ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

جۆرجیا مێلۆنی ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە دەربارەی کێشەی پەنابەران

16/11/2024

پرسی پەنابەر لە ئیتالیا خاڵی سەرەکی مانیفێستەکەی سەرەکوەزیرانی ئیتالیا جۆرجیا میلۆنی بوو کە گوایە دەتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە .  چارەسەرەکەی ئەو ڕێکەوتنێك بوو لەگەڵ حکومەتی ئەلبانیا تاکو پەنابەران کە ڕوودەکەنە ئیتالیا بییاننێرن بۆ ئەلبانیا بۆ ئەمەش واژۆی پەیمانەکەی نێوانی خۆی و حکومەتی ئەلبانی کردووە بە هاوپشتی و ئاگەداریی سەرۆکی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرشێلا ڤۆن دێر لیین (Ursula von der Leyen ) بە بڕی پارەی یەك بلیۆن یورۆ لە 5 ساڵدا  بۆ ناردنی 3000 کەس بۆ ئەوێ و دواتر بنێرێنەوە بۆ وڵاتانی وەکو  بەنگلادش و میسر گوایە لەوێ ئاسایش هەیە

لەگەڵ کردنی ئەم مامەڵەیەشدا تەنها توانییان 24 پەنابەر بنێررێت بۆ ئەلبانیا.  لەو 24 کەسە 5 کەسیان کەمتر لە 12 سەعات لەوێ ماونەتەوە و ڕزگاریان بووە و ئەوانی تریان دوای 48 سەعات سەرنگون بوون .

هەر ئەمە گرفتەکەی ئەم دوو ژنە نەبوو بەڵکو لە 4ی ئۆکتۆبەردا دادگەی باڵای ئەوروپی  ناردنی هەر پەنابەرێكی بۆ ئەلبانیا بە نایاسایی دانا و وتی  : ئەو وڵاتانە ناتوانن ئاسایشیان تێدا بەرقەرار بێت ئەگەر هەموو ناوچەکە ئاسایشی نەبێت .

یەكێك لە پارتە موعارەزەکان دەڵێت ئەوان زوو ئاگەداری ئەو مەترسییەیان کردوونەتەوە و خۆشیان بە ئاگا بوون لێی .  هەر وەها دەڵێ ئەو زەرەرە گەورەیە دەکرا 4.5 ملیۆن نەخۆشی پێ چارەسەر بکرایە کە ساڵێك دەبێت چاوەڕوان بکەن بۆ چارەسەر.

خەڵکی لە ئیسپانیا لە مافەکانیان خۆش نابن

10/11/2024

 ڕوودانی لافاوەکەی ناوچەی ڤالەنسیا کە لە29ی مانگی پێشوود ڕوویدا و بووە هۆی قوربانیبوونی 220 کەس و هێشتاش چارەنوسی 80 کەس نادیارە .  لەم بارەشدا خەڵکی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن دژ بە سەرۆکی ئەو ناوچەیە .

خەڵکی هۆشیارە و دەزانن بەردێك لە ئاسمان بکەوێتە خوارەوە دەستی حکومەت ، دەوڵەتی تێدایە .  من جارێکی دیکە بە نموونەوە قسەم لەسەر ئەمە کردووە ، کە ڕوودانی هەر شتێك دەستی حکومەت یا دەوڵەتی تێدایە ئیتر بە ڕاستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ.

بە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتەوە خەڵکی ئەوێ خۆپیشاندانی گەورەی ڕێكخست. یەکێک لەو خۆپیشاندانانەی ئەم ڕۆژانە نزیکەی 200 هەزار کەس بەشداری کرد و  داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەڤەرەکە ‘کارلۆس مازۆن’ دەکەن .  ئەوان ڕوودانی ئەو هەموو زیانە ڕۆحی و ماڵییە لە چاوی ئیدارەکەی ئەوی دەناسن ، کە لەسای پێشەوچوونی تەکنەلۆجیا و زانستدا لە ئێستادا تا ڕادەیەك پێشبینی چونێتی کەش و هەوا بۆ ماوەی دە ڕۆژی ئایندە دەکرێت، بەو جۆرە دەکرێت قوربانیییەکان زۆر کەم ببێتەوە .

لە کاتێکدا کە لە سێنەتری مەرکەزی کەش و هەوای  دەوڵەتی ئیسپانیاوە چەند ڕؤژێك پێش ڕوودانی لافاوەکە ڕاگەیەنراوە کە کەش و هەوایەکی زۆر توند بە ڕودانی لافاویشەوە بەڕێوەیە.  بەڵام مەرکەزی کەش و هەوای ئەو دەڤەرە هیج ڕاگەیاندن ێکی پێشوەختی نەداوە لەبەر ئەوە خەڵکی سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون .

ئەمە هۆکاری ڕوودانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانە کە بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی کەسی یەکەمی دەڤەرەکە کە کارلۆس مازۆنە .  چەندەها دروشمی جیا جیا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرزکراوەتەوە لەوانە ” مازۆن دەست لەکار بکێشەرەوە ” ” تۆ ئێمەت کوشت” ” ئێمە دەستمان لە لیتەدا غەرق بووە و دەستی تۆش لە خوێندا”

کۆمەڵی سەوزی ئیسپانیش پێشنیاری ئەوە دەکەن بۆ حکومەت کە کۆمپانیاکانی غاز و نەوت پارەی ئەم زیانە بدەن چونکە زیاتر لە 6 دەیەیە دەربارەی قەیرانی ژینگە و کەش و هەوا زانراوە و لە ئارادایە .

گەرچی ئەم لافاوە کارەساتێکی گەورەی بەسەر خەڵکی ئەو دەڤەرەدا هێنا بەڵام هاوکاتیش خەڵکی ئیکجار زۆر لەیەکدییەوە نزیک کردەوە بە هاوکاری و یارمەتیدانی یەکدی و کردنی کاری هاوبەش و هەرەوەزی لە زۆر بواری ژیانیاندا لە پاککردنەوە و راماڵینی لیتەو فڕێدانی کەرەسە زەرەرمەندبووەکان و پەیداکردنی خۆراک  و خواردەنەوە.

 

وەزیری دارایی بریتانیا کەسێکی پسپۆڕ بە کرێ دەگرێت بۆ ئامۆژگاری لە کەمکردنەوە و بڕینی پارەی بیمەکان

01/11/2024

ئەو وێنەیەی کە دەیبینیت وێنەی دەیڤید گۆلدستۆنە کە وەزیری دارایی بۆ ماوەی ساڵێک گرتویەتی بەکرێ هەر ڕۆژێکی کارکردنی بە 950 پاوەند ،بەڵام مەرج نییە کە هەموو ڕۆژێك کاربکات گوایە ئەم کابرایە خاوەنی ئەزموونێکی زۆر زۆرە لە زۆر بواری ژیاندا .  وەزیری داراییش دەیەوێت کە پاشەکەوتی پارە بکات بە گەڕاندنەوەی بەشێك لەو پارەیە بۆ بودجەی دەوڵەت ، بۆ ئەمەش ئەمان وەکو پێشتر وتومە هێڕشیان لە سەنگەری پێشەوە بۆ سەر کەسانی بارخوار و نەگەبەتەکانی کۆمەڵن .  بەشێك لەوانەش ئەو خەڵکانەن کە خۆیان ژیانیان ، خراپەو پارەی بێ کاری یا لەسەر جۆرێك لە بیمەکان یاخود پارەی خانەنشینی دەژین. گوایە ئەمەش ڕیفۆرمکردنی سیستەمەکەیە .

 

لە بریتانیا دەرزی بچوککردنەوەی ناوقەد ( تەنگە) لە کەسانی قەڵەوی بێ کار دەدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر کار

15/10/2024

حکومەتی بریتانی گوایە نەبوونی پارە و نوقسانی بوجە وای شپرزە کردووە کە هەموو جۆرە سیاسەتێکی ناڕەوا بەکاربهێنیت.

وەزیری بەشی تەندروستی دەلێی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە زۆر قەڵەون و بووتە هۆی نەخۆشی تر و وازهێنان لە کارەکانیان، یاخود نەتوانایی کار کردن ڕەنگە دەرزی باریککردنەوەی ناوقەدیان و کێش دابەزینیان  لێبدرێت .

 خەڵکانێکی زۆر بە جۆرێك لە جۆرەکان نەخۆشن و توانای کارکردنیان نییە ،.  بە گوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکان ژمارەی ئەوانەی کە بە هۆی نەخۆشییەوە مۆڵەت وەردەگرن یاخود کارەکانیان واز لێدەهێنن لە هەڵکشاندایە .  وەزیر دەڵیت ئەم گرفتە ساڵانە 11 ملیار پاوەند لەسەر بوجەی دەوڵەت دەکەوێت کە لە بەشی تەندروستیدا خەرج دەکرێت  کە ئەمە زیاترە کە گرفتی جگەرەکێشان و نەخۆشییەکان. .

پلانەکەی وەزیر، وەکو بەردەکە وایە کە دوو چۆلەکەی پێدەکوژیت .  یەك: ئەوانە دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کار و چی تر ئەو کلفە زۆرە لە سەر خەستەخانەکان و دکتۆرەکان [ بەشی تەندروستی ناکەون] .  دوو: ئەمانە چی تر نەك هەر پارەیان تێدا سەرف ناکرێت بەڵکو خۆیان ژیانی خۆیان زامن دەکەن و باجیش بە دەوڵەت دەدەن .

ئەمەی وەزیری تەندروستی ، لە ئێستادا گریمانە، بەڵام گریمانێکی بەهێزە و دەوڵەت پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات بۆ پرکردنەوەی نوقسسانی بوجە .  لەم بارەشدا هەمیشە ئەوانەی کە باریان خوارە  وەکو : کەمئەندامان و دایکان و باوکانی یەكباڵ لەگەڵ منداڵێک یا زیاتر، خانەنشینان ، بێ کاران کە جۆرێك لە بیمە وەردەگرن  نیشانەیان لێدەگرن لە بری کۆکردنەوەی باج یا هەر هیچ نەبێت بە زیادکرنی لە سەدا 1ی باج لەسەر هەرە دەوڵەمەندەکان تاکو ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە ، دێت هێڕش دەکاتە سەر بارخواران و کەسە نەگبەتەکانی نێو کۆمەڵگە.

 

 

 

فەرەنسییەکان یا دەبێت پەنا بەرنەوە بەر شەقام، یاخود ڕازی بن بەوەی کە بە سەریاندا دەسەپێنرێت

13/10/2024

سەرەكوەزیرانی فەرەنسا ، Michel Barnier ،    دەڵێت بوجەی دەوڵەت 60 ملیار یورۆی نوقسانە ، ئەمەش دەبێت بە  زیادکردنی باج یاخود کەمکرنەوە و بڕینی خزمەتگوازارییەکان و بیمەکان پڕبکرێتەوە.

زیادکردنی باج یەک لەسەر سێی فشاری بودجەی 60 ملیار یۆرۆ پێکدەهێنێت، ئەوەی دیکەش لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە سەرانسەری وەزارەتەکاندا دێت. خەرجکردن بۆ ئاسوودەژیانی [ بیمەکان] و تەندروستی و خانەنشینی و حکومەتە ناوخۆییەکان لێدانی ئامانجدار دەبێت، کە ڕەنگە یاسادانەرانی ئۆپۆزسیۆن، واتە پەڕلەمانتار، لە پەرلەماندا بە هۆی دەنگەوە پێچەوانەی بکەنەوە.

خۆ ئەگەر ئەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە دژی ڕەشنووسی یاسای بودجە هاتنە دەنگ و بە زۆربە بڕیار و پلانەکەیان هەڵوەشاندەوە ئەوە  حکومەت بژاردەی ئەوەی هەیە کە بەپێی مادەی 49.3 ی دەستووری فەرەنسا بەبێ دەنگدان ئەوەی کە ویتستویەتی بیسەپێنیت .  بەڵام ئەمە دەرگای دەنگدانێکی دیکەی لێسەندنەوەی متمانە دەکاتەوە،  سەرەکوەزیران جارێکی دیکە دەخاتە ژێر ڕەحمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە.

باسکردن  لە زیادکردنی باج ،  بە زۆری زیادکردنی باجە لەسەر ئەوانەی کە داهاتییان کەمە، لەوانە مامۆستایان و خانەنشیکراوان وکارمەند و کرێکارانی بەشە خزمەتگوزارییەکان، گوایە حکومەت لەژیر فشاری کەرتی دارایی و هاودەوڵەتە ئەوروپییەکانیدایە . 

دوای ڕاپرسییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن،  حکومەتەکەی بە هاوکاری حیزبە چەپەکان کە زۆرترین دەنگیان هێنا لە حوکمدا مایەوە و ئێستاش ناتوانن بەرنامەکانی خۆیان بسەپێنن .  هاوکاتیش ئەم ئەم پلانەی حکومەت کە سیاسەتی تەقەشوفە ، واتە سك هەڵگوشین  ئەوەندە کارایی خراپ لەسەر خزمەتگوزارییەکان و بیمەکان و هەژاران دادەنێت تەنانەت حیزبەکەی مارین لیوپان دژە پێی . 

سیاسییەکان هەرگیز دانانمێنن لە دۆزینەوەی ڕێگای دیکە بۆ گەیشتن بە مەرام و جێبەجێکردنی پلانەکانیان .  بۆ نموونە وەکو باس دەکرێت ڕاگرتینی زیادکردنی پارەی خانەنشینانە بۆ ماوەی 6 مانگ کە لێرەدا حکومەت دەتوانێت 4 ملیار یورۆ بگێڕیتەوە بۆ بوجەی دەوڵەت هەروەها لابردنی 4000 مامۆستا ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی ئەو نوقسانییەی بوجە . ئەمانەش پلانن گەر کار گەیشتە کردنی فشارێکی گەورە بۆ سەر حکومەت.

کەواتە بژاردەیەك بۆ فەرەنسییەکان گەر ئەم پلان و بڕیارە لە پەڕلەماندا پێچەوانە نەکرێتەوە، دوانە ، یا دەبێت بگەڕیتەوە بۆ سەر شەقام بۆ سەپاندنی ویست و پێداوسیستییەکانیان ، یاخود ڕازیبوونە بە بڕیار و پلانەکەی حکومەت .

May be an image of 1 person

بڕینی دارستانەکان لە زیادبووندایە سەڕەڕای وێرانبوونی زیاتری ژینگە

08/10/2024

گەر چی نوسین و کتێبی زۆر و گرتنی کۆبوونەوەی لوتکەیی بۆ پرسی ژینگە کراون و بەرنامەی زۆربەی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکە و دانانی بڕێك پارە لە بوجەکانیان بۆ پرسی ژینگە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆمپانیاکان و سوپەرمارکێتە گەورەکان دەستبەرداری پلان و دەستەکەوتی خۆیان نابن .

زانینی ئەمەش زۆر ئاسانە، چونکە هێزێك نییە کە بتوانێت جڵەوی کۆمپانیاکان بکات نەك هەر ئەوەش بەڵکو خودی کۆمپانیاکان و خەڵکانی دەستەبژێر و بزنسمانەکان خۆیان حوکم دەکەن .  دوای ئەمەش سیستەمی سەرمایەداری لەسەر بناخەی وێرانکرنی ژینگە و تەواوی مرۆڤایەتی دروست بووە نە دەتوانرێت هاوسەنگی لەگەڵ ژینگەدا ڕاگرێت و نە پلان و پیلانەکانیشی .

ئەمە لە کاتێکدا کە 140 وڵات بەڵێنی وەستانیان  تا ساڵی 2030 لە وێرانکردنی ژینگەدا داوە بەڵام داخوازی گوێرەکە و گوشتی گوێرەکەو سۆیە و زەیتی خورما و کانزای نیکڵ nickel کە کانزایەکی ئێکجار بە سوودە لە پیشەسازیدا و ساڵی پار ، 2023، وڵاتی ئەندەنوسیا نیوەی کانزای نیکڵی جیهانی بەرهەم هێناوە.

ڕاپۆرتە جیهانگییەکان  هۆشداری دەدەن، بە هەڵکشانی بڕینی زیاتری  دارستانەکان. ئەمەش هیوای وەستاندنی قەیرانی کەشوهەوا و ڕێگریکردن لە زیانە گەورەکانی گیانلەبەرە کێوییەکان لە سەرانسەری جیهان زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 6.4 ملیۆن هێکتار (16 ملیۆن دۆنم) دارستان لە ساڵی 2023 دا وێرانکراوە و دارەکان بڕراوەتەوەوە. تەنانەت دارستانی زیاتریش – 62.6م هێکتاری دیکە چووەتە سەر ئەوە بەهۆی دروستکردنی ڕێگاوبان و داربڕین و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان زیانیان بەرکەوتووە. لە ئەندەنوسیا و بۆلیڤیا بەرزبوونەوەی دارستانبڕین هەبووە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەردەوامی خواست لەسەر کاڵاکان لەوانە گۆشتی مانگا، سۆیا، زەیتی خورما، کاغەز و نیکل لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بووە.

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر خاڵێکی گەشاوە لە ئەمازۆنی بەڕازیل، کە حکومەتی نوێی سەرۆک لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە ساڵی یەکەمیدا بڕینی دارستانەکانی بە ڕێژەی 62% کەمکردەوە. ئیڤان پاڵمێگیانی، ڕاوێژکاری گروپی توێژینەوەی کەشوهەوا،  نووسەری سەرەکی ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “کۆتا هێڵ ئەوەیە کە، لە ئاستی جیهانیدا، دارستانبڕین خراپتر بووە نەک باشتر، لە سەرەتای ئەم دەیەدا”. وتی: “ئێمە تەنها شەش ساڵ ماوە بۆ وادەیەکی گرنگی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە دارستانبڕین، و دارستانەکان بەردەوامن لە بڕین و تێکچوون و سووتاندن بە ڕێژەیەکی مەترسیدار.” “ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکە ئەگەری هەیە ئەگەر هەموو وڵاتان بیکەنە یەکەمایەتی، واتە ئەسبەقییەتی پێبدەن، و بەتایبەتی ئەگەر وڵاتانی پیشەسازی بە جددی ئاوڕ لە ئاستی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا بخشێننەوە و پشتگیری لە وڵاتانی دارستان بکەن.”

زۆربەی وڵاتان پشتگیریان لە بەڵێنی سفری دارستانبڕین لە ساڵی 2030 کرد لە لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان Cop26 لە ساڵی 2021. هەڵسەنگاندنی بەیاننامەی دارستانەکانی ساڵی 2024 کە لەلایەن هاوپەیمانی توێژینەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بەرهەم هێنرا، پێشکەوتنەکانی بەرەو ئامانجەکە هەڵسەنگاند بە بەکارهێنانی هێڵی بنەڕەتی تێکڕای دارستانبڕین لە نێوان ساڵانی 2018 و 2020 بۆی دەرکەوتووە کە پێشکەوتنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێڕەوی خۆیان دەرچووە، ئاستی دارستانبڕین لە ساڵی 2023دا نزیکەی 50% زیاترە لەوەی کە پێشکەوتنی بەردەوام بەرەو سفر [ واتە بە هیچ شێوەیەك نەبڕین ] پێویستی پێیەتی.

تەنها دارستانبڕینی ئەندەنوسیا لە ماوەی ساڵێکدا بە ڕێژەی 57% زیادی کردووە. ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواستی جیهانی بۆ شتەکانی وەک کاغەز و کانزاکانی  وەک نیکل.

 

حکومەتی بریتانیا دەزانێت چۆن کەرتە دەوڵەتییەکان دەفرۆشێت بە کۆمپانیاکان بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکی کاربڕانە ببێتەوە

زاهیر باهیر

07/10/2024

یەکێك لەو کارانەی کە حکومەت دەیکات بۆ ڕێگاخۆشکردنی بە تایبەتییکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان ، نابووتکردنییانە .  هەر بۆ نموونە بەشی تەندروستی نیشتمانی/نەتەوەیی کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت National Health Service [NHS] ،  لە بارودۆخێکی ئاوا خراپدایە کە خەڵکانێک هەن هیچ لایان مەبەست نییە کە بکرێتە کەرتی تایبەتی چونکە لیستی بینینی دکتۆرە پسپۆڕەکان و چاوەڕوانی چارەسەرکردن بە تیشك و کییمیاوی و نەشتەرگەریی  چووەتە 7.60 ملیۆن کەس ئەمە جگە لەوەی کە لە کاتی پێویستی چوندا بۆ بەشی تەواری ، کتوپڕی/ فریاگوزاریی ، دەبێت زیاتر 6 بۆ 7 سەعات چاوەڕوان بکەیت تاکو دکتۆرێك دەبینیت .

ئەم دیارددەیە نەك هەر لە ئینگلەندی بریتانیدا هەیە بەڵکو لە سکۆتلەندەش ، بەشەکەی دیکەی بریتانیا وجودی هەیە .

لەبەر پڕ نەکردنەوەی جێگای شاغیر لە بواری دکتۆرە پسپۆڕە جیاوازەکان و نێرس دا کە لە سەدا 25 شاغیرن و نەبوونی پێویستی تەواو لە خەستەخانەکاندا، لە ڕێگای نوسینگەی تایبەتییەوە کە کار بۆ خەستەخانە ئەهلییەکان دەکەن دکتۆر و پسپۆڕ بە کرێ بە سەعات یا گرێبەستێکی کاتیی دەهێنن.

لە لێکۆڵینەوە و بەدواچونێکی هاوبەشی ڕۆژنامەی گاردیان و بی بی سی زۆر کەم و کوڕی و بیرۆکراتییەتی بەشی تەندروستی سکۆتلەندیان خستە ڕوو .  کە یەكێک لەوانە ، بەشی تەندروستی ئەوێ 837 پاوەندیان لە سەعاتێکدا داوە بە دکتۆری دەرونی کە لە دەرەوەی بەشی تەندروستی، واتە لەڕێگەی نوسینگەوە، هێناوە .

دەرزەنێك کۆمپانیای تایبەتیی کە بۆ ماوەیەکی کاتی لە خەستەخانە و لە بەشی دەرونی کاریان کردووە لە ماوەی 5 ساڵدا 130 ملیۆن پاوەندیان لە بۆردی بەشی تەندروستی سکۆتلەندە کێشاوەتەوە .

لە لێکۆڵینەوە هاوبەشیەکەی بی بی سی و گاردیاندا بۆیان دەرکەوتوە :

 +  خەرجییەکانی ساڵانەی 14 بۆردی تەندروستی سکۆتلەندا بۆ پزیشکانی دەروونی جێگیر لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە نزیکەی 35 ملیۆن پاوەند، لە چاو پێنج ساڵ لەمەوبەر کە 20 ملیۆن پاوەند بووە.

+ NHS Tayside  ، واتە بەشی تەندروستی لەوێ، لە ساڵی 2019ەوە زیاتر لە 30 ملیۆن پاوەندی خەرج کردووە، NHS Fife نزیکەی 26 ملیۆن پاوەندی خەرج کردووە.

+ کۆمپانیایەک لە ساڵی 2019 دا نزیکەی 350 هەزار پاوەندی لە بەشی تەندروستی  NHS Lothian وەرگرتووە بۆ ماوەی 416 سەعات بۆ پڕکردنەوەی نەبوونی دکتۆر [شاغیریی] ، کە تێکڕای تێچووی کاتژمێرێک 837 پاوەند بوو.

+ NHS Western Isles ، واتە بەشی تەندروستی ئەوێ ، لە مانگی نیسانی 2023دا 27 هەزار پاوەندی داوە بۆ یەک هەفتە لە سەرپەرشتی کردن و ئاگالێبوونی  24 سەعاتدا.

نوسینگەکان  نرخی کاتژمێرێک لە 85 پاوەندەوە تا 473 پاوەند وەردەگرن. کە بریتی بوو لە کرێی کارگێڕی و پیشەیی، و باجی زیادە بە 20%. بە بەراورد، ڕاوێژکارێکی بچووکی NHS ، واتە کەسێك کە لەلایەن خەستەخانەکەوە تەعین بووە، نزیکەی 50 پاوەند لە کاتژمێرێکدا دەستدەکەوێت.

جەین مۆریس کە سەرۆکی بەشی کۆلیجی مەلیکی نەخۆشی دەروونی سکۆتلەندەیە ، وتی نەخۆشخانەکانی سکۆتلەندا ئەوەندە پشتیان بە نوسینگە و کۆمپانیا ئەهلییەکان بەستووە لە هەندێک حاڵەتدا پزیشکی دەروونییان بەکرێ گرتووە کە توانای تەواویان نییە یان ئەندامی کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی دەروونی نەبوون، کە بۆدییەکی پرۆفیشانڵی حکومیین.

ددکتۆر ئەمەندە کۆتۆن کە سەرۆکی بۆردی بەشی نەخۆشی دەرونی ڕایانگەیاند کە زۆر گرنگە حکومەتی سکۆتلەندا بڕینی پارەی تەندروستی دەروونی پێچەوانە بکاتەوە. لە ساڵی 2021 وەزیرەکان بەڵێنیان دابوو کە دڵنیابین لە 10%ی خەرجییەکانی NHS بۆ تەندروستی دەروونی زیاد دەکەن، بەڵام لەبری ئەوە بۆ نزیکەی 8% دایان بەزاند. لە بودجەی فریاگوزاری مانگی ئابدا، حکومەتی سکۆتلەندا 19 ملیۆن پاوەندی دیکەی لە خەرجییە نیشتمانییەکانی بۆ تەندروستی دەروونی کەمکردەوە.  جەین مۆریس وتی ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ستانداردەکان و کوالیتی “بە تێپەڕبوونی کات لەناوچوون … ئێمە دەگەڕێینەوە دواوە لەبری چوون بە  ئاراستەیەکی دروستدا”.

داگیرکردنی دوورگەی چاگۆس و لەلایەن بریتانیا و ئەمەریکاوە و خەباتی 40 ساڵەی خەڵکەکەی بۆ گەڕانەوەی

04/10/2024

دوورگەی چاگۆس کە بەشێکە لە خاکی زەریای هیندی بەریتانیا و سەر بە مۆریشسە لە ئەفەریقا، مێژوویەکی ئاڵۆزی هەیە کە بە کۆلۆنیالیزم و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان دیاری کراوە. لە سەرەتادا لەلایەن چاگۆسییەکانەوە نیشتەجێ بوون، دوورگەکان بە پلەی یەکەم بۆ کشتوکاڵی چاندنی گوێزی هیندی بەکاردەهێنران. لە ساڵانی شەستەکاندا حکومەتی بەریتانیا دانیشتوانی چاگۆسیان دەرکرد بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە دیێگۆ گارسیا بکاتەوە کە گەورەترین دوورگەی دوورگەکانە. ئەم گواستنەوەیە جێی مشتومڕ بوو و بووە هۆی بەردەوامبوونی شەڕ و ناکۆکی یاسایی لەسەر مافی چاگۆسییە ئاوارەبووەکان. بنکە سەربازییەکە ڕۆڵێکی ستراتیژی لە سیاسەتی بەرگری ئەمریکا و بەریتانیادا گێڕاوە. چاگۆسییەکان بەردەوامبوون  لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و مافی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

کاتێک کە داگیر کرا نزیکەی 2000 کەسیان لەو دوورگانە ئاوارە کرد.  گەر چی دوورگەکە زۆر دوورە لە بریتانیاوە بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لە ناوەڕاستی زەریای هیندیدایە ، دەرکردنی ئەو کۆمەڵە خەڵکە تا ساڵی 1973 ی خایاند.

لە بەرامبەر دەرکردنی ئەمانە  لە زێدی خۆیان و بەکرێدانی درێژخایەن دوورگەکە بە ئەمەریکا، واشنتۆن داشکاندنی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی بەریتانیا کرد لە کڕینی چەکی ئەتۆمی پۆلاریسی ئەمریکی.

دوورگەکە  بوو بە خاکی زەریای هیندی بەریتانیا (BIOT)، British Indian Ocean Territory . ئەم دوورگەیە لە سالی 1965 وە لە مۆریس جیابووەتەوە لەبەرئەوە ئەوەی بریتانیا کردی  پێچەوانەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو  کە بە گوێرەی بڕیارنامە 1514ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکەکرتووەکان کە لە ساڵی 1960دا پەسەند کرا کە پێش سەربەخۆیی، کۆڵۆنییەکان قەدەخە دەکات ، پێشتر لە ساڵی 1965 لە مۆریس جیا بووبووەوە.

هەر لە سەرەتاوە لە لایەن خەڵکەکەیەوە کەمپەینی گەڕانەوە بۆ دوورگەکە ڕاگەیانراوە و 5 جار کەیسەکەیان گەیاندۆتە داداگا بەڵام هەمیشە دادگە دژیان وەستاوەتەوە .  بەڵام ئەمان هەر بەردەواوم بوون لە وتووێژ و دانوستاندا. یەکەمین خولی دانوستان لە کۆی 13 خولی دانوستان لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد. لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیا لە ڕێگای یاساییەوە بە دادگە، هەمیشە پەیگیریی لە بڕیاری مانەوەی دوورگەکە کردووە . هەر ئاواش  لەنێویاندا بۆچوونێکی ڕاوێژکاری ساڵی 2019 ی دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان – و دەنگدانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگەو بریتانیا بووە.

لەم ڕۆژانەدا ڕیککەوتننامەیەك لەو بارەوە کرا. ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە مافی گەڕانەوە دەدات بۆ چاگۆسییەکان، کە بەریتانیا لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەریکردن، ئەمەش وەک تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی و یەکێک لە ئەڵقە هەرە شەرمەزارکەرەکانی کۆلۆنیالیزمی دوای جەنگ وەسف دەکرێت.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە بەریتانیا دوورگەکانی چاگۆس دەگەڕێنێتەوە بۆ مۆریس و کۆتایی بە چەندین ساڵ ناکۆکی دەهێنێت ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنەوەی دوا کۆلۆنی ئەفریقای بەریتانیا دوای 13 خولی دانوستان و فشاری نێودەوڵەتی دێت.

ئاسایشی بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا زیاتر ئاڵۆزتر بوو، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 60 پەنابەری تامیل کە بە هیوای گەیشتن بە کەنەدا دوای ئەوەی بە بەلەمێک لە باشووری هیندستانەوە ڕۆیشتن، ماوەی سێ ساڵە لە دوورگەکەدا گیریان خواردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکەوە بڕیارێک دەربچێت سەبارەت بەوەی کە ئایا بە شێوەیەکی نایاسایی لەوێ ڕاگیراون یان نا.

گەندەڵیی سیاسییەکان لە بریتانیا بەردەوامە

زاهیر باهیر

22/09/2024

گەندەڵی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەگمەن نییە کە بێت و بڕوات یا تەنها لە ناو توێژاڵییکی دیاریکراوی کۆمەڵدا دەربکەوێت. گەندەڵی  خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەم سیستەمەیە یا دروستتر خەسڵەت و تایبەتمەندی هەموو جۆرە  دەسەڵات و دەستڕۆیشتوو پاوەرێکە ئیدی هەرچۆن ناویان لێبنێیت.

 پەرلەمانتارانی بریتانیا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 700 هەزار پاوەندیان وەک دیاری و میوانداری بێبەرامبەر وەرگرتووە. ئەمە لە کاتێکدا کە چاوی ڕۆژنامە و چاودێر و کۆمەڵە خێرخوازەکانیشیان لەسەر بووە.

شیکار و ڕاپۆرتێکی نوێ ئاشکرای دەکات، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 700 هەزار پاوەند دیاری و میوانداری بێبەرامبەر لەلایەن پەرلەمانتارانەوە وەرگیراوە بۆ هەموو شتێک لە بلیتی ئاهەنگی تایلۆر سویفتەوە تا سواربوونی کۆپتەر.

 ئەم ئامارانە بە پشتبەستن بە داتای تۆماری بەرژەوەندییەکانی پەرلەمانتاران لە نێوان ئەیلوولی 2023 و ئابی 2024، ڕووی داوە . وەرگرتنی دیاری لەلایەن سەرۆکوەزیران و بازنەی ناوەوەی ئەوەوە بەردەوام بووە . بەپێی تۆماری بەرژەوەندییەکانی پەرلەمانی، سەرۆکی پارتی کرێکاران، کیری ستارمەر، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 65 هەزار پاوەندی وەک دیاری وەرگرتووە، لەوانە جل و بەرگی نوێ و شوێنی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەحید عەلی هاوتای ملیۆنێری پارتی کرێکارانەوە پارەی بۆ دابینکراوە،  کۆی بەهای ئەوەی وەریگرتووە لە هەموو پەرلەمانتارێکی تر زیاترە.

بەڵام پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران [ حیزبی موحافزین] سوودێکی بەرچاویان لە دیارییەکانی خێرخوازە دەوڵەمەندەکانیش وەرگرتووە – 141 پەرلەمانتاری تۆری 359,891 پاوەندیان وەک دیاری بێبەرامبەر وەرگرتووە، لەنێویاندا بلیتی پارەی پیشەسازی ئاو [ یەکێك لە کۆمپانیاکانی ئاو ئەوەندە خزمەتگوزارییەکەی خراپە کە بەرەو ئەوە دەڕوات کە بکرێتە کەرتی دەوڵەتیی]  و هەزاران پاوەند لە سواربوونی هێلیکۆپتەر و شتی ترەوە لەلایەن بەخشەرە دەوڵەمەندەکانەوە،  ئەمە بەپێی شیکاری ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر.

 لە هەمان ماوەی ساڵدا 118 پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران بە بەهای 298 هەزار و 151 پاوەند دیارییان بەدەستهێناوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تەمموزەوە نزیکەی 80 هەزار پاوەند لە کۆی گشتی پارەی بێبەرامبەر دراوە بە پەرلەمانتاران، کە زۆربەیان بە پەرلەمانتارانی تازە هەڵبژێردراو دراوە. یەکێک لە گەورەترین پۆلەکانی بەخشینی بێبەرامبەر بلیتی تۆپی پێ یان ئاهەنگەکان بوو کە لە یاریگاکانی تۆپی پێدا میوانداری دەکران، کە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 96 هەزار پاوەند.

یەکێک لە خەرجکەرە بەرچاوەکانی دیکە کە بواری یاری قومارە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار پاوەندی بۆ دیاری بۆ پەرلەمانتاران خەرج کردووە. لە کاتێکدا کە پاسی میوانداری کۆمپانیاکان بۆ یارییەکانی تۆپی پێ و پاڵەوانێتییەکانی گۆڵف و یارییەکانی تێنس باو بوو، هەروەها 11 پەرلەمانتار بلیتی بێبەرامبەریان بە بەهای زیاتر لە 17 هەزار پاوەند وەرگرت بۆ گەشتەکەی تایلۆر سویفت بۆ سەردەمەکان.

مانگرتنی کرێکاران لە ئیسرائیل  ڕاگیرا

03/09/2024

دوێنێ، دوو شەمە ، کە لەسەر بانگەشەی سەندیکایەکی سەرەکی ئیسرائیل مانگرتن لە کاتژمێری 6 ی سەر لەبەیانی بە کاتی ئیسرائیل دەستی پێکرد ، بەڵام هەر دوێنێ شەو  بە بڕیاری دادگە لە سەعات 2.30 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئیسرائیل ڕاگیرا و ڕێگایان پێنەدرا کە بەردەوام بن لە مانگرتنەکەدا بە بیانوی ئەوەی کە مانگرتنەکە نایاساییە و زیان بە ئابووری ئەوێ دەدات.

مانگرتنی دوێنێی کرێکارنی ئیسرائیلی گەر چی درێژەی نەکێشا و بەداخەوەش بە زۆری هەر کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی مانیان گرت بەڵام ڕۆڵی خۆی هەبوو ، هەر هیچ نەبێت ناڕەزایی و هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر حکومەتەکەی نێتەنیاهو دروست کرد.  دوای ئەوەش پاڵپشتێکی گەورەش بوو بۆ داخوازی ئاگربەستی و خێزان و دۆستانی دیلەکان.

هاوکاتیش ئەوە بەڵگەیەكە لە هەزاران بەڵگە کە بۆچی دەبێت دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکرێت، چونکە دەوڵەت هەموو شتێکی لە دەستدایە و هەر هەمووشی بە گوێرەی یاسا یاخود بە زۆر بەکاردەهێنیت لە مانەوە و بەرقەراربوونی خۆی و  سیستەمەکەدا ، کە خودی خۆی پایەی سەرەکییەتی.  دژایەتیکردنی سیستەمی سەرمایەداری بێ دژایەتیکردنی پایە سەرەکییەکەی چەمکێکی ئایدۆلۆژی ڕووتە و باشترین خزمەت بە سیستەمەکە و مانەوەشی دەکات .