All posts by azadebram

بۆ جاری چوارەم پەرستارانی [ نێرس] ئینگلەند ماندەگرنەوە

18/01/2023

پاش مانگرتنەکانی پێشتری ڕۆژانی 15 و 20 ی دیسەمبەری مانگی پێشوو ، ئەمڕۆ  و بەیانی واتە 4شەمە و 5شەمە بۆ جارێکی دیکەش ماندەگرنەوە .

مانگرتنی ئەمڕۆ بۆ ماوەی 13 کاتژمێرە ئەوەی بەیانیش ، 5شەمە، لە سەعات 7.30  بەیانییەوە تاکو 8.30 شەو بەردەوام دەبێت .

گەرچی مانگرتنی نێرسەکان لای حکومەت و زۆرێك لە ڕۆژنامەکانی بریتانی وا دەشێوێنرێت کە گوایە مانگرتنەکانیان دەبێتە هۆی مردنی زۆری خەڵك ، بەڵام لە ڕاستیدا مانگرتنی ئەوان بۆ نەمردنی خەڵکە نەك مردنیان .  لە ئێستادا 133 هەزار شاغیر هەیە لە بەشی تەندروستیدا کە لەمانە 47 هەزاریان نێرسە.

ئەمان داوای زیادکردنی موچەو باشکردنی مەرجی سەر کار و دانانی نێرسی زیاتر واتە پڕکردنەوەی شاغیرەکان .  ئەمان داوا دەکەن کە وەزیری تەندروستی ئامادەی وتووێژ بێت لەگەڵ نقابەکەیاندا گەر ئەمە ڕوونەدات ئەوە ڕؤژی 6 و 7ی مانگی ئایندە ، شوبات، جارێکی دیکە ماندەگرنەوە.

پۆلیس لە قوتابخانەکانی بریتانیادا چی دەکات؟؟

زاهیر باهیر

17/01/2023

بوونی پۆلیس لە قوتابخانەکانی بریتایادا زانیارییەکە کە خەڵکانێکی زۆر تەنانەت زۆرێك لە دایکان و باوکانیش نایزانن .  لە ئێستادا ژمارەی ئەو پۆلیسانەی کە لە قوتابخانە نێوەندییەکانی بریتانیادان 979 پۆلیسن ئەم ژمارەیە لەساڵی 2021  650 پۆلیس بوون .  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ لە ئێستادا پلانی ئەوە هەیە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە پێویست پۆلیسی تێدا بێت  بە ڕێژەی لە سەدا 7 بچێتە سەرەوە .

زۆربەی ئەو قوتابخانانەشی کە پۆلیس بنکەی خۆیان هەیە لە لەندەنن و ئەوانەن کە ژمارەی قوتابییانی ئیتنیکی و ڕەش پێستەکان زۆرینەن . بونی پۆلیس لەو قوتابخانەدا زۆربەیان لەسەر داخوازی ئیدارەی قوتابخانەکانن بە هۆی بوونی گرفتی شەڕو ئاژاوە و هەڵگرتنی چەقۆ و مادەی هۆشبەر و دروستبوونی دەستەی چەقۆوەشێنەوەیە.

 ساڵی 2020 لە قوتابخانەیەکی ڕؤژهەڵاتی لەندەن کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵ لە لایەن دوو پۆلیسەوە لە سەر بانگکردنی ئیدارەی قوتابخانەکە تا ڕووتکردنەوە پشکێنرا بێ ئامادەبوونی مامۆستا گوایە ئەم کچە قوتابییە کە بە ناوی Child Q باسی لیدەکرا حەشیشی لە پۆشاکەکانیدا شاردۆتەوە و هاتۆتە قوتابخانە .  لەگەڵ ئەو پشکنینەشدا هیچ شتێک نەدۆزرایەوە بەڵام کچەکە زۆر تێشکا و ناچاری تەرکردنی قوتابخانە بوو و ئەو ڕووداوەش بووە کەیسێکی زۆر گەورە.

بێ گومان بوونی پۆلیس لە قوتابخانەکاندا جێگای سەرنج و لێپرسینەوەیە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەمایەتییە نەتەوەییەکان و ڕەش پێشتەکان و پارێزەر و گەلێك لە چەپەکانی کەلە پارتی لیبراڵ و کرێکارانی بریتانیشدا هەن .  ئەمان باس لە ڕؤڵی خراپی بوونی پۆلیس و کاردانەوەی نەرێیانە لەسەر دەرون و کەسایەتی قوتابییەکان دەکەن تا ئەو ڕادەیەی کە گەر قوتابی گرفتی هەبێت نەتوانێت بە مامۆستا یا بە ئیدارەی بڵێ لەبەر هەبوونی گومانی دانی زانیارییەکە بە پۆلیس.

لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەمان دەزانن بوونی ئەو گرفتانە لەو قوتابخانانەدا شتێکی چاوەڕونکراوە بە هۆی گرفتی بژێوی و  ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوونیان و کێشەی  خێزانی و کۆمەڵایەتیی و پاشخانی کۆمەڵایەتی باوکان و دایکانی قوتابیەکانەوە کە لەوانە ڕەنگە زۆربەیان بێ کار یا داهاتێکی کەمیان هەبێت بۆ ئاسوودەکردنی خۆیان و خۆێزانەکانیان .  لەمانەش زیاتر ڕێکلامەی زۆری ماتریاڵە نایابەکان کە لە منداڵەوە تاکو گەورە لەسەر دەستی بازاڕدا [ مارکێت] دەخولێنەوە و حوکم دەکات لە ژیانیانا و تا ڕادەیەك سەرچاوەی کێشەکانیانە.

وەکو وتم ئەوانە ڕونن بەڵام ئەوەی کە جێی پرسیارە و کە هیچ لایەنێك لەو لایەنانەی کە سەرنجیان لەسەر ئەم ڕووداوانە هەیە پرسیاری ڕیشەیی کێشەکە ناکەن کە بۆچی لە دووەم یا سێیەمی وڵاتی دەوڵەمەندی ئەوروپادا و پێنجەم یا شەشەم ولاتی دەوڵەمەندی دونیادا ئەم کێشەیە هەبێت ؟ بریاتانیا کە داهاتێكی زۆر زەبەلاحی هەیە و کە لەوانە 139 ملیار پاوەند کە باجن خڕبوونەتەوە ناگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کەچی کۆناکرێنەوە؟ بۆچی بە ملیار پاوەند  هاوکاری چەك و تەقەمەنی ئۆکرانیا دەکرێت؟ بۆچی بە ملیار پاوەند بە گەندەڵی دەڕوات و بە ملیارەهای دیکە بە هەدەر لە سەرفکردنی سوپا و پۆلیس  و دەزگەی سیخوڕی و نانەوە و بەردەوامیدانی جەنگ و کێشە لە وڵاتانی دیکەدا دەچێت؟  بەڵام پارە نییە بۆ خودی هاووڵاتیانی خۆی ؟ پارە نییە بۆ منداڵانی ؟ پارە نییە بۆ قوتابخانە و خەستەخانەکان و داینکردنی ژەمی بەیانی و نیوڕۆی نانخوارن بۆ قوتابیانی سەرەتایی و نێوەندی؟  زۆری تر …. ئەمە ڕیشە و کرۆکی گرفتەکانن و حەلکردنیان ئاسانە گەر بیانەوێت .

یاساخکردنی ئازادییەکان لە بریتانیا لەوە زیاترە کە پێشبینیمان دەکرد

زاهیر باهیر

16/01/2023

لەم هەفتەیەدا بە گوێرەی هەواڵەکان یاسای نوێی دژە نقابە و چەند لائیحەیەکی دیکە سەبارەت بە دانی دەسەڵاتی زیاتر بە پۆلیس لە  وەستان و تێشکاندنی خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان دەچێتە نێو هۆڵی پەڕلەمانەوە بۆ وتووێژ لەسەری و بە هیوای کردنیان بە یاسا .

من پێشتر لەسە یاسای نوێی دژە نقابەم دوو سێ جارێك نوسیوە ، ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت بیڵێم زیاتر و زیاتر تەسكردنەوەی مافە ڕەواکانی خەڵکییە لە دەربڕینی ڕاو بۆچوون و ناڕەزایی لە وڵاتێکی بەناو دیمۆکراتی و مەدەنییدا.

ڕیشی سوناك ، سەرەکوەزیران، پەلەیەتی لە دەرکردنی هەندێك یاسا بۆ  یاساخکردنی تەواوی خۆپیشاندان  و ناڕەزاییەکان و مافە دیمۆکراتییەکانی کرێکاران و خەڵکی.

بڕیاری نوێ کە هیوای کردنی بە یاسایی هەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕەها بە پۆلیس بدرێت لە وەستانی کردنی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکدا، لە وەستانی هەر پرۆتێستێکدا لە نیوەیدا یا لە سەرەتادا گەر زانییان ”  ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکە” بەلاڕێبردنی جددی خۆپیشاندانەکەیە و کاری ڕۆژانە نیوە ناچڵ دەکات” . لێرەدا نەك هەر ئەم پاورە بە پۆلیس دەدات کە بە ئارەوزوی خۆی ئەوەی کە دەیەوێت بیکات ، بەڵکو پۆلیس دەکاتە دەزگەی حاکم و داداگە کە حوکم لەسەر ناڕەزایی و نێتی پێشوەختی خەڵکی و خۆپیشاندەران بدات.

لێرەدا باس لەوە دەکرێت کە تاکتیکی ” ڕێپێوانی هێواش ” و ” ڕۆیشتنی خۆپیشاندەران بەسەر شەقامەکاندا” و ” بە نیشانگرتنی چەند گروپێك کە  کە نێتیان خراپە”  و هەندێك وردەکاری دیکە بکرێتە یاسا تاکو پۆلیس ڕێ لەو تاکتیکانە بگرێت.  کەواتە گەر ئەمانە ببنە یاسا ئیتر هەندێك گروپ هەر لە سەرەتاوە ڕێگایان پێنادرێت بێنە سەر شەقام وەکو Just Stop Oil ئەوانی دیکە .  دوای ئەمانە پێناسەی ” بەلاڕێبردنی خۆپیشاندان” چۆن دەکرێت ؟ ئەوە چییە ؟ ئایا هەر یەك پێناسە هەیە بۆ ئەمە یا چەند پێناسەیەك؟  بێ گومان ئەم چەمکە زۆر لاستیکیانەیە و لقوپۆپی زۆری لێدەبێتەوە.

پۆلیس لە بەرگری لەخۆیدا وەکو سەرۆکی پۆلیس دەڵێت ” ئێمە داوای دەسەڵاتی زیاتر ناکەین ، ئەم بڕیارە زۆر ئاڵۆزاوییە و پۆلیس دەخاتە پێگەو دۆخێکی گەلێك ئاڵؤزەوە.  من بۆ وەزیری ناوخۆ و تەواوی وەزارەتم نوسیوە ، کە ئێمە داوای ڕونکردنەوەی یاسا دەکەین کە بەتەواوی ڕونبکرێتەوە نەك دانی دەسەڵات زیاتر ، ئەوە دەبێت لە پەڕلەماندا بکرێت نەك لە لایەن پۆلیسەوە “

ئاشکرایە کە ئەمانە و هەرچی حکومەت بیەوێت دەبێتە یاسا گەر خەڵکی ناڕەزایی جددی بەرانبەریان نەکات . ئەمڕۆ، دوو شەمە ، 16/01 ، لە پەڕلەمان سەرەتای لێدوان لەسەر یاسای دژە نقابە دەکرێت ، بۆی هەندێك لە نقابەکان بڕیاریان داوە کە کە ئەمڕۆ لە بەرانبەر بینای پەڕلەماندا پرۆتێستێکی زۆر گەورە بکرێت .  ئەمەش زەروورە هەموومان بەشداری بکەین بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانمان .

مەعرەکەی* دووساڵەی لۆزێریتا، Lützerath

زاهیر باهیر

15/01/2023

لۆزێریتا، Lützerath ، گوندێکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمانیاوە.  ئەم گوندە دەوڵەمەندە بە جۆڕێك لە خەڵوزی قاوەیی پێش لە 2 ساڵ لەمەبەر کۆمپانیای RWE   دەیویست کە پرۆژەکەی فراوانتر بکات بۆ ئەمەش هەر زوو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی زۆر ڕێکخرا کە لەم 2 ساڵەی دواییەدا گەیشتە لوتکە لە لایەن چالاکوانی ژینگە و ژینگەوان و چەپەکان و سۆشیالیشتی دەسەڵاتخواز و ئەنارکیستەکانەوە کە پڵشتگیرییەکی زۆریان لەو مەعرەکەیە دەکرد تا ئەو ڕادەیە کە گوندەکە بووە ماڵی گەلێك لە چالاکوانەکان بە دروستکردنی کوڵخ و ساباتی بچوك لەسەر درەختەکان و شوێنەکانی دیکە.

دەوڵەتی ئەڵمانیا لە لایەکەوە لە هەوڵی گرینکردنی [ بە سەوزکردنی ] ئەڵمانیا بە داخستنی هەندێك لە محەتەکانی وزەی نوەوی و هەروەها کانە خەڵوزەکان ، بەڵام لە ئێستادا لە گەوەرەترین پاشەکشەدایە بە بیانوی دابینکردنی وزەی زیاتر ڕزگاربوونی لە پاشکۆی ڕوسیا بۆ غاز و وزە.

دوو ساڵە ئەم خەڵکە ژینگە دۆست و هاوکارەکانیان لە شەڕی دەستەویەخەی هەمە جۆرەدا بوون لەگەڵ خودی حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمپانیەکەدا و نەتوانرا چۆکیان پێدابدەن . دوێنێ، شەمە، 14ی مانگ بە داخەوە کە گەورەترین هێڕش کرایە سەر گوندەکە بۆ تێشکانی ئەو بزوتنەوە گەورەیە کە ئامانجێکی گەورەی مرۆیی و مرۆڤایەتی  لە پشتییەوە بوو .

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەشێکی زۆری ئەنارکیستەکان بە بەشداری ڕاستەو خۆ و ناڕاستەوخۆیان لە هاوکاری هاوپشتییەکی گەورەدا بوون لە بزوتنەوەکە و پاراستنی گوندە لۆزێریتا.  یەكێك لە چالاکیەکانیان تەرخانکردنی بەشێكی زۆری بەرنامەکانی ڕادیۆی  Aalpunk لە بەرلین بۆ ئەم بزوتنەوەیە تەرخان کردووە بە کردنی دیمانە و ڕێکلامە و جەماوەردارکرنی بزوتنەوەکە لە ناسینی ڕاستی و دروستی ئامانجی بزوتنەوەکە ئەمە جگە لە دەرکردنی دەیەها بڵاوکراوە لەو بارەوە .

ئەوەی کە دەیەوێت زیاتر ئاگەداری چالاکییەکانی ئەنارکیستەکانی ئەڵمانیا بێت دەربارەی بزوتنەوەی لۆزیریتا تکایە با کرتە لەسەر ئەم لینکانە بکات :

ئەمەی خوارەوە دیمانەیەکی یەکێکە لە چالاکوانەکان بە ئینگلیزی کە تەنها 15 خولەك و 21 چرکەیە

ئەم لینکەی دیکەیایان هەر بە ئینگلیزییە و سەبارەت بە هەواڵ و بڵاکراوە ئەنارکیستییەکانە

………………..

*وشەی مەعرەکەم بەکارهێناوە چونکە وشەیەك نازانم کە مانای مەعرەکە بێت بە کوردی.  مەعرەکە مانای جەنگ یاخود شەڕ نادات ، چونکە مەعرەکە یەکێکە لە هەڵپرژاندن و بەیەکادانێکی خۆێناوی جەنگەکەیە ، نەك سەراپای جەنگەکە.

ئەمەی خوارەوە دیمانەیەکی یەکێکە لە چالاکوانەکان بە ئینگلیزی کە تەنها 15 خولەك و 21 چرکەیەhttps://www.aradio-berlin.org/the-defense-of-luezerath-in-germany/

ئەم لینکەی دیکەیایان هەر بە ئینگلیزییە و سەبارەت بە هەواڵ و بڵاکراوە ئەنارکیستییەکانە https://www.aradio-berlin.org/en/audios-2/.

ڕاگەیاندنی ئەنارکستەکانی سۆدان

14/01/2023

“ڕۆحی ئەنارکیستی ئەو سۆزە قووڵە مرۆڤدۆستانەیە کە چاکە و باشی  هەمووان دەکاتە ئامانج، ئازادیی و دادپەروەرییە بۆ هەمووان لەگەڵ هاودەنگی و هاوپشتی  و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان” ئێریکۆ مالاتێستا.

سەڵاو لە ئەنارکیستەکانی سۆدانەوە بۆ هەموو تێکۆشەرانی ئەنارکیست لە سەرانسەری جیهان، شکۆمەندی و نەمریی لە هزرمانەوە بۆ هەموو ئەوانەی خۆڕاگرانە لە پێناوی  بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی ئەنارکیستی و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا.

 خۆری خەباتی ئەنارکیستی لە ئەفریقا لێرە، لە سودان،  لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی چوار ساڵەدا بە هێزە و  تا ئێستاش لە ڕێگای خەباتی ئەنارکیستەکان و هاوشۆڕشگێڕەکانیان لە گروپەکانی ترەوە خۆڕاگر و درەوشاوەیە کە گۆڕانکاری ڕیشەیییان کردە خوازیار و ئامانج و ڕووخاندنی تەواوی سیستەمی دەوڵەتی ستەمکار بۆ ئەوەی تاکو گەل بۆ خۆی چێژ لە دەسەڵاتی خۆی وەربگرێ.

 ڕێگاکە بە گوڵ فەرشنەکراوە  بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، دەوڵەت هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەکاردەهێنێت بۆ شکستپێهێنانی تێکۆشەرە  ئەنارکیستەکان، بەڵام هەرچییەک بێت ئێمە ڕادەست نابین تا سەرکەوتن بەدەست نەهێنرێت، ئاڵای ئەنارکیستی لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەرز دەکرێتەوە و لە دەسەڵات دەیانهێنینە خوارەوە.

 لە یەک ڕۆژدا بۆچوونە ئەنارکیستەکانمان بەرزکردەوە لە خۆپیشاندانەکاندا کە لە هەموو شارەکانی سودان سەریان هەڵدا و میدیای دەوڵەتی و حکومەتەکەی لە حاڵەتی ترس و پشێویدا بوون.  ئەوانیش بە میدیا چەواشەکار و گەندەڵەکانیانەوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیان سەریان دەرهێنا و بۆ شێواندنی بزووتنەوەی ئەنارکیستی و خۆشمان و وەسفکردنمان بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ.  بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا و بابەتەکە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەکەدا بوو.  ئێمەش بیرۆکەکەمان لە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانماندا ڕوونکردەوە ، هەروەها لەسەر کاغەز بڵاوکرانەوە، ئەمەش وایکرد خەڵک تێبگات کە ئەنارکیزم تێکدان و ئاژاوەگێڕیی نییە وەک ئەوەی میدیای دەوڵەتی بۆ گەلەکەیان وێنایان کردووە، بەڵکو ئەم بابەتەش زیاتر بزووتنەوەکە بەهێز دەکات و بیرۆکەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە، ئاوا دەکات کۆمەڵ لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمەڵی هاوکاریی و ئەنارکیستیی بێت.

قازانجی کۆمپانیاکانی نەوت و بەنزین

مانگرتنی تیمی ئیسعافەکانی ئینگلەند و وێڵس

11/01/2023

ئەمڕۆ 4شەمە، 11/01 بۆ جاری دووهەم  زیاتر لە 20 هەزار لە تیمی ئیسعافەکانی ئینگلەند و وێڵس مانگرتنیان دەستپێکرد بۆ بەرزکردنەوەی مووچە و کرێیان .  بە گوێرەی تەنانەت قسەی هەندێك لە بەەڕێوەری خەستەخانەکانیش ئەمان هەقیان بە دەستە و داوا لە وەزیری تەندروستی دەکەن کە وتووێژ لەگەڵ نقابەکانیاندا بکەن و بکەونە ڕێکەوتن تاکو بارودۆخی خەستەخانەکان خراپتر نەبێت کە لە ئێستادا لە لێواری هەرەسهێناندایە .  هەروەها ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کە مانگرتنی ئەمجارە زیاتر لە جاری پێشوو کارایی دادەنێت چونکە ئەو کارمەندانەشی گرتۆتەوە کە لە ژووری کۆنترۆڵ تەلەفون لە نەخۆشەکانەوە بۆ داوای ئیسعاف و هاوکاری و چارەسەر وەردەگرن.

بڕیارە 23ی مانگیش بۆ جاری سێیەم مانبگرنەوە گەر وەزیری تەندروستی داخواییەکانیان جێ بەجێ نەکات.

گەندەڵیی هەیە و بە یاسایی دەکرێت

زاهیر باهیر

10/01/2023

من لەسەر گەندەڵیی زۆرم نوسیوە هەمیشەش ڕیشەکەیم گێڕاوەتەوە بۆ بوونی دەسەڵات ئیتر ئەو دەسەڵاتە لە هەر شێوەیەکدا بێت ، لە دەسەڵاتی گەورەی خێزانێکەوە تاکو حکومەت  و دەوڵەت.  لای من دەسەڵات بە هەموو جۆرەکانییەوە سەرجاوەی گەندەڵی و گەندەڵکارانن بۆیە گەر دەتەوێت گەندەڵی بنەبڕ بکەیت ئەوە دژایەتی هەموو چەشنەکانی دەسەڵات بکە.

بریتانیای عوزما غەرقە لە گەندەڵی بەڵام بە یاسایی کراوە.  یەكێک لەو گەندەڵیانەی کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت و ناوی بە کاری دووهەم لە دەرەوەی کاری پەڕلەمانتاری دەبرێت بەڵام لە ڕاستیدا گەندەڵییە، ئەو کاری دووهەمەیە.

پەڕلەمانتاریی لێرەش وەکو کوردستان ئیمتیازە و مشەخۆرییە ، پارەیەکی باش ، پلە و پایەکی  باش ، ڕفرێنسێکی دروست و بەهێز بۆ دەستکەوتنی کار لە ئایندەدا کە بە هەر هۆکارێك واز لە پەڕلەمانتاری بهێنیت.  بە گوێرەی یاسای بریتانی پەڕلەمانتارەکان دەتوانن سەرەڕای ” کار و ئەرکی ” پەڕەلەمانتاری لە پاڵیدا کارێکی دیکەش بکەن ئەوەندەی نەیشارنەوە و ئاشكرای بکەن . ئەم کارەی دووهەمیش خۆ هاوکاری هەژاران و بێ خانووبەران و پەنابەران نییە بەڵکو کارە لە گەڵ کۆمپانیا گەورە و بچوکەکاندا .. لەگەڵ بزنسەکاندا .

کردنی ئەم کاری دوووەمە ئەمەندە قێزەوەند و تڕۆ بووە حیزبی حاکم دەیەوێت سنورێکی بۆ دابنێت و حیزبی موعارەزەش [ حیزبی کرێکاران] قسە لەسە یاساخکردنی دەکات کە هاتنە سەر حوکم.

ژمارەیەك لە ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی حاکم کە لە سەدا 54 ی پەڕلەمانتاران دروست دەکەن ، لە ساڵی 2019 وە تاکو کۆتایی ساڵی ڕابوردوو لە نێوانی خۆیاندا 15.2 ملیۆن پاوەندیان بە کردنی کاری دووهەم پەیدا کردووە ئەمە بێ لە قاچ و قوچی تر وەکو دیاری و خزمەتی دیکە و موچەی ساڵانەیان و بیمە و دانی کرێی خانوو بۆیان وەکو خانووی دووەم . 

ترێزە مەی کۆنە سەرەکوەزیران لەو کاتەوە هێنایانە خوارەوە تاکو ئێستا لە ڕێگای قسە و موحازەرەدانەوە 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە، جگە لە موچەی ساڵانەی ئەندام پەڕلەمانییەکەی کە 85 هەزار پاوەندە ، بۆریس جۆنسۆن کە لە مانگی سێبتەمبەردا دەستیان لە کار کردن پێکێشایەوە هەر بە تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەدانی 4 موحازەرە کە هەر سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پەیداکردوە  1 ملیۆن پاوەندی بە موحازەرەدان بۆ زانکۆ و بزنس و کۆمپانیاکان لە ئەمەریکا وەرگرتووە ئەمە بێ لە بەلاشی سەفەرەکەی و ئوتێلی مانەوەیی و نانخواردن و گواستنەوەی لە ئوتێلەکەیەوە بۆ هۆڵی قسەکرندەکەی … هەر هەموو ئەمانەش بەلاش بووە .

ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی لەیبەر کەمتریان پەیدا کردووە ، بێ گومان هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتن  بزنس و کۆمپانیاکان تەنها پەیوەدنییان لەگەڵدا دەبەستن بۆ داهاتوو کە دێنە سەر حوکم .  ئەمان 1.2 ملیۆن پاوەندیان لە نێوانی خۆیاندا پەیدا کردوە .  ئەوەی کە زۆری پەیدا کردوە دەیڤد لامییە کە ئێستا شادۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانییە کە 202 هەزار پاوەندی لە ساڵی 2019 وە دەستکەوتووە بێ لە موچەی پەڕلەمانتاری و خۆشی چەندەها موڵك و خانوی هەیە و داوێتییەوە بە کرێ .

نیگەرانییەکە ئەوەیە کە خەڵکانێك هەن چاوەڕوانی ئەمانە دەکەن کە ژیانیان بگۆڕن لە ڕێگای هەڵبژاردنیانەوە.  ئای کە جێگای داخە.

بەندە گرنگ و مەترسیدارەکانی لائیحەی نوێی دژە نقابە لە بریتانیا:

زاهیر باهیر

06/11/2023

بەهۆی چڕبوونەوەی مانگرتنە کرێکارییەکانی کەرتی دەوڵەتییەوە حکومەتی بریتانیا دەیەوێت لائیحەی دژە نقابە  کە ڕەشنوسە بە زووترین کات بخاتە بەردەم پەڕلەمان و دواتر هەواڵەی ئەنجومەنی پیران و لۆردی بکات.  بۆ ئەمەش بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا لە پەڕلەماندا تاووتوێ بکرێت .

بەندە گرنگ و  مەترسیدارەکانی لائیحەکە :

  • لە ئێستادا نقابە کە ڕۆژی مانگرتن دیاری دەکات دەبێت 14 ڕۆژ پێش ئەو ڕۆژە ئاگەداری خاوەنکار/کۆمپانیا بکات لەگەڵ هەندێک زانیاری ورردی تردا تاکو خاوەنکار مشوری خۆی بخوات و شکست نەهێنێت .  بە کوردییەکەی دانی بوارە تاکو خاوەنکار دیعایەی دژ بە مانگرتنەکە بکات و لە میدیادا بیکاتە هەڵا و بە شەخسیش هەندێك لە چالاکوانانی نێوکرێکاران گەر بتوانرێت پەشیمان بکرێنەوە ،  بە کورتی هەلێکی باشە یا بۆ تێشکانی مانگرتنەکە یاخود بۆ لاوازکردنی بە رادەیەك کە نە دەنگی هەبێت و نە ڕەنگ.
  • لە ئێستادا ڕێژەی دەنگەداران کە دەنگ دەدەن بە مانگرتن دەبێت لە سەدا 50 ی ئەوانە بێت کە دەنگەکە دەدەن بە ئا یا نا . بەڵام لە سای لائیحە نوێکەدا دەبێت لە سەدا 40 ئەوانەی کە دەنگ دەدەن بە مانگرتن ئەو کاتە دەتوانرێت مانگرتنەکە یاسایی بێت .  بۆ نموونە : لە ئێستادا ئەگەر 1000 کرێکار هەبن لەمانە تەنها 400 دەنگ بدەن بە هەر بارێکدا ، ئەگەر زۆرینەی دەنگەدەران بە پەسەندکردنی مانگرتن بێت ئەوە مانگترتنەکە دەکرێت ، بەڵام لە سای لائیحە تازەکەدا ئەو 400 دەنگدەرە دەبێت لانی کەم لە سدا 40 یان دەنگیان بە مانگرتن دابێت ئەو کاتە مانگرتنەکە دەکرێت دەنا یاسایی نییە .
  • لە ئێستادا نقابە ئەرکی سەرشانی نییە لە کاتی مانگرتن دا حسابی ئیمێرجنسی بکات ، بەڵام دەیکەن لەبەر خاتری خەڵك بۆ نموونە کە دکتۆر و نێرسەکان ماندەگرن هەمیشە نقابە ئیحتیاتی ئەوە دەکات کە نەخۆش ببینرێت و بگەیەنرێتە خەستەخانە لەبەر ئەوە هەندێك لە دکتۆرەکان و نێرسەکان لە بەشە گرنگەکاندا و هەندێك لە تیمی ئیسعاف مانگرنتەکە نایانگرێتەوە لەسەر بڕیاری نقابە خۆی .  بەڵام لە سای یاسای نوێدا نقابە دەبێت پابەند بێت بەوە کە لە سەدا 20 لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و نەخۆشخانە، مامۆستایان ، کرێکارانی هاتووچۆ : قیتار ، میترۆ ، پاس، بەشی ئاگرکوژێنەرەوە ، فەرمانبەر و کارمەندی پەساپۆرتی ئەوانەی کە لە سەر سنورەکان کاردەکەن  …لە کاتێکدا کە نقابە پابەست نەبیت یا ئەندامانی پابەست نەبن بەم بڕیارەوە خاوەنکار دەستڕؤیی [ صەلاحییەت] هەیە  کە نقابە  بەرێتە دادگا و هەروەها بۆشی هەیە کە ئەو کرێکارانەی کە پابەند نەبوون بە بڕیارەکەوە لەسە کار نەبون یەکسەر لە کار دەربکرێن.
  • لە ئیستادا کاتێك کە کرێکاران دەنگ بە مانگرتنەکەیان دەدەن دەتوانن هەتا 6 مانگ هەر کات بیانەوێت مانبگرن بێ گەرانەوە بۆ جارێکی دیکەی دەنگدان.  بەڵام لە سای لائیحە نوێکەدا بەتەمان ئەمە کەمبکەنەوە بۆ کەمتر لە 6 مانگ.

زیادنەکردنی مووچە و کرێی کارمەندان و کرێکاران پرسێکی سیاسییە نەك کێشەی نەبوونی پارە

زاهیر باهیر

05/01/2023

چڕبوونەوەی مانگرتنەکانی بەشە جیا جیاکانی کرێکاران لە بریتانیادا لە ئەستۆی حکومەتە کە ئامادە نییە کێشەکە لابەلابکاتەوە .  پاساوی حکومەت هەر لە سەرەک وەزیرانەوە ، وەزیری داراییەووە تا دەگاتە وەزیری بەشەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان، گوایە زیادکردنی موچەی کرێکاران بەڕێژەی داواکراو دەبێتە هۆی زیاتری هەڵئاوسانی پارە و کۆنترۆڵنەکردنی.

لەڕاستیدا  زۆرێك لە بەڵگەکان و ئامارەکان ئەمە بە درۆدەخەنەوە نیشانی دەدەن گرفتی هەڵئاوسانی پارە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە نرخی خانوبەرە و بەرزی موچەی ئەو کەسان و بەڕێوەبەری جێ بەجێکارانەی کە لە بوارەکانی دارایی و بۆرصە و کۆمپانیا زەبەلاحەکاند کاردەکەن ، نەك لە سەدا 5 ی یاخود 6ی داخوازی کرێکاران کە حکومەت ئامادە نییە ئەوە قەبوڵبکات.

هەر بۆ نموونە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ نیشانی دەدات کە 100 بەڕێوبەری جێ بەجێکار کە داهاتی ساڵانەی یەکێکیان 16.9 ملیۆن پاوەند بووە ساڵی پارەکە ، کەسی دووهەمیان 13.9 ملیۆن داهاتی ساڵی پاری بووە .  تێکڕای داهاتی ساڵانەی هەر یەك لەو 100 بەڕێوەبەرە 3.4 ملیۆن پاوەند بووە. ئەم داهاتە 103 جار لە موچەی کرێکارێک کە 33 هەزار پاوەندە لە ساڵیکدا زیاترە.

بە گوێرەی توێژنیەوەیەکی سەندیکای GMB  ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە کە لە سێنتەری وەرگرتنی زەنگی تەلەفون کە بۆ 999 دەکرێێت تاکو تیمی ئیسعافەکانە  بچن بە دەمیانەوە کاردەکەن ، هەر یەك لەم فەرمانبەرانە دەبێت 150 ساڵ کار بکەن بۆ ئەوەی تێکڕای بڕی پارەی یەکێك لەو بەڕێوەبەری جێ بەجێکارانە وەرگرن .

ئایا لێرەدا گومان دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە کرێکارێك لە بەشی هاتووچۆدا، نێرسێك و ئەندامانی تیمیی ئیسعافەکان و یا مامۆستا یا کرێکارای ئاگرکوژێنەرەوە گەر موچەکەیان  بە 1000 پاوەند بەرزببێتە کە باجیشی لێدەدان ، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە یاخود  ئەو پارە خەیاڵییەی کە ئەو بەڕێوەبەرانە وەریدەگرن؟

ئەمە لە کاتێکدیشدا کە بەرزبوونەوەی موچە و کرێی ئەو کرێکارانە  سێیەکی ئەو پارە زیادەیە دەڕوات بۆ باج باقییەکەی تریشی وزە و بوژاندنەوەیەك بە بازاڕ دەدات کە حکومەتە باجی زیادەی لێ دەدستدەکەوێت ، هەر بۆ نموونە لە مانگی ڕابووردوودا کە کرێکارانی قیتارەکان مانیان گرتوە بازاڕ  1 ملیار و نیو پاوەند زیاتر  پارەی لە کیس چووە . ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو بەڕیوەبەرانە پارەکانیان و پاشەکەوتەکانی دەبەنە ئەو زۆن و وڵاتانەی کە دەتوانن باجی لێندەن یاخود هەر بڕێکی زۆر کەم بدەن و ئەمەش یاساییە.