ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

یادەوەرییەكانی ڕۆژانی ٨ی مارچ

ھەژێن

٥ی جونی ٢٠١٣

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە گوتارێكی ڕەخنەیی لە شێوازی یادكردنەوەی ڕۆژی جیھانیی ٨ی مارچ لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بەشداریبكەم، بەڵام لە كۆتایی گوتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەم (نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەكانی خۆم) بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە ڕۆژی ٨ی مارچ ھیچ بابەتێك بڵاونەكەمەوە، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ نووسەران و پارتییەكان و وێنە بڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرە ..تد .

بەگوێرەی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گاڵتەجاڕیی و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنێت؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی سێكیولاریست [عەلمانی] دەھێنمەوە، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەگوێرەی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرانبەریان، تێگەییشتن و تا ڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .

یەكەم : مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە بۆ ئەوانەی بوون بە (شیعە) سەرەتا شوێنی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون. بەڵام بەگوێرەی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوون بە جێ-ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و … تد.

دووەم : ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی ٨ی مارچ، ڕۆژی یەكسانیخوازیی ئازادیخوازان دەكەم. زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی ١٢٩ كرێكارانی مانگرتوو، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨ بە ڕۆژی جیھانی تێکۆشان و ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی ١٢٩ ژن لە كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت، بەڵام لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتییەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە، بەڵام لە ھەر دوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی.

بەم پێشەكییە كورتەوە، دەست بە كەشكۆڵی یادەوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیری مندا مابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە …

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك [ینک]، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی (ئافرەت لە مێژوودا، نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی) تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان لەلا دروستبوو.**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەگوێرەی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەو کاتی خۆم، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران]، كە دەیان فەرسەخ بەراورد بە (كۆڕەك)، كە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریمدەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگنەبوو، كە كوڕان و پیاوانی دەوروبەرم چۆن تەماشای من دەكەن و چی دەڵین، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا گوتارەکانی ئەو ڕۆژەی ڕادیۆکە بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانی خۆم بگەیێنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا [ئوردووگەی ئێران] دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە، خوشكەكانم گوێدێری ئەو بابەتانە بن و بەرانبەر ستەمێك كە لە ئەوان دەكرێت، ھەستەوەر ببنەوە.

٨ی مارچی ١٩٩٢، سلێمانی

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی (پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكانی (پیاوی) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی ٨ی مارچ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین. ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان (فاروق حەمە موئمین و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی (مەجید بەگ) یا (كارێزە وشك) بوو، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لەنێو یەكێك لە پۆلەكان مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لە ئێمەكرد و گوتی ” كچینە ھەستن” بەخێرھاتنی ئێمەی كرد و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە، سوپاسمكرد و دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەكانم تێنەگەیشتبن.

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیە چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە (ینك) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر بەباشی ناوی ڕێكخراوەكانم لەبیرمابێت. دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد و بەلایانەوە سەیربوو، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو بكەن، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی (ینك) بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە دژی كوشتنی ژنانێك بووین، کە بەبیانووی شەرف و نامووس تیرۆرکرابوون. ھەروەھا قسەیان لە “عادات و تقالید”ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش بە ئەوانمان گوت، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی “شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعس”، تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەر ئاوا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە (حشع)یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و گوتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.

ڕۆژی ٥ی مارچ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە، ھەواڵێك بە ئێمە گەییشت، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان، كە بڕیار بوو ڕۆژی ٨ی مارچ بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات، لەلایەن براكەییەوە، كە چەكداری (بزووتنەوەی ئیسلامی) بوو، براوەتەوە بۆ ماڵە باوان و ھەڕەشەی جیاکردنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لە ئەو كردووە، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێ، بە ئاوەزی ئەو کاتمانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای (ئیسلامی) و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات.

ڕۆژی دواییتر، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی (ئاوارەی كەركووك)، كە بەیەكەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكان ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینە خوار، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەڵێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولا ڕووی خۆمان وەرگێرا، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەم لە ئێمە نیشت، خەم نەك ترس، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاك بووین و ھێشتا کۆمەڵیش ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەد دەكرد، وەك دواتر بۆمان دەركەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە. مەترسییەكەش ئەوە بوو ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووك لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكی خۆمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو، خەمەكەشمان ئەوەبوو، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم بێجگە لە کۆمەکێكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە، کاری ئەو هاوڕێیە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوو.

ڕۆژی پێش ٨ی مارچ واتە ٧ی مارچ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد) خەریكی بڵاكردنەوە و ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە قەرەباڵخی و گوتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی ١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ) بڵاوكراوەتەوە].

ڕۆژی ٨ی مارچ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازەکە، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و خۆڕێكخستن بوون، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و کاتی ڕاپەڕین یەكێك بووبوو لە چالاكانی (رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمەی لەسەر شانۆكە دەربڕی. ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی خۆی، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێکردبوو و وەك خۆی گوتی، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو، لەتەك من خەریكی چاككردنی شتێك بووین، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەك سەرسوومانێك تەماشاێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆ بە ڕابەرزانەكە كردەوە و گوتم، جا بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت، بۆ لە كاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا نەھاتی بەشداریبكەیت، بۆ نەھاتی و بە ئێمە بڵێیت “ئەوە لەم ناوە چی دەكەن، بۆ ناڕۆن” و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدابان؟ ھەستمكرد قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو، كە لەو كاتەدا و لەو شوێڼەدا ئاوای لە ئەو كردبوو، كە ئاوا بەرخوردێك بە ئـێمە بكات، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە ئاوا وەڵاممداوەتەوە و بەو پرسیارانە ئەوم تەنگەتاو كردووە.

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەی ڕێکخراوەکەی خۆمانمان بەشداركردبوون، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە (ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە، كە كارتێكی نیوە لاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو، گوتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە”.***

لەو ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەو ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە، ھاوڕێیانی ئێمە بە گوتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبووە، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو، ئەو كات ڕێكخراوەكانی دیكە، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتییەكانی (بەرەی كوردستانی) و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون، بەڵام لە بەرانبەر ئێمە خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.

٨ی مارچی ١٩٩٣، باخچەی گڵكەند، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

ھەر وەك ساڵی پێشوو لە نێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا، كەوتینەوە خۆئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣. یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو، كۆمەڵێك كۆبووینەوە. لێرەدا بەگوێرەی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە، مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، كاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین، جەمال كرێكار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی، یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، ھیوا كەریم، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكو محەمەد عەلی و ….. بەداخەوە من ھەر ئەو ھاوڕێیانەم لەبیرماون، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە، كە من لەبیری من نەماون، بۆ من بنووسن، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون، كە ئەو كات بەو جۆرە ناسراون، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چی بووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە].

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی گوتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست، یەکێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری، ھەستەی كرێكار) كرا، دەستەكانی (لێژنەكانی) كاركردن و ئامادەكاریی دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووم. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە (مامە كەریم، ڕێباز كەریم، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگاداریی ئەوان بكەین، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە.

ھەر لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا ئەم پێشنیارەم كرد، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و جولای ١٩٩٣، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری (ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست) وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرانبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتكرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارچ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو، پێشكەشکاری بڕگەكانی مەراسیمە بێت، بە خەمبارییەوە هات و منی بانگی كرد و گوتی “ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم”. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان. براكانی فشاریان خستبووەسەر سەر ئەو و ھەڕەشەیان لە ئەو كردبوو، كە نابێت ئەو كارە بكات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارچی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایە سەر . ھەر چۆن بوو، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ (شلێر ڕەشید) ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی (ھاوڕێ شلێر) بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران.

وەك ھەموو مەراسیمێك، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەیی کە شارەزاییمان وەرگرتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكە لەتەك كۆمەڵێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان خەریکی گفتوگۆكردن بووین و لەو کاتەدا لەتەك ھاوڕێ (عەزیمە) لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكاریی بۆ ڕێكخراوی ژنان خەریکی گفتوگۆكردن بووین، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی ئاوا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و بە ئەوی گوتبوو “ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت، ئەوا كەسی دیاریكراوی ئەو كارانە منم و ئەو (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەركەی لە ئەستۆ نییە”. ھەڵبەتە، [ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەی ئێمە، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و (خوداوەكیلی) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەو بارەوە دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم گوت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چی بە دروست دەزانی ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەڵێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی، عەلی ھەڵەبجەیی، توبا هەڵەبجەیی، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ئەگەر بە دروستی ناوەكەی لەبیری من مابێت]، لە گفتوگۆکردنەکە لەبارەی ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتیی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان (حشع و حشك) نیزکبووم و دواتر ھەندێكیان بوون بە پارتیی كاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیوەندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم (كەركووكی) ھات و گوتی “جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین”، من گوتم بمبوورە، خەریكی گفتوگۆکردنین و ئەمەیان گرنگترە.

ئەو ڕۆژانە، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لە ئەوانەی كە ڕۆڵی “حازرخۆری سفرەدڕ”یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتییەكان دەبووینەوە، هیچ ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆچی ئەوان ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن. بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكان بۆ ئێمەش دەركەوت… .

ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی (ئامانج) گەییشتینە ئانكارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتیی تازە دروستكراوبوو، ئەندامانی (حككع) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتییە، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لە ئێمە كرد، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیست، مەبەستم ئەوەیە، كە من پێش پێكھاتنی ئەو (حككع) ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت و ھەم لەنێو نامەیەكی ١٨ لاپەڕەیی جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتییە پێشنیاركراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەو بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانی من و نەچوونە نێو رێزەكانی ئەو پارتییە دەخەمەڕوو].

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەكا خۆی ناڕازیبێت] گوتی “هیچ وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنی مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون؟” منیش یەكسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا گوتی ” لێرە زۆر بەكەڵكن، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئێستا ھاتوون، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لە ئەوانە وەرگرتووە، مەگەر بە ئێوەیان نەگوتووە، خۆ فڵانەكەس (… لێرەدا ناوەكان نانووسم، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن) ئەوە دەزانێت؟”، منیش گوتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و ئێمە هەرگیز قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت، فڵانەكەس بەرانبەر من، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزاندووە. ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی، ھەموو شتەكانم بەیادھاتنەوە و بۆ من دەركەوت، بۆچی قارەمانانی پشت ھۆڵ ھێندە ھەڵبەی وێنەگرتن و ڤیدێۆگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا لادانی دەمامكەکانە لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم لەسەر پرسەكان سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی و كەسییان بۆ خۆیان دەكرد.

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردکردنی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن، ئەم شتانە لەلای من لەلای گەڵاڵەدەبن :

– ھاوڕێیانێكی ژن، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون، بێجگە لە یەك دوو كەسیان، كە لە پاش دروستبوونی (رێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان) كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆڵی بەرپرسو پێگەخوازیی، ئەوانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣ لە ھەولێر ناومھێناون، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و بۆ ئەوان ھیچ گرنگنەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.

– گیانی ھاریكاری و ھاوتێکۆشانیی و ھاوڕێیەتی بەسەر ھەمووان باڵیكێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو، ھەرچەندە وەك گوتم ئەو خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگەخواز و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا.

– بەداخەوە ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكە لە ئێمەیە بەرانبەر بە نەوەكانی داھاتوو، كە بە ئەوان ڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبوو بە نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووە بە ڕۆژێك بۆ خۆنواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزووی خۆیان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر تێکۆشانی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە، ژنانێكی چالاك، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھێنمە قسە، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو ئازادی کۆمەڵ و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر، بەردەن!”

دوا ڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی كە من ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك ئاوای دەبینێت، کە من خواستوومە مێژوو بشێوێنم، با ئەو دەربەستانە و بە بەرپرسیاریی مێژووییەوە خامەكەی بەدەستەوەبگرێت و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاستبكاتەوە. چونكە بۆ من یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەم ڕۆژیش، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەم ڕۆژ و داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە، سەرمایەگوزاری ڕامیاریی دەكەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە، تەنیا بە خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕەوتی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و نادادوەرییدا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە ، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی تێکۆشان و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!

______________________________
* مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم، ئەوەیە، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، كە دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزیی (كارل ماركس) بێت و پاشرەوانی ئەو ئەو ئایدیالیزمەیان پەرەپێداوە و ئاوای دەبینن کە دەبێت کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش (یەزدان) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن. ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە، كە مێژووی نیشانیدەدات، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و تێکۆشان و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی.

** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یادەوەرییەكانی من، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریكی ئەوە نیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونكە؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم، دووەم، دوو شت بوون بە ھاندەری نووسینەوەی ئەو یاداوەرییانەی خۆم، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە بڕواناكەم لە ئاستی کۆمەڵدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا یەكی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن، كە من بۆ خۆم بەگوێرەی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە، كەسانیكن، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز، بەڵكو ئەوانەن، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پیاواندا دەدەن و دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی لە ژنان، لە ستەم و ھەڵاواردنی ئابووریی و كولتووریی و ڕامیارییەوە، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، كە بەوەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی “نەتەوە”كەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەریی بۆرجوازی “نەتەوە”كەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن، كە بۆ ژنانی كوردستان خەستکراوەتەوە.

*** مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی ٨ی مارچ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆیان، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر لەو شتە نائاگابووین و وەك سەربازێكی نائاگا “فی سبیل اللە” خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوەی ڕێکخراوەکانی خۆمان دەكرد.

ڕۆژی ٨ی مارچ، بۆ ؟

لێرەدا پرسیارەکە لەسەر ئەوە نییە، کە چۆن ئەو بۆنەیە لەو ڕۆژدا سەریهەڵداوە، چونکە یەکەم بۆ کەسانێك کە دڵەخورپەی ئازادی و یەکسانییان هەیە، بەدڵنیاییەوە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژە و چۆنیەتی بوونی بە ڕۆژی جیهانی دەزانن و ئەوەش دەزانن کە جیهانیبوونی ئەم ڕۆژە بارەتەقای کۆششی تەنیا ژنێك (کلارا زیتکین) نییە وەك چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەرهەمی تێکۆشانی نەپساوەی بزاڤی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە شانبەشانی بزاڤە سۆشیالیستییەکان لە چەند ساڵی یەکەمی پاش ڕووداوەکە لە جیهاندا و بەو جۆرە بەردەوامی تێکۆشان لەو پێناوەدا گەیاندییە ئەو ئاستە کە زۆرێك لە وڵاتان ناچاربوون مل بەوە بدەن، کە بیکەنە پشووی فەرمی.

بەڵام هەر زوو وەك هەر ڕووداو و دیاردە مێژوویی پاش پیرۆزکردنی و بەرتەسککردنەوەی لە یاد و ئاهەنگگێڕان، گۆڕا بە ڕۆژێکی ناکارا لە کۆڕی تێکۆشانی یەکسانیخوازانە و تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە چەپەکان تێیدا لە دەوڵەتدا بوون، ئەم ڕۆژە لە هەلی پاگەندی پارتیی و نیشاندانی هێزی دەوڵەت، هیچی دیکە نەبوو. ئەوەش بەگوێرەی ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕی دیاردەکان لەژێر کارایی گۆڕانی مێژوویدا، شتێکی چاوەڕوانکراوە، هەروەك بۆنە ئایینییەکان و سەردانی مەرقەدەکان بەگوێرەی ڕەوتی مێژوویی بوونەتە شوێنی بەیەکگەیشتن و ڕابواردن، هەر ئاواش ڕۆژی جیهانی ژنان بووەتە بۆنەی پاگەندەی دەسەڵاتداران و چەپە دەسەڵاتخوازەکان و کڕۆکەە شۆڕشگێڕییەکەی لەدەستداوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەم ڕۆژە لە هەر وڵات و ناوچەیەك و لە بەرنامەی هەر پارتیێکی ڕامیاریدا، ڕوخسارێکی دیکەی بەخۆوە گرتووە و کراوەتە بۆنەی ئایینی و ناسیونالیستی و پارتیی و لە بۆنە و یادێکی شۆڕشگێڕانەوە کراوە بە ڕۆژێك بۆ پەخشکردنی ئایدیۆلۆجیا جۆراوجۆرەکان و هەلێك بۆ بازرگانی، بۆ نموونە ساڵانی پێشتر لە هەرێمی کوردستاندا لەجیاتی پشووبوونی ئەم ڕۆژە، دەسەڵاتداران فەرمانیان دەدا، کە هەموو کەسێك (ژنان) دەبێت بە پۆشاکی کوردییەوە بچێت بۆ سەرکار و خوێندن، کە بێجگە هەلی بازرگانی و کەوڵکردنی ننێوەڕۆكی ئەو ڕۆژە هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی ژن و بە جیهانیبوونی ئەم ڕۆژەوە نییە. ئەی ئەم ساڵ کە چەند مانگە کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنیشان مووچەیان وەرنەگرتووە و خەڵك نان نییە بیخوات، دەسەلاتداران چ فەرمانێك بۆ ژنان دەردەکەن؟ ئەی چەپە ئاهەنگێڕەکان چ داخوازییەك بەرزدەکەنەوە؟

ئەگەر لەوانەش بگوزەرێین، پرسیارێکی دیکە یەخەماندەگرێت، ئەگەر ژنان لە ساڵێکدا ڕۆژێکیان هەیە، ئەی 364 ڕۆژەکەی دیکە هی کێن؟ ماف و ئەرك و ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە ڕۆژەکانی دیکەدا چییە و چۆن دەبێت؟

بێجگە لەوە پارتییە ڕامیارییەکان لەپێش هەموویانەوە پارتییە چەپەکان، هەموو ساڵ لەم ڕۆژەدا دەزگەی پاگەندەیان دەخەنەگەڕ و ڕۆژی پاشتر تەنانەت ژنە پاشرەوەکانیشیان دەگەڕێنەوە ڕۆڵی ئاساییان و بوخچەی ئازادی و یەکسانیخوازییان تا ساڵێکی دیکە دەپێچنەوە و سەدان ڕووداو و کارەسات و کوشتوبڕ و بازرگانی بەسەر ژناندا دێن و دەکرێن، چەنەبازە ڕامیارەکان بێجگە لە بەیاننامەی پاگەندەیی بۆ پارتییەکەیان و ئایدیۆلۆجییەکەیان، هیچی دیکە بە ئەرکی خۆیان نازانن!

ئەوە وێنە ڕاستەقینەکانی پشت پاگەندە و هەوڵی دەسەڵاتەکان و چەپەکانە، لەبەرئەوە بەبڕوای ئێمە بەشداریکردن لە بەئاهەنگکردنی ئەم ڕۆژە و واڵاکردنی مەیدان بۆ پاگەندەی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازان خزمەتکردنە بە کۆنەپەرستی و کۆیلەڕاگرتنی ژنان لە کۆمەڵدا.

ئێمە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لەو بارەوە بۆچوونگەلێکی دژەتەوژممان هەیە، کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتدەبنەوە :

– ڕۆژی 8ی مارچ و بەجیهانیبوونی ئەم ڕۆژە بارەتەقای پاڵەوانبازیی هیچ سەرکردە و دەستەبژێرێك نییە و تەنیا بەرهەمی تێکۆشانی نەپساوەی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزاڤی سۆشیالیستیی جیهانە بەگشتی.

– ڕۆژی 8ی مارچ، ڕۆژی ئاهەنگگێران و خۆڕازاندنەوە و مەیخواردنەوەی نێو هۆڵ و باڕەکان نییە، بەڵکو ڕۆژی ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستکێشانەوە لە کار و داگیرکردنی پارلەمان و کارگێڕییەکانە.

– ڕۆژی 8ی مارچ، ڕۆژی تیندان و باگەوازکردن بۆ ئایدیۆلۆجییە ئایینی و ناسیونالیستی و چەپی و نیئۆلیبراڵییەکان نییە، بەڵکو ڕۆژی بانگەوازکردنە بۆ تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ پاشەکشێکردن بە ڕەوتە کۆنەپارێزەکان کۆمەڵ.

– بە بۆچوونی ئێمە چەوسانەوەی ڕەگەزیی ژنان کاری تاکە پیاوێك نییە، وەك ئەوەی فێمینیستە بۆرجوازییەکان و چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو کارکرد و بەرهەمی دەسەڵاتی ڕامیاریی و دەسەڵاتی کولتوورییە، کە جیاوازی چینایەتی مامانی لەدایکبوونیانە.

– ئێمە لەو بڕوایەداین، تا سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا بمێنێت و تاوەکو پێناوێك بۆ چەوسانەوەی مرۆڤ بمێنێت، ژنان وەك بەشێك لە کۆمەڵ ڕزگاری یەکجارەکی بەدەستناهێنن، هەروەها بەپێچەوانەی پاگەندەی فێمینیستە بۆرجوازییەکانەوە، لە سایەی پارلەمانیترین دەسەڵاتی بۆرجوازی و لە سایەی لیبرالیترین یاسایاندا، کەمی کرێ و پیشەسازی سێکسی و کۆیلەتی ژنان و مناڵان لە پەرەسەندنەوەدایە.

– بە بۆچوونی ئێمە، ڕزگاری هەر تاك و توێژ و چین و ئێتنییەك تەنیا لە دەستی خودی خۆیدایە و هیچ هێزێك ناتوانێت کۆیلەیەك ڕزگاربکات، ئەگەر خۆهوشیاری ئەو کۆیلەیە خۆی نەبێتە هاندەری تێکۆشانی بۆ ڕزگاربوونی، لەم پەیوەندەدا تاوەکو ژنان ڕزگاری خۆیان لە پاشکۆیی پرسی ئێتنیی و وابەستەیی پارتییە ڕامیارییەکان و چەقبەستن لە پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیاکان جیانەکەنەوە، وەك ئەزموونە مێژووییەکان نیشانیدەدەن، شکست لەدوای شکست گەورەتر و بەئازارتر دەبێت.

– ئێمە هاوکاتی ئەوەی کە کۆڕ و کۆمەڵی خۆهوشیاریی ژنان بەپێویست و کارا دەبینین، بەشداریی و چالاکبوونی ژنان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا بە مەیدانی سەرەکی تێکۆشان و چەکی کارا بۆ سەپاندنی داخوازییەکانمان و مەیدانچۆڵکردن بە دەسەڵاتی ڕامیاریی و دەسەڵاتی کولتووریی دەبینین و دەزانین. ژنان بەبێ بەشداری چالاکانەیان لە تێکۆشانی سەربەخۆی ئابووریی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانەدا و بەبێ بەشدارییان لە پێکهێنان و بوونیان لە پەیکەربەندیی ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکاندا، ناتوانن هاوکار و هاوچین و هاوەڵ و هاوسەرە پیاوەکانیان ناچار بە بەشداریکردن لە تێکۆشانی یەکسانیخوازانەدا بکەن و ناتوانن ببنە دینەمۆی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلەتی خۆیان.

هەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، ئێمە هەموو ڕێکخراوێکی بەناو جەماوەریی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، ساڵمەندان و کەمئەندامان و مناڵان و … تد، کە لەسەر پەیکەربەندی قوچکەیی واتە دەسەڵاتداریی هەندێك بەسەر هەندێکی دیکە پێکهاتوون، ڕەتدەکەینەوە و ئاوای دەبینین کە دەستەمۆیی و نادەربەرستیی ژنان زیاتر و قوڵتر دەکەنەوە و ئەوە بۆ تێکۆشانی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوە دەبینین.

با ئەم ساڵ ئاهەنگ و کۆڕە فەرمانداریی [حکومەتی/ دەوڵەتیی] و پارتیی و دەسەڵاتخوازانەکان بایکۆتبکەین و لە بەرانبەردا خۆمان لە کۆڕ و کۆمەڵی سەربەخۆیی شوێنەکانی کار و خوێندن و گەرەکەکاندا ڕێکبخەین و داخوازییەکانمان بەڕووی کۆمەڵ و دەسەڵاتدارانیدا بەرزبکەینەوە و دەسەڵاتی ڕامیاریی و کولتووریی وەك بکەر و ڕاگری کۆیلەتی یاسایی و کۆمەڵایەتیی ژنان بخەینە ژێر پرسیارەوە.

ئازادی و یەکسانی ژنان تەنیا لە خۆهوشیاریی و خۆڕێکخستن و خۆکارابوون و خۆبیرکردنەوەی خودی ژناندایە

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان

٥ی مارچی 201٦

ڕۆشنكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

ڕۆشنكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

خوێنەرانی هێژا، وەك دەزانن لە هەرێمی كوردستان / کوردستان هزر و تێڕوانین و بیرۆكە ئەناركیستییەكان پێشینەیەكی زۆریان نییە و ئەگەر هەشبووبێت لە ئاستی ئاشنایی و ئاگاداریی تاكەكەسیی تێپەڕینەكردووە؛ لە کوردستان نە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی بە ناو و ئامانجی ئەناركیستی بوونی هەبووە، نە گروپ و ڕێكخراوەی جەماوەریی، نە بڵاوكراوە و نە دەقی نووسراو یا وەرگێڕدراو. تا ئەوێندەرێ كە ئێمە ئاگاداربین و بەڵگەمان هەبێت، پێش كۆبوونەوەی چەند نووسەر و چالاكێك و ڕاگەیاندنی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان)، كە سەكۆیەكی ئینتەرنێتییە و ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە بوون و ئامادەیی هەیە و نووسەرانی پێش ڕاگەیاندنی ئەو سەكۆیە وەك تاكەكەس خەریكی وەرگێران و نووسین بوون و نزیكایەتییان لەتەك هزری ئەناركی هەبووە.

هەر ئاوا هەموو ڕەخنەلێگرانی هزری ئەناركیستی و هەموو كەسێكی ئیسلامی و ناسیونالیست و ماركسیست و لیبراڵی ئاگا لە بنەما هزرییەكانی ئەو ڕەوتە دەزانێت، ئەناركیزم هەر ئاوا کە ڕەتكەرەوەی سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەت و كاریكرێگرتەیە، هەر ئاواش ڕەتكەرەوەی هەموو ڕێكخستن و پێكهاتەیەكی قووچكەیی و نێوەندیییە ئیدی چ پارتییەكی ڕامیاریی بێت یا ڕێكخراو و گورپێكی جەماوەریی و كۆمەڵایەتیی و چ پێكهاتەی خێزان و كۆڕێكی كۆمەڵایەتیی بێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایە هیچ ئەناركییەك ئەو مافە بەخۆی نادات و ئەو مافەی نییە، كە خۆی بكاتە قسەكەری ئەوانی دیكە یا بەناوی ئەوانی دیكەوە ڕاگەیاندن بدات و ڕێكخراو و بزووتنەوەی ئینتەرنێتی ڕابگەیێنێت، چونكە ڕێكخراوی ئەنارکی هەنگاوی یەكەم ڕێكراوێكی پاگەندەییە و دووەم پێكهاتەیەكی ئاسۆییی نێو ژیانی كۆمەڵایەتییە و هەروەها بزووتنەوەی ئەناركی ناوی سەر كاخەز و تۆڕی ئینتەرنێتیی نییە، گروپی پاگەندەیی خۆجێی و فێدراسیۆنە هەرێمیی و كۆنفێدراسیۆنە سەرتاسەرییەكان شێوەی باوی ڕێكخستنی ئەناركیستین، بەڵام ئەم شێوە ڕێکخستنە فرەتر لە بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی مەیدانی و لە یەكگرتنەوەی گروپە خۆجێییە پاگەندە و چالاكەكان پێكدێن، بزووتنەوەش بە گشتێتی بە چالاكی و جوڵەی هەڵگرانی ئاراستەیەكی دیاریكراو دەگوترێت، نەك ڕاگەیاندنی چەند كەسێك لە سەرووی كۆمەڵ وەك لاسایی سیستەم و ڕێكخستنی چینایەتیی و قووچكەیی باوی تا ئێستا.

بەڵام بەداخەوە لە شەش ساڵی ڕابوردوودا بە بڵاوبوونەوەی بیرۆكە و تێڕوانینە ئەناركیستییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوین و نێو كۆچەران و پەنابەرانی ئەوروپا-نشین، بینەری دوو هەوڵی پێچەوانە و لاساییكەرەوانەی پارتییە ڕامیارییەكان و ڕێكخستنە قووچكەیی و نیوەندییەكانین بەناوی ئەناركیزمەوە؛

یەكەم: دروستكردنی وێبلاگێكی فارسی-زمان بەناوی “صدای آنارشیسم” ساڵی ٢٠٠٩، كە لە ئێستادا بەرەو دروستكردنی چەندین پەڕە و ئەكاونتی فەیسبووكی بەناوی “كارگرا آنارشیست” و “دانشجویان آنارشیست” و “هنرمندان آنارشیست” و “….” و دەیان پەیج و گروپی دیكەی یەك كەسی دروستكردووە، كە لاساییكردنەوەیەكی ئاشكرای ناونانە لێنیستییەكانە “ئاڵای شۆڕش” ، “دەنگی كۆمونیزم” و …..تد.

دووەم: دروستكردنی پەیجێكی فەیسبووكی بە زمانی كوردی بەناوی “بزووتنەوەی ئەناركیستی كوردستان” دوو ڕۆژ لەمەوپێش، كە پاش یەكەمین سەرنجی ئێمە لەبارەی ناوەكەیانەوە، ناوی ڕێكخراوێكیشیان “ڕێكخراوی ئەناركیستی كوردستان” قووتكردەوە، “عزر لە خەتا قەباحەتتر”.

لە بارەی مێژوو و چالاكی هەوڵی یەكەم، دوو كەس ئەو وێبلاگەیان دروستكردبوو، ئەو كات گروپێك ئەناركیستی فارسی-زمان لە پاڵتۆك دوو ژووری پاگەندەیی بەناوی “ئەناركۆ-سەندیكالیزم” و “سەدەی بیست و یەك ، سەدەی ئەناركیزم” هەبوون و هاوڕێیانی ئێمەش [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] بەشداری لێدوان و گفتوگۆ و مشتومڕەكانی ئەو دوو ژوورە پالتۆكییەویان دەكرد. هەر لە سەرەتای هاتنی دروستكەرانی وێبلاگی “صدای آنارشیسم” بۆ نێو گفتوگۆكان، ئەو ناونانە ڕووبەڕووی ڕەخنەی ئەناركسیتی بوووە، هەروەها دواتر لە پێكهاتن و یەكەمین كۆبوونەوەی ئەناركیستە فارسی-زمانەكانی ئاڵمانیا ساڵی ٢٠١٠، چالاكی و بەرخوردی ئوتوریتەگەرایانە و تاككەڕەوانەی یەكێك لە دروستكەرانی ئەو وێبلاگە بوو بە بابەتی مشتومڕ و لەبارەیەوە هەڵوێست وەرگیرا و پاشان تێڕوانینە سێكستییەكانی و كۆنترۆڵكردنی وێبلاگەكە و خۆسەپاندنی ئەو و هەروەها ئۆتوریتەگەرایانی چالاكێكی دیكە، بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گروپە و دروستكردنی كێشەیەكی درێژماوە و بەردەوامیی هەر دووكیان لەسەر ڕۆڵی پاپا و مامای ئەناركیزم. خوێنەری بەردەوامی بابەتە فارسیییەكان، ئاگاداری هەموو ئەو پرسانەیە و لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە (فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەناركیستی)یش ئاگاداری ئەو وردەكارییانە هەیە.

هەوڵی دووەم، خوێنەر دەتوانێت بەخۆی سەرنجی ڕاگەیاندن و ڕێكخراو قوتكردنەوەی ئەو پەیجە فەیسبووكییەی، كە زۆرینەی تێكستەكانی كۆپیكراوی نووسین و وەرگێرانەكانی هاوڕێیانی سەكۆی ئەناركیستانن، بدات. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا بە ئێوەی هێژای ڕابگەیێنین و هەمووان ئاگاداربكەینەوە، ئەوەیە كە ئێمە دەستخۆشی لە هەر تاكە كەس و هەر گروپێك دەكەین، كە بەناوی ئەناركیستبوون یا بە نزیكایەتی هزریی لە ئەناركیزم چالاكی و پاگەندەدەكات و سایت و بلاگ و ئەكاونت و پەیج و گروپی كۆمەڵایەتیی نێو ئینتەرنێت دروسدەكات، هەروەها هەموو نووسین و وەرگێرانێكی هاوڕێیانی ئێمە بڵاوكردنەوەیەكی ئازادانەیە و هەموو كەس دەتوانێت لەلای خۆی چاپیبكات و بڵاویبكاتەوە، بە مەرجێك ئاماژە بە سەرچاوەیەك كە لە ئەوەوە وەریگرتووە بدات و هەروەها نەیكاتە كەرەستەی پارەپەیداكردن یا ناوبانگدەركردن بۆ خۆی.

ئەوەی ئێمە بزانین و ئاگاداربین، (بزووتنەوە) بە هەبوونێكی كۆمەڵایەتیی و جەماوەریی دەگوتریت، كە لە ژیانی ڕۆژانەدا كار و چالاكی هەیە و لە ئاستی كۆمەڵێكدا چەندین لك و گروپ و ڕێكخراوەی جەماوەریی و كۆمەڵایەتیی و هەرەوەزیی و ..تد لە خۆی گرتووە. هەروەها ڕێكخراو/ ڕێكخستنی ئەناركیستی[نەك پارتیی]، لە كۆنەوە تا ئێستا گروپی كاریی و پاگەندەیی خۆجێی، فێدراسیۆنی هەرێمی كە لە یەكگرتنی گروپە خۆجیییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییە خۆجێیەكان پێكدێت، كۆنفێدراسیۆنی سەرتاسەریی، كە لە یەكگرتنی فێدراسیۆن و ڕێكخراوە جەماوەریی و كۆمەڵایەتییە هەرێمییەكان پێكدێت. بێجگە لەوانەش لە ئێستادا وەك هەوڵێك بۆ خۆلادان و بەرگرتن بە بیرۆكراسیی ڕێكخراوەیی و بەرگرتن بە ئۆتوریتەگەریی چالاكان، پێكهێنانی تۆڕی ناوچەیی و هەرێمی و سەرتاسەریی سەریهەڵداوە، كە بە هەمان میكانیزم و بنەماكانی ڕێكخستن و بڕیاردان و جێبەجێكردن و چالاكی ئەنارکیستیی هەن و پەیڕەودەکات.

بەداخەوە، ئەوەی ئێمە لە ڕاگەیاندنی “بزووتنەوەی ئەناركیستی كوردستان” دەیبینین، تەواو پێچەوانەی بنەما هزریی و ڕێكخستنی و چالاكییەكانی بزووتنەوەی ئەناركیستین و تەنیا لاساییكردنەوەیەكی نەزانانە یا ئامانجدارانی ڕێكخستن و ڕێكخراوە قووچكەیی و نێوەندییە ڕامیارییەكانە و كەسێك یا چەند كەسێك لە پشت مۆبایل/ لاپتۆپێكەوە بە ئارەزووی خۆی ناو و سێمبوڵ بۆ خۆی/خۆیان دروستدەكەن، كە لە باشترین باردا دەستكاریكردنی ئارم وسێمبولەكەی فراكسیۆنی لەشكری سوور (RAF)ی ئاڵمانیا’یە و كەسێك یا كەسانێك دەیانەوێت ببنە دیكتەکەر و پێشرەو و ڕزگاركەری خەڵك. بەداخەوە ئەگەر ئەوان بەڕاستی چالاكانی ئەناركیستن و دەیانەوێت لەو ئاراستەدا بەگوێرەی توانای خۆیان لە شوینی ژیان و كاری خۆیان یا لە تۆری ئێنتەرنێتیدا چالاکی ئەنجامبدەن، دەیانتوانی وەك كاریی تاكەكەسیی یا گروپی گوند/ گەڕەك یا شارێك خۆیان بە خوێنەر بناساندایە؛ بەناوی دەستەیەك یا بەشێك لە ئەناركیستانی شاری سنە، مەریوان، مەهاباد، سلێمانی، دیاربەكرد، كۆبانێ….تد. بەڵام بەداخەوە ئەوان بەبێ هەبوونی تێڕوانین و بیرۆكە و نووسین و وەرگێڕان و چالاكی و پەیوەندی لەتەك گروپەكانی دیكە، خۆیان بەناوی “بزووتنەوە” و “ڕێكخراو”ی ئەنارکستانی هەموو و سەرتاسەری كوردستان ڕاگەیاندووە و خۆیان كردووەتە دەمراستی هەموو ئەناركیستانی كوردستان، كە ئەوە بێزراوترین و ناشیاوترین و ڕەتکراوەترین كارە لەلای ئەناركیستەكان و تەنیا چەپە بەناو “ئەناركیستەكان”ی خۆرهەڵاتی ناوین ڕێگە بەخۆیان دەدەن، ئاوا كارێك ئەنجامبدەن.

بۆ ئاگاداری خوێنەر و وەك ڕۆشنكردنەوەیەك سەرەتا لەلایەن هاوڕێیانی ئەوروپییەوە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان) وەك “فێدراسیۆنی ئەناركستانی كوردستان” ناسێنرا، لەو بارەوە ئێمە ناچاربووین لە چەندین پێكەوەدانیشتن و دیمانەدا ڕۆشنكردنەوەمان دا، كە لە كوردستان نە بزووتنەوەیەكی ئەناركیستی بوونی هەیە و نە فێدراسیۆن، لەوانەیە لە خۆرهەڵات [كوردستانی بەشی ئێران] و لە باكوور [كورستانی بەشی توركیە] گروپی ئەناركیستی كار و خۆجێی یا گروپی پاگەندەیی نهێنی هەبن و ئێمە ئاگاداری هەبوونی چەندین تاكە كەسی چالاك لە خۆرهەڵات و باشوور و باکوور هەین و پەیوەندییی تاكەكەسییمان لەتەكیان هەیە، بەڵام هیچ بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی و جەماوەریی بوونی نییە و ئێمەش [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] تەنیا سەكۆیەكی ئینتەرنێتیین بۆ گفتوگۆ و لێدوان و نووسین و بڵاوكردنەوە و پاگەندەكردن لەبارەی خۆڕێكخستن و خۆچالاكیی و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێكردن و خۆبەرێوەبەریی و هاوكاتیش نووسەرانی (سەكۆی ئەناركیستانی کوردستان) چالاكی گروپە خۆجێییەكانی وڵاتانی ئەوروپین.

لەبەرئەوە ئەو پەیجە فەیسبووكییە و هەر بلاگ و و سایت و پەیجێكی ئینتەرنێتی بەناوی “بزووتنەوە” و “ڕێكخراو”ی ئەناركیستی بناسێنێت، هیچ پەیوەندییەكی بە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان) نییە و لەسەر بنەماكانی هزر و تێڕوانینی ئەناركیستی و ئەزموونە مێژووییەكان و گەڕانەوەمان بۆ مێژوو، ئەو بەناو “بزووتنەوە” و “ڕێكخراوە” ئینتەرنێتییانە ڕەتدەكەینەوە و بە هەوڵێكی چەپی لە بەرگی “ئەناكیستی”یان دەبینین و بە گومانەوە سەرنجیاندەدەین و لە مێژووی بزووتنەوەی ئەئارکسیتیدا هەمیشە نیشانەی پرسیاریان لەسەر بووە و دەبێت. بەڵام هاریكاری و هاوڕیی هەموو دەنگێكی ئازاد، هەموو كار و چالاكییەكی خۆجیی و هەموو گروپێكی خۆجێی و ئێنتەرنیتیی پاگەندەكەر و ڕۆشنگەر دەكەین. لەو بارەوە لێرەدا بۆ جیاكردنەوە خۆمان لینكی پێگە ئینتەرنێتییەكانی سەكۆی ئەناركستان ڕیزدەكەن:

http://www.anarkistan.wordpress.com

http://www.facebook.com/sekoy.anarkistan

http://www.issuu.com/anarkistan

http://www.twitter.com/anarkistan

anarkistan@riseup.net

ئەنارکیستەکان نە خۆیان بە [مەرجەع] دەزانن و نە هیچ کەس بە [مەرجەعی] خۆیان دەزانن و نە بواردەدەن، کە هیچ کەس و گروپ و دەستەبژێرێك ببێتە [مەرجەع]ی بزووتنەوەی ئەنارکیستی.

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان

٢٦ی فیبریوەری ٢٠١٦

Roşinkirdneweyek bo ray giştî

Roşinkirdneweyek bo ray giştî

Xwêneranî hêja, wek dezanin le herêmî kurdistan / kurdistan hzir û têrrwanîn û bîroke enarkîstîyekan pêşîneyekî zoryan nîye û eger heşbûbêt le astî aşnayî û agadarîy takekesîy têperrînekirduwe; le kurdistan ne bzûtneweyekî komellayetîy be naw û amancî enarkîstî bûnî hebuwe, ne grup û rêkixrawey cemawerîy, ne bllawkrawe û ne deqî nûsraw ya wergêrrdraw. Ta ewênderê ke ême agadarbîn û bellgeman hebêt, pêş kobûnewey çend nûser û çalakêk û rageyandinî (sekoy enarkîstanî kurdistan), ke sekoyekî înternêtîye û sallî 2005 bedwawe bûn û amadeyî heye û nûseranî pêş rageyandinî ew sekoye wek takekes xerîkî wergêran û nûsîn bûn û nzîkayetîyan letek hizrî enarkî hebuwe.

Her awa hemû rexnelêgranî hizrî enarkîstî û hemû kesêkî îslamî û nasîwnalîst û markisîst û lîbrallî aga le bnema hizrîyekanî ew rewte dezanêt, enarkîzm her awa ke retkerewey serwerîy çînayetî û darayî taybet û karîkrêgirteye, her awaş retkerewey hemû rêkxistin û pêkhateyekî qûçkeyî û nêwendîyye îdî çi partîyekî ramyarîy bêt ya rêkixraw û gurpêkî cemawerîy û komellayetîy û çi pêkhatey xêzan û korrêkî komellayetîy bêt, her leser ew bnemaye hîç enarkîyek ew mafe bexoy nadat û ew mafey nîye, ke xoy bkate qsekerî ewanî dîke ya benawî ewanî dîkewe rageyandin bdat û rêkixraw û bzûtnewey înternêtî rabgeyênêt, çunke rêkixrawî enarkî hengawî yekem rêkrawêkî pagendeyye û duwem pêkhateyekî asoyîy nêw jyanî komellayetîye û herweha bzûtnewey enarkî nawî ser kaxez û torrî înternêtîy nîye, grupî pagendeyî xocêy û fêdrasyone herêmîy û konfêdrasyone sertaserîyekan şêwey bawî rêkxistinî enarkîstîn, bellam em şêwe rêkxistne fretir le bzûtnewey krêkarîy û cemawerîy meydanî û le yekgirtnewey grupe xocêyye pagende û çalakekan pêkdên, bzûtneweş be giştêtî be çalakî û culley hellgranî arasteyekî dyarîkraw degutrêt, nek rageyandinî çend kesêk le serûy komell wek lasayî sîstem û rêkxistinî çînayetîy û qûçkeyî bawî ta êsta.

Bellam bedaxewe le şeş sallî raburdûda be bllawbûnewey bîroke û têrrwanîne enarkîstîyekan le xorhellatî nawîn û nêw koçeran û penaberanî ewrupa-nşîn, bînerî dû hewllî pêçewane û lasayîkerewaney partîye ramyarîyekan û rêkxistne qûçkeyî û nîwendîyekanîn benawî enarkîzmewe;

Yekem: drustkirdnî wêblagêkî farsî-zman benawî “êday آnarşîsm” sallî 2009, ke le êstada berew drustkirdnî çendîn perre û ekawnitî feyisbûkî benawî “kargra آnarşîst” û “danişcuyan آnarşîst” û “hnirimindan آnarşîst” û “….” û deyan peyc û grupî dîkey yek kesî drustkirduwe, ke lasayîkirdneweyekî aşkray nawnane lênîstîyekane “allay şorrş” , “dengî komunîzm” û …..tid.

Duwem: drustkirdnî peycêkî feyisbûkî be zmanî kurdî benawî “bzûtnewey enarkîstî kurdistan” dû roj lemewpêş, ke paş yekemîn sernicî ême lebarey nawekeyanewe, nawî rêkixrawêkîşyan “rêkixrawî enarkîstî kurdistan” qûtkirdewe, “‘zir le xeta qebahettir”.

Le barey mêjû û çalakî hewllî yekem, dû kes ew wêblageyan drustkirdbû, ew kat grupêk enarkîstî farsî-zman le palltok dû jûrî pagendeyî benawî “enarko-sendîkalîzm” û “sedey bîst û yek , sedey enarkîzm” hebûn û hawrrêyanî êmeş [sekoy enarkîstanî kurdistan] beşdarî lêdwan û giftugo û miştumrrekanî ew dû jûre paltokîyewyan dekrid. Her le seretay hatnî drustkeranî wêblagî “êday آnarşîsm” bo nêw giftugokan, ew nawnane rûberrûy rexney enarkisîtî bûwe, herweha dwatir le pêkhatin û yekemîn kobûnewey enarkîste farsî-zmanekanî allmanya sallî 2010, çalakî û berxurdî uturîtegerayane û takkerrewaney yekêk le drustkeranî ew wêblage bû be babetî miştumirr û lebareyewe hellwêst wergîra û paşan têrrwanîne sêksitîyekanî û kontrollkirdnî wêblageke û xosepandinî ew û herweha oturîtegerayanî çalakêkî dîke, bûne hoy hellweşandnewey grupe û drustkirdnî kêşeyekî drêjmawe û berdewamîy her dûkyan leser rollî papa û mamay enarkîzm. Xwênerî berdewamî babete farsîyyekan, agadarî hemû ew pirsaneye û le sallî 2012 bedwawe (fêdrasyonî nêwneteweyî enarkîstî)îş agadarî ew wirdekarîyane heye.

Hewllî duwem, xwêner detwanêt bexoy sernicî rageyandin û rêkixraw qutkirdnewey ew peyce feyisbûkîyey, ke zorîney têkistekanî kopîkrawî nûsîn û wergêranekanî hawrrêyanî sekoy enarkîstanin, bdat. Ewey ême demanewêt lêreda be êwey hêjay rabgeyênîn û hemuwan agadarbkeynewe, eweye ke ême destxoşî le her take kes û her grupêk dekeyn, ke benawî enarkîstibûn ya be nzîkayetî hizrîy le enarkîzm çalakî û pagendedekat û sayt û blag û ekawnit û peyc û grupî komellayetîy nêw înternêt drusdekat, herweha hemû nûsîn û wergêranêkî hawrrêyanî ême bllawkirdneweyekî azadaneye û hemû kes detwanêt lelay xoy çapîbkat û bllawîbkatewe, be mercêk amaje be serçaweyek ke le ewewe werîgirtuwe bdat û herweha neykate kerestey parepeydakirdin ya nawbangderkirdin bo xoy.

Ewey ême bzanîn û agadarbîn, (bzûtnewe) be hebûnêkî komellayetîy û cemawerîy degutrît, ke le jyanî rojaneda kar û çalakî heye û le astî komellêkda çendîn lik û grup û rêkixrawey cemawerîy û komellayetîy û herewezîy û ..tid le xoy girtuwe. Herweha rêkixraw/ rêkxistinî enarkîstî[nek partîy], le konewe ta êsta grupî karîy û pagendeyî xocêy, fêdrasyonî herêmî ke le yekgirtnî grupe xocîyyekan û rêkixrawe cemawerîye xocêyekan pêkdêt, konfêdrasyonî sertaserîy, ke le yekgirtnî fêdrasyon û rêkixrawe cemawerîy û komellayetîye herêmîyekan pêkdêt. Bêcge lewaneş le êstada wek hewllêk bo xoladan û bergirtin be bîrokrasîy rêkixraweyî û bergirtin be oturîtegerîy çalakan, pêkhênanî torrî nawçeyî û herêmî û sertaserîy serîhelldawe, ke be heman mîkanîzm û bnemakanî rêkxistin û birryardan û cêbecêkirdin û çalakî enarkîstîy hen û peyrrewdekat.

Bedaxewe, ewey ême le rageyandinî “bzûtnewey enarkîstî kurdistan” deybînîn, tewaw pêçewaney bnema hizrîy û rêkxistinî û çalakîyekanî bzûtnewey enarkîstîn û tenya lasayîkirdneweyekî nezanane ya amancdaranî rêkxistin û rêkixrawe qûçkeyî û nêwendîye ramyarîyekane û kesêk ya çend kesêk le pişt mobayl/ laptopêkewe be arezûy xoy naw û sêmbull bo xoy/xoyan drustdeken, ke le baştirîn barda destkarîkirdnî arm wsêmbulekey frakisyonî leşkirî sûr (RAF)î allmanya’ye û kesêk ya kesanêk deyanewêt bibne dîkteker û pêşrew û rizgarkerî xellk. Bedaxewe eger ewan berrastî çalakanî enarkîstin û deyanewêt lew arasteda begwêrey twanay xoyan le şuynî jyan û karî xoyan ya le torî ênternêtîda çalakî encambden, deyantwanî wek karîy takekesîy ya grupî gund/ gerrek ya şarêk xoyan be xwêner bnasandaye; benawî desteyek ya beşêk le enarkîstanî şarî sne, merîwan, mehabad, slêmanî, dyarbekrid, kobanê….tid. Bellam bedaxewe ewan bebê hebûnî têrrwanîn û bîroke û nûsîn û wergêrran û çalakî û peywendî letek grupekanî dîke, xoyan benawî “bzûtnewe” û “rêkixraw”î enarkistanî hemû û sertaserî kurdistan rageyanduwe û xoyan kirduwete demrastî hemû enarkîstanî kurdistan, ke ewe bêzrawtirîn û naşyawtirîn û retkrawetrîn kare lelay enarkîstekan û tenya çepe benaw “enarkîstekan”î xorhellatî nawîn rêge bexoyan deden, awa karêk encambden.

Bo agadarî xwêner û wek roşinkirdneweyek sereta lelayen hawrrêyanî ewrupîyewe (sekoy enarkîstanî kurdistan) wek “fêdrasyonî enarkistanî kurdistan” nasênra, lew barewe ême naçarbûyn le çendîn pêkewedanîştin û dîmaneda roşinkirdneweman da, ke le kurdistan ne bzûtneweyekî enarkîstî bûnî heye û ne fêdrasyon, lewaneye le xorhellat [kurdistanî beşî êran] û le bakûr [kuristanî beşî turkye] grupî enarkîstî kar û xocêy ya grupî pagendeyî nhênî hebin û ême agadarî hebûnî çendîn take kesî çalak le xorhellat û başûr û bakûr heyn û peywendîyî takekesîyman letekyan heye, bellam hîç bzûtneweyekî komellayetîy û cemawerîy bûnî nîye û êmeş [sekoy enarkîstanî kurdistan] tenya sekoyekî înternêtîyn bo giftugo û lêdwan û nûsîn û bllawkirdnewe û pagendekirdin lebarey xorrêkxistin û xoçalakîy û xobirryardan û xocêbecêkirdin û xoberêweberîy û hawkatîş nûseranî (sekoy enarkîstanî kurdistan) çalakî grupe xocêyyekanî wllatanî ewrupîn.

Leberewe ew peyce feyisbûkîye û her blag û wi sayt û peycêkî înternêtî benawî “bzûtnewe” û “rêkixraw”î enarkîstî bnasênêt, hîç peywendîyekî be (sekoy enarkîstanî kurdistan) nîye û leser bnemakanî hzir û têrrwanînî enarkîstî û ezmûne mêjûyyekan û gerraneweman bo mêjû, ew benaw “bzûtnewe” û “rêkixrawe” înternêtîyane retdekeynewe û be hewllêkî çepî le bergî “enakîstî”yan debînîn û be gumanewe serincyandedeyn û le mêjûy bzûtnewey earkisîtîda hemîşe nîşaney pirsyaryan leser buwe û debêt. Bellam harîkarî û hawrrîy hemû dengêkî azad, hemû kar û çalakîyekî xocîy û hemû grupêkî xocêy û ênternîtîy pagendeker û roşinger dekeyn. Lew barewe lêreda bo cyakirdnewe xoman lînkî pêge înternêtîyekanî sekoy enarkistan rîzdeken:

http://www.anarkistan.wordpress.com

http://www.facebook.com/sekoy.anarkistan

http://www.issuu.com/anarkistan

http://www.twitter.com/anarkistan

anarkistan@riseup.net

Enarkîstekan ne xoyan be [merce’] dezanin û ne hîç kes be [merce’î] xoyan dezanin û ne bwardeden, ke hîç kes û grup û destebjêrêk bbête [merce’]î bzûtnewey enarkîstî.

Sekoy enarkîstanî kurdistan

26î fîbrîwerî 2016

هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌و هاریکاریی بێت/٨

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

 30/01/2016

به‌شی هه‌شته‌م و کۆتایی:

  • پێشێلکردنی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و سه‌رکوتکردن:

پاگه‌نده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر دژی یه‌کینه‌کانی گه‌ل و ژنان و هێزی ئاسایش له‌ڕۆژاوادا له‌لایه‌ن زۆر له‌میدیاکانی حکومه‌تی هه‌رێم و ناوجه‌که وه‌‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیشه‌وه، ده‌کرێت که‌گوایه‌له‌ڕؤژاوادا ئازادی نییه‌و گرتوی (به‌ندی) سیاسی هه‌یه‌و مامه‌ڵه‌ی ناشیرین له‌ته‌ك به‌ندییه‌کاندا ده‌کرێت به‌به‌کارهێنانی توندوتیژی هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌شیان له‌گه‌ڵ گونده‌عه‌ره‌به‌کان و دانیشتوانی که‌پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوون . جگه‌له‌وانه‌ش‌مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پارته‌سیساسییه‌موعاره‌زه‌کورده‌کانی خودی ڕۆژاوا که‌ئازادییان لێ قه‌ده‌غه‌کراوه‌،ده‌کرێت.
ئاشکرایه‌‌کاتێک که‌ خاوه‌نی هێزی چه‌کداریی بیت و له‌بارودۆخی شه‌ڕ و جه‌نگدا بیت له‌ولاشه‌وه‌ ململانێی ده‌سه‌ڵات بکه‌یت ، گومانی تیادا نامێنێته‌وه‌که‌ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی پارته‌کانی دیکه‌و هه‌ڵگرانی باوه‌ڕی جیاواز که‌مده‌کاته‌وه‌ و گرتن و به‌ندکردنییشیان و تاوانبارکردنیان به‌ئه‌نجامدانی جۆره‌ها چالاکی جیاواز، له‌گومانه‌وه‌تاڕاده‌یه‌ك ده‌خاته‌قاڵبی ڕاستییه‌وه‌‌. له‌شوێنێکدا که‌ده‌سه‌ڵاتی چه‌کداری وجودی هه‌بێت ، ئازادی له‌سه‌دا سه‌دی تیانییه‌ئه‌مه‌شتێکی لۆژیکانه‌یه‌و مێژوی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کدارنه‌ش له‌جیهاندا، هه‌میشه‌ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له‌و پاگه‌ندانه‌ی که‌ده‌کرێت، ده‌کرێت بچێته‌قاڵبی ڕاستیییه‌وه‌ و به‌رپرسانی یه‌کینه‌کانی گه‌لیش پێی له‌گواستنه‌وه‌ی دانیشتوانی 3 بۆ 5 گوند‌ی عه‌ره‌ب، ناوه‌که‌گوایه‌زروفێکی نائاسایی بووه‌.

به‌رای من زروف و بارودۆخه‌که‌هه‌رچۆنێك بێت نابێت پاساوێك بێت بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی ئازادییه‌کان و ڕێگه‌گرتن له‌چالاکی حیزبه‌موعاریزه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی که‌به‌کاری تیرۆریزمانه‌وه‌ سه‌رگه‌رم نه‌بن ، هه‌رچه‌ندیش گوندێکی عه‌ره‌بنشین له‌گه‌ڵ داعشدا بوبن یاببن ، نابێت ده‌میان ببه‌سترێت و به‌ندبکرێن و ڕاگوێزرێن. هێج بیانوو پاساوێك و قه‌بوڵی ئه‌وه‌ناکات .

لیژانه‌کانی مافی مرۆڤ که‌له‌وێ هه‌ن هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پارێزگاری له‌هه‌یبه‌ت و شۆره‌ی په‌یه‌ده‌و یه‌په‌گه‌،خۆیان ، ده‌بێت هاوکاری بکرێن، وه‌کو هێزێکی چاودێر ته‌ماشایان نه‌کرێت، به‌ڵکو ده‌بێت وه‌کو هێزێکی هاوکار و کۆمه‌ککار ببینرێن و هان بدرێن و به‌ئاگه‌بهێنرێنه‌وه‌ که‌تۆماری هه‌موو جۆره‌ پێشێلکردنێكی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیان بکه‌ن و ئه‌وانی لێئاگه‌دار بکه‌نه‌وه‌، مافی حیزبه‌کان له‌کردنی چالاکییه‌کانیاندا ده‌بێت ڕێزی لێبگیرێت تاکو بتوانن پاکۆ له‌کرداره‌ نه‌گریسه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس بده‌ن و ئه‌و ناوبانگ و شۆره‌یه‌یی که‌یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ و په‌یه‌ده‌که‌له‌بواه‌کانی دیکه‌دا هه‌یانه‌ده‌بێت ئه‌م لایه‌نه‌گرنگه‌ی دیکه‌ش، سه‌راپای کۆمه‌ڵ بگرێته‌وه‌.

ئه‌وانێك له‌کاتێکدا که‌هه‌رێمی کوردستان و پارتی به‌دڵسۆزی خۆیان ده‌زانن و بانگه‌شه‌ی‌سه‌رۆکیان بۆ کۆنفرانسی خۆیان ده‌که‌ن و داوای یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یییان لێده‌که‌ن، ده‌بێت مه‌یلێکی دۆستانه‌شیان له‌گه‌ڵ “پیاوه‌کانیاندا” که‌له‌حیزبه‌موعاره‌زه‌جیا جیاکاندا گردبوونه‌ته‌وه‌، هه‌بێت، ده‌بێ سوکایه‌تی نه‌به‌خۆیان و نه‌به‌ئاڵاکه‌یان یا ئاڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌به‌رزیده‌که‌نه‌وه‌، نه‌که‌ن . ده‌بێت زه‌وق له‌‌ته‌و‌اوی مافه‌کانی خۆیان ببینن ، ته‌نها مافی دروستکردنی هێزی سه‌ربازی تایبه‌تی ،نه‌بێت ‌له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانده‌کانی یه‌کینه‌کانی گه‌ل،ده‌بێت بخرێته‌ژێر پرسیاره‌وه‌. له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت کێشه‌که‌له‌ڕێگای وتووێژو ئاشتییه‌وه‌لابه‌لا بکرێته‌وه‌به‌نیشاندانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزگرتن و گوێگرتن لێیان و هه‌بوونی به‌رگه‌گرتنی (ته‌حه‌مولی) زۆر و قسه‌کردنی پێویست به‌به‌ڵگه‌وه‌. ده‌بێت سیاسه‌تی ئه‌مان کارکردن له‌سه‌ر بچڕانی په‌یوه‌ندی ئه‌و حیزبانه‌ یاخود ساردکردنه‌وی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، بێت، نه‌ك پاڵپێوه‌نانیان بۆ خستنه ‌باوه‌شی زیاتری هه‌ریمه‌وه‌و به‌تایبه‌تی پارتی. سازشکردن بۆ حیزبه‌کوردییه‌یا غه‌یره‌کوردییه‌کانی ڕۆژاوا و تاك و گروپه‌‌ڕاجیاوازه‌کان ده‌بێت پێش سازش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و ڕژێمی ئه‌سه‌دو سه‌رجه‌می وڵاتانی دیکه، بکه‌وێت، نه‌ك فه‌رامۆشکردن و په‌راوێزخستنیان .

ئه‌وه‌نه‌بێت په‌یه‌ده‌هه‌ر ئه‌و‌پاگه‌ندانه‌ی سه‌ره‌ویان له‌دژ بکرێت، به‌ڵکو به‌زۆر کاری دیکه‌له‌لایه‌ن که‌مایه‌تییه‌کانی وه‌کو ئاشورییه‌کان و مه‌سیحییه‌کان و ئه‌رمه‌نییه‌کان و هه‌روه‌ها عه‌ره‌به‌کانیشه‌وه‌به‌پێشێلکردنی مافیان، له‌هه‌ندێك ڕووه‌وه‌تاوانبارکراون . بۆ نموونه‌: له‌مانگی سێبته‌مبه‌ری ساڵی ڕابوردووه‌وه‌که‌به‌شی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن له‌ڕۆژاوا بڕیاریدا که‌په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی خوێندن له‌قوتابخانه‌سه‌ره‌تاییه‌کاندا بگۆرن به‌جۆرێك که‌له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیكدا بڕوات و بگونجێت، ئه‌و گروپانه‌ی سه‌ره‌وه‌وه‌و لایه‌نی دیکه‌ی دینجیاواز/ ئاینجیاواز ناڕازین به‌رانبه‌ر ئه‌و پلانه‌تازه‌یه‌ ، ئه‌وان بڕوایان وایه‌و ده‌ڵێن ” پڕۆگرامی نوێی زمانی کوردی بۆ قوتابخانه‌سه‌ره‌تاییه‌کان که‌له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه،‌ ناسێنراوه، جڵه‌وی داوه‌ته‌‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌باکوری سوریادا له‌به‌جێهێنانیدا، له‌هه‌قه‌تدا جه‌ده‌لیانه‌یه‌به‌وه‌ی که زۆر ‌ئایدۆلۆجیانه‌یه‌” که‌ئه‌سبه‌قیه‌تی به‌تاکه‌دیدێك له‌سه‌رو ئه‌وانی دیکه‌وه‌داوه‌”   ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه‌ جیاوازییه‌کی زۆر نیییه‌له‌نێوانی په‌روه‌ده‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د و ئێستای ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریدا ” هه‌روه‌کو تێکستی نێو کتێبه‌کانی حکومه‌تی سوری ” قادر ئه‌حمه‌د که‌چالاکوانێکی کورده‌و له‌کۆبانی داده‌نیشێت به‌Syria Direct وت تێکسته‌کانی که‌له‌پڕۆگرامه‌تازه‌که‌دا به‌کارهاتووه‌” ئه‌سبه‌قییه‌تی به‌تاکه‌دیدێك داوه‌به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا ، جیاوازییه‌که‌ له‌م پڕۆگرامه‌دا ده‌رخستن و داڕشتنی هزری ئۆجه‌لانه‌له‌بری ئایدیاکانی به‌عس”

هه‌ڵبه‌ت من نازانم چه‌ندێك له‌مه‌ی که‌له‌سه‌ره‌وه‌وتراوه‌ڕاسته‌و چۆن جێ به‌جێ کراوه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ قبوڵکردنی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ زۆر سه‌خته و هه‌رسکردنی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاسان نییه.

ڕژێمی ئه‌سه‌د کاتی خۆی مۆڵه‌تی به‌گه‌لێک لایه‌ن و ئه‌و گروپانه‌ی سه‌روه‌داوه‌که‌”قوتابخانه‌ی تایبه‌تییان” له‌بری ده‌وڵه‌تی هه‌بێت ، که‌ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا دانی به‌رته‌رییه‌ ( ئیمتیاز) به‌و لایه‌نانه‌، دیاره‌ئه‌مه‌ش له‌ژێر بیانو و پاساوی جیاجیادا کراوه‌.   له‌م بارودۆخه‌دا که‌ئه‌م لایه‌نانه‌به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکالی ئاوایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت ، هه‌ست به‌لێسه‌ندنه‌وه‌ی به‌رته‌رییه‌کانیان ده‌که‌ن و هه‌ستده‌که‌ن که‌مه‌حرومکراون .

له‌کاتێکدا که‌من پڕۆگرامی نوێ که‌له‌ته‌ك خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی گه‌لی و بیر و هزری ئۆجه‌لان و پرسی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و ژینگه‌دا ، ده‌ناسم و ڕه‌چاوی ده‌که‌م، هه‌ر‌ئاواش گه‌ڕانه‌وه‌ی قوتابخانه‌تایبه‌تییه‌کان بۆ ناو کۆ‌مه‌ڵ و خوێندنی یه‌ك به‌رنامه‌یی‌که‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت و له‌گه‌ڵیدا بڕوات کارێکی زه‌رورییه‌و ڕه‌چاویان ده‌که‌م. ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌م که‌شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵی یه‌کسانی و ته‌بایی و به‌کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی هه‌موو شتێکه‌. به‌ڵام له‌کاتێکدا باوکان و دایکان نایه‌نه‌وێت منداڵه‌کانیان له‌ قوتابخانه‌یه‌کدا بخوێنن که‌ ئه‌و پڕۆگرامه‌نوێیه‌ده‌سه‌پێنێت ، ده‌بوایه‌په‌یه‌ده‌و به‌شی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن ته‌حه‌مولی زیاتریان نیشانبدایه‌و دیالۆگی زیاتریان له‌گه‌ڵدا بکردنایه‌و کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌و فراون و زیاده‌وه‌ختیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامبدانایه‌، تاکو ئه‌و باوك و دایکانه‌یان قایلبکردایه‌. گه‌ر قایلیش نه‌بوونایه‌ئه‌وه‌ڕێگای دیکه‌ی بێ له‌توندووتیژی و خۆسه‌پاندن هه‌نه‌که‌ده‌کرا له‌گه‌ڵیاندا به‌کار ببهێنرایه‌.

له‌قامیشلی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ،The Human Rights Watch هه‌ستده‌که‌ن که‌پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هه‌تا ڕاده‌ی ده‌رکردنی خه‌ڵکی له‌خانووه‌کانیان به‌زۆر و تێکدانی ماڵ و خاوه‌ندارێتیی غه‌یری دانیشتوانی کورد له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ڕوویداوه و کراوه‌‌.

ئاژانسی ده‌نگوباسی جیهانی ئاسورییه‌کان له‌02/11/2015 دا سه‌باره‌ت به‌داگیرکردنی خانووبه‌ره‌ و بانگکردنی خه‌ڵکی بۆ چه‌ک هه‌ڵگرتن به‌زۆر و پڕۆگرامی نوێی قوتابخانه،‌نوسیوێتی و ده‌ڵێت: ” 16 ڕێکخراوی ئاسوری و ئه‌رمه‌نی په‌یامێکیان (Statement ) ده‌رکردوه‌که‌ناڕه‌زایی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵکی تایبه‌تی خه‌ڵك له‌ده‌ڤه‌ری حه‌سه‌که‌له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌، ده‌ربڕیوه‌ . په‌یامه‌که‌په‌یه‌ده‌ی که‌ باڵیێکی په‌که‌که‌یه‌ ، به‌پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی (موصاده‌ره‌کردنی) موڵکی تایبه‌تی ، سه‌ربازگیری نایاسایی و هه‌ره‌ها ده‌ستوه‌ردان له‌کڵێسه‌کان و به‌رنامه‌و پڕۆگرامی قوتابخانه‌، تاوانبارکردووه‌ ” ‌

 

Zaherbaher.com

هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌و هاریکاریی بێت/ ٧

هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌و هاریکاریی بێت

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

30/01/2016

 

به‌شی حه‌وته‌م:

 

  • نه‌بوونی دیدێکی ته‌واو و هه‌بوونی هه‌ڵوێستی په‌رادۆکسیانه‌ سه‌باره‌ت به‌ئابوری ئێستا و ئاینده‌ی ڕۆژاوا:

بنه‌مای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی لای من شۆڕشی ئابوری و شؤڕشی کولتورییه‌. ئه‌م دوانه‌هه‌ردوکیان بناغه‌ی شؤڕشه‌که‌دروستده‌که‌ن و ده‌ستکاریکردنی بواره‌کانی دیکه‌ی وه‌کو ڕۆشنبیری و سیاسی و هتد به‌م دوو بواره‌ی سه‌ره‌وه‌په‌یوه‌ستده‌بن .

بناغه‌ی شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌هه‌ر له‌وێوه‌به‌شێك له‌کولتوره‌که‌ده‌گۆڕێت و کۆمۆنێتییه‌که‌یا کۆمه‌ڵه‌که‌ده‌کاته ئۆرگانیك، ژیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌بۆ لایه‌نه‌سروشتیه‌که‌ی خۆی ، ژیانی پێکه‌وییه‌(جه‌ماعی) و کاری هه‌ره‌وه‌زییه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دیدێکی ڕۆشن و پلانێکی داڕێژراو هه‌بێت بۆی . هه‌بوونی کۆمونه‌کان و پێکه‌وه‌ژیانی خه‌ڵکی له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان ، له‌گه‌ڕه‌کاکاندا له‌شوێنه‌کانی سه‌رکاردا به‌ردی بناغه‌ی داڕشتنی به‌کۆ‌مه‌ڵایه‌تیکردنی ئابوری و ژیانی به‌یه‌که‌وه‌یی و   کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌یه‌. ڕاسته‌ئابوری دواکه‌وتووی ڕۆژاوا و دۆخی شه‌ڕ و نه‌بوونی ئاشتی و فشاری گیروگرفته‌کانی دیکه‌و نه‌بوونی هاوکاری و کۆمه‌کی پێویست له‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئازادیخوازانی جیهانه‌وه‌، ڕۆڵی خۆیان بینوه‌و ده‌بینن له‌ پێشه‌وه‌نه‌چونی پلانی به‌کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی ئابوری، به‌ڵام هاوکاتیش نه‌دانی هه‌وڵی جددی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ‌و پلان و قسه‌وباسی ناکۆك له‌سه‌ر بیناکردنی ئابوری ڕۆژاوا ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه پلانه‌ئابورییه‌که‌ی دواخستووه‌و تا ڕاده‌ی هه‌ڵسپاردنی له‌ئێستادا.

ئه‌مڕۆ هه‌ر له‌کانتۆنی جه‌زیره‌دا زیاتر له‌109 کۆمون هه‌یه‌. ئه‌م کۆمونانه‌ده‌توانن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع له‌ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌نگاوی گه‌وره‌بنێن بۆ نموونه‌هێج نه‌بێت ده‌توانن چێشتخانه‌( مه‌تبه‌خی) گه‌ڕه‌ك هه‌بێت ، له‌سه‌ر کار چێشتخانه‌ی کارگه‌ران و کارمه‌ندان هه‌بێت ، به‌هه‌مان شێوه‌له‌شوێنه‌کانی خوێندندا و خه‌سته‌خانه‌کان و شوێنه‌ خزه‌مگوزارییه‌کاندا. دیسانه‌وه‌له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان ده‌بوایه‌به‌هه‌ره‌وه‌زی خه‌ڵکی کاری له‌سه‌ر بکردنایه‌و به‌رهه‌مه‌که‌شی بۆ کۆمۆنێتییه‌که‌بوایه‌. له‌بری ئه‌مه‌ ” ئێمه‌هانی هه‌وموان ده‌ده‌ین که ‌کار له‌زه‌وییه‌کانی خۆیاندا بکه‌ن له‌سه‌ر بناغه‌ی پێویستی کۆمۆنێتییه‌که‌” ‌‌ئه‌مه‌قسه‌ی دکتۆر یوسف ئه‌حمه‌ده، وه‌زیری ئابوری له‌کانتۆنی عفرین، له‌دیمانه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ‌The Huffington Post که‌له‌18/12/2015 کراوه‌ . دیسانه‌وه‌ده‌ڵێت ” ئێمه‌به‌خێرهاتنی خاوه‌ن سامانه‌کان / پاره‌داره‌کان ده‌که‌ین تاکو پاره‌کانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و به‌شداری بکه‌ن و سه‌رمایه‌که‌یان بخه‌نه‌به‌رده‌م هه‌وڵی هاووڵاتیانی جیاجیا تاکو له‌سه‌ر زه‌وییه‌کانیان بژین ئه‌مه‌له‌کاتێکدا که‌ هێشتا که‌رتی تایبه‌تی له‌به‌شی ئابوریدا که‌رتێکه‌‌” درێژه‌به‌قسه‌کانی ده‌دا و ده‌ڵێت ” به‌ڵام ئێمه‌لێیان ناگه‌ڕێین که‌هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێ و کۆمۆنێتییه‌که‌و خه‌ڵکه‌که‌ی بچه‌وسێنه‌وه‌و به‌کاربهێنن یاخود مۆنۆپۆلیانبکه‌ن ”   به‌رده‌وامده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌کانی و ده‌ڵێت ” ئێمه‌له‌مه‌دا سه‌رکه‌وتوو ده‌بین چونکه‌ مۆدێکلێکی دیکه‌له‌سه‌ر زه‌مین نه‌ماوه‌ته‌وه‌هه‌وڵی بۆ نه‌درابێت. ئه‌م مۆدێله‌مۆدێلێکه‌که‌مێژوی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌ته‌وه‌ بۆ ژیان “

به‌ڵام له‌دیمانه‌که‌ی Murphy Dylan ڕۆژی 08/01/2015 دا له‌گه‌ڵ Özgür Amed Journalist and Researcher ، ( ڕؤژنامه‌وان و توێژه‌ره‌وه‌) دیلان مێرفی لێی ده‌پرسێت : دونیای سه‌رمایه‌داری له‌قه‌یرانه‌ئابورییه‌که‌ی 2008 وه‌ تازه‌له‌هه‌ڵسانه‌وه‌دایه نایه‌کسانی له‌ساماندا له‌زۆر شوێنی ئه‌م دونیایه‌دا له‌زیاده‌بووندایه‌. چ به‌دیلێکی ئابوریانه‌له‌ڕۆژاوادا پێشنیازکراوه‌؟‌ ئۆزگار ئه‌حمه‌دا له‌وه‌ڵامدا په‌نجه‌بۆ په‌یامێکی ..دکتۆر یوسف ئه‌حمه‌د وه‌زیری ئابوری له‌کانتۆنی عفرین که‌ له‌و کۆنفرانسه‌ی بۆ ” ئابوری ئۆتۆنۆمییه‌‌دیمۆکراسییه‌کان “سازدرابوو ، ڕاده‌کێشێت ، که‌وتوویه‌تی” ئێمه‌به‌رگری و پارێزگاری له‌سه‌رجاوه‌سروشتییه‌کان ده‌که‌ین . مه‌به‌ستم له‌به‌رگریکردن له‌به‌رگری میلیتاری نییه‌به‌ڵکو پارێزگاری و به‌رگریکردنه‌له‌چه‌وسانه‌دنه‌وه‌ و سه‌رکوتکردن که‌ئێستا کۆمه‌ڵ ڕووبه‌ڕوی بووه‌ته‌وه‌. زۆرێك له‌ڕێگر و به‌ست هه‌یه له‌هه‌یکه‌لی /بیناکردنه‌وه‌ی ئابوری کۆموێنی له‌ڕۆژاوادا . سیسته‌مه‌کان که‌سیسته‌می کاپیتاڵیستی وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وێدا هه‌وڵده‌دات که‌ببێته‌به‌ربه‌ستێك له‌پرۆسه‌ی پێشه‌وه‌چونی ئابورییه‌که‌ هه‌روه‌ها له‌مه‌یدانه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ش. ئێمه‌وه‌کو خۆمان پرنسپڵی ئابوری کۆمونه‌یی ده‌گرینه‌به‌ر ‌. ئێمه‌کار له‌سه‌ر خولقاندنی سسیسته‌مێك ده‌که‌ین دژه‌ لیبراڵیزم و ڕاگرتنی ئیکۆلۆجی و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی هاوبه‌شی له‌موڵکایه‌تدا له‌ته‌ك کۆمونیوێڵ و کولتوری به‌رهه‌مهێنان .” دوای ئه‌م قسانه‌دێت ده‌ڵێت ” ‌ ‌شؤڕش هه‌ره‌وه‌زییه‌کان به‌ره‌وپێشه‌و ده‌بات که‌له‌سه‌ر بناغه‌ی ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌که‌وه‌کو ئابورییه‌کی جێگره‌وه‌(به‌دیل). بۆ نموونه‌هه‌ر کۆمپانیایه‌ک بێت بۆ ڕۆژاوا شوێنی خۆی له‌خزمه‌تکردنی ئه‌م هه‌ره‌وه‌زییانه‌دا دهکاته‌و”   گه‌رچی ئه‌م دیمانه‌یه‌زۆر باشتره‌له‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌و جیاوازییه‌کی زۆر ده‌بینرێت و بۆنی گرتنه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌هه‌ره‌وه‌زییه‌کان و ژیانی به‌یه‌که‌وه‌ی ، لێده‌کرێت ، به‌ڵام هێشتا ده‌توانین بپرسین کێده‌توانێت قه‌ناعه‌ت به‌وه‌بێنێت که‌قه‌ناعه‌ت به‌کۆمپانییه‌کان بکرێت ، که‌کۆمپانیایه‌ك ‌كه‌بۆ سودو قازانجیان هاتوونه‌ته‌‌ڕۆژاووه‌ده‌توانرێت خزمه‌تی هه‌روه‌زییه‌کانیان پێبکرێن؟، به‌ڕاستی ئه‌مه‌قسه‌یه‌کی بێ بناغه‌و بێ به‌ڵگه‌یه‌، چونکه‌کۆمپانیا یه‌کسانه‌به‌قازانج، هه‌ر کاتێک وه‌ستا له‌په‌یداکردنی قازانج ئه‌وه‌مایه‌پووچده‌بێت و له‌کۆمپانیایی ده‌که‌وێت.‌

درێژه‌ی هه‌یه‌

Zaherbaher.com

هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌و هاریکاریی بێت / ٦

 زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

   30/01/2016

به‌شی شه‌شه‌م:

  • نزیكبونه‌وه‌له‌ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا :

 

هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هێزێکی تاریکن و هه‌رگیز هه‌تاو له‌بن هه‌نگڵی ئه‌وان هه‌ڵنه‌هاتووه ‌و هه‌ڵیشنایه‌ت، پێوه‌ری باش و خراپی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌م دونیایه‌دا پێشئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی دیکه‌ی بۆ بکه‌یت ، زۆر ئاسانه‌، ته‌نها سه‌رنجێك له‌هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوای له‌سه‌ر بده‌، گه‌ر پشتگیرییانکرد ئه‌وه‌جێگای پرسیاره‌!! گه‌ر دژایه‌تیشیانکرد ئه‌وه‌جێگای تێڕامان و وردکردنه‌وه‌یه‌تی . هه‌ڵبه‌ته‌ئه‌م فۆرمیله‌یه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌و ڕێکخراوه‌تیرۆریسته‌کاندا نایه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌له‌هه‌قه‌تدا نازانین ڕاو هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا له‌سه‌ریان چۆنه‌، چونکه‌بۆ ئه‌وان زۆر ئاساییه‌ئه‌مڕۆ بیانکه‌نه‌ تیرۆریسست و به‌یانی بیانکه‌نه‌گیانفیداکه‌ر، ئه‌مڕۆ شه‌ڕی مه‌مره‌و مه‌ژییان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و به‌یانی وتووێژو دانوسان . وه‌ڵامی گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ئاسانه‌ که‌ئه‌ویش سیاسه‌تکردنه‌و سیاسه‌تیش ته‌نها و به‌ته‌نها به‌رژه‌وند ده‌خوێنێته‌وه‌ نه‌شتێکی دیکه‌له‌ژیاندا .

هه‌رچیش سه‌باره‌ت به‌یارمه‌تی و کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا به‌رامبه‌ر به‌ڕۆژاوا هه‌یه‌، گه‌رچی کۆمه‌که‌که‌یان شتێکی وانییه‌له‌چاو کۆمه‌ك به‌بزوتنه‌وه‌و حکومه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کاندا یه‌ك ده‌ر سه‌دیش نییه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌بێته‌جێی پرسیار. بۆچی ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه‌ئه‌و‌یش ئه‌وه‌یه‌که‌به‌هیچ هێزێکی سه‌ربازی ناتوانرێت بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ سه‌رکوتکرێت ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی که‌ئه‌و وڵاتانه‌ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زاییه‌کی گه‌وره‌ی هاووڵاتانیان و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکه‌ش ده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام ته‌نها ڕێگایه‌ك که‌ئاسانه‌بۆ تێشکانی ئه‌و ئه‌زموونه‌ڕێگای ئاشتیه‌، بێ ‌ خوێنڕشتن و سه‌رکوتکردنیش، لانی که‌م بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه ده‌توانرێت کپکرێت‌، ئه‌ویش ڕێگای ئابوری و داگیرکردنی ئابورییانه‌یه‌. من له‌وتارێکی دیکه‌مدا باسم له‌مه‌کردوه‌ بۆیه‌لێره‌دا ناگه‌ڕێمه‌وه‌سه‌ری.

ئه‌وه‌ی که‌من ده‌یبینم له‌سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکرده‌کانی و دیمانه‌کانیاندا ، ئه‌مان زۆر به‌په‌رۆشن که‌له‌ئه‌مه‌ریکا و هاوکاتیش وڵاتانی ڕۆژاوا نزیکببنه‌وه، تاکو ئه‌وان له‌مان نزیکببنه‌وه‌‌.   ئه‌مه‌ریکا گه‌ر هه‌نگاوێك بێته‌پێشه‌وه‌ئه‌مان دوو هه‌نگاو به‌پیریه‌وه ده‌چن‌.

هاوکاری و کۆمه‌کی ئه‌مریکا له‌ئێستادا زیاتره‌له‌سه‌رده‌می جه‌نگه‌که‌ی کۆبانی . ئێستا ئه‌مه‌ریکا به‌ڕاسته‌وخۆ نه‌ك له‌ڕێگای حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ یارمه‌تی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ده‌دات . هه‌ر چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش بوو که‌ئه‌مه‌ریکا 50 که‌سی له‌شاره‌زا و پسپۆڕانی سه‌ربازی و ڕاوێژکاری خۆی هه‌واڵه‌ی ڕۆژئاوا کرد بۆ یارمه‌تیدانیان. ئاشکرایه‌که‌یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ ڕۆژاوا هێواشه‌و به‌پلانه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر : یه‌که‌م: تورکیا . دووهه‌م: سونه‌و حکومه‌ته‌کانی که‌نداو . سێهه‌م : تا ئێستاش ئاڕاسته‌ی ئاینده‌ی ڕۆژاوا نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ریکا ته‌نانه‌ت بۆ ئێمه‌ش دیارنییه‌.

ئێمه‌یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ ‌هێزه‌کانی ڕۆژاوا له‌زه‌مینه‌ی واقیعدا ده‌بینین ، گه‌رچی که‌میشن ، ده‌با ئێستاش له‌دیمانه‌ی سه‌رانی په‌یه‌ده‌شه‌وه‌که‌سه‌باره‌ت به‌ئه‌مه‌ریکا قسه‌ده‌که‌ن شتێك بزانین.

له‌دیمانه‌یه‌کی صاڵه‌ح موسلیم له‌02/09/2015 دا له‌گه‌ڵ جه‌معیه‌یه‌ی کوردی واشنگتۆن ( WKI)، دا ، سه‌باره‌ت به‌ڕاو هه‌ڵوێستی په‌یه‌ده‌له‌سه‌ر ئه‌مه‌‌ریکا و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا، کردی ، له‌وه‌ڵامی پرسیاری: ئامانج له‌زۆنی نه‌فڕین که‌حکومه‌تی تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ڕۆژاوادا بیسه‌پێنێت چییه‌…؟و هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی چییه‌و …ئه‌م زۆنی نه‌فڕینه‌بۆ تۆ چیده‌گه‌یه‌نێت؟ موسلیم له‌وه‌ڵامه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌ئه‌مریکا زۆر به‌ڕاشکاوییه‌وه‌‌ده‌ڵێت؛   “ئه‌مه‌ریکا چه‌ندجارێك ئه‌و داخوازییه‌ی تورکیای ڕه‌تکردۆته‌وه‌و ئێمه‌بڕوایان پێده‌که‌ین.. گه‌ر تورکیاش ئه‌م پلانه‌بخاته‌کار ئه‌وه‌ئێمه‌به‌داگیرکردنی خاکی سوریای ڕه‌چاوده‌که‌ین” به‌ڕاستی وه‌ڵامێکی زۆر ساویلکانه‌یه‌گه‌ر له‌حه‌قه‌تددا ئه‌وه‌ڕای موسلیم بێت دیاره‌نه‌ئه‌مه‌ریکا ده‌ناسێت و نه‌گرنگی تورکیا و وڵاتانی که‌نداو و کۆمه‌ڵی سونی مه‌زهه‌بیش بۆ ئه‌مه‌ریکا ده‌زانێت ، خۆئه‌گه‌ر واشبزانێت وڵامێکی دیبلۆماسیانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌نه‌لای زۆربه‌ی زۆری کورد و نه‌لای ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش ته‌نها مه‌ترێکیش ئه‌و بڕوابوونه‌‌ به‌ئه‌مریکا ،بڕناکات، چونکه‌ئه‌مریکا نزیکی په‌یه‌ده‌له‌په‌که‌که‌وه‌ده‌زانێت و په‌که‌که‌ش به‌پارتێکی تیرۆریست ده‌زانێت.

هه‌ر له‌و دیمانه‌یه‌دا و له‌پرسیارێکی دیکه‌دا که‌واهاتووه‌: چۆن شرۆڤه‌ی په‌یوندیتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا ده‌که‌ن؟

موسلیم له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت “…ئه‌مه‌هه‌نگاوێکیی ئه‌رێیانه‌یه‌، ئێمه‌به‌دووی فراوانکردنی په‌یوه‌نییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا چ دیبلۆماسی و چ سیاسییه‌وه‌ین وه‌به‌هیواشین سه‌رکه‌وتوو بین له‌کردنی ئه‌وه‌دا

له‌پرسیارێکی دیکه‌ی WKI : په‌یامی تۆ چییه‌بۆ خه‌ڵکانی ئه‌مه‌ریکی و حکومه‌ته‌که‌یان؟ موسلیم له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت ” ئه‌مه‌ریکا ده‌وڵتێکی مه‌زنه‌و هه‌وڵیی پێشه‌وه‌بردنی دیمۆکراسی بڵاوکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانده‌دات . ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش ستانده‌ر و مه‌بده‌ئی خۆیان بۆ دیمۆکراسی هه‌یه……هه‌ر به‌م هۆکارانه‌ئێمه‌ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ئه‌مریکا و حکومه‌ته‌که‌یان پته‌و بکه‌ین ” به‌ڕاستی کاره‌ساته‌که‌باشترین سه‌رکرده‌ی په‌یه‌ده‌ئه‌وه‌ڕاو بۆچونی بێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریکا . ـمێژوی نزیکی لانی که‌می سه‌دساڵه‌ی ئه‌مه‌ریکا نه‌ک هه‌ر پشتگیری دیمۆکراسی نه‌کردووه‌به‌ڵکو مێژویه‌کی خوێناوییه‌و به‌ملۆێنه‌ها خه‌ڵکی له‌به‌رگریی و داکۆکی دیمۆکراسیدا له‌وڵاتانی خۆیاندا ‌خه‌ڵتانی خوێن کردوه‌‌، گریمان ئه‌م وه‌ڵامه‌شی به‌دیبلۆماسییه‌تی بزانێت، به‌ڵام هیچ ڕاستییه‌کی تیادا نییه‌و داپۆشینی تاوانه‌یه‌ک به‌دوایه‌که‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکایه‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌یه‌ها نه‌ته‌وه‌له‌پێشی پێشه‌وه‌نه‌ته‌وه‌که‌ی موسلیم خۆی ‌. ‌سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌کو ئه‌و پێویستی به‌و موغازه‌له‌و موجامه‌له‌یه‌‌بۆ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا، نییه‌.

له‌دیمانه‌یه‌کی جه‌میل بایک-دا که‌له‌ڕؤژی 07/12/2015 که‌له‌لایه‌ن Mahmut Hamsic ‌وه‌ئه‌نجامدراوه‌، له‌وه‌ڵامی یه‌کێك له‌پرسیاره‌کاندا که‌سه‌باره‌ت به‌ڕێره‌وی بزوتنه‌وه‌ی باکور و ڕۆژاوایه‌، بایك ده‌ه‌ڵێت ” ئێمه‌نه‌له‌شانی ئه‌ریکاوه‌و نه‌له‌شانی ڕوسیاوه‌ده‌ڕۆین . ئێمه‌هێزی سێهه‌مین له‌وێ و نێونه‌رایه‌تی هێڵی سێهه‌م ده‌که‌ین ، له‌کاتێکدا ده‌ڵێم ” ئێمه‌” مه‌به‌ستم کوردی ڕۆژاوایه‌” ڕۆژنامه‌وانه‌که‌ده‌پرسێت : ئه‌وان ده‌ڵێن چی؟ بایك له‌وڵامدا ده‌ڵێت ” ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رکه‌س دانمان پیادابنێت دانی پیادا ده‌نێن و هاوپه‌یمانیان ده‌بین. هه‌تا ئێستا که‌س به‌فه‌رمی ڕۆژاوای نه‌ناسیوه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش کورد نه‌لاشانی ئه‌مه‌ریکاوه‌یه‌و نه‌له‌شانی ڕوسیاوه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی هه‌یه‌. هه‌رکه‌س شه‌ڕی داعش بکات ئێمه‌له هاوشانیانه‌وه‌شه‌ڕده‌که‌ین

به‌ڕای من گه‌رچی بایك باشترین که‌سی ناو په‌که‌که‌و په‌یه‌ده‌یه‌و له‌هه‌ر هه‌موو که‌سێکی دیکه‌شیان باشتر له‌هزری ئۆجه‌لان و مه‌سه‌له‌ی کۆنفیدرالێزم تا ڕاده‌یه‌کیش له‌” بوکچین” تێگه‌یشتووه‌به‌ڵام هێشتا له‌م دیمانه‌و ‌یه‌ک دوو دیمانه‌ی دیکه‌یدا ده‌یتوانی وه‌ڵامی   خۆی و په‌که‌که‌له‌سه‌ر ڕوداوه‌کان ، بێ هه‌ڵوێسته‌و بێ پرسیاردانان وه‌ڵام بداته‌وه‌. بۆ نموونه‌لێردا ده‌یتوانی خۆی له‌قه‌ره‌ی هه‌ندێ خاڵی حه‌ساس نه‌دات .

درێژه‌ی هه‌یه‌

کاتێك کە مارکس یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە

ڕێنە بێرتیە

و. لە فارسییەوە هەژێن

گوتنی ئەوەی کە مانیفێست “یەکەمین گڕکانی پڕۆلیتێری وەك هێزێکی ڕامیاریی سەربەخۆ”یە زیادەڕۆییەکی ئایدیالیستییە. بڵاوکردنەوەی مانیفێست لە بارێکدا کە هێشتا نێوەڕۆکەکەی وشكنەبووبوو، لە ئاڵمانیا شۆڕشی ١٨٤٨ دەستیپێکرد، لەتەك پشتگوێخراویی گشتی ڕووبەڕووبوو، نووسەرەکانی ناچارکرد هەرچی دەتوانن ئەنجامیبدەن، تاوەکو ئەو نووسینە بڵاوببێتەوە. ئەو پرسە مارکس بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکەمین پارتی کۆمونیستی مێژوو و دواتر دەرکرانی خۆی برد.

ساڵی ١٨٤٨ : قوربانیکردنی پارتیی

شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا بە مارکس مۆڵەتیدا، تاوەکو ئاستی تێگەییشتنی خۆی تاقیبکاتەوە. بەڵام لە هەمان سەرەتای شۆڕش، مارکس و ئینگلس هەوڵیاندا، تاکو بە بچووك نیشاندانی گرنگیی ئەو، بەر بەپێکهاتنی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاریی بگرن. ڕووداوەکان نیشاندەدەن، کە هەموو شۆڕشەکان بە سروشوەرگرتن لە شۆڕشی فەرەنسە بە ڕێگەیەکدا بڕۆن، کە هەوڵی خۆیان لە پێکهاتنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی ڕزگاربوو لە دیکتاتۆریی چڕبکەنەوە. بۆرجوازی دەبوو سەرەتا بۆ ئاوا مەبەستێك دەسەڵات بگرێتەدەست. ئاساییە کە ئەگەر ئەوە بۆرجوازی بێت کە دەبێت دەسەڵات بگرێت، تاوەکو مەرجەکان بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی کۆتایین ئامادەببن، دەبێت پڕۆلیتاریا داخوازییەکان و بەرنامەی خۆی بخاتە لاوە و لە پاڵ بۆرجوازی لیبڕاڵ بۆ یاسایەکی بنەڕەتی و ئازادییە دێمۆکراتییەکان تێبکۆشێت.

سەرەتای شۆڕشی ١٨٤٨ ڕێڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر بنەمای بەرگرتن لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاریی سەربەخۆ جێگیربوو، کە بە تێڕوانینی ئەوان دەیتوانی بە داخوازییە ڕادیکاڵەکانی بۆرجوازی لیبراڵ بترسێنێت، لەبەرئەوە مارکس و ئەنگلس یەکێتی پڕۆلیتاریایان لەتەك بۆرجوازی پێشنیارکرد. ئەنگلس زۆر نیگەران بوو، کە پلاتفۆرمی حەڤدە خاڵیی یەکێتی کۆمونیستەکان بڵاوببێتەوە. ئەو پلاتفۆڕمە کە ناوی “داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست لە ئاڵمانیا” بوو، ڕاستەوخۆ لە مانیفێستی کۆمونیست وەرگیرابوو، مانیفێستێك کە یەکێتی کۆمونیستەکان وەك بەرنامە خوازیاری جێگیرکردنی بوو. بەڵام ئەو بەرنامەیە پاش ئامادەکردنی زۆر ڕادیکاڵانە هەڵسەنگێندرا، لەبەرئەوە ئەنگلس خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەکی دراویی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوو بۆ ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ.

ئەنگلس لە نامەیەکدا بۆ مارکس نووسی [١] “ئەگەر یەك کۆپی لە بەرنامەی حەڤدە خاڵیی ئێمە لێرە بڵاوببێتەوە، ئێمە هەموو شت لەدەستدەدەین.” لەو سەردەمەدا بوو کە ئەنگلس لەبارەی ترسی خۆی لە پەرەسەندنی بزووتنەکانی کرێکارانی ڕستن نووسی، کە دەتوانێت هەموو شتێك تێکبدات. ئەو نووسی “کرێکاران کەمێك کەوتوونەتە بزووتن، هەرچەندە بزووتنەکانی ئەوان سەرەتایین، بەڵام هەژماریان زۆرە. کرێکاران دەستبەجێ کەوتوونەتە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان. بەڕێکەوت ئەوە پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات…” [٢]

دروست خوێندوومانەتەوە : کرێکاران “کەوتوونەتە بزووتن”؛ هەژماری بزووتنەکان “زۆر”ە؛ ئەوان ” کۆمەڵە هاوپەیمانییەکیان” پێکهێناون’ “ئەوە بەڕێکەوت پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات…” لە هەر بارێکدا هێشتا مەرەکەبی مانیفێست وشکنەبووبووەوە، کە نووسەرانی بەهۆی ڕێڕەوێك بڕیاریاندا لە بەرنامەی خۆیان چاوپۆشیبکەن. ماوەیەکی زۆری نەبرد، کە نووسەرانی مانیفێست بەخۆیان دژەخوونییان لە نێوەڕۆکەکەی کرد و لەوانە لەو بەشەی “کۆمونیستەکان بڕوا و بەرنامەیان ناشارنەوە. ئەوان بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنن، کە بەبێ ڕوخانی توندوتیژانەی سیستەمی پێشوو، ناتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن. چینە سەروەرەکان دەبێت لە ترسی شۆڕشی کۆمونیستی بلەرزن! پڕۆلیتێرەکان لەم شۆڕشەدا بێجگە لە زنجیرەکانیان، شتێکیان نییە لەدەستیبدەن. ئەوان جیهانێك بەدەستدێنن.” مارکس و ئەنگلس ئەو تێگەییشتنانەیان لە “دۆزراوەیەکی” تازە بەدەستهاتوو دەرهێنا، کە لە ئایدیۆلۆجیای ئاڵمانی ١٨٤٦ و “ڕەخنەی مۆڕاڵیی و مۆڕاڵی ڕەخنە” [٣] شوێنپێی هەیە. ئەو “دۆزراوە” دواتر بە “ماتریالیزمی مێژوویی” ناودەنرێت، بەڵام بە زۆری لەبیردەکرێت بگوترێت، کە مارکس هەرگیز ئەو واژەیەی بۆ “شێوازی” خۆی بەکارنەبرد.[٤] ئەم دوو هاوەڵە نووسەرە بە سروشوەرگرتن لە مێژوونووسانی بەشێك لە مێژووی فەرەنسەی نێوان ٦ی ئەپڕیلی ١٨١٤ تا ٢٩ی جولای ١٨٣٠ [٥] بەو سەرەنجامە گەییشتن، کە دەبێت پڕۆلیتاریا پێش شۆڕشی خۆی، بە بۆرجوازی بواربدات تا شۆڕشبکات. لێرەوە تا گوتنی ئەوەی کە دەبێت پڕۆلیتاریا یارمەتی بۆرجوازی بدات، تاکو شۆڕشەکەی بەرەو سەرکەوتن ڕابەرییبکات یەك هەنگاو مابوو.[٦]

گشت ئەوانە بە ڕۆشنی لەنێو “ڕەخنەی مۆڕاڵی و مۆڕاڵی ڕەخنە” نووسراون. مارکس باوەڕی ئاوا بوو، کە بۆرجوازی لە ئاڵمانیا دواکەوتووە، لەبەرئەوەی کە “هەوڵدەدات دژی پاشایەتی بێچەندوچوون تێبکۆشێت و لە سەردەمێکدا دەسەڵاتداریی خۆی بهێنێتەدی، کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆرجوازی جەنگی توندوتیژی خۆی دژی چینی کرێکار دەستپێکردووە.” مارکس درێژەی دەداتێ “لەم وڵاتەدا دوژمنایەتی تازە لەنێوان بۆرجوازی و چینی کرێکار بوونی هەیە'” لێرەوەیە کە “بار و دۆخی ناکۆك” بوونی هەیە، لەبەرئەوەی کە ڕژێمی ڕامیاریی زاڵ پاشایەتییەکی بێچەندوچوونە. ئەڵتەرناتیڤێك کە خۆی پێشنیاردەکات زۆر سادەیە، یا پاڕاستنی پاشایەتیی بێچەندوچوون یا دەسەڵاتداریی بۆرجوازی. مارکس دەپرسێت “بۆچی زەحمەتکێشان ئەشکەنجەی توندی پاشایەتیی بێچەندوچوونی پاشکۆی نیوە فیئۆداڵی باشتر لە دەسەڵاتداریی ڕاستەوخۆی بۆرجوازی دەبینێت؟” ئەگەر بۆرجوازی بیتوانێت سەربکەوێت، ناچار دەبێت بەرتەریی ڕامیاریی فراوانتر پەسەندبکات. ئەنجامی ئەوەی کە دەبێت پشتیوانی لە بۆرجوازی بکرێت. لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی مارکس “بۆرجوازی لەپێناو بازرگانی و پیشەسازی خۆی بە پێچەوانەوەی ئارەزووی خۆی، هەل و مەرجی گونجاو بۆ یەکێتی چینی زەحمەتکێش بەدیدەهێنێت و ئەو یەكێتییە یەکەمین مەرجی سەرکەوتنی زەحمەتکێشانە.”

مارکس و ئەنگلس ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون. یەکێتی کۆمونیستەکان ڕێکخراوێکی گچکە بوو، کە دەتوانرێت بە توخمی پارتیی کۆمونیست بزانرێت. بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان ناوی “داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست” بوو، پێکهێنانی کۆماری، چەکدارکردنی خەڵك، سەندنەوەی دارایی زمینە کشتوکاڵییەکان بەشێك بوون لە ئەو.

مانگی ئایاری ١٨٤٨ لە کۆڵن/ئاڵمانیا کۆبوونەوەیەك کرا. چوار ئەندامی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان، لەوانە مارکس و ئەنگلس و پێنج ئەندامی ڕێکخستنی شاری کۆڵن لەنێو ئەو کۆبوونەوە بەشداربوون. مارکس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان لە کەمایەتیدا بوو. ئەو بە خراپ بەکاربردنی ئەو دەسەڵاتانەی بە ئەو دراوبوون، یەکێتی کۆمونیستەکانی هەڵوەشاندەوە. ئەو تەنانەت لە فێبریوەری ١٨٤٩ ڕێگریی لە یەكێتی کۆمونیستەکان کرد. پاشان ئەو بە ئەنجومەنی دێمۆکراتی کۆڵن پەیوەستبوو، کە ڕێکخراوێك بوو ئەندامەکانی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوون. لەوێدا بوو کە مارکس بەڕێوەبەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بەدەستەوەگرت، کە بڵاوکراوەی لیبڕاڵەکان بوو. مارکس کە بەرنامە و ڕێکخراوی پڕۆلیتیریی یەکێتی کۆمونیستەکانی لەنێوبردبوو، لەو ئەنجومەنەدا هەوڵیدا هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی هەڵخرێنێت، تاکو سەرەنجام ئەو چینە بتوانێت شۆڕشێكی وەك شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ فەرەنسە لە ئاڵمانیا بگەیێنێتە جێی خۆی. [٧]

مارکس بە کەڵكوەرگرتن لە ئامرازی بیرۆکراتیك و لە سەروبەندی شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە، لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی هەندێك لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، مارکس “بڕوای ئاوا بوو، کە چیدیکە یەکێتی کۆمونیستەکان پێویست نییە هەبێت، چونکە بووە بە شتێکی پاگەندەیی و بە کەڵکی بار و دۆخی هەنووکەیی نایێت. مارکس ئاوای دەبینی هەل و مەرجی تازەی ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بواری دەدا، کە بەبێ ئەوەی

پێویست بە ڕێکخراوێکی نهێنی هەبێت، نووسین و پاگەندەکان دەتوانن ئازادانە بڵاوببنەوە ” [٨]

مارکس و ئەنگلس لەبارەی پێداویستی ڕێکخراوێك یا ڕێکخراوێکی نهێنی یا ڕێکخراوێکی پاگەندەیی، بڕوایان ئاوا بوو، لەو سەردەمەدا بیر لە پارتییەك وەك ڕێکخەری بزووتنەوەی کرێکاری ناکەنەوە. بە واتایەکی دیکە لە تێروانینی ئەواندا لە کۆمەڵێکدا کە ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بوونیی هەیە، ئیدی پێویست بە پارتیی کۆمونیست نییە! ئەوە تێڕوانێنێك بوو کە مارکس ساڵی ١٨٤٨ لەبارەی پارتیی چینی کرێکار هەیبوو! هەنووکە ئێمە باشتر ئەوە دەبینین، کە بۆچی لەو سەردەمەدا ڕێكخراوێکی هەرچەندە گچکەش بێت بە هەبوونی ئەندامانی چالاك [ئەوەی کە دواتر باکونین ئەنجامیدا] بۆ مارکس کەڵکی نەبوو و بە “ڕێکخراوی نهێنی” هەڵیدسەنگاند، کە پێویست نییە هەبێت.

وێڕای ئەوە کاتێك کە نووسینەکەی ئەنگلس بەناوی “چەند واژەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان” دەخوێنینەوە، کارێك کە ئەنگلس چەند ساڵ دواتر ساڵی ١٨٩٠ نووسی، دەبینین کە نووسیویەتی “یەکێتی کۆمونیستەکان بەڕادەیەكی زۆر خێرا گەشەیکرد.” ئەو بە درێژیی چالاکییەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان دەخاتەڕوو. لەبارەی شێوازی ئەندامگیریی و ڕێگەکانی جێکەوتەبوونی یەکێتی کۆمونیستەکان لە گشت وڵاتانی ئەوروپای باکووریی دەنووسێتەوە. پاشان ئەنگلس ئەم خاڵە ڕۆشندەکاتەوە، کاتێك کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان قەدەخەکران، یەکێتی کۆمونیستەکان چۆن بە سوودوەرگرتن لە یانەکانی وەرزش و گۆڕانیگوتن، پەیوەندییەکانی خۆی لە “کۆمونە” جۆراوجۆرەکانی ئەندامانی ڕێکخراودا پاراست. کورتەی ئەوەی کە ئەنگلس دەینووسێت “یەکێتی کۆمونیستەکان زۆر فراوان بووەوە”! کاتێك کە “هەژمارێك زۆر لە یەکینەکانی” یەکێتی کۆمونیستەکان لە ئاڵمانیا بەهۆی هەل و مەرجی دژوار هەڵدەوەشێندرانەوە، لە جێگەیەکی دیکە یەکینەی دیکەی فرە ئەندامتر دروستدەکرانەوە.

شایانی سەرسوڕمانێکی زۆرە، کە مارکس ئاوا ڕێکخراوێكی پڕ بزووتن هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا کە ئەنگلس بە “فێرگەی باڵای هەنگاوی شۆڕشگێرانە” ناویدەبات!

تێڕوانینێك کە مارکس و ئەنگلس، بۆ ئەوەی کە وەك باڵی چەپی پارتیی دێمۆکرات چالاکیبکەن، بەگەڕانەوە بۆ ڕابوردوو سەرسوڕهێنەردەبێت. فێرناندۆ کلۆدن دەنووسێت “هیچ بەڵگەیەكی بڕواپێکراو بوونی نییە، کە تێیدا مارکس و ئەنگلس هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ڕێگەیە ڕۆشنبکەنەوە.”[٩]

لەو بارەوە شێوازی کاری مارکس و ئەنگلس زیاتر و زیاتر ناڕۆشنتر دەبێت، کاتێك سەرنجی ئەو بابەتە بدرێت، کە پاساوێك بۆ بڕواکردن بە بۆرجوازی ئاڵمانیا بوونی نەبوو، نیشانیبدات دەتوانێت وەك هاوچینەکەی لە شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسە سەرکەوتووبێت. مارکس و ئەنگلس دەنووسن “بۆرجوازە ڕادیکاڵەکانی کۆڵن ئێمە بە دوژمنی بنەڕەتیی خۆیان دەزانن و ناخوازن ئەو چەکانە بە ئێمە بدەن، کە ، دەتوانین بەخێرایی دژی خۆیان بەکاریانبەرین”! [١٠]

باکونین ئەوە پەسەنددەکات، کە لە ئاڵمانیا “پرسی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگەی ناڕۆشنەوە زۆر دژوار لەسەر ویژدانی پڕۆلیتاریا هەژموون دادەنێت. ” لە درێژەیدا دەڵێت، پرسی کۆمەڵایەتیی “ناتوانێت پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا لە دێمۆکراتەکان جیابکاتەوە.” هەر ئاوا باکونین بەردوامدەبێت و دەڵێت “کرێکاران بەبێ دوودڵیی دەتوانن لە دێمۆکراتەکان پێشبکەون، بە مەرجێك کە ئەوان بهێڵن کە کرێکاران درێژە بە تێکۆشانیان بدەن”.[١١] باکونین ددان بە نائامادەیی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا دەنێت. پاشان ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ناکۆکی مارکس و ئەنگلس لەتەك باکونین زیاتر ناکۆکییەکی بەرنامەیی بێت تاکو جیاوازیی لێکدانەوە.

باکونین بە ئەزموونگیریی لە شۆڕشی ١٨٤٨ و کاتێك کە ئیدی بووبووە ئەنارکیست، ئەم ئەنجامگیرییەی کرد : یەکەم، هەموو کات یەکێتی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی ڕادیکاڵ دەبێتە هۆی پەسەندکردنی بەرنامەی بۆرجوازی لەلایەن زەحمەتکێشان؛ دووەم، ئەزموونی کردەیی تێکۆشان باشترین خێراکەری هوشیاریی کرێکارییە.

مارکس و ئەنگلس باوەڕیان ئاوا بوو، جێگیرکردنی ئازادییە دێمۆکراتییەکان و بەتایبەت مافی دەنگدانی گشتی سەرەتا و مەرجی سەرهەڵدانی هەژموونی چینی کرێکارە. سەراپای پەیڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کاتێك مافی دەنگدانی گشتی بێتەدی، لەوێوە کە چینی کرێکار زۆرینەیە، کەواتە دەتوانرێت دەسەڵات بەدەستبهێنێت، بەو جۆرەی کە لەنێو مانیفێست ئاماژەی پێدراوە، چینی کرێکار لەو سەردەمەدا دەتوانێت لەپێناو “هەڵخراندنی خۆیی” لەسەر بەرتەرییە بۆرجوازییەکان کاربکات. لە ئێستادا بەئاسانی بۆ ئێمە دەردەکەوێت، کە خۆشباوەڕییە سۆشیالیستییەکانی ئەو سەردەمە تا چ ڕادەیەك فراوان بوون.

ئەنگلس پاش ماوەیەك نووسی، کە ساڵی ١٨٤٨یەکێتی کۆمونیستەکان “پێکهاتەیەکی زۆر لاواز” بوو. لە درێژەدا دەڵێت “لە ساتێکدا کە هۆکاری نهێنیبوونی یەکێتییەك لەئارادانەبوو، ئەم ڕێکخراوە چیتر نەیدەتوانی وەك ڕێکخراوێکی نهێنی بەردەوامی بەکارەکانی بدات.”[١٢] ئەنگلس باوەڕی ئاوا بوو، کە “پڕۆلیتاریا ئامادەیی بۆ خۆڕێکخستنی خۆی” نییە، بەهۆی ئەوەی کە بۆ دەرکردنی “ناکۆکی قوڵی نێوان بەرژەوەندی خۆی لەتەك بەرژەوەندی بۆرجوازی” سەرگەردانە. ئەنگلس دەیگوت، پڕۆلیتاریا هەست بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی ناکات، کەواتە “بە کردەوە زۆرینەی کرێکاران ناچارن ببنە/ بۆ باڵی چەپی بۆرجوازی” بگۆڕدرێن. [١٣]

ئەو تێڕوانینەی ئەنگلس کە ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسی “ئەم شۆڕشە لە هەموو شوێنێك سەرەنجامی هەوڵەکانی چینی کرێکار” بوو.[١٤] بەواتایەکی دیکە ئەنگلس ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسینێکی ناکۆك بە نووسینەکەی ساڵی ١٨٨٥خۆی بڵاوکردەوە.

قوربانیکردنی بەرنامە و پارتیی چینی کرێکار لەپێناو یەکێتییەك لەتەك بۆرجوا لیبڕاڵەکان، بەو تێڕوانینە مارکسیستییە پشتئەستوورە، کە هەڵكشانی مێژوویی و بەرەوپێشچوونی مێژوو قۆناخبەندیی تێدان و دەبێت تێپەڕێندرێن. باکونین بەتەواوەتی لەتەك بۆچوونی مارکس ئاشنابوو. بەبێ گومان لەبەر ئەو هۆیە بوو، کە باکونین دواتر بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی کاردانەوەی مارکس بەرانبەر شۆڕشی ١٨٤٨، ناکۆکی خۆی لەتەك تیئۆری قۆناخبەندیی پێگەیینی شێوەکانی بەرهەمهێنان ڕاگەیاند. ناکۆکیی باکونین لەبەرئەوە نەبوو، کە ئەو تیئۆرییە هەڵەیە، بەڵکو لەبەرئەوە بوو، کە ئەو تیئۆرییە سەرنجڕاکێشیییەکی ڕێژەیی هەبوو و بەکردەوە سەری لە هاوپەیمانییە ڕامیارییە ناپەسەندەکان دەردەچوو. شایانی ئاماژەیە، بۆلشەڤیکەکان لە کاتێکدا کەوتنە شۆڕش، کە لەتەك قۆناخبەندیی شێوازەکانی بەرهەمهێنان ناکۆك بوون. سۆشیالیستەکانی دیکەی ڕوسی بڕوایان بە ئەوە بوو، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پڕۆلیتاریا تەنیا لە سەدا سێی ٣%ی دانیشتووانی پێکدەهێنا، دەبێت ڕوسیە بە قۆناخی دێمۆکراسی بۆرجوازی و جێگیربوونی ئابووری سەرمایەداریی تێپەڕێت، تاوەکو دواتر بە شۆڕشی پڕۆلیتێریی بگات.

باکونین ساڵی ١٨٥٠ لەسەر ئەو پرسە پێداگرییکرد، کە لە ئاڵمانیا چارەنووسی هەژمارێکی زۆری کارگەکان و کرێکارانی پیشەسازی بەستراوە بە “بە وەرگۆڕانیان بە لەشکری پاگەندەی دێمۆکراسی”. باکونین ساڵی ١٨٧٤ دەیگوت، کە پڕۆلیتاریای شارەکان بەشێکن لە تازەترین شۆڕشگێڕان. ئەو سەلماندی کە ” ساڵی ١٨٤٨لە بەرلین و ڤییەنا و فرانکفۆرت و ساڵی ١٨٤٩ لە درێسدن و هانۆڤەر و بادن، پڕۆلیتاریا دەیتوانی سەربەخۆ ڕاپەڕێت و توانایی پەسەندکردنی ڕابەریی هۆشمەندی بزووتنەوەکەی هەبوو.”[١٥] باکونین لە ئەزموونەوە قسەدەکات. ئەو شۆڕشگێڕە ڕوسە لە کاتێکدا کە مارکس خەریکی داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی لیبراڵ بوو، ئەو یەکێك بوو لە ڕەسەنترین ڕابەرانی ڕاپەڕینی درێسدن و دەیتوانی بە کردەوە قسە هەڵسەنگێنێت. ئەنگلس ڕێز بۆ باکونین دادەنێت و لەو بارەو دەنووسێت “ڕووبەڕووبوونەوە شەقامییەکان لە درێسدن چوار ڕۆژ بەردەوام بوون. وردەبۆرجوازیییەکانی درێسدن -“گاردی میلی”- نەك هەر لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا بەشدارنەبوون، بەڵکو دژی ڕاپەڕیوان کۆمەکی بەرەوپێشچوونی هێزە سەرکەوتگەرەکانیان کرد. ڕاپەڕیوان بەگشتی کرێکارانی ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەر بوون. ئەوان توانیان ڕاپەڕینی خۆیان بە ڕابەریی هێمنانەی پەنابەرێکی ڕوس بەناوی میخائیل باکونین ئەنجامبدەن، کە دواتر دەستگیر و زیندانیکرا …. ” [باکونین و ئەوانی دیکە – نووسینی ئارتۆر لینگ- چاپەمەنی ١٨/١٠- لاپەڕەی ١٧٠]

باکونین لەوەی کە ویستی “بێگەردیی شۆڕشگێرانە یا گۆڕانی کۆمەڵایەتی” نەیتوانی بەس بێت و کرێکاران کەوتنە ژێر کارایی ڕاستەوخۆی بۆرجوا ڕادیکاڵەکان، داخداریی خۆی دەربڕی. ئەو ئەو بابەتەی ناونا “دێمۆکراسی زیادەڕەوانە”، واتە دێمۆکراسییەك کە مارکس دەیخواست بە داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوا لیبڕالەکان بەدیبهێنێت. ئەوە ڕەخنەگرتنی ئاشکرایە لە ڕێڕەوی مارکس لەو سەردەمەدا. ئەزموون نیشانیدا، کە تێروانینی باکونین لەبارەی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا وەك هێزی کارای شۆڕشگێڕ، دروست بوو. بزووتنێکی شۆڕشگێڕانەی گرنگ لە ئاڵمانیا بوونی هەبوو و هەر ئەو بزووتنە بوو، کە بووە هۆی نیگەرانی ئەنگلس لەبارەی هەژماری زۆری کرێکارانی ڕستن و هەنگاوی سەربەخۆییانەی ئەوان.

ڤیلیش August n Willich و پزیشکێك بەناوی گۆشاڵك Andreas Gottschalk کە ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون لە شاری کۆڵن ڕێکخراوێكیان بەناوی ئەنجومەنی کرێکاری [١٦] پێکهێنا، کە لە سەدا دەی ١٠% دانیشتووانی ئەو شارەی ڕێکخراوکرد. بە پێچەوانەوەی ئەوەی کە ئەنگلس لەبارەی جێماویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا دەیگوت، ئەو بزووتنەوە خۆی بە شێوەی چینایەتی لە ئەنجومەنێکی کرێکارییدا ڕیکخست، نەك لە پارتیییەکدا. گوتشاڵك بە پێچەوانەی شێوازەکانی ئەو ساتەی مارکس، بنەمایەك کە لەنێو مانیفێست هەبوو، بەکاریبرد، واتە لە “هیچ کاتێکدا” نابێت بەرانبەر “سەرهەڵدانی هوشیاری کرێکاران بە شێوازێکی ڕۆشن و لواو دژی ناکۆکی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی” کەمتەرخەمیی بکرێت و نابێت “تێروانین و بەرنامەکان بشاردرێنەوە.”

سێ سەد کرێکار و پیشەوەر لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کرێکاریی، کە ڕۆژی ١٣ی ئەپڕیلی ١٨٤٨ بەرپاکرا، بەشدارییانکرد. ڕۆژی ٢٤ی هەمان مانگ هەژماری بەشداربووان گەییشتە سێ (٣) هەزار کەس و کۆتایی مانگی جونی هەمان ساڵ هەژماری بەشداربووان گەییشتە هەشت هەزار کەس.[١٧] پاشان چەندین و چەند ئەنجومەنی دیکەی کرێکاریی وەك ئەوە بە هەبوونی سەدان هەزار ئەندام پێکهاتن. ئەو ئەنجومەنانە دواتر هەوڵیاندا بۆ یەکگرتنەوەی خۆیان لە ئاستی سەرتاسەری. سەلمێندراوە کە جێگەی خاڵی دەزگەیەك بۆ یەکپارچەکردنی داهێنانەکانی ئەنجومەنە کرێکارییەکان بە توندی هەستدەکرا.

کلۆدن دەنووسێت، مانگی ئەپڕیل تا مای “نامەکانی ئەندامانی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان لەبارەی گەشەی بەرچاوی بزووتنەوەی لاوی کرێکاران و لەبارەی لاوازیی و نائامادەیی یەکێتی کۆمونیستەکان، دەگێڕنەوە.”

بە پێچەوانەی ئەوە کە ئەنگلس دەیگوت، ئەوە پڕۆلیتاریا نەبوو، کە لەبارەی “ئەنجامدانی ئەرکە مێژووییەکانی خۆی” هوشیارنەبوو، بەڵکو ئەوە ڕابەریی یەکێتی کۆمونیستەکان بەتایبەت مارکس و ئەنگلس بوون، کە لە پڕۆلیتاریا دوور بوون.[١٨] ستێفان بۆرن Stephan Born بۆ مارکس دەنووسێت، ئەو خۆی لە سەرووی “جۆرێك لە کۆبوونەوەی کرێکاریی” دەبینێت، کە “نوێنەرانی چەندین کارخانە و کار و پیشەن”، شتێك کە سەرسوڕهێنەرانە وەك سۆڤیەتە کرێکارییەکانن. پاشان ئەو لەبارەی بێسەرەوبەرەیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە مارکس گلەییدەکات و دەنووسێت، کە لاوازی یەکێتی کۆمونیستەکان لە بارێکدایە، کە ئاوا بەرچاوناکەوێت چالاکانی بنکەیی/خوارەوەی پرشوبڵاوبن. مارکس ئەو پرسەی بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان چارەسەرکرد. بە هەر بارێکدا لەو سەردەمەدا دەکرا لە بزووتنەوەی ڕوو لە گەشەی پڕۆلیتاریا بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی و تەنانەت “دەسەڵاتگرتن” کەڵکوەربگیردرێت [هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە بیری لەوە نەدەکردەوە] یا بەلایەنی کەمەوە دەکرا بە پشتبەستن بە بزووتنەوەی پڕۆلیتیڕی ئەزموونێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆ ئەنجامبدرێت.

سەرانی یەکێتی کۆمونیستەکان هەر وەك ڤیلیش و ماکسیمیلیان یۆزێف مۆڵ Maximilien Joseph Moll و کارڵ شاپەر Karl Schapper بەڕاستی باوەڕیان ئەوە بوو، شۆڕشێکی پڕۆلیتێریی لە بەرنامەدا هەیە، بەڵام مارکس و ئەنگلس بەپێچەوانەی ئەوانەوە بیریاندەکردەوە. ئەگەر لێکدانەوەی باری ئەو کات بەو تێڕوانینانە بەرتەسکبکەینەوە، دەردەکەوێت کە دەستەی یەکەم هەڵە بوون و بۆچوونی دەستەی دووەم دروست بووە. مارکس بڕوای ئاوا بوو، کە شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا کۆپی شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسەیە و بەدیهاتنی یەکێتی نەتەوەیی/نیشتمانی ئاڵمانیا بۆ ڕزگاربوون لە فەرمانداریی بێچەندوچوون لە بەرنامەدایە. کاتێك کە دێسەمبەری ١٨٤٨ پارلەمانەکانی بەرلین و فرانکفۆرت لەنێوچوون و شۆڕش بەرەو نیشتنەوە چوو، تێڕوانینی مارکس بۆ پێگەی چینی کرێکار چوو و گوتی کە “بۆ خزمەتکردن” سەرۆکایەتی ئەنجومەنە کرێکارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. مارکس چەند هەفتە پێش هەڵهاتن بەرەو فەرەنسە، دووبارە بە یەکێتی کۆمونیستەکان پەیوەستبووەوە، ڕێکخراوێك کە ئەو هەرچی لە توانایدا هەبوو، کردی تا لە سەردەمی شۆڕشدا کارایی نەبێت.

دەرکردنی مارکس لە یەکەمین پارتیی کۆمونیستیی مێژوو

کۆمونیستەکانی ئاڵمانیا لە مارکس و ئەنگس داخوازبوون، کە شتەکان بگێڕنەوە. دەقێکی سەرسوڕهێنەر بە تایتڵی نامەی کۆمیتەی نێوەندیی بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان کە ساڵی ١٨٥٠ بڵاوبووەوە، ئەو داخوازییەی سەرەوەی تێدا هاتووە. شێوازی پاساوهێنانەوەی مارکس و ناڕاستگۆیی هەندێك لە لێکدەرەوانی مارکسیست بووە هۆی ئەوەی کە دەقی ناوبراو خراپ شرۆڤەبکرێت.

کاتێك کە بەخێرایی دەقەکە بخوێندرێتەوە، ئاوا دەبیندرێت کە مارکس ڕامیاریی دێمۆکراتە بۆرجواکانی لە شۆڕشدا بە بۆچوونێکی تا ڕایەك “چەپڕەوانە” بە توندی ڕەخنەدەگرێت. ئەو لەم دەقەدا لە ماوەی شۆڕشدا هێرشدەکاتە سەر “ئەو وردەبۆرجوازانەی کە ڕابەریی ئەنجومەنە دێمۆکراتییەکانیان دەکرد” و “سەرنووسەرانی ڕۆژنامە دێمۆکراتییەکان” و زەحمەتکێشان بانگەوازدەکات تاکو لە بوون بە “بەکرێگیراوانی بۆرجوا دێمۆکراتەکان” دووربکەونەوە. پاش ئەوە ئەو لەسەر پێداویستیی “ڕێکخستنی سەربەخۆی پارتیی پڕۆلیتاریا” پێداگرییدەکات.

بەڵام مارکس لە کەتواردا بەبێ ئەوەی بچێتە شان بخاتە ژێر هەڵە کەسەییەکانی خۆی، ڕەخنە لە خۆی و هەنگاوەکانی لە ماوەی شۆڕش دەگرێت. ئەو خۆی و ئەنگلس لەو دەقەدا لە پشت ڕاناوی سێیەم کەس دەشارێتەوە. ئەو ناڵێت “من یا “ئێمە” بەڵام دەڵێت “وردەبۆرجوازەکان” و “بۆرجوا دێمۆکراتەکان” و هیدیکە .

چ کەسێک بوو، کە بوو بە ئەندامی “ئەنجومەنی دێمۆکراتی”، کە ڕێکخراوی بۆرجوا لیبراڵەکان بوو؟ چ کەسێك ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بە ئاراستەی لیبراڵ ڕێبەریدەکرد؟ چ کەسێك کرێکارانی بۆ پشتیوانی لە بۆرجوا لیبڕاڵەکان بانگەوازکرد؟ وەڵام ئەوەیە : کارڵ مارکس.

ناتوانرێت کارایی ئەو دەقە دەرکبکرێت، ئەگەر کلیلێك بەدەستەوە نەبێت. هەر بەو جۆرەی کە چالاکانی کۆمونیست خوێندیانەوە و تێنەگەییشتن کە بەڕاستی پرسەکە چییە.

لە هەمان دەقدا ڕەخنەیەك لەوانەش دەگیردرێت، کە “ئاوای بۆ دەچوون سەردەمی ڕێکخستنی نهێنی بەسەرچووە و تەنیا چالاکی ئاشکرا دەتوانێت بەسبێت.” بەواتایەکی دیکە لەم بەشەی دەقەکەدا ڕەخنە لە هەڵویستی مارکس دەگیردرێت، کە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان پشتیوانیکردبوو.

لەسەر ئەو بنەمایەیە کاتێك کە دەقەکە لە نۆژەندکردنەوەی “سەربەخۆیی کرێکاران” داکۆکیدەکات، هەڵوێستی پێشووتری ئەنگلس خەنێنەر بەرچاودەکەوێت، کاتێك کە ئەو خوازیاری بڵاونەکردنەوەی بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان بووبوو، واتە مانیفێست، لەبەرئەوەی زۆر ڕادیکاڵی دەزانی، کە بە کەڵكی هەل و مەرجەکە نەدەهات.

ئاوایە، کە لە خۆ ڕەخنەگرتن لە دەقی ناوبراودا بە لەبەرچاوگرتنی شێوازێك کە بۆ نووسینی بەکاربراوە، لە ناڕۆشنیدا دەمێنێتەوە. ئەو شێوازە تەواو نادروستە، لەبەرئەوەی ئاوا لە خوێنەی کەمتر هوشیار دەگەیێنێت، کە مارکس شۆڕشگێڕیکی بێوێنە بووە و لە بەرتەرییە دراوەکان بە بۆرجواکان ڕەخنەدەگرێت، بەبێ ئەوەی کە لەبارەی ڕۆلی خۆی لەوەدا قسەبکات.

ئەو بەشە لە ژیانی مارکس بۆ توێژینەوەی ئایدیۆلۆجیانەی لەلایەن کۆمونیستە دۆگماتیستەکان لە داهاتوودا زۆر سەرنجراکێش دەبێت. چونکە ناتوانن ئەوە پەسەندبکەن، کە مارکس لە سەروبەری شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژوو هەڵدەوەشێنێتەوە. بە هەر بارێکدا هەرگیز پرسەکان ئاوا پووچ نەخراونەتەڕوو،کە مێژوونووسانی یەکێتی سۆڤیەتیی کۆمارە سۆشیالیستییەکان پاگەندەیانکرد، مارکس تەنیا کۆمیتەی نێوەندیی هەڵوەشاندووە، نەك یەکێتی کۆمونیستەکان. کاندڵ یەکێك لەو مێژوونووسانەیە، کە فریودەرانە دەنووسێت “یەکێتی کۆمونیستەکان لە شێوەی ئەنجومەنە کرێکارییەکان ئاشکرا چالاکییەکانی خۆی درێژەپێدا. ئەو یەکێتییە بە ئاراستەی ئایدیۆلۆجی-ڕامیاریی خۆی زیندووهێشتەوە.”[١٩] بالیبار فریوکارییەکە فراوانتردەکات و دەنووسێت مارکس باوکی ئەنجومەنی کرێکاریی کۆڵن بوو!

کاتێك کە شۆڕش تێکشکا، لە ئاڵمانیا سەرکوت دەستیپێکرد. یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن بە دەستپێشکەریی کەسانی وەک مارکس و ئەنگلس دروستکرایەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوی بوونە هۆی پڕشوبڵاویی نێو ڕیزەکانی. ئاراستەیەك بە سەرۆکایەتی مارکس بە شرۆڤەکردنی هەل و مەرجە ئابوورییەکان بڕوای ئاوا بوو، کە دەستبەجێ شۆڕشێکی دیکە بەدیناکرێت. ئاراستەی دژ ئەو شرۆڤەیەی پەسەندنەبوو و بە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی دەزانی. مێژوونووسانی فەرمیی مارکسیزم ئەو خاڵە ناڵێن، ئەندامانی سەرەکیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن، کە مارکس و ئەنگلس بەخۆشیان ئەندامی ئەو بوون، ئەوانیان دەرکردن.

کاتێك مارکسیستەکان ئەوە پەسەنددەکەن، لە بارەی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان بدوێن، بە بڕیاری ئاراستەیەکی “چەپڕەوانە” ناویدەبەن، کە ئاوای دەبینی دەتوانرێت لە هەر ساتێکدا شۆڕش بەڕێخرێت. هەرچەندە ئەو لێکدانەوەیە نادروست نییە، بەڵام هۆکارەکانی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس واوەتر لەوە بوون، کە زۆر سەرنجراکێشن. ئەو بەڵگانەی کە بۆ دەرکردنی مارکس و ئەنگلس خرانەڕوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەڵوێستی ئەوان لە سەردەمی شۆڕش هەیە:

یەکەم – “یەکێتی کۆمونیستەکان دەبێت ڕێکخراوێکی بەهێز بێت، کە خۆی بە نەیاریی نێو چوارچێوەی بڵاوکراوەکان” ڕازینەکات. لێرەدا بە چالاکی مارکس و ئەنگلس لە ڕۆژنامەی لیبراڵی ڕاینی نوێ ئاماژەدەدرێت.

دووەم – “مارکس و ئەنگلس دەستەیەکیان لە نیوە ئەدیبان هەڵبژاردووە، کە بوونەتە لایەنگری ئەوان، تاکو شەیداییان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی داهاتوویان دابڕێژن.”

سێیەم – “ئەم شازادە ئەدیبانە ناتوانن بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان بەکەڵکبن و ڕێکخراوبوونی ئەو ئەستەمدەکەن”، مارکس و ئەنگلس لە یەکێتی کۆمونیستەکان بۆ ئامانجە کەسییەکانی خۆیان کەڵکوەردەگرن و کاتێك کە پێویستبکات پشتگوێیدەخەن. لێرەدا بە بڕیاری یەکلایەنەی مارکس و ئەنگلس ئاماژەدەدرێت، کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتیان لەنێو کۆمیتەی نێوەندی، یەکێتی کۆمونیستەکانیان هەڵوەشاندەوە، تاکو پێگەی ئەندامەتییان بە بەشداریکردن لە دەستەی سەرنووسەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ تەختبکەن.[٢٠]

کێشمەکێشەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان جارێکی دیکە بیست ساڵ دواتر لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان دووبارەبووەوە [کە مارکیسیستەکان بە نێونەتەوەیی یەکەم ناویدەبەن- ڕۆشنکردنەوەی وەرگێڕ]. بەڵام لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان ئەوە مارکس نەبوو، کە دەرکرا، بەڵکو ئەو بوو کە تەواوی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهانی دەرکرد.

مارکس ڕایگەیاند، کە پڕۆلیتاریا لەنێو شۆڕشی ئاڵمانیا نەیدەتوانی دەسەڵات وەربگرێت و ئەگەر ئاوای بکردایە، ناچاردەبوو بەرنامەیەك پیادەبکات، کە بەرنامەی خۆی نەبوو. دەبوو بۆلشەڤیکەکان سەرنجی ئەو گوتەیەی مارکس بدەن، بەڵام بەو جۆرە نەکرا. تێڕوانینی مارکس تەواو دروست بوو و بە تێڕوانینی بێچەندوچوون دەگات، کە چینی کرێکار لە بارێکدا نەبوو، کە ساڵی ١٨٤٨ دەسەڵات وەربگرێت. بەڵام لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە. پرسیار لە ئەوەیە، بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا، کە بە گوتەی ئەنگلس “جەماوەری” بزوا و “کۆمەڵێك هاوپەیمانی پێکهێنان”، بۆچی نەیتوانی دەست بە ئەزموونکردنی هەنگاوی سەربەخۆ بکات، تاکو بتوانێت داخوازییە دیاریکراوەکانی خۆی بخاتەڕوو و ئەو پێکهاتە ڕێکخراوەییانەی کە هەیبوون، بەهێزبکات؟ دواتر ڕۆزا لوكزه‌مبورگ دەڵێت، باشترە چینی کرێکار بەخۆی لە هەڵەکانی خۆی ئەزموون وەربگرێت.

هیچ چارەیەکی دیکە نییە، بێجگە لە پەسەندکردنی ئەوەی، کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕابەرانییەوە لە سەرەتای شۆڕشدا، لێدانێك بوو لە بزووتنەوەی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەری کرێکاریی …

———————-

سەرچاوەکان:

١. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٣

٢. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٠ و ٥٤٣

٣. ڕۆژنامەی Deutsche – Brüsseler – Zeitung ژمارە ٢٨ و ٣١ی ئۆکتۆبەر و ژمارە ١١، ١٨ ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٨٤٧

٤. بەپێچەوانەوەی میخائیل باکونین، کە بەڕۆشنی “ماتریالیزمی زانستی” دەکاتە سەرچاوە.

٥. مێژوونووسانی ئەو سەردەمە لەوانە Guizot، Augustin Thierry، Mignet و هیدیکە.

٦. سەرنجی “١٨٤٨ یا شۆڕشی ١٧٨٩ تێکشکاوی وردەبۆرجوازی ئاڵمانی” نووسینی (ڕێنە بێرتیە) بدە، لە پەرتووکی ئەنارکیستەکان و شۆڕشی فەرەنسە، چاپکراوی le monde libertaire، ساڵی ١٩٩٠

٧. هەمان سەرچاوە

٨. مارکس، ئەنگلس و شۆڕشی ١٨٤٨، نووسینی فێرناندۆ کلۆدن Fernando Claudín، چاپی ماسپرۆ، لاپەڕەی ١٣٣

٩. هەمان سەرچاوە

١٠. هەمان سەرچاوە

١١. باکونین ، دەوڵەت و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕەی ٣٢٢

١٢. ئەنگلس، چەند وشەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان، ساڵی ١٨٨٥، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٩١ و ١٩٢

١٣. ئەنگلس ، مارکس و ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ Neue Rheinische Zeitung، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٧١ و ١٧٢

١٤. ئەنگلس، پێشەکی بۆ چاپی ئیتالی مانیفێست، بڵاوکراوە لە کارڵ مارکس، نووسینەکان، چاپی Pléiade، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٤٩١

١٥. دەوڵەتگەرایی و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕە ٣٢٠

١٦. لەتەك ئەنجومەنی دێمۆکراسی، کە مارکس لەتەکیدا پەیوەست بوو، بە هەڵە وەرنەگیردرێت.

١٧. سەرنجی هەمان سەرچاوەی پێشووتری فێرناندۆ کلۆدن، لاپەڕەی ١٣٢ بدە

١٨. ترۆتسکی لەبارەی ڕابەرانی کۆمونیست لەنێو شۆڕشی ڕوسیە بەڕادەیەك هەمان شتی گوت.

١٩. سەرنجی سەرچاوەکەی کلۆدن بدە

٢٠. سەرنجی لاپەڕە ٣١٣ سەرچاوەکەی کلۆدن بدە

ئەم نووسینە بەشێکە لە پەرتووکێك بەناوی “باکونین’ی ڕامیار: شۆڕش و دژەشۆڕش لە ئەوروپای نێوەندیی”، کە ساڵی ١٩٩١ ڕێنە بێرتیە René Berthier بڵاویکردووەتەوە.

تێبینی : لە وەرگێرانە فارسییەکەدا کورتەیەك لەبارەی ژیانی نووسەر (ڕێنە بێرتیە) و نووسینەکانی ئەو نووسراوە، من بۆ ئەم وەرگێرانە کوردییە بە پێویستم نەزانی.

بۆچوون و تێڕوانینی ئێمە ئەنارکیستانی کوردی-زمان لەبارەی بار و دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕاپەڕین

بۆچوون و تێڕوانینی ئێمە ئەنارکیستانی کوردی-زمان لەبارەی بار و دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕاپەڕین

ئێمە ئەنارکیستەکان هەموو کات و لە هەموو شوێنێك خوازیار و چالاك و پشتیوانکەری بزووتنەوەی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی، خۆنیشاندانی سەربەخۆی جەماوەریی، مانگرتنی گشتی و سەرتاسەریی، تێکۆشانی نافەرمانی مەدەنی و ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی دژی سەروەران و مشەخۆران و هەروەها خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و خۆبڕیاردانی جەماوەر لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بە بنەمای گۆڕان و شۆڕش و ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی دەزانین و ئەگەر جەماوەر ڕیزەکانی خۆی لە ڕامیاران و پارتییەکان جیانەکاتەوە و ئەگەر ڕاپەڕینی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی خۆی لە هەڵپە و پیلانی ڕامیاران بۆ گەییشتن بە دەسەڵات جیانەکاتەوە، ئەگەر دەستبەسەرداگرتن و گێڕانەوەی داهات و کەرتەکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەیان لەلایەن جەماوەرەوە لە تاڵان و فەرهوودی هەلپەرستان جیانەکرێتەوە و سنووربەندییەکی هوشیارانە لەنێوان داخوازی و ئامانجەکانی جەماوەر و داخوازی و ئامانجی ڕامیاران و پارتییەکان نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دیسانەوە سەرەنجامی هەموو خۆنیشاندان و قوربانیدان و ڕاپەڕینەکان هەر بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵە ڕامیارێکی دیکە دەبێت و وەك هەموو جارێك بەشی جەماوەر قوربانیبوون و نائومێدی و چاوەڕوانی و چوونەوە ژێر باری سەرکوت و نایەکسانی و نابەرابەریی دەبێت.

لەبەرئەوە ئێمە نەکردنی ڕاپەڕینێكی ڕێکنەخراو و نائامادە باشتر دەزانین لە ڕاپەڕینێك کە سەرەنجام بە بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵێکی دیکە یا پارتییەکی دیکە لە دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران تەواودەبێت و دەیکاتە سەروەری داهاتووی کۆمەڵ و گشت بنەماکانی سەرکوت و نایەکسانی و ناداپەروەریی وەك خۆیان دەهێڵێتەوە و ئەوەی ڕوودەدا لە قوربانیبوونی کۆمەڵێك کەسی ناڕازی و دڵسۆز و گۆڕینی ڕوخساری دەسەڵاتداران تێپەڕناکات و سەرەنجامەکەی زاڵبوونی نائومێدی گشتی خەڵك دەبێت تا چەند دەهەی دیکە، هەر ئاوا کە لە ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێران و ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ هەرێمی کوردستان ڕوویدا.

ئێمە هۆکارەکانی نالەباریی و نەهامەتییەکانی ئەم ڕۆژە تەنیا بۆ دەسەڵاتداربوونی چەند پارتییەك یا کەسانێك ناگێڕێنەوە، ئێمە ڕۆڵی پارتییەکان و کەسە دەسەڵاتدارەکان بە بەشێك لە هەنگاوە ئابووریی و ڕامیارییەکانی سیستەمی نوێی بازار [بازاری ئازاد] دەبینین، کە هەنگاوی یەکەمی تایبەتیکردنەوەی کەرتە دەوڵەتیی و گشتییەکان و وابەستەیی بازار و پاشکۆبوونیی کۆمەڵەکانی پەراوێزە بۆ دەوڵەتان و زلهێزە ئابوورییە بڕیاردەرەکان. ئێمە سەرکوت و نایەکسانی و نادادپەروەریی بۆ سەروەربوونی کاری کرێگرتە و دارایی تایبەت دەگێڕینەوە، ئیدی هەر کەس لەو سەروەرییەدا دەسەڵاتداربێت، ئەوا هیچ لە مانەوە و بوونی ئەو سەروەرییە ناگۆڕێت. هەڵبەتە دژایەتیکردن و تێکۆشانی ئێمە دژی سیستەمی نوێی بازار لە ناوچەکەدا بە ئامانجی پێداگرتن لەسەر دارایی کەرتەکان بۆ دەوڵەت نییە، نەخێر، ئێمە بە هەمان شێوەی دژایەتی دارایی کەرتە تایبەتەکان، کەرتی دەوڵەتیی و پارتیی ڕەتدەکەینەوە و خوازیاری کۆمەڵایەتییکردنەوەی گشت کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی و کارگوزاریین، ئەوەش شتێکی ئەستەمدەبێت، ئەگەر شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆدا کۆتایی بە سەروەریی بۆرجوازی کورد و زلهێزە داگیرکەرەکان و کۆمپانی و ناوەندە جیهانخۆرەکان لە هەریمی کوردستان نەهێنن. بە بۆچوونی ئێمە ئاوا ڕاپەڕینێك پێویستی بە خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و ئامادەکاریی هوشیارانەی هەیە، کە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکانی گەڕەکەکان، ڕیکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و کۆمیتەکانی پاراستنی شوێنە گشتییەکان لە فەرهوود و ملهوڕیی پارتییەکان و کۆمیتەی پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوندەکان و یەکگرتنەوەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سەرتاسەرییدا و پشتبەستن بە کۆبوونەوە گشتییە جەماوەرییەکان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ. بە بۆچوونی ئێمە بەبێ ئاوا ئامادەکارییەکی کۆمەڵایەتیی بۆ گۆڕانی ڕیشەیی کۆمەڵ، ئەستەمە بتوانرێت سەرەنجامی ڕاپەڕین بە خۆبەڕێوەبەریی گەلیی کۆتاییببێت.

کۆمەڵێك هەنگاوی سەرەتایی بۆ خۆئامادەکردن و بەرەنگاریی هەر هەوڵ و هەڵپەیەکی دەسەڵاتخوازانەی گروپ و پارتییەکان بەپێویست دەزانین، لێرەدا دەگەڕیینەوە سەر ئەو کۆمەڵە پێشنیارەی کە دەستەیەك لە خۆنیشاندەران ڕۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠١١ بڵاویانکردنەوە، وەك هەنگاوی کردەیی بۆ بەرگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابوردوو، پێداگرییان لەسەر دەکەینەوە :

– پێکهێنانی کۆمیته‌کانی مانگرتن و خۆنیشاندان و هتد …

– به‌رگرتن به‌ ناوچه‌گه‌ریی و شارچییه‌تی و پارتی پارتێنه‌، که‌ هه‌ندێك لایه‌ن و ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتخواز بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دنه‌ی ده‌ده‌ن و هتد…

– به‌رگرتن به‌ هه‌وڵی هه‌ر گروپێك که‌ بیه‌وێت ئاراسته‌ی خۆنیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ دژه‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ دژه‌ پدک یا ینک یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بگۆڕێت، واته‌ به‌رگرتن به‌وانه‌ی که‌ بۆ ئامانجی تایبه‌تییان ده‌خوازن خۆنیشانده‌ران به‌ گژی نه‌یاره‌کانیاندا بکه‌ن و هتد…

– به‌رگرتن به‌و دروشم و پاگه‌ندانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت هێزی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی پارتایه‌تی و ده‌ستبژێری خۆیان به‌کاربه‌رن و هتد…

– به‌رزکردنه‌وه‌ی داخوازییه‌ جه‌ماوه‌ریییه‌کان، که‌ ده‌ربڕی خواست و ئاواتی گشتین [ئازادی، یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی] له‌ به‌رامبه‌ر دروشم و داخوازی پارت و گروپه‌ ڕامیارییه‌کان و هتد…

– هه‌ڵپێچانی ده‌موچاو له‌کاتی خۆنیشاندان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا و هتد…

– هه‌ڵگرتنی ئاو بۆ ده‌موچاوشتن له‌ کاتی به‌رکه‌وتنی گازی فرمێسكڕژێن و هتد…

– بڕینپێچی و ڕزگارکردنی بریداره‌کان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ فریاگوزاره‌کانی خۆنیشانده‌رانه‌وه‌ و هتد…

– ئاگادارکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی ناوی گیراوه‌کان له‌ کاتی ده‌ستگیربووندا و هتد…

– بڵاوکردنه‌وه‌ی ناوی به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات و چه‌کداره‌ ته‌قه‌گه‌ره‌کان و گرتنی وێنه‌ و کورته‌ فێلم له‌سه‌ریان له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هتد…

– هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کان بۆ به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر و داماڵینیان له‌ چه‌ك و ناچارکردنیان به‌ ده‌رچوون له‌ شار و گونده‌کان و هتد…

– به‌رگرتن به‌ کوشتوبڕ و توندوتیژی، گرتنه‌به‌ری شێوازی پارێزگاری له‌ خۆکردنی گونجاو و هتد…

– به‌رگرتن به‌ جیاوازی دروستکردن و ده‌سته‌گه‌ری و هه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردن و خۆسه‌پاندنی گروپه‌ ڕامیارییه‌کان و هتد…

– په‌یوه‌ندیگرتن له‌ته‌ك چالاکانی جه‌ماوه‌ریی له‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ری شار و گونده‌کانی کوردستان و عیراق و هتد…

– بڵاوکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌واڵ و وێنه‌ و کورته‌ ڤیدیۆکان به‌ فه‌یسبووك و تویته‌ر و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌ و هتد…

– هه‌ڵخڕاندنی مانگرتنی گشتی؛ هه‌ر له‌ مانگرتنی گشتی له‌ کار، مانگرتن له‌ کردنه‌وه‌ی میدیای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات و بایکۆتی ڕۆژنامه‌کانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات و هتد…

– هه‌وڵی ده‌ستبه‌جێ بۆ پێکهێنانی کۆمیته‌ و ئه‌نجومه‌ن و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان له‌ شوێنی کار و له‌ناو گه‌ڕه‌که‌کاندا و خۆلادان و دوورگرتن له‌ شه‌ڕەدەندووکی گروپه ڕامیاییه‌کان له‌سه‌ر ناونانی ڕێکخراوه‌کان و هتد…

– ده‌ستبه‌کاربوون له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و گێرانه‌وه‌ی کارخانه‌ و فه‌رمانگه‌ و خوێندگه‌ و کاروباره‌ گشتییه‌کان بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئۆتۆنۆمی کۆمیونیتییه‌کان و هتد…

– هاوکاتی هه‌وڵی پێکهێنانی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کان، نابێت ڕۆڵی بناخه‌یی کۆمیته‌کان و رێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ خۆجێییه‌کان له‌بیربکرێت و پێویسته‌ بڕیاردان و جێبه‌جێکردن له‌سه‌ر بنه‌مای کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌کان و پێکهاتن و یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی گەڕەکەکان و شاره‌کان و گونده‌کان و هتد…

– به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی به‌شداری پارتیی و ڕێکخراوه‌ ڕامیارییه‌کان له‌و کۆمیتانه‌دا تا ئاستی ئاماده‌یی تاکه‌کان و ڕێگه‌گرتن له‌ پارتیی و ده‌سته‌بژێره‌کان له‌ بڕیاردان و قسه‌وباسه‌کان و له‌ ناوهێنان و خۆسه‌پاندنیان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی پێشتر ئاماده‌کراوی پارتییه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان و هتد…

– به‌رگرتن به‌ هه‌ر هێز و که‌سێك که‌ بیه‌وێت هانا بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی که‌سیی و گروپی و خێله‌کی به‌رێت و هتد…

– به‌رگرتن له‌ گروپ و ده‌سته‌چیه‌تی (سکتاریزم)ی گروپه‌ چه‌په‌کان و هتد…

– ده‌ستکۆتاکردنی به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات و پارتییه‌ هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌ ده‌سته‌مۆکردن و به‌لاڕێدابردنی ڕاپه‌ڕین و هتد…

– پێکهێنانی ده‌سته‌ و هێزی پاریزگاری له‌ بنکەی کۆمیته‌کان و گه‌ڕه‌که‌کان و هتد…

– پێکهێنانی ده‌سته‌ و هێزی پاریزگاری له‌ کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کان و سپاردنی ئه‌رکه‌کان به‌ خودی که‌سه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ ڕێگه‌ی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی هه‌ره‌وه‌زییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وه‌ك کۆمیته‌، ئه‌نجومه‌ن، کۆمون، سۆڤییت، ڕێکخراوی پیشه‌یی خوێندنگه‌ به‌ خوێندکاران و کارگه‌ به‌ کرێکاران و فه‌رمانگه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران و کاروباری گه‌ره‌که‌کان به‌ ئه‌ندامانی گه‌ره‌که‌کان و گونده‌کان به‌ گونده‌کان، و هتد…

– ده‌ستگرتن به‌سه‌ر کاناڵه‌کانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و چاپه‌مه‌نییه‌کان و خستنه‌کاریان بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی ڕاپه‌ڕین و هتد…

– پێکهێنانی ئه‌نجومه‌ن و کۆمیته‌ و ڕێکخراوه‌کانی شوێنی کار له‌سه‌ر بنه‌مای کۆبوونه‌وه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردن و بڕیاردانی ڕاسته‌خۆ و پیاده‌کردنی بنەمای چالاکی و کاری ڕاسته‌خۆ و هتد…

– هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی فێدراسیۆنی ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌کان و هه‌نگاونان بۆ پێکهێنانی کۆنفیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رتاسه‌ری بیرکردنه‌وه و خۆجێی کارکردن و ڕێکخستنی ناقوچکه‌یی و هتد…

– هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ناوه‌نده‌کانی بڕیاردان که‌ پارتییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمیی و ناوه‌ندی سه‌پاندوونی و پێکهێنانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی و پیاده‌کردنی دێـمۆکراتی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك بناخه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵ و هتد…

– ده‌رکردنی به‌ڕێوه‌به‌ران و کارمه‌ندانی میری و کۆمپانییه‌ تایبه‌ته‌کان له‌ کارخانه‌ و شوێنه‌کانی دیکه‌ی خزمه‌تگوزاری و پێکهێنانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌کانی کار و خزمه‌تگوزاری له‌ خودی کرێکاران و کارمه‌ندان و مامۆستایان و خوێندکاران و هتد…

– ئه‌مانه‌ و چه‌ندین کاری دیکە، که‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 و زنجیره‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر و یه‌مه‌ن و هتد… ئەنجامدران و کارایی ئەرێنییان هەبوو.

١٢ی فێبریوەری ٢٠١٦

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان (KAF)

http://www.anarkistan.wordpress.com

http://www.facebook.com/sekoy.anarkistan

http://www.twitter.com/anarkistan

http://www.issuu.com/anarkistan

anarkistan@riseup.net

ڕووخاندنی خۆبه‌ڕێوەبەریی

دانیل غیرین

و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ :سه‌لام عارف

بانکه‌کانی پشتیوانە [الاعتماد] لای حکومه‌تی بۆرجوازی کۆماریی مانه‌وه‌، واته‌ لای که‌رتی تایبه‌تی، بێگومان به‌ چاودێریی ده‌وڵه‌ت، به‌هیچ کلۆجێك بواری ئه‌وه‌ نه‌ده‌درا، ئه‌و بانکانه‌ بکرێنه‌ خزمه‌تکاری خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، گه‌رچی باره‌که‌ ئاواهی بوو، هه‌ندێك هەرەوەزی هه‌ر به‌رده‌وامبوون و به‌وه‌ پشتیانبه‌ستبوو، که ‌له‌ شۆڕشی ته‌موزی 1936 ده‌ستخرابوو، سه‌رباری ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ش به‌ناچاریی ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر هه‌ندێك که‌لووپه‌لی حازربه‌ده‌ستدا، بۆ نموونه‌ خشڵ و زێڕ و زیو و پاشماوه‌ی دێرینی په‌رستگەکانی فرانکیه‌کان، ئه‌وده‌مه‌ (کۆنفیدرالی نیشتمانی بۆ کار) پێشنیاری دامه‌زراندنی (بانکی کۆنفدرالی) کرد، به‌ڵام گوزه‌راندن و به‌ڕێکردنی پێشبڕکێی سه‌رمایه‌ی پاره‌یی، جۆرێك بوو له‌ جۆره‌کانی خه‌و وخه‌یاڵ، ئه‌و ده‌مه‌ گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی پاره‌یی بۆ ده‌ستی پرۆلیتاریای ڕێکخراو ته‌نها چاره‌ بوو، به‌ڵام (کۆنفدرالی نیشتمانی بۆکار) نه‌یده‌وێرا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ کاربکات و زیاتر هه‌نگاوبنێت،چونکه‌ به‌ندی “به‌ره‌ی میلی” بوو.

ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کی بوو، خۆراک به‌خشه‌که‌شی سه‌رکرده‌ ڕامکارە [سیاستەبازە] جیاوازه‌کانی ئیسپانیای کۆماریی بوون، خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان به‌وه‌ تاوانبارده‌کرد، که‌ گورزی کوشنده‌ له‌ “به‌ره‌ی میلی” ده‌وه‌شێنن، به‌واتایه‌کی دیکە له‌ یه‌کێتی چینی کرێکار و ورده‌بۆرجواز، ئه‌و ڕه‌خنه‌یە‌شیان تێپه‌ڕکردن و جێبه‌جێکردنی گه‌مه‌ فرانکیه‌که‌ بوو، خودی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ گڕخۆشکه‌ری ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ بوو، هه‌ر ئەو‌انیش بوون، که‌ به‌هه‌موو فڕوفێڵ و ته‌ڵه‌بازییه‌ك ئه‌وه‌یان ڕه‌تدکرده‌وه‌، چه‌ك به‌ پێشڕه‌ویی ئازادیخوازی ناوچه‌ی ئاراگۆن بده‌ن، چاری ناچار ئه‌وان به‌دەستی به‌تاڵه‌وه‌ به‌ڕووی گوله‌ڕێژه‌کانی فرانکۆ ڕاوه‌ستانه‌وه‌، که‌چی دواتر ئازادیخوازه‌کانیان به‌ سڕ و سستی و به‌سته‌ڵه‌کی تاوانبارکرد.

به‌ ڕاگەیێندراوی 7ی تشرینی یه‌که‌می 1936ڕه‌وایی به‌ به‌شێك له‌ هەرەوەزییە‌ کشتوکاڵیه‌کانی دێهاته‌کان درا، ئه‌و ده‌مه‌ ئەریبە Aribe وه‌زیری کشتوکاڵ بوو، ئه‌و کەسێکی کۆمونیست بوو، دژایه‌تیکردنی هەرەوەزیی له‌ شاده‌ماره‌کانیدا هاتوچۆی ده‌کرد. زۆر به‌تاسه‌ی ئه‌وه‌وه‌ بوو، که‌ جوتیارانی هەرەوەزییەکان بەگومان و نائومێد بکات، ته‌ندروستی هەرەوەزییه‌کانی خسته‌ژێر باری هه‌ندێك بنه‌مای بێبه‌زەییانە و ئاڵۆزه‌وه‌، ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هەرەوەزییەکان‌دا سەپاند، که ‌له‌ کاتی خۆیدا یاسایینه‌کراون، ئه‌وانه‌ هه‌موو یاساخن و ده‌بێت بۆ خاوه‌نه‌کانی پێشووتریان بگێڕدرێنه‌وه‌، ئه‌و کەسە‌ واته‌ ئەریبە جوتیارانی هانده‌دا، تا نه‌چنه‌ هەرەوەزییە‌کانه‌وه ‌و نه‌فره‌تییده‌کردن**، کانونی یه‌که‌می 1936، له‌ وته‌یه‌کدا بۆ زەمیندارە گچکه و تاک و تەنیاکان، وتی تفه‌نگه‌کانی پارتیی کۆمونیست و حکومه‌ت له‌به‌رده‌ست و له‌ خزمه‌تی ئه‌واندایه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌سه‌ر هەرەوەزییه‌کاندا دابه‌شبکات، په‌ینی هاورده‌ی به‌سه‌ر ئەواندا دابه‌شکرد، ئه‌و هاوەڵی کوموریرا بوو. کوموریرا به‌رپرسی گشتی ئابووری ناوچه‌ی کاتالۆنیا بوو، به‌جووته‌ زەمیندارە‌ گچکه‌کان و ناوه‌نده‌کان و بازرگانه‌کان و ته‌نانه‌ت خاوه‌نداراییه‌ گەورە‌کانیش، هه‌موو ئه‌وانه‌یان له‌ سه‌ندیکایه‌کی کۆنەپارێزدا گردکرده‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ ڕێکخستنی ئازوقه‌یان له‌ سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان سه‌نده‌وه‌، دایانه‌ ده‌ست فرۆشیارەکانی [باییعە‌کانی] کەرتی بازرگانی تایبه‌ت.

له‌ دوا وه‌رچه‌رخاندا دوای وردوخاشکردنی پێشڕه‌ویی شۆڕشگێڕی به‌رشه‌لۆنه‌، هاوپه‌یمانیی حوکمه‌تی به‌بێ سڵکردنه‌وه‌ ئایاری 1937 به‌ شێوازی سه‌ربازیی خۆبه‌ڕێوه‌بەریی کشتوکاڵی ته‌فروتوناکرد، ڕاگەیێندراوی10ی ئابی 1937 ده‌رکرد به‌و ڕاگەیێندراوە‌ “ئه‌نجومه‌نی به‌رگری هه‌رێمیی” ‌ناوچه‌ی ئاراگۆنی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، گوایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ” دەسەڵاتی ناوه‌نده‌”، (جواکین ئاسکاروز  چالاکی به‌وه‌ تاوانبارکرد، که‌ گوایه‌ “خشڵ و زێڕ و زیوی” فرۆشتووه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و ته‌نها هێنده‌ی فرۆشتبوو، که‌ بۆ دابینکردنی که‌لوپه‌لی هەرەوەزییه‌کان ته‌رخانکرابوو، پاش ماوه‌یه‌کی که‌م تیپی یازده‌ی گه‌ڕۆك به‌ سه‌رکرده‌یی ئەفسەر لیستێرLister ستالینیست و به ‌پشتیوانی زرێپۆشە‌کان هێرشیکرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی ئاراگۆن، به‌رپرسە‌کانی هەرەوەزییەکانی ده‌ستگیرکرد، بنکەکانی قفڵدان و هه‌موو لیژنه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، فرۆشگەکانی شاره‌وانییه‌کانی تاڵانکردن و ده‌زگەکانیانی شکاندن، (ڕۆژنامه‌ی کۆمونیست)یش نه‌فره‌تی خۆی ئاڕاسته‌ی هەرەوەزیی کرد و به تاوانی ‌” هەرەوەزیی سەپێندراوی ناچاریی” تۆمه‌تباریکرد ئه‌و کەسە‌ ستالینیسته‌ له ‌30% هەرەوەزییه‌کانی ته‌فروتوناکرد، ئه‌وه‌ش که‌ مایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ شێوازی داپڵۆسینی ستالینیستی نه‌یتوانی به‌ته‌واوی جوتیاران ناچاربکات ببنه‌ زەمینداری کەرتی تایبه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تیپەکی لیستێرLister تێپه‌ڕبوو، جوتیاران هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یان دڕاند، که ‌به‌ زه‌بری ده‌مانچه‌ واژۆکرابوون، سه‌رله‌نوێ جارێکی دیکە ده‌ستکرایه‌وه‌ به‌ درووستکردنه‌وه‌ی هەرەوەزییه‌کان، ده‌رباره‌ی ئه‌و گ. مونیس G Munis نووسیویه‌تی “یه‌کێك له‌ بازنه‌ نموونه‌ییه‌کانی شۆڕشی ئیسپانیا ئه‌و کارانه‌ی ئه‌نجامدا، هه‌رچه‌نده‌ تۆقاندنی حکومه‌تی و هه‌ڕه‌شهی گه‌ماڕۆی ئابووریی له‌ئارادابوو، جوتیاران‌ له‌سه‌ر بڕوابوونیان به‌ سۆسیالیزم جه‌ختیانکرده‌وه” دروستکردنه‌وه‌ی هەرەوەزییه‌کانی ئاراگۆن کارێکی زۆرگران نه‌بوو، پێویستی به‌ پاڵه‌وانییه‌کی مه‌زن نه‌بوو، دواتر پارتیی کۆمونیست ئه‌وه‌ی تێبینیکرد، که‌ زیانێکی زۆری له‌ هێزه‌ زیندووه‌کانی ئابووریی دێهاتی داوه‌، هه‌روه‌ها به‌گشتی له‌ به‌رهه‌مهێنان و نەبوونی هێزی کار و ڕوخانی ورەی جه‌نگاوه‌رانی به‌ره‌ی جه‌نگ، به‌جۆرێکی مه‌ترسیدار بوونه‌ هۆی به‌هێزبوونی چینی مامناوه‌ندی زەمیندارەکان، ئه‌و پارتییە‌ ویستی هه‌ڵه‌کانی خۆی چاکبکات، گه‌ره‌کی بوو گیان به‌ جه‌سته‌ی هەرەوەزیه‌کاندا بکاته‌وه‌، به‌ڵام کار له ‌کار ترازابوو، هه‌وڵه‌کانی ناکام بوون، چونکه‌ هەرەوەزییه‌ تازەکان، نه‌یانتوانی نه‌ ڕووبه‌ره‌کان و نه‌ ژماره‌ی کارگه‌ران و نه‌ چلۆنایه‌تی زه‌وییه‌کانی هەرەوەزییە کۆنه‌کان ده‌ستبخاته‌وه‌، زۆر له‌ کارگه‌ران له‌ ترسی داپڵۆسیین خۆیان گه‌یاندبووه‌ به‌ره‌ی جه‌نگ، هه‌ندێکیشیان به‌ندکرابوون.

له‌ ناوچه‌ی لوڤان Lovan، له‌ کاستیل Castel ، له‌ هەرێمەکانی هویسکا Huesca و تێرویل Teruel ، کۆمارییه‌کان به‌هه‌مان شێوه‌ هێرشی چه‌کداریان کرده‌ سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییە کشتوکاڵییەکان، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌ زیندووی مایه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌و جێگانه‌دا که‌ نه‌که‌وتبوونه‌ ژێرده‌ستی فرانکیه‌کان، به‌تایبه‌تی له‌ لوڤان.

له‌ ڤالێنسیا ڕامیاریی حکومه‌ت ده‌رباره‌ی سۆسیالیزمی کشتوکاڵی دێهاتی، ڕامیارییەکی ته‌مومژاوی بوو، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ره‌سی کۆماری ئیسپانیا به‌شداربوو، بێجگه ‌له‌وه‌ جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کانیش خه‌باتکردنیان له‌پێناوی کۆمارییدا به‌ خه‌باتی خۆیان نه‌ده‌زانی به‌رژه‌وه‌نده‌ییه‌کانی خۆیان تیادا نه‌ده‌بینی.

بیرۆکراتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆسیالیسته‌ ده‌سه‌ڵاخوازه‌کان، به‌ هه‌ڵمه‌تێکی نه‌خشه‌داڕێژراو له‌ ڕێگه‌ی ڕۆژنامه ‌و ڕادیۆوه‌ هێرشیانده‌کرده‌ سه‌ر سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، ڕاستوڕه‌وانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیان خسته‌ خانه‌ی گومانه‌وه‌، به‌نه‌فرت و سه‌رزه‌نشتکاریی گورزی خۆیان لێ وه‌شاند، حکومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌، که‌ هیچ پشتیوانەیەك/ پشتبەستنێك به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاتالۆنیا ببه‌خشێت، ئه‌و ده‌مه‌ که‌سێکی ئازادیخواز شالیاری ئابووریی کاتالۆنیا بوو، له‌ خەزێنەی سندوقی پاشه‌که‌وت ملیاردێکی به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کاتالۆنیا به‌خشی، به‌ڵام دواتر کومویرا ستالینیست بووه‌ وه‌زیری ئابوری و هه‌موو کارگه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له‌ که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بێبه‌شکرد و که‌ره‌سه‌کانی به‌که‌رتی تایبه‌ت به‌خشی، بێجگه ‌له‌وه‌ش به‌ڕێوه‌بەریی کاتالۆنیا پێویستییه‌کانی خۆی له‌ هەرەوەزییەکان کریبوو، که‌چی ئه‌و کەسە‌ ستالینیسته‌ پێدانی ئه‌و بڕه‌شی له‌بیری خۆی برده‌وه ‌و به‌هاوبه‌شیکراوەکانی نه‌یدا‌.

حکومه‌تی ناوه‌ندیی هه‌موو ئامرازه‌کانی خنکاندنی هەرەوەزییه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌بوو، خۆماڵیکردنی هاتوچۆ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ڕێگه‌ی بۆ خۆشبوو، تا بتوانێت خۆراکی هه‌ندێکیان ببه‌خشێت به‌ هه‌ندێکی دیکەیان، بێجگه‌ له‌وه‌ش لەجیاتی ئه‌وه‌ی پۆشاکی سه‌ربازیی له‌ هەرەوەزییه‌کانی چنیین بکڕێت، له ‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌یده‌کرد، هه‌روه‌ها به‌ به‌هانه‌ی به‌رگری نیشتمانییه‌وه‌ به‌ ڕاگەیێندراوی 22ی ئابی1937، ڕاگەیێندراوی تشرینی یه‌که‌می1936ی ناکاراکرد، ڕاگەیێندراوی ناکاراکراو بۆ بەهەرەوەزییکردنی دامەزراوه‌کانی کانزایی ده‌رکرابوو، بیانووی ئه‌و ناکاراکردنه‌ش ئەوە ‌بوو، که ‌گوایه ‌”سه‌رپێچییه‌ له‌ هۆشمەندیی ده‌ستوور”، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ زلانەی که‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن وەلاینابوون،گه‌ڕاندنییه‌وه‌ سه‌ر جێگه‌کانیان، ئه‌وانه‌ هه‌موو کەسانی ڕقئه‌ستوور و تۆڵه‌چی بوون.

به‌ ڕاگەیێندراوی 11ی ئابی 1938 خاڵی کۆتایی خرایه ‌سه‌ر چڕکردنه‌وه‌ی پیشه‌سازیی جه‌نگی و کرایه‌ خزمه‌تکاریی شالیاریی پڕچه‌ککردن، ژماره‌یه‌کی لەڕادەبەدەر له‌ که‌سانی بیرۆکراتی سەر بە پارتیی خزێنرایه‌ نێو کارگه‌کانییه‌وه‌، ئه‌و کەسە‌ بیرۆکراتانه‌ش زیاتر له‌وانه‌ بوون، که‌ تازه‌کی چووبوونه‌ پارتیی کۆمونیستەوە، کرێکاران له‌ هه‌لومه‌رجێکی زۆر ناله‌باردا ئه‌و دامه‌زراوانه‌یان دامه‌زراندبوو، به‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ چاودێرکردنی به‌رهه‌مهێنانیان له‌ده‌ستچوو.

تا سەردەمی وردوخاشکردنی ئیسپانیای کۆماری خۆبه‌ڕێوه‌بەریی پیشه‌سازیی کاتالۆنیا و لقه‌کانی دیکە به‌ زیندوویی مایه‌وه‌، به‌ڵام دەرووەکانی فرۆشتن و ساخکردنه‌وه‌ی له‌ده‌ستدابوو، چونکه‌ حکومه‌ت هه‌موو پشتیوانەیەکی کڕینی لێ دابڕیبوو.

به‌کورتی هه‌ر که‌ هەرەوەزییه‌کانی ئیسپانیا له‌دایکبوون، سنووردارکراون و له‌ مه‌نگه‌نه‌ی توندوتۆڵی جه‌نگ دران، به‌ڵام وانه‌یه‌کی به‌هێز و بزوێنه‌ری له‌ دوای خۆی جێهێشت، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئاوای له‌(ئێما گۆڵدمان) کردووه‌، تا بڵێت “با له‌ دوایین وه‌رچه‌رخانیشدا فرانکۆ سه‌رکه‌وتووبووبێت،به‌ڵام گردکردنه‌وه‌ی پیشه‌سازییه‌کان و زه‌وییەکان مه‌زنتریین ده‌سکه‌وتی هه‌ر قۆناخێکی شۆڕشگێڕه‌، ئازادیخوازان ته‌فروتوناکران، به‌ڵام بیرۆکه‌که‌یان به‌ زیندووی ده‌مێنێته‌وه‌” ڕۆژی ‌21ی ته‌موزی 1937 له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ وته‌یه‌کدا (ڤێدریکا مونسنی) ناوه‌ڕۆکی دوو ئه‌لته‌رنه‌تیڤی خسته‌ڕوو “له‌لایه‌ك لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات و ئابووری ئاڕاسته‌کراو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵك ده‌کاته‌ سوخره‌کێش و ده‌وڵه‌تیش ده‌کاته‌ خاوه‌نکار و جامبازێکی زه‌به‌لاح، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ خستنه‌گه‌ڕی کانه‌کان و کێڵگه‌کان و کارگه‌کان و پیشه‌کان له‌لایه‌ن چینی زەحمەتکێشانەوە، که‌ له‌ فیدریالییه‌ سه‌ندیکاییه‌کاندا ڕێکخراوه‌”، ده‌شێت سبه‌ینێ پرس‌ و گرفتی هه‌موو سۆسیالیزم بێت.

—————————————————————————————————————

* بابەتێكە لە په‌ڕتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة) دانییل گرین