All posts by azadebram

(بەڵێ با سینۆپ دروست بکەینەوە، ئەمما بە جۆرێک کە هیچ ئەسکەندەرێکی تر نەتوانێت خاپوری بکاتەوە.)

شاخەوان

14/12/2023

لە چەند وانەیەکدا بە گرنگییەوە باسی ژینگەم بۆ خوێندکارەکان کردووە و هەمیشەش لاموایە کە یەکەمین پرسێکە کە کە دەبێت بیری لێبکەینەوە و وەڵاممان هەبێت بۆی، ئەمڕۆ یەکێک لەو خۆێندکارانە کە هۆشیارییەکی زۆری دەربارەی دۆخی ژینگە هەبوو لە سایەی سیستمی چاوچنۆکانەی سەرمایەداریدا، پێشنیاری بینینی فیلمێکی ئەنیمەیشنی بۆ کردم بەناوی (The Lorax).. لە تەک سوپاسی زۆرم بۆ پێشنیارەکەی، بەڵام ئێجگار گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بەسەر ژینگەدا دێت.

ئەم فیلمە ژیانێکی(لە ڕوواڵەتدا) ئێجگار جوان پیشان دەدات لە کۆمەڵگەیەکدا بەهۆی سەرمایەدارییەوە، هەموو شتێک سیمایەکی رازاوە و جوانی هەیە، تەنانەت جوانتر لەوەی کە سروشت خۆیی پێوە بادەدات.. کۆشک و سیتی و باڵەخانەی سەردەمییانە، شەقام و خزمەتگوزاری زۆر و رووبەری سەوزایی گەورە.. بەڵام هیچ شتێک سروشتی نییە.. کەواتە هیچ شتێکیش بەخۆڕایی نییە.. لەو شارۆچکەیەدا تەنانەت هەوا-ش بۆ هەناسەدان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.

سروشت دراو ناناسێت، ئەو ژینگەیەیە کە هەموو شتێکمان بە بێ بەرامبەر پێدەبەخشێت.. بۆ ئەوەی نرخ لەسەر شتەکان دابنێین و سیستمی سەرمایەداری زۆرتر بمانهاڕێت، ئەبێت ئەو ژینگە سروشتییە خۆڕاییە بشێوێنرێت، بە قەولی کارڵ مارکس (سەرمایەداری هیچ درەختێک بەپێوە ناهێڵێت، مەگەر بۆ ئەوە بیهێڵێتەوە کە سێبەرەکەی بدات بە کرێ) ئیشی سەرمایەداری لە بنەڕەتەوە ئەوەیە کە سروشتی خۆڕایی بگۆڕێت بۆ کاڵای بازرگانی.

شارۆچکەکە لەسەر وێرانەی ئەو دارستانە بونیادنراوە کە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کاڵای (سنید) کۆی درەختەکانیان لەناو برد.. پاش ئەو سەرمایەگوزارییە، کاتێک کە درەختەکان نامێنن، کێ لەو زانا و کۆمپانیانە باشتر دەردەکەوێت کە دەتوانن ئۆکسجین بەرهەم بهێنن و بیفرۆشنەوە؟.. سەرمایەداری خەریکی داهێنان و خزمەتگوزاری ناوازەیە کە دەشێت رزگارمان بکات لەو ژیانە سەختەی، کە هەر بۆ خۆی سەختییەکانی بەرهەمهێناوە..

زەمانێک لە کانیاوەکان ئاوی سازگار هەڵدەقوڵی و بینمان پێوەدەنا، ئێستا بە دەبە دەیکڕین، ئەو رۆژگارە نزیکە کە ئۆکسجینیش بکرێتە دەبەوە رەنگە(مرۆڤەکان حەز بە کڕینی هەر شتێک بکەن کە لە دەبەدا دەفرۆشرێت*).. ئەو زەمانە دوور نییە، رەنگە تا فیلمێک، دووانی تر بەرهەمدەهێنرێت لەسەر دۆخەکە، دۆخەکە خۆی بگاتە سەرمان.

ئەگەر پیاو چەندجارێک سەرکێشی بکات، رەنگە لەبەر ئەوەبێت کە پیاوە، بەڵام ئەگەر شێتانە بەردوامبوو لەسەری، لەبەر ئەوەیە کە سەرنجی کچێک ڕابکێشێت!..

(ئۆدری) کچێکی شۆخ و شەنگە و لەسەر هاوسەرگیریەکەی مەرجێکی گرانی هەیە، هەرکەس بتوانێت درەختێکی زیندووی بۆ بهێنێت، ئەوا بەختی ئەوەی دەبێت کە ببێتە هاوژینی.. خۆشەویستی (تێد) بۆ ئۆدری بەو رادەیەیە کە گوێ بە هیچ رێگا و بەربەستێک نەدات و سەرکێشی بەوە بکات و لە ئەنجامیشدا توانی تۆوی درەختی (ترۆفێڵا)ی دەست دەست بکەوێت و بیپیتێنێ و بەم هۆیەشەوە هەم ئۆدی بەدەستهێنا، هەم دونیای سروشتیی ژیانەوە و سەرمایەداری کۆتایی پێهێنایەوە.

ئێستا ئیتر ژینگەی سروشتی شارۆچکەی (سنیدڤێڵ) گەراوەتەوە دۆخی پێش سەرمایەداری. The End.. فیلمەکە کۆتایی هات.

بەڵام چی ئەگەر ئەو کارەساتە لەبیر بکەین و دیسان بووار بدەینەوە بە سیستمی سەرمایەداری بۆ ئەوەی ژیان ژینگەی خۆڕایی سروشت بکاتەوە بە مەکینەدا و بیکاتەوە بە کاڵای بازاڕ؟

ئەسکەندەری مەکدۆنی شارەکەی دیۆجین (سینۆپ)ی خاپور کردبوو، بەڵام لەبەر رێزی زۆری بۆ (دیۆجینی سینۆپی)، جارێک پێیدەڵێت: دیۆجین؛ ئەگەر داوا بکەیت شاری سینۆپت بۆ دروستدەکەمەوە! دیۆجین لە وەڵامدا دەڵێت: نا، چونکە دڵنیام ئەسکەندەرێکی تر دێتەوە و دیسان خاپوری دەکاتەوە.

لە کۆتاییدا سینۆپ دروست کرایەوە، هەزاران شاری تریش دروستکران.. بەڵام چ گەرەنتییەک هەیە کە وەک موسڵ و کۆبانێ و غەزە و شارەکانی تر ئەسکەندەرەکان هەڵنەکوتنەوە سەری و خاپوری نەکەن؟

رزگاربوونمان لە چەشنێک لە سەرمایەداری و سپاردنی ژیانمان بە چەشنێکی تری سەرمایەداری، لە چەشنێک دەسەڵاتەوە بۆ چەشنێکی تر، لە چەشنە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی تر.. رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت ئاریشەکانی ژیانمان کەم بکاتەوە، بەڵام هیچ نییە جگە لە دووبارە سەیرکردنەوەی فیلمی (The Lorax).

…………………………………………………

* لە گفتوگۆیەکی ناو فیلەمکەوە

خۆپیشاندەران ڕێگای خێرای لۆس ئەنجلۆسیان داخست

14/12/2023

خۆپیشاندەران ڕێگای خێرای لۆس ئەنجلۆسیان داخست وەک بانگەوازێک بۆ ئاگربەستی غەززە.  لەو خۆپیشاندانەدا 75 کەس دەستگیرکران کە شەش هێڵی هاتوچۆیان گرتووە. بەڵام لەبری هاوکاری و پاڵپشتی شۆفێرانی سەیارەکانی دیکە و هەروەها هەندێك لە خەڵکی دیکە   هەوڵیان دەدا خۆپیشاندەران لە ڕێگاکە لادەن بە ڕابکێشنیان بێ گوێ دانە هیچ ڕێنماییەکی تەندروستی و ڕەچاوکردنی بارودۆخی کەسانی ڕاکێشراو.

هەر ئاواش بەشێکی قەرەباڵغی ڕێگای ئازادیان لە ناوەندی شارەکەدا داخست. ئەمەی کە ڕوی دا دوێنی ، ڕۆژی 4شەمە بوو لە بەرەبایاندا کە بەسەدەها کەس  لەسەر ڕێگای ژمارە 110 کۆبوونەوە، بەهۆیەوە هاتوچۆ لە کاتی هاتووچۆی بەیانیاندا بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک پەكخرا هاوکاتیش ڕووبەڕووبوونەوەی جەستەیی توندوتیژانە لە لایەن  گەشتیاران ئەوانەی کە دەچوون بۆ سەر کار ڕووی دا کە  هەوڵیان دەدا خەڵک لە ڕێگاکە لابەرن.

. خۆپیشاندانەکە هەر شەش هێڵی هاتوچۆی بەرەو باشووری داخست، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی مەجدانەوەی سەیارەی وەستاو بۆ چەند کیلۆمەترێك.

گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “ناتوانین ڕێگە بدەین بازرگانی وەک هەمیشە بەردەوام بێت، چونکە فەلەستینییەکان بەبێ هۆکارێك دەکوژرێن …بۆیە ڕێگای ئازادمان داخستووە”  لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە لە شوێنی ڕووداوەکە گیراوە، دەرکەوتووە کە شۆفێران هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران دەدەن لەسەر ڕێگاکە و ڕاکێشان و ڕاکێشانی خۆپیشاندەران لەکاتێکدا خۆپیشاندەرانی دیکە دەستوەردان دەکەن.

کەپیتالیزم بە سروشتی

جیهان نۆرمەن

13/12/2023

کەپیتالیزم بە سروشتی، بوونێکی پر لە ناکۆکی و ململانێ و جیاوازی بەرهەمهێنانە لە نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکاندا، وە هەمیشە لە هەوڵداندایە، بە رێگای مێکانیزمی حوکم کردنەوە، ئەو ناکۆکی و جیاوازییانە بپۆشێ. باشترین شێوازی بەرێوەبردن بۆ سەرمایەداری، شێوازی دیمۆکراتییە! لە فۆرمی دیمۆکراتیدا کرێکار بە پێی یاساو سیستەمی دەنگدان و هەڵبژاردن، یەکسانە بە سەرمایەدار و پاشاو دەستەڵاتداران! واتە دیمۆکراتی پێکگونجانی هەموو لە یەکنەچوون و هەموو دژ بە یەکێکە لە ژێر باڵی دکتاتۆرییەتی دەستەڵاتی وەهمی ماف و ئازادی هاووڵاتیاندا!

لای سیستەمی دیمۆکراتی هیچ کێشە نییە کە دەوڵەمەندو هەژار هەیە، کە دەستەڵاتدارو بێدەستەڵات هەیە، کە دەستەیەک، کە زمانێک، کە بەرژەوەندییەک زاڵترە بە سەر ئەوانی تردا، لە کاتێکدا کە هەموو یەکسانن و ئازادن لەو فرسەتەی بۆیان ئامادەکراوە کە وەک کۆیلەی کار، کە وەک کۆیلەی سەرمایە، خۆیان بە باشترین شێواز بفرۆشن لە پێناوی بە دەستهێنانی پلەو سامانێکی زیاتردا!

هەوڵدان بۆ چارەکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەکان لە سەر بنەمای ماف و سەربەستی لە چوارچێوەی سیستەمی دیمۆکراتی سەرمایەدا، وەک هەوڵدان وایە بۆ چارەکردنی نەخۆشێک کە تووشی مەلاریاو لەرزووتا بووە بە داپۆشینی لە ژێر لێفەیەکی گەرمدا!

چارەی کێشەی کەم دەرامەتی و بێکاری و بێلانەی و جەنگ و پەناهەندەیی و ژێرخستنی زمان و کولتور و رەگەزو جەندەرەکان بە ئامێری دیمۆکراسی سەرمایە ناکرێ. بە پێچەوانەوە، تا سەرمایە ماتۆری کۆمەلگەی مرۆڤایەتی بێت، نەک ئەو کێشانە چارە ناکرێن، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرەدەسێنن و بەرفراوانتر دەبن.

بێکاری بەرهەمی زۆربوونی کارە نەک کەم بوونی کار، نەبوونی بەرهەمی زۆربوونیە، نەک کەمبوونی، بێدەستەڵاتی و ژێرخستنی کۆمەڵەکان، بەرهەمی زۆربوونی دەستەڵات و زاڵبوونییە نەک کەمبوونیان، بێلانەیی بەرهەمی بێجێگایی و کەم بەرەیی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرهەمی زۆربوونییەتی، زۆربوونی پەناهەندە بەرهەمی نەبوونی یاساو پاراستن و حوکومەت نییە، بەڵکو بەرهەمی زۆربوونیانە، نەخۆشی زۆربووە،نەک لە بەر کەمی دەرمان، بەڵکو لە بەر زۆری دەرمان، تاوان زۆر بووە، نەک لە بەر نەبوونی پۆلیس و سزا، بەڵکو لە بەر زۆربوونیان، …

بەمجۆرە دواکەوتن بەرهەمی پێشکەوتنە، جەنگ بەرهەمی ئاشتی کۆمەڵایەتییە. ئاشتی کۆمەڵایەتی، واتە ئەو بارووزرووفەی کە کۆیلەکان کاردانەوەی چینایەتیان نییە دژ بە دەستەڵاتداران و چەوسێنەرانیان. ئەو بارووزرووفەی کە کۆیلەکان بوونەتە خۆراک و داردەست بۆ بەرژەوەندی ئیدیۆلۆژی و سیاسی دوژمنەکەیان!

لە ئەمرۆدا ئیدیۆلۆژی ماف و سەربەستی دیمۆکراسی سۆشیال دیمۆکرات و چەپەکان، لە تەک ئیدیۆلۆژی ناسیۆنالیزمدا کاریگەری زۆریان هەیە لە سەر شێواندنی رێبازی بزووتنەوەی پێکەوەژیانی سەرتاسەری کۆمەکی و ئازاد دژ بە سەرمایەو دژ بە دەوڵەتی چەوساوەکانی جیهان!

دوژمنی چەوساوەکان تەنها دەستەڵاتداران نییە، بەڵکو ئەوانەش کە لە نێویاندا، بە بەرگی سۆشیالیستی و بە بەرگی ئازادیخوازی ژەهری وەهمی وەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی پەخش دەکەن بە بێ لەناوبردنی کاریکرێگرتەو سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە! هەرئەوانەش هەوڵ ئەدەن جیاوازی رەگەزو زمان و نەتەوەو کولتور لە سایەی سیستەمی دیمۆکراتی سەرمایەدا چارەبکەن!

بە کورتییەکەی چارەی هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە سنوری سیستەمی کاریکرێگرتەدا ناکرێ!

یا سەرمایەو دەوڵەت، یا کۆمەلگەی کۆمەکی و ئازادی مرۆڤەکان!

بارودۆخی خەڵکی بەریتانیا لە سەردەمی لۆکداون بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنادا

10/12/2023

ڕاپۆرتێکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە لۆکداون لە کاتی کۆرۆنادا “کاریگەری کارەساتبار”ی لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی بەریتانیا هەبووە و زۆرێك لە دانیشتوانی ژیانیان لەسەردەمی قەیرانە داراییەکەی 2008 ئێستا باشتر نییە

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی  the centre-right thinktank the Centre for Social Justice (CSJ).  دامەزراوەی ڕاستی بیرمەندیانەی ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتی (CSJ)، وڵاتەکە مەترسی ئەوەی لەسەرە کە بگەڕێتەوە ناو دابەشکارییەکانی سەردەمی ڤیکتۆریا، کە بەهۆی فراوانبوونی بۆشایی نێوان ڕەوتی سەرەکی و هەژارترینەکانی کۆمەڵگادا دیارە.  سەنتەرەکە دەڵێت، نزیکەی 13.4 ملیۆن کەس ژیانێک بەسەر دەبەن کە بەهۆی تێکچونی شیرازەی خێزانییەوە، نەتوانینی دانی کرێ، خراپی خانووبەرە، نەخۆشی درێژخایەن و تاوانکارییەوە کاریگەرییان لەسەرە.

ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی کاروباری کۆمەڵایەتی CSJ بە ناوی دوو نەتەوەوە دۆخی هەژاری لە بەریتانیا دەچوێنێت ، باس لەوە دەکات کە زۆرترین کەسانی بێبەش [ مەحرومەکان]  لە بەریتانیا لە 15 ساڵ لەمەوبەر باشتر نین.  هەروەها دەڵێت کە لۆکداون لە کاتی پەتاکەدا  “کاریگەرییەکی کارەساتبار”ی لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی میللەت هەبووە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە دەوڵەمەند نەبوون، کە کەلێنی نێوان ئەوانەی پێیان دەوترێت “هەبووەکان” و “نەبووەکان” بە فراوانی کرایەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: لە کاتی لۆکداوندا:

+  پەیوەندییەکان کە بە ژمارەی تەلەفونەوە کراوە بۆ  یارمەتی،  دەستدرێژی خێزانی  بە ڕێژەی 700% بەرزبوونەتەوە.

+  نەخۆشی دەروونی لە گەنجان لە یەک لە هەر نۆ کەس بووە.

+  ئەو نەخۆشییە  یەک لە شەش و نزیکەی چارەکێک لە منداڵە گەورەکاندا بوو.

+ ئامادەنەبوون لە قوتابخانەدا [ غاییی] بە ڕێژەی 134% بازدانی بەخۆیەوە بینی؛.

+1.2 ملیۆن کەسی دیکە چوونەتە سەر یارمەتییەکانی کە بۆ ئەوانەی کە هێشتا لە تەمەنی کارکردندان و ئەو یارمەتییە وەردەگرن.

+ لە 86% کەسی زیاتر داوای یارمەتییان کردووە بە هۆکاری ئالوودەبوونەوە.

+  زیندانییەکان ڕۆژانە بۆ ماوەی 22.5کاتژمێر زیندانی دەکران.

+ پێشتر  شەش کەس لە هەر 10 کەس دەڵێن ناوچەکەیان کوالیتی ژیانی باشییان هەبووە، بەڵام ئەمە بۆ کەمتر لە دوو لە پێنج کەس دوای لۆکداون دابەزیوە.

+ بیست ساڵ لەمەوبەر، تەنها یەک لە هەر نۆ منداڵێک هەڵسەنگێندرابوو کە کێشەیەکی تەندروستی دەروونیی هەیە . ئەو ژمارەیە لە ڕێگای  کلینیکیەوە ناسراوە.  ئێستا ئەو ژمارەیە یەک لە هەر پێنج کەسێکە. بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 17-19 ساڵدان  ژمارەکە سەرکەوتوە بۆ یەك لە چوار کەس .

+ ئەگەر ئەمانە بەردەوام بن، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە تا ساڵی 2030 زیاتر لە یەک لە هەر چوار منداڵی تەمەن پێنج بۆ 15 ساڵ کە ڕەنگە 2.3 ملیۆن منداڵیان هەبێت، دەتوانن تووشی نەخۆشی دەروونی بن.

 ئەندی کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: ئەم ڕاپۆرتە خوێندنەوەیەکی قووڵ ناڕەحەت دەکات.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “سیاسەتی لۆکداون  بەنزینی بەسەر ئەو ئاگرەدا ڕشت کە پێشتر لە ژیانی بێبەشترین خەڵکدا هەبووە، تا ئێستا کەسیش پلانێکی پێشکەش نەکردووە کە لەگەڵ قەبارەی کێشەکاندا بگونجێت”.

ناتۆ و ئەمەریکا نیگەرانن سەبارەت بە  ئەگەری دۆڕانی شەرەکەیان بە ڕوسیا

زاهیر باهیر

07/12/2023

پاش 22 مانگ شەری وێرانیکاری و بەکوشتدانی دەیەها هەزار لە سەربازان و خەڵکانی مەدەنی و ئاوارەبوونی چەند ملیۆن کەس و خاپورکردنی نزیکەی هەموو بەشە خزمەتگوزارییەکانی ئۆکرانیا، ئێستا ناتۆ و ئەمەریکا نایشارنەوە کە مەترسی تێشکانیان لە جەنگەکەی نێوانی ناتۆ و ڕوسیادا هەیە.

سەرۆکی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ، Jens Stoltenberg ، ڕۆژی شەمە، 02-12، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەڵمانی کەناڵی ARD وتی: ” شەڕەکان بە قۆناغ پەرەدەسەنن. دەبێت لەکاتی باشی  و خراپیدا پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین.  درێژەی بە قسەکانی داسو وتی  “پێویستە ئامادەش بین  بۆ هەواڵی ناخۆش”، هۆشداری زیاتری دا و وتی.: ئەمە لە کاتێکدا کە کیێڤ بەردەوامە لە بەرگریکردن لە دژی لەشکرکێشی سەرتاسەری ڕووسیا.

لێدوانەکانی ئەو لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا مشتومڕ لەسەر تەقەمەنی و یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا دەکەن، کە هەندێك لە وڵاتان کەمتر دەربەستن و هەندێکی تریشیان بە هۆکارێك لە هۆکارەکان هاوکاریکردنی زیاتری ئۆکرانیا هەر ئاوا ئاسان نابینن .  هەروەها مۆسکۆ هەنگاوی زیادکردنی سەربازەکانی ناوە.  ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی هەینی فەرمانێکی واژۆکرد بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان بە ڕێژەی نزیکەی 170 هەزار سەرباز بۆ کۆی گشتی یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرباز.

هاوکاتیش جەنڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی ڕووسیا گەیشتووەتە بنبەست و ئاسۆی “پێشکەوتنێکی قووڵ و باش” بەدوور دەزانرێت.

لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدن لە ململانێیەکی گەورەدایە لەگەڵ کۆنگریس، لایەنە کۆمارییەکان دا بۆ دابینکردنی پارە و چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا، لەبەرئەوەی کە زۆرێك لە پیاوانی کۆنگریس دژ بەوەن و لەگەڵ قسەکەی ترامپ-دان کە هەمیشە دەیوت ” یەکەم ئەمەریکا” واتە لە هەموو شتێکدا دەبێت ڕەچاوی ئەمەریکا بکرێت.

لە ئێستادا لە لایەن کۆشکی سپییەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت سەبارەت بە دەربازبوون لە بەهانەی وەستانی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا چونکە دەبێت کۆنگریس ڕەزامەندی لەسەر بدات . کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و پێشبینی کرد کە ئۆکرانیا بەم زووانە زەمینەی لە شەڕی خۆیدا لە دژی ڕووسیا لەدەست دەدات بێ ئەوەی جارێکی دیکە یارمەتی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە پێ بدرێتە.

 شالاندا یۆنگ ، Shalanda Young ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن  و بودجە وتی: “دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە بەبێ کردەوەی کۆنگرێس، تا کۆتایی ساڵ، سەرچاوەکانمان تەواو دەبێت بۆ کڕینی چەک و ئامێری زیاتر بۆ ئۆکرانیا و دابینکردنی ئامێر لە کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا . “  ئەمە ناوەرۆکی نامەکەی یۆنگ بوو بۆ سێنەتەرەکانی کۆنگرێس.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “هیچ کارێکی ئەفسوناوی بۆ دابینکردنی ئەم ساتەوەختە لەبەردەستدا نییە.  ئێمە پارەمان تەواو بووە – و نزیکە لە کاتمان”.

ئەم نامە ئاگرینەی شالاندا یۆنگ پێشینەی هەبوو، ئەویش لە 5ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کرد کە پڕۆژە یاسایەکی تەواوکەری بودجەی 106 ملیار دۆلار پەسەند بکات کە هاوکاری ئۆکرانیا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە هیندستان و زەریای هێمن دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسایشی سنووریش بەهێز دەکات.  بەڵام ئێستا دانوستانە دوولایەنەکان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە وەستاون.

لە نامەکەیدا، یۆنگ  پێشبینی کردووە کە”  لەدەستدانی پاڵپشتی دارایی ئەمریکا، ئۆکرانیا لە بەرەکانی شەڕدا بەچۆکدا دەهێنیت، نەک تەنها ئەو دەستکەوتانەی ئۆکرانیا بەدەستی هێناوە دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکەوتنە سەربازییەکانی ڕووسیا زیاد دەکات

هەر لەم سات و وەختەشدا سەرۆك ژێلێنیسکی لە لایەن جۆ بایدنەوە داوای لێکرابوو کە قسە بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا بکات تاکو ڕاستەوخۆ لە خۆیەوە بیبیستن کە شەڕەکە لە چ قۆناخێکی مەترسیدایە.  بەڵام دوێنێ، 06/12 ، لە دیمانەیەکدا ژێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پەیامەکەی / قسەکردنەکەی بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە کە بە تەما بوو داوای بڕێکی نوێ لە هاوکاری و کۆمەك بۆ ئۆکرانیا بکات بۆ جەنگەکەی لەگەڵ ڕوسیادا. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنگریس هاوکاری دەیەها ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.

گەلێکمان دەمانزانی کە ناتۆ لە ئەم جەنگەدا دەدۆڕێت ، گەرچی دۆڕوای سەرەکی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و  ڕوسیایە،  و لە کۆتاییدا دەبێت سازش بۆ پوتین بکات.  من یەکێك بووم لەو کەسانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2022 دا بە وتارێکی درێژ پاش توێژینەوەیەك لەسەر باری ئابووری ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا ئاماژەم بە تێشکانی ناتۆ کردووە .

ناتۆ و ئەمەریکا وایان دەزانی بە دەستپێکردنی شەڕەکە ، یەك: پرۆتێست و ڕاپەڕین لە ڕوسیادا ڕوودەدات . دوو: سوپای ڕوسی دێتە قوڵایی ئۆکرانیا و دەوروبەری کییڤ ، ئەو کاتە گەمارۆ دەدرێن و هەڵگەڕانەوەی بەشێك لە سوپاکەی ڕوسیا مسۆگەرە و  تێشکانیان شتێکی حەتمی دەبێت . سێ : ناچاربوونی یا ناچارکردنی پوتین بە بەکارهێنانی چەکی ناوکیی ،  کە هەر دەستی کردەوە ئەو کاتە ئەمان لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەموو ڕوسیای بەسەردا خاپوور دەکەن.

ئەمە لێکدانەوەی ئەوان بوو ، خۆ ئەگەر بەهانە و پاساوی چەنگەکە ئەوە بێت کە خۆیان دەیانووت ئەوە بێ گومان دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا و ناتۆ ناشیترین و نەزانترین بوون و  ئەحمەقییەتی سیاسەتمەدا و دەوڵەتمەدارەکانیش هەر وەکو چۆن توێژنەوەی نادروستیان هەبوو و بە هەڵەداچوون لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و تەنانەت ڤێنزویلاشدا ، هەر ئاواش لە شەڕی ڕوسیادا.

بەڵام ڕەنگە مەبەستی  ئەو پاساوە فەرمیانە و هێنانەوەی بەڵگە و بڕێکی زۆر لە زانیارییەکانی هەڵگیرسانی شەڕ  تەنها بۆ گەمژاندنی ئێمەی ” هاووڵاتیانێن”  بووبێت، دەنا لە پشتی پەردەوە پلانی داڕێژراوی پتەو تر هەبوو .  ئەویش هەر هەڵگیرسانی جەنگ / شەڕ یەکێكە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی خۆیان و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیان و لەباربردن و شکستهێنان بە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی وڵاتەکانیان .

ئەوەی ئاشکرایە ئێمە لەگەڵ دەوڵەتەکان و سیاسەتمەدارەکاندا هەمیشە لەشەڕداین، شەڕی تەسكکردنەوەی ئازادییەکانمان، شەڕی بەرزبوونەوەی تێچوی ژینمان ، شەڕی خراپکردنی بارودۆخی دەرونیمان و زۆری تر .  ئەمانە لەدۆخی بە ناو ئاشتیدا کە لە پاڵیا دەکرێت پەتایەکیشمان وەکو پەتای کۆرۆنا بۆ دروست بکەن ، یاخود قەیرانێکی داراییمان بۆ دروست بکەن، ڕوودەدات .  خۆ لە دۆخی شەڕییشدا ئەوە ئاشکرایە تەواوی زیندەوەرانی دوولاقی ئەم سەرزەمینە لانی کەم جارێك  جەنگیان دیووە کە چ کارەساتێكیان بۆ دەهێنێت. 

 

کرێکاران و موچەخۆرحانی بەریتانی لە ساڵی 2008 وە تا ئێستا 10،700 پاوەندیان لەدەست چووە

06/12/2023

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لە ڕۆژنامەی گاردیاندا بڵاوکراوەتەوە بە هۆی لاوازی گەشەی ئابووری و کەلێنی گەورەی نایەکسانییەوە ستاندەری ژیانی دانیشتوانی بریتانیا هاتۆتە خوارەوە بە بەراورد بە گەلێك لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

ئەو ڕاپۆرتە دەلێت لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا واتە لە ساڵی قەیرانە داراییەکەی 2008وە تێکڕای خێزانەکانی بەریتانیا بە بەراورد بە کەنەدا و ئۆسترالیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵندە بە بڕی 8،300 پاوەند خراپترن لەوان.  

ڕاپۆرتەکە دەڵێت  بەریتانیا لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای 2000ەکاندا لە وڵاتانی بەرهەمدارتری وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکادا بووە، بەڵام  پێشکەوتنەکان لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008ەوە بەرەو پێچەوانە ڕۆیشتوون.

ئەگەر بەریتانیا بتوانێت کەلێنی تێکڕای داهات و نایەکسانی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا دابخات، ئەوە ڕاپۆرتەکە نیشانی دەدات کە ماڵە ئاساییەکان بە ڕێژەی 25% (8،300 پاوەند) باشتر دەبن، لەگەڵ زیادبوونی داهات بە ڕێژەی 37% بۆ هەژارترین خێزانەکان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکڕای مووچە دوای لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی پارە زیاتر نەبووە لە پێش داڕمانی بانکیی 15 ساڵ لەمەوبەر.  ئەگەر مووچە بەو خێراییەی پێش ساڵی 2008 بەردەوام ببویایە، ئەوا بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە  تێکڕای مووچەی ئەمڕۆ 43 هەزار پاوەند دەبوو لە بریتانیا نەک 32 هەزار و 300 پاوەند. بە تیشک خستنە سەر کەلێنی ئەدای کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی بەراوردکراو، ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە ماڵە هەژارەکان لە بەریتانیا ئێستا 4،300 پاوەند خراپترن لە هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیان، ئەمەش وایکردووە کە لە کە لە هەوڵی دەستەویەخەدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی تێچووی ژیان.

تەسکبوونەوەی زیاتری ئازادییەکانمان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە

زاهیر باهیر

05/12/2023

ئەوەی ئاشکرایە لای گەلێكمان دەوڵەتەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە ، بە دیمۆکراتی و دیکتاتۆریانەوە هەموو ڕووداوەکان بە باش و خراپیانەوە دەدقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە پاراستن و بەردەوامییدان بە سیستەمی سەرمایەداری کە خودی خۆیان پایە سەرەکییەکەین .

نموونە زۆرە لەو  بارەوە، نزیکترینیان قەیرانە داراییەکەی 2008 ، پەتای کۆرۆنا، ئێستاش 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، 2023 . لەم ڕووداوەنەدا نە کۆمپانیا گەوەرەکان و نە خاوەنکار و نە دەوڵەت قسوریان نەکردووە لە بەکارهێنانییان وەك پاساوێك  دژ بە خەڵکانی هەژار و چەوساوە و دانیشتوانی وڵاتەکانیان.

من لێرەدا هەر وەکو بەڵگەیەك چەند شتێک دەخەمە بەرچاو کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕۆژی یەکشەمەوە وەرمگرتووە.

+ ئازادی ڕادەربڕین لە مەترسیدایە کاتێک کۆڕ و جێگای قسەکەران هەڵدەوەشێنڕێتەوە، جا چ قسەکردنەکە  لەلایەن چەپەوە بێت یان ڕاست.

+ ئاهەنگی خەڵاتکردن بۆ ڕۆماننووس و وتارنووسی لەدایکبووی فەلەستین ئادانیا شیبلی لەلایەن پێشانگای کتێبی فرانکفۆرتەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە بەهۆی “ئەو شەڕەی کە حەماس دەستیپێکردووە“.   ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە بەرلین، بودجەی کەمکراوەتەوە بەهۆی میوانداریکردنی بۆنەیەکی ڕێکخراوی دەنگی جولەکە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەنگۆی ئەوش هەیە کە دابخرێت.

+  فەرەنسا هەموو خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستین قەدەغە دەکات.

+ مایکل ئایزن لە پۆستی سەرنووسەری گۆڤاری بایۆپزیشکی ئیلایف لە پۆستەکەی دوورخرایەوە بەهۆی دووبارە تویتکردنی پۆستێکی ماڵپەڕی تەنزئامێزی پیاز کە بە مانشێتی “ڕەخنە لە غەززییە مردووەکان گیرا بەهۆی بەکارنەهێنانی دوا وشە بۆ ئیدانەکردنی حەماس

+ دەیڤید ڤێلاسکۆ، سەرنووسەری گۆڤاری ئارتفۆروم کە گۆڤارێکی پێشەنگی هونەرییە، بەهۆی واژۆکردنی نامەیەکی کراوە کە داوای “رزگاری فەلەستین و… کۆتاییهێنان بە کوشتن و زیانگەیاندن بە هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاگربەستی دەستبەجێی” دەکات، لە کارەکەی دوورخرایەوە.

+ زانکۆی کۆڵۆمبیا دوو گروپی خوێندکاری، خوێندکاران بۆ دادپەروەری لە فەلەستین و دەنگی جوولەکەکان بۆ ئاشتی ڕاگرت.

+ هۆتێلەکانی هیڵتۆن دوای فشاری ژووری بازرگانی جولەکەکانی ئۆرتۆدۆکس کۆنفرانسێکی لە شاری هیوستن لەلایەن کەمپەینی ئەمەریکا بۆ مافەکانی فەڵەستین هەڵدەوەشێنێتەوە.

+ لە بەریتانیا، وەزیری زانست، میشێل دۆنیلان، دوو ئەکادیمیستی دەستنیشناکرد لە چاوەدێریکردنیان  بە تایبەتی سەبارەت بە ڕەخنەگرتن، بەهۆی بۆچوونەکانیان دەربارەی ئیسرائیل و ململانێی غەززەوە، کە بۆچونیان لەگەڵ میدیای فەرمی دەوڵەتییدا نایەتەوە.

+ زانکۆی هیوای لیڤەرپوول وتارێکی ڕەخنە لە سیاسەتی ئیسرائیل لەلایەن مێژوونووسی بەریتانی-ئیسڕائیلی ئەڤی شلایمەوە هەڵدەوەشێنێتەوە ( ئیلغادەکاتەوە)

+ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ناوەڕۆک لە چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و سایتە هەواڵییە فەلەستینییەکان لادەبەن، یان ئەکاونتەکانیان ڕادەگرن.  ئینستاگرام لە بایۆسی بەکارهێنەرانی فەلەستینیدا دەشڵێت “تیرۆریستانی فەلەستینی بۆ ئازادی خۆیان دەجەنگن”. دواتر داوای لێبوردن دەکات، ئیدیعا دەکات کە  هەڵەیەکە لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکیدا”

+ کەسان و ڕێکخراوەکان، لەنێویاندا زۆربەیان کە جولەکەن، قسە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، قەدەغەکراون یان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان.

+ ڕەنگە لە هیچ شوێنێکدا هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین هێندەی ئەڵمانیا توند نەبووبێت. فەیلەسوفی ئەمریکی جوولەکە سوزان نەیمان نووسیویەتی: “لە بەرلین، وشەی ‘ئاپارتاید’ دەتوانێت خێراتر هەڵبوەشێنیتەوە لەوەی کە وشەی N لە نیویۆرک هەڵبوەشێتەوە.”

+ ئەو ،  سوزان نەیمان،  دەڵێت، ئەڵمانیا زۆر “رێبازێکی فۆرمولەیی بۆ حیساباتی مێژوویی” گرتۆتەبەر، سەیری جولەکەکان دەکات “وەک ئەوەی بە دەنگێکی یەکپارچە قسە بکەن کە بۆ هەمیشە لەسەر ستەمکاری خۆیان جێگیر بوون  “. لە کۆتاییدا دەڵێت: “ئێستا گومانم هەیە زۆرترین شت دەتوانین لە [ئەڵمانیا] فێربین،

+ نووسەرێکی دیکەی ئەڵمانی ئەمریکی، دیبۆرا فێڵدمان، تێبینی ئەوەی کردووە کە تەنیا ئەو جولەکانەی کە ڕەخنەیان لە ئیسرائیل نییە، وەک جوولەکەیەکی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن.  وەک کەسێک کە لە مێژە بە هەمان شێوە قسەی لەسەر تێڕوانینەکانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان کردووە – کە موسڵمانە لیبڕاڵ و عەلمانییەکان کە ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن زۆرجار بە “ناڕەسەن” لە قەڵەم دەدرێن – ئەوە دیدگایەکە کە من لێی تێدەگەم.  نەیمان و فێڵدمان هەردووکیان واژۆکارن لەسەر نامەیەکی کراوەی نووسەران و هونەرمەندان و ئەکادیمییە جوولەکەکانی ئەڵمانی کە “سەرکوتکردنی نائارامکەری ژیانی مەدەنی لە دوای توندوتیژییە ترسناکەکانی ئەم مانگە لە ئیسرائیل و فەلەستین” ئیدانە دەکات.

+ هۆکارەکانی پشتی پەردەی سەرکوتکردنی دەنگە لایەنگری فەلەستینییەکان لە ئەمریکا جیاوازن، بەڵام لێرەشدا زۆر کەس تووشی سەرسوڕمان بوون. جنێڤیڤ لاکیر، مامۆستای یاسا لە زانکۆی شیکاگۆ و پسپۆڕی پێشەنگی ئازادی قسەکردن و یاسای دەستووری ئەمریکا، تێبینی دەکات: “ئەو تەرازووە من و چڕییەکەی سەرسام کردووە“. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەست دەکەیت وەک مەکارتیزمێکی نوێ وایە… سەرکوتکردنی قسەکردن کە ماوەیەکە نەمانبینیوە. ”  خەڵک لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و هەڵدەوەشێنەوە نەک بەهۆی “بەرەوپێشبردنی توندوتیژی” بەڵکو “داوای ئاگربەست” و “ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل“. لاکیر دەڵێت مانای “قسەی ڕقاوی” فراوانتر بووە “بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بگرێتەوە کە بە بڕوای من بە تەواوی ڕەوایە، زۆرجار قسەی لایەنگری ئاشتییە. ”  هەوڵێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی هێڵە ئەخلاقییەکان لە دەوری ئەوەی کە بە قبوڵکراو دادەنرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی دیدگا فەلەستینییەکان.

ڕۆڵی ئیسرائیل لە ڕوداوەکان و جیهاندا

زاهیر باهیر

04/12/2023

ئیسرائیڵ کە دەوڵەتی یەکەمی سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و هاوكاتیش یەکەمین و باشترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە،  بۆ مانەوەی خۆی و هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ زۆرینەی دەوڵەتانی دوونیادا هەمیشە ڕۆڵی گەوەرەی هەبووە و هەیە لە هاوکاری و هاوپەیمانێتی ئەو وڵاتانەدا .

من لێرەدا هەنێك لەو ڕۆڵانەی ئیسرائیل هەر بۆ زانیاری لیست دەکەم :

+ ساڵی 1980 ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ میسردا کە ئەو کاتە لە ئاشتیدا بوون غەزەیان  گەمارۆ دا.

+ شەش لە کۆی نۆ هاوبەشی بازرگانی سەرەکی ئیسرائیل لە گەڵ وڵاتانی  گروپی حەوتدان.

+  سێ سەرچاوەی سەرەکی ئیسرائیل بۆ هاوردەکردنی چەک وڵاتانی گروپی حەوتە.  هاوکاتیش گروپی حەوت بەردەوام دژی داوای ئاگربەستی بووە لە غەززە. لە 27ی تشرینی یەکەم، کاتێک بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەستی بەپەلەی لە غەززە دەکرد بە دەنگی 121 دەنگی زۆرینە پەسەندکرا، فەرەنسا تاکە دەوڵەتی گروپی حەوت بوو کە دەنگی بەڵێی دا.

+ لە سەرانسەری باشووری جیهانیشدا دژایەتی ئیسرائیل بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی سەرکوتکەر لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریقا.

+  لە ئەمریکای لاتین ئیسرائیل لە کاتی جینۆسایدکردنی مەیانەکان لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەکی بۆ حکومەتی گواتیمالا دابین کرد.

+ ئیسرائیل دابینکەرێکی سەرەکی چەک بوو بۆ دیکتاتۆری پینۆشێت لە شیلی، دیکتاتۆری سۆمۆزای-شی لە نیکاراگوا چەکدار کرد، پشتیوانی لە سەرکوتکردنی سەربازی لە ئەلسەلڤادۆر و ئەرجەنتین کرد. دەوڵەتی مەکسیكی  چەکدار کرد لە شەڕەکەیدا دژی یاخیبوونی زاپاتیستا.

+ لە ئەفریقا ئیسرائیل پشتگیری لە ڕژێمە کەمینە سپی پێستەکان دەکرد لەکاتێکدا ڕووبەڕووی پەرەسەندنی گۆشەگیری نێودەوڵەتی بووبووەوە.  لە ماوەی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەفریقای باشووری ئاپارتاید پەرەپێدا و بە درێژایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وەک یەکێک لە بەهێزترین لایەنگرانی وڵاتەکە مایەوە.

+ ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ڕۆدێسیا دوای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1967 سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، کەچی ئیسرائیل چەکی بە دیکتاتۆری مۆبوتو لە زایر فرۆشت.

+ شانبەشانی چالاکییەکانی دیکەی ئاسیا – بازرگانیکردن لەگەڵ دیکتاتۆری سوهارتۆی ئەندەنوسیا و دیکتاتۆری مارکۆس لە فلیپین، فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناسیۆنالیستی هیندۆسی مودی لە هیندستان (کە بووەتە گەورەترین کڕیاری چەکی ئیسرائیل لە جیهاندا) و فرۆشتنی چەک بە جونتای میانمار/ بێرما.

+ ئیسرائیل ناوبانگێکی زۆری لە زۆربەی باشووری جیهانیدا دەرکرد وەک هاوپەیمانێکی سەرسەختی حکومەتە سەرکوتکەرەکان کە هەوڵدەدەن خەبات و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەناوببەن.  لەم بوارەدا مێژوویەک لە لێدوانی ڕەگەزپەرستانە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە پشکێنراوە.  بۆ نموونە لە ساڵی 2006 باڵیۆزی ئیسرائیل وتی کە “ئیسرائیل و ئوسترالیا وەک خوشک وان لە ئاسیا” چونکە “ئاسیا لە بنەڕەتدا ڕەگەزی زەردە” لە کاتێکدا “ئۆسترالیا و ئیسرائیل … لە بنەڕەتدا ڕەگەزی سپی پێستن“.

خۆپیشاندان لە تەلئەبیب دژ بە بۆردمانکردنی غەززە

04/12/2023

سەدەها کەس ڕۆژی شەمە – 02/12 لە تەلئەبیب هاتنە سەر شەقام، ئەوە یەکەمجار بوو بنەماڵەی بەشێک لەو کەسانەی کە ڕفێندرابوون لەگەڵ چالاکوانەکانی دژ بە شەڕ  کۆببنەوە، کە بەشداری ناڕەزایەتی لە تەلئەبیب دەکەن دژی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە . خۆپیشاندانەکە  لە دەرەوەی بارەگای سوپای ئیسرائیل لە تەلئەبیب بوو کە ناڕەزایەتییەکی زیندوانە بوو کە بەرابنەر بە دووبارە بۆردومانکردنی غەززە، دەریانبڕی کە ئەوان بە هۆکاری وەستانی ئازادکردنی ئەو 130 بارمتەیەی دەزانن کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن..  

 گروپەکە دوای گردبوونەوەی ئاسایی هەفتانە کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانەی دەکرد کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون، و بەدەوری بنکەی سەربازی کیریای هێزی بەرگری ئیسرائیلدا ڕێپێوانیان کرد و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەیان لەگەڵ کابینەی جەنگی وڵاتەکە کرد و فشارخستنە سەر ئاگربەست.

 نوام شوستەر-ئێلیاسی، ئەکتەری کۆمیدی کە بەشێک بوو لە ناڕەزایەتییە  وتی بڕیاری بەردەوامبوونی شەڕەکە کە هەینی دەستیپێکردەوە، “ئەم خێزانانەی کە خۆشەویستانیان ڕفێنراون و  بە بارمتە گیراون دەخاتە نەهامەتییەوە. پلانی حکومەت  چییە؟ ئایا تەنها بەردەوامبوونی بۆردومانەکانە لە غەززە؟ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لەوانەی بەشداربوون چالاکوانی دژە جەنگ بوون، هەوڵیانداوە “هەموو شتێک بکەین بۆ وەستاندنی ئەم حکومەتە تاوانبارە”، هاوکاتیش  ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دۆخی ئێستادا “کەمترین شت کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە لەگەڵ خێزانە بارمتەکاندا بین“.  شوستەر ئەلیاسی ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا هەوڵی سیاسی و ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکان دەتوانن خەڵک بە زیندووی بهێڵنەوە.  بەردەوام بوو وتی:  تاکە هۆکارێک کە هەندێکمان لێرە ئۆکسجین و هەندێک وزە لە جەستەماندا هەیە، بەهۆی ئەو ئاگربەستەی چەند ڕۆژە بووە کە بینیمان خێزانەکان یەکدەگرنەوە و زانیمان کە خەڵک لە غەززە بۆردومان ناکرێت.

ناڕەزایەتییەکی دیکەی دژە حکومەت لە قەیسەری بەڕێوەچوو، کە موڵک و ماڵی بنیامین ناتانیاهۆی لێیە.   ئیران لیتمان، باوکی ئۆریا کە لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا کوژرا، لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتەنیاهۆی دەکرد.  ئەو باوکە  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە هۆکاری ئەو شکستانە زانی کە بووە هۆی هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس لە ئیسرائیل.  بەپێی هەواڵێکی هارێتز  ئەو باوکە وتی: دەستی حکومەتی ئیسرائیل، و سەرکردەکەی، بە خوێن سوورە.  یائیل ئادار، کە تامیر کوڕە تەمەن 38 ساڵەکەی هێشتا لەلایەن حەماسە، بەڵام خەسووی تەمەن 85 ساڵ بەناوی یافا، زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر ئازادکرا، ئەویش قسەی خۆی کرد.

هاوکات ئەوانەی بە ئاشکرا داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە دەکەن لە کەمینەیەکی کەمدا ماونەتەوە لە نێوان شەرمەزارکردنی توندی هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا. ئیسرائیلی بوون قورسە. ئەستەمە جولەکە بیت. ئەستەمە چەپ بیت” شوستەر-ئێلیاسی وای وت. ئەستەمە لە ئێستادا کەسێکی لۆژیکی بیت و مرۆڤایەتی و ویژدانی هەبێت.”

قسەکەری سەرەکی بارمتەکان و خێزانە ونبووەکان وریا بوو لە وەڵامدانەوەی خۆی بۆ قەیرانەکە تاکو بە سیاسی نەکات، لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر هێشتنەوەی پرسەکە بووە بە دەستێوەردانی دووبارەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بەبێ ئەوەی زۆر بە وردی باس لەوە بکات کە چۆن ئازادکردنی بارمتەکان بە باشترین شێوە بەدەست دێت.

هاوکات ئەوانەی بە ئاشکرا داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە دەکەن لە کەمینەیەکی کەمدا ماونەتەوە لە نێوان شەرمەزارکردنی توندی هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا  ئیسرائیلی بوون قورسە.  ئەستەمە جولەکە بیت.  ئەستەمە چەپ بیت” شوستەر-ئێلیاسی وای وت. ئەستەمە لە ئێستادا کەسێکی لۆژیکی بیت و مرۆڤایەتی و ویژدانی هەبێت.”

هەژارترین وڵاتانی جیهان لانیکەم 12 هێندە زیاتر  بۆ دانەوەی قەرزەکانی …..

01/12/2023

هەژارترین وڵاتانی جیهان لانیکەم 12 هێندە زیاتر  بۆ دانەوەی قەرزەکانی بانقی نێودەوڵەتیی و صندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ئەو پارەیەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی جیهانی و پاکی ژینگە خەرجی دەکەن  .  گروپێکی کەمپەین هۆشدارییان داوە، بەرەنگاربوونەوەی باری نائاسایی کەشوهەوا بەهۆی قەیرانی قەرزەکانەوە کۆسپی بۆ دروست دەبێت کە هەژارترین وڵاتانی  جیهان زیاتر لە 12 هێندەی خەرجییەکانیان دەدەن بە قەرزدەرەکانیان.

 لەگەڵ کردنەوەی کۆبوونەوەی/ کۆنفرانسی لوتکەی ژینگە Cop28 لە دوبەی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، گەشەپێدانی دارایی نێودەوڵەتی (DFI) ڕایگەیاند، خولێکی نوێی هەڵوەشاندنەوەی قەرزە گشتگیر و گەورەکان بۆ ئازادکردنی وەبەرهێنانی زۆر پێویستە بۆ فریاکەوتنی کەشوهەوا.

 توێژینەوەیەک لەسەر خەرجکردن لە 42 وڵات لەلایەن DFI [ گەشەپێدانی دارایی نێودەولەتی ] دەریخستووە کە دانەوەی پارەی قەرزەکان بە تێکڕا 32.7%ی بودجەی ساڵی 2023 پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا کە تەنها بە بڕی  2.5% لە قەیرانی کەشوهەوادا سەرف کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەندەنوسیا کە چوارەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین دانیشتوانی هەیە، بەنیازە تەنها 0.12%ی بودجەکەی بۆ چارەسەری قەیرانی کەشوهەوا لە ساڵی 2024 خەرج بکات، ئەمە  لەکاتێکدا وا پێشبینی دەکرێت دانەوەی بڕی پارەی بە قەرزدەرەکان 29% بێت.  زۆربەی ئەو وڵاتانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە پێشبینی دەکەن کەمتر لە 2%ی بودجەکانیان بۆ گونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا خەرج بکەن – و زۆربەیان کەمتر لە 1% وەبەرهێنان دەکەن.

ماتیۆ مارتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری DFI وتی بەرنامەیەکی گەورەی هەڵوەشاندنەوەی قەرزەکان لەسەر قەبارەی دەستپێشخەرییەکانی کۆتاییەکانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی 2000 پێویستە.  دانەوەی بڕی قەرزەکان بە تێکڕا 38% لە سەرانسەری 139 وڵاتی باشووری جیهانیدا بووە، ئەم بڕە پارەیە بووە بە  57.5% بۆ وڵاتانی کەم داهات .

مارتن وتی: ” ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جددی بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا، پێویستە جددی بن لە کەمکردنەوەی قەرزە گشتگیرەکان بۆ کۆمەڵێک وڵاتی بەرفراوان.  “ئەگەر ئێمە بڕی دانەوەی قەرزی وڵاتان بۆ 15%ی داهاتەکانیان دابەزێنین، پارەی پێویستمان دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی کەشوهەوا ببینەوە. ” لە ڕاپۆرتەکەی DFI کە گروپێکی هەڵمەتی قەرزەکاندا، هاتووە کە قەرزەکان لە ئێستاوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێگریکردن لە گەورەکردنی وەبەرهێنانەکانی وڵاتان لە بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی جیهانی.

تەنانەت ڕەنگە ململانێ بۆ گەڕاندنەوەی قەرزدەرەکان قەیرانی کەشوهەوا خراپتر بکات، وڵاتان ناچاربن زۆرترین هەناردە بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دراوی بیانی کە ئەو پارەیە پێویستە بۆ دابینکردنی چارەسەری قەیرانەکە.  زۆرجار ئەمە بە مانای بەردەوامبوونی دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی بووە کە لە کورتخایەندا قازانجێکی زۆری هەبووە و تەنانەت فراوانکردنی پڕۆژەکانی سووتەمەنی بەردینی، کە ئەگەری هەیە گواستنەوەی وزەی خۆیان لە پرۆسەکەدا دوابخەن.

لە لایەکی دیکەوە ئاشکرا بووە کە ساڵانە بە هۆی پیسبوونی ژینگەوە 5.1 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەمرن . لەگەڵ ئەم هەوڵ و پێشبینیکردنانەدا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ دەرکەوتووە کە زۆربەی سپۆنسەرەکانی Cop28 ناویان تۆمار نەکردووە بۆ ئامانجی کۆبوونەوە لوتکەیەکان سەبارەت بە ژینگە بۆ هینانەخوارەوەی پلەی گەرمی بۆ سفر .  کە ئەم پلەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری دەکرێت شیکارییەکان دەریدەخەن کۆمپانیاکان لەنێویاندا بانکی ئەمریکا هیچ پابەندبوونێکیان نەبووە بە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی بەپێی سیستەمی دابەزینی پلەی گەرمی بۆ سفر .

ئاشکرا بووە زۆربەی کۆمپانیاکانی سپۆنسەری دانوستانەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی پابەند نین بە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی خۆیان بەگوێرەی گەیشتن بە ئامانج کە پلەی  سفرە لە پاکی ژینگەدا کە لە ئاستی جیهانیدا دانپێدانراون.

 بەپێی شیکارییەک، لە 20 کۆمپانیا و بانك کە سپۆنسەری کۆنفرانسی لوتکەی ژینگە/کەشوهەوا دەکەن  یەکێک ناوی خۆی تۆمارکردووە بە پەسەندکردنی هێنانە خوارەوەی پلەی گەرمی بۆ  سفر، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری لێ دەکرێت.