All posts by azadebram

مێژوونوسی کورد

زاهیر باهیر

29/03/2023

ئەو پەرتوکە کوردیانەی کە من لەسەر مێژوی کورد خوێندومنەتەوە ، نوسەرانی یا هەرگیز پەیان بە ڕاستی نەبردووە یاخود راستییەکانیان فەرامۆش کردووە.

کاتێك کە باس لە شکستەکانی کورد دەکەن هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا، ئەوان باس لە سەرەنجامەکە دەکەن و هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ :  کورد خۆخۆرە، کورد عەقڵی سیاسی نییە،کورد قەومی تەفرەقەیە ، کورد بێ دینە، نیفاق، نەبوونی یەکێتی نێوانیان ، کڕینیان بە پارە و پایە، یەکنەگرتنیان، دووژمنایەتی دەوڵەتان و هاوکارینەکردنمان… دەیەها هۆکاری دیکە.

بەڕای من هۆکاری کەرتکاری و بەش بەشبوون و یەکنەگرتن مەیل و خواستی دەسەڵاتدارییە ، تەنانەت پرسی چینایەتیش هەر شەڕی دەسەڵاتە کێ بەسەر کێدا هەیبێت ، دەسەڵاتخوازییە کە بۆ بەرژەوەند و هەیمەنە و ملکەچکردنی ئەوانی دیکەیە  .  هەموو ئەو هۆکارانەی  کە مێژوونووسەکان لە کتێبەکان و قسەکانیاندا تۆماریان کردووە سەرەنجامی دەسەڵاتخوازی بووە . 

حیزب-یش هۆکاری گەورەی کەرتکارییە نەك هەر لەسەر ئاستی نەتەوە و نیشتمان بەڵکو لەسسەر ئاستی خێزانیش ئەویش هەر بە مەبەستی دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە .  هەر تەماشا بکە گەر تۆ میللەتی کوردت خۆش دەوێت و دەتەوێت شتێکی بۆ بکەیت ، کە ئەمە ئامانجەکەت بێت ئیتر بۆچی ئەم هەموو حیزبانەتان بە ناوی جیا و لە شوێنی جیادا دروست کردوە ؟ گەر هەمووتان یەك خودا و یەك دینتان هەیە و باوەڕتان بەوەیە هەوڵ لە پێناوی دینداریدا دەدەن ، بەڕاست ئیتر ئەم هەموو حیزب و سەرکردە و بنکردەیەتان بۆچیییە؟

هەر هەموو ئەمانە، ئەم هەموو ململانێیە و لەیەك خوێندن و شەڕ و ئاژاوەیە  بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، دەسەڵاتی سیاسی ، دەسەڵاتی ئابووری .. هەر جۆرە دەسەڵاتێك  ئیتر لە ڕێگای سەرکرداەیەتییەوە، حیزبایەتییەوە ، دینەوە، ئایدۆلۆجێتەوە بێت یا هەر ڕێگایەکی دیکەوە .گەر دەتەوێت خەڵکی ئازادانە بژێت و کاروبارەکانی خۆی ڕێکبخات ،هەیمەنە و هەموو مەیلە سەرەوەرییەکان و تەنانەت کێشەی چینایەتیش لابەلا بکەیتەوە دەبێت دژایەتی هەموو جۆرەکانی دەسەڵات بکەیت بە حکومەت و دەوڵەتیشەوە.  پایەی سیستەمی هەنوکە دەسەڵاتدارێتییە بە هەموو شێوەکانییەوە ، مانەوەی هەیکەلی قوچکەیییە لە هەموو بوارەکانی ژیان هەر لە خێزانەوە، بۆ بەشی خوێندن وتەندروستی و شوێنەکانی خزمەتگوزاری و  کارگەکان و کۆمپانیاکان  تا دەگات سەرۆکی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانتاران و تد.     

مانگرتنی کرێکاران و خۆپیشاندەران بەردەوامە لە فەرەنسا

28/03/2023

بە سەدەها هەزار کەس لەسەر شەقامەکانن و بە سەدەها هەزاری کرێکاریش ئەمڕۆ لە مانگرتندان.  زیاتر لە 200 قوتابخانە لە لایەن قوتابییەکانیانەوە بەردەرگاکانیان بلۆك کردووە، زیاتر لەسەدا 20 گەشتەکان کە بە فڕۆکە دەکرێت لە زۆرێك لە فۆڕکەخانەکاندا ئەمڕۆ و بەیانی ، چوارشەمە، هەڵوەشاوەتەوە.

هاوکاتیش کەسانێکی زۆر گیراون و پۆلیس زۆر توندوتیژە بەرانبەر خۆپیشاندەران تا ئەو ڕادەیەی کە زیاتر لە 30 پارێزەری گەورە، دوێنێ،  ڕۆژی دووشەممە نامەیەکی کراوەیان بۆ لۆمۆند نووسی و “نیگەرانییەکی گەورەی” خۆیان لە بەرامبەر ئەوەی ناویان ناوە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە ڕاگەیاندووە کە سەدان  کەسیان گرتووە و پۆلیسیان تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری و دەستگیرکردن وەک تاکتیکێک بۆ دواخستنی ناڕەزایەتی خەڵک.

بەپێی ڕۆژنامەی لۆ پاریسیان، لە یاداشتەکەدا هاتووە “بابەتی سەرکوتکردن و توندوتیژی پۆلیس … دەتوانێت توڕەیی گەنجان چڕ بکاتەوە”. زۆرێک لە گەنجان سەرەتا هەستیان بە کاریگەری یاساکە نەکرد بەهۆی گۆڕانکارییەکانی خانەنشینییەوە، بەڵام دواتر هەفتەی ڕابردوو بڕیاریاندا بچنە ناو بزووتنەوەکە و تووڕەبوون لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە لە مادەی 49.3ی دەستووردا هاتووە بۆ تێپەراندنی بڕیارەکان و کردنیان بە یاسا لە دەرەوەی پەرلەمان، دوای ئەوەی حکومەت ترسی ئەوەی هەبوو دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت”.

مانگرتنی کرێکارانی بەشی هاتووچۆ و فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا

28/03/2023

لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە ، واتە کولفەی ژیانی خەڵکی لە ئەلمانیا بۆ ڕێژەی 8.7 بەرزبووەتەوە، نرخی پیداویستیەکانی ژیان لەوێ فڕیوە چی تر خەڵکی بەو داهاتەی کە هەیەتی ناتوانێت ژیان بەسەربەرێت .  بەم هۆکارەوە زۆرێك لە نقابەکانی کرێکاران داوای زیادکردنی موچەیان دەکەن . 

لە ئێستادا هەندێکیان ئەوەی کە دەیانویست وەکو کرێکاران و پۆست بە دەستیان هێناوە . کرێکارانی پۆست توانیان  بە ڕێژەی  لە سەدا 11.5 لە سەرەتای ئەم مانگەدا  ببچڕن.  کرێکارانی نقابەی IG Metall کە گەورەترین نقابەی ئەڵمانیایە و خاوەنی 4 ملیۆن ئەندامە سەرەنجامی وتوێژەکەیان بە زیادبوونی موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 8.5 کۆتایی هات .

ئەو نقابانەی کە تا ئێستا داخوازییەکانیان جێ بەجێنەکراوە وەکو کرێکارانی هاتووچۆ ، شەمەندەفەرەکان و هەروەها زۆربەی فڕؤکەخانەکانی ئەلمـانیاوە دوێنێ دووشەمە ، 27/03،  پاش بانگەوازی سەندیکاکانی ڤێردی و EVG  کرا بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنی 24 سەعاتدا  کە سەراپای کرێکارانی فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، هێڵی ئاسن، پاسەکان و هێڵەکانی میترۆی گرتەوە مانگرتنەکەیان ئەنجام دا.

 ژمارەی ئەندامانی ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتە دەوڵەتییەکاندا کاردەکەن و بریار بوو بەشدار بن لە مانگرتنەکەدا 2.5 ملیۆن کریکارن .

 کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، مانگرتنەکە “لە هەموو ڕێوشوێنێکی خەیاڵی و ڕەوا تێپەڕیوە”، بە مەزەندەکردنی دانانی کارایی لەسەر  نزیکەی 380 هەزار گەشتیاری ئاسمانی .فڕۆکەکان لە هەموو فڕۆکەخانەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا لە زەویدا مانەوە جگە لە فڕۆکەخانەی براندنبێرگ لە بەرلین، کە  دووشەممە بەیانییەکەی  گەشتەکانی ناوەوەی ئەوروپای کرد بەڵام پاش دواکەوتنێکی زۆر.

نێتەنیاهو شکستی هێنا

27/03/2023

کاتێك کە جەماوەر هەمووی خۆڕسکانە  بە یەك دەنگ دەچێتە سەر شەقام و داوای مافی رەوای خۆی دەکات هێزێك نییە لەبەردەمیدا خۆی بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا سەرۆک و لایەنی دەسەڵاتدار بە تەواوی تڕۆ نەبێت و دەزانێت ئەگەر لەو سنورەدا نەوەستێ بە شەق دەسەڵاتی لیدەسەننەوە، ئەو کاتە ڕادەستی خواستی جەماوەر دەبن .

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان سەبارەت بە سسنوردارکردنی داداگا و کەیس و بڕیارەکانی، زۆریان بۆ نێتەنیاهو هێنا، ئەویش لەبری تەسلیمبوون وەزیری بەرگریی دەرکرد بە پاساوی ئەوەی کە داوای هەڵپەساردنی یاسا نوێیەکەی کردووە.

ئەم بڕیارەی نێتەنیاهو ئەوەندەی دیکە خەڵکی تورە کردو بە لێشاوێکی زۆر و بە فشارێکی گەورەەوە زۆربەی کاتەکانی دوێنێ شەو لەسەر شەقامەکان بوون ئێستاش جەماوەرێکی زۆر لە پرۆتێستدایە لەبەردەم پەڕلەمانی ئیسرائیلدا.

بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی ئەمڕۆ نیوەڕۆ نێتەنیاهو یاسا نوێیەکە بۆ ماوەیەك هەڵدەپەسێرێت ، بەڵام ئەمە هنگاوی یەکەمەو هەنگاوی دووهەم دەبێت دەستبەرداری ببێت چونکە دەزانێت کە خەڵکی پێی ڕازی نییە و هێزی خۆشی لەم ململانێیەدا تاقیکردەوە کە تەنها تێشکانی بە نسیب بوو.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی خاڵی ناکۆکی ناو حکومەتەکەی لەگەڵ ڕاستڕەوەکان و دینییە تووندڕەوەکاندا؟  پێدەچێت کە ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ هەلوەشنادنەوەی حکومەتی هەنوکە کە ڕەنگە هەڵبژاردنێکی دیکە بڕیاری لەسەر بدرێت ئەو کاتەش زۆر زەحمەتە کە نێتەنیاهو بتوانێت بێتەوە سەر حوکم.

Rubbish fashion: street art costumes of Kinshasa – in pictures

26/03/2023

کابینەکەی بێنجامین نێتەنیاهوو تەقەی تێکەوت

زاهیر باهیر

26/03/2023

دوای 12 هەفتە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە گەلێك لە شارەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکەی نێتەنیاهوو دەربارەی کەمکردنەوە ڕۆڵی دادگا و ئەدای دادگا و گواستنەوەی  بەشێك لەو وەزیفە و بڕیاردانانە بۆ پەڕلەمان و بوون بە یاسا لە ڕۆژی 5 شەمەدا خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان هەر بەردەوامە .

دوێنێ ڕۆژی شەمە ، 25/03 بە گوێرەی هەواڵی میدیای فەرمی ئیسرائیل زیاتر لە 200 هەزار کەس لەسەر شەقامەکان بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکە.  گەرچی نێتەنیاهو پێداگری لەسەر دروستی بڕیارەکەی و بوون بە یاسای دەکات بەڵام لە ئێستادا پاش ئەوەی کە وەزارەتەکەی و کەسە نزیکەکانی بۆیان دەرکەوت کە خەڵکی کۆڵ نادات و بارودۆخەکەش زیاتر ئاڵۆز دەبێت و بووەتە دابەشکردنی ئیسرائیلەیەکان ئەوانیش قسە لەسەر لانی کەم هەڵپەساردنی یاساکە دەکەن بۆ چەند مانگێك.

لەم بارەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت ” دەبێت پرۆسەی یاسادانان بوەستێنین  بۆ ماوەی مانگێک بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکاری چاکسازییەکان.” 

گالانت-ی  کە ئەندامی پارتی لیکودی ڕاستڕەوی نەتانیاهۆیە و کەسێکی جالاک و نزیکە لەوە وتی ، “درزی کۆمەڵایەتی پەرەسەندوو ڕێگەی خۆی کردۆتە ناو [سوپا] و دەزگا ئەمنییەکان و هەڕەشەیەکی ڕوون و دەستبەجێ و بەرجەستەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل   ئەو بەردەوامی دا بە قسەکانی و وتی ” من پابەندم بە بەهاکانی لیکود … و دانانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەرووی هەموو شتێکەوە … بەڵام گۆڕانکاری گەورە لەسەر ئاستی نیشتمانی دەبێت لە ڕێگەی وردبینی و گفتوگۆوە ئەنجام بدرێت.”

دوو پەرلەمانتاری دیکەی لیکود لە تویتێکدا پشتگیری خۆیان بۆ گالانت نووسیوە و پرسیاریان لەسەر ئەوە کردووە کە ئایا حکومەت دەتوانێت حساب بۆ زۆرینە بکات ئەگەر هێشتا سوور بێت لەسەر سیستەمی دەنگدان .

سەرۆکی ئیسرائیل-یش  ئیسحاق هێرزۆگ هەر لە یەکەم جارەوەو لەگەڵ ئەو بڕیارەی نێتەنیاهو نەبووە ویستویەتی کە پرسەکە لە ڕێگای وتووێژ و لێدوانەوە لابەلابکرێتەوە .

ئایا نێتەنیاهو بە قسەی ئەمانە دەکات و یاساکە هەڵدەوەشێنێتەوە یاخود لانی کەم هەڵدەپەسێرێت ؟ ئەمەیان دەکەوێتە سەر بەرگریی و بەگژاچوونەوەی خەڵکی.  دەسەڵاتداران تەنها زمانی ناڕەزایی و زۆر جاریش بەکارهێنانی توندوتیژی دژیان دەزانن و هەر ئەەوەشە کە هەنگاوی ئایندەیان پێدەبێت نەك باشی و هۆشیاری و بە تەنگهاتنەوەی نیشتمان و میللەت.

ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی تێشکانی ناوە ، هەنگاوی دووهەم و کۆتایی ماوە

زاهیر باهیر

25/03/2023

مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕازییەکان خۆیان دا لە  10 ڕۆژ کە ڕۆژ بە ڕۆژیش تەنانەت بە گوێرەی میدیای فەرمی ژمارەیان زیاتر و ڕک و کینەیان ئەستورتر و سووربوون لەسە داخوازییەکانیان توندتر بوونەتەوە.  بە گوێرەی میدیای فەرمی فەرەنسا خۆپیشاندەران و ناڕەزییان ژمارەیان 1.1 ملیۆن کەسن بەلام نقابە ژمارەکەی بە لە سەرو و 3 ملیۆن کەسەوە  خەمڵاندووە .

ئەمەش نیشانەی کۆڵنەدانی خەڵک و بەردەوامیدانە بە کولتوری شۆڕشگێڕانەی یاخێتی میللەتی/ میللەتانی  فەرەنسایە کە لە پێاوی مافە ڕەواکانیان ئامادەن خەبات بکەن و بەردەوامبن .

بڕیار بوو کە پاشای بریتانیا ، مەلیك چارلس زیارەتی فەرەنسا بکات بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئێستای فەرەنساوە زیارەتەکەی هەڵوەشاندەوە ، ئەمەش نشوستییەکی دیکە بوو بۆ ماکرۆن لەپال خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا .

لە دیمانەکەی ڕۆژی 4 شەمەی دا ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی نا بۆ تێشکانی کە وتی ” پێ لەوە دەنێم کە من نەمتوانی خەڵکی بەوە قایل بکەم کە تەمەنی خانەنشینی ببێتە 64 ساڵ” ئەم دان پیانانە خۆی لە خۆیدا بێ ئاگایی ئەو دەردەخات لەو میللەتەی کە سەرۆکایەتیان دەکات ، نە دەزانێت هەژاران چۆن دەژین ، نە دەشزانیت بەرگری خەڵکی و بە گژاچونەوەی میللەتەکەی لە چ ئاستێکدایە و تەنانەت بە ئاگاش نییە لەوەی کە ئایا لە پەڕلەماندا دەنگی سەرکەوتنی یا تێپەڕبوونی پرۆژەکەی بەدەستدەهێنێت و دەبێتە یاسا یا نا.

  کابرا ئاگای لە ژیانی هەژاران نییە، ئێ ناهەقیشی نییە کەسێك سەعاتێكی 80 هەزار یۆرۆی لە دەستدابێت ئاوا بە ئاشکرا و بێ شەرمانە دیمانە بکات و قسە لەسەر ژیانی خەلکانی ئاسایی فەرەنسا بکات .  ئەوە بوو هەر بە پەلە دەستی خستە ژێر مێزەکەوە و سەعاتەکەی داکەند .  داکۆکیکەرانی دەڵێن بۆیە دایکەندووە چونکە بە مستەکۆڵە دەیدا لە مێزەکە تاکو نەشکێ و دەنگی نەیەت.

ماکرۆنی هەنگاوی دووهەم کۆتایی ماوە کە بینێت ، کە بە ڕای من دەکرێت یەکێك بێت لەم 3 هەنگاوە :  یەك: بێ شەرم و شکۆ پەشیمان ببێتەوە لە بڕیارەکەی و شکستی خۆی دەربڕێ.  دوو: سەرەك وەزیرانەکەی بکاتە بەرخی قوربانی و شانەکە لەسەری ئەودا بشکێنێت و حکومەتەکەی هەڵوەشێنێتەوە تاکو کەوڵەکەی خۆی بپارێزێت.  سێ: یا ئەوەندە کەرامەت و ڕیزلەخۆبوونی هەبێت و دەست لەکار بکێشێتەوە و بچێتە زبڵخانەی مێژوی دژ بە بەرگرییکردنی خەڵكەوە .     

پەراوێزکەوتنی بێنجەمین نێتەنیاهو

زاهیر باهیر

24/03/2023

ئەوەی ئاشکرایە دەسەڵاتخوازان و دەسەڵاتداران دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هاوچین و هاوتووێژەکانیان بەکاردەهێنن.  بۆ ئەمەش هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و درۆیەك بەکاردەهێنن.  نێتەنیاهو-ش بە هەمان شێوە ، دوای ماوەیەکی دوورودرێژ لە حوکمڕانییەکەی و گلان لە گەندەڵی خەڵاتوەرگرتن و بزنس و بۆ نزیکانی خۆی ویسترا ببرێیە دادەگە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە سەرۆك وەزیران  بوو و پارێزبەندی هەبوو نەدەکرا .

نێتەنیاهو لە کۆتایی ساڵی رابووردووە کەوتە هاوپەیمان و گرێبەستی لەگەڵ توندڕەوەکان و دینیە فەناتیکەکاندا لەو بارەوە چەند ڕێکەوتنێکیان کرد کە هەردوو لایان بەند و مەرجەکانی ئەوی تریان پەسەند کرد .  یەکێك لەو بەندانە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دادگا و داداگاییکردن بوو لە هەندێك بواردا هەر بۆ نموونە کە مودەعی عام نەتوانێت متمانە بداتەوە بە نێتەنیاهو تاکو خۆی هەڵبژێتەوە بۆ سەرەک وەزیران بە پاساوی ئەوەی کە ئەو چی تر شیاوی ئەو پلە و پایەیە نییە  و گەڕانەوەی ئەم بڕیارە گرنگانە بۆ دەنگی پەڕلەمان.

بە دەرکردنی بڕیارێکی ئاوا لە لایەن نێتەنیاهووەوە هەوڵدانی تاکو بکرێتە یاسا ڕووبەڕوی خۆپیشاندان و پرۆتێستێکی ئێکجار گەورەی فراوان بووەوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاکو دوێنی هەر بەردەوام بوو لە ڕۆژانی پشوو هەروەها دەوامیشدا زۆر جار.

پرۆتێستەکان هەموو توێژاڵ و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی تەنانەت ئەکادیمی و سەرکردەکانی سوپاشی گرتەوە لەپاڵ ئەکتەر و نوسەر و ڕۆژنامەوان و تەنانات تیمی فڕینی فڕۆکەکان کە هەر دوێنێ کە نێتەنیاهوو ویستی بێت بۆ لەندەن زۆرێکایان ئامادە نەبوون کە بیگەیەنن بۆیە ئەو لە سەفەرەکەی زۆر دواکەوت و ئەمڕۆ گەیشتە لەندەن.

دانیشتوانی ئیسرائیلئ ئەو بریارەی نێتەنیاهوو بە دژایەتیکردنی سیستەمی دیمۆکراتی دەزانن و دەزانن بۆ ئەوەیە تاکو ئەو ڕوبەڕووی دادگە نەبێتەوە .  هەرەوها دەشزانن هاوپەیمانی ئەو لەگەڵ ڕاستڕە و دینییە توندڕەوەکاندا گەورترین زەربە لە نەتەوەی جوولەکە دەدات چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەووەی ئیسرائیل.

توندڕەو و دینییەکان بەو رادەیە دژ بە فەلەستینییەکانن تەنانەت وەزیری دارایی لەم رۆژانەدا وتی : شتێك نییە بە ناوی  فەلەستینییەوە  . خودی نێتەنیاهو زۆر توندە بەرانبەر بە ئێران و دەیەوێت هێڕشی بکاتە سەر بۆ ئەمەش لە هەوڵی قایلکردنی یەکێتی ئەوروپا و بریتانیادایە و سەفەری چەند ڕؤژی پێشوی بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە و ئەمڕۆش بۆ لەندەن بەشێكی سەفەرەکەی هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.

ڕابەری دینی جولەکەکان لە لەندەن پەیامێکی ناردە دەرەوە بۆ جولەکەکان تاکو لە هاتنی نێتەنیاهو بۆ ئێرەو پاش ئەوەی دوێنێ شەو بە دەنگی 61 بۆ 47 دەنگ پرۆژەکەی نێتەنیاهو بوو بە یاسا، کە بەشداری بکەن لە پرۆتێستی ئەمڕؤدا سەبارەت بە هاتنی نێتەنیاهو.

نتێەنیاهو بە تەواوی لە ناو ئیسرائیل و دەرەوەیشی پەراوێز کەوتووە و خۆشی نازانێت چی بکات و نازانرێت کابینەکەشی تا کەی بر دەکات بە هۆی ئەوەی کە لە مێژوی ئیسرائیل دا وەکو دەوترێت حکومەتی وا ڕاستڕەو و توندڕەو نەبووە .

هەواڵی نوێی پرۆتێست و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی فەرەنسا

23/03/2023

بە گوێرەی میدیای فەرمی بریتانیا زیاتر لە یەک ملیۆن و 27 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکاندا کردووە لە سەرانسەری فەرەنسا لە خولی دووەمی چالاکیی مانگرتنی هەماهەنگدا دژی پلانە ناپەسەندەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 64 ساڵ.

 پۆلیس بە  گازی فرمێسکڕێژیی ڕووبەرووی  خۆپیشاندەرانی پاریس بووەتەوە لەکاتێکدا جەماوەرێکی زۆر بەناو شارەکانی سەرتاسەری فەرەنسادا ڕێپێوانیان کرد بۆ ئیدانەکردنی چاکسازییەک کە تەمەنی خانەنشینی دوو ساڵ بەرزدەکاتەوە مانگرتن لەسەر پلانی خانەنشینی ماکرۆن پشێوی و لەیەكترازانی بەشەکان و گەڕەکەکانی ناو پاریس هەروەها  شارەکانی فەرەنسای ئەنجامەکەیەتی.

کرێکارانی فەرەنسی زۆر توڕەن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، لە ڕۆژێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەریدا ڕێگرییان لە چوونە ناو تێرمیناڵێک لە فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل لە پاریس کردو  خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ ، پێنجشەممە، بەشێک لە ڕێبوارانی ناچار کرد بە پێ بگەنە ئەوێ.

هەروەها خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان لەکار کەوتن و  پەکخران و بەشێک لە قوتابخانەکان داخراون  ئەمە لەکاتێکدا کە زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کەڵەکە بووە،  کارەباش وەکو خۆی کار ناکات. گرفتی بەنزین و گازۆییل کە ناگاتە بەنزینخانەکان کێشەیەکی زۆری دروستکردووە. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار ڕۆژی چوارشەممە وتی یاساکە – کە حکومەتەکەی هەفتەی ڕابردوو بەبێ دەنگدان لە پەرلەمانی فەرەنسا پاڵی پێوەنراوە: سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکان تا کۆتایی ساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکاتیش فلییپ مارتینێز، سەرۆکایەتی سەندیکای کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کرێکاران (CGT) دەڵێت لە وەڵامی ماکرۆندا دەڵێت : باشترین وەڵام کە دەتوانین بیدەین بە سەرۆک ئەوەیە کە ملیۆنان کەس مانیان گرتووە و لە شەقامەکاندان.

https://i.ytimg.com/vi_webp/m_SBlFz7hiE/maxresdefault.webp

بەرەیەکی جەنگ بەردەوامە هێشتا ، دەیانەوێت بەرەیەکی دیکەشمان بۆ بکەنەوە

زاهیر باهیر

23/03/2023

سبەینێ 24ی مانگ سیازدە مانگی ڕێکە شەڕی ناتۆ و ڕوسیا بەردەوامە و بەرەکانی جەنگ فراوانتر و توودوتیژ تر دەبێت و تا ئێستاش ئەگەر داگیرکردن نیشانەی بەهێزی و پێشەوەچونی لایەنێکی شەڕکەران بێت ئەوە ڕوسیا لە پێشەوەیە و کارەساتەکەشی  هەموو ئەوروپای  بە گشتی و بریتانیای  بە تایبەتی گرتۆتەوە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیا دەیەوێت بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە. دەیەوێت رابەرایەتی جەنگە وێرانکارییەکان لەدەست ئەمەریکا بسەنێتەوە و خۆی تەندبیرکەر و پلاندانەەری جەنگی لەمەودوا  بکات کە گوایە بە حسابی ئەمان چین هێڕش دەکاتە سەر تایوان ، کە لە کاتێککدا بەڵگەیەکی ئاوا لەبەر دەستدا نیە بۆ سەلماندندی ئەم قسەیە جگە لە هەڕەشەی چین کە تایوان بەشێكە لە چین.

لە ئێستادا بریتانیا بە ئاشکرا دەیەوێت هانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بدات بۆ ئەم شەرە و هەر ئاواش میدیای بریتانیاش بە بەردەوامی ئەوە دەدەن بە گوێی دانیشتوانی بریتانیادا کە چین مەترسی گەوەرەیە لەسەر ئاشتی و ئازادیی جیهان و نێودەوڵەتی، هاوکاتیش بە ڕاستە و خۆ و ناڕاستەخۆ ئەوە دەدات بە گوێی تایواندا کە لەبەردەم هێڕشی داگیرکاریی چیندان .

ئەوەتا ئێستا هەندێك لە پەڕلەمانتارانی بەریتانیا داوای یارمەتی بۆ تایوان دەکەن ،ئەوەندەی کە بتوانرێت،  بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژ بە هێڕشی چین .  بۆ ئەمەش شاندێک لەم پەڕلەمانتارانە لەم هەفتەیەدا لە سەردانەکەیدا بۆ تایوان چاویان بە سەرۆکی تایوان کەوت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان بەریتانیا و چین  ماوەیەكە خراپە و ئەم سەردانەش خراپتری دەکات.

بۆب ستیوارت، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران [ موحافیزین ] و سەرۆکی شاندەکە،  هەر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، تایوان “لە هێڵی پێشەوەی دیموکراسیدایەو خۆی بەڕێوەدەبا  پەیامەکە ئەوەیە کە تا بتوانین هاوکاری تایوان بکەین لە بەرگریکردنەکەیدا”

لە ڕاستیدا بریتانیا پێشتریش  کەمتەرخەمی لە هاوکاری و یارمەتیدانی تایوان نەکردوە . لە ساڵی 2022  فرۆشی بەریتانیا لە ئامێرەکانی پەیوەست بە بەرگری بۆ بەرنامەی ژێردەریایی تایوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.  لە نۆ مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا حکومەتی بەریتانیا 25 مۆڵەتی بەخشی کە کۆی گشتی 167 ملیۆن پاوەندە (206 ملیۆن دۆلار)  بەو کۆمپانیایانە کە پێکهاتەکانی پەیوەست بە ژێردەریایی و تەکنەلۆژیا هەناردە دەکەن بۆ تایوان .

  ئەم ئامارە کە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، زیاتر بووە لە تێکڕای هاوکاری بریتانی لە  شەش ساڵی ڕابوردوودا کە  لە ساڵی 2008دا پەسەندکرابوو، کە لە ئێستادا بە بری 3.3 ملیۆن پاوەند بەرزبووەتەوە.