All posts by azadebram

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی لوبنان چڕتر و بەربڵاوتر بووەوە

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی لوبنان چڕتر و بەربڵاوتر بووەوە

14/06/2020

ئەوە بۆ 3 ڕۆژی یەك بەداوایەکدا دەچێت پرۆتێستەکانی لوبنان تەحەدای دەوڵەت و هێزە ئەمنی و میلیاشیاکانی و کەرەنتینە دەەکەن لەسەر شەقامەکان بەیەکادانیانە لەگەڵ بەشێك لە هیزە تاریکەکان.

پرۆتێستەکان پەلی کێشا بۆ زۆر شاری لوبنان وەکو کەفار و صەیدا و تەڕابلوس و بێ گومان پایتەخت، بەیروت.

لە ماوەای ئەمە 3 ڕۆژەدا 120 کەس بریندار بوون ، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی نیازی نییە کە شەقامەکان بەجێبهێڵێت چونکە شەڕی مان و نەمان دەکەن شەڕی نان و ژیان دەکەن.

لوبنان قەرزارترین وڵاتی دونیایە کە بڕی قەرزەکانی بە ڕێژەی لە سەدا 170 لە بەرانبەر داهاتی وڵاتدا بەرزبووەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە ژیانی خەڵکی لوبناندا لەم ماوە درێژەدا نەکراوە و ژیانی خەڵکی بەرەوە خراپتر ڕؤیشتووە نزیکەی لە سەدا 40 دانیشتوانی لەژێر هێڵی هەژاریوەن. لە ساڵی 1997 بەهای دۆلارێك یەکسان بووە بە 1507 پاوەندی لوبنانی، بەڵام لە ڕۆژی هەینیدا  ئەوە بەرزبووەتەوە بۆ 6000 پاوەند.

وێنەی دووهەم  مەیدانی شەهیدانە لە بەیروت، خەڵکی  دارتەرمێکیان پێیە و جلی ڕەشیان پۆشیوە ، ڕەمزە بۆ ناشتنی ئابوریی لوبنان.

ئەوەی کە چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژێکدا دەیکات جۆری خەباتەکانی دیکە لە 10 ساڵدا نایکەن:

ئەوەی کە چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژێکدا دەیکات جۆری خەباتەکانی دیکە لە 10 ساڵدا نایکەن:

زاهیر باهیر

10/06/2020

بزوتنەوەیBlack Lives Matter  کە لە دوای کوشتنی جۆرج فلۆید لە ئەمەریکا، دەستیپێکرد  ئەوە بۆ 3 هەفتەیە بەردەوامە. ئەم بزوتنەوەیە گەر گۆڕانکاری گەورەش نەکات بەڵام توانی بزوتنەوەکانی خەڵکی لە گەلێك وڵاتا ببوژێنێتەوە، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەر بیانویەك نەبوو لە هاوپشتی و کۆمەك بۆ بزوتنەوەکەی ئەمەریکا.  بەڵکو هانی خەڵکی دا کە لە زۆر وڵاتا بڕژێنە سەرشەقامەکان دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت ، دژ بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، نەبوونی ئازادیی، دژ بە هەڵاواردن، فاشییەت و ڕایسیسزم، بێ کاریی ، جەنگ ، سیاسەتی دەستگرتنەوە[ تەقەشوف]، گرانبوونی هەموو شتێك، کەرەنەتینەکردنی هەموو خەڵك … دژ بەمانە و زۆری تر لەمانەیە .

لە بریتانیا کە تا دوێنێش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامبوون و لەوە دەکات هەر بەردەوامبێت گەیشتە قۆناخێکی نوێترەوە  کە قۆناخی بەکارهێنانی خەباتی یاخود چالاکی ڕاستەوخۆیە.

دەیەها ساڵ زیاترە چەپ و حیزبە چەپەکان لە ڕێگای کەمپەینی واژۆو و چەڵتە چەڵتی نێو هۆڵی پەڕلەمان و دیمانەکردن و نوسینی سەدەها وتار دژ بە ڕایسیسزم و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی  دیکە و زۆر پرسی  تر کرا، بەڵام  نەیانتوانی تاکە هەنگاوێك پرسەکە بەرنە پێشەوە، تاکە پەیکەرێکی کەسانی جەنگخواز و تاوانبار و کەسانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە  و کۆیلایەتی ، پەیکەری جێنڕاڵە بەرژەوەندخوازەکانی جەنگ ، سمبولەکانی کۆڵۆنیالیزم داگرنەخوارەوە… نەیانتوانی تاکە پەیکەرێکی دەغەڵی سمبولیی ئەوەی کە مرۆڤایەتیی قێزی لیدەکاتەو لابەرن.

ئێستا لە بریتانیا لە ماوەی تەنها 2 ڕۆژدا چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەدەها هەزاران کەسەوە کە بەشی هەرە زۆریان لاوان و گەنجانن کە تەمەنیان لە خوار سی ساڵەوەیە ئەو کارانەی کە دەبوایە دەوڵەت لە دوای ساڵی 50 کانی چەرخی ڕابوردووە بیکردنایە ، ئێستا کەوتە سەرشانی ئەم گەنجانە.

دەوڵەت و پۆلیس و سیاسییەکان، کە هەر لەو کاتەوە باس لە سیاسەتی بەیەکەوە ژیان و دژ بە ڕایسیسزم و دانی هەلی کارکردن و خۆێندن و خانووبەرە چارەسەری تەندروستیی و ژیان .. بۆ هەموو کەس،  لەژێر ناوی “ڕەخساندنی هەل بۆ هەموو کەسێك بێ هیچ جۆرە جیاوازیەك ” دەکەن، کەچی هێشتا زۆر یا کەم کۆمەڵ وەکو خۆیەتی. لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە باسم کردن و لەپاڵ ئەو هەموو خولی  هەڵبژاردن و هاتنی چەپ و ڕاست ولیبراڵ بۆ سەر کورسی دەسەڵات کەچی هێشتا هەموو ئەو پرسانەی کە ناوم هێنان یا هەر وەکو خۆی بەرەوڕوومان وەستاون یاخود زۆر بە کەمی گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

لە ئێستادا بزوتنەوە Black Lives Matter   لە بریتانیا گەیشتۆتە ئاستی پاکتاوکردن و ڕاماڵینی پەیکەرەکانی کە بووبوونە ڕەمزی سەربەرزی بریتانیا و مێژوی کۆڵۆنیالیزم سوکایەتیکردن بە خەڵکانی ڕەشپێست و ڕەنگجیاوازی تر و خەڵکای ئیتنیکی.

ئەم پێشەوەچوونەش ڕۆژی یەکشەمە لە شاری برستڵ بە هێنانەخوارەوەی پەیکەری Edward Colston دەستیپێکرد کە لە چەرخی هەژدەدا بازرگانی بە هێنانی 100 هەزار پێستڕەش لە ئەفەریقا و کاریبیانەوە، کردووە، کە نزیکە 14 هەزاریان منداڵ و ژن بوون  کە چەند هەزارێکیان کە لە ڕێگا تەحەمولی ناو پاپۆڕی گواستنەوەیان لە دەریادا نەکردووە گیانیان لەدەستداوە و  لاشەکانیان بوون بە خۆرراکی ماسی و گیانلەبەری ئاویی.  پاش ڕاکێشانی پەیکەرەکە بۆ قەراخی ئەو ڕوبارەی کە لە برستڵ دا هەیە و خستیانە ناو ئاوەکە هەر وەکو چۆن ئەو خەڵکانەی کە بە کۆیلەیی دەگوازرانەوە و تەحەمولیان نەدەکرد  بە مردوویی و نیوە مردوی خرانە ناو دەریاوە.

دوێنێ ، رۆژی 3شەمە، 09/06 خۆپیشاندانەکان لە زۆر شاری بریتانی دەستیپێکرد.  لە هەر شارێك مشتیان لە یەكێك لەو پەیکەرانە گرت کە زانراوە بازرگانێتییان بە کۆیلەوە کردوە یاخود ڕۆڵێکیان هەبووە.  یەکێك لەم پەیکەرانە کە لە شارەوانی تاوەرهاملێت بوو لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن بەناوی Robert Milligan ، خۆپیشاندەران ویستیان  بیهێننە خوارەوە، لە کاتێکدا  کە لە ساڵی 2010 وە خەڵکی واژۆ بۆ لابردنی و هاتوچۆی پەڕلەمانتار و دیمانەی میدیای بۆ دەکەن بەڵام هیچ نەکرا.  دوێنێ کە خەڵکی بەخۆی بڕیاری خۆیدا کە بیڕوخێنێت ئەو پەیکەرە قێزەوەندە کە ڕەمز بوو بۆ دەسەڵات و دەوڵەتی بریتانی  بیهێننە خوارەوە.  بەڵام بۆ ئەوەی دەوڵەت و سیاسییەکان و پۆلیس لەوە زیاتر ڕسوا نەبن و بەیاکادانیش لە نیوانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا دروست نەبێت و کە دەبووە خۆپیشاندانی سەرومڕ شارەوانی خۆیان بڕیاریان دا کە بە ” حورمەتەوە” پەیکەرەکە بهێننە خوارەوە.

لە شاری ئێدنبرەی سکۆتەلەندە و شاری  ئۆکسفۆرد کە چەندەها لەو پەیکەرانەی لێیە ئێستا دەسەڵات بە تەمایە  بە ” حورمەتەوە” لایان بدات.  لە زانکۆی ئۆکسفۆردی شاری  ئۆکسبفۆرد کە دوێنی زیاتر لە چەند هەزار خۆپیشاندەرێك بۆ هەمان مەبەست کۆبونەوە و دەیانویست کە چەند  پەیکەرێکی لێیە بە تایبەت پەیکەری Cecil Rhodes.  کە دەستی هەبووە لە بازرگانی کۆیلایەتییدا ، بهێننە خوارەوە،  بەڵام پۆلیس ڕێگای نەدا و ئەوانیش ئێستا بانگەشەی  خۆپیشاندانێکی چڕو پڕیان بۆ ڕۆژی هەینی 12/06 کردووە  کە گەر تا ئەو کاتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و شارەوانی ئۆکسفۆرد پەیکەرەکە لانەدەن ئەوان بیهێننە خواروە.

ئەمانەی کە دەکرێ هەمووی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە بە هۆکاری پرسنەکردن و مۆڵەت وەرنەگرتن لە پۆلیس ، موجازەفە بە ژیانی خۆیان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆ، ڕماندنی سومبلەکانی کە جێگای شانازی دەسەڵات و دەوڵەت و چینی سەروەر و باڵادەست و دەستەبژێرن.  ئەمە جگە لەوەی لە ئەمڕۆوە داخوازی خەڵکی زیاتربووە لەوانە داوا دەکرێت کە پرۆگرامی خۆیندن و پەروەرردە لە زانکۆکانا بگوۆڕێن و ڕەنگدانەوەی قۆناخی ئێستای ژیانی خەڵکی بێت نەك سەردەمی کۆیلایەتیی و مێژوی هێز و باڵایی ئیمپریالیزمی بریتانیی.  هەروەها ئەو شوێنانەی یا ئەو هۆڵانەی کە بە ناوی ئەم تاوانبارانەوە ناوبراون تەنانەت ناوی شەقامەکانیش، ئەمانە هەمووی دەبێت بگۆڕێن.

ئەمانە هەمووی لە ئێستادا  هەنگاوی شۆڕشگێڕانەن هاوکاتیش دڵنیامان لە تەکانێك لە پێشەوەچوونی  بزوتنەوەی خەڵکی، دەکەنەوە،  کە  زەحمەتە گەڕانەوەی بۆ هەبێت.

 

Zaherbaher.com

 

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن
و: زاهیر باهیر
بەشی سێیەم :
لە ئایدیای گشتی شۆڕشەکەی 1851 پرۆدۆن پیداگریی لەسەر ” کۆمەڵێك بە بێ دەسەڵات”*[1]کردووە و نوسیوێتی:
بۆ ئەوەی فەرمانداریت بەسەردا بکرێت دەبێت چاودێری بکرێیت، بپشکێنرێیت ، سیخوڕیت بەسەرەوە بکرێت ، ئاراستە بکرێیت، بە یاسا بڕۆیت، بە ژمارە بکرێیت، لەقاڵببدرێیت، تۆماربکرێیت، ئامۆژگاریی و تەلقینبکرێیت، کۆنترۆڵبکرێیت، لێپێچینەوەت لەگەڵدابکرێت، بقەبڵێنرێیت، نرخت لەسەر دابنرێت، ڕەقابەت لەسەر دانرێت، فرمانت بەسەردا بکرێت، ئەمانە لە لایەن مەخلوقانێکەوەیە کە نە مافیان هەیە و نە ئاوەز و نە فەزڵ ، هیچ مافێکیان نییە تاکو ئەوە بکەن. بۆ ئەوەی فرمانداریت بکات، دەبێت ئامادەگی هەموو چالاکییەکت هەبێت، لە هەموو مامەڵەیەکدا تێبینی بکرێیت تۆمار بکرێیت و حساببکرێیت و باجت لەسەر دابنرێت و مۆرت لێبدرێت، پێوراوبیت و ژمێردراوبیت و هەڵسەنگرێنێیت ، مۆڵەتت پێبدرێت ، پێتڕابگەیەنرێت، پێتوترابێت، ڕێگریت لێبکرێت ، یاساخکرابیت، ڕیفۆرمکرابیت، ڕاستکرابیتەوە ، سزادرابیت. لەژێر ناوی خزمەت و سوودی گشتیدا و بەناوی بەرژەوندی گشتیەوە دەبێت لە شوێنێك بۆ بەشداریکردن دابنرێیت، ڕاهێنانت پێبکریت ، ڕووتبکرێیتەوە، بچەوسێنرێیتەوە، مۆنۆپۆلبکرێیت، ناچاربکرێیت، بگوشرێیت، هەڵخەڵەتێنرێت، تاڵانبکرێیت، دوای ئەوەش لە بچوکترین بەرگرییدا، لە یەکەم وشەی گلەییدا سەرکوتکراویت، سزادراویت ، شێوێنراویت، هەراسانکراویت ، سەرەکۆنە کراویت، خراپ بەکارهێنراویت، لێدراویت، بێ چەكکراویت، سنوردارکراویت، خنكێنراویت، بەندکراویت، دادگاییکراویت، سەرزەنشکراویت، تەقەلێکراویت، دیپۆرتکراویت، بە قوربانیی کراویت، فرۆشراویت، خیانەتلێکراویت، هەموو بە گاڵتەجاڕییەوە بە قەشمەرییەوە بە کۆمیدییەوە تاج لەسەرخراویت، ڕكئەستوور کراویت، بێ شکۆ کراویت. ئەوە حکومەتە ، ئەوە دادوەرییە، ئەوە مۆراڵێتی حکومەتە.
درێژەی هەیە .
[1]* -مەبەستی پرۆدۆن بوونی کۆمەڵی بێ دەوڵەت و دەسەلاتدار و سەروەرانە.
** خوێنەری بەڕێز، وەک هاریکارییەک، هەر واژەیەک کە بۆ تۆ ئاشنا نییە و واتای ڕۆشن نییە، هەر دەستەواژەیەک کە واتاکەی ناڕۆشنە، لە بە شی کۆمێنت بینووسە، تاکو لە کاتی چاپکردن ڕۆشنایی لەسەر دابنێم.
……………
تێبینی: چەند ساڵێك لەمەو بەر ئەم پەرەگرافەم وەکو پۆستێك لەسەر فەیسبوك دانا. بە دانانی، گفتوگۆێەکی هاڕێیانەی سوودبەخشی لە نێوانی چەند هاوڕێیەکی مارکسیی و ئەنارکیستەکانا، بەدووی خۆیدا هێنا . گفتۆگۆکە ئەوەندە درێژبووەوە دواتر بە پرس و ڕای هەموان بڕیاری لەسەر درا و بە نوسێنی پێشەکییەك لە لایەن هاوڕێ تاهیر صاڵەح شەریف-وە، بوو بە کتێبێکی ئەلەکترۆنی. گەر دەخوازیت بیخوێنیەوە ئەوە تکایە سەردانی پەرتوکخانەی ئەنارکیستان بکە و کلیك لەسەر کتێبەکە بکە .

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

و: زاهیر باهیر

بەشی دووهەم

داخستنی وەرشەکان کە لە ساڵی 1848 دا بوو بە هۆی ڕاپەڕینی ڕۆژانی حوزەیران، کە توندووتیژییەکەی، پرۆدۆنی تاسان. لەگەڵ ئەو تاسانەشدا پرۆدۆن، بە چوونی  بۆ بینینی بەست و ڕێگرەکان لە بەرەکانی دژ، ئەوەندە لای گرنگ بوو، ئەو  چونەی خۆی بۆ باستێل لەو کاتەدا، ئاوا دبینی  ” یەکێك بووە لە کارە  شەرافەتمەندەکانی  ژیانم” ، بەڵام لە سەردەمە ئاڵۆزەکانی ڕووداوەکانی 1848دا ئەو دژ بە یاخیبونەکە بوو کە لەگەڵ ڕێڕەوی ئاشتیانەدا نەدەهاتەوە، ئەوەش هەڵوێستێكی ئاسایی جووتبوو بووە بەسەراپای ژیانی پرۆدۆن کە هەڵوێستی ئەو دژ بە توندووتیژی، بووە. لەبەرئەمەش پرۆدۆن هەڵچوون و خۆپیشاندانەکانی مانگی شوبات و ئایار و حوزەیرانی 1848 پەسەندنەدەکرد وێڕای ئەوەی کە ئەو بە پەرۆش و دڵگەرمییەوە دژ بە زوڵمە کۆمەڵایەتی و  سایکۆلۆجیی و نادادپەروەرییەکان، کە خودی ئەوانەش هۆکاری ڕوودانی یاخیبوونەکان بوون، وەستایەوە.

Sagra ڕۆژنامەیەکی ئەنارکیانەی بەناوی El Porvenir لە ساڵی 1845 دا لە La Coruña دەرکرد کە لە ئایدیاکانی پرۆدۆن-وە بەهرەی وەرگرتبوو. سیاسییەکانی کەتەلۆنیای وەکو Francesc Pi i Margall  بوو بە وەرگێڕێ سەرەکی کارەکانی پرۆدۆن بۆ سەر زمانی ئیسپانی کە لە دوایشدا بۆ ماوەیەکی زۆر کەم لە ساڵی 1873 دا بوو بە سەرۆکی ئیسپانیا، کە ئەو کاتە سەرۆکی پارتی دیمۆکرتی فیدراڵیی کۆماریی بوو.  بە گوێرەی قسەی جۆرج ودستۆك،  George Woodcock کە دەڵێت ” ئەم وەرگێڕانانە کاراییەکی قوڵ و بەردەوامی لەسەر گەشەکرنی ئەنارکیزم لە ئیسپانیا دوای ساڵی 1870 ، هەبوو.  بەڵام پێش ئەوکاتە ئایدیاکانی پرۆدۆن کە لە لایەن  Pi وە قسەی لەسەر کرابوو، هەر ئەو کاتە هەستێکی زۆر سەبارەت بە بزوتنەوەی فیداڵی لە سەرەتای ساڵانی 1860 کانەوە بەو هۆیەوە دروستبووە.  هەروەها بە گوێرەی Encyclopædia Britannica, ” سەردەمی شۆڕشی ئیسپانیای 1873 Pi i Margall هەوڵی ئەوەی دەدا کە سیستەمێکی سیاسی  نانێوەندگەرایی یاخود ” کانتۆنیی cantonalist ”  لەسەر هێڵەکانی پرۆدۆن، دروستبکات.

کۆتایی ژیانی پرۆدۆن

پرۆدۆن لەسەر سوکایەتیکردن بە سەرۆك لویس- ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی 1849وە بۆ 1852 گیراوە، دوای ئازادبوونی لە نێوانی ساڵەکانی 1858 بۆ 1862 لە بەلجیکا ژیانی دوورخراوەیی بەسەربردوە.  پاش هاتنی ئازادیی دوای نەمانی ئیمپراتۆریەت  لە ساڵی 1863 دا ، پرۆدۆن گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

مردنی

پرۆدۆن لە 19 ی مانگی کانونی دووهەمی ساڵی 1865  لە Passy کۆچی دواییکردو  لە گۆڕستانی Montparnasse لە پاریس نێژرا.

فەلسەفە

ئەنارکیزم

بە گوێرەی قسەی مایکڵ باکۆنین، Mikhail Bakunin، پرۆدۆن یەکەم کەس بووە کە خۆی بە ئەنارکیست ناوزەدە کردووە.  لە کتێبی : موڵکییەت چییە؟  کە لە ساڵی 1840 دا بڵاوبووەوە، ئەو پێناسەی ئەنارکی بە ” نەبوونی ماستەر، نەبوونی سەروەر، باڵادەست” کردووە، هەروەها نوسیوێتی ” هەر وەك چۆن مرۆڤ  بەدووی دادوەریی لە یەکسانیی –دا دەگەڕێت، هەر ئاواش کۆمەڵ لەدووی ڕژێمی ئەنارکی دەگەڕێت ” .  پرۆدۆن  لە سالی 1849دا لە بانگەشەی ” داننان بە شۆڕشگێڕیی” وتی  ”  لەسەر دەستی هەرکەس فرمانداریم بکرێت، ئەوە  زۆردار و دیکتاتۆرە، من بە دوژمنمی دەزانم”

درێژەی هەیە

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

زاهیر باهیر

01/06/2020

ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەرە و نە تازەیە و نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە.  حکومەتە یەك بەدوایەکەکانی ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری  خەڵکەکەی ببن، نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، پاکبکەنەوە.

ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی 50 تا 60 ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی دیکەش ڕوویداوە ، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی دراوە ، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ دادەنێن.

بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی هەرگیز نابێت بڕوای  پیبکرێت ئەمە چ جای ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو ڕوداوانەیە.  ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی ، فرماندەرێکی  خراپە، نەك دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.

زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە زیاتر لە 15 دەڤەریدا / هەرێمیدا بەردەوامە.  لە ئەمڕۆوە لە چەندەها شاردا هێزی تایبەتی و سەربازیان هێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران.  ترامپ پەیتا پەیتا هەڕەشە دەکات و خۆپیشاندەران بە ” ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست ” ناو دەبات .  بی گومان پەیامەکانی نەك هەر ناتوانێت بچوکترین کارایی ئاشتەوایی بگەیەنێت ، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە دەوڵەت و حکومەت دەکات.  هەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە 4500 گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە هۆی ئەوەی کە کە لە چەندەها شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.

ئایا کوشتنی تاکە کەسێك ئەوە دەهێنێت؟

ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێك نییە.  پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە.  خەڵكانی ڕەشپێست  و ئیتنیکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەهێنن، ئەمەریکای ئێستا بە هاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوك و دایك  باپیران و نەنك و  و باپیرە گەوەرە و دایەگەورەی  ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ کاریی ، بێ خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان ، قەرەباڵخی نێو بەندیخانەکان، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، نەبووەکان، هەڵواردن و بەکارهێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان….. بەر ئەمان دەکەوێت.

هەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی بەکاردەهێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەك هەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی شارەوانیەکان و  هەموو بەرپرسێك تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.

خەڵکانێك کە ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم هێنان،  و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو هاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە گۆڕینی حکومەت ، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە هەموو بوارەکاندا، داخوازییەك بووە کە هەر هیچ نەبێت وەکو هاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان بکرێت .

کە ئەمانە هیچی نەکرێت ، هەڵبژاران هیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری سەرمایە و بوونە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیهانی ، خێرێکی بۆ ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە هەیە؟

ئەم هاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟

دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، 31/05 ، لە هەندێك وڵاتی وەکو بریتانیا ، ئەڵمانیا ، دانیمارك خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.  ڕۆژی 01/06 ئەم ناڕازاییانە تەشەنەی کرد بۆ ولاتانی دیکەی وەکو ئیرلەندە و خواروی ئەفەریقا و لە لەندەنیش دووبارە بوەوە.

بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟

دەبیت لە یەك شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.

هەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، هەر میدیایە کە رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات.  میدیاش میدیای ڕژیمە و  ئیدی لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، هەر وڵاتێکی دیکە بێت هەتا بە وڵاتانی عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێك دەکەن کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.

دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە هێز و زەبری میدیا کراونەتە تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی کورد یاخود ئەو هەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا هاتووە بە ڕەوا نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات.  هەر لەبەر ئەمە، یا هەر باسی ناکات و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت.  لەبەر ئەم هۆکارە پرسی ئێمەی کورد  کش و ماتە ، هەر ئەمەشە کە لە ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.

با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەك هەر پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە هەیە و بەشی زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، ناکەین، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.

ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ێستادا دەست لەکار نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵنەبژێرریتەوە .  ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەمەریکا.

ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت، هاوکاتیش  ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەوڵەتی دەوێت  و نە تێشکانی سیستەمەکە.  لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر چاوەڕواندەکریت.

ئەمەریکا و سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووجاوەکان بگۆڕێن بەڵام خودی سیستەمەکە هەر لەوێ دەمێنتەوە.  سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا لە لوتکەی  هەڕمەکەیدایە پێکهاتەیەکی هەرەمیی  ئابووری و سیاسی و کوڵتوری و فەرهەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] .  بەشە سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، هەرە بەشە لاوازەکەی سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێك هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت،  چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم هێنان ساخ و سەلامەتن، هەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنها ڕیزێك دوو ڕیزی لێڕوخاوە ، دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە .

خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە زانگۆکاناو هەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو لایەنانەی کە وتم ،  گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناهێنرێت.

لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە هاوکاری و هاوپشتی و کۆمەكپێکردنیان کار و ئەرکی هەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.

من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت  نەك هەر بە فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە هەندێك شت کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە.  ئەم خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەك هەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر  ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.

Zaherbaher.com

 

 

 هاوخەمیی و هاوپشتیی  بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئەوروپا:

هاوخەمیی و هاوپشتیی  بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئەوروپا:

01/06/2020

دوای کوشتنی George Floyd  خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕازایی لە 6 شەوی رابوردوودا کە زیاتر لە 40 شاری گەورەیی ئەمەریکای گرتۆتەوە زیاتر لە 4100 کەسیش لە خۆپیشاندەران دەسگیرکران، بەرەدوامە.   دوێنێ ، ڕۆژی یەکەشەمە ، 31/05/20 ، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بریتانیا و کۆپنهاگن و ئەڵمانیا وەکو دەربڕینی هاوخەمیی و هاوپشتیی بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا و خێزانی جۆرج، دەستیپێکرد .

لە بریتانیا لە شارەکانی:  لەندن و مانشستەر و کاردیف، خەڵکێکی زۆر هاتنە سەرسەقامەکان. لە لەندەن نزیکەی 7 هەزار کەس لە مەیدانی ترفگەڵ سکوێر کۆبونەوە و بەرەو پەڕلەمان و دواتر بەرەو سەفارەتی ئەمەریکی ملیان نا .

خۆپیشاندانەکان زۆر ئاشتیانە بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس هێشتا 24 کەسی دەسگیرکرد کە بەشی زۆریان لەبەرئەوەی کە ئامۆژگارییە یاساییەکانیان فەرامۆش کردووە سەبارەت بە کۆرۆنا.

لە بەرلین و کۆپنهاگن  خەڵکێكی زۆر لەبەردەم سەفارەتی ئەمەریکیدا ناڕەزایی خۆیان دەربڕی دەربارەی مەیلی ڕایسستیانە و  کاری دڕندانەی پۆلیس لە ئەمەریکا.

لە واشنگتۆن لەبەردەم کۆشکی سپی هێڕشی خۆپیشانداران و ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوو کە توانییان دڕ بە ڕیزەکانی پۆلیس بدەن و بچنە پێشەوە هەر لەبەر ئەمەش بە پەلە هێزی تایبەتی نهێنی فریای سەرۆك ترامپ کەوتن و بەکێشیان کرد بۆ ژێرزەمینەکە کە ئەمینترین شوێنە و سەرۆکەکانی ئەمریکا کە مەترسییان بۆسەر دروست دەبێت دەیانخەنە ئەوێوە .  لە ڕۆژی 11/09 دا ‘دیك چێنی’ کە بریکاری جۆرج بوش بوو بەپەلە گەیاندیانە ئەوێ بۆ سەلامەتی ژیانی.

ترامپ ڕوو بەڕووی زۆر ڕەخنە و قسە بۆتەوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی خۆپیشاندەران کە بایاخێکی ئەوتۆیان پێنادا و تاوانباریان  بە ” تاڵانچی و بەڵتەچیی و ئاژاوەچی و ئەنارکیست” دەکات. هاوکاتیش هەرەشەیان لێدەکات کە بەسەگی هار و چەکی زۆر ناباو هێڕشیان بکرێتە سەر.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەمەی کە ڕویدا دووڕوویی و دەبڵ ستاندەری حکومەت و حیزبی دیمۆکراتی ئەمەریکی نیشاندەدات کە هەڵوێستیان چۆنە لە هۆنگۆنگ و کە زۆرر بە ئاشکرا پشتگیرییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەوێ دەکەن و ڕاگەیاندنی توندوتیژ بەیان دەکەن. داوایان لە چین دەکرد کە بچن قسە و سازش لەتەك خۆپیشاندەرانا بکەن .  لە ئێستاشدا چین هەمان شتی خۆیان دەداتەوە بە چاویانا وەکو”  دیمەنێکی زۆر جوانە [ دیمەنی دوکەڵ و ئاگراوی ئەمەریکا] دەتوانن بچن لە باڵکۆنییەکانتانەوە تەماشاکار بن .  ئەمە لە ڕەدی پیلۆسی قسەکەری کۆنگریس دا کە بەرانبەر بە خۆپیشاندانەکانی هۆنکۆنگ کە  وای بە چینییەکان دەوت .  یاخود : ترامپ خۆت مەشارەوە بڕۆ ناو خۆپیشاندەرانەوە و بزانە چییان دەوێت و وتووێژیان لەگەڵدابەکە”

هاوکاتیش جۆن بایدنی کاندیدی پارتی دیمۆکرات خۆی گەیاند یەکێك لە مەرکەزەکانی خۆپیشاندەران داوای قسەکردنی لەگەڵدا دەکردن و گوایە ئەو داخوازییەکانیان دەگەیەنێت بە بەرپرسیاران .  کە بەمە دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن و خۆپیشادانەکان دایمرکێننەوە ، بەڵام هەموان دەزانن کە ئەو خۆپیشاندانانە نە ڕابەر و نەسەرکردە و نە مەرکەز، هیچیان نییە.

ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن:

ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن:

زاهیر باهیر

30/05/2020

کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەکو هەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر لە سەری کرێکاران و هەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە.  هەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.

ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەهێنن نەك لەیەك لاوە بەڵکو لە زۆر لایەنەوە.

لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.

لە قەیرانە داراییەکەی 2008 دا کە هەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی کارایی بڕینی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.

 

هاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە 50 ساڵی رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.

ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و  سوپەرمارکێت و چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەکانی فڕین و  خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 کۆی کرێکاران پێکدەهێنن، لە کاتێکدا کە کۆرۆناش  ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە  لەوە ناکات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021 ، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا  هەر ژنانن کە باجی گەورە دەدەن.

ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] کاری سەرەکی دەکەن.  هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی کارکردنی  ژنان لە سەدا 97 .  بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبهێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.

کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە پیاوانی هاوەڵکاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون بە دایك یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان هەیە ، دووگیان دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرهەمهێنانی کەم .  لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن ، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.

 

توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە، دەکوژرێن .

لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری کردوە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی 09/04  لەو کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوکاریی و کۆمەكپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان بەکارهێنراوە،  بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیکردووە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر کاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کەمە.

لە سەدا 69 ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنها یەک لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا  و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن ، ئا لەم بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش کاریان نییە.

ئەمانە هەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی هاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.

Zaherbaher.com

 

 

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

و: زاهیر باهیر

بەشی یەکەم:

پرۆدۆن بە شۆڕشی فەرەنسای 1848 سەرسامبوو، بەشداری لە ڕاپەڕینەکەی مانگی شوبات و دەستورکەیدا کرد ، کە ناوی ” یەکەم بانگەشەی ڕژێمی کۆماریی ” لێنا و لای ئەو  کۆمارێکی نوێ بوو ، بەڵام هاوکاتیش بەگوومان بوو دەربارەی حکومەتە کاتییە نوێیەکە کە   Jacques-Charles Dupont de l’Eure  ( 1767-1855 ) سەرۆکی بوو، کە هەر لە کاتی شۆڕشی فەرەنسای 1789 کەسێکی سیاسیی بوو، گەرچی زۆربەی وەخت ئەو لە ڕیزی موعارەزەدا بووە. لە شانی ئەم پیاوەوە حکومەتە کاتییەکە لە لایەن لیبراڵەکانی وەکو Alphonse de Lamartine(بەرپرسس لە کاروبارەکانی دەرەوە) و Alexandre Auguste Ledryeet-Rollin ( بەرپرسی کاروباری ناوخۆ) Adolphe Crémieux ( دادوەریی و دادگا) و Auguste Burdeau ( جەنگ) ئەمانەوە بەڕیوەدەبرا. بەگومانبوونی  پرۆدۆن لەبەر ئەوە بوو کە ئەوانە هاندەر و خوازیاری چاکسازیی سیاسیانە بوون لەسەر حسابی چارەسەری ئابووریی کۆمەڵایەتی، کە لای پرۆدۆن ئەوە خاڵی جیاوازی و بناخەیی بوو. لە کاتی شۆڕشی مانگی تەموزی 1830 پارتی کۆماریی سۆشیالیست حکومەتێکی دژیی لە بەرانبەر حکومەتی ناوەنددا لە  Hotel de Ville پێکهێنا.  لەو حکومەتەشدا  Louis Blanc, Armand Marrast, Ferdinand Flocon و Alexandre Martin بەشداربوون.

پرۆدۆن دید و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ڕیفۆرم کە پرۆژەیەك بوو لە 1849 دا، لەژێر ناوی Solution du problème social ( حەلی گرفتی کۆمەڵایەتیی) تەواوکرد. لەم پرۆژەیەدا پڕۆگرامی کۆمەك و هاوکاریی دارایی  لە نێوانی کرێکارانا  خستەڕوو.  لەم پرۆژەیەیدا ، پرۆدۆن باوەڕی وابو کە ئەمە کۆنترۆڵی پەیوەندییەکانی ئابووریی لە سەرمایەداران و خاوەندراوەکان و دراوبەدەستەکانەوە دەگوێزێتەوە بۆ کرێکاران.  بەشی سەرەکی پلانەکەی پرۆدۆن دامەزراندنی بانك بوو بۆ دانی کرێدت [ نقد] بە سوویەکی یەکجار کەم و هەروەها داهێنانی کاغەز کە بەهای پارەی هەبێت لەبری خودی پارە، کە پارە بە حسابی ئاڵتون، دەخەمڵێنرا، دەستاودەستدەستی دەکرد.

لەسەردمی دووەم ڕژێمی کۆماریی( (1848–1852 ، پرۆدۆن گەورەترین هەژموونی جەماوەریی لە ڕێگای ڕۆژنامەگەرییەوە هەبو، لەو کاتەدا لە چوار ڕۆژنامەدا دەستبەکار بوو کە ناوەکانیان : Le Représentant du Peuple (February 1848–August 1848), Le Peuple (September 1848–June 1849), La Voix du Peuple (September 1849–May 1850) و Le Peuple de 1850 (June 1850–October 1850)..

ستایەڵی نوسینە جەدەلییەکانی لەتەك ناسراویی  کەسایەتی خۆی وەکو کەسێکی سیاسی لە دەرەوەی حکومەت، جیاوازبوو. ئەمەش ململانێیەکی ڕۆژنامەگەریانەی لەشێوەی گاڵتەجاڕییدا بەرهەمهێنا کە بۆ  زۆرێك لە کرێکارەکانی فەرەنسا بوو، هاوکاتیش ئەوانی دیکەی تەرە دەکرد. ئەو بە بەردەوامی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرت و هانی  چاکسازیکردنی ڕژێمی ئیئتمان [ کرێدت] و ئاڵوگۆڕکردنی دەدا.  لەم بوارەشدا ئەو  لە سەرەتای 1849 دا هەوڵی دامەزراندنی بانکێکی جەماوەریی( (Banque du people  ، دا، بەڵام وێڕای ئەوەی کە زیاتر لە  13 هەزار کەس واژۆی پرۆژەکەیان کرد( کە زۆربەیان کرێکاران بوون) بەڵام بەهای دەنگەکان کەمتر بوو لە 18 هەزار فرانکی سویسری ، ئیدی خودی پرۆژەکە، مرد.

لە ساڵی 1848 پرۆدۆن خۆی بۆ ئەنجوومەنی دامەزرێنەر خۆی کاندید کرد، گەرچی لە پاریس و لیۆن و بێسانکون و لیلیی، دەنگی هێنا کەچی سەرکەوتوو نەبوو.  بەڵام ئەو لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی-دا کە لە 4 ی مانگی حوزەیرانی 1848 دا کرا سەرکەوتوو بووو وەکو بریکار لە گفتوگۆ و لێدوانەکانی وەرشەکانا [وەرکشۆپەکان] لەسەر ئاستی وڵات، کاریکردووە.  ئەم وەرشانەش لە 25 ی شوباتی 1848 دا لە لایەن لویس بلانکی کۆمارییەوە دروستکران.  کاری ئەم وەرشانەش دۆزینەوە و دانی کار بوو بە بێکاران، بەڵام پرۆدۆن هەرگیز دڵگەرم [موتەحەمیس] نەبوو دەربارەی ئەم وەرشانە. ئەو لە جەوهەردا ئەمانەی وەکو دەسگە خێرخوازییەکان دەبینی، کە گرفتەکانی سیستەمە ئابوورییەکەی حەلنەدەکرد. هاوکاتیش بێ هەبوونی جێگرەوەیەك بۆ کرێکاران کە پشتیان بە وەرشەکان بەستبوو بۆ مانەوە و ژیانیان، پرۆدۆن دژ بە لەناوبردنی ئەم وەرشانە، نەبوو.

ناڕەزایی و مانگرتنەکان لە پاکستانا بەردەوامن

ناڕەزایی و مانگرتنەکان لە پاکستانا بەردەوامن:

27/05/2020

دەوڵەت و خاوەنکار و خاوەنزەوییەکان وەکو هەموو کاتتێکی دیکەیان هەر کارەساتێك سروشتی یا ناسروشتی کە دێتە پێشەوە زۆر بە چاکی بەکاریدەهێنن بۆ لێدانی خەڵکی بەدەستهێنانی بەژەوەند و دەسکەوتی زیاتری خۆیان.

ئافاتی کۆرۆناش یەكێکە لەوانە کە لە سەرانسەری دونیا گەر لە ئێستاشدا لەسەری خەڵکانی هەژار و بەشمەینەتی وڵاتاکانیان نەشکابێتەوە ، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە دوو مانگی ئایندەدا ئەوە ڕوودەدات.

پاکستانیش بەدەر نییە لەو وڵاتانە و خاوەنکارەکانیشی دەبەنگترنین لە خاوەنکاری دیکەی دونیا، بۆیە لە هێڕشێکی گەورەدان بۆ سەر کرێکاران و کارگەران بە نەدانی موچە بە زۆریان هەر لە مانگی ئازارەوە، دەرکردنی زۆرێکی دیکە بێ ئەوەی کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختیان پێبگات، کەمکردنەوەی موچەی ئەوانەی کە دەمێننەوە لەسەر کار، نەدانی پارەی زیادەکاریی ، ئۆڤەرتایم ، نەدانی پارەی ڕۆژانی هۆڵیدەی.

ئەمانەش بە ئاسانی بەسەر خاوەکارانی پاکستانا تێنەپڕیوە بۆیە لە هەفتەی پێشووە ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکانی کرێکارانی چنین و ڕستن و دروستکردنی پۆشاك بەردەوامە لە شاری لاهور و کەڕاچی و هەندێك شاری دیکەدا، بەردەوامە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێك لەو مانگرتن و ناڕەزاییانەدا پۆلیس تەقەی لە 100 کەس کردووە ، ئەنجامەکەی هێشتا دیارنییە.

‘باست’ کە کرێیکارێکە لەوێ دەلێت ” من  89 پاوەندی بریتانیی موچەی مانگانەمە و دەبێت 7 سەرخێزان بژێنم، ئەم جەژنە نەمتوانییوە بگڕێمەوە بۆ ناویان و جەژنیان لەگەڵدا بکەم چونکە نرخی کەرەسەکان گرانبووە و پارەی هاتۆچۆش گران بووە”

‘مەنسور’ کە کرێکارێکی دیکەیە ” دەلێت قەیرانەکە هەر هەبووە بەڵام کۆرۆنا باشتری خستە ڕوو، یاساکانی دژ بەکرێکارانشی ڕونترکردەوە و پەلەی دا بەجێبەجێکردنیان ، لە ئێستادا کە کرێکارەکان دێنە سەر کار هەر لەدەرگای هاتنە ناوەوەی کارگەکەوە ، پاسەوانی دەرگاکە ناوی پێیە و پێی دەلێت تۆ ناتوانیت ئیتر کار بکەیت.  زۆرێك لە کرێکاران ئاوا دەزانن کە دەرکراون ”

بەرهەم و داهاتی کاری رستن و چنین و دروستکردنی پۆشاک لە پاکساتان لە سەدا 9ی داهاتی هەموو پاکستانە و لە سەدا 70 هەناردەی پاکستانیش پێکدەهێنێت.

دەربڕنی ناڕەزایی  دژ بە کەرەنتینە

دەربڕنی ناڕەزایی  دژ بە کەرەنتینە

17/05/2020

دوێنێ رۆژی شەمە ، 16/05 ، لە گەلێك لە شارەکانی بریتانیا، لەوانە لەندەن، مانشستەر ، گڵاسگۆ، ساوز هەمپتن ، بێڵفاست  هەروەها لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپاش.

خەڵکی گەر چی بە ژمارەیەکی کەمیش بوو دژ بە کەرەنتینە وەستانەوە.  لە لەندەن 19 کەس دەسبەرکران و 10 کەسیش سزای پارەیان درا لەسەر شکاندنی بڕیاری حکومەت کە مانەوەی خەڵکە لە ماڵەوە لانی کەم هەتا 28/05.

ناڕەزاییەکان لە بریتتانیا  ئەم دروشمانەی خوارەویان بەخۆوە گرتووە و ئەم قسانەش دەکرد:

” دژ بە پێکوتە، مافی ناڕەزاییان هەیە”.

“پاکەتێك لە درۆیە بۆ شۆردنەوەی مێشکیت و دەیانەوێت بە گوێرەی نیزام ڕاتگرن” .

” نا بۆ بریاری کوتان ، نا بۆ نۆرماڵەتییەکی نوێ، نا بۆ بۆ نایاسیی قەرەنتینەکردن”.

” هەرگیز باوەرم نەبووە کە لە نەوەیەك دەبم کە سەکوتکردنی ئازادیی سیڤڵ ببینم سەبارەت بە ڤایرۆسێك کە درۆیە. ئەمە هیچ نییە بە بەراورد بەوەی  کە ڕووبەرووی دەبینەوە”.

” کارەساتەکانی کە لە قەرەنتینەدا ڕوودەدەن ببینن”

” وڵاتێکی گەشەکردوی ئابووریی نە مامەڵە و ئاڵوگۆڕی هەیە، نە گەشتیار، من دەبێت دووکانەکەم داخەم لە….کارایی کەرەنتینە زۆرن و زۆریش خراپترن لە خودی ڤایرۆسەکە:  پشێویی دەرونیی، توندووتیژی ماڵەوە و ناو خێزان ، دووکان داخراوە، شانۆ ، سینەما ، چێشتخانە هەموویی داخراون کە زەروور نیە.”

” لە درۆکردن بوەستن”

” بڵێ نا بۆ زورداران”

” بجەنگە بۆ ئازادیی”

” من بەشدارییم کردووە چونکە زۆر دڵگرانم بە ئازادییە مەدەنییەکان کە لێمان سەندراوەتەوە”.

” پسپۆرەکان درۆ دەکەن ، خەڵکی دەمرێت.”

” گوێ لە میدیا مەگرە، گوێ لە خەڵك بگرە”.

“سەرۆکی حکومەتی سکۆتلەند خائینە، ئێمە ئاژەڵ نین”.