All posts by azadebram

ڕۆژئاوا لە نێوانی قڕکردن و سازشکردنا :

ڕۆژئاوا لە نێوانی قڕکردن و سازشکردنا :

زاهیر باهیر

15/10/2019

ڕۆژئاوا بە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا تێدەپەڕێت، سەرەنجامەکەی هێشتا نادیارە بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرایە بژاردەی یەكێك لەو دوانەی سەرەوەیە.

ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ڕۆژئاوا پاشخانی ئاڵۆزی  خەباتی  کوردانی ڕۆژئاوا و پێکهاتەکانی دیکەیەی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ شەڕی ڕەوای بەرگریی جەنگاوەرانی کۆبانی و هاتنە ناوەوەی ئەمەریکا وەکو یارمەتیدەر و کۆمەكکەر.

ئەوەی کە لە مێشکی مندا هەرلە سەرەتاوە  تا ئێستاش چەسپبووە، هاتنی ئەمریکا دوای ئەوەبوو کە زانرا کۆبانی ناکەوێت و هاوکاتیش ڕێگایەکی دیکە نەبوو بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە ساوایەی ڕۆژائاوا، جگە لە نزیکبوونەوە و هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە ئامانج و ستراتیجییەتی ئەمەریکا.

زەمینەی دروستبوونی ئەو واقیعەش نەبوونی هاوپشتی و هاریکاری نێونەتەوەیی چەپ و نقابیی و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکانی جیهان بوو وەکو پێویست.  هاوکاتیش ڕوونەدانی جۆرێك لە ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەدا دژ بە حوکمڕانەکانیان، بوو.

بەڕای من ئەمەریکا بە پلان هاتە ناوەوە و پلانەکەش بە بەشداریکردنی و تورکیا و ڕوسیا و قەتەر و سعودییەو و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش، بوو.  نەدەکرا ئەزموونێكی ئاوا سەکەوتوانە لە شوێنێکی ناوچەیەکی بارگاوی بە چەندەها گرفت و دەوڵەمەند بە چەندەها سامانی سروشتی  قەبوڵبکرێت.  ئەزمونێك کە چەندەها لایەنی گرنگی وەکو کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات و خۆسەریی و  پرسی ئیکۆلۆجی و ئافرەتان و پێکەوە ژیانی بە هارمۆنی  پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و کردنی دین بە پرسێكی خودی شەخسی و بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر کاری هەرەوەزیی … هەموو ئەمانە ئامانج و  پایەکانی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا بوون، چۆن دەکرێ و دەکرا قەبوڵبکرێت.!!!!

ئەمانە بەردی بناخەی پیلانە گەورەکەی ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دژ بە ڕۆژاوا دانا.  پلاندانانی ئەم پیلانەش هەر ئاوا ئاسان نەبوو. بۆ ئەمە ئەمەریکا لە پەیەدە نزیك بووەوە نەك لەبەر ئەوەی کە پەیەدە هێزێكی سیاسی بە هێز بوو و پێگەیەکی گەورەی هەبوو، بەڵکو بە هێزیی سەربازیی یەپەگە و یەپەژە و کە دواتر بوون بە هەسەدە، بوو.  ئەمەریکا ئەوەشی دەزانی کە تەنها ڕێگایەك بۆ ئەوەی ئەو هێزە چەکدارە خۆبەخشەی کۆمۆنێتییەکە،  تا ڕادەیەك بکەوێتە ژێر ئاراستە و ڕێڕەوی ئەوانەوە ، تەنها و بە تەنها بە حیزبی پەیەدە دەکرا و دەکرێت.  کەواتە هەنگاوی یەکەم ڕێکەوتن بوو لەتەك پەیەدە، دووهەم دەرهێنانی هێزی یەپەگە و یەپەژە بوو لە هێزی خۆبەخشی کۆمیتییەکە و بەرگریی لە کۆمۆنێتییەکە و بردنیان بەرەو هێزێکی گەورەی دیسپلینی حیزبی و هێڕشبەر بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیەدە و ئەمەریکا نەخشەیان بۆ دەکێشان.  بە گەوەرەکردنی ئەم هێزە و گۆڕینی ئاڕاستەیی و بەردەومدان بە شەڕەکە و دابینکردنی  ژیانیان و  جلوبەرگیان و چەك و تەقەمەنیان ئەوەندەی دیکە نەك پەیەدە و هێزەکەی خستە  باوەشی ئەمریکاوە بەڵکو دووریشی خستنەوە لە بیناکردنەوەی ڕۆژئاوا لە بناخەوە هەر لە ڕووی ئابووریی  و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و فەرهەنگیی و کار و ئەرکی دیکەشەوە.  ئەمە هەنگاوی سێیەمی پێكهێنا. لە هەنگاوی چوارەمدا کە ئیدی ئامانجی ئەمەریکا و ستراتیجییەتی لە تەواوبووندا بوو فراوانکردنی شەڕەکە و ناردنی دەیەها بارگە و بنەی سەربازیی و زیادکردنی دانەجیڕەی دەوڵەتی تورکیا لێیان و دوورخستنەوەیان لە پەیوەندییان لەتەك ڕوسیا و کەمکردنەوەی پاڵپشتی نێونەتەوەییی لێیان هەموو ئەمانە پرۆسەی بزوتنەوەکەی گۆڕی بە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەك ڕۆژاوا.  هاوکاتیش دەرکنەکردنی پەیەدە، یاخود فەرامۆشکردنی ئەوەی کە مانەوەی ڕۆژاوا بەستراوە بەمانەوەی داعشەوە بە تایبەت پاش نەبوونی کۆمەکی نێونەتەوەیی و ڕوونەدانی ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەروودراوسێ، کە هەر سەرکەوتنێك بەسەر داعش-دا نزیكبونەوەیان بوو لە لێواری قەبر.

بەم شێوەیە پەیەد ئەوەندە بەهێز و گەورە بوو هاوسەنگی خۆی لە تەك تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکە، لەدەستدا، ئیدی گەڕانەوە بۆ خودی  خەڵکەکەی لە بڕیارە گەورە و  یەكلایکەرەوەکانا،  هەرگیز بە خودی خەڵکی ڕۆژاوا،ڕەوانەبینی.

هەموو ئەمانە هەر وەکو چۆن داعش-ی لاواز کرد، پەیەدەشی لە روی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە  لە ڕۆژاوادا  لاوازکرد.  ئیدی ئەو هاوپیەیمانییە بێ بەند و مەرجەی کە پەیەدە لەتەك ئەمریکادا بەستبووی،  لە هەفتەی پێشودا هەرەسی هێناو ڕۆژئاوای بەرەو ئەم بارودۆخە برد.

وەکو لەسەرەوە وتم چەند هۆکارێکی سەرەکی هەبوون لەبردنی ڕۆژاوا بەرەو ئێستای، بەڵام سەرکییەکەیان  هۆکارە ناوخۆیی، یا ناوەکییەکە  بوو.  ئەوەش پەیەدە بوو کە سسیاسەتی هەڵەی نەخشە دەکێشا  جگە لە سیاسەتی ” نە ئاشتی و نەشەڕ” لەتەك سوریادا کە سیاسەتیێکی زۆر سەرکەوتوانە بوو.  کە تەماشای ئەزموونی ناوچەکە بەگشستی  و  کوردیش بە تایبەتی  دەکەیت ئەوە دەبینیت بۆ ئەوەی هەر گەلێك شکستێك بهێنیت، ئەوە پێویستت بە حیزبێكە.  بەواتایەکی دیکە لە پشتی هەموو شکستێکەوە حیزبێك خۆی مەڵاس داوە.

لە ئیستادا ئەوەی کە کوردان و پێكهاتەکانی دیکە لە ڕۆژاوا ڕووبەڕووی دەبنەوە قڕکردنیانە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە هیچ لایەنێكیش ناتوانێت بیوەستێنێ  گەر بیشوەستێ، درەنگ دەوەستێ ، کاتێکە کە کار لەکار ترازاوە و کارەسات قەوماوە.  بۆیە لەو دوو بژاردەی سەرەوە ” قڕبوون یاخود شازشکردن”  بژاردەی سازشکردن بە خاتری قڕنەکردن لەم بارودۆخەدا، بژاردەیەکی ژیرانەیە.  ڕێکەوتنی پەیەدە لەتەك سوریا بە نێوەندگەریی ڕوسیا، تاکتیكێکی زۆر چاکە کە ئاراستەی شەڕو بارودۆخەکە دەگوڕێت. لەبەر ئەوەی کە پەیەدە لە پێگەیەکی لاوازەوە ئەو ڕێکەوتنەی کردووە، ناتوانین پێشبینی بەدەستهێنای زۆر داخوازی بکەین و پرسی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و کۆموونەکان و ئەوانی تر دەبنە خەون . بەڵام لە ئێستادامیللەت لە قڕکردن دەپارێزێت . هاوکاتیش من پێشبینی ئەوە دەکەم کە ڕێکەوتنەکە دەبێتە وەستانی شەڕەکە چونکە زەحمەتە ڕێگە بە شەڕی نێوانی تورکیا و سووریا بدرێت،  پێشبینی دوەهەمم، بەردەوامبوونی  شەڕەکەیە کە  ئەو کاتە پێدەچێت  خۆپیشاندان و ناڕەزایی ومانگرتن لە تورکیادا دروستبکات و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخاندنی حکومەتی ئاکەپە .

بریا پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە 1975 دا بژاردەی قڕنەکردنی کوردی هەڵبژاردایە لە بری بەرژەوەندی خۆی و ئاغا لۆکاڵی جیهانییەکانی،  هەروەها یەکێتی نیشتمانیش، بزوتنەوەی کوردی دروست نەکردایەتەوە میللەتیان بە هاوکاری بەعس بە قڕدان  نەدایە هەم لە دۆخی شەڕ و هەم لەدۆخی ئاشتی ئێستاشا.

Zaherbaher.com

بزوتنەوەی ژینگە بە تەحەدای پۆلیس و یاسای نوێوە، هێشتا توانی 2 هەفتە پرۆتێستەکەی خۆی، تەواو بکات:

19/10/2019

بزوتنەوەی ژینگە بە تەحەدای پۆلیس و یاسای نوێوە، هێشتا  توانی 2 هەفتە پرۆتێستەکەی خۆی، تەواو بکات:

گەرچی پۆلیس  و وەزیری ناوخۆ خۆپیشاندانی بزوتەوەی ژینگە [ بزوتنەوەی یاخییبوون لە لەناوچون ] لە لەندەن لە دووشەمەی پێشووەوە قەدەخەکرد ، بەڵام چالاکوانەکان توانییان ئەو بڕیار و یاسایە بشکێنن و بەردەوام بن لەدەربڕنی ناڕەزایی و کردنی چالاکی ڕاستەوخۆیان .  دوێنێ 3 چالاکی گەوەرەیان ئەنجامدا. یەکەمیان کاژێری 9.30 بەیانی بوو کە دوو شوێنی سەرەکی لەندەنیان گرت و جوڵەیان لە سەیارە بڕی کە ئەویش :  شەقامی ئۆکسفۆرد و ئۆکسفۆرد سێرکس بوو .  دواتر بە خۆپیشاندان بەرەو پەڕلەمان ڕۆیشتن و پاشنیوەڕۆش یەكێکیان چووە سەر تاوەری سەعاتی بیك بن و 3 کاژێری ویست بۆ ئەوەی پۆلیس بتوانێت بیهێنێتە خوارەوە ، هەر لەبەر ئەو جالاکییە پۆلیس خۆیان شەقامەکانی دەوروبەریان داخست.

لە کۆیتایی ڕۆژەکەدا بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکی دوو هەفتەییان ، مەراسمی کۆتاییهێنانەکەیان لە مەیدانی تراڤگەڵ گرت و کۆتاییان، لە ئێستادا ، بە چالاکییەکانیان هێنا.

بە گوێرەی قسەی پۆلیس هەتا دوێنی ، هەینی کاژێری 2 ی پاشنیوەڕۆ 1768 کەس لەم دوو هەفتە چالاکییەدا گیراون.

سەنتیاگۆ دەکوڵێت:

19/10/2019

سەنتیاگۆ دەکوڵێت:

لە دوێنێوە ، هەینی ، 18/10 ، خەڵکێکی یەکجار زۆر هاتوونەتەوە سەر شەقامەکانی  سەنتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیلیی  تا ئەو رادەیەی کە حکومەت ناجار بوو کە حاڵەتی تەواریئ بانگەشە بکات و دەشلێت کە ڕەنگە تا 15 ڕۆژ ئەم بارودۆخە دەوام بکات .

نیشانەی سەرسوڕمان نییە کە خەڵکی لەوێ توندوتیژی گرتۆتە بەر و بەو ژمارە زۆرە لەسەر شەقامەکانن و شتێك نییە دایانمرکێنێتەوە .  باری ژیانی ئەو خەڵکە ئەوەندە خراپە کە سنوری بەزاندووە  هەر لە نەبوونی ئاازدیی دەربڕینی ڕاوبۆچون ، قەدەخەکردنی مافی گردبوونەوە،  گرانی شت و پێدایستییەکانی ژیان ، نەبوونی خزمەتگوزاریی ، گرانبوونی خۆنندن و پەروەردەی قوتابییان ، بێ کاریی  و زۆری تر.  لە ساڵی 2010 وە  کە ژیانی خەڵکی بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی بوووە بەڵام هەرگیز وەکو ئەمەی ئێستا نەبووە .  ئەوەی کە بووە خاڵی تەقینەوە بەززکردنەوەی نرخی بیتاقەی میترۆیە کە خەڵکی دوێنێ هێنایە سەر شەقام .

بە گوێرەی یاسای تازە هەر کەس بگیرێت و بسەلمێنرێت کە شتێکی شکاندووە دەکرێت بۆ ماوەای 20 ساڵ بەندبکرێت.  ئەمە قسەی دوێنێی  وەزیری ناوخۆ و پۆلیسی شیلیی  بوو.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە بەرشەلۆنە بەردەوامن، دەربڕینی ڕاوبۆچون تاوان نییە لەسەری بگیرێیت:

19/10/2019

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە بەرشەلۆنە  بەردەوامن، دەربڕینی ڕاوبۆچون تاوان نییە لەسەری بگیرێیت:

ئەوە بۆ ڕۆژی پێنجەم خۆپیششاندان و بەیەکادان لەتەك پۆلیس دا لە بەرشەلۆنە بەردەوامە.  دوێنی، هەینی،  بە گوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیس 525 هەزار کەس لە سەر شەقامەکانی بەرشەلۆنە بوون. هاوکاتیش مانگرتنی گشتی بوو.

راستە چەخماخەی ئەم خۆپیشاندانانە سەبارەت بەسەربەخۆیی کەتەلۆنیا و گرتنی 9 سەکردەی لایەنگری سەربەخۆبوونی کەتەلۆنیا بووە ، بەڵام ئێستا بزوتنەوەکە زۆر گەورەرەتر بووە تا ئەو ڕادەیەی کە خەڵکانێكی زۆر لەم جۆەر دروشمانە بەرزدەکەنەوە:

” نا بۆ کەتەلۆنیا…. نا بۆ ئیسپانیا..”     ” سەرکوتکەر بۆ دەرەوە [ مەبەست پۆلیسە ]  شەقامەکان هەمیشە هی ئێمەن”  زۆر دروشمی رادیکالی نانەتەوانەی دیکە دەبینرێت.  لە ناڕەزاییەکەی  دوێنی-دا 207 پۆلیس بریندار بووە و 107 سەیارەی پۆلیس شکێنراون و لە کار خراوان . لەهەوڵی دەستبەسەراگرتنی فڕۆکەخانەی بەرشەلۆنەدا خۆپیشاندەران توانییان بەربەستی هەڵفڕینی 57 ڕحلە بکەن.  هاوکاتیش دادگای باڵای ئیسپانیا داوای لە پۆلیس کردوە کە تەواوی سۆشیالمیدیا دابخەن.

لە لایەکی دیکەشەوە گروپی فاشییەکان و ڕاستڕەوەکان دژە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست دژ بە خۆپیشاندەنە سەرەکی و گەورەکە بەڵام نەیانتوانی بەرەنگاریان ببنەوە و پۆلیسیش کەوتە نێوانیانەوە.

خۆپیشاندان و نارەزایی لە شاری بەیروتی لوبنان

19/10/2019

” داواکانمان یەکە، ئامانجمان یەکە ، خەڵک دەیەوێت ئەم ڕژێمە بهێنێتە خوارەوە”

” ئێوە دەبوایە پارێزگاریتان لە ێمە بکردایە … خەجاڵەت بن ”

” هاتومەتە سەر شەقام ، چونکە لەوە زیاتر تەحەمولی ئەم بارودۆخە ناکەم ”

“هەموو ئەمانە دزن ، هاتوونەتە سەر حوکم بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان، نەك بۆ خزمەتکردنی ئێمە و وڵات”

ئەمانە بڕێکن لە دروشمی ناڕەزییکەرانی لوبنان  لە شاری بەیروت  کە بۆ 2 ڕۆژە هاوتوونەتە سەر شەقام بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و گرانبوونی باری ژیان، بەڵام ئەوەی کە خاڵی تەقینەوە بوو ، حکومەت تێچوی بەکارهێنانی وەتساپی بەرزکردەوە ، ئەمە خاڵی تەقینەوە بوو گەرچی وەزیری تەلەفونات لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەر بەرەوامە ، هەندێك لە وڵاتان داوای گەڕانەوەی هاووڵاتانیان کردووە لەبەر مەترسی بارودۆخەکە.

تا ئێستا 52 پۆلیس بریندار کراوە و 70 ش لە خۆپیشاندەران دەسبەسەرکراون .

 

بزوتنەوەی ژینگە [ یاخییبوون لە لەناوچوون] تەحەدای پۆلیس و بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکات:

بزوتنەوەی ژینگە [ یاخییبوون لە لەناوچوون] تەحەدای پۆلیس و بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکات:

17/10/2019

دوای ئەوەی کە ڕۆژی 2 شەمە 14/10 پۆلیس هەمو پرۆتێستێکی بزوتنەوەی ژینگەی لە لەندەن بە گوێرەی یاسا یاساخکرد ، بەڵام چالاکوانانی ئەو بزوتنەوەیە بە ئەنجامدانی  چالاکی ڕاستەوخۆی گەورەوە دوێنێ 4 شەمە و ئەمڕؤ 5 شەمە هاتنەوە مەیدان و تەحەدای پۆلیس و بڕیارەکەیان کرد.

دوێنێ 4شەمە 3 چالاکی گەورەیان ئەنجام دا ، کە یەکێکیان دژ بە گۆگڵ بوو لەتەك یووتیوبی گوگڵ بە هۆکاری ئەوەی گوگڵ کە خاوەنی یوووتیوبە نکوڵی لە پیسکردنی ژینگە دەکات، بۆ ئەوەش  بەردەرگای ئۆفیسی سەرەکی گوگڵیان گرت .  تاکو دوێنی کاژێڕی 8 ی سەرلەبەیانی 1642  کەس لە ماوەی 9 ڕۆژی پرۆتێستەکەدا گیراون.

چالاکی دووەم لە ناو مەیدانی تراڤگەڵ دا بووە، ئەو شوێنەی کە یەکێك بوو لە کەمپەکەیان هەروەها هەر لەوێدا ئەندامێکی پەڕلەمانی پەڕلەمانی ئەوروپا کە سەر بە حیزبی سەوزە دەستگیر کرا .  وەکو خۆی دەڵێت ئەو بەشێك نەبووە لە پرۆتێستەکە ، تەنها چووەتە ئەوێ و پرسیاری لە پۆلیس کردەوە  ” ئایا کاردانەوەی ئەوان بەوەی کە دەیکەن بەرانبەر چالاکوانەکان یاساییە؟” هەر لەبەر ئەم پرسیارە دەسگیر کراوە .

چالاکی سێیەمیان گردبوونەوە و قسەکردن بووە لە بەرانبەر پەڕلەماندا.

ئەمڕؤش کە 5 شەمەیە چالاکوانەکان بەیانی زوو دایان بەسەر دوو ئەندەرگراواندا توانییان قتارەکان ڕاگرن ، هاوکاتیش یەكێکیان چووە سەر قیتارەکە بەڵام ” هاوڕێکانمان” کە پەلەیان بوو بگەنە سەر کار ، زۆر بە خراپی مامەڵەیان کردو بە خراپی چالاکوانەکەیان بەکێشکرد و هێنایانە خوارەوە ، تاکو قیتارەکان بکەونەوە ئیش.

کەتەلۆنیا و پرۆتێستەکانی هەنووکە

کەتەلۆنیا و پرۆتێستەکانی هەنووکە

17/10/2019

بۆ  ماوەی 3 شەوە لە بەرشەلۆنە پێکدادانێکی گەورە لە نێوانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا بەردەوامە،  هەتا دوێنێ 51 کەس گیراون و 72 پۆلیسیش برینداربوون.  خۆپیشادان و پرۆتێستەکان دژ بە بەندکردنی 9 لە سەرکردەکانی حیزبی خوازیاری سەربەخۆیی کەتەلۆنیا، دەستی پێکرد .  دادگای دەوڵەتی ئیسپانی هەر 9 کەسەکەی بەندکرد و ماوەی بەندییەکانیان لە نێوانی 10 ساڵ و نیوو 13 ساڵدایە .  ئەوەش دیمۆکرااتییەت لە ئیسپانیا .

پرۆتێستەکان ئەوەندە کاراییان هەیە کە ڕۆژی 3  شەمە توانییان فڕۆکەخانەی بەرشەلۆنە بە تەواوی دابخەن .  زۆربەی زۆری خۆپیشاندەران گەنجەکانن کە هاواردەکەن بەرانبەر پۆلیس و دەڵێن ”  سەرکوتکەران بۆ دەرەوە … شەقامەکان هەمیشە هی ئێمەیە”

هێی غەشیم هێشتا هەر باوەڕت بە هەبوونی دیمۆکراسی و ئازادیی ماوە لە بریتانیا؟!!!

هێی غەشیم هێشتا هەر باوەڕت بە  هەبوونی دیمۆکراسی و ئازادیی ماوە لە بریتانیا؟!!!

16/10/2019

دوێنی، دووشەمە ، 14/10/19، پاش تەنها 8 ڕۆژ لە پرۆتێستی ئاشتیانەی بزوتنەوەی ژینگە ، یاخییبوون لە لەناوچون ، پۆلیس چی دی تەحەمولی ئەو پرۆتێستە ئاشتییەی نەکرد بۆیە کاژێری 9 ی شەو دایان بەسەر کەمپی مەیدانی تراڤگەڵدا بە زۆر بڵاوەیان پێکردن و شتومەك و پێداویستییەکانیان پرژ و بڵاوکردەوە دەستیشیان بەسەر هەندێك شتدا گرت.

هاوکاتیش لە لایەن وەزارەتی ناخۆوە فرمان  دەرکرا کە لە هیچ شوێنێکی لەندەندا ئەو بزوتنەوەیە بۆی نییە کە پرۆتێست بکات.  لە ماوەی 8 ڕۆژدا نزیکەی 1500 کەس دەستبەرکراوەو بڕیارە هەرکەس دژ بە فرمانی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ بوەستێتەوە بگیرێت و بەند بکرێت. لە یەکێك لە وێنەکانی سەرەوەدا ئەو ئافرەتەی کە دەیبینیت کە بە دەست پۆلیسەوەیە، ئەوە ئەندام پەڕلەمانی پەڕلەمانی ئەوروپایە و سەر بە پارتی سەوززە.

ئەمە ئەوە نیشاندەددات ئەگەر سەد یەکێكی هۆنگکۆنگ و ئێران و عێراق و شوێنەکانی دیکە خەڵک بێنە سەر شەقامەکان دەوڵەت لێرە لافاوی خوێن هەڵدەسێنێت.

بزوتنەوەی بەرگریی لە ژینگە بەردەوامە و تاکتیکی نوێ بەکاردەهێنن :

بزوتنەوەی بەرگریی لە ژینگە بەردەوامە و تاکتیکی نوێ بەکاردەهێنن :

09/10/2019

دوێنێ سێشەمە، 08/10 ، بۆ ڕۆژی دووەم ناڕەزایکەرانی بزوتنەوەی ژینگە [ یاخیبوون لە لەناوچوون ] بەردەوام بوو لە داگیرکردنی شەقامە سەرەکیەکان و شوێنگرتن بۆ مانەوە و دامەزراندنی چادرەکانیان .

ژمارەی دەسبەسەرکراوان تاکو دوێنێ شەو ، سێشەمە ، گەیشتە 500 .  هاوکاتیش خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەران تاکتیکێکی نوێیان گرتۆتە بەر کە ئەویش لەکاتی گرتنیانا ڕەتکردنەوەی بەربوونیانە بە کەفالەت بۆ ئەوی زیاترین کەس لە پۆلیسخانەکانا بمێننەوە و ئەمەش سەختترین بارودۆخ بۆ پۆلیس و بەرپرسان دروستدەکات کە وەکو ئەرکی گەورە و پۆلیسی زیاتر بەکابهێنن .  خودی ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پۆلیس لە سەر شەقامەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.

هەموو دەسبەسەرێك لانی کەم 4 پۆلیسی دەوێت بۆ گرتن و گواستنەوەی و خستنە ناو ڤانەکانیانەوە ، بۆیە پۆلیس لە مشاوەرەی ئەوەدان کە پۆلیسی دەرەوەی لەندەن بهینن بۆ فریاکەوتنیان

بزوتنەوەی بەرگریی لە ژینگە [ یاخیبوون لە لەناوچوون] بەردەوامە:

بزوتنەوەی بەرگریی لە ژینگە [ یاخیبوون لە لەناوچوون] بەردەوامە:

08/10/19

بزوتنەوەی یاخیبوون لە ژینگە لە دوێنێوە، 07/10/2019 بەردەوامە و بڕیارە بۆ دوو هەفتە چالاکی ڕاستەوخۆ ئەنجامبدەن بە داگیرکردنی شەقامە سەرەکییەکانی ناوجەرگەی لەندەن و سەر جسرەکانیش. دوێنی دووشەمە ، 07/10 ، لە کاژێری 6.15 دەقە بە کاتی لەندەن دەستیپێکردوو گەلێك لە شەقامەکان و ئەم شوێنانە Westminster Bridge, Lambeth Bridge, Trafalgar Square ، Smithfield market بۆ ماوەیەکی زۆر داگیرکران . چالاکییەکان لە شێوەی جیاجیادا وەکو کەڕنەڤاڵ، نمایشکردنی هونەر و دانس و مۆسیقا و گۆرانی و وتنەوەی دروشم و شیوەکانی دیکە هەتا شەو درەنگانێك دەوامی کرد. هەتا دوێنێ کاژێری 9.30 ی شەو 280 کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیرکران کە لەوانە هەندێ کەسی تیادایە کە تەمەنیان لە سەروو 80 ساڵەوەیە. یەکێك لەوانە تەمەنی 83 ساڵە لەسەر نوسینی ” ژیانمان دەوێت بۆ نەوەکانمان ، نەك مردن” بەڕەنگی سوور، دەسگیرکرا.

هەروەها لە زۆر شاری گەورەی دونیادا بزوتنەوەکە و چالاکییەکانیان بەردەوام بوو لەوانە شاری نیو وێرک لە ئەمەریکا.

ئەمڕۆش 3 شەمە لە لەندەن چالاکییەکان بەردەوامە و ڕیگای سەرەکی یا خود هەندێك شەقامی سەرەکی لە نزیك بە بینای پەڕلەمان و جسری وێستمنسەتەر و شوێنی دیکە داگیرکراوە.

هەفتەی پێشو پۆلیس داوای دەسەڵاتی زیاتری لە دەوڵەت کرد بۆ مامەڵەکردنی جیاواز و بەکارهێنانی توندووتیژی زیاتری خۆپیشاندەران.