شاخەوان
21/11/2023
نوح هەراری، وەک زمانی دووهەمی لیبرالیزم زۆر باشتر زمانی یەکەمی لیبرالیزم بەرجەستە دەکات.. هەمیشە ستەمکاری دوو زمان و گوتاری هەیە، زمانێک کە رەوان و راستەوخۆ دەیپارێزێت، کە بریتییە لە زمانی دەربار و میدیا و لەشکر و تفاقەکانی، زمانەکەی تر ئەو زمانەیە کە جێگەی زمانی نەیارەکانی دەگرێتەوە.. زمانی ساختچییەکانی.
پێش ئەوەی نەیارە رەسەنەکانی لیبرالیزم، لیبرالیزم بدەنە بەر رەخنەی جددی، هیچ لەوە بۆی باشتر نییە کە لیبرالیزم خۆی رەخنەکانی خۆی مەسرەف بکات.. بەتایبەتی ئەگەر ئەم زمانە بەو جۆرە فریودەرانەیە هەڵسوڕێت کە لە زاری (هەراری)دایە.
(٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) پڕە لە جەغدکردنەوە لەوەی کە هەمیشە کڕیار لەسەر حەقە، خواستی ئەو بەسە بۆ خستنەرووی کاڵاکان.. هەرچەندە ئەمەش قسە زۆر هەڵدەگرێت.. ئەمما بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، بەبێ ئەوەی هەموو خوێنەرێک پێیبزانێت! وەک (پێشەکی یەکەم)ی ئارگۆمێنتسازییەک بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی لەوێوە زیهنی خوێنەر خۆشە بکات تا بە (بەڵێ، هەمیشە دەنگدەر باشتر دەزانێت!) رازی ببێت.. ئالێرەشەوە دوو پایەی زۆر بەهێزی ستەمکاری سەرمایەداری دەچەسپێنێت، کە بازاڕ و سەروەرگەرایی-نوخبەوییە.
وەک چۆن پێیوایە خستنەڕووی کاڵاکان مافی بێچەندووچوونی کڕیارە ئەگەر داوای بکات، ئاوەهاش رابەرەکان مافی بێچەندوچوونی سەروەرێتیان هەیە، چوونکە لەلایەن دەنگدەرەکانیانەوە هەڵبژێردراون. لە کاتێکدا پرۆسەی کڕین زۆر جیاوازە لە پرۆسەی دەنگدان.
پرۆسەی کڕین، پرۆسەیەکە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا روو دەدات، هەرکەس کاتێک کە کاڵایەک دەکڕێت بۆ پرکردنەوەی پێداویستییەکی خۆی پەنا دەباتە بەر پرۆسەکە، هەرگیز هیچ کڕیاریک ئامادە نییە کاڵایەک بۆ کۆی خەڵکی کۆمەڵگەکەی هەڵبژێرێت و بیکڕێت.. تەنانەت ئەگەر زۆر کەیفی بەوەش بێت.. بەڵام لەبەر ئەوەی لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا نرخ هەیە و خۆڕایی نییە، بۆیە کڕیار تا دواهەوڵ دەیەوێت بە کەمترین نرخ بەدەستی بهێنێت و معامەلەیەکی گەرمیشی دەکات.. بێ گومان لە وەها دۆخێکدا کریار نەک کاڵای دڵخوازی خۆی بۆ هەموو کۆمەڵگەکەی ناکڕێت.. تەنانەت خۆی لە وێرکردنی کڕیارەکانی نزیکیشی دەپارێزێت.
دەنگدان بەخۆڕاییە، لە زۆر شوێن دەنگدەرەکان شاباشیش دەکرێن.. هەر لەبەر ئەوە، بە پێچەوانەی کڕیارەوە، دەنگدەر تا دواڕادە سەخاوەت دەنوێنێت لە دەنگداندا.. وە هەوڵ دەدات ئەو کاڵا سیاسییەی کە ئەو خواستی لەسەری هەیە و هەڵیدەبژێرێت بیسەپێنێت بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا. ئا لێرەدایە کە جیاوازی گەورە دەکەوێتە نێوان کریار و دەنگدەر و ئارگۆمێنتەکەی هەراری وەک مردارەوەبوویەک بۆگەن دەکات. چونکە ئەوەی کە بەشێک لە کۆمەڵگە، جا ئەگەر زۆرینە بن یان کەمینە، کاڵایەک بکڕن تەنها بۆ خۆیانی دەکرن و رەزیلیشی تیادا دەکەن، رەنگە ئاواتی ئەوەش نەخوازن کە خەڵکێکی زۆترت ببنە موشتەریی تا کار لە بڕی خستنەڕوو نەکات و نرخی نەفڕێت، بەڵام مەترسی گەورەی دەنگدەر لەوەدایە کە ئەو کاڵا سیاسییەی کە بە خۆڕایی و بە سەخاوەتەوە هەڵیدەبژێرێت دواتر بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا دەیسەپێنێت.
ئەگەر دەنگدەر کاندیدەکانیان تەنها لە ژیانی خۆیان بار بکەن، تەحەموولی خەرجییەکانیان بکەن، ئەگەر خۆیان زیان و قازانج و تێچووی ژیانی رابەرەکانیان لە ئەستۆ بگرتایە، دەکرا دەرئەنجامی ئارگۆمێنتەکەی هەراری لەگەڵ پێشەکی (کڕیار لەسەر حەقە) بهاتایەتەوە.. بەڵام بەدبەختییەکە ئەوەیە ئەو پارچە و کاڵا سیاسیانەی کە دەنگدەر هەڵیاندەبژێرێت، خەرجییەکەی لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەکەوێت، تەنانەت ئەگەر بەشداری دەنگدانیشی نەکردبێت.. تەنانەت ئەگەر زۆرینەی کۆمەڵگەش بەشدار نەبووبن لە مەهزەلەی هەڵبژاردنی کاڵا سیاسی و سوڵتەییەکان.


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.