ئەزموونی شکستخواردوی بزوتنەوەکانی دیکە لە باکوری کوردستاندا پشتگوێ دەخرێت

زاهیر باهیر

مێژوی ٧٠ساڵەی بزوتنەوە چەکدارییەکان هەر لە بزوتنەوەکانی ڤێتنام و کەمبۆدیا و لاوس و فەلەستینییەکان و فارس-ی کۆڵۆمبیا و پڵنەکانی سریلانکە و تا دەگاتە بزوتنەوە کوردییەکانی خۆمان ئەگەر کارەساتیان بەسەر میللەتەکانیانا نەهێنابێت ئەوە ئیدارەیەکی لەوەی پێشتر کە هەوڵیان بۆ گۆڕانیان داوە، بەدەست نەهێناوە.

سەراپای ئەم بزتنەوانە دوو جەمسەری دژ بە یەك، هاوکاتیش هاوکار و کۆمەكکار بەیەک بوون. چالاکی بزوتنەوە چەکدارییەکان کە بە خەبات و تێکۆشان ناسراوە، حکومەتە یەك بەدوا یەکەکانی لە وڵاتەکانی خۆیاندا بەهێز و بەهێزتر کردووە.  هەرچیش حکومەتە ڕەفتار فاشییەکانیش بوون بە ڕۆڵی خۆیان لە سەرکوتکردن و وێرانکردنی ناوچە چەکدارییەکان کەمیان نەکردووە و بیانویەکی ئاوایان دراوەتە دەست کە تەواکەری بەجێگەیاندنی پلان و پیلانەکانیان بوون.

سەرەڕای ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەم پێزانین و لەیەكچوونەی بزوتنەوەکان کەچی هیچ وەخت تاکە یەکێکیان وانەیان لەوانی دیکەیان وەرنەگرتووە و بەردەوامبوون لە دووبارە و دەبارە کردنەوەی هەمان نشوست لە کاتی جیاوازدا یاخود هەمان کاتدا بەڵام لە شوێنی جیاوازدا.

بۆچی وانەکان بە هەند وەرنەگیراون؟

هۆکاری وەرنەگرتنی وانەکان زۆرن من هەر لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم.

+ پاشکۆیی و عەمالەتی بزوتنەوەکان بۆ دەوڵەتێکی دراوسێ یاخود دەزگەیەکی سیخووڕی زلهێزەکان.

+ کورتبینی و نەبوونی ئاوەز و دەركنەکردن بە لایەنە نەرێنی و ئەرێینەکانی بزوتنەوەکە و ڕەنگدانەوەی چالاکییەکانیا لەسەر میللەتەکانیان.

+ پاشکۆیی تاك و پابەندبوونی بە ڕابەر و سەرکردە و نەبوونی متمانە بەخۆ، تا ئەو ڕادەیەی کە لەڕووداوەکاندا عەقڵی خۆی بەکارنەهێنێت و چاوەڕوانی دەمی سەرکردە و ڕابەرەکانیان بکەن.

+ بە پیشەبوونی چەکدارێتی و دەست و پێ سپێتی سەرکردەکانی بزوتنەوەکان کە نزیکەی هەموو ژیانی کامڵێتی خۆیان لەوێدا سەرف کردووە و بووەنەتە شەڕکەر و بڕیاردەری سەرەکی.  لە خامۆشبوونی بزوتنەوەکەدا ئەوان دەبنە سەربازێکی ون و هیچیان پێناکرێت و ناویان نابرێت.  بەردەوامبوونی بزوتنەوەکە دەسەڵاتێکی مەعنەوی و سیاسی و فیزیکییان دەداتێ بە حوکمی بوونی هەیکەلی حیزب و بزوتنەوەکە کە دامەزراوەیەکی قوچکەییە.

+ بوونی جۆرێك لە سەرکردە و رابەر کە هیچ ئیدراکێکی تریان نییە سەبارەت  بە گەیشتن بە ئامانجەکانیان جگە لەبەردەوامیدان بە شەڕەکە.  هاوکاتیش بوونی هەندێك سەرکردە و ڕابەر کە بە هۆشیاری و ناهۆشیارییانەوە لە خزمەتی حکومەتەکاندان بە گرتنەبەری پلان و کردنی جۆرێك لە سیاسەتی خۆکوژیی کە پەرچە کردارەکەی ئەوەندە گەورەیە وەکو کیمیابارانەکەی هەڵەبجە یاخود ئەوەی کە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا لە لایەن بەشێكی پەکەکەوە [ وەکە زانراوە خۆشیان نکوڵییان لێنەکردووە] دژ بە سێ بەشی کوردستان: باکور، باشوور، ڕۆژئاوا .

بەداخەوە هەموو ئەو ڕوداوانە و کارەساتەکانی کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەری خەڵکە هەژار و چەوساوەکانی میللەتەکانیان شکاوەتەوە دەشکێتەوە، هەر ئاواش ژینگە و گیانلەبەران و زیندەوەرانن کە قوربانییەکانی ئەم سیاسەتە ڕەشانەیە.     

شۆڕشی سۆشیالیستیی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سەرتاپاگیرییە

زاهیر باهیر

٠٥/١٠/٢٠٢٣

حیزب هەرگیز ناتوانێت و نەیتوانیوە شۆڕش بکات.  ئەو کودەتای سیاسی کردووە، پێش ئەوەشی لە دەسەڵاتی بکات لە جەماوەری کردووە.  حیزب دەسەڵاتی سیاسی گرتۆتە دەست بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، کولتوریی، فەرهەنگی و ڕۆشنبیری وەك خۆی بەجێهێشتووە. حیزب ناتونێت و نەیتوانیوە گۆڕانکاری لەو لایەنانەدا بکات هەر وەکو لە سەرەوە کردویەتی بەگرتنە دەستی دەسەڵات.

حیزب کە لە سەرەوە دەیەوێت کۆمەڵ بگۆڕێت، بە کۆمەڵێك ئامانجی بریقەدار خەڵکانێكی زۆر دەگرێتە خۆی، ئەو چاوەڕوانی ئەوە دەکات وردە وردە کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگە دانێت، بەڵام گرفتەکان و کەلێنە گەورەکانی نێو کۆمەڵ نەك بە حیزبی دەسەڵاتدار ، هەر حیزبێکە، چارەسەر ناکرێن بەڵکو گەورەتر دەبن چونکە حیزب خودی خۆی هەیکەلێك، دامەزراوەیەکی قوچکەییە ئیتر لۆژکی تێدا نییە کە باوەڕ بکەین تاکو بتوانێت چارەسەری ناکۆکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بکات.

هەرچیش بنەماکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە لە گروپ و ڕێکخراوی جەماوەریی کە ئاسۆیین کۆدەبنەوە و هەموو کون و قوژبن و کەلێنەکانی نێو کۆمەڵ پڕدەکەنەوە.  ئەو گروپانەش کە لە هەزاران گروپ زیاترن هەر لە ژینگە و سڕینەوەی قەرزی نەتەوە هەژارەکان ، بێ کاران ، ئەوانەی دەناڵێنن بە نەخۆشییە کوشندەکانەوە، خانووبەرە، باخچەو پارکەکان، گەڕانەوەی شەقامەکان بۆ خودی خەڵکی، کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەتی، داخوازی خواردن ، چارەسەر و تەندروستی باش، بەگریی لە پەنابەران و کۆچبەران، دژی جەنگ……تا دەگاتە سەدان گروپی دیکە . 

هەر بەم شێوەیە کەموكوڕییەك نییە و نامێنێت کە گروپێکی بۆ دروست نەبوبێت، بە مانایەکی دیکە خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا لە بنی کۆمەڵەوە خۆی ڕێكخستووە، خەباتی خۆی ڕاگەیاندووە تەنها خۆڕێکخستنی لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی ‘ نیشتمان’ ماوە.  بەشداریکردنی گروپەکان لە تۆڕە گەورەکەدا دەبێتە زەروورەی خەباتی هاوبەشیان دژ بە هەبوونی دووژمنی هاوبەشێان کە سیستەمەکەیە. ئەمەش لەگەڵ بارودۆخی نالەباری خراپتر کە چی تر قەبوڵ ناکرێت زەمینەی ئەو شۆڕشە دەسازێنن.  

٧٢ کاتژمێر مانگرتنی دکتۆر و پزیشكانی پسپۆڕ لە ئینگلەنددا

لە ئەمڕۆوە، دووشەمە، دکتۆر و پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتژمێری ٧ی بەیانییەوە بۆ ٧٢ سەعات لە مانگرتندا دەبن .  مانگرتنی ئەمان بۆ زیادکردنی موچەکەیانە ئەمە دووەم جاریانە کە ماندەگرن .  جاری پێشوو دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە بۆ ٢٤ سەعات مانیان گرت.  یەك لەسەرێی دکتۆر و پزیشکە پسپۆڕەکان ئەندامی نقابە نین ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانیش مانیان گرتووە.

هاوکاتیش نقابەی ئەسلیف کە نقابەی سایەقی قیتارەکانی میترۆن لە گەڵ کرێکاران هێڵی ئاسنینی شەمەنەفەرەکانی سەرزەوی لە هەینی ڕابوردووەوە تا ئەم هەینییە ناو بەناو لە مانگرتندان .  مانگرتینیی ئەمان کاراییەکی زۆریشی لەسەر کۆنفرانسی حیزبی حاکم، حیزبی موحافیزین، داناوە کە لە دوێنێوە ، ڕۆژی یەکشەمە، لە کۆنفرانسی ساڵانەیاندان.

مایک ویلان، سکرتێری گشتیی ئەسلیف دووپاتی کردەوە کە نقابەکەیان بە ئەنقەست کاتی مانگرتنەکانیان داناوە بۆ بە ئامانجگرتنی کۆنفرانسی پارتی پارێزگاران وتی: “ئەوە بۆ ماوەی نیو دەیە دێت بەبێ ئەوەی شۆفێران مووچەیان بەرزبکرێتەوە ئێمە ئەو کەسانە دەکەینە ئامانج کە بەردەوام خەڵک بەلاڕێدا دەبەن، هەر ئاواش ئێمە ڕووداوەکانی دیکە دەکەینە ئامانج.”

لە هەر شوێنێك دەسەڵات لاواز بێت ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرقەرارە

زاهیر باهیر

٣٠/٠٩/٢٠٢٣

دەسەڵات لە هەر شوێنێك و بە هەر ناوێکەوە بێت سەرچاوەی بوون و زیادکردنی ناکۆکی چینایەتییە، بەهێزبوونی پلەبەندیی نێو کۆمەڵە، ترس و پاداشتە، نادادوەری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و نەبوونی ئازادییە.

لەو شوێنانەی کە دەسەڵات و دەوڵەت بەهێزن یاسا سەروەرە، بەڵام کام یاسا و بۆ کێ و بەسەر کێدا؟

لەم بوارەدا نموونەی زۆر هەیە. یەكێك لەوانە حوکمڕانانی کوردستانە واتە دەسەڵاتی هەرێم کە لێرە خودی خەڵکەکە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دەپارێزێت نەك دەزگەکانی دەوڵەت  بەهۆی ئارەزوی خەڵك لەسەر ئاسایش، هەر ئەوەشە کە خۆشبەختانە هیچ ڕووداوێكی گەورە لە شارەکانی کوردستان ڕووی نەداوە. بۆ نموونە لە سلێمانی لەبەر بەلەدییەکەدا، یا شەقامی مەولەوی یاخود شوێنە قەرەباڵغەکانی دیکە کە هەزاران کەس چوون بەیەکدا.  گەر دەمەقاڵەو دەستوەشاندن ڕووبدات بەجارێ دەکەس دەکەوێتە نێوانیان و کۆتایی بە دەمەقاڵەکە دەهێین و ئاشتیان دەکەنەوە.

لە ڕووداوە دەگمەنەکاند کە بووەتە هۆی کوژران یاخود برینداربوونی کەسەکە ئەوانە هەموی خەڵکانی دەسەڵاتدار یا منداڵەکانیان بوون، نەك ڕەشە خەڵکەکە.

دەوڵەت و دەسەڵات دژ بە ئاسایشی کۆمەڵایەتین ، چونکە ئەگەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەبێت پۆلیس و دەزگە سوخوڕییەکان و میلتەری و دادگەو کەفالەت و تد ڕۆڵیان نامێنێت. ئەم دەزگانە  دروستکراون بۆ مامەڵەکردنی عاقیبەی  بەڕێکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت، دەسەڵات، بۆ پاراستنی دەوڵەت و بزنس کۆمپانیا گەورەکان کە هەموویان بەشێکن لە سیتەمەکە.

تۆ تەماشا بکە نەبوونیی و هەژاریی، بێ کاریی، بەشی زۆری مردن، نانەوەی شەڕ، کێشەی خانووبەرە، خەستەخانە و قوتابخانەکان، دانانی یاسا و ڕێسا ، پیسکردنی ژینگە ، ڕوودانی سەراپای کارەساتە سروشتییەکان، خراپی ڕێگا و بان وەرگەڕان و بەیەکددانی سەیارەکان و مردنی خەڵك…. زۆری تر.  هەموو ئەمانە دەوڵەت ، دەسەڵات، دەستیان تێیاندا هەیەو بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێیان بەرپرسیارن.

کەم ڕۆژ هەیە کە ژنێك ، منداڵێک ، گەنجێك لە بریتانیا نەکوژرێت. ئەمەریکاش هەر وەکو بەرەی جەنگە جگە لە کۆژرانی خەڵك هێڕش بۆ سەر قوتابخانە و خەستەخانە و سوپەرمارکێت و سێنتەری گەنجان بەردەوامە .  ئەمە لە کاتێکدا کە دەوڵەت زۆر زۆر بەهێزە و یاساش تا ڕادەی کوشتن و خنکاندنی ” تاوانباران” بەژەهر سەروەرە و دەسەڵاتدارە.

چالاکوانان ناڕەزایەتی لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆزبانک لە بەردەم ئۆفیسەکانی پارتی کرێکاران، پارتی موعارەزە، ئەنجام دەدەن

30/09/2023

چالاکوانانی گەنج، بەرگری لە کەشوهەوا دوێنێ، ڕۆژی هەینی، لە دەرەوەی ئۆفیسەکانی هەر ئەندامێکی کابینەی سێبەری پارتی کرێکاران خۆپیشاندانی دانیشتنیان ئەنجامدا و داوایان لە پارتەکە کرد هێڵێکی توندتر لەسەر کێڵگەی نەوتی نوێی پێشنیارکراوی ڕۆزبانک بگرێتەبەر و پشتگیری لە ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیر بکات.

ئەم هەفتەیە گەورەترین کێڵگەی نەوتی بەریتانیا کە سوودی لێ وەرنەگیراوە، سەرەڕای دژایەتییەکی بەرفراوانی زانایان و هەڵمەتی هەژاری و پسپۆڕانی کەشوهەوا و وزە، مۆڵەتی پێشکەوتنی پێدرا.

پارتی کرێکاران دژی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانە لە دەریای باکوورە لە بریتانیا، کە توانای بەرهەمهێنانی 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، کە سووتاندنی ئەو نەوتە هێندەی بەڕێوەبردنی 56 وێستگەی خەڵوز بۆ ماوەی ساڵێک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات.  بەڵام کیری ستارمەر [سەرۆکی پارتی کرێکاران کە لە چاوەڕوانی گرتنە دەسەڵاتدان ] لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پارتەکە بڕیاری پێدانی مۆڵەتەکەی پێچەوانە ناکاتەوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.  ستارمەر وتی: “ئێمە ئەو هێڵە بنەڕەتییە قبوڵ دەکەین کە لە حکومەتەوە بە میرات بۆمان دەمێنێتەوە ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنین … بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ئەو سەقامگیرییەمان هەیە کە زۆر پێویستمانە لە ئابووریی خۆماندا.”

جۆ هێسمۆندالگ تەمەن 24 ساڵ، کرێکاری کێڵگە و خۆبەخشە لە Green New Deal Rising   کە یەکێکە لە ناڕەزاییکەران وتی پارتی کرێکاران دەبێت لەوە زیاتر بڕوات.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “پەسەندکردنی ئەم حکومەتە بۆ کێڵگەی نەوت و غازی ڕۆزبانک گەنجانی وەک من مەحکوم دەکات بۆ داهاتوویەکی نەژیاو. ئەگەر پارتی کرێکاران بەڕاستی بیەوێت نوێنەرایەتی ئێمە بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت دژی توندڕەوی کەشوهەوای ڕیشی سوناک بوەستن و پابەندبن بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ڕۆزبانک و گەیاندنی ڕێککەوتنێکی نوێی سەوزی گۆڕانکاریگەرانە ئەگەر دەسەڵات بەدەستبهێنن”.

گروپی کەشوهەوای گەنجان لە چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ ناڕەزایەتی دانیشتنیان لە دەرەوەی نووسینگەی پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران ئەنجامداوە و پەیمانیان داوە بەردەوام بن لە فشارخستنە سەر پارتەکە.

هەژدە چالاکوانی کەشوهەوا لە ئەمەریکا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی ئۆفیسی کیڤن مەکارسی دەستگیرکران

٢٩/٠٩/٢٠٢٣

ئەندامانی بزووتنەوەی خۆرهەڵاتن( Sunrise Movment ) ڕەتیانکردەوە دەرگای نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بکەن تا ئەو کاتەی ئەو، داخوازییەکانیان قەبوڵ دەکات.

دەیان چالاکوانی گەنج سەر بە بزووتنەوەی خۆرهەڵاتن کە ڕێکخراوێکی کەشوهەوایە و تا ئێستا زۆرینەیان گەنجن، دوێنێ بەیانی ، پێنج شەمە، دایان بەسەر ئۆفیسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، کیڤن مەکارسی و دایانخست. پۆلیسی کاپیتوڵ ١٨ی لەو گەنجانەی دەستگیرکرد کە دەرگای ئۆفیسەکەیان گرتبوو و ڕەتیانکردەوە چۆڵی بکەن تاوەکو مەکارسی بەڵێنیدا پشتگیری لە بودجە بکات بۆ ئەوەی حکومەت بە کراوەیی بمێنێتەوە، لەنێویاندا بۆ دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزاری فیدراڵی (فیما)  ( Federal Emergency Management Agency (Fema). )

ئادا کراندال، ڕێکخەری بزووتنەوەی خۆرهەڵاتن تەمەن ١٨ ساڵ لە بەیاننامەیەکی ئیمەیڵدا وتی: “ئەمڕۆ دەریخست کە پارتی کۆمارییەکان جگە لە کۆمەڵێک ترسنۆک هیچی تر نین“. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئێمە ببنەوە، کۆمەڵێک گەنجیان هەڵبژاردو گرتنیان ئەوان پێیان باشترە حکومەت دابخەن نەک کاری خۆیان بکەن و نەوەی ئێمە بپارێزن.  چالاکوانەکان کە لە سەرانسەری وڵاتەوە گەشتیان کرد بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکەدا، تابلۆیەکیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو: ” چالاکی کەشوهەوا نەک ڕێگریی لێیان و داخستنی”،

هاوکاتیش ئەمریکا دوو مانگی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی وەرزی زریانەکانی ئەتڵەسی لەم ساڵدا، ٢٠٢٣، کە پێشبینیکەرانی کەشی هەوا پێشبینیان کردووە کە بەهێز و توند دەبێت. ئەو بارودۆخەش دەتوانێت ڕێکخراوی ‘فیما’ ناچار بکات بە ستافی بێ مووچەی واشنتۆن تاکو وەڵامی زریانەکانی داهاتوو بدەنەوە.

 ستیڤ ڕیڤز، سەرۆکی سەندیکای AFGE Local 4060 کە نوێنەرایەتی کارمەندانی ‘فێما’ی دەکات، بە واشنتۆن پۆستی وتووە: “ئەگەر هەموو شتێک لە کارەساتێکدا بە تەواوی بەڕێبخرێت، خەڵک هێشتا ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن، لەو حاڵەتەشدا ئێمە هێشتا ناتوانین ماڵەکانیان بپارێزین و لەدەستی نەدەن“. ئێوە ئەوە ئاڵۆز دەکەن بە نەبوونی بودجە، یان پەیوەندییەکی خراپ، یان دواکەوتنی سیستەمەکە لە هەر شوێنێک، کەچی  باسی ژیانی زیاتر دەکەن.”

هەروەها بزووتنەوەی خۆرهەڵاتن داوای نەبڕینی ئەو پارەیە دەکات لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان – ئەمەش داخوازییەکە کە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن نیگەرانن لێی. هەروەها داوای  گەڕاندنەوەی بیمەی منداڵان دەکەن.

 شیڤا ڕاجبهانداری، تەمەن ١٩ ساڵ، ڕێکخەری ڕیکخراوەکە  و لەسەر قوتابخانەی بۆیس لە ویلایەتی ئایداهۆ دادەنیشێت، دەڵێت: “مەکارسی و کۆمارییەکان دەتوانن یان کارەکانیان ئەنجام بدەن، یان کار لەسەر قەیرانی کەشوهەوا بکەن و پارەی قوتابخانەکانمان بدەن، یان دەتوانن مەترسی لەسەر ئابووریمان بکەن کە بە نەکردنی چەند توندڕەوێک ئارام بکەنەوە”.  لە بەیاننامەیەکی ئیمەیڵدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، “نەوەی ئێمە چاودێری دەکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین لەسەر کارەکانیان”.

دوونیای سیاسەت ئاوایە گوڵم

زاهیر باهیر

٢٧/٠٩/٢٠٢٣

بایدن  سەر لە کرێکارانی مانگرتوو دەدات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی بە سەرۆك و  بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و سێ کارگە گەورەکەی دروستکردنی سەیارە لە ئەمەریکا بڵێت کە ئەمان مافی خۆیانە کە بەرگری بکەن.  بایدن پێیاندەڵێت  ‘ئێوە شایەنی بەرزکردنەوەی بەرچاون’ واتە تەرفیع پێکردنیان.

جۆ بایدن بووە یەکەم سەرۆکی دانیشتووی ئەمریکا کە ڕۆژی سێشەممە لە ڕیزی کرێکارانی مانگرتوودا دەرکەوت. ئەو بەشداری کرد لە ناڕەزایەتییەک لە دەرەوەی کارگەیەکی ئۆتۆمبێل لە ویلایەتی میشیگان وەک هاودەنگی لەگەڵ ئەندامانی مانگرتووی سەندیکای کرێکارانی ئۆتۆمبێلی یەکگرتوو (UAW) کە لە ناکۆکییەکی پەرەسەندوودا لەگەڵ سێ  بەڕێوەبەرەکەی کارگەو کۆمپانیاکانی سەیارە لە ئەمریکادا قفڵ بووە.

سەرۆکی نقابەی کرێکارانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل. سەرۆکی UAW، شۆن فەین، یەکەم کەس بوو کە سڵاوی لە بایدن کرد دوای ئەوەی بە فڕۆکەی ئایر فۆرس یەک گەیشتە میشیگان.  شۆن فەین لەگەڵیدا سواری لیمۆزینیەکەی سەرۆك بوو  بەرەو ڕیزەکانی کرێکارە مانگرتووەکان.

“ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە ئێوە کوڕانی – UAW – پیشەسازی ئۆتۆمبێلتان ڕزگار کرد لە ساڵی ٢٠٠٨ و پێشتریش قوربانییەکی زۆرتان دا، دەستبەرداری زۆر شت بوون ، ئەو کاتە  کۆمپانیاکان تووشی کێشە بوون ئێستا بە شێوەیەک کە باوەڕکردن پێی زەحمەتە بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن، دەبێت  پێشبینی چی بکەن؟ ” بایدن کە قسەی بۆ جەماوەرە چەپڵە لێدەرەکە دەکرد ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێوە شایەنی بەرزکردنەوەی بەرچاو و سوودی دیکەن ، با ئەوەی لەدەستمان دا بیگەڕێنینەوە” ……. “ئەمڕۆ دوژمن بە چەند کیلۆمەترێک لە کۆمپانیایەکی بیانی دوور نییە.، ئەوە ڕاستیە لێرە لە ناوچەی خۆمانە – ئەوە تەماحی کۆمپانیاکانە”.

فەین-یش بۆی زیاد کرد و وتی: “ ئەو چەکە کە ئێمە بەرهەمی دەهێنین بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن، ڕزگارکەرن، ڕزگارکەرانی ڕاستەقینە – ئەوە خەڵکی چینی کرێکارە.”

بایدن پشتیوانی خۆی بۆ مانگرتنی کرێکارانی فۆرد و جەنەراڵ مۆتۆرز و ستێلانتیس دەربڕی کە ڕۆژی سێشەممە  پێی نایە دوازدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیانەوە کە لە ١٥ی ئەیلولەوە دەستیپێکرد و ڕایگەیاند کە وەزیری کارەکەی، جولی سو و جین سپێرلینگ، دەنێرێت وەکو  ڕاوێژکارێك تاکو یارمەتی سەندیکاکە بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکەکانی کۆمپانیا.

من کۆمێنتێم نییە جگە لەوەی کە سیاسییەکان و نقابە زەردەکان باشترین خزمەتکاری سیستەمەکەن .

بە گوێرەی توێژینەوەیەک قەیرانی تێچووی ژیان لە بەریتانیا دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختەی هەزاران کەس

26/09/2023

توێژینەوەیەک لە گۆڤاری BMJ Public Health دەریدەخات ئەمساڵ مردنی پێشوەختە بە ڕێژەی 6.5% زیاد دەکات. توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە قەیرانی تێچووی ژیان پێدەچێت ببێتە هۆی مردنی پێشوەختەی هەزاران کەس لە بەریتانیا و جیاوازییەکی بەرچاوی سامان و کەلێنی تەندروستی نێوان دەوڵەمەندترین و هەژارترینەکان فراوانتر بکا.

 لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا و کۆڤید و برێگزیت، دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و سیاسەتی ئابووری بە ملیۆنان بەریتانی بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوی ژیانەوە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە نەبینراوە، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.،  ماڵە هەژارەکان قورساییەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، چونکە بەشێکی زیاتر لە داهاتەکانیان بۆ وزە خەرج دەکەن، کە تێچووی وزە بەرزبووەتەوە. توێژینەوەیەکی نوێی تر پێشنیاری ئەوە دەکات کە مردنی پێشوەختە – ئەو کەسانەی کە دەمرن پێش ئەوەی بگەنە 75 ساڵ – ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی تێچووی ژیانەوە بە ڕێژەی 6.5% بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ30مردنی زیادە لە هەر 100 هەزار کەس . ئەم دۆزینەوانە لە گۆڤاری BMJ Public Health بڵاوکراونەتەوە.

زیادبوونی پێشبینیکراوی مردنی پێشوەختە – لە ئاستی بنەڕەتی 463 لە هەر 100,000 کەسەوە بۆ 493 لە هەر 100,000 – یەکسانە بە هەزاران مردنی زیادە لە ساڵێکدا لە بەریتانیا.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەبێ هیچ کەمکردنەوەیەک، هەڵاوسانی پارە دەبێتە هۆی زیادبوونی مردنی پێشوەختە بە ڕێژەی 5% لە کەمترین ناوچە بێبەشەکان و بە ڕێژەی 23% لە زۆرترین ناوچە بێبەشەکان.  سیناریۆی EPG ئەمانە بۆ نێوان 3% بۆ 16% دادەبەزێنێت و زیادکردنی پشتگیری تێچووی ژیان ئەمانە بۆ نێوان 2% بۆ 8% کەمدەکاتەوە.

لە کۆتاییدا: “کاریگەرییەکانی مردن بەهۆی تێچوی ژیان و کەمکردنەوەی داهات لە ڕووی ڕاستەقینەوە ئەگەری زۆرە گەورە و نەرێنی بن، لەگەڵ نایەکسانییەکی بەرچاو لە چۆنیەتی ئەزموونکردنی ئەمانە، وەڵامەکانی سیاسەتی گشتی جێبەجێکراو بەس نین بۆ پاراستنی تەندروستی و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی نایەکسانی”.

نقابەی یەکێتی کرێکارانی ئوتومبیل لە ئەمەریکا لە مانگرتندان 

23/09/2023

UAW  ، کرێکارانی نقانەی یەکگرتوی کرێکاران لە 15ی ئەیلول دەستی بە مانگرتن کرد.  هەینی ڕابردوو سێ کارگە کە نزیکەی ١٣ هەزار کرێکاریان تێدابوو، کارگەیەکی ستێلانتیس لە شاری تۆلیدۆی ویلایەتی ئۆهایۆ و کارگەیەکی فۆرد لە شاری واین لە ویلایەتی میشیگان و کارگەیەکی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز لە ویلایەتی وێنتزڤیل لە ویلایەتی میزۆری، دەستیان لە کارکردن کێشایەوە.

کرێکارانی ئۆتۆمبێل داوای زیادکردنی مووچەی بەرچاو و گەڕانەوەی ئەو یارمەتییانەیان کردووە کە لە کاتی پاشەکشەی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨دا لێیان سەندراوەتەوە، بەڵام هەرگیز ئەوانە نەگەڕێندرانەوە کاتێک کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل گەڕانەوە بۆ قازانجکردن.

نقابەی کرێکارانی ئوتومبیل  ڕەخنەی لەو قازانجە چەند ملیار دۆلارییە گرتووە کە سێ کۆمپانیا گەورەکەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە دەیەی ڕابردوودا ڕاپۆرتیان کردووە، لەوانە مووچەی زۆری کارگێڕان و ملیارەها دۆلار کە لە ڕێگەی کڕینی پشک و پاداشتەوە ڕەوانەی وۆڵ ستریت کراون.

ئەم مانگرتنە مێژووییەی کرێکارانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا ڕۆژی هەینی پەرەی سەند، کاتێک سەرۆکی یەکگرتووی کرێکارانی ئۆتۆمبێل، شۆن فەین، داوای لە ٣٨ کارگەی دیکە لە سەرانسەری ٢٠ ویلایەت کرد بەشداری مانگرتنەکە بکەن. 

  ئەم مانگرتنە یەکەم مانگرتنە کە لە یەک کاتدا هەر سێ گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی ئەمریکا بگرێتەوە و تادێت سیاسی دەبێت.. فەین  سەرۆکی نقابەکە ڕۆژی هەینی بانگهێشتی جۆ بایدنی کرد بۆ هاتنی بۆ هێڵەکانی مانگرتن ،  بایدن ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بڕیارە سەردانیان بکات.

شۆن فەین ئاماژەی بەوەشکردووە، “بانگهێشت دەکەین و هانی هەموو ئەو کەسانە دەدەین کە پشتگیری لە کەیسەکەمان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵمان بن لە هێڵی خۆپیشانداندا، لە هاوڕێ و خێزانەکانمانەوە تا دەگاتە سەرۆکی ئەمریکا. بانگهێشتتان دەکەین کە لەگەڵمان بن لە شەڕەکەماندا” .  فەین وتیشی کە هەندێک پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە دانوستانەکاندا لەگەڵ فۆرددا هەبووە، لەوانە نەهێشتنی پلەیەکی کەمی مووچە، ئاسایشی کارێکی زیادە، گۆڕینی کار بۆ هەموو کرێکارانی کاتی، گەڕاندنەوەی دەستکاریکردنی تێچووی ژیان کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا نەهێڵدرا، و مافی مانگرتن بەهۆی داخستنی کارگەکان.   فەین لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا وتی: “کۆمپانیاکان دەزانن چۆن ئەمە ڕاست بکەنەوە.” “ستیلانتیس و کۆمپانیای جی ئێم بە تایبەتی پێویستیان بە هەندێک پاڵنانی جددی دەبێت.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “جیهان چاودێری دەکات، خەڵکەکەش لایەنگری ئێمەن. ئێمە بینیومانە ڕاپرسیی لە دوای ڕاپرسی دەرچوون و دەڵێن گەلی ئەمریکا پشتگیری لەو کارە دەکەن کە ئێمە دەیکەین”.

ئایندەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەرەوکوێ؟

زاهیر باهیر

١٨/٠٩/٢٠٢٣

پێشبینیکردنی کۆتایی جەنگەکە کارێکی ئاسان نییە چونکە هۆکار و بەرئەنجامەکەی یاخود ڕوودانی کارەساتێکی سروشتیی….هەر کام لەمانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.

پش ١٩ مانگ تێپەڕین بەسەر دەستپێکردنیدا هێشتا جەنگەکە بەردەوامەو ڕوسیا لە پێگەی بەهێزی ئابووری و سەربازی خۆیدایە.  کەمکردنەوەی دەرهێنانی نەوتی خۆی و داخوازی زیاتری نەوت لەلایەن چینەوە،  لە ئێستادا کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕی وزە بەتایبەتی و ئابووری ئەوروپا بەگشتی داناوە و دادەنێت .  هەنووکە نرخی بەرمیڵێك نەوت لە بازاڕدا ٩٤ دۆلارە و واپێشبینیش دەکریت کە بەم زووانە بۆ ١٠٠ دۆلار سەربکەوێتت.

لەمانەش گرنگتر درزکەوتنە نێو ئەندامانی ناتۆ و هەڵوێستی ئەمەریکا و کەنەدە وڵاتانی دیکە، سەرانی ئۆکرانیای بێ ئومێد کردووە.  ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بوو کە سارکۆزی کۆنە سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند:  ئەوروپا ڕوسیای پێویستە.  هەروەها وتیشێ  “دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستان” “تاکە ڕێگان” بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، دەبێت ئۆکرانیا سازش لەسەر ئەو زەویانەی کە داگیرکراون لەتەك ڕوسیادا بکات.

 هاوکاتیش لە کۆبونەوەی گروپی ٢٠ لە هیندستان ، ڕاگەیاندنێكی هاوبەش ڕاگەیەنرا بەهیچ شێوەیەك نەتوانرا نەك هەر سەرەکۆنەی ڕوسیا سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکرێت، بەڵکو  بە ڕاستەوخۆش نەتوانرا باسی شەڕەکە بکرێت.  ڕوسەکان و دۆستەکانیان ئەمەیان بە سەرکەوتن دانا.  لەڕاستیشدا شلۆقی و لاوازی هەڵوێستی بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای تۆمار کرد لە بەرانبەر بەرەی لایەنگری ڕوسیا یاخود بێ لایەنیی هەندێك دەوڵەت ، کە خودی ئەو بێلایەنییە بە لایەنگیریی ڕوسیا هەژمار دەکرێت.

لەمانەش زیاتر کاتێك کە دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین-یان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش سەفەر و هەڵسوڕانی پوتین-ی تەسك کردۆتەوە،  کەچی هەر لەو کاتەدا ‘لۆلە’ سەرۆکی بەرازیل وەکو تەحەدایەك لە بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە پوتین دەتوانێت بەشدای دانیشتنی لوتکەی گروپی ٢٠ لە ساڵی ئایندەدا کە بڕیارە لە بەرازیل بگیرێت بکات بێ ئەوەی ترسی گرتنی ببێت.  ئەمەش گرفتێکتی گەورە بۆ بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات . ئەو کاتە یا دەبێت ئەوان بەشداری بکەن، بەشداری کردنیشیان یانی ئەو پەڕی سازش لەتەك پوتین-دا و دابەزینی شکۆ و کەسایەتی و ڕەواجنەبوونی بڕیارەکانیانە.  ئەگەر بەشداریش نەکەن یا ئەوەتا کۆبوونەوەکە یا ناکرێت یا بە نیوەناچڵ دەکرێت بەهایەکی نابێت و بڕیارەکانی بێ بەجێهێنان و سەپاندن دەمێنێتەوە.  حاڵەتی سێیەم گواستنەوەی کۆبوونەوەکەیە بۆ وڵاتێکی دیکە کە پوتین نەتوانێت بەشداری بکات لەو بارەشدا بەرەی دووەم واتە لاینگرانی ڕوسیا ڕەنگە بەشێکیان بەشداری نەکەن.

لە  لایەکی دیکەوە دەم و قسەی ئەمەریکییەکان سەبارەت بە بڕیارە پێشینەکانیان وەکو جاران نەماوە و تا ڕادەیەك خاو بوونەتەوە گەرچی تا ئێستا ٤٣ ملیار دۆلاریان هاوکاری سەربازی کردووە بێ لە ملیارەهای دییکە وەکو هاوکاری مرۆیی.

ڕەنگە سوورنەبوونی ئیدارەی ئەمەریکی لە هاوکاری ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی خودی ئەمەریکییەکان بێت کە چی تر نایانەوێت هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئەوە نیشان دەدات لە سەدا ٥٥ ئەمەریکییەکان دژ بە هاوکاری ئۆکرانیان و لە سەدا ٥١ پێیان وایە کە ئەمریکا زۆری کردووە ، تەنها لە سەدا٤٨ دەڵێن دەبێت ئەمریکا زیاتر هاوکای ئۆکرانیا بکات.

لەمانەش مەترسیدار بۆ ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا هاتنەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ سەر حوکم لە ساڵی ئایندەدا، کە بڕیاری داوە بە هاتنەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەڕەکە دەوەستێنێت. هەرچی سەرەك وەزیرانی بریتانیە ، ڕیشی سوناك، لە ئێستادا بێ دەنگە.

ئەنجامگیریی

پاش ئەوەی کە پێشبینییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پوتین و دەسەڵاتەکەی نەهاتە دی وەکو ڕاپەڕینی ڕوسییەکان  چۆن لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەکاندا لە سەردەمی ” بەهاری عەرەنی”دا ڕووی دا هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپای ڕوسی بۆ ناو قوڵایی ئۆکرانیا و ئاسانبوونی گەمارۆدانی و کردنی کوشتارگەلێکی زۆر شکستیهێنا لە سوپای ڕوسیا. کە ئەمانە ڕووی نەدا، ئیتر دەبێت بیر لە ڕێگایەك بکرێتەوە کە هەرچۆن هەبێت هەیبەت و شکۆی ئەمەریکا و ناتۆ لەوە زیاتر نەشکێت بە جۆرێك لە جۆرەکان ئاوێك بکەن بەم ئاگرەدا و بیکوژێننەوە.  لە ئێستادا بۆی دەمی گەلێك لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناتۆ وتووێژکردنە لەگەڵ ڕوسیا و قەبوڵکردنی هەر هیچ نەبێت کرایمیا و یەك دوو دەڤەرێکی دیکەی ئۆکرانیایە گەر بە وەختیش (کاتیی) بێت بە فەرمی بەشێك بن لە ڕوسیا .  هاوکاتیش ڕوسیا ڕێگە بدات کە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. 

ئەم سازش و سازشکاریانەش تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگای سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی تورکیا و هیندستان و چین و سعودییە و هەنێك وڵاتانی دیکەوە دەبێت .

لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە بۆ زۆربەمان ناڕوونە ئەویش:  ئایا دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەوندە گەمژەو نەزانبوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕوسیادا، هەر وەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا؟ یاخود ویستی ئەوان ئەوەبوو کە ئێستا ڕوودەدات ، ئەمە پلانیان بووە و هەر بە پلانیش دەڕوات؟

من بۆ خۆم لام ڕوون نییە کە کامیان هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکەیە، کە ڕەنگە هەردوکیان بێت.  بەڵام ئەوەی کە لام ڕوونە جەنگەکە کارەساتی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێنا و گرانی نەبوونیی و بێ کاری بۆ هەموو هەژارانی دونیا بە جۆرێك لە جۆرەکان هێنا.  هاوکاتیش گەورەترین سەرمایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بێ ئومێدی لە بنیاتنانی دونیاکی باشتر لە ئایندەدا هێنا. هەژاری و بێ کاری و گرانی و وێرانکاری و ڕاگوێزکردن و تەسكبوونەوەی ئازدییەکانی خەڵك و فروانکردنی تەوقی دەوڵەت و بەدەستڕاگەیشتنی پارەیەکی مشە بۆ کۆمپانیا گەورەکان …هەموو ئەمانەی هێنا.

Zaherbaher.com