تایلاند: شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كراسسووران و ده‌وڵه‌ت له‌ نزیکبوونه‌وه‌دایه‌

ناکۆکی نێوان ده‌وڵه‌تی تایلان دو کراسسوران گه‌یشتۆته‌ چرکه‌ ساتتێکی ترسناک و خوێناوی. شایانی باسه‌، له‌ ڕۆژه‌ی پێنجه‌شه‌مه‌ ،13.05.2010ه‌وه‌ زیاتر له‌ 51 که‌س کوژراون و ژماره‌یه‌کی زۆریش بریندار بوون. کراسسوران له‌Bangkok پایته‌ختی تایلاند له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاردا له‌ بازاڕی سه‌ره‌کیدا، که‌ خه‌ڵکانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بازاڕی لێده‌که‌ن، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاره‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌نده‌دا گرتووه‌ و کردوویانه‌ به‌ که‌مپێک بۆ خۆیان، که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 5 هه‌زار که‌سه‌.


ئه‌وان ئاماده‌ن وتووێژ له‌ته‌ك ده‌وڵه‌ت بکه‌ن، به‌ڵام به‌ دوو مه‌رج : یه‌که‌میان، هێزی سه‌ربازی حکومه‌ت له‌ ناو شار بکشێته‌وه‌. دووهه‌م، نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بکه‌وه‌ێته‌ نێوانیانه‌وه‌، ئه‌گینا ده‌بێت سه‌رۆکشالیار ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌.


دوێنی شه‌و حکومه‌تی تایلاند ماوه‌ی تاکو کاتژێر 3 ی ئه‌مڕۆ 17.05.2010 به‌ کاتی Bangkok به‌ کراسسوران داوه‌، که‌ بڵاوه‌ی لێبکه‌ن و خۆیان بده‌نه‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گینا هێڕشیان ده‌کرێته‌ سه‌ریان و ده‌یانگرن. ئه‌گه‌رچی به‌سه‌ر کاتی دیاریکراودا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام‌ جارێ تائێستا هێڕش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌کردووه‌ ، له‌هه‌مان کاتیشدا کراسسوران ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌بری چۆڵکردن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، مردن هه‌ڵده‌بژێرین.

بریتانیا: داددگه‌ بڕیاری مانگرتنی کڕیاکارانی هێڵی ئاسمانی ڕه‌تده‌کاته‌وه‌

هه‌ر وه‌ك بڕیار بوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێڵی ئاسمانی بریتانی نه‌یقابه‌ و کرێکارانی کێشایه‌ دادگه‌، ئه‌مڕۆ17.05.201 دادگه‌ش بڕیاری دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ نه‌قابه‌ به‌ڕێکوپێکی دوای هه‌نگاوه‌کانی هه‌ڵبژاردن نه‌که‌وتووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ مانگرتنی کرێکاران یاسایی نییه‌ و ده‌بێت مانگرتنه‌که‌ نه‌که‌ن، ئه‌مه‌ش واته‌ کرێکاران به‌یانی 18.05.2010 ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر کار. به‌ڵام نه‌قابه‌ش بڕیاری داوه‌ که‌ به‌یانی 18.05.2010 دژی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی داوای پێداچوونه‌وه‌ بکات، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌نگه‌ نه‌یباته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌یانی زیاتر ئه‌و پرسه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ کرێکاران له‌سه‌ر کار به‌رده‌وام ده‌بن یان ده‌ست به‌ مانگرتن ده‌که‌ن.


له‌ولاشه‌وه‌ نه‌قابه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی شالیاری نوێی هاتوچۆ و ڕێگه‌وبان و سه‌رۆکی نه‌قابه‌ی گشتی له‌ بریتانیا له‌سه‌ر لێدوان و مشتومڕ به‌رده‌وامن تاکو بگه‌نه‌ سه‌رئه‌نجامێك.

من وەك فێرکارێك دەمێنم و تۆش زیندانەوان!

من وەک فێرکارێک دەمێنم و تۆش زیندانەوان!


زووس، یەزدانی یەزدانان فەرمانیدا تاکو پرۆمتەی سەرپێچیگەر زیندانیبکەن، بەو جۆرە بوو بەسەرهاتی من و تۆ لەوێوە دەستیپێکرد.


تۆ بوویت بە میراتگری زیندانەوانەکانی زووس تاکو ڕۆژانە ببیت بە پاسەوانی نەوەیەک لە دریژبوونەوەی خۆرەتاو و ڕۆشنیی و بۆ من و تۆ زیندان دوو واتای جیای پەیداکرد. دوو کەس لە پشت دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین و ڕۆژنەیەکی گچکە لەنێو ئەو، تۆ لە دەرەوەی بەندگە و من لەنێوی.


باشتر دەبێت، کە یەکدی باشتر بناسین.


من فێرکار نا نا.…

من فێریاری سەمەدی بیهرەنگیم، ئەوەی کە (ئەلدوز و قەلەڕەشان) و (ماسییە ڕەشە گچکەکە)ی نووسی، بۆ ئەوەی هەمووان فێری بزووتن بکات. ئەو دەناسیت؟ دەزانم کە ئەو ناناسیت.


من فێریاری خانعەلیم، ئەو فێرکارەی کە ئێمەی فێرکردین چۆن لەسەر تەختە ڕەشەی پۆلەکەی خۆمان خۆر نیگاربکێشین، بۆ ئەوەی ڕۆشنایی ئەو شەمشەمەکوێران ڕاوبنێت.

دەزانی ئەو کێ بوو؟


من هاوکاری بەهمەنی عیزەتیم، پیاوێک کە هەمیشە لە ئەو بۆنی باران دەهات و مرۆڤێک کە هێشتا خەڵکی کرماشان و دێهاتەکانی لەتەک یەکەمین پاییزە باران ئەویان بیردێتەوە، ئەرێ بەراست دەزانی ئەو کێ بوو؟ دەزانم کە نازانی.[٢]


منی فێرکار، لە فێریارەکانی خۆم خەندە و پرسیارکردن بۆ من بە میرات ماوە.


ئێستا کە تۆ منت ناسی، تۆش لە بارەی خۆت بە من بڵێ، هاوکارەکانی تۆ کێ بوون،لە چ کەسێکەوە توندوتیژی و نەفرەتت بۆ تۆ بە میرات ماوە، زنجیرەکانی دەست و پێی تۆ لە کێوە بەجێماون؟ لە سیاچاڵەکانی زوحاکەوە؟


تۆش لە بارەی خۆت بڵێ، تۆ کێیت؟ من بە دەسبەند و زنجیر و شەلاق و دیوارە پتەوەکانی ٢٠٩، بە چاوە ئەلەکترۆنییەکانی زیندان، بە دەرگە پتەوەکانی مەترسێنە، ئیدی ئەو شتانە هیچ ترسێک لەنێو ناخی من دروستناکەن. توڕە مەبە، هاوار مەکە، بە مشتەکۆڵە بەسەر دڵی من مەکێشە، کە لەبەر چی سەری خۆم بەرز ڕادەگرم، بەسەرهاتی مشتەکۆڵەی تۆ و سەری ژنە زیندانییەکە لەنێو بیرەوەری من ماوە.


لە من مەدە، کە بۆ چی گۆرانی دەبێژم، من کوردم، پێشینانی من ئەوینداریی خۆیان، دەردەکانی خۆیان، تێکۆشان خۆیان و بوونی خۆیان لەنێو گۆرانی و سروودەکان بۆ من بە یادگاریی بەجێهێشتووە. من دەبێت بێژم و تۆ ببیستی. تۆ دەبێت لە گۆرانییەکەی من گوێڕادێری، من دەزانم کە ئەوە تۆ ئازاردەدات.


من بەر کوتەکان مەدە، کە لەکاتی ڕێکردن دەنگی پێیەکانی من دێت، ئاخر دایکم منی فێرکردووە، بە هەنگاوەکانی خۆم لەتەک زەمین قسەبکەم، نێوان من و زەمین، پەیمانێک هەیە و پەیوەندییەک کە من زەمین پڕ لە جوانیی و خەندە بکەم. دەی کەواتەتۆ بهێڵە با ڕێبکەم، بهێڵە با ئەو دەنگی پێی من ببیستێت، بهێڵە زەمین بزانێت، کە هێشتا من زیندوو و هیوادار ماوم.


پێنووس و کاخەز لە من یاساخ مەکە، دەخوازم بۆ زارۆکانی سەرزەمینی خۆم لایە لایە بهۆنمەوە، لێوانلێو لە هیوا، پڕ لە چیرۆکەکانی سەمەد و ژیانی ئەو، پڕ لە خانعەلی و ئارەزووەکانی، لە عیزەتی و فێریارانی، دەخوازم بنووسم، دەخوازم لەتەک خەڵک قسەبکەم، لەنێو ناخی بەندگەکەی خۆمەوە، لێرەوە، تێدەگەی چی دەڵێم؟ دەزانم تۆ فێرکراویت بەرانبەر ڕۆشنایی و جوانییەکان و هزر و بیرکردنەوە ڕکت هەبێت.

بەڵام مەترسە وەرە نێو بەندگەکەی من، لەسەر خوانە گچکە و شڕەکەی من میوان بە، ببینە چۆن هەموو شەوێک من فێریارەکانی خۆم میواندارییدەکەم، چۆن بۆ ئەوان چیرۆک دەگێڕمەوە، بەڵام تۆ مۆڵەتت نییە ببینی، تۆ مۆڵەتت نییە ببیستیت، تۆ پێویستە ئەویندار بیت، ببیت بە مرۆڤ، دەبێت لە ئەم دیوی دەرگەکە بیت، تاکو تێبگەیت، کە من چی دەبێژم.


تۆ من تەماشابکە تاکو بزانی جیاوازی من و تۆ چییە، من هەموو ڕۆژێک لەسەر دیواری بەندگەکەی خۆم دەستانی دڵدارەکەم، چاوە جوانەکانی ئەو نیگاردەکێشم، پەنجەکانی ئەو لەنێو دەستی خۆم دەگرم و گەرمیی ژیان لەنێو دەستەکانی و چاوەڕوانیی و شەیدایی لەنێو چاوانی ئەو دەخوێنمەوە، بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێک بە کوتەکەکەی دەستی خۆت پەنجە نووساوەکانی سەر دیوار دەشکێنیت، چاوانی چاوەڕوانیی دەردەهێنیت و دیوارەکە ڕەش دەکەیتەوە.


دونیای تۆ هەمیشە تاریکیی و زیندان دەبێت و “هەستی ڕۆشنایی” تۆ ئازاردەدات، چەند مانگێکە من دیتنی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە چاوەڕوانییدەکەم.


لەتەک ئەستێرە یاخییەکان کە لەنێو تاریکایی لەم سەری ئاسمان بۆ ئەو سەری ئاسمان بکشێن و بە ڕۆشنایی سینگی تاریکیی شەقبکەن. بەڵام تۆ ساڵانێکە لەنێو تاریکیی دەژیت، شەوی تۆ بەبێ ئەستێرەیە، دەزانی ئاسمانی بێ ئەستێرە چ واتایەکی هەیە؟ ئاسمانی هەمیشە شەو واتای چییە؟


ئەم جارە کە بۆ بەنگەی ٢٠٩ گەڕامەوە، وەرە نێو بەندگەکەی من، من بۆ تۆ کۆمەڵێک ئارەزووم هەن، نەک لە ڕەنگی نزاکانی تۆ کە سەراپا ئاگرن و ترس لە دۆزەخ، ئارەزووەکانی من پڕن لە هیوا و خەندە و ئەوین. وەرە ناو بەندگەکەی من، تاکو نهێنیی دوا خەندەی عیزەتی لەبەردەم سێدارە بە تۆ بڵێم، دەزانم کە دووبارە دەبمەوە بەندی بەندگەی ٢٠٩، لە بارێک کە تۆ بە سەراپای بوونی پڕ کینەی خۆتەوە بەسەر من دەگوڕێنیت و هێشتا دڵی من بۆ تۆ و دونیایەکی هیچ کە لە دەوری تۆ دروستکراوە، دەسووتێت. من دەگەڕێمەوە لە بارێک کە فێرکارم و هێشتا خەندەی مناڵانی نیشتمانی خۆم لەسەر لێوەکانی من ماوە.

فێرکاری سزادراو بە سێدارە، فەرزادی کەمانگەر

بەندگەی نەخۆشانی (عفونی| ئیلتیهابی) زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

وەرگێڕان لە فارسی: هەژێن

١٧ی ئایاری ٢٠١٠

________________________________________
١. بە پێچەوانەی لێکۆڵەرەکان، کە لەسەر ئەوەی من لەنێو بابەتی (نامەی) بەندگەی ٢٠٩، ئەوانم بە خێو ناوبردبوو، دڕندانە کەوتنە کوتەکاریی و جنێودان و سووکایەتیکردن بە من، ئەم جارە چەند کەسێک لە پاسەوانانی بەندگەی ٢٠٩ منیان ئازارنەدا.


٢. بەهمەنی عیزەتی فێرکاریک بوو، کە لە سەرەتای شۆڕش(مەبەست شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانە و. کوردیی) لە سێدارە درا، هێشتا خەڵکی دێهاتەکانی کرماشان و کامیاران یاداوەریی زۆریان لەبارەی ئەو هەیە، دەڵێن لە کاتی لەسێدارەدران لە وەڵامی بەرپرسان کە لە ئەو دەپرسن: لە مردن ناترسێیت؟ بە خەندەوە گوتویەتی: ئەگەر مردن پیاوە، با بۆ لای من بێت، تاکو من توند توند ئەو لە ئامێز بگرم.

* سەمەد بیهرەنگی : فێڕکار، چیرۆکنووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەری فۆلکلۆری ئازەربایجانی. ٣١ی ئۆگوستی ١٩٦٨ لە تەمەنی ٢٩ لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتی ئێران [پاشایەتی موحەمەد ڕەزاشا] لەنێو ئاو خنکێندرا.

سەمەد بیهرەنگی دانەری ئەلفابێتی ئازەری بوو، کە دەوڵەتی پاشایی لە ئەو پێشوازیدەکات، بەلام ئەو ئامادەی چاپکردنی پەڕتووکەکەی نابێت و هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی بە براکەی دەڵێت ئەگەر من ئەوە پەسەندبکەم، دەبێت لاپەڕەکانی سەرەتای پەڕتووکەکەم بۆ پێداهەڵدانی شا و شابانوو تەرخانبکەم”

** بەهمەن عیزەتی : شۆڕشگەر و فێرکاری یەکێک لە فێرگەکانی کامیاران، پاش ئەوەی لە دەوروبەری (پاوە) لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیردەکرێت و کۆمەڵێک لە خەڵکی پاوە بۆ لای ئەیەتوڵڵا خاڵخاڵی دەچن و داخوازی لەسێدارەنەدان و ئازادکردنی بەهمەن عیزەتی دەبن، خاڵخاڵی وەک نوێنەری حزب‌اللەی تازە بەدەسەڵاتگەییشتوو، فەرمانی لەسێدارەدانی ئەو دەردەکات و ڕۆژی

٢١ی ئۆگوستی ١٩٧٩ لەتەک هەشت هاوڕێی خۆی لە هەمان شوێنی بەرەنگاریکردنی پاسداران، گوللەباراندەکرێت.

*** خانعەلی : ئەبولحەسەن خانعەلی، فێرکاری ٢٩ ساڵەی وانەکانی فیلۆسۆفیی و زمانی عەرەبی لەنێو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فێراکاران لە مەیدانی بەهارستان بە گوللەی پۆلیسێک دەکوژرێت.

**** ناڕەزایەتی بەرانەر زیندانیکردن و سزای لەسێدارەدانی (فەرزاد کەمانگەر) کۆمەڵگەی کوردنشین و سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕاند و لەنێو وێرانەکانی جەنگی سی ساڵەی ئەفغانستان، لە کابووڵ دەیان ئازادیخواز دژی بڕیار و ملهوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆنیشانداندەکەن.

مانگرتنی گشتی لە یەمەن دژ بە بەرزبوونەوەی نرخەکان

مانگرتنی گشتی لە یەمەن دژ بە بەرزبوونەوەی نرخەکان

بەرنامەی خۆئامادەکردنی مانگرتنەکان لەسەر ئاستی سەرتاسەری لە کەرتی تایبەت و گشتیدا بۆ زیادکردنی کرێیکار و دیاریکردنی لایەنی کەمی کرێ.

یەکێتی گشتی کرێکارانی یەمەن GLU داوای لە گشتی ئەندامان و لایەنگرانی کردووە، کە لە ڕۆژی شەممە ١٥ی ئایارەوە دەست بە مانگرتنی گشتی بکەن. پاش ئەوەی کە سەرۆکشالیاران عەلی مەجور وەڵامی بەداوای یەکێتییەکان نەدایەوە،یەکێتی گشتی کرێکارانی یەمەن (GLU) بانگەوازی بۆ مانگرتنی کرد. سەرۆکی GLU موحەمەد ئەلجادری دەڵێت، ئەمە لە بەرامبەر بێسەرەنجامی کۆبوونەوەیەکی پێشووتری GLU و میریی بۆ پێکهێنانی لێژنەیەك بۆ چارەسەری داواکارییەکانی یەکێتییەکان دێت. پاش بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان و گرانی گوزەران، کە هاووڵاتیانی یەمەنی لە دوو ساڵی ڕابوردوودا بەدەستییەوە دەنالێنن، GLU داوای زیادکردنی کرێ و موچە و دیاریکردنی لایەنی کەمی کرێ کە کەمتر لە ٣٠٠ دۆلار نەبێت کرد، هەروەها داننانی خاوەنکاران بە مافەکانی کرێکارانی بەشی خاوێنکردنەوە. مانگرتنەکە بێجگە لە خزمەتگوزارییەکانی فریاگوزاری تەندروستی و دابینکردنی ئاو و کارەبا و بورجەکانی چاودێریی ئاسمانی، هەموو بەشەکانی کەرتی تایبەتی و کەرتی گشتی دەگرێتەوە. زیاتر بخوێنەرەوە مانگرتنی گشتی لە یەمەن دژ بە بەرزبوونەوەی نرخەکان

نامه‌ و واژۆکانتان* سۆزی سه‌روه‌ران نابزوێنن، ته‌نیا ختوکه‌ی ئاڵۆشی سته‌مکارانه‌یان ده‌ده‌ده‌ن!

هه‌ژین

15ی ئایاری 2010

هاوده‌رد، گیانبه‌ختکردوو، ئه‌ی تینووی ئازادی، ئازادییه‌ك که‌ خواکانی ئاسمان و زه‌وی، دێمۆکراته‌ ڕۆشنبیره‌کان و خورافه‌چرانی مناره‌کان و پرۆفیسۆره‌کانی زانکۆکه‌ت، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌شه‌ (له‌ ناهوشیارییه‌وه‌ دایك و باوکیشت) لێی بترسن! ئازادییه‌ك پڕ به‌خه‌ونی گشت کۆیلانی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نانه‌ت جه‌سته‌تی لێبووبووه‌ زیندان و ده‌یویست ببێته‌ ئه‌و هاواره‌ی که‌ تا ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرژوازی کورد له‌ ئارادا بن له‌ گوێیاندا بزرینگێته‌وه‌!

ئازیزم، هەرچەندە بەتەما نەبووم بە وتارێك بەشداری بکەم، لەبەر ئەوەی کە واژۆی خۆم لە ناڕەزایەتینامەی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی و واژۆنامه‌ی هاوبه‌شی چه‌ند سایتێک دابوو و هەروەها بەداخەوە هەژماری گرتن و ئەشکەنجە و تیرۆر لە باشوور و عیراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان هێندە زۆرە نە لە ژمارە دێن و نە کەسیش فریای وتارنووسینی تایبەت بە هەریەکەیان دەکەوێت. من وه‌ك تاکێك، نووسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ، بەپێچەوانەوەی ئەوانەی کە بەناوی ئازادیخوازییەوە لایەنگرییان لە مرۆڤەکان پابەندی خۆیی و ناخۆیی، باش و خراپ، ڕامیاریی و ناڕامیاریی، ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر، ناودار و کەسنەناس دەکەن، دژی کوشتنی هەموو بوونەوەرێكم نەك تەنیا مرۆڤ، دژی زیندانم بەگشتی نەك تەنیا زیندانی ڕامیاری و خۆیی، دژی سێدارەم تەنانەت بۆ دوژمنەکەشم، چونکە هیچ پێناوێك بۆ کوشتنی مرۆڤ نابینم، کەسیش مافی کوشتنی کەسی نییە لای من، تەنیا مرۆڤ بەخۆیی ئازادانە وەك تۆ بۆی هەیە بڕیاری گیانبەختکردنی خۆی بدات، ئەوە ئیتر ویستی مرۆڤه‌ و لای من لەسەری هەموو یاسا و ڕێسا و خوا و نیشتمان و نەتەوە و چین و خێزان و خێڵ و هزرەوەیە، چونکە مرۆڤ بەخۆی ئامانجە نەك پێكهێنەرەکانی دەوروبەری و نەك دەستکردەکانی خۆی. به‌ڵام که‌ دیتم به‌ناوی تۆوه‌ سازش له‌ته‌ك بکوژانت ده‌کرێت، ئیتر ویژدانم هه‌راسانی کردم و هێنامیه‌ پای ئه‌م نووسینه‌ و وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێکی په‌یامه‌که‌ت، له‌سه‌ر داوای خۆت و به‌ مۆڵه‌تی خۆت، من له‌ پاش دوا وشه‌ته‌وه‌ خاڵی کۆتایی دانانێم، چونکه‌ خه‌ونه‌کانمان یه‌کن، ئازادیمان ئه‌و ئامانجه‌ی ملیۆنانی وه‌ك ئێمه‌ ڕێبواری ڕێگه‌نی، هه‌ر هه‌مانه‌ «خودایی هه‌موو منه‌ یاخییه‌کان، خودبوون-خودآیی»، هه‌مانه‌، که‌ تۆ وه‌ك په‌روانه‌یه‌کی شه‌یدا بۆی سوتای. من کۆمایه‌ك داده‌نێم و به‌نۆبه‌تی خۆم، ویژدانم ڕاپێچی کردووم، تا ڕمی ڕه‌خنه‌م، ڕه‌خنه‌ت ده‌مامکی نامه‌ و واژۆی نووسه‌رانی و ڕۆشنبیرانی به‌خواکراو داماڵێت. تۆ ته‌مه‌نت کۆتایی هات و ئێمه‌ پشوومان، ئارامی ڕواڵه‌تیمان … زیاتر بخوێنەرەوە نامه‌ و واژۆکانتان* سۆزی سه‌روه‌ران نابزوێنن، ته‌نیا ختوکه‌ی ئاڵۆشی سته‌مکارانه‌یان ده‌ده‌ده‌ن!

ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی به‌شێکی زانکۆی Middle Sex له‌لایه‌ن خوێندکارانه‌وه‌

دەستبەسەرداگرتنی خوێندکارانی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆیMiddle Sex له‌ باکوری له‌نده‌ن بەسەر بەشێکی زانکۆکەدا پێی نایە هه‌فته‌ی سێهه‌مه‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی که‌ بەڕێوەبەرایەتی به‌شی زانکۆ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ، مانگی ئایاری 2010 ، ڕایانگه‌یاند که‌ پێویسته‌ ده‌ست له‌ بڕێک پاره‌ بگیرێته‌وه‌، چونکه‌ میزانیه‌ی زانکۆ که‌مکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بەواتای ده‌رکردنی بڕێک له‌ مامۆستایانی وانەبێژ و کارمه‌ندانی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ له‌گه‌ڵ بڕێک له‌ پاسه‌وانان و کرێکارانی تر که‌ کاری خاوێنکردنه‌وه‌ یا له‌ باڕه‌کان و یانەکانی ئه‌و به‌شه‌ی زانکۆدا کار ده‌که‌ن ، به‌رده‌وام بوونیان له‌سه‌ر کار له‌ مه‌ترسی دایه‌ ، ئه‌مه‌ش بەواتای ده‌رکردنی هه‌ندێکیان و گۆڕینی هه‌لومه‌رجی کارکردنیش بۆ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر کار ده‌مێننه‌وه‌، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ کارایی خۆیان له‌سه‌ر خوێندکارانی ئه‌و به‌شه‌ی خوێندن ، داده‌نێن.

ئه‌م بڕیاره‌ی بەڕێوەبەرایەتی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ بڕێک له‌ خوێندکاران ده‌ست بە خەباتی ڕاسته‌وخۆ، به‌ مانگرتن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی تەلارەکە و مانه‌وه‌ تێیدا. ئه‌م کاره‌ی ئه‌مانیش پشتگیرییه‌کی باشی لێکراوه‌ چ له‌لایه‌ن مامۆستاکان و کارمه‌ندانی خودی به‌شه‌که‌وه‌ و خه‌ڵکانی تر چ له‌لایه‌ن گوروپه‌ جیاجیاکانی نێو کۆمۆنێتیه‌کانه‌وه‌ و هه‌ندێک له‌ نەقابه‌کانیش‌. ماسمیدیاش بایه‌خێکی کەمی به‌م کاردانەوەیە داوه‌.

شایانی باسه‌ ئه‌وه‌ بڵێین، که‌ یه‌کێتی خوێندکاران وه‌کو یه‌کێتییه‌که‌ له‌تەك ئه‌م چالاکییه‌ی خوێنکاراندا نین و ده‌یانه‌وێت به‌ زووترین کات خوێندکاران ده‌ستبه‌رداری کاری ڕاسته‌وخۆ ببن، چونکه‌ ئه‌وان له‌تەك بەڕێوەبەرایەتی زانکۆدا ڕێکه‌وتوون و واژۆی ئه‌و دۆکۆمێنتانه‌یان کردوه‌، که‌ لەتەك ئه‌و جۆره‌ چالاکیانه‌دا نه‌بن و پشتگیریان لێنه‌که‌ن. به‌ڵام تاکەکەسانێك که‌ له‌ ناوه‌ندی یه‌کێتیه‌که‌دان پشتگیری خۆیانیان وەك تاك نیشانداوه‌.

هەروەها پێویستە ئه‌وه‌ش بڵێین، که‌ به‌شێکی زۆری خوێندکارانی ئه‌م به‌شه‌ش ئه‌و خوێندکارانه‌ن، که‌ له‌ ئه‌فه‌ریکا و فه‌له‌ستین و ئێران و سوریا و خوارووی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا و ئه‌مه‌ریکای لاتینیه‌وه‌ هاتوون یا به‌ڕەچەڵەك خەڵکی ئەوێن.

دوێنی, شه‌ممه‌، 15.05.2010 هاوڕێیه‌کی گروپی (Haringey Solidarity Group) پێی ڕاگه‌یاندین، که‌ له‌ته‌ك چه‌ند هاوڕێیه‌کی تری گروپه‌که‌یاندا، سه‌ردانی خوێندکاره‌کانیان کردووه‌ و له‌وێ تا دره‌نگانێک له‌لایان ماونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها وتی که‌ وره‌ی خوێنکارانی مانگرتو زۆر به‌رزه‌ و بڕیاریانداوه‌ که‌ مانگرتنه‌که‌یان نه‌شکێنن، تاکو بەڕێوەبەرایەتی به‌ڵێنیان ده‌داتێ که‌ له‌ بڕیاره‌که‌یان پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی قسه‌ی له‌ته‌ك خوێدکاره‌کان نه‌کردووه‌ و بگره‌ داوایان له‌ پۆلیس و دادگه‌ کردوه‌، که‌ به‌ زۆر خوێندکاران له‌ ته‌لاره‌که‌ به‌ده‌ر نێن. گیروگرفته‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌رزی خوێندن له‌ ته‌واوبووندایه‌ و بڕێک له‌ خوێندکاره‌کان که‌مپه‌که‌یان به‌جێ هێشتووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌کانیان.

هه‌روه‌ها هه‌مان سه‌رچاوه‌ رایده‌گه‌یێنێت ، که‌ له‌ هه‌مان کاتدا په‌یامی پشتیوانی گرپه‌که‌یانی پێڕاگه‌یاندون و خوێندکاره‌کان ده‌زانن، که‌ ئه‌م کاره‌ی ئه‌وان زه‌حمه‌ته‌ بەڕێوەبەرایەتی په‌شیمان کاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ ناڕه‌زایی ته‌واوی خوێنکاران ده‌رده‌بڕێت و مشتومڕێکی باشیشی دروست کردوه‌ و کاری ڕاسته‌وخۆ ده‌باته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌رنجی خوێندکاران کرێکاران و بێکاران و خه‌ڵکانی تر بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌کێشێت، که‌ ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگایه‌که‌، که‌ بتوانین لێوه‌ی بگه‌نه‌ ئامانجه‌کانیان و پشت به‌ چالاکییه‌ ڕاسته‌وخۆیه‌کانی خۆیان ببه‌ستن، نه‌ک به‌ پارت و نه‌قابه‌ زه‌رده‌کان. قسه‌که‌ری فه‌رمی ئه‌و ڕۆژه‌ (تارق عه‌لی) بوو، که‌ که‌سێکی چالاکی چه‌پی مارکسیسته‌ و ڕابوردوییه‌کی دوورودرێژی له‌ خه‌باتکرنداهه‌یه‌ و خاوه‌نی چه‌ند په‌رتووک و نووسینی به‌ پێزه‌.

چالاکی ئەنارکیستانی دژە ئەتۆم لە دەرسیم/ تورکییە

چالاکی ئەنارکیستانی دژە ئەتۆم لە دەرسیم/ تورکییە

http://www.dailymotion.com/video/xd2yjh_karadeniz-ysyanda_lifestyle

کورتە فیلمێك لەسەر خەباتی ڕاستەخۆی بەرەی ئازادی ئاژەڵان

کورتە فیلمێك لەسەر خەباتی ڕاستەخۆی بەرەی ئازادی ئاژەڵان

بەو هیوایەی ئازادیخوازانی کوردستانیش ئاوڕێك لە ئاژەڵان بدەنەوە و لە لێدان و کوشتن و تیاچوون ڕزگاریان بکەن

دەکرێت ئەمانە هەندێك لە دروشمەکانمان بن

سەگ گڵاو نییە، زۆر لەو باوك و برایانە بە وەفا و سۆزترە کە دەستیان دەچێتە کوشتنی کیژۆڵە و خوشك و هاوسەرەکانیان

بەڕاز پیس نییە، بەڵکو زۆر لەو فتوادەرانە بەسوودترە کە تیرۆر و شەلاق و بەردبارانیان هێنایە کوردستان

دەستی کەس بە کوشتنی بەراز سەوز نابێت، بەڵکو ناهاوسەنگی لە ژینگەی سەوزی کوردستاندا دروست دەکات

کاتی ئەوە هاتووە کە پارێزەرانی مافی ئاژەل فشار بخەنە سەر دەسەڵات، تاوەکو باخچەی سروشتی کراوە بۆ  سەگ و گوێدرەکان لە مردن ڕزگار بکرێن

پاراستنی ژینگە بەبێ پاراستنی بوونەوەرەکانی هەوڵێکی پوچە و پارادۆکسە

پاراستنی ژینگە، پاراستن و ئازادکردنی ئاژەڵان ئەرکی سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان (ئەنارکیستەکان)ە نەك کار و فەرمانی ڕیفۆرمیست و پارتە ڕامیارییەکان

http://www.dailymotion.com/video/xd9w2q_animal-liberation-direct-action_animals

http://www.dailymotion.com/video/x366ka_time-for-action-1-anti-vivisection

تایلاند و خه‌ڵكانی كراسسوور

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كه‌ تایلاند له‌ پشێوییه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژی، به‌ هۆی نه‌بوونی دیمۆكراتی و هه‌بوونی زوڵم و زۆره‌وه‌. تایلاند شانشینه‌ و شاكه‌ی كه‌ 83 ساڵ ته‌مه‌نێتی و 63 ساڵی ڕه‌به‌قه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا كه ئه‌و له‌ سه‌ر ته‌خته‌ ‌ 15 كوده‌تا كراون و 16 جار ده‌ستوور گۆڕاوه‌ و 27 جاریش سه‌رۆكشالیاری گۆڕاوه‌.

زیاتر بخوێنەرەوە تایلاند و خه‌ڵكانی كراسسوور

مانگرتنی كرێكارانی هێڵی ئاسمانی بریتانی

كرێكارانی هێڵی ئاسمانی بریتانی له‌ كۆتایی ساڵی ڕابوردوه‌وه‌ له‌ ناكۆكی و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌دان له‌ته‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێڵی ئاسمانی بریتانی، كه‌ گه‌وره‌ترین هێڵی ئاسمانی بریتانییه‌. تائێستاش ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ره‌و ئاڵۆزی و خراپتربوون ڕۆیشتووه‌. سه‌ره‌تا له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێكار و سه‌پاندنی هه‌لومه‌رجێكی نوێ به‌سه‌ر ئه‌وانتریشدا، كه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ش ‌ مووچه‌ و كاتژێری كاركردن و پشوو و كاتێك، كه‌ نوێنه‌رانی نه‌قابه‌ بۆ كاری نقابی به‌كاری ده‌هێنن ده‌گرێته‌وه‌.

زیاتر بخوێنەرەوە مانگرتنی كرێكارانی هێڵی ئاسمانی بریتانی