Shax
08/07/2026
ئایا بۆ تۆش جێی پرسیار و تێبینی نییە کە هەرە هیچ و پوچەکان، یان ئەوانەن کە پۆست و پلە و پایە و دەسەڵاتیات هەیە، یاخود ئەوانەن کە هەڵپەی بۆ دەکەن؟
کۆمەڵێک دەرونناس هەن کە بەشێوەی زانستی و ورد سەرنجی ئەمەیان داوە و لێیان توێژیوەتەوە، هەرە گرنگترینیان (ئالفرێد ئادلەر)ە کە لایوایە گەشتن بە دەسەڵات و هەڵپەکردن بۆی، رەنگدانەوەی راستەوخۆی ترس و پوچێتی و ناهاوسەنگی ناوەکییە و دەسەڵات بەلایانەوە ئامرازێکی گونجاوە بۆ شاردنەوە، یاخود پێچەوانەکردنەوەی دۆخەکە (واتا هیچ و پوچی و بەکەمزانینی خۆی بگۆڕێت بۆ هیچوپوچکردن و بەکەمزانینی خەڵکی).
لایوایە دەسەڵات دەتوانێت ئەو سیمایە بە مرۆڤێکی هیچ و پوچ ببەخشێت و وەک مرۆڤێکی خاوەن شەهامەت نیشانی بدات.
لە شوێنێکدا دەنوسێت: [هەرکاتێک بینیمان کەسێک هەڵپەی دەسەڵات و سەپاندنی هەژموونی خۆی دەکات، ئەوە نیشانەیەکی روونە بۆ هەستێکی قوڵی خۆبەکەمزانی- Inferiority، دەسەڵاتخوازی قەرەبووکردنەوەیەکی دەستکردە بۆ ئەو بێدەسەڵاتییەی کە مرۆڤ لە ناخیدا هەستی پێدەکات]
رایوایە کە مرۆڤی دەرونبیمار بە نەخۆشی (گرێی خۆبەکەمزانی- The Inferiority Complex) کە مرۆڤێکی بێبڕست و هیچ لەبارانەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانیدا، لەجیاتی ئەوەی تیماری دەردەکەی بکات، باز دەدات بۆ بیمارییەکی تر کە گرێی باڵادەستییە (Superiority Complex). ئەمەش تەنها بۆ پەشتەماڵکردنی گرێی یەکەم و دەرکەوتنی وەک ئەوەی لە باریدایە لەوانی تر باڵادەستتر بێت و بەمەش دڵی ناخی شڵەژاوی خۆیان دەدەنەوە. ئەم هەڵپەی هێز (Will to Power)ە رەگ و ریشەکەی لە سوکێتی و خۆبەکەمزانی و پوچێتییەوەیە، بۆیەشە هەمیشە دەسەڵات بە توندوتیژی و سەرکوت و چەوسانەوە دەگات.
کارین هۆرنای یەکێکی ترە لە درونشیکارەکان کە بەهەمان شێوە جەغد لەوە دەکاتەوە کە کاتێک مرۆڤ لە ژینگەیەکی نادروستدا گەورە دەبێت و هەست بە سوکایەتی و پشتگوێ خستن دەکات، دەسەڵات وەک قەڵغانێک دەبینێت بۆ پاراستنی خۆی لە ترسی ناخی خۆی [لای ئەم جۆرە کەسانە کۆنترۆڵکردنی ئەوانی تر ئامرازێکە بۆ رێگریکردن لەوەی کەسانی تر بە (هیچ و پوچ)یان نەزانن]
تۆ هێشتا هیچ و پۆچترین نیت ئەگەر لەم پێڕە نیت، بەڵام دەشێت گەمژێنراوترین بیت، ئەگەر پێتوابێت مرۆڤی دەسەڵاتخواز فریادڕەسە.
