جەنگ بەرهەمێکی مێژوویی و دەربڕی ناوەرۆکی چەوسێنەرانەی هەموو کۆمەڵێکی چینایەتییە.

جەنگ بەرهەمێکی مێژوویی و دەربڕی ناوەرۆکی چەوسێنەرانەی هەموو کۆمەڵێکی چینایەتییە.

جەنگەکانی کۆمەڵی کەپیتالیزم هۆکارێکی تریان زیادکردووە کە ئەویش سەرهەلدانی ئەو قەیرانانەیە کە بەرهەمی راستەوخۆی ناکۆکی نێوان سروشتی کۆمەلایەتی بەرهەمهێنانە لە لایەك، لە دژی شێوازی خاوەندارێتی تایبەت لە لایەن کەمینەیەکی کۆمەلەوە لە لایەکی ترەوە. دەرچون لەم قەیرانانە، بە بێ لە ناوبردنی ئەو ناکۆکییە سەرەکییە هەرگیز ئەنجام نادرێ.
لە جەنگدا، کە «چارەسەری» سەرمایەیە بۆ قەیران( واتە جەنگی سەرمایە دژی کاری کۆمەلایەتی مرۆڤ)، سەرمایە بە شێوازی درندانە دەکەوێتە تێکدان، وێرانکردنی هەموو هێزێکی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی. بە واتایەکی تر، دژایەتیکردنی مرۆڤ، لە ناوبردنی بەرهەمەکانی کاری کۆمەلایەتیو ژینگە، وە هەموو بەرهەلستیەکی کۆمەلایەتی دژ بە دەستەلاتەکەی، وە هەموو بزووتنەوەیەکی شۆرشگێری کە هەبن.
بۆ ئەنجامدانی زۆربەی زیانبەخشینو تێکدان، هەموو بەشێکی سەرمایە لە کاردایە بۆ فریودانو هەلخەلەتاندنی چەوساوەکان بە هەر ئیدیۆلۆژیو ناوێکەوە کە بۆ ئەو مەرامە چینایەتییەیان دەستبدات. هەنگاوی سەرەکی سەرمایەو دەستەلاتداران لەم رووەوە هەمیشە بریتییە لە راکێشانی چەوساوەکان بۆ ریزی سوپای خزمەتکردنی نیشتمان، یاسا، ئەو ئایینو ئیدیۆلۆژیانەی کە پێداویستی ئازادی چەوساوەکان دەبەستنەوە بە پێداویستی پاراستنو پتەوکردنی دەستەلاتی چەوسێنەرانەوە. شانبەشانی ئەو سیاسەتە سەرمایەو دەستەلات هۆکاری سەرەکی نەبوونیو کێشە کۆمەڵایەیەتییەکانی چەوساوەکان دەخەنە ئەستۆی بەشێکی تری چەوساوەکان لە ژێر ناوی ئایین، رەگەز، نیشتمان، بیروباوەر،….بەم جۆرە جارێکی تر دووبەرەکیو ناکۆکی درووستدەکەن لە نێو چەوساوەکاندا، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی مرۆڤایەتی، کە خودی کۆمەلەکەیانو یاساکانییانە، رزگاردەکەن لە ئامانجەکانی خەباتی چینی چەوساوە کە لە ناوبردنی سەرمایەدارییە.
سەرکەوتن، یاخود ژێرکەوتنی هەر بەرەیەکی سەرمایەداری لەو جەنگانەدا، هیچ سودێك بە چەوساوەکان نابەخشێت، بە پێچەوانەوە هەتا ئەم کۆمەلە بەردەوام بێت بۆ چەوساوەکان هەموو ئاشتیو پێشکەوتنێك هەر درێژەدانە بە کۆیلەیەتی کاریکرێگرتە، هەر بەهێزکردنو پتەوکردنی توانای سەرمایەدارەکانە بۆ وێرانکارییو کوشتاری زیاتر.
خالی سەرەکی هەموو راپەرینێکی شۆرشگێر بریتییە لە تێکدانی یەکییەتی نیشتمانی سەرمایەداران، لە یاخیبوون لە بەرژەوەندی «ووڵات»، چۆلکردنی ریزەکانی سوپاو سەنگەری جەنگەکان، لە برایەتیو هاوکاری نێوان چەوساوەکانی هەموو بەرەکانی جەنگی نێوان سەرمایەداران. لە خەبات بۆ نەهێشتنی سەرمایەداریو دەستەلاتی چینایەتی، بۆ هێنانی کۆمەڵێکی ئازاد، هۆشیار بە پێداویستی مرۆڤایەتیو پێکەوەبوونێکی دوور لە چەوساندنەوە، کۆمەڵێك کە تاکەکان هەست بە ئازادیو ژیان پارێزراوی بکەن