چۆن هەست بەوانی تر بکەین؟ چۆن ناکۆک بین؟ گرووپی LGBTوەک نموونە

شاخەوان

26/12/2023

من ئەگەر ناکۆکم لەگەڵ شتێکدا، ئەوە بۆ خۆم و لە ئێستادا ناکۆکم بەو شتە، ئەو ناکۆکییەی من هەمە لەگەڵ شتەکاندا هەرگیز بیانووی سەپاندن نییە بەسەر ئەوانی تردا، ئەمە لە سۆنگەی ئەوەوە دێت کە بارودۆخێک منی بەم چەشنە لە ناکۆکی گەیاندووە و ئەوی تریش بارودۆخێکی تر بەو چەشنە تایبەتییەی خۆیی گەیاندووە… لەم چەند دێڕەی سەرەوەدا دەمەوێت بڵێم؛ تاک خۆی سەنتەری خۆیەتی، نەک نموونەی باڵا بۆ ئەوانی تر.

لە بارێکی باشدا مرۆڤ پێویستی بە ئارگۆمێنتسازی و گفتوگۆی زانستی و عەقڵانی شتەکان هەیە بۆ هەڵسەنگاندن، بەتایبەتی هەڵسەنگاندنی شتە گشتییەکان، ئەوەش بە جۆرێک کە نەبێتە دۆگم و هەمیشە چەند گریمانەیەکی زیندوو و کراوە بەهەند وەربگیرین.. ئالەم حاڵەتەشدا ئێمە خەریکی عەقڵسەنتەری یاخود مرۆڤسەنتەرین.. بەم جۆرەش هێشتا ئێمە دەتوانین (بابەتی) هەڵسەنگاندن بکەین نەک (خودی).. بۆ نموونە ئێمە دەکرێت باسی جوانییەکانی ئەو گوڵە بکەین کە لە تابلۆیەکدا هەیە و هەستی پێ بکەین، بەڵام ئەم باسە هەرگیز باسی راستەقینەی خودی گوڵە هونەرییەکەی ناو تابلۆکە نییە..

بەگشتی ئامرازەکانی (تێگەیشتنی مرۆڤ لەوانی دی) ساکار نین، پێناچێت هیچ ئامرازێکی تێگەیشتنی مرۆڤ هەبێت خراپ نەبێت، بەڵام دەشێت پەنابردنە بەر باشترین ئامرازە خراپەکان، لە پەنابردنە بەر خراپترین ئامرازە خراپەکانی تێگەیشتن، باشترین هەوڵێک بێت کە بتوانین لە ئێستادا بیدەین.

یەکێک لە باشترین ئامرازە خراپەکانی تر کە بەهرەیەکی زۆر تایبەتی مرۆڤە، خۆلەبریدانان-ە. سەیرکردنی بابەتیانەی دیاردە و شتەکان بەس نین بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین، بەڵکو هەوڵدان بۆ ئەوەی خۆت بخەیتە شوێنی شتەکان و کەسەکان، حەقیقەتێکی زیاتر بە باری سەرنج و باری تێگەیشتن دەدەن، ئەمە لە باشترین حاڵەتدا زەحمەتە و لە خراپترین حاڵەتیشدا ئاستەمە.

بابەتی LGBT یەکێکە لەو شتانەی بەر لەوەی خۆی کێشەیەکی گەورە بێت، کێشەی گەورەی تێگەیشتنە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، مقابەلەی کەسێکی هاورەگەزخوازم بینی، باسی ئەو دۆزەخە کۆمەڵایەتی و نەریتی و دینییەی دەکرد کە بە هۆی ئەو مەیلەیەوە بۆی دروست بووە، بە نزیکی هەموو شتێکی لەدەستدابوو لە پێناویدا.. بۆ منیش زۆر جێگەی پرسیار بوو، (ئایا ئەوە چییە وادەکات هێندە قوربانی بدەیت لەپێناویدا؟).. سەرەڕای ئەوەی دەربارەی لایەنی زانستی ئەو دۆخە هەندێ شتی سەرەتاییم خوێندبۆوە، وە سەرەڕای باوەری زۆرم بە ئازادی مرۆڤ.. بەلام هێشتاش نەمدەتوانی وەلامی وردی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە.. چونکە لێرەدا کێشەکە تەنها مەسەلەی کرۆمۆسۆم و ئارگۆمینتسازی نییە.. بەڵکو گەورەترین کێشەی تێگەیشتن لەم دۆخە ئاستەمی خۆلەبریدانانە، ئاستەمی تێگەیشتنی (خودی)ە. سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانم باوەڕ بەوە بهێنم کە بابەتەکە تەنها بابەتی زایەندە.. وەک گریمانەیەک وا وەریدەگرم کە بەهاگەلێکی تری هەبێت تا شایانی قوربانیدانی وەها گەورە بێت.

تۆ ئەگەر مرۆڤێکی گێتەرەسیکشواڵی (مەیلت بۆ رەگەزی بەرامبەر هەیە) ئاسانتر دەتوانیت لە رووی سیکشواڵێتیەوە خۆت لەبری ئەوی تر دابنێیت و سەرەڕای کۆمەکی کەناڵی زانیاری تر لێی تێبگەیت، بەڵام تا چ ئاستێک دەتوانیت خۆت بکەیت بە گوڵی ناو تابلۆکە و لەوێوە لە گوڵی ناو تابلۆکە تێبگەیت؟ بەهۆی ئەم کێشەیە لە کەناڵی تێگەیشتن، تەنانەت ئاستەمە لە سێکشواڵێتی رەگەزی بەرامبەریش وەکو خۆی تێبگەین.

سەرەڕای دیوە قێزەونە بازرگانییەکەی و رەواجپێدانی لە خۆرئاوا و بەتایبەتی لە USA کە دەشێت وەک بابەتی سەرمایەگوزاری قسەی زۆر هەڵبگرێت، بەڵام وەک بابەتی سێکشواڵێتی پێویستە لێیبگەڕێین بۆ خۆیان و جگە لە رێز گرتن لە ئازادیە تایبەتییەکەی خۆیان هیچی تر رێگە بە خۆمان نەدەین، چونکە تۆ ئەگەر خۆت یەکێک لە L,G, B, T نیت زۆر ئاستەمە لێی تێبگەیت.. مرۆڤێک کە فسیۆلۆژیا سێکسییەکەی لەسەر بنەمایەکی گێتەرەسێکشواڵە و فەسلەجەیەکی تایبەتی بە سێشواڵێتی هەیە، لە بنەڕەتدا ئەوەی تیادا نییە کە بتوانێت هەست بە G، یان L، یاخود B و T بکات.. ئەگەر تۆش دۆخێکی وەهات هەیەو فسیۆلۆجیای سێکسیت بە جۆرێکی ترە لەوان، باشترین شت بێدەنگبوونە وەکە رێزێک لە ئازادی و دۆخی تایبەتییان.. تا تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی ئەو بارودۆخە لە زەمەنێکی تردا کە ئاستەمییەکانی تێگەیشتنی تێکشکابێت.

لە حەقیقەتدا پۆڵێنکردنی شکۆ و بەهای مرۆڤ لەسەر بنەمای رەگەزی هەڵەیەکی ترسناکە، وا تێدەگەم ژنبوون و پیاوبوون تەنها بابەتێکی جەستەیی و زایەندی رووت نییە، بابەتێکی دەروونی ئاڵۆزیشە، هەمان تێگەیشتنم بۆ ویستی ژنبوون و ویستی پیاوبوونیش هەیە.. نەک لەبەر ئەوەی کە تەنها بە مافیێکی سروشتی – فەسلەجی ئینسان دەیبینم، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە تێگەیشتنم بۆی، لەهەر سەرێکەوە دروست نایەتەوە و ئاستەمە بەلامەوە لە ئێستادا.

بوونی تۆ بەو جۆرەی هەیت لە کۆمەڵێک هۆکار و بارودۆخەوە رەوایەتی وەرگرتووە، دیارە ناچار نیت جۆرێکی تر بیت.. هەر ئەو هۆکار و بارودۆخەش بکە بە بنەما بۆ رەوایەتیدان بەوەی ئەگەر ئەوانی تر جیاواز بوون و وەک تۆ نەبوون.. کاتێک خۆمان دەکەین بە نموونەی باڵا و دەیسەپێنین بەسەر ئەوانی تردا، داخەکەی وەک ئەوە گرانە کە ئەگەر ئەوان خۆیان وەک نموونەی باڵا بسەپێنن بەسەر ئێمەدا.. لێگەڕێن.. هێندە ساکار نین ئێمەی مرۆڤ.. کیشووەری ئەمەریکامان دۆزییەوە، بە مانگ و مەریخ گەیشتووین و خەریکی لێکدانەوەی قوڵاییەکانی گەردوونین.. بەڵام هێشتاش مرۆڤ بەتەواوەتی نەگەشتووە بە قوڵاییەکانی خۆی و ئاڵۆزییەکانی زۆیی بۆ شی نەکراوەتەوە، ساکارترین میتۆدێک لەدەستمان بێت رێزگرتنە لە ئازادییەکانی ئەوانی تر، لە پێناوی ئەوەی وەک یاسا و قەڵغانێکی چەسپاو کە لە میانیدا ئازادییەکانی خۆشمان پارێزراو بێت. بۆیە بەرد لە ئازادی خەڵکی تر نەگرین، لە کاتێکدا ماڵی ئازادی هەر یەکێکمان لە شوشەیە.