All posts by azadebram

هەموو هەوڵێك لە ئارادایە بۆ شکاندنی مانگرتنی کرێکارانی شەمەنەفەرە زێرزەمینی و سەرزەمینییەکان 

21/06/2022

میدیا و سیاسییەکان هەموو پاگەندەیەکی درۆ و لێدوانی ناڕەوا دەدەن بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی کە ئەمڕۆ، سێ شەمە دەستی پێکردووە.  هەستکردن بەمەش زۆر ئاسانە چونکە بە مانگرتنی 50 هەزار کرێکار تەنها لە یەك بەشی پیشەسازیدا کە بەشێکی کەمی هاتوچۆیە بریتانیا بە گشتی و لەندەنیان بە تایبەتی لە جوڵە خستووە و کارایی مانگرتنەکەیان هەموو گۆشەیەکی ژیانی گرتۆتەوە. بەڵام کرێکاران بەرپرس نین لە ڕوودانی ئەمە ئەوەی بەرپرسە کۆمپانیاکان و حکومەتە کە دەبێت لۆمە بکرێن .

ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە کە مانبگرن ، خۆپیشاندان بکەن کە لە کاتێکدا لە ساڵی 2010 وە تا ئێستا بە کردەیی و لە بەرانبەر گرانبوونی هەموو شتێکدا لەبری بەرز بوونەوەی موچەیان لە سەدا 18 موچەکەیان دابەزیوە.  هەر ئەمان نین کە موچەیان دابەزیوە، مامۆستایان لە سەدا 8 ی موچەیان لە دەیەیەك لەمەو بەرەوە دابەزیوە،  هەر ئاواش نێرس و مامانەکان لە سەدا  7 موچەیان دابەزیوە ، ئیتر بۆچی نابێت داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن؟ کە لە کاتێکدا سەرۆك و بەڕێوەبەری بانقەکان و کۆمپانیاکان و خاوەنوەزیفە پلە بەرزەکان بەرزبوونەوەی موچەیان بە لە سەدا 30  بەرەوژوورترە ئەمە جگە لە پارەی خەڵاتیی و قازانجی پشکەکانیان لە بزنسەکانا.

سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، بۆریس جۆنسۆن ، کە ماوەیەك لەمەو بەر سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئێرە ڕاگەیاندنێکی دا و تێیدا وتی کە نابێت کرێکاران و کارمەندان داوای پارەی زیادە بکەن چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی دراوی ئێرە ، پاوەند.  بۆریس هاوڕا نەبوو لەگەڵیدا ، کەچی دوێنێ شەو هەمان قسەی سەرۆکی بانقی دووبارە کردەوە ئەمە لە کاتێکدا کە هەموان دەزانین داخوازییەکانی کرێکاران زۆر کەمن و لەچاو بەرزبوونەوەی ئەو توێژاڵەی کە لە سەرەوە ناومهێنان هەر هیچ نییە. کرێکارێك لە مانگێکدا 1200 یا 1400 پاوەند وەردەگرێت داوای بەرزبوونەوەی موچەکەی دەکات بە ڕێژەی لە سەدا 3 دەکاتە چەند؟ لە 1200 پاوەند دەکاتە 36 پاوەند پێش دەرەکردنی تەکس لێی، ئەوەی 1400 پاوەند وەردەگرێت تەنها 42 پاوەند موچەکەی دەچێتە سەرەوە پێش لێبڕینی تەکس.

بۆرریس جۆنسۆن هەر بەوەوە نەوەستا و هەڕەشەی هێنانی کرێکارانی لە نوسینگەی کارەوە کرد کە  لە جێی ئەم کرێکارانە کار بکەن ، بەمەرجێك ئەمە دژ بە یاسای جیهانی کرێکارانە چونکە ئەمە سەلامەتی هاتووچۆکەرا دەخاتە مەترسییەوە و ڕوودانی ڕوداوی زۆر دروست دەکان ، چونکە ئەم کرێکارانە خاوەنی ئەزمونێکی ئاوا نین لەو بوارەدا کە جێگای دڵنیایی بێت.  ئەمە جگە لەوەی کە مارگرێت تاچتەری کۆنە سەرەكوەزیرانی ئێرە  کە لە سەردەمی ئەودا ئەو پەڕی ڕیفۆرم کرا بۆ لێدان لە کرێکاران و بزوتنەوەکەی و بە دانی هەموو کەرتە دەوڵەتییەکان بە کەرتی تایبەتی ، لەگەڵ ئەمانەشدا نەیتوانی قەرەی ئەم تاکتیکە بکەویت .

حکومەتی بریتانی ئامادەیە بە دەیەها ملیار پاوەند هاوکاری سەربازیی ئۆکرانیا بکات و شەڕەکە گەرمتر بکات ، لە لایەکی دیکەوە 37 ملیار پاوەند ساخبووەوە کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا لە ڕێگای دانی کۆنتراکتەوە داویانە بە کەسان و کۆمپانیای نزیك لە خۆیان کە لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکیان نەبووە ، کەچی ئامادە نین 6 ملیار پاوەند هاوکاری میزانییە کە بۆ هاتووچۆی شەمەنەفەرەکان و کارمەندانیان دانراوە بکەن و ئەم کێشەی چارەسەر بکەن!!!.  

 

گەورەترین مانگرتنی کرێکارانی شەمەنەفەری سەرزەمینی و ژێرزەمینیی لە بریتانیا کە زیاتر لە سێ دەیەیە نەبینراوە، دەستپێدەکات

20/06/2022

لە ساڵی 2008 وە کە بریتانیا بە خەستی قەیرانە داراییەکەی گرتەوە و حکومەتی پارتی موحافیزینش  [تۆری] کە لە ساڵی 2010 دا هاتنە سەر حوکم بارودۆخەکەیان زۆر بە باشی قۆستەوە بە بەڕێکردنی سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف] کە  هۆکاری سیاسی زیاتر لە هۆکاری ئابووری لە پشتەوە بوو بۆ لێدانی کرێکاران و نقابەکانیان و خراپترکردنی حاڵی گوزەران و ژیانیان . بەم سیاسەتەش کرێ و موچەی کرێکارانیان هێنایە خوارەوە ، بیمەکانیان یا کەم کردەوە یاخود هەر بڕینیان، هەموو جۆرەکانی ئازادییەکانیان تەسك کردەوە ، ئیتر لەو کاتەوە ژیانی خەڵکی بە جۆرێك خراپ بووە کە گەیشتۆتە دەربڕیینی ناڕەزایی و مانگرتنی کرێکاران.

وەکو لە پۆستێکی پێشتردا باسم کرد کە کرێکاران شەمەنەفەرەکان دەنگیان بۆ 3 ڕۆژ مانگرتن داوە.

ئەو 3 ڕۆژەش بەیانی ، 3 شەمە 21/06 ، 5شەمە 23/06 و ڕۆژی شەمە 25/6.  تاکو ئەمڕۆش ئێوارەکەی ئیدارە و نقابە لە وتووێژدابوون بەلام نەگەیشتنە ئەنجامێك بۆیە لە بەیانییەوە 50 هەزار کرێکاری کە بەشێکی زۆریان سەر بە 13 کۆمپانیای تایبەتین لە مانگرتندا دەبن. مانگرتنەکە  کرێکارانی چاودێری ترافیكلایتەکانی ناو تونێلەکان و سەر سکەکان و پاكکەرەوەی قیتارەکان   و تونێلەکان و محەتەکان و کرێیکارانی صیانە و ڕاگرتنی سکەکان و هەروەها ئەوانەی لە محەتەکاندا کار  دەکەن کە پارەیەکی کەم وەردەگرن لە پێناوی زیادکردنی موچەکەیان و سەلامەتی موسافیران و دەرنەکردنی کرێکارانی هاوەڵیاندا لە بەیانییەوە ماندەگرن .

میدیا و سیاسییەکان لە پاگەندەیەکی گەورەدان بۆ تێشکانی مانگرتنەکە و بەگژاکردنی خەڵکی دژیان بەوەی کە ئەمان تەماحبازن ، فرسەتبازن کە لەم وەختە خراپەدا مان دەگرن منداڵ لە مەکتەب مەحروم دەبێت ، نەخۆش ناگاتە خەستەخانە و مەوعیدەکانی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکان هەڵدەوەشێتەوە و شؤپەکان و قاوەخانەکان و چیشتخانەکان مشتەرییان نابێت  وەستانی  کار دەبێتە هۆی لە دەستدانی 150 ملیۆن پاوەند لە لایەن دائرەی دارایی و داهاتەوە …. زۆری تر لەم پڕۆپاگەندانە.

نقابە هەموو هەوڵێکی دا لە دانیشتن و وتووێژکردن  تاکو مانگرتنەکە ڕوونەدات بەڵام ئیدارە ئامادە نییە لە بڕێکی کەم کە کەمترە لە سەدا 3 موچەیان بۆ زیاد بکات کە لە  کاتێکدا ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە سەدا 11 دەبێت و گرەنتی دەرنەکردنی کرێکارانیش نادات . 

لەم دواییەدا نقابە بۆی دەرکەوت کە خاوەنکارەکان وکۆمپانیاکان لە لایە دەوڵەتەوە پێیان ڕاگەیەنراوە کە پارەیان لە بڕێکی دیاریکراو زیاتریان بۆ  زیاد نەکەن گەرچی حکومەت نەهی دەکات بەڵام ئەمە راستییە.  لەم بارەشدا نقابە داوای کرد کە دانیشتن لەگەڵ وەزیری بەشی هاتووچۆ و بزنسدا بکات ، بەڵام وەزیری هاتووچۆ ڕەفزی کرد و وتی ئەوە کاری ئەو نییە و نقابە دەبێت لەگەڵ خاوەنکاردا دانیشن و دانوستاندن بکەن.

گەرچی مانگرتنەکە هەر 3 ڕۆژە بەڵام کارایی یەك هەفتە دادەنێت چونکە هەر لەمشەوەوە لە کاتژمێری 8.30 وە قیتارەکان کەمتر بوونەتەوە و هاتو چۆشیان هێواشتر بووە . مانگرنتەکە قیتارەکانی کە لە لەندەنەەوە دەچن بۆ سکۆتلەندو وێڵس-یش دەگرێتەو.  هەر ئاواش زەربەیەی گەورە دەدات لە گەشتکەران و باڕ و چێشخانە و قاوەخانەو شۆپەکانی سێتەر و ئەو شوێنانەی کە داهاتیان لەسەر کارمەند و کرێکارانی ئۆفیسەکانن.  هەروەها چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی وەکو هیسرۆ و لەندەن ستی و گاتویك و لوتن و مانشستەر بۆ سەفەرکردن.  کەواتە مانگرتنەکە هەر لە لایەکەوە کاریگەری خۆی نییە بەڵکو لە هەموو لایەکەوەیە سەراپای بەشەکانی ئابووریی دەگریتەوە بۆیە ئیدارە کەوتۆتە هەڵپە و هەوڵی سوکایەتیکردن بە کرێکارەکان تا رادەی هەڕەشەی دەرکردنیان و هاندانی خەڵك بە ناڕاستەوخۆ کە پشتگیریان نەکەن.

لەڕاستیدا هەر ئەمان نین کە مان دەگرن بەڵکو زۆرێک لە نقابەکانی دیکەی کرێکاران پلانی مانگرتنیان کردووە کە لەم هاوینەوە هەتا کۆتایی  ساڵ بیکەن. لەو بەش و نقابانە :

نقابەی مامۆستایان و وانەبێژان و بەشی پەروەردە و پێگەیاندن کە خاوەنی 260 هەزار ئەندامن.

نقابە ی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستی بریتانیا .

نقابەی کرێکاران و کارمەندانی بەشی گشتی  و خزمەتگەزارییەکان.

نقابەی پاریزەر و بارستەرەکان [ ئەو پارێزەرانەی کە لەبەرانبەر دادوەردا بەرگری یا دژ بە کەیسێك قسە دەکەن]

  

ئێستاش بۆیان بکرێت هەمان شت دەکەنەوە

زاهیر باهیر

20/06/2022

کۆنگۆ یەکێك بووە لە کۆڵۆنییەکانی دەوڵەتی بەلجیکا و لە ساڵی 1960 خەڵکی کۆنگۆ بە خەبات و تێکۆشانیان توانییان خۆیان لە کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکا ڕزگار بکەن و پاتریك لومومبا ،Patrice Lumumba ، لە ڕۆژی 01/12/1960 دا بوە سەرەك وەزیرانی ئەوێ .  

لەبەر ئەوەی کۆنگۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو بە یورۆنوێم و تەختە و عاج ترسی ئەوەشیان لە پاتریك هەبووە کە کەسێکی چەپ بووە نزیكبێتەوە لە ڕوسیا و ڕوسیاش دەستی بکات بەم سامانە سروشتیانە.  دوای ئەوەش پاتریك  یەكێك بوو لە ئایکۆنەکانی خەباتی ئەفریقییەکان.

ئەم هۆکارانە مەترسی زۆری هەبوو بۆ ئەمەریکاو بەلجیکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری خەستی تۆڕی سیخوڕیی سی ئای ئەی-دا بوو دواتریش توانرا بەشێك لە بزوتنەوەکەی ئەوێ و لایەنگرانی خودی پاتریك هەڵگێڕنەوە دژ بە پاتریك و ڕژێمە نوێیەکەی .

ئەم کارە زۆر بە جددی وەرگیرا و بەکرێگیراوەکانی بەلجیکاش هاوکاری گەورەی ئەو لایەنەیان کرد کە دژ بە پاتریك و ڕژێمەکەی وەستابوونەوە.

لە ساڵی 1961 دا کەمتر لە ساڵێك حوکمڕانی پاتریك،  کودەتایەکیان کرد و ڕژێمە نوێەیەکەی کۆنگۆیان ڕوخان.  لە کودەتاکەدا  پاترییکیان گرت و بەندیان کردو  ئەشکەنجەیەکی دڕندانەیان دا. دواتریش لە لایەن  تیمێکی ڕاهاتوو لەسەر کوشتن تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لەمەش خراپتر سەرکردەی پیلانەکە  کە سەرکردەیەکی میلیتەری  بەلجیکی بوو دوای دەرهێنانی دوو دانە ئاڵتونییەکەی، لاشەکەی پاتریکی خستە ناو ئەسیدەوە و دوو دانە ئاڵتونییەکەشی هەواڵەی حکومەتی ئەو کاتەی بەلجیکا کرد.

ئەمە هەر ئاوا بە نهێنی مایەوە تاکو   ساڵی 2000  کە کۆمیساری پۆلیسی بەلجیکا جیرارد سۆیتێ دان بەوەدا دەنێت کە تەرمی لومومبای پارچە پارچە کردووە و پاشماوەکانی بە ئەسید  تواونۆتەوە. ئەم کابرایە ئەم نهێنییەی لە بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتەری تی ڤی بەلجیکادا کەشف کرد.  هەر لەوێدا دوو دانی ئاڵتونی نیشاندا کە گوایە هی پاتریکە بەڵام گلەیی و بناشتێکی زۆری هاتە سەر.

پاش ئەم هەموو ساڵانە ئێستا بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیە و ئاساییکردنەوەی  پەیوەندی نێوانی هەردوو دەوڵەت  هەردوو دانەکەیان لە کەیسێکی نایابدا لە لایەن سەرەك وەزیرانی ئێستای بەلجیکاوە رادەستی کوڕکەی پاتریک، ڕۆلاند  و خێزانەکەی پاتریک کردەوە .

پاتریك ئەو کاتەتە  تەمەنی  تەنها 35 ساڵ بوو، تاکە گوناهی ئەو بەرگرییکردن خەباتکردن بوە بۆ وڵاتەکەی بە ڕزگارکردنی لە چنگی دەوڵەتی داگیرکەری بەلجیکی.

  کۆنگۆ لە سای کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکادا لە ساڵی 1885 دا و لە ماوەی 23 ساڵی حوکمکردندا 10 ملیۆن لە دانیشتوانی کۆنگۆ لە پێناوی دەستکەوتنی عاج و لاستیك و دار و تەختە ویورۆنوێمدا بە هۆی برسییکردنیان و ئافات و پەتاوە ناچار بە مردن کردووە.

ئایا بەرزکردنەوەی ڕیژەی سوو چارەسەری کێشە سەرکییەکانی ئابووریی بریتانیا دەکات؟

زاهیر باهیر

18/06/2022

ڕۆژی 5شەمە،16/06/2022،  لیژنەی سیاسەتی دراوی بانکی  کە لیژنەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی ئابووری بریتانیایە لە بانقی مەرکەزی ئینگلەند جارێکی دیکەش بڕیاری بەرزکردنەوەی  ڕێژەی سوو-یان دا. ڕێژەی سوو لە بریتانیا کە بۆ ماوەی 13 ساڵ هەر هەمان ڕێژە بوو تاکو کۆتایی ساڵی پار، 2021 ،  بە بڕیارێك لە لایەن ئەو لیژنەیەی سەرەوە لە بانقی مەرکەزیی بەرزکرایەوە بۆ ڕێژەی لە سەدا 1.25 گوایە ئەمە بۆ چارەسەری هەڵئاوسانی پارەیە واتە بەرزبوونەوەی تێچوی ژیانی خەڵکی لە بریتانیا.

لە ڕاستیدا ئابوورییناسەکانی ئەم سیستەمە پینەو پەڕۆی زۆریان لایە بۆ چارەسەری بارودۆخی ئابوریی هەر لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو و دابەزاندنی کە هەژموونی لەسەر بەرزی و نزمی بەهای دراوی وڵاتەکە هەیە تا دەگاتە گرتنەبەری سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف].

سوود و زیانی بەرزکردنەوەی بەهای پاوەند لە بریتانیادا:

بەرزکردنەوەی بەهای دراوی هەر وڵاتێك لەوانە بریتانیاش، چەند قازانجێکی  هەیە:

یەکەم: لە بواری بازرگانیدا واتە هەناردە و هاوردە. کاڵا هەناردەکانی بریتانیا لە دەرەوە بە گرانتر دەفرۆشرێت و ئەمەش وا دەکات پارەی زیاتر بێتە ناو بریتانیاوە.  هاوکاتیش مەترسی کەمکرنەوەی کڕینی کاڵاش هەیە بە هۆی گرانبوونییەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی دراوی ئێرەوە . لە هاوردەی کاڵادا هەلێك دەڕەخسێنیت کە کاڵای هاوردە هەرزانتر لە پێشتر دەستبکەوێت کە ئەمەش دەکرێت لە لایەکەوە پاشەکەوتی بڕێك پارە لە کڕینی هەمان کاڵادا کە پێشتر کڕراون  بکرێت ، هەر ئاواش دەکرێت کە لەناو خۆدا بە هەرزانتر بفرۆشرێتەوە.

دووەم: پاشەکەوتکردنی پارە: بەرزبوونەوەی بەهای پاوەند یا هەر دراوێك  لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی بڕی سووەوە یارمەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە دەستهێنانی زیاتری سوو لە پارەی پاشەکەوت کراودا، دەدات.  هاوکاتیش مەترسی ئەوە دروست دەکات کە ئەوانەی پاشەکەوتی زۆریان هەیە لە بانقەکاندا نەیخەنە گەڕ  لە لایەکەوە مانەوەی لە بانقدا قازانجەکەی زیاتر دەبێت ، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەوە وەکو ئیستای بریتانییا.

بێ گومان ڕێژەی سوو کە لەلایەن بانقی مەرکەزییەوە دادەنرێت، بانقەکانی وڵات سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەیە لە بەکارهێنان و بەجێهێنانی ئەو بڕیارە بۆیە هەر بانقە و لە بانقێکی دیکە جیاواز سەبارەت بە ڕێژەی سوو لەسەر پاشەکەوت، قەرز ، سلفەی عەقار ..تد، لەگەڵ مشتەرییەکانی  مامەڵە دەکات.

بە گوێرە ڕاپۆرتێك کە توێژینەوەی لەسەر چەند بانقێك کردووە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو هەندێك لە بانقەکان ڕێژەی سوویان لە ساڵی 2020 دا تەنها لە سەدا 0.1 بووە هەندێکی دیکەیان لە سەدا 0.01 بووە.  دوای ئەم بڕیارەی ڕۆژی 5شەمە هەندێك لە بانقەکان دەڵێن ڕێژەکە بۆ لە سەدا 0.06 و هەندێکی دیکەیان بۆ 1.1 و باشترینیان بۆ 1.15 بەرزدەکەنەوە.

سێیەم: گوایە بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە دەبێتە هەڵکشانی بەهای پاوەند ئیدی توانای کڕینی کڕێار بەرزدەبێتەوە و سەرەنجام ئابووریی گەشە دەکات.  ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئاوا دەرناچێت .

چوارەم: لە مەسەلەی کردنی سەفەر و هۆڵیدەی بۆ وڵاتانی دەرەوەی بریتانیا بە ڕادەیەکی ئێکجار کەم گەشتکەران لە ڕێگای گۆڕینەوەی بڕێکی زۆری پاوەند بە دۆلار قازانج دەکەن ، یورۆ یاخود هەر دراوێکی دیکە تۆزێك زیاتر دەکڕریت لە چاو پێش بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو.

زیانەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو :

یەکەم : لە بواری قەرزی ئاسایی و سلفەی عەقاردا: بێ گومان ئەم بەرزبوونەوەیە کارایی نەرێیانەی خۆی لەسەر دانەوەی قیستی قەرزەکان و دانەوەی پارەی عەقار دادەنێت .  بۆ نموونە گەر تۆ قەرزی 10 هەزار پاوەندت بە ڕێژەی سووی لە سەدا 1 کردبێت بۆ چەند ساڵێك ، ئێستا کە ئەو ڕێژەیە دەچێتە سەرەوە تۆش لێرەدا دەبێت پارەی زیاتر بدەیت کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر داهاتت دادەنێت.

بە گوێرەی هەمان توێژینەوەی کە لە سەرەوە باسم کرد ئەگەر خانویەک 150 هەزار پاوەند پارەی بانقی تیادابیت کە ڕێژەی سووەکەی لە سەدا 2.25  بووە و  گرێبەستەکەی یا دانەوەی  بۆ ماوەی 20 ساڵ، لە ئێستادا ئەو سووە بۆ لە سەدا 2.50 بەرزدەبێتەوە بەمەش مانگانە لەسەر ئەوەی کە سلفەعەقارەکەی کردووە 18 پاوەند زیاتر دەکەوێت. بی گومان بڕی ئەم قیستە کەمترینە چونکە نرخی خانوو لە بریتانیا دوو دەیە زیاترە کە لە فڕیندایە و دەکەوێتە سەر شار و شوێنەکە.  ئایا لێرەدا دەکرێت بڵێین توانای کڕینی کڕیار بەرزبووەتەوە؟

دووەم: قەرز و کارتی بانق: پێشتر باسی قەرزی شەخسیم کرد کە بە ڕاستەوخۆ لە بانقی وەردەگریت. ئەمڕۆ کڕین و ئۆردەرکردنی زۆرێك لە کاڵاکان لە ڕێگای کارتەکانی بانقەوەن. ئەم کارەش  بە  تەلەفون یاخود ڕاستەوخۆ یا لە ڕێگای ئۆنلاینەوەیە ئەنجام دەدرێت.  هەموو ئەو کارتانەش بڕی سوویان لەسەر دانراوە کە لەکاتی دیاریکراودا گەر پارەکە نەدرێتەوە ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەبێت لە مانگی ئایندەدا سووی لەسەر بدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین لەلایەن کڕیارەوە.

سێیەم: نرخی خانوو و زەوی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو کارایی خۆی بە باش و بە خراپ لەسەر بازاڕی خانووبەرە و زەوی لە کڕینیانا دادەنیت.  بازاڕی خانووبەرە لە بریتانیادا ماوەیەکی زۆر زۆرە لە هەڵکشاندایە هەلێکی دەوڵەمەندبوون و سامان کەڵەکەکردنێکی بێ وێنەی بۆ هەندێك ڕەخساندووە بی ئەوەی تنۆکێك ئارەقی بۆ بڕیژێت یا خود تاکە ڕۆژێك بکوژیت جگە لە بەسەربردنی ڕۆژانی تەواوکردنی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنی خانووەکە تاکو بە پارەیەکی باش بیفرۆشیتەوە یاخود بەکرێ بدرێتەوە.

نزمی ڕێژەی سوو لە ماوەی 13 ساڵی ڕابوردوودا ئەم بازاڕەی تا ئەو ڕادەیە گەرم کرد کە هەندێك لە ئابووریناسان وایان پێشبینی دەکرد و ئێستاش هەر دەیکەن کە بازاڕی خانوو و بەرە بە خراپی  هەرەس دەهێنێت و هەرەسهێنانیشی دەبێتە هۆی هەرەسی ئابووریی بریتانیا و هاڕەی دراوەکەی.

لە ئێستادا کە بڕی سوو دەچێیتە سەرەوە دیارە بڕی پارەی سلفەی عەقاریش لەسەر خاوەنخانووەکان دەچێتەسەرەوە ، بەڵام خاوەنخانوو ئەم سووە زیادەیە دەداتەوە بە ملی کرێچییەکانیدا و کرێی خانویان لەسەر زیاد دەکات.  لە ئێستادا هەر لە ئینگلەنددا بە تەنها 11 ملیۆن کڕێچی هەیە کە پارە بە خاوەنخانوو دەدەن . جگە لەمەش خاوەنخانوو پارەی زیاتر قەرز ناکات بۆ چاککرنی خانووەکە یاخود پێداویستییە هەرە زەروورییەکانی خانووەکە، هەر ئاواش خەڵك ناخاتە کارەوە بۆ ئەو مەبەستە. ئایا بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لەم بوارەشدا توانای کڕین لە لایەن کڕیارەوە دەباتە سەرەوە یاخود دایدەبەزێنێت؟

بۆچی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو چارەسەری ئابووری بریتانیا و قورسی گرانی دانیشتوانەکەی ناکات؟

ئەگەر بە کردنی بڕێك قازانج یاخود سوودمەندبوونی کەم وەکو لەسەرەوە نیشانم دا وا بزانین ئەمە چارەسەرە و کێشەکان لابەلا دەکاتەوە، ئەوە بێ گومان دەکەوینە هەڵەوە.

من لە سەرەوە سوود و زیانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو-م ڕوونکردەوە و پەنجەشم خستە سەر ئەو بوارانەی کە دەیانگرێتەوە.  بەڕای من گەر ئەوە وەکو چارەسەرێکی بنەڕەتیش بگرین هێشتا کێشە و گرفتەکان چارەسەر ناکات. لە مەدایەکی تۆزێك دووردا زیانبەخش دەبیت هەر لەبەر ئەوەش ئەم گەمەیە تێكدەدرێتەوە و پێچەوانەکەی دەگیرێتە بەر، واتە دابەزاندنی ڕێژەی سوو هەر ئاواش بەهای پاوەندیش.

ئەم چارەسەرانە بە هەر بارێکیاندا بێت چارەسەرێكن کە لەسەر بنەمای چارەسەری هۆکارەکان یاخود ڕوودانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە بەرچاو نەگیراوە .

بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە چەند هۆکار و ڕووداوێك بنەماکەین لە بریتانیا دەستیان لێنەدراوە. لەو هۆکار و رووداوانە: قەیرانی دارایی 2008 ، دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، نەبوونی تەواوی کرێکارانی بێگانە بۆ کۆکردنەوەی بەروبومی کشوکاڵی کێڵگەکان، هاتنەخوارەوەی  بەهای پاوەند بە ڕێژەی لە سەدا 15 پەتای کۆرۆنا، قەیرانی وزە کە پێشتر پەیوەندی بە ڕوسیاوە نەبووە، دابەزینی توانای کڕین لە لایەن خەڵکەوە، تێكچوونی ژینگە زۆر بە خراپی لە هەندێك وڵاتدا کە سەرچاوەی هەندێك کەرەسەی بناغەیی ژیانن بە هۆی هەڵکشانی پلەی گەرمییەوە بەرووبومیان کەمی کردووە. هەروەها  زیادبوونی کەلێنی نێوانی سامانداران و کرێکاران و چەوساوان و باقی خەڵکە ئاساییەکە کە لە 350 کۆمپانیادا لە بریتانیا،سەرۆکی کۆمپانیاکان یا بەڕێوەبەری جێ بەجێکار  موچەو داهاتی ساڵێکیان  لە 700 هەزار وە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن پاوەند سەلمێنراوە.  ئەمە بڕە پارەیە زیاترە لە 100 جار  لە موچە یاخود  داهاتی کرێکارێکی ئاسایی، ئێستاش شەڕی روسیا و ئۆکرانیا . 

هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ گرانیی، بۆیە ناکرێت کە لە سەرەوە دەستکاری شتێك بکرێت ئیتر وا بزانرێت کە کێشەکە چارەسەر کراوە. ڕیشەی گرفتەکان قوڵترن و چارەسەری بنەڕەتییان دەوێت.  بی گومان ئەوە نەبێت دەوڵەت و بەرپرسان ئەمانەی کە من وتومن نەیزانن.  ئەمەی کە دەیکەن  لە نەشارەزایی و نەزانینیانەوە نییە ، بەڵکو ئەمە چارەسەرێکە کە ئێمە پێی دەڵێین پینە و پەڕۆکردن کە تەنها بە لەقە لەق بەردەوامی بە سیستەمەکە و بە ژیانی مەمرە و مەژی زۆرینەی خەڵکی دەدات.

ئاخر لە وڵاتێکدا کە هەڵئاوسانی پارە ڕێژەکەی سێ مانگی دیکە وا پێشنیار کراوە بگاتە لە سەدا 10 و 11 ، لە وڵاتێکدا نرخی گۆشت و ڤێجیتەبڵ [ سەوزە و کەرەسە نەباتییەکان] بە ڕێژەی لە سەدا 15 چووبێتە سەرەوە، لە وڵاتێکدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تەنها پارەی دانی وزە، یاخود قائیمەی وزە ، لە ساڵێكدا لەسەر مالێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند زیاد بکات ، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا  54 بەرزکرایەوە !! …ئایا  ئەو پینەو پەڕۆیەی کە لە 16/06 دا کرا بە زیادکردنی ڕێژەی سوو چۆن دەتوانێت ئەم گرفتە بنەڕەتیانە لابەلابکاتەوە؟  ئاخر بێ دەستبردن بە هۆکارەکانی دروستبوونی بارودۆخی هەنووکەیی و چارەسەرکردنیان چۆن دەکرێت کێشەکان لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووەوە لابەلابکرێنەوە!!

Zaherbaher.com

گەورەترین خۆپیشاندان و پرۆتیست لە ساڵی 2003 وە  

19/06/2022

دوێنێ شەمە، 18/06/2022 لە لەندەن گەوەرەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە بەرزبوونەوەی تێچوونی ژیان، واتە گرانیی کرا.  ساڵی 2003 گەورەترین خۆپیشاندان دژ بە داگیرکردنی عێراق لە لەندەن کرا کە دوو ملیۆن کەس بەشدارییان کرد .  ئەم خۆپیشاندانەی دوێنێش یەکەم خۆپیشاندانی گەورەی خەڵکی بوو کە لە لایەن نقابەی مەرکەزی بریتانیاوە بانگەشەی بۆ کرا و ڕێكخرا.

بارودۆخی ژیانی خەڵکی لە بریتانیا بەو ڕادەیە خراپ بووە کە زۆرێك لە کرێکاران و کارمەندان بە هۆی بەرزبووەنەوەی نرخی وزەوە، لەوانە بەنزین و گازۆیل کرێکارانێك هەن کە ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان.  لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا ڕاپۆرتێك ئەوەی نیشاندا پاش توێژینەوەکەی کە سەیارەکیەکی مەکینە بچوك نزیکەی 100 پاوەندی دەوێت بۆ پڕکردنی ، کەسانێك هەن کە کارەکەیان کەمێك دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوونەوەیانەوە هەفتانە دەبیت 350 پاوەند بدەن بە بەنزین.

تێچوونی ژیان یاخود گرانیی سنوەرەکانی چین و توێژاڵەکانی شکاندووەو هەمو کەسێك بەشێکی لەو گرانییە بە یەكێك لە هۆکارەکان دەکەوێت سەر شان.  هەر لەبەر ئەمەش هاتنی خەڵكانێکی ئێکجار زۆر دژ بە گرانیی بۆسەر شەقام شتێکی چاوەڕوانکراو بوو هەر ئاواش چاوەڕوانکراو دەبێت بۆ لەمەو دواش.

لە دوێنێوە کەمپەینی پارە مەدە [  مەبەست لە پارەی غاز و کارەبایە] بەڕێوەدەچیت و گەر ژمارەیەکی زۆر بەشداری لەم کەمپەینەدا بکەن ئەوە ئەگەری باشکردنی بارودۆخەکە تا ڕادەیەك لە ئارادا دەبێت .

هۆکاری شەڕەکەی فۆکلاند پاش 40 ساڵ دەرکەوت

14/06/2022

چەند ساڵێکە حکومەتی بریتانی بڕیاری داوە لەژیر ناوی freedom information ، گەر بیکەینە کوردی ڕەنگە ڕاستتر بێت بڵێین: ئازادیی لە دەستکەوتنی زانیاریی-دا.  بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز ئازادی نەبووە لە دەستکەوتنی دۆکۆمێنتە نهێنیی و هەستیارەکاندا. هەمیشە بەهانەش بۆ ئەوە:  ئاشکراکردنی ئەو بەڵگەنامانە ئاسایشی وڵات دەخەنە مەترسییەوە یاخود سەلامەتی کەسەکان ناپارێزێت ، یاخود ئەو بەڵگەنامانە لوتکەی نهێنییەو و ناکرێت بڵاوبکرێنەوە.

دواتر گەلێك لە و بەڵگەنامانە کە ئیتر ڕەواجی نهێنی پاراستنیان نییە و هیچ بەرێك ناگرن و هیچ مەترسییەکیش لەسەر کەس و لە سەر لایەنەکان دروستناکەن، چی دی گرفتێك نییە و ڕؤژنامەنوسان و توێژەرەوان دەتوانن دەستیان پێدا ڕابگات.

یەکێك لەو بەڵگەنامانە پەلاماردانی دووەگەی فۆکلاند بوو لە لایەن بریتانیاوە لە ساڵی 1982 بە بیانووی جیا جیا بەڵام پاش 44 ساڵ ئێستا دەردەکەوێت کە داگیرکردنی فۆکلاند لابردنی هەیمەنەی ئەرجەنتین تەنها لەسەر پرسی نەوت بووە . من لە خوارەوە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتە وەردەگێڕم :

وەزیری داراییی ئەو کاتەی بریتانیا ، نۆرمەن لامۆنت، لە 21/10/1991 بۆ وەزیری دەرەوەی بریتانیا، دۆگلاس هێرد ،  دەنوسێت  ”  گومانم نییە کە لە ئەگەری دۆزینەوەی نەوتێکی گەورەدا، داهاتی باج دەبێت بۆ خەزێنەی بەریتانیا کۆببێتەوە. ئەوە بەلای منەوە تەنها دادپەروەرانەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قوربانییە داراییە زۆر جەوهەری و هەروەها قوربانییەکانی دیکە کە بەریتانیا داویەتی … بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی دوورگەکانی فۆلکلاند”

لامۆنت ئەمەشی بۆ زیاد دەکات و دەڵێت ئێمە نامانەوێت بڕوا بەو تۆمەتە بهێنین کە ئۆپەراسیۆنی دوورگەکانی فۆکلاندمان بەهۆی ئەو باوەڕەوە بووە کە نەوت لە ئاوەکانی فۆکلاند دەدۆزرێتەوە، کە تەواو دوور لە ڕاستی دەبێت.”

لامۆنت و وەزیرەکانی دیکەی کابینەکە، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران، جۆن مەیجر و هێرد، رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەریتانیا بەشێکی زۆری هەر داهاتێکی نەوت بەدەستبهێنێت، بۆ ئەمەش پەسەندکردنی وەرەقەیەکی لیژنەی کابینەی سیاسەتی دەرەوەی وڵات و بەرگری لە ساڵی ١٩٩١ کە تێیدا هاتبوو دەڵێت: “ئەگەر نەوت لەبری بازرگانی کە دەتوانرێت وەربگیرێتەوە، HMG [حکومەتی بەڕێز] … پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە HMG دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە پشکێکی بەرچاو لە داهاتە هاوکاتەکان مسۆگەر بکات.”

ڕۆژنامەکە پرسیاری کردووە: “ئایا دەبێ خەڵکی دوورگەکانی فۆکلاند سوودمەندی تایبەتی ئەو شتانە بن کە ڕەنگە بە بەراورد سامانێکی گەورە بێت؟ لە کۆتاییشدا  ئەمە هاتووە: “پێویستە تەنیا کاتێک بەدوای دەستڕاگەیشتن بە داهاتەکانی پەیوەست بە نەوتەوە بگەڕێین کە ڕوون بێت کە سوودە داراییەکان لە سەختییە سیاسییەکان زیاتر دەبن”

بەڵگەنامە نەناسراوەکان دەریدەخەن کە بەریتانیا لە مێژە گرنگی بە نەوتی دەوروبەری دوورگەکانی فۆکلاند دەدات. لە ساڵی ١٩٧٥ بەرپرسێکی بەشی وزە نووسیویەتی: “وەزیرەکانمان زۆر گرنگی بە ئەگەری ئیستغلالکردنی نەوتی دەریایی لە دەوروبەری دوورگەکانی فۆلکلاند دەدەن”.

بەریتانیا لە ساڵی ١٩٨١ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی دەربڕی کاتێک ئەرجەنتین مۆڵەتی گەڕانی زیاتری زیاد کرد. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە نووسیویەتی: “دەبێت ئەوە بپارێزین کە هەر نەوتێک لە ڕەفەی کیشوەری دوورگەکانی فۆلکلانددا بێت، بەریتانییە، بەبێ ئەوەی دیاری بکەین کە ئایا مەبەستمان کۆمپانیای HMG یان دوورگەکانی فۆکلاند مافی ئیستغلالکردنی هەیە یان نا. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە هی ئێمەیە نەک ئەرجەنتینی”.

ئامارەکان شاهیدی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵن

12/03/2022

ڕاپۆرتێکی نوێ کەلێنی نیوانی توێژاڵە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا و کرێکاران و کارمەندانی ئەو وڵاتە نیشاندەت.  لە ڕێگای ئەو ڕاپۆرتەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژیان  و بژێوی ی خەڵکی لە ئەمریکا بە گوێرەی تێپەڕینی وەخت بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە یا نا.

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە جیاوازی مووچە لە نێوان بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و کرێکارانی ئەمریکی لە  ساڵی رابردوودا بازێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە کە  بۆ 670 بەرامبەر بە یەک. واتە تێکڕای بەڕێوەبەری جێبەجێکار 670 دۆلار  و لە بەرابەریاندا کرێكارێك تەنها تاکە دۆلارێك وەردەگرێت ئەم . ڕێژەیە لە ساڵی 2020دا  604  بووە بۆ 1 دۆلار.

ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخان لەو 300 کۆمپانیایە  49 کۆمپانیان ڕێژەکەیان لە سەرووی 1000 بۆ 1 وە بووە.

لەراپۆرتەکەدا  کە سەرەنجامی ئەو توێژینەوەیە کە لەسەر 300 کۆمپانیای سەرەکی ئەمریکی کراوە،  دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکار تێکڕای داهاتی هەر یەکێکیان 10.6 ملیۆن دۆلارە، لە بەرانبەر داهاتی ساڵێکی کرێکاردا کە  23,968 دۆلاری بەدەستهێناوە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئابووری جیهانی  Institute for Policy Studies IPS  ئاماژەی بە یەکێک لە ڕاپرسییەکانی ئەم دواییە کرد کە دەریخستووە 87%ی ئەمریکییەکان پەرەسەندنی جیاوازی نێوان بەڕێوەبەری جێبەجێکار و مووچەی کرێکاران وەک کێشەیەک بۆ وڵاتەکە دەبینن. 

IPS  ئاماژەی بەوەداوە کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کە ناوی هێناون ئەوانە وەرگری گرێبەستە گەورەکانی حکومەتی فیدراڵی بوون. 40 کۆمپانیای ناو ئەو لیستە  لە نێوان 1ی تشرینی یەکەمی 2019 تا 1ی ئایاری2022 زیاتر  37.2 ملیار دۆلاریان وەک گرێبەستی حکومەتی فیدراڵ پێبەخشراوە.

ئەمازۆن کە دووەم گەورەترین بەڵێندەری فیدراڵە لەناو ئەواندا، 10.3 ملیار دۆلاری لە گرێبەستە فیدراڵیەکاندا کۆکردۆتەوە. مانگی ڕابردوو خاوەن پشکەکان گرێبەستێکی مووچەی 212 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەندی جاسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن پەسەند کرد، کە 6474 جار هێندەی مووچەی کرێکارێك یا کارمەندێكی ئاسایی کۆمپانیاکەیە.

چالاکی ڕاستەوخۆ ناردنەوەی کەسێکی پاراست

12/06/2022

دوێنێ لە گەرەکی پێکهام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لەندەن ڤانێکی پۆلیس چوو بۆ گرنتی هاووڵاتییەکی نایجیریی کە گوایە ماوەی ڤیزەی مانەوەی لە بریتانیا تەواو بووە بەڵام هێشتا ئەم پیاوە لێرەیە.

هەر بە گەیشتنی ڤانەکە زیاتر لە 200 کەس کۆبونەوە و پێشیان لە جوڵانی ڤانەکە گرت و داوای بەرەلاکردنی کەسەکەیان کرد.  هەر بە زوویش چەند ڤانێکی دیکەی پۆلیس گەیشتن بۆ بڵاوەپبێکردنی ئەو ڤانەی کە کەسە گیراوەکەی تێدابووە.  پاش زیاتر لە 4 سەعات کە پۆلیس نەیتوانی کەسەکە ببەن و دەستبەسەری بکەن تاکو ڕۆژی ناردنەوەی، دواتر ناچار بوون کە کەسەکە بە کەفالەت بەرەڵا بکەن.

ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵک کە لەبری پەنابردن بۆ پەڕلەمانتار و پارێزەرو و نوسینی عەریزە و پاڕانەوە  کە هیچ ئەنجامێكیان نیە، بە کردنی چەند سەعاتێکی چالاکی ڕاستەوخۆ خۆیان چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن. 

ئەوەی کە گرنگە لە ئێستادا برەودانە بەو خەباتە و لەوە دەکات کە ببێتە کولتور چونکە ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەمە ڕوودەدات.  ئەمە چەند جارێكە ئەم جۆرە خەباتە لە سکۆتلەند و لە لەندەنیش دەکرێت، ئەمەش وادەکات کە بۆ ئەم جۆرە گرفتانە و گرفتی دیکە خەڵکی خۆی هێزی خۆیان و دەستپێشکەری خۆیان بخەنە کار تاکو گرتنەبەری جۆری خەباتە کلاسیکییەکان،  ئەم تاکتیکەس دەسەڵاتداران و  سیاسییەکانی ترساندووە.

تکایە بۆ بینینی ڕووداوەکە کلیك لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :

ئەو چاڵەی بۆ پوتین-یان هەڵکەند ئێمەی تێکەوتین

زاهیر باهیر

11/06/2022

بەردەوامبوونی شەڕەکە یانی داگیرکردنی زیاتری خاكی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە و قوڵتربوونی چاڵەکەی ئێمەش. نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستان و چین و وڵاتانی دیکەوە بە نرخێکی بەرزتر و زیاتریش  دەفروشرێت. ڕوسیا هیچ گرفتێکی فرۆشتنی نییە و بازاڕێکی ئیکجار بەرزی بۆ نرخی نەوت ڕەخساندووە، کە باجەکەی خەڵکانی ئاسایی ولاتان دەیدەن نەک پوتین ودەوڵەتی ڕوسیا.

بە تێپەڕینی ڕۆژ نەك هەفتە و مانگ، کارایی جەنگەکە و قورسیاییەکەی زیاتر دەردەکەوێت ، تێچوونی ژیان لە کڕینی پیداویستییەکانی ڕۆژانەدا بە ئاشکرا باری شانی دانیشتوانی بریتانیا قورستر دەکات و ئازاری برسێتی و نەبوونی و پێڕانەگەیاندنی ژیان هەر هەموان دەیچێژن.

وزە بە  هەموو شێوەکانی :  غاز و بەنزین و  گازۆریل و کارەبا لە گرانبونێکدان کە وەکو ئابورینسان دەڵێن لە 50 ساڵی پێشودا بە خۆوە نەبینراوە. ئەمەش بە هۆی گرانبوونی نەوتەوە کە کارایی خۆی لەسەر وزە بە گشتی داناوە، هۆکارەکەشی بەشی زۆری ئەو سزا ئابوورییەیە کە لەسەر ڕوسیای پوتین دانراوە بێ ئەوەی حسابی ئەوە بکرێت کە زیاتر لەسەری دانیشتوانی وڵاتانی سزادەردا دەشکێتەوە.

نازانین کە نەوت چ بایاخێکی هەیە لە ژیانی ڕۆژانە و بژێوی و هەتا ئاشتی کۆمەلایەتیشماندا هەیە تاکو بە بارو دۆخێکی ئاوانە نەڕۆین . بەنزین و گازۆیل کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی نەوت تا ڕادەیەکی زۆر ژیانی پێوە بەستراوەتەوە هەر لە خواردن و  خواردنەوەوە، سەفەر و هۆڵیدەی، سوتەمەنی، گواستنەوەی مرۆ و ئاژەڵ و هەموو پیداویستییەکانی ژیان ، بەرهەمهێنان،  چارەسەری نەخۆشیی …تا دەگاتە هەر شتێکی دیکە کە بە خەیاڵماندا دێت .  بە کورتی بێ بەنزین و گازۆیڵ دەبێت دەروازەی سوپەرمارکێت و شۆپە بچوکەکان و دەرگای کارگە و کۆمپنایان و کێڵگەکان و خەستەخانەکان  داخەین. نەوت بۆ ژیان لە سای  ئەم سیستەمە و لە کۆمەڵی ئێستادا  بڕبڕەپشتی ژیانە و ژیان بێ ئەو دەوەستێت.

لە ئێستادا لە بریتانیا قاپە نەوتێك بەنزین کە لیترێکە لە هەرزانترین بەنزینخانەدا یەك پاوەند و 85 پێنسە ، لە سەر های وەیەکان [ مۆتۆڕوەی] لە هەندێك شوێند چووەتە 2 پاوەند و 4 پێنس، لە ڕۆژی سێ شەمەدا چووە 2 پاوەند و 23 پێنس.  گازۆیل قاپە نەوتێكی لە بەنزینخانە هەرزانەکاندا چووەتە 1 پاوەند و 86.6 سێنت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی ئوتومبێلان و پرسیار لە بەنزینخانەکان ڕۆژانە تا 3000 کەس سەیارەکانیان پڕ لە بەنزین دەکەن و ڕادەکەن و پارە نادەن بە هۆی گرانییەوە دەرەقەتی نرخەکەی نایەن.  کبە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی نێرسەکان و مامانەکان هەندێك لە نێرسەکان و ئەوانەی کە ئاگایان لە پیر و پەککەوتانە بە هۆی گرانی بەنزینەوە ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان .  ئەم دیارەدەیە کە ئەو جەمعییە و بەنزینخانەکان بە دزی ناوی دەبەن لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا 36 بەرز بووەتەوە و هەر لە مانگی ئایارەوە بە ڕێژەی لە سەدا 22 لە پارە نەدان سەرکەوتووە.

.کولفەی ژیان بە جۆرێك بەرزبۆتەوە نەك هەر مەترسی سەرکەوتنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دەکرێت بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر نەشونما نەکردنی بەروبووم و داهات [ ئابوریی]  لە بریتانیا داناوە .  بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی ئەم گرفتە بریتانیای لە نێو وڵاتانی گروپی 7 دا زیاتر گرتۆتەوە.  هەڵئاوسانی پارە لە ئێستادا بە ڕێژەی لە سەدا 9 یە و لە کۆتایی ساڵدا دەچێتەوە سەروی لەسەدا 10 وە .  گەشەی ئابووری ئەمساڵ وا خەمڵێنراوە کە بگاتە لە سەدا 3.6 و لە ساڵی 2023 گەشەی ئابووری دادەکشێت بۆ  سفر .گەشەی ئابووری کارایی خۆی لەسەر  وڵاتانی دیکەی گروپی 7 وەکو  کەنەدە و یابان و ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەرەنسا و ئەمەریکاش داناوە و ساڵی ئایدنەش خراپتر دەبێت.

هەڕەشەی مانگرتن و چەند پەرادۆکسێك

10/06/2022

کریکارانی قیتارەکانی ژێڕزەمینی  لە لەندەن سووردن لەسەر مانگرتنیان لە پێناوی پاراستنی مانەوەیان لەسەر کار و  داوای بەرزکردنەوەی کرێ و موچە و سەلامەتی موسافیرین. بەشی بەڕیوەبەران و بەشی سیگنەڵیش [ تەکنیشینی سەرپەرشتیکاری هاتوچۆی قیتارەکان و چارەسەری گیر و گرفتی ترافیك لایتەکان] ئەوانیش بڕیارە بەشداری لە مانگرتنەکاندا بکەن.  ەڕۆژانی 21 و 23 و 25 ی ئەم مانگەیان هەڵبژاردوە بۆ مانگرتنەکەیان بەمەش حکومەت و کۆمپانیاکانی قیتاریان خستۆتە بەردەم هەرڕەشەوە.

 لە ئێستادا سەرەكوەزیران و وەزیری هاتۆوچۆ و وەزیری بزنس و کۆمپانیاکان و میدیا لە هێڕشێکی بەردەوامدان بۆ سەر کرێکاراەکان و نقابەکەیان بەوەی کە ئەوان تەماحبازن و گوێ نادەنە قورسی ژیانی خەڵک و فرسەتبازن کە لەم کاتە ناهەموارەدا دەیانەوێت مانبگرن.  ئەمان ئەم هێڕشانەیان بۆ سەر کرێکارەکان بەردەوامە  بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم کرێکارانە لە ماوەی دوو ساڵدا موچەیان بۆ زیاد نەکراوە.

گرفتەکە هەر مانگرتنی ئەم کرێکارانە نییە بەڵکو گرفتی تریش هەیە. لەو گرفتانە هەوڵی حکەمەت و بزنسە بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ ئۆفیسەکانیان بۆ سەر کارەکانیان لەبری کارکردنیان لە ماڵدا لەڕێگەی ئۆن لاینەوە.

کارکردن لە ماڵەوە بۆ ئەوانەی کە بۆیان دەکرێت بەتایبەت دایکان و پەککەوتوان و ناتەندروستەکان، جۆرێك لە ئیمتیازە.  هەر ئاواش کارکردن لە ماڵەوە یانی حەوانەوەی زیاتر و مانەوەی پتر لە جێگادا و کەم مەسرەفی لە پارەی بە بەنزین و تکتی قیتار و پاس و  خواردنی نیوەڕۆ و جل و بەرگ و سەلامەتی هاتووچۆیان و لە ماڵ دەرچونیان و تا ڕادەیەك دوورکەوتنەوەیە لە نەخۆشی و پەتای گوازراوە.  لە لایەکی دیکەوە بەکارنەهێنانی سەیارە بە هەر هۆکارێك بێت لە قازانجی ژینگەیە .

هاوکاتیش نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ ئۆفیسەکانیان کاراییەکی گەوەرە لە سەر بزنس دادەنێت.  پێش هەموو شتێک بوجەی قیتار و پاسەکان زۆر دێتە خوارەوە بە بەکارنەهێنایان ، هەندێك لە ئۆفیسەکان چۆڵ دەکرێن ئەمەش دەبێتە هۆی بێ کار بوونی کرێکارانێك کە لە بواری پاککردنەوە و صیانەی شوینەکە و حەرەس کە ئیشەکانیان لە دەست دەچێت.  کۆفی شۆپ و باڕ و پەپ و دوکانی بچوك و چێشتخانە بچوکەکان و خواردنە بە پەلەکان زیانێکی گەوەرە دەکەن کە بڕێك لە داهاتیان لەسەر ئەوانەن کە لە ئۆفیسەکانیاندا کار دەکەن.  بەنزینخانەکان کەمتر بەنزین و گاز دەفرۆشن ، شۆپەکانی جل و پۆشاکیش کەمتر دەفرۆشن . لە هەموشی گرنگتر باشترین لیدانە لە ڕۆڵی نقابە و یەکێتی نێوانی کریکاران و کەمکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان هەرەوها پەیوەندی کۆمەڵایەتیش.

لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە بزنس و حکومەت هانی زۆر لەوانەی کە کار لە ماڵەوە دەکەن  دەدەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسەکانیان ، بەڵام بە گوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە کراوە تەنها لە سەدا 10 کرێکاران و کارمەندان دەخوازان کە هەموو ڕۆژەکانی هەفتەکە لە  ئۆفیسەکانیان کار بکەن.  لە سەدا 73 لەمانە  دەیانەوێت لانی کەم ڕۆژێك لە ماڵەوە کار بکەن، هەلی کارکردن لە ماڵەوە دەرفەتێکە و خەڵك نایەوێت لە دەستی بدەن  .  لەوانەی کە ئەزموونی ئەرێیانەی کارکردنیان لە ماڵەوە هەیە لە سەد 80 لەمانە هاوکات کە لە ماڵەوە کار دەکەن دەتوانن بەرپرسیارییەکانی تریشیان بە جێبهێنن ، ئەم ڕێژەیە لە لای پیاوان لە سەدا 60،  کە کەمترە لە ئافرەتان کە بە ڕێژەی لە سەدا 71 یە.

زۆرێك لە خاوەنکارەکان دەڵێن کرێکرەکانیان ئارەزوویانە تەنها لە سێ شەمەوە تاکو پێنج شەمە لە ئۆفیسدا کار بکەن .

لە ڕاپرسیکردنی  2001  کریکار لە سەدا 56 یان باوەریان وایە کە بەڕیوەبەرەکانیان دەیانەوێت لە ئۆفیسدا کار بکەن لە بەرانبەر لە سەدا 15  کە دەڵێن بەڕێوەبەرەکانیان ڕەزامەندی خۆیان بۆ کارکردنیان لە ماڵەوە ، دەربڕیوە.