ھۆی یەكەم، لە ڕوانگەی ھزر و ئایدیای ئازادیخوازیی (ئەناركی)ەوە، سیستەمی ڕامیاریی بەگشتی و سیستەم و پێكھاتەی قوچكەیی (ھیرارشی) بە دیاریكراویی چ پاشایەتی و ئیسلامی و دیكتاتۆری و تاكپارتیی بێت یا دێمۆكراتی پارلەمانی (فرەپارتیی)، سیستەمی كۆیلەكردنی مرۆڤە و ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك لەسایەیدا، تەنیا بۆ كۆیلەڕاگرتنی ئێمەی ژێردەستە و بەرھەمھێنەرە، لەپێناو مسۆگەركردنی خاوەندارێتی تایبەت و قازانجی كەمینەیەكی سەریەدار و زەمیندار و دەستەبژێری ڕامیار!
ھەر لەبەرئەوە ھەڵبژرادن و دەنگدان لە سیستەمێكدا كە لەسەر بنەمای سەروو و خوار، سەروەر و ژێردەست، دارا و نەدار، بەرھەمھێنەر و مشەخۆر، فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزرابێت، بێجگە لە مافی ھەڵبژاردنی چەند مشەخۆرێك وەك نوێنەر و چەوسێنەرێك وەك سەرۆك و شوانە، ھیچ بڕیاردان و مافێكی سەرەتایی بۆ ئازادانە ژیان و خۆبەڕێوەبردن نەھێشتووەتەوە. لەبەرئەوە، ئێمەی ژێردەستە لەجیاتی خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی ئەوەی كە دەسەڵاتخواز و چەوسێنەرێكی بەبەزەیی و بەویژدان پەیداببێت و ئازادی و مافمان بۆ بگێرێتەوە، پێویستە خۆمان بە پشتبەستن بە ویست (ئیرادە) و یەكگرتوویی ھێز و توانای خۆمان، لە شوێنی ژیان كار و خوێندن و فەرماندا، ڕێكخراوە سەربەخۆكانی خۆمان، گروپە خۆجێییەكانی خۆمان لەسەر بنەمای كۆبوونەوەی گشتی و بڕیاردانی بە كۆمەڵ و جێبەجێكردنی گشتی، ڕێكخستن و پایەكانی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ [كە ھەزاران ساڵ پێش ئێستا لە گوند و شار و كۆمەڵگە ئازادە بێدەوڵەتەكاندا پەیڕەوی لێكراوە و ژیانی ئازادانەی لەسەر ڕێكخراوە] پێكبھێنین و كۆمەڵگە بۆ شۆڕشی كۆمەلایەتی ھەڵخڕێنین و ھەر ئێستا دوور لە دەستتێوەردانی گروپ و كەسە ڕامیارەكان، ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانمان لە كێڵگە و كارخانە و گەرەكەكان و گوندەكاندا پێكبھێنین و كاروبار و شێوەی ژیان و بەرھەمھێنانی كۆمەڵگەكانمان سەربەخۆ لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمانەوە بەڕێوەببرێن و دەستی دەوڵەتی ئیسلامی و پارتە ڕامیارە بەرھەڵستكارەكایش لە تێكدانی ژیان و ئاساییش و دروستكردنی دوژمنایەتی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزیی و نەژادیی و خێڵەكیی، كۆتابكەین.
ھۆی دووەم، كوردستان وەك كۆمەڵگەیەكی داگیركراو لەلایەن لەشكری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەدرێژایی تەمەنی نەگریسی كۆماری ئیسلامی ئێران، ھەر باڵ و كەسێك لە مەلاكان ھاتبنە سەر تەختی دەسەڵات، لەوانی پێش خۆیان خراپتر و توندوتیژتر سەركوتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان [مەبەست لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی خەڵكە بۆ كۆتاییھێنان بە ستەمی نەتەوەیی و داگیركاریی، نەك ھەوڵی ناسیونالیستانەی پارت و ھێزە چەكدارە دەسەڵاتخوازەكان] و بزووتنەوە جەماوەریی و كرێكارییەكانی ئەم ھەرێمەیان كردووە و كارە ناتەواوەكانی ئەوانی پێشووتریان تەواوكردووە و زیاتر و زیاتر ڕۆڵەی ئازادیخوازی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانیان زیندانیكردووە و لەسێدارەداوە و شوێپێی خۆیان لە كوردستاندا بە چنگی خوێناوییان جێگیرتر كردووە و بەرژەوەندی بەكرێگیراوانی خۆیان پاراستووە و بە كوشتن و ڕاوەدوونان، ڕووبەڕووی ھەموو بزووتنەوەیەك و داخوازییەكمان بووەتەوە. لەبەرئەمە، ئەگەر ھۆكاری یەكەم، بۆ بەشدارینەكردن و ڕەتكردنەوەی دەنگدان، نەتوانێت بڕواپێھێنەرمان بێت، ئەوا ئەم ھۆكارە، دەتوانێت ھاندەرێك بێت بۆ بایكۆتی دەنگدان و ڕسواكردنی ڕژێمی ئیسلامی داگیركەر و بكوژی ڕۆڵەكانمان!
ھۆی سێیەم، ئەگەر لەژێر كارایی میدیای سەر بە دەوڵەتانی خۆراوا و پارتە ڕامیارە پان ئێرانییەكاندا بەو سەرەنجامە گەیشتوون، كە لێپرسراوێك، مەلایەك، بالێك لە دەسەڵات و لەنێو دەسەڵاتدا خەریكە بە قازانجی كردنەوەی كەشی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی ئێران، دژی ولایەتی فەقێ و ئەحمەدی نەژاد، خۆی كاندیددەكات و دەبێتە دەنگی ئێوە دژی سەركوتگەرییەكانی (حزب اللە) و ئیمامی ئیسلام، ئەوا بێسەرەنجامی خۆشباوەڕیی بە ناكۆكی نێوان باڵەكانی خودی كۆماری ئیسلامی ئێران ھەر لە سەردەمی خۆكاندیدكردنی ڕەفسنجانی دژی خامینەئی و خاتەمی دژی ڕەفسنجانی و كەروبی دژی ئەحمەدی نەژاد و كێ و كێ، نیشانیداوە و دەدات، كە ھەرای نێوان ئەو باڵانە لەپێناو دروستكردنی خۆشباوەڕیی لەنێو خەڵكی ناڕازی و ھەروەھا پاراستنی ولایەتی فەقێ و سیستەمی سەرمایەداری ئێرانە و ناكۆكی نێوان باڵە خەیاڵییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ھەر لە پاش كۆتاییھاتنی جەنگی (عیراق – ئێران)ەوە تا ھەڵبژاردنەكانی پێشوو، كێشمەكێش و ناكۆكبوون لەسەر چۆنیەتی پاراستن و دابینكردنی بەرژەوەندی چینی مشەخۆری دەسەڵاتدار و سەرمایەداری ئێران بووە و ھەموو كاندیدەكان بە پێداگرتنەوە لەسەر سەروەریی كۆنەپەرستی و سەركوتگەریی ولایەتی فەقێ و پاراستنی بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران و سەركوتی ھەموو ناڕەزایەتییەكی ڕادیكاڵ دژ بە دەسەڵات و سیستەمی ئیسلامی، سوێند و وەفادارییان بۆ بڕیار و ڕێنوێنییەكانی خومەینی و خامینەئی چەندبارە دەكەنەوە!