانه‌وه‌یان …گه‌لێکی دیکه‌ تاکو بتوانێت ژیانی خه‌ڵکی بگۆڕێت.

هه‌روه‌کو پێشتر وتم ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ ئێستا ئه‌و وڵاته‌ی پیادا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌م به‌رنامه‌ ڕادیکاله‌ گومان له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه‌ که‌ ئه‌م پارته‌ چه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌کان بۆ خۆی دابین ده‌کات..

دوای هه‌ڵبژاردن ده‌بێت یۆنان به‌ره‌و کوێ بڕوات ؟

ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه‌ و ناتوانرێت به‌ یه‌قینه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌یت. من لێره‌دا ده‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بڵێم له‌ هاتنی ئه‌م پارته بۆ ده‌سه‌ڵات، یۆنان و یۆنانییه‌کان به‌ره‌و دووڕیانێك ده‌بات به‌ حوكمی داخوازییه‌کانی ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌وروپا که‌ ته‌واو له‌ته‌ك مانیفێسته‌که‌ی ئه‌م پارته‌ چه‌په‌دا که‌ ده‌بێته‌‌ به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی یۆنان، له‌ ناکۆکی و ململانێیه‌کی توندا ده‌بێت.

هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ نه‌ سه‌ره‌كوه‌زیرانی یۆنان ، ئه‌نتۆنیس سه‌ماره‌س‌، که‌ هاوکاتیش نوێنه‌ری پارته‌ هاوپه‌یمانه‌کانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، و نه‌ سه‌رۆکی کۆمیسۆنی ئه‌وروپا، جێن کلۆود جه‌نکه‌ر ، ئه‌مه‌یان پێخۆشنییه ‌و کۆمێنتی نابه‌جێ و ناحه‌ز ده‌ده‌ن و ده‌ست له‌ کێشه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌رده‌ده‌ن. بۆ نموونه‌ سه‌ماره‌س ده‌ڵێت ” جێگای نیگارانییه‌کی زۆره‌ که‌ هێزه‌ توودندڕه‌وه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست ………زۆربه‌ی زۆری یۆنانی هه‌‌ڵبژاردنیان ناوێت…” سه‌رۆکی کۆمیسۆنی ئه‌وروپاش ده‌ڵێت ” یۆنانییه‌کانی پێویسته‌ ئیلتیزامێکی به‌هێزیان به‌ ئه‌وروپاوه‌ هه‌بێت…. ئاگاداری یۆنانییه‌کان ده‌که‌مه‌وه‌ ده‌نگ به‌ هه‌ڵه‌، مه‌ده‌ن‌ ” هه‌ردووکیان له‌ته‌ك هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌کانی دیکه‌و که‌سه‌ ناوداره‌کانی پارتییه‌کان به‌به‌رده‌وامی کۆمێنتی خۆیان ده‌ده‌ن و هاووڵاتیانی یۆنان له‌و “مه‌ترسییه‌ی” که‌ به‌ڕیوه‌یه‌ ، به‌ئاگاده‌هێننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی که‌ خاڵی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ مانیفێسته‌که‌دا خاڵی بڕیاری مانه‌وه‌ له‌ زۆنی یورۆ و لێنه‌كشانه‌وه‌ی یۆنانه‌ که‌ هاوکاتیش پارتی چه‌پ ده‌یه‌وه‌ێت ئه‌م به‌رنامه‌ ڕادیکاله‌ جێبه‌چیبکات و که‌چی له‌ چوارچێوه‌ و بازنه‌ی زۆنی یورۆش دا بمێنێته‌وه‌ و هه‌ڵگری دراوی یورۆش بێت. ئه‌م خاڵه،‌ جێبه‌جێکردنی سه‌رجه‌می خاڵه‌کانی دیکه‌ش ده‌خاته‌ غه‌رغه‌ره‌وه‌و ، به‌ڕای من زۆر مه‌حاڵه‌ که‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێبکرێت و هاوکاتیش یۆنان هه‌ر ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا بێت. گرانه‌ که‌ کۆمیسۆنی ئه‌وروپا و ده‌زگه‌ر دراوییه‌کانی جیهان ئه‌وه‌یا قه‌بوڵبێت ، چونکه‌ به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌ نێوانی ئه‌وان و یۆناندا کراوه‌ بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ی که‌ پێیدراوه‌ ده‌بێت له‌ 3 مانگی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا یۆنان 5 ملیار یورۆ بداته‌وه‌ و هه‌تا کۆتایی ساڵیش 20 ملیار، واته‌ 15 ملیاری دیکه‌ یورۆ بداته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش کارێکی زۆر گرانه‌ بۆ حکومه‌تی چه‌پی داهاتوو که‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و ئه‌سبه‌قییه‌ت به‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کان له‌ بواری ئابوریدا بۆچاكکردنی بارو دۆخی وڵات و ژیانی سه‌رجه‌می خه‌ڵکه‌که‌ی، ده‌دات . هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌سه‌له‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ نیییه‌ که‌ بڵێین به‌رنامه‌که‌ی پارتی چه‌پ هه‌ڵه‌یه‌ و هیچ نییه‌ ، من پێموایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ته‌مان ڕیفۆرم بکه‌ن له‌ ڕێگای پارتایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ ده‌سته‌وه‌ ، هه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا ڕادیکاڵانه‌یه‌، به‌ڵام کێششه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مانه‌وه‌ له بازنه‌ی زۆنی ئه‌وروپیدا و پابه‌ندبوون به‌ مه‌رج و به‌ندی ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و باقی به‌ند و بڕگه‌کانی ده‌ستوری یه‌کێتی ئه‌وروپا و هاوکاتیش جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا ڕادیکال، زۆر گرانه‌ بۆیه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ نێوانی حکومه‌ت و کۆمیسۆنی ئه‌وروپا و ده‌زگه‌ دراوییه‌کاندا په‌یدا ده‌بێت ئه‌و کاته‌ش یا ده‌بێت پارتی چه‌پ مل بۆ هه‌مان هه‌لومه‌رجه‌کانی که‌ حکومه‌تی ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌یه‌تی و داوێتی ، بدات ، ئه‌مه‌ش یانی ملدانه‌ به‌به‌رده‌وامبوونی هه‌مان باروودۆخ که‌ له‌م 6 ساڵه‌ی پێشووه‌وه‌ تاکو ئێستا، هه‌یه‌. گه‌ر ملیشی بۆ نه‌دات ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئایه‌ ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ پارتی چه‌پ و حکومه‌ته‌که‌ی داهاتوی خۆشده‌بن و سه‌ربه‌ستی ده‌که‌ن له‌وه‌ی که‌ ده‌یه‌وێت بیکات؟ ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش کرا ئه‌و کات ئیسپانیا که‌ حالی ئابوری زۆر له‌ یۆنان باشتر نییه‌ هه‌مان ڕێگا ده‌گرێته‌ به‌رو دواتریش ئیرله‌نده‌ و پورتوگالیشی دێنه‌ پاڵ . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕویدا ئه‌وه‌ یه‌کێتییه‌که‌ی ئه‌وروپا کاڵده‌بێته‌وه‌ ، جڵه‌وی ناوه‌ندگه‌رێتی و ناوه‌ندگه‌رایی شلده‌بێته‌وه‌ نرخی یورۆ به‌ره‌و داشکان له‌ به‌رامبه‌ر پاوه‌ندی بریتانی و دۆلاری ئه‌مه‌ریکی دا، ده‌ڕوات و که‌مده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ری سێهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ‌ پارتی چه‌پ و حکومه‌ته‌که‌ی شێلگیرانه‌ په‌یوه‌ستبن به‌ جێبه‌جێکردنی مانیفێسته‌که‌یانه‌وه‌ و حساب نه‌ بۆ ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و نه‌ بۆ یه‌کێتی ئه‌وروپاش نه‌که‌ن ، ئه‌و کاته‌ش پابه‌ند نه‌بوون به‌ ئه‌وان و بڕیاره‌کانیانه‌وه‌ ، ئیدی یۆنان ده‌بێت به‌ فه‌رمی خۆی له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا بکشێنێته‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری بێت. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی یه‌که‌م ده‌بێت بۆ کشانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌شی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردن ، به‌ڕوودانی ئه‌مه‌ش یا ئه‌وه‌ته‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌و ئیفلیجییه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یاخود هه‌نگاو به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، ده‌نێت.

گه‌رچی ئه‌مه‌ تێڕوانینی منه‌ به‌ڵام هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ وتم زۆر گرانه‌ پێشبینی له‌ هه‌ر ڕودانێکیان بکه‌ین ، سیاسییه‌کان و بزنسمانه‌کان ‌هه‌میشه‌ پلانیێکی دیکه‌ له‌ هه‌گبه‌که‌یاندا، هه‌یه‌ ، هه‌روه‌کو کورد ده‌ڵێت ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕه‌ش.

کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو “ڕۆژاوا” *

کانتۆنی شەنگال هەنگاوی یەکەمە بەرەو “ڕۆژاوا” *

هەژێن

٢٧ی دێسەمبەری ٢٠١٤

وێرای ٢٣ ساڵ گەندەڵی و دابەشکردنی کۆمەڵ و شار و گوند و گەڕەك و کۆڵان و خێزانی کوردی بەسەر دەسەڵات و ڕێکخستنی پارتیی و وابەستەیی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و کردنی هەرێمی کوردستان بە بەشێك لە بازار-ئازادی سەرمایەداری و جەنگی گەرمی نێوخۆیی و درێژەپێدانی بە ساردی تا هەنووکەش، لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و فەرمانداریی سەروخەڵکی و هەڵاواردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردستان بە گوێرەی زێدی بنەماڵە و سەرکردایەتی پارتییەکان، کۆمەڵی کوردستان بەسەر چەند هەرێمی نایەکسان لە ماف و بەهرەمەندیی لە داهاتدا دابەشکراوە؛ بۆ نموونە هۆرامان و گەرمیان و ناوچە شەبەك و ئێزیدی و کاکیی-نشینەکان لە هەموو شتێك بێبەشکراون و ناوچەکانی دیکە کراونەتە چەقی هەموو بڕیاردان و بەهرەمەندییەك، هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە ناوچەکانی دیکە هەمووان سەد لە سەد وەك یەك لە داهات و خزمەتگوزاریی بەهرەمەندن، نەخێر لەنێوان ئەوانیشدا بەرادەیەك هەڵاواردن هەیە، بەڵام هەڵاواردن و بێبەشییەکە بەو ڕادە نییە، کە بەرانبەر ناوچەی هۆرامان و گەرمیان و ناوچەی شەبەك و ئیزیدی و کاکەییەکان کراوە.

لە بەرانبەر ئەو مۆدێلە لە دێمۆکراسی [پارلەمانی] و شێوازی ڕێکخستن و بەرهەمهێنان و دابەشکردن، دەتوانین بە سەد و هەشتا پلە جیاوازیی لە هەموو بوارێكدا سەرنجی هەرێمی کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێ و عەفرین [خۆراوا] بدەین، کە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا توانیویەتی بەڕێوەبەرایەتیی گەلیی لەسەر بنەمای ڕێکخستنی هەرەوەزیی ئابوووریی و کارگێریی کۆمونەیی ** و یەکسانی هەمەلانەی ئێتنییەکان و ئایینەکان و زمانەکان لە سایەی [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ***]دا کۆمەڵی “خۆراوا” بەو هەمووە ئێتنیی و ئایین و زمانە جیاوازنەوە لە یەکێتییەکی ئازادانەی گەلییدا [کۆنفیدرالیزمی دێمۆکراتیك****] کۆبکاتەوە و ببێتە نموونەیەکی ئایدیال بۆ دەوروبەر و تەنانەت ئازادیخوازانی وڵاتانی ئەوروپی و …تد.

لەم دووڕیانەدا، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵی هەرێمی کوردستان وەك کۆمەڵێکی فرە ئێتنیی و فرە ئایین و فرە زمان لەو نالەباریی و نەهامەتییە بەردەوامەی بەڕێوەبەرایەتی پارتیی و پارلەمانی ڕزگاربکەین و بەر بە دووبەرەکی و کینەدۆزیی و کۆمەڵایەتییبوونەوەی گەندەڵیی و جەنگی ڕامیاریی و بازار-ئازادی سەرمایەداری بگرین، ئەوا پێویستە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی “خۆراوا”وە دەستپێبکەین. لێرەدا بەدیاریکراوی مەبەستم لە هەنگاوە سەرەتاییەکان: گۆڕانی کۆمەڵایەتییە لە ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵ و گرتنەبەری خەباتی نافەرمانی سڤیلی [مەدەنی]یە، کە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجێییەکان [لۆکاڵییەکان *****] و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پایەکانی ڕاگرتن و بەردەوامیی پێکدەهێنن، ئەوانەی کە بوونە بنەمای ڕێکخستنی کۆمەڵێکی ئازاد لە “خۆراوا”.

ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین کە لە گەرمەی سەرهەڵدانی جەنگی میلیشیایی و کاولکاریی بەشەکانی دیکەی (سوریە)دا، لەو سێ هەرێمەی کە لەم ڕۆژگارەدا بوونەتە سیمبوڵی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی، بەپێچەوانەی نەخشە و ئامانجی گروپ و لایەنە سەربازییەکانەوە، لە “خۆراوا” بەبێ جەنگ و دوور لە کینەدۆزیی ئایینی و ناسیونالیستی توانرا دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆر ناچار بەکشانەوە و ڕادەستکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانە بەخودی دانیشتووانی شار و گوندەکانی ئەو سێ هەرێمە بکرێ و ئەوانیش بە پشتبەستن بە ویست و خواستی جەماوەریی و گەلیی خۆیان توانییان ئازادییەك، کە خەونیان پێوەدەبینی بۆ خۆیان دەسەبەریبکەن و لەجیاتی جەنگی ناسیونالیستی لەسەر دەسەڵات و نەوت و کێبڕکێ لەسەر قۆرخکردنی بازار، یەکێتییەکی مێژوویی وەك پێشمەرجی کۆمەڵی ڕزگار و پشتبەخۆبەستوو بکەنە دروشم و ئامانجی سەرەکی.

ئا لێرەوە ئێمە دەتوانین سوود لەو ئەزموونە زیندوو و نزیکە وەربگرین و پێش لەوەی کە لە ناوچە بێبەشکراوەکاندا یاخیبوونی چەکدارانە و کینەدۆزیی و لەیەكدابڕان دروستببێت و ببێتە مایەی کایەکردنی داگیرکەران و دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جەنگی خوێناویی نەبڕاوە، بکەوینە خۆمان و هەوڵی پێکهێنانی کانتۆنە سەربەخۆکانی ئەو ناوچانە بدەین و لە یەکگرتنەوەی ئازادانەی ئەو کانتۆنانەدا سیستەمێك بۆ ئازادی و یەکسانی کۆمەڵ و پێکهاتەکانی لەسەر بنەمای کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیك ڕۆنبێین و هەنگاو بە هەنگاو، خشت بە خشت سیستەمی گەندەڵ و ناسەربەخۆی پارلەمانی بگۆڕین بە سیستەمێکی گەلیی پشتبەخۆبەستوو لەسەر بنەمای دێمۆکراتیی ڕاستەوخۆ [دێمۆکراسیی گەلیی]. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بڵێم، کە وەها سیستەمێك تەنیا لە ڕێکخستنی سەرخانی کۆمەڵدا کورتنابێتەوە و پێویستی بە سیستەمێکی ئابووریی ئیکۆلۆجیك لەسەر بنەمای ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی ******؛ هەرەوەزیی و گەلکاریی و ژینگەپارێزیی هەمووان هەیە، پێویستی بە گەشەی ڕۆشنبیتیی و پاکژکردن و پەرەپێدانی کولتووریی هەیە، پێویستی بە پەروەردەی تاکی ئازادیخواز و پشتبەخۆبەستوو هەیە، پێویستی بە سڕینەوەی بنەما کولتووریی و ئابوورییەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [جێندەریی] و نەژادیی و ئایینی و … هەیە، پێویستی بە فەرمیناسینی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایك هەیە، پێویستی بە هێزی پاڕێزگاریی گەلیی و خۆجێی هەیە، ئینجا بە نۆرەی خۆی پێویستی بە ڕێکخستنی ئاسۆیی بەرێوەبەرایەتیی گەلیی و ڕۆنانی ئابووریی سەربەخۆ هەیە.

ئەگەر لەم ساتدا سەرنجی کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و پاشکاراییەکانیان بدەین، ئەوا دەبینین پێش هەموو شت و بەر لە هەمووان پێویستە لە ناوچەی شەبەك و ئێزیدی و کاکەییەکانەوە دەستپێبکەین و خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیان لە کانتۆنە ئازادانەکاندا پێکبهێنن و وەك پێشتر گوتم وەها کارێك پێویستە ئاشتییانە و لەسەر بنەمای ڕاپرسیی گشتی دانیشتووان و دوور لە دەستتێوەردانی پارتییەکان و و ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییەکان و نێوەندە ئایینی و ئاراستە ناسیونالیستەکان، ئەگەر وەها بڕیارێك لەتەك هەڵویستی ناڕازییانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم یا عیراق بووەوە، ئەوا پێویستە خەباتی نافەرمانی سڤیلیی بکرێتە بەردەبازێك بۆ پەڕێنەوە بەرەو بڕیاردانی گشتیی دانیشتووان.

سەرەنجام سەرکەوتنی وەها هەنگاویك دەتوانێت هاندەر و ڕێگەچارەش بێت بۆ کێشەی ناوچە هەڵاوێردراوەکانی دیکەی وەك گەرمیان و هۆرامان و لەوێشەوە کارایی دانان لەسەر ناوچە چەقییەکان و گۆڕینی یەکجارەکی سیستەمی گەندەڵ و سەروخەڵکیی پارلەمانی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنبەوەی هەموو ناوچە و پێکهاتەکان لە کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیکدا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بزانین گەییشتن بە وەها ئامانجێك کاری یەك دوو ڕۆژ نییە و خۆشخەیاڵیی ئایدیۆلۆجی و دەستپێشخەریی گروپێکی ڕامیاریی نابێتە مسۆگەرکەری، بەڵکو پێویستی بە چالاکی و بەشداریکردنی هەموو تاك و کۆمەڵە گۆڕانخوازەکانی کۆمەڵ هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەچالاکبوون لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا: ڕۆشنگەریی، هونەریی و کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی و ژینگەپارێزیی و ئاژەڵدۆستیی …

******************

بۆ زانیاریی فرەتر لە بارەی ئەو بنەمایانە بە زمانەکانی دیکە، لەسەر ئەم لینکانە کرتە بکە

* مەبەست لە “ڕۆژاوا” پەیوەستبوونی کانتۆنی شەنگال نییە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی سێ کانتۆنەکەی “خۆراوا”، مەبەست لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان [دێمۆکراسی پارلەمانی]یەە بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی گەلی [دێمۆکراسی راستەوخۆ].

** هەرەوەزیی ئازادیخوازانە

http://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

*** دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ

http://shawnewald.info/aia/dec_directdemocracy.html

**** کۆنفیدرالیزم

http://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism

***** گروپی خۆجێی

https://www.anarchistaction.net/about-us/local-groups

****** ئابووریی ئیکۆلۆجیك و ئیکۆلۆجیکی کۆمەڵایەتیی

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bookchin/BookchinCW.html