تی شێرت و وێنەی ژینا ئەمین لە فانەکانی کاسی جیهانی قەدەخە دەکرێت

25/11/2022

لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە وێنە و تی شێرتی ژیان ئەمین و دروشمی ژن ژیان ئازادیی و هەروەها ئازادیی بۆ ژنان بەسەر فانەکانی  کاسی جیهانیدا دابەشکران بەڵام لە لایەن سکوێرێتییەکانی ئەوێوە لێیان قەدەخەکرا.   لە وێنەکانی خوارەوەدا دەبینرێت کە چۆن سکوێرێتییەکان بەرەوڕوی فانەکان دەبنەوە.

مانگرتنی مامۆستایان و ستافەکانی زانکۆکانی لە ئینگلەند

23/11/2022

ئەندامانی سەندیکای زانکۆ و کۆلێژەکان (UCU) لەوان ستافی وانەوتنەوە و توێژینەوە و خزمەتگوزاری پیشەیی لە زانکۆکانی سەرتاسەری وڵات، لە 24 و 25 و 30 ئەم مانگەد، واتە سبەینێ 5شەمە، هەینی و 4شەمەی ئایندە  مانگرتن ئەنجام دەدەن بەهۆی ناکۆکی لەسەر مووچە، بارودۆخی کارکردن و جیاوازی مووچەی جێندەر و بڕینی مووچەی خانەنشینی.

داواکارییەکانی سەندیکا، لە دوو ناکۆکی جیاوازدا لەگەڵ ئیدارەدا  بەم شێوەیەن:

  1. ناکۆکی مووچە و بارودۆخی کارکردن زیادبوون لەسەر پێوەرەکانی مووچەی نیشتمانی بەلایەنی کەمەوە یا بە گوێرەی هەڵئاوسانی پارە یاخود بە ڕێژەی  12% هەر کامیان زیاترە موچە بچێتە سەرەوە.
  • ڕێککەوتن لەسەر ئاستی نیشتمانی، بە بەکارهێنانی ڕێبازێکی بنەڕەتی بۆ داخستنی کەلێنی مووچەی جێندەری، نەتەوەیی و کەمئەندامان .
  •  ڕێککەوتن بۆ نەهێشتنی شێوازە ناجێگیرەکانی دامەزراندن لەلایەن زانکۆکانەوە . واتە نەمانی گرێبەستی کاتی و جیاوازی نێوان مافەکانی  کرێکاران و ستاف و وانەبێژان .
  • ڕێوشوێنی ڕێککەوتنی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی باری زیادەی کار و کاری بێ مووچە، بۆ ئەوەی چارەسەرکردنی ئەو کاریگەرییە لەخۆبگرێت کە باری کاری زیادە لەسەر فشاری هێزی کار و نەخۆشی تەندروستی هەیەتی بۆ گرێبەستی ستانداردی هەفتانەی هەروەها کاتی کارکردن 35 کاتژمێر بێت، بەبێ ئەوەی کارایی لەسەر مووچە دانێت.

ناکۆکی خانەنشینی

ئەندامانی UCU داوا لە خاوەنکارەکان دەکەن کەمکردنەوە و بڕینی موچە بە بەرفراوانییە  هەڵبوەشێننەوە کە بەسەر ئەندامانی سەندیکادا لە لایەن کۆمپانیای  پلانی خانەنشینی USSدا سەپاندوویانە، و فشار بخەنە سەر پلان و پڕۆگرامی  USS بۆ گەڕاندنەوەی یارمەتییەکان بۆ ئاستی ساڵی 2021  بە زووترین کات..

 هەروەها UCU دەیەوێت UUK فشارێکی بەهێز بخاتە سەر کۆمپانیای  USS  بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەهادانەکانی داهاتوو و هەموو دواتر بۆ تەندروستی دارایی پلانەکە لەسەر بنەمای بەڵگە بن و بە شێوەیەکی مامناوەند وریا بن.

مانگرتنی مامۆستایانی سکۆتلەندە

23/11/2022

سبەینێ، 5شەمە، 24/11، زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا لە سکۆتلەندە ماندەگرن بۆ زیادکردنی مووچەیان .  دەزسگای ڕۆشنبیری و پەروەردەی سکۆتلەندە تەنها بە لە سەدا 6.85 ڕازی بووە ،  ئەمەش دوای وتووێژێکی زۆر کە لە سەدا 5 وە بۆ ئەو ڕێژەیە کراوەتە لە سەدا 6.85 .  مامۆستایان و نقابەکەیان ئەم بڕە پارەیەیان ڕەتکردەوە و پێداگری لەسەر بەرزبوونەوەی مووچەکەیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 دەکەن .

هەروەها دەنگیشیان بەوە داوە کە لە 9/12 وە بە هیچ شێوەیەك پۆل و وانە شاغیرەکانی مامۆستایانی هاوەڵیان کە بە هۆکارێك بزر دەبن لە دەوام پڕناکەنەوە لەمەش زیاتر ئامادە نابن کە زیاتر لە یەک کۆبوونەوەیان لە هەفتەیەکدا هەبێت لە دەرەوەی وانە و پۆلەکانیان.

لە سای ئەو بڕە پارەیەی کە پەروەردەی سکۆتلەندە بڕیاری داوە ئەو مامۆستایانەی کە موچەکەیان 40 هەزار و 107 پاوەندە ، موچەکەیان بە بڕی 1926 پاوەند لە ساڵێکدا دەچێتە سەرەوە .  ئەوانەشی کە مووچەیان 60 هەزار یا زیاترە ئەوە 3000 پاوەند زیاتر وەردەگرن لە ساڵێکدا.

مامۆستایانی قوتابخانەکانی  ئامادەیی کە بڕیارە ڕۆژی 7 و 8 ی مانگی داهاتوو مانگرن ئەوانیش ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو برە پارەی بۆ مامۆستایان  زیادکراوە کەمە و مایەی بێ ئومێدییە. 

دەسگیرکردنی ئەکتەرەکان و کەسە ناودارەکان بەردەوامە

ئێرانییە دیارەکان لە بواری سینەمایی و وەرزشدا بە هۆی دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕیواندا ڕووبەڕووی هەراسانکردن و گرتن دەبنەوە.

ڕۆژی شەمە دوان لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئێران بە ناوی Hengameh Ghaziani و Katayoun Riahiبە هۆی ئەوەی یەکێکیان لە ڤیدیۆیەکدا بۆ هاوپشتی خۆپیشاندەران لەچکەکەی فڕێداوەو ئەوی تریان بە بێ لەچك دیمانەی تی ڤی کردوە دەسگیر کراون .  بەوە تاوانبار کراون کە ڕەفتارەکانیان هاندانی خۆپیشاندەران و نانەوەی پشێوی زیاترە.

ڕۆژی شەمە غازیانی لە ئینستەگراما نوسیبووی  ” ڕەنگە ئەمە دوا پۆستم بێت”  وتیشی ” لەم ساتەوەختەوە هەرچیم بەسەر دێت، ئەوە بزانن کە وەک هەمیشە تا دوا هەناسەم لەگەڵ گەلی ئێرانم”.  لە پۆستێکی هەفتەی پێشویدا نوسیبووی ” منداڵکوژ” حکومەتی ئێران لە “کوشتنی” زیاتر لە ٥٠ منداڵدا.

کاتیۆین ڕیاهی لەسەر ئەوە گیراوە کە لە مانگی سێبتەمبەردا لە سەرەتای ڕاپەڕینەکەی خەڵکدا دیمانەیەکی لەگەڵ تی ڤی موعارەزەی ئێران لە لەندەن بە بێ لەچك کردبوو .  ئەو هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانە دەربڕیبوو کە لە دوای کۆچی دوایی ژینا ئەمینیەوە ئێرانی گرتووەتەوە، هەروەها دژایەتیکردنی فەریزەی حیجابیشی دەربڕیبوو.

یەحیا موحەمەدی کە یاریکەرێکی زۆر مەشووری  تۆپی پێی ئێرانە لە نێوانی ئەو کەسانەدایە کە بانگکراوە و خراوەتە ژێر پرسیارەوە سەبارەت بە کۆمێنتە ئیجابییەکەی بۆ ڕاپەڕیوان.

سەرۆکی فیدراسیۆنی بۆکسێنی ئێران، حوسێن سووری ڕایگەیاند، لە پاڵەوانێتییەک لە ئیسپانیا ناگەڕێتەوە ماڵەوە.  ڕۆژی شەممە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وتی: چیتر نەمتوانی خزمەت بە وڵاتە ئازیزەکەم بکەم، لە سیستەمێکدا کە ئەوەندە بە ئاسانی خوێنی مرۆڤەکان دەڕێژێت.  لە مۆندیالی تۆپی پێ لە قەتەر، ئیحسان حاجی سەفی کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی ڕایگەیاند، یاریزانانی ئێران دەیانەوێت ببنە “دەنگی خەڵکی وڵاتەکەی. “دۆخی وڵات باش نییە و گەلەکەمان دڵخۆش نییە”.  

چالاکییەکی گروپی Animal Rebillion   لە لەندەن

20/11/2022

دوێنێ شەمە، 19/11، ئێوارەکەی 14 چالاکوانی ئەو گروپەی سەرەوە دایان بە سەر یەكێك لە چێشتخانە ناودارەکانی لەندەندن بە ناوی  Gordon Ramsay    بە لیستێکی جیاوازی خواردەنەکانەوە کە خۆیان دروستیان کردبوو چونە هۆڵی نانخواردنەوەکەوە و لەسەر ئەو مێزانەی کە پێشتر حیجز کرابوون لە لایەن خەوڵکەوە بۆ نانخواردن دانیشتن.

ئەوان ئەم چێشتخانەیان وەکو نایەکسانییەکی خەڵکی لە خواردندا هەڵبژارد کە ژەمی نەفەرێك لەوێ زیاتر لە 155 پاوەندە ئەمە لە کاتێکدا ئەم بڕە پارەیە  بە قەدەر  شۆپینی خێزانێكە  بە دو منداڵەوە لانی کەم بۆ 10 ڕۆژ.

پاش ماوەیەکی کەم پۆلیس گەیشت بۆ دەرکردنیان بەڵام دوو سەعاتی خایاند تاکو چێشتخانەکەیان جێ‌ێشت ئەو کاتەش خاوەنچێشخانەکە ناچار بوو  کە چێشتخانەکەی دابخات بۆ هەموو شەوەکە و شەرمەزاری خۆی بۆ میوانەکانی کە پێشتر مێزیان حیجز کردبوو دەربڕێ و پۆزشیان بۆ بێنێتەوە.

یەکێك لە چالاکوانەکان نێرسێکی [ پەررستیار] 39 ساڵە بوو وتی  “ئەم چێشتخانەیە نموونەیەکی تەواو نایەکسانییە کە لە ئێستادا لە بەریتانیا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کاتێکدا Gordon Ramsay خۆراک پێشکەش دەکات کە نرخی هەر کەسێک لانیکەم 155 پاوەندە، کەچی  زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لەم قەیرانەی تێچووی ژیاندا پشت بە سێنتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەبەستن بۆ ژیانیان “.ئاماژەی بەوەشکردووە، ” لەبری ئەوەی چێشتخانەکان قازانجێکی گەورە بەدەستبهێنن لەسەر حیسابی ئاژەڵان و کرێکاران و کەشوهەواکەمان، پێویستە خۆراک بە هەمووان بدەین لەڕێگەی پشتگیریکردنی جووتیاران و کۆمەڵگە ماسیگرەکان لە گواستنەوەیەکدا بۆ سیستەمێکی خۆراک لەسەر بنەمای ڕووەک”. لەمەش زیاتر وتی  “سیستەمێکی خۆراک لەسەر بنەمای ڕووەک پێویستی بە 75% کەمتر زەوی کشتوکاڵی هەیە بۆ گەشەپێدانی خۆراک، ئەمەش ڕێگەمان پێدەدات خۆراک بە ملیۆنان کەسی زیادە بدەین بەبێ ئەوەی پشت بە پیشەسازییە ئیستغلالکار و ناکارامەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ ببەستین،، ئەمە وەڵامی تێچووی ژیان و قەیرانەکانی کەشوهەوایە”.

ئەندامانی سەندیکایەکی دیکەش دەنگیان بە مانگرتن دا

لەوە دەکات مانگی داهاتوو مانگێکی سەرانسەری بیت بۆ مانگرتنی کرێکاران و کارمەندان لە زۆربەی بەشە پیشەسازی و خزمەگوزارییەکاندا  لەسەر داخوازی ڕەوای خۆیان کە بۆ زیادکردنی مووچە و کرێ و چاكکردنی هەل و مەرجی سەر کارە.

ئەندامانی سەندیکای خزمەتگوزاریی گشتی/ کەرتی دەوڵەتی و بازرگانییەکان، the Public and Commercial Services union ، کە ئەو کارمەند و کرێکارانەی کە لە بەشی خزمەتگوزاری دەرهێنان و نوێکردنەوەی پەساپۆرت و مۆڵەتدانی لێخوڕینی سەیارە و ئەوانەی لەسەر سنورن و پشکنین دەکەن و هەندێك بەشی دیکە دەنگیان بۆ مانگرتن دا کە لە دوای نیوەی مانگی داهاتووەوە دەبێت ، بەڵام ڕؤژەکە دیاری نەکراوە تاکو دەوڵەت ئامادەکاری نەکات بۆ شکاندنی مانگرتنەکە لە ڕێگای کرێکاران ئیزراب شكێنەوە کە دەتوانرێت لە نوسینگە تایبەتییەکانەوە دەستیان بکەوێت .

حکومەت ئامادەیە بە بڕی لە سەدا 2 کرێ و موچەیان بۆ زیاد بکات بەڵام ئەمان داوای لانی کەم لە سەدا 10 دەکەن .  ئەمە لە کاتێکدا کرێکارانی بەشی تایبەتی ،،نەك دەوڵەتی کرێ و موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 6 بەرزبووەتەوە .

سکرتێری سەندیکاکە ، مارك سێروەتکە وتی : “هیوادارم خەڵک بتوانن لە جەژنی کریسمسدا بەبێ پچڕان گەشت بکەن، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشی سوناک و جێرمی هانت”،  [ ئاماژەیە بە سەرەک وەزیران و وەزیری دارایی ] داوای لە وەزیرەکان کرد پارەی زیاتر بخەنە سەر مێزی وتووێژ  بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

وتیشی ” ئێمە لێرەدا بژاردەیەکمان  هەیە ئەویش  کردنی مافی مانگرتنە بۆ شەش مانگ  – ئەوە ئەوەیە کە یاسا ڕێگەی پێدەدات.  پێشنیارەکانمان ئەوەیە کە ئەمە دەبێتە چالاکی و  کردەوەیەکی پەرەسەندن کە لێرەوە دەست پێدەکات”

کرێکارانی ڕۆیاڵ مەیل لە بریتانیا بڕیاری مانگرتنیان دا

18/11/2022

کرێکارانی پۆستی  نقابەی پەیوەندییەکان لە  مانگی داهاتوودا، دیسەمبەر،  6 ڕۆژی دیکە مان دەگرن ئەمە لە کاتێکدا کە لەوە دەکات نێرسەکان و کارمەندانی خەستەخانەکانیش لە هەمان کاتدا لە مانگرتندا بن

ئەندامانی سەندیکای کرێکارانی پەیوەندییەکان لە لە ڕۆژانی 9 و 11 و 14 و 15 و 23 و 24 مانگی دیسەمبەردا بڕیارە مان بگرن  . ئەمە جگە لەوەی کە پێشتریش بڕیاری مانگرتیان لە ڕۆژانی 24 و 25 و 30 ئەم مانگەشدا داوە.

ئەم مانگرتنانە سەرەنجامی ڕازینەبوونی ئیدارەی ڕۆیاڵ مەیلە بە زیادکردنی موچەکانیان و ڕێکەوتن لەسەر هەل و مەرجی سەر کار.

لە لایەکی دیکەوە کرێکارانی دیکەش  بڕیاری مانگرتنیان داوە، لەوانە شۆفێرانی پاسەکانی  ئابێلیۆ لە لەندەن.. ئەم کرێکارانە ئەندانی نقابەی یونایت-ن کە 700 ئەندامن لە 22ی ئەم مانگەدا دەست بەمانگرتنەکانیان دەکەن و دواتر لە 25 و و26 مانگدا دووبارە مان دەگرنەوە دوای ئەوەش لە مانگی ئایندەدا بڕیاڕە کە 7 ڕۆژی تر مان بگرن  

وتەبێژی  سەندیکای پەیوەندییەکان وتی “یەکلاییکردنەوەیەکی دانوستانکاری لەگەڵ ئیدارەی  ڕۆیاڵ مەیل دا زەروورە و بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردنی کۆمپانیاکە بۆ ئەو مەبەستە … بەڵام ئەوانەی بەرپرسی ڕۆیاڵ مەیلن پێویستە لە خەو هەڵسن و بزانن ڕێگەیان پێنادەین کە هێڕش بکەنە سەر کرێکاران چونکە  بژێوی و ژیانی کرێکاران پێوستە”.

کرێکارانێك کە خواردەمەنیی بۆ هەندێك سوپەرمارکێتی بریتانیا دروست دەکەن بڕیاری مانگرتنیان دا

18/11/2022

ئەم کرێکارانە کە لە کارگەکاندا بە کاری ئامادەکردنی خواردەمەنی بۆ سوپەرمارکێتە گەورەکانی وەکو تێسکۆ و مۆریسن و سەینسبێری و مارکس سپێنسەر دەکەن  بڕیاریان دا لە 25ی ئەم مانگەوە مان بگرن تاکو 02/01 ی ساڵی نوێ لە کاتێکدا کە زیادکردنی موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 6.5 ڕەتدەکەنەوە و داوای زیاتر دەکەن.

ژمارەی ئەم کرێکارانە لە حەوتسەد کرێکار زیاترن چونکە کرێکەیان ئەوەند کەمە زۆریانی ناچارکردووە کە بە پەنا بەرن بۆ سێنتەرەکانی خواردن بەخشینەوە.  لە کاتێکدا کە ئەمان خواردن بۆ مشتەرییەکانی ئەو سوپەرمارکێتانە ئامادە دەکەن کەچی خۆیان پەنا بۆ بەخشینەوەی خۆراك و خواردن دەبەن.

ئەمە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە سەدان کرێکاری کارگەیەک لە ئاینتری لە نزیک لە شاری لیڤەرپوول کە کاریان دروستکردنی کرێمەکان و درێسەکانی سەر کرێم و سازدانی زەڵاتە و ئەوانەن مانیان گرتووە. ئەم کرێکارانەش لەسەر ناکۆکی موچە و کرێ کە لەگەڵ خاوەنکۆمپانیاکەدا دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کردووە.سکرتێری گشتی سەندیکای  یونایت، شارۆن گراهام، وتی: “ئەو دۆخەی کە ئەم کرێکارانە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕێک ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە ئابووری بەریتانیادا  هەڵەیە: کۆمپانیایەک کە ملیۆنان و ملیۆنان قازانج بەدەستدەهێنێت و چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەو کرێکارانەی کە لە ئێستاوە مووچەیەکی کەمیان هەیە، کەمکردنەوەی مووچە وەربگرن لە کاتێکدا نرخەکان بەرز دەبنەوە.  یونایت بێ دەنگی لە هێرشکردنە سەر کار و مووچە و مەرجەکانی ئەندامەکانمان ناکات و ئەندامانی نقابەکەمان لەوێ  پشتگیری تەواوی سەندیکاکەیان هەیە لەکاتێکدا مانگرتن دەکەن بۆ گرێبەستێکی باشتر.”  

خۆپیشاندەرانی بەرگری لە ژینگە لە لشبوون

13/11/2022

دوێنێ، شەمە، 12/11/22 بە دەیەها  هەزار کەس  ڕژانە سەر شەقامەکانی لیشبونەی  پایتەختی پورتوغال بۆ بەرگری لە ژینگە کە بوەتە پرسێکی سەرەکی زۆرێك لە خەڵکی  لە هەموو ئەوروپادا.   خۆپشاندەران داوای زۆریان هەیە بۆ چاککردنی کەش و هەوا . بە سەدەهایان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەیەک کە ئەنتۆنیۆ کۆستا سیلڤا وەزیری ئابوری پورتوگال، کۆنە سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی پورتوغال  تێیدا قسەی دەکرد.  خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە وەزارەت دەکەن.  ئەوانەشی لە دەرەوە بوون هاواریان دەکرد ” بۆ دەرەوە کۆستا ئی سیلڤا بۆ دەرەوە” واتە دەست لەکار بکێشەرەوە، ئەویش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا  بە ناچاری قسەکردنەکەی بڕی و لە دەرگای پشتەوە بە یارمەتی پۆلیس دەرچووە دەرەوە.            

مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا بۆ زیادکردنی کرێ و مووچە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە *

نوسینی : Hassan Yildirim

19/09/2022

و: زاهیر باهیر

 مانگرتن و پرۆتێستەکان  بۆ کرێی زیادە لە تورکیا لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی پارە لەگەشەدایە.  ملیۆنان کەس  لە تورکیا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە ململانێیەکی گەورەدان، لە کاتێکدا نرخی خۆراک و وزە بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە و هێرشکردنە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکارانیش لە زیادبووندایە.

لە مانگی ئابدا ڕێژەی فەرمی هەڵاوسانی دراوی ساڵانەی تورکیا بۆ 80% بەرزبووەوە.  ڕێکخراوی ENAG کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی توێژینەوەیە، هەڵاوسانی دراوی تورکیای  بە ڕێژەی 181% تۆمار کردووە.  بەگوێرەی ماڵپەڕی ئابووریی بازرگانی، هەڵاوسانی فەرمی دراوی تورکیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە دوای زیمبابۆی، سۆدان و سووریاوە.

بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراوی تورکی بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە  جیهاندا کە بەهۆی چاپکردنی بەرفراوانی پارە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە سەروبەری  پەتایکۆڤید- 19 دا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی سوپەر دەوڵەمەندەکان هەروەها بەهۆی شەڕی ناتۆ و ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە.  هەر ئاواش بەهۆی  سیاسەتی دارایی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارەوە کە بەرگریی لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەسەر حسابی  پێداویستییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان  دەکات زۆر خراپتر بووە.

چینی دەسەڵاتدار باری سەرەکیی  قەیرانەکەی بەسەر چینی کرێکاراندا سەپاندووە.  لە کاتێکدا بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندا بەردەوامە، هاوکاتیش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەموو کاڵاکانیش بە تایبەت پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەرزبوونەوەدایە.  بەم هۆکارە توانای کڕینی کرێکاران تەنانەت بە زیادبوونی مووچەشیانەوە هێشتا بە بەردەوام  لە خوار هەڵاوسانی دراوەوە هەرەس دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی “سنووری برسێتی”  خەرجی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسیی لە تورکیا  زیاترە لە لانی کەمی مووچە کە لە مانگی تەموزدا بە ڕێژەی کەمتر لە 30% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5500  لیرەی تورکی .

کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی لایەنگری حکومەت، تورک-ئیس، ڕایگەیاند داهاتی  حەدی  هەژاریی، واتە ئەو بڕە پارەیەی دانراوە وپێوەرە بۆ ڕادەی هەژاریی،  لە کۆتایی مانگی ئابدا بۆ 22 هەزار و 440 لیرە بەرزبووەتەوە و ڕادەی  برسێتی (خەرجی مانگانەی خۆراك بۆ خێزانێکی چوار کەسی) بۆ 6 هەزار و 890 لیرە هەڵکشاوە.

 لانی کەمی مووچە بووەتە تێکڕای مووچەی ملیۆنان کەس لە تورکیا.  بەپێی راپۆرتێکی مانگی کانوونی دووەمی 2021 ی کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی سەر بە  ئۆپۆزسیۆن، دیسک، 64%ی سەرجەم کرێکارانی تورکیا (12.5 ملیۆن کرێکار) لەسەر لانی کەمی مووچەن یان کەمێک زیاترە، هەروەها لە سەدا 70ی کرێکارانی کەرتی تایبەت مووچەیان تەنیا لانی کەمی مووچەیە.

سەرەڕای ئەوەی سەرەوە 3.4 ملیۆن کرێکار (18٪ی سەرجەم کرێکاران) داهاتیان کەمترە لە لانی کەمی مووچە، زۆرینەی زۆریان پەنابەر و کرێکاری کۆچبەرن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دڕندانە بوونەتەوە.  بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن جەمعییەی مافی بەکاربەرانەوە ئەنجامدراوە، لە 90%ی دانیشتوانی تورکیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ملیۆنان کرێکار تا دێت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دابین بکەن.  لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە تەنها بە هاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵایەتییانە توانیویانە پارەی کارەبایان بدەن بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی وزەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری یۆرۆنیوز، نرخی جوملەی غازی سروشتی لە كۆمپانیای دەوڵەتی توركیا (بۆتاس) بەڕێژەی 1330% بەرزبووەتەوە.  ئەم بەرزبوونەوەیە بەڕێژەی 997% لەسەر  بەشی پیشەسازی و بەکارهێنەرانی، هەروەها بە ڕێژەی 216% بۆ بەکارهێنانی لە لایەن دانیشتوانەوە کارایی خۆی داناوە.

لە 1ی ئەیلولەوە نرخی غاز بەڕێژەی 20.4% و نرخی كارەباش بەڕێژەی 20% لە سەر خێزانەكان بەرزبوونەتەوە.  لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن لەم زستانەدا ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە.  هەروەها جارێکی دیکەش لە کارگە پیشەسازییەکانیشدا غاز بە ڕێژەی 50.8% و کارەبا بە 50% زیادی کردووە،  ئەمەش دەریدەخات کە بەرزبوونەوەی نوێی نرخی وزە نرخی نزیکەی هەموو کاڵاکان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە بەرزدەکاتەوە.

لە بەرزبوونەوەی  هەڵاوسانی دراودا، زیادبوونی مووچە زۆر بە خێرایی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ”  لە مانگی تەموزدا لانی کەمی مووچەیان بە بڕی 1250  لیرە بەرزکردەوە .  ئێمە گوتمان شتێکی باشە بەڵام دواتر هەموو شتێکی دیکە زیادی کردووە “.  کرێکارێکی کانزا لە هاس چەلیک بە ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێلی وتووە.

لەلایەکی دیکەوە، نورەدین نەباتی، وەزیری دارایی و وتەبێژی بۆرصەی بانکی تورکیا، بە شانازیی و خۆهەڵکێشانەوە دەڵێت: “سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، کە بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە 24ی شوبات دەستیپێکرد و بەردەوامە تا ئێستا، کە لە جیهاندا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆی گشتی هەبووە بەڵام تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.”  بەپێی ئامارەکانی دەزگای ڕێکخستن و چاودێری بانکی (BDDK) قازانجی کەرتی بانکی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 169 ملیار لیرە.

لەگەڵ چڕکردنەوەی دژە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە و  هاتنی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ململانێی چینایەتیش چڕتر دەبێتەوە.

شەپۆلی مانگرتنە کێوییەکانی مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی ئابی ڕابردووەوە هێزی خۆی وەرگرتەوە و وزەی پێداوە.  لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ڕادیکالبوونی کرێکاراندا، کرێکارانی TPI Composite و Standart Profil توانییان کۆمپانیاکان و سەندیکاکان ناچار بکەن بە کردەوەی وۆک-ئاوت (جۆرێک لە مانگرتنی بە کۆمەڵە لە وەستان لە کارکردن، بەدەر لە خواستی سەندیکاش]، داواکارییەکانیان قبوڵ بکەن.  هەروەها لە مانگی ئەیلولدا شەپۆلێکی مانگرتن و ناڕەزایەتی نوێ دەستی پێکرد.  یاریدەدەری پزیشکی نەخۆشخانەکانی زانکۆ لە 15 و 16ی ئەیلولدا لە سەرتاسەری وڵات مانیان گرت، دوای ئەوەی کە لە “ڕێسای نوێی  پارەپێدانی زیاتر” بەدەرکران و ئەوانی نەگرتەوە.  لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی مووچەی زیاتر ئەمساڵ پزیشكان و كارمەندانی تری تەندروستی لە توركیا چەندین جار لەسەر ئاستی وڵات مانیان گرتووە.

هاوکاتیش 562 هەزار کرێکاری شارەوانی بە گرێبەستی لاوەکی و وەختیی لە سەرانسەری تورکیا داوای گەرەنتی کردنی کارەکانیان بە گشتی دەکەن، واتە ببنە کرێکاری ئەو شوێنەی کە کاری لێدەکەن نەك لە ڕێگای گرێبەستییەوە.  لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کرێکارانی گرێبەستی لاوەکی شارەوانی (TABIB)، کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست.  ئەوان داوای دڵنیایی کار و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئیجباری و زیادکردنی موچە بەگوێرەی  ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو  و وەرگرتنی پارەی پاداشتی 52 ڕۆژە دەکەن کە بە هەموو کرێکارانی کەرتی گشتی دەدرێت.  تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان کە بە کەمترین مووچە و بێ گەرەنتی کار دەکەن، لە بزوتندان و داوای  مووچەیەکی بنەڕەتی یەکسان بە مووچەی قوتابخانە حکومییەکان دەکەن.  هەروەها مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان دژایەتی ” پیشەی  مامۆستایەتیی/ فێرکردن بە یاسا”، دەکەن کە پابەندیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و ملکەچی “پلیکانەی پیشە/ کار” دەکات.

پارتە بۆرژوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن لەسەر تێچووی ژیان واتە گرانی ژیان، بەقەد ئەو پارتە دەسەڵاتدارە کە کۆنترۆڵی شارەوانییەکان دەکات، دوژمنایەتی چینی کرێکار دەکەن. لەم دواییانەدا یڵماز بویوکەرسن، سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لە شاری ئێسکیشەهیر، ئەو کرێکارانەی کە داوای بەرزکردنەوەی پارەیان کردووە، سەرزەنشت کرد و بە “ئیستفزازیی” ناوی بردوون و هەڕەشەی دەرکردنیان دەکات.

کرێکارانی شارەوانی کادیکۆی کە لە لایەن جەهەپەوە شارەوانییەکە  بەڕێوەدەبرێت  لە ئەستەنبوڵ بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە گرێبەستییەکان کە دوو هەزار و 300 کرێکار تێیدا بەشدارن، مانگرتن دەکەن. .ئەگەر سەندیکای Genel-Is کە لایەنگر و پەیوەندیدارە بە DISK ،  لە کۆتا خولەکدا نەیانفرۆشێت،  ئەوە مانگرتنەکە لە دوو مانگی تردا دەست پێدەکات.

لە ساڵی 2021دا مانگرتنێک لە شارەوانی کادیکۆ بوو لە سازشێکی خراپی نێوان سەندیکا و خاوەنکاردا، سەندیکا مانگرتنەکەی فرۆشت بێ ئەوەی خودی کرێکاران بەوە ڕازی بن.  لە ماوەی ئەو مانگرتنە کورتەدا، شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ کە لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەچوو و ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانییەکە کە لە لایەن پارتە ساختە چەپەکانەوە پشتیوانی لێکرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی کرێکارانی ئیزراب شکێنی کۆکردنەوەی زبڵ و پیسایی، مانگرتنەکە بوەستێنێت.

بە هۆی فشاری سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆوە لەسەر ڕێکخراوی  IBB  43 کرێکار کە بەهۆی “لێکۆڵینەوەی ئەمنی” یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە،  لە ئێستادا لەبەردەم شارەوانیدا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن

لە ڕاگەیاندنێکیاندا سەندیکای جێنەل- ئس  سەبارەت بە دانوستانەکانی گرێبەست لە شارەوانییەکانی قەزای ئیزمیر هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە لە چەند شارەوانییەک مانگرتن هەبێت.  گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر مانگرتن لە ناو 294 کرێکار لە دیکیلی، 1400 کرێکار لە بوجا، 1580 کرێکار لە بۆرنۆڤا و 1250 کرێکار لە بایراکلی بەردەوامە.

لێدوانەکانی سەندیکاکانی دیسک و جێنێل-ئیس جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ خاوەنکارەکاندا بەبێ مانگرتن دەکەنەوە.   جێنەل-ئیس خیانەتی لە دەنگەکانی مانگرتنەکانی ئەم دواییەی کرێکاران  کردووە کە دەنگیان بە مانگرتن دا لە زۆرێک لە شارەوانییەکان کە جەهەپە بەڕێوەی دەبەن؛ لە زۆر شوێندا یارمەتی سەپاندنی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەك لە کرێ دەکەن کە زۆر لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی دراوەوەیە.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە کە کەرتەکانی کرێکاران دەیکەن گەورەن هەمیشە  بەشێکن لە بزووتنەوەی  گەشەسەندوی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران.  لە هەموو شوێنێک کرێکاران ڕووبەڕووی هەمان کێشە و داواکاری بەپەلە دەبنەوە کە لە سەرمایەداری و شەڕەوە سەرهەڵدەدەن.  زیادکردنی مووچەی ئاسایی بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو  بۆ کۆتاییهێنان بە زێدە تێچووی ژیان.  هەروەها  بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، چاودێری تەندروستی تایبەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ  کۆتایی هاتنی جەنگ و خەرجییە سەربازییەکان.

خەبات بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە پێویستی بە یەکخستنی هەموو کرێکاران لە شوێنی کاردا هەیە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و جیهانی، بەبێ گوێدانە سەندیکای سەر بە کۆمپانیا و دەوڵەت.  هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرێکارانی کۆمیتەکانی کریکاران و کارگەران  (IWA-RFC) ئامرازەکانی بەشداریکردن لەم خەباتە نێونەتەوەییەدا بۆ کرێکاران دابین دەکات.

 داوا لە هەموو کرێکارانی تێکۆشەر دەکەین پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ دروست کردنی ئەو جۆرە لیژنانە لە شوێنی کارەکانیان.

…………………

*ئەمە نوسینێکی گرنگە دەربارەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی تورکیا کە لە ڕاستیدا ئەم زانیارانە زۆر گرنگ و دەگمەنن کە ئێمەی خوێنەری کورد لێی بێ ئاگاین .

……………..

لینکە ئینگلیزییەکەی نوسینەکەی نوسەر

https://www.wsws.org/en/articles/2022/09/20/stri-s20.html