ئەرشیفەکانى هاوپۆل: دیمانە – گفتوگۆ – دیالۆگ – وتووێژ
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ٨
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن
بەشی هەشتەم
ئایا ئازادی ڕهها كه ئێوه باوهڕتان پێی ههیه، نابێته هۆی پێشێڵی ئازادی كهسانێك لهلایهن كهسانێكی دیكەهوه؟
ئازادی ڕەها وەك بۆرجواكان و دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت بیشێوێنن، بە واتای ملهوڕی كەسانێك نایێت، بەلكو بە واتای ئەوە دێت، ئازادی من لە ئازادی تۆوە دەستپێدەكات و ئازادی كەسانی دیكە دەبێتە مسۆگەرگەر و دابینگەری. ئازادی لە ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەكسانی هەمووان و دادپەروەری بەدی دێت. ئەناركییەكان لەمێژە لەبەرامبەر پاگەندەی لیبراڵەكاندا كە دارایی تایبەت بە مەرجی بوونی ئازادی دەبینن و لەبەرامبەر پاگەندەی ماركسیستهكاندا كە یەكسانی تەنیا لە سایەی دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی پارتەكەیاندا دەبینن، دەڵێن «ئازادی بەبێ یەكسانی، بەهرەكێشییە، یەكسانیش بەبێ ئازادی، كۆیلەتییە» و بە بۆچوونی منیش بەبێ ئازادی لە کۆتوبەندە ئابوورییەکان و یەكسانی هەمووان لە دەسەڵاتدا، دادپەوەرییش ئەفسانەیە!
ئەگەر وێناکردنمان بۆ ئازادی ئەو مافەبێت، کە سەروەران یا هێزێکی دەرەوەی خۆمان دیاریدەکەن و پێماندەبەخشن و هەل و پانتاییەکی یەك شەو و ڕۆژە بۆ توانایەکانمان پەیدابووبێت، بێگومان تاکە هارکراوەکان یا هاربووەکان دەتوانن ئازادی ئەوانی دیکەی بەمێگەلکراو بەرتەسكبکەنەوە و بخەنە مەترسییەوە. بەڵام ئازادییەك کە بنەماکەی خودهوشیاریی تاكەکان بێت بە هاودەردی و هاوبەرژەوەندیی و هاوخواستیی و هاومافیی ئەوانی دیکە، ئەوا هیچ کات نابێتە دروستکەری ئەو بارودۆخە ترسێنەرە. وەها خودهوشیارییەك پرۆسێسێکی درێژماوەی چەکەرەکردووی مەیدانەکانی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە، واتە تاکەکان لە هاوبەشیی و گشتێتی ئەو خەباتەدا کەسایەتی و ئازادی خۆیان نازدەکەن و ئەوە دەرکدەکەن و بەو سەرەنجامە هوشیارانەیە دەگەنن، کە ئازادی هەر کەس لە ئازادی گشتدایە و ئازادی گشتیش لە ئازادی تاکەکاندا بەرجەستەدەبێت و مسۆگەردەبێت. هەروا سنووری ئازادی هەر تاکێکێش بە ئازادی ئەوی دیکە دیاریدەکرێت، بەڵام خودی ئازادی تەنیا کاتێك واتا پەیادەکات و دەگاتە ئاستی بێسنووریی، کە تاك لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان ڕزگاری بووبێت و یەکسانی ماف و دەسەڵات بۆ هەمووان مسۆگەربووبێت و هەمووان لە هارمۆنی کۆمەڵگەدا بژین و ئازادی و دەسەڵاتییان دەرببڕن.
کاتێك کە ئازادی ڕەها لەسەر بنەمای خۆڕزگارکردن و ئازادبوونی تاك لە هێزە دەرەکییەکان و پشتئەستووبوونی ئەو ئازادییە بە هاوپشتی و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتی لە پڕۆسێسی خەباتی کۆمەڵایەتیدا بێتەدی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕێکخەری بێت، ئەوا هەرگیز سەرەنجامی ڕەهابوونی تاك لە ئازادیدا بە ملهوڕیی و زەوتکردن و بەزاندنی سنووری ئازادی کەسیی ئەوانی دیکە کۆتایینایێت. بەڵام ئەگەر تاکەکان لە چاوەڕوانی بەدیهاتنی یەك شەوڕۆژەی ئەو ئازادییە لە سایەی بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتێك یا لەقاڵبدانی ژیان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆجییەکدا بن، ئەوا بەدڵنییاییەوە هەم ئازادی ڕەها بوونی نابێت و هەم ئەگەر ئەفسانەی ئاوا “ئازادی ڕەها لە سایەی سەروەریی پارت و فەرمانداریی و دەوڵەتی بەناو کرێکاریی” ببێتە شتێکی کەتواریی، ئەوا تاکەکان کە لە پرۆسێسێکی خۆڕزگارییدا پەروەردە نەبوون و هێشتا پەروەردەی کۆمەڵگەی سەرمایەدارین، یەك شەووڕۆژە نابنە فریشتەی ئازادی و بە دڵنیاییەوە درێژە بە ملهوڕییەکانی کەسایەتی بۆرجوازییان دەدەنەوە. هەر ئەم هۆکارانەیە، کە ئەنارکییەکانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە گۆرانی تاك لە کەسایەتی بۆرجوازییەوە بۆ کەسایەتی سۆشیالیستی لە ئەم ڕۆژەوە و هەر لەم کۆمەڵگە ناسۆشیالیستییەدا دەستپێدەکات و لە ڕەوتی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا خۆی پەروەردەدەکات، نەك لە ساتی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و ڕوخانی دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە!
باشه ئهگهر ئێوه حكومهتی كرێكاری و حكومهت به ههموو یوهكانییهوه ڕهتدهكهنهوه، چ جۆره فۆرم و ئاڵتهرنایفێكتان بۆ ڕێكخستنی كۆمهڵگا ههیه؟
ئەمە پرسیارێكی گرنگە و وەڵامێكی تێروتەسەل دەخوازێت، كە لێرەدا بڕواناكەم بتوانرێت بچینە سەر هەموو لایەنەكانی، بەڵام بەكورتی دەتوانم بڵێم، ئەنارکییەکان دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتی قوچكەیی ڕەتدەكەنەوە، لەبەرئەوەی کە ئەو شێوانە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە، سەروەری كەسانیك بەسەر كەسانێكی دیكەدا مسۆگەردەكەن، كەواتە بۆ ڕەتكردنەوەیان، پێویستە شێوازێكی دیكە لە ڕێكخستن و بەڕێوەبەرایەتی بگیردرێتەبەر، كە بەرئەنجامێكی پێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، بەدەستەوە بدات. واتە لە پایەكانی سەروەری و دەستەمۆبوونی مرۆڤ بدات، ئەویش خۆبەرێوەبەرایەتی هەرەوەزییانەیە، واتە هەمووان لە كار و فەرماندا بەشداردەبن، هەر بەو جۆرەش دەبێت لە بەڕێوەبەردن و ڕێكخستنی ژیانیاندا بەشداربن. ئەمەش بە یەكێتی ئازادانە و ڕێكخستنی زنجیرەیی شوێنەكانی كار و ژیان دەكرێت. بۆئەوەی بەر بە دروستبوونەوەی سەروەری دەستەمۆكردن بگرین، پێویستە لە شێوازی نێوەندیبوونی بەڕێوەبەرایەتییەكان بدرێت و بڕیارەكان بۆ پێكهاتە خۆجێییەكان [ئەنجومەن، شورا ، سۆڤیەت، كۆمونە و هەرچی دیكە] بگەرێنەوە و ئەوانیش لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی و هاوپشتی، دادپەوەری كۆمەڵایەتی مسۆگەر بكەن و خۆیان لە ئاستێكی فراوانتردا ڕێكبخەنەوە.
بەکورتی، پێش هەموو شتێك پێویستمان بە لێدان و هەڵوەشاندنەوەی نێوەندیی ڕێکخستن هەیە، ئیدی ڕێکخستنی خێزانێك بێت یا ڕێکخستنی تیپێکی وەرزشیی و ڕێکخراوێکی جەماوەریی و کارخانەیەك و دەزگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان بێت، واتە ڕێکخسینەوەی کۆمەڵگە لە شێوەیی پێکهاتەی ئاسۆیی؛ یەکسانی هەموو ئەندامانی لە بڕیاردان و جێبەجێکردن یا ڕەتکردنەوە و سەرپێچییکردن. ئەمەش دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی گوتەی “دەوڵەت – وڵات – سەرتاسەریی”. بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگە نانێوەندییەکان دەبنە یەکەی پێکهێنەری یەکێتییە ئازادەکان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسێۆنەکاندا. ئەگەر وردتری بکەمەوە، دەکاتە ئەوەی هەموو گوندێك خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆی دەبێت، لە یەکێتییەکی ئازادانەدا لەتەك گوندەکانی دەوروبەری یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆنە ناوچەییەکان پێکدەهێنن. لەسەر ئاستی شارە گەورەکانیش ئەنجومەن/ شورای گەڕەکەکان خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان پێکدەهێێن و لەتەك خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان و کارگەکان و کارگێڕییەکان و خوێندنگە و نێوەندەکانی دیکە یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆن یا ئەنجومەن/ شورای شار خۆبەڕێوەبەرایەتی شار پێکدەهێنن و یەکگرتنەوەی فێدراسیۆنە ناوچەییەکان و شاریییەکان، فێدراسیۆنی هەرێمیی پێکدەهێنن و یەکگرتنەوەی ئازادانەی فێدراسیۆنە هەرێمییەکان، کۆنفێدراسیۆنەکان پێدەهێنن. بەم جۆرە ئەم زنجیرەیە لە یەکگرتن و پێکهاتن کیشوەریی و جیهانی دەبێتەوە. بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەم پێکهاتنانە بەبێ یەکێتی و هاوپشتی هەرەوەزییە ئازادەکان و گروپە خۆجییەکان و خۆبەڕێوەبەڕایەتیی دەزگە و نێوەندەکان، هەرگیز مەیسەر نابێت. لەمەش گرنگتر هەنگاونان و کارکردنی هەر ڕۆژەیە هەر لە ئێستاوە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و لە ڕەوتی خەباتی کۆمەڵایەتییدا بۆ جێخستنی وەها ژیان و ڕێکخستن و کارکردن و پێکهاتنێك.
ئهگهر ئێوه دەسەڵات بگرنه دهست، ئایا بوونی مزگهوت و كلیسا و كهنیسه و تێمپلهكان چی بهسهر دێت، ئهی مانگاپهرستی چی؟
بەر لە هەموو شتێك ئەناركییەكان هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات نادەن، بەڵكو هەوڵی لەنێوبردنی هەموو دەسەڵاتێكی سەروو خەڵكی دەدەن، بە واتایەكی دیكە، هەر ئاوا پێیانوایه كە هەموو تاكێك توانانی خۆڕزگاركردن و خەباتكردنی هەیە، هەر ئاواش هەموو تاکێك توانی خۆبەڕێوەبردن و بریاردانی هەیە. بەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە ئەركی هەمووان دەبێت و پێویستمان بە ڕابەریی و سەروەریی هیچ كەس نییە و نابێت، تاوەكو كۆمەڵگە بە فەرماندان و سەرەنێزە ڕێكبخات و ڕابگرێت. هەروەها هەر ئاوا كە ئەنارکییەکان بیركردنەوە وەك ئازادی تاكەكەسی لەبەرچاو دەگرن، ئایینیش وەك شتێكی تایبەت و تاكەكەسی لەبەرچاو دەگرن. بەڵام كاتێك كە ئایین و ئەو نێوەندانە بكرێنە شوێنی دژایەتی كۆمەڵگە، ئەوسا ئەوە ئەركی گشت ئەندامانی كۆمەڵگەیە، چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، نەك ئەناركییەكان لە جیاتی خەڵكی. چونكە ئەناركییەكان تاكی ئاسایی كۆمەڵگەن و تەنیا بەو ڕادەی كە هوشیارن و دەركی پرسێك دەكەن، ئەرك و خەباتی زیاتریان دەكەوێت ئەستۆ، ئەرك و خەبات نەك فەرماندان و دەسەڵات و سەروەری و بڕیاری قەرەقوشییانە بەناوی خەڵکەوە!
لەسەر ئەو بنەمایە، ئایین پرسێکی تاکەکەسییە و بوونی پەرستگەکان وەك هەر شوێنێکی گشتی، پەیوەندی بە کۆمەڵگەکانەوە هەیە، واتە ئەوە گوند و شارەوانییەکانن کە بڕیاردەدەن، تازەبکرێنەوە، گەورەبکرێن یا بچووكبکرێنەوە و بڕوخێندرێن. هەر ئاوا کە کەسانێكی وەرزشگەر مافی ئەوەیان هەیە، وەرزشگە و تیپێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە هەمان شێوە پێویستە و دەبێت ئایینداران یا بێئایینان مافی ئەوەیان هەبێت پەرەستگە یا شوێنی کۆبووەنوەی گشتییان هەبێت، بەڵام یەك شت دەبێت ڕۆشنبێت، کە چالاکی ئایینی وەك چالاکی وەرزشیی و هونەریی و ئارەزووەکانی دیکە، بە پیشەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوناگیردرێت و هیچ پاداشتێکی نابێت، بەڵام ئاییندارانیش وەك گشت دەتوانن لە تواناییەکانی کۆمەڵگە بەهرەمەندبن. سەرەرای ئەوەش دیسانەوە ئەوە خودی کۆمەڵگەکان [گوند و شارەوانییەکان]ن، کە بڕیاردەدەن، چۆن بێت و چی بکرێت، هەروەها لەو بارەوە هیچ کۆموڵگەیەك پابەندی بڕیاری کۆمەڵگەکەی هاوسێی نابێت.
ئەمە خوێندنەوە و تێڕوانینی منە بۆ کۆمەڵگەیەك کە ئارەزوویی دەکەم و ئاوا تێدەگەم، کە کۆمەڵگەی ئازاد، هەر ناوێكی هەبێت، پێویستە لەسەر ئەو بنەمایانە ڕێکبخرێت، ئەگەر نا، دواجار سەری لە قەرەقووشییەکانی سەردەمی بۆلشەڤیکەکانەوە دەردەجێت.
باشه، كامانهن ئهو كارانهی كه ئێوه له خهباتدا بۆ ههڵخراندن و ڕێكخستنی خهڵك ئهنجامیان دهدهن، كاتێك كه ئێوه ههموو لێپرسراوهتییهك و رابهرییهك ڕهتدهكهنهوه؟
ئازیزم، کار و خەباتکردن، خۆبەڕابەرکردن و خۆبەڕابەرزانین نییە. خەباتکردن پێویستی بە ناوبانگ و پلە و پایەی ڕامیاریی نییە، خەباتکردن ئەرکی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی کۆمەڵایەتیش، کارێکی خۆبەخشانە و خۆویستانەیە. کاتێك کە کەسێك خۆبەخشانە و خۆویستانە کارێكی کۆمەڵایەتی ئەنجامدەدات، نە پێویستی بە ڕابەر هەیە تا فەرمانی جێبەجێکردنی کارەکەی بەسەردا بدات، نە پێویستی بە ڕابەربوونە، تا فەرمان بەسەر کەسانی دیکەدا بدات، بۆ ئەوەی کارەکە جێبەجێیبکەن. تەنیا شتێك کە پێویستییەتی، خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردنە، کە دەکاتە لێپرسراوەتی کۆمەڵایەتیی.
ئەناركییەكان لە شوێنی كار و ژیانی خۆیاندا وەك تاكێك لە خەباتی ڕۆژاندا بە بۆچوونی تاكیی خۆیانەوە بەشداریدەكەن و ئەوەی دەیڵێن، هەوڵی كردەییكردنەوەی دەدەن و چاوەرێی دەرچوونی فەرمان لە هیچ كەسێكەوە ناكەن و فەرمانیش بەسەر كەسی دیکەدا نادەن. واتە نە خۆیان لەسەرووی خەڵكەوە دەبینن و نە خەڵكیش لە سەرووی خۆیانەوە. ئەمەش بۆ ئەو بنەمایە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان پێویستیان بەناونان و بڕوایان بە خۆقوتکردنەوە وەك نوێنەر و قسەکەری ئەنارکیستەکان نییە و هەر کەس لە شوێنی کار و ژیانی خۆیدا وەك کەسێك بەشداری خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی دەکات و هەوڵی بۆچوونگۆرینەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئەو چین و توێژە یا ئەو ڕێکخراو و گروپە خۆجییە لەو ڕۆژەدا دەکات و خۆی لە بیرکردنەوە و گفتار و کرداری خۆی بەرپرسە و نوێنەرایەتی کەس ناکات و بەناوی کەسانی دیکەوە قسەناکات و باشترین شوێنیش بۆ چالاکیکردنی چالاکێکی ئەنارکیست، شوێنی ژیان و کار و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییەتی، نەك خۆهەڵقورتاندنە کاری شوێن و گروپ و ڕێکخراوەکانی دیکە. ئەمەش بەو بنەمایە پشتئەستوورە، کە دەبێژێت “خۆجێی چالاکی بکە و جیهانی هاوپشتی بە و بیربکەرەوە”.
من بهرچاوم نهكهوتووه كه ئێوه شیعاری جیایی دین له دهوڵهت و كۆمهڵگهی سكیولار بهرز بكهنهوه، بۆچی، ههر لهبهرئهوهی كه ماركسیستهكان و عیلمانیهكان ئهو دروشمانه بهرزدهكهنهوه؟
ئەگەر بە كورتی بیبڕمەوە، ئەوا دەڵێم من ئەم دروشمە بەهەندوەرناگرم، لەبەرئەوەی كە دروشمێكی فریودەرانەیە. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، ڕێك وەك جیاکردنەوەی سێبەرە لە تەن ! دەوڵەت بەخۆی زەمینیکردنەوەی دەسەڵاتی خوای ئەفسانەکانە، واتە بە خواکردنی مرۆڤی دارا و دەسەڵاتدارە. لە باری یەکەمدا، کە مرۆڤی دەسەڵاتدار لەژێر پەردەی دەسەڵاتی خوادا پاوانگەریی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا دەسەپێنێت و خۆی وەك جێبەجێکەری فەرمانی هێزێکی نامرۆیی لە ئاسمان نماییشدەکات، لە باری دووەمدا، لەژێر کارایی هوشیاربوونەوەی تاکە ژێردەستەکان و یاخیبوونیان و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکاندا و زاڵبوونی بەڵگە زانستییەکان بەسەر ئەفسانەکانی خوادا، ناچاردەبێت بەناوی خۆیەوە ئەو فەرامانانە نمایشبکات. بۆ ئەوەش پێویستی بە پیکهاتەیەکی تۆکمەتری قووچکەیی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستە دەوڵەتی ئاسمانی پێکهاتوو لە سێکوچکەی ( خوا – پەرتووکی پیرۆز- کەنیسە و ئیمپراتۆر) لە دەوڵەتی هاوچەرخ “دەوڵەتی نەتەوەیی/ سێکیولار” لەسەر سێکوچکەی ( پارلەمان – یاسا و ڕەایەتیدان – سەپێنەر [فەرماندار] ) دادەڕێژێتەوە و ناوی دەنێت جیایی ئایین لە دەوڵەت !
بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو دوو فۆرمە لە دەسەڵات [چ کلیسایی و چ پارلەمانی] بدەین، ئەوە دەبینین، کە هیچ لە پێکهاتەی دەسەڵات نەگۆڕدراوە و تاکی ژێردەست هەمان ڕێوشوێنی پێشووی هەیە و پارێزراوە، تەنیا شتێك کە گۆڕادراوە، گۆڕانی شوناسی ڕواڵەتیی تاکە لە “کۆیلەی خوا / کەنیسە”وە کراوە بە “هاووڵاتی / کۆیلەی دەوڵەت [سیستەمی ڕامیاریی]” و ڕێکخستن لەسەر بنەمای (خوا – کۆیلە) هەر وەك خۆی ماوەتەوە. بێجگە لەوەش، ئەگەر سەروەریی ئیمپراتۆر تەنیا پێویستی بەیەك ئایدیلۆجیا بووبێت، کە ئایینە، ئەوا دەوڵەتی هاوچەرخ بێجگە لە ئایین، پێویستی بە کۆمەڵێك ئایدیۆلۆجیی دیکەش هەیە؛ دیارترینیان ناسیونالیزمە، کە پاش کەمبوونەوەی کارایی ئایین لەسەر تاکە ژێردەستەکان، توانی جێگەی دەبەنگکەریی مەزهەب بگرێتەوە.
ئەگەر بمەوێت لە ڕوانگەی هزری ئەناركییەوە ئەو دروشمە ڕاستبكەمەوە، ئەوا دەبێتە «جیایی دەوڵەت لە كۆمەڵگە و كاروباری كۆمەڵایەتی». چونكە دەوڵەت خۆی پێكهاتەیەكی سەر و خوارە و لەسەر بنەمای خوا و كۆیلە، فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزراوە. دەوڵەت كۆپی دەسەڵاتی خوای ئایینەكانە، ھەروەك چۆن سۆشیالیزمی دەوڵەتی كۆپی و ھەوڵی دونیاییكردنی بەھەشتی ئایینەكانە.
دەوڵەتە ئەوروپییەكان و تەنانەت دەوڵەتی ئیسرائیل و (توركیە)ش سێكیولارن، ئایا لەو دەوڵەتانەدا ئایین هیچ کاراییەکی لەسەر بڕیارەکان نییە؟ ئایا بەتەواوەتی لە سیستەمی خوێند و پەروەرەدە دابڕاوە و دەستکۆتاکراوە؟ ئایا دەوڵەت وەك لە سعودیە و ئێران و ڤاتیکان، هەر دەوڵەتی چیناتیەتی نییە؟ دەوڵەتانی بلۆكی ڕوسیای جاران و بلۆكی چین نائایینی بوون و تەنانەت ئایین تیایاندا بەجۆرێك قەدەخە بوو، ئایا دەوڵەتی چینایەتی نەبوون؟ لەبەرئەوە، ئایا پێکهێنانی دەوڵەتی سێکیولار [دێمۆکراسی پارلەمانی] لەجێی دەوڵەتە تیئۆکراسییەکان، ئامانجی بزووتنەوەی سۆشیالیستخوازە و کۆتایی بە ئامانجگەییشتنمانە؟ ئەگەر وەڵام [نا/ نە]یە، ئیدی ئەو هەموو وزە بەخەرجدانەی بزووتنەوەکە لەپێناو دروستکردنی فەرمانداریی و دەوڵەتی سیکیولاریست، لەلایەن کەسان و گروپ و پارتانێکەوە، کە پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن، لەپێناو چییە؟
ھەڵبەتە ئەوەشمان لەبیرنەچێت، كە جیایی ئایین لە دەوڵەت لە دیمۆكراتترین [دێمۆكراتی پارلەمانی] و سێكیۆلاریستترین دەوڵەتانی ئەوروپادا بوونی نییە و ئایین بێدەسەڵات نییە و لە دەوڵەت دابڕاو نییە. نموونە، لە وڵاتانی ئەوروپی دەسەڵاتی ئابووریی كەنیسە لە پاش دەسەڵاتی دەوڵەتەوە ھاتووە و ئێستا لە پێش دەوڵەتەوەیە، لەبەرئەوەی كە دەوڵەتە سێكیۆلاریستەكانی ئەوروپا بەھۆی ڕامیاریی تایبەتیكردنی كەرتەكانی بەرھەمھێنان و كەرتە خزمەتگوزارییەكان و خانووبەرەوە، قەرزاری بانكەكانن و جاران كە ھۆساری دەوڵەت بەدەست كەنیسەوە بوو، ئێستا ھۆساری دەوڵەتە سێکولاریستەکان بەدەست بانكەكانەوەیە، بەڵام كەنیسە و دامەزراوەكانی بەراورد بە دەوڵەت، سەربەخۆیی ئابوورییان زیاترە. ھەروەھا ڕۆڵی دەزگە ئایینییەکان لە پەروەردە و فێركردندا [بە دیاریكراوی لە ساڵانی ھەرە گرنگ و ھەستیار و چارەنووسسازی منداڵاندا، واتە باخچەی مناڵان و فێرگەی سەرەتایی] لە پاش دەوڵەتەوەیە؛ دەتوانین بڵێین كە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگەكانی سەر بە لكەكانی كەنیسە، ئەگەر لە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگە دەوڵەتییەكان زیاتر نەبێت، زۆر كەمتر نییە. بێجگە لەوەی كە دەسەڵاتی ئابووری كەنیسە و دامەزراوەكانی لە دەوڵەت زیاترە، كەنیسە لە بەرامبەر وەرگرتنی منداڵان لە باخچە و فێرگەكانیدا لەلایەن دەوڵەتەكانەوە ھاریكاری و پشتیوانی دارایی وەردەگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا كەنیسە ئازادە لە سەپاندنی ئایین بەسەر مناڵاندا لە شەش مانگییەوە تا شەش ساڵی. ھەورەھا ھەر سەرپەشتیگەر یا فێركارێك كە ئایینی نەبێت یا ئایینێكی دیكەی ناكریستی ھەبێت، ماف و چانسی بەدەستھێنانی كار و وانەگوتنەوەی لە باخچە و فێرگەكانی كەنیسەدا نییە. لەمەش خراپتر ئەوەیە كە منداڵانی فێرگەكان لە ڕۆژاێکی هەفتەدا وەك بەشێك لە وانەی ئایین، بە كۆمەڵ دەبەنە كەنیسەكان و وێردیان پێدەخوێنن !
ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، دانەری یاسای دەوڵەتەكانی وڵاتانێك، كە ئایینی زۆرینەیان ئیسلامە، دەستی پشتپەردەی دەوڵەتە سێكیۆلاریستەكانە. ئایا سێكیۆلاریزمی وردەبۆرجوازی گلەییكەر [گلەییکەر نەك ڕەخنەگر و ڕەتگەرەوە] لە سەركوتی مەزهەبیی و ڕامیاریی، كە دەیەوێت بە پاشگركردنی سۆشیالیزم و كۆمونیزم بۆ پارتە دەسەڵاتخوازەكانی، کۆمەڵگەی ژێر چەپۆکی دەوڵەتانی سێکولاری ئەوروپی لە ئێمەی بكات بە دونیا ئازاد و یەكسان و دادپەروەر، دەتوانێت لە سێكیۆلاریزمی دەوڵەتانی ئەوروپا باشتر و ڕادیكاڵتر بێت، كە لەژێر فشاری چەند سەدە خەباتی چەوساوانی ئەو وڵاتانە و وەڵامدانەوە بە نیازە بازرگانییەکانی سەرمایەداران ملیان بەو ڕیفۆرمانە پێداوە؟
لەبەرئەوە دروشمگەلی “جیایی ئایین لە دەوڵەت” و “دەوڵەتی سێكیولار”، كۆمەڵێك دروشمگەلی فریودەرانەن، كە وردەبۆرجوازی ناڕازی و دەسەڵاتخواز [لەپێش ھەموویانەوە پارتە ماركسیست- لێنینست- حیكمەتیستەكان] دەیەوێت دەوڵەتی چینایەتی بە ڕەنگ و بەرگێكی دیكەوە بە كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان بفرۆشێتەوە. ئەوەی دەوڵەت لە ھەندێك شوێن و ساتی مێژووییدا ناچارە كاژێك فڕێبدات، بەخۆشی خۆی و خۆبەخشانە نایكات، بەڵكو فشاری كۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی ئاستی و چاوەڕوانی خەڵكە، كە ئەو فشارە دروستدەكات و دەوڵەت دەخاتە دووڕیانی تیاچوون یا چاكسازیی ناچاریی لە بەرژەوەندی ژێردەستان.
جیاكردنەوەی ئایین لە كۆمەڵگە تا ئەو كاتەی كە تاكەكانی كۆمەڵگە پێویستییان پێیەتی و پەیڕەوی دەكەن، ئەستەمە و ھەر زۆردارییەك لە سەركوتی ئاییندا، ئایین بەھێزتر و دواجار بەرەو ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتی دەبات، ھەروەك لە ڕوخانی بلۆكی بۆلشەڤیكیدا دیتمان. لەبەرئەوە تەنیا ڕۆشنگەریی و ھوشیاریی لە بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگە و ژیاندا دەتوانن ھۆكارێكی كارابن بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕیی بە پوچگەرایی و ئەفسانەكانی ئایین، بەڵام ھەر فشار و سەركوتێك، بەھەمان ڕادە جێفشار و سەركوت بەھێز و یەكگرتووتر دەكات. ھەر بۆیە لە جیاتی سەركوتی ئایین، پێویستە ئایین وەك پرسێكی كەسیی تاكەكانی كۆمەڵگە ئازادبێت و لە جیاتی جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پێویستە دەوڵەت وەك ئامرازی ڕاگرتنی ستەم و پێكھاتەی قوچكەییانەی خوا و بەندە، وەك كۆپی دەسەڵاتی خواكان لە کۆمەڵگە جیابکرێتەوە، واتە لەنێوببرێت. لێرەوەشەوە ھەنگاو بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕیی تاكە چەوساوەكان بە بەدونیاییكردنی بەھەشت بەناوی سۆشیالیزمەوە [سۆشیالیزمی دەوڵەتی] بنرێت. بە واتایەكی دیكە، ئایین شتێكی كەسیی تاكەكانە و نابێت گشتگیر بكرێت، دەوڵەت ئامرازی ستەمگەریی چینایەتییە و سۆشیالیزمی دەوڵەتیش، وێناكردن و دونیاییكردنی بەھەشتی ئەفسانەكانە!
بە بۆچوونی من، ئەوی بخوازێت خۆشباوەڕیی بە پووچگەرایی ئایین و نوێنەرایەتی دەسەڵاتداران بۆ خوای ئەفسانەکان بڕەوێنێتەوە، پێویستە لە نێوەندی ژیان و کارکردن و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بڕوابوون بە تواناییەکانی تاك و هێزی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنی ئەو تاکانە و چارەنووسسازیی خەبات و تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی و وازهێنان و پشتکردنە پێکهاتە و ڕێکخستنە ڕامیارییەکان و خستنەڕووی هاوبەشییەتی داخوازییەکان و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەمووان و ناکۆکییان لەتەك بەرژەوەندی و بڕیارەکانی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و بەڕێوەبەرەکان و لە توانادابوونی هێنانەدی ئەو داخوازیی و ئاواتانە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکگرتووانەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەرامبەر دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕامیاران و دەرکەوتنی هەڵوێستی پیاوانی ئایینی و پارت و گروپە ئایینییەکان لەو کیشمەکێشە چێنایەتییەدا. بە تێروانین و ئەزموونگیریی کەسیی من، بێجگە لەم شێوازە، هەر پەلاماردانێکی ئایین و خۆشباوەڕیی کەسەکان بە پووچگەرایی ئایین، تەنیا ئەوە بەرهەمدەهێنێتەوە، کە لە بلۆکی ڕوسیدا بەرهەمیهێنا، واتە زیاتربوونی هەژماری پەرستەگەکان، یا ئەو ڕەخنە ڕامیاریی و وردەبۆرجوازییانەی کە ڕەوتی “کۆمونیزمی کارگەریی” وەك دژە-ئیسلامێك ئاراستەی ئایینی باوی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی کردن و بێجگە لە بەهێزکردنی دەمارگیریی ئایینی و توندوتیژی و هاندان بۆ توندوتیژی، هیچی دیکە نەبوون. چونکە یەکەم، لە سووکایەتی و جنێودان بە سیموڵەکانی ئەو ئایینە تێنەپەڕین و دووەم، هەوڵێکی ڕامیاریی بوون و لە بەیاننامە و هەرای ژووری مەسینجەرەکان تێنەپەڕین و لە مەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا نەیانتوانی ببنە چەکی کارا بۆ لێدانی پایەکانی خۆشباوەڕیی و پووچگەرایی ئایین، بەڵکو دەمارگیریی ئایینی کرێکاران و زەحمەتکێشانیان بەهێزتر کرد!
***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە
بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم:http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم:http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ٦
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
هەژێن
بەشی شەشەم
ئێوه چ ڕێگهچارهیهك بۆ چارهسهری ستهمی نهتهوهیی و گرفتی ناوچه دابراوهكان بهدروست دهزانن ؟
پێشەكی بەر لەوەی بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێك لە دیدی خۆمەوە بخەمەڕوو، بەپێویستی دەزانم بڵێم، دوو دەهە بەسەر ڕاپەڕین و دەهەیەك بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەعس’دا تێپەڕێوە و هێشتا پرسی ستەمی نەتەوەیی و ناوچەكان چارەسەرنەكراوە و هێشتا وەك مەیدانێك بۆ سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازان و دەمارگیریی نەتەوەیی و كینەدۆزی و دووبەرەكی نێوان خەڵكانێك، كە پێشتر هەزاران ساڵ بەیەكەوە ژیاون و هاودەرد و هاوخەمی یەكدی بوون، ماوەتەوە. ئەگەر پاش ڕاپەڕین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بتگوتایە پێویستە لە ڕیزی خەباتی جەماوەرییدا تێكۆشانی بۆ بكەین یا پاش ڕووخانی سەدام بتگوتایە با دەهەیەك تیۆكۆشانی بۆ بكەین، دەمودەست بە دوژمن و خەیاڵپڵاو و بێ ئەڵتەرناتیڤ تاوانباردەكرایت، بەڵام ئەوا دوو دەهە تێپەڕیوە و هێشتا هەر بازاری نەتەوەپەرستی و ڕامایاریی دەسەڵاتخوازان گەرمە و ئێمەش هەر لەو خاڵەدا وەستاوین، كە هەر دەبێت ئەم ڕۆژە یا ساڵ و دەهە و سەدەیەكی دیكە، كاری لەسەر بكەین و تێكۆشانی بۆ بكەین.
دەمەوێت بڵێم، ئەڵتەرناتیڤێك كە بە بۆچوونی من دەتوانێت هەم چارەسەر و هەم ڕادیكاڵ بێت، نە بە فەرمانی ڕامیاران دێتەدی و نە كاری یەك شەو و ڕۆژەیە، بەڵكو خەباتی بێوچانی كۆمەڵایەتی گەڕەكە، گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەر لە ناسیونالیزەبوون و سەرهەڵدانی دەوڵەت هاوچەرخی گەرەكە، واتە كۆمەڵایەتییكردنەوەی پرسەكان و تووڕهەڵدانی ڕامیاریی و ڕامیارانی گەرەكە، پێكهێنانی پایە جەماوەرییەكانی ڕێكخراوبوونی گەرەكە، گرێدانەوەی بە پرسە هەر ڕۆژەییەكانی تاك و كۆمەڵگەی گەرەكە، وەلانانی ڕۆڵی ڕامیاران و پووچەڵكردنەوەی بازاری بازرگانی پارتەكانی گەرەكە، گەڕانەوەی بڕوابەخۆبوونی تاك بە هێزی یەكگرتووی كۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆی گەرەكە، ڕێكخستنەوەی ئاسۆیی كۆمەڵگەی گەرەكە!
بەبۆچوونی من چارەسەری ئەو كێشانەی كە ئیدیۆلۆگەكانی ناسیونالیزم و مەزهەب و پارتەكان میلیشیاكان و دەوڵەتەكان ..تد دروستیانكردوون، تەنیا بەلێدانی ئەو پێناوانەیە یا ئەو ڕێكخستن و پێكهاتانەیە، كە ئەوان دروستیانكردوون، مەیسەردەبێت. ناكرێت ناسیونالیستەكان و مەزهەبییەكان بە ئامانجی دابینكردنی دەسەڵات بۆ چینی مشەخۆر (بۆرجوازی) لە قەوارەی ڕامیاریی وەك دەوڵەتدا، بمانكەن بەگژی یەكیدا و ئێمەش بێین ببینە ئەندام لە وەها لەشكرێكی ناهوشیارانەدا و ئاڵا و دروشمەكانیان بەرزبكەینەوە، خوازیاری بەدیهێنانی بەرنامەكانیان بین و خۆمان لەپێناو بەدەسەڵاتگەیشتینان بەناوی گەل و كرێكارانەوە، بەكوشت بدەین!
هەڵبەتە كارێكی ئاوا ؛ بەربەرچدانەوەی هێزە دەسەڵاتخوازەكان و ئاراستە نەتەوەپەرست و مەزهەبیەكان، كاری یەك شەو و ڕۆژە نییە، هەر كات دەست بە ئەنجامدانی بكەین، هەر دەبێت لەم هەنگاوە سەرەتاییانەوە دەستپیبكەین : پاگەندە دژی ڕامیاران و پارتەكان و میلیشیاكان و پووچەڵكردنەوەی نەخشەكانیان، هەڵخڕاندن و بەرجەستەكردنی داخوازییە كۆمەڵایەتییە هاوبەش و نێوكۆییەكانی دانیشتووانی ناوچە فرە-ئێتنی و فرە-ئایین و فرە-كولتوور یا جیاوازەكان، كاركردنی هەر ڕۆژە بۆ خۆڕێكخستنی چین و توێژە ژێردەستەكان لە گروپە خۆجێییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا لەسەر بنەمای خودهوشیاریی و خۆبیركردنەوە و خۆڕێكخستن و خۆچالاكی و خۆخەباتكردن لە دەرەوەی بازنەی هەژموونی پارتە ڕامیارییەكان و میلیشیاكان و دەوڵەتەكان. دروستكردنی دیواری مرۆیی لەنێوان بەرەی جەنگی میلیشیاكان و دەرپەراندنیان لە شوێنەكانی كار و ژیاندا، دروستكردنی گروپەكانی هاوسێیەتی و كۆمەكی كۆمەڵایەتیی، ئاشناكردنی لاوان و نەوەی نوێ بە ڕابوردووی پێكەوەژیان و تەبایی پەیڕەوانی ئایینەكان و مەزهەبەكان و ئێتنییەكان لەو جێیانەدا.
من دەزانم وەها كارێك كات و وزە و توانای دەوێت، بەڵام نەكردنی بە واتای تێپەڕاندنی نییە، بەڵكو هەر كات بمانەوێت چارەسەری كۆمەڵایەتییانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ناچار دەبێت هەر لەم هەنگاوانەوە دەستبەكاربین. لەم دووڕێیانە زیاترمان لەپێش نییە؛ یا ملكەچی بۆ ویستی دەوڵەت و پارت و میلیشیاكان و ڕامیاران وەك ئێستا، یا خۆدەستبەكاربوونی كۆمەڵایەتی و ڕەتكردنەوەی كایەی ڕامیاریی وەك جاران؟
ئەگەر سەرنجی مێژووی سەدەی ڕابوردوو بدەین، هەردەم لە ناهوشیاریی و نائامادەییماندا چارەسەری پرسەكان و كێشەكانمان بە پارت و میلیشیا و ڕامیاران و دەوڵەت سپاردوون، ئەوانیش وەك وەڵامدانەوە بە بەرژەوەندی خۆیان و سروشتی سەرهەڵدان و كاركردنیان، هەردەم كێشە و پرسە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمەیان ئالوودەی ڕامیاریی كردوون و وەك ئامرازێك بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و بەدەستهێنانی بەرتەریی بۆ خۆیان بەكاریانبردوون. كێشە و ستەمی ئێتنی، دووبەرەكی ئایینی و مەزهەبیی، هەڵپە و ساختەچییەتی ڕامیاریی لە ئەم ڕۆژەدا بە بەراورد بە سەردەمێك كە ناسیونالیزم و پارتایەتی نەبووبوونە شوناسی تاك، هەزاران جار توندتر و كوشندەتر بووەتەوە. هاوسێ و هاوكار و هاوسۆز و هاودڵانی دوێنێیان كردوونەتە دوژمنی هەنووكەیی، كوشتنیان كردووەتە ئاساییترین دیاردەی كۆمەڵگە، ئەتككردن و منداڵفڕاندن و جەنگیان كردووەتە ئاساییترین ڕووداوی ڕۆژ، كردوونیانەتە بەشێك لە كولتووری مرۆڤی ئەم هەرێمە.
وەك لە سەرەوە گوتم، یا كێشە و پرسەكان بەوانەی سەرەوە دەسپێرین و بەخۆمان وەك ئاژەڵان هەر ڕۆژ چاوەڕێی نۆرەی سەربڕینمان دەكەین، یا ئەوەتا بە سڕینەوەی ڕامیاریی لە كایەكانی ژیانماندا، هەوڵی كۆمەڵایەتییكردنەوەی گشت پرسەكان و چارەسەریان لەسەر بنەمای خواست و خەونی هاوبەشمان بەخۆمان لە ئەستۆیان دەگرێن. بۆ ئەم مەبەستە من تەنیا بە هێڵكاریی تیڕوانین و دیتنەكانم دەتوانم، وەڵام بە پرسیارەكەی تۆ بدەمەوە: وەك پێشتر گوتم بەردی بناخەی هەر كار و چالاكییەك بە ئاراستەی چارەسەری كۆمەڵایەتییانەی پرسەكان، خۆڕێكخستنی ئاسۆیی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانە، كاتێك كە گروپە خۆجێی و ڕێكخراوە ئابووریی و پیشەییە جەماوەرییەكانمان هەبوون، دەتوانین كار لەسەر پێكهێنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتییانەی گوند و گەڕەك و شارۆچكە و شار و ناوچە و هەرێمەكان وەك یەكەی ئازاد بكەین، واتە گێڕانەوەی كاروبار و كارگێریی سیستەمی بەڕێوەبەاریەتی بۆ نێوەندی ژیانی كۆمەڵایەتی و لەباربردنی زەمینەكانی كایەی ڕامیاریی و پارت و ڕامیاران. كاتێك كە گوندێك یا شارێك لەسەر بنەمای دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و پشتبنەستوو بە هەرەوەزیی و هاوپشتی كۆمەڵایەتی خۆی ڕێكدەخات، ئیدی ڕێكخستنی كاروبار و بەرهەمهێنان و دابەشكردن و سیستەمی پەروەردە و خوێندن و پەیوەندییەكان و دیاریكردنی زمانی فەرمی كاروبار و خوێندنی دەكەوێتە ئەستۆی هەرەوەزی و ئەنجوومەن و شوراكانی ئەو شوێنە، واتە پێكهێنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ.
كاتێك كە كۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی ڕێكخستنی لەو جۆرە، ئیدی یەكگرتن و جیابوونەوە و هاوپشتی و پێكەوە ژیان ئاسانترین كارێك دەبن، كە هەر تاك و گروپ و كۆمەڵگەیەك دەستی پێیڕادەگات. هەروەها بڕوابەیەكبوون و هاوخەمی و هاودەردی و هاوپشتی نێوان گوندەكان، گەڕەكەكان، شارەكان و ناوچە و هەرێمەكان و كۆمەڵگەكان لێرەوە سەرهەڵدەدات و هەر ئەم هاوئاراستەییەیە، كە دەبێتە هۆی سڕینەوەی كارایی و شوێنەوارە وێرانگەرەكانی ڕامیاریی و پارتەكان و سیستەمی ڕامیاریی و دەوڵەتەكان، كە بوونەتە هۆی دووبەرەكی و ڕك و كینە و جەنگ و كوشتارەكان. هەڵبەتە بێجگە لەوەش هەموو سەركەوتن و پۆزەتیڤییەك لە هەنگاوەكاندا، شوێنێكی دیكە بۆ گرتنەبەری ئەو شێواز و كاركردنە هاندەدات.
بەبۆچوونی من، لە وڵاتێكی وەك عیراقی فرە ئێتنی و فرە ئایین و فرە مەزهەب و فرە زمان و وێرانبووی پاش چەندین جەنگ و كارایی كێشمەكێشی ڕامیاران و پارتەكان و ئایدیۆلۆجیاكان، تەنیا ئەم شێوازە لە تێكۆشان بۆ چارەسەری پۆزەتیڤ دەتوانێت زەمینەی پێكەوەژیانی دوور لە جەنگ و ڕك و كینە و چەند بەرەكی یا جیابوونەوەی ئازادانە و دوور لە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی مسۆگەربكات. ئەگەر ئامانجی پرسیارەكە ئەوەیە، كە چۆن دەتوانین بە چارەسەرێكی ئاشتییانە بگەین، ئەوا ئەم ڕێگەیەچارەیە دروستە و ئەگەر قسەش لەسەر بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك ڕامیار و سەرمایەدار و پارت و میلیشیا و دەڵاڵی بازارئازادە، ئەوا ئەو دڕندەیی و لەخۆنامۆبوون و دوژمنسازییە لە هاوسێ و هاوكار و هاوپۆل و هاوسۆزەكانی دوێنێ، باشترین خزمەت بە جێكەوتەبوونی نەخشە ئابوورییەكانی بازارئازاد و نەخشە ڕامیاریی و سەربازییەكانی زلهێزەكان و داگیركاریی نوێ [نیئۆكۆلۆنیالیزم] و جیهانخۆریی دەزگە و ناوەندە ئابوورییەكانی جیهان، دەكات.
هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بڵێم، كە یەكەم بۆ بەدیهاتن و جێكەوتەبوونی خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەكان كۆمەڵێك ئامراز و میكانیزم چارەنووسازن، لەوانە ڕەتكردنەوەی دێمۆكراسی پارلەمانی و گرتنەبەری دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ، ڕەتكردنەوەی فیدرالیزمی بۆرجوازی [فیدرالیزمی قووچكەیی/ یەكگرتنی دەسەڵاتەكان و دەوڵەتەكان] و پێكهێنانی یەكێتی و یەكگرتنی ئازادانەی كۆمیونیتییەكان لە فێدراسیۆن و كۆنفێدراسیۆنە ئاسۆییەكاندا، ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنی ڕامیاران و پارتەكان و سیستەمی ڕامیاریی و دەنگدان بە سەرووەران. لە بەرامبەردا گرتنەبەری ڕاپرسی گشی و ئازاد و كۆبوونەوە گشتیییەكان. دووەم، بەدیهاتنی ئەم ئامانجانە وەك چارەسەری كێشە ئێتنی و مەزهەبیی و كولتوورییەكان، پابەندەی بەدیهاتنی كۆمەڵگەی ناچینایەتی نین و دەكرێت وەك پێشهەنگاو بەرەو كۆمەڵگەی خوازراو لەبەرچاوبگیردرێن. بەلایەنی كەمەوە، ئەگەر نەتوانین بە كۆمەڵگەی ناچینایەتیش بگەین، ئەوا دەتوانین بەر بە دەمارگیری و كینەدۆزی نەتەوەیەیی و جینۆساید و گەرمكردنی بازاری چەكسازی و زاڵتركردنی زلهێزەكان بگرین.
بۆ نموونە ئەگەر ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كاروباری گوندێك لە دەستی خودی دانیشتووانەكەیدا بێت، بەدڵنیاییەوە بەراورد بە مشەخۆرانی ڕامیار و پارتەكان، كە لە شارەكاندا خەریكی فەرماندانن، بەخۆیان دەتوانن باشتر گرفتەكانیان چارەسەربكەن، یەكگرتووتربن و هاریكاریی و هاوپشتییان لەتەك گوندەكانی دیكەدا هاوئاراستەتر بكەن و خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرێمیی لەسەروو ئاستی گشت گوندەكانەوە لەسەر هەمان بنەمای ڕێكخستن و خۆبەڕێوبەرایەتی تاك تاكی گوندەكان، پێكبهێنن. هەروەها لە شارەكاندا ئەگەر ڕێكخستنی كارەوبارەكان و بەڕێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای پێكهێنانی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و گروپە خۆجێی و هەرەوەزییە كۆمەڵایەتییەكان و یەكگرتنەوەیان و خۆبەڕێوەبەرایەتییان پێكهاتبێت، ئەوا دەبێتە هۆی دابەشبوونی یەكسانی دەسەڵاتی كارگێریی و یەكگرتنەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی گەڕەكەكان لە شورا یا فێدراسیۆنی شاردا، زەمینە بۆ لەباربردنی هەلی سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پارتەكان لەسەر كێشە و پرسەكان لەنێودەبات و بوارێك بۆ دەسەڵاتخوازیی سەرووخەڵكی و بەرتەرییخوازیی ڕامیاران و ..تد نامێنێتەوە، بەواتایەكی دیكە خودی دانیشتووانی ئەو شارە چ لەسەر ئاستی گەڕەكەكان و چ لەسەر ئاستی شار، لە كۆبوونەوە گشتییەكاندا لەسەر بنەمای دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ، گفتوگۆ لەسەر پرسەكان و گرفەتاكان و داخوازیی و پێداویستییەكان دەكەن و بڕیاریان لەسەردەدەن و بەخۆشیان وەك خواستی خۆیان بە ویستی [ئیرادەی] خۆیان بڕیارەكان جێبەجێدەكەن و گەڕەك و شارەكەیان بەڕێوەدەبەن. بەو جۆرە دەبینین، چیدی ئەوە سەروەرانی ناوچەی سەوزی بەغداد و سەری ڕەش و قەڵاچوالان و سەر گردەکان و مشەخۆرانی نێو پارلەمانەكان نین، كە بڕیار لەسەر پرسەكان دەدەن، بەڵكو خودی ئەو تاكانەن، كە تا ئەم ساتە لە هەموو بڕیار و جێبەجێكردنێك بێبەش و دابڕاوكراون و وەك مێگەڵ، شوانە ڕامیارەكان و پارتەكان و فەرماندارییە [حكومەتە] هەرێمییەكان/ سەرتاسەرییەكان داهاتوویان دیاریدەكەن. زیندووترین نموونە لەم بارەوە، ڕێكخستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی كوردستانی بەشی سوریەیە، هەروەها خۆبەڕێوەبەرایەتی شار و گوندە ئازادكراوە عەرەبنشینەكانی سوریە، پێش ئەوەی سوپای بەناو ئازاد و هێزە ئیسلامییەكان داگیریان بكەنەوە، كە شورا و كۆمیتە و ئەنجومەن و هەرەوەزییە گەلییەكان بەرێوەیاندەبردن.
له ئاكسیۆن و ناڕهزایهتییهكاندا بهشداریتان كهمه؟
كامە ئاكسیۆن و ئاكسیۆن بۆ چی؟ ئەگەر مەبەست لە واژۆكۆكردنەوە و پارانەوە لە سەرۆكان بێت، تاوەكو دڵیان بە خەڵكی بسووتێت یا مەبەست خۆنیشاندانی یاسایی و هەڵای پارتەكان بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە جێگەی ئەناركییەكانی تێدا نابێتەوە و خەباتی ئەوان لەوێ نییە، بەڵكو لە جیاتی واژۆكۆكردنەوە، دروشمی ڕوخان و لە جیاتی خۆنیشاندانی یاسایی [گلەیی] و دەنگدان بۆ لابردنی سەرۆكێك و دانانی یەكێكی دیكە، ئەوا ئەوان لە گروپی خۆجێییەكاندا خەبات بۆ سەندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی لە سەروەران و پاشڕەوانیان بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانین. بەڵام لە هەر جێیەك ناڕەزاتییەك بەڕووی سەركوت و نایەكسانی و نادادپەوەریی و دەسەڵاتدا هەبێت، ئەوا ئەگەر كەسێكی ئەناركی بە ئامادەیی فیزیكیش لەوێ نەبێت، دڵنیابە لەوەی كە بە هەموو بوون و هەستیكییەوە پشتیوانی لێ دەكات.
ئەگەر مەبەست لە ئاكسیۆن لە چوارچێوەی جوگرافیای هەرێمی كوردستانە، ئەوا هزری ئەناركی لە سەرەتایی ناساندندایە و سەدەیەك زیاترە، كە دەسەڵات و ھاوڕێ ماركسیستەكان ئەو هزرە دەشێوێنن و بە پێچەوانەكەی خۆی دەیچوێنن. بەڵام ئەگەر مەبەست لە وڵاتانی دیكەیە، ئەوا تەنیا سەیرێكی هەواڵەكان و كەناڵەكان بكەیت، دەبینیت، كە ئاڵای ئەناركییەكان [ ئاڵا ڕەشەكان / ڕەش و سوورەكان / ڕەش و پەمەییەكان / ڕەش و سەوزەكان / ڕەش و سپییەكان، ڕەش و ئاڵەكان] بەڵگەی ئامادەیی ڕۆژانەی ئەناركییەكانن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و سەندنەوەی كارگە و خانووبەرە و شوێنە گشتییەكان و تەنانەت خاڵیكردنەوەی شەقامەكان لە ئۆتومەبێل و ئامرازە ژینگە تێكدەرەكان.
شتێك كە پێویستە بۆ ئێمە ناڕازییانی ھوشیار ڕۆشنبێت، ئەوەیە كە ئاكسیۆن بۆ خۆی ئامانج نییە، بەڵكو ئامراز و شێوەیەكی كاتیی خەباتە و شێوازی خودی ئاكسیۆن نیشاندەر و دەرخەری ئامانجی ئاكسیۆن و جەماوەرییبوونی داخوازییەكانە. بۆ نموونە كاتێك كە چەند گروپێكی ڕامیار ئاكسیۆنێك ڕادەگەیێنن، ھیچ گومانی تێدانییە، كە بەدوای كۆمەڵێك دەستكەوتەوەن بۆ گروپەكانیان و ئەگەر لەو نێوەشدا ئاماژەیەك بە داخوازییەكی جەماوەریی بكرێت، ئەوا تەنیا وەك ئامرازی فریودانی جەماوەری ناڕازی دێتەگۆڕێ. چونكە شێوەی بڕیاردان و ئامادەكردن و سەرپەرشتیكیردن و ئاراستەكردنی ئاكسیۆنەكە، دەریدەخات، ئەوانە دستەبژێرێكی ڕامیارپیشەن، كە لە سەرەوە بڕیاردەدەن و بەپێی بەرژەوەندی و ھەلومەرجی ڕێكخراوەییان دەستیپێدەكەن و ئەگەر لەو ئاكسیۆنەدا بەرژەوەندی ڕێكخراوەییان بكەوێتە مەترسییەوە یا ئەندامێكی باڵایان ڕووبەڕووی مەترسی و زیندان ببێتەوە، زۆر ئاسایی كۆتایی بە ئاكسیۆنەكە دەھێنن و پشت لە جەماوەریی ناڕازی و خرۆشاو دەكەن. لەم بارەوە لە دوو دەھەی ڕابوردوودا چ لە خەباتی و چالاكی ‘یەكێتی بێكاران لە كوردستان’ و چ لە خۆپیشاندانەكانی دژی جەنگی نێوخۆ و چ لە خرۆشانە جەماوەرییەكەی ١٧ی فێبریوەری ٢٠١١دا و دەیان نموونەی دیكەدا دیتمان، كە چۆن گروپە ڕامیارییەكان لەپێڼاو خۆپاراستن و مسۆگەركردنی دەەستكەوتی ڕێكخراوەیی و دەستەبژێریی، ئامادەی سازش و دانیشتن و پێكھاتنن لەتەك دەسەڵات بوون و دەبن.
وەك گوتم ئاكسیۆن ئامرازە نەك ئامانج، كەسی چالاكی خەباتی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی هیچ كات ئاكسیۆن لەپێناو ئاكسیۆندا ناكات، بەڵكو بۆ چارەسەری گرفتێك یا بەدەستهێنانی دەسكەوتێكی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی ئەو چالاكییە ئەنجامدەدات، كاتێك ئامانجكە پەیوەندی بە پرسێكی كۆمەڵایەتییەوە هەبێت یا داخوازی پێداویستییەكی كۆمەڵایەتی بێت یا كاردانەوە و بەرەنگاریی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی بێت بەڕووی نەخشە و بڕیارێكی سەروەراندا، ئەوا پێویستە بڕیاردان لەسەر ئەو ئاكسیۆنە و داڕشتنی نەخشەكاری لەنێوەندی كۆبوونەوە گشتییە جەماوەرییەكان و لە نێوەندە كۆمەڵایەتییەكاندا لە نێو ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و گروپە خۆجێیەكان و گەڕەكەكان و كارگە و فەرمانگە و خوێندنگەكاندا بدرێت، نەك لە بنكەی پارتەكان و كۆبوونەوە ڕامیارییەكان و نێوەندە دەسەڵاتییەكاندا بڕیاربدرێت و لە دووتوێی پەرتووكە ئادیۆلۆجییەكاندا بۆ نەخشەكاری ئاكسیۆنێكی كۆمەڵایەتی ئەم ڕۆژگارە بگەڕێت. لەبەرئەوە بە دڵنیاییەوە ئەناركییەكان لەو ئاكسیۆنە ڕامیاریی و پارتیی و دەستەبژێرییانەدا بوونیان نییە و ناشبێت و بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەناركییەك لەو كۆڕ و كۆبوونەوە و ئاكسیۆنە پارتیی و ڕامیارانەدا ئامادەیی هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە كەسێكی سەرلێشێواو و ئالوودەبووە بە دەسەڵاتخوازیی و بڕیاردان لە سەرووی خەڵكەوە.
ئهگهر كهسانێكی وهك ئێوه بچنه پارلهمان و نوێنهرایهتی ئهو خهڵكه بكهن، كه له ههموو لایهكهوه فریو دهدرێن، خراپی چییه؟ ئایا دهنگههڵبڕینتان له هۆڵهكانی پارلهمان و دهزگه پانوپۆڕهكانی راگهیاندنهوه باشتر نییه لهو گۆشهگیرییهی ئێستا كه كهس ناوتان نازانێت و نازانێت كه ههن؟
پێش هەموو شتێك، بەدڵنیاییەوە كەسانی ئەناركی لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە بێهوودەیی و خراپیی ئەو كارە، بەشداری گاڵتەجاری ھەڵبژاردنی پارلەمانی ناكەن و ناچن و هەر كات شتی ئاوا ڕوویدا، ئەوا ئیدی ئەو كەسانە نە ئەناركین و نە ئەناركییەكان گوێیان بۆ شلدەكەن و بەدڵنیاییشەوە لە نوێنەری پارتە بۆرجوازییەكان خراپتر و هەڵخەڵەتێنەرتر دەبن، بەڵام باشتر نابن. چونكە گەندەڵی و دژبوونی نوێنەرەكان بۆ كەسەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئەوە سروشت و میكانیزمی سیستەمە پارلەمانییەكەیە، كە ئەگەر خودی كاندیدەكە/ پارلەمانتارەكەش مشەخۆر و دژەخەڵك نەبێت، ئەوا میكانیزمەكانی سەروەریی و بەرتەیی مشەخۆیی ئاوای لێدەكەن، بەو ئاراستەیە ببزوێت، كە خودی پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵكی لە پێناویدا پێكهاتووە. ئا لێرەوە سەرنج بدە، خراپییەكەی ئەوەیە، كە ئەگەر خەڵكی متمانەی بە ئەناركییەكان/ سۆشیالیستەكان هەبێت، ئەوا ئەو كاتە ئەوان باشتر لە بۆرجواكان دەتوانین خەڵك بۆ سەروەری بۆرجوازی فریوبدەن. بەواتایەكی دیكە لە دیواخانی دەسەڵاتداراندا، كەسێكی بەناو سۆشیالیست و كۆمونیست زیاتر و خراپتر لە كەسێكی مەزھەبی و ناسیونالیست، دەتوانێت چەوساوان بە سیستەمی چینایەتی خۆشباوەڕبكات و لە چاوەڕوانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لە سایەی سەرمایەداریدا، ڕادەگرێت و بە پارلەمانتاری باش و سەرۆكی باش و پارتی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باش و دەوڵەتی باش خۆشباوەڕیدەكات.
بنەما و تان و پۆ و فیلۆسۆفی سیستەمی پارلەمانی بریتییە لە پاراستنی پیرۆزی سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەتی و كاریكرێگرتە لەژێر ناو و دێوجامەی بەرژەوەندی گشتی و سەروەریی یاسایی و فەرمانداریی+گەل [دێمۆ+كراسی]دا، واتە ھەر كات پارلەمانتارێك دژی كاركردی پارلەمان و دەستوورەكەی بوەستێتەوە، خۆبەخۆ بە وەستانەوە دژی ئەوەی ناویانناوە بەرژەوەندی گشتی و فەرمانڕەایی گەل لێكدەدرێتەوە و ھەر بەو دەستوورەی كە كەسی كاندیدكراو پێش ھەڵبژرادنی و پاش براوەبوونی لە ھەڵبژرادندا، واژۆی دەكات و سوێندی یاسایی لەسەر دەخوات و پاپەندیی خۆی بۆ دەسەلمێنێت، ئەوا تێڕوانین و بڕیار و ھەڵوێستەكانی لە بەرژەوەندی و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی دەرەوەی پارلەمان، یا لە دژی كۆمپانییە پاوانگەر و چەپاوڵگەر و وێرانگەرەكان، بە تۆمەتی دژە دەستووربوون، ناچار بە وازھێنان یا دادگاییكردن دەبێتەوە. بەو جۆرە ئەگەر بە وردی و بە ڕەخنەوە سەرنجبدەین، ئەوە دەبینین، كە پارلەمان یانەی خەبات و تێكۆشانی چەوساوان نییە، بەڵكو یانەی میانجیگەریی نێوان دەسەڵاتدان و ڕێكخستنی بەرژەوەندی ڕامیاران و سەرمایەدارانە، بەواتایەكی دیكە یانەی تەبایكردنی دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییەكان و ڕەوایەتییدانە بە بڕیار و داخوازیی سەرمایەداران و پەسەندكردنیانە وەك بەندی دەستووریی بەناوی بەرژەوەندی باڵا و گشتییەوە.
كاتێك كە ھەر لە سەرەتاوە ڕۆڵ و سنووری چالاكی و شێوەی كاركردنی نوێنەر دیاریكرابێت و ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتداریی سەرووخەڵك و تاڵانگەریی كۆمپانییەكان و ڕەتكردنەوەی تەڕاتێن و زاڵیی مەرجەكانی نێوەندە جیھانییەكانی وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و دەوڵەتانی ناوچەكە و زلھێزەكان، بڤە و نەگۆڕبێت، ئیدی سۆشیالیستەكان [ئەناركیست و كۆمونستەكان] لەوێندەرێ [لە نێو پارلەمان] چی دەكەن و بەتەمای چین و چییان پێدەكرێت؟
هەروەها پارلەمان چ وەك دەزگەیەك و چ كایەكەرانی [پارلەمانتاران] پێش هەموو شت نوێنەرایەتی پارت و ڕامیاریی و لیست و بەرژەوەندییەكانی خۆیان و چینەكەیان دەكەن. ئەگەر هەمووان نوێنەرایەتی جەماوەردەكەن، ئیدی جەماوەر چ پێویستی بەو هەموو بەرنامە و پارت و لیستە جیاوازە هەیە، ئایا من لە كۆڵان و گەڕەكەكەمدا یا لە خوێندنگە و كارگە و فەرمانگە و مەیدانی بێكاراندا، داخوازی و پێداویستی گشتیی جیاواز لەوەی هاوكۆڵان و هاوگەڕەك و هاوپۆل و هاوكار و هاوفەرمان و هاودەردە بێكارەكەمم هەن و هەیە؟ ئەگەر وەڵام بەم سەرنج و پرسیارە “نا”یە، ئیدی ئەو هەموو پارت و لیست و گروپە ناو و بەرنامە جیاوازە لەپێناو چی و سوودیان چییە؟ ئەگەر وەڵامەكە “ئەرێ”یە، لە كوێدا داخوازی و بەرژەوەندیی من و هاوگەڕەكەكەم، من و هاوپۆلەكەم، من و هاوكارەكەم، من و هاوفەرمانەكەم، من و هاوگوندیی و هاوشارییەكەم دەكەوێتە ناكۆكی و جیاوازییەكان چین، كە دروستكردنی پارت و بەرنامە و لیست و گروپی جیاواز دەكەنە پێداویستی وەڵامدانەوە ؟
هەڵبەتە با ئەوە لەو لاوە بوەستێت، كە خودی پارت ئامرازی بەدەسەڵاتگەییشتن و بەهرەمەندبوونی دەستەبژێرێكە لە سەروەری و مشەخۆریی بەسەر كۆمەڵگەوە، من ئەوەش دەزانم، كە فیلۆسۆفی سەرهەڵدانی پارت و گروپە ڕامیارییە جیاوازییەكان چییە و چی بووەتە دروستكەریان، بەڵام كاتێك كە قسە لەسەر بەرژەوەندی و داخوازی و ئارەزوو و ژیان و كاروباری جەماوەرێك، كۆمەڵێك، چینێك، توێژێك، گوندێك، شارێك، هەرێمێك، كۆمەڵگەیەك و “نەتەوەیەك” دەكرێت، قسە لەسەر پرس و گرفت و داخوازیی و ژیان و كاروباری گشتی دەكرێت، واتە شتە هاوبەش و نێوكۆییەكان، كاتێك كە شتەكان هاوبەش و نێوكۆیی بن، ئیدی ئەو هەمووە گروپ و پارت و ڕامیارە مشەخۆرە لەپێناو چی ؟
بەڵام، وەك ئەزموونەکانی كۆمەڵگە چینایەتی و دەركەوتنی پاگەندەی سەروەران و دەسەڵاتخوازی خستوویانەتە ڕوو، ئەو گروپ و پارت و لیستانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چین و توێژێكی مشەخۆری كۆمەڵایەتی دەكەن و لەو نێوەشدا بەرژەوەندیی تاكەكەسیی ئەو كەسانەش، كە خۆیان كاندیددەكەن یا بە كودەتا و زۆردارەكی خۆیان دەسەپێنن، پێشنیارە و ئەگەر ئەو نوێنەرایەتییە بەخۆڕایی و خۆبەخشانە بووایە، بەدڵنیاییەوە هەر لەو ڕۆژەوە كە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ تێكشكێنراوە و دێمۆكراسی پارلەمانی بەناوی گەلەوە خراوەتە جێگەی تا ئەم ڕۆژە، هیچ ساختەچییەكی ڕامیار و پارتچییەك ئامادەنەدەبوو بۆ خولێكی یەك چركەیی خۆی كاندیدبكات. بەڵام وەك گوتم هەم بەرژەوەندیی كەسیی خۆی و هەم هاوبەرژەوەندیی مشەخۆرانە و سەروەرییخوازانەی چین و توێژەكەی، تاكە هاندەر ی خۆكاندیدكردن و هەڵپەكردنی ئەون بۆ بردنەوە و بەدەسەڵاتگەییشتن، كە بە خانەنشیینی پاشایانە كۆتاییدێت.
سەرەرای ئەمانەش، خودی پێكهاتەی پارلەمان، پێكهاتەیەكی قوچكەیی سەرووخەڵكییە و هیچ پەیوەندییەكی بە داخوازی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە نییە. هەروەها دیوەكەی دیكەی نوێنەرایەتی جێگیر و بەرتەرییدار و پارتییانە و ڕامیارییانەی كاندیدەكان، بریتییە لە بێویستكردنی [بێئیرادەكردنی] دەنگدەران و چاوەڕوانهێشتنەوە و گوێڕایەڵكردنیان بۆ چوار ساڵی دیكە، تاوەكو هەلی هەڵبژرادنی شوانەیەكی دیكەیان بۆ دەڕەخسێتەوە. بەم جۆرە دەبینین لە ماوەی چوار ساڵی دیاریكراودا، پارلەمانتارانی هەڵبژێردراو و فەرمانداریی كابینەی فەرمانداریی پێكهاتوو لەوان، بە ئارەزووی خۆیان بڕیار لەسەر بەرپاكردنی جەنگ، سازش لەتەك نێوەندە جیهانخۆرەكان، بێكاركردنی جەماوەر، گرانتركردنی كرێی خانوو، كەمكردنەوەی مووچە و كرێی كار، فرۆشتن و تاڵانكردنی كەرتەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، دابەشكردن و بەخشێنەوەی سامان و داهاتی كۆمەڵگە بەسەر هێزە سەركوتگەرەكان و بەكرێگیراوانی خۆیان، بەرتەریدان بە خاوەنكاران و بەرتەریدان بە كۆمپانییە جیهانییەكان و دەرگە ئاوەڵاكردن بۆ زلهێزەكان، وێرانكردنی ژینگە، دەركردنی یاسا هەڵاوێرییەكان [لەوانە یاسای چەند ژنە و پلەدوویی كۆچەران] و یاسای تایبەت لە بەرژەوەندی خۆیان، دابینكردنی مووچە و خانەنشینی پاشایانە بۆ خۆیان و دەستوبەندەكانیان..تد لەو چوار ساڵەی نوێنەرایەتی دەنگدەرانی بەمێگەلكراودا، ئەوان مافی هەموو ملهوڕییەكیان بەسەر كۆمەڵگەوە هەیە و تا ئێستا لە مێژووی سیستەمی پارلەمانیدا ڕووینەداوە، كە پارلەمان و پارلەمانتاران لە بەرژەوەندی چین و توێژەكانی خوارەوە بڕیارێك یا یاسایەك دەربكەن، ئەگەر شتی ئاواش ڕوویدابێت، ئەوا تەنیا كاتێك بووە، كە كۆمەڵگە خرۆشاوە و شەو و ڕۆژ تێكۆشانی بۆ كراوە و پارلەمانتاران لە ناچاریی و لەژێر فشار و مەترسی هەڵگەرانەوەی جەماوەردا، ناچار بە هەزار و یەك فروفێڵەوە یاسا و بڕیارەكان دەستكاریكردووە یا وەك شتێكی كاتی ڕایانگرتووە. ئەمە دیوی شاراوە و داپۆشراوی نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆیە، كە هەردەم بە دێوجامەكانی نوێنەرایەتی هاوبەرژەوەندیی “نەتەوەیی” و “نیشتمانی” و “ئایینی” و “ڕەگەزیی” ڕزاێنراوەتەوە. لەبەرئەوە بوونی من یا تۆ یا ئەو، نیازپاكی و دڵسۆزیی من و تۆ یا ئەو، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە هەر كەس گەییشتە ئەو جادووگەرخانەیە، دەبێت و بەسەریدا دەسەپێنرێت، كە لە بەرژەوەندی سیستەمەكە مشەخۆرییەكە بدوێ و بڕیاربدات، ئەگەرنا زۆر بە ئاسانی لە سیناریۆیەكی ڕامیارییدا كەنارەگیردەكرێت، هەڵبەتە ئەگەر كەسەكە بتوانێت لە بەرامبەر حەزی سەروەرییخوازیی و مشەخۆرییدا پاكی خۆی ڕابگرێت و دڵسۆز بـمێنێتەوە !
لەبەرئەوە، ھەر ئاوا كە ناكرێت چەك بۆ زیندووكردنەوەی كوژراوان بەكارببرێت، ئاواش ناكرێت دەزگەی فریودان بۆ هوشیاركردنەوەی خەڵكی بەكارببرێت. پارلەمان كۆڕی مشەخۆرانی كۆمەڵگەیە و هەر كەسێك تەنانەت هەژارترین كەس و شۆڕشگێڕترین كەسیش بچێتە ئەو كۆڕەوە، ئەوا تەنیا دوو ڕێگەی لەبەردەمدا هەیە؛ یا خۆكوژی و وازهێنان یا بەشداربوون لە مشەخۆری و گەندەڵی و خەڵكفریودان !
***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە
بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ٤
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
هەژێن
بەشی چوارەم
جیاوازی ماركسیزم و ئهنارشیزم چییە، چیتان ھەیە، كە جیاكەرەوە و جێی شانازیكردن بێت ؟
بەڵی، بەدڵنیاییەوە ئەگەر جیاوازی نەبووایە، بەدرێژایی دوو سەدە بیریاران و لایەنگرانی ئەو دوو باڵەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی، دژبەیەك و لە بەرامبەر یەكدیدا نەدەوەستان، ھەروەھا بەدڵنیاییەوە لە ڕوانگەی بیریاران و لایەنگرانی ھەر یەك لەو دوو باڵەوە وەك یەك و ھاوتا، جیاوازییەكان نەخراونەتەڕوو. لەبەرئەوە من وەك لایەنگری ھزری ئەناركی، ئەو جیاوازییانە دەخەمەڕوو، كە بۆ من باسكردنیان پێویست و یەكلاكەرەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی كە ھەژماركردنی جیاوازییەكان لە ڕوانگەی ئەناركییەوە زۆرن و لێرەدا ناكرێت بەدرێژی لەسەریان بدوێم، ناچار بە كورتی، سەرخەتی جیاوازییە سەرەكی و ھەرە دیارەكان بخەمەڕوو. بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا جیاوازییەكان نیشانبدەم، چونكە ئەگەر بچمە وردەكارییەوە، ئەوا وردەكاریی جیاوازییەكان لە تێڕوانین و كردداردا بەچەندین پەتووك تەواو نابن و كارێكی ئاوا، كاری تەنیا كەسێك نییە و لە توانای من بەدەرە، سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی بە خەیاڵمدابێت و تا ئێستاكە دەركمكردبێت، ئەمەی خوارەوە پوختەكەیەتی:
ماركسیستەكان، بوونی پارت و ڕابەریی دەستەبژێری ڕامیاریی بە مەرجی شۆڕشگێڕبوونی بزووتنەوەكان دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایە، ئەوان مێشكی پڕۆڵیتاریا پێكدەهێنن و ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی چین و توێژە پرۆلیتێرییەكان دەكەنە ملكەچی پارتی پێشڕەو و سەركەوتنی ڕاپەڕین و خەبات و گەییشتن بە سۆشیالیزم بەبوونی ئەو دەزگە بیروكراسییە خواوەندییەوە دەبەستنەوە.
لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بە تاقە مەیدانی خەباتی سۆشیالیستی دەزانن و ڕێكخستنە ئابووریی و جەماوەرییەكان بە تاقە سەنگەری خەباتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان دژی سەروەریی چینایەتی بۆرجوازی دەزانن. لەسەر ئەم بنەمایە، هەم دەستەبژێری پێشڕەو و مێشكی بیركەرەوە لە جیاتی پڕۆڵیتاریا ڕەتدەكەنەوە و هەم ڕۆڵی خۆسەپێنەرانەی تاك بەسەر بزووتنەوەکدا ڕەتدەکەنەوە و هەم دژایەتی باڵا و پایینی ڕێكخستن دەکەن. لەمەش واوەتر، ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان هەر بەتەنیا بە ئامرازی بەدەستهێنانی داخوازییە دەستبەجێكان یا سەرخستنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان نازانن، بەڵكو وەك فێرگەی تاکی هوشیار و پێشینەی هەرەوەزییەكانی كۆمەڵگەی داهاتوو [سۆشیالیستی/ ئەناركی]شیان لەبەرچاویاندەگرن. لەبەرئەوە هەموو سەرکردایەتی و ڕابەرایەتییەکی تاکەکەسیی یا خوایی دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان ڕەتدەکەنەوە، هەڵبەتە گرفتەکە هەر بەو ڕەتکردنەوە کۆتایی نایێت، بەڵکو پێویستی بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجییەکانیش هەیە، واتە لەنێوبردنی میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی هەلپەرستی و دەسەڵاتخوازیی و بیروکراسی و خۆسەپاندن، کە پارت و ڕابەر و سەنیدیکای زەرد لەسەر یان دادەمەزرێن.
ماركسیستەكان، شۆڕش بە سەركەوتنی ڕاپەڕین و بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتی پێشڕەو و گەییشتن بە دەسەڵاتی ڕامیاریی دەزانن، بۆ نموونە كە دەڵێن شۆڕش لە ڕوسیە، بەدیاریكراویی مەبەستییان لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧یە، كە تێیدا بۆلشەڤیكەكان وەك دەستەبژێرێكی ڕامیارپیشە لە نائامادەیی هوشیاریی و کەم دەركی شۆڕشگێرانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكاندا بەدەسەڵاتی ڕامیاریی گەییشتن. لە ڕاستیدا كەتوار و ئەو دیوی دیوە شێوێنراوەکەی ڕووداوەكان، وێنایەكی دیكەی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیکەکان و پاشڕەوانیان پاگەندەی دەکەن، لە ئەم ڕۆژەدا بۆ شۆڕش بەرجەستەدەكات، بە واتایەکی دیکە ئەو گۆڕان و زەمینەلەبارییەی ڕوسیە بۆ ڕاپەڕین لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەرهەمی چەند سەدە ستەمگەریی ئیمپراتۆریی تزارەكان و چەندین دەهە خەبات و خۆڕێکخستنی کرێکاران و جوتیاران و مانگرتنە پەیتا پەیتاکان و ئەزموونگیریی لە شکستی ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و بەرەنگاریی و یاخیبوونی جەماوەریی جوتیاران و کرێکاران و سەربازان بوو، نەك بانگەوازی ڕامیارپیشە بۆلشەڤیکەکان لە هەندەرانەوە و پلانڕێژیی ئەوان بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکان.
ئەناركییەكان، بەلایەنیكەمەوە من و کەسانی هاوبۆچوونی من، شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی بەردەوام و ئاڵوگۆڕ لە هوشیاریی و مێنتالیتی و بیركردنەوە و تێڕامان و شێوەژیان و كولتوور و ڕۆشنبیریی مرۆڤدا دەزانن/ دەزانین، كە لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕانە و پەرەسەندنی خەباتی ڕۆژانە و جێكەوتەبوونی ژیانی نابۆرجوازیی وەك ئەلتەرناتیڤ و شكانەوەی هاوسەنگی هێز بەلای شۆڕشگێران و ڕوخاندنی یەكجارەكی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا دێتەدی.
لای ماركسیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكان بۆ گۆڕینی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییان، بریتییە لە ڕیفۆرم و خودی ڕیفۆرمكردنی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی ڕامیاریی بە پۆزەتیڤ دەنرخێنن، بەواتایەكی دیكە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی لەچاو هەوڵی ڕامیارییانەی پارتە پێشرەوەكانیان، بە كەم دەگرن.
بەڵام لای ئەناركیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان، بریتی نییە لە ڕیفۆرم و واوەتر لەوەش بە هەنگاوە ڕۆژانەیی و هەر ساتییەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایەی كە شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاركردی هوشیارانەی خودی چەوساوانە، بەو هۆیەوە خەباتی ڕۆژانە بە تاقە سەنگەر و خەباتی ڕەوا دەبینن و دەناسن. بەڵام هیچ كات ڕێگە بەو خۆشباوەڕییە نادەن، لەنێو چەوساواندا تەشەنەبكات، كە ڕیفۆرمكردنی دەسەڵات و چەنەبازیی نێو پارلەمانەكان لە بەرژەوەندی چەوساواندا بێت.
ماركسیستەكان، شێوەیەك كە بۆ ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی پێشنیاردەكەن یا دەستی بۆ دەبەن، هەم نێوەندگەراییە و هەم قوچكەییە، واتە لەسەرەوە بڕیارەكان دەدرێن و خۆیان واتەنی ڕابەران [كۆمونیستەكان] بەرژەوەندەی هەموو چینەكە باشتر دەزانن. وەها ڕێكخستنێك چ لەو باڵەیدا كە سۆشیال-دێمۆكراتەكان كردیانە بەشێك لە دەوڵەتی بۆرجوازی و چ ئەو جۆرەی كە بۆلشەڤیكەكان كردیانە داردەستی دەوڵەتەكەیان، هەمان ڕێكخستن و پێكهاتەی قوچكەیی و باڵا و پایینی هەیە. لەو ڕێكخراوانەدا بڕیاری مانگرتن و چالاكی و بەشداریكردن و نەكردن و هەڵویستوەرگرتن و هاوپشتیكردن و كاری هاوبەش، لە سەرەوە دەدرێت و مێشكی گەورە [ڕابەران] دەیدەن. هەر لەبەر ئەو هاندەرە نێوەندگەراییە بوو، بۆلشەڤیكەكان توانانی بەرگەگرتنی مانەوە و درێژەی كاری سۆڤییەتەكانیان نەبوو و لە ساڵی ١٩١٨ بەدواوە سۆڤیەتەکان پەراوێزخران و پووكێنرانەوە، چالاكانیان یا ناچار بە گوێرایەڵیی پارتییانە كران یا دوورخرانەوە و خرانە ژێر كاری زۆرەملێ و تۆمەتباركردنیان بە دوژمنی شۆڕش و بەكرێگیراوی لەشكری سپی. بەداخەوە كۆمونیستەكانی خۆرهەڵاتی ناوین لە گەڕان و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی لاكەوتەیی و پەراوێخران و چەككردنی سۆڤییەتەكان، دەسەپاچە و كڵۆڵن یا نادرەبەستن و بە لێکدانەوە و پێوەری ئایدیۆلۆجیکی پاساوی سەرکوتگەریی و بیرۆکراسیی و نایەکسانی و نادادوەریی و پارتپاشایی و داراییی دەوڵەتی و کاریکرێگرتە و هەبوونی سزای سێدارە و کاری زۆرەملێ و دەزگەی سیخوڕیی و سەرووخەڵکیی و زیندان، دەدەنەوە.
لای ئەناركیستەكان، لەسەر ئەو بنەمایەی بڕاوایان بەوە هەیە، كە “ڕزگاری كرێكاران بەرەنجامی خەباتی خودی خۆیانە”، هەم ڕێكخستن ئاسۆیی و نانێوەندگەرایە و هەم ڕێكخراوە و بەشەكانی ڕێکخستنی هەر كارخانەیەك و پیشەیەك و گەڕەك و شوێنێك، سەربەخۆیی خۆیان لە بڕیاردان و چالاكیكردن و هاوپشتیكردندا هەیە، بێجگە لەوەش، مانگرتنی كتوپڕ و نایاسایی و مانگرتنی گشتی، شێوازی ناسراو و ڕێسایی [ترادیسیۆنی] خەباتی ڕاستەوخۆی سەندیكا و ڕێكخراوە جەماوەرییە شۆڕشگێڕەكانە و كۆبوونەوەی گشتی بەردی بناخەی هەر چالاكی و بڕیاردانێكە.
ماركسیستەكان، پێداگریی لەسەر پێویستبوونی دەوڵەت دەكەن و سەروەریخوازن، لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، دەوڵەت بە ئامرازی چینایەتی و پێداویستی ھێشتنەوە و پارێزگارییكردن لە كۆمەڵگەی چینایەتی دەزانن، لەبەرئەوە دژی هەموو دەوڵەتێكن بەناوی كرێكاران و سۆشیالیزمەوە، چونكە لەو بڕوایەدان، کە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی / ئەناركی، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتیی و نادەوڵەتییە و تێیدا چینێك بۆ سەروەریی نامنێتەوە، چ كرێكاران بەدیاریكراوی و چ پڕۆڵیتاریا بەگشتی.
لای ماركسیستەكان، وابەستەیی و پاشڕەویی ڕێكخراوە جەماوەریی و پیشەیی و ئابوورییەكان بۆ پارتی پێشڕەو، مەرجی كاری سەرتاسەریی و كاراییانە، بۆ ئەو مەبەستە هەردەم بە خۆتێهەڵقورتاندن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەندامانی باڵا و گوێڕایەڵی پارت لە كاروباری ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا، ڕێكخراوەكان دەكەنە گیرفان و لاورگی پارت یا داردەستی پارت و وەك ڕۆبۆت هەڵیاندەسووڕێنن، لەم بارەوە چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بینەری چەندین ئەزموونی تێکشکێنراوین، لەم بارەوە باشترین و نزیکترین نموونەگەلی ناسراو لە هەرێمەدا “یەکێتی بێکاران لە کوردستان “، “ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان” و “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی خوێندکاران” و ڕێکخراو و سەندیکاکانی دیکەی کرێکاران و کارمەندانن، کە بە دەستتێوەردان و پاشکۆکردن و پیلانگێریی کۆمونیستە کرێکارییەکانی هەرێم، وەك دیارییەك بۆ بۆرجوازی، لەنێوەوەڕا کرمۆڵ و تێکشکێنران و دەرگەی بنکەیان لەلایەن کەسانی خۆبەڕابەرزانەوە قوفڵدرا.
لای ئەناركیستەكان، یەكگرتن و هاریكاریی چینایەتی ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە سەرتاسەرییەكاندا لەسەر بنەمای سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] ڕێكخراوە ئەندامەكان و هاوپشتی بەردەوام و ئازادی بەشداریكردن و نەكردنی چالاكییەك، پێكدێت. واتە سەربەخۆیی خۆجێی و هەستی هاودەردی و پێداویستی هاوپشتی سەرتاسەریی، جێگەی ملکەچی بۆ نێوەندگەرایی و فەرمانبردن بۆ سەروەریی سەرانی پارت و سەندیکا قووکەییەکان، دەگرێتەوە.
ماركسیستەكان، لەسەر بنەمای باوەڕبوونیان بە پێداویستی دەوڵەت بەناوی كرێكارانەوە، سامان و كەرەستەكانی بەرھەمھێنان و كەرتە پیشەسازیی و كشتوكالییەكان و داھاتی کۆمەڵگە دەوڵەتیی دەكەنەوە، لەبەرئەوە دەستەوداوێنی بەرنامەڕێژیی نێوەندییانەی ئابووری و بەرھەمھێنان و دابەشكردن دەبنەوە و دواجار بخوازن یا نا، خۆبەخۆ ئەو كارە بە دەستەبژێرێكی بەرتەریدار و بڕیاردەر لە سەرووی كۆمەڵگەوە دەسپێرن و ھەر بەرھەڵستییەك لە بەرامبەر نەرێنییەكانی ئەو بەرنامەڕێژییەدا، بە ھەوڵ و پیلانی دژە-شۆڕش تۆمەتباردەكەن و بە ھەمان دەردی ئایدیۆلۆجیاگەریی، پاساوی نەرێننییەكان دەدەنەوە و لەو پێناوەشدا پێشتر سەركوتێكی ڕێكخراو بەناوی “دیكتاتۆری پڕۆڵیتاریا” ئامادەی بەرگرتن بە ھەموو ناڕەزایەتییەكی بەرھەمھێنەران و خوازیارانی خۆڕێكخستن و خۆدابەشكردنی بەرهەمەکانیان دەكەن. لەم بارەوە نموونەی زیندووی مێژوویمان لەبەردەستە، کاتێك كە كۆمونیستە شوراییەكان لە كرۆنشتات دژی بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاسا ڕامیارییەكانی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی بوونەوە و خوازیاری كۆنترۆڵی كرێكاریی و شورایی بوون، یا لە ئۆكرانیا ئەناركیستەكان [ھەرەوەزییە پیشەسازیی و كشتكارییەكان] ویستیان لە دەرەوەی بەرانامەی نێوەندسەپێنراوی بۆلشەڤیكەكان و سەركوتگەرییەكانی لەشكری سوور و لە (سان پیتەرسبۆرگ) كرێكاران بە پێداگریی لەسەر كۆنتڕۆڵی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاری پێداگرییانكرد، كرێملین فەرمانی بە لەشكری سوور دا و دیكتاتۆریی پارتیان لەژێر ناوی پرۆلیتارایاوە، خستەگەڕ و کوشتوبڕێکیان بەڕێخست، کە هێشتا لەشکری سپی ئەنجامینەدابوو.
لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، پێداگریی لەسەر نانێوەندیی [خۆجێی و سەربەخۆیی] خۆبەرێوەبەرایەتی و بڕیاردان لەلایەن ھەرەوەزییە ئازادەكان یا ناوچە و ھەرێمە ئازادە پێكھاتووەكان لە یەكگرتنی فیدڕاڵییانەی ھەرەوەزەییەكان، دەكەن، كە لەوێدا ئازادی تاك لە هەرەوەزییەكان و ئازادی هەرەوەزیی و كۆمیونیتییەكان لە یەكگرتنی فیدراڵییانەی ناوچە و هەرێمەكاندا، بناخەی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆبڕیاردانن. بەو جۆرە نە نێوەندی بڕیاردان و نە نێوەندی بەرنامەڕێژیی لە ئارادا نابن، ئەوی هەیە و دیاریكەری ڕەوایەتی كارەكانە، پێداویستیی ژیانی تاك و هەرەوەزییەكان و وەڵامدانەوەیەتی بە یەكێتی ئازادانەی ناوچە و هەرێمەكان. بە واتایەكی دیكە، لای ماركسیستەكان یا لە ئەڵتەرناتیڤی ئەواندا تاك و هەرەوەزیی و شوراكان ملكەچی سەرەوەی خۆیان [دەسەڵاتداران]ن و ژیان و داهاتووی كۆمەڵگە، حەز و ئاوەزی چەند كەسێك دیاریدەكەن، بەڵام لای ئەناركیستەكان، ئەوە ئازادی تاك و هەرەوەزییەكان و پێداویستییەكانی ژیانی كۆمیونیتییەكان و وەڵامدانەوە بە هاوپشتی و یەكێتی ئازادن، كە دروستی و ڕەوایەتی بە بڕیارەكان دەدەن.
ماركسیستەكان، لەسەر بنەمای نێوەندگەرایی دەسەڵات و بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاساكان، بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵكیی پارت و پاشڕەوانی، سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەسەر مۆدێلی كەرتی پیشەسازیی و كشتوكالیی دەوڵەتیی بە زۆرەملێیی بەسەر کرێکاران و جوتیاران و ئەندامانی كۆمیونیتییەكاندا دەسەپێنن و تەنانەت نموونەسازی كولتووری لەسەر بنەمای بیركردنەوەی ئەندامانی بڕیادەری پارت و دەسەڵات دەكەن و هونەر و ئەدەب و ئارەزووەكانی تاك لە قاڵبدەدەن. باشترین نموونەش كاركردی بۆلشەڤیكەكان بوو، كە خەڵكیان ناچار بە بەشداری و بوونە ئەندام لە هەرەوەزییە دەوڵەتەییە سەپێنراوەكاندا دەكرد، ئەگەر كەسێك ملی بەو پرۆژەیە نەدابایە، ئەوا دوورخرانەوە و كاری زۆرملێی و مردن لە سیبریا چاوەڕێی دەكرد.
بەڵام ئەناركیستەكان، بەپێچەوانەوە، لەسەر بنەمای نانێوەندییوبوونی [ئۆتۆنۆمبوونی] هەرەوەزییەكان و ئازادی تاك لە بەشداریكردن و نەکردن لە هەرەوەزییەكاندا، هەروەزییەكان ئارەزوومەندانە وەك دەستپێشخەریی خۆبەخشانەی كۆمەڵایەتی، تەنانەت لەباری لاوازی تاكە بەشدارینەكردووەكاندا، هاوپشتیی مرۆیی لەتەكیاندا دەكەن و كۆمەكی كۆمەڵایەتی و هاوپشتیی ئازادانە، بەردی بناخەی پێكهێنانی هەرەوەزییە كۆمەڵایەتییەكانە، باشترین نموونە لەم بارەوە، ئەو هەرێمانەی ئیسپانیان، کە لەسەر بنەمای بۆچوونە ئەنارکییەکان ڕێکدەخران، لەوانە بە دیاریکراویی هەرێمی’كەتەلۆنیا’ی ئیسپانیا لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٣٦-١٩٣٩، كە نەك تەنیا لە ڕووی ئازادی و ئابوورییەوە مەترسی بوون بۆ سەر دەسەڵاتی فرانكۆییەكان و كۆمارییەكان، تەنانەت مەترسیش بوون بۆ سەر مۆدیلی بۆلشەڤیكی سۆشیالیزم [دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی]. بۆ تێگەییشتن لەمە، پێویستە لە نێوان هەنگاوە کردەییەکانی بۆلشەڤیکەکان ١٩١٧ – ١٩٨٩ لە ڕوسیە لەتەك ئەنارکییەکان ١٩٣٦ – ١٩٣٩ ئیسپانیا و سەرەنجامەکانیان، بەراوردبکرێت.
هەڵوێستی ئێوه بهرامبهر ئایین و كەڵچەر چییە و چۆنە ؟
ئایین و كولتوور، خودی ئایین بەشێكە لە كولتوور، بەڵام بەشی نەگۆڕ و كۆنەپارێزی كولتوور. بەپێچەوانەوە بەشەكانی دیكەی كولتوور، ھەردەم لە گۆڕاندان و ئەوەی لەم ڕۆژەدا كولتووری جێكەوتەیە، ڕۆژگارێك بوونی نەبووە. گۆڕانی كولتوور بۆ كەسانێك كە لەنێویدا دەژین، وەك سووڕانەوەی زەوی لە دەوری خۆر وایە، كە كەمتر یا ھەر ھەستی پێناكەن. بەڵام بۆ كەسانێك كە لە دەرەوەی كۆمەڵگەوە تێیدەوانن، ئەو گۆڕانە ھێواشە زۆر بە ئاشکرا دەبنینن و باشترین نموونەش شۆكی تاکی کۆچەرە لە دەمی گەڕانەوەیدا بۆ نێو بازنە كولتوورییەكەی، كە پێشتر تێیدا ژیاوە و بەڕادەیەك جۆرێكی دیكە بووە، کە خودی تاکی کۆچەر بەراورد بە کۆمەڵگەی بەجێهێڵراو لە مانەوەی یا پاراستنی بەها کولتوورییەکانیدا کۆنەپارێزتر ماوەتەوە.
ئەوەی ھەڵوێستی ئەناركیستان بەرامبەر كولتوور چۆنە و پێویستە چۆن بێت، پەیوەندی بە ڕۆڵی كولتوور و ھێز و دەسەڵاتی كولتوورەوە ھەیە، ھەڵبەتە ئەو كەسانەی كە ڕواڵەتییانە لە كولتوور دەڕوانن و ڕۆڵی كولتوور لە گۆڕانی شۆڕشگێڕانەدا كەم دەگرن، تێگەییشتنیان لە كولتوور هەڵە و لنگاوقوجە.
ئەگەر بێت و ناچاربین پێناسەیەك بۆ كولتوور بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێن كولتوور بۆردی (نەخشەڕێژی) كەسایەتی تاك و كۆمەڵگە پێكدەھێنێت و ھەموو كات مۆری خۆی لە ڕەفتار و شێوازی بیركردنەوە و ئاوەزی تاكەكان دەدات. ھەڵبەتە ناکرێت ئەوەمان لەبیربچێت، كە مرۆڤ لە لەدایكبووندا بێكولتوورە و ئەوە دەزگە و نێوەندە كۆمەڵایەتییەكان (خێزان، پەرەستگە، فێرگە، شوێنی كار)ن، كە دەیكەنە بوونەوەرێكی خاوەن كولتوور، بۆ نموونە مرۆڤێك كە لە ھەندەران لەدایك و پەوەروەردە دەبێت، كولتووری لە كولتووری كۆمەڵگەی لێوەھاتوو ناچێت یا ئەو منداڵانەی كە لە دەرەوەی خێزان و كۆمەڵگەكەیان وەك منداڵی بەخێوكراو دەگیردرێنەخۆ، دەبنە ھەڵگری كولتووری شوێنی گەورەبوون و پەروەردەبوونیان.
بەبۆچوونی من لە كۆمەڵگەدا لە دەرەوەی كولتوور، كەسایەتی و دەسەڵات بوونی نییە و نابێت. دەكرێت تۆ كولتوورێكی دیكەت ھەبێت، بەڵام بێجگە لە منداڵی ساوا، كەسی بێكولتوور بوونی نییە، ھەروەك چۆن كەسی بێڕوشت بوونی نییە و بەجۆرێك لە جۆرەكان ھەموو تاكێك ھەڵگری كولتوور و ڕەوشتێكە، لەبەرئەوە بە ھەر جۆرێك دژایەتی كولتوورێك یا ڕەوشتێك بكەیت، دەكاتە ئەوەی كە ھەڵگری كولتوور یا ڕەوشتێكی دیكەیت، بەڵام لەو دووانە خاڵی نابیت. بەداخەوە لەژێر كارایی بیركردنەوەیەك كە ئامانجی سڕینەوەی بەرامبەرەكەیەتی، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دوو واژەی نادروست جێكەوتە بوون؛ بێفەرھەنگ [بێكولتوور] و بێڕەوشت. ئەو كاتەی كەسێك كە لە بەشێكی كولتووری زاڵ یا ڕەوشتی باو لادەدات، خاڵی نییە لە كولتوور و ڕەوشت، بەڵکو بەراورد بە كولتوور و ڕەشتی ڕەوابینراو و پەسەنكراو، خراپ یا بەد-کولتوور و بەدڕەوشتە، بەڵام هەرگیز بێکولتوور و بێڕەوشت نییە و نابێت.
هەروەها هیچ دەسەڵاتێك بەبێ پشتیوانی دەسەڵاتی کولتووری بوونی نییە و توانای خۆگرتنی نییە، هەر لەبەرئەوەیە، کە دەسەڵاتداران بۆ مانەوە و خۆپاراستن و کۆمەڵایەتییبوونەوەی دەسەڵات و ڕامیارییان، هانا بۆ پشتیوانەی کولتووریی دەبەن. ئەوەش لەبەر دوو هۆ؛ یەکەم هێزی کولتوور بە سروشت کۆنەپارێزە و دووەم، بەبێ پایەی کولتووری و پێکهاتەی قوچکەیی کولتووریی، سیستەمی قوچکەیی توانای کۆمەڵایەتییمانەوەی نییە. لەبەرئەوە، ئەوی بخوازێت، سیستەمی ژیان و بەڕێوەبەرایەتی و مێنتاڵیتی تاك و کۆمەڵ بگۆڕێت، پێویستە کار لەسەر گۆڕینی بنەما و یەکەی کولتووریی لەو بوارانەدا بکات، واتە هێزی دژەتەوژم لە کایە کولتوورییەکاندا بۆ بەرەنگاری و لەنێوبردنی سیستەمی کۆن و پێکهاتەی کۆمەڵگەی چینایەتی، بەواتای پووچکردنەوەی بنەما كولتوورییەکانی خوا-دەوڵەت-پارلەمان. ئەمەش کاتێك مەیسەر دەبێت، کە ژیان و کۆمەڵگەی نوێ، بووبێتە بەشێك لە كولتووری تاکە گۆڕانخوازەکان لە خەباتی ڕۆژانە و بەرەنگاریی هەر ڕۆژەدا. کاتێك کە هاوسەنگی هێز لەنێوان ڕیسای كولتووری جێکەوتوو و تەوژمی كولتووری نوێدا، بەلای شۆڕشدا دەشکێتەوە. هەڵبەتە پەیوەندی نێوان کارایی تاك لەسەر کۆمەڵ و کارایی کۆمەڵ لەسەر تاك، کارایی گۆڕانی ئابووریی لەسەر هوشیاری تاك و کارایی هوشیاریی تاك لەسەر بنەما كولتوورییەکان، زۆر دژوار و ئاڵۆزن و هەندێك جار وەك ئەو مەتەڵەی لێدێت، کە “هێڵکە لە مریشکە یا مریشك لە هێڵکەیە”. بەڵام یەك شت نکۆڵیهەڵنەگر و سەلمێندراوە، ئەویش ئەوەیە، کە هیچ گۆڕانێکی پۆزەتیڤ یا لاوازکردنێکی دەسەڵات و سەروەریی بەبێ گۆڕان و لاوازبوونی پایە كولتوورییەکانیان ڕووینەداوە و هەروا هیچ گۆڕانێکی كولتوورییش بەبێ گۆڕانی ژێرخان و پێگە ئابوورییەکان، هەرگیز ناتوانێت ڕووبدات.
لەبەرئەوە، هەموو گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە، گۆڕانێکی فرە-ڕەهەند دەبێت و یەکێك لە ڕەهەندەکانی، ڕەهەندی كولتووریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و تێڕانینی شۆڕشگێڕانەیە. دیسانەوە وەها گۆڕانێك، داخوازیی گۆڕانی یەکە وردەکانی كولتوورمان لێدەکات، کە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی تاك و ڕێکوتنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵدا بەرجەستەدەبن و زۆر جار بۆ ڕامیارپیشە خۆ بە شۆڕشگێڕزانەکان، شتی لاوەکین یا بە “ڕەخنەی مۆڕاڵیی پێ لە ئاسمان” ناوبراون.
***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە
بەشی یەکەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان / ٣
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
هەژێن
بەشی سێیەم
من وا له ئهنارشیزم دهگهم، كه دژی كۆمهڵگهی هاوچهرخ بێ و خوازیاری گهڕانهوهی ژیان و كۆمهڵگە بێت بۆ سهردهمی ئهشكهوتنشینان، ئایا بەخۆشتان پێتان وانییه؟
ئەگەر مەبەست لە كۆمەڵگەی ھاوچەرخ، تەكنۆلۆجیای بۆمب و ڕۆکێتی ژیری چۆنیەتی مرۆڤکوژی و فڕۆكەی جەنگی و تانك و پیشەسازی ناپێویست و تێكدانی ژینگە و نامۆكردنی مرۆڤ بەخۆیی و سروشت بێت، بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەناركیزم دژایەتی سەرسەختی ئەوانە بێت و ھەوڵ بۆ لەنێوبردنیان بدات. بەڵام ئەگەر مەبەست لە ھاوچەرخییکردنی كۆمەڵگە و ئاسانكاریی و ئاسوودەیی مرۆڤ بێت لە سایەی دەسكەوتە زانستی و تەكنۆلۆجییەكاندا، ئەوا پێویستە ئەناركیزم پشتیوانی پەرەپێدانیان بكات. لە باری یەكەمدا [لایەنگریی ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژینگە] مرۆڤ لە سەرووی سروشت و ھەموو بوونەوەرەكانەوە دادەنرێت و ڕێگە بەخۆی دەدات، بۆ كایە گەمژەییەكانی (جەنگ و سوودپەرستی و زۆرداری)، ژینگە تێكبدات و ئاژەڵەكانی دیكە لەنێوبەرێت و لەوەش واوەتر ھاوجۆرەكانی خۆی كۆیلەبكات. ھەموو ئەمانە ڕۆژ بە ڕۆژ لەتەك گەشە و پەرەسەندنی تەكنۆلۆجییە ناپێویست و مەترسیدارەكان، بەرەو لوتكە دەكشێن و مرۆڤ بەخۆی نامۆتر و ژینگە وێرانتر و ھاوسەنگی بوون و ژیان لەنێودەبەن. زۆرێك لە بەناو دژەكان لە كۆمەڵگەی چینایەتییدا لەسەر ئەو بنەما ئایینییە كۆكن، كە ھەموو شتەكان بە خاتری مرۆڤ ئافەرێنراون و مرۆڤیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕێگە بەخۆی دەدات، ببێتە وێرانگەری سروشت و دواجار لەنێوبردنی خۆیشی وەك بەشێك لە سروشت. ئاییندارێك لەسەر بنەمای دانراوی خوادایانەی شتەكان، ڕەوایەتی بەكوشتنی ئاژەڵەكان و شەڕەكان دەدات، سەرمایەدارێك لەپێناو سوود و سەروەریی، جەنگ بەرپادەكات و ژینگە وێران دەكات و ئاژەڵەكان قڕدەكات، چەپەكانیش لەسەر ھەمان بنەمای باڵاىوونی مرۆڤ لە ئاییبنەكاندا و خۆپەرستی مرۆڤ، پاگەندەی یەخسیركردنی سروشت و گیانەوەرەکانی دیکە بۆ باڵابوونی دەكەن . بە بۆچوونی من، بەنرخترین سەرمایە خودی مرۆڤ نییە، بەڵکو ژینگەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێت ئازادانە و ئاسوودە تیایدا بژیت، چونکە بەبێ سروشت وەك گشتێك، هەرگیز مرۆڤ توانانی بوون و مانەوەی نییە و نابێت، بە واتایەکی دیکە پاراستنی یاسا سروشتییەکان مەرجی مانەوەیە نەك سەروەریی مرۆڤ بەسەر ئەوانی دیکە و دەوروبەرەکەیدا.
بەڵام ئەناركییەكان و لایەنی كەم لە تێڕاونینی مندا، مرۆڤ بەشێكە لە سروشت نەك سەروەری سروشت، تەنیا سەروەر لە سروشتدا، یاساكانی خودی سروشتن، مرۆڤ تەنیا یەكێكە لە زیندەوەرەكان و پێویستە پێبەپێی ھوشیاربوونەوەی، پشت لە پاشماوە دڕندانە ئاژەڵییەكەی بکات و ببێتە پارێزەری سروشت؛ بە ژینگە و ئاژەڵان و خودی خۆیشییەوە، بەواتایەكی دیكە ئەگەر بوونەوەرەكانی دیكە بەشێكی بێ(زیان) و تەواوكەری سووڕی ژیانەوە و بەردەوامی سروشتبن، ئەوا دەبێت و پێویستیشە مرۆڤ بەپێی دەرك و توانای ھوشیاریی، پێشەنگی سروشتپاریزیی بێت، ڕێك پێچەوانەی ئەوەی كە لەم ڕۆژەدا ھەیە و دەیكات. ئەوی ئاگای لە تێكچوونی باری كەش و ھەوا و ژینگە و لەنێوچوونی ئاژەڵان ھەبێت، ئەوە دەزانێت، ھوشیارییەك كە ئەم ڕۆژە مرۆڤ شانازی پێوەدەكات، ھاوچەرخكردن (مۆدێرنیزەكردن) و كولتوورییكردنی پاشماوەی دڕندایەتییە ئاژەڵییەكەیەتی، نەك ھوشیاری ئاشتكردنەوەی ھەموو پێكھێنەرەكانی سروشت و دووركەوتنەوە لەو پێشینە دڕدانەیە.
لەبەرئەوە ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت مل بە دڕندەیی بەلوتكەگەییشتووی ئەم ڕۆژەی بدات و لەنێوان دڕندەیی ئاژەڵییانەی سەرەتایی و دڕندەیی ھوشیارانەی ھەنووكەییدا، ڕێگەی سێیەمی مەیسەر نەبێت و بوونی نەبێت، ئەوا باشترە بگەڕێتەوە سەر دڕندەییە سەرەتاییە ئاژەڵییەكەی، چونكە ھەرچۆنێك بێت، لە دڕندەیی تەکلۆلۆجیکراوی ھەنووكەیی باشتر و كەم ڕەھەندترە !
لە وەڵام بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتاندا، دەبێت بڵێم نا، ئەناركیستەكان خوازیاری بەكاربردنی تەكنۆلۆجیا و زانست و توانایییە پەرەسەندووەكانی مرۆڤن لەپێناو بەرپاكردنی كۆمەڵگەی پێشكەوتووی ئازاد و یەكسان و دادپەوەر، كە تێیدا بەھرەمەندی مرۆڤ لە دەستكەوتە پێویست و ئاوەزپەسەندەكان و ئازادی و دادپەوەروەری، بەوپەڕی ئازادی و یەكسانی و سروشدۆستیی بگات.
له نووسینه ئهنارشیتییهكاندا دژایهتی ئایدیۆلۆجیا و پاشگره “ئیسم”ییهكان به ئاشكرا دیاره، ئایا جیاوازی لهنێوان ئیسمی ماركسیزم و ئهنارشیسم چییه؟
پێش ئەوەی جیاوازی ئەو دوو ئاراستەیە دەستنیشانبكەم، كە ھۆكاری ناكۆكی نێوان ئەو دوو ئاراستەیەش بۆ ھەمان ئەو جیاوازییانە دەگەڕێتەوە. پێویستە ئەوە ڕۆسنبکەمەوە، کە ئایدیلۆجیا، مەزھەب (ڕێڕەو)، ئاییننامەیەكی دانراوە، تاوەكو ژیان و ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگە ئاراستەبكات و داھاتووی كۆمەڵگە دیاریبكات. ئەمە ھەمان ئەركە كە دانراوەكانی یەھوڤا و ئینجیل و قورئانەكەی موحەمەد لە ئەستۆیانگرتووە، واتە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە لە چوارچێوەی تێڕوانین و دەركەوتی ھۆشیی كەسانێكەوە، كە بڕیارە پەیامەكەیان ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگە. وەك دەزانین لە ئایدیۆلۆجیا ڕامیارییەكان و ڕێڕەوە ئایینییەكاندا ھەموو شتێك یەكلاییكراوەتەوە و ھیچ بوارێك بۆ بیرلێكردنەوە و ڕەخنە نەھێڵڕاوەتەوە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەوانەوە ھەنگاو بنێت یا گومانبكات، دەبێتە لادەر و داردەستی دوژمن و دژی بەرژەوەندی گشتی.
ھەڵبەتە دانانی ئایدیۆلۆجیا بە چێکەری کۆمەڵگە یا ڕێڕەوی گەیشتن بە کۆمەلگەی داهاتوو، سەرچاوەی بۆ ئەو بۆچوونە دەگەرێتەوە، كە ھەموو كەس توانانی بیركردنەوەی نییە و تەنیا كەسانێك لەوە بەھرەمەندن و ئەركی ئەو بەھرەمەندانەش بیركردنەوەیە بۆ ئەوانی دیكە و ئاراستەكردنیان و ڕێكخستنی كۆمەڵگەیە بۆیان، كە بنچینەكەی ھەمان ئایدیای پێش مادەبوونی ھۆشە. ئەگەر خۆمان گێلنەكەین، ھەموومان بەرھەمی ئەو ئاراستەكردن و لە چوارچێوەدانەمان دیتوە، كە سیستەمە چینایەتییەكان؛ سەرمایەداری جۆری بازارئازاد و پارلەمان، سەرمایەداری جۆری دەوڵەتی (لەوانەش سۆشیالیزمی دەوڵەتی)، سیستەمی ئایینی جۆری ئیسلامی، كۆمەڵگەی پێدەچەپێن و دەبنە ھۆی لەكارخستنی ھۆشی تاك و ڕەوتی گەشەی ئازادانەی كۆمەڵگە و گەیشتن بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر.
ماركسیزم، ئایدیۆلۆجیایە و لەسەر بنەمای تێڕوانین و لێكدانەوەكانی ماركس و ئینگلس ڕۆنراوە و پاشڕەوانیان كۆمونیزم وەك ئایدیۆلۆجیایەك بۆ داھێنان و پێگەییشتنی ماركس و ھاوەڵەكانی دەگێڕننەوە و کۆمەڵگەی کۆمونیستی بە جۆرێك لە بیردۆزە و یاسامەندی ڕامیاریی دەناسێنن. ھەرچەندە ژیانی مرۆڤ لە بەرەبەیانەوە بەجۆرێك كۆمەڵایەتیی (سۆشیالیستیی) بووە و تا ئێستاش پاشماوەكانی ئەو كۆمەڵایەتییبوونە (سۆشیالیستیبوونە) و پێكەوەژیانە (كۆمونگەراییە) لە كۆمەڵگە سەرەتاییە دوور لە دەوڵەت و یاسای ڕامیاریی و ناچینایەتییەكاندا دەبینین و كۆمونیزم بەر لە ماركس و بیریارانی، خەونی كۆنی مرۆڤی ژێردەست بووە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما كۆمەڵایەتییەکانی ژیانی سەرەتایی یا بۆ ژیانێكی باشتر و ئاوەزپەسەندتر و گەشەکردووتر. بەڵام بەداخەوە پاشڕەوانی كارل ماركس و پاشینانی، تا ڕادەی مەزھەبێك، ھزر و ئایدیای كۆمونیزمیان تووشی دۆگماتیزم و سەرووڕەخنەیی كردووە و بۆ ھەموو وەڵامێك لە ھەر سەردەمێكدا یا بۆ لێكدانەوە و تێگەییشتن لەھەر كەتوارێك، دەگەڕێنەوە سەر گوتەكانی ماركس وەك پەرتووكە پیرۆزەكانی دیكە و ھەموو سەردەمەكان و ھەموو ڕووداوەكان و ھەموو بارەكان و ھەموو كەتوارەكان بە پێوەری دەركی ماركس دەپێون و ئەگەر وەڵامێكی ئامادەیان لە گوتەكانی ئەودا دەستنەكەوێت و دۆشدابمێنن، ئەوا دەستبەجێ سەرنج و ڕەخنە و ئایدیا و بۆچوونەكان بە لادەر و دژە كۆمونیزم و نازانستی و ناكەتواریی تۆمەتباردەكەن و بۆ پاساوی ھەموو ئەوانەش ئایدیۆلۆجیای ماركسیستیی بە زانست ناودەبەن، نائاگا لەوەی كە خودی زانست وەك دەركی مرۆڤ و دۆزینەوە كردەییەكان و زانستەكان بەگشتی، وەك ھەر ھزرێك بەردەوام لە گۆڕان و نۆژەنبوونەوەدان و بە وەلانانی ھەندێك بیردۆزی ھەڵە و جێگرتنەوەیان بە كۆمەلێك بیردۆزی ئاوەزپەسەندتر، دەبنە گیانی تیڕامان و زانستی سەردەم. بە واتایەكی دیكە لە ڕووی زانستییەوە، دەكرێت ئەوەی دوێنێ بیردۆزێكی زانستی بووبێت، لەم ڕۆژەدا نادروست بێت و ئەوەی لەم ڕۆژە زانستییە، سبەینێ پووچگەراییبێت.
لەبەرئەوە، بەکاربردنی چەمکی زانست و زانستی بۆ ئایدیۆلۆجیای کۆمونیستی، پارادۆکسی خۆی بەرهەمدەهێنێت؛ کاتێك مارکسیزم زانست زانسبێت، ئەوا دەبێت بەوەش ڕازی بن، کە دەبێت تیئۆرییەکی ناجێگیر و نەتەواوبێت و وەڵامی هەموو پرسیار و گومان و نەزانراوەکانی نەداوەتەوە. بەڵام ئەمە پێچەوانەی پاگەندەی مارکسیستەکانە، کە لەو باوەڕەدان مارکسیزم وەلامی بە هەموو شتێك داوەتەوە و کۆمەڵگەی داهاتوو [ناچینایەتی] هەمان کۆمەڵگە دەبێت، کە مارکس و ئەنگلس کڵێشەیان کێشاوە و هەروەها وەها بۆچوونێك سەرد و هەشتا پلە پێچەوانەی بۆچوونە زانستییەکانە و هاوڕا و هاودیدی بۆچوونە مەزهەبییەکانە، هەروەک چۆن پەیڕەوانی قورئان لەو بڕوایەدان قورئان وەڵامی بە هەموو شتێکی داهاتوو داوەتەوە و هەر بیرکردنەوە و بۆچوونێك لە دەرەوەی بازنەی ئەو، لادانە.
هەروەها ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم بە بیردۆزە یا دۆزراوەی مێشك و هۆشمەندی چەند کەسێك بێت، ئەوا کۆمەڵایەتییەبوونی وەک بزووتنەوەیەکی مێژوویی دەخەنە ژێر پرسیار و ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش دیسانەوە هەر ئایینگەراییە، واتە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ئایدیالبوون لە سایەی سێکوچکەی خوا – کلیسا – پاشا. واتە خوا [مارکس] دیاریدەکات کە چۆن بە کۆمەلگەی داهاتوو دەگەین، کلیسا [پارت] دەبێتە پێشەنگی ئەو ڕەوتە و پاشا [دەوڵەت] کۆمەڵگەمان بۆ ڕێدەکات و ئاگاداریمان دەبێت، ئەمەش دەکاتە بوونی هۆشمەندی لەپێش ماددەوە. هەر ئەم بنەما ئایدیۆلۆجییەکە کە تیئۆریسیۆنانی مارکسیزمی ناچار بە هانابردن بۆ دیکتاتۆری و دەوڵەت بەناوی پرۆلیتاریاوە، کردووە. لە بەرامبەردا ئەو سۆشیالیستانەی کە دیکتاتۆری و دەوڵەت وەك پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزم، ڕەتدەکەنەوە، بڕوایان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی تاك و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە هەیە، کە هەنگاو بە هەنگاوی کۆمەڵایەتییبوونەوەی ئامراز و پرۆسێس و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و گۆڕانی دارایی [الملکیة] تایبەت بە کۆمەڵایەتیی و نەمانی پێداویستیی کاریکرێگرتە و سەروەریی و جێگرتنەوەیان بە کاری هەرەوەزیی و هاوپشتی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی هەمووان، ئەو گۆڕانانە مەیسەردەبن.
بەبۆچوونی من ماركسیزم وەک هەر ئایدیۆلۆجیایەكی دیکە، لەسەر چەند پایەیەكی یەقینگەرایی وەستاوە و لە زیانی پاشڕەوانییەتی كە بە زانست ناوی بەرن، لەبەرئەوەی كە زانستی چەقبەستوو، بوونی نییە و تەنیا ئایین و مەزھەبەكان ئەو تایبەتمەندییەیان ھەیە، ھیوادارم دۆستە ماركسیستەكانم ئەم بۆچوونەم بە ھێرش و دوژمنایەتی كەسیی لێوەرنەگرن. ئەگەر ئەمەیان پێقوتنادرێت و دەخوازن ڕەتیبكەنەوە، با لە خۆیان و مێژوویەكی مەزھەبییەوە، كە بۆ بزووتنەوەی كۆمونەخوازی و خودی ھزری ماركس و ھاوەڵانی دروستیانكردووە، دەستپێبكەن و ماركسیزم لە چەقبەستنی ئایدیۆلۆجییەوە بگێڕنەوە نێو كایە ھزرییەكان و لە ئاسمانی پیرۆزییەوە دایگرنەوە نێو قوڕولیتەی ژیانی چەوساوان و بە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانەیان گیانی بەبەردابكەنەوە. ئەگەر نا تەنیا وەك چەند پەرتووكێكی زەردھەڵگەڕاوی نێو پەرتووكخانەكان یا چەند تێكستێكی دەرخكراوی نێو كەلەسەری ڕامیاران و چەند سكرتێری پارتێك دەمێنێتەوە و ھەر ئەو ئایینە دونیاییە دەبێت، كە پییەر جۆزیف پرۆدۆن لە وەڵامی نامەیەكی (خودی كارل ماركس)دا ماركس لە خراپیی و مەترسییەكانی ئاگاداریدەكاتەوە. [بۆ خوێندنەوەی وەڵامەكەی پڕۆدۆن بۆ نامەكەی كارڵ ماركس، كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكەن https://anarkistan.wordpress.com/2008/05/28 وەرگێڕانی قەرەنی قادری ]
بەڵام تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ئەناركیزم، ئەنارکیزم شێوازی ھزرین و کۆمەڵێك تێڕانینی یەکانگیرە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو، کە بەرەنجامی خەباتی ڕۆژانەن و تیئۆری بە بەرەنجامی کار و چالاکی دەزانن و كەس پەیامبەر و كەس خاوەنی نییە، بەردەوام لەتەك ڕەوتی گەشەی ژیان و مرۆڤایەتی، گەشەیكردووە و دەكات و وەك گیانی سەردەمەكان ھەردەم لە ھەموو مەیدانەكانی خەبات [ئازادی، یەكسانی ،دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، لەنێوبردنی سەروەریی، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی چینایەتی، پاراستینی ژینگە، ئاژەڵدۆستی، پێكەوەژیان و تەبایی بوونەوەرەكان و سروست، زانست و ھونەر و داھێنان]دا ئامادەبووە، ھەمووان چ بیریاران و چ كرێكارانی مانگرتوو و چ ئازادیخوازانی ئەناركییخواز، تەنیا سەربازی گومناوی ئەو پێناوەن و ھەر بۆچوون و بیرۆكە و بیردۆزێكی ئەنارکیستی، بەرھەمی خەباتی ڕۆژانە و ئەزموونە كردەییەكانی ئەناركیخوازەكانە. ھەڵبەتە ھەر لە نێونەتەوەیی یەكەم [ئەناركیستان واتەنی ‘نانەتەوەیی یەكەم’]ەوە چ ماركسیستەكان و چ لیبڕاڵەكان دواتر بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵیانداوە، ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆری وەك باكونیییەكان، پرۆدۆنییەكان لەسەر كێش و سەروای بلانكیستەكان و ماركسیستەكان، بە ئەناركییەكانەوە بلكێنن، بەڵام لەبەرئەوەی كە لەنێو خودی ئەناركییەكاندا كاڵای ساختەی ئاوا كڕیاری نەبووە و دژایەتی سەرسەختانە كراوە، بۆ تەنیا ڕۆژێكیش جێكەوتە نەبووە. بەداخەوە بە پێچەوانەوە لەنێو دۆستانانی (كۆمونیست)دا، بە شانازییەوە ئەو ناو و ناتۆرانە لەخۆیان دەنێن و زۆر مەزھەبیی و ئایییارانە دەڵێن “ئێمە ماركسیستین” و قوڕولیتەیەك كە ئیدئۆلۆگەكانی بۆرجوازی بۆیان دەگرنەوە، ئەوان بە پێخۆشبوون و تامەزرۆیی و (في سبیل الـلـە)ییەوە لاقی تێوەردەدەن. ھەڵبەتە ئەوەش یەكدەست و یەك جۆر نەبووە و نییە؛ سەرانی پارتە كۆمونیستەكان بە ھوشیارییەوە بەو كارە ھەڵدەستن و بەو ھۆیەوە لەنێو دەروێشانیان پلەوپایەیەكی مەزھەبیی بۆ خۆیان چێدەكەن، بەڵام لایەنگران و پاشڕەوان و ئەندامانی خوارەوە، لە ناھوشیایی و دەركنەكردنی مەترسی ئەو دیاردەوە، بەو كارە ھەڵدەستتن.
***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە
بەشی یەکەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ٢
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
هەژێن
بەشی دووەم
ئهوهندهی من بیستبێتم ئهنارشیزم، ههوڵێكه بۆ تێكدان و پرشوبڵاوی بزووتنهوهی كارگهری، چۆن تۆ پاگهندهی ئهوه دهكهی، كه ئهنارشیزم پێچهوانهی ئهوەیه؟
بەر لەوەی بێمە سەر وەڵامدانەوە بە پرسیارەكە، ئایا هیچ بەڵگەیەكی مێژووی یا ئێستایی لەبەردەستاندا هەیە، كە ئەو پاگەندەیە بسەلمێنێت؟ ئایا ئەگەر ئاوەز و بیركردنەوەی خۆ بەكارببرێت و خۆ لە دووبارەكردنەوەی دەقە ئامادەكراوەكان لابدرێت، هەر بەو سەرنجامە دەگەین، كە تۆ پاگەندە دەكەیت؟
لە هەموو سەردەمەكانی مێژوودا دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان، كۆمەڵگە و چەوساوانیان بەوە ڕاگرتوون و ترساندوون، كە ئەگەر لە سایەی دەسەڵات و پێشڕەوی دەسەڵاتخوازان دەربچن، ئەوا وەك مەڕی بێشوان گورگ دەیانخوات. ئەناركییەكان، كرێكارانیان و هاوچینە ژێردەستەکانیان بۆ سەربەخۆیی و خەباتی ڕاستەوخۆ و خۆبیركردنەوە و خۆكارابوون و خۆبڕیاردان و خۆڕابەری هاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتخوازان بۆ ئەوەی كرێكاران لە خۆشباوەڕیی بە دیكتاتۆرییهتی پێشڕەوان و یەكسانی ژێر سایەی دەوڵەتی بەناو كرێكاری ڕاگرن، بە سوودوەرگرتن لە شێوازی پاگەندەی سەروەران كەوتوونەتە شێواندنی ڕاستییەكان. بەداخەوە لە سەردەمی كۆمەڵەی نێونەتەوەیی یەكەم و دواتریش تا ڕوخانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكەكان و ئێستاش، لەبەرئەوەی كە مرۆڤەكان هەزاران ساڵە بە نادەربەستی و ملدان بەنوێنەرایەتی و شوانەیی ڕامیاركاران ڕاهاتوون و دەستەمۆبوون، ئەو پاگەندانە كاراییان لەسەر بیركردنەوە و بڕیاری چەوساوان بەگشتی و كرێكاران بەتایبەتی داناوە. باشترین نموونەش ئاراستەكردنی ئەم پرسیارەیە لەلایەن مرۆڤگەلێكی چەوساوە، كە بەداخەوە لەم سەرەتاییەی سەدەی بیست و یەكەدا هێشتا باوەڕیان بەو پاگەندە بێبنەمایانە هەیە.
ئەوەی كە دەسەڵاتخوازان لەنێو بزاڤی سۆشیالیستییدا بۆ ئەوەی بتوانن تاكە ناڕازی و یەكسانیخوازەكان بە پێداویستی ئۆتۆریتەی خۆیان و پێویستی شوانەیی ڕامیاریی و ڕێكخراوە نێوەندگەراكان خۆشباوەڕبكەن و لەو ڕێیەوە پاوانكردنیی (دۆمینەتكردنی) بزاڤەكە لەژێر كارایی خۆیاندا مسۆگەربكەن، دەست بە ڕەخنەی بێبنەما یا چەواشەكارانە دەبەن و ڕەخنەی ئەناركییەكان لە نێوەندگەرایی بەڕێوەبەرایەتی و ڕێكخراوەكان دەگۆڕن بە پاگەندەی دژایەتی ئەناركییەكان بۆ ڕێكخستن و سەربەخۆیی كرێكاران.
بۆ ئەوەی پرسەكە ڕۆشنبێتەوە، لێرەدا ناچار بە لەسەروەستانی زیاتر دەبم. وەك ئاشكرایە ڕامكارە دەسەڵاتخوازەكانی نێو بزاڤی سۆشیالیستی، خوازیاری نێوەندگەرایی ڕێكخراوەی جەماوەریی و ڕامیاریی و بەڕێوەبەرایەتیی سەروخوارن و وەك پێداویستی وەڵامدانەوە بە خواستەکەیان لە هەنگاوی دواتردا پێویستیان بە پێكھاتەی قوچكەیی ( ھیرارشیی) ڕێكخراوەكان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە ھەیە، تاوەكو ڕێوشوێنی پاوانگەرانە بۆخۆیان مسۆگەربكەن و ئەمەش دەكاتەوە ھەمان شێوازی ڕێكخستن و پێكھاتەی سیستەمی چینایەتی و ھەمان میكانیزمی كاردكردیان دەبێت و هیچ پێکهاتەیەکی قووچکەییش بەبێ بوونی سەروەری تاکێك یا هەندێك بەسەر هەندێکی دیکەدا و بەبێ نێوەندگەرایی بوونی نابێت و لەبەردەم هێزی بەرەنگاری ڕەوتی دژەتەوژمدا خۆی پێڕاناگرێت.
لێرەدا من زۆر بە هوشیاریی و مەبەستەوە خۆم لە بەکاربردنی دەستەواژەی “سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان” لادەدەم و بە نەگونجاو و ناتەواوی دەبینم، چونكە ناكرێت یەكسانیخواز بیت و ھاوكاتیش دەسەڵاتخواز بیت، ئەو دوو چەمك و ئامانجە، ڕەتکەرەوە و پێچەوانەی [پارادۆكسی] یەكدین. ئەگەر سەرنجی مێژووی دوو سەد ساڵەی ڕابوردووی بزاڤی سۆشیالیستی بدەین، بە بەڵگەی سەلمێندراوەوە دەبینین، كە نێوەندگەرایی (سێنترالیزم)، پێكھاتەی قوچكەیی (ھیرارشی)، پاوانكردن (دۆمینەتكردن) ، بیروكراسی، سەر و خوار، فەرماندەر و فەرمانبەر بەرھەمدەھێنێتەوە، كە دواجار ئەگەر ئەو ڕێكخستن و ھێزانە بەخت یاریانبێت، ئەوا وەك پاشاکانی شەترەنج بە لێدانی بەرامبەرەكەیان، بەبێ ھیچ ئاڵوگۆڕێك لە سیستەمی كایە و ڕۆڵەكاندا، جێگەی بەرامبەرەكیان دەگرنەوە؛ بەواتایەكی دیكە، ھیچ لە سیستەمە چینایەتییەكە و سەروەری ھەندێك لەسەر ھەندێكی دیكە ناگۆڕێت، بەڵكو زیاتر لەوەش بەناوی خودی چەوساوانەوە ڕەوایەتی زیاتری پێدەبەخشێت و بەناوی چەوساوانەوە، خودی چەوساوان سەركوتدەكاتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا ئەناركییەكان، بۆ ئەوەی بەر بە زاڵبوون و پاوانكردن لە ڕێكخستن و بیروكراسی لە بەڕێوەبردن و ڕێوشوێنی فەرماندەر و فەرمانبەر لە كۆمەڵگەدا بگرن، لە ئەزموونگیریی خەباتی ڕۆژانەوە و وەك بەرەنجامی پراكتیكی چەند سەدەوە، ھەوڵی بە كولتووریكردن و جێخستنی كۆمەڵێك میكانیزم و شێوەی ڕێكخستن و شێوازی بەڕێوەبردن دەدەن، تاوەكو شكستەكان دووبارە نەبنەوە و سەرەنجامی مانگرتن و ڕاپەڕین شۆڕشەكان گەڕانەوە نەبن بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستەم و سەروەری چینایەتی و نائومێدبوون نەبن لە ڕوودانی گۆڕان، دژایەتی سەرسەختی ئەناركییەكان بۆ شێوەی ڕێكخستن قوچكەیی و شێوازی تێكۆشانی فەرمانبەرانە و میكانیزمی دەستەبژێرانەی بەرێوەبەردن و پاشڕەوی ئەندام و تاكی خۆشباوەڕ و ڕەدووكەوتووی ئایدیلۆجییەكانی سەروەریی چیانیەتی، خۆیان لەم دەستەواژانەدا كورتدەكەنەوە؛ خۆڕێكخستن لە جیاتی ملدان بە ڕێكخستنی دروستكراو و سەپێنراو، خەباتی خۆخۆیی و چالاكی ڕاستەخۆ لە جیاتی گوێڕایەڵی بۆ نێوەند و سەرانی ناوبژیگەری ڕێكخراوە نێوەندگەراكان و قوچكەییەكان، خۆبەڕێوەبەرایەتی لە جیاتی ملدان بە نوێنەرایەتی كەسانی ناخۆیی، سەربەخۆیی لە جیاتی پاشكۆیی بۆ پارت و دەسەڵات. ئایا لەسەر ئەم بنەمایانە، كام بەرە [سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان یا دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەكان] لەنێو كرێكاران و زەحمەتكێشاندا خەریکی دروستکردنی پەڕشوبڵاوی و دەستەگەریی (سكتاریزم) و ملكەچی و نادەربەستبوون و بڕوابەخۆنەبوونن ؟
لەم بارەوە، ھەوڵدەدەم لە داھاتوودا لەبارەی جیاوازییەكان و ڕێكخستن و ئەڵتەرناتیڤەوە زنجیرە وتارێك بنووسم …
ئێوه باوهڕتان بهكاری هاوبهش لهگهڵ گروپه چهپهكانی دیكەدا ههیه، ئهگهر وهڵام ئهرێیه، ئایا له بهشداری و سهركردایهتی هاوپهیمانییهكاندا مهرجێكی دیاریكراوتان ههیه؟
لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەناركییەكان نە باوەڕیان بەوە هەیە، كە ڕابەرایەتی بكرێن و نە بەوەش كە ڕابەرایەتی كەس بكەن، بەڵكو پێیانوایه هەموو كەس دەتوانێت ڕابەرایەتی خۆی بكات و ڕزگاری هەموو كەسێكش، لە گرەوی تێكۆشانی خودی ئەو كەسەدایە. هەر لێرەوە هەموو ڕێكەوتن و پێكهاتنێكی دەرەوەی كۆڕ و كۆمەڵە كرێكاریی و خۆجێییەكان ڕەتدەكەنەوە، ئەمە بۆ خەباتی توێژەكانی دیكەی وەك خوێندكاران و خانەنشینان و پەككەوتان و بێكاران و جوتیاران و … تد هەر ئاوا دەبینن. بۆیە هەموو كارێكی هاوبەش لەسەر ئاستی دەستەگەریی و دەستەبژێریی ڕەتدەكەنەوە و تەنیا ددان بە یەكێتی چینایەتی چەوساوان لە ڕێكخراوە جەماوەریی و خۆجێییەكاندا دەنێن و هەموو ڕێكخستن و پێكهاتە و دەزگە و كارگێڕییەكی قوچكەیی (هیرارشی) و دەستەگەریی و دەستەبژێریی، ڕەتدەكەنەوە.
بە بۆچوونی من، ئەركی ئەناركییەكان ئەوە نییە بچن لەتەك چەند چەنەبازێكی ڕامیاركار یا دەستەبژێرێكی خۆڕێكخستوو لە سەرووی خەڵكەوە، كاری هاوبەش بكەن، بەپێچەوانەوە ئەركیان قاودانی ئەو دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازانەیە لەنێو چەوساواندا و هاندانی خودی چەوساوانە بۆ پێكهێنانی ڕێكخستنی سەربەخۆی چینایەتیی و توێژیی لە شوێنی كار و خوێندن و گەڕەكەكان و كێڵگەكاندا.
لەبەرئەوە، وەڵام نەرێنییە و لە جیاتی بەفێڕۆدانی وزەی شۆڕشگێڕانە لە مشتومڕی دەستەگەری و ململانێ و كێبركێ لەتەك كەسانێك، كە ھەر لە سەرەتاوە ئامانجیان جێگرتنەوەی سەروەرانی ئێستایە و ھەنگاو بە ھەنگاو نەخشە بۆ دەستەمۆكردنی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان دادەڕێژن و ھەوڵی پاشكۆكردنیان دەدەن. چونكە ئەگەر قسە لەسەر یەكێتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆڵیتیرەكان (چەوساوانی بێدەسەڵات)ە، ئەوا دەستەگەریی و ڕێكخراوەی ڕامیاریی و سەركردە و ڕابەر، [وەك مێژوو نیشانماندەدات و سەرەنجامی ئەزموونەكان دەیسەلمێنێت] تێكدەر و وێرانگەری ڕیزی خەباتكارانەی پڕۆڵیتاریان و ھەوڵێكن بۆ بەرپێگرتن و گێرانەوەی ئەو تاكە پڕۆڵیتێرە شۆڕشگێڕانەی، كە لە سیستەمە چینایەتییەكە یاخیدەبن و سنوورەكانی سەروەری دەبەزێنن، بۆ نێو جاڵجاڵۆكەی سیستەمی چینایەتی و خەساندنیان.
ههڵوێستی ئێوه بهرامبهر ئایین چییه؟
ئایین یا ڕێڕەو (مەزھەب) تا ئەو كاتەی كە پرسێكی كەسیی و پەیوەندییەكی كەسیی تاكە لەتەك ئەو شتەی كە دەیپەرستێت، ئیدی ئەو شتە مرۆڤیك بێت، یا مانگا و هێزێكی خەیاڵی سەروومرۆیی لە بۆشایی ئاسماندا، كەس بۆی نییە خۆی تێھەڵقورتێنێت و ئازادی پەیڕەوكردنی بەرتەسكبكاتەوە، بەڵام كاتێك ئەم پەیوەندی و ئارەزوومەندییە تاكەكەسییە دەگۆڕدرێت بۆ ئایدیۆلۆجیایەكی سەروەریی و پاڕاستنی سیستەمە چینایەتییەكە و لەقاڵبدانی ئازادی و سەربەخۆیی كەسانی دیكە، ناتوانرێت و ناكرێت وەك پرسێكی كەسیی چاوی لێبكرێت، بەڵكو وەك هەر ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخوازانە دژایەتیكردنی ئەركی هەر كەسێكە، كە دڵی بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی لێدەدات، بەڵام لێرەدا دەبێت شێوازی ئەو دژایەتییە ڕۆشنبكرێتەوە، دژایەتی ئایین وەك ئایدیۆلۆجیای دەسەڵات و سەروەری، نەك دژایەتی تاكی خۆشباوەڕ بە ئایین. ئێمە دەتوانین دژایەتی ڕێڕەو [مەزهەب] بكەین، بەڵام مافمان نییە ئازادی پەیڕەوكردنی ئایین لە هیچ كەس بستێنینەوە. هەروەها دژایەتی مەزهەب وەك ئامرازی چەپاندنی مرۆڤەكان، بە بڕیاردەركردن و سووكایەتی بە سومبولەكان و ڕوخاندنی پەرستگەكان ناكرێت، بەڵكو بە گێڕانەوەی ویست و خەیاڵی ئازادی بۆ مرۆڤ، ئایین دەپووكێتەوە و لەم ڕێگەیەوە متمانەی تاكی دەستەمۆ لەدەستدەدات، ئەویش بە هوشیاربوونەوەی تاك نەك بەناچاركردنی تاك بە وازهێنان یا سووكایەتی پێكردنی باوەڕەكەی.
كاتێك لە ڕەوتی خەبات و یەكگرتنی كۆمەڵایەتییدا، تاكی چەوساوە توانای خۆی و پەرجووی ھێزی یەكگرتووی چین و توێژەكەی دەرككرد، ئیدی پێویستیی ورەیی بۆ ھێزێك لە سەرووی خۆیەوە نییە و ناشبێت. ئەو كات خۆبەخۆ و ھەنگاو بە ھەنگاو بە ڕادەی ھەڵكشانی ھوشیاریی چینایەتی لە وابەستەیی ھێزی دەرەكی و خەیاڵكردی سەرووی خۆی ڕزگاریدەبێت، ھوشیاری چینایەتیش، پرۆسێسێكی سروشتی خەباتی ڕۆژانەیە، كە تاك لە متمانە بەخۆ و بە ھێزی یەكگرتنی چینەكەی دڵنیا و بڕواداردەكات و لێرەوە دێتەكایەوە، نەك بە سەپاندنی لەلایەن دەستەبژێرێكەوە.
مهگهر ڕێكخراوه جهماوهرییه ئهنارشۆ سهندیكالیستهكان جۆرێكی دیكە له ڕێكخراوی پاشكۆ نین ؟
نەخێر. چونكە پێش ھەموو شتێك گروپ و ڕێكخراوە ئەناركیستەكان بەخۆیان ڕێكخراوی ڕامیاریی قوچكەیی (ھیرارشی) و ڕوو لە دەسەڵات نین و گروپە ئەناركییەكان تەنیا ئۆرگانی ڕاگەیاندن و پاگەندەكردنن و ھیچ ڕۆڵێكی ڕابەریی و ڕامیارییان نییە. ئامانج لە پێكھێنانی ڕێكخراوگەلێكی جەماوەری كە ئەناركییەكان ھەوڵیان بۆ دەدەن، ئەوەیە كە لە ڕووی چینایەتییەوە سەربەخۆ بن و ڕۆڵی میانجیگەری نێوان ئەندامانیان و دەسەڵات یا ئەندامانیان و خاوەنكار و كۆمپانییەكان نەگێڕن، دووەم ڕێكخستنی ئاسۆیی ناقوچكەیی (ناھیرارشی)یان ھەبێت، واتە لەسەر بنەمای فەرماندەر و فەرمانبەر پێكنەھاتبن، سێیەم كاروباری ڕێكخراوەیی و بڕیاردان و جێبەجێكردن لەسەر بنەمای دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ بێت، چوارەم، شێوازی خەباتییان ڕاستەوخۆ دوور لە بڕیاری بیروكراسییانەی سەركرادیەتی و ڕەزامەندیی دەسەڵات بێت، بێجگە لەمانە، یەكێكی دیكە لە جیاوازییەكان ئەوەیە، كە گروپ و ڕێكخراوە ئەناركییەكان، تەنیا ئۆرگانی بڕیاردان و داواكردن نین، بەڵكو ھاوكات فێرگەیەكن بۆ خەباتی چینایەتی و گێرانەوەی متمانەبەخۆبوونی تاك و خۆربیركردنەوە و خۆڕێكخستن و خۆجێبەجێكردن بۆ تاك (ئەندامان/بەشداربووان). ھەموو ئەمانەش ھەوڵێكن بۆ بەرگرتن لە سەرھەڵدانی بیروكراسی ڕێكخراوەیی، بەرگرتن لە دروستبوونی توێژاڵیكی ئۆرۆستوكرات لە سەرووی ڕێكخراو و بزووتنەوەكەوە، بەرگرتن لە زاڵبوون و خۆسەپاندنی كەسانی توانادار و بەرگرتن لە سازشكردن لەتەك دەسەڵات و كۆمپانییەكان، لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە لەنێوبردنی زەمینەكانی پاشكۆیی و دەستەمۆبوون بۆ پارتەكان و دەسەڵات.
پاشان، بێجگە لەوانەی سەرەوە، ئەنارکۆسەندیکالیزم شێوازی ڕێکخستنە نەك خودی ڕێکخستن، دەرکی ئەنارکیستەکانە بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خەبات. سەندیکالیزم پێش سەرهەڵدانی تیئۆری و تێڕوانینی ئەنارکۆسەندیکالیستی بوونی هەبووە، ئەوەی ئەنارکیستەکان پێی هەستاون، ئاراستەکردنی خەباتی سەندیالیستی بووە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی، بەرەو کۆمەڵگەی ناچینایەتی. لەسەر ئەو بنەمایانە ئەنارکیستەکان ناکەونە لاساییکردنەوەی دەسەڵات و پارت و گروپە رامیارییەکان، کە چین و توێژە پرۆلیتێرییەکان وەك پاشکۆی خۆیان و لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئایدیۆلۆجیادا ڕێکدەخەن و مۆری دارایی [موڵکیەتی] خۆیانیان لێدەدەن، نەخێر تەواو بە پێچەوانەوە ئەنارکییەکان هەوڵی قوتکردنەوەی رێکخراو بەناوی خۆیانەوە نادەن، بەڵکو هەوڵی جێخستنی شێوازەکانی خەبات و ڕێکخستن و بیرکردنەوەی دژەسەروەرریی لە بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکاندا دەدەن. لەبەرئەوە هەر کات ئەنارکییەکان لە شوێنێك و سەردەمێکدا بەهۆی کەم ئەزموونییەوە یا لەژێر کارایی دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان کەوتنە وەها هەڵەیەکەوە، ئەوا بیگومان بێجگە لە تەواوکاریی نەخشە و ڕامیارییەکانی دەسەڵات و سیستەمە چینایەتییەکە [دژە-شۆڕش]، هیچ کارێکی دیکە ئەنجامنادەن و دژایەتییکردنیان ئەرکی خەباتکارانەی هەر شۆڕشگێڕێکە.
ئهگهر ئهنارشیزم دژی نێوهندبوونی دەسەڵات و ڕێكخستن و بهڕێوهبردنه، ئهی وڵات چۆن ڕێكدهخهن؟
ئهناركیستهكان نهك هەر بەتهنیا دژی نێوهندێتی دەسەڵاتن، بهڵكو دژی خودی دەسەڵاتیشن. چونكه چهمكی دەسەڵات بهبێ بوونی دوو جهمسهری دژبهیهكی كۆمهڵگه و سەروەر، واته دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، بێواتاترین دهستهواژه له دهربڕینی هزریدا پێكدههێنێت.
كاتێك كە واژەی دەسەڵات دێتەپێشەوە، دەستبەجێ واژەی بێدەسەڵات بە ھۆشی كەسی ئازادیخوازادا گوزەردەكات و سەرنجیڕادەكێشێت و دایدەچڵەكێنێت. چونكە ئەوەی تا ئێستاكە ھەبووە و لە ئارادابووە، دەسەڵاتی كەمینە بووە بەسەر زۆرینەدا، ئیدی ئەو كەمینەیە چەند كۆیلەدار و ئیمپراتۆر و ئاخایەك بووبن یا چەند ڕامیار و سەرمایەدارێك بووبن، ھیچی لەوە نەگۆڕیوە، كە دەسەڵاتدارییان لە ئەنجامی نایەكسانی دەسەڵاتدا، كە بەرھەمی نایەكسانی ئابووریییە، سەریھەڵداوە. لەبەریەوە، ناكرێت و نادروستیشە كە واژەی دەسەڵات لە جیاتی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆڕێكخستنی ئازادیخوازانەی كۆمەڵگە، كە لەسەر بنەمای یەكسانی ئابووریی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دێتەبوون، بەكاربەرین.
ئەگەر ئێمە خوازیاری كۆمەڵگەی ئازادبین، كەواتە ناچار بە خەبات دژی ھەموو ئەو پێكھاتانە دەبین، كە كۆمەڵگە لە كۆیلەتیدا ڕادەگرن؛ واتە دژی ئەو پێكھاتانەی كە سەروەریی كەمینە بەسەر زۆینەوە دەپارێزن و خودی ئەو سەروەرییە لەسەر بنەمای نایەكسانی تاكەكان لە پێگەی ئابووریی و كۆمەڵایەتییاندا دێتەئاراوە و ئامانج لە قوتكردنەوەی دەسەڵات [فەرمانداریی / دەوڵەت] بەسەر کۆمەڵگەوە، پارێزگارییكردنە لەو نایەكسانییانەی كە نایەكسانی دەسەڵات لەنێوان گشت تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروستدەكەن. وەھا پێكھاتەیەك، لەخۆیدا بازنەیەكی داخراو، كە تێیدا ڕۆڵ و مافی تاك لە دەوری چەقی نایەكسانیدا دەسوورێتەوە، پێكدەھێنێت. بەواتایەكی دیكە نایەكسانی ئابووریی، نایەكسانی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و نایەكسانی كۆمەڵایەتیی، نایەكسانی دەسەڵات دروستدەكات، بە ھەمان شێوە لەو سەرەوە، دەسەڵات ئامرازێكە بۆ پاڕاستنی نایەكسانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی، كە نە نایەكسانی دەسەڵات بەبێ نایەكسانی ئابووریی بوونی دەبێت و نە نایەكسانی ئابووریی بەبێ نایەكسانی دەسەڵات دەتوانێت دررێژە بە مانەوەی خۆی بدات و كۆمەڵایەتیی ببێتەوە و بمێنێتەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ھۆیانەی سەرەوە، تەنیا ئەڵتەرناتیڤێك، كە دەتوانێت كۆتایی بە نایەكسانییە ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتییەكان [دەسەڵاتی دایك و باوك بەسەر منداڵاندا، دەسەڵاتی مامۆستا بەسەر خوێندكاراندا، دەسەڵاتی بەڕێوەبەر بەسەر فەرمانبەراندا، دەسەڵاتی خاوەنكار بەسەر كرێكاراندا، دەسەڵاتی زەمیندار بەسەر جوتیاراندا و دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژن و دەسەڵاتی ژن بەسەر پیاودا، دەسەڵاتی پەنادەر بەسەر پەنابەردا] بھێنێت، یەكەم لەنێوبردنی خودی دەسەڵاتە وەك پێكھاتەیەكی ڕێكخراوی سەرووخەڵكی، كارێكی ئاواش بەبێ لێدانی بنەماكانی واتە دارایی تایبەتیی و دەوڵەتیی و كاریكرێگرتە و مێنتالێتی و ڕێسای كولتووریی و پێگەی كۆمەڵایەتی باڵا و پایین، ئەستەمە. بەم جۆرە دەبینین، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرووخەڵكی كەمینەیەك لەسەر زۆرینە لەنێوبەرین، پێویستە خۆبەرێوەبەرایەتی گشتی یا ھەمووانی پێشنیاربكەین، بۆ ئەوەی وەھا خۆبەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیی مسۆگەربكەین، پێویستە میكانیزمەكانی جێگیركردن و پاڕاستنی وەھا خۆبەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی دەستەبەربكەین، وەھا دەستەبەركردنێكیش بەبێ لێدان و ڕەتكردنەوەی میكانیزم و ئامرازەكانی دەسەڵاتی سەرووخەڵكی واتە دێمۆكراتیی نوێنەرایەتی [فەرمانڕەوایی پارلەمانی]، ناتوانێت ببێتە بەشێك لە كەتوار و بنەمای خۆبەڕێوەرایەتی گشتی؛ كە دواجار ئەوەی كە لە كۆنەوە تائێستا ناسراوبێت و دەركەوتبێت و پێشتریش ئامراز و میكانیزمی بەرێوەبەرایەتی نادەوڵەتیی بووبێت، تەنیا دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ [دێمۆكراسیی گەلیی یا ھەمووانەییە]. وەھا دێمۆكراسییەك وەك میكانیزمی ڕێكخستنی سەرخانی كۆمەڵ، بەبێ بوونی ژێرخانی تەبا و گونجاو لەتەك بەرێوەبەرایەتی گشتی و كۆمەڵگەی ئازاد، ئەستەمە خۆی بگرێت. لەبەرئەوە بۆ خۆگرتن و جێكەوتەبوونی ڕێكخەری سەرخانێك، پێویستمان بە بنەمای ژێرخانیی ھەیە، كە لە ڕەتكردنەوەی پایە ئابوورییەكانی ژێرخانی دەسەڵاتی سەرووخەڵكیدا دەتوانێت سەرھەڵبدات، بەواتایەكی دیكە بەبێ ڕەتكردنەوەی دارایی تایبەتی و دەوڵەتیی و كاریكرێگرتە، ھیچ كات ناتوانین بە بنەماكانی كۆمەڵگەی ئازاد و سەرخانەكەی [دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ] بگەین، ئەو بنەمایانەش بەرهەمهێنان و دارایی كۆمەڵایەتیی [گشتی نەك دەوڵەتی]، كاری ئازاد و خۆبەخشانە، ھەرەوەزیی و كۆمەڵە كشتكاریی و پیشەسازییەكانی گوند و شارن.
بەو جۆرە كاتێك، كە ئێمە لە دەروونی خودی كۆمەڵگە و سیستەمی چینایەتیدا پایەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو [ناچێنایەتی] لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا بكەینە بەشێك لە كولتووری چەوساوانی ئازادزیخواز، واتە لە جیاتی ملدان بە كاری زۆرەملێ و كرێگرتەی سەرمایەداران و دەوڵەت، ھەروەزییە ھاوبەشەكانی خۆمان پێبھێنین، لە جیاتی پاشڕەویی پارتەكان و ڕیفۆرمی دەسەڵات، ڕێكخراوە و ڕێكخستنە ئاسۆیی و زنجیرییە جەماوەرییەكانی چین و توێژە پڕۆڵێتێرەكانمان پێكبھێنین، كاتێك لە جیاتی ژیانی تاكگەرایی لیبراڵی و ھەرەوەزیی خێڵگەرایی، كۆمونە گشتییە ئازادەكان لەسەر بنەمای ئازادی تاك و ھەرەوەزیی كۆمەڵ پێكبھێنین، كاتێك لە جیاتی دەنگدان بە ڕامیاران و ھەڵبژاردنی چەوسێنەرانمان، خۆبەڕێوەبەرایەتی بۆ ھەروەزییەكان و كۆمونە ئازادەكان و گەڕەك و گوند و شارۆچكەشارەكان پێكنھێنتن، ئیدی ئەو كات ھەم ڕوخاندنی دەسەڵاتی چێنایەتی ئاسان و شیاوی وێناكردن و دەرککردنە و ھەم ئەگەرەكانی گەڕانەوەی سیستەمی چینایەتی وەلادەنرێن و ھەم پێكھێنانی كۆمەڵگەی ئازاد ئاسانترین و بێمەترسیترین كارێك دەبێت، كە مرۆڤی ئازادیخواز بەبێ دوودڵی دەتوانێت دەستی بۆ بەرێت، چونكە ئیدی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی و سەرمایەداری، بەشێك نابن لە مێنتالیتی و شێوەژیان و كولتووری خەڵك، بەڵكو بوونێكی ناكۆك و لاوەكیان لە كۆمەڵگەدا دەبێت، وەك بوونی سیستەم و كاركردی فیئۆداڵی لە بەرەبەیانی سیستەمی بۆرجوازییدا.
لە وەھا كۆمەڵگەیەكدا ھیچ پێداویستی بە نێوندی ڕێكخستن و بەڕێوەبردن و بڕیاردان نابێت، چونكە تاكی ئازاد و ھەرەوەزیكار، بۆ ھەستان بە ئەركی سەرشانی بەرامبەر ھاونیشنگەكانی ھیچ پێویستی بە فەرمانی كەسانی سەرووی خۆی و دەسەڵاتی نێوند نییە و خۆبەخۆ و خۆبەخشانە كار و فەرمانی كۆمەڵایەتیی وەك ڕێسایەكی كولتووریی بنەمای ڕۆشنبیریی پێكدەھێنێت. لێرەوە ئیدی پێویستی نێوەندگەرایی ڕێكخستن و بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بەرێوەبردن نامێنێت و تاكەكان لە كۆمیونیتییەكاندا ھاریكار و پشتیوانی یەكدی دەبن و كۆمیونیتییەكان ھاریكار و پشتیوانی یەكدی و كیشوەرەكانش تا دەكاتە ئاستی كۆمەڵگەی جیھانی ئازاد.
درێژەی هەیە …
*********************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ١
http://wp.me/ppHbY-HN
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان – ١
نۆژهنكردنهوهی وەڵامهكان
هەژێن
بەشی یەکەم
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
خوێنەرانی هێژا، ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، نۆژهنكردنهوهی وەڵامی پرسیارەگەلێكی جۆراوجۆر و ناهاوكاتی كۆمەڵێك هاوڕێ و خوێنەری وێبلاگەكەمە، كە لەبەر نەبوونی كاتی پێویست و گونجاو هەندێكیان بە كەمی و كورتی لە كاتی خۆیاندا وەڵامم داونەتەوە، بۆیە بەباشمزانی لە ھەلێكدا كاتێك بۆ تیروتەسەل وەڵامدانەوەیان تەرخانبكەم. ئاراستەكردنی ئەم پرسیارانە، لە شێوەی پەیوەندی دوولایەنە و تەنانەت هەندێكیان لە شێوەی سەرنجی نەناسراو لە سەر بابەتەكانی نێو وێببلاگەكەم نووسرابوون. وهك گوتم ههرچهنده ڕاستهخۆ بە تهلهفۆن، چات و كورته پهیام وەڵامم به ههندێك له پرسیارهكان داوهتهوه، بهڵام ههندێك له هاوڕێیان و ھاوەڵان لهسهر زیاتر ڕوونكردنهوه پێدادهگرن و دهخوازن وهڵامی پوخت و دیاریكراویان بدهمهوه، منیش بۆ پاشهكهوتی كات و خۆلادان له دووباره و چهندبارهی وهڵام و سهرنج، بهباشمزانی لهم شێوه نووسینهدا وهڵامبدهمهوه. هیوادارم ههر ئازیزێك كه سهرنج و ڕهخنهی ههیه، بیكاته نووسینێك، تاوهكو سوودی ههمهلایهنهی بۆ من و بۆ خوێنهرانیش ههبێت. چونكه گفتوگۆی دوولایهنه و داخراو، هیچ كاراییەکی نانێت.
سەرەتا و بەر لە هەر شتێك بەپێویستیدەزانم، بۆ خوێنەرانی ڕۆشنبكەمەوە، كە ئەو وەڵامانەی لێرەدا دەیانخوێننەوە، تەنیا بیروبۆچوونی منن بۆ دهوروبهرم و خوێندنەوەی ئەناركیزم لە تێڕوانینی منەوە دەخەنەڕوو، نوێنەرایەتی بۆچوونی گروپێكی دیاریكراو ناكەن و ناشتوانم بڵێم ئەمە بیری ئەناركیستییە، بەڵكو تەنیا تێگەیشتنی منە لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی [ئەناركی]، كە بە بۆچوونی من ئەو خەونانە تەنیا لە هزری ئەناركیدا توانراوە زیندوویەتی و مرۆییبوونیان پارێزراو و كارا بمێنێتەوە. هەروەها هیچ شتێك بڕاوە و بێچەندوچوون نییە و ڕاستیش شتێكی ڕێژەییە و ئەوەی ئەمڕۆ بڕوام پێیەتی و پێداگریی لەسەر دەكەم، دەكرێت سبەینێ دژایەتی سەرسەختی بكەم و بەنادروستی بزانم، بەڵام لەم ساتەدا تەنیا هزرێك كە توانیبێتی دەربڕی ئازادی و سەربەخۆیی تاك و كراوەیی و ناچینایەتی كۆمەڵگە و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بە فراوانی خەونە مێژووییەكانی مرۆڤ بێت، لای من ئەناركیزمە بە هەموو سەردەم و لكەكانییەوە. ئەمە بۆچوونی ئەم ساتەی منە، ئەم بۆچوونەشم بەرھەمی خوێندنەوەی پەرتووك و پابەندیم بۆ فێرگەیەكی ھزری نییە، بەڵكو بەرھەمی خەباتی كردەییمە لە ماوەی سی (٣٠) ساڵی ڕابوردوودا؛ ھیچ شتێك لە سەدا سەد دروست نییە و ھیچ شتێكیش لە سەرووی ڕەخنەوە نییە و ژنان بەبێ ڕەخنە بۆنی و بەرامەی گۆمێکی لیخنی لێدێت.
تێبینی ئەم وەڵامانە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستا دەگەرێنەوە، بەتایبەت سەردەمی بلاگەکانی “کوردپلانێت” و “دواتر کوردبلۆگەر”، کە بەداخەوە بە فەوتانی ئەرشیڤی بابەتەکانم لەو دوو بلاگەرەدا، زۆرێك لەو بابەتانەی کە سەرنجەکانیان لەسەر نووسرابوون، فەوتان. هەروەها سێ ساڵ دەبێت، کە ئەم وەڵامانەم ئامادەی بڵاوکردنەوە کردوون، بەڵام بەداخەوە لەبەر ڕووداو و ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابوردوو و پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرقاڵییەکان زۆر بوون و بواری ئاوڕلێدانەوەیانم نەمابوو، تا ئەم ڕۆژانە بڕیاری کەمکردنەوەی بەشداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوەیەکی کاتیم دا، بۆ ئەوەی کۆمەڵێك کاری تەواونەکراو، تەواوبکەم و قورساییان لەسەر هۆش و بیرکردنەوەم لادەم.
پرسیار : ئایا ئەناركیزم و ئەنارشیزم، دوو شتی جیاوازن، جیاوازییان چییە؟
نهخێر، ههر یهك شتن، له ههندێك له زمانه ئۆروپییهكاندا به ئهناركیزم، ئهناركیسمۆ و له ههندێكی دیكەدا به ئانارشیزم … تد، دهخوێندرێتهوه، ڕیشهی واژهكه بۆ زمانی یۆنانی دهگهڕێتهوه و به واتای ناسهروهری؛ (فەرمانڕەوایی، سەروەری ، archy) +(دژ، ڕەتگەرەوە، an) و هزری ئهناركی ههر له بهرهبهیانی ململانێی نێوان چهوسێنهر و چهوساوهدا دژی ههموو دەسەڵاتێكی سهرووخهڵكی یا سهروهری چێنایهتی بووه و ههیه و خوازیاری كۆمهڵگهی ههرهوهزیی ئازاد و فیدراتیڤه (پێكهاتوو و یهكگرتوو لهسهر بنهمای فیدراسیۆن و كۆنفیدراسیۆنی ئەناركی).
پرسیار : داهێنەری بیری ئەنارشیزمی كێیە؟
سەرەتا پێویستە بڵێم، دەربڕینی “بیری ئەنارشیزمی” هەڵەیە و بیری ئەناركیستی یا ئەنارشیستی دروستە. بەداخەوە لە زمانی كوردیدا ئەم هەڵانە زۆر ڕوودەدەن. كاتێك كە لە چەمكێكی هزری یا فیلۆسۆفی یا زانستی دەدوێین، ئەوا پێویستی پاشگری (ئیزم یا ئیسم) دێتە پێشەوە، بەڵام كاتێك كە لە بارەی ڕەوتێكی كۆمەڵایەتی یا ڕامیاریی هەڵگری هرزێكی ڕامیاریی یا فیلۆسۆفی دەدوێین، ئەوا پاشگرەكە دەگۆڕێت و دەبێت (ئیست)، كە نیشانەی پەیڕەوی گروپێك یا كەسێك یا بزاڤێكە لەو هزرە.
ئهناركیزم وهك دیاره بۆ ناوی كهس ناگهڕێتهوه و كهس خاوهن و داھێنەری نییه و لە مێژوودا كەسێك بەناوی (ئەناركی/ ئەناركیزم) بوونی نییە، بیرێكی ئازادیخوازانهی خۆڕسكه و ههر له دێرزهمانهوه ههبووه و لهبهرئهوهی ئهم هزره ڕهتگهرهوهی ئۆتوریته [دەسەڵات و سەروەریی]ە، هیچ كات ههڵگرانی بواری ئهوهیان نهداوه پهیامبهرانێك قوتببنهوه و بیكهنه داهێنراوی خۆیان. بەڵام ئەمە ڕەتگەرەوەی ئەوە نییە، كە ئەم هزرە لە ڕەوتی پەرەسەندنیدا دەیان و سەدان ئەندێشمەندی دیار و نادیاری پەروەراندووە و توانیویانە بە ڕەخنە و شیكارییەكانیان پەرچەمی ئازادیخوازی ئەم ڕەوتە شەكاوە ڕابگرن. لە یەک واژەدا ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجیا نییە، بەڵکو میتۆدلۆجییە، واتە شێوازی بیرکردنەوەیە، نەک قالبی بیرکردنەوە. بۆ ناسین و زانیاری زیاتر لەمەڕ بیریارانی ئەناركیست، سەرچاوەی ئینتەرنێتی زۆرن، لەوانە ئەرشیڤی نووسەرانی ئەناركیست http://theanarchistlibrary.org/authors شێوازی خەباتی ئەناركیستی http://shawnewald.info/aia ،
پرسیارە بەردەوامكراوەكان لەمەڕ ئەناركیزم http://anarchism.pageabode.com/afaq/index.html
پرسیار: كامە ڕەوت لە ئەناركیزم دروستە و كامە لادەرە؟
لهبهرئهوهی كه ئهناركیزم شێوازی هزرە/ شێوازی هزرینە نهك ئایدیۆلۆجیا، ئهوا فره ڕهههند و فره باڵه و هیچ پهیامبهرێكی نییه، تاوهكو ههڵگرانی بگهڕێنهوه سهر قسه و كردارهكانی ئەو و كهتواری سهردهمهكان بهو پێوهره بپێون. ههروهها لهبهرئهوهی ئهم هزره وهك فیلۆسۆفی ژیان گهشهیكردووه، بۆیه لهتهك پهرهسهندن و گهشهی كۆمەڵایهتی و پێكهاتهكانی كۆمەڵگه وهك پێویستییهك لك و پۆپی لێبووهتهوه. له هزری ئهناركیدا لادهر و بنهوان نییه، تهنیا ئهوه نهبێت، كه ئهم هزره چهند سهرخهت و بنەمایەكی لێكههڵپێكراوی ههیه و ئهوانهش پێوانهی پابهندین بهم هزرهوهن؛ لهوانه ڕهتكردنهوهی سهروهریی چینایهتی [بەهەموو شێوەكانییەوە]، ڕەتكردنەوەی دارایی تایبهت و دەوڵەتی، ڕەتكردنەوەی كاری كرێكگرته و ڕەتكردنەوەی ههڵاواردن و ڕەتكردنەوەی ستهم به ههموو شێوەكانیانییهوه.
پرسیار: ئهنارشیستهكان بۆچ تهنیا دژی دهوڵهتن، ئایا به لابردنی دهوڵهت كۆتایی به كۆمهڵگهی چینایهتی دێت؟
بەپێچەوانەوە ئەناركیستەكان تەنیا دژی دەوڵەت نین، بەڵكو دژی هەموو سەروەرییەكی مرۆڤن بەسەر مرۆڤەوە، ئیدی ئەو سەروەرییە ئابووریی و ڕامیاریی بێت یا كۆمەڵایەتی و كولتووریی و دەزگەیی یا خێزانی بێت. ئەناركیستەكان ئەوەیان لەلا ڕۆشنە كە نایەكسانی ئابووریی، نایەكسانی دەسەڵاتیی و كۆمەڵایەتیی بەدوایدا دێت، هەر لێرەشەوە بەو سەرەنجامە گەیشتوون، كە دەوڵەت و پارت و دەزگە ڕامیاریی و ئابووریی و تەنانەت كۆمەڵایەتییە قوچكەیی (هیرارشی / ھەرەمی)یەكان، ئامرازی پاڕاستنی ئەو نایەكسانی و سەروەرییەن و كۆیلەتی مرۆڤ ڕادەگرن، بۆیە هیچ پاساوێك بۆ پاڕاستن و گۆڕینی شێوەی دەسەڵات و دەزگە دەسەڵاتییە سەرووخەڵكییەكان نابینن و بوونی ئەو دەزگە و ئامرازانە نیشاندەری بوونی سەروەری هەندێك بەسەر هەندێكی دیكەن و گۆڕینی ناو و شێوەی دەوڵەت و دەزگەكانی وەك لە بلۆكی بۆلشەڤیكی و مائۆئیستیدا بینیمان، هیچی لە كڕۆكە چینایەتییەكەی نەگۆڕی، بەڵكو لەوە واوەتر دڕەندەیی و بیروكراسیی گەیاندە لوتكە و ڕووی دەوڵەتە بۆرجوازییەكانی دیكەیان سپیكردەوە. بە بۆچوونی من، ئەگەر كەمێك لەو پاگەندە كرچ و كاڵانەی، كە بۆ ئەناركییەكان لەلایەن چەپەكان و دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەكانەوە دەكرێن، وردبینەوە، ئەوا بۆماندەردەكەوێت، كە ئەناركییەكان بۆ هەر ڕەتكردنەوەیەك لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەڵتەرناتیڤی كەتواری و ئاوەزگیر پێشنیاردەكەن و بەپێچەوانەی دەسەڵاتخوازانەوە، بەڵینی سەرخەرمان (خواردنی كولیچە لە ئاسمان) نادەن.
بەكورتی ڕەتكردنەوەی دەوڵەت، لەوێوەیە، كە وەك ئامرازی ڕاگرتن و پاڕاستنی پێداویستی سەروەریی چینایەتی ھاتووەتە بوون و درێژەی پێدراوە، كاتێك كە ئێمە قسە لە كۆمەڵگەی ناچینایەتی بكەین، كەواتە قسەكردن لە پێداویستی دەوڵەت دەبێتە پارادۆكس بۆ پاگەندەكانمان. چونكە ناتوانین ئامرازێك یا پێكھاتەیەك كە بۆ پاراستنی كۆمەڵگەی چینایەتی [خاوەنددارێتی تایبەت و كاری كرێگرتە و سەركوت و ھەڵاواردن] ھاتبێتە بوون و سەریھەڵدابێت، ئێمە بێین و پاگەندەی ئەوە بكەین، كە بە پاڕاستن و بەدەستەگرتنی ئەو ئامراز و پێكھاتەیە، پارێزگاری لە كۆمەڵگەی ناچینایەتی دەكەن و پەرەیپێدەدەین. وەك بیریارانی ئەناركی دەڵێن “وەك چۆن ھەموو ئەندامێكی جەستەی مرۆڤ بۆ كار و چالاكی یا وەڵامدانەوە بە پێداویستییەكی دیاریكراو ھاتووەتە بوون، ھەر ئاواش ھەموو دەزگەیەكی كۆمەڵایەتی، ئابووریی و ڕامیاریی بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەكی دیاریكراو سەریھەڵداوە؛ ھەروا كە ناتوانین بە چاو ببیستین و بە گوێ بۆن بكەین و بە دەست ببینین و بە سەر بەڕێگەدا بڕۆین، ھەر ئاواش دەوڵەت، كە ئۆرگانی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتییە، ناتوانین بۆ ڕاگرتن و پەرەپێدانی كۆمەڵگەی ناچینایەتی بەكاربەرین.”. بەم جۆرە ڕەتكردنەوەی دەوڵەت لە گۆشەنیگای ڕەتكردنەوەی سەروەری چینایەتییەوە، نەك ڕەتكردنەوەی كۆمەڵگەی چینایەتی لە ڕەتكردنەوەی دەوڵەتەوە. ئەوە تەنیا پاگەندەی باڵە دەسەڵاتخوازەكانی نێو بزاڤی سۆشیالیستییە، كە بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ھزری ئەناركی، پێیھەڵدەستن، چونكە ئایدیا ئەناركییەكان، خەونی دەسەڵاتخوازیی و بەھەشتە دەوڵەتییەكەی ئەوان پوچەڵدەكەنەوە. ئەوانە دەخوازن بەختی دەسەڵاتدارییان لە دروستكردنی پارت و ڕێكخراوە قوچكەییەكان (ھیرارشییەكان) و دەوڵەتی بەناو كرێكاری و سۆشیالیستیدا بەدەستبھێننەوە و جێگەی دەسەڵاتدارانی ئێستا بگرنەوە. لەو بارەوە مێژوو گەواھی لەسەر ڕۆڵی پارت و سەركردەكانی و دەوڵەتەكانی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوبایی داوە، مشتومڕكردن لەو بارەوە، تەنیا خۆخەریكردن و كات بەفێڕۆدان و سەرقاڵكردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستییە بە خەونی زیندووبوونەوەی مردووان.
پرسیار: ئاناركیستهكان، دژایهتی حزبیهت دهكهن، ئایا ئهلتهرناتیڤیان بۆی ههیه؟
بەڵی، زۆر بە دیاریكراوی و ڕاشكاوانە و زۆر بە ئاشكرا دژایەتی پارتایەتی و خۆبەڕابەركردن و خەڵك بە گێلزانین و نەخشەكێشان بۆ داهاتوو دەكەن. چونكە لای ئەناركییەكان هەموو مرۆڤێك توانای بیركردنەوە و بڕیاردان و جبەجێكردنی هەیە و ئەگەر تا ئێستا بەم شێوەیە نەبووبێت، ئەوا لەبەر بێتوانایی مرۆڤەكان نەبووە، بەڵكو لەبەر چەپاندن و لاوازكردنی متمانەی تاكەكان بەخۆیان و لەنێوبردنی تواناكانیان بووە، بەهۆی قەبەكردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و چەند تاكەكەس و دەستەبژێرێكەوە بووە.
پارت دەزگەیەكی قوچكەیی چینایەتییە، كە لەسەر بنەمای فەرماندان و سەروەری كەمایەتییەكی نووسینگەی ڕامیاریی و كۆمیتەی نێوەندی و فەرمانبەری و ملكەچی زۆرینەی ئەندامانی خوارەوە دامەزراوە، دەقاودەق وێنەگرتنەوەی كۆمەڵگەی چینایەتییە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیا. تاكی ئازادیخواز كە سیستەمی چینایەتی ڕەتدەكاتەوە، بەتەنیا لەبەر نەبوونی و بێكاری و بەڵاكانی دیكەی سەرمایەداری نییە، بەڵكو لەپێش ھەموویانەوە لەبەر بوونی سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدایە و لە ملكەچی بۆ كەسانی دیكە یاخیدەبێت، بۆیە كەسی ئازادیخواز توانای ملدان بە پارتایەتی نییە و ھەردەم وەك گیانێكی یاخی لە ژیانی ڕۆژانەیدا خەریكی شكاندن و دەرچوونە لە قاوخە سەروەرییەكان، لەوانە خێزانی ھیرارشییانە ( چ بابسالار و چ داكسالار)، پارت و دەوڵەت، چونكە ئەم سێ پێكھاتەیە لەسەر بنەمای پەیوەندی سەروەری خودا و كۆیلەتی مرۆڤ دامەزراون و ئامانج لە دروستكردنیان تەنیا ڕاگرتنی زۆرینەیە لەژێر چەكمەی كەمایەتی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوادا.
ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، ئەوا تەنیا خوێندنەوەی مێژووی قۆناخی سەرمایەداری بەسە، بۆ ئەوەی لە ڕۆڵی ڕاستەقینەی پارت و دەستكەوتەكانی پارت و داھاتوویەك، كە پارت بەدواوەیەتی تێبگەین. ئەگەر سەرنجبدەین، ئەوا بەڕوونی دەبینین، ھەموو ھەوڵی پارتەكان لە ڕامیاریكردنی گشت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا كورتدەبێتەوە، كە بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە سروشتییەكانی مرۆڤ و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی و ڕامیاری، كە دەكاتە ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە لەسەر یاسا ڕامیارییەكان (یاسا ناسروشتییەكان). چونكە لە یاسا سروشتییەكاندا مرۆڤ و دەوروبەری لە تەباییدا دەبن و بوارێك بۆ بەرتەری نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە یاسا ڕامیارییەكان (دەستكردەكان)دا ھەموو تواناكان بۆ گەوجاندنی تاكە داماڵڕاوەكان لە بەرێوەبەرایەتی و دەسەڵات و سپاردنی كاروبارەكان و سەروەری بە دەستەبژێر(نخبە)ێك دەخرێنەگەڕ. ئا لێرەدا پێویستی پێكھاتەی قوچكەییانەی (ھیرارشیانەی) پارت وەك دەزگەیەكی چینایەتی دەردەكەوێت. ئەوەش لەسەر بنەمای تێڕوانینی ئایدیالیستی (پێشمەرجبوونی خوا، ژیری، تیئۆری)، كە كردە دەكاتە پابەندی بوونی تیئۆری و ئەمەش ھاوكێشەیەكی ئاوەژووە، چونكە پێشكەوتنی مرۆڤ و دەستكەوتەكانی ئەوە دەسەلمێنن، كە ژیری و تیۆری بەرھەمی ئەزموونگەری مرۆڤن و بەبێ كردە، مرۆڤ قەد نەیدەتوانی بە ئاستی ژیری و ڕۆشنبیریی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی ئێستای بگات!
ھەڵبەتە لە خۆڕا نییە، كە پارت لەسەر بنەمایەكی ئاوا پێكھاتووە و خۆی ڕێكخستووە، چونكە وەك كوپییەكی كۆمەڵگەی چینایەتی ئامانجی ھێشتنەوە و دەستاودەستپێكردنی سەروەرییە. لەبەرئەوە پارت ھیچ كات ناتوانێت پشت بە بنەمای لەپێشبوونی كردە ببەستێت، چونكە دەبێتە ڕەتگەرەوەی خۆی، بەواتایەكی دیكە ئەگەر پارت باوەڕی بەوە ھەبێت، كە تیئۆری بەرھەم و بەرەنجامی كردەیە و بە كەڵەكەبوونی ئەزموونگیری كردەكانی خودی مرۆڤ بەو ئاستە لە ھوشیاری دەگات، كەواتە بوونی خۆی ڕەتدەكاتەوە، چونكە خاڵی دروستبوونی (دەستپێكردنی) لە چاو خاڵی كۆتایی دەبێتە نزمترین ئاست لە ژیری. لەبەرئەوە، بەپێی لۆجیكی گەشە و ئەزموونگیری، ئەوا ئەو سەرەنجامە دروستە، چونكە لەو خاڵەدا كە پارت بەتەمنتر و كۆنترە، ھوشیاریی تاك وەك بەرەنجامی ئەزموونگیری لە ئاستێكی باڵاتردایە، ھەر بۆیە تاوەكو پارت بەتەمەنتر بێت، جیابوونەوە، سەرھەڵدانی ناكۆكی و سەركوت تێدا زیاتر دەبێت، ئەمەش بەشێكە لە سروشتی پارت و سروشتیترین كاردانەوەی سەرانی پارتە بەڕووی لادەران و سەرپێچیگەراندا، لەبەرئەوەی كە لادەران و سەرپێچیگەران بەپێی ڕەوتی گەشە و ئەزموونگیری و باڵاكردنی ژیری و ھوشیاربوونەوە، دەبنە ڕەتگەرەوەی خاڵی سەرەتا و پارت و سەرانیشی وەك ھەر پێكھاتەیەكی قوچكەیی (ھیرارشی) پێكھاتوو لەسەر بنەمای پەیوەندی خودا و كۆیلە، ناچار بۆ مانەوە و پاڕاستنی سەروەرییان، دەكەونە سەركوت و تۆمەتباركردنی لادەران. ئەمە لەنێو خێزانی دەسەڵاتگەرایانە و دەوڵەتیشدا ھەر ئاوایە و بەھەمان لۆجیك بەڕێوەدەچن. ئا لێرەوە ئەناركیستەكان دژایەتی پارت دەكەن و بە پێكھاتەیەكی كۆنەپارێز و دژە-شۆڕشی دەزانن و واوەتر لەوە، من بە پەرەستگەی دەزانم، كە تێیدا ئەندامانی وەك مەزھەبییەكان، پەیڕەوی لە ژیری و فەرمانداری دەستەبژێرێكی ڕامیار دەكەن.
پرسیار : ئهنارشیستهكان دژایهتی ڕابهری ماركسیستهكان دهكهن، ئایا بهخۆیان ئهم كاره ناكهن؟
نەخێر و هیچ كات. چونكە واتای ڕابەری ئەگەر سادە بكەینەوە، ئەوا دەكاتە شوانەیی. شوانەیی یا ڕابەری تەنیا لە بیر و ئایدیایەكدا جێگەی دەبێتەوە، كە تاكەكان بەسەر (زانا و نەزان)، (ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر)، (بەتوانا و بێتوانا)، (ژیر و ناژیر)دا دستەبەندیدەكات و هەموو ئەو دەستەبەندییانەش تەنیا بۆ پاراستن و مسۆگەركردنی سەروەری هێندێكە بەسەر هێندێكی دیكەدا، ئیدی لە ژێر ناوی پەیامبەردا بێت یا لەژێر ناوی ڕابەر و فیلۆسۆف و ڕامیارەكارەكاندا بێت. ئەو بەرتەرییدانە ڕامیاریی و كۆمەڵایەتییانە، لە منداڵدانی هەمان سیستەمی چینایەتیدا لەدایكبوون و سەریشیان لە پاڕاستنی هەمان سیستەمەوە دەردەچێت.
ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و وردتر سەرنجبدەین، ئەو ڕابەرایەتییەی كە ماركسیستەكان پاگەندەیدەكەن، ڕیشەی بۆ ئەو بۆچوونانە دەگەڕێتەوە، كە پێیاوانوایە ھوشیاری چینایەتی لە دەرەوەی مەیدانەكانی كار و خەباتی چینایەتیدا سەرھەڵدەدا و بەرھەمی ژیری دەستەبژێرێكە و دەبێت لەتەك خەباتی خۆبەخۆیی ئابووریی چەوساواندا موتوربەبكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ڕابەرییكردنی ماركسیستەكان دەكەنە پێشمەرجی سەركەوتنی شۆڕش. ئایا ئەم تیڕوانینە ھیچ جیاوازی لەتەك ئەو تێڕوانینەی ئایدیالیستەكان ھەیە، كە پێیانوایە ئاوەز و ھوشیاری لە خواوەن و بۆ ئەوەی كۆیلەكانی خوا لێیان بەھرەمەندبن، پێویستە پێخەمبەران و پیاوانی پەرەستگەكان ببنە ڕابەریان و ئامۆژگارییان بكەن و لە خراپە و نەزانی بیانگێڕنەوە؟!
بەڵام ئەگەر سەرنجی وردی ئەزموونەكانی ژیان بدەین، دەبینین ھیچ كەس ھێندەی پۆشاكدوورێك، لە دوورین و ھیچ كەس ھێندەی میكانیكێك لە چاكردنەوەی ئامێرەكان و ھیچ كەس ھێندەی جوتیارێك لە چاندن و وەرز و ئافاتەكانی كشتوكاڵ نازانێت؛ تەنانەت تیئۆریسیۆنەكانی ئەو بوارەش، ئەو شارەزاییەیان نییە. ھەروەك چۆن ھیچ كەسمان ھێندەی بۆرجوازێك لە چۆنیەتی چەوسانەوە و فریودانی بەرھەمھێنەران نازانین. ھەر بەو پێیەش ئاوەز و لۆجێك پەسەندیناكات، كە ھوشیاری چینایەتی كرێكاران و جوتیاران و … تد لە دەرەوەی خودی خۆیان و لە نێوەندیی ئەكادێمی و ڕامیارییەوە سەرھەڵبدات.
ھەر لەبەر ئەو ھۆیانەی سەرەوەیە، كە ئەناركییەكان خۆیان بە دەستە و گروپی پاگەندە و پراكتیزەگەری وانە ئەزموونییەكان ناودەبەن و لە جیاتی دروستكردنی ڕێكخراوەی قوچكەیی (ھیرارشی) و ڕامیاریی و سكتاریزمی دەستەبژێرانە (نخبوي) و فەرماندان بە ئەندامان و كرێكاران و زەحمەتكیشان بۆ خەبات و شۆڕش، بەخۆیان ھەڵدەستن بە ئەزموونكردن و بەكولتووركردنی كێڵگەی ھەرەزەویی و ژیانی كۆمونەیی و ھاریكاری كۆمەڵایەتی و ئاڵووێری بەرامبەرانەی زانیاریی و پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانە بەبێ بەكاربردنی دراو و یاسا سەروەرییەكانی خاوەندارێتی تایبەتی و كاریكرێگرتە و سەروەریی لایەنێك.
درێژەی هەیە …
*********************
http://www.hezheen.tk
اضراب الايجارات الجماهيري
اضراب الايجارات الجماهيري
هرب الملك من البلاد مع انهيار الديكتاتورية عام ١٩٣٠. جاءت الانتخابات بتحالف من الليبراليين والاشتراكيين الى السلطة، ليحكموا جمهورية جديدة. استعادت نقابات الكونفدرالية الوطنية للعمل الحق القانوني في التنظيم.
اتحاد نقابات عمال برشلونة للبناء في الكونفدرالية، في مواجهة البطالة المتنامية والرغبة في اعادة بناء منظمتهم، بدأوا حملة لاجتياح مواقع البناء لضم اعضاء ولمطالبة المقاولين باستئجار مزيد من العمال بنسبة ١٥٪. كان منطق نقابات البناء ان قطاع الاسكان في قطالونيا قد حقق ارباحا خيالية اثناء فترة الرواج في العشرينات – ارباح ارتبطت باستثمارات غير انتاجية. زيادة اعداد العاملين في الصناعة سوف يساعد على دوران مزيد من النقود، مما يساعد على معارضة الاتجاه نحو الركود. مع تدفق العمال الى الوحدات النقابية لكونفدرالية العمل الوطنية، انهارت اتحادات مهن البناء في فدرالية النقابات الحرة الكاثوليكية.
في اواخر العشرينات، بدأ جدل على مستوى هيئة الكونفدرالية حول الاتجاه المستقبلي للاتحادات النقابية. احد جوانب هذا الجدال كان اقتراحا لمجموعة اتحادات محلية في اتحادات الصناعة الوطنية من اجل عمل منسق ضد اصحاب العمل في الصناعة عبر البلاد كلها. خوان بييرو – عامل زجاج متعلم تعليما ذاتيا ومنظر نقابي ذو وزن كبير – استطاع اقناع كونجرس الكونفدرالية بالسماح لقيام اتحادات وطنية داخل الصناعة في ١٩٣١. ومع ذلك، بعض الاناركيين عارضوا هذا المقترح على ارضية انه قد يؤدي الى تطور بيروقراطية جديدة تتشكل من مسئولين مدفوعي الاجر لا تستطيع النقابات المحلية وقتها السيطرة عليهم. نتيجة لهذه المعارضة، نشأت اتحادات وطنية للنقابات في صناعات قليلة جدا داخل الكونفدرالية قبل عام ١٩٣٦. قام اتحاد وطني نقابي للصناعة بين عمال شركة الهاتف الوطنية الاسبانية. في ١٩٣١، شنت الكونفدرالية اضرابا عبر البلاد ضد شركة التليفونات. كان ذلك مبادرة للشروع في نضال نقابي من اجل الدفاع عن حقوق قوة العمل النسوي التي كانت تعمل بشكل كبير في وحدات التحكم المركزي لتشغيل خطوط الهاتف.
جانب اخر من الجدال داخل الكونفدرالية كان هو كيفية الخروج من قفص النضال داخل
الصناعة الذي يركز فقط على قضايا الاجور وظروف العمل. كان هناك شعورا قويا بأن الكونفدرالية تحتاج الى مد نفوذها ليتجاوز سياق الكفاح العمالي الصرف الى مناطق اخرى من المجتمع. نادى خوان بييرو بتشكيل لجان احياء سكانية للتنظيم حول القضايا الاعرض التي تهم الطبقة العاملة، وليس فقط المسائل المتعلقة بظروف العمل.
اثناء رواج العشرينات، ارتفعت الايجارات حوالي ١٥٠٪ في برشلونة. الازدحام، وبناء البيوت الرخيصة بواسطة كبار الملاك خربي الذمة والاسكان دون المرافق الاساسية مثل المياة اصبح امرا شائعا. في بدايات الثلاثينات، بدأ نشطاء الكونفدرالية مناقشة امكانية الكفاح حول مسائل الايجارات، وبدأت المقالات حول ازمة السكن في الظهور في الصحيفة اليومية الكبرى التي تديرها الكونفدرالية في برشلونة، سوليداريداد اوبريرا.
بدأ الكفاح ضد الايجارات بلقاء جماهيري لاتحاد بناء الكونفدرالية في ابريل عام ١٩٣١. في هذا اللقاء اقترح ارتورو باريرا وسانتياجو بيلباو تشكيل لجنة دفاع اقتصادي، بمشاركة اتحادات نقابية اخرى. كان كلا من باريرا وبيلباو اعضاء بارزين في فدرالية الاناركيين الايبريين (FAI). هذه الفدرالية كانت اندماجا فضفاضا لجماعات اناركية عملت بشكل اكبر كتكتلات
داخل اتحادات الكونفدرالية النقابية.
بعد سلسلة من لقاءات لجان الاحياء، استقرت حملة الايجارات على مطلب بتنزيل الايجارات ٤٠٪ في لقاء جماهيري بقصر الفنون الجميلة في الخامس من يوليو. قرر اللقاء ان مقدمات الايجار التي يدفعها المستأجرون يجب استخدامها لدفع ايجار الشهر التالي وبعد ذلك سوف يرفض المستأجرون دفع الايجار اذا لم يوافق اصحاب العقارات الكبار على تخفيض الايجار. هيئة الغرفة التجارية لاملاك المدن – منظمة اصحاب العقارات – نددت بالحملة بوصفها انتهاك اجرامي لحقوقهم. طالبت الغرفة الشرطة بالعمل من اجل قمع هذه الحملة. بنهاية اغسطس، اخذت مفوضية الدفاع الاقتصادي تعلن ان ١٠٠ الف من الناس توقفوا عن دفع الايجار.
الطاقات التي انضمت الى الكفاح من اجل الايجار العادل تعدت العضوية التي كانت قائمة
وقتها في كونفدرالية العمل الوطنية وانضمت اعداد كبيرة من النساء اللائي كن لهن دورا نشيطا في الكفاح. في احد المرات جماعة من الاسالتوس (asaltos) – فرق الاغارة – قوة بوليس وطنية شبه عسكرية انشأها السياسيون الجمهوريون في اوائل الثلاثينات – ارسلت لاخلاء احد المستأجرين، تراجعت تلك القوة متقهقرة عندما واجهتها جموع حاشدة من النسوة والاطفال. ولأن موظفي البلدية المسئولين عن تنفيذ قرارات الاخلاء كان يتهيبون القيام بذلك امام حشود الناس او بسبب تعاطفهم مع اضراب الايجارات، بدأ كبار الملاك تجنيد ميليشياتهم الخاصة لتنفيذ قرارات الاخلاء.
اشتكت منظمة كبار الملاك للحكومة الوطنية وطالبتها بالتحرك لقمع الاضراب. لارجو كاباليرو، السكرتير التنفيذي للاتحاد العام للعمال واحد زعماء الحزب الاشتراكي الاسباني، كان عضوا في وزارة حكومة التحالف الاشتراكي الليبرالي. كاباليرو لم يكن متعاطفا مع اضراب الايجارات، واصفا اياه “بالاضراب الاحمق”. في نفس الوقت، اتحاد كاباليرو العام للعمال كان يوفر غطاءا لكسر اضراب التليفون الذي تقوده كونفدرالية العمل في مدريد.
وسط حركة الاضراب في برشلونة، حدث تفجيرا هائلا. لم يصب احد، ولكن وقع دمار شديد بمعدات التليفونات هناك. وحتى رغم انه لم تكن هناك صلة بين هذا الانفجار واضراب الايجار، استخدمت الحكومة هذا الانفجار ذريعة لحظر لقاءات مفوضية الدفاع الاقتصادي. حظرت الحكومة ايضا لقاءات اتحاد نقابات التليفونات المشارك في الكونفدرالية.
عينت الحكومة الوطنية محاميا من التيار المحافظ كحاكم مدني لقطالونيا الذي اعلن انه ببساطة لن يسمح باستمرار اضراب الايجارات. بدأت السلطات في استخدام الاعتقال الوقائي لاحتجاز سانتياجو بيلباو و٥٢ اخرين من نشطاء الكونفدرالية. كان معنى الاعتقال الوقائي ان بالامكان احتجاز الشخص لاجل غير مسمى دون توجيه اي تهمة له ودون تحويله للقضاء. تلك كانت احد الوسائل الكريهة التي استخدمتها الديكتاتورية العسكرية. ظن الناس ان تلك الاساليب هي اساليب من الماضي لا تستخدمها الجمهورية الجديدة.
فعليا، استطاع البوليس قمع اضراب الايجارات عن طريق القبض على المستأجرين الذين كانوا قد عادوا الى شققهم بمساعدة جيرانهم بعد اخلاءهم منها. ورغم ذلك، في مناطق عديدة من المدينة دخل عدد من الملاك الافراد في صفقات لتخفيض الايجار مع المستأجرين. لهذا شعر عديد من المستأجرين انهم قد اكتسبوا شيئا ما. بالنسبة للجيل الاصغر من اعضاء الكونفدرالية، تلك كانت المرة الاولى التي ينخرطون فيها في حملات عمل مباشر على نطاق واسع. بالنسبة للمشاركين من الطبقة العاملة كان ذلك درسا مباشرا في الطريقة التي تصطف بها تلاوين كبيرة من المجموعات ضدهم، من ملاك العقارات الى السياسيين الى رجال الشرطة .
*********************
مصدر : الاناركية مجتمع بلا رؤساء او المدرسة الثورية التي لم يعرفها الشرق
إعداد وعرض: احمد زكي
الاناركية الثورة الروسية في اوكرانيا ١٩١٧ – ١٩٢١
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی سێیەم
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی سێیەم:
به پێی ئهوهی كه یهكێتی بێكاران زیاتر له ( ٢٠.٠٠٠) ههزار ئهندامی بێكاری ناونووسكراوی ههبوو، دهسهڵاتی كوردستان چۆن مامهڵهی لهتهكدا دهكرد و چهنده ڕێكخراوەكە و داخوازییەكانی بەھەند دهگرتن؟
سیروان عەلی :
دهسهڵاتدارانی كوردستان وهك بهرهیهكی ڕاستڕهوی كۆمەڵگە، ههردهم پیشهی بهرامبهرگرتن بووه له ئاست ئامانج و داخوازی خهڵكی كرێكار و زهحمهتكێش. بۆیه زۆر سروشتییانه، ههر له یهكهم ههستهی پێكهێنانی (یهكێتی بێكاران)ەوه ئهو بهههر شێوهیەك بۆی لوابێت، ههوڵی لهباربردن و لهبهریهك ههڵوهشانهوهی داوه. ئهگهر به تەمەنی ئهو ڕێكخراوهدا بچینەوە، ئەوا شێوهی جۆراوجۆر لهم پهرچهكاردانهوانه دهبینین. ههر له سهرهتاوه له ڕێگهی بڵاوكردنهوهی پڕوپاگهندهی بێبنهما بۆ ئهم ڕێكخراوه له چهشنی ئهوهی یهكێتی بێكاران خهڵكی ناونووسدهكهن و داوتر دهیانێرن بۆ دهرهوهی وڵات و بۆ ئهم مهبەسته لهگهڵ ڕێكخراوه بیانییەكان ڕێككهوتوون. بهڵام ئهم پاگەنده زوو پووچهڵبوهوه، لهبهرئهوهی ببووه پاڵنهرێكی زۆر گرنگ بۆ ڕووتێكردنی خهڵكی لە نووسینگەكانی یهكێتی بێكاران، ھەروهھا ههڵسوڕاوانی یهكێتی بێكاران لێبڕاوهنه ئهم حاڵهتهیان ههزمكرد، بهردهوام بۆ خهڵكیان ڕووندهكردهوه، كه ئامانجی ئهم ڕێكخراوه چییه و چۆن كاردهكات و پشتی بهكێ بهستووه، بۆ نموونە سهرهتای یەكێتی بێكاران له شاری ههولێر ھاوڕێیان جمال چاوشین و چهند ههڵسوڕاوێكی دی له گازیۆنێكی بازاری پاته لافیتهكیان له مێزێك دابوو، كه ئهوان بۆ ناو نووسكردنی بێكاران و قسه و باسكردن لەگەڵیاندا لەوێدا دەدانشتن. ههروها ئهم پڕوپاگهندهیه بووبهمایهی ئهوهی كە پرۆسهی ناونووسكردنی بێكاران له لیستی ئهندامبوون و دهركردنی پێناسه زۆر سەركەوتووانه ئهنجامبدرێت و ببێته مایهی كردنهوهی بنكهكانی ئهو ڕێكخراوه له سهرتاسهری كوردستاندا. دوای ئهوهی ڕێكخراوهكه گهشهیكرد، ئهو كاته دهسهڵات چووه قۆناغێكی تر بۆ بهرامبهركێ لەگەڵ ئهو ڕێكخراوهیە له ڕێگهی چاوترساندن و ههڕشه و تهنانهت تیرۆركردنی ههڵسوڕاوهكانی. وهك تیرۆركردنی یەكێك له ههڵسوڕاوه پهیگیرهكانی (نهزیر عومهر ) له بادینان، كه داوتر له شاری سلێمانی گهورهترین خۆپیشنادانی لێكهوتهوه. ھەروەھا گەورهترین ڕووبهڕووبوونهوه و بهرابهمبهركێی دهسهڵاتداران كە لەگەڵ یهكێتی بێكاران له ڕێكەوتی ١٩٩٣/٦/١٩دا بوو، كاتێك كە یهكێتی بێكاران بانگەوازی خۆپیشاندانی سهرتاسهریی لهسهر ئاستی كوردستان بۆ بهدهستهێنانی كۆمهكی خۆراكیی، كه ئهو كاته بهتایبهت كۆژمهیهكی گهوهرهی گهنم ههبوو و ( ئەحمهد ئیسماعیل) گهوهره سهرمایداری ئهو كاته له شاری ههولێر خاوهنی دەواجن بوو و ڕازی نهببوو ئهو بهشه گهنمه بۆ جوجوڵهكانی وهربگرێت. یهكێتی بێكاران داوایكرد، كه بدرێته بێكاران، بهڵام دهسهڵاتدارانی ئهو كاته ڕازینهبوون و (یهكێتی بێكاران)یش بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازی خۆپیشاندانی سهرتاسهریی دەركرد. دهسهڵاتداران له ههموو شارهكانی كوردستان هێزهكانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەی ئهو خۆپیشاندانه ئامادەكردبوو. ڕۆژانه ئهندامان و ههڵسوڕاوانی یەكێتی بێكاران توشی گرتن و ههڕشه و ڕفاندن دەبوونەوە، وهك ڕفاندنی گروپێك له نوێنهرانی بێكاران له شاری سلێمانی گهر له ناوهكاندا ههڵهنهبم ھاوڕێیان (ئەنوەره سوور،حاجی ئەنوەر ،ئەكرم چاوشین و چهند هاوڕێكی تر بوون)، ههروهها ڕۆژانه ههڵسوڕاوان و نوێنەرانی یهكێتی بێكاران دهستگیردهكران و دواتر ئازادیان دهكردن، لەوانە دهستگیركردنی (سهردار حەمید، ڕیاز كاكهشین، سیروان عەلی و چهندین ههڵسوڕاوێكی دیكه)، ههرهوها بڵاوكردنهوهی پاگاندهی ئهوهی كە چەندین دهستی ترسناك خۆیان مهڵاسداوه، بۆ ئهوەی خۆپیشنادانه بۆ شتی دیكه بقۆزنهوه؛ بە نموونە باسی (ڕژێمی بهعس)یان دهكرد ، كه ئهو كات له ڕۆژنامه فهرمی ئهو ڕژێمه ( الجمهوریه)دا ههواڵی خۆپیشاندانی یهكێتی بێكاران بڵاوكرابووهوه، بێجگه لهوهی كه بارهگاكانی یهكێتی بێكاران به هێزی چهكدار ئابلۆقهدرابوون. دیاره دەسەڵاتدارن لهو مواجهههیهدا سەركەوتوووبوون، لهبهرئهوهی سهركردایهتی ئهو ڕێكخراوه (یەكێتی بێكاران) له ههڵسهنگاندنێكی نادروستدا ههستان به دواخستنی ئهو خۆپیشاندانه بۆ كاتێكی نادیار، كه بووه مایایهی چوونهدواوهی ئهو ڕێكخراوه له داهاتوودا. پهردهیهكی تر لهو بهرامبهركێیانه، ههوڵدان بوو بۆ قڵشتدروستكردن لەنێو ڕێزهكانی یەكێتی بێكاراندا. من بێجگه لهوهی تهحەفوزی تهواوم ھەیە، لهوهی كە ههموو ئهوانهی له یهكێتی بێكاران جیابوونهوه، بهوه تاوانباربكهم، كە ڕاستهوخۆ پهیوهندیان به پارتێكی سهر دهسهڵات ههبوو یان ئهوان بهشێكبوون له پێلانێكی تایبهت، بهڵام من بێگومانم لهوهی لهوهدا سەركەوتووو بوون، كه یهكێتی بێكاران دوو كهرت بكهن، بەوەی ڕێكخراوێكی وهك( ڕێكخراوهی بێكاران) له شاری سلێمانی دروستبكهن، كه زۆربهی ئهندامانی پێكهێنهرانی ئهو ڕێكخراوه (ڕ.ب)، بەخۆیان ئهندامی چالاك و ههڵسوڕاوی بزوتنهوهی بێكاری بوون و كهسی زۆر دڵسۆزی بهرژهوندییەكانی بێكاران بوون. بهڵام به هۆی جیایی ڕوانگەیان بۆ كاركردن و خراپ ماممهڵهكردنی (حزبی كۆمونیست)ێش لەگەڵ دیده جیاكان و به هۆی هاندانهكانی دەسەڵاتداران بهتایبهت یهكێتی نیشتمانی كوردستان، توانیان یهكێتی بێكاران له شاری سلێمانی دووكهرت بكهن. ماوهیەكی زۆر پرسی بێكاران تێكەڵكرا بە شهڕێك، كه له ئامانجهكانی ئهو ڕێكخراوه دوور بوو. ههوڵێكی تری دهسهڵات تاوانباركردنی (یهكێتی بێكاران) بوو بەوەی كە سهربه حزبی كۆمونیسته. له سهرهتادا ئهم پاگەندەیه مایهپووچ بوو، لهبهرئهوهی ههم ڕاست نهبوو و ھەم پێكهاتهی نوێنهرایهتی یهكێتی بێكاران ههموو كهسێك و ههموو ڕهنگێكی له خۆی كۆكردبوهوه و ههروهها ئامانجهكان و تێكۆشانهكانی لەپێناو داخوازی چارهسەری بێكاریدا بوون. بهڵام له دوای قۆناغی ئهو قڵشتهی كە كهوته نێو یهكێتی بێكاران، حزبی كۆمونیست ههر وهك چهشنی ههموو پارتهكانی نێو دهسهڵات ههڵسوكهوتی لهگهڵ یهكێتی بێكاراندا دهكرد، وهك چۆن ئهوان ڕێكخراوهی سهر به پارتهكانیان ههبوون، ئاواش ئهندامانی ئەو حزبە دهستیان به داگیركردنی ئهو ڕێكخراوه كرد و لهوهی ڕێكخراوهیەكی جهماوهریی بێت، كەوڵیانكرد و ئهمهش یارمهتییەكی زۆر بوو بۆ ئهوهی دهسەڵاتداران سیاسهتی ئیحتواكردنی ئهو ڕێكخراوه بكهن، جارێك به ئیحتواكردنی حزبی كۆمونیست و جارێكیش به ئیحتوا كردنی ئهو ڕێكخراوه به پهیوهستكردنهوهی به حزبێكەوە، كە بەخۆی له ڕووی سیاسییهوه ئیحتواكراوه. ئهمانهی سهرەوه كە باسمكردن، خاڵه سهرەكییەكانی دوژمنایهتیكردنی دهسهڵاتداران بوو لەگەڵ یهكێتی بێكاران.
گۆران عەبدوڵڵا :
سەرەتا دەمەوێت لێتێكچوونێك بۆ هاوڕێ سیروان چاك بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە، كە ڕۆژنامەی (الجمهوریە) هەواڵی خۆپیشاندانەكەی بڵاونەكردەوە، بەڵكو ڕۆژنامەی(العراق) بوو لە ژمارەی ٥٢٦٣ی ١٩٩٣/٦/١٨دا بوو.
دەسەڵاتدارانی كوردستان یان باشتر بڵێین یەكێتی و پارتی، نەك هەر ئەو سەردەمەی كە یەكێتی بێكارانی تێدا دروستبوو، بەڵكو لە ئێستاشدا ئامادەنین وەڵام بەیەك داخوازی جەماوەریی بدەنەوە، ئەگەر ئەو داخوازییە بەرژەوەندی مادی و حیزبیی بۆ خۆیان تێدانەبێت. ئەوان لەو سەردەمەدا بە هەموو شێوەكان دژایەتیانكردین. لەژێر فشاردا دانیشتنیان لەگەڵ دەكردین، هەوڵی دەستەمۆكردنیان دەداین، لێرە و لەوێ داواكارییەكی بچكۆلانەی ڕێكخراوەكەیان لە چەشنی مۆڵەتی دەركردنی ڕۆژنامە یان گرتنی هۆڵیان جێبەجێدەكرد. بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوون وەڵام بە داخوازییە سەرەكییەكانی بێكاران بدەنەوە. ستراتیژییەتی ئەو دوو حیزبە، دەستگرتنبوو بەسەر قووتی خەڵكدا و ناچاركردنی خەڵك بوو بە ئینتماكردن بۆیان و هەتا ئەمرۆش ئەو سیاسەتەیان هەر بەردەوامە. بۆیە زۆر سەرسەختانە ڕێگرییان لە گەورەبوونی هەموو ڕێكخراوەیەكی سیاسی و جەماوەریی دەكرد.
ئاكۆ محەمەد :
بە بۆچوون و بەپێی ئەزموونی من، دەسەڵات لە ناوچە و شارەكانی كوردستاندا نەك ڕێكخراوەی جەماوەریی و داخوازیی كۆمەڵایەتی بەهەند وەرنەدەگرت، بەڵكو تەنانەت لە كردەوەدا نیشانیدەدا، كە لەنێوان باڵەكانی دەسەڵاتیشدا جۆرێك لە لەبەرچاونەگرتن هەبوو، چونكە ئەمە مێنتاڵێتی میلیشیایی شاخ و ئوردووگەكانی هەندەران بوو و كارییان لەسەر سڕینەوەی شوناس و بوونی یەكدی و پێكەوەش كاریان لەسەر سڕینەوەی هەموو دەنگێكی ناڕازی دەكرد، بۆ نموونە تیرۆرەكانی ئەو سەردەمانە، تیرۆری هاوڕێ (نەزیر عومەر) ناسراو بە”ئارام” پەیامنێری دەنگی بێكاران لە ناوچەی بادینان (شارۆچكەی سمێڵ) و چالاكی ئەو ڕێكخراوە، پاش ئەوەی لە چالاكی نەوەستا و بێدەنگەی نەكرد، هەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و هەم لەلایەن هیزە ئیسلامییەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرا و سەرەنجام تیرۆریانكرد و جەستەكەیان بە سووتاوی لە دەرەوەی سمێڵ فرێدابوو. ئەم هەڵویستە لەبەرامبەر خۆپیشاندان و سەردانییەكانیشدا بەجۆریك خۆی دەنواند، بێجگە لەوەی دەسەڵات ترسی لە بزاڤی جەماوەیی هەبوو، ھەروەھا زەمینەی سەركوتی میلیشیایی و تیرۆر و ناجێگیریی باری ڕامیاریی ناوچەكە، ئەو نایەی دابووە دەست دەسەڵات، كە هەموو دەنگێك پشتگوێ بخات. لەبیرمان نەچێت، ئەوكات شوناسی ڕاستینەی دەسەڵات وەك ئیستا بۆ خەڵك دەرنەكەوتبوو و زۆرینەی ئەوانەی كە ئەورۆكە وەك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی ناسراون یا لە لیستی گۆراندا [مەبەستم سەرانی ئەو لیستەیە] كۆبوونەتەوە، داردەستی ئەو دەسەڵاتە بوون و تەنانەت لە نووكی ڕمی دەسەڵاتدا دژی بزاڤە ڕادیكاڵ و كۆمەڵایەتییەكاندا وەستابوون، نموونەش بكوژانی هاوڕێ (بەكر عەلی) چالاكی ئاوارەكان و بێسەرپەنایانی سلێمانی و ئەندامی یەكێتی بێكاران، بە ڕۆژی نێوەڕۆ لە خۆپیشاندانێكی جەماوەرییدا بۆ دابینكردنی خانووبەرە و سەرپەنای گونجاو یا بواردان بە مانەوەی ئاوارەكان لە كەلاوەكانی سەربازگە و بینا كۆنەكاندا لە جەرگەی شاری سلێمانیدا بە فەرمانی پارێزگاری ئەو كاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشانداندانەكە، تیرۆركرا. وابزانم، ئەم نموونانە وەك مستێك لە خەروارێك بەسن و دەتوانن وێنایەكی كەتواریی و ڕاستگۆیانە لەو ڕۆژگارە و دژایەتییەكانی دەسەڵات بۆ بزووتنەوە ناڕازییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بخەنە بەرچاوی كەسانێك، كە لە ئێستادا لەتاو شێوێنراوی ڕاستییەكان و خۆشباوەڕییاندا پێیانوایە ناڕەزایەتی خەڵكی كوردستان لە دروستبوونی ڕێكخراوە مەدەنییەكان (NGO) یا كۆمپانیای وشە و لیستی گۊڕانەوە سەریانھەڵداوە. بەڵام كاتێك كە كۆمونیستەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی ئەو كات پەردەیان لەسەر ڕامیاریی سەركوتگەرانە و نایەكسانی و نادادوەری و گەندەڵی و جەنگی نێوخۆیی دەسەڵاتداران ھەڵدەماڵی، جەنەراڵە ڕیفۆمخوازەكانی ئەمڕۆ و فەرماندەرانی جەنگی دوێڼێ، كە لە ئێستادا دەیانەوێت بۆ ھەمیشە سواری ملی ناڕزایەتی خەڵكی ببن و بەلارێیاندابەرن، لە ڕیزی پێشەوەی سەركوتگەرانی ناڕەزایەتی بێكاران و چین و توێژە بندەستەكانی دیكەی كۆمەڵگەدا بوون و بارودۆخێك كە ئەمڕۆ زاڵە و كۆمەڵگەی بەسەر كەمینەی دەوڵەمەند و زۆرینەی ھەژاردا دابەشاندووە، بەری ڕامیارییە سەركوتگەرییەكانی كەسانێكە، كە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان یا لە لوتكەی ئۆپۆزسیۆندان و دەیانەوێت ناڕەزایەتییەكان بۆ چەند دەھەی دیكە، قۆرخ و دەستەمۆ بكەن.
سیروان عەلی :
زۆر سوپاس ھاوڕێ گۆڕان بۆ ڕاستكردنەوەی ئهو ههڵهیه .
درێژەی ھەیە ….
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم : http://wp.me/p17qj9-1N
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم : http://wp.me/p17qj9-1S
************************
ئیمەیل y.beekaran@post.com
ئەرشیڤی http://issuu.com/yekeeti-beekaran
فەیسبووك https://www.facebook.com/yeketi.bekaran
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی دووەم
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی دووەم



پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.