All posts by azadebram

بزوتنەوەی چەکداریی لە نێوانی ڕادەستبوون و بەرگرییدا

زاهیر باهیر

05/04/2023

بزوتنەوەی چەکداریی کە بە جەنگی بەرگریی لای زۆرینەیەك ناسراوە، لە ڕاستیدا بزوتنەوەی ڕادەستبوونە بە دوژمنەکەی، نەك بەرگریی لە خاك و نیشتمان و خەڵکەکەی.  ڕادەستکردنی هەمو ئەو شتانەیە کە دەوڵەتی دوژمنت دەیخوازێت کە لە کاتی نەبوونی بزوتنەوەی چەكدارییدا یا هەر بۆی ناکرێت یاخود کردنیان زۆر زۆر گرانە.  ڕاکێشانی زیاتری سوپای دەوڵەت و پۆلیس و سیخوڕەکانێتی بۆ ناوجەرگەی کۆمۆنێتییەکە، تاڵکردنی ژیانی خەڵکییە ، گرانکردنی ژیان و هاتووچۆ و چێژوەرنەگرتنە لە خواست و ئارەزووەکان ، وێرانکردنی خاك و بە کوشتدانی گەنجەکانێتی، داخستنی قوتابخانە و خەستخانە و ڕاگوێزانی گوندییەکان و خاپورکردنی ژیانی سروشتییانەیانە . 

بۆ هەموو هێڕشێکی دوژمنانەی دەوڵەت بە سوپا و پۆلیس و دەزگەی سیخوڕییەوە بیانویەك ، پاساوێك پێویستە بۆ دابینکردنی ئامانجەکانی و لێدان لە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی .

دەوڵەت باکی  نییە لە نەخوێنەواریی خەڵكی گوندەکان و مانەوەیان بەو شێوەیەی کە هەن، گرنگ نییە لای بە هۆی داخستنی خەستەخانەوە جۆری نەخۆشییەکان بڵاودەبنەوە و  خەڵکی دەمرێت یا نا!!! ، بۆ ئەو، حکومەت،  ڕاگوێزان و وێرانکردن مەسرەفی  کەمتر دەبێت لە دابینکردنی مامۆستا و دکتۆر و برینپێچ و ڕێگا و بان و پرۆژەی ئاوو و کارەبا و غاز و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆ دانیشتوانی گوندەکان،  نەگەیشتنی حاسڵاتی گوندییەکان بە شارەکان و نەفرۆشتنیان و سەرنجامیش هەژاریبوونیی زیاتریان ، حکومەت بۆ ئەمە گونی خۆی نادات لە خومەوە.

ئایا ئەمانە ڕادەستبوونە بە دووژمن و ئامانجەکانی، یاخود  خەباتکردن ؟ ڕادەستکردنی میللەتە بە دوژمن یاخود ڕزگارکردنێتی ؟ جەنگی بەرگرییە یاخودی جەنگی ڕادەستبوون؟ بڕوانە بارودۆخی باشور لەسەردەمی جەنگی بەناو بەرگریی دا ، جەنگی کوردایەتیی دا.. بڕوانە بارودۆخی فەلەستیییەکان لە سەردەمی بزوتنەوەی چەکدارییانەوە تاکو ئێستا.

جەنگی بەرگریی جەنگی بەرگرییە لە کۆمێنێتییەکە لە لایەن خودی خەڵکەکەیەوە کە خۆبەخشانەیە، سوپای جەماوەری نانیزامییە ، کە لە لایەن حیزب و سەرۆکی عێل و تیرە و خێڵەوە کۆنترۆڵ ناکرێت ، سوپایەکن پیشەیان چەکداریی نییە بەڵکو بەرگری و پێشەوەچونی کۆمۆنێتییەکەیانە کە دوژمن هێڕشی ئابوریی و سیاسی و سەربازی دەکاتە سەر و کولتور و دەستکەوتەکانیان وێران دەکات . جەنگی کۆبانی و سەرەکانی شێوەیەك بوون لە جەنگی بەرگریی هەروەها بەرگری لە عەفرین گەر چی حیزب ڕۆڵی سەرەکی هەبوو .

ڕێژەی شێرپەنجەی خوێنبە هۆی جەنگی عێراقەوە خراپترە لە ڕێژەی دوای بۆردومانی شاری هێرۆشیما

و: زاهیر باهیر

نوسینی : مونا جەلەبی – ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانیا 03/04/2023

بۆردومانکردنی فەلوجە ڕێژەی شێرپەنجەی خوێنی بە بڕی 2200%ی زیادکردوە، هەروەها بە ڕێژەی  126٠% زیادبوونی شێرپەنجەی منداڵانیش.

ڕێژەی شێرپەنجەی خوێن دوای تەقینەوەکەی هیرۆشیما بە ڕێژەی 660% و دوای هێرشکردنە سەر فەلوجا بە ڕێژەی 2200% بەرزبووەتەوە.

وێنەکە مۆنا چەلەبی خۆی کێشاوێتی و گاردیانیش دیزاینی کردووە .

…………………….

دەقی وتارەکە:

هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کە 20 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، میراتێکی ژەهراوی لە تەقینەوەکەی هێرۆشیما خراپتری بەجێهێشتووە، بەپێی توێژینەوەیەک کە سەبارەت بە ڕێژەی شێرپەنجە و مردنی کۆرپەکان کراوە  دوای تەقینەوەکە لە ژاپۆن، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن لەنێو ئەو کەسانەی کە لە نزیکترین شوێنی  تەقینەوەکە دەژین بە ڕێژەی 660%ی وێرانکەر زیادی کرد، ئەمەش نزیکەی 12 بۆ 13 ساڵ دوای بۆمبەکە (ئەمەش ئەو کاتەیە کە ئاستی تیشکەکان گەیشتنە لوتکە).   لە فەلوجە ڕێژەی شێرپەنجەی خوێن لە ماوەیەکی زۆر کورتتردا بە ڕێژەی 2200% زیادی کردووە، کە بە تێکڕا تەنها پێنج بۆ دە ساڵ دوای تەقینەوەکان بووە. 

 بە شێوەیەکی حیکایەتئامێز، پزیشکەکان لە عێراق دەستیان کرد بە ڕاپۆرتکردنی بەرزبوونەوەی گەورەی ڕێژەی شێرپەنجە و هەروەها ناتەواوی زگماکی (کە بە شێوەیەکی گشتی بە “نەبەکامی لەدایکبوون” ناودەبرێت) دوای ئەوەی ئەمریکا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی وڵاتەکە.  توێژینەوەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر کریستوفر بوسبی لە کاتێکدا لە زانکۆی ئەلستەر بووە کراوە، دەرکەوتووە کە تێبینییەکانی پزیشکەکان بە داتا پشتگیری کراوە.

جگە لە زیادبوونی گەورەی شێرپەنجەی خوێن، بوسبی و هاوکارەکانی بۆیان دەرکەوت کە ڕێژەی شێرپەنجەی منداڵان لە شاری فەلوجە بە ڕێژەی 1260% زیادی کردووە لە دوای بۆردومانەکەی ئەمریکا، هەروەها 740% زیادبوونی وەرەمەکانی مێشک.  سەرەرای ئەمەش بەڵگەیان دۆزییەوە کە عێراقییەکان بەر تیشک کەوتوون، بەو پێیەی ڕێژەی مردنی کۆرپە بە ڕێژەی 820% زیاترە لە کوێت-ی دراوسێ.

بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناگازاکی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 1945 یەکێک بوو لە خراپترین دڕندەییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.  کاتێک دکتۆر بوسبی ژمارەکانی بەراورد کرد لەگەڵ ئەوانەی لە فەلوجا، بۆی دەرکەوت کە “ئاستی شێرپەنجە سەرسوڕهێنەرە”، ئاماژەی بەوەشکرد: “لووتکەی کاریگەری ئەوانەی لە هیرۆشیما کە زۆرترین تیشکیان لێدراوە کەمتر بووە لە کاریگەرییەکەی لە هەموو فەلوجەدا.”

بەریتانییەکان متمانەیان بە پەڕلەمانی بریتانی نەماوە

زاهیر باهیر

01/04/2023

لە ڕاپرسییەکدا دەرکەوتووە کە بەریتانیاییەکان متمانەیان بە یەکێتی ئەوروپا زیاترە تاکو پەرلەمانی بریتانی، کە ئەمە  بۆ یەکەمجارە لە ماوەی 30 ساڵدا بە گوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە کراوە ئەمە ڕووبدات.

ئەمەش لە دوای هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کە زۆرینەی خەڵکی دەنگیان پێدا ڕوویداوە،  کە خودی کەیسەکە لەسەر بناخەی درۆ و فریواندنی خەڵکی بوو.

 ڕێژەی ئەو کەسانەی متمانەیان بە پەرلەمانی بریتانی  ڕاگەیاندووە بە ڕێژەی 10 خاڵ دابەزیوە و گەیشتووەتە 22% لە کاتێکدا متمانە بە بلۆکی برۆکسل کە بنکەی یەکێتی ئەوروپایە بە ڕێژەی حەوت خاڵ بەرزبووەتەوە، بۆ 39%. هەروەها متمانە بە حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی 2017 بو 2021  دابەزیوە، تەنها 24%ی خەڵک وتوویانە “دڵخۆشن” کە بەریتانیا دەنگی داوە بۆ هاتنە دەرەوە  لە یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدا 49% وتوویانە بێهیوا بوون. تەنها 13%ی خەڵک دەڵێن متمانەیان بە پارتە سیاسییەکانی بەریتانیا هەیە. ڕێژەی  متمانەکە کەم یا زۆر  هاوتای بەرازیل و ئیتاڵیا و فەرەنسایە بەڵام زۆر لە دوای نەرویج (36%)، سوید (32%)، کەنەدا (24%) و ئەڵمانیا  (23%).  وەیە. 

 تەنها میسر کەمتر متمانەی بە ڕۆژنامەگەری هەیە لە چاو بەریتانیا. . بریتانیا لە ڕووی متمانە بە ڕۆژنامەگەری لە کۆی 24 وڵات لە پلەی 23ی وڵاتدا بوو. میدیاکانی مەکسیک، ئیتاڵیا، ڕووسیا و بەرازیل هەموویان زیاتر لە دوو هێندەی بریتانییەکان  ئاستی متمانەیان زیاترە بە میدیاکەیان.

بەڕای من ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هۆشیاری خەڵکی زۆر چووەتە پێشەوە بۆیە لەوە دەکات کە لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی داهاتوودا، 2024 ، ڕێژەی دەنگدەر لە چاو پێشتردا زۆر دابەزێت.

1400 کرێکاری سکوێرێتی فڕۆکاخەنەی هیسرۆ لە لەندەن لە مانگرتندان

01/04/2023

1400 کرێکاری سکوێرێتی فڕۆکاخەنەی هیسرۆ لە لەندەن لە مانگرتندان

 کە ئەندامی نقابەی یونایت-ن بۆ زیادبوونی موچەکەیان بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە ڕۆژی هەینییەوە ، دوێنێ 31ی مانگ  لە مانگرتندا دەبن .

مانگرتنەکە زیاتر لە تێرمیناڵی 5ی هیسرۆیە کە تەنها بۆ  هێڵێ ئاسمانی بریتانیایە.  مانگرتنەکەیان بەڕیوەرێ هێڵەکەیان ناچارکرد بە هەڵوەشاندنەوەی 300 فڕین .

سەبارەت بەم مانگرنتە سکرتێری گشتی نقابەی یونایت ، شارون گرانت وتی ” ئیدارەی هیسرۆ دەتوانێت زیاتر بدەن لەوەی کە ئێستا ڕایانگەیاندووە کە لە سەدا 10ی زیادکردنی مووچەکەیە .  لە ساڵانی ڕابردوودا سەرسامانە موچەی بەڕیوەبەری گشتیی هێڵەکەیان زیادکردووە  و بە بەهای ملیارێك پاوەندیش  پاداشتی بە خاوەن پشکەکانی داوە  کە چی  بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیدارەی  هیسڕۆ پێیان وایە ئەوە بڕی زیادکراوەیە  قبوڵکراو بێت کە لە ڕاستیدا ئەوە زیادکردنی موچە نییە بەڵکو هێشتا بڕینی مووچەی ڕاستەقینەیە بە کرێکارانی سکوێرێتی و ستافەکانی دیکە کە لەوێ کاردەکەن و لە ئێستادا مووچەی هەژارییان هەیە”

پرسی پەنابەر و کۆچبەر و بە سیاسیکردنیان لە بریتانیادا

زاهیر باهیر

30/03/2023

ئەوەی ئاشکرایە  نزیکەی 160 هەزار کەیسی پەنابەر هەیە کە تا ئێستا دەستیان لێنەدراوە، بەردەوامیش ژمارەشیان زیاتر دەبن بە هۆی هاتنی خەڵکی نوێوە کە هەر پارەکە تەنها بە بەلەم زیاتر لە 45 هەزار کەس هاتوونەتە بریتانیاوە.

سیاسییەکان و میدیای فەرمی و گروپە تووندڕەوەکان و ڕایسستەکانیش هاتووهاواریان دەگاتە کەشکەلانی فەلەک  لە کردنی قسە  و ڕاگەیاندن و دروشم و نوسینی ژاری ڕایسستیانە و دژە بێیانەیی دەڕێژن تا ئەو ڕادەیەی کە لەم ماوەیەی پێشوود چەند جارێک هێڕش کرایە سەر ئەو ئوتێل و سێنتەرانەی کە پەنابەرانیان تیادا داناوە.

من دڵنیا نیم  ئەمەی کە حکومەتی بریتانی دەیکات و پرسی پەنابەر لە پەڕلەمان و لە میدیا دەوروژێنی و یاسای دژ بە پەنابەراند دەردەکات تا نەفیکردنیان بۆ ڕوانداو و وڵاتانی دیکە، چی لە پشتەوەیە ، بەڵام ئەوە دەزانم کە لابەلاکردنەوەی کێشەی پەنابەر زۆر ئاسانە و ئەوەندەی ئێستاش تێچووی دەوڵەتی تێدا سەرف ناکرێت .

میدیا و حکومەت دەڵێن ڕۆژانە پەنابەر 6 ملیۆن پاوەند دەکەوێت لەسە باجدەرانی بەریتانیا . ڕەنگە ئەمە ڕاست بێت جونکە کولفەی پۆلیس و نقڵکردنی پەنابەر و دابینکردنی جێگاو ڕێگایان و ناندان پێیان و پاراستنیان و زۆر تێچوونی دیکە ڕەنگە ئەوەندە پارەی بوێت ئەمە جگە لەوەی کە حکومەت 130 ملیۆن پاوەندی داوە بە حکومەتی ڕواندە بۆ کردنەوەی کەمپ بۆیان کاتێک کە دەیاننێرنە ئەوێ.  سەرەڕای ئەمەش حکومەت ڕێکەکەوتنی 5 ساڵەی لەگەڵ فەرەنسا کردووە بە دانی 500 ملیۆن پاوەند بە فەرەنسا تاکو لەوێش کەمێك بکرێتەو بۆ پەنا بەران.  بەڵام حەلی ئاسانتر و کردەیانەتر هەیە وەکو تەعینکردنی کارمەندی زیاتر بە کردنەوەی دەورە وکۆرسی 2 مانگی بۆیان بۆ هەڵسەنگاندنی کەیسەکانی پەنابەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەوانەی کە خۆیان مافی پەنابەرییان پێ ڕەوا دەبینین بیاندەنێ ئیتر ئەوانیش کار دەکەن و باج دەدەن لە بری ئەوەی کە لە باجدەر بخۆن.  ئەوانەشی کە مافی پەنابەرییان ڕەتدەکرێتەو ڕێگای یاسایی دەگرنە بەر.  حەلی دووهەم لە بری ئەمە هەر پەنابەرێ دەگات  هەر لە ڕێوە ڤیزەی 6 مانگیان بدەنێ لەگەڵ پارەی سۆشیال و جێگاو ڕێگا تاکو ئەو 6 مانگە هەوڵ بدەن شتێك زمان فێر ببن و کارێك بدۆزنەوە ، گەر لەو ماوەیەدا نەیانتوانی ئەوە بکەن ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن .

بەڵام کە حکومەت هیچ یەکێك لە ئەمانە ناکات جێگای پرسیارە بۆچی ڕۆژانە 6 ملیۆن پاوەند سەرف دەکەن و دەیکەنە هەرا لە میدیا و لەم ڕێگەیەوە هاوکاری  ڕایسست و گروپە توندڕەوەکان دەکەن  کە بەهێزتر بن و دژایەتی خەڵکانی بێیانە لە پەنابەر و کۆچبەر و ئەوانەشمان کە دەمێکە لێرەین بکەن؟ لە ڕاستیدا سیاسەتێکی سەیرە و مەگەر هەر خۆیان سەری لێدەربکەن و مەبەستەکەی بزانن.

مێژوونوسی کورد

زاهیر باهیر

29/03/2023

ئەو پەرتوکە کوردیانەی کە من لەسەر مێژوی کورد خوێندومنەتەوە ، نوسەرانی یا هەرگیز پەیان بە ڕاستی نەبردووە یاخود راستییەکانیان فەرامۆش کردووە.

کاتێك کە باس لە شکستەکانی کورد دەکەن هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا، ئەوان باس لە سەرەنجامەکە دەکەن و هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ :  کورد خۆخۆرە، کورد عەقڵی سیاسی نییە،کورد قەومی تەفرەقەیە ، کورد بێ دینە، نیفاق، نەبوونی یەکێتی نێوانیان ، کڕینیان بە پارە و پایە، یەکنەگرتنیان، دووژمنایەتی دەوڵەتان و هاوکارینەکردنمان… دەیەها هۆکاری دیکە.

بەڕای من هۆکاری کەرتکاری و بەش بەشبوون و یەکنەگرتن مەیل و خواستی دەسەڵاتدارییە ، تەنانەت پرسی چینایەتیش هەر شەڕی دەسەڵاتە کێ بەسەر کێدا هەیبێت ، دەسەڵاتخوازییە کە بۆ بەرژەوەند و هەیمەنە و ملکەچکردنی ئەوانی دیکەیە  .  هەموو ئەو هۆکارانەی  کە مێژوونووسەکان لە کتێبەکان و قسەکانیاندا تۆماریان کردووە سەرەنجامی دەسەڵاتخوازی بووە . 

حیزب-یش هۆکاری گەورەی کەرتکارییە نەك هەر لەسەر ئاستی نەتەوە و نیشتمان بەڵکو لەسسەر ئاستی خێزانیش ئەویش هەر بە مەبەستی دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە .  هەر تەماشا بکە گەر تۆ میللەتی کوردت خۆش دەوێت و دەتەوێت شتێکی بۆ بکەیت ، کە ئەمە ئامانجەکەت بێت ئیتر بۆچی ئەم هەموو حیزبانەتان بە ناوی جیا و لە شوێنی جیادا دروست کردوە ؟ گەر هەمووتان یەك خودا و یەك دینتان هەیە و باوەڕتان بەوەیە هەوڵ لە پێناوی دینداریدا دەدەن ، بەڕاست ئیتر ئەم هەموو حیزب و سەرکردە و بنکردەیەتان بۆچیییە؟

هەر هەموو ئەمانە، ئەم هەموو ململانێیە و لەیەك خوێندن و شەڕ و ئاژاوەیە  بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، دەسەڵاتی سیاسی ، دەسەڵاتی ئابووری .. هەر جۆرە دەسەڵاتێك  ئیتر لە ڕێگای سەرکرداەیەتییەوە، حیزبایەتییەوە ، دینەوە، ئایدۆلۆجێتەوە بێت یا هەر ڕێگایەکی دیکەوە .گەر دەتەوێت خەڵکی ئازادانە بژێت و کاروبارەکانی خۆی ڕێکبخات ،هەیمەنە و هەموو مەیلە سەرەوەرییەکان و تەنانەت کێشەی چینایەتیش لابەلا بکەیتەوە دەبێت دژایەتی هەموو جۆرەکانی دەسەڵات بکەیت بە حکومەت و دەوڵەتیشەوە.  پایەی سیستەمی هەنوکە دەسەڵاتدارێتییە بە هەموو شێوەکانییەوە ، مانەوەی هەیکەلی قوچکەیییە لە هەموو بوارەکانی ژیان هەر لە خێزانەوە، بۆ بەشی خوێندن وتەندروستی و شوێنەکانی خزمەتگوزاری و  کارگەکان و کۆمپانیاکان  تا دەگات سەرۆکی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانتاران و تد.     

مانگرتنی کرێکاران و خۆپیشاندەران بەردەوامە لە فەرەنسا

28/03/2023

بە سەدەها هەزار کەس لەسەر شەقامەکانن و بە سەدەها هەزاری کرێکاریش ئەمڕۆ لە مانگرتندان.  زیاتر لە 200 قوتابخانە لە لایەن قوتابییەکانیانەوە بەردەرگاکانیان بلۆك کردووە، زیاتر لەسەدا 20 گەشتەکان کە بە فڕۆکە دەکرێت لە زۆرێك لە فۆڕکەخانەکاندا ئەمڕۆ و بەیانی ، چوارشەمە، هەڵوەشاوەتەوە.

هاوکاتیش کەسانێکی زۆر گیراون و پۆلیس زۆر توندوتیژە بەرانبەر خۆپیشاندەران تا ئەو ڕادەیەی کە زیاتر لە 30 پارێزەری گەورە، دوێنێ،  ڕۆژی دووشەممە نامەیەکی کراوەیان بۆ لۆمۆند نووسی و “نیگەرانییەکی گەورەی” خۆیان لە بەرامبەر ئەوەی ناویان ناوە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە ڕاگەیاندووە کە سەدان  کەسیان گرتووە و پۆلیسیان تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری و دەستگیرکردن وەک تاکتیکێک بۆ دواخستنی ناڕەزایەتی خەڵک.

بەپێی ڕۆژنامەی لۆ پاریسیان، لە یاداشتەکەدا هاتووە “بابەتی سەرکوتکردن و توندوتیژی پۆلیس … دەتوانێت توڕەیی گەنجان چڕ بکاتەوە”. زۆرێک لە گەنجان سەرەتا هەستیان بە کاریگەری یاساکە نەکرد بەهۆی گۆڕانکارییەکانی خانەنشینییەوە، بەڵام دواتر هەفتەی ڕابردوو بڕیاریاندا بچنە ناو بزووتنەوەکە و تووڕەبوون لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە لە مادەی 49.3ی دەستووردا هاتووە بۆ تێپەراندنی بڕیارەکان و کردنیان بە یاسا لە دەرەوەی پەرلەمان، دوای ئەوەی حکومەت ترسی ئەوەی هەبوو دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت”.

مانگرتنی کرێکارانی بەشی هاتووچۆ و فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا

28/03/2023

لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە ، واتە کولفەی ژیانی خەڵکی لە ئەلمانیا بۆ ڕێژەی 8.7 بەرزبووەتەوە، نرخی پیداویستیەکانی ژیان لەوێ فڕیوە چی تر خەڵکی بەو داهاتەی کە هەیەتی ناتوانێت ژیان بەسەربەرێت .  بەم هۆکارەوە زۆرێك لە نقابەکانی کرێکاران داوای زیادکردنی موچەیان دەکەن . 

لە ئێستادا هەندێکیان ئەوەی کە دەیانویست وەکو کرێکاران و پۆست بە دەستیان هێناوە . کرێکارانی پۆست توانیان  بە ڕێژەی  لە سەدا 11.5 لە سەرەتای ئەم مانگەدا  ببچڕن.  کرێکارانی نقابەی IG Metall کە گەورەترین نقابەی ئەڵمانیایە و خاوەنی 4 ملیۆن ئەندامە سەرەنجامی وتوێژەکەیان بە زیادبوونی موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 8.5 کۆتایی هات .

ئەو نقابانەی کە تا ئێستا داخوازییەکانیان جێ بەجێنەکراوە وەکو کرێکارانی هاتووچۆ ، شەمەندەفەرەکان و هەروەها زۆربەی فڕؤکەخانەکانی ئەلمـانیاوە دوێنێ دووشەمە ، 27/03،  پاش بانگەوازی سەندیکاکانی ڤێردی و EVG  کرا بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنی 24 سەعاتدا  کە سەراپای کرێکارانی فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، هێڵی ئاسن، پاسەکان و هێڵەکانی میترۆی گرتەوە مانگرتنەکەیان ئەنجام دا.

 ژمارەی ئەندامانی ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتە دەوڵەتییەکاندا کاردەکەن و بریار بوو بەشدار بن لە مانگرتنەکەدا 2.5 ملیۆن کریکارن .

 کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، مانگرتنەکە “لە هەموو ڕێوشوێنێکی خەیاڵی و ڕەوا تێپەڕیوە”، بە مەزەندەکردنی دانانی کارایی لەسەر  نزیکەی 380 هەزار گەشتیاری ئاسمانی .فڕۆکەکان لە هەموو فڕۆکەخانەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا لە زەویدا مانەوە جگە لە فڕۆکەخانەی براندنبێرگ لە بەرلین، کە  دووشەممە بەیانییەکەی  گەشتەکانی ناوەوەی ئەوروپای کرد بەڵام پاش دواکەوتنێکی زۆر.

نێتەنیاهو شکستی هێنا

27/03/2023

کاتێك کە جەماوەر هەمووی خۆڕسکانە  بە یەك دەنگ دەچێتە سەر شەقام و داوای مافی رەوای خۆی دەکات هێزێك نییە لەبەردەمیدا خۆی بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا سەرۆک و لایەنی دەسەڵاتدار بە تەواوی تڕۆ نەبێت و دەزانێت ئەگەر لەو سنورەدا نەوەستێ بە شەق دەسەڵاتی لیدەسەننەوە، ئەو کاتە ڕادەستی خواستی جەماوەر دەبن .

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان سەبارەت بە سسنوردارکردنی داداگا و کەیس و بڕیارەکانی، زۆریان بۆ نێتەنیاهو هێنا، ئەویش لەبری تەسلیمبوون وەزیری بەرگریی دەرکرد بە پاساوی ئەوەی کە داوای هەڵپەساردنی یاسا نوێیەکەی کردووە.

ئەم بڕیارەی نێتەنیاهو ئەوەندەی دیکە خەڵکی تورە کردو بە لێشاوێکی زۆر و بە فشارێکی گەورەەوە زۆربەی کاتەکانی دوێنێ شەو لەسەر شەقامەکان بوون ئێستاش جەماوەرێکی زۆر لە پرۆتێستدایە لەبەردەم پەڕلەمانی ئیسرائیلدا.

بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی ئەمڕۆ نیوەڕۆ نێتەنیاهو یاسا نوێیەکە بۆ ماوەیەك هەڵدەپەسێرێت ، بەڵام ئەمە هنگاوی یەکەمەو هەنگاوی دووهەم دەبێت دەستبەرداری ببێت چونکە دەزانێت کە خەڵکی پێی ڕازی نییە و هێزی خۆشی لەم ململانێیەدا تاقیکردەوە کە تەنها تێشکانی بە نسیب بوو.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی خاڵی ناکۆکی ناو حکومەتەکەی لەگەڵ ڕاستڕەوەکان و دینییە تووندڕەوەکاندا؟  پێدەچێت کە ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ هەلوەشنادنەوەی حکومەتی هەنوکە کە ڕەنگە هەڵبژاردنێکی دیکە بڕیاری لەسەر بدرێت ئەو کاتەش زۆر زەحمەتە کە نێتەنیاهو بتوانێت بێتەوە سەر حوکم.

Rubbish fashion: street art costumes of Kinshasa – in pictures

26/03/2023