ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *
هەژێن
٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣
بەشی یەکەم
ئەوە چەند جارێكە لێرە و لەوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتار و سەرنجگەلێك لەمەر ” ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی” بەرچاودەكەون، كە ئەگەر خوێنەر بنەمایەكی بۆ تێگەییشتن و خوێندنەوەیەكی بۆ مێژووی واژەكان و ململانێكانی كۆمەڵگە لەو پێناوەدا نەبێت، ئەوا بەو سەرەنجامە دەگات، كە بۆ ڕزگاربوون لە كۆیلەتی چینایەتی، ناچار بە دژایەتی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی دەبێت و بێجگە لە بەرزكردنەوەی ئاڵای دیكتاتۆری پارت و گروپێكی ڕامیاریی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ناتوانێت داھاتوویەكی ھیوابەخشی ھەبێت. ھەڵبەتە ئەمە بۆ خراپتێگەییشتنی یا ناھوشیاریی خوێنەر ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ سەرەتاتكێی شەرمنۆكانەی دەستەبژێرێك دەگەرێتەوە، كە لەو بڕوایەدایە لە سایەی ڕابەرایەتی خۆی و جێگەوتەبوونی بیرۆكە ئایینزاكانیدا، كۆمەڵگەی چینایەتی لەنێودەچێت و مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت !
بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئەو خراپتێگەییشتنانە، ھەوڵدەدەم ئەم بابەتە ” ئازادی و یهكسانی!“، كە ناوی نووسەرەكەی دیارینەكراوە و لە ڕووپەڕی ھاوەڵێكی ‘فەیسبووكئاوا’ وەرمگرتووە و بەستەری بابەتەكە لە كۆتایی ئەم ڕەخناندنەدا دانراوە. ھەڵبەتە دڵخۆشم بەوەی كە ناوی نووسەر نازانم و ناشیناسم، تاوەكو شێوازی ڕەخنەم باری بەرانبەرکێی كەسیی بەخۆییەوە نەگرێت و ڕەخنەلێگیراویش ھەست بە پەلاماردراویی نەكات و وەڵامەكان بارێكی گشتی وەربگرن. ھەروەھا نەگوتراو نەمێنێتەوە، من ھیچ كێشەیەكم لەتەك ئەم شێوازی نووسینی نەناسراوەدا نییە و بەخۆشم ساڵانێك ھەروا لە بواری نووسین و خۆدەربڕیندا، خەریكی نووسین و ئامادەبوون بووم. تەنیا لایەنێكی نەخوازراوی ئەم شێوازە ئەوەیە، كە زۆر جار نووسەران بۆ سەپاندنی بۆچوونەكانیان، پەنا بۆ دەستەواژەی “ئێمە” و نوێنەرایەتی پارت و چین و مرۆڤایەتی دەبەن و ئیدی ئەمە دەبێتە ھۆی لە سەرووی ڕەخنەوە وەستانی بۆچوونیان و گشتگیركردنی بڕیار و بۆچوونەكانیان، كە دواجار بە پەسەندانی دیكتاتۆریی تاك و دەستەیەك كۆتایی دێت و بە نوێنەرایەتی پڕۆلیتاریا دادەپۆشرێت.
” ئازادی و یهكسانی !
ئهوه ئهو وێنه بێگهردهیه كه كاپیتالیزم وای نیشان ئهدات دونیایهكی خهیاڵی لێپێكهێناوه . ئازادی و یهكسانی ! ئهوه ئهو شارستانییهته جوانهیه كه كۆشك و تهلاری ڕزاوه و كوخهبێئاگردانهكان ، خۆشگوزهرانی و برسێتی لهسهر زهوی ههمان كۆمهڵگا كۆئهكاتهوه . “
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم، کە “خەیاڵی” بە واتای “باڵا / ئایدیال” نییە، هەروەها بەداخەوە لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا سێ چەمك و واژەی “ئازادی” و “ڕزگاری” و “سەربەخۆیی” تێکەڵکراون، کە بەبۆچوونی من، ئازادی پەیوەندی بە خۆڕزگارکردنی تاك لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوروبەریی لە ناخی خۆیدا هەیە، ئیدی ئەو خۆڕزگارکردنە هزریی بێت [خۆراپساندن لە هەژموونی بیرکردنەوەی زاڵ و خۆبیرکردنەوە بە ئاراستەی دژەباو]، یا خۆڕزگاریی ئابووریی بێت [کاری سەربەخۆ کەسیی یا کاری هەرەوەزیی دوور لە چەوساندنەوەی دیگەران]، بەواتایەکی دیکە ئازادی بەرهەمی خۆڕزگارکردنی تاكی ژێردەستەیە لە هەژموونی دەوروبەری و لە گۆڕانی زەمینە خۆییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەپێچەانەوە “ڕزگاری” لە گۆڕانی زەمینە و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، واتە پەیوەندی کار، پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی ئەوینداریی، پەیوەندی هاوەڵێتی، پەیوەندی جڤاکی. لەبەرئەوە تا کاتێك ئەو دووانە بەیەك ئاراستە ڕەوتنەکەن، هەرگیز نابنە ئافەرێنەری شێوە پەیوەندییەکانی نوێ یا دژەباو. هەروەها بەبێ ڕزگاربوون لە وابەستەیی ئابووریی، سەربەخۆییش بەدینایێت. بۆ نموونە لە ڕاپەڕینی ئازار و ڕاپەڕینەوەی دووەمی ١٩٩١دا یەکێتی جەماوەرییانەی تاکە ژێردەستەکانی سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس توانی لەشکری ئەو ڕژێمە داگیرکارە ڕابماڵێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە پێشتر ئەو تاکانە لە لە ناخی خۆیاندا، زەمینەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرووخەڵکییان [دەوڵەت، فەرمانداریی، پارت، دەسەڵاتی ڕامیاریی] لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا، لە سیستەمی خێزانی و پەروەردە و خوێندن و کار و لە شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیاندا، لە شێوەی ژیانی خۆیاندا نەڕەخساندبوو یا بەلایەنیکەمەوە ڕەتنەکردبووەوە، زۆر بەئاسانی ملیان بە جێگرتنەوەی ئەو دەسەڵاتە سەرووخەڵکییەی ڕژێمی بەعس لەلایەن بەرەکوردستانی [نوێنەرایەتی ڕامیاریی چینی بۆرجوازی کورد] دایەوە و بەبێ گۆڕان لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا گەڕانەوە ماڵ. بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە کار بۆ ئامادەکردنی زەمینە خۆییەکانی ڕزگاریی [واتە ئازادبوونی تاك لە هەژموونی دەرەکی] بکەین، بەدڵنیاییەوە لە ڕاپەڕینێکی دیکەدا ڕزگاری لە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی ئەگەر مسۆگەریش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەمان شت ڕووناداتەوە. ئەمە گرفتی تەواوی ڕاپەڕینەکانی سەراپای مێژوو بووە [لە ڕاپەڕینی کۆیلانەوە تا ڕاپەڕینی جوتیاران و تا ڕاپەڕینەکانی سەردەمی سەرمایەداری]، کە لە نائامادەیی یا لە ئازادنەبوونی تاك لە هەژموونە دەستەمۆکەرەکان، هەردەم نادەربەستانە ئەو تاكە ملی بە سەروەریی دیگەران داوەتەوە.
هەروەها لە ڕووی ئاماژەی زمانەوانییەوە، دەتوانین بڵێین “من ئازادانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ئازادم ، ئازادم چی دەپۆشم، ئازادم چی دەخۆم”، “خۆم لە ژێردەستی ڕزگاردەکەم، لە ملدان بەو کارە خۆم ڕزگاردەکەم، لە وابەستەیی بەو کۆنتراکتە کارییە یا هاوسەرییە، کرێچییەتییە ڕزگاردەکەم “، “دەمەوێت سەربەخۆ بم، بەخۆم [سەربەخۆ] بەڕێوەرایەتی خۆم بکەم، ..تد”، بەڵام ناتوانین بڵیین “من ڕزگارانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ڕزگارم، ڕزگارم چی دەپۆشم، ڕزگارم چی دەخۆم”، هەر ئاوا پێچەوانەکەشی دروستە … هەروەها سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] تاك بەبێ ڕزگاری لە وابەستەیی ئابووریی هەگیز نایێتەدی و ڕزگاری تاکیش بەبێ ئامادەیی و ئازادئەندێشی تاك هەرگیز ڕوونادات، ئەگەر ڕووشبدات، ئەوا تاکی ڕزگارکراو، بە لەنێوچوونی بار و دۆزەکە ڕزگارکەرەکە، دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی! سەرباری ئەوەش من لە وەڵامدانەوەکانمدا بۆ ئەوەی کە خوێنەر لە جیاوازی نێوان ئاماژەی من و نووسەردا بۆ “ئازادی” تووشی سەرگێژە و سەرلێشێوان نەبێت، ئەم تێبینییە لەبەرچاوناگرم و هەمان واژە لە بەرانبەر واژەی بەکاربراودا بەکاردەبەمەوە!
لێرەدا وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەتوانێت کۆمەك بە هەنگاوەکانی داهاتوومان بکات: ئایا لەنێوان کۆیلەتی و ئازادی یا بێجگە لە باری کۆیلەتی و ئازادی، بارێکی دیکە هەیە، کە مرۆڤ تێیدا جێگیربێت یا ڕێوشوێنی خۆی تێدا دیاریبکات ؟
لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئەوە خراپتێگەییشتنە لە سەرھەڵدان و بوونی مێژوویی دروشمی “ئازادی و یەكسانی” وەك خەون و ئارەزووی چەوساوان. ناکرێت هەر لەبەرئەوەی کە سەروەران و مشەخۆران پاگەندەی بوونی “ئازادی” و “یەكسانی” لە سایەی سەروەریی چینایەتییخۆیاندا بكەن، ئیدی ئێمە وەك دژێك نەفرەت لە چەمكی “ئازادی” و “یەكسانی” و “دادپەروەریی” بكەین و هەروەها ناشتوانێت ئەوە بەڵگەی ڕاستگۆیی ئەوان بێت لە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەدا. بەڵكو پێویستە ئەو چەكە دزراوە “ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی” لە دەستی سەروەران دەربكێشینەوە و بەرەوڕوویانی بكەینەوە. بەداخەوە زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیست، لە ھەڵچوون و تووڕەییەوە، “ئازادی” لە مافی كاركردن و “یەكسانی” لە مافی سكاڵاكردنی دادگەیی و “دادپەروەریی” لە نادادوەریی سەرمایەداریدا كورتدەكەنەوە و بەم كارە تاكی چەوساوە بە بوونی “ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی” لە سایەی سەرمایەداریدا خۆشباوەڕدەكەن و بەوە ھیواداریاندەكەن، كە ئەگەری ھاتنەدی وەھا خەونێكی ئەستەم لە سایەی بەخشندەیی سەرمایەداریدا ھەیە و بەو جۆرە خزمەتێكی گەورە بە ڕەنگدانەوەی پاگەندەكانی نیئۆلیبرالیزم لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا دەكەن و ئاو بە ئاشی پارتگەلی وەك “گۆڕان/ نەوشیروانییەکان”دا دەکەن و تاکی گۆڕانخواز بە دێموجامەی “گۆڕان”ی نەوشیروانییەکان خۆشباوەڕدەکەن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتناسەوە، ئەركی چالاكانی خودھوشیار بەدرۆخستنەوەی ئەو پاگەندانەیە و نیشاندانی كەتواری ناڕاستبوونییانە، بەوەی كە نیشانیبدەین، ئەوەی دێوجامەی دێمۆكراسیی بە باڵادا بڕاوە، ئەتكردنی دێمۆكراسییە و دێمۆكراسیی بەواتای بەشداربوونی ھەمووان لە بەڕێوەبەرایەتی و یەكسانی دەسەڵاتدا دێت و ئەوەش تەنیا لە دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆدا بەدیدێت و ئەوی ئێستا لەم سەر تا ئەو سەری دونیادا ھەیە و زاڵە، تەنیا سەروەریی كەمینەیەكی سەرمایەدار و ڕامیارە و لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتی گەل “دێمۆکراسیی”دا، واتە دیكتاتۆریی چینایەتی!
” ئهوه ئهو شارستانێتییهیه ههموو ئازادییهكی كاركردنی بۆ دابینكردووین “
بەبۆچوونی من “شارستانی چینایەتی” لە ھەموو سەردەمەكانیدا تەنیا یەك شتی بەرھەمھێناوە، ئەویش نائازادانە كاركردن بووە، چونكە كۆیلە ھیچ كات ناتوانێت ئازادی كاركردنی ھەبێت، كە ھەیبوو ئەوا كەسێكی سەربەخۆ دەبێت و لە كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتیدا دەژی و كاری ئازاد، تەنیا لە كۆمەڵگەی ئازاد و لەسەر بنەمای ڕزگاربوونی ھەمووان لە كۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەكان دێتەدی. چۆن من دەتوانم ئازادبم، كاتێك كە تۆ مافی كۆیلەكردن و بەكرێگرتنی منت ھەبێت؟ كاتێك كە منیش ئازادبووم، ئەوا خۆبەخۆ تۆ توانا و مافی بەكرێگرتنی منت نییە، ھەر وەك چۆن سەرمایەدارێك توانانی ملكەچپێكردن و بەكرێگرتنی سەرمایەدارێكی دیكەی نییە، لەبەرئەوەی كە ھەردووكیان دەسەڵات و ئازادی بڕیاردانیان ھەیە! ھەروەھا ئاخۆ ئەگەر ھەمووان مافی بڕیاردانی دوور لە ناچاریی ئابووریی و فشاری یاسای ڕامیارییان ھەبێت، چەند كەس لەو كۆیلانەی نێو ئەو حەفت ملیارد مرۆڤەی كە لە ژیاندان، هوشیارانە و خۆخواستانە ئامادەن ھەمان كار و فەرمان ئەنجامبدەن و ھەڵبژێرن و کۆیلەی دیگەران بن؟ ئایا پاش وەڵاموەرگرتنەوەی ئەم پرسیارە، بیرۆكەی ئازادبوون و ئازادی كار لە سایەی سەروەریی چینایەتییدا ناچێتە خانەی پووچگەراییەوە؟
” بۆیه ئهو هێزهی ئهركی لهناوبردنی ئهم كۆمهڵگایهی گرتۆته ئهستۆ ، ئهوه ئهو هێزهیه كه دژایهتی كاپیتالیزم لهدژایهتی دیموكراسییهتدا ئهنینێ ، چونكه ئهو بهههشته خهیاڵییهی كاپیتالیزم وامان لێئهكات خهوی پێوهببینین ، “
كامە دێمۆكراسی، ئایا ئەو “هێزە” ھەموو جۆرە بەرێوەبەڕایەتییەك ڕەتدەكاتەوە؟ ئەی كۆمەڵگە بەبێ بەرێوەبەرایەتی، چۆن ڕێكدەخرێت، یا ژیانی كۆمەڵایەتی چۆن خۆی ڕادەگرێت؟
بەبۆچوونی من یەكیكردنی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرمایەداریی بە دێمۆكراسی، یا كورتكردنەوەی دێمۆكراسی لە دێمۆكراسی پارلەمانیدا، ئەوەندەی خزمەت بە مانەوەی سەرمایەداری دەكات، ھێندە دژایەتی ناكات، چونكە بڕینی گەلییبوون بە باڵای سیستەمی دەستەبژێرانەی ڕامیاراندا، بەجۆڕێك ڕەوایەتیپێدانیەتی و خۆشباوەڕكردنی چەوساوانە بە گەلییبوونی بەڕێوەبەرایەتیی كەمینەی سەرمایەدار !
” بهههشتی ئازادی و یهكسانی ، ئهوه ههر ئهم دۆزهخهیه كه ئهمڕۆ تیایا ئهژین ، دۆزهخی ئازادی و یهكسانی .“
ئایا ئەو دۆزەخەی كە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی كۆیلەكراو تێدا دەژی، بریتییە لە “ئازادی و یەكسانی” یا نەبوونی ئازادی و یەكسانی؟ من نازانم نووسەر چ پێناسەیەكی بۆ “ئازادی” و “یەكسانی” ھەیە و چ ئەڵتەرناتیڤێكی بۆ واژەكانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ھەیە و لەو كۆمەڵگە خەوناوییەدا، كە دەیھەوێت بیكاتە خەونی ئێمەی شەیدایانی ڕزگاری، پەیوەندی تاكەكان لەسەر چ بنەمایەك ڕادەوەستێت، چی جێگەی ئازادی كار و یەکسانی ئابووریی و دەسەڵات و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی دەگرێتەوە و شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان چۆن دەبێت و سیستەمێك كە ڕێكخەری پەیوەندییەكان بێت، چۆنە و چییە؟
” ئازادی هیچنیه جگه له ئازادی كۆیلهی كرێگرته له فرۆشتنی هێزی بازوویدا ، وه بناغهی سروشتی ئازادیش پێكهاتنتێكی ئازادی نێوان سهرمایهداری ئازاد و كرێكاری ئازاده له كڕین و فرۆشتنی كاردا . “
كاتێك كە كەسێك كۆیلە و كرێگرتەبێت و بێجگە لە ھێزی بازوو و ھۆشی ھیچی دیكە بۆ مانەوەی شكنەبات، ئیدی لە چیدا ئازاددەبێت و ئازادبوونی لە كوێدایە؟
بەبۆچوونی من، ئەوە تێنەگەییشتنە لە ئازادی، كە لە ھاوكێشەی كڕیاری خاوەنھەڵبژێر و فرۆشیاری ناچاردا، ھەر دوو لا بە یەكسان ئازاد ببیندرێن و بە یەك بچوێندرێن! ئایا ئەگەر كرێكار ناچارنەبێت، ئامادەدەبێت ساتە خۆشەكانی ژیانی لە جیاتی بەكاربردنیان بۆ پەروەردەی توانا و حەز و خۆشەویستی بەشكردن لەتەك ھاوسەر و منداڵ و ھاوەڵانیدا، بخاتە خزمەت چاوچنۆكیی سەرمایەدارێك یا سەروەرێك؟ ئەگەر وەڵام بەم پرسیارە “ئەڕێ” بێت، کەواتە نووسەر هەر لە سەرەتای بوونەوە مۆری دەبەنگبوون لە مرۆڤی ژێردەست [پڕۆلیتار] دەدات. لەبەرئەوە پێویستە وەڵام بەوە بداتەوە: یا کرێکار کۆیلەیە و ئازادنییە، یا کرێکار ئازادە و دەبەنگانە و خۆویستانە لەو پەیوەندییانەدا دەخوازێت بمێنێتەوە؟
” ئازادی دیموكراسی دامودهزگای سیاسی نییه ، بهڵكو رێكخستنی كۆمهڵ و پێوهندی كۆمهڵایهتییه ، شێوهیهكه له شێوهكانی موڵكیهتی چینایهتی و زهمینهی مێژوویی دهسهڵاتی سهرمایهیه “
بەبۆچوونی من، شتێك بەناوی “ئازادی دێمۆكراسی” بوونی نییە، ئەگەر بە داتاشینیشی ناچاربین، ئەوا تەنیا دەتوانێت لە ئازادبوونی مشەخۆران و سەروەران لە ڕووتاندنەوەی ئێمەدا واتایەك پەیدابكات. ڕاستە دێمۆكراسی چ جۆرە بۆرجوازییەكەی و چ جۆرە دژە بۆرجوازییەكەی [دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ] دەزگەی ڕامیاریی نییە، بەڵكو شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانە. ئەرێ، منیش دەڵێم وایە؛ “دێمۆكراسی” باو، پاگەندەی بۆرجوازییە بۆ مۆڕاڵییكردنی مشەخۆریی و بۆ پاراستن و پیرۆزكردنی دارایی تایبەت و سەروەریی چینایەتی، بەڵام ڕەتكردنەوەی ئەو شێوە پەیوەندی و ڕێكخستن و بنەما مۆڕاڵیی و تێڕوانینانە، بە لەبەرچاوخستنی ئازادی ناكرێت و تەنیا بە خەیاڵپڵاوی دەستەبژێری گۆشەگیر و خۆبەڕابەرزان ناكرێت، بەڵكو بە كردەییكردنەوەی دژەكەیەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا و بە كولتووركردنی سۆشیالیزمە وەك شێوەی ژیان، وەك ھزرین و وەك كولتوور !
من لە تووڕەیی نووسەر و هاوبیرانی بەرانبەر واژەی “ئازادی” تێدەگەم و دەرکیشیدەکەم، کە دیوی شاراوەی حەزی بەکاربردنی دستەواژەی “بژی دیکتاتۆی پڕۆلیتاریا”یە، بەڵام لەژێر لێدانی گیانی ڕوخانی “قەڵای بۆلشەڤیزم” و هەژموونی بیری زۆرینەدا، ناچار بە پێچانەوە و دەربڕینی لە دژایەتی ئازادیدا دەبێت. ئەمە هەمان تووڕەیی و نەفرەتە کە لێنین و ترۆتسکی بەرانبەر واژەی “ئازادی” لە دەستەواژەکانی شۆرشگێرانی ئۆکرانیا و کڕۆنشتات و چالاکانی کۆمیتەکانی کارخانەکاندا، هەیانبوو و بە ئاگر و ئاسن وەڵامیاندایەوە و لە سیاچاڵەکانی “چێکا/ ک.گ.ب” دوا هاوارەکانیان خنکاند. ئەمە سەرەتاتکێی شەرمنۆکانەی دیکتاتۆریی بۆلشەڤیزمە لە سەردەمی نەمانی بازاری سەرمایەگوزاریی “پارتی پێشڕەو”دا !
” ئازادی مهرجی بوون و مانهوهی كاپیتالیزمه ، مهبهستیش له ئازادی هیچنیه جگه له ئازادكردنی بهرههمهێهران له پێوهندییاندا لهگهڵ سهرمایه ، {{ … ئازادیش له دوو ڕووه وه ، یهكهم ، پێویسته كارگهر كهسێكی ئازادبێ ، بهپێی ئارهزوی خۆی هێزی بازووی بهكاربهێنێ بهو وهسفهی كاڵایهكی تایبهته به خۆی ، دووهم ، پێویسته هیچ كاڵایهكی تری نهبێ كه بیفرۆشێ ، پێویسته ، ئهگهر ئهم تهعبیره ڕاستبێ ، ئازادبێ له ههموو شتێك ، …. ماركس _ سهرمایه _ كتێبی یهكهم }} . “
من تێناگەم، چۆن ھاوكات ئازادی ھەم “مهرجی بوون و مانهوهی كاپیتالیزمه” و ھەم “ئازادكردنی بهرههمهێهران له پێوهندییاندا لهگهڵ سهرمایه ” ؟ ئایا مەبەستی ئەو دەستەواژە ئازادكردنی بەرھەمێنەرانە لە كۆت و بەندی پەیوەنییە داسەپێنراوەكانی سەمایە یا ئازادبوونیان لە ڕێكەوتن لەتەك سەرمایەدا ؟ ئایا ئازادبوونی کرێکار لە بەکاربردنی هێزی کاریدا باشتر نییە لە ئازادنەبوونی لە چۆنیەتی بەکاربردنی هێزی کاریدا، کە ئەم ڕۆژگارە [لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا] بوونی هەیە؟ ئایا من لەو دەستەواژانە تێنەگەییشتووم یا نووسەر بە هەڵە کوردتاندوونی؟
دیسانەوە ناچارم ھەمان پرسیار بكەمەوە؛ ئازادی كرێكار لە كوێدایە، كاتێك كە نەبوونی و ھاندەری زیندوومانەوە، ملكەچی بازاری سەرمایە و سەروەریی چینایەتی دەكات ؟
كاتێك كەسێك لە دارایی و سامانی كۆمەڵگە خاوەنی ھیچ شتێك نەبێت، ئیدی چۆن دەتوانێت سەربەخۆ بێت، بەواتایەكی دیكە بەبێ سەربەخۆیی ئابووریی قسەكردن لە ئازادبوون لە یاساکانی بازار، دەچێتە خانەی پووچگەراییەوە. كۆیلەتی كرێكاریش لە وابەستەیی ئابوورییەوە دەستپێدەكات و دەبێت بە بەشێك لە پێكھاتەی سەرخانی كۆمەڵ و پێگە كۆمەڵایەتییەكەی دیاریدەكات !
” {{ .. دهستووری 1793 ئهڵێ : بهیانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانی ” مادهی 2 ئهم مافانه ( مافی سروشتی و ههڵنهوهشێنراوه ) ئهمانهیه : یهكسانی ، ئازادی ، ئاسایش ، مولكیهت ” .
” ئازادی ” لهچی پێكدێت ؟ _ .. ئازادی ئهو دهسهڵات یان توانایهیه كه مرۆڤ ههیهتی له پێناوی ههركارێدا كه زیان له مافهكانی كهسێتر نادات _ … كواته ئازادی مافی كاركردنێكه كهزیانی بۆ كهسێتر نهبێ . ئهو سنورهی كه ههموو كهس ئهتوانێ تیایا بجوڵێتهوه بهبێ زیان له كهسێتر ، لهلایهن یاساوه دانراوه ، … بهڵام مافی مرۆڤ ، ئازادی ، لهسهر پێوهندی مرۆڤ لهگهڵ مرۆڤدا نهوهستاوه ، بهڵكو له لێككردنی مرۆڤه لهگهڵ مرۆڤ … _ ماركس _ المسأله الیهودیه }}. “
بەبۆچوونی من، ئەوەی كە كاری ھیچ كەسێك زیانی بۆ كەسانی دیكە نەبێت، درەوشاوەترین بنەمایەكە، كە مرۆڤایەتی پێیگەیشتووە و تا ئێستا لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا نەکراوەتە بنەما و ئەگەر كۆمەڵگەی داھاتوو پشت بەو بنەمایە نەبەستێت، ئەوا مرۆڤایەتی ھەر دەبێت بڵێت “خۆزگە بە كفندزی پێشوو” ! نووسەر *** لە جیاتی ئەوەی كە ڕەخنە لەوە بگرێت، كە ھەم دانەرانی ئەو یاسایە و ھەم سەرمایەداران، پێویستە وەك ھەر كەسێكی دیكە ملكەچی ئەو یاسا بن. هەروەها بڕیارەكانی دەسەڵاتداران دژی ئازادبوونی بێدەسەڵاتانن و كاری سەرمایەدارانیش دژی ئازادی و ژیان و حەز و خەونی بەرھەمھێنەرانە. كەچی نووسەر ڕەخنە لەو بنەما درەوشاوەیە دەگرێت، كە ناچاریی و فشاری بزووتنەوە شۆڕشگێرەكانی ئەو سەردەمە یاسادانەران و دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی ناچار بە دانانی بەشێکی ئەو پەرەگرافە [تەنیا ” یهكسانی ، ئازادی …”] لە یاساكەیاندا كردوون! گرفتی سەرەكی خۆ بە سۆشیالیستزانانی پاشكۆی چەپ ئەوەیە، كە خوێندنەوەیان بۆ دەق نییە، ئایا لە چ سەردەم و بارێكدا ئەو دەقە سەریھەڵداوە و لەو كاتەدا كۆمەڵگە لە چ بارێكی شۆڕشگێرانەدا بووە. لەوەش بەدبەختیتر ئەوەیە، كە ئەو دەربڕین و بنەمایانە بە بەخشندەیی یا پیلانی یاسادانەرانی دەوڵەت و سەرمایەداران بزانیت و پاشبنەمای كۆمەڵایەتیی و مێژووییەکەی دەركنەكەیت !
بە پشتبەستن بەم وەرگێڕانە، ئەگەر من ھەڵە تێنەگەییشتبم، ماركس باس لە کاریکاتێری ئازادی لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا، ئازادی لە پاگەندە و بانگەوازی بۆرجوازی بۆ ماف، دەكات، نەك ئازادی وەك چەمک و گشتێتی ویستێك و وەك بوونێك لە سروشتی مرۆڤ و بوونەوەردا.
تا ئێرە نووسەری ئەم بابەتە، خەریكی ناشیرینكردنی ئازادی و یەكسانیخوازییە، بەڵام ماركس قسە لە ئازادییەك دەكات، كە بۆرجواكان پاگەندەی دەكەن! لەبەر ڕۆشنایی ئەمە، من ھەوڵی نووسەر لە شێواندن و بەكاربردنی دەربڕینەكانی ماركس’دا بۆ ڕەوایەتیدان بە ھەڵویستی خۆی لە ئازادی و دامركاندنەوەی قینی خۆی لە ئازادی، دەبینم. بەڵگەشم ئەو دەستەواژەی ماركس’ە کە لە مانیفێستی كۆمونیست وەرگیراوە و زۆر بە ڕۆشنی ھەڵوێستگیریی خۆی لە ئازادی دەستنیشاندەكات !
” {{ … مهبهست له ئازادی لهباری ئێستای بهرههمهێنانی برجوازیدا ، ئازادی بازرگانییه ، ئازادی كڕین و فرۆشتن _ ماركس _ مانیڤێستی حیزی كۆمۆنیست }} . “
…..
” {{ وهلێرهدا لهسهروو ئهوهوه ڕاستییه ههمیشهییهكان ههن ، وهك ئازادی و دادپهروهی ، .. هتد ، ئهمهشتێكی هاوبهشه له ههموو قۆناغهكانی پێشكهوتنی كۆمهڵایهتیدا . بهڵام كۆمۆنیزم ئهم ڕاستیه ههمیشهییانه _ الحقائق الابدیه _ لهناو ئهبات ، كهواته كۆمۆنیزم دژی ههموو پێشكهوتنێكی مێژوویی ڕابووردووه _ ماركس _ ههمان سهرچاوه}} . ”
ھەرچەندە بۆ من، خودی مانیفێست پێكھاتەیەكە لە بیرۆكەی دژبەیەك [پارادۆكس] و دەكرێت ئاوابێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە من لەم ساتەدا ئەو سەرچاوەیەم لەبەردەستدا نییە، تاوەكو لەوە دڵنیابم، ئایا پێش ئەم دەستەواژەی دوایی، لە مانیفێستدا چی نووسراوە. ناتوانم ڕاستەوخۆ ڕەخنەم ئاراستەی بۆچوونەكەی ماركس بكەم. بەبۆچوونی من ئەگەر لە دەستەواژەكانی پێشووتردا قسە لە پاگەندەی بۆرجوازی لەمەڕ مێژووییبوونی تێڕوانینەكانی بۆ ئازادی و دادپەروەریی، نەكرابێت، ئەوا ماركس بە ھەڵەداچووە، چونكە مێژووییبوونی ئازادی و دادپەروەریی وەك ڕاستیییەكی كۆمەڵایەتی، بنەمایەكی چینایەتی ھەیە لە خەباتدا. بەواتایەكی دیكە، ئەگەر سەروەریی و مشەخۆرییەكی چینایەتی ھەر لە بوونی سەرۆكخێڵە سەرەتاییەكانەوە تا دەگاتە دەوڵەتێكی ھاوچەرخ نەبوونایە، ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەدەبوونە خەون و داخوازیی بەدینەھاتووی مێژوویی ھەموو سەردەمەكان و چین و توێژی ھەموو قۆناخەكان !
لەبەرئەوە بەكاربردنی واژەگەلی وەك ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لەلایەن سەروەرانەوە، ناتوانێت بەڵگەی ھەبوونی پەیوەندی لە نێوان خەون و داخوازیی چەوساوان و پاگەندەی سەروەراندا بێت و ناشتوانێت سەلمێنەرێك یا تاپۆیەك بێت، كە ئەو داخوازییانە بكاتە ھی چینە سەروەرەكان !
بەبۆچوونی من، وەھا لێكدانەوەیەك بۆ پاگەندەكانی سەروەران و یەكیگرتنیان لەتەك ئاوات و داخوازیی چەوساواندا، خراپتێگەییشتنە لە پێكھاتە و چۆنیەتی گەشەی كۆمەڵگەی مرۆیی و ھاندەری ڕوودانی ڕیفۆرمەكان. سەروەران ھەر لە سەرۆكخێڵێكەوە تا ڕامیارانی دەسەڵاتداری ئەم ڕۆژگارە، كە لە ھیچ سەردەمێكدا و لە ھیچ گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، بە خواست و بەگوێرەی ڕەزامەندیی خۆیان ملیان بەجۆرێك لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەداوە و ناشدەن، بەڵكو ئەوە ھێزی یەكگرتووی چەوساوان و فشار و مەترسی پەرەسەندنی خەباتی ئەوانە، كە تەنانەت سەروەرانی ناچار بە قسەكردن لەو خەونانانە و ناوھێنانیان كردووە! ئەگەر بە ئارەزوومەندی بێت، ئەوا سەروەران خوازیارن ئەو دەستەواژانە لە ھۆش و زمان و دەربڕینی چەوساواندا بسڕینەوە!
لەبەرئەوە، بەبۆچوونی من، دژایەتی ناھوشیارانە و نەزانانەی ھەر دیاردەیەك، تەنیا تین و ھێزی پێدەبەخشێت، ھەروەك چۆن بینیمان لە ھەرێمی كوردستاندا لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابوردوودا دژایەتی وردەبۆرجوازییانەی ئایین، تەنیا بە تینگرتنی ئایین و دەمارگیریی مەزھەبی تەواوبوو و ھێشتاكە ھێز لەو ڕەخنە كرچ و كاڵانەوە وەردەگرێت، كە چەپ ئاراستەی ئایین و گروپە ڕامیارییەكانی نێو كایەی ئایینی کردن!
بێجگە لەوەی سەرەوە، من لەم دەستەواژە تێناگەم ” … كهواته كۆمۆنیزم دژی ههموو پێشكهوتنێكی مێژوویی ڕابووردووه _ ماركس _ ههمان سهرچاوه “
باشە ئەگەر ئێمە هەموو پێشکەوتنێکی مێژوویی لە ڕابوردوودا ڕەتبکەینەوە، سەرمان لە کوێوە دەردەچێت؟ ئایا بەگوێرەی ئەو دەربڕینە، کۆمونیزم گەڕانەوە نییە بۆ سەرەتای نیاندەرتاڵبوون؟ ئایا مرۆڤ و کۆمەڵگە بەبێ پێشکەوتنە مێژووییەکانی تا ئێستایان، بێجگە لە نیاندەرتاڵێکی دڕندە و خێلێکی سەرەتایی هیچیدیکیان لێ دەمێنێتەوە ؟ ئایا وەها بیرۆکەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمونیزم، هەمان بیرۆکەی گەڕانەوەی مرۆڤی دەرکراو و سزاوار نییە بۆ بەهەشت؟ ئەگەر ئەمە وەرگێڕانی دەقە تەوراتی و ئینجیلی و قورئانییەکان لەمەڕ بەهەشت نەبێت بۆ بە دونیاییکردنی بەهەشت [دەکردنی مرۆڤ لە کۆمونەی سەرەتایی و هەوڵی گەڕانەوەی بۆ هەمان کۆمونە]، ئەدی چیدیکەیە ؟
“ ئهی یهكسانی ؟
یهكسانیش هیچنیه جگه لهیهكێتی پێوانه _ وحده القیاس _ ی ئهو كارهی كرێكار ئهیكات لهبهرامبهر ئهو پارهیهدا كه وهك كرێ وهریدهگرێ . واته یهكسانی ئهو پێوهندیییه كه ئاڵوگۆڕی كاڵای لهسهر ئهكرێ له كۆمهڵگای سهرمایهداریدا . “
دیسانەوە بەبێ دەستنیشانكردنی شوێن و كات و لایەنی پاگەندەكەری یەكسانی، لنگاوقوچ یەكسانی لێكدراوەتەوە. ئەگەر یەكسانی بریتیبێت لە یەكە و یەكێتی پێوانەی كار و كرێ، ئەدی قسەكردن لە زیدەبایی لە خانەی چ پووچگەراییەكدا جێگەی دەبێتەوە؟ ئەگەر ڕادەی كار و بڕی كڕێ بە یەكەیەك یەكسان بن، ئەدی زێدەبایی لە كوێدا دەمێنێتەوە و سەرمایە چۆن كەڵەكە دەبێت و قسەكردن لە بوونی چەوسانەوەی ئابووریی چەندە واتای كەتواریی دەبێت و پێداویستی سەروەریی ڕامیاریی بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی كۆمەڵایەتییەكان لەچیدا دەبێت ؟
ئەمە بەمەرجێك تەواوی سۆشیالیستەكان و خودی ماركس بە دیاریكراوی قسە لە نایەكسانبوونی تاكەكان و ھاوكێشەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە ئابوورییەكان و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و دەكات ! لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، دیسانەوە ئەمە جۆرێكە لە ھەڵەتاتنی تیڕوانینی ماركس بۆ پشتئەستووركردنی بۆچوونە لنگاوقوچە دابڕاوەكانی خودی نووسەر.
ھەروەھا بێجگە لەوەش، سەراپای نووسینەكە لێكدانەوەیەکی ئایینیانەیە بۆ گوتەكانی ماركس و ماركسیزم. باشە ئەگەر گوتە ناپەیوەستەكانی ماركس لەم بابەتەدا دەرھاوێژێن، نووسەر چی بۆ گوتن دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەمە جۆرێك لە گێرانەوە و لێكدانەوەی مەلایانەی مێژوو نییە ؟
” {{ ووشهی (( یهكسانی )) … هیچنیه جگه له یهكسانبوونی ئهو ئازادییهی لهسهرهوه پێناسهكراوه … “
بەبۆچوونی من، ئازادییەكان كاتێك دەتوانرێت یەكسانبكرێن، كە بوونیان ھەبێت، كاتێك كە نایەكسانیی؛ سەروەریی كەمینەیەك بە ھاوتای ژێردەستەیی زۆرینەیەك بچوێندرێت و لە دەرەوەی ئەو ھەوڵ و پاگەندەیەی ڕەخنەگرانی توڕە لە دەرەوەی ھوشیاریی، ئەو ھاوتاكردنە بە یەكسانی و یەكێتی سەروەریی و كۆیلەتی لێكبدەنەوە، تەنیا داماوییەكی ھزریی و ھەژاریی فیلۆسۆفی بەرھەمدێت تا دەبێتە سەرەنجام!
” دهستووری 1795 مانی ئهم یهكسانیه دیاری ئهكات : (( مادهی ژماره 5 . یهكسانی پێكهاتووه لهوهی كه یاسا یهكێكه بۆ ههمووان … )) _ ماركس _ المساله الیهودیه }} .
واته یهكسانی هیچنیه جگه له یهكسانبوونی ههردوو چینهكه له سلیهی ههمان شێواز و پێوهندی كۆمهڵایهتدا {{ .. خاوهن پاره و خاوهن هێزی بازوو له بازاڕدا یهكئهبینن و ئهكهونه پێوهندی لهگهڵ یهك بهووهسفهی ئاڵوگۆڕئهكهن . وه ئهوان هیچ جیاوازییهكیاننیه تهنیا ئهمهنهبێت : یهكێكیان ئهكڕێ و یهكێكیا ئهفرۆشێ ، وه ههردووكیان ههر له بهرئهوهۆیه ، دووكهس یهكسانن لهمافدا _ ماركس _ سهرمایه ، كتێبی یهكهم }} . “
کام شێواز و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ؟ کۆمەڵایەتیی یا ڕامیاریی ؟ بەبۆچوونی من، ئەو یەکسانییە فۆرمۆڵکراوە لە دەقێکی یاساییەدا ڕواڵەتییە و بوونی نییە، تاوەکو واتای یەکسانی بدات و ئەو دوو چینە یەکسانبکات. بەداخەوە نووسەر وەك زۆرینەی ماركسیستەكانی كورد، پەیوەندییە ڕامیارییە لە سەرەوە ڕێكخراوەكان لەتەك پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە ئاسۆییەكان یەكیدەگرێت. لەبەرئەوە نووسەر ئەوە لەبیردەکات، پەیوەندییەك، کە لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی ڕێکخرابێت، لە هەبوونە کۆمەڵایەتییەکەی کەوڵکراوە و بەشێکە لە ڕێکخستنێکی بێگیانی میکانیکی و دابڕاو.
” … {{ هیچ یهكێك لهم مافانهی مرۆڤ … تێپهڕی مرۆڤی خۆویست _ ألانسان الانانی _ ناكات ، مرۆڤ بهو وهسفهی ئهندامێكه له كۆمهڵگای برجوازیهتدا یان فهردێكی دابڕاوه له كۆمۆنه … تهنیا خهریكه بهبهرژهوهندی خۆیهوه مرۆڤ لێرهدا دووره لهوهی وهك كائینێكی نهوعی سهیر بكرێ .. ئهو تاكه پێوهندییهی مرۆڤ پێكهوه ئهبهستێ تهنیا پێویستی سروشتییه ، پێویستی و بهرژهوهندی تایبهتی ، پاراستنی موڵكیهت و كهسایهتی خۆویستی خۆیان _ ماركس _ المساله الیهودیه }} . …”
لەوانەیە بە بارێكی زۆر كەم و لاوازدا ئەمە دروستبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە تاك لە ھەموو تایبەتمەندییەك و لە ھەموو خۆویستنێك ڕاماڵراوە و بووەتە گیانەوەرێكی خۆبەخش بۆ كەمینەیەك. بۆ نموونە بە ملیۆن تاك دەبنە دژی ملیۆنانی دیكە، نەك لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، بەڵكو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی و لیستی كەسانێكی دیكە. ئایا ئەگەر مرۆڤ شانازی و خۆویستنی تێدامابێت، ئامادەیە ملی خۆی و ھاوچینەكانی بۆ دوژمنەكانی بشكێنێت ؟
كۆمونەیەك كە تاكەكانی خۆویست نەبن، ئایا چاوەڕواندەكرێت گشت ویستبن؟ ئەمە كامە لۆجیك پەسەندیدەكات. ئەوە ئازادی و یەكسانی تاکایەتی ھەمووانە، كە وا لە تاك دەكات، گرنگی و پێویستی بەرژەوەندی ھاوبەش و گشتی دەركبكات، نەك توانەی سڕینەوەی تاكایەتی تاك! ئەگەر بە سڕینەوەی سەربەخۆیی تاكایەتی تاك، كۆمەڵگە بە كۆمونەژیان بگەییشتایە، دەبوو تاكەكانی كۆمەڵگەی دیكتاتۆری یەكەمین پێشەنگانی وەھا كۆمونەیەك بوونایە، بەڵام بەپێچەوانەوە تاكی تێكشكاو، تەنیا پێكھێنەری كۆمەڵگەی تێكشكاوە و كۆمەڵگەی تێكشكاویش ناتوانێت ھەڵگری توخمی كۆمونەیی بێت.
ھەڵبەتە مەبەستی من لە كۆمونە، كۆمەڵگە و كۆمیونیتی ئازادە، كە لەسەر بنەمای دارایی ھاوبەش و كاری ھاوبەش و ژیانی ھاوبەش و ھەرەوەزی و ھاوپشتی خۆی گرتبێت، ئەگینا بەكاربردنی دابڕاوانەی واژەی “كۆمونە” دەتوانێت ھێمابێت بۆ كۆمونەیەكی تۆتالیتێریی یا كۆمونەیەكی ئایینی داخراو یا كۆمونەیەكی میلیشیایی یا ھەر تەنیا بریتیبێت لە واتا كارگێرییەكەی واتە “شارەوانی” !
” وهههربهمپێیه ئازادی و یهكسانی ، دیموكراسییهت ، ئهو پێوهندیییه كه جگه له فهردی دابڕاو له كۆمۆنهی ئینسانی هیچ زاتێكی تر قبوڵناكات له خۆیدا ، وه فهردی دابڕاویش كهلای برجوازیهت هاونیشتمانییهكه و وهك كاڵایهك ، ئازاد و یهكسان ، له سایهی سیستهمی ئاڵوگۆڕدا لهبهردهم یاسادا ڕاگیراوه ، ئهو بهرههمهێنهرهیه كه بههیچ چینێكهوه نهبهستراوه و هیچ بهرژهوهندییهكی جیاوازی نییه لهگهڵ نوێنهره ڕهسمییهكهی كۆمهڵدا ، واته دهوڵهت ، بۆیه ئهبێ ههموو مافێكیشی لهو ڕێگهیهوه و بهپێی یاسا دیاریكراوهكان پێڕهو بكات . “
ئەگەر بە پێچەوانەسازیی وەڵام بەو دەستەواژە دوور لە لۆجیکانە بدەمەوە، ئەوا دەبێت ئاوا دابڕێژرێنەوە “تاکی کۆمونەیی، بوونێکی داماڵڕاوە لە ئازادی و یەکسانی و دێمۆکراسی”، واتە بوونەوەرێکی کۆیلەیە ! ئایا نووسەر بێجگە لەمە دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟ پاشان لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا تاك کاڵا نییە، بەڵکو بەرهەمی کاری ئەو کاڵایە و هیچ کاڵایەك لەو بازارەدا ئازاد و یەکسانە نییە و ئەگەر کاڵاکان یەکسان بن، ئەدی لەو ئاڵووێرە ئازادەدا چۆ قازانج دروستدەبێت ؟ ئەگەر کاڵاکان ئازادن، بۆچی ئێمە ناتوانین بەبێ بەرانبەر لێیان بەهرەمەندبین ؟
هەرچەندە دێژەی پێناسەکەی نووسەر دروستە و لەتەکیدا هاوبۆچوونم، بەڵام ناکرێت لە گوتنی ئەوە خۆم لابدەم، کە نووسەر زۆر ئایدیالیستانە لە “کۆمونە” دەڕوانێت و ئەگەر لە هەموو دەقە ئایینییەکانی تەورات و ئینجیل و قورئاندا واژەی “بەهەشت” لابەرین و واژەی “کۆمونە”ەکەی نووسەر بەو پیرۆزکراویی و گشتگیرکراوییەوە دابنێین، هێچ ناجۆری و نالەبارییەك لە واتاکاندا دروستنابێت و هەر ئاواش ئەگەر لە هەموو ئەو نووسینانەی کە بەو جۆرە “کۆمونە” ئایدیالیزە دەکەن، واژەی “کۆمونە” دەربکەین و واژەی “بەهەشت” لە جێیان دابنێین، ئەوا هیچ لە واتای دەستەواژەکان ناگۆڕێت و ناجۆریی و نالەبارییەك دروستناکات !
*****************************************************
* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردەنوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنوەی ئەم دواکەت.
بەستەری بابەتەکەی نووسەر : https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596