ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

05 /07/2016

به‌شی دووهه‌م و کۆتایی:

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان و میتله‌ به‌رامبه‌ر سوریا و ڕۆژاودا:

له‌م به‌شه‌دا من ده‌مه‌وێت ته‌نها سه‌رکه‌تن و نوشستی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆگان باس بکه‌م.

نشوستییه‌کانی ئه‌ردۆگان له‌ ڕۆژاوا و سوریادا: خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه ‌سه‌ربازییه‌که‌ی ڕوسیا،‌کوشتنی فڕۆکه‌ونه‌کان، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا نه‌یتوانی به‌ فڕۆکه‌ به‌شداری شه‌ڕ دژی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و هێزه‌کانی ڕۆژاوا بکات ، دیسانه‌وه‌ له‌ ڕوی ئابووریی و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیانه‌ی نێواننیشیان، تورکیا خه‌ساره‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد ، هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ که‌رته‌کانی گه‌شتوگوزاردا 4 ملیۆن گه‌شتکه‌ری ڕوسی، له‌ ده‌ستدا. نوشستێکی دیکه‌ نه‌یتوانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ دانانی زۆنی دژه‌ فڕین له‌ ڕۆژاوادا که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و لێره‌دا ته‌نها لێدان بوو له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و په‌یه‌ده‌، ڕازی بکات. دیسانه‌وه‌ پلانه‌که‌ی له‌ته‌ك حکومه‌تی سعودییه‌ بۆ هێنانی هێزه‌کانیان بۆناو سوریا بۆ یارمه‌تیدانی گروپه‌ تیرۆریسته‌کان له‌ جه‌نگیاندا دژی ئه‌سه‌د و هه‌م دژی هێزه‌کانی ڕۆژاواش، نشوستێکی دیکه‌ بوو.‌ ئه‌مه‌ریکا له‌به‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه‌ تا ڕاده‌یه‌ك فشاری خستۆته‌ سه‌ری و په‌یوه‌ندی هه‌نووکه‌ییان ،به‌ره‌وپێشه‌و ناڕوات.

سیاسه‌ته‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی: له‌ ڕوی ئابورییه‌وه‌ داعش نه‌وتێکی زۆری بۆ دابینکرد ، کارکردن به‌ منداڵان و مێردمنداڵانی په‌نابه‌رانی سوری له‌ به‌رژه‌وندی خاوه‌نکاره‌کاندا، هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ میسر و خؤشکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. دروسکتردنی هێزێکی دژ به‌ ئه‌سه‌د له‌ژێرناوی تورکمانه‌کانتاکو به‌ ڕاسته‌وخو به‌کاریان بهێنێت و بیانکاته‌ ده‌مڕاستی تورکمانه‌کانی ڕؤژاوا و سوریا، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی هه‌ندێك له‌ پارته‌کانی نێو ئه‌نه‌که‌سه‌ و چه‌کداره‌کانیان دژ به‌ یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و ناو به‌ناو ئه‌نجامدانی کاری تیرۆریستانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ کانتۆنی جه‌زیره‌. له‌هه‌ره ‌سیاسه‌ته‌ سه‌رکه‌تووه‌کانی ئه‌ردوگان، ‌ به‌هێزکردنی هێزه‌ تیرۆریسته‌کانه‌ به‌تایبه‌ت داعش ، له‌ به‌رامبه‌ر‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه، بوو. که‌ به‌م کاره‌ش ئه‌وانی خستنه‌ به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریکا و شه‌ڕی هاوبه‌شیان دژی داعش و له‌ ئێستاشدا پایته‌ختی خه‌لافه‌ت، شاری ڕه‌قه‌یان، پێئازادبکه‌ن‌.

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان ومیتله‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا:

ئه‌ردوگان له‌ به‌رمبه‌ر ئێراندا سیاسه‌تێکی دووفاقه‌یی هه‌یه‌ ، له‌ سه‌رێکه‌وه‌ کێشه‌ی کورد له‌ هه‌ردوو وڵاتدا بووه‌ته‌ کارت و ئامانجێك، که‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌توانێت هه‌م په‌یوه‌ندی نێوانیان خۆش بکات هه‌م تێکیشی بدات، که‌ ئه‌مه‌ دژایه‌تی ناڕا‌سته‌وخۆی یه‌کدیش، ده‌گرێته‌وه‌ . ئاشکرایه‌ که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کدارانی ئێران له‌ پاسداران و له‌شکری یاسایی یارمه‌تی ئه‌سه‌د و حکومه‌ته‌که‌ی ده‌ده‌ن، ‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌یارمه‌تی ئێران بۆ حیزبوڵایلوبنان . تورکیاش به‌ ڕۆڵی خۆی به‌ یارمه‌تی داعش کنه‌ له‌ حکومه‌تی ئێرانی ده‌کات له‌ ڕێگای عێراقه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی په‌راوێزخستنی عێراق، له‌ ناوچه‌کدا ، که‌ حکومه‌تی عێراقی حکومه‌تێکی شیعه‌یه‌ و هاوپه‌یمان و هاومه‌زهه‌بی حکومه‌تی ئێرانییه‌

له‌ ئیستادا وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانبینین تاڕاده‌یه‌ك ئێران و تورکیا هه‌ندێك په‌یوه‌ندی ئابووریی له‌ نێوانیاندا به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان که‌ په‌یوه‌ندی سیاسیشیان ،‌ به‌ره‌و باشتر به‌رن .

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان له‌ به‌رامبه‌ر عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمدا:‌

ئه‌ردوگان و میتداعشیان ته‌نها له‌ ڕۆژاوا سوریادا به‌کارنه‌هێنا ، به‌ڵکو داعش وه‌ره‌قه‌یه‌کی گرنگی ده‌ستی تورکیا و هه‌ڵسوڕاوێکی زۆر چالاکیش بوو که تورکیا‌ توانی هاوکات دژی حکومه‌تی عێرا ق و دژی حکومه‌تی هه‌رێمیش، بۆ‌ سوود‌ی خۆیان زۆر به‌باشی به‌کاریان بهێنن.

له‌ به‌رامبه‌ر عێراقدا توانی دووهه‌م شاری عێراق که‌ موسڵ بوو ببچڕێت ‌ و له‌وێوه‌ هه‌نگاوه‌کانی دیکه‌ی بنێت. به‌داگیرکردنی موسڵ نه‌ك مه‌ترسی له‌ سه‌ر شار و شارۆچکه‌کان و دێهاته‌کانی ده‌ڤه‌ری موسڵ، دروستکرد، به‌ڵکو ئه‌م مه‌ترسییه‌‌ ته‌نییه‌وه‌ بۆ که‌رکوك و هه‌ولێر تکریت و فه‌لوجه‌ و ڕومادییه‌ و هیت و ڕوتبه‌ش‌. له‌ ساڵی 2014 ده‌دا نزیکه‌ی سێیه‌کی عێراق له‌ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوو . هه‌روه‌ها به‌شێکی ئابووریی عێراقیشی به‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی پاڵاوتنه‌کانی نه‌وت و بیره‌ نه‌وتییه‌کان، له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ده‌ست عێراق کرده‌وه‌ ‌. گرفتی دابه‌شکردنی عێراق و کێشه‌ی کۆنی ویلایه‌تی موسڵی زیندووکرده‌وه‌. ‌ به‌داگیرکردنی موسڵ به‌نداوی موسڵ که‌وته‌ ده‌ستی داعش و تا ئێستاش ئه‌و وه‌کو چه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ دژ به‌ حکومه‌تی عیراق به‌کاریده‌هێنێت. توانی گوڕوتینێکی زۆر به‌ خێڵ و عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی ‌ سونی مه‌زهه‌بی ئه‌وێ، بدات، گه‌ر نه‌شتوانن پشتگیری داعشیش بکه‌ن ، پشتگیری حکومه‌تی عێراقیش نه‌که‌ن . عێراقی خسته‌ ژێر قه‌رزێکی زیاتری چه‌كکڕین و مامه‌ڵه‌ی مه‌ترسیدار له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ، به‌مه‌ش عێراقی زیاتر خسته‌ باوه‌شی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا . گرتنی موسڵ، داعشی کرد به‌و هێزه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌‌تادا ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ گرتنی به‌غدا ده‌کرد‌ ، وه‌کو پێشتر وتم پێگه‌ی داعش له‌ ڕومادییه‌ و و فه‌لوجه‌ و تکریت ڕوتبه‌ و هیت و ته‌لعه‌فه‌ر و زۆر شارۆچکه‌ی دیکه‌ به‌هیزتر کرد، به‌مه‌ش داعشی کرده‌ مه‌ترسییه‌کی سه‌ره‌کی که‌ تائێشتاش ئاسوده‌یی و ئاشتی له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقدا نییه. گرتنی موسڵ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ کارئاسایی بۆ تورکیا کرد که‌ له‌ ساڵی پاردا به‌دیار چاوی کۆمۆنێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زار سه‌ربازی به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکه‌وه‌ هێنایه‌ نێو خاکی عێراقه‌وه و‌ تا ئێستاش ئه‌و هێزه‌ له‌وێ نیشته‌جێیه‌ و عێراقیش ئه‌مه‌نده‌ لاوازه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا ‌ ده‌سته‌وه‌ستانه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ تورکیا ڕۆژانه‌ سنوری عێراق به‌ ته‌یاره‌ ده‌به‌زێنێت و ماڵ و دێهاتی ئه‌و بنارانه‌ی شاخی قه‌ندیل‌ بۆردمان ده‌کات و ژینگه‌ و سروشتی ئه‌وێ وێرانده‌کات.

هه‌رچیش په‌یوه‌ندی به‌ کوردستانه‌وه‌‌ به‌ گشتی و حکومه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی هه‌یه‌، شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی درێژخایه‌نی بۆ ناوچه‌که،‌ دروستکرد و کوردی کرده‌ واجیهه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌هێزی دژ به‌ داعش، دژ به‌ سونه‌، تا ڕاده‌یه‌ك خستییه به‌ره‌ی دژ به‌ عه‌ره‌ب و دژ به‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ کردییه‌ زیاتر وابه‌سته‌ی تورکیا. حکومه‌تی هه‌رێم و خودی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بونه‌ته‌ بنکه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکی و تورکی ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی له‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، نزیکتر کرده‌وه‌. تورکیا به‌ سیاسه‌تی به‌کارهینانی داعش زۆر ‌کارایانه‌ توانی ئه‌وه‌نده‌ی تر کوردستان به‌ گشتی و حکومه‌تی هه‌رێـم به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ بکاته‌ پاشکۆی تورکیا و ناوبه‌ناویش کار له‌سه‌ر کێشه‌ی تورکمانه‌کانی که‌رکوك، ده‌کات ‌. دووژمنایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کرده‌ سه‌ره‌کی نه‌ك هه‌ر دژ به‌ په‌که‌که‌و په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌ڵکو به‌ سه‌رجه‌می کوردانی باکور و ڕۆژاوا و چاوپۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و کوشتن بڕینه‌ که‌ به‌رامبه‌ریان له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، ده‌کرێت ، بکات. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ناو به‌ناویش ته‌نانه‌ت سنوری ڕۆژاواشیان لێداده‌خات وه‌کو چۆن ئه‌مساڵ بۆ ماوه‌ی 3 مانگ هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌ک نه‌گه‌تیشته‌ ڕۆژاوا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ڵکو داعش فشاریشی بۆ‌ نێوه‌ند و حیزب و ڕێکخراوه‌ ئیسلامیه‌کانیش، هێنا، که‌ ده‌بێت چ به‌ ئاشکرا یا به‌ نهێنی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ داعش هه‌بێت ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ هیچیان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ که‌ ته‌کفیری داعش بکه‌ن ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی که‌ یه‌کگرتووزۆر ‌ نزیکه‌ له‌ تورکیاوه و‌ له‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێستیاندا لایه‌نگری داعش ده‌که‌ن.

له‌مانه‌ش واوه‌ تر داعش توانیشی ته‌مه‌نی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ گشتی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان به‌تایبه‌تی، درێژبکاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هه‌بوونی مه‌ترسی داعش. مووچه‌یان له‌ خه‌ڵکی گرته‌وه، هه‌ژارییان خسته‌وه‌، ته‌واوی پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌کانیان، ڕاگرت ‌، به‌مانه‌ وایان له‌ خه‌ڵك کرد هێشتا هه‌ر ڕازیبن، به‌و ژیانه‌ و له‌هه‌وڵی چالاکی و ناڕه‌زایی کاریگه‌رانه‌ له‌ دژیاندا، به‌ پاساوی کردنی ‌ ئه‌مانه‌ له‌ به‌رژه‌وندی داعش ده‌بێت، نه‌بن.

هه‌موو ئه‌و ورده‌کاریانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن ، که‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و ئاکه‌په‌ و میت؛ تائه‌م کاته‌ش ئه‌و ئامانجانه‌ی که‌ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی له‌ سه‌ر‌ه‌تادا بۆ داڕێژراون‌ ، پێکاوه‌ و له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ به‌ زیانی کورد له‌ باشوور و باکوور و ڕۆژاوا، کۆتایی هاتووه‌ . . ‌له‌ ئێشتاشدا ئه‌ردوگان خه‌ریکی پرۆسه‌ی ئاشتیکردنه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنان و ناحه‌زانیدا ، دیاره‌ سیساسه‌تی ئاشتیانه‌ی داهاتوشی هه‌ر‌ وه‌کو سیاسه‌تی شه‌ڕی ئێستای هه‌ر له‌ دژی کورد ده‌بێت، گه‌ر کار له‌سه‌ر نه‌مانی کانتۆنه‌کانی ڕۆژاوا نه‌کات ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کار له‌سه‌ر شێواندیان ده‌کات بۆ جۆرێك له‌ حکومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌ وابه‌سته‌که‌ی هه‌رێم.

Zaherbaher.com

‌ ‌

 

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

05 /07/2016

به‌شی یه‌که‌م:

له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و حیزبه‌که‌ی ، ئاکه‌په‌، له‌ عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا به‌ گشتی و سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژاوا و باکوور به‌ تایبه‌تی، که‌ تا چه‌ندێك توانیوێتی ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێت، بدوێم.

بێگومان سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان بۆ خودی تورکیا خۆ کوژییه‌ و نه‌ له‌ ئێستاو نه‌ له‌ داهاتووشدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵی تورکیادا ‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌و ، نییه ‌و نابێت ، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ کارایی خۆی له‌ سه‌ر باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و وڵاته‌ داناوه‌ و له‌ ئاینده‌شدا ‌ ده‌بێته‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ببیته‌ هۆکاری گۆڕانکاری گه‌وره‌ له‌وێ.

کاریگه‌ریی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا ‌ به‌ ئاشکرا دیاره‌ . له‌ بواری ئابووریشدا ، له‌ سه‌دا 8 ی کرێکارانی ئه‌وێ له‌ به‌شی گه‌شت و گوزاریدا کار ده‌که‌ن که‌ له‌ سه‌دا 12.9 ی داهاتی تورکیا پێكده‌هینێت. له‌ ساڵی 2014 دا نزیکه‌ی 42 ملیۆن گه‌شتیار چونه‌ته‌‌ ئه‌وێ. به‌ڵام به‌ گوێره‌ی قسه‌ی مورات ئێرسۆیسه‌رۆکی جه‌معییه‌ی گه‌شتوگوزاری تورکیا: “له‌ ئه‌مساڵدا به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2015 تورکیا 15 ملیار دۆلار له‌ ده‌ستده‌دا، چونکه‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌ ڕیژه‌ی له‌ سه‌دا 30 داده‌به‌زێت. له‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵ به‌‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 28 که‌ ده‌کاته‌ 1.75 ملیۆن که‌س به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2015 ی هه‌مان مانگ، دابه‌زیوه‌ …… له‌ 4 مانگی ئه‌مساڵدا ڕێژه‌ی گه‌شتیاران به‌ ڕیژه‌ی له‌ سه‌دا 16.5 ، که‌ ده‌کاته‌ 5.82 ملیۆن که‌س هاتۆته‌ خواره‌وه‌“.‌

Leading Turkish tourism player expects $15 bln loss in revenue

 

به‌ڕای من بناخه‌ی ئه‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تورکیا، ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌که‌ی ئه‌ردوغان که‌ له‌سه‌ر داعش و هێزی داعش ، هه‌ڵیچنیوه‌.

ئه‌مه‌ چۆن؟

من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕم وابووه‌ که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی هێنانی داعش بۆ عێراق و داگیرکردنی موسڵ بۆ هه‌ره‌سپێهێنانی ئه‌زموونی ڕۆژاوا، بوو.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موان ده‌زانین که‌ بوونی ئیداره‌یه‌کی کوردی له‌ ڕۆژاوادا ، که‌ تا ئێستا ‌ له‌ هه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌و بگره‌ له‌ به‌شێکی زۆری جیهانیشدا ، نموونه‌ییه‌،، جێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ردوگان و حکومه‌ته‌که‌ی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ ئیداره‌یه‌کی وه‌کو هه‌رێمیش که‌ ‌ له‌ بنده‌ستی خۆی و پاشکۆی خۆیه‌تی ، هه‌ر قایل نییه‌‌‌ . ئێ خۆناشکرێت سنوری وڵاتێکی دراوسێ ببه‌زێنێت و جه‌نگێکی گه‌وره‌ له‌وێدا دژی په‌یه‌ده‌ و خۆسه‌رییه‌کانی ڕۆژاوا هه‌ڵگیرسێنیت. گه‌ر چی ‌ ئه‌ردۆگان ڕه‌نگه‌ له لایه‌ن کۆمۆنێتی نێوده‌وڵه‌تی له‌مه‌دا پشتگیری لێبکرایه‌، به‌ڵام ناتوانێت به‌و ئاشکرایه‌ ده‌ستبکێشێته‌ خاکی وڵاتێکی دیکه‌وه‌ و شه‌ڕێکی خوێناوی دروست بکات . هاوکاتیش داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌ وه‌کاله‌تی تورکیا و سعودییه‌ و قه‌ته‌ره‌وه‌ جه‌نگیان ده‌کرد ئه‌و هێزه‌یان نه‌بوو که‌ ‌یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ ببه‌زێنن. باشترین کارێك هه‌ڵبژاردن و به‌هێزکردنی هه‌ره گروپه‌‌ دڕنده‌که‌یانه‌ که‌ خاوه‌نی پایه‌ و ئایدۆلۆجیایه‌کی کاریگه‌ره‌‌ ، تاکو به‌هێزیان بکات و بیانکاته‌ ئه‌و‌ هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌ی که‌ چه‌نده‌ها ئامانجیان له‌ یه‌ك کاتدا، بۆ بپێکێت ، بێ ئه‌وه‌ی که‌ خۆی تییادا زه‌ره‌رمه‌ندێکی گه‌وره‌ ببێت.

بۆچی موسڵ؟

هه‌ڵبژاردنی موسڵ – و داگیرکردنی بۆ په‌لاماردان و به‌ڕێکردنی ته‌واوی پلانه‌کان،‌ حساباتی خۆی هه‌بوو، له‌وانه‌ : هۆکاری مێژویی پێشینه‌‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، نزیکی له‌ سنوری تورکیا و سوریاوه‌ ، ڕێگای باشی به‌ستنه‌وه‌ی موسڵ به‌ هه‌ردو وڵاته‌وه‌، نیشته‌جێبونی ئێزیدییه‌کان له‌و ده‌ڤه‌ره‌، نزیکیی موسڵ له‌ که‌رکوك و هه‌ولێر و تکریت، ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌ڤه‌ری موسڵ به‌ سامانی نه‌وت. موسڵ خاڵێکی هه‌ره‌ لاوازی حکومه‌تی عێراق بوو، نزیکه‌ی ته‌واوی دانیشتوانی سونی مه‌زهه‌بن‌، ڕکوکینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی به‌ په‌راوێزخستنیان و مامه‌ڵه‌ی ‌ خراپییان له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستان و هێزه ‌سه‌ربازییه‌کانی عێراق. ئه‌مانه‌و گه‌لێک هۆکاری دیکه‌ ڕۆڵیان له‌ هه‌ڵبژاردنی موسڵ بۆ فه‌تحی هێزی داعش و به‌ڕێکردنی پلانه‌کانی ئه‌ردوگان، بینی.

به‌کارهێنانی داعش و داگیرکردنی موسڵ ‌:

له‌ سه‌ره‌تادا چه‌ند هۆکارێکم له‌ بیانوه‌کانی ئه‌ردوگان که‌ داعشی وه‌کو هێزێکی سه‌ره‌کی به‌کارهێنا، باسکرد. ئه‌وه‌ی خاڵی سه‌ره‌کییه له‌م وتاره‌دا داگیرکردنی موسڵه‌ چونکه‌ داگیرکردنی موسڵ پراکتیزه‌کردنی سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان بوو. به‌ بێ داگیرکردنی موسڵ سه‌راپای پلانه‌کانی ئه‌ردۆگان فه‌شه‌لی ده‌هێناو ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌یه‌ش ‌‌ ناوچه‌که‌دا ڕوینه‌ده‌دا.

به‌داگیرکردنی موسڵ توانرا ڕه‌قه‌ی پایته‌ختی داعشی پێ پته‌وتر بکرێت و پانتایی حوکمی داعش و کۆنترۆڵکردنی زیاتری بۆ ڕه‌خسا. ئه‌مه‌ش وه‌کو دواتر ده‌رکه‌وت کارئاسایییه‌کی زۆری بۆ تورکیا بۆ‌ هاوکاری داعش له‌ مه‌یدانی سیاسی و سه‌ربازید، هاوکاتیش یارمه‌تی داعش به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌کردنی کاری تیرۆریستی و هێڕشی ده‌سته‌ویه‌خه ‌و بازرگانی به‌ په‌نابه‌رانه‌وه‌ و ‌ داهاتی نه‌وتیش، کرد.

گرتنی موسڵ و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و هه‌مو ته‌قه‌مه‌نی و که‌ره‌سه‌ سه‌ربازییا‌نه، به‌و ئاسانییه‌ له‌ لایه‌ن که‌متر له‌ 5 هه‌زار چه‌کداری داعشه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ نزیکه‌ی 60 هه‌زار له‌ هێزی سوپای عێراقی به‌هه‌موو چه‌کێکی نوێی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌تا هه‌لی کۆپته‌ریش، که‌ پلانێکی پێشینه‌یی بۆ کرابوو وه‌کو نیمچه‌ کوده‌تایه‌ك، وابوو. ئه‌م کارئاساییه گه‌وره‌یه‌ بۆ داگیرکردنی ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌ی عێراق کرابوو، بۆ شارێكی دیکه‌ مه‌حاڵ بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش‌ بوو که‌ داعش له‌ ماوه‌ی شه‌وو ڕۆژێکدا توانی هه‌ر هه‌موو شاری موسڵ کۆنترۆڵ بکات.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ش خستنه‌گه‌ڕی پلانی دووهه‌م که‌ هێڕشکردنه‌ سه‌ر کۆبانیبوو، به‌ تازه‌ترین چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازی و به‌ یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌ و موسڵه‌وه، ئاسانکرد‌ .

بۆچی کۆبانی؟

ئه‌ردوگان و میتیتورکی له‌ نێوانی کانتۆنی جه‌زیره‌ و کۆبانیدا ده‌بوایه‌ یه‌کێکیانیان هه‌ڵبژاردایه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه‌ هه‌موو ورده‌کاریی و لێکدانه‌وه‌یه‌کی بۆ بکرێت، وه‌کو: نزیكیان له‌ ‌ موسڵه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر چی دووری شاری موسڵ بۆ ڕه‌قه‘‌ 372 کیلۆمه‌تره‌ و بۆ قامیشلۆ ته‌نها 150 کیلۆمه‌تره‌ ، به‌ڵام دانیشتوانی جه‌زیره‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌یه‌کی دایشتوانی کۆبانی ده‌بن، له‌ ڕوی ئابوریشه‌وه‌ جه‌زیره‌ پته‌وتره‌ تاکو کۆبانی ، له‌ ڕوی پانتایییه‌وه‌ جه‌زیره‌ له‌ کۆبانی گه‌وره‌تره‌ ، کۆبانی له‌ ناوه‌ڕاستی جه‌زیره‌ و عه‌فرین –دایه‌ که‌ به‌ستنه‌وه‌ی جه‌زیره‌ و عه‌فرین به‌ گرتنی کۆبانی یاهه‌ر هه‌بوونی شه‌ڕ له‌وێ، ڕۆڵیکی یه‌کجار گه‌وره‌ی ده‌بینی. هێزی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ جه‌زیره‌ زۆر زیاتر بوون تاکو کۆبانی. له‌ قامیشلۆ، ئه‌و کاته‌ش و ئێستاش هێزی سه‌ربازی ئه‌سه‌دی لێیه‌و چه‌ند کیلۆمه‌تر دووجایه‌یه‌ک خاکیان به‌ فڕؤکه‌خانه‌ و ده‌زگه‌ی پۆستی قامیشلۆیان له‌ داستدایه‌ ، به‌ڵام کۆبانی هێزی ئه‌سه‌دی لێنه‌بوو. ڕاگه‌یشتنی هیزی تورکیا به‌ داعشدا له‌ جه‌زیره‌ گرانتر بوو تاکو کۆبانی. نزیکیی ڕه‌قهله‌ کۆبانییه‌وه‌ ‌ تاکو جه‌زیره‌ ‌ و یارمه‌تی و هاوکاری تورکیاش بۆ داعش له‌ سنوری سروسوه‌ ئاسانتر بوو تاکو له‌ سنوری نوسه‌یبینبۆ داعش. ‌ گه‌لێك هۆکاری دیکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆبانیدا ، له‌ لایه‌ن میتیتورکییه‌وه‌ تاووتوێ کراوه‌.

من وای ده‌بینم تا کانونی دووهه‌می 2015 که‌ داعش له‌‌ هێڕشه‌که‌ی بۆ سه‌ر کۆبانی نوشستی هێنا ، سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و میتسه‌رکه‌وتووبون . له‌ مانگی حوزه‌یران و ته‌موزی 2015 دا دوو سیاسه‌تی دیکه‌ی گرته‌ به‌ر ، که‌ جه‌وهه‌ری هه‌ردوکیان تیرۆر و ترساندنی کوردی باکوور بوو که‌ یه‌که‌میان هه‌ڵوه‌وشانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاه‌دنه‌که‌ی 15/06/08 بوو که‌ هه‌ده‌په‌ سه‌رکه‌وتنێکی باشی به‌ده‌ستهێنا و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتنه‌که‌ به‌ گه‌لێك هۆکار ، که‌متر بووه‌وه‌ . سیاسه‌تی دووهه‌م به‌ڕێکردنی پرۆسه‌ی تیرۆر و کوشتن و بڕین به‌ ڕێگا خۆشكردن بۆ خۆکوژانی داعش تاکو تیرۆری خه‌ڵکی بکه‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سروسکرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ لاوانی کوڕ و كچی کۆمۆنیست و سۆشیالیست ئه‌نارکست بوونه‌ قوربانی. له‌مه‌دا ئه‌‌ردوگان سێ مه‌به‌ستی هه‌بوو : یه‌که‌م هێنانه‌وه‌ و چڕکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌وێدا و که‌مکردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی. دووهه‌م: هیمای ئه‌وه‌ بدات به‌ گه‌لانی تورکیا و ئه‌وروپاش که‌ داعش دژایه‌تی ئه‌ویش ده‌کات. سێهه‌م : تێوه‌گلانی په‌که‌که‌ له‌ دروستکردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی.‌ به‌داخه‌وه‌ له‌مه‌یشدا ئه‌ردۆگان سه‌ره‌که‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌م کوشتن و بڕین و وێرانکردنه‌ی که‌‌ ئێستا له‌ باکوردا به‌ڕێده‌کرێت، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی قه‌ده‌خه‌کردنی هاتووچۆو برسیکردنی خه‌ڵکی و کۆمه‌ڵکوژی و لابردنی پارێزبه‌ندی (حه‌سانه)‌ی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کانی هه‌ده‌پهو لابردنی گه‌لێك له‌ سه‌ره‌كشاره‌وانییه‌کان و دانانی که‌سانی دیکه‌ی سه‌ر به‌ ئاکه‌په‌ و گه‌لێکی دیکه‌ که‌ هه‌ر هه‌مووی به‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا ده‌کرێت،‌ هه‌مووی به‌ زه‌ره‌ری بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی باکور و به‌ قازنجی ئه‌ردوگان و میتیتورکی و لایه‌نه‌ نه‌ژادپه‌رست و ڕاستڕه‌وه‌کان، ده‌گه‌ڕیته‌وه‌.

سیساسه‌تێکی دیکه‌ی سه‌ره‌که‌وتوانه‌ی ئه‌ردوگان ئه‌وه‌بوو که‌ له‌ 05/07/2015 وه‌ ڕێگای دیتنی ئۆجه‌لانی بڕیوه‌ و له‌و ڕۆژه‌وه‌ ته‌نانه‌ت پارێزه‌ره‌کانیشی نه‌یانتوانیوه‌ بیبینن. کردنی ئه‌مه‌ش یانی بڕینی هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کی نێوانی ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ و هێزه‌کانی دیکه‌شه‌ ، که‌ به‌ڕای من ئه‌مه‌ش به‌ سوودی ئاکه‌په‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌زه‌ره‌ری کوردانی باکوور و ڕؤژااوا.

درێژه‌ی هه‌یه‌

Zaherbaher.com

 

له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم

حه‌سه‌ن جودی

٢٣/ ٦ / ٢٠١٦

چەند سەرنجێك لەسەر وتاری ” ئایا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟ زاهیر باهیر ٩/٦/٢٠١٦ ” *

پاش خوێندنەوەی وتارەکە، کە به‌ پرسیاری ئایا (بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟) دەستپێدەکات، لە ھۆشی مندا چەند سەرنجێک سەریانھەڵدا. بە دیتنی من سه‌ره‌تایه‌كی باشه، به‌ڵام كه‌مه‌،‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسێكی گرنگ و له ‌هه‌مانكاتدا په‌راوێزخراو. ئه‌م بابه‌ته‌ هێژای قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌. چونكه‌ ئه‌و  پرسیاره‌ هاوپێچیشه‌ له‌گه‌ڵ پرسیارگه‌لی وه‌ك : له‌ كۆی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا چشتێك هه‌بووه‌ یان هه‌یه‌ ناوی ئه‌ناركیستی بێت.؟ مه‌گه‌ر له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌؛ پێویستبوو پرسێكی دیكه‌ش به‌دوای ئه‌و پرسه‌دا هاتبایه‌: داخوا توانستیده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ یان ره‌وتێكی ئه‌ناركیستی هه‌یه‌؟

پێم وایه‌؛ مرۆڤ به‌ كرده‌ی ئه‌ناركیستیانه‌یه‌وه‌ له‌ مێگه‌لایه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌و  مرۆڤبوون و كۆمه‌ڵگابوون هه‌نگاوی هه‌ڵهێناوه‌، ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگابوون له‌ مێگه‌لبوونیش جیا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر ته‌نیا رێكخسته‌بوونی كۆمه‌ڵگا له‌ چوارچێوه‌ی فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانی تاكه‌كانیشی كۆمه‌ڵگابوونی ئافراندووه‌ و پێشیخستووه‌. دواتر كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ك چڕبوونه‌وه‌ی هێزی پیاو و به‌دواشیدا هێزی چینێك فۆرمی وه‌رگرت، ئیدی ئه‌ناركیستی له‌ناواخنی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان وه‌ك ره‌وتێك، به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و كرده‌وه‌وه‌ زیندووێتی به‌ خۆی و به‌ ره‌وتی كۆمه‌ڵگابوون داوه‌.  بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی چه‌نده‌ شه‌ڕ بووه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سروشتییه‌كان له‌هه‌مانكاتدا شه‌ڕیش بووه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كاندا. ئه‌ناركیستی ئه‌وه‌نده‌ ئاوێته‌ی كۆمه‌ڵگا بووه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ وزه‌ی دینامیكی كۆمه‌ڵگا یان زیندووێتی كۆمه‌ڵگا خۆی و كۆمه‌ڵگای به‌ زیندووێتی هێشتۆته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وت و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان سه‌نگه‌ربه‌ند بووه‌. ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان تێكۆشانی كۆمه‌ڵگا ئازاد و ئازادیخوازه‌كانی به‌ ره‌وتی ئه‌ناركیستی (ئاژاوه‌گێڕی، ئیبلیسی، دژه‌ خودا، دژه‌ یاسا، دژه‌ سیسته‌م…هتد ) ناساندووه‌ و به‌ر نه‌فره‌تی خۆی داون‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگاشی هانداوه‌ كه‌ دژی ئه‌و وزه‌یه‌ی دینامیكی زیندووی خۆی بوه‌ستێته‌وه‌.

ئیدی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ رووێكیه‌وه؛‌ مێژووی ململانێی نێوان ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان و ره‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان بووه‌.‌ مسۆگه‌ر له‌ ململانێی نێوان فۆرمی قوچكه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان له‌به‌ره‌ی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا سه‌نگه‌ربه‌ند بوونه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ زێده‌ڕۆیی نه‌كات ئه‌وا ده‌كرێ بگووترێ؛ سه‌ره‌تای هه‌موو بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كان به‌ رۆحی ئه‌ناركیستی و له‌میانه‌ی چه‌مك و كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و پاشان فۆرمی رێكخسته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتووه‌. دواتر له‌گه‌ڵ تۆكمه‌بوونی رێكخسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌ره‌تا هه‌وڵی په‌راوێزخستن و پاشان ناشیرینكردن و به‌دواشیدا وه‌ده‌رنانی كاره‌كته‌ره‌ ئه‌ناركیستییه‌كان خۆی قاڵبگیر كردووه‌ و ئیدی خۆی خزاندۆته‌ ناو فۆرمه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ قوچكه‌ییه‌كانه‌وه‌. وه‌ده‌رنانی ره‌وتی ئه‌ناركیستی له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا واتا وه‌ده‌رنانی زیندووێتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئیفلیچكردنی به‌شێكی دینامیكی كۆمه‌ڵگایه‌. به‌بێ رۆحی ئه‌ناركیستی هه‌رجۆره‌ رێكخسته‌بوونێكی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قوچكه‌ییبوون و قاڵبگه‌ری ده‌ڕوات. ئیدی وه‌ده‌رنانی رۆحی ئه‌ناركیستی و نیشاندانی به‌ حه‌رامزاده‌یی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ واتا ئاراسته‌گرتنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و باوه‌شی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتگه‌ری.

لێره‌وه‌؛ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی ئه‌مجاره‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ فۆرمه‌ قاڵبگرتووه‌ داخراوه‌كانی خودی كۆمه‌ڵگایه‌‌، له‌به‌رامبه‌ر به‌ قاڵبه‌ هزرییه‌ دۆگماكانی كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم. چ له‌نێو كۆمه‌ڵگا و چ له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتدا. ده‌سه‌ڵات بۆخۆیشی وشكترین فۆرمی دۆگمایه‌ و به‌رهه‌می دۆگماتیزمه‌. هه‌موو ئایدیۆلۆژییه‌ دۆگماتیكه‌كان مه‌حكومن به‌وه‌ی ببنه‌ ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتدارێتی.   ‌

كه‌واته‌ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا ره‌وتێكی دژه‌ دۆگماتیزمه‌. ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی نییه‌، به‌ڵكو پارادیمێكی بیركردنه‌وه‌ و ژیان و چالاكییه‌. پێكهاته‌یه‌كی گرنگی هووشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سروشتییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوون نه‌بێته‌ پرۆسه‌ی له‌قاڵبدانی كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ی رێكخسته‌بوون نه‌بێته هۆی تێكدانی سروشتی گه‌شه‌سه‌ندوویی و گۆڕانكاری به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا و به‌دوایدا ‌هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان (به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌وه‌) ره‌وتی ژیانیین و پارسه‌نگی هاوسه‌نگڕاگرتنی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوونن.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پێم وایه‌؛ كۆمه‌ڵگا نییه‌ بێ ره‌وتی ئه‌ناركیستی بێت. واتا له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌دا و له‌هه‌ر قۆناخ و دۆخێكی خۆیدا كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكی ئه‌ناركیستیانه خۆی نمایش ده‌كات‌. چه‌نده‌ ئه‌و ره‌وته‌ هاوكاتی پرۆسه‌ی رێكخسته‌بوون خۆی به‌ زیندوویی هێشتبێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵگا زیندوو بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش توانیویه‌تی له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌نگه‌ربه‌ند بێت. له‌مه‌دا ده‌خوازم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو كه‌ ئه‌ناركیستی و رێكخسته‌بوونی پێكهاته‌‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ناو یه‌ك و ئاوێته‌ی یه‌كن و له‌هه‌مانكاتیشدا هاودژی یه‌كتریشن و به‌بێ یه‌كتر واتایان كه‌مده‌بێته‌وه‌ و بوونێتیان لاواز و بێ به‌رگه‌ ده‌بن. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گووترێت “دینامیكی زیندووی كۆمه‌ڵگا” له‌ دوو دۆخدا دێته‌دی: یه‌كه‌میان؛ چه‌نده‌ ئه‌ناركیستبوون و رێكخسته‌بوون له‌نێو ئاوێته‌یی و دژبووندا له‌نێو پێكداخشان (احتكاك)ی پۆزه‌تیڤ دان. دووه‌میشیان چه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌نێو پێكداخشانی نێگه‌تیڤ دان.

بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای باشووریش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نه‌بووه‌ و ئێستاش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نییه‌. به‌ڵام چۆن؟ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ به‌ گشتی هێشتا تاوتوێی ره‌وتی خۆرهه‌ڵاتیانه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی نه‌كراوه‌ كه‌ چ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌ك بووه‌ و هه‌یه‌؟! ئه‌مه‌ بۆ كوردستان و به‌تایبه‌تتر بۆ باشووری كوردستانیش هه‌ر وه‌هایه‌. راسته‌ بیرمه‌ندان له‌ خۆرئاوا ره‌وتی ئه‌ناركیستیان خزانده‌ نێو لێتۆژینه‌وه‌ هزری و فه‌لسه‌فییه‌كان و ره‌هه‌نده‌كانیانی لێكدایه‌وه‌ و ئیدی به‌دوایدا ئه‌ناركیستی خۆی گه‌یانده‌ چه‌مك و كاره‌كته‌ر و جوڵه‌ی دیاریكراو و چوارچێوه‌یه‌كی هزری به‌نێوی (ئه‌ناركیزم)ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ دۆخێكه‌ زیاتر مۆركی جڤاكی خۆرئاوایی وه‌رگرتووه‌ و به‌رهه‌می جڤاكی نێو مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌ له‌ خۆرئاوا. واتا ڤێرژنێكی خۆرئاوایی ئه‌ناركیزمه‌. ئه‌ی ڤێرژنه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كه‌ی كوا؟ وێڕای گووتنی ئه‌و راستییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ و ڤێرژنه‌ خۆرئاواییه‌كه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی، به‌ڵام خۆ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا به‌رهه‌می جڤاكی خۆرئاوایی نییه. ئه‌گه‌ر وا بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا پێم وایه‌ ده‌كه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌ری ناوه‌ندگه‌ریی (سه‌نترالیزم)ی خۆرئاواییه‌وه‌، كه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌و ناوه‌ندگه‌راییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و مۆدێرنیته‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌ناركیزمی خۆرئاوایی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ركه‌وتووه‌.

به‌ كورتی؛ ئه‌ناركیستی وه‌ك ره‌وتێكی جوڵه‌داری نێو جڤاكه‌ زیندووه‌كان، له‌ جڤاكه‌كانی خۆرهه‌ڵات و له‌ جڤاكی باشووریشدا ده‌كرێ سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێ و هه‌وڵی دیتنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌كانی بدرێت. چونكه‌ ئه‌م جوگرافیایه‌ و كۆمه‌ڵگاكانی ناوه‌ند و بێشكه‌ی دۆگماتیزمه‌. خۆ ناكرێ دۆگماتیزم هه‌بێ و دژه‌كه‌ی نه‌بێ؟!! ره‌نگبێ له‌ داهاتوودا ده‌رفه‌تی قسه‌ و باسی زیاتر بره‌خسێ و زیاتر مانیفێست بكرێ.

له‌ كۆتاییدا؛ ئه‌مه‌ هه‌ندێك سه‌رنج بوون، كه‌ ده‌كرێ بۆ من سه‌ره‌تایه‌كی بچووك بێت بۆ ئه‌گه‌ری قسه‌كردنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ناركیزم و ئه‌ناركیستی و رۆحه‌ زیندووه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگای مرۆیی.

——————————————

*                    http://zaherbaher.com

 

پاشکۆ *

دانییل غیرین
و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨** تێسره‌وانێکی توندی ڕاماڵ بوو، کە  گه‌نجان به‌رپایانکرد، تەنیا گه‌نجانی خوێندکار نه‌بوون،بەڵکو ئەوە گه‌نجانی کرێکاریش بوون، که‌  هاتبوونە بەر‌ده‌م ھاوەڵ و ھاوڕێ خوێندکاره‌کانیان‌، ئه‌وان هه‌ردوولا، چ له‌ زانکۆ وچ له‌ کارگه‌ که‌وڵده‌کران دیکتاتۆریی گەوران و مامۆستایان و خاوه‌نکاران و بەرپرسانی سه‌ندیکاکان بە به‌ر ڕه‌خنه‌درا، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو، تا ڕاده‌یه‌ك ئازادیخوازانە بوو.

ئه‌و شۆڕشه‌ تەنیا ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بوو له‌ کۆمەڵی بۆرژوازی، ڕه‌خنه‌ش بوو له‌ کۆمونیزمی پاش ستالین، ساڵ دوای ساڵ له‌ بواری زانکۆییدا قوڵتر ده‌بوه‌وه‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌و جه‌نگه‌ی که‌ کۆمه‌ڵه‌ی  سیتوانیستەکان ( الوضعانیة – SITUTIONNIST )*** دژی هه‌ژاری له‌نێو خوێندکاران به‌رپایکرد، ئه‌و جه‌نگه‌ بوو به‌ بانگه‌واز بۆ  بزوتنه‌وه‌ی خوێندکارانی زۆر وڵات، به‌ تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا، کاری ڕاسته‌وخۆ بوو به‌ چه‌کی ده‌ستی، بۆ ڕێگه‌ ناڕه‌وا په‌نایده‌برد، جێگه‌ی کارکردنه‌کانی داگیرده‌کرد، به‌ توندوتیژی شۆڕشگێڕانە وه‌ڵامی توندوتیژی کۆنخوازیی ده‌دایه‌وه‌، به‌بێ هیچ ڕاڕایی و سڵکردنەوەیەك به‌ هه‌موو بیروباوه‌ڕ و پێکهاته‌یه‌کی پێشودا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی دەکرد، مۆنۆلۆجیی مامۆستایی**** ڕه‌تکرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دارایی خاوه‌نکار، ڕاده‌یه‌کیشی بۆ له‌خۆباییبوون و شه‌یدایی لووتبه‌رزانە دانا، بۆ گفتوگۆی ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خه‌ڵك چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی درەوشاوە دیموکراتی به‌رقه‌رارکرد، کۆبوونەوە و یەکتردیتنەکان هێنده‌ زۆر بوون له‌ ژماردن نه‌ده‌هاتن، شۆڕش به‌ که‌یفێکی زۆره‌وه‌ له‌و کۆبوونەوە و یەکتردیتنانەدا له‌ گۆزه‌ی ئازادی ده‌خوارده‌وه‌، له‌ گۆڕه‌پانه‌ گشتییه‌کاندا هه‌موو که‌س به‌ ئازادی بیرۆکە و بۆچوونەکانی خۆی  ده‌رده‌بڕین، گۆڕه‌پانه‌کان بووبوون به‌ پۆلی ڕاسته‌قینه‌ی خوێندن، هاتوچۆ وه‌ستابوو، یاخیبووان و ڕه‌تکه‌ره‌وه‌کان له‌ قەراخی شه‌قامه‌کاندا به‌ قوڵی و به‌ ئاشکرا سه‌رقاڵی باسکردنی ستراتیجی جه‌نگی داهاتوو بوون، گۆڕه‌پانه‌کان و ڕاڕه‌وه‌کانی “سۆربۆن” بووبوون به‌ شانه‌کانی شۆڕش، هه‌موو که‌س ده‌یتوانی سەربکێشێتە ئەو شوێنانە، ته‌وژم و ئاراستە‌ شۆڕشگێڕه‌کان مینبه‌ری خۆیان هه‌بوو، ده‌یانتوانی به‌ ئازادی بانگه‌واز و ئه‌ده‌بیاتی خۆیان بڵاوبکه‌ته‌وه‌.

له‌و که‌شه‌ ئازادییه‌ سەپێندراوه‌دا ئازادیخوازه‌کان توانیان له‌ قاوغه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان بێنه‌ ده‌ره‌وه ‌و شانبه‌شانی مارکسیستە‌کان بجه‌نگن، هه‌رچه‌نده‌ مارکسیستەکان‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بوون،به‌ڵام ئازادیخوازه‌کان ئەوەیان پشتگوێخست، دوور له‌ ئاوەزی دوژمنایه‌تی له‌ شانی ئەوان ده‌جه‌نگان، له‌و  قۆناخه‌دا جیاوازییه‌کانی ڕابوردوو پشتگۆێخرابوون،له‌و قۆناخه‌دا دوور لە گیانی کێبڕكێ و پێشڕه‌وخوازیی  هه‌موو شتێك ملکه‌چی یەلگرتن و پشتگیری و برایه‌تی بوو دژی دوژمنی هاوبه‌ش، دوور لە گیانی کێبڕکێکاری و پێشڕه‌وخوازیی‌، ئاڵا سوورو ڕه‌شه‌کان و ئاڵا سووره‌کان له ‌شانی یه‌کدی هه‌ڵکرا بوون و ده‌شه‌کانه‌وه‌.

هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌ژێر خاكنراو کرایه‌ نیشانه‌ی تیروتوانج و گاڵته‌جاڕی، ئه‌فسانه‌ی “پیری ئه‌لیزه‌”‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، سه‌رۆککۆماری فه‌ره‌نسی، واته‌ “دیگۆل” که‌ به‌ڕێز و مایه‌ی گرنگییپێدان بوو، کرایه‌ کاریکاتۆر و قه‌شمه‌ری،  “دیگۆلی فه‌وزا” بە ئەو دەگوترا ***** به‌ هه‌مان ئاواز به‌ بێده‌نگی و نەدیدەگرتنێکی کوشنده‌ ئاشی جه‌نه‌بازیی په‌رله‌مانی “په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسی” سوک و قێزه‌ون و ئینکارکرا ؛ درێژتریین ڕێپێوانی خوێنکاران به‌نێو پاریس ئه‌نجامدرا، کاتێك ئه‌و ڕێپێوانه‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌می کۆشکی “بۆربۆن” واته‌ باره‌گای “په‌رله‌مان” ئاوڕی لە ئەو نه‌درایه‌وه‌، وه‌کو ئەوەی بوونی نه‌بێت‌، هیچ  و هیچ به‌هایه‌کی نەبێت.‌

ئایاری ١٩٦٨ی مه‌زن بۆ ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك، واژه‌یه‌کی دڵڕفێنی جادوویی له‌ به‌شه‌کانی خوێندن و کارگه‌کان  ده‌نگیدایه‌وه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌و واژه‌یه‌ گفتوگۆیه‌کی بەردەوام دەکرا و ده‌گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ ساڵانی ڕابوردوو و لەتەك شیکارییه‌کان و تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌رده‌م گرێده‌درا‌، ئه‌و واژه‌یه‌ “خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” بوو، ده‌رباره‌ی ئەزموون‌ی هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ئیسپانیای ١٩٣٦ گفتوگۆیه‌کی زۆر دەکرا، ئێواران کارگه‌ران ده‌هاتن بۆ زانکۆی “سۆربۆن”، تا ئه‌و چاره‌سەرییه‌ فێربن و بۆ جێگه‌ی کار و پیشه‌کانیان بیگۆێزنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مانگرتنه‌کان ئامێره‌کانی که‌فته‌کار کردبوو، بەڵام شۆڕشی ١٩٦٨ نه‌یتوانی “خۆبه‌ڕێوە‌به‌ری”  کردەییبکاتەوە و له‌ لێواری کاردا وه‌ستا، سەرەڕای ئه‌وه‌ش که‌ “خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” ناحه‌زی زۆربوو، ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆری لە ئەو ده‌گیرا، به‌ڵام توانی لەنێو‌ هۆشی خه‌ڵکی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه‌، جارێکی دیکە دره‌نگ یا زوو سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.
————–
* وەرگیراو لە په‌ڕتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة) دانییل غیرین

** مەبەست ڕووداوەکانی‌ شۆڕشی ١٩٦٨ی فه‌ره‌نسەیه‌، شۆڕشی خوێنکاران، چه‌پڕه‌و، ئازادیخواز، به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی پێشکه‌ورنخواز، کاریگه‌ریه‌کی مه‌زنی لەسەر بیر و باوه‌ڕی باو، که‌ له‌ کۆمەڵی فه‌ره‌نسی ئه‌ستوور ڕه‌گیداکوتیبوو، بیر و باوه‌ڕه‌کانی مارکس و باکۆنین  بزوێنه‌ری سه‌ره‌کیبوون، بەبێ گومان له‌ته‌ك ئه‌وانیشدا  شۆڕشگێڕه‌کانی دیکە – گیڤارا- ماو – لینین. و.ع

***الوضعانیة‌ ؛ بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌پڕه‌وی په‌ڕگیر بوو‌، دژی بنه‌مای پێکهاته‌کانی کۆمەڵی باو بوو‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جه‌ختیده‌کرده‌وه‌، که‌ کۆی دامه‌زراوه‌کان له‌ جێبه‌جێکردنی سه‌رمایه‌داری به‌شدارن ، داوای ژیانه‌وه‌ی به‌هاکانی شیعر و سه‌فاهه‌ت و برایه‌تی و سۆسیالیزمی ده‌کرد. و.ع

**** لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ گوتنه‌وه‌ی وانه‌کانه‌، یان خوێندن و فێرکارییه‌، به‌بێ به‌شداری خوێندکاران. و.ع

***** گه‌مه‌کردنه‌ به‌ وشه، چونکە‌ “دیگۆڵ” وشه‌ی ئاژاوەی به‌کاربردووه‌ و گوتویه‌تی “به‌ڵێ چاکسازی، نه‌ك بێسەرەوبەرەیی، بەرانبەر بە ئەو شۆڕشی ١٩٦٨ وه‌ڵامی به ئەو‌ داوه‌ته‌وه‌ ” به‌ڵێ بێسەرەوبەرەییە‌، لەبەرئەوەی کە‌  نوێنه‌رایەتی سمبۆله‌کانی سیستمی بۆرژوازی سه‌رمایه‌داری ناکات ” و.ع

خۆنیشاندانی ئەنارکیستانی تورکیە

کورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری*

دانییل غیرین
و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

تێکشکانی شۆڕشی ئیسپانی، هزری ئازادیخوازی له‌ قه‌ڵا تاقانه‌که‌ی بێبه‌شکرد ، ئه‌و تێکشکانه‌ بارێکی گرانبوو، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا هزری ئازادیخوازی به‌ په‌رشوبڵاوی و که‌مێکیش به‌نائومێدییه‌وه‌ سه‌رفرازبوو، تاڕاده‌یه‌کیش بڕوای به‌خۆی نه‌مابوو، له‌ڕاستیدا حوکمی مێژوو، حوکمێکی ڕه‌ق و بێبه‌زه‌ییانە بوو، له‌ هه‌ندێك لایه‌نیشه‌وه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ بوو، چونکه‌ ئازادیخوازی ‌هۆی سه‌ره‌کی ئه‌و تێکشکانه‌ نه‌بوو، سه‌رکه‌وتنه‌کانی فرانکۆ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتبوو، هەرچەندە که‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کان له‌ بارێکی زۆر ناهه‌مواردا سه‌ریانهه‌ڵدا، کەچی زۆر ئه‌نجامی پۆزه‌تیڤیان ‌لێکه‌وته‌وه‌ ‌، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ نه‌ناسراوبوون، بێکەڵککرابوون، تاوانبارکرابوون، له‌ته‌ك تێپه‌ڕبوونی ساڵه‌کاندا سۆسیالیزم،دوای قوتاربوونی له‌ پێشبڕکێکاری سه‌ره‌کی، واته‌”ئازادیخوازی”، وه‌ك سه‌رۆکی دونیا مایه‌وه‌.

سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌کانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت به‌سه‌ر هیتله‌ر، ساڵی ١٩٤٥ گومانان لێنه‌ده‌کرا له‌سه‌ر ئاستی ته‌کنیکی مه‌زن بوون، به‌ڵام ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ کاتی بوون، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سۆسیالیزمی ده‌وڵه‌تچی به‌ خێروبه‌ره‌که‌ت شکانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، خێرا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌کانی ئه‌و سیستەمه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ واتایه‌کی دی بیرۆکه‌ی دژ به‌ ناوه‌ندێتی ده‌وڵه‌تچی سه‌ریهه‌ڵدا، ده‌رخرا که‌ ئیفلیجکه‌ره‌، پێویسته‌ نه‌رمونیانتر بێت، یه‌که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان سه‌ربه‌خۆبن، گه‌ر کارگه‌ران سه‌ربه‌خۆبن و خاوه‌نی قسە‌ی خۆیان بن، باشتر کارده‌که‌ن، له‌ یه‌کێك له‌و وڵاتانه‌دا که‌ ژێرده‌سته‌ی ) ستالین (بوون، دیارده‌یه‌ك سه‌ریهه‌ڵدا، که‌ له‌ زمانی پزیشکیدا پێیده‌وترێت “تەنە دژه‌کان”، ئه‌و وڵاته‌ یوگۆسلاڤیا بوو، هه‌رچه‌نده‌ یوگۆسلاڤیا ده‌سبه‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ده‌ستدرایه‌ پیاداچوونەوە ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسینه‌کان و ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌ نه‌گۆڕانەی‌، که‌ خۆیان له‌ خۆیاندا دژه‌ ئابووریی بوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستکرا به‌ گه‌ڕان به‌دوای پێغه‌مبه‌ردیده‌ شاراوه‌کانی (پرۆدۆن) و خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی هه‌ندێك بازنە ئازادیخوازی (zones libairtaire) نه‌ناسراوی هزری (مارکس) و(لینین) دۆزرانه‌وه ‌و به‌قووڵی شرۆڤەی لەنێوچوونی ده‌وڵه‌ت خرایه‌ڕوو، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌وێ نه‌ك هه‌ر له‌ناونه‌براو، به‌ڵکو له‌ موفره‌داته‌ ڕامیارییه‌کانیشدا، کرابوو به‌ واژه‌یه‌کی پیرۆز و په‌رستگه‌ئاسای پووچه‌ڵ، به‌و چه‌شنه‌ ئه‌و پرسه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ کورته‌‌، که‌ بۆ‌لشه‌فیزم و دیموکراسی خواره‌وه‌ له‌یه‌کده‌چوون، واته‌ سه‌رده‌می “ئه‌نجومه‌نه‌ کرێکارییه‌کان/ السوڤیتات” ئه‌و ماوە کورتە‌‌، که‌ سودمه‌نده‌کانی سه‌رده‌می ئۆکتۆبه‌ر سودیان لێ وه‌رگرت و دواتر له‌بیرخۆیان برده‌وه‌، ئه‌و واژه‌یه‌ش واته‌ “ئه‌نجومه‌نه‌ کرێکارییه‌کان” سه‌روبه‌ر پڕ به‌پێستی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌، هاوکات ئاگایی و سه‌رنج گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ لای کۆڕه‌ کرێکاییه‌کانی کارگه‌کانی ئه‌و سەرده‌مه‌، که‌ تووشی په‌تای شۆڕش بووبوون، جگه‌ له‌وه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ ئاگایی بۆ لای کۆڕه‌کانی ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا و هه‌نگاریا.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسه‌ری ئیتالی (ڕۆبێرتۆ گویدوچیچی Roberto Guiducici له‌ گۆڤاری Argument ده‌پرسێت و ده‌نووسێت “ستالینزم له‌به‌ر هه‌ندێك هۆ بیرۆکه‌ی کۆڕه‌کانی خنکاند، ئایا ده‌توانرێت ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌”

جه‌زائیر دوای ڕزگاربوونی له‌ داگیرکه‌ر،سه‌رکرده‌ نوێکان ده‌ستیاندایه‌‌ دامه‌زراوه‌کردنی هه‌موو ئه‌و سامانانه‌، که‌ جوتیاران و کرێکاران خۆبه‌خۆیی داگیریانکردبوون، ئه‌و سامانانه‌ ڕه‌واکران، بۆ به‌ دامه‌زراوه‌کردنیان نموونه‌ی یوگۆسلاڤیا گیرایه‌به‌ر، مه‌رجی سه‌ره‌کی خۆبه‌ڕێوه‌بەریی ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت باڵه‌کانی نه‌قرتێنرێت، وێنه‌ی هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ١٩٣٦- ١٩٣٧ی ئیسپانیا، ده‌بێت ئاراستەی دیموکراتیی و ئازادیخوازانە بێت، تا بپەرژێته‌ سەر ده‌ستخستنی ئابووریی له‌لایه‌ن خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران خۆیانه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ نوێنه‌رایەتی کرێکاری، که‌ له‌ سێ پلەبەندی‌ پێکهاتبێت؛ ئه‌نجومه‌نی سەرکردەیی گشتی، ئه‌نجومه‌نی کرێکاری، که‌ ئه‌نجومه‌نێکی گچکه‌کراوه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ ئاڵوگۆڕکاری، ئامرازی جێبه‌جێکردن، که‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ لێپیچینه‌وه‌ و تێبینیدان و ده‌رباره‌ی ڕەوایەتی، هه‌روه‌ها دژی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بیرۆکراتی ڕاوه‌ستاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت، ده‌ستووری هه‌تا هه‌تایی مانه‌وه‌ی هه‌ڵبژێراوان باوبکرێت،ده‌بێت هه‌ڵبژێروان نوێبکرێنه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆش له‌ به‌رهه‌مهێناندا ڕۆڵبگێرن……..تد، له‌ یوگۆسلاڤیا ده‌توانرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زییه‌ گشتییه‌کانی دامه‌زراوه‌ مه‌زنه‌کان، بیروڕای کارگه‌ران وه‌ربگیرێت،هه‌ره‌وه‌زییه‌ گشتییه‌کان، هه‌ره‌وزی یه‌که‌کانی کارن، ئاسۆی داهاتوو، له‌ وه‌دا خۆی ده‌نوێت، که‌ شاره‌وانی به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ده‌بێت کاروباره‌ گشتییه‌کان له‌ ناوه‌ندێتی دووربن ، ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی ناوه‌ندێتی موماره‌سه‌ بکرێت ، ئەگه‌ر له‌ چواچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی-دکتاتۆری یان سه‌ربازی- پۆلیسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری تاقیبکرێته‌وه‌ – هێدی هێدی ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه، له‌و ڕازونیازانه‌‌ دوورده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ په‌یکه‌ر پابه‌ندی تاکه‌ پارتییه‌ [حزبە]، سه‌رکرده‌ییکردن ده‌بێته‌ سه‌رکرده‌ییکردنێکی سه‌پێنراوی باوکسالارانه ‌و له‌ژێر هیچ چاودێرییەکدا نییه‌، به‌و جۆره‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری له‌ نێوان بیروباوه‌ره‌ ڕامیارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی و بیروباوه‌ڕه‌کانی ئازادیخوازیی هیچ له‌یه‌کچوون و هاوڕه‌گه‌زییه‌ك نییه‌، له ‌ڕوویه‌کی دییه‌وه‌، له‌ته‌ك هه‌موو به‌ ئاگایبوون و دڵسۆزییەک بۆ ‌ڕه‌واکاری، هێشتا له‌نێو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی که‌ ڕه‌واییان بە ئەوان به‌خشراوه‌، هه‌ر مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بیرۆکراتی له‌ ئارادا هەیه‌، چونکه‌ له‌ خوێندن و زانیاری ته‌کنیکیدا زۆر له‌ کارگه‌ران پێنه‌گه‌یوون، تا بەکرده‌یی بتوانن له‌خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا به‌شداریبکه‌ن، جگه ‌له‌وه‌ هێشتا ئه‌قڵیه‌تیان ئه‌قڵیه‌تی کاری کرێگرته‌ کۆنه‌که‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌، که ‌به‌ سانایی ده‌ستبه‌رداری ده‌ستڕۆشتنه‌کانی خۆیان ببن و بیانده‌نه‌وە ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان، ئه‌نجام که‌مینه‌یه‌ك، به‌ ئیمتیازێکی زۆره‌وه‌ ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌دا و به‌ ئاره‌زوی خۆی ڕه‌فتاری پێوه‌ده‌کات و به‌بێ هیچ چاودێرێك فه‌رمانڕه‌وایی خۆی مسۆگەرده‌کات،له‌ واقعه‌که‌ داده‌بڕێت و بناخه‌ کرێکارییه‌که‌ ناناسێته‌وه‌، به‌خراپی و قێزکردنه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی له‌ته‌کدا ده‌کات، به‌و جۆره‌ کارگه‌ران له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌تره‌کێنه‌وه‌.

له‌ کۆتایدا، زۆرجار دڕنده‌ی و داپڵۆسینی ده‌وڵه‌ت به‌نهێنی، به‌ چه‌شنێك جێبەجێده‌کرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌ده‌ست خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌رده‌چێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ یاسا دیاریکراوه‌، که‌ پێویسته‌ بۆ هه‌موو پرس و بابه‌تێك پرسیار به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌کان بکرێت، که‌چی ده‌وڵه‌ت له‌ پاڵ دەزگەکان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان داده‌مه‌زرێنێت، بەبێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێك له ‌وان بکرێت، هه‌ندێک جار ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ سنووری ڕه‌وایی ده‌به‌زێنن، وه‌ك خاوه‌نکاره‌ کۆنه‌کان ڕەفتارده‌که‌ن، له‌ دامه‌زراوه‌ مه‌زنه‌کانی یوگۆسلاڤیا، دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان کاری تایبه‌تی ده‌وڵه‌ت بوو، مارشاڵ ) تیتۆ (Tito ئه‌و پێگه‌یه‌ی بۆ”پاسه‌وانه‌ کۆنه‌کان” ته‌رخانکردبوو.

سه‌رباری ئه‌وه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌سه‌ر ئاستی پاره‌وپول په‌یوه‌ندییه‌کی نه‌پساوی به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌بوو، ژیانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، که‌ ده‌وڵه‌ت به‌ ئاره‌زووی خۆی بە ئەو ده‌یدات، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ته‌نها بۆی هه‌یه‌ به‌شێکی که‌می قازانجه‌کان بەکاربەرێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌به‌ره‌وه‌ به‌ش به‌ش ده‌درێته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تیش بۆ پێشخستنی که‌رته‌ ئابوورییه‌ دواکه‌وتوه‌کان و کرێی ئامێری حوکمڕانی – سوپا – پاراستن – پۆلیس – به‌کاریده‌هێنێت، بڕێکی که‌میش ده‌داته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان، که‌می ئه‌و بڕه‌ش پشتساردبوونه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

له‌لایه‌کی دکه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی، هیج پرسیارێك به‌ بناخە بکرێت، دامه‌زراوه‌کان ملکه‌چی پلانه‌ ئابوورییه‌کان ده‌کرێن،له‌ مه‌نگه‌نه‌دانی ئازادی جموجوڵه‌کان له‌وێوه‌ سه‌چاوه‌ده‌گرێت، له‌ جه‌زائیر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ناچارکرا له‌ بازرگانیکردن به‌ به‌شێکی زۆری به‌رهه‌مهێنان ده‌ستبه‌رداريێت و بیداته‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ت.

به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بیرۆکراتی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری به‌ چاوێکی ناڕازیبوونه‌وه‌، ده‌ڕوانێته‌ ئاراستەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی، ھەر ئاوا کە (پرۆدۆن) تێبینیکردوه‌ ” بیرۆکراسی بێجگە لە ده‌سه‌ڵاتی خۆی، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکە په‌سه‌ندناکات، ئه‌و له‌ به‌هاوبه‌شیکردن ده‌تۆقێت، حەزی لە خۆماڵیکردنه‌، واته‌ ئه‌و حەزی لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆی فه‌رمانبه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌و حەزە‌ ده‌چۆڕێته‌ نێو ده‌ستدرێژکاریی بۆ سه‌ر به‌خۆییه‌کان ‌و به‌ سنوردارکردنی ده‌ستڕۆییه‌کانی، گه‌ر بۆی بلوێت قووتدانیشی تەواودەبێت.

تاک-پارتیی به‌هه‌مان بڕواوه‌، ده‌ڕوانێته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی، ئه‌ویش حەزی به‌بوونی پێشبڕکێکار نییە و ناڕازییه‌، گه‌ر ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بەوە ڕازیبوو، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌، که‌ بیخنکێنێت و قووتیبدات، لق و پۆپه‌کانی پارتیی له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌کاندا قوتکراونه‌ته‌وه ‌و خوازیار و ئاماده‌ی خۆتێهه‌ڵقورتاندنن له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردن، تا کارگه‌ران به‌ دوو ئاڕاسته‌دا بخنه‌گه‌ڕ و بیانکه‌نه‌ ئامرازی‌ گوێڕایه‌ڵ، له‌لایه‌ك پلانگێڕی پێشتر ئامادەکراو بۆ شێواندنی لیستی کاندیده‌کان، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌ نابیناییکردن و به‌ هه‌ڵه‌دابردنی کۆڕه‌ کرێکارییه‌کان، تا هه‌ندێك بڕیاربده‌ن، که‌ له‌وه‌وبه‌ر لەسەریان بڕیاردراوە، هه‌روه‌ها گه‌مه‌کردن و ئاڕاسته‌کردنی کۆنگره‌ نیشتمانییه‌کانی کارگه‌ران‌

له‌ دامه‌زراوه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌کاندا، مه‌یلی خۆبەسێی [خودکەفایی]، به ‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتچێتی و ناوه‌ندچێتی قوتبوونه‌وه‌ و ته‌قینه‌وه‌، ئاوا هه‌ڵسوکه‌وتیده‌کرد، که‌ له‌ هه‌ندێك دارایی گچکه‌ گچکه‌ی هاوبه‌ش “هاریکار” پێکهاتووه‌ و که‌مکردنی ژماره‌ی کرێکاران له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یگرت، که‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی کرێکاران، له‌ کاتی دابه‌شکردندا زیاتر له‌وه‌ده‌چوو، که‌ قاڵبه‌ کێكێك به‌سه‌ر که‌متریین ژماره‌دا دابه‌شبکه‌ییت ، هه‌ر ئه‌وه‌ش وه‌های کرد، که‌ له ‌هه‌ر شتێك بڕێکی که‌م به‌رهه‌مبهێنرێت،ئه‌و حاڵه‌ته‌ خۆی سەپاند و جێگه‌ی پسپۆڕکاری گرته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ یوگۆسلاڤیا هه‌وڵدرا پلانه‌کان و سیستمه‌کان بگۆڕدرێن، به‌ جۆرێك، که‌ له‌ په‌رژه‌وه‌ندی هه‌ره‌وه‌زی بێت، یوگۆسلاڤیا له‌سه‌ر پێشبڕکێی ئازاد به‌رده‌وامبوو، که‌ گوایه‌ وزه‌به‌خشه ‌و بۆ بەکاربەر به‌فه‌ڕه‌، به‌ڵام مه‌یلی خۆبوون نابه‌رابه‌ری گوزه‌رانکردنی دامه‌زراوه‌کانی خوڵقاند، هه‌روه‌ها بووه‌ هۆی دروستبوونی زۆر باری نەزانیی ئابووری.
به‌و چه‌شنه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، وێنه‌ی جۆلانه‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا جۆلانه‌ی ده‌کرد، واته‌ له‌نێوان جه‌مسه‌ری له ‌ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌ربه‌خۆیی و جه‌مسه‌ری ناوه‌ندێتی، ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی و ئازادیخوازی- سه‌ربازی و کریکاری،یوگۆسلاڤیا، چه‌ندیین ساڵ به‌ شێوازێکی تایبه‌ت، به‌سه‌ربه‌خۆبوون، ناوه‌ندێتی ڕاستکرده‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگاته‌ “چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند”

ده‌رکه‌وت، که‌ ده‌توانرا به‌بوونی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ندیکایی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌وڵه‌ت و تاکه‌ پارتیی، له‌ زۆر خاڵه‌ بێهێزه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆلابدرێت، به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ندیکا سه‌ندیکایه‌ك بێت ده‌ستکردی کارگه‌ران خۆیان بێت و یارمه‌تیبدرێت خاوه‌نی ئه‌قڵیه‌تێکی ئازادیخوازی سه‌ندیکایی بێت، له‌ چه‌شنی ئەنارکۆ سه‌ندیکالیستی ئیسپانی بزوێنه‌ری بێت، بێگومان گه‌ر به‌و چه‌شنه‌ نه‌بێت،ڕۆڵێکی لاوه‌کی ده‌بینێت، ده‌بێته‌ “ئامێرێکی بێفه‌ڕ”، یان ده‌بێته‌ ملهوڕی ده‌وڵه‌ت و پارتییی تاك، ئه‌و کاته‌ بۆ گونجاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ته‌ك ناوه‌ندێتی، ڕۆڵێکی پچڕپچڕ و په‌رشوبڵاو ده‌بینێت، ئه‌و واته‌ سه‌ندیکا له‌ خراپتریین حاڵه‌تدا، له‌ ئامێری تۆتالیتاری ڕامیاری ڕۆڵی باشتر ده‌بینێت ، چونکه‌ سه‌ندیکا لە‌نێو جه‌رگه‌ی کارگه‌رانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ شوناسنامه‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ته‌واویده‌کات، واته‌ ئامێرێکه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ لەیەکچوون دروستبکات، له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌دا که‌ له‌ ناوه‌نده‌وه‌ ده‌رده‌چێن و ئه‌و هێزانه‌، که‌ به‌ره‌وپیریان ده‌چن) پرۆدۆن( واته‌نی ” ئه‌و تەبایی و لێکچوونەی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری دژایه‌تییه‌کانی نێو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بکات.

پێویست ناکات تابلۆکه‌ ڕه‌شبکرێته‌وه‌، واته‌ ڕه‌شبینی باوبکرێت، گومانی تیادا نییه‌، که‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دوژمنی به‌ توانا و سه‌رسه‌ختی زۆره‌، هێشتاکه‌ هیوایان ماوه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پوچه‌ڵبکه‌ن، له‌و وڵاتانه‌دا، که‌ تیایاندا تاقیکرایه‌وه،‌ ڕاسته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کارایی خۆی ده‌رخست، ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوو تا کرێکاران ئاسۆی نوێ ببینن، هه‌روه‌ها که‌مێکیش به‌ختیاری بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌، له‌ ئه‌قڵیاندا شۆڕشی ڕاسته‌قینه‌ دروستبوو، ڕه‌چه‌ڵه‌کی سۆسیالیزمی ڕه‌سه‌ن جێگه‌ی خۆیکرده‌وه‌، له‌ته‌ك هه‌موو ڕاڕاییه‌کاندا، ماوه‌ی مه‌شقکردن، زۆر ئه‌نجامی باشی به‌ده‌سته‌وه‌دا .

ئه‌و بازنه‌ گچکه‌ ئازادیخوازانه‌، که‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ به‌دواچوونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریان ده‌کرد، به‌ چاوێکی پارێزگاریخوازییه‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌، له‌وێوه‌ ئه‌وه‌یان به‌دیده‌کرد، که‌ به‌شێك له‌ نموونه‌که‌ی ئه‌وان گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆنێو واقع،به‌ڵام له‌ تاقیکردنه‌وه‌دا وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌رناچێت، که‌ کۆمونیزمی ئازادیخواز وێنه‌ی کێشاوه‌، به‌ڵکو ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووده‌دات،ئه‌وه‌ش ئاساییه‌، که‌ له‌و وێنه‌یه‌ نییه‌، که‌ کۆمونیزمی ئازادیخواز وێنه‌ی نه‌خشاندوه‌، چونکه‌ له‌ چوارچێوه‌ی “ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی” ڕوده‌دات و له‌ ئازادیخوازیی دوورده‌که‌وێته‌وه ‌و هه‌میشه‌ بوونی مه‌ترسی شێرپه‌نجه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراو له‌ ئارادا هەیه‌، که‌ قوتیبدات، له‌ ڕاستیدا ئەگه‌ر به‌باشی له‌ نزیکه‌وه‌ و به‌ بێلایه‌نی پێشکاتییه‌وه‌ بڕوانینه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی، هه‌ندێك نیشانه‌ی هانده‌ر ده‌بینرێن.

له‌ یوگۆسلاڤیا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ئامرازی به‌ دیموکراتیکردنی ڕژێمه‌، له‌ سایه‌ی ئه‌ودا، له‌ بار و که‌شی کرێکاریدا به‌گوێرەی بنه‌مای ته‌ندروست، ڕۆڵی پارتیی وه‌ك سه‌رکرده ‌و پێشڕه‌و دیاریناکرێت، ته‌نها وه‌ك بزوێنه‌ر دیاریده‌کرێت،به‌ باشتریین نواندنه‌وه‌ کادیره‌کانی نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن، زیاتر هه‌ست به‌ حه‌ز و ویسته‌کانی ده‌که‌ن.

کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی (ئالبێرت مایستەر Albert Meister) له‌ خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی یوگۆسلاڤیا، ئەوە تێبینیده‌کات و ده‌ڵێت “خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ته‌ك خۆیدا “میکرۆبی دیموکراتی” هه‌ڵگرتووه‌، ئەگه‌ر کار ئاوا بڕوات ماوه‌یه‌کی دیکە پارتییش ده‌گرێته‌وه‌، به‌لای پارتییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها “هۆی سه‌ره‌کیه‌” بۆ چه‌سپکردنی ئه‌ندامه بنکەییەکانی به‌ جه‌ماوه‌ری کرێکاره‌وه‌، هه‌ر خۆی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ بوو، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌، که‌ تیئۆرسنەکانی یوگۆسلاڤیا، که‌ زمانێك به‌کاربهێنن، زۆر زه‌حمه‌ته‌ که‌سی ئازادیخواز بتوانێت لە ئەو ڕه‌خنه‌بگرێت، یه‌کێك له‌و تیۆرزانانه‌ (ستان کاڤیسك Stan Kavcic) گوتوویه‌تی “ناکرێت سبه‌ی له‌ یوگۆسلاڤیا، پارتییەکی ڕامیار، یان ده‌وڵه‌ت هێزێکی کاریگه‌ری سۆسیالیست بێت، ئەگه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و بناخه‌ کاربکات”، به‌ڵکو ئه‌و هاونیشتمانییانه‌، که‌ جێگه‌ و پێگه‌یان ڕێگه‌یانده‌ده‌ن، له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ کاربکه‌ن، ده‌توانن بەبێ ترس بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن، که ‌به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕزگاریان ده‌بێت ، سیستمی دیسپلین و ملکه‌چی، دوو تایبەتمەندیی و سیمای هه‌موو پارتییێکی ڕامیارن.

له‌ جه‌زائیر خۆبه‌ڕێوه‌بردن زۆری نه‌خایاند، به‌رپرسیاری”به‌ره‌ی نیشتمانی” به‌ ناوی (حسین زهوان) به‌ ڕاشکاویی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بە به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه دا‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ١٩٦٤ ده‌زگای حوکمڕانی، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی به‌جێهێشت، به‌شێوازێکی سه‌ربازیی له‌ته‌کیدا هه‌ڵسوکه‌وتیده‌کرد، به‌ گوته‌ی ئه‌و کەسە ‌”پرسەکه‌ سۆسیالیزم نییه‌، ته‌نها گۆڕینی به‌هره‌کێشییه‌” نووسه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ داوایکرد که ‌”به‌رهه‌مهێنه‌ران سه‌روه‌ری به‌رهه‌مه‌کانیان بن”، ته‌نها له‌ پێناوی ئه‌و ئامانجانه‌دا بزوێنه‌ر نه‌بن، که‌ نامۆن و بە سۆسیالیزم پەیوەستنین.‌

***

به‌ کورتی، له‌ته‌ك هه‌موو ئه‌و بارسه‌نگی و دژایه‌تیانه‌دا، که‌ به‌ره‌وڕووی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی بوونه‌وه‌، ئیتر ئه‌و بارسه‌نگی و دژایه‌تییانه‌، هه‌ر چیه‌ك بووبن، پرۆسه‌ی کۆتاییپێهێنانی دارایی ده‌ستیپێکرد، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕێگه‌یخۆشکرد، تا جه‌ماوهر‌ فێری بنه‌ماکانی دیموکراسی ڕاسته‌وخۆ ببێت، به‌ واتایه‌کی دیکە فێری کارکردنی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ببێت، هه‌روه‌ها بزوێنه‌ر و هانده‌ری ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ئازاده‌کان بێت، زیاتر هه‌ستی‌ بەرپرسراوەتی که‌سیی به‌هێزبکات، تاکو جێگه‌ی ڕۆڵی نێگه‌تیڤی کڕنووشبردنی باوی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تچی بگرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ فێربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌، کارێکی ئاسان نییه ‌و له‌سه‌رخۆ و خاوخلیچکه‌، بێگومان ئه‌و فێربوونه‌، له‌ هه‌ڵه‌کردن و گێرمه‌وکێشه ‌و گه‌ڕه‌لاوژێ به‌ده‌رنییه‌، هه‌ندێك له‌ چاودێران ئاوای دەبینن‌، که‌ له‌ته‌ك بارگرانی و زۆرخه‌ری و دواکه‌وتنی گەشەکردن، ئه‌وه‌ له‌ ڕژێمی دۆرزن گه‌لێ چاکتره‌، درۆی بریقه‌دار بۆ ڕژێمی “کرێکاری”ی ساخته‌ی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تچی ڕوخێنه‌ر و بکوژی ده‌ستپێشخه‌ریی گەلی، بێجگه ‌له‌وه‌ی کە له‌ته‌ك هه‌ندێك ده‌سکه‌وتی مادی گرانبه‌هادا ناکۆكە، ئیفلیجکه‌ری به‌رهه‌مهێنانیشە، کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تچی هیچ بڕوایه‌کی به‌ سۆسیالیزم نامێنێت.

***

هه‌رچه‌نده‌ گه‌لێ دره‌نگبوو، گه‌ر ئازادیخوازی نه‌درایه‌ته‌به‌ر گورزی ده‌سه‌ڵاتسه‌پێنیی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادا بوو،له‌ یه‌کێتی سۆڤیه‌ت به‌ر له‌ ڕوخانی به‌ شێوازی ئابووریدا چاوبخشێنرێته‌وه‌،‌ ١٥ی تشرینی ١٩٦٤ خرۆشۆڤ له‌ نا-ناوه‌ندێتی پیشه‌سازیی تێگه‌یشت، سه‌ره‌تای کانونی١٩٦٤، ڕۆژنامه‌ی-پراڤدا- به‌ تایتڵی “ده‌وڵه‌تی گه‌ل” بابه‌تێکی دوورودرێژی بڵاوکرده‌وه‌، ده‌رباره‌ی بنه‌ما جیاوازه‌کانی نێوان”ده‌وڵه‌تی گه‌ل” و “ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا” جیاوه‌زیه‌كە بریتی بوو له‌وه‌، که‌ “ده‌وڵه‌تی هه‌موو گه‌ل” دیموکراتییه‌، به‌شداریکردنی جه‌ماوه‌ر مسۆگه‌ره‌، په‌نابردنه‌به‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵ‌، بایه‌خدان به‌ سۆڤێته‌ کرێکارییه‌کان و سه‌ندیکاکان………..تد

١٦ی شوباتی ١٩٦٥ (میشێل تاتو Michel Tatu ) له‌ ڕۆژنامه‌ی – لۆمۆند-ی فه‌ره‌نسی ڕوونیکرده‌وه‌، که‌ هه‌موو ئه‌و خراپییانه‌، که‌ ماشێنی بیرۆکراتی سۆڤیه‌تی توشییانبووه‌، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ ئابووریه‌که‌ی، زۆر مه‌ترسیداره‌، ئه‌و ئاسته‌ ته‌کنیکییه‌ی ئابووری ئێستا، زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتی بیرۆکراتی به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن زیاتره‌، لە ئێستادا هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی دامه‌زراوه‌کان ناتوانێت ده‌رباره‌ی هیچ شتێك، هیچ بڕیارێك بدات، به‌بێ ئاگاداری نووسینگە/ ئۆفیسەکانی سەرەوە، زۆر جار ژماره‌کانی نووسینگەکانی سەرەوە خۆی له‌ ٦ نووسینگە ده‌دات ، که‌س له‌ مه‌زنی پێشکه‌وتنی ته‌کنیکی و زانستی (٣٠) سی ساڵه‌ی نه‌خشه‌ی ستالینی نکۆڵیناکات، سەره‌نجام ئه‌و ئابووریه‌ له‌ ڕیزی ئابوورییه‌ پێشکه‌وتوه‌کاندایه‌ ،به‌ڵام ئه‌و بناخه‌ کۆنه‌، که ‌ئه‌و بواره‌ی ڕه‌خساندووه‌، تاکو بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌، به‌ هیچ کلۆجێك له‌ته‌ك ئه‌و ئابوورییه‌دا ناگونجێت،جا له‌ بۆ “قڕکردنی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌، که‌وا له‌ سه‌ره‌وە بۆ خواره‌وه‌ باڵیکێشاوه‌، پێویسته‌ چاکسازیی زۆر زۆرتر بکرێت، پێویسته‌ له‌ ئاوەز و ڕێبازدا به‌ جۆرێکی نوێ گۆڕانێکی زۆر بکرێت، بۆ ناشتنی ستالینیزم (ئێرنست ماندیل) له‌ گۆڤاری ( سەردەمی ھاوچەرخ Les temp modernes) نووسیویه‌تی “به‌مه‌رجێك ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ لەنێو‌ نا-ناوه‌ندێتی گیرنه‌خوات ، واته‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌کاندا چه‌قنه‌به‌ستێت”.

ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌دا بووین، که‌ تێداچوونی ڕژێمی ئێستای سۆڤیه‌ت، ده‌بێته‌ مایه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی تایبه‌ت، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، که‌ که‌سێکی دژه‌ سۆسیالیستی بوو، (مێشێل غادیر) بڕوای ئاوا نه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و بڕوای ئاوا بوو، که‌ تێداچوونی ڕژێمی ئێستا ده‌بێته‌ مایه‌ی شۆڕشی “حه‌تمی” و دروشمه‌ کۆنه‌کانی١٩١٧ ده‌هێنێته‌وه‌ گۆڕێ، واته‌ دروشمی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ کۆڕه‌ کرێکارییه‌کان، هه‌روه‌ها سه‌ندیکالیزمی ئاگا ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌، ئه‌وه‌ ناناوه‌ندێتی نییه‌، که‌ جێگه‌ی ناوه‌ندێتی ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵکو فیدریالیزمه.

ئه‌و پێشبینییه‌ کورته‌ له‌ته‌ك کورته‌ی هزریارێکی دیکە، واته‌ (جورجیس گورڤیچ Gorges Gurvitch) یه‌کده‌گرێته‌وه‌،به‌ دیتنی ئه‌و هزیاره‌، سه‌رکه‌وتنی ئاراستە نا-ناوه‌ندیگه‌راکان مسۆگەرنییه‌، ئه‌و ئاراستانە‌ له‌ ده‌ستپێکدان، بە‌وه‌دا ئاوا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ له‌و بواره‌دا (پرۆدۆن) بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆی زۆر باشتر له‌وه‌ پێکاوه‌، که‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێمانده‌کرد.

له‌ کوبا فۆرمی ڕوسی باوه‌، ئابووریناسی کاسترۆیی (ڕۆنێ دیمۆن Réné Dumon) له‌ په‌ڕتوکی )ناوه‌ندێتی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر) ، ڕه‌خنه‌ له‌ ئابووری کاسترۆیی ده‌گرێت و ئاماژە بە هه‌ڵه‌کانی “ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی” دەدات، وه‌زاره‌ت هه‌وڵده‌دات خۆی کارگه‌ران به‌ڕێوه‌به‌رێت، ئه‌وه‌ش ئاوا ده‌کات، سەرە‌نجام به‌پێچه‌وانه‌ی خواست و ویسته‌کانه‌وه‌ ده‌ربچێت، ویستی جێبه‌جێکردنی ڕێکخستنی به‌ناوه‌ندیکراو، کرده‌یی (……) ده‌بێته‌ مایه‌ی دروستبوونی بێسەرەوبەرەیی و بێتوانیی و هێزنه‌شکان به‌سه‌ر شته‌کان، شتێك، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بزریی چاودێرکردنی کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان‌، دواتر ڕه‌خنه‌که‌ی ڕووده‌کاته‌ مۆنۆپۆلکردن و دابه‌شکردنی ده‌وڵه‌تی و، ده‌ڵێت ده‌توانرێت له‌و ئیفلیجیه‌ خۆی لابدات، براده‌ره‌ پۆڵۆنیه‌که‌ی (ڕۆنێ دۆمۆن) گوتوویه‌تی سه‌رله‌نوێ کوبا هه‌موو هه‌ڵه‌ ئابووریه‌کانی وڵاته‌ سۆسیالیسته‌کان دووباره‌ده‌کاته‌وه‌،به‌کورتی نوسه‌ر داوا له‌ ڕژێمی کوبا ده‌کات،که‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی یه‌که‌کانی به‌رهه‌مهێنان پشتببه‌ستێت، هه‌روه‌ها له‌ بواری کشتوکاڵیدا به‌ فیدرالی هه‌ره‌وه‌زییه‌ گچکه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵی پشتببه‌ستێت و سڵنه‌کاته‌وه ‌و چاره‌سه‌ر له‌ ڕسته‌یه‌کدا چڕبکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ‌، کە خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، فیدریالیزمی هه‌ره‌وه‌زییه‌کان و پلانڕێژی پێکه‌وه‌ بگونجێنێت.

شێوێنه‌ران و چه‌واشه‌کاران، ئازایخوازییان فڕێدابووه‌ نێو تاریکاییه‌که‌وه‌، ده‌مێك نییه‌، که‌ ئازادیخوازیی له‌و تاریکییه‌ ڕزگاربووه‌، ئه‌م ڕۆژ ده‌بینیین، که‌ مرۆڤه‌کانی سه‌ر ڕووبه‌رێکی فراوانی گۆی زه‌وی، زۆریان چه‌شتوه ‌و گیرۆده‌ی ده‌ستی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تچین‌، ئه‌وه‌تا ئازادیخوازی به‌ نیوه‌ تۆقیوویی و شڵه‌ژاوییه‌وه‌، به‌ گوڕ و به‌ کەڵكوه‌رگرتنێکی زۆره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوه‌ ده‌ستپێکه‌کان به‌ره‌و بنیاتنانی کۆمه‌ڵی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر، ئازادیخوازی له‌و جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، که‌ دامه‌زێنه‌رانی ئازادیخوازیی سه‌ده‌ی ڕابوردوو هه‌ڵیانگرتبوو، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ ئازادیخوازی ئه‌م ڕۆژ هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی ئه‌وانی په‌سه‌ندکردووه‌، نه‌خێر زیاتر هه‌وڵیداوه‌ زانیارییه‌کانی هه‌ڵهێنجێت و کەڵکیان لێ وه‌بگرێت، تا بتوانێت، به‌باشی بیانکاته‌ ئه‌رکی کۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه ‌و به‌باشتریین شێوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئابووریی و ڕامیاریی بگه‌یه‌نرێته‌ مه‌نزڵ، به‌بێ پساندنی کۆته‌ پۆڵاییه‌که‌” ستالینزم” ئه‌وه‌ش ئەستەمە‌ له ‌بۆ ئه‌وه‌ش نابێت ده‌ستبه‌رداری کاکڵه‌ی بیروباوه‌ڕه‌کانی سۆسیالیزمی ڕه‌سه‌ن ببین، مه‌به‌ست له‌ سۆسیالیزمی ماره‌بڕاوه‌ له‌ ئازادی.

سه‌رده‌می شۆڕشی ١٨٤٨ )پرۆدۆن( بڕوای وابوو، که‌ هێشتا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، داوا له‌ دروستکارانی شۆڕش بکرێت، قه‌ڵمبازبده‌ن و به‌ یه‌کژه‌م ئازادیخوازی پراکتیزه‌بکه‌ن، له‌ بزری ئه‌و پرۆگرامه‌دا، واته‌ پرۆگرامی ئازادیخوازی، پرۆگرامی”لانی که‌می” پێشنیارکرد، پله‌ به‌ پله‌ چه‌کزکردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، له‌ هه‌مان کاتدا پێشخستنی ده‌سه‌ڵاته‌ گەلییەکانی خواره‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی یانه‌کانه‌وه ‌-Les Clubs- واته‌ له‌و چه‌شنه‌ که‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌-کۆڕه‌کان- ناویانده‌رکردم، دیاره‌ که‌ پرۆگرامێكی له‌و چه‌شنه‌، چه‌قی بیرکردنه‌وه‌ی هۆشمه‌ند و نا هۆشمه‌ندانه‌ی هه‌ندێك له‌ سۆسیالیسته‌کانی سه‌رده‌مه‌.

ئازادیخوازی بوار و به‌ختی نوێبونه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ھەیه‌، تا بتوانێت له‌ بواری تیئۆری و واقع، هزر و توانای خۆی ده‌ستبخاته‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ هه‌موو ئه‌و ساختانه‌ پوچه‌ڵبکاته‌وه‌، که‌ به‌ ده‌م و ناوی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ڵبه‌ستراون و ئازادیخوازییان کرده‌ قوربانی. (جواکین مورین) ئاواته‌خوازه‌، که‌ ئازادیخوازی ئیسپانیا قڕیتێکه‌وێت و دوایبڕێت،ساڵی١٩٢٤ گوتویه‌تی ئازادیخوازی، ده‌توانێت ته‌نها له‌ هه‌ندێك”وڵاتی دواکه‌وت و لای جه‌ماوه‌ری گەلیی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر تێوه‌گلاوه‌ و په‌روه‌رده‌ی سۆسیالیزمیش که‌م و نزمه‌ و جه‌ماوه‌ر به‌ره‌ڵاکراوه‌ و دراوه‌ته‌ ده‌ست غه‌ریزه‌ سروشتیه‌کانی، به‌ کورتی ئه‌و ده‌ڵێت ” ئەگه‌ر ئازادیخوازێك ڕووناکبیر ببێت و پێشبکه‌وێت و ئاستی به‌رزببێته‌وه‌، خۆی له‌خۆیه‌وه‌ وازده‌هێنێت و ده‌وه‌ستێت”

(جان مێترۆ Jean Maitro) مێژوونوسی ئازادیخوازی فه‌ره‌نسی، له‌ لای خۆیه‌وه‌، به‌ که‌یفی خۆی ئازادیخوازی و ناڕێکخستن، یان (بێسەرەوبەرەیی) تێکه‌ڵوپێکه‌ڵکردوه‌، ئه‌و وه‌های نیشانده‌دات، که‌ ئازادیخوازی، به‌ر له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ مرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌رخه‌که‌مان چه‌رخی “نه‌خشه‌کێشان، ڕێکخستن، ڕێکوپێکییه‌” ماوه‌یه‌که‌ کەسێکی به‌ریتانی(جۆرج ودکوك) بڕوای وایه‌، که‌ ده‌توانێت،ئازادیخوازی به‌وه‌ تاوانباربکات، که‌ ئایدیالیسته‌، دژه‌-ته‌وژمی مێژووه‌، پڕە له‌ دیتنی داهاتوویی ئایدیالیستی ، لکاوه‌ به‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی ڕابوردوه‌وه‌، پسپۆڕێکی دیکەی ئینگلیز، به‌ناوی(جایمس جول) گه‌ره‌کیه‌تی به‌هه‌رچی نرخێك بێت، ئازادیخوازی وه‌ها نمایشبکات، که‌ هاوچه‌رخی نییه‌، تێگه‌یشتنی دژی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی مه‌زنه‌، دژی به‌ میلیبوونی به‌رهه‌م و بەکاربردنە‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆمانتکیه‌، کۆنه‌په‌رسته‌، کۆمه‌ڵگه‌ی به‌سه‌چوو نیشانده‌دات، که‌ ‌ له‌ پیشه‌کاران و جوتیاران پێکهاتووه ، ئه‌وه‌ش ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ڕاستیه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و تێگه‌یشتنی ئابوورییه‌.

لەنێو‌ لاپه‌ڕه‌کانی پێشووتر هه‌وڵماندا، ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو، که‌ ئه‌و وێنه‌کێشراوانه‌ ده‌رباره‌ی ئازادیخوازی به‌ هیچ کلۆجێك‌ به‌ ئازادیخوازییه‌وه پەیوەندییان نییه، ئازادیخوازی له‌سه‌ر ده‌ستی (باکۆنین) قه‌شه‌نگتر خۆی ده‌ربڕی، ئازادیخوازی دروستکاره‌ و له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕێکخستن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و یەکانگیربوون و ئامێتەبوون، ناوه‌ندێتی نه‌سه‌پێنراو و فیدرالیزم، پته‌و ڕاوه‌ستاوه‌، ئازادیخوازی له‌سه‌ر پیشه‌سازی مه‌زنی نوێ سه‌قامگیره‌، ته‌کنیکی نوێ و پرۆلیتاریای نوێ و به‌و هه‌موو تایبەتمەندییانه‌وه‌ ھی ئەم سەردەمەیە، واته‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌وه‌ی دونیای سه‌رده‌م پێویستی نییه،‌ کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تچیه‌، نه‌ك ئازادیخوازی.

به‌ده‌م بۆڵه‌بۆڵ و ناڕازیبوونه‌وه‌ (جوان مورین) ساڵی ١٩٢٤ بڕیاری ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ ده‌دات، که‌ مێژوو فێریکردیین، ‌”هه‌ڵسانی به‌ گوڕ و به‌ توند” نیشانه‌ی بێهێزی و بزری ئازادیخوازییه‌، پیڤ پیڤ له‌و بڕیاره‌، ته‌نها له‌نێو ئەو بیرۆکه‌ قه‌شمه‌ره‌، پێخه‌مبه‌ربینی ئه‌و مارکسیسته‌ ئیسپانییه‌ ده‌رده‌که‌وێت.

———————————————————————————-
* بەشێك لە په‌ڕتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة) دانییل غیرین.

ئایا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
09/06/2016

له‌ کۆبوونه‌وه‌کان و دیمانه‌ی ڕادوێیه‌کان و دانیشتنی دوو قۆڵی و گروپی‌، زۆر جار ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌م لێکراوه‌ .  منیش ڕاستگۆیانه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی‌ که‌ هه‌بوومه‌ له‌ وه‌ڵامیاندا وتوومه‌  نه‌ك هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئاوا نییه‌ به‌ڵکو گرۆپێکی کاراش به‌ناوی ئه‌نارکیستیه‌‌وه‌  له‌وێ نییه‌ و به‌بیره‌وه‌ری منیش نه‌بووه‌.  هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ هه‌میشه‌ پرسیارێکی دیکه‌ی به‌دوی خۆیدا هێناوه‌ که‌ ئه‌ویش پرسیاری ” بۆچی” بووه‌ .
ناکرێت له‌ کاتێکدا که‌ ده‌سه‌ڵات و زۆوڵم و زۆر هه‌بووبێت و هاوکاتیش هزری ئه‌نارکیزم وه‌کو هزرێکی سروشتی یاخیگه‌ری ناوخودی مرۆڤ هه‌بووبێت، نکوڵی ئه‌وه‌ بکرێت که‌ خه‌ڵکانێك وه‌ک تاك یاخود وه‌ک گروپێکی ناڕێکخراو له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و زوڵم و زۆره‌دا،  نه‌بووبێت.  بێگومان خه‌ڵکانێک هه‌بوون که‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان کردووه‌ و ‌ تێڕوانینیان بۆی وه‌کو دووژمنی  به‌شه‌رییه‌ت، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کاره‌سا‌ته‌کان، ته‌ماشایان کردووه‌.  ئه‌وه‌ش له‌پای ده‌رککردنیان به‌و  ڕاستیییه، بووه‌ که هیچ وه‌ختێك به‌رژه‌وه‌ندی ناوکۆیی له‌ نێوانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژاران و به‌شخوراواندا نه‌بووه‌.  له‌و باره‌شدا که‌سانێک هه‌ن ڕاپه‌ڕینی  زنجه‌کان و خه‌واریجه‌کان و  مه‌زده‌کی و به‌رمه‌کی و قه‌رمه‌تییه‌کان و ئه‌و‌انی دیکه‌ی سه‌رده‌می کۆن ، به‌ ڕاپه‌ڕینێکی شێوه‌ ئه‌نارکیستانه/شیوعییانه‌ ده‌زانن، گه‌رچی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕینانه‌ مۆرکی ئه‌نارکستییه‌ت و شیوعییه‌تیان له‌ خۆیان نه‌داوه‌.  به‌ هه‌رحاڵ قسه‌ی من له‌سه‌ر ئێستاو چه‌رخی ڕابووردووه‌.
ئه‌گه‌‌ر سه‌رنجێک له‌ واقیعی کۆمه‌ڵی باشوور له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌ بده‌ین ، کۆمه‌ڵه‌ هۆکارێك بۆ ده‌رنه‌که‌وتنی ئه‌نارکیستییه‌ت وه‌کو هزرێكی سه‌ربه‌خۆی دیار و هه‌م وه‌کو سه‌رهه‌ڵنه‌دانی چه‌ند گروپێکیش که‌ ده‌مڕاستی ئه‌و هزره‌ بن، هه‌ن، به‌ڵام به‌ ڕای من چوار هۆکاری سه‌ره‌کی له‌م بواره‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کی، بینیوه‌، که‌ ئه‌وانه‌ش ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م: کوردستان ‌ به‌شێك بووه‌ له‌ عێراق و پاشکۆیی عێراق-یش به‌ وڵاتی سۆڤێته‌وه‌‌ :
ته‌واوی ئه‌و کتێب و گۆڤار و نوسینانه‌ی که‌ سه‌باره‌ت به‌ مارکسیزم و لینیننزم و ماویزم بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و چه‌په‌کانی دونیا و هه‌تا سه‌باره‌ت به‌ دین به‌هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌یه‌وه‌ واته‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دین یاخود ته‌رفگیری دین ، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوون . عێراقی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش له‌ ساڵی 1958 وه‌‌ خۆشی وابه‌سته‌ی سۆڤێت  بوو جگه‌ له‌ چه‌ندساڵێکی که‌م نه‌بێت.  كتێب و ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ و کۆمۆنیستی که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوون، یا له‌  خانه‌ی بڵاوکراوه‌ی ڕۆشنبیری   دیمه‌شق بووه، یا خانه‌ی پێشکه‌تن ( ته‌قه‌دوم)  یا له‌ بێروت و خودی ڕوسیا خۆی بوون، چاپکراون. ڕۆڵی حیزبی شیوعی سوری که‌ خالد به‌گداش سه‌رکرده‌ی بووه له‌ته‌ك ڕژێمی سوری که‌‌  هه‌ر له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ یه‌کێك بووه‌ له‌و ڕژێما‌نه‌ی ‌ که‌ دۆست و وابه‌سته‌ی سۆڤێتی  جاران بووه، ڕۆڵی گرنگی ‌ له‌و بواره‌د، بینیوه‌.
هه‌رچیش سه‌باره‌ت به‌  هزری ئه‌نارکیستیانه و چالاکی و ته‌واوی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ هه‌ر کونجێكی ئه‌م جیهانه‌دا، بووه‌،‌ به‌ شێوه‌یه‌کی قێزه‌وه‌ند و دژه‌ مرۆڤ و دژه‌ شۆڕش بۆ ئێمه‌ گوێزراونه‌‌ته‌وه‌، چونکه‌ سه‌راپای ئه‌ده‌بیات و ته‌بلیغاتی ئه‌نارکیستیانه‌ له لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌ له‌ ڕوسییه‌وه‌ ‌ وه‌رگێڕراونه‌ته‌‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی  که‌ هه‌مووشی له‌ ‌ یه‌کێك له‌و چاپخانانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ گه‌یه‌ندراون‌‌.  هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌نارکیزم و فکری ئه‌نارکیستیانه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ نوسیمن به چه‌واشه‌یی و دژه‌ هه‌موو شتێك به‌‌ ئێمه ناسێنراوه. ‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا به‌ ” فه‌وزه‌وی” “به‌ره‌ڵایی و بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌یی” به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یانراوه‌ .  واته‌ یه‌ك لایه‌نی ئه‌نارکیسیزم که‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت بووه‌ و ئه‌ویش به‌گوێره‌ی بۆچون و شیکردنه‌وه‌ و ویستی به‌لشه‌فی و شیوعییه‌کانی ئه‌و کاته‌ لێکدراوه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان ‌ فه‌وزایان ده‌وێت  و باوه‌ڕیان به‌  ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، نییه‌و  هه‌مووی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ و کۆمه‌ڵ له حاڵه‌تی‌ پشێوی و ئاڵۆزی  و به‌ره‌ڵایی و بێ یاسایی و بێ ڕێکخستنی و.. هتد به‌جێده‌هێڵن و ئیدی کۆمه‌ڵێكی‌ ئاخۆران و ماخۆران ده‌بێت .
سه‌یر‌  له‌وه‌دا ‌بوو کاتێك که‌ هزر و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی ئاوا ده‌ناسرا و هێڕشی ده‌کرایه‌ سه‌ر،  به‌ڵام تاکه‌ کتێبێك یا گۆڤارێك یاخود بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیستی نه‌بوو له‌به‌رده‌ستدا تاکو خوێنه‌ر پێشئه‌وه‌ی،  ئه‌وه‌ی دژی ده‌نوسرا ، بیخوێندایه‌ته‌وه‌.  بۆ نموونه‌ ” بوئسی فه‌لسه‌فه‌ی ” مارکس که‌ له‌سه‌ر جۆزیف پرۆدن نوسیبووی ، که‌ به‌ ئاسانی له‌ بازاڕی کتێب فرۆشاندا ده‌ستدد‌ه‌که‌وت ،که‌چی خودی کتێبه‌که‌ی پرۆدۆن که‌ مارکس ڕه‌دی دابووه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له‌ عێراق-دا  وجودی نه‌بوو.  ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نارکیستی  که‌ ڕه‌دیان د‌راوه‌ته‌وه، خۆیان له‌به‌رده‌ست خۆوینه‌ردا، نه‌بوون.‌
له‌ حاڵه‌تێکی ئاوادا نه‌بوونی گروپێکی ئه‌نارکیستی نه‌ك هه‌ر مه‌حاڵ بوو، به‌ڵکو ده‌ستکه‌وتن و  خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نارکیستیش، تاکو له‌ هزر و پرینسیپه‌کانی ئه‌نارکیزم، تێبگه‌ین، کارێکی ڕێلێگیراو بوو.‌
دووهه‌م: هه‌بوونی حیزبگه‌لێکی  زۆر و پاشکۆبوون بۆیان:
عێراق و کوردستان له‌ دوای ساڵانی سییه‌کانی چه‌ر‌خی ڕابوردووه‌ زێدی زاینی حیزبگه‌لێکی زۆر بووه‌ هه‌ر له‌ حیزبی نه‌ته‌وه‌یی  و دینی و نیشتمانی لیبراڵ تا ده‌گاته‌ کۆمۆنیستی.  سه‌رجه‌می ئه‌م حیزبانه‌ش بۆ مه‌به‌ستی گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ له‌ ململانێی نێوانیادا له‌ گه‌وجاندنی هاووڵاتیاندا بوون .  ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای په‌روه‌ده‌کردن و سیخناخکردنی گوێی ‌ هاووڵاتیان  به‌ ته‌بلیغات و ئه‌ده‌بیاتیان، بووه‌.  ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی باش ئه‌وانه‌بوون که‌ باشتر په‌یڕه‌وی فرمانه‌کان و تاکتیك و ستراتیجێتی، حیزبیاد ده‌کرد ، ئه‌وانه‌بوون  که‌ به‌ موو له‌ پێڕه‌وپڕؤگرامی حیزب ده‌رنه‌چون ، ئه‌وانه‌ن که‌ پاشکۆ و وابه‌سته‌ی ته‌واوی حیزب و سه‌رکرده‌کانی حیزببون ، ئه‌وانه‌ن که‌ ئایدۆلۆجییه‌ت شه‌ڕی برا و خوشکی خۆیان و  دراوسێی و خزم و  ڕه‌گه‌زێکی یا نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی پێکردون و  بێ ئه‌وه‌ی که‌ خودی خۆیان بۆ ته‌نها چر‌که‌یه‌کیش له‌ سیاسه‌تی ڕاست و هه‌ڵه‌ی حیزب و سه‌رکرده‌ ،تێفکریبێتن.  به‌داخه‌وه‌ که‌ ئه‌م نه‌رێت و خووه‌ تا هه‌نوکه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
له‌ بارودۆخێکی ئاوادا نه‌ فکر پێشده‌که‌ویت و نه گه‌شه‌ش ‌ده‌کات، له‌ ژینگه‌یه‌کی  ئاوادا سه‌ر‌جه‌می مرۆڤه‌کان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا و ده‌بنه‌ بورغویه‌کی بچوکی ماشێنی حیزب و حیزبیش به‌ ئاره‌زوی خۆی ده‌یانسوڕێنێته‌وه‌ و ئه‌م ده‌نگیان پێده‌دات، ئه‌ویان پێده‌کوژێت و ئه‌و ته‌بلیغاته‌یان پێده‌سپێرێت.  مرۆڤ له‌م حاڵه‌ته‌دا که‌ ده‌بێته‌ کۆیله‌ی حیزب ناتوانێت به‌خۆی بیربکاته‌وه‌ ، ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات ، ده‌سته‌ووه‌سانه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ و سه‌رنجدانی به‌ده‌ر له‌ حیزب و سه‌رکرده‌ له‌ ڕوداوه‌کان، عاجزه‌ له‌ پێشبینیکردنی کاره‌ساته‌کان، کامفاڵێتی و ساویلکه‌یی‌ به‌ڵام دڵگه‌رم  دڵ پر له‌ قین بۆ هه‌ڵگرانی هه‌موو ڕاوبۆچونێکی جوودا له‌ خۆی، خه‌سڵه‌تی له‌به‌رچاوی خه‌ڵکانی حیزبییه‌.
له‌ کاتێکدا که‌ هزری ئه‌نارکیستی گه‌شه‌ی سروشتی خودی تاکه‌کان خۆیانه‌ هه‌میشه‌ش له‌ گۆڕان و ته‌شه‌نه‌کردندایه‌.  له‌ دیدی ئه‌نارکیستییه‌وه‌ تاکه‌کان ده‌بێت له‌ بیرکردنه‌وه و سه‌رجه‌می ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ پێوه‌ستن به‌خۆیانه‌وه، ئازادبن‌.  هاوکاتیش که‌ ئه‌و هزره‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ڕێکخراوه‌یی شێوه‌ هیراشیانه‌یه‌ ، به‌دڵنیاییه‌وه‌  ، له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا نه‌ گه‌شه‌ ده‌کات و نه‌ دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵیا.‌
سێیه‌م: جه‌نگ و ماڵوێرانی و کوشتن بڕین له‌ عێراق و کوردستاندا:
عێراق و کوردستان یه‌کێکن له‌و وڵاتانه‌ی که‌ پتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌‌ ئاشتی و ئاسایشی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینوه‌.  عێراق سێ جه‌نگی گه‌وره‌ی : ئێران و عێراق، شه‌ڕی که‌نداوی 1991 و داگیرکردنی ئه‌م دواییه‌ی 2003 ، به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و کارایی و هه‌ژموونی  خۆی و به‌سه‌ر  کوردستانیشدا  به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ، داناوه‌.  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی کوردی که‌ له‌ ساڵی 1961 دا ده‌ستی پێکرد که‌ ئه‌میش به‌ڕؤڵی خۆی له‌سه‌رده‌ستی هه‌ردوو لادا چ حکومه‌ته‌ یه‌كبه‌دوایه‌که‌کانی عێراق  و چ بزوتنه‌وه‌ی کوردی کاره‌سات و کوشتن و بڕین و کیمیاباران و ئه‌نفال و ژنکوشتن و ماڵوێرانیی و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌ڵکی له‌ زێدی خۆیی و له‌ناوبردن و سه‌رنگونکردنی خه‌ڵکانێکی زۆری به‌سه‌ر هاووڵاتیانی کوردستان و تاڕاده‌یه‌کیش ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراقیشی، هیناوه‌.
ئێمه‌ی کورد ئه‌زموونێکی یه‌کجار زۆرمان له‌ جه‌نگ و به‌یه‌کدادان و ماڵکاولیدا هه‌یه‌، که‌ شوێنه‌وار و کاره‌ساته‌کانی جه‌نگ له‌ یاد و بیره‌وه‌ری نه‌وه‌ی ئێمه‌ و باوک و باپیارنیشماندا، چه‌سپیوه‌‌.
جه‌نگ ئه‌و تارماییه‌ ڕه‌شه‌ نه‌گریسه‌یه‌ که‌ ته‌نها بازرگانانی شه‌ڕ و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کانی دروستکه‌ری چه‌ك و که‌ره‌سه‌کانی دیکه‌ی جه‌نگ و ده‌سه‌ڵات به‌ گشتی قازانجی لێده‌چننه‌وه‌ و ئه‌وانی دیکه‌مان جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و برسێتی و هه‌ڵکه‌ندن له‌جێی خۆمان و باوباپیرانمان ، زه‌ره‌ر و زیان نه‌بێت ، چیدیکه‌ی لێ نابه‌ستینه‌وه‌.  جه‌نگ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌ی برسێتی و گرانی و  ڕه‌و و لێکدابڕان و حه‌سره‌تکێشی  بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانمان و بێکاری و لانه‌وازه‌یی و بوون به‌قوربانی ، ده‌سازێنێت .  له‌و شوێنه‌ی جه‌نگ بێت هه‌موو شتێك، هه‌موو نه‌گریسییه‌ك  هه‌واری خۆی هه‌ڵخستووه‌ ته‌نها خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و ئاشتی و ئاسایش نه‌بێت.  له‌بارودۆخێکی ئاوادا ته‌نها فریای سه‌لامه‌تی و خۆپاراستنی خۆمان و داخوازییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان ده‌که‌وین، ته‌نها به‌دووی ژیانی کوله‌مه‌رگی و مه‌مره‌ و مه‌ژییه‌وه‌ین ، هه‌رچی فکر و هزری نوێ، ئاسۆی ڕونی تێفکرین له‌و کات و زه‌مه‌نه‌دا نه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌کات  و زۆر به‌ ده‌گمه‌نیش ڕێده‌که‌وێت  فکرێکی نوێ که‌ جیابێت له‌وه‌ی که‌ پێی په‌روه‌رده‌ و گۆشکراوین، سه‌رهه‌ڵبدات.
له‌ شوێنێک جه‌نگ هه‌بێت ، فکری ئه‌نارکیستیزم  که‌ به‌شداری دروستکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی  ده‌کات، گرانه‌‌، بتروکێت. له‌ هه‌ر شوێنێك جه‌نگ هه‌بێت تابوری برسێتی به‌ڕێده‌کات، ڕیزی خۆفرۆشان و به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات زیادده‌کات، سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌کان که‌مده‌کات، مێشک و هۆشی لێدوان و دیالۆگ و ئاشی ژیانی ئاسایی له‌گه‌ڕده‌خات  هه‌ر به‌م هۆیانه‌شه‌وه‌، فکر و ئه‌زموونی ئه‌نارکیزم نه‌ك هه‌ر گه‌شه‌ پێناکات به‌ڵکو ئه‌وه‌شی که‌ هه‌یه‌ له‌باری ده‌بات.
چواره‌م : کۆمه‌ڵی ئێمه‌ و  کولتوور:
کۆمه‌‌ڵی ئیمه پێکهاته‌یه‌کی  تێکه‌ڵه‌یه له‌ کولتووری خێڵه‌کی و  دینیانه‌،  که‌ بناخه‌ی له‌سه‌ر هه‌یکه‌لێکی هیراشی ، قوچکه‌یی بنیاتنراوه‌ و ئه‌و داب و‌ نه‌رێته‌ش که‌ هه‌یه‌ که‌ هاوکات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یکه‌ل و ئابورییه‌که‌یه‌تی، ‌ پارێزه‌رێکی چاکی ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ی کۆمه‌ڵیشه‌‌.
له‌ شانه‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵ-وه‌ که‌ خێزانه‌ تاکو دایه‌نگا و قوتابخانه‌ و زانکۆ و کارگه‌ و شوێنه‌ کشتیارییه‌کان و ده‌زگه‌‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و به‌شه‌کانی دیکه‌ی مه‌ده‌نی و عه‌سکه‌ری تا ده‌گاته‌ لو‌تکه‌که‌ی که‌ په‌ڕله‌مان و پیاوانی حوکمڕان و که‌سی سه‌ره‌کی سه‌رۆکی وڵاتن، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك بناخه‌ دروستکراون که‌ هیراشیییه‌ته‌.  هیراشییه‌تیش یانی بوونی پاشۆکۆیی، دیلیی فکر و ئه‌ندێشه‌، یانی ناسه‌ربه‌خۆیی و نائازادی تاك ، یانی هه‌ر هه‌موو که‌سێك له‌بنی بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ ، له‌ شانه‌ی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ تا دواکه‌سی، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی سه‌روی خۆی بکات له‌ فرمان وه‌رگرتن، له وه‌رگرتنی ئامۆژگاری ، ته‌نانه‌ت له‌بیرکردنه‌وه‌ له‌ کێشه‌یه‌ك و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ره‌که‌یشیدا.
کۆمه‌ڵی هیراشی به‌ یارمه‌تی کوڵتوور و داب و نه‌رێت، له‌م کۆمه‌ڵه‌د،ا بچوك ده‌بێت ڕێز له‌ گه‌وه‌ره‌ بگرێت، ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ گوێ له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان بگرن، فه‌رمان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرن موباده‌ره‌ و داهێنان سه‌رنگونده‌کرێن، ئه‌ندامانی حیزب و ئه‌وانه‌ی‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ن مشته‌ له‌گوێ و ڕوو له‌ده‌می سه‌رکرده‌ ده‌بن.  ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ هیراشییه‌ که‌ ناوه‌ندگه‌رایی له‌ هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی خودی کۆمه‌ڵدا قوتکردۆته‌وه‌ ئیدی بچڕاندنی زنجیره‌کانی ئه‌و ناوه‌ندگه‌رییه‌ مه‌حاڵه‌ ، ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ‌ له‌ شێوه‌یه‌کی نوێی ئاسۆییدا، کارێکی نه‌ك هه‌ر ئاسان و ئاسایی نیه‌ بگره‌ شؤڕشی له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و ڕؤشنبیری و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ پاڵ شۆڕشی ئابوریدا، ده‌وێت. شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیش بێ لێدان له‌ پایه‌ به‌هیزه‌کانی هه‌یکه‌له‌ هه‌ره‌مییه‌کان، دابونه‌رێته‌ ڕزیوه‌کان، وته‌ و فۆرمیله‌ کۆنه‌ له‌کارکه‌وتووه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ ، ئه‌نجامدانی کارێکی ئه‌سته‌مه‌ .
له‌ کۆمه‌ڵی هه‌ره‌میدا،  نه‌ تاك ڕؤڵی هه‌یه‌ و نه‌ متمانه‌شی به‌خۆی هه‌یه‌ له‌ ژینگه‌یه‌کی فره‌ حیزبی ، فره‌ کوێخایی، ژنکوژی، کولتووری خێڵ و دین که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی تاک خۆی خۆی دروستبکات، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی فکربکاته‌وه‌ ، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی بڕیاره‌کان بۆ خۆی بدات و به‌ده‌م چاره‌سه‌ره‌کانی کێشه‌کانییه‌وه،‌ بچێت ، که‌چی تاکی کۆمه‌ڵی ئێمه‌ دروستده‌کرێت، فکری ده‌ر‌خوارد ده‌درێت، بڕیاری بۆ ده‌درێت، چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیشی بێ‌ به‌شداریکردنی ئه‌و و بێ ئاره‌زووی ئه‌و ،ده‌کرێت،  له‌ ژینگه‌یه‌کی ئاوادا که‌ تاك سه‌ربه‌ست نه‌بێت، فکریشی بۆ نایه‌ت، هزرێکی نوێ لای ئه‌و په‌یدا نابێت، گه‌ر بشبێت زه‌مینه‌ی گه‌شه‌کردنی نابێت.

Zaherbaher.com

کارکردی سۆشیال دێمۆكراسی و سۆشیالیز م و یەكی ئایار

ھەژێن

٢٣*ی ئایاری ٢٠١٦

بەرایی

ئەم ڕۆژ ٢٣ی ئایار، ساڵیادی سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵەی دروستکردنی یەکەمین پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی جهانە،  بەو بۆنەوە، سەرنجدانی مێژووی کارکردەکانی ئەو پارتییە و ئیدئۆلۆگەکانی و سەرکردەکانی و ڕێچکەیەك کە بە ئەم ڕۆژەی گەیاندووە، دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ گەڕانەوە سەر مشتومڕەکانی  نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت مشتومڕەکانی نێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان)، کە دواتر مارکسیستەکان بە “نێونەتەوەیی یەکەم” ناساندیان و ئەو ئاوەی کە ئەوان ڕشتیان، دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان پێی خۆیان تێخست و ئێستاش ھەر بە لێڵیی ماوەتەوە.

سەرەکیترین تایبەتمەندی سۆشیال دێمۆکراسی، کە دەتوانین بە ئەلف و بای دژەخونی سۆشیال دێمۆکراتەکان لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کرێکاری و بزووتنەوە ڕگاریخوازەکانییەکانی جیهانی ئەو سەردەمە و تاکو ئێستاش ناوبەرین، بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئەو ئاراستە دەسەڵاتخوازە دەگەڕێتەوە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم پارتایەتی و دەوڵەتخوازیی کردە پردی پەڕینەی پرۆلیتاریا لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم؛ ئەوەی کە دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان بە پشتیوانیکردنی دەوڵەتان [وڵاتانی خۆیان] پێی خۆیان خستە نێو لیتەکەی و خەستربووەوە.

تایبەتمەندیی سەرەکی سۆشیال دێمۆکراسی بریتییە لە پێشمەرجکردنی گۆڕانی ڕامیاریی بۆ ڕودانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی *، کە خۆبەخۆ بۆچوونی مامۆستابوونی سۆشیال دێمۆکراتەکان – شاگردبوونی کرێکاران و دەستەبژێرگەری [ئیلیتگەری]، ڕێکخستنی قووچکەیی [پارتیی و سەندیکا قووچکەییەکان] و سەرەنجام پێداویستکردن و پیرۆزکردنی دەوڵەت و پابەندکردنی هاتنەدی سۆشیالیزم بە هەبوونی دەوڵەتی پارلەمانی، کەمێك جیاوازتر لە دەوڵەتی تاکپارتیی کۆمونیستەکانی [سۆشیال دێمۆکراتە چەپەکانی] دواتر، سەپاند و کردە نەریت.

سۆشیال دێمۆکراتەکانی خۆراوای ئەوروپا  ئەو بۆچوونە دیتێرمینیستیانەی کارل مارکس و ئەنجلس  پەیڕەودەکەن، کە پیشەسازیبوونەوە ** و خۆبەخۆیی قەیرانە ئابوورییە ناوبەناوەکانی سەرمایەداریی وەك خنکێنەر و گۆڕهەڵکەنی دەسەڵاتی بۆرجوازی وێنادەکەن، کە (ڤیلھێلم   لییبکنێشت  Wilhelm Martin Philipp Christian Ludwig Liebknecht ) وەك ئیدئۆلۆگی ئەو باڵە بە لوتکەی گەیاندن. هەر ئەو تێڕوانین و پێگەییشتنە تیئۆریی و کردەییانە بوون، کە ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسییان بەرەو  تێکۆشانی  پارلەمانی و پشتیوانی بەرەکانی جەنگ و “یەکێتی نەتەوە/ سەروەری بۆرجوازی” برد. لە بەرانبەردا باڵی چەپی سۆشیال دێمۆکراسی کە (لێنین) ئیدئۆلۆگی بوو و دواتر بە پارتییە کۆمونیستەکان ناسران، بۆ خۆجیاکردنەوە لە باڵی ڕاستی سۆشیال دێمۆکراسی، بۆ ئەو بۆچووانەی کارل مارکس و ئەنجلس هانایانبرد، کە لەنێو پەرەگرافەکانی (مانیفێستی کۆمونیست)  بردنی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بۆ نێو پڕۆلیتاریا/کرێکاران بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت و بڕیاری شۆڕش بە ئەوان دەسپێرێت و ئەرکی دروستکردنی پارتیی و دەوڵەتی سۆشیالیستی و گەیاندنی کۆمەڵ بە کۆمونیزم بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت، ھەروەھا توانەوەی پەشمەکئاسای دەوڵەتی دیکتاتۆر ھەر لەسەر بنەمای نیازپاکی ئەوان.

وەك مێژوو سەلماندنی هەر دوو باڵی سۆشیال دێمۆکراسی [پارلەمانیی و تاکپارتیی] وەك دوو دەست چەپڵەی مانەوەی سەروەریی چینایەتییان لێدا و تاکو ئێستاش سۆشیال دێمۆکراسی لە هەموو فۆرمەکانیدا هۆکار و یارمەتیدەی مانەوە و تەمەندرێژیی سیستەمی چینایەتییە و لە دەنگدانێکەوە بۆ دەنگدانێکی دیکە، خۆشباوەڕیی پرۆلیتێرەکان قوڵتەر و بۆگەنتر دەکات.

کورتەیەك لە مێژووی کارنامەی سۆشیال دێمۆکراسی لە ئاڵمانیا؛ منداڵدانی پەروەراندن و دایەنگەی یەکەمین پارتی سۆشیال دیمۆکرات

لەبەرئەوەی ئامانجی ئەم نووسینە شرۆڤەکردنی ھزر و بیرۆکەکانی سۆشیال دێمۆکراسی نییە لە سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵی ڕابوردوو و ھەر ئاوا بەپێویستیشی نازانم بەنێو مێژووی ھۆکاری سەرھەڵدانی باڵی ڕاست و چەپ “لادەر و شۆڕشگێڕی” سۆشیال دێمۆکراسی ڕۆبچم و خۆم بە جیاوازییە ڕواڵەتییەکانەوە خەریکبکەم، چونکە ئامانجی من لەم نووسینە، فرەتر کۆکردنەوەی کۆمەڵێك بڕگەی مێژوویی ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسی و پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و نیشاندانی ڕەھەندەکانی کارایی ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و ئاراستەی سۆشیال دێمۆکراسییە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیست، کە بریتین لە :

–  ساڵی ١٨٩٠ پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا دژی بانگەوازی مانگرتنی گشتی بوو  …***

– ساڵی ١٩١٤ پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا وەك پارتییە دەستە خوشكەكانی دیكەی نێو نێونەتەوەیی دووەم، بە پشتیوانیکردنی جەنگ و دەوڵەكانیان دەنگیدا ….. ***

– پاش جەنگی دۆڕاوی یەکەمی جیهانی پروسەكان (١٩١٤- ١٩١٨) و ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری کرێکاران و شوراکانی سەربازان (١٩١٨/١٩١٩ باواریای ئاڵمانیا) پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و یەکێتییەکانی سەر بەو ڕەوتە وەك دەستەبژێری دەسەڵاتخواز و سەروەر خۆیان سەپاند  …. ***

– لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئەنجومەنی نێوەندیی کار (ZAG) لەتەك خاوەنانی/داراكانی پیشەسازیدا سەرلەنوێ ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٤ گیانی سازشکارانەی تەبایی چینایەتی لەنێو یەکێتییە پاشكۆکانی پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا خۆی دەردەخاتەوە  … ***

– ساڵی ١٩١٩ لەتەك سەرکەوتنی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات لەنێو کۆماری ڤایمەر Weimarer، ئیدی ڕۆژی ١ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی “ …. ***

– یەکەمین ساڵیادی ١ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی ١٩١٩ کۆماری شۆڕشگێڕی باواریا/ میونیخ (Münich) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانیکران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزادران. سۆشیال دێمۆکراتەكان لەترسی ئەوەی کە ساڵانی داهاتووش ئەو ڕۆژە دووبارەببێتەوە و ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاران، لەبەرئەوە دەستبەجێ ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە هەڵوەشێنرایەوە  ….. ***

– ئەپڕیڵی 1920 فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان ڕێگەیدا، تاوەكو بە کۆمەکی ‌هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕبکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد، واتە ئەو ‌هێزە سەربازییەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری 1918 سەرکوتکرد، ھەر ئاوا سەرلەنوێ بە چاوپۆشی فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانی لەنێو خوێن گەوزاند. ***

– ساڵی 1924بەدواوە خۆنیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخەكرابوون، لەبەرئەوە ئەو ساڵانە هیچ شتێکی ئاوا ڕووینەدابوو. ساڵی 1929 لە بارێکی ئاوادا سەرۆکی پۆلیسی سۆشیال دێمۆكراتی بێرلین Zörgiebel بۆ بەرگرتن بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتیی کۆمونیستی ئاڵمانیا (KPD) ڕایگەیاندبوو، خۆنیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوتکرد. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا”) ئەو ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆنیشاندانی 1ی ئایار بەرپادەكەن. هەرچەندە کە پارتیی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمانیا تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی نێو هۆڵەکان بوو، بەڵام سۆشیال دێمۆکراتێك کوژرا، تەنیا لەبەرئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرە ماڵەکەی دابخات. Zörgiebel سەرۆك-پۆلیسی سۆشیال دێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆنیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتن بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوتکرد. لەو كوشتوبڕەدا (30) کەس لە نزیکەی (25) هەزاری خۆنیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندارکران. ***

– شالیاری کاری ئەو کاتی دەوڵەتی ئاڵمانیا تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووریی “ بۆرجوازی) کە ساڵی 1921بەدواوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆنیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت. ***

– ساڵی ١٩٣٣پاش سپاردنی دەسەڵات بە سەرۆکشالیارانی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا” ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler ، لایپارت هەوڵیدا تاوەکو یەکێتییەکانی ئاڵمانیا بداتە پاڵ “فەرمانداریی یاسایی” نازییەکان، بەڵام هەوڵەکەی ناکام مایەوە. ***

– 19ی ئەپڕیڵی 1933 وەك بەرەنجامی سازشکاریی سۆشیال دێمۆکراتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا ADGB ڕایگەیاند “ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لەنێو جەژنیی دەوڵەتیی ڕۆژی ئایار بەشداریبکەن”. کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا لە دەوڵەت داوایکرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتیی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (نازی). ڕۆژی 1ی ئایاری 1933 بەکردەوە بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان ڕێپێوانیانکرد. وەك بەرەنجامی سازشکارییەکانی سۆشیال دێمۆکرات لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانی-زمان هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی تێکۆشانی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ***

– ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٣٣ نازییەکان بەهۆی “ کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی– Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit” کۆمەڵە کرێکارییەکان و بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستبەسەرکران و خودی سەرانی سازشکاری یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “ زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجەدران و هەندێکیان کوژران. ***

– پاش ڕوخانی دەسەڵاتداریی نازییەکان لەلایەن ھێزی لەشکریی ھاوپەیمانان، پارتیی سۆشیال دێمۆکرات وەك پێشینەی ١٩١٤-١٩٣٢ کەوتەوە پارەلەمانبازیی و خۆشباوەڕکردنی پرۆلیتێرەکان بە گەییشتنی ئاشتییانە بە سۆشیالیزم و دواجار  لادانی دێوجامەی ناچاریی و زیاتر داکۆکیکردن لە پارلەمانتاریزم و سیستەمی چینایەتی زیاتر لە پارتییە ڕاستڕەوەکان و لەم ڕۆژگارەدا ئیدی مەگەر وردبینی تایبەت و خۆشباوەڕانە بتوانێت لەنێوان پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و پارتییە ڕاستڕەوەکان، جیاوازی بدۆزێتەوە. ***

– ساڵی 19٩1بەدواوە لە هەندێك شاری ئۆروپی ڕێپێوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا– EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا DGB بەرپادەرکرێن. ***

سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان

– سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە پێشینەی پارتایەتی و ڕەوتی سازشكارانەی سۆشیال دێمۆكراتەكان ١٩١٤-٢٠١٢ كەوتنە ھەوڵدان بۆ كاڵكردنەوە و دابڕاندنی مێژووی ڕۆژی یەكی ئایار لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە ڕۆژگارێك بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كۆمونیستی لەوێ بەھێز و كۆمەڵایەتیی بووە؛ یەكێك لەو ناوچانە ناوچەی ھۆرامانە، كە لەجیاتی ئاوەدانكردنەوەی وەك وێرانەی ڕاگواستنی گوندەكان و وێرانەی جەنگی عیراق-ئێران و وێرانەی جەنگی نێوخۆیی نێوان پارتییە دەسەڵاتدارەكان (پدك) و (ینك) و دواتر دەسەڵاتدارانی ھەرێم و ھێزە ئیسلامییەكان، كە بەرھەمی جەنگی نێوخۆ و ھەر ئاوا بەرھەمی ڕامیارییەكانی دەسەڵاتداران بوون، بۆ دواخستن و وێرانكردنی ناوچەیەكی ئاوا کە ڕۆگارێك نشینگەی سۆشیالیست و كۆمونیستەكان بوو، پاش ئارامبوونەوەی بار و دۆخەكە، دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكراتی ناوچەی دەسەڵاتداریی سەوز كەوتنە ھەوڵی سیناریۆسازیی بۆ كاڵكردنەوەی ڕۆژی یەكی ئایار و بەرپاكردنی فیستیڤاڵێكی پارتیییانە[ینک’یانە] ھەموو ساڵێك بەناوی ” فیستیڤاڵی ھۆرامان” لە سەروبەندی ڕۆژی یەکی ئایار، کە ئامانجیان گرنگیدان بەو ناوچە و کولتوور و ھونەر و ئەدەب و مێژووی نەبوو، بەڵکو تەنیا پەیداکردنی ئامرازێك بوو بۆ کاڵکردنەوە و لەبیربردنی ڕۆژی یەکی ئایار وەك سیمبولی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان، کە لە ساڵی ١٩٥٧ لەوێندەرێ پێشینەی ھەبووە.

– ئەم ساڵ سۆشیال دێمۆكراتە كرێكاركوژەكانی كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە،  وێرای ئەوەی كە لەلایەن فەرمانداریی ھەرێمی كوردستان ڕۆژی یەكی ئایار پشووی فەرمییە و ئەو فەرمیبوونەش بارەتەقای سۆشیال دێمۆكراتەكان و فەرمانداریی بۆرجوازی ھەرێمی كوردستان نییە و بۆ سەردەمی بەرەی (حشع) و (عەبدولكەریم قاسم) و دواتر بەرەی ھاوبەشی (حشع) لەتەك (بەعسییەكان) وەك پاشكۆییەكی بلۆكی ڤارشۆ دەگەرێتەوە.  ئەم ساڵ دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكرات و نەوشیروانییەكان بە پاساوی قەرەبووكردنی خوێندن كەوتنە دنەدانی زانكۆكان بۆ پشوونەكردنی ڕۆژی یەكی ئایار و ساڵ بە ساڵ دەیانەوێت ئەو ڕۆژە لە کڕۆکە چینایەتیی خاڵیبکەن و دواجار وەك ڕۆژێکی  ناکارا بیکەنەوە بە ڕۆژێکی ئاسایی کاردن، ھەر ئاوا کە لە ئەمەریکای سەرتۆپی پارلەمانبازیدا ئەو ڕۆژە پشوو نییە.

—————————————————

سەرچاوە:

* بەرنامەی سۆشیال دێمۆکراسی پەسەندکراوی کۆنگره‌ی ڕۆژانی  ٧-٩ی ئۆگوستی ١٨٦٩ ئایزناخ  Eisenach

** کۆمونیستەکان بەتایبەتی بایەخ ئەدەنە ئەڵمانیا چونکە وا لەپێش قاپیی شۆڕشیێکی بۆرژوادا لە شەرایەتیێکدا ئەم شۆڕشە بەرپادەکات کە شارستانیی ئەوروپایی تیێدا زۆر پیێشکەوتووترو مەزنترە، پرۆلیتاریاش زیاتر لە پرۆلیتاریای چەرخی حەڤدەھەمی ئینگلتەراو لە پرۆلیتاریای چەرخی ھەژدەیەمی فەرنسا لە پیێشترو پیێشکەوتوترە…دواجار شۆڕشی بۆرژوای ئەڵمانیا دەبیێتە سەرەتاو پیێشەکی راستەوخۆی شۆڕشیێکی پرۆلیتاریا  [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣-٨٤] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

** لەئەڵمانیا پارتی کۆمونیست بەھاوکاری لەگەل بۆرژوا دا خەباتدەکات چونکە ئەم بۆرژوایە لەدژی رژێمی پاشایەتی زۆردار لە دژی موڵکایەتی دەرەبەگیی عقاری و لەدژی وردەبۆرژوازی کۆنەپەرست چۆتە کۆڕی خەباتی شۆڕشگیێڕییەوە [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

*** ئەو بەشانە لە کورتە مێژووی ڕۆژی یەکەی ئایار  نووسین و ئامادەکردنی http://anarchosyndikalismus.org وەرگیراون.

ئێتیكی نووسین و میدیاكاری و خۆھوشیاریی تاكەكەسیی*

ھەژێن

٤ی ئایاری ٢٠١٦

لە ڕووی زمان و چەمك و فیلۆسۆفییەوە “فاشیستە توركەكان” و “توركە فاشیستەكان” دوو چەمكی دژبەیەك و جیاوازن، بەكاربەری دووەمیان دوو دەستەن:

یەكەم كەسانێك كە خۆھوشیاریی زمانی و ھزرییان نییە و لە واتای فیلۆسۆفی چەمكەكان تێناگەن، ئەم دەستەیە ھەمان دەستەن، كە لەنێوان [ كۆمونیزم، سێكیولاریزم، ئەناركیزم، پاسیفیزم، نێھیلیزم، ئیسلامیزم ] و [ كۆمونیست، سێكیولاریست، ئەناركیست، پاسیڤیست، نێھیلیست، ئیسلامیست] جیاوازی ناكەن و نابینن، كە یەكەمیان چەمكی ھزرییە و دووەمیان ھەڵگری ھزرەكەیە. نموونە (بزووتنەوەی سۆشیالیستی)، كە ناتوانرێت بگوترێت “بزووتنەوەی سۆشیالیزم”، چونكە سۆشیالیزم چەمكی ھزرییە و نابێتە كەس یا كۆمەڵێك.

كاتێك بێژین “فاشیستە توركەكان” واتە توركزمانانێك ھەن، كە فاشیست نین،ھەر ئاوا ئاماژەیە بەو شتەش، كە فاشیزم ڕەوتێكی جیھانین و فاشیستەكان یەك ئامانجیان ھەیە و ھاوكات فاشیستی كورد و عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیز و ئاڵمان و چیك و ڕوس و ئەرمەن و ….تد ھەن و ھیچ جیاوازییەكیان نییە.

بەڵام ئەوانەی كە دەبێژن “توركە فاشیستەكان” دەستەیەكن، كە ئامانجدارانە دەخوازن كۆمەڵ بەدوای ئاوا بیركردنەوەیەكدا ئاراستەبكەن و ھەمووان لە چەشمەكی ئەوانەوە شتەكان ببین. ئەوە ئەو ھۆكارەیە، كە زۆرینە بە ھەڵە دەدوێن و بە ھەڵە یەكدی دەبینن و بە ھەڵە لە یەكدی تێدەگەن و لەو كۆمەڵانەدا گەورەترین گرفت لەبەردەم دروستبوونی پردی لە یەكدیگەیشتن و پەیوەندی [كۆمیونیكەیشتن] دروستببێت. ئەوەش شتێكە كە ڕەوتە ئایدیلۆجییەكان ئامانجدارانە دەیخوازن و زەمینەسازی بۆ ئەو شتە دەكەن، چونكە ھەر چەندێك پەیوەندی و لەیەكدیتێگەییشتن نەمێنێت، ڕاوكردنی تاكی ناھوشیار وەك ئەندامی پارتیی و گروپە ڕامیارەكان ئاسانترە و ھەژماری گەلە-مەڕی پێش و پاش شوانە ڕامیارەكان فرەتر دەبێت.

بەداخەوە، كە زۆرینەیەك لە نووسەران و وێژەرانی میدیاكان ھەمان توانای جیاكردنەوەی چەمكی ھزری و ھەڵگرانی ئەو ھزرەیان نییە و ھەر ئاوا ناتوانن جیاوازی نێوان”فاشیستە كوردەكان” و “كوردە فاشیستەكان” بزانن و ھەوڵی تێگەییشتن لە ھۆكاری بوونی دوو دەستەواژە و دوو چەمكی جیاواز نادەن و ھۆشی خۆیان خەریكناكەن.

ھەرچەندە لە ساڵی (٢٠٠٠) تا ئێستا چەندین جار ئەم پرسەم وروژاندووە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام دەبیستم و دەخوێنمەوە، كە نووسەران و تەنانەت كەڵەگایانی ڕۆشنبیری كوردیش لەسەر ئەو نەزانی و ھەستەوەرنەبوونە بەردەوامن. ھیوادارم میدیاكاران و نووسەرانێك ھەبن، كە لەمەودا ھەستەوەرانە و خۆھوشیارانە لەنێوان چەمكەكان و دەستەواژەكان جیاوازبكەن و ڕیزی خۆیان لە ڕیزی پاشڕەوی میدیا و نووسەرانی فاشیست-بیر جیابكەنەوە، كە ئامانجدارانە دەخوازن ھەموو كوردەكان، عەرەبەكان، فارسەكان، توركەكان، ئاڵمانەكان، ئینگلیزەكان، …تد وەك یەك نیشانبدەن.

——————————————————————————–

* لە ھەرێمی كوردستان تەنیا گەندەڵیی ڕامیاریی و ئابووریی نییە، كە وەك مۆرانە جەستەی كۆمەڵی خواردووە، بەڵكو لە ئەوان كاراتر و پێشڕەوتر و زەمینەسازكەری ئەوانی دیكە،  نەزانی و نەبوونی خۆھوشیاریی یا ئامانجدارانە كوێكردن و دەبەنگكردن و ئاراستەكردنی خوێنەر و بیسەر و بینەری ناھوشیارە بەرەو فاشیستبوون و فاشیستییانە بیركردنەوە و فاشیستییانە بینین؛ كاراكتەرە دیارەكانی ئەو ئاراستەكردنە نووسەران و میدیاكارانن نەك ڕاستەوخۆ خودی دەسەڵاتداران و ئیدئۆلۆگەكان.

سنە : کارگەرێ پێ واستەکاو وێشا مجیە سەروو جادەی

سنە : کارگەرێ پێ واستەکاو وێشا مجیە سەروو جادەی

رۆ یەکوو مەی وەراموەر بە ١٢ پاژەرەژوو ١٣٩٥ رۆجیاری فرەو کارگەرا شاروو سنەی بە گڵێرەبیەی جە مەێذان سیروسەنە بە بەرز کەردەیۆ پلاککارتا کە بە درۆشمێ جۆراو جۆرێ پسۆ نان ، مەسکەن ، ئازادی ، ئازادی پێ کارگەر زینانیەکا بە ئەنجامداو راپەیمایی نارازی بیەو وێشا جە ئاژەو ژیوایشا نیشانەدا .جە وەختێنە ئی چالاکیە لوا راوە کە دە روێ وەلتەر جە لاو ئیدارە ئیتلاعاتوو شاروو سنەی ئاگادری دریابێ بە خالد حسینی”، “غالب حسینی” و “مجید حمیدی” پسۆ دەسەو هەماهەنگ کەردەو چالاکی کارگەرا .

دماجار جە وەختێ کەمەنە هێزە نیزامیەکا رژیمی پێ تێکداو راپایمایی کارگەرا وێشا یاونا یاگێ چالاکییەکەی ، بەلام هووشیاری و سوور بیەی کارگەرا سەروو چالاکیەکەیشا بە شێوێ ئارام بەهانێش بە هێزە نیزامیەکا بڕیە . شایانوو باسیا کە رۆ شەممەی جە کووجیەو مەردۆخوو شاروو سنەی پەنج کارگەرێ بە نامەکا لطف اله احمدی، نادر رضا قلی، حسین حسن‌آبادی، یدالله صمدی و زاهد مرادی بە تاوانوو رێک وستەو خەلکی بە بێ ئیجازەو ئۆستانداری شاروو سنەی قۆل بەس کریە . هەم وەخت چەنی شاروو سنەی جە شارەکا سەقز ، مەریوان و کرماشانیچ چالاکی پێ رۆ کارگەری لوێ راوە .


Home