زاهیر باهیر– له‌نده‌ن
10.04.2011
بەشی دووەم
ئایه ئه‌م شه‌پۆلی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌یەی مەیدانی ئازادی گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وە؟
ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له شێوه‌ی گله‌یی و كردنەوەی مه‌زبه‌ته و خۆپیشاندان و پرۆتێست و تا ده‌گاته مانگرتن، ده‌ستبه‌كاركردنی كار و چالاكی ڕاسته‌وخۆ دژی هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێك مافی سه‌ره‌تایی خۆمانه و گه‌ر ئه‌و مافه‌شمان لێ زه‌وت كرابێت و بكرێت، ده‌بێت ئه‌وه ببێته داخوازیمان، له پێناوی چاككردنی بار‌و زروفی ژیانمانا و به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌كانمان و جێبه‌جێكردنو چه‌سپاندنی دادوه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی دا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و كاركردن له‌سه‌ری، ڕه‌وڕه‌وی مێژوه‌وه و بناخەی پێشكه‌وتن و كردنی گۆڕانكاری بچووك و بنه‌ڕه‌تییه له كۆمه‌ڵگادا.
هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی خۆی له‌ده‌ست بدات یا تێدا نه‌بێت، ده‌بێته به‌رهه‌مهێنه‌ر و پته‌وكەری ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتۆلیتاری و دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ند ئاسا كه فه‌رده‌كانی ناوی له هه‌موو ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌ك بێبه‌ش ده‌بن و كۆمه‌ڵگایه‌كی گوێڕایه‌ڵی به ئه‌مه‌كی وه‌كو ماستی–مه‌یوی لێ به‌رهه‌م دێت تا هه‌لێكی بۆ ده‌ڕه‌خسێت، بۆیه ئه‌ركی سه‌رشانی هەمووومانه له سه‌رده‌م و زروفی ئاوادا پشتگیری و لایه‌نگیری ته‌واوی خۆمانی بۆ ده‌ربڕین و به‌پێی توانای خۆشمان به‌شداری تێدابكه‌ین و ڕۆڵی تێدا بنوێنین.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌وه هێڵی ژیانمه و ئیدی له‌هه‌ر شوێنێك و له‌ژێر هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێكدا ئه‌و ناڕه‌زاییانه ده‌رببڕێن، پشتگیری‌یان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم و به‌پێی تواناشم به‌شدارییان تێدا ده‌كه‌م تا ئه‌و كاته‌ی كه ناڕه‌زاییكه‌ران ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات یا ده‌بنه به‌شێك له ده‌سه‌ڵات.
ئه‌م جۆره تێكۆشان و چالاكیانه‌ی كه ئێستا نه‌ك هه‌ر له كوردوستاندا ده‌كرێن، به‌ڵكو له وڵاتانی وه‌كو میسر و تونس كه كراون و ئیستاش سه‌رودڵی سوریا و یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و لیبیا و جاروبار ئێران و عێراقی سبه‌ینێ و هتد گرتۆته‌وه، جێگای دڵخۆشییه‌كی گه‌وره‌ن، كه ئیدی خه‌ڵكه‌كه‌ی به باروزروفی مه‌وجود و باو ڕازی نابن، ده‌موچاوه‌كانی سه‌ر شانۆی سیاسی، كه ساڵه‌هایه‌كی دوورودرێژه وه‌كو ئه‌كته‌ر ده‌ور ده‌بینن، ده‌ده‌نه لاوه و ده‌یانگۆڕن و ژیان تازه ده‌كه‌نه‌وه، جۆره ڕیفۆرمێك ده‌كه ، كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قۆناخێكی تری تازه ده‌به‌ن له بواره‌كانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌دا، ویست و وره‌ی مرۆڤ به‌هێز ده‌كه‌ن، مرۆڤی ناو كۆمه‌ڵگه ده‌كاته ئه‌و بونه‌وه‌ره خولقێنه‌ره كه ئیدی به‌هەمووو شت ڕازی نه‌بێت و به كاڵ بڵێت كاڵ و به كوڵاو بڵێت كوڵاو، نه‌وه‌ی نوێ دێته پێشه‌وه و نه‌وه‌ی كۆن ده‌داته دواوه. تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه جیهان ورده ورده بچوك ده‌كاته‌وه به‌دانه‌ده‌می به‌شه‌كان و وڵاته‌كان، به‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای “مه‌ده‌نی و نا مه‌ده‌نی” له بواره‌كانی وه‌كو : كو‌لتور و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نیوانی تاكه‌كانی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و جۆره له‌یه‌ك چونێك له ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له هەمووو وڵاته‌كاندا.
ئه‌م گۆڕانكاریانه په‌روه‌رده و ڕۆشنبیریش ده‌خەنه خزمه‌تی سرفی بزنسه‌وه له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردن و زامنكردنی سه‌رتاپای خزمه‌تگوزارییه‌كانیش به خه‌سته‌خانه و چاره‌سه‌ركردنیشه‌وه، له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌هاو په‌یوه‌ندی دێرینه‌ی كۆمۆنێتیه‌كان و به‌ده‌ر‌هێنانی ڕه‌گوڕیشه‌ی هەموو په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆڤانه و كردنیان له باشترین حاڵه‌تدا به مرۆڤێكی ئالی، خۆ په‌رستی ده‌ست به‌كڵاوی خۆوه‌گرتوو، كه له‌سه‌ر كاره‌وه بۆ ماڵه‌وه و له ماڵیشه‌وه بۆ سه‌ركار، ده‌بێته به‌شی سه‌ره‌كی ژیانی و. له خراپترین حاڵه‌تیشدا مرۆڤه‌كان ده‌كاته ناده‌ربه‌ست و شێت و موعتاد و هتد.
گه‌رچی گۆڕانكارییه‌كان ئه‌م لایه‌نه خراپانه‌شی دێت به‌دووادا، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هیوای هێنای دنیایه‌كی نوێ، كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ ، به‌گوێماندا ده‌چر‌پێنێت، كۆمه‌ڵگا و دنیای مرۆڤانه و مرۆڤایه‌تیی، كه دوا قۆناغی ئه‌م ژیانە و ڕه‌وتی كۆمه‌ڵگایه، كه به‌حه‌تمی و به ناچاری كۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی هه‌ر له ئێستاوه بۆ ده‌نێت.
من له‌گه‌ڵ هەموو ئه‌مانه‌دام و باوه‌ڕیشم وایه ئه‌مانه هه‌نگاوی زه‌روری و سه‌ره‌تایین و له شۆڕش نزیكمان ده‌كەنه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و هیوایه به‌دی ناكه‌م، که كۆمه‌ڵگایه‌كی وا له ئێستادا بهێنێته كایه‌وه، كه سه‌رفرازی ته‌واو بۆ فه‌رده‌كانی به‌رهه‌م بهێنێت، وه‌كو له‌لایه‌ن سیاسییه‌كان و خۆشباوه‌ڕه‌كانه‌وه، ده‌درێت به گوێماندا.
لا‌ی من ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه چه‌ندێك گه‌وره بن، چه‌ندێك خۆیان به كار او گرنگ نیشاند بدەن، به‌ڵام له دوو مه‌سه‌له‌ی گه‌وره به دوورن و لێیان داماڵراون، كه ئه‌و دووانه‌ش بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن، كه هیوای بۆ ده‌خوازرێت و گۆرانی پیادا ده‌وترێت، ئه‌و دوانه‌ش ئازادی و عه‌داله‌تی ئیجتیماعین. هۆی ونبوونی ئه‌م دوو خاڵه سه‌ره‌كیه‌ش خوازیاریی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته.
ڕونتر قسه بكه‌م ئه‌م ناڕه‌زاییانه، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، ئه‌م شه‌پۆلی خۆپیشاندانانه ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود بگۆڕیت به ده‌سه‌ڵاتێكی تر، یا ڕاستتر ده‌ستی ده‌ستی كردن به‌ده‌سه‌ڵات بكات. خودی ده‌سه‌ڵاتیش ڕێگری ته‌واوی هه‌بوونی ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیه، چونكه گه‌ر وانه‌بێت سوود و قازانج و سه‌رمایه دروست نابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات دیلی گه‌نده‌ڵیه، چونكه خۆی له‌سه‌ر ئه‌و دوو خاڵه دروست بووه و بۆ به‌رده‌وام بوونیشی ده‌بێت قه‌واره‌و سنووری ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌سك بكاته‌وه‌و گه‌ر ته‌نگیشی پێهه‌ڵچنرا، ئه‌وا ده‌ستی خۆی به خوێنی خه‌ڵكه‌كه‌ی سور ده‌كات.
به كورتییه‌كه‌ی ناڕه‌زایی و داخوازییه كۆمەڵایەتییەكان و نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه به‌رگی سیساسییان به‌به‌ردا كراوه و ده‌كرێت و له‌لایه‌ن سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌فرۆشرێنه‌وه به‌خه‌ڵك بۆ به‌دیهێنانی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان.( له‌كۆتایی ئه‌م نوسینه‌دا ئه‌م خاڵه باشتر ڕونده‌كه‌مه‌وه).
مەیدانی ئازادی یا سه‌رای چه‌واشه‌كاری و خه‌ساندن؟!
كێن ئه‌وانه‌ی له مەیدانی ئازادی‌دا كۆبوونه‌ته‌وه و داخوازییه‌كانیان چین؟
مەیدانی ئازادی ده‌نگ و ڕه‌نگێكی تێكه‌ڵه‌یه، نوێبه‌رایه‌تی به‌ته‌نها توێژاڵێك، كۆمه‌ڵێك یا پارتێك ناكات، داخوازییه‌كانی مەیدانی ئازادی داخوازی سیاسیانه‌ن و دافعی جیاجیایان به‌خۆوه گرتوه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانی جیاجیا و كۆمه‌ڵی جیاجیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هێزی مەیدانی ئازادی، هێزی كپكردن و كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵكی و وه‌ڕسكردنیانه و پاڵپێوه‌نانیانه به‌ره‌و ماڵه‌وه.
مەیدانی ئازادی ئه‌و بازاڕ و مه‌یدانه سیاسییه، كه موزایه‌ده و مونافه‌سه‌ی سیاسی تێدا ده‌كرێت، خیتابی حه‌ماسی تیادا ده‌ده‌رێت، په‌یامی “شۆڕشگه‌ڕانه‌ی” تیادا به‌گوێی خه‌ڵكه‌كه‌یدا ده‌درێت، قسه‌ی باقوبریقدار ی تیادا ده‌كرێت، په‌یمان و به‌ڵێنی بێئه‌ساسی تیا به‌جه‌ماوه‌ر ده‌درێت، سه‌رمایه‌ی سیاسی لێ‌دروست ده‌كرێت، بوو‌نی زات و گه‌وره‌كردنی قه‌باره‌ی شه‌خسی و شوهره‌ی شه‌خسی تیادا ته‌شه‌نه پێده‌درێت، زه‌مانی موحه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر و چوار یاره‌كه‌ی له‌ناو ئه‌م مەیدانی ئازادییه‌دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه به كردنی نوێژی هه‌ینی و ناردنی په‌یامی “موسڵمانان” ئیرشاداتی دینی و خوێندنی مه‌واعیزی دینی و گه‌لێكی تر، ئه‌مانه هەموووی له‌سه‌ر حسابی داخوازییه كۆمه‌ڵایەتییه‌كانی خه‌ڵكانی ئاسایی. كه مه‌سه‌له و كێشه ئه‌ساسیه‌كانیان، كه ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌سڵی بوون، لێڕفێنراون. كاتێك جه‌ماوه‌ر خاوه‌نی بوون و سكاڵایان دژی ده‌كرد و كه‌س گوێی لێ نه‌ده‌گرتن، سه‌رانی ئه‌م گروپ و كۆمه‌ڵانه برابه‌ش بوون له دزینی ڕه‌نجی جه‌ماوه‌ر و ڕاوڕوتی سامانی وڵات‌دا، هه‌رچیش نوسه‌رانی لیبراڵ بوون، موچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرت و بیتاقه‌ی ته‌یاره‌ی هاتنه‌وه‌یان بۆ وڵات بۆ ده‌بڕرا و كۆڕی گه‌وره‌یان له تەلەفزیۆن و له یانه كۆمەڵایەتییەكاندا بۆ ساز ده‌كرا و ده‌ستی ڕێزیان لێده‌نرا.
مەیدانی ئازادی ئه‌و مه‌یدانه‌یه، كه كێشمانكێشی شه‌خسی و فیكری چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردووی نێوان ده‌سته ڕۆشنبیره لیبراڵه‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كانی تیا ده‌بینرێت، كێشه‌ی نێوان ئه‌وانن له‌گه‌ڵ باقیه‌كه‌ی تری‌دا، كێشه‌ی نێوان پارت و گرپه‌كانن هه‌ر له كۆمونیسته‌كان و چه‌په‌كان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه تا ده‌گاته سه‌ر ئیسلامییه‌كان. ئه‌مانه هەموویان له‌وێن، به‌ڵام هەمووویان بۆ خۆیان و له پێناوی كێشه‌ی خۆیاندا، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و چه‌سپاندنی هێڵی سیاسی خۆیان. هه‌ر هەموویان له پێناوی به‌دیهێنای ده‌سه‌ڵاتێكی تازه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كدا، ته‌با و ئاشتن و جیاوازییه‌كانی نێوانیان به خۆشی و خۆیان وته‌نی به ڕێگای “مه‌ده‌نی” ده‌ناسن و ڕێزیان لێده‌گرن، تا ئه‌و كاته‌ی كه ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست. ئیدی له مینبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی، ئه‌م له‌و ده‌خوێنێ و ئه‌وی دی ده‌یه‌وێت سه‌ری ئه‌وی تر پان بكاته‌وه.
هه‌رچی ده‌سته ڕۆشنبیره‌كه‌یه، خۆیان به توێژاڵێكی زۆر زانا و عەقڵدار ده‌زانن و له باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌ڵێك به‌رزه‌وه ته‌ماشای باقیه‌كه‌ی تر وه‌كو نه‌زان و نه‌فام ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ناو به ناو نامه‌یان ئاڕاسته ده‌كه‌ن و خیتابی حه‌ماسیان بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌مان باوه‌ڕیان به هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌یه، به ته‌وجیهكردنیان هه‌یه، به‌عاقڵكردنیان هه‌یه، ئه‌مان چاره‌سه‌ری گیروگرفته كۆمەڵایەتییەكان به دوو شت ده‌كه‌ن؛ یه‌كه‌میان گۆڕینی عه‌قڵ، دووهه‌میان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاق و بوو‌نی ئیلتیزامی ئه‌خلاقی و پاراستنێتی، ئه‌مان باوه‌ڕێیان به ده‌سته بژێر ( نوخبه) هه‌یه، كه ده‌ور بگرێته‌ده‌ست، ئه‌مان سیاسه‌ت به زانست و هونه‌ر ده‌زانن، جا بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت بدرێته ده‌ست نوخبه و ڕه‌شه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی لێ به‌دوور بگیرێت، چونكه ئه‌وان نه‌خوێنده‌وارن و له هونه‌ری سیاسه‌ت و له زانستێتی سیاسه‌ت نازانن.
به‌ختیار عه‌لی ( مەیدانی ئازادی له دیدی –به‌ختیار عه‌لی–ه‌وه) ده‌ڵێت: ” گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێكه له ئیلتیزامی ئه‌خلاقی و ئینسانی من به‌كێشه‌یه‌كه‌وه، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م چه‌ند ساڵه له ڕێگه‌ی نووسینه‌كانمه‌وه رۆڵێكم هه‌بووه له دروستكردنی جۆرێك له هوشیاری ره‌خنه‌ییدا، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌گه‌ر كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆشم له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه نه‌بووبێت كه له‌سه‌ر جاده‌یه، ئه‌وا له‌و كه‌شه سیاسییه گشتییه‌ی كه دروستبووه گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی بچوكیش بێت ده‌ستێكی منی تیا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێك له ئیلتیزامی ئه‌خلاقی بوو به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی نووسیومه “.
هه‌ر له هه‌مان دیدیدا، دواتر ده‌ڵێت “تا ئێستا هه‌ستده‌كه‌م خۆپیشاندانه‌كان له‌سنووری حه‌ماسه‌تێكی كاتی تێنه‌په‌ڕیون، ئه‌وانه‌ی رێكخه‌ری خۆپیشاندانن مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی سیاسییه، كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه تۆ له‌بازنه‌ی ده‌سكه‌وتی سیاسی‌دا بمێنیته‌وه گه‌مه‌كان ده‌كه‌وێته ده‌ست هه‌ندێك هێزی سیاسییه‌وه، له‌كاتێكدا زۆر گرنگه ئێستا گه‌مه‌كه بكه‌وێته ده‌ست هەمووو كۆمه‌ڵگاوه، بێته ده‌ست هەمووو ئه‌و نوخبه چالاكه‌ی له‌زانكۆكان‌و له‌فه‌رمانگه‌و له‌كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و میدیاكاندان، ئایا ئێمه له‌م خۆپیشاندانانه‌دا توانیومانه وابكه‌ین؟ به‌ڕاستی زۆر زه‌حمه‌ته به‌پۆزه‌تیڤ وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌مه‌وه“.
له‌و لاشه‌وه ناسك قادر له دیمانه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی سبه‌ی دا ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان پێبڵێت، كه ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكانی سه‌رشه‌قام كه ئه‌وانن جودان، ئه‌و وای ده‌بنێت كه ده‌سه‌ڵات له سیاسه‌ت نه‌گه‌یشتوه، بۆیه وامامه‌ڵه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕان ده‌كات و ده‌ستیان به‌خوێنیان سور ده‌كات. ده‌ڵێت“ماهیه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا جیاوازه، چونكه ئۆپۆزسیۆن هێزێكی سیاسیه، به‌ڵام شه‌قام بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، له‌ڕاستیدا ئه‌وان ئه‌گه‌ر له سیاسه‌ت بگه‌یشتنایه ده‌بو ئه‌وكاته‌ی كه چه‌كداره‌كانیان گوللـه‌یان نا به‌هاونیشتیمانیانه‌وه خۆیان ساغ بكردایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه بۆمان ده‌ركه‌وتوه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت نه‌گه‌شتوه، له‌و روه‌وه كه سیاسه‌ت…..” دیمانه له‌گه‌ڵ سبه‌ی دا . ده‌سه‌ڵاتی كوردی شه‌رعیه‌ت ی نه‌ماوه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستییه، ئەوەیە کە ئه‌و له سیاسه‌ت نه‌گه‌یشتووه، سیاسه‌ت وه‌كو پێشتر باسم كرد، كردنی هەمووو شتێكه و به‌كارهێنانی هەموو شتێكه كه هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵات بهێڵێته‌وه. با ناسكه خان شوێنێكم له‌م دنیایه‌دا پێ بڵێت، كه سیاسییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌جێهێڵابێت له‌ژێر فشاری ناڕه‌زایی خه‌ڵكدا بێ خوێنڕشتن. باوه‌ڕ ناكه‌م ناسكه خان به‌سیاسییه‌كانی به‌ریتانیا و ئیتالیا و ئیسرائیل و شوێنه‌كانی تر بڵێت سیاسی نین، كه هه‌ر هەموویان ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵك سوور بووه.
له به‌ریتانیا له خۆپیشاندانه‌كه‌ی 26.03.2011 دا كه زیاتر له نیوملیۆن خه‌ڵك چووه سه‌ر جاده، دژی (Cuts In Services and Jobs) کە 157 گه‌نج دایان به‌سه‌ر (Fortunm & Mayson) له ناویدا به ئاشتیانه دانیشت، كه‌چی پۆلیس 138 كه‌سیانی گرت، كه زۆربه‌یان قوتابی گه‌نج بوون و هه‌ندێكیان ماوه‌ی 48 سه‌عات له پۆلیسخانه مانه‌وه و دواتر كه به‌ره‌ڵاكران، نه‌ك هه‌ر مۆباییلفۆن و ده‌فته‌ر و كاخه‌ز و جانتاكانیان لێسه‌ندرا، به‌ڵكو جله‌كانی به‌ریشیان لێسه‌ندران و به بیجامه‌ی پۆلیسه‌وه ناردنیانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، كه كاتێك به‌ره‌ڵایان كردن. كه ته‌نها تاوانیان دانیشتن بوو له ناو ئه‌و شۆپه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ته‌عه‌هودیان پێپڕكراوه‌ته‌وه، كه ده‌بێت له مانگی ئایاریشدا له دادگا ئاماده بن و تا ڕۆژی دادگاییكردنیشیان، ده‌بێت 5 میل دوور بن له سێنته‌ر و ئه‌و شۆپه‌شه‌وه. خۆگه‌ر به‌ردیان بگرتایه‌ته پۆلیس ئه‌وه پۆلیس به ده‌یه‌های گه‌ر لێ نه‌كوشتنایه، ئەوا لێی بریندار ده‌كردن. من پاسا و بۆ ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی كوردی ناده‌م، بگره ده‌مه‌ویت بڵێم، كه خودی ده‌سه‌ڵات به ته‌بیعه‌ت فاشییه و فاشیه‌ت و دیكتاتۆریه‌ت مه‌یل نییه به‌ڵكو ته‌بیعه‌ته و سروشتی ده‌سه‌ڵاته.
هه‌رچیش كۆمه‌ڵ و گروپه‌كانی ترن، له كێشمانكێشی هه‌یمه‌نەكردنی مەیدانی ئازادیدان، هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت ، به‌شی شێریان له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌بێت له خه‌ڵكانی گوێگر و چه‌پڵه‌لێده‌ر، جه‌خت له‌سه هه‌بوونی كاریگه‌ری ته‌واوی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه بۆ ڕاكێشانی بڕێكی تر له لا‌یه‌نگر و پشتگیری كه‌ران. به‌ڵام هه‌ر هەمووو له‌سه‌ر ترنجاندنی خه‌ڵكه‌كه‌ی مەیدانی ئازادی دا و خیتابدان بۆیان و كۆنترۆڵكردنیان ڕێكن، پرنسپڵی گه‌ر نه‌توانم ببم به كۆمه‌ڵ و گروپی یه‌كه‌م له هاندان و جوڵاندنی ئه‌م خه‌ڵكه‌دا و له‌وه‌شه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی كردنیان، با هیچ نه‌بێت ئه‌م خه‌ڵكه نه‌بێته جه‌ماوه‌ری لایه‌نێكی تر، له مەیدانی ئازادی، به‌رده‌وامه.
ئه‌م جۆره تاكتیكه لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی كوتومتی خۆپیشاندانه‌كانی مه‌یدانی ئازادی قاهیره‌یه، بێئه‌وه‌ی زروف و هێزی خۆپیشانده‌ران و داخوازییه‌كانیان و زه‌مان و مه‌كانی ئه‌وان ڕه‌چاو كرابێت.
من گومانم نییه له نییەتی پاكی خۆپیشانده‌ران و ئه‌نجومه‌ن و قسه‌كه‌ره‌كانی مەیدانی ئازادی، به‌ڵام ئه‌مه له به‌ژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته به بچوككردنه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی و ته‌سككردنه‌وه‌ی داخوازییه‌كان له داخوازی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، كه هی جه‌ماوه‌ری كوردین، بۆ داخوازی سیاسی له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و گروپ و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسیه‌وه. ئه‌مه وه‌ڕسكردن و هیلاككردنی خه‌ڵكه و بێزاركردنی خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ری سه‌رایه، كه كاروكاسبیان ڕاگیراوه و له دڵه‌ڕاوكێ و ترس‌دا ڕۆژو شه‌و ده‌كه‌نه‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات گه‌مژه و گه‌لحۆ نه‌بێت، پارێزگاریان لێده‌كات و نان و ئاو و پێخه‌فیان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات و لێیان ده‌گه‌ڕیت با هه‌ر هه‌ڵبه‌ست و مه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و خیتابی حه‌ماسی و مه‌وعیزه‌ی دینی بخوێننه‌وه، گوڵی شۆڕشی یاسه‌مینی و نێرگسی ببه‌خشرێته‌وه، سه‌رئه‌نجام خه‌ڵكه‌كه خۆی كۆڵده‌دا و ڕووده‌كه‌نه‌وه ماڵی خۆیان.
هه‌ڵبه‌ته من له‌مه‌دا پێشنیازی شه‌ڕی شه‌قام و به‌یه‌كادان و تاڵانی دوكان و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان و سوتانیان و به‌كارهینانی توندوتیژی ” شۆڕشگێرانه و ناشۆڕشگێرانه” ناكه‌م. من به‌شبه‌حاڵی خۆم، لایه‌نگیری هیچ كام له‌وانه نیم.
درێژەی هەیە…
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.