All posts by azadebram

کورد دەڵێت : کە بزن خوا غەزەبی لێگرت نانی شوان دەخوات

زاهیر باهیر

02/07/2023

چەند مەسەلێکی جوان و پڕ مانایە. کورد بە سەدەها مەسەلی ئاوایان هەیە و هەر هەمووشی بە سەدەها جار تاقی کراونەتەوە لەسەر ئاستی تاك و تیرە و کۆمەڵ و هەرە زۆرینەشیان ڕاست و دروست دەرچوون.

هۆکاری ڕاستی و دروستیشیان ئەوە بووە کە خەڵکە نەخوێندەوارەکە ژیان فێری کردوون، واتە ئەزموون و مامەڵە و تاقیکردنەوە ئەوەی پێگەیاندوون وەکو ئێمەی خوێنەوار نەبوون کە لە کتێبەکانەوە فێر بووبێتین.

ئەوان ئەوەندە بە تواناو خاوەن ئەزموون بوون کە بەیانی هەڵساون کە تەماشایەکی ئاسمانیان کردووە زانیویانە باران، بەفر ، هەتا و چی دەبێت! کە کەسێکیان بییبێت بە دەم جگەرە کێشانێکەوە و خواردنەوەی دیژلەمەیەکەوە وەکو خۆی هەڵیان سەنگاندووە ، کە ” شلەشارییان” بینیوە زانیویانە کە بەرگەی کارایی و کاردانەوەکانی  سروشت کەمتر دەگرێت… کە بزتنەوەی کوردایەتی 61 و دواتریش دەستی  پێکردووە و لە هەزار کەسیاندا کەسێکیان باوەڕیان پێی نەبووە و بێ ئەنجام تەماشایان کردووە .

بەهەرحاڵ ئەم مەسەلەی تایتڵی پۆستەش تەواو تەواو بەسەر ئۆلیگارگ و خاوەنی ئیمپایەری کۆمەڵە بەکرێگیراوەکەی کە بە کوردی ناوی ” جاش” یان بەسەردا جێ بەجێدەبێت یەڤگنی پریگۆژین، بەسەردا دەسەپێ.

ئەم کابرایە کە لەساڵی 2014 وە تورەقی کردووە خاوەنی چەندەها ملیار دۆلار و کارگە و چەندەها ماڵپەڕ و پێگە ئەلەکترۆنی و هاكکەر و شتی تریش بووە  ‘هەتا نەتڕی چوارمشقی دانەنیشت ‘ .  کابرا ئەوەندە دەسەڵاتی پەیداکردبوو ، ئەوەندە پایەدار و ناسراو بوو کە وجوی وەزیری بەرگریی و سوپاسالار و ملیاردەرەکانی ڕوسیا و زۆری تر لە وەزیر و کاربەدەستان نەدەزانی . ڕۆڵی یەکلایکەرەوەی جەنگەکەی ڕوسیا و ئۆکرانیابوو ، گونی خۆی نەك هەر بەسەر تەواوی کۆمەڵی ڕوسی و کاربەدەستاندا بەڵکو بەسەر پوتین-یش دا شۆڕ کردبووە تا ئەو ڕادەیەی کە بە کۆتایی هاتنی جەنگەکە گەورەترین مەترسیشی بۆسەر پوتین و دەسەڵاتەکەشی دروست دەکرد .  ئیتر بۆ پوتین کاتی ئەوە هاتبوو کە ئەو میزەڵانە فش بکاتەوە ، کاتی ئەوە هاتبوو کە پاساوێك ، هۆکارێک، بیانویەك  بێتە پێشەوە پریگۆژین و گروپەکەی لە ئاستێکدا، لە سنورێکدا بوەستێنێت ، کاریشی تا ڕادەیەك پێیان نەمابوو ، جەنگی ئایندەش بەم زوانە لە پلانیدا ( پلانی پوتین) نەبوو . ئەوە بوو ئەو هەلە هاتە پێشەوە و ئەویش بە باشی قۆزتییەوە .

لە ئێستادا بە فرمانی پوتین سەراپای کارگەکانی پریگۆژین لە لایەن دەوڵەتی ڕوسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە ، تەواوی ماڵپەڕ و پێگە ئەلەکترۆنییەکانیشی وەستێنران ، داواش لە سوپاکەی کراوە ئەوانەیاد دەگەڕێنەوە بابگەڕێنەوە و ببنە بەشێك لە سوپای نیزامیی ، گەر ناگەڕێنەوە ئەوە موچەیان چی تر لە لایەن ڕوسیاوە پێنادرێت .  لەو بارەشدا پریگۆژین-یش ئامادە نییە موچەی ئەو کۆمەڵە زۆرە چەکدارە بدات .  هەروەها لە سوریا و لە وڵاتانی دیکە داوا لە حکومەتەکان کراەوە کە مەرجەکانی پوتین قەبوڵ بکەن بە دانانی چەندەها بەربەست بۆیان لەوانە ببنە بەشێک لە سوپای نیزامی ڕوسی و بچنە ژێر فەرماندەیی فەرمی ڕوسییەکانەوە .

لە ماوەیەی هەفتەیە کەمتردا پوتین توانی پەڕو باڵی پریگۆژین و کۆمەڵەکەی بکات و بیانپوکێنێتەوە و لە مەترسی ئایندەش خۆی و حکومەتەکەی و ملیاردەرەکانی ڕوسیاش ڕزگار بکات و هاوکاتیش هیوا و ئومێدی سەرانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ناتۆش لەبار بەرێت و خەونەکەیان پوچەڵ بکاتەوە.

جەنگی نێوانی وڵاتانی سەرمایەداری جەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشخواراوان نییە و سوودی ئەوانی تێدا نییە ، هەر لەبەر ئەوەشە کە دژ بەشەڕ بوون ، دژ بەجەنگ ، باشترین و دروستترین دروشم و هەڵوێست و پێگەیە کە هەر کەس بییەوێت خۆی تێدا دەبینێتەوە.  هەر خەڵکانی دژە جەنگیشن کە تەواوی سیناریۆیەکە دەبینن و هەموو لایەنەکانی شیدەکەنەوە و نەك هەر بڕیاری دروستی لەسەر دەدەن بەڵکو ئەنجامگیری دروستیشی بۆ دەکەن .

بەرەی شەڕکەر و دۆستانیان کە بەناوی دژ بەشەرەوە لەبەرەیەکیاندا خۆیان دەگرنەوە بە بەهانەی ” دژ بەجەنگ” کە لە ڕستیدا ئەوانەش شەرخوازن نەك دژە شەڕ ، هەر لەبەر ئەوەشە کەهەرگیز ناتوانن لەبەرژەوەندی خەڵکانی هەژار و مەینەتدار قسە بکەن و ئەنجامگیرییەکانیشیان هەمیشە هەڵە دەردەچێت.  

حکومەتی فەرەنسا لە وتووێژی ڕاگەیاندنی حاڵەتی کتوپڕیدایە ( حاڵەتی تەواریی )

01/07/2023

پاش ئەوەی کە خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان گەیشتە هەندێك گەڕەکی پاریس و فراوانتربوونی لە دووەم و سێیەم شاری فەرەنسا : مارسێل و لییۆن و دەستگیرکردنی نزیکەی 1000 کەس و خستنە سەرشەقەمەکانی زیاتر لە 45 هەزار پۆلیس ، دوێنی هەینی بە پەلە ماکرۆن لوتکەی کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپای بەجێهێشت و گەیشتەوە پاریس بۆ کۆبوونەوەی بە پەلە .

ماکرۆن فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ڕاگەیاندنی حاڵەتی کتوپڕیی  و قەدەخەکردنی هەموو جۆرێکی پرۆتێست و خۆپیشاندان کە پێشتر لە ساڵی 2005 دا کراوە و قەدەخەکردنی سۆشیال میدیاش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە مارسێل و هەندێک گەڕەکی پاریس دوو شەوە خۆپیشاندان وپرۆتێست قەدەخە کراون.  لە ئێستادا 79 پۆلیس بریندار بوون و 2560 شەقام و شوێنیس گڕی تێبەردراوە .  لە مارسێل مەخزەنی ئەپڵ و سوپەرمارکێتی ئاڵدی تاڵانکراون و لە  گەرەکەکانی دەرەوەی پاریس –یش شۆپی گەورەی زار و هەندێك لە شؤپە گەورەکانی دیکەش فەرهوود کراون.

لە راستیدا لەبری ئەوەی پۆلیس لە هەوڵی ئارامیکردنەوەی بارودۆخەکە بێت و کۆنترۆڵی بکات بووەتە بەرەیەکی جەنگ دژ بە میللەت تا ئەو ڕادەیەی کە وادەزانێت خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان مەبەستی سەرەکییان و دووژمنی تەواویان پۆلیسە .

پۆلیسی فەرەنسا بە گوێرەی قسەی هەندێك لە ڕێکخراوەکان و شارەزاکان و توێژەرەوەکانی توندوتیژی ، دڕندە ترین و توندوتیژترین و ڕایسستترین  پۆلیسن لە هەموو ئەوروپا کە خاوەنی ئەو مەیلە نالەبارەن :  پۆلیسی فەرەنسا مەیلی توندوتیژی هەیە کە لەلایەن گروپەکانی وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی ئەوروپا تیشکی خستۆتە سەر.

هەر ئەمساڵ بەم گەنجەی کە لەم ڕۆژانەدا کوژرا ئەمە سێهەم کەسە هەر بۆ هەمان مەبەست دەکوژرێت پارەکە 13 کەس تەقەیان لێکراوە ن لە ساڵی 2021  3 کەس و ساڵی 2020 دوو کەسی  دیکە هەر بە هەمان مەبەست کوژراون کە هەموو ئەمانە زۆربەیان عەرەب و ڕەيشپێستەکان بوون. لە ساڵی 2018  و 2019دەدا لە پرۆتێستی یەلەك زەردەکاندا 2500 کەس بریندار بوون و گەلێکیان یا چاوێکی یا قاچێکی لە دەست داوە. هاوکاتیش 1800 پۆلیسیش بریندار بوون .

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان زۆربەی شارەکانی فەرەنسای گرتۆتەوە

زاهیر باهیر

30/06/2023

بە تێپەڕبوونی سێ شەو بەسەر ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە فەرەنسا پاش کوژرانی گەنجێکی 17 ساڵی بە ڕەچەڵەک جەزائیری پرۆتێستەکان زۆر فراوانتر بووە و  تاکو ئەم دەمەوبەیانییە زیاتر لە 667 کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەسگیر کراون.

بارودۆخەکە بەجۆرێك مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و دەوڵەت دروستکردووە کە دوێنێ شەو لە هەندێك شاردا شەوان قەدەخەی هاتوچۆکردن ڕاگەیەندرا .  ئەم زانیارییە لە فەرماندەیەکی پۆلیسەوە دزەی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە مەترسی ئەوەیان هەیە کە پریشکی ناڕەزاییەکان هەر لە ئێستاوە گەیشتۆتە شارەکان بۆیە وا پێشبینی دەکەن کە لە ئەمڕۆ و ئەمشە و خەڵکانی نێو شارە گەورەکانیش بە ناڕەزاییەکان بە ئاستێکی گەورە بەشداری دەکەن و مەترسی ئەوەیان هەیە هەمان ناڕەزایی ساڵی 2005 دووبارە ببێتەوە کە سێ هەفتەی خایاند و هاوکاتیش کرێکاران لە زۆر بەشدا پشتیوانییان بە مانگرتن لێکردن .

هەواڵەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئاراستەی ناڕەزاییەکان تا ڕادەیەك گۆڕاوە ئەویش بە دەستبردن بۆ سوتانی بانقەکان و مەکدۆناڵد و تاڵانکردنی سوپەرمارکێت و شۆپەگەورەکانن کە قازانجی بێ وێنەیان کردووە لە ساڵی پار و ئەمساڵیشدا هەرەها هێڕشبردنە سەر مەرکەزی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان.

هەموو خۆپیشاندان و ناڕازاییەك وێرای ئەوەی کە توندوتیژیش دەگرێت بە خۆیەوە کە پەرچەکرداری دەوڵەت و دەزگە سەرکوتکەرەکانێتی ، وانەی گەورە دەدات بە دەسەڵات و دەسەڵاتداران بەوەی کە خەڵکی فەرەنسی نە خەساوە و نە خەوتووە و نە دەشکرێت دەستبەرداری کولتوری شۆڕشگێڕانەی نزیکەی 200 ساڵەی خۆیان ببن .  هاوکاتیش ئەو دەرسە دەدات بە جەماوەر و بە ئاگایان دەهێنێتەوە و چاویان دەکاتەوە و ئەوەیان پێدەگەیەنێت کە سیستەمێك ، دەوڵەتێك کە بە زەبروزەنگ و کۆڵۆنایزکردن و هەراسانکردنی گەنجان و سەرکوتکردنی بیروڕا و ڕووتکردنەوەی هەرە زۆرینەی خەڵکەکەی بۆ کەمایەتییەکی زۆر کەمی دەوڵەمەند و ساماندارەکەی دامەزرابێت ،  ڕەنگە چی تر بە قسە و واژۆ و گلەیی و بەکارهێنای کارتی هەڵبژاردن گۆڕانکاری نەکات . 

خۆپیشاندان و پرۆتیستەکانی فەرەنسا لە پەرەسەندن و فراوانبووندایە

29/06/2023

ڕۆژی سێ شەمە، 27ی مانگ گەنجێکی 17 ساڵ بە ڕەچەڵەک جەزائیری لە شارۆچەکەی Nanterre کە دەکەوێتە دەرەوەی پاریس لە لایەن پۆلیسەوە بە بیانوی ئەوەی کە نەوەستاوە لە ترافیك لایتدا لە نزیکەوە بریندار کراو دواتر گیانی لەدەستدا.

بێ گومان پۆلیس وەکو پۆلیسی هەموو شوێنێك ڕاستی ڕووداوەکە ناگێرنەوە، بەڵام خۆشبەخاتەنا لە ڕێگای سمارت فۆن و کامیراکانەوە درۆکان هەر زۆر زوو پوچەڵدەبنەوە و سۆشیال میدیاش گەرچی زۆر لایەنی خراپی  هەیە وەکو هەموو شتێكی دیکە هەر ئاوا لایەنی باشیشی هەیە هەر زوو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان خەڵکی ڕاستییان بۆ دەرکەوت گەنجان هاتنە سەر شەقەمەکان .

ئێستا پرۆتێستەکە زۆرێك لە شاروچەکە و گەڕەکەکانی هەندێك لە شارەکانی گرتۆتەوە و بە دەیەها شوێن کە ڕەمزن بۆ دەوڵەت دەسەڵاتەکەی لەگەڵ دەیەها پۆلیسخانە سوتێنراون ئەمە جگە لە سوتانی دەیەها سیارە و بەرمیلی خۆڵڕشتن و دورستکردنی بەربەست لەسەر شەقامەکان بۆ وەستاندن و هێواشکردنەوەی جوڵەی پۆلیس . هاوکاتیش تاکو دوێنێ شەو زیاتر 150 کەس لە ناڕەزاییکاران دەستبەسەر کراون و گەلێکیش لە  هەدوو بەرەکە واتە خەڵکی و پۆلیس بریندار بوون.

ماکرۆن و وەزیری ناوخۆو پۆلیس ناچار کران بەوە کە بە فەرمی ئەوە بڵێن کە ئەوەی پۆلیس کردوویەتی قەبوڵناکرێت و هیچ شتێك پاساوی کوشتنی گەنجێك نییە و  کارێکی خراپە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت .  هەروەها دوێنی ماکرۆن داوای کۆبەنەوەی کوبرای کرد لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستەکانیا بۆ وتووێژ لەسەر بارودۆخەکە و چارەسەری.

ئەمانە هەندێکن لەو شوێنانەن کە مەرکەزی پۆلیس لەوێدا سوتێنروان ،Trappes, Gennevilliers، Meudon ، لە ئێستاد خۆپیشاندان ە پرۆتێستەکان لە زۆر شار و شارۆچکەی فەرەنسادا بڵاو بووتەوە لەوەنە Lyon ، Villeurbanne ، Vénissieux ، Bron

 لە وەسفی شەوی پێشوودا وەزیری ناوخۆ وتی ” شەوێکی توندوتیژی بەرگە نەگیراو بوو بەرامبەر بە هێماکانی کۆمار: هۆڵەکانی شارەوانی، قوتابخانەکان، بنکەکانی پۆلیس سووتێنران یان هێرشیان کرایە سەر”

پرسی ڕایسسیزم و مەحرومکردنی خەڵکانی پێستڕەش  و عەرب پرسێکی زیدنووەوە فەرەنسا لەم بارەیەوە هەنگاوی گەورەی نەناوە هەر وەکو گەنجێك لە خۆپیشاندەران بە  ڕؤژنامەنوسێکی وت ” خێزانی ئەم گەنجە سێ نەوەیە لێرن کەچی هێشتا قەبوڵ ناکرێن “

بێگومان هاتنە سەر شەقامی خەڵکی هەر بە تەنها لەبەر ئەمە نییە بەڵکو بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە خەڵکی وەکو هەموو شوێنێکی دیکە تێیدا دەژین بەڵام وەکو هەمیشە بۆ ڕودانی ڕاپەڕینێك تەنها چەخماخەیەکی دەوێت ئیدی لە هەر شوێنیکی وڵاتدا بێت .  ئەمەش یەکەم جار نییە کە لە فەرەنسا ئەمان ڕوودەدات ، فەرەنسییەکان کە خاوەنی کولتوری یاخی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆر و نایەکسانێتی و نادادپەرروەری کۆەمەڵایەتین ، بۆیە  هەمیشە ئەمانە ڕوودەدات و دەرسێك دەدات دەوڵەت و دەسەڵات و هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی شۆڕشەوە نزیمکمان دەکاتەوە .

گەورەترین خۆپیشاندان و پرۆتێست لەم چەرخەدا لە فەرەنسە ساڵی 2005 بوو کە لەو ساڵەدا مردنی دوو کوڕی گەنج کە لە وێستگەیەکی کارەبا لە کلیشی سوس بۆیس لە دەرەوەی پاریس

خۆیان لە پۆلیس شاردبووەوە، چەندین هەفتەی نائارامی بەدوای خۆیدا هێنا، فەرەنسا باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند، چونکە زیاتر لە 9 هەزار ئۆتۆمبێل و دەیان بینا و شوێنی بازرگانی گشتی ئاگر دران.

مەرگی هەر هاوڕێیەک، مەرگی گەڵایەکی درەختە هەمیشە سەوزەکەی ئەنارشیزمە

خەمی نان و خەونی ئازادی

27/06/2023

بۆ ئێمە ئەنارشیستەکان

ڕاگەیاندنی مەرگی هاوڕێیان سەخترین گوتن و نووسینە ..

بە داخ و پەژارەکی زۆرەوە، شەوی ڕابوردوو هاوڕێ (سەلام عارف) ئێمەی تەنیا بەجێهێشت و ئارام و خاترجەم بۆ هەمیشە لە ژیانی کویلەوارانەی سەرمایەداری ڕووی خۆی وەرگێڕا.

ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان هاوخەمیی خۆمان لەتەک خزمانی هاوڕێ سەلام و ئێوە خوێنەرانی سایتی ئەنارکیستان، پەیجی ئەنارکیستان، یانەی ئازادیخوازان و سەکۆی ئەنارکیستانی سلێمانی دەردەبڕین.

هەرچەند لەباری پەککەوتەیی جەستەیی چەند دەهەی هاوڕێ (سەلام عارف) مەرگ ڕزگارکردنی جەستە بێت لە ئازارە ناکۆتاکان، بەڵام بۆ ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان مەرگی ئەو و هەر هاوڕێیەک وەک برینێکی هەمیشەیی لەنێو جەستەی بوونی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئێمە دەمێنێت. هاوکات ئەنارشیست مانەوەی هاوڕێیان تاکو دوا ساتی ژیانی خۆیان، بۆ ئێمەی هاوسەنگەری ئەوان سەرچاوەی وزەی شۆڕشگێڕانە و بڕوابەخۆبوونی ناکۆتا بوە و دەبێت و دەمێنێت.

یادی هاوڕێ (سەلام عارف) پڕ یاداوەری خۆش و هەمیشە زیندوو دەمێنێت

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان

٢٠٢٣/٠٦/٢٧

https://www.facebook.com/salam.aref.5

بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لە بریتانیا

22/06/2023

ئەمڕۆ، 5شەمە، 22/06/2023 بۆ سیازدەهەمین جار لە مانگی 12ی 2021 وە بانقی مەرکەزی بریتانیا بڕیاری دا جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو بەرزبکاتەوە.

گوایە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو لە لەسەدا 4.5 وە بو لە سەدا 4.75 یاخود لە سەدا 5 چارەسەری هەڵئاوسانی پارە دەکات و کێشە ئابووری کە زۆرێك لە ئابووریناسەکان وا پێشبینی دەکەن: یەک : هەتا کۆتایی ساڵ ئەم ڕێژەیە دەچێتە لە سەدا 6 . دوو : ئابوری بریتانیا دەچێتە حاڵەتی ڕکودەوە.

لێرەدا پێویست ناکات بپرسییت ئایا ئەو بڕیارە ئابووری بریتانیا هەڵدەسێنێتەوە و گەشە دەکات و ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دادەبەزێت ، تەنها کردنی پرسیارێکی زۆر ئاسایی کافیییە و پێویستت بە هێنانەوەی داتا و بەڵگە نییە .  پرسیارەکەش :  گەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو چارەسەری ئابووری هەنوکەی بکردایە بۆچی لە 18 مانگدا 13 جار ئەم ڕێژەیە بەررسکرایەوە، کەچی نەك هەر کێشەکەی حەڵ نەکرد بەڵکو خراپتری کرد و خراپتریشی دەکات؟

بەڵگەکان نیشانی دەدەن بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو 1.5 ملیۆن ماڵ کە سلفەی عەقاریان لایە ڕووبەڕووی گەورەترین گرفت دەبنەوە کە زۆرێکیان ڕەنگە خانووکانیان لەدەست بچێت .  لە لایەکی دیکەشە 2.5 ملیۆنی تر کە سلفەی عەقاریان لایە و ڕێژەی دانەوەی قیستەکانیان چەساپاندووە کە لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە زۆر نزم بووە ، بەڵام لە کۆتایی سالی ئایندەدا کۆتایی دێت و ئەوانیش دەبێت بە گوێرەی سووەکەی ئێستا سلفەکانیان بدەنەوە.  ئەمە جگە لەوەی کە ئەم بەرزبوونەوەیە کارایی گەورەی لەسەر کرێچییەکانیش هەیە کە زۆربەیان موچە و کرێیەکی کەمیان هەیە. خاوەنخانوەەکان ڕێژەی بەرزبوونەوەکە دەخەنە سەر کرێی خانووەکە و بەمەش کرێچییەکان بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت.  بە گوێرەی داتای نوێ قازانجی خاوەنخانووەکان لەم ساڵانەدا بە ڕێژەی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 20 چووەتە سەرەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا هاوکاتیس قازانجی بانقەکان کە 5 دانەیان بانقی گەورەی بریتانین زۆر سەرکەوتووە و ئامادەش نین کە ڕێژەی سووەکە بۆ ئەوانەی کە سلفەی عەقاریەن لای ئەوانە کەمبکەنەوە،  بە گوێرەی داتایەکی ئەمڕؤ ئەو 5 بانقە کە

Barclays, HSBC, Lloyds, NatWest and Standard Chartered  لە نێوانی خۆیاند لە ساڵی 2022 دا 37 ملیار پاوەندیان قازانج کردووە .  مانگی پێشو بانقی Lloyds ئاشکرای کرد کە لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجەکەی 2.3 ملیار پاوەند بووە کە لە سەدا 46 لە جاو 3 مانگی ساڵی پاردا سەرکەوتووە. بانقی NatWest یش بۆ هەمان ماوە 1.9 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە بەڕێژەی لە سەدا 50 زیادی کردووە بە بەراورد لەگەڵ هەمان 3 مانگی ساڵی پێشوودا.

بەداخەوە ئەوە قازانجی خودی خۆیانە و ئەوەش بارودۆخی ئەوانەن کە قەزیان لەوان کردووە. 

دابەزاندنی ڕیژەی هەڵئاوسانی پارە یەکێك لە بەڵێنەکانی ڕیشی سوناك-ی سەرەکوەزیرانە کە  لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 5 بەڵێنی دا کە یەکێکیان ئەوە بوو کە دایبەزێنێت بۆ نیوەی ئێستای ، بەڵام لەوە ناکات ئەو بەڵێنەی بچێتە سەر لە کاتێکدا کە ڕێژەی سوو لە بەرزبوونەوەدایە .  

خۆپیشاندانی Just Stop Oil لە لەندەن بەردەوامە

15/06/2023

دوێنێ چوارشەمە ١٤ ی مانگ، گروپی جەست ستۆپ ئۆیل لە سەر چوار لە جسرەکانی لەندەن ڕێپێوانی زۆر هێواشیان ئەنجامدا کە دواتر بووە هۆی دەستبەسەرکردنی هەندێکیان بە گوێرەی یاسای نوی کردنی ڕێپێوانی هێواش ، دەنگە دەنگ کردن، ئەنجامدانی چالاکی ڕاستەوخۆ و زۆر چالاکی دیکە یاساغ کراوە

مانگرتنی سێ ڕۆژی دکتۆرەکانی ئینگلتەرە

١٤/٠٦/٢٠٢٣

ئەمڕۆ ٤شەمە، ١٤/٦ مانگرتنی ٢٧ هەزار دکتۆر دەستیپێکرد کە ماوەی چەند ساڵێکە لە خزمەتدان لە سەعات ٧ سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بۆ ٣ ڕۆژ تاکو شەمە، ١٧ی مانگ سەعات ٧ی بەیانی لە مانگرتندا دەبن.

ئەمە جاری دووەمیانە کە ماندەگرن ، مانگرتنی پێشوویان لە مانگی نیساند بوو. داخوازی ئامان زیدکردنی موچەیانە بە ڕێژەی لە سەدا ٣١ ئەم داخوازییەش گەرچی بە ڕێژەیەکی بەرز دەبینرێت تەنها بۆ هێنانە ڕیزی ئاستی موچەیانە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ کە قەیرانە داراییەکە دەستیپێکرد، چونکە لەو کاتەوە بڕی سەرکەوتنی هەڵئاوسانی پارە یاخود تێچوی ژیانی خەڵك زۆر سەرکەوتووە.

مارکس و ئەنارکیزم

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

VI

بەشی یازدەیەم و کۆتایی

کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی 1873دا هەڵگیرسا، ئەندامانی نێونەتەوەیی  کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرد.  مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de Barrameda, Seville, Cartagena  ) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە  هەر دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە.  بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز.  لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat ) و بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان.  ئەگەر ئەنگلس  تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!

دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی 1891 کاتێک سەرکردەکانی بەناو “گەنج/لاو” لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت کە لینین دەبوو بیکات، دژی “هەلپەرستەکان” و “کاوتسکییەکان”، پارتێکی جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist ) لە بەرلین  دامەزراند.  لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ.  بۆ نموونە ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler ) بخوێنێتەوە، ئەوا  هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ‘ دەوڵەت و شۆڕشی’ لینین-ی دێنە سەر ڕێی.  وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە  بنەماکانی دیموکراسییان ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر ئەساسی  بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.

کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم “گەنجانە/لاوانە” کە وەک کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟  لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge ) ، ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری 1891 بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت  “بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن.  بێ گومان لە نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە نێو گەلەکەماندا کار بکەن.  هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە  جادووگەر هەن . بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.”                      

بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە “کۆمۆنیستەکانی” ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن”.

VII

تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن مەحاڵن.  لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی تەنانەت کەمتریان هەیە.  دەبێ زۆربەی  سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان هاوڕا دەبێت.  ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری  پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی لێکرد.  تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو،  مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی بەختەوەری ئەنارکیزم.

تەواو

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

V

بەشی دەیەم

لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش  ئەمەیە:  کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی  کرێکاری سۆسیالیستی لە  زەلکاوی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم  هەوڵێك بوو بۆ کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن .  ئەو کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند.  بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی 1871 ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:

“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات . تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی ( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت)  چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە  سیاسییەکەی بە شێوەیەك یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”.

ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك  یاخود فیدراسیۆن لە نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات،  چونکە ئەوە تەنها ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن.  بەڵام ئەوەی کە ئەنجومەنی/ لیژنەی  جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی، کارێکی سەپێنراو  بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە شۆڕشگێڕەکانەوە.

کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی 1872 تاجی نایە سەر ئەو کارانەی مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی.  کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان هێنایە ناوەوە.

درێژەی هەیە

………………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .