کچانی خۆێندکارانی زانکۆی ئەلقادسییە لە خواری عێراق ناڕەزایی دەردەبڕن

20/11/2026

ئەوە دوو هەفتەیە خۆیندکارە کچەکان لە زانکۆی ئەلقادسییە لە مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزاییدان دەربارەی ئەوەی کە پڕۆفیسۆرە پیاوەکان لە وتنەوەی وانەکان لابران .  ئەم بڕیارەش گەرچی بڕیاری سەرۆکی زانکۆکەیە بەڵام بێ گومان بڕیارێکی سیاسی سەروخۆیەتی کە دەسەڵاتە، ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ نانی هەنگاوی گەورەتری مەترسیدار سەبارەت بە ڕەگەزی مێینە .

لە ئێستادا 400 خوێندکار بەشدارن لەو ناڕەزاییەدا و داوای گەڕاندنەوەی مامۆستا پڕۆفیسۆرەکانیان دەکەن .  سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت لە لایەن دایک و باوکی خوێنکارانەوە ئاگەدار کراونەتەوە کە نابێت کچەکانیان مامۆستای پیاو وانەیان پێ بڵێنەوە.  خوێندکارەکانیش دەلێن ئەم قسانە ڕاست نییە ئەساسی نییە چونکە باوك و دایکیان هەر لەسەرەتاوە زانیویانە کە مامۆستای پیا و وانەیان پێدەڵێنەوە دوای ئەوەش دایک و باوکیان پشتگیری چالاکییەکەیان دەکەن.

«من و هاوپۆلەکانم چووین بۆ خۆپیشاندان، و سەرۆکی زانکۆ، ڕاهی ئەلیاسری، ڕێگای پێ گرتین بە پاسەوانە تایبەتەکانی، کە دواتر دەستیان کرد بە گاڵتەپێکردنمان. فەرمانی پێ کردن وێنەی ڕووخسارمان بگرن، بە مەبەستی ترساندنمان و سزادانمان لە داهاتوودا»، ئەمە وتەی هودای تەمەن ٢٢ ساڵ بوو کە یەکێک بوو لە خوێندکارە کچەکان.

هودا وتی خوێندکارەکان هەوڵیان دا ڕوونی بکەنەوە کە چۆن پیاوان و ژنان هێشتا لە کۆمەڵگەی عێراقدا پێکەوە کار دەکەن. «ئایا پزیشک نییە کە چارەسەری هەردووکیان بکات، پیاوان و ژنان؟ کەواتە بۆچی ڕێگری دەکەن لەوەی مامۆستا پیاوەکانیش وانەمان پێ بڵێنەوە؟» لە وەڵامدا، هودا وتی ئەلیاسری وەڵامی داوەتەوە: «تەنانەت ئەگەر سەریشتان بدەن بە دیواردا، مامۆستاکان ناگەڕێنمەوە.»

خوێندکارە کچەکان وتیان لەلایەن زانکۆوە پێیان وتراوە کە ئەگەر لە گۆڕانکارییەکە ڕازی نین، با واز لە خوێندن بهێنن.

بەلسەم مستەفا، توێژەرێکی فێمینیستی عێراقی-بەریتانی لە زانکۆی کاردیف، وتی خوێندکارە کچەکان «وەک ئەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە کە منداڵی خوار تەمەن یاسایی بن و مافی ناڕەزایەتی دەربڕینیان نەبێت بەرانبەر بەو بڕیارانەی کار دەکەنە سەر ژیانی ئەکادیمییان».

بەلسەم درێژەی بە قسەکانی داو وتی دوورخستنەوەی مامۆستا پیاوەکان بەشێک بووە لە ڕەوتێکی نیگەرانکەر سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە وڵاتەکەدا، بە شێوەیەک کە «گفتوگۆی زیاتر دەربارەی پۆشاکی ژنان و داوێنپاکی، لە ئاهەنگگێڕان و ستایشکردنی ئەو خوێندکارە کچانەدا ڕەنگی داوەتەوە کە عەبا دەپۆشن».

ئیسرا سەلمان، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی عێراقی، وتی سنووردارکردنی ژنان «کارەساتێکی کۆمەڵایەتی»یە.

«هەوڵ دەدرێت بەهرەکانی ژنان سەرکوت بکرێن و کۆمەڵگەی عێراق — ئەو کۆمەڵگەیەی کە عەقڵ و شارەزایی نایابی بەرهەم هێناوە، و ژنان تێیدا ڕۆڵی پێشەنگیان لە زۆر بواردا گێڕاوە — بگۆڕدرێت بۆ شتێک کە لە کابولی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان بچێت.

ئەمە پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە وڵاتەکە واژۆی کردوون و پەسەندی کردوون»، ئەمە وتەی ئیسرا سەلمان بوو.