All posts by azadebram

کەمپەینی بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆی گشتی لە لەندەن و کردنی چەند پرسیارێك

زاهیر باهیر

28/07/2024

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پێشنیاری بەڕێکردنی کەمپەینێك بۆ بە خۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتوچۆ لە لەندەندا وەکو پاس و میترۆ و قیتار کرا . گروپێکی ئێمەش لە شارەوانی هارینگەیدا بە دوو کەس بەشداریمان کرد لەگەڵ دەیەها گروپی دیکەی شارەوانییەکانی تر.

کەمپەینەکە لە ئێستادا لە پەرەسەندندایە  و لە هەندێك شارەوانیدا گروپی تایبەتی ئاسۆیی بۆ دروست کراوە و کاری لەسەر دەکەن .  ئێمە لە شارەوانییەکەی خۆماندا هەزاران لفلێتمان لە چاپ داو گرنگی کەمپەینەکە و پێویستی و زەرووریەتییمان و دەستنیشانکردنی چەند سەرچاوەیەك وەکو فەندێك بۆ بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆ-مان دەسنیشان کرد و ڕۆژانە لە زۆر شوێندا دابەشمان دەکرد و قسەمان لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ خەڵکی .

بێ گومان بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆ لە لەندەندا زۆر سوودی هەیە : بۆ ژینگە ، کەمکردنەوەی نەخۆشی ڕەبۆ و مردن ، چێژوەرگرتن لە سەفەر، بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانی خەڵک و خولقاندنی زیاتری کار  و تەنانەت بۆ بزنسیش زۆر باشە، ژیانی سۆشیالی ، کەمکردنەوەی پێویستی سەیارە، زەربەدان لە کۆمپانیاکانی نەوت و بەنزین و گازۆیل، سەلامەتی خەڵك ، بەکارهێنای شوێنی ساحەی سەیارە و پاركکردن بۆ مەبەستی دیکە و دەیەها سوودی دیکە.

هاوکاتیش ئەوەمان ڕوونکردنەوە کە ئەمە خەون نییە و لە زۆر شوێنی دیکە هەیە بۆ نموونە : لۆکسەمبەرگ، تەلیین لە ئیستۆنیا، مۆنتەپیلێر و دونکەریە (Montpellier , Dunkerque ) لە فەرەنسا هەروەها Albuquerque , Kansas City ) لە ئەمەریکا ، مالتا و چەند شارێکی دیکە لە ئیسپانیا و پۆڵندە بەرازیل.

بێگومان هەموو کەس بە ئایدیایەکی زۆر باش و زەرووری دەزانی چونکە تکتی هاتووچۆ لە بریتانیادا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا گرانترە بەڵام تاکە پرسیارێک کە دەکرا ئەوە بوو کە پارە نییە و ناکرێت!! ئەم خەڵکە میدیای فەرمی و پاگەندەی بەردەوامی حوکمڕانان و سیاسییەکان ئەوەی لە مێشکیاندا جەسپاندووە کە پارە نییە و گەر هەر شتێکی زیادە بکرێت دەبێت باج لەسەر کرێکاران و خەڵکە ئاساییەکە زیاد بکرێت . 

ئەم خەڵکەی کە ئەم پرسیارانەیان دەکرد هەرگیز ئەو پرسیارانەیان لە خۆیان نە دەکرد : ئەی بۆ 75 ملیار پاوەند هەبوو بۆ موچەی کرێکاران و کارمەند و خەڵک لەکاتی پەتای کۆرۆنا کە لۆکداون دەستی پێکرد ؟ بۆچی 12 ملیار پاوەند هەبوو بۆ هاوکاری حکومەتی ئۆکرانیا ؟ 11 ملیار پاوەند بۆ سوپای بریتانی بۆ جەند ساڵێکی کەم تەرخان کراوە ، بۆچی؟ بۆچی حکومەتی تازەی بریتانیا پابەندی خۆی دەربڕی بە دانی 3 ملیار پاوەند ساڵانە تاکو لانی کەم ساڵی 2029 بۆ هاوکاری سەربازی و سوپای ئۆکرانیا لە جەنگیدا دژ بە ڕوسیا؟ کەچی خەڵك پرسیار ناکات باشە حکومەت ئەم پارەیە لە کوێوە دەهێنێت ،بەڵام بۆ ئەم مەبەستە و زیادکردنی موچەی کرێکران و کارمەندانی کەرتی دەوڵەتی پارە نییە ؟!! ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیاهە نموونەی دیکە کە حکومەت پارەی هەیە یا دەتوانێت پارە بەدەست بهێنێت گەر بییەوێت.

هەر بۆ نموونە باج دانان لە سەر ملیاردەر و ملیۆنەرەکانی بریتانیا کە سەرمایەکانیان دەگوێزنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە تەکس نادەن یا زۆر کەم دەیدەن یاخود لە زۆنی پارێزراودا پاشەکەوتی دەکەن تاکو تەکسی لێنەدەن .

با هەر نموونەی ئەمەریکا بهێنمەوە گەرچی بە مانای ئەوە نایەت کە ئەوێ باشترە لێرە و حکومەتەکەی دادپەروەرە یا دادپەروەر ترە . بایدن پێشنیاری کردووە باجی 25% لەسەر سامان کە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بێت دابنرێت، ئەمەش کە  حساب کراوە 500 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵدا کۆدەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی بودجەی یارمەتییەکانی وەک چاودێریکردنی منداڵان و هاوکاری دایکان و باوکان لە کاتی منداڵبوونیاندا .    بایدن پێداگریی لەسەر پێشنیارەکەی دەکات و دەڵیت باجەکەی دادپەروەرانەیە، چونکە تێکڕای ڕێژەی باج بۆ هەزار ملیاردێری ئەمریکا کە لە ئێستادا لەسەد  8.2% باج دەدەن سەردەخات تاکو نزیک ببێتەوە لەو باجەی کە کرێکارانی ئەمەریکی دەیدەن کە لە سەدا 25  لە ئێستادا .

 بەرازیل کە سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات، هەوڵی جددی دەدات  کە لانیکەم 2% ی باج لەسەر 3 هەزار دەوڵەمەندترین ملیاردێری جیهان دابنرێت بۆ پرسی ژینگە و پاراستنی.

چالاکوانانی ژینگە توانییان ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکانی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپادا ڕاگرن

25/07/2024

لە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە فڕۆکەخانەکانی ئۆسلۆ بۆ بەرشەلۆنە، چالاکوانان گەشتەکانیان پەکخست و داوایان کرد وڵاتانی دەوڵەمەند و پیسکەری ژینگە  تا ساڵی ٢٠٣٠ قۆناغ بە قۆناغ سووتەمەنی بەردینی هەڵبگرن ، ئەمڕۆ گەرمترین ڕۆژی جیهانە کە تۆمارکراوە [ مەبەست لە ڕۆژی 4شەمەیە].

لە بەیاننامەیەکدا کەمپەینەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەمڕۆ خەڵکی ئاسایی حەلکردنی گرفتەکان دەخەنە دەستی خۆیان بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن کە حکومەتە تاوانکارەکانمان نەیانتوانیوە بیکەن”. “ئێمە جەستەمان دەخەینە ژێر تایەی فڕۆکەکان ئەو ئامێرانەی دیکە و دەڵێین ‘نەوت دەکوژێت’.”

لە ئەڵمانیا، خۆپیشاندەرانی گروپی کەشوهەوای نەوەی لێتزتێ (نەوەی دوایی) بۆ ماوەیەکی کورت گەشتەکانیان ڕاگرت، دوای ئەوەی سیاجێکی زنجیر بەستراویان بڕی و خۆیان بە قیرتاوەکەی فڕۆکەخانەی کۆڵن-بۆن چەسپاند. فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 31 گەشت هەڵوەشاونەتەوە و شەش گەشتیان لابراون.

 لە نەمسا، چالاکوانان گەشتێکیان دواخست بە ڕەتکردنەوەی دانیشتن پێش هەڵفڕینی فڕۆکەکە لە کاتێکدا هەندێکی دیکە بۆیەی پرتەقاڵییان بە تێرمیناڵەکەی  فڕۆکەخانەی ڤیەننا ڕژاند.

 لە سویسرا ئەو ڕێگایانەیان داخست کە بەرەو فڕۆکەخانەکانی زیوریخ و جنێڤ دەچوون.

ناڕەزایەتی زیاتر فڕۆکەخانەکانی نەرویج، فینلاند و ئیسپانیای گرتەوە. لە بەریتانیا 10 چالاکوانی گروپی ‘ جەست ستۆپ ئۆیل’ بە تۆمەتی پەکخستنی پلاندانان لە فڕۆکەخانەی هیسڕۆ دەستگیرکران. هەموویان لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

گروپی هۆڵەندەی  ‘یاخیبوون  لەناوچوون’  کە ڕۆژی چوارشەممە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانەوە کردووە، ڕایگەیاندووە کە پلانی چالاکیی زیاتر بۆ ڕۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەکانی لانیکەم حەوت وڵات دانراوە.

دەسەڵاتدارانی وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی فڕۆکەخانەکانیان کردووە و بڕیاری  سزای توندتریان بۆ چالاکوانان داوە.

ئەمرۆش ، 5شەمە، هەمان گروپی دوێنێ لە فرانکفۆرت 6 چالاکوانیان خۆیان گەیاندە ڕێڕەوی ڕیکردنی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەکە بە بڕینی چمکێکی وایەرەکانی کە سیاجی دەوری فڕۆکەخانەکە دەکات بۆ چوونە ناوەوەی فڕۆکەخانەکە .

ئەمان دەیەوێت حکومەتی ئەڵمانیا تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕێککەوتنێکی جیهانی بۆ دەرچوون لە نەوت و گاز و خەڵوز پەیڕەو بکات، چەند وڵاتێکی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکای باکوردا خستۆتە لیستی پەکخستنی هاوشێوەکانەوە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ناڕەزایەتیدا کە ڕۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد.

 فڕۆکەخانەی کۆڵن بۆن لە ئەڵمانیا کە شەشەم گەورەترین فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیە، ڕۆژی چوارشەممە گەشتەکانی بۆ چەند کاتژمێرێک ڕاگرت، دوای ئەوەی چالاکوانانی کەشوهەوا خۆیان گەیاندە بە ڕێڕەوێکی فڕینی فڕۆکەکانا، لەکاتێکدا کردەوەی هاوشێوە لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئەوروپا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پووچەڵکرابووەوە. فڕۆکەوانی جیهانی بەرپرسیارە لە نزیکەی لەسەدا ٢.٥ی دەردانی کاربۆنی جیهانی، کە زیاترە لە شوێنپێی ساڵانەی کاربۆنی بەرازیل و فەرەنسا بەیەکەوە.

ئەم چالاکییە چابووکانە لە نێوانی گروپەکاندا ڕێکخراوە لەژێر دروشمی ” نەوت دەکوژێت یا خود نەوت بکوژە”

لە ئێستاوە پلانی جەنگێکی دیکەی گەورە لە سێ ساڵی دیکەدا کێشراوە

زاهیر باهیر

24/07/2024

لە کاتێکدا کە دوو جەنگی گەورە و چەند  جەنگێکی بچوك و هەروەها دەیان جەنگی بێ تەقەی وەکو جەنگی ئابووری و قەدەخەکردنی ئازادیی و بێ کاری و هەڵکەندن لە جێگای خۆ و جەنگی پەنابەری و کۆچبەری و بێ جێگاو ڕێگایی و مادە هۆشبەرەکان و نەخۆشی کوشندەی مەترسیدار و زۆری تر لە ئارادایە ، گەورە جێنڕاڵی بەرپرسی سوپای بریتانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی “میحوەرێکی هەڵچوون” بووەتەوە لەگەڵ زیادبوونی تەماح و ململانێی   سەربازیی، ململانێیەک کە یەکێک لە وڵاتەکانی دەتوانێت ببێتە هۆی “تەقینەوەیەکی بەرچاو” لە شانۆیەکی دیکەدا. بۆیە دەبێت یا بەرگری لە خۆیان بکەن یا رووبەروی ئەو شەڕە ببنەوە.

پاساو بۆ ڕاگەیاندنەکەی ئەم سوپاسالارە ئەوەیە کە وڵاتانی بریتانیا و هاوپەیمانەکانی  ڕووبەڕووی مەترسی چین و ئێران و ڕوسیا و کۆریای باکوور دەبنەوە.  ئەو دەڵێت ئەوەتا سەرۆکی چین داوا لە سوپاکەی دەکات کە ئامادەبن بۆ داگیرکردنی تایوان لە ساڵی 2027 دا ، هەروەها جەنگی ئۆکرانیا بەردەوامە و خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئارادایە .  بێ گومان لای ئەوان کۆریای باکووریش مەترسی لەسەر کۆریای باشوور هەیە و هاوکار و یارمەتیدەری ڕوسیاشە .

ئەم ڕاگەیاندنە گەرچی زۆر بە ئاسایی و قسەیەکی لاوەکی بەسەر میدیای بریتانییدا تێپەڕی ، بەڵام بۆ ئەوانەمان کەمێك لە مێژوی ململانێکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری و نێو سیستەمەکە دەزانن، دەزانن  شەڕ خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی گەورەی سەرمایەداری جیهانییە و بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە هەیمەنەی ئەم سیستەمە  جەنگ لە شێوەیەك لە شێوەکاندا بەردەوامە.  ناکرێت ڕاگەیاندنێکی ئاوا هەر وا لاوەکیانە وەرگرێت .  هەموو ئەو جەنگانەی پێشتر تاکو ئەمەی ئۆکرانیا و غەزەش ماوەیەکی زۆر پێشتر نەخشەی بۆ کێشراوە و پلانی بۆ کراوە ، تەنها ئەوەی کە بەیان نەکراوە چاوەڕوانکردنی  بیانوویەکی سەرەکی و وەختی دروستکردنی جەنگەکە بووە.

توندو و تیژی و هەراسانکردنی ژنان و کچان لە ئینگلەند و وێڵس

23/07/2024

بە گوێرەی ڕاپۆرتیکی پۆلیس سەبارەت بەو دیاردەیەی سەروە دوو ملیۆن لە ژنان و و کچان ساڵانە  ڕووبەڕووی توندو و تیژی و هەراسانکردن لە لایەن پیاوان و گەنجانی نێرەوە  لەو دوو بەشەی بریتانیادا دەبنەوە.

هەر بە گۆێرەی بەشێك لە پۆلیس ئەم ژمارەیە ژمارەیەکی دروست نییە بەڵکو ژمارەکە خۆی لە 4 ملیۆن دەدات. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە زۆرێك لە ژنان و کچان نایانەوێت ڕیپۆرتی پۆلیس یا بەشی بەرپرسیار لەو توند و تیژییە بدەن .  هۆکاری ئەمەش زۆرن ، هەندێك باوەڕیان بەوە نییە کە هیچ بەرانبەر بە تاوانباران بکرێت چونکە ئاماری زۆر لەم بارەوە هەیە ، هەندێك هەر نایانەوێت پەیوەندی بە پۆلیس و بەشەکانی دیکەوە بکەن ، هەندێکیش هەر فەرامۆشی دەکەن و بە دیاردەیەکی باوی کۆمەڵ و سیستەمەکەی دەزانن یا ئامادە نین بەرگریی لە خۆیان بکەن .

تاوانەکانیش جۆریان زۆرن لەوانە داوێنپیسی، هەراسانکردن، دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی خێزانی کاریگەرییان لەسەر یەک لە هەر ١٢ ژنێک هەیە لە ئینگلتەرا و وێڵس، ژمارەی تاوانە تۆمارکراوەکان لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٧% زیادیکردووە و تاوانبارانیش گەنجتر دەبن واتە تەمەنی بکەرانی وردە وردە دێتە خوارەوە. ئەو ژمارانە لە یەکەم شیکاری نیشتمانیدا هاتووە بۆ قەبارەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی سەرۆکەکانی پۆلیسەوە، کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “ئێمە مەزەندە دەکەین کە ساڵانە لە هەر ١٢ ژنێک بەلایەنی کەمەوە یەکێکیان دەبێتە قوربانی توندو تیژی دژ بە ژنان  (٢ ملیۆن قوربانی) و لە هەر ٢٠ کەسی پێگەیشتوو لە ئینگلتەرا و وێڵس یەکێکیان دەبێتە تاوانباری ئەو کرادارانە ساڵانە (٢.٣ ملیۆن تاوانبار) . ئەمانە خەمڵاندنێکی وریایانەیە وەک دەزانین تاوانێکی زۆر بەبێ ڕاپۆرت دەمێنێتەوە و لە پۆلیسیدا زۆرجار تەنها مشتێك لە خەراوارێك دەبینین”.

کرۆکی ڕاپۆرتەکە:

+ لە هەر شەش کوشتن لە ئینگلتەرا و وێڵس  یەک کوشتن پەیوەندی بە دەستدرێژی خێزانییەوە هەیە، واتە ١٠٠ کوشتن لە کۆی ٥٩٠ کوشتن لە ساڵیێکدا تا مانگی ئازاری ٢٠٢٣

+ لە سەدا 20 ی هەموو ئەو تاوانانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە تۆمارکراون – زیاتر لە 1 ملیۆن تاوانن لە ساڵێکدا – وەک توندو وتیژی دژ بە ژنان  دەژمێردرێن. لەوانە دەستدرێژی سێکسی، داوێنپیسی، هەراسانکردن، توندوتیژی خێزانی و ڕەفتاری کۆنترۆڵکردن و زۆرەملێ. کۆی گشتی ڕاستەقینە لە ڕاپۆرتەکەدا بە دوو هێندە زیاتر مەزەندە کراوە.

+ حاڵەتە تۆمارکراوەکانی توندو و تیژی دژ بە ژنان  لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٣٧% زیادیان کردووە، ئێستا بە ٣٠٠٠ تاوان لە ڕۆژێکدا تۆمار دەکرێت .

+  ئەوانەی تاوان دەکەن گەنجترن لە تاوانبارانی پێشتر واتە ئەم دیاردەیە لەناو گەنجانیشدا زیادی کردوەە .

+ دەستدرێژی سێکسی و ئیستغلالکردنی منداڵان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە ٤٠٠% زیادی کردووە، ئەو تاوانانەی کە لەلایەن منداڵانەوە ئەنجامدراون بۆ ٥٥.٦%ی کۆی گشتی زیادبوون. تێکڕای تەمەنی قوربانییەکان ١٣ ساڵە، گومانلێکراوەکان بە تێکڕا تەمەنیان ١٥ ساڵە.

بڕیارەکەی دادگەی باڵای بەنگلادش ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆکان ناوەستێنێت

22/07/2024

دوای تەشەنەکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و بەشداریکردنی زۆرینەیەکی دیکەی خەڵك لە سەرانسەری بەنگلادشدا،  قەدەخەکردنی هاتووچۆ ، لە ژێر فشاردا داداگەی باڵا ناچار بوو کە بڕیارەکەی پێشتری هەڵوەشێنێتەوە بۆ هەمیشە.  بڕیارەکەی پێشوو کە دانانی بەشی جەنگاوەران و نەوە و کەسوکاریان لە سەر کاری حکومەتی بە ڕێژەی لە سەدا 30 بوە هۆی خۆپیشاندان و نارەزایی خۆێندکاران، دوێنی یەكشەمە بڕیارەکە  بە دائیمی هەڵوەشێنرایەوە .

ژمارەی کوژراوان تا دوێنێ گەیشتە 150 کەس بە گوێرەی میدیای ناوخۆ ، بەڵام حکومەت ئامادە نییە هیچ ڕاگەیاندنێك لەو بارەوە بدات . بڕیارەکەی دوێنێی دادگە خوێندکارانی سارد نەکردۆتەوە و داخوازی دیکەیان هەیە پێش ئەوەی بوەستن لە چالاکییەکانیان لەوانە: سزادانی بەرپرسان و بکوژانی خۆپیشاندەرانی بێ تاوان ، قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانیان ،دەرکردنی ئەو بەرپرسانەی کە تاوانبارن، پۆزش هێنانەوەی سەرەك وەزیران ، شێخ حەسینە و دەست لەکارکێشانەوەی بریکاری زانکۆکان کە ناڕەزاییەکانی تێدا ڕویان داوە  و هەروەها کار بۆ بێ کاران و …. تد  

ڕاگەیاندنی هاتووچۆ لە بەنگلادش سەرانسەرییە و حکومەت جێندەرمەی دابەزاندۆتە سەر شەقامەکان

21/07/2024

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی زانکۆکان زۆر فراوانتر بووە لەوەی کە حکومەت و بەرپرسانی بەنگلادش چاوەڕوانیان دەکرد. لەوە دەرچووە کە تەنها پرسی خوێندکاران بێت بەڵکو بووەتە پرسی هەرە زۆرینەی خەڵکی لە بەنگلادش دا. قەدەخەکردنی هاتووچۆ هەر لە دەکای پایتەخت دا نەمایەوە بەڵکو لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئەم یاسایە ڕاگەیەندرا. هاوکاتیش داخوازییەکانی خوێندکاران چی تر ڕیفۆرم نییە ئەوەی کە لەسەر پرسی ، حسە یا  بەشی خوێندکارانی زانکۆکان بۆ نەوەکانی جەنگاوەرانی ساڵی 1971 ی سەربەخۆیی بەنگلادش هەڵوەشێنرێتەوە ، بەڵکو ئێستا داخوازییەکەیان لە پاڵ داخوازی هەمواندا ڕوخاندنی حکومەتە . 

بێ کاری و گەندەڵی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و نەبوونی ئازادیی داخوازییەکانی خەڵکی زیاتر و فراوانتر و ڕادیکالتر کردۆتەوە، ئەمەش دوای کوژرانی زیاتر لە 115 کەس و برینداربوونی چەند هەزار کەسێك بە تایبەت دوای بڕینی هەموو خەتەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی گولەی ڕاستی لە بری گولەی پلاستیکی  دوای بڕینی ئینتەرنێت کە چی تر هەواڵەکان ناگاتە  دەرەوەی بەنگلادش و بەرچاو ناکەوێت .

لە ئێستادا حکومەت دوو فرمانی گەورەی دەرکدرووە : یەك : بانگکردنی چیندرمە بۆ سەر شەقامەکان کە ئەمەش بەڵگەی کاریگەری و فراوانبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و لاوازی پۆلیس .  دوو: فرمانی بە پۆلیس داوە  کە هەر کەس لە هەر شوێنێکدا دەرکەوت تەقەی لێبکەن و بەرپرسیار نابن.

حکومەتی بەنگلادش یاساخبوونی هاتووچۆی ڕاگەیاند

20/07/2024

هەنگاوی دووهەمی حکومەت دوای بڕینی ئینتەرنێت تاکو ڕێگری لە پەیوندی خەڵکی بکات وەکو هۆکارێكی سەرکوتکردنی خەڵکی و زەوتکردنی ئازادییان ، ئێستا هاتوچۆشی یاساخ کرد چونکە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان فراوانتر بوون و خەڵکی زیاتر و جیا بەشداری دەکەن .

بەنگلادش کە 170 ملیۆن کەسن و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گەشەی ئابووری زۆر بەهێزە و ساڵانە نزیکەی بایی 40 ملیار دۆلار پۆشاك و پێڵاو دەنێرێتە بازاڕی جیهانەوە کەچی ئەم گەشەکردنی ئابوورییە لەسەر ژیانی خەڵکەکەی ڕەنگی نەداوەتەوە، هەر لە نێو گەنجان و ئەوانەی کە زانکۆیان تەواو کردووە 18 ملیۆنیان بێ کارن .

  ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنی مەرج نییە هەمیشە خۆشی و ڕەفاهییەت بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەی بهێنێت.  لێرەدا قۆرخکردنی بازاڕ و بەرهەمی گشتی خەڵك و کەڵەکردنی سەرمایە لە لایەن کەمایەتییەکی زۆر کەمەوە ڕۆڵی هەیە و دەبینرێت نەك دابەشکردنی بەرهەمی وڵات بە گوێرەی پێویستی خەڵکەکەی .

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی بەنگلادش بەردەوامە

19/07/2024

گەر چی شێخ حەسینە سەرەكوەزیرانی بەنگلادش پاشەکشەی لەو قسانە کرد کە سوکایەتی و ناشیرینکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەر بوو، سەرزەنشتی ئەوانەشی کرد کە بوونە هۆی کوژرانی خۆپیشاندەران ، بەڵام خوێندکاران بایاخیان بەو هەنگاوانەی شێخ حەسنییە نەدا و بەردوامن لە خۆپیشاندانەکانیاندا.

پێشتریش  بە شێوەی کاتیی بڕیارەکەی کە لە دادگە ڕاگەیانرابوو سەبارەت بە بەش و حسەی نەوەکانی جەنگاوەرەکان کە لە سەدا 30 لەوان مافیان هەیە  بۆ دامەزراندن لە دامەزراوە حکومییکان ڕاگیران .  بڕیارەکەش سەبارەت بە  نەوەکانی ئەو کەسانەیە  کە لە سالی 1971 دا کوژراون لە پێناوی سەربەخۆیی بەنگلادشدا و ئەو مافەیان هەیە .    

دوێنێ، 5شەمە، 32 کەس لە خۆپیشاندەران لەسەر دەستی پۆلیس دا کوژارون و پێشتریش 7 کەسی دیکە ، کۆی ژمارەی کوژراوان لە ئێستادا 39 کەسە .  هاوکاتیش پۆلیس دەڵێت نزیکەی 100 پۆلیس بریندار بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەسێك کە لە خەستەخانەی ‘ دەکا ‘، پایتەختی بەنگلادش، کاردەکات زیاتر لە 1000 کەس بە برینداری گەیەنراونەتە خەستەخانە .

دوێنێ خۆپیشاندەران هێڕشیان کردە سەر بینای محەتەی تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی و ئاگریان تێبەردا ، هاوکاتیش بە هۆی هەلیکۆپتەرەوە توانرا 60 پۆلیس کە لە زانکۆی کەنەدیدا بوون ، بۆ ئەوەی نەکەونە بەردەستی خوێندکاران ڕزگار کران .

خۆپیشاندان و نارەزاییەکان لە چەند شارێکی دیکەش جگە لە دەکا بەردەوامە ، حکومەت بۆ ئەوەی تەواوی بەنگلادش نەگرێتەوە بۆ دوو ڕۆژە ئینتتەرنێتیان داخستووە .

بەنگلادش یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی دوونیا و لە لایەن کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتای ئەوروپییەوە هێزی کاری ئەوێ کە هەرە زۆرینەیان ژنانن لە دروستکردنی پۆشاکی هەمە جۆرەی جوانیی و پۆشاک و پێڵاوی  وەرزش و تەپلە و کڵاو و تۆپ ، ناکۆکی چینایەتی لە برەو و تیژبوونەوەدایە .  ئەمە لە کاتێکدا کرێی سەر کار زۆر کەمە و کارگە و کارخانەکانی دروستکردنی پۆشاکیش بە دەگمەن هەلومەرجی کارکردنیان تێدایە و هیج جۆرە هەنگاوێکیش نەنراوە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا  کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی کرێکارەکەن ڕەچاو بکات ، هەر ئەمەشە کە ناو بەناو ئاگرێك دەکەوێتەوە یاخود بینای کارگەیەك هەرەس دەهێنێت و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کرێکار دەبنە قوربانی .

بزوتنەوەی ژنانی کرێکار لە بەنگلادش بەهیزە و بەرگری لە مافە ڕەواکانیان دەکەن و بە بەردەوامی دەچنەوە بەگژ خاوەنکار و ساماندارەکاندا کە لە لایەن حکومەتی بەنگلادشەوە پارێزگاری تەواویان لێدەکرێت.

May be an image of 4 people, fire, crowd and text

پێنج خوێندکاری زانکۆ کوژران و هەزارانی دیکە لە دەکای پایتەختی  بەنگلادش لە لایەن پۆلیسەوە بریندارکراون

17/07/2024

دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ یەکەمجار خۆپیشاندان لە کەمپەکانی زانکۆکان لە سەرانسەری بەنگلادیش سەریهەڵدا، کاتێک دەیان هەزار خوێندکار داوای کۆتاییهێنانیان بە “کۆتایی ناعەقڵانی و جیاکاری” بۆ کارە حکومییەکان کرد. ئەمە لە کاتێکدا پشکەکان – کە 30%ی هەلی کار بۆ ئەندامانی خێزانی ئەو جەنگاوەرە دێرینانە تەرخان دەکەن کە لە شەڕی سەربەخۆیی بەنگلادیش لە ساڵی 1971دا شەڕیان کردووە – ئەم مشەخۆرییەی ئەو خێزانانە  لە ساڵی 2018 هەڵوەشایەوە بەڵام لەم مانگەدا دوای بڕیاری دادگا گەڕێنرایەوە.

دووبارە خستنەڕووی ئەو پشکانە بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی 2018 تووڕەیی خوێندکارانی لێکەوتەوە، کە دەڵێن بازاڕی کار لە بەنگلادیش لە ئێستاوە لە ئێستادا لەڕادەبەدەر سەختە بە هۆی بەرزی بێکاری و هەڵاوسانی بەرزی دراودا و ئابوورییەکی خراپدا.

گەر چی بڕیارە نوێیەکە سەبارەت بە پشکەکان هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دادگای باڵاوە ڕاگیراوە، بەڵام خوێندکاران ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکان تاوەکو بۆ هەمیشە هەڵدەوەشێنرێنەوە. خوێندکاران  زۆرێک لە ڕێگا سەرەکییەکان و هێڵی ئاسنیان داخست و بەربەستەکانی پۆلیسیان شکاند بۆ ئەوەی خۆپیشاندان لە سەرانسەری پایتەختی قەرەباڵغی دەکا ئەنجام بدەن.

توندوتیژییەکان لە ڕۆژی سێشەممەدا، واتە دوێنێ،  بەردەوام بوون لە پەرەسەندن، کاتێک کەمپەکان لە سەرانسەری وڵات بوونە گۆڕەپانی شەڕ، لانیکەم دوو حاڵەتی مردن لەلایەن گاردیانی بەریتانی پشتڕاستکرایەوە. میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە پێنج کەس کوژراون.

دۆخەکە زیاتر لە لایەن سەرۆکوەزیران، شێخ حەسینە، کە ئاماژەی بە ناڕەزایەتی خوێندکارەکان کرد کە بە بەکارهێنانی قسەی سووکایەتیپێکەری “ڕەزاکاران”، واتە ئەوانەی کە لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٧١دا بە هاوکاری لەگەڵ دوژمن، پاکستان، خیانەتیان لە میللەت کرد.  “ئەگەر نەوەکانی ئازادیخوازان یارمەتی پشک وەرنەگرن، دەبێ نەوەکانی ڕەزاکاران؟ حەسینە وتی.

 لێدوانەکەی خۆپیشاندەران و  خوێندکار ئاڕەزاییکەرانی توڕە کرد و حەسینەیان بە پاوانخواز و سەرکوتکەر تۆمەتبار کرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە ڕەزاکار نین. ئەگەر کەسێک لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەو وەسفەدا بگونجێت، ئەوە خودی سەرۆکوەزیران و هێزەکانیەتی کە ئەم وڵاتە بەرەو سەردەمێکی تاریک دەبەن”، ڕەکیب تەمەن ١٧ ساڵ، خوێندکاری کۆلێژی شاری داکا و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە، ئەمانە قسەی ئەون.

لامیا، خوێندکاری کۆلێژی گشتی بیرشرێشتا مونشی عەبدول ڕوف لە دەکا، سەرەڕای ئەوەی خێزانەکەی سوودمەند بوون لەو سیستەمە، بەشداری ناڕەزایەتییەکان کرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، “من نەوەى جەنگاوەرێکیم، لەگەڵ ئەوەشدا دژی سیستەمی پشکەکانم”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “من پشتگیری ئەم بزووتنەوەیە دەکەم، چونکە هاوڕێکانم کە زۆربەیان لە چینی خوارەوە و چینی ناوەڕاست توێژاڵی خوارەوەن، هەوڵی  باشیان بۆ  خوێندندا و ئاواتەخوازن خزمەت بە وڵات بکەن. خوێندکارانی دەرەوەی پۆلەکانی پشکەکان هیچیان کەمتر نیشتمانپەروەر و شایستە نین”.

ڕەحمان کە توێژەرەوەی سیاسییە و ڕؤژنامەنوسە وتی: “کۆمەڵەی عەوامی [ مەبەستی حیزبەکەی شێخ حەسینەیە] ژینگەیەکی ترسی بەرهەمهێناوە، ناڕەزایەتییەکانی بە هێزی ئاشکرای میکانیزمەکانی حکومەت بێدەنگ کردبوو.” “بەڵام ئێستا ئەم سەرکوتکردنە کاردانەوەی هەبووە و تەنانەت خوێندکارە هەرزەکارەکانیش کە لە قوتابخانە دەخوێنن ، نەك لە زانکۆ،  بە ئاشکرا تەحەدای دەسەڵات دەکەن.”

May be an image of 1 person, crowd and text

وڵاتی سوید نموونە بەهەشتیەکەی  هەندێك لە چەپەکان و لیبراڵەکان چی بەسەر هات؟

زاهیر باهیر

17/07/2024

ئەمەریکا مەرکەزی گەورەی سەرمایەداری کە لەوێشەوە سیاسەتە شوومەکانی ئیدارەکەی لە لایەن بریتانیاوە کۆپی دەکرێت و هەر ئاواش وردە وردە بۆ وڵاتانی ئەوروپی ئەوانی دیکە دەگوێزرێتەوە .

سوید ماوەیەکی زۆر بو کە وەکو نموونەی خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکەی دەهێنرایەوە ، کە لە ڕاستیشدا جیاوازییەکی زۆری ژیان لە زۆر ڕووەوە هەبوو لە نێوانی ئەوێ و ئەمەریکا و بریتانیاشدا . 

ئەم ژیان و خۆشگوزەرانییە وا چاوەڕوان دەکرا نەك وردە وردە کەم دەبێتەوە بەڵکو بەرەو زیاتر و باشتریش دەڕوات .  بەڵام بە بەڕێکردنی سیاسەتی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ نەك هەر سوید لە شوێنی خۆیدا مایەوە بەڵکو ئێستا لە دوای ئەلبانیا بە دووەم دەوڵەت ناودەبرێت کە بەرزترین ڕێژەی مردنی بە تاوانی دەمانچە لە ئەوروپادا هەیە.

بارودۆخی شەڕ لەسەر قۆرخکردنی بازاڕی اچەک و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لە دوای ئەلبانیاوە دێت .  دووەم مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو خراپترین مانگ بوو بۆ تەقەکردن لە وڵاتی سکاندیناڤیا لەو کاتەوەی کە ژمارەی تۆمارکردنی ئەم تاوانانەی لە ساڵی ٢٠١٦ دەستیپێکردووە.

کۆی گشتیی تەقەکردن لە مانگێکدا بووە  قوربانی  ١١ کەس. لە ڕووداوی یەکەمدا، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە سەرەتای ئێوارەدا لە گۆڕەپانێکی وەرزشی قەرەباڵغ لە گەڕەکی مالارهۆجدن لە باشووری ڕۆژئاوای ستۆکهۆڵم کوژرا، پێشتریش دوو پیرەپیاو کوژرابوون. دواتر لەو شەودا لە جۆردبرۆ لە باشووری ستۆکهۆڵم، پیاوێکی دیکە بە گوللە کوژرا.

 لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٩١ تەقەکردن لە سوید ڕوویداوە و ٦٢ تەقەکردنیان کوشندە بووە. ڕێژەی کوشتن بە دەمانچە لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە نزیکەیی ٣٠ هێندەی لەندەن بووە لەسەر بنەمای هەر تاکێک، واتە بە حسابکردنی ژمارەی دانیشتوان لە بەرانبەر ڕێژەی سەدیدا.  ئینگلیز پێی دەڵێت پێر کاپتا.