ژنکوشتن

30/06/2022

بە داخەوە لە بریتانیاش ژنکوشتن دیاردەیەکی دیار و نامرۆیانەیە کە لە هەفتەیەکدا لە 2 ژنەوە بۆ 3 ژن لەلایەن هاوسەر و پارتنە و ئەندامانی خێزان و دەرەوەی خێزانەوە دەکوژرێت.

هۆکاری کوشتنی ژنان لیرە جیاوازە تاکو لای خۆمان ، بە هیچ شێوەیەک کولتوری حیزب نییە، بەڵکو هۆکاری جیاوازی دیکەی  هەیە وەکو : هۆکاری ئابوری واتە نەبوونی و نەهامەتی ، نەخۆشی دەرونیی ، کێشەی منداڵ و نێوخۆی خێزانیی ، بەغیلیی و دڵپیسیی و بە گومانی لە بوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسی دیکەدا، پرسی بۆماوەیی [ ویراسە] و دەستکەوتنی پارە کاتێك کە کەسی کوژراوە خۆی بە پارەیەکی زۆر تەئمین کردووە یاخود بە کوشتنی پارەی زۆر یاخود موڵك لە دوای خۆی بەجێدەهێڵیت…. دیارە هۆکاری دیکەش هەن.

ئەم ئامارانەی خوارەوە ژمارەی ئەو ژنانە نیشاندەدات کە کوژراون و کە هەندێك ساڵیش لەچاو ساڵی پێشترا بەرزتر بووەتەوە چ جای بوونی لۆکداون و مانەوەی خەڵك لە ماڵدا لە سەردەمی گەرمەی کۆرۆنادا.

ساڵی 2014   94 ژن کوژراوە

ساڵی 2015  122 کوژراوە

ساڵی 2016   110 کوژراوە

ساڵی 2017  137 کوژراوە

ساڵی 2018  130 کوژراوە

ساڵی 2019  151 کوژراوە

ساسڵی 2020  122 کوژراوە

ساڵی 2021  132 کوژراوە

ساڵی 2022 واتە ئەمساڵ تاکو 27/06  43 ژن کوژراوە.

دیارە ئەمانە ژمارەی ئەو ژنانەن کە بە فەرمی ناویان بە کوژراو تۆمارکراون .  دیارە ژنانی دیکەش کوژراون بەڵام لەبەر ئەوەی لاشەیان نەدۆزراوەتەوە بە نەزانراو دانراوە .

کەڵەشێرەکەی تورکیا

زاهیر باهیر

29/06/2022

کەڵەشێرەکەی تورکیا بەسەر سوید و فنلەندەشدا تسیی هەر ئەوان مابوون. دەمێکە تسییوە بەسەر بریتانیا و ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و لیبیا و ئیسرائیل و ئەرمینیا و میسر و  وڵاتانی عەرەبی  و داعش و پارتی و یەکێتیدا.

  زیرەکانەش توانی پەکەکە بخاتەوە شەڕ تاکو سێ کوردستانی : باکور ڕۆژاوا و باشوور بە پاساوی تیرۆریزم و تیرۆریستی پەکەکە وێران بکات و گڵؤپی سەوزیشی بۆ هەڵبکرێت بۆ هەر شوێنێك بیەوێت بڕوات.

سیاسی کورد و سەرکردەی هەموو حیزبەکان زەروورە لە عەقڵی سیاسیی تەڵەکەبازیی و ساختەی ئەردۆگانەوە فێر بن . ئەردۆگان تەنها زیرەکانە  هەموو هەڵە سیاسییەکانی حیزبە کوردییەکان و سەرکردەکانیان دەقۆزێتەوە و بۆشاییەکان پڕدەکاتەوە.

 کە تۆ هەڵەت کرد دەبێت باجەکەی بدەیت ، کە تۆ بۆشایت دروست کرد دەکرێت کەسێکی دیکە خۆی پیاکا و پڕی بکاتەوە، کە تۆ خاڵی لاوازت دا بەدەستەوە دەکرێت دوژمنت بیقۆزێتەوە و وەکو چەكێك دژت بەکاری بهێنێت.

  لۆمە خۆت بکە نە ئەردۆگان و نە ناتۆ ، ئەو کەسەی ، ئەو لایەنەی کە تا ئێستا نەیتوانیبێت بە باشی دەوڵەتەکانی ڕؤژئاوا و ئەمەریکا و تورکیا بخوێنیتەوە ، ئەو کەسەی کە دەهۆڵی حکومەتی باش  و لە هەوڵی حکومەتی دیمۆکراتیدا بێت و دەسەڵاتێك لە دەسەڵاتێکی دیکە جیا بکاتەوە ، خوازیاری خراپ بێت لەبری خراپتر .. نە جێی بەزەییەو و نە جێی ئومێدیشە.

پارێزەرانی بواری تاوانکاریی لە ئینگلتەرە و لە وێڵسدا لەسەر کار ماندەگرن  

28/06/2022

زۆرێك لە کرێکاران و کارگەرانی  بەشەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان لە ئامادەباشی مانگرتندان و و هەندێکیشیان لە مانگرتندان .

لە دوێنی ، دوو شەمەوە، 27 /06 وە پارێزەرانێك کە زۆربەیان گەنجن و خزمەتیان زۆر نییە کە لە بواری تاوانکاریدا کاردەکەن مانیان لە کارکردن گرتووە و ئەمڕؤش هەر بەردەوامە.  داخوازییان زیادکردنی موچەکەیانە کە هەندێكیان موچەیان دێتە  خوار لانی کەمی کرێ دوای دەرکردنی پارەی هاتووچۆ و خوارددن و تێچونەکانی دیکە لە کاتی کارکردندا .

ئەمان داوای زیادکردنی کۆمەکی یاساییی کارکردن لەسەر و لە سەدا 15 وە دەکەن و  ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی تاوانەکان دەڵێن ئەوە زۆر کەمە و دەیانەوێت 25% بێت.

بە هۆی کەمی ئەو بودجە و کرێیەوە لە سەدا 22ی ئەم پارێزەرانە لە ساڵی 2016 وە تاکو ئێستا وازیان لە کارەکەیان هێناوە.

 لەوەتی حیزبی موحافیزین لە ساڵی 2010 وە هاتۆتە سەر  حوکم بوجەی  کۆمەکی یاسایی بە ڕێژەی لە سەدا 44 دابەزیوە، ئەمەش وای لە زۆربەی زۆری خەڵکی کردوە لە کاتی هەبوونی کێشەیەکدا لە گرتنەبەری ڕێگای  یاسایی چی دی ناتوانن هاوکاری دارایی لەو بوجەیە وەرگرن بۆ گرتنی پارێزەری تایبەتی بۆ بەڕێكردن و بردنەوەی کەیسەکەیان لە داداگادا .  بەم هۆکارەشەوە بڕێکی زۆری ئەو کەیسانەی کە لە سەدا سەد دڵنیا نین کە کەیسەکە دەبەنەوە ناچنە داداگاو واز لە مافی یاسایی خۆیان دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا 55 هەزار کەیس لە دادگادا هەیە و چاوەڕوانی کار لەسەرکردنیان دەکرێت کە هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ کە لە لیستی چاوەڕوانی بڕیارداندان بۆ کردنەوەیان کارکردن لەسەریان.

پارێزەران بڕیاریان داوە هەمو هەفتەیەك ڕؤژێك زیاد بکەن بۆ مانگرتنەکەیان کە بڕیارە گەر حکومەت داخوازییەکەیان جێ بەجێنەکات بەردەوام بن لە مانگرتنەکەیان کە لە 18ی مانگی تەموزوە ڕۆژانی مانگرتن دەبێتە 5 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.

هاوکاتیش دکتۆری خەستەخانەکان داوای لە سەدا 25 زیادکردنی موچەیان دەکەن .  کرێکارانی دائیرەی پۆست و بەشەکانی بە گشتی بڕیاریان لەسە مانگرتن داوە بە هۆی ئەوەی کە ئیدارە ئامادەی زیادکردنی کرێ نییە .  کرێکارانی بەشی بارگرتن و داگرتنی جانتا لە هێڵی ئاسمانی بریتانی لە مانگی ئایندەدا بریارە مانبگرن .  نقابەی مامۆستایان وڕاوەی مانگرتن دەکەن. لە لایەکی دیکەوە 150 کرێکاری ترامەکان ئەوانیش بەم زوانە بڕیارە کە مانبگرن.

بێ گومان زۆر بەشی دیکە هەن کە ناڕازین لە موچە و کرێ و بەرزبوونەوەی پێداویستییەکانی ژیانیان کە نقابەکانیان لە ئێستادا قسە لەسەر مانگرتن دەکەن.

خۆپیشاندەرانی ئیکۆادۆر بەندێكی داخوازییەکانیان بەدەستهێنا

28/06/2022

حکومەتی ئیکوادۆر پاش ڕژانە سەر شەقامی خەڵکی لە ڕۆژی 13/06 وە بۆ دابەزاندنی نرخی وزە و سوتەمەنی و پێداویستییەکانی ڕۆژانە و وەستاندنی دانەوەی قەرزی بانق و هاوکاری دانیشتوان بە دابەزاندنی نرخی سەمادی کیمیاوی کورتکردنەوەی دەستی کۆمپانیا گەوەرەکان و وەستانی کاریان لە بە تاڵانبردنی سامانە سروشتییەکانی وڵات کە  بۆ ئەمانەش 7 قوربانیان دا، دوێنێ سازشێکی باشیکرد و نرخی گازۆیل و سوتەمەنی دابەزاند.  هاوکاتیش داوای دانیشتنی لەگەڵ خۆپیشاندەران کردووە. ڕەنگە ئەم سەرکەوتنە بچوکە هاندەریان بێت بۆ بەردەوامیدان بە ناڕەزاییەکانیان و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی دیکەیان.  

پەنابەران بە هۆی سیاسەتی نامرۆڤانەی حکومەتی بریتانیاوە بوونەتە قوربانیی:

26/06/2022

پاش چەند ساڵێك ژمارەی ڕاستی ئەوانەی کە گیانیان لەو هوتێل و خانوانەی کە دائیرەی پەنابەر و کۆچ پەنابەرانیان تێناون دەردەکەوێت.

سیاسەتی نامرۆڤانەی ئەو دائیرەیە و بەڕێوبەرانیان بووە هۆی تیاچوونی 107 پەنابەر لە نێوانی ساڵانی 2016 و2022 دا. ئەم ژمارەیە زیاترە لە ژمارەی فەرمی کە دائیرەی پەنابەر و کۆچ نیشانیان داوە.

بە گوێرەی ئاشکرابوونی دەیتایەکی نوێ 17 لەوانە خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە یاخود ئاوا گومان دەکرێت. 41 لەوانە وا ناسێنراون کە کێشەی تایبەتیان هەیە یاخود لاواز و بارخوارن و باری دەروونییان شێواوە .

ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەوانەی کە گیانی خۆیان لە دەستدەدەن لە هەڵکشاندایە. ئەم ژمارەیە ساڵی 2019 دەدا تەنها 4 کەس بووە ، ساڵی 2020 هەڵکشاوە بۆ 36 کەس و ساڵی 2021 بەرزبووەتەوە بۆ 40 کەس و ئەمساڵیش تا ئێستا 6 کەس.

ئەو دوو وێنەیە یەکێکیان هی گەنجێکی ئێرانییە کە تەمەنی 23 ساڵ بووە ، لە 07/09/20 بە هەڵواسینی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە .  ئەوی تریان گەنجێکی تر بە ناوی موحەمەد کەمارە، تەمەنی 26 ساڵ لە ئیڤۆری کۆستەوە هاتووە،  لە 10/11/2020 دا بارودۆخی ژیانی ئەوەندە خراپ بووە و زۆریش نەخۆش بووە و هیچ چارەسەرێکی بۆ نەکراوە لە ڕؤژی 10/11/2020 دا بە مردوویی لە ژورەکەی خۆیدا دەدۆزرێتەوە.

زۆربەی ئەمانەی کە مردون یاخود کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە هەمووی لە گوێ پێنەدانی دائیرەی کۆچ و پەنابەری بریتانیاوە بووە کە نەخۆشی و باری دەروونییان بە جددی وەرنەگیراوە تا ئەو ڕادەیەی یا مردوون و یاخود خۆیان کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە. 

ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئیکوادۆر

26/06/2022

دوو هەفتە زیاترە کە بە سەدەها هەزار کەس لە دانیشتوانی خەڵکی ئیکوادۆر لە سەر شەقامەکانن دژ بە بەزبووونەوەی نرخی سوتەمەنی و  وزە و پێداویستیییەکانی ڕۆژانەی خەڵک .

لەو کاتەوە 5 کەس زیاتر بوونەتە قوربانی و بە گوێرەی ڕاپۆرتی حکومەتیش 12 پۆلیس برینداربوون. لە ساڵی 2019 دا مانگرتنەکان هەر لەوێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو ، ئێستاش داخوازییەکانی خەڵك لە 10 خاڵی سەرەکیدا چڕ بووەتەوە کە هەندێك لەوانە:  هەڵپەساردنی نرخی سوتەمەنی و وزەیە، ڕاوەستانی دانەوەی قەرزەکانی بانقە و هەروەها نەکردنی هەڵکۆڵینی زەوی و خاکیانە بۆ کانگا بەنرخ و بەهادارەکانە لە لایەن کۆمپانیا گەورە و بێگانەکانەوەیە و هەروەها هاوکاری دانیشتوانە بۆ  دابەزینی نرخی سەمادە کیمیاوییەکانە.

ئاشكرایە کە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەدانی قەرزێك بە بڕی 6.5 ملیار دۆلار بە حکومەتی ئیکوادۆر بۆ چارەسەری کۆرۆنا و هاوکاری دیکە چەندەها مەرجی سەپاندووە بەسەر حکومەتدا بۆ بەڕێکردنی سیساسەتی دەستگرتنەوە ، واتە تەقەشوف. کە ئەمە گرێبەستێکە لە نێوانی ئەو دەزگە دراوییە و حکومەتدا بۆ ئەوەی کە حکومەت متمانەی وەرگرتنی ئەو قەرزەی هەبێت لە لایەن صندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە. 

هەر بۆ زانیاریت :

زاهیر باهیر

24/06/2022

بە باشم  زانی چەند پەڕەگرافێكی وتارێکی  نوسەر و ڕۆژنامەوان و کەمپەینی ژینگە پڕۆفیسۆر جۆرج مۆنبیوت  کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی گاردیاندا لە ژێر ناوی ” ڕێگەیەکی سادە هەیە بۆ یەکگرتنی  هەمووان لە بەرگریی دادپەروەری ژینگە –  کە کردنی  لە توناماندایە” نوسیوە ، کە زانیارییەکی کەمت پێدەبەخشێت لەسەر ڕۆلی بریتانیا و کۆمپانیا گەورەکان و صندوقی دراوی نێو دەوڵەتی. ئەو لە وتارەکەیدا دەڵیت:

شیکارییەک لە گۆڤاری Global Environmental Change دەریدەخات کە ساڵانە 10تریلۆن دۆلار بەها لە وڵاتە هەژارەکان لەلایەن دەوڵەمەندان و ساماندارانەوە دەردەهێنرێت، لە شێوەی کەرەستەی خاو و وزە و زەوی و هێزی کار.   ئەمەش 70 هێندەی ئەو پارەیەیە کە پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژارییەکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا. . ئەم دەرهێنانە چارەکێک لە بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ گەلانی دەوڵەمەند دابین دەکات: زۆربەی سامانی ڕواڵەتی ئێمە لەسەر ئیستغلالکردنی وەستاوە.

قەرز ئیمپریالیزمە بە رێگەی تر.  هاوتایە بەو  باجە خۆییانەی کە بەریتانییەکان بەسەر کۆلۆنیەکانی ئەفریقادا دەیسەپێنن.   ئەم باجانە کە زۆرجار بەو دراوانە وەردەگیران کە ئەفریقییەکان خاوەنیان نەبوون، ناچاریانی دەکرد سەرچاوەکانیان یان کارەکانیان ڕادەستی پڕۆژە کۆلۆنیالیەکان بکەن.   ئەمڕۆ قەرزی دەرەکی گەلان ناچار دەکات سەروەت و سامانەکانیان ڕادەستی وڵاتە دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بکەن.

بۆ نموونە راپۆرتێکی گرین نیو دیل باس لەوە دەکات کە قەرز لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە وەک ئامرازێک بۆ پابەندکردنی حکومەتی سەنیگال بەکارهێنراوە کە رێگە بە کۆمپانیا ئەمریکی و ئوسترالی و بەریتانیەکان بدات کە نەوت و گازەکەی بقۆزنەوە.  بەپێی زانیارییەکان، لە ئەرجەنتین، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) فشاری  بۆ پەرەپێدانی حەوزی زەبەلاحی گازی شیل ڤاکا موێرتا، [Vaca Muerta ]، داناوە، بە بەکارهێنانی هەمان باجی  هاوشێوە.  گەلانی هەژارتر کە هەژارن و بەهۆی قەرزەوە ناچارکراون، بژاردەیەکی دیکەیان نییە  جگە لەوەی ڕێگە بدەن پیشەسازییە وێرانکەرەکان بیانقۆزنەوە. ئەوانەی کە کەمپەین دژ بەمە دەکەن بۆ ئەمە زاراوەیەکیان هەیە: دیپلۆماسی تەڵەی قەرز.

تەنها دەرهێنان نییە کە ئەم قەرزانە کارا دەکەن، بەڵکو مانەوەیە واتە بەکارهێنانی سیاسەتی دەستگرتنەوە.   شیکارییەکی ئۆکسفام دەریدەخات کە 85٪ی ئەو قەرزانەی بۆ مەبەستی چاررەسەری کۆرۆنا لە لایەن  سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بە گەلانی هەژار دراوە، پەیوەست بووە بە بەکارهێنانی بەرنامەکانی سیاسەتی دەستگرتنەوە ، تەقەشوف : سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قووەت و کارایی قەرزەکان بەکاردەهێنێت تاکو حکومەتەکان بەرنامەی بڕینی پارەی مووچە و خەرجکردنی کەمتر لە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پشتیوانیکردنی  هەژارانی میللەتەکەیان، بسەپێنن.

حکومەت و ئازادییەکان و مانگرتنی کرێکاران

زاهیر باهیر

22/06/2022

مانگرتنی دوێنێی کرێکارانی شەمەندەفەری ژێر زەمینی و سەرزەمینی زۆر سەرکەوتوو بوو ، بۆیە ئەمڕۆ ئیدارە ئامادەیە دانیشتنی دیکە لەگەڵ نقابەی کرێکارەکاندا بکات و بگەنە سەرەنجامێك. هیوادارم .

ئاخر چۆن سەرکەوتوو نابێت کە لە کاتێکدا  لە سەدا 72 کڕیکارەکان دەنگیاداوە و لەم ڕێژەیەش لە سەدا 89 دەنگدەران دەنگیان بە مانگرتنی 3 ڕۆژ داوە.

هاوکاتیش ئاخر چؤن حکومەت و کۆمپانیاو خاوەنکار و بزنس ناترسێنێ و هەڕەشەی جددی لەسەر قازانج و سەرمایە و مانەوەیان دروست ناکات؟  ئەوە ئەمانن کە ڕؤژانە 5 ملیۆن کرێکار و کارمەند و قوتابی و گەشتیار و خەڵکانی دی کە بە دەم کاروبارەکانی ڕۆژانەوەیان دەچن، بەڕێدەکەن و دەیانگەیەننە شوێنی مەبەستی خۆیان .  هەر ئەمەش کە حکومەت بڕیاری دا بە بردنە بەردەمی زووی یاسای نوێ سەبارەت بە ئازادییەکان و مافی مرۆڤ کە  بەیانییە، 5شەمە، 23/06 بۆ پەڕلەمان بۆ دەنگدان.

وەزیری پۆلیس و ناوخۆی بریتانیا ، پریتی پەتێڵ، ماوەیەکی زۆرە کە لائیحەیەکی نوسیوە کە بە تەواوی سەراپای مافە ئاساییەکانی خەڵکی بە گشتی و کرێکاران و پەنابەران و کۆچبەران بەتایبەتی تەسك و تەسکتر بکاتەوە تا دەگاتە یاساخکردنی هەموو جۆرە مانگرتنێک لە لایەن کرێکارانی بەشە سەرەکییەکانی پیشەسازی و خزمەگوزارییە بناخەییەکانەو دەکرێن . ئەمەش یانی یاساخکردنی مامۆستایان و  کرێکارانی قیتارەکان و دکتۆر و نێرس و کارمەندانی خەستەخانەکان و کرێکارانی کۆکەرەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاك.

بە بەردەوامیش ئەم لائیحەیە خاڵی زیاتر دەگرێت بە خۆیەوە.  لە ئێستادا ئەوەی بۆ زیاد کراوە کە کۆمپانیاکان لە کاتی مانگرتنی کرێکار و کارمەندەکانیانا مافی هێنانی کرێکارانیان لە نوسینگەی کارەوە هەبێت لە هێنانی کرێکاری  جێگرەوەی ئەوانەی خۆیان.

گوێنەدان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی داگای ئەوروپی کە بریتانیا لە ساڵی 1953وە لە گەڵ 45 وڵاتی دیکەدا  ئەمەی واژۆ کردووە سەبارەت بە کەیسە ناوخۆییەکان.  ئەوەشی کە پەلەی بەم بڕیارەی حکومەت دا مانگرتنەکەی دوێنی ، 3شەم، و ئەو بریارە بوو کە دادگای باڵای ئەوروپا هەفتەی پێشوو بریارەکەی دادگای بریتانیای هەڵوەشاندەوە سەبارەت بە ناردنی ئەو پەنابەرانەی کە لە مانگی نیسانەوە هاتونەتە ئێرەو لە ڕێگای ئاوییەوە بە بەلەم هاتون و زگورتن  بۆ ڕواندە.

یاسای نوێ کە بڕیارە سبەینێ ڕۆژی 5شەمە ، 23/06 ، ببرێتە بەردەم پەڕلەمانی بریتانیا شوێنی یاسا کۆنەکە : یاسای مافی مرۆڤ، دەگریتەوە .  هەروەها یاسا نوێیەکە ئەوەشی تێدایە کە ئەوانەی تاوان دەکەن بی ڕەچاوکردنی  سۆز و هەستی مرۆیانە کە تاوانبار لەبەر خیزانەکەی نەنێرریتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.  هەروەها ناچارکردنی ڕۆژنامەوانان پێشکەشکەرانی فلیمی دۆکۆمێنتەری کە سەرچاوەی زانیارییەکانیانن گەر پۆلیس داوایان لێبکات ، دەبێت بیدەن و نەدانی بە تاوان حساب دەکرێت و سزای یاسایی هەڵدەگریت.

لەوە دەکات وردە وردە ئازادییەکان چۆڕاییان بێت گەر بەرگری و بەگژاچونەوەی دەوڵەت نەبێت و یاساکان نەشکێنرێن.

هەموو هەوڵێك لە ئارادایە بۆ شکاندنی مانگرتنی کرێکارانی شەمەنەفەرە زێرزەمینی و سەرزەمینییەکان 

21/06/2022

میدیا و سیاسییەکان هەموو پاگەندەیەکی درۆ و لێدوانی ناڕەوا دەدەن بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی کە ئەمڕۆ، سێ شەمە دەستی پێکردووە.  هەستکردن بەمەش زۆر ئاسانە چونکە بە مانگرتنی 50 هەزار کرێکار تەنها لە یەك بەشی پیشەسازیدا کە بەشێکی کەمی هاتوچۆیە بریتانیا بە گشتی و لەندەنیان بە تایبەتی لە جوڵە خستووە و کارایی مانگرتنەکەیان هەموو گۆشەیەکی ژیانی گرتۆتەوە. بەڵام کرێکاران بەرپرس نین لە ڕوودانی ئەمە ئەوەی بەرپرسە کۆمپانیاکان و حکومەتە کە دەبێت لۆمە بکرێن .

ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە کە مانبگرن ، خۆپیشاندان بکەن کە لە کاتێکدا لە ساڵی 2010 وە تا ئێستا بە کردەیی و لە بەرانبەر گرانبوونی هەموو شتێکدا لەبری بەرز بوونەوەی موچەیان لە سەدا 18 موچەکەیان دابەزیوە.  هەر ئەمان نین کە موچەیان دابەزیوە، مامۆستایان لە سەدا 8 ی موچەیان لە دەیەیەك لەمەو بەرەوە دابەزیوە،  هەر ئاواش نێرس و مامانەکان لە سەدا  7 موچەیان دابەزیوە ، ئیتر بۆچی نابێت داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن؟ کە لە کاتێکدا سەرۆك و بەڕێوەبەری بانقەکان و کۆمپانیاکان و خاوەنوەزیفە پلە بەرزەکان بەرزبوونەوەی موچەیان بە لە سەدا 30  بەرەوژوورترە ئەمە جگە لە پارەی خەڵاتیی و قازانجی پشکەکانیان لە بزنسەکانا.

سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، بۆریس جۆنسۆن ، کە ماوەیەك لەمەو بەر سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئێرە ڕاگەیاندنێکی دا و تێیدا وتی کە نابێت کرێکاران و کارمەندان داوای پارەی زیادە بکەن چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی دراوی ئێرە ، پاوەند.  بۆریس هاوڕا نەبوو لەگەڵیدا ، کەچی دوێنێ شەو هەمان قسەی سەرۆکی بانقی دووبارە کردەوە ئەمە لە کاتێکدا کە هەموان دەزانین داخوازییەکانی کرێکاران زۆر کەمن و لەچاو بەرزبوونەوەی ئەو توێژاڵەی کە لە سەرەوە ناومهێنان هەر هیچ نییە. کرێکارێك لە مانگێکدا 1200 یا 1400 پاوەند وەردەگرێت داوای بەرزبوونەوەی موچەکەی دەکات بە ڕێژەی لە سەدا 3 دەکاتە چەند؟ لە 1200 پاوەند دەکاتە 36 پاوەند پێش دەرەکردنی تەکس لێی، ئەوەی 1400 پاوەند وەردەگرێت تەنها 42 پاوەند موچەکەی دەچێتە سەرەوە پێش لێبڕینی تەکس.

بۆرریس جۆنسۆن هەر بەوەوە نەوەستا و هەڕەشەی هێنانی کرێکارانی لە نوسینگەی کارەوە کرد کە  لە جێی ئەم کرێکارانە کار بکەن ، بەمەرجێك ئەمە دژ بە یاسای جیهانی کرێکارانە چونکە ئەمە سەلامەتی هاتووچۆکەرا دەخاتە مەترسییەوە و ڕوودانی ڕوداوی زۆر دروست دەکان ، چونکە ئەم کرێکارانە خاوەنی ئەزمونێکی ئاوا نین لەو بوارەدا کە جێگای دڵنیایی بێت.  ئەمە جگە لەوەی کە مارگرێت تاچتەری کۆنە سەرەكوەزیرانی ئێرە  کە لە سەردەمی ئەودا ئەو پەڕی ڕیفۆرم کرا بۆ لێدان لە کرێکاران و بزوتنەوەکەی و بە دانی هەموو کەرتە دەوڵەتییەکان بە کەرتی تایبەتی ، لەگەڵ ئەمانەشدا نەیتوانی قەرەی ئەم تاکتیکە بکەویت .

حکومەتی بریتانی ئامادەیە بە دەیەها ملیار پاوەند هاوکاری سەربازیی ئۆکرانیا بکات و شەڕەکە گەرمتر بکات ، لە لایەکی دیکەوە 37 ملیار پاوەند ساخبووەوە کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا لە ڕێگای دانی کۆنتراکتەوە داویانە بە کەسان و کۆمپانیای نزیك لە خۆیان کە لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکیان نەبووە ، کەچی ئامادە نین 6 ملیار پاوەند هاوکاری میزانییە کە بۆ هاتووچۆی شەمەنەفەرەکان و کارمەندانیان دانراوە بکەن و ئەم کێشەی چارەسەر بکەن!!!.  

 

گەورەترین مانگرتنی کرێکارانی شەمەنەفەری سەرزەمینی و ژێرزەمینیی لە بریتانیا کە زیاتر لە سێ دەیەیە نەبینراوە، دەستپێدەکات

20/06/2022

لە ساڵی 2008 وە کە بریتانیا بە خەستی قەیرانە داراییەکەی گرتەوە و حکومەتی پارتی موحافیزینش  [تۆری] کە لە ساڵی 2010 دا هاتنە سەر حوکم بارودۆخەکەیان زۆر بە باشی قۆستەوە بە بەڕێکردنی سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف] کە  هۆکاری سیاسی زیاتر لە هۆکاری ئابووری لە پشتەوە بوو بۆ لێدانی کرێکاران و نقابەکانیان و خراپترکردنی حاڵی گوزەران و ژیانیان . بەم سیاسەتەش کرێ و موچەی کرێکارانیان هێنایە خوارەوە ، بیمەکانیان یا کەم کردەوە یاخود هەر بڕینیان، هەموو جۆرەکانی ئازادییەکانیان تەسك کردەوە ، ئیتر لەو کاتەوە ژیانی خەڵکی بە جۆرێك خراپ بووە کە گەیشتۆتە دەربڕیینی ناڕەزایی و مانگرتنی کرێکاران.

وەکو لە پۆستێکی پێشتردا باسم کرد کە کرێکاران شەمەنەفەرەکان دەنگیان بۆ 3 ڕۆژ مانگرتن داوە.

ئەو 3 ڕۆژەش بەیانی ، 3 شەمە 21/06 ، 5شەمە 23/06 و ڕۆژی شەمە 25/6.  تاکو ئەمڕۆش ئێوارەکەی ئیدارە و نقابە لە وتووێژدابوون بەلام نەگەیشتنە ئەنجامێك بۆیە لە بەیانییەوە 50 هەزار کرێکاری کە بەشێکی زۆریان سەر بە 13 کۆمپانیای تایبەتین لە مانگرتندا دەبن. مانگرتنەکە  کرێکارانی چاودێری ترافیكلایتەکانی ناو تونێلەکان و سەر سکەکان و پاكکەرەوەی قیتارەکان   و تونێلەکان و محەتەکان و کرێیکارانی صیانە و ڕاگرتنی سکەکان و هەروەها ئەوانەی لە محەتەکاندا کار  دەکەن کە پارەیەکی کەم وەردەگرن لە پێناوی زیادکردنی موچەکەیان و سەلامەتی موسافیران و دەرنەکردنی کرێکارانی هاوەڵیاندا لە بەیانییەوە ماندەگرن .

میدیا و سیاسییەکان لە پاگەندەیەکی گەورەدان بۆ تێشکانی مانگرتنەکە و بەگژاکردنی خەڵکی دژیان بەوەی کە ئەمان تەماحبازن ، فرسەتبازن کە لەم وەختە خراپەدا مان دەگرن منداڵ لە مەکتەب مەحروم دەبێت ، نەخۆش ناگاتە خەستەخانە و مەوعیدەکانی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکان هەڵدەوەشێتەوە و شؤپەکان و قاوەخانەکان و چیشتخانەکان مشتەرییان نابێت  وەستانی  کار دەبێتە هۆی لە دەستدانی 150 ملیۆن پاوەند لە لایەن دائرەی دارایی و داهاتەوە …. زۆری تر لەم پڕۆپاگەندانە.

نقابە هەموو هەوڵێکی دا لە دانیشتن و وتووێژکردن  تاکو مانگرتنەکە ڕوونەدات بەڵام ئیدارە ئامادە نییە لە بڕێکی کەم کە کەمترە لە سەدا 3 موچەیان بۆ زیاد بکات کە لە  کاتێکدا ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە سەدا 11 دەبێت و گرەنتی دەرنەکردنی کرێکارانیش نادات . 

لەم دواییەدا نقابە بۆی دەرکەوت کە خاوەنکارەکان وکۆمپانیاکان لە لایە دەوڵەتەوە پێیان ڕاگەیەنراوە کە پارەیان لە بڕێکی دیاریکراو زیاتریان بۆ  زیاد نەکەن گەرچی حکومەت نەهی دەکات بەڵام ئەمە راستییە.  لەم بارەشدا نقابە داوای کرد کە دانیشتن لەگەڵ وەزیری بەشی هاتووچۆ و بزنسدا بکات ، بەڵام وەزیری هاتووچۆ ڕەفزی کرد و وتی ئەوە کاری ئەو نییە و نقابە دەبێت لەگەڵ خاوەنکاردا دانیشن و دانوستاندن بکەن.

گەرچی مانگرتنەکە هەر 3 ڕۆژە بەڵام کارایی یەك هەفتە دادەنێت چونکە هەر لەمشەوەوە لە کاتژمێری 8.30 وە قیتارەکان کەمتر بوونەتەوە و هاتو چۆشیان هێواشتر بووە . مانگرنتەکە قیتارەکانی کە لە لەندەنەەوە دەچن بۆ سکۆتلەندو وێڵس-یش دەگرێتەو.  هەر ئاواش زەربەیەی گەورە دەدات لە گەشتکەران و باڕ و چێشخانە و قاوەخانەو شۆپەکانی سێتەر و ئەو شوێنانەی کە داهاتیان لەسەر کارمەند و کرێکارانی ئۆفیسەکانن.  هەروەها چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی وەکو هیسرۆ و لەندەن ستی و گاتویك و لوتن و مانشستەر بۆ سەفەرکردن.  کەواتە مانگرتنەکە هەر لە لایەکەوە کاریگەری خۆی نییە بەڵکو لە هەموو لایەکەوەیە سەراپای بەشەکانی ئابووریی دەگریتەوە بۆیە ئیدارە کەوتۆتە هەڵپە و هەوڵی سوکایەتیکردن بە کرێکارەکان تا رادەی هەڕەشەی دەرکردنیان و هاندانی خەڵك بە ناڕاستەوخۆ کە پشتگیریان نەکەن.

لەڕاستیدا هەر ئەمان نین کە مان دەگرن بەڵکو زۆرێک لە نقابەکانی دیکەی کرێکاران پلانی مانگرتنیان کردووە کە لەم هاوینەوە هەتا کۆتایی  ساڵ بیکەن. لەو بەش و نقابانە :

نقابەی مامۆستایان و وانەبێژان و بەشی پەروەردە و پێگەیاندن کە خاوەنی 260 هەزار ئەندامن.

نقابە ی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستی بریتانیا .

نقابەی کرێکاران و کارمەندانی بەشی گشتی  و خزمەتگەزارییەکان.

نقابەی پاریزەر و بارستەرەکان [ ئەو پارێزەرانەی کە لەبەرانبەر دادوەردا بەرگری یا دژ بە کەیسێك قسە دەکەن]