شاخەوان
14/12/2023
لە چەند وانەیەکدا بە گرنگییەوە باسی ژینگەم بۆ خوێندکارەکان کردووە و هەمیشەش لاموایە کە یەکەمین پرسێکە کە کە دەبێت بیری لێبکەینەوە و وەڵاممان هەبێت بۆی، ئەمڕۆ یەکێک لەو خۆێندکارانە کە هۆشیارییەکی زۆری دەربارەی دۆخی ژینگە هەبوو لە سایەی سیستمی چاوچنۆکانەی سەرمایەداریدا، پێشنیاری بینینی فیلمێکی ئەنیمەیشنی بۆ کردم بەناوی (The Lorax).. لە تەک سوپاسی زۆرم بۆ پێشنیارەکەی، بەڵام ئێجگار گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بەسەر ژینگەدا دێت.
ئەم فیلمە ژیانێکی(لە ڕوواڵەتدا) ئێجگار جوان پیشان دەدات لە کۆمەڵگەیەکدا بەهۆی سەرمایەدارییەوە، هەموو شتێک سیمایەکی رازاوە و جوانی هەیە، تەنانەت جوانتر لەوەی کە سروشت خۆیی پێوە بادەدات.. کۆشک و سیتی و باڵەخانەی سەردەمییانە، شەقام و خزمەتگوزاری زۆر و رووبەری سەوزایی گەورە.. بەڵام هیچ شتێک سروشتی نییە.. کەواتە هیچ شتێکیش بەخۆڕایی نییە.. لەو شارۆچکەیەدا تەنانەت هەوا-ش بۆ هەناسەدان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
سروشت دراو ناناسێت، ئەو ژینگەیەیە کە هەموو شتێکمان بە بێ بەرامبەر پێدەبەخشێت.. بۆ ئەوەی نرخ لەسەر شتەکان دابنێین و سیستمی سەرمایەداری زۆرتر بمانهاڕێت، ئەبێت ئەو ژینگە سروشتییە خۆڕاییە بشێوێنرێت، بە قەولی کارڵ مارکس (سەرمایەداری هیچ درەختێک بەپێوە ناهێڵێت، مەگەر بۆ ئەوە بیهێڵێتەوە کە سێبەرەکەی بدات بە کرێ) ئیشی سەرمایەداری لە بنەڕەتەوە ئەوەیە کە سروشتی خۆڕایی بگۆڕێت بۆ کاڵای بازرگانی.
شارۆچکەکە لەسەر وێرانەی ئەو دارستانە بونیادنراوە کە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کاڵای (سنید) کۆی درەختەکانیان لەناو برد.. پاش ئەو سەرمایەگوزارییە، کاتێک کە درەختەکان نامێنن، کێ لەو زانا و کۆمپانیانە باشتر دەردەکەوێت کە دەتوانن ئۆکسجین بەرهەم بهێنن و بیفرۆشنەوە؟.. سەرمایەداری خەریکی داهێنان و خزمەتگوزاری ناوازەیە کە دەشێت رزگارمان بکات لەو ژیانە سەختەی، کە هەر بۆ خۆی سەختییەکانی بەرهەمهێناوە..
زەمانێک لە کانیاوەکان ئاوی سازگار هەڵدەقوڵی و بینمان پێوەدەنا، ئێستا بە دەبە دەیکڕین، ئەو رۆژگارە نزیکە کە ئۆکسجینیش بکرێتە دەبەوە رەنگە(مرۆڤەکان حەز بە کڕینی هەر شتێک بکەن کە لە دەبەدا دەفرۆشرێت*).. ئەو زەمانە دوور نییە، رەنگە تا فیلمێک، دووانی تر بەرهەمدەهێنرێت لەسەر دۆخەکە، دۆخەکە خۆی بگاتە سەرمان.
ئەگەر پیاو چەندجارێک سەرکێشی بکات، رەنگە لەبەر ئەوەبێت کە پیاوە، بەڵام ئەگەر شێتانە بەردوامبوو لەسەری، لەبەر ئەوەیە کە سەرنجی کچێک ڕابکێشێت!..
(ئۆدری) کچێکی شۆخ و شەنگە و لەسەر هاوسەرگیریەکەی مەرجێکی گرانی هەیە، هەرکەس بتوانێت درەختێکی زیندووی بۆ بهێنێت، ئەوا بەختی ئەوەی دەبێت کە ببێتە هاوژینی.. خۆشەویستی (تێد) بۆ ئۆدری بەو رادەیەیە کە گوێ بە هیچ رێگا و بەربەستێک نەدات و سەرکێشی بەوە بکات و لە ئەنجامیشدا توانی تۆوی درەختی (ترۆفێڵا)ی دەست دەست بکەوێت و بیپیتێنێ و بەم هۆیەشەوە هەم ئۆدی بەدەستهێنا، هەم دونیای سروشتیی ژیانەوە و سەرمایەداری کۆتایی پێهێنایەوە.
ئێستا ئیتر ژینگەی سروشتی شارۆچکەی (سنیدڤێڵ) گەراوەتەوە دۆخی پێش سەرمایەداری. The End.. فیلمەکە کۆتایی هات.
بەڵام چی ئەگەر ئەو کارەساتە لەبیر بکەین و دیسان بووار بدەینەوە بە سیستمی سەرمایەداری بۆ ئەوەی ژیان ژینگەی خۆڕایی سروشت بکاتەوە بە مەکینەدا و بیکاتەوە بە کاڵای بازاڕ؟
ئەسکەندەری مەکدۆنی شارەکەی دیۆجین (سینۆپ)ی خاپور کردبوو، بەڵام لەبەر رێزی زۆری بۆ (دیۆجینی سینۆپی)، جارێک پێیدەڵێت: دیۆجین؛ ئەگەر داوا بکەیت شاری سینۆپت بۆ دروستدەکەمەوە! دیۆجین لە وەڵامدا دەڵێت: نا، چونکە دڵنیام ئەسکەندەرێکی تر دێتەوە و دیسان خاپوری دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا سینۆپ دروست کرایەوە، هەزاران شاری تریش دروستکران.. بەڵام چ گەرەنتییەک هەیە کە وەک موسڵ و کۆبانێ و غەزە و شارەکانی تر ئەسکەندەرەکان هەڵنەکوتنەوە سەری و خاپوری نەکەن؟
رزگاربوونمان لە چەشنێک لە سەرمایەداری و سپاردنی ژیانمان بە چەشنێکی تری سەرمایەداری، لە چەشنێک دەسەڵاتەوە بۆ چەشنێکی تر، لە چەشنە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی تر.. رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت ئاریشەکانی ژیانمان کەم بکاتەوە، بەڵام هیچ نییە جگە لە دووبارە سەیرکردنەوەی فیلمی (The Lorax).
…………………………………………………
* لە گفتوگۆیەکی ناو فیلەمکەوە


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.