ئامارەکان شاهیدی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵن

12/03/2022

ڕاپۆرتێکی نوێ کەلێنی نیوانی توێژاڵە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا و کرێکاران و کارمەندانی ئەو وڵاتە نیشاندەت.  لە ڕێگای ئەو ڕاپۆرتەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژیان  و بژێوی ی خەڵکی لە ئەمریکا بە گوێرەی تێپەڕینی وەخت بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە یا نا.

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە جیاوازی مووچە لە نێوان بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و کرێکارانی ئەمریکی لە  ساڵی رابردوودا بازێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە کە  بۆ 670 بەرامبەر بە یەک. واتە تێکڕای بەڕێوەبەری جێبەجێکار 670 دۆلار  و لە بەرابەریاندا کرێكارێك تەنها تاکە دۆلارێك وەردەگرێت ئەم . ڕێژەیە لە ساڵی 2020دا  604  بووە بۆ 1 دۆلار.

ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخان لەو 300 کۆمپانیایە  49 کۆمپانیان ڕێژەکەیان لە سەرووی 1000 بۆ 1 وە بووە.

لەراپۆرتەکەدا  کە سەرەنجامی ئەو توێژینەوەیە کە لەسەر 300 کۆمپانیای سەرەکی ئەمریکی کراوە،  دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکار تێکڕای داهاتی هەر یەکێکیان 10.6 ملیۆن دۆلارە، لە بەرانبەر داهاتی ساڵێکی کرێکاردا کە  23,968 دۆلاری بەدەستهێناوە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئابووری جیهانی  Institute for Policy Studies IPS  ئاماژەی بە یەکێک لە ڕاپرسییەکانی ئەم دواییە کرد کە دەریخستووە 87%ی ئەمریکییەکان پەرەسەندنی جیاوازی نێوان بەڕێوەبەری جێبەجێکار و مووچەی کرێکاران وەک کێشەیەک بۆ وڵاتەکە دەبینن. 

IPS  ئاماژەی بەوەداوە کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کە ناوی هێناون ئەوانە وەرگری گرێبەستە گەورەکانی حکومەتی فیدراڵی بوون. 40 کۆمپانیای ناو ئەو لیستە  لە نێوان 1ی تشرینی یەکەمی 2019 تا 1ی ئایاری2022 زیاتر  37.2 ملیار دۆلاریان وەک گرێبەستی حکومەتی فیدراڵ پێبەخشراوە.

ئەمازۆن کە دووەم گەورەترین بەڵێندەری فیدراڵە لەناو ئەواندا، 10.3 ملیار دۆلاری لە گرێبەستە فیدراڵیەکاندا کۆکردۆتەوە. مانگی ڕابردوو خاوەن پشکەکان گرێبەستێکی مووچەی 212 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەندی جاسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن پەسەند کرد، کە 6474 جار هێندەی مووچەی کرێکارێك یا کارمەندێكی ئاسایی کۆمپانیاکەیە.

چالاکی ڕاستەوخۆ ناردنەوەی کەسێکی پاراست

12/06/2022

دوێنێ لە گەرەکی پێکهام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لەندەن ڤانێکی پۆلیس چوو بۆ گرنتی هاووڵاتییەکی نایجیریی کە گوایە ماوەی ڤیزەی مانەوەی لە بریتانیا تەواو بووە بەڵام هێشتا ئەم پیاوە لێرەیە.

هەر بە گەیشتنی ڤانەکە زیاتر لە 200 کەس کۆبونەوە و پێشیان لە جوڵانی ڤانەکە گرت و داوای بەرەلاکردنی کەسەکەیان کرد.  هەر بە زوویش چەند ڤانێکی دیکەی پۆلیس گەیشتن بۆ بڵاوەپبێکردنی ئەو ڤانەی کە کەسە گیراوەکەی تێدابووە.  پاش زیاتر لە 4 سەعات کە پۆلیس نەیتوانی کەسەکە ببەن و دەستبەسەری بکەن تاکو ڕۆژی ناردنەوەی، دواتر ناچار بوون کە کەسەکە بە کەفالەت بەرەڵا بکەن.

ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵک کە لەبری پەنابردن بۆ پەڕلەمانتار و پارێزەرو و نوسینی عەریزە و پاڕانەوە  کە هیچ ئەنجامێكیان نیە، بە کردنی چەند سەعاتێکی چالاکی ڕاستەوخۆ خۆیان چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن. 

ئەوەی کە گرنگە لە ئێستادا برەودانە بەو خەباتە و لەوە دەکات کە ببێتە کولتور چونکە ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەمە ڕوودەدات.  ئەمە چەند جارێكە ئەم جۆرە خەباتە لە سکۆتلەند و لە لەندەنیش دەکرێت، ئەمەش وادەکات کە بۆ ئەم جۆرە گرفتانە و گرفتی دیکە خەڵکی خۆی هێزی خۆیان و دەستپێشکەری خۆیان بخەنە کار تاکو گرتنەبەری جۆری خەباتە کلاسیکییەکان،  ئەم تاکتیکەس دەسەڵاتداران و  سیاسییەکانی ترساندووە.

تکایە بۆ بینینی ڕووداوەکە کلیك لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :

ئەو چاڵەی بۆ پوتین-یان هەڵکەند ئێمەی تێکەوتین

زاهیر باهیر

11/06/2022

بەردەوامبوونی شەڕەکە یانی داگیرکردنی زیاتری خاكی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە و قوڵتربوونی چاڵەکەی ئێمەش. نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستان و چین و وڵاتانی دیکەوە بە نرخێکی بەرزتر و زیاتریش  دەفروشرێت. ڕوسیا هیچ گرفتێکی فرۆشتنی نییە و بازاڕێکی ئیکجار بەرزی بۆ نرخی نەوت ڕەخساندووە، کە باجەکەی خەڵکانی ئاسایی ولاتان دەیدەن نەک پوتین ودەوڵەتی ڕوسیا.

بە تێپەڕینی ڕۆژ نەك هەفتە و مانگ، کارایی جەنگەکە و قورسیاییەکەی زیاتر دەردەکەوێت ، تێچوونی ژیان لە کڕینی پیداویستییەکانی ڕۆژانەدا بە ئاشکرا باری شانی دانیشتوانی بریتانیا قورستر دەکات و ئازاری برسێتی و نەبوونی و پێڕانەگەیاندنی ژیان هەر هەموان دەیچێژن.

وزە بە  هەموو شێوەکانی :  غاز و بەنزین و  گازۆریل و کارەبا لە گرانبونێکدان کە وەکو ئابورینسان دەڵێن لە 50 ساڵی پێشودا بە خۆوە نەبینراوە. ئەمەش بە هۆی گرانبوونی نەوتەوە کە کارایی خۆی لەسەر وزە بە گشتی داناوە، هۆکارەکەشی بەشی زۆری ئەو سزا ئابوورییەیە کە لەسەر ڕوسیای پوتین دانراوە بێ ئەوەی حسابی ئەوە بکرێت کە زیاتر لەسەری دانیشتوانی وڵاتانی سزادەردا دەشکێتەوە.

نازانین کە نەوت چ بایاخێکی هەیە لە ژیانی ڕۆژانە و بژێوی و هەتا ئاشتی کۆمەلایەتیشماندا هەیە تاکو بە بارو دۆخێکی ئاوانە نەڕۆین . بەنزین و گازۆیل کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی نەوت تا ڕادەیەکی زۆر ژیانی پێوە بەستراوەتەوە هەر لە خواردن و  خواردنەوەوە، سەفەر و هۆڵیدەی، سوتەمەنی، گواستنەوەی مرۆ و ئاژەڵ و هەموو پیداویستییەکانی ژیان ، بەرهەمهێنان،  چارەسەری نەخۆشیی …تا دەگاتە هەر شتێکی دیکە کە بە خەیاڵماندا دێت .  بە کورتی بێ بەنزین و گازۆیڵ دەبێت دەروازەی سوپەرمارکێت و شۆپە بچوکەکان و دەرگای کارگە و کۆمپنایان و کێڵگەکان و خەستەخانەکان  داخەین. نەوت بۆ ژیان لە سای  ئەم سیستەمە و لە کۆمەڵی ئێستادا  بڕبڕەپشتی ژیانە و ژیان بێ ئەو دەوەستێت.

لە ئێستادا لە بریتانیا قاپە نەوتێك بەنزین کە لیترێکە لە هەرزانترین بەنزینخانەدا یەك پاوەند و 85 پێنسە ، لە سەر های وەیەکان [ مۆتۆڕوەی] لە هەندێك شوێند چووەتە 2 پاوەند و 4 پێنس، لە ڕۆژی سێ شەمەدا چووە 2 پاوەند و 23 پێنس.  گازۆیل قاپە نەوتێكی لە بەنزینخانە هەرزانەکاندا چووەتە 1 پاوەند و 86.6 سێنت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی ئوتومبێلان و پرسیار لە بەنزینخانەکان ڕۆژانە تا 3000 کەس سەیارەکانیان پڕ لە بەنزین دەکەن و ڕادەکەن و پارە نادەن بە هۆی گرانییەوە دەرەقەتی نرخەکەی نایەن.  کبە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی نێرسەکان و مامانەکان هەندێك لە نێرسەکان و ئەوانەی کە ئاگایان لە پیر و پەککەوتانە بە هۆی گرانی بەنزینەوە ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان .  ئەم دیارەدەیە کە ئەو جەمعییە و بەنزینخانەکان بە دزی ناوی دەبەن لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا 36 بەرز بووەتەوە و هەر لە مانگی ئایارەوە بە ڕێژەی لە سەدا 22 لە پارە نەدان سەرکەوتووە.

.کولفەی ژیان بە جۆرێك بەرزبۆتەوە نەك هەر مەترسی سەرکەوتنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دەکرێت بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر نەشونما نەکردنی بەروبووم و داهات [ ئابوریی]  لە بریتانیا داناوە .  بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی ئەم گرفتە بریتانیای لە نێو وڵاتانی گروپی 7 دا زیاتر گرتۆتەوە.  هەڵئاوسانی پارە لە ئێستادا بە ڕێژەی لە سەدا 9 یە و لە کۆتایی ساڵدا دەچێتەوە سەروی لەسەدا 10 وە .  گەشەی ئابووری ئەمساڵ وا خەمڵێنراوە کە بگاتە لە سەدا 3.6 و لە ساڵی 2023 گەشەی ئابووری دادەکشێت بۆ  سفر .گەشەی ئابووری کارایی خۆی لەسەر  وڵاتانی دیکەی گروپی 7 وەکو  کەنەدە و یابان و ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەرەنسا و ئەمەریکاش داناوە و ساڵی ئایدنەش خراپتر دەبێت.

هەڕەشەی مانگرتن و چەند پەرادۆکسێك

10/06/2022

کریکارانی قیتارەکانی ژێڕزەمینی  لە لەندەن سووردن لەسەر مانگرتنیان لە پێناوی پاراستنی مانەوەیان لەسەر کار و  داوای بەرزکردنەوەی کرێ و موچە و سەلامەتی موسافیرین. بەشی بەڕیوەبەران و بەشی سیگنەڵیش [ تەکنیشینی سەرپەرشتیکاری هاتوچۆی قیتارەکان و چارەسەری گیر و گرفتی ترافیك لایتەکان] ئەوانیش بڕیارە بەشداری لە مانگرتنەکاندا بکەن.  ەڕۆژانی 21 و 23 و 25 ی ئەم مانگەیان هەڵبژاردوە بۆ مانگرتنەکەیان بەمەش حکومەت و کۆمپانیاکانی قیتاریان خستۆتە بەردەم هەرڕەشەوە.

 لە ئێستادا سەرەكوەزیران و وەزیری هاتۆوچۆ و وەزیری بزنس و کۆمپانیاکان و میدیا لە هێڕشێکی بەردەوامدان بۆ سەر کرێکاراەکان و نقابەکەیان بەوەی کە ئەوان تەماحبازن و گوێ نادەنە قورسی ژیانی خەڵک و فرسەتبازن کە لەم کاتە ناهەموارەدا دەیانەوێت مانبگرن.  ئەمان ئەم هێڕشانەیان بۆ سەر کرێکارەکان بەردەوامە  بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم کرێکارانە لە ماوەی دوو ساڵدا موچەیان بۆ زیاد نەکراوە.

گرفتەکە هەر مانگرتنی ئەم کرێکارانە نییە بەڵکو گرفتی تریش هەیە. لەو گرفتانە هەوڵی حکەمەت و بزنسە بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ ئۆفیسەکانیان بۆ سەر کارەکانیان لەبری کارکردنیان لە ماڵدا لەڕێگەی ئۆن لاینەوە.

کارکردن لە ماڵەوە بۆ ئەوانەی کە بۆیان دەکرێت بەتایبەت دایکان و پەککەوتوان و ناتەندروستەکان، جۆرێك لە ئیمتیازە.  هەر ئاواش کارکردن لە ماڵەوە یانی حەوانەوەی زیاتر و مانەوەی پتر لە جێگادا و کەم مەسرەفی لە پارەی بە بەنزین و تکتی قیتار و پاس و  خواردنی نیوەڕۆ و جل و بەرگ و سەلامەتی هاتووچۆیان و لە ماڵ دەرچونیان و تا ڕادەیەك دوورکەوتنەوەیە لە نەخۆشی و پەتای گوازراوە.  لە لایەکی دیکەوە بەکارنەهێنانی سەیارە بە هەر هۆکارێك بێت لە قازانجی ژینگەیە .

هاوکاتیش نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ ئۆفیسەکانیان کاراییەکی گەوەرە لە سەر بزنس دادەنێت.  پێش هەموو شتێک بوجەی قیتار و پاسەکان زۆر دێتە خوارەوە بە بەکارنەهێنایان ، هەندێك لە ئۆفیسەکان چۆڵ دەکرێن ئەمەش دەبێتە هۆی بێ کار بوونی کرێکارانێك کە لە بواری پاککردنەوە و صیانەی شوینەکە و حەرەس کە ئیشەکانیان لە دەست دەچێت.  کۆفی شۆپ و باڕ و پەپ و دوکانی بچوك و چێشتخانە بچوکەکان و خواردنە بە پەلەکان زیانێکی گەوەرە دەکەن کە بڕێك لە داهاتیان لەسەر ئەوانەن کە لە ئۆفیسەکانیاندا کار دەکەن.  بەنزینخانەکان کەمتر بەنزین و گاز دەفرۆشن ، شۆپەکانی جل و پۆشاکیش کەمتر دەفرۆشن . لە هەموشی گرنگتر باشترین لیدانە لە ڕۆڵی نقابە و یەکێتی نێوانی کریکاران و کەمکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان هەرەوها پەیوەندی کۆمەڵایەتیش.

لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە بزنس و حکومەت هانی زۆر لەوانەی کە کار لە ماڵەوە دەکەن  دەدەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسەکانیان ، بەڵام بە گوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە کراوە تەنها لە سەدا 10 کرێکاران و کارمەندان دەخوازان کە هەموو ڕۆژەکانی هەفتەکە لە  ئۆفیسەکانیان کار بکەن.  لە سەدا 73 لەمانە  دەیانەوێت لانی کەم ڕۆژێك لە ماڵەوە کار بکەن، هەلی کارکردن لە ماڵەوە دەرفەتێکە و خەڵك نایەوێت لە دەستی بدەن  .  لەوانەی کە ئەزموونی ئەرێیانەی کارکردنیان لە ماڵەوە هەیە لە سەد 80 لەمانە هاوکات کە لە ماڵەوە کار دەکەن دەتوانن بەرپرسیارییەکانی تریشیان بە جێبهێنن ، ئەم ڕێژەیە لە لای پیاوان لە سەدا 60،  کە کەمترە لە ئافرەتان کە بە ڕێژەی لە سەدا 71 یە.

زۆرێك لە خاوەنکارەکان دەڵێن کرێکرەکانیان ئارەزوویانە تەنها لە سێ شەمەوە تاکو پێنج شەمە لە ئۆفیسدا کار بکەن .

لە ڕاپرسیکردنی  2001  کریکار لە سەدا 56 یان باوەریان وایە کە بەڕیوەبەرەکانیان دەیانەوێت لە ئۆفیسدا کار بکەن لە بەرانبەر لە سەدا 15  کە دەڵێن بەڕێوەبەرەکانیان ڕەزامەندی خۆیان بۆ کارکردنیان لە ماڵەوە ، دەربڕیوە. 

ئازادیی و ددیمۆکراسی لە بریتانیادا

09/06/2022

5 ساڵی خایاند تاکو  چەند ڕاستییەك دەربارەی هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی 2017 ی بریتانیا دەردەکەوێت .  لەو کاتەدا جێرمی کۆربن سەرۆکی پارتی لەیبەر [ کرێکاران] و تریزە مەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حیزبی موحافیزین بوو .  جێرمی کۆربن کابرایەیەکی چەپ و پاشەڵپاك و سۆشیالیتە.  لە سەروبەری هەڵبژاردنەکەدا خاوەنی مانیفێستێکی ڕادیکال بوو  واچاوەڕوان دەکرا کە هەڵبژاردنەکە بباتەوە.

چەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردنەکە کۆمپانیای YouGove  پۆلێکی [ ڕاپرسییەك]  لە ناو خەڵکدا ڕیكخستبوو بەڵام ئەنجامەکەیان بڵاو نەکردەوە، کەس یش پرسیاری هۆکارەکەی نەکرد. ئێستا پاش 5 ساڵ یەکێك لە کارمەندانی کۆمپانیای یوگۆڤ کە چیتر لەوێ کارا ناکات  ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکومەت بەربەستێکی گەورەی داناوە بۆ ئەوەی  ئەنجامی ئەو پۆڵە بڵاونەکرێتەوە ، کۆمپانیاکەش لەبەرە ئەوە بڵاوی نەکردۆتەوە.  ئەو کارمەندە پێشینەی کۆمپانیاکە کە ناوی کریس کارتسە لەم ڕۆژانەدا  ئاشکرای کرد کە ئەنجامی پۆڵەکە وابووە  کە بە چەندەها میل حیزبی لەیبەر لە پێش حیزبی موحافزینەوە بووە، ترسی ئەوە هەبووە بڵاوکردنەوەی ببێتە هۆی ئەوەی کە جێرمی کۆربن سەرۆکی ئەو کاتەی حیزبی لەیبەر هەلبژاردنەکە بباتەوە .

 کریس کارتس دەڵێت ئەگەری بڵاوکردنەوی ئەو زانیارییە  بووە هۆی شڵەژانێکی جددی لە کۆمپانیاکەدا. هەر لە درێژەی  قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەڕلەمانتاری حیزبی موحافیزین ، نەدیم زەهاوی، هەڕەشەی کردووە بە دەست لەکارکێشانەوەی ستیڤن شکسپیر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یوگۆڤ  ئەگەر سەرەنجامی پوڵەکایان هەڵە دەرچوو.  کریس دەلێت  ” نەدیم زەهاوی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە، ستیڤن شکسپیر، کرد و وتی ئەگەر ئەنجامی پوڵەکەیان هەڵە بوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکات.” کریس دەڵێت ئیتر بۆ هەموومان ڕونبووەوە کە ئەگەر هەڵەبین ئەوە هەموومان کارەکانمن لە دەست دەدەین.  

لات سەیر نەبێت کە ….

09/06/2022

لات سەیر نەبێت کە نیوەی زیاتری دکتۆرەکان و زۆینەی نێرسەکانی کە لەبەشی خزمەتگوزاری  تەندروستی نیشتمانی بریتانیادا  کاردەکەن لە ولاتانی دیکەوە هاتوون.

بریتانیا نەك هەر لە سیاسەتی بە تاڵانبردن و ڕوتکردنەوەی سامان و کەرەسەی خاوی بڕێك لە وڵاتانی دیکەدا بەردەوامە، بەڵکو لە توانا و ئەزموونی مرۆیشدا هەر بەردەوامە .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ئاماژە بە ژمارەی دکتۆر و نێرسەکانی بەشی خزمەتگوزاری  تەندروستی نیشتمانی بریتانیا دەکات زانیاری سەرسامکەریان تێدایە:

  • بەشی نەخۆشی و چارەسەر زۆرێك لە دکتۆر و کارمەندەکانیان لە دەرەوەی ئەوەروپا و وڵاتانی ناوچەی ئابووری ئەوروپا بەکاردەهێنینن.  بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی گشتی پزیشکیی تەنها 7،377کە لە سەدا 37  لە کۆی 19،977 کە لە ساڵی 2021 دەستیان بەکار کردوە، شەهادەی بریتاییان هەیە.
  • زۆربەی دکتۆرە بێگانەکان لە هیندستانەوە دێن کە خۆیان 600 هەزار دکتۆریان پێویستە هەروەها لە پاکستانەوە کە ئەوانیش 200 هەزار دکتۆریان پیویستە . ئەمەش لای زۆرێك وەکو پرسێکی ئەخلاقی دەردەکەوێت کە بریتانیا لێی بێ بەشە بە بەکارهێنانی دکتۆری ولاتانێک کە خۆیان زۆر پێی زەروورن.
  • لە ساڵی 2021 دا، 1645 دکتۆر لە هیندستانەوە و 1629 لە پاکستیانەوەو 1250 لە میسرەوە و 1197 لە نایجیریا و 522 دکتۆریش لە سۆدانەو کاریان لە بەشی خزمەتگوزاری تەندروستی بریتانیادا کردووە. ژمارەی هەموویان بە ڕێژەی سەدی 31.3 دەکات کە دوو لەسەر سێی ئەو دکتۆرانە دەکەن کە ناوی خۆیان لای ئەنجوومەنی گشتی پزیشکیی تۆمار کردووە.
  • هەر ئاواش ژمارەی مامان و  نێرسی هاوردە لە ساڵی : 2021/2022 کە لە وڵاتانی دەرەوەی بریتانیا و ئەوروپاوە هاتوون و کاریان لێرە کردووە 23،408 کەسن کە 3000 نێرس و دکتۆر لەمانە لە نایجیریاوە هاتوون.  ئەم ژمارەیەی ساڵی 2021 و 20122 ،  9 جار زیاترە لە ژمارەی نێرسەکانی ساڵی 2017 – 2018

مانگرتنی کریکارانی قیتارە ژێرزەمیینییەکان [ ئەندەرگراوند]

06/06/2022

ئەمڕۆ، دوو شەمە، 06/06/22 لە لەندەن 4000 کرێکاری محەتەکانی شەمەنەفەرەکانی ژێڕزەمینی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر مانیانگرتووە ، کۆتایی مانگرتنەکە سبەینێ ، ڕۆژی سێ شەمە ، سەعات 8 ی بەیانی دەبێت.

مانگرتنی ئەم کرێکارانە بەشێکی سەبارەت بە سەلامەتی بەکارهێنەرانی محەتە و قیتارەکانە کە بە هۆی ئەو بۆشاییەی [ شاغیر ] کە هەیە لە بوون و تەعینکردنی ستافدا کە 600  شاغیرە دروستبووە .  کاتی خۆی ئیدار بەڵێنی بە نقابە دا کە ئەو شاغیرانە پڕ بکاتەوە ، بەڵام ئێستا پەشیمان بووەتەوە ، ئەمەش وای کردوە کە کە نقابە پیداگریی لەسەر ئەوە بکات ، ئەمە جگە لەوەی کە بەتەنگهاتنەوەی بەکارهێنەرانی محەتەکانە و سەلامەتییانە ، بەڵکو گەر ڕێگا بە ئیدارە بدرێت ئەمە بکات بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی دیکەدا هەوڵی دەرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران دەدات .

مانگرتنی ئەمڕۆ تا ڕادەیەك تەواوی قیتارەکانی ناو لەندەنی وەستاندووە و زۆرێکیش لە محەتەکانی داخستووە.  کرێکاران و کارمەندانی قیتارە ژێرزەمینییەکان و سەر زەوی ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گەیاندنی کرێکاران و کارمەندان و هەر هەوو ئیشکەرانی دیکە بۆ سەر کارەکانیان ، کە ڕۆژانە زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس قیتار بەکاردەهێنن لە هاتووچۆیاندا .

ماوەیەکی زۆرە کە کرێکارانی بەشێك لە هێڵەکانی شەمەنەفەر لە لەندەندا لە ناکۆکیدان لەگەڵ ئیدارەدا لە سەر پرسی سەلامەتی و کرێی زیادە و دەرنەکردنی کرێکاران کە نزیکەی سێ مانگە،  بەڵام لە کاتی جیا جیا و ڕۆژانی جیا جیادا دەیکەن . بە هۆی پەتای کۆرۆناوە بەکارهێنەرانی قیتار و پاسەکان زۆر زۆر کەمی کرد ئەمەش بووە هۆی هاتنەخوارەوەی دەرامەتی پاس و قیتار و نوقسانی بودجەیان .  دەوڵەت 15بە بڕی  ملیار پاوەند هاوکاری کرد دیار بوو لەبەر بزنس بوو نەك بۆ هاوکاری کرێکارەکان ، بەڵام ئەم کەمە پارەیە ئەو بۆشاییەی کە لە بودجەدا هەیە پڕ ناکاتەوە.  ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە کە نقابە داوای پارەی زیاتر دەکات و حکومەتیش ئامادە نییە، لەو بارەشدا ئیدارە بۆ بەڕێکردنی کار و کرێکاران بەو بودجە کەمەوە دەبێت بەشێك لە کرێکاران دەرکەن و گوێش نەدەنە سەلامەتی بەکارهێنەرانی قیتارەکان.

هەر ئەمڕۆ کرێکارانی بەشی ئەدمینی نقابەی دائیرەی بەرید و پۆست لە مانگرتندان.

ئەوە جەنگی ئابوورییە کە کارایی زیاتری هەیە نەك جەنگی سەربازیی

زاهیر باهیر

04/06/2022

مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، هەر جۆرە جەنگێك بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و هاووڵاتیانن لە خەڵکە هەژار و ئاساییەکە. کۆتایی هەموو جەنگێکیش بە سەرکەوتنی لایەنێك لە هەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان  هەر جۆرێك بن جەنگێکی ڕەوا نییە و پشتگیرکردنی هەر لایەکیان هەڵە و نادروستە.

 لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیادا، لە لابەلاکردنەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە  پێشبینییەکانی هەردوو لا بە هەڵە دەرچوون.  پوتین وا پێشبینی دەکرد کە لە دوو هەفتەدا یاخود لە مانگێکدا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ بکات.  ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە ڕوسیا لە ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێی و قۆناخی سەردەمیش لە قۆناخی مەترسی ڕوسیا و شەڕی سارد و گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەڕوس و ئێران و سوریا و وڵاتە دۆستەکانی دیکەی ڕوسیا دەشکێنن.  بەڵام واقیع پێچەوانەی بیرکردنەوە و تاکتیکەکانی هەردوولایان ڕۆیشت.

ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە چەکی گەمارۆدانی ئابووریی و فشار خستنە سەر ڕوسیا و تەریککردنی زیاتری، بە زەرەری ئەمەریکا و ئەوروپا و سەراپای جیهان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە ببێتە چەکێك بۆ چۆکدادانی ڕوسیا و کشانەوەی لە ئۆکراینا و ڕازیبوونی بە مەرجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی* .

شەڕەکە سەد ڕۆژی تێپەڕاند و ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تا رادەیەکیش ئەمەریکایە کە لە پێگەیەکی لاوازی ئابووریدان، کە بە دوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و دەسەڵاتیان دێت.  هەر ئەمەشە کە ئێستا هەر هەموویان ڕازین بە وتووێژ و دانوستاندن بەڵام لە هەڵوێستی بەهێزیی ئۆکرانیاوە نەك لەم پێگە لاوازەی ئێستایدا تاکو هەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام وڵاتێک چەند شار و شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لە ئۆفیس و کۆمپانیا و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لە سنوری دەریای ڕەشەوە  ئابلوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەهێز بکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟ 

هەر هەموویان بە نهێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە سازشکردن و وتووێژ  لەگەڵ پوتین –دا ، بەڵام تەنها ئەمریکایە و هەندێك لە ئابووریناسەکان و ڕۆژنامەنوسەکانن کە بە ئاشکرا ئەوە دەلێن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا  هێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی و سیاسەتمەدار وتی ”  ڕەنگە کۆتایی شەرەکە بەوە بێت کە ئۆکرانیا بڕێك لە خاکەکەی لەدەست بدات” بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە ڕێگایەك وتووێژ و دانوستاندنە.  ڕۆژی سێ شەمە، 31/05 ، جۆ بایدن بە  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت ” داگیرکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات بە ئۆکرانیا”.

ئەم وەرچەرخانە لە بۆچوون وهەڵوێستدا چۆن ڕووی دا؟

لە کاتێکدا زیاتر لە 40 دەوڵەت هاوکاری و هاوپشتی ئۆکرانیایە، بە سەدەها ملیار دۆلار هەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و هەم وەکو دانی چەك و تەقەمەنی قورس بە سوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە  جگە لە سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لە ڕاهێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە نوێیەکانی  کە لە ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و لە بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانە.

لە سیاسەتی بۆیکۆتی نەوت و غازی ڕوسی،  ڕوسیا نەك هەر زەرەری نەکردووە بەڵکو بە هۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بۆتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ  لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵداساڵی 2022 دا، پوتین  شانازی بە زیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بە بڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦ ملیار پاوەند) –  بەهای غاز و نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی 2021 دەکات.

 کاتێک یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی لە هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕاگەیاند، ڕوسیا بەمەش زەرەری نەکرد بەڵکو قازانجی کرد، چونکە  تێچووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕوسیا سوودێکی دیکەی دارایی بەدەستبهێنێت.  

ڕووسیا هیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ وزەکەی، هەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەدا 50 لە بەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. هەروەها هیندستان هەر لە سەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشو نەوتی لە ڕوسیا کڕیوە و دایناوە لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد.  کڕینی نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ ڕوسییادا ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە هیندسستان نیگەران کرد .  هەر زوو وەزیری دەرەوەی بریتانیا خۆی گەیاندە هیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە هەڵوەشاندەنەوەی ئەو سیاسەتە ڕازی بکات .  بەڵام نەك هەر ئەوان ڕازی نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لە حوکمڕانانی هیندستان بکەن.

سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری بە ڕێژەی  لە سەدا 8.5 دابەزێت بەهۆی داڕمانی هاوردەکردن لە ڕۆژئاوا. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە وڵاتانی گروپی 7 دا [G7 ] کێشەیەکی ترە.  لە  بەرواری 18/05/22  ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەو وڵاتانی گروپی 7 دا ئاوا بووە:  بریتانیا بە ڕێژەی لەسەدا 9، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا ] ئەمەریکا لە سەدا 8.3 ، ئەڵمانیا لەسەدا 7.14 ، کەنەدا لە سەدا 6.8 و ئیتالیا لەسەدا 6 ، فەرەنسا لە سەدا 4.8 ، یابان لە سەدا 1.2  .

هەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵك کە هەر هەموو شتێك گران بووە و گرانتریش دەبێت .  هەر بۆ نموونە لە بریتانیادا کە نرخی غاز لە مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی لە سەدا 54  سەرکەوت، لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕێژەیە زیاتر سەر دەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لە ڕادەیەکدا ، کۆتایی دێت ، ئەو کاتە وا پێشبینی دەکرێت کە ماڵێکی ئاسایی نرخی غازیان لە نێوان 700 بۆ 800 پاوەند لە ساڵێکدا زیاتر بدەن.

لە ئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووریی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە. ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کە هەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت.  لە لایەکی دیکەوە بەڕیوەبەری  بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا، سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن.  ئەمە  لە کاتێکدا44 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن “

یەکێتی ئەوروپا نەك هەر پێشنیاری ڕاگرتنی دانی پارەی بە ڕوسیا  لەلایەن وڵاتانی نزیک لە ڕووسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا  دژایەتیشیان دەکات.  بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە هەندێك لەو وڵاتانە زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا 12%ی نەوتەکەی و 35%ی غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، هۆڵندە لە سەدا 15 ، ئەو ئامارانەش لە هەنگاریا زۆر زیاترن.    ڕەنگە سزاکان زیانیان بە توانای قەرزکردنی ڕووسیا گەیاندبێت، بەڵام تەنها بەرزبوونەوەی لە سەدا 70ی  نرخی غازی جیهان، هاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی ڕووسیای زیاد کردووە.  زیادەی مامەڵەی بازرگانی ڕوسیا بە گوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی، لە ئێستا لە سێ هێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.

ئەمانە هەموی تا ڕادەیەك دەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە سزادانی ڕوسیا  بە ئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا کە ئەو سزایانە دەسەپێنن.    ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بە ڕێژەی لە سەدا 48 بەرزکردۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی  2019، ئەمەش بازاڕەکانی وێران کردووە، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەفریقادا.  هاوکاتیش  بەهای ڕۆبڵ گەر چی لە سەرەتادا شکا بەڵام ئێستا هەڵساوەتەوە و بەرزیش بووەتەوە. ڕوسیا لەو گەمارۆیەی کە لە سنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشی داناوە کە ناهێڵێت دانەوێڵە و بەرهەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی دیکە بکرێت ، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت دەیفرۆشیێت .  کەواتە هەندێك لە زەرەر و زیانەکانی شەڕەکە هەر خودی شەڕەکە و سزادانەکانی ڕوسیا، خۆیان  قەرەبووی ڕوسیا دەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە ڕوسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات.  

لەم ماوەیەدا ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی دی ئەم شەڕە لە ڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوە و ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. دەبێت  بیر لە کردنی  سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لە ڕۆژی دووشەممە، 23/05  گەیشتە ئەو قەناعەتە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا “سیستەمی موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو ڕوسیای هەیە “ بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. . لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا وئەڵمانیا کە ڕۆژی شەمە، 28/05 بۆ 80 خولەك ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین هۆشداری  لە بەردەوامی گواستنەوەی چەکی ڕۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا داوە. لەوە دەکات ئەو هەڕەشەیەی پوتین هەڵوێستی بایدن-ی گۆڕیبێت کە وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور هاوێژی مەدای 165 کیلۆمەتری بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.   تا ئێستا تەنها ئەو موشەکانە دراون بە ئۆکرانیا کە مەدای هاویشتنیان لە 70 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە نەنرێت بە ناو ڕوسیاوە.

ئەنجامگیریی

ئەوەی کە ئێستا ڕوونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونادات گەرچی ڕەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت.  ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوەی لە ئێستادا بە بڕی زیاتر لە تریلیۆنێك دۆلار خەمڵێنراوە ، نزیکەی 11 ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. هاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بە بێ مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی کە لەسەر ڕوسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە، ئەنجامی ئەمەش لە لایەن هاووڵاتیانیانەوە بە هیچ شێوەیەك قەبوڵناکرێت و ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بە خەڵکی و  تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام دەبێتە هۆی پرۆتێستی گەورە و ڕاپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و خاك و گیانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.

گەر ئەمەش ڕووبدات کە گریمانی زۆری هەیە ، بێ گومان پوتین لەم جەنگەدا براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بە هیچ تەماشای بکەن، هاوکاتیش بەها و ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕكێی چەک لە لایەن ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.

*تکایە بۆ زانیاری لەسەر گەمارۆ و سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارت-دا پێشبینی سەرەنجامی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانم لەسەر ڕوسیا کردووە.

https://emrro.com/sizaugemaroy.htm

Zaherbaher.com

مانگرتنی کرێکارانی دائیرەی پۆست لە لەندەن

05/06/2022

دوێنێ شەمە، ٤/٦/٢٢ ، ٣٥٠٠ کرێکاری دائیرەی پۆست بەرید لە ١١٤ ئۆفیسدا وەستان لە کار و مانیان گرت. مانگرتنەکایان پەیوەندی بە داخوازییەکانیانەوە هەیە کە پارەیەکی کەمیان بۆ زیاد کراوە کە لە کاتێکدا تێچووی پێداویستییەکانی ژیان بە ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتون . پاش وتووێژێکی زۆر ئیدارە ساڵی پار بڕیاری دا کە بە ڕێژەی لە سەدا ٢.٥ مووچەیان سەرکەوێت هەروەها ٥٠٠ پاوەندیشیان لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بدرێتی. ئێستا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئیدارە زیادکردنی کرێ و موچەی هەڵپەساردووە ئەمەش بووەتە هۆکاری وەرگرتنی هەڵوێست و کردنی مانگرتن.

ئەندامەکانی هەمان نقابە کە کاری ئەدمینی دەکەن ئەوانیش بڕیارە لە ڕۆژی دووشەمەوە مانبگرن.

سەرۆکی نقابە لە ڕاگەیاندنێکا دەڵێت ” “سوپاسی خەڵک دەکەین بۆ تێگەیشتن و پشتگیریکردنیان، و داوا لە ئیدارە دەکەین کە بگەڕێنەوە سەر مێزی وتووێژ بۆ یەکلاییکردنەوەیەکی ڕاستەقینە کە کرێکارە پاڵەوانەکان شایانیانە و دەبێت ڕێزیان لێبگیرێت”.

ئاگر کەوتنەوە لە ناو کارگەکانی بەنگلادش و ڕمانی کارگەکان بوونەتە ڕوودانی مانگانە

05/06/2022

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەك کە بووە هۆی تەقینەوەیەکی گەورەی کیمیایی دوێنی، شەمە، درەنگانێك، لانیکەم ٣٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 300 ی تر کە هەندێکیان زۆر خراپ سووتاون، دەناڵێنن بە سووتانی جەستەیانەوە. ئەمە لە کۆگایەك ڕوویداوە کە پڕ بوە لە کۆنتەینەر [ صندوقی گەورەی پڕ لە کاڵاو شمەك ]. ئەم کۆنتەینانە لە مەخزەنێکی سەر بەندەری دەریا دانراون و ئامادەبوون بۆ بارکردن و هەناردەکردنیان. ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاترن لە 300 چونکە 7 کەسی ئای تی کە بەکاری فەیسبووك و ئایتییەوە سەرقاڵ بوون ئەوانیش بوونەتە قوربانی. لە ناو بریندارەکانیشا 40 کرێکاری ئاگر کوژانەوە و 10 پۆلیسیشی تیادایە.

زۆرێک لە خەستەخانەکان پڕ کراون لەم بریندارانە و ئەو دکتۆرانەشی کە لە هۆڵیدەی بوون گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەمان.

بەداخەوە کە تەماح و کۆکردنەوەی سەرمایەی زیاتر و گوێ نەدان بە گیان و ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیان، لە لایەن خاوەنکار و کۆمپانیا و کارگەکانەوە چاوپۆشییەکی زۆر کراوە لە گرتنەبەری ئامۆژگاری و یاسا و ڕێساکانی سەلامەتی سەر کار لە ناو کارگە و کۆمپانیاکاندا، هەر بەم هۆکارەشەوە مانگانە ڕووداوی گەورەی وەکو ئاگر کەوتنەوە و ڕوخانی کارگەکان ڕوو دەدەن و کارەساتی زۆر گەورە بە سەر ژیانی خودی کرێکارەکان و خێزانەکانیشیاندا دەهێنن.

بێ گومان حکومەتی بەنگلادش دەبێت بەرپرسیاریی یەکەم هەڵگرێت لەم تاوانانەدا بە گوێ نەدان لە پشکنینی بەردەوامی شوێنەکانی سەر کار بۆ سەلامەتی کرێکاران.

لە ساڵی 2020 دا 70 کەس لە کەوتنەوەی ئاگرێکدا لە چەند شوقەیەکدا لە شاری دەکا گیانیان لە دەست دا. لە مانگی تەموزی 2021 دا 54 کرێکاری سەر کاری پرۆوسەی دروستکردنی خۆراك و خواردەمەنی لە دەرەوەی شاری دەکا دووبارە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە گیانیان لە دەست دا.