ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi
بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان
ھەڤپەیڤینی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان لەتەك ھاوڕێ زاھیر باھیر، یەكێك لە چالاكانی گروپی ھاوپشتی ھارینگەی / 1
بەشی یەكەم
– سەرەتا ئەگەر بكرێت، بە كورتەیەك خۆتان بە خوێنەرانی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان بناسێنن و كەمێك لەبارەی پێشینەی چالاكی و ڕۆڵت لە گروپە ڕامیارییەكاندا بدوێیت؟
من ناوم زاهیر باهیره ساڵی 1952 له گوندێکی سه‌ر به ناوچەی قه‌ره‌داغی شاری سلێمانی له‌دایک بووم، ده‌رچوی ‘خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی’م و له ڕۆژی 07/11/1985 دا گه‌یشتومه‌ته له‌نده‌ن و تا ئێستاش هه‌ر لێره داده‌نیشم.
وه‌کو چالاکی ڕامیاری هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاوێتیمه‌وه تێکه‌ڵاوی ڕێکخراوی یه‌کێتی قوتابیانی باڵی مه‌که‌ته‌بی ڕامیاری (جه‌لالی) و پارته‌که‌یان بووم. له ساڵی دیراسی 1969/1970 دا لەتەك شه‌هید ئه‌مین پۆڵا ( حه‌مه‌ئه‌مینی حاجی شێخ عه‌لی که له ناو مه‌فرزه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا به مامۆستا شه‌ماڵ ناسرا بوو) به‌رپرسی یه‌کێتی قوتابیانی خانه‌ی مامۆستایان و په‌یمانگه‌ی مامۆستایانی سلێمانی بووم.
له ساڵی 1972 دا په‌یوه‌ندیم به گروپی مارکسی – لینینییه‌کانی عێراقه‌وه، کرد. ئه‌و له سه‌روبه‌ندێکی ئاوادا دروست بووبوو که هه‌ندێک له‌و هاوڕێیانه ماوه‌یه‌کی که‌م بوو که له کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لینینی کوردستانی ( کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران) له‌سه‌ر ناکۆکی فیکری ئایا: گروپی مارکسی- لینینی، ده‌بێت کوردستانی بێت یا عێراقی بێت، جیا بووبوونه‌وه.
پاش ماوه‌یه‌ک به‌هۆی گومانی جۆرێک له په‌یوه‌ندیبوونی دوو هاوڕێوه که له گروپه‌که‌دا بوو‌ن، لەگه‌ڵ پیاوانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تدا، ته‌نها چاره‌یه‌کمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گروپه‌که بوو. هه‌ر پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌کی که‌م ئه‌وانه‌مان که ویستمان یه‌کبگرینه‌وه له پشتی براده‌رانی گومانلێکراوه‌وه، یه‌کمان گرته‌وه و ڕێکخراوێکی تازه‌مان به‌ناوی ڕێکخراوی مارکسی-لینینی شیوعیه‌کانی عێراقه‌وه دروستکرده‌وه و ڕۆژنامه‌یه‌کمان به‌ناوی “کۆمۆنیسته‌وه” ده‌رده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه دواتر ڕێکخراوه‌که به گروپی کۆمۆنیسته‌کان، ناسرا. کاره‌کان به‌و شێوه‌یه‌ی که چاوه‌ڕوان ده‌کرا نه‌ده‌چوونه پێشه‌وه بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی 1976 وه هه‌ندێک له‌و براده‌رانه به هۆی هه‌ندێک گیروگرفته‌وه له کارکردن و له گروپه‌که چونه ده‌ره‌وه، به‌ڵام وه‌کو دۆستێکی گروپه‌که و بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی هه‌ر مانه‌وه. له کۆتایی سالی 1976 و سه‌ره‌تای 1977 دا دوای ئه‌وه‌ی که بارودۆخی کارکردن له شاره‌کاندا یه‌کجار گران بوو ، هێڕش و شاڵاوی گرتن و ئیرهاب ده‌ستی پێ‌کرد به‌تایبه‌ت دوای گیرانی برایم حه‌سه‌ن، که ئه‌ندامی ڕێکخراوی ڕه‌نجده‌ران بوو، له ساڵی 1977 دا ، که ناوی خه‌ڵکانێکی زۆر زۆری له ھەموو گروپ و لایه‌نه‌کانی دییش، هێنابوو. ئه‌و هێڕشه ئێمه‌شی گرته‌وه و هاوڕێیه‌کمان گیرا و دووانی دییشمان دوای ناوهێنانیان ڕایان کرده ده‌ره‌وه و من و هه‌ندێکی ترمان بۆ ماوه‌یه‌ک خۆمان شارده‌وه تاکو زروفه‌که نه‌ختێک ئاساییی بووه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا ئێمه په‌یوه‌ندیمان لەتەك پاشماوه‌ی حیزبی شیوعی عێراقی ( قیاده مه‌رکه‌زی) که به “وه‌حده‌ألقاعیده” ناوده‌بران و یه‌کێتی کارگه‌ران و هه‌ندێک خه‌ڵکی زۆرباشی ناو کۆمه‌ڵه هه‌بوو.
ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخه‌که بووه هۆی کشانه‌وه‌ی هه‌ندێک له براده‌رانی دیمان و هه‌ندێکی دییشیان ڕویانکرده هه‌نده‌ران، به‌ڵام په‌یوندی ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌حده ألقاعیده، تاده‌هات زیاتر ده‌چووه پێشه‌وه و هارکارییه‌کی زۆر هه‌بوو له نێوانماندا. هه‌ر به حوکمی ئه‌م نزیکییه‌مان له یه‌کترییه‌وه و باشتر ئه‌وانمان ناسی، بۆمان ده‌رکه‌وت که ئه‌وان له فه‌وزا و ئاڵۆزییه‌کی زۆر گه‌وره‌دا ده‌ژین هه‌م له کێشمانکێشی فکری له‌سه‌ر ناکۆکی نێوانی ئه‌لبانیای ئه‌و کاته‌ی ئه‌نوه‌ر خواجه و چیندا ، که خودی ناکۆکییه‌که‌ش له‌سه‌ر تیوری جیهانی سێهه‌م بوو، هه‌م له لوبنانیش، که هه‌ندێک له هاوڕێیان و هه‌ندێک له سه‌رانی حیزب له‌وێ بوو‌ن. کێشه‌ی نێوانی هه‌ندێک له‌م هاوڕێیانه لەتەك ‘فازیلی مه‌لا مه‌حمـوود’ (یادی به‌خێر) و ‘عادل عه‌بدولمه‌هدی’ ، که دواتر ڕوی له ئیسلامێتی کرد و له‌م ساڵانه‌ی پێشووشدا ماوه‌یه‌ک نائیبی جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رکۆماری عێراق،بوو، که لای زۆربه‌مان ‘عادل به أبو امل’ ناسرابوو، دروستبووبوو وه کێشه‌که‌یان به‌ره‌و خراپی ده‌ڕۆیشت .
کێشه‌ی نێوانی ئه‌وان شێوه‌یه‌کی زۆر ھەرزانە و توندڕه‌وانه‌ی وه‌رگرتبوو تاکو گه‌یشتبووه چه‌ک ڕاکێشان له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌و هاوڕێیانه‌وه له فازیل و عادل، که خۆیان پاڵپێوه‌نه‌ری ئه‌و کاره‌ی ئه‌و هاوڕێیه، بوو‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه داوا کرا که یه‌كێک له ڕێکخراوی ناوه‌وه‌ی ‘وه‌حده ألقاعیده’ بچێت بۆ ‘به‌یروت’ هه‌م بۆ سوککردنی کێشه شه‌خسییه‌کان و هه‌م بۆ باشتر حاڵیبوونی کێشه تیورییه‌کان تاکو هاوڕێیانی ناوه‌وه‌شیان، خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه ، ساغ بکه‌نه‌وه .
له‌به‌ر نزیکی ئێمه له‌وانه‌وه و هارکاریکردنی زۆریان، هاوڕێیانی ئه‌وان داوایان له من کرد که بچم بۆ به‌یروت، منیش پاش وه‌رگرتنی ڕاو پرس‌ی هه‌ندێک له هاوڕێیانی خۆمان ، داواکه‌ی ئه‌وانم قبوڵکرد. له 16/08/1978 من چووم بۆ لوبنان و دوو هه‌فته من و فازیل به‌یه‌که‌وه له‌ماڵی عادل له به‌یروت ماینه‌وه و به‌رده‌وام هه‌دوو لام ده‌بینی به‌ڵام نه‌متوانی که کێشه شه‌خسییه‌کان لابه‌لا بکه‌مه‌وه، به‌ڵام زۆر به‌باشی له ناکۆکییه تیوریه‌که‌ی نێوانیان، تێگه‌یشتم.
له گه‌ڕانه‌وه‌مدا ڕاپۆرتێکی درێژم له‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌که‌م به هاوڕێیانی ‘وه‌حده ألقاعیده’ پێشکه‌ش کرد و هاوڕێیانی خۆشمانم ئاگادار کرده‌وه، پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ ئه‌وان کرد که کار کردنیان له‌گه‌ڵ سه‌رانیاندا له ده‌ره‌وی عێراق، له ده‌ستدانی وه‌خت و وزه و ڕوبه‌ڕوبوونه‌ی مه‌ترسی گرتن و تیاچوونه، هه‌تا بۆ ئێمه‌ش که زۆر نزیکبووین له‌وانه‌وه. گه‌رچی پێشتر وره‌وری ئه‌وه‌مان ده‌کرد که وه‌ختی ئه‌وه هاتوه که به‌یه‌که‌وه کار بکه‌ین له ڕیکخستنێکی نوێ‌دا، بۆیه له گه‌ڕانه‌وه‌مدا من پێشنیازی دروستبوونی گروپێکی نوێ که له هه‌ردوولامان پێک‌بێت، بۆ کردن ، له کاتێکیشدا که ئێمه هه‌ردوولامان ده‌مێک بوو له‌سه‌ر تیوری جیهانی سێهه‌م ، فکرمان ساغکردبووه‌وه و ڕامان له زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌کاندا وه‌ک یه‌ک بوو. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان لێدوان و گفتوگؤیه‌کی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌وه کرد و ئێمه‌ش به‌جددی له‌سه‌ر یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا و کارکردن له ڕیکخراوێکی نوێ‌دا ، قسه‌وباسی زۆرمان کرد.
وه‌کو وتم مشتومڕێکی زۆر له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه کرا و سه‌رئه‌نجام له ساڵی 1979 دا، پێموایه له کۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا بوو، که گروپی مارکسییه – لینینیه‌کانی عێراقمان دروست کرد و ڕۆژنامه‌ی ‘کار’ و ‘العمل’مان ده‌رکرد، که دواتریش ئه‌و گروپه به‌ناوی “کار” وه ناسرا.
لێره‌ش، له بریتانیا، هه‌ر به‌گه‌یشتنم لەتەك ئه‌و هاوڕیانه‌ی که به‌روودوا گه‌یشتبوینه بریتانیا و لەگه‌ڵ هه‌ندێک هاوڕێی دی‌دا جۆرێک له په‌یوندیمان دروستکرد. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕییانه‌دا که‌وتینه گفتوگۆ له‌گه‌ل ‘شۆشیالیست وه‌رکه‌ر پارتی SWP ‘دا، که وامانده‌زانی ئه‌وان له ڕوی فکرییه‌وه له ئێمه‌وه نزیکن. پاش چه‌ند دانیشتنێکی ڕۆڵی لەتەك سه‌رکرده‌کانیاندا که به‌رده‌وام ‘تۆنی کلیفی’ تێدا بوو که سه‌رکرده‌ی یه‌که‌میان بوو، زانیمان که له‌گه‌ڵیاندا ناگه‌ینه هێج سه‌ر ئه‌نجامێک بۆیه پاشه‌کشه‌مان لێکردن. دواتر لەتەك هه‌ندێك براده‌ری ئێرانی و کوردی خۆماندا شتێکمان دروستکرد دژی جه‌نگی ئێرانی و عێراقی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند چالاکییه‌کمان له‌ژێر ناوی ده‌سته‌یه‌ک له شوڕشگێڕانی ده‌ره‌وی عێراق، به‌ره‌و دژایه‌تیکردنی سه‌رمایه‌داری ، کۆمیته‌ی پشتگیری له خه‌باتی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ، ده‌سته‌یه‌ک له به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌کانی شوبات و مارتی، 1988 دژی جه‌نگ و دژی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه، چه‌ند گروپێکی چکۆله‌ی دی، ئه‌نجام دا، دوای ئه‌وه که‌وتمه گۆڕینه‌وه‌ی نامه و نوسێنێکی زۆر لەتەك براده‌رانی ‘ف‌صیل شیوعی عاله‌می / گروپی كۆمونیستی جیھانی’ دا ، چه‌ندجارێکیش بینیمن، به‌ڵام لەگه‌ڵ ئه‌وانیشدا نه‌گه‌یشتمه خاڵێکی ناوکۆیی بۆ کردنی چه‌شنێک له چالاکی.
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا له‌پاڵ ئێشکردن و کاری نیقابییدا که نماینده‌ی کرێکاره‌کانی لای خۆمان بووم و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌ندامی کۆمیته‌ی نقابه‌که‌شمان بووم. ده‌ستم کرد به خوێندنه‌وه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ سه‌باره‌ت به لینین و مارکس به‌تایبه‌ت تیوری مارکس له‌سه‌ر دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا و ده‌وڵه‌ت. پاش ماوه‌یه‌ک خوێندنه‌وه و تێکه‌ڵاوبوون به بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران لێره و تێڕامان و بیرکردنه‌وه و شیکردنه‌وه، له‌م بواره‌دا توانیم به‌ته‌واوی فکری خۆم ساغ بکه‌مه‌وه، به‌رده‌وامیش بووم له چوون بۆ کۆبوونه‌وه کوردییه‌کان و ناکوردییه‌کان و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیه‌کان.
له سالێ 1996 دا دوای شه‌هیدکردنی ‘حه‌مه حه‌لاق’ و هاوڕێکانی لەتەك چه‌ند هاوڕێ و براده‌رێکدا که زۆربه‌یان یا دۆستی یا سه‌ر به حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری بوو‌ن کۆمه‌ڵه‌یه‌کمان ( جه‌معیه‌ک) به ناوی ‘به‌رگری کردن له ماف و ئازادی خه‌باتی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان’ ، دروست کرد و بڵاوکراوه‌یه‌کیشمان به‌ناوی ” پشتگیری ” ده‌رکرد. به‌داخه‌وه ئه‌مه هه‌ر ساڵیک و که‌مێک زیاتری خایاند. پاش ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ئه‌و برده‌رانه خه‌ڵکێکی زۆریان له دانیشتنه‌کان ته‌ره‌کرد، دواتریش خۆیان له لیژنه‌که کشانه‌وه، ئه‌م جه‌معیه‌ش وه‌کو گه‌لێکی دی له‌وانه‌ی پێشتر به ئاکامی مه‌رگی خۆی گه‌یشت و کۆتایی هات.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی من هه‌ر له‌و ماوانه‌دا به‌به‌رده‌وامی بۆ هه‌ندێک له گۆڤاره‌کان و ناو به‌ناویش بۆ یه‌ک دوو ڕۆژنامه‌یه‌ک وتارم نوسیوه، له‌وانه گۆڤاری دواڕۆژ، هه‌نگاو ، ڕۆژنامه‌ی ژینی نوێ و په‌یام ، دواتریش لەتەك دوو سێ هاوڕێیه‌کدا گۆڤاری دالیان و ژیڵه‌مۆمان ده‌رده‌کرد، به‌ڵام له‌به‌ر کێشه‌ی نه‌بوونی پاره و چاپه‌مه‌نی به‌ناچاری له ده‌رکردنیان، وه‌ستاین. که باوی ئینته‌رنێتیش هات و سایته‌کان که‌وتنه پێشچاو منیش ناو به‌ناو ده‌ستم کرده‌وه به وتار نوسین له‌پاڵ کارکردن و نواندنی چالاکی له‌نێو چه‌ند گروپێکی لۆکاڵیدا له له‌نده‌ن.
له ڕۆژی 19/07/2011 دا خۆم خانه‌نشینی پێشواده‌یی کردوه و ته‌واوی ژیانی خۆمم بۆ ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕم پێی هه‌یه، ته‌رخانکردوه .
– لە ھەندێك لە نووسینەكانتدا باس لە گروپی خۆجێیی (لۆكاڵی) دەكەیت و وەك ئەڵتەرناتیڤ دەیخەیتەڕوو، دەكرێت بزانین بەخۆت لە چ گروپێكدا چالاكی دەكەیت و گروپەكەتان ناوی چییە و سنووری چالاكی كوێ‌یە و كەی دروست بووە؟
گروپه سه‌ره‌کییه‌که‌ی که من کاری تێدا ده‌که‌م، ناوی (Haringey Solidarity Group (HSG) که له ساڵی 1991 دا دوای ئه‌و که‌مپه‌ینه سه‌رکه‌وتووه‌ی که دژی پۆلته‌کس (Anti-Poll Tax Campaign) کرا، دروستبووه. پێشتر ئه‌م هاوڕێیانه له گروپێکی گه‌وره‌دا که بۆ مه‌به‌ستی که‌مپه‌ین دژی پۆڵته‌کس دروستکرابوو ، کاریانده‌کرد. ئه‌م سیسته‌مه جۆرێک بوو له باجدانان له‌سه‌ر هه‌ره زۆرینه‌که‌ی خه‌ڵکی که 18 ساڵ و سه‌روو 18 ساڵه‌وه بوو‌ن، ئه‌م باجه‌ش ساڵێ پێشتر له سکۆتله‌نده به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا سه‌پێنرابوو، به‌ڵام خه‌ڵکی ناڕازاییه‌کی گه‌وره‌یان دژی به‌رپا کرد به خۆڕێکخساتنیان و کۆمه‌ک و هاوپشتی لەتەك گروپه‌کانی دی له شوێنه‌کانی دیكەی بریتانیادا. پاش سه‌رکه‌وتنی که‌مپه‌ینه‌که و پاشەكشەی ده‌وڵه‌ت، به‌شی زۆری خه‌ڵکانی ناو گروپه‌که پشتیانکرده‌وه و چوونه دواوه. به‌ڵام ئه‌م هاوڕێیانه‌ی ئه‌وکاته‌ی ئێمه لەتەك ئه‌و شه‌پۆله‌دا نه‌ڕۆیشتن و به‌رده‌وامبوون له تێکۆشان‌دا به دروستکردنی ئه‌و گروپه‌ی که له سه‌ره‌وه ناوم هێنا.
ئه‌م گروپه له گردبونه‌وه و یه‌کگرتنی هه‌ندێک له دانیشتوانی شاره‌وانی (کاونسڵی) هارینگه‌ی یا ئه‌وانه‌ی که له شوێنی دیكە ده‌ژین، به‌لام له‌وێ کارده‌که‌ن، پێکهاتوه. چالاكانی ئەم گروپە له پاشینەی جیاجیاوه، له ئه‌زموون و بیروباوه‌ڕی جیاجیاوه هاتوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له نێوانماندا هاوبه‌ش و ناوكۆییە. پێویستیی ڕزگاربوونه له‌م سیسته‌مه، سیسته‌می سه‌رمایەداری، که لای ئه‌و سوود و قازانج و ده‌سه‌ڵات ( پاوه‌ر) گرنگه و ده‌یانخاته پێش پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی خه‌ڵکییه‌وه. ته‌نها ڕێگاچاره‌یه‌کی کاریگه‌ری‌ش بۆ ئه‌م،ه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی خۆی ڕێکبخات و دژی بجه‌نگێت و بڕیاره‌کان له چنگی بڕیارده‌ره‌کان، ئه‌وانه‌ی که یاری به‌چاره‌نووسمان ده‌که‌ن ، له ژیانی خێزانیماندا ، له ژیانی سه‌رکارماندا له‌ناو کۆمۆنێتییه‌که‌ماندا، له‌سه‌ر ئاستی وڵات‌دا، ده‌ربهێنن و بیگه‌ڕێننه‌وه ده‌ستی خودی کۆمۆنێتییه‌که و خه‌ڵکانی ناو کۆمۆنێتییه‌که. ئه‌وانه‌ی که ئه‌م گروپه‌یان دروستکردوه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ویستویانه شتێک بنیاتبنێن، که درێژخایه‌ن بێت و گه‌لێک پرس‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌خۆیه‌وه بگرێت، نه‌ک ته‌نها خۆی ببه‌ستێته‌وه به ئامانجێک یا تاکه ئەركێ‌که‌وه، یا که‌مپه‌ینێکه‌وه. ئه‌وه‌شی که نه‌یانده‌ویست بیکه‌ن، پێکهێنانی پارتێکی ڕامیاریی دیكە بوو .
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیمه ده‌زانین که شۆڕش کارێکی کوتووپڕی نییه، ڕوداوێک نییه، به‌ڵکو پرۆسێسێكی درێژخایه‌نه و ده‌بێت له خواره‌وه‌ی، له بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ستپێبکات، هه‌ر بۆیه سنوورێک بۆ ڕاگرتنی چالاکی ئه‌م گروپه نییه، ئه‌وه‌ی که سنووربه‌ندی ده‌کات، ته‌نها ده‌رفه‌ت و پیاڕاگه‌یشتن به چالاکییه‌کان و توانای داراییە.
له کێشه‌کانی نێوان کرێکاران و خاوه‌نکاردا ئه‌م گروپه هه‌میشه کۆمه‌ک و سه‌پۆرتی سه‌رومڕی کرێکاران ده‌کات، له ھەموو بواره‌کاندا به‌رده‌وام خەریكی بەرپاکردنی که‌مپه‌ینە دژی که‌مکردنه‌وه و داخستنی خزمه‌تگوزارییه‌کان، پشتگیریکردنی په‌نابه‌ران و که‌مپه‌ینی دژی ناردنه‌وه‌یان، زۆرێكی دیكە له‌مانه به که‌مپه‌ینی پاراستنی ژینگەشەوه. بێگومان چالاکییه‌کانی ئه‌م گروپه به‌پێی پێویستی و باری ئابووری و ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ریتانی ده‌گۆڕێت و هه‌ڵبه‌ته هه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی سه‌روه‌ش. کار ده‌کاته سه‌ر فراوانبوون یا بەرته‌سکبوونه‌وه‌ی گروپه‌که.
له ساڵی 89 و سه‌ره‌تای ساڵ 1990 هاوڕێیانی ئه‌م گروپه، پێش دروستبوونی گروپه‌که لەتەك خه‌ڵکانی دیكەدا ڕۆڵێکی زۆر گه‌وره‌یان له که‌مپه‌ینی دژ به پۆڵته‌کسدا بینی، که ده‌وڵه‌ت ساڵی پێشتر له سکۆتله‌نده سه‌پاندبووی و ده‌شیویست له 01/04/ 1990 یشه‌وه له ته‌واوی شوێنه‌کانی دیكەی بریتانیادا بیسه‌پێنێت. له سكۆتله‌نده، هه‌ر زوو خه‌ڵکی ده‌ستی کردبوو به که‌مپه‌ین دژی ئه‌و سێسته‌مه و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، ئه‌مه‌ش هانده‌رێکی باش و نموونە‌یه‌کی بایاخدار بوو، تاکو خه‌ڵکی له شوێنه‌کانی دیكە ، به سه‌پاندنی ئه‌و باجه، ڕازی نه‌بن. ئه‌مه‌ش وایکرد که بۆ چۆکدادانی ده‌وڵه‌ت له سه‌پاندنی ئه‌م سیسته‌مه باجییه‌دا، که‌مپه‌ین ده‌ستپێبکرێت.
دانیشتوانی شاره‌وانییه‌کان له‌توانایاندا نه‌بوو ئه‌و باجه بده‌ن، بۆیه ڕۆژانه ده‌یان که‌س ده‌درانه دادگە و کۆتایی هه‌ندێکیان به به‌ندکردنیان ده‌هات. پاش ماوه‌یه‌کی درێژ توانرا گروپ له نێوانی خه‌ڵکان و دانیشتوانی زۆربه‌ی ھەرەزۆری شاره‌وانییه‌کانی له‌نده‌ندا دروست بکرێت و جۆرێک لە تەبایی و ھاریكاری له نێوانیاندا هه‌بێت، ئامانجیان هاندان و کۆمه‌ککردن بوو به دانیشتوان، تاکو له‌کاتی سه‌پاندنی ئه‌و باجه‌ی که له سه‌ریان دانرا، نه‌یده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌و بارە‌دا که به‌شی کۆکردنه‌وه‌ی باجه‌که له شاره‌وانییه‌کاندا، بیانه‌وێت ڕێگه‌ی یاسایی دژی ئه‌و خه‌ڵکانه بگرنه به‌ر، که ئاماده نین باجه‌که بده‌ن و شاره‌وانیش به‌ره‌و دادگە، ڕاپێچیان ده‌کات.
ئه‌م پرسه بایەخی زۆری پێدرا، به پێی هه‌بوونی که‌مپه‌ینێکی زۆر گه‌وره که له پشتییه‌وه بوو، دواتر له‌و شوێنانه‌ی که باجه‌که سه‌پێنرابوو، وایلێهات ئه‌وه‌نده خه‌ڵکی له دانی ئه‌و باجه یاخی بوو، دادگە پێدا ڕانه‌ده‌گه‌یشت و نه‌شیده‌توانی دادگەییان بکات و شاره‌وانییه‌کانیش نه‌یانده‌توانی باجه‌کان کۆبکه‌نه‌وه، به‌مه‌ش بودجه‌ی شاره‌وانییه‌کان به‌ته‌واوی ده‌هاته خواره‌وه و کارایی خۆی له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌کان داده‌نا.
ئەگه‌رچی خۆپیشاندانی بچووک بچووک و جیاجیا له زۆربه‌ی شوێنه‌کاندا هه‌بوو، به‌ڵام خۆپیشاندانی سه‌ره‌کی، که زیاتر له 250 هه‌زار که‌س و هه‌ندێک ده‌ڵێن ملیۆنێک، له ڕۆژی 31/03/1990 له له‌نده‌ندا ، که به The Poll Tax and The Battle of Trafalgar Square بەناوبانگە، ڕوویدا. ئه‌مه هه‌ر نه‌ک بووه هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می باجه‌که و بەخشینی ئه‌وانه‌ی که به‌ندکرابوون، یا سزای به‌ندییان له‌سه‌ر بوو، به‌ڵکو بووه هۆی هێنانه‌خواره‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی مارگرێت تاچه‌ر و دروستکردنی حکومه‌تێکی نوێ، که جۆن مه‌یجه‌ر له‌و حکومه‌ته‌دا بووه سه‌رۆکشالیار و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه باجییه‌ی کرد و له 01/04/1993 وه سیسته‌مه‌ێکی دیكەیان، له جێی هێنایه‌کایه‌وه.
سزاواربوون
سزاواربوون
پییەر جوزیف پرۆدۆ‌ن
و. له عه‌ره‌بییه‌وه : سه‌لام عارف
“حوکمڕانی به‌و مانایه دێت، که تۆ چاودێری ئه‌کرێییت، ئه‌پشکێنرێییت سیخوڕکاری ده‌کرێته سێبه‌رت، به‌پێی یاسا ئاڕاسته‌ت دیاریئه‌کرێت، ئامۆژگارت ئه‌کرێییت ناونووس ئه‌کرێییت ده‌کرێییته ژماره‌یه‌ك، ته‌لقینت دائه‌ده‌ن ده‌ستبه‌سه‌رئه‌کرێییت، پاش هه‌موو ئه‌وانه به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنت به‌سه‌ر ئه‌کرێیتته‌وه،مه‌زه‌نه‌ت ئه‌که‌ن نرخێکییشت له‌سه‌ر دائه‌نێن، ئه‌وانه هه‌مووی ئه‌و که‌سانه ده‌یانکه‌ن، که نه‌ك هه‌ر مافی ئه‌وه‌یان نییه بیانکه‌ن، به‌ڵکو شایسته‌ی ئه‌وه‌ش نیین، ده‌کرێییت به‌ژێر باری فه‌رمانه‌کانه‌وه، به ناووبیانوی سودوو په‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه باجه‌کان ده‌سه‌نرێن، به فیڕۆ ده‌درێن، تاڵانی و سته‌مکاری باو ئه‌کرێن، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش – داگیرکردن- ده‌ستدرێژی -کوشتن – هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن- دزی، ده‌کرێنه ڕه‌فتاری ڕۆژانه، که‌چی له‌گه‌ڵ یه‌که‌م وشه‌ی ناڕه‌زایی و به‌رهه‌ڵستیدا (ئه‌رزوو ئاسمان له‌یه‌ك ئه‌ده‌ن،ئیتر کۆتایی دونیایه،کارێکت پێئه‌که‌ن، نه ڕه‌شه‌با به ده‌واری شڕیکردوه، نه سه‌رماش به هه‌تیوو)** به واته‌یه‌کی دی ڕاوئه‌نرێییت، ده‌ربه‌ده‌رئه‌کرێییت، ناو و ناموسیشت ئه‌زڕێنرێت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵکه‌وتنی یه‌که‌م ده‌رفه‌تیشدا سه‌ره‌ونگوم ئه‌کرێییت، ئا ئه‌وه‌یه حکومه‌ت و دادپه‌روری و ڕه‌وشت”
*سه‌رچاوه عەرەبییەكەی
http://anarchist-document.blogspot.fr/2011/12/blog-post_22.html
سەرچاوە ئینگلیزییەكەی
http://www.goodreads.com/quotes/14649-to-be-governed-is-to-be-watched-inspected-spied-upon
**ئه‌وه‌ی ناو دوو که‌وانه‌که ،که‌مێك ده‌ستکارییه هیچی له ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که نه‌گۆڕیوه-و-ك
پێشانگەی په‌رتووکی ئه‌نارکستی 2012 ی له‌نده‌ن
پێشانگەی په‌رتووکی ئه‌نارکستی 2012 ی له‌نده‌ن
تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که بۆچی خه‌ڵکی له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا هه‌روه‌ها له هه‌موو جیهاندا توڕه‌ن و دژی فه‌رمانڕه‌واکانیان ڕاده‌وه‌ستنه‌وه، ئاسانه.
زۆر گرانه ئه‌وه ببینرێت، که چۆن کارایانه و كتوپڕانە هه‌ڵمه‌تبردن، ڕوودانی ھەڵچوون (Riots)، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌کان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆمیونی‌تییه‌کان، هه‌ر هه‌موویان له‌بره‌ودان ، به‌ڵام تۆقاندن و سه‌رکوتگەرییه‌کانی ده‌وڵه‌تیش هه‌روه‌ها له زیادبووندان.
ئه‌نارکیزم دژی ده‌سه‌ڵاته و به‌رگریکردنێکی چینایه‌تیانه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و سەرمایەداری. له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا نموونه‌ی خۆڕێکخستنی خه‌ڵکی به‌یه‌که‌وه ده‌بینرێت، بە‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست به سه‌رکرده یا ناونووسکردنی به شتێکی نوێ، مۆدێلێکی نوێ، بۆ شه‌ڕکردن، به‌گژاچوونه‌وه، دژی ئه‌و هێزانه‌ی که له ماڵه‌کانماندا، له شوێنی کارکردنماندا، له قوتابخانه‌کانماندا، له شه‌قامه‌کانماندا، هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌که‌ن. پێویستی به‌رهه‌ڵستیکردن له‌به‌رامبه‌ر وێرانکردنی ئه‌م ئه‌ستێره‌یە (گۆی زەوی)ی که له‌سه‌ری ده‌ژین، سه‌پاندنی برسێتی، ڕاووڕووتکردن و دزینی داھات و سامان، شتێکی بەڵگەنەویست و پێویستە. ڕامیاریی ئه‌نارکیستی ئاوەزپەسەندە و هۆکاری خۆی هه‌یه: چالاکی ڕاسه‌وخۆ شێوازەكەیەتی.
هه‌موو ساڵێك پێشانگەی په‌رتووکی ئه‌نارکیستی له له‌نده‌ن، لەلایەن گروپه ئه‌نارکسته‌کان و گروپ و تاكە چالاكەكانی دیكەوە له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م وڵاته و ده‌ره‌وه‌ی ئێره، بەشداری تێدادەكرێت و بەسەر دەكرێتەوە. ئیدی ئایا تۆ تائێستا به‌شداریت کردووه یا ده‌ته‌وێت زیاتر بزانیت، ئه‌مه هه‌لێکی چاکه بۆ مشتومڕکردن و ڕه‌تدانه‌وه یا به‌ڕووداوه‌ستانه‌وه‌ی ئایدیاکه‌مان و بۆ داڕیژانی پلانی چالاکی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه. ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه جێگەیه‌که بۆ دیدار و یه‌کگرتن، بۆ دروستکردنی سۆڵیدارێتی، بۆ بەدەستھێنانی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌نارکیزم و ڕامیاریی دژە ده‌سه‌ڵات.
له‌و ڕۆژه‌دا مێزێکی زۆر وەك پیشانگە داده‌نرێن، که پەرتووك و بڵاوکراوه‌ی زۆریان له‌سه‌ر نیشاندەدەرێت، فلیم و كۆبوونەوەیەکی زۆر و زۆری تر له‌و بابه‌تانه، به‌ڕیوه‌ده‌چێت. ده‌توانین خۆمان ڕێکخه‌ین و مه‌به‌ستیشمان ڕوودانێتی.
ڕۆژ: شەممە، ٢٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٢
كات: كاتژێر (١٠)ی سەرلەبەیانی تا ٧ی ئێوارە
شوێن: Bancroft Building, Queen Mary،
University of London
London E1 4NS
چۆنیەتی گەییشن: Mile End / Stepney Green tube
25, 277, D6 bus
دەسەبەری: ھەموو ئاسانكارییەك دابین و دسەبەركراوە.
چاودێری بۆ مناڵان: چاودێری بۆ منداڵانی تەمەن ٢- ٨ ساڵ ئامادەیە.
مناڵانی تەمەن سەرووتر بە خۆشحاڵیی و خزمەتكردنەوە پێشوازییان لێدەكرێت
ھەروەھا شوێنی تایبەت بۆ مناڵانی بەتەمەنتر ھەیە
بۆ بەدەستھێنانی زانیاریی زیاتر دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ئیمەیل ئەدرەسەوە mail@anarchistbookfair.org.uk پەیوەندی بگرن یا دەتوانن سەردانی پێگەی ئینتەرنێتی پیشانگەی پەرتووكی ئەناركیستی بكەن.. www.anarchistbookfair.org.uk
ئەفەریكای باشوور: مانگرتنی ٢٦ ھەزار كرێكار و لەكاردەركردنی ١٢ ھەزار كرێكار لەلایەن كۆمپانیای دەرھێنانی پلاتین Anglo Amarican Platinum
ئەفەریكای باشوور: مانگرتنی ٢٦ ھەزار كرێكار و لەكاردەركردنی ١٢ ھەزار كرێكار لەلایەن كۆمپانیای دەرھێنانی پلاتین Anglo Amarican Platinum
ده‌رکردنی هه‌زاران کرێکار و خۆپیشاندان و مانگرتنی هه‌زارانی دیكە له خوارووی ئه‌فریكا ڕواڵه‌تی ڕاستەقینەی حکومه‌تی نیو- لیبراڵ و ڕامیارییەكان ده‌رده‌خات
پاش سه‌رکه‌وتنی کرێاکره‌کانی کانه‌کانی کۆمپانیای Lonmin له مانگی ڕابوردوودا به به‌ده‌ستهێنانی له %22 کرێی زیاتر، له کۆتایی ئه‌م مانگی سێپتەمبەردا 26 هه‌ازار کرێکاری یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کانه‌کانی ده‌رهێنانی پلاتین، بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته له مانگرتنی گشتیی‌دا بوو‌ن بۆ زیادکردنی کرێی کار و چاککردنی هه‌لومه‌جی جێیكار. پاش ئه‌وه‌ی کۆمپانیای Anglo Amarican Platinum ، که تا ڕۆژی هه‌ینی 05ی ئۆكتۆبەری بۆ دیاریكردبوون، تاکو بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر كارەكانیان، بەڵام زۆربه‌ی کرێکاره‌کان دژی گه‌ڕانه‌وه بوو‌ن بۆ سەركار، دوێنێ (06ی ئۆكتۆبەر، کۆمپانیاکه یا كورتە پەیامێك یه‌کسه‌رە 12 هه‌زار کرێکاری ده‌رکرد. ئه‌وه‌یه مامه‌ڵه و دادپه‌روه‌رێتی لە سایەی حکومه‌تی لیبراڵ و سه‌روه‌رێتی یاسا له به‌رامبه‌ر ته‌نها مافێکی ڕه‌وادا، كە مانگرتن و داواكردنی زیادكردنی كرێ و باشتركردنی ھەلومەرجی كار.
شایانی باسه، که مانگرتنی كرێكارانی دەرھێنانی پۆڵا 4 لەسەر 5 کۆمپانیا گه‌وره‌كانی کانه‌کانی داخست، مانگرتنی ئه‌م كرێكارانی كانەكان، بووه‌ته هۆی مانگرتنی کرێکاران له شوێنه‌کانی دیكەدا و باری ئابووریی وڵاتیشی خراپتر کردووه و به‌ره‌و پشێوی زیاتر ده‌ڕوات. له‌م کاتەدا كە له به‌یه‌کدادانی کرێکاران و پۆلیسدا کرێکارێك گیانی له‌ده‌ستداوه، زیاتر له 75 هه‌زار کرێکاری کانه‌کان له مانگرتندان. هاوکاتیش کۆمپانیایShell که گه‌وره‌ترین کۆمپانیای نه‌وت و به‌نزین وسوتته‌مه‌نییه له‌وێ رایگەیاند، كە له‌به‌ر مه‌ترسی بارودۆخه‌که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن به‌نزین و سووته‌مەنی بۆ هیچ شوێنێک بگوێزنه‌وه، به‌مه‌ش کاڵا و پێداویستییه‌کانی ڕاۆژانه‌ی خه‌ڵك له سوپه‌رپارکێته‌کاندا له کەمیدان. له زۆر شوێنی دیكەدا مانگرتن ده‌ستی پێکردووه و به‌رده‌وامه …
بۆچی ئازادیخوازه‌کان دژی پیرۆزکردنی شته‌کان ده‌جه‌نگن؟
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن- 27/09/2012
به‌ڕای من یه‌کێک له گیروگرفته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئێمه و هه‌تا کۆمه‌ڵگه‌کانی ده‌وروبه‌ریشمان پیرۆزکردنی شته‌کانه، دیارده‌کانه: نه‌ته‌وه، که‌ڵچه‌ر ، ئاین و دین، پارته‌کان ، خێڵ و تایه‌فه، پیاو، شوێنێک، سه‌رکرده هه‌تا تاکیش. پیرۆزکردنیش کاتێک که ده‌گاته ئاستێکی باڵا ، پله‌و پایه‌یه‌کی یه‌کجار جیای ده‌بێت، به‌وه‌ش شێوه ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌بێت، که ئه‌مه‌ش خۆی دروستی ناکات به‌ڵکو تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه بۆی دروست ده‌که‌ن و ئه‌م پیرۆزییه‌ی پێده‌به‌خشن .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له سه‌ره‌وه ناونوسم کردن له‌ناو کۆمه‌لگه‌ی کوردی ئێمه‌دا به‌ئاشکرا دیارن و خه‌ڵکیش زۆر به‌خۆشی و به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه باسیان لێوه‌ده‌که‌ن و زۆریشمان شانازیان پێوه‌ده‌که‌ین بێئه‌وه‌ی که مه‌ترسییه‌کانی ئاینده‌ی ئه‌م کاره‌ی که ده‌یکه‌ین، ڕه‌چاو بکه‌ین، یا بیری لێبکه‌ینه‌وه تاکو بزانین له به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پیرۆزکردنی هه‌ندێک له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه چ کاره‌ساتێکی به‌دواوه‌یه. چونکه پیرۆزکردنی هه‌ر یه‌کێک له‌وانه یانی به‌تایبه‌تی کردنی، یانی دانانی جێوڕێیه‌کی تایبه‌تی بۆی ، یانی جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و “پیرۆزه” له سه‌رجه‌می هاوچه‌شنه‌کانی خۆی ، یانی بایاخدانێکی زۆر تایبه‌تی به‌وو دانانی له سه‌روی هه‌موو هاوجه‌شنه‌کانییه‌وه.
کردنی ئه‌م کارانه‌ش، پیرۆزیکردن ، یانی بیرته‌سکێتی، به‌هێزکردنی ده‌سته‌واژه‌ی ” ڕه‌شه یا سپی” یا ” یا ڕاسته یا هه‌ڵه” یه ، یانی ڕێگه نه‌دان و ڕێگا نه‌هێڵانه‌وه بۆ هیچ ڕه‌خنه و لێدوان و توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ری، له‌سه‌ر شته “پیرۆزه‌که”، یانی کردنی به‌ڕیبازێک وه‌کو ئه‌وه‌ی که به به‌ڵگه‌ی زانستیانه، تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌م شته و پیرۆزیکردنی سه‌لمێنرابێت ، که له حاڵه‌تی ئاوادا ڕه‌نگه کاره‌ساتی خوێناوی ب‌خولقێنێت به‌تایبه‌ت له پیرۆزکردنی پارتێک ، خێڵێک، ئاین و دینێك، ئایدۆلۆجێتێک، یا بیروباوه‌ڕێک.
له‌لای ئازادیخوازه‌کان شتێک نییه که پیرۆز بکرێت و بگاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که شیاوی ڕه‌خنه‌لێگرتن و لێدوان و شیکردنه‌وه نه‌بێت، ئیدی ئه‌وه هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه بێت یان شتی تر‌و به‌ده‌ر له‌وانه. ئازادیخوازه‌کان بڕوایان به‌هه‌بوونی جیاواز‌ی و مانه‌وه‌ی جیاواز‌ی، لە‌سه‌ره‌وه دانان، سه‌روه‌ری، هه‌ر جۆره جیاوازییه‌ک یا سه‌روه‌رییه‌ک بێت، نییه. باوه‌ڕیان به‌هیچ جۆره هه‌ڵاواردنێکیش نییه، به‌هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێک، دۆمینه‌یت کردنێک، له‌لایه‌ن هیچ که‌س و لایه‌ن و پارتێکه‌وه، نییه تاکو ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر باقییه‌که‌ی تردا، بسه‌پێنێت.
ئازادیخوازه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای تێکۆشان و خه‌باتکردنیانه‌وه بۆ کار کردن له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌و پاکۆدانی ڕیشه‌ی هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه‌و هه‌ر چه‌شنێک له‌وانه، نه‌خۆیان هیچ شتێک پیرۆز ده‌که‌ن و نه به‌هیچ جۆره پیرۆزییه‌کیشدا، هه‌ڵده‌ده‌ن، هه‌میشه‌ش به چه‌کی نوسین و ڕه‌خنه‌و مشتومڕو لێداوان له به‌ره‌کانی جه‌نگدان له‌گه‌ڵ پیرۆزییه‌کان و ئه‌وانه‌ی که پیرۆزییه‌کان ده‌خولقێنن یا دروستیده‌که‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین مه‌ترسی پیرۆزیکردن چییه و ڕه‌نگه چی به دووی خۆیدا بێنێت، من لێره‌دا هه‌ر زۆر به کورتی تیشکێک ده‌خه‌مه سه‌ر به‌ته‌نها ئه‌وانه‌ی که له سه‌ره‌وه ڕیزم کردون، بێگومان گه‌لێکی تریش هه‌ن که ده‌توانین له‌سه‌ریان قسه بکه‌ین به‌ڵام ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه لای من، دیارده، یا شته سه‌ره‌کییه‌کانن.
پیرۆزکردنی نه‌ته‌وه : یانی به‌تایبه‌تیکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و جیاکردنه‌وه‌ی له نه‌ته‌وه‌کانی تر‌و دانانی له سه‌رو ئه‌وانه‌وه، که ئه‌مه‌ش خزمه‌تێک نه به‌خوودی نه‌ته‌وه‌که ده‌گه‌یه‌نێت و نه به‌تاکه‌کانیشی. په‌یوه‌ستبوون به پیرۆزیکردنی نه‌ته‌وه‌وه، کۆنسێپتی تایبه‌تمه‌ندێتی و “ڕه‌سه‌نێتی” پێده‌به‌خشێت ، که ئه‌مه‌ش به‌دوور له تێکه‌ڵبوونمان له‌گه‌ڵ گه‌لان و نه‌ته‌وه‌کانی تردا، ده‌گرێت، به‌خۆ به‌گرنگزان وگه‌وره‌زان و ئه‌وانی دی به که‌مو پله‌نزم. هه‌بوونی ئه‌م جۆره ئایدیایه‌ش له باشترین حاڵه‌تدا به‌ره‌و ناسیونالیستی و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و له خراپترین حاڵه‌تیشدا به‌ره‌و ڕایسیزم و شۆڤێنیزمان ، ده‌بات.
پیرۆزکردنی که‌ڵچه‌ر: بۆ نموونه پیرۆزکردنی که‌ڵچه‌ری کوردی یانی به‌رگریکردن، یا لانیکه‌م بێده‌نگبوون له هه‌موو ئه‌و خراپه‌کارییه‌ی که ئه‌مڕۆ له کوردستاندا، بۆ به‌رگری و به‌ناوی به‌رگریکردن له که‌ڵچه‌ره‌وه، ده‌کرێت، یانی پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی : که‌ڵچه‌ری ڕه‌سه‌ن ، نه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن، زمانی ڕه‌سه‌ن، خه‌ڵکی ڕه‌سه‌ن….یانی داخستنی هه‌موو ده‌رگا‌یه‌ک به‌سه‌ر پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌و تاکه‌کانیدا. به په‌یوه‌ستبوونی سه‌روبنی ئه‌و که‌ڵچه‌ره خراپه‌ی که هه‌مانه، به گوڵنه‌بژێر کردنی هه‌موو لایه‌نه خراپه‌کانی که‌ڵچه‌ره‌که له هه‌موو ڕویه‌کیه‌وه ، به ئاماده‌نه‌بوون له وه‌رگرتنی هیچ جۆره لایه‌نێکی باشی که‌ڵچه‌ره‌کانی تر، ئه‌مه‌ش یانی قه‌تیسکردنی خۆمان له بازنه‌یه‌کی داخراودا و دووباره کردنه‌وه‌و ده‌باره کردنه‌وه‌و سه‌دباره کردنه‌وه‌ی هه‌مان شت که ساڵه‌هایه‌کی دووروو درێژه تێیدا ده‌ژین و ڕێگری له پێشه‌وه چونمان ده‌کات.
پیرۆزکردنی ئاین و دین: یانی دواکه‌وتننمان له کاروانی ژیان ، یانی په‌یوه‌ستبووون به شتێکه‌وه که نه‌ک هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی زانستیانه پشتگیری ناکات ، به‌ڵکو نه گوێده‌گرین و نه ئاماده‌شین کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه زانستیانه‌ش بکه‌ین. هه‌رچییه‌کیش به به‌ڵگه‌یه‌کی زانستیانه نه‌سه‌لمێنرابێت یا له ئه‌رزی واقیعدا نه‌توانێت له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ژیاندا بڕوات ده‌بێته وه‌هم و خه‌یاڵ و داستان و حیکایه‌ته بێ بناغه‌و بێ بنه‌ماکان. پیرۆزیکردنی ئاین، دین، بۆ نمونه ئاینی ئیسلام، یانی زوڵمکردن له ژنان، بره‌ودان به‌دانی فتواو نابه‌رپرسیارێتی له کوشتنی هه‌ر که‌سێکدا که وتی فڵان خه‌لیفه، فڵان ئیمام ڕاستی نه‌کردوه ، ڕاستی نه‌وتووه، یان فڵان دین دروستکراوه، یا لانیکه‌م بۆ ئێستا ده‌ستنادات. پیرۆزیکردنی ئاین و دین، ئیدی هه‌ر ئاین و دینێک بێت، یانی فه‌زڵدانی هه‌ڵگرانی ئه‌و دینه و خودی دینه‌که به‌سه‌ر دینه‌کانی تر‌و هه‌ڵگرانی دینه‌کانی تردا، یانی به‌یه‌که‌وه هه‌ڵنه‌کردن و نه‌گونجانی ژیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی دینه‌کانی تردا ، یا به‌چاوی سووک ته‌ماشا کردنیان ، به بیانوی ئه‌وه‌ی که ئه‌مان له ئاسمانه‌وه باریون و ئه‌وانی دی له زه‌وییه‌وه خولقاون، ئه‌مه‌ی ئه‌مان دینێکی ڕه‌سه‌نه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دی ناڕه‌سه‌ن، یانی دروستکردنی کرژی و ناکۆکی و ناڕێکی و پشێوی و زۆری تریش، که هه‌موو ئه‌مانه‌ش له دوایدا ڕه‌نگه ببنه مایه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو جه‌نگی خوێناوی له نێوانی دینه جیاجیاکان و په‌یڕه‌وکه‌رانیاندا، که تاکه لایه‌ک و چینێک قازانجی لێبکات چه‌وسێنه‌ره‌کانی هه‌موو لایه‌که‌و پارێزه‌رانی ئه‌م سییسته‌مه‌یه، که به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت جیاواز‌ی له نێوانماندا دروست بکه‌ن یا جیاوازییه‌کانی نێوانمان گه‌وره‌تر بکه‌ن.
پیرۆزکردنی پارته‌کان: یانی به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها پێیان ، په‌رستنیان و بوونی وه‌لای ته‌واو بۆیان تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو ویست و ئاواته‌کانی خۆمانیان ته‌سلیم ده‌که‌ین، به‌دووکه‌وتنیان و ڕازیبوون به هه‌موو سیاسه‌ت و هه‌وڵو کۆششه‌کانیان، له زۆربه‌ی وه‌ختدا قایلبوونمان به به‌کارهێنانی توندی و تیژیه بۆ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌کانی تردا، چونکه داننان به هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی حیزب و ڕه‌خنه‌لێگرتنی ، لێدانه له قودسییه‌تی حیزب . پیرۆزکردنی پارت، یانی پێدانی مافی ده‌سه‌ڵات ، هه‌تا ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ش .
ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ یه‌کێتی و پارتی ده‌یکه‌ن که قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاته یانی پیرۆزکردنی حیزبه‌کانیان و ڕێره‌وه‌که‌یانه به‌وه‌ی که تاکه ڕێگه‌یه‌که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌و وڵات، به‌م پیرۆزیکردنه‌ش به‌ڕه‌وابینینی ماف و ده‌سه‌ڵاته به‌وان.
پیرۆزکردنی خێڵ و تایه‌فه: یانی پێداگرتن له‌سه‌ر هێڵانه‌وه‌ی دابونه‌رێتی کۆنه‌په‌رستانه‌ی خێڵه‌کی و پارێزگاری کردن له یاساکه‌ی، دیسانه‌وه دژایه‌تی کردنی هه‌موو جۆره پێشکه‌وتنێک به ده‌رنه‌چوون له‌و بازنه‌یه.
پیرۆزکردنی پیاو: یانی پیرۆزکردنی پیاوسالاری ، پیرۆزکردنی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ژناندا، پارێزگاریکردن له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوو پیاوسالاری ، ناسینی ئافره‌ت به ڕه‌گه‌زێکی ناسک و لاواز و دانانیان له پله‌ی دوودا، باوه‌ڕ نه‌بوون به‌یه‌کسانی پیاوو ژن یان له باشترین حاڵه‌تدا هه‌وڵنه‌دان بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ته‌واوی یه‌کسانی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که دابین بکات.
پیرۆزکردنی سه‌رکرده‌و تاك: یانی ناسینی سه‌رکرده یا تاک به که‌سێکی تایبه‌تی، که‌سێکی مه‌زن ، به‌دوور له هه‌ڵه ، به مه‌رجه‌عێک له گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆی سه‌باره‌ت به هه‌موو شتێک، که دێته کایه‌وه، باوه‌ڕهێنان و باوه‌ڕبوون پێی، متمانه پێکردنی له ئه‌نجامدانی سه‌رجه‌می ئه‌و کارانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌دات، گوێڕایه‌ڵ بوو‌ن به هه‌موو بڕیاره‌کانی که زۆر جار متمانه پێکردنه‌که‌و گوێڕایه‌ڵ بوونه‌که کاره‌ساتی جۆراو جۆر به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت. تاکپه‌رستی و پاشکۆبوون ، قه‌به کردنی ده‌وری فه‌ردو به‌زیاد گرتنی بڕیاری فه‌ردو که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی کۆمه‌ڵ و دوورکه‌وتنه‌وه له بڕیاردانی به‌هه‌ره‌وه‌زی و گه‌لێکی تر، دێنێته پێشه‌وه.
ئایه کارکردن له‌سه‌ر پیرۆزکردنی شته‌کان، ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت؟
ئه‌وه‌نده‌ی که کاردانه‌وه‌ی ژیان له ئێستادا و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه له بواره‌کانی جۆره جیاجیاکانی ته‌کنه‌لۆجیای نوێ و ڕۆڵی گڵۆبه‌ڵایزه‌یشن و بازاڕی ئازاد ، نیشانی ده‌دات، به‌هاو نرخی شته پیرۆزکراوه‌کان ڕوو له کزی، ڕوو له نه‌مان ده‌چێت. ڕه‌وتی پێشه‌وه‌چوونی مێژووی ئابوری ململانێی چینه‌کانی، زه‌قتر کردۆته‌وه و که له سیته‌می سه‌رده‌مدا ، چڕتر بونه‌ته‌وه، به ئاشکرا کارایی خۆی له‌سه‌ر ” پیرۆزییه‌کان” داناوه . سیسته‌می کاپیتاڵیزم و شێوه‌ی کارکردنه‌که‌ی ، بازاڕی ئازاد‌و گڵۆبه‌ڵایزه‌یشن ، ده‌ورێکی گه‌وره ده‌بینن له پته‌وکردنی یا لاوازکردنی هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه که ڕیزبه‌ندم کردن ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ڕۆڵێکی گه‌وره‌شی ده‌بێت له‌سه‌ر خولقاندنی پیرۆزیی تر وه‌کو پاره‌و کاپیتاڵ و مه‌تیریاڵ.
ئاشکرایه به‌هۆی گڵۆبه‌ڵایزه‌یشنه‌وه‌و بازاڕی ئازاده‌وه ئه‌مڕۆ شتێکی وا نه‌ماوه‌ته‌وه که به‌های ” ڕه‌سه‌نێتییه‌که‌ی ” خۆی پاراستبێت . ئابه‌مجوره ڕه‌وتی سیسته‌می سه‌رده‌م و سه‌ره‌ورێتی یاسای سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌یه، که له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه کار ده‌کاتو له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ش ته‌کانی پێده‌دات.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا یه‌که‌م وڵاتی به‌هێزی ئابورییه، گه‌رچی وڵاتانی ڕۆژئاوا‌و که‌نه‌داو چین و یابان و باقی وڵاته گه‌وره‌کانی تریش له‌شانی ئه‌وه‌وه ده‌ڕۆن، ئه‌وه‌ی که به ڕواڵه‌ت ده‌بینرێت که زاڵه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کان و تاکه‌کانیدا ، که‌ڵچه‌ری ئه‌مه‌ریکییه، نیو – لیبرڵ و سیاسه‌تی نیو- لیبراڵه ، فلیمه‌کانی هۆڵیودوو خواردنه‌کانه که له ئه‌مه‌ریکا هه‌ن، یاخود هه‌ر ئه‌مه‌ریکایه نیشتمان و دایکی کۆمپانییه‌کانی خواردن و که‌ره‌سه‌کانی تر، که له وڵاته‌کانی تریشدا جێ پێی خۆیان کردۆته‌وه.
له ئه‌مڕۆدا گه‌ر بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، ئه‌و که‌ڵچه‌ره ، ئه‌و سیاسه‌ته ، ئه‌و ئایدیایه ته‌نانه‌ت له وڵاتێکی وه‌کو کوردستانیش و عێراقیشدا له زاڵبووندایه . هه‌ڵبه‌ته دوای به‌رگرتنی ” شۆڕشی یا به‌هاری عه‌ره‌بی” له‌و وڵاتانه‌شدا ئه‌م سیاسه‌ت و که‌ڵچه‌رو ئایدیایه، گه‌ر تا ئێستاش نه‌بووبێت، ورده ورده ته‌نگ به که‌ڵچه‌رو سیاسه‌ت و ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی یا خۆجێی ، هه‌ڵده‌چنێت و جێگایان ده‌گرێته‌وه.
سیسته‌می مه‌وجودو لێشاوی گڵۆبه‌ڵایزشنه‌که‌ی وه‌کو له‌سه‌ره‌وه وتم ته‌کی به هه‌مو ” ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک” هه‌ڵچنیوه. نه که‌ڵچه‌ری ڕه‌سه‌ن و ، نه نه‌ته‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن و ، نه پارتی ڕه‌سه‌ن و ، نه مۆسیقای ڕه‌سه‌ن و، ئه‌وه هه‌ر زۆر ده‌مێکه له‌م وڵاتانه‌دا پاکۆی ته‌واوی به ده‌سه‌ڵات و نفوزی خێڵ و تایه‌فه داوه، نه پیاوو ژنی ڕه‌سه‌ن و ته‌نانه‌ت نه دین و ئاینی ڕه‌سه‌نیشی ، له‌و شوێنبانه‌ی که به ته‌واوی ئه‌م شه‌پۆله گرتویه‌تییه‌وه ، نه‌هێڵاوه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینیت که دین، دینی ئیسلام، بۆ ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سیسته‌مه‌که‌دا ته‌کانی خۆی بدات و کاروباری خه‌ڵکانی موسڵمان بێ گێرمه‌و کێشه، بڕوات و کارئاساییان بۆ بکرێت، زۆر به باشی له سه‌رجه‌می وڵاتانی ڕۆژاوا‌و ئه‌مه‌ریکاو که‌نده‌داو ئۆسترالیا‌و …هتد، مۆدیره‌نایز کراوه. ته‌نانه‌ت خواردنه‌کانیش و خوارنده‌وه‌کانیش مۆدیره‌نایز کراون و به‌و ده‌رده براون.
ڕه‌وی، یا کۆچی خه‌ڵکی ، به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه بوووبێت و ببێت، له وڵاتانی به‌ره‌و گه‌شه‌کردنه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو ، تێکه‌ڵ بوونیان به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی که لێی ده‌ژین و فێربوونی زمانیان ، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌کانداو قبوڵکردن و وه‌رگرتنی گه‌ر هه‌موو که‌ڵچه‌ره‌که‌شیان نه‌بێت، ئه‌وا بڕێکی ، له‌ته‌ک چێژ وه‌رگرتن له خواردن و گۆرانی و مۆسیقایان و هه‌ڵسان و دانیشتن و تێکه‌ڵی و ئاشنایی بوو‌ن به ژیانیان و یا هه‌تا بۆ هه‌ندێکیشمان په‌یڕه‌وکردنی ژیانیشیان . ئه‌مانه هه‌مووی له‌پاڵ شه‌پۆلی گڵۆبه‌لایزه‌یشن و بازاڕی ئازاد‌و لێدانی ده‌هۆڵ و ده‌فی سیاسه‌تی نیو- لیبراڵ و لیبرالیزم، کارێکی گه‌وره‌یان کردۆته سه‌ر ” ناڕه‌سه‌ن” بوونی یا لانیکه‌م کاڵ بوونه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌و ” پیرۆزییانه‌ی ” که وتم . بۆیه چی تر سنوردار کردنی هه‌موو ئه‌و شتانه بڕناکات و ” قودسێتیش” له سای ئه‌م سیسته‌مه‌دا ، ئه‌وه‌ی که به‌سوود نه‌بێت بۆ خووودی سیسته‌مه‌که، ده‌شکێنرێت، یا بێبایاخانه ته‌ماشایان ده‌کرێت.
شه‌پۆلی مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌کان دوو وڵاتی دیکەی ئه‌وروپی به خه‌ستی گرته‌وه:
شه‌پۆلی مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌کان دوو وڵاتی دیکەی ئه‌وروپی به خه‌ستی گرته‌وه
پاش ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووی پورتوگال پاشه‌کشه‌کردنی حکومه‌تی ئەو وڵاتە له‌ژێر فشاری زیاتر له 500 هه‌زار که‌س، له ڕامیارییەکه‌ی، وا ئێستاکە ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و گەشکەی سه‌رکه‌وتنه‌کە، زۆر به‌خه‌ستی هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و یۆنانی گرتووەتەوه.
ئیسپانیا: دوێنی له ئیسپانیا که‌مپه‌ین و بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌وه، به هاریکاری له‌تەك لایه‌ناکانی دیکەردا به‌سه‌دان هه‌زار کەسی ڕژاندە سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئەمە نه‌ک هه‌ر تەنیا له ‘مه‌درید’ی پایته‌ختد،ا به‌ڵکو له 40 شاری دیکەی ئیسپانیا. پاش ئه‌وه‌ی که ڕامیاریی دەستلێگرتنەوەی ئابووری (ڕامیاریی ده‌ربازبوون) له قه‌یرانه ئابوورییه‌که و ئاماده‌بوونی کۆمیسۆنی ئه‌وروپی و بانکی نێوه‌ندی ئه‌وروپا و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی ئیسپانی، به‌ڵام به هه‌لومه‌رجێکی زۆر سه‌خت، ئاشکرابوو ، که‌مپه‌ینی خۆپیشاندان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن به سه‌دان هه‌زار که‌سی کێشایه سه‌ر شه‌قامه‌کان. دوێنێ شه‌و له که‌مپه‌ینی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی باڵاخانەی په‌ڕله‌ماندا به‌یه‌کدادان له نێوانی خۆپیشانده‌ران و پۆلیسدا به‌رده‌وام بوو و بووه هۆی گرتنی زیاتر له 40 که‌س و بریندارکردنی 32 که‌س که ئه‌م ژمارەیە برینداری پۆلیسیشی تێدایه. خۆنیشانده‌ران داوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری ئیسپانیا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌نووکه‌یی و دابه‌زینی پاشای ئیسپانی له ته‌ختی پاشایه‌تی، ده‌که‌ن.
یۆنان: ئه‌مڕۆ له ئه‌سینای پایتەخت و 65 شاری دیکەی یۆنان بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر مانگرتنی گشتی به داخستنی بازار و قوتابخانه و زانکۆکان هه‌تا فڕۆکه‌خانه‌کانیش تا کاتژمێری 1ی پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێکرد، که سه‌رجه‌می کرێکارانی که‌رته گشتییه‌کان و کرێکارانی که‌رتی تایبه‌تیشی گرتۆته‌وه. ئه‌م مانگرتنه ناڕه‌زاییکردنێك بوو لە بەرامبەر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت 12 ملیارد یورۆی دیکە له‌سه‌ر خواستی ده‌سگه دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌ورپی ، به‌دانانی باجی زیاتر و نه‌دانی پاره‌ی خانه‌نشینی هه‌تا ته‌مه‌نی 67 ساڵی، داخستنی زیاتری خزمه‌تگوزارییه‌کان پاشه‌که‌وت بکات، واته ده‌رکردنی زیاتری کرێکاران و که‌مکردنه‌وه‌ی بیمه‌کان و بڕینی هه‌ندێکیان. شایانی باسە، ئه‌م یه‌کەم مانگرتنی گشتییه له‌وەتەی کە حکومه‌ته نوێکه‌ی ‘ئه‌نتۆنیوس سه‌مه‌ڕاس’ له مانگی جولایدا دەستی بە فەرمانڕەوایی کردووە.
پۆرتوگال : نارەزایەتییە جەماوەریەتی و خۆپیشاندان دژی ڕامیاریی دەستلێگرتنەوە
ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریی له پورتوگالجارێکی دیکە سه‌لماندییه‌وه، که چالاکییه ڕاسته‌وخۆکان تاکه ڕێگەی سه‌رکه‌وتنمانن
http://www.aljazeerah.info/images/2012/September/17%20p/Large%20Anti-Austerity%20Protests%20in%20Spain,%20Portugal,%20Sept%2015,%202012%20boston.jpg
پاش ئه‌وه‌ی که کۆمیسۆنی ئه‌وروپی و بانکی نێوه‌ندی ئه‌وروپی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی به بڕی 78 ملیارد یورۆ یارمه‌تی’ پۆرتوگا’لیان دا تاکو که‌مێك باری قه‌یرانه‌که‌ی سووکتر ببێت. هەروەها بە پێشمەرجی ئەوەی که ساڵانه بڕی 6 ملیارد یورۆ پاشه‌که‌وت بکات، ئەوە بە هێڕشکردنه سه‌ر ده‌سکه‌ته‌کانی خه‌ڵك و گواستنەوەی قورساییەکە بۆ سەر چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. هه‌موو ئه‌مانه بارودۆخی ئابوورییئەو وڵاتەیان به‌ره‌و خراپتربوون برد، تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی، ئه‌و قه‌یرانه‌ی که پورتوگالی پیادا تێدەپەڕیت، ئەو وڵاتە له ساڵی 1974 وه به‌خۆییه‌وه نه‌بینیووه. لە ئێستادا نشونماکردنی ئابووریی له ئەم ساڵ و ساڵی 2013 شدا به ڕێژه‌ی له سه‌دا 3% دابه‌زیوه. له‌به‌رئه‌وه حکومه‌تی پورتوگال له‌م یه‌ک دوو هه‌فته‌ی پێشوودا بەتەمابوو ڕامیاریی به‌شداریکردنی داهات به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 11% بۆ سه‌دا 18% به‌سه‌ر مووچه‌ی خه‌ڵکیدا بچه‌سپێنێت، تاکو پاره‌یەك بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌ی پاشه‌که‌وت بکات.

له ئه‌نجامی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌تدا، هه‌فته‌ی پێشوو له ڕێەای فه‌یسبووکه‌وه ناڕه‌زاییه‌کی زیاتر له 500 هه‌زار که‌سی ڕێکخرا، ناڕه‌زایی خه‌ڵکی هه‌موو شه‌قامه‌کان و کونج و که‌له‌به‌رێکی گرته‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا ته‌وقی په‌ڕله‌مان و شوێنه‌کانی دیکەی ده‌وڵه‌ت درا. ئه‌م ناڕه‌زاییه فشاری خسته سه‌ر حکومه‌ت، که چاو به بڕیاره‌که‌ی ئه‌م دواییه‌یدا بگێڕێته‌وه، ئه‌وه بوو له ڕۆژی شه‌مه ، 22ی سێپتەمبەری2012دا په‌ڕله‌مانی پورتوگال به فه‌رمی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی بڕیاره‌که‌ی ڕاگەیاند.
كرێکارانی کانه‌کانی ئه‌فریكای خواروو به‌هۆی سەركەوتنی مانگرتنەكەیان و بردنه‌وه‌ی پرسه‌که‌یانه‌وه، سه‌رگه‌رمی ئاهه‌نگگێڕانن.
كرێکارانی کانه‌کانی ئه‌فریكای خواروو به‌هۆی سەركەوتنی مانگرتنەكەیان و بردنه‌وه‌ی پرسه‌که‌یانه‌وه، سه‌رگه‌رمی ئاهه‌نگگێڕانن.

پاش (٥) هه‌فته مانگرتنی نایاسایی ( ئه‌نجامدانی چالاکی ڕاسته‌وخۆ) واته بە‌بێ ده‌نگدانی فەرمی، بە‌بێ پرسکردن به سەندیكا‌که‌یان ، بە‌بێ په‌یڕه‌وکردنی یاسا، توانیان چۆك به خاوه‌نکانه‌کان دابده‌ن و به‌شێکی زۆری داخوازییه‌کانیان به‌ده‌ستبهێنن، پاش ئه‌وه‌ی زیانێكی (٣٣٥) ملێون پاوه‌ندی بریتانیان لە خاوەنكارەكانیان دا. کرێکاره‌کان به‌کۆمه‌ڵ قبوڵی ڕێکه‌وتنەکه‌ی نێوان خۆیان و خاونکاره‌کانیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌رکاره‌کانیان کرد، پاش ئه‌وه‌ی که خاوه‌نکارەكان ئاماده بوو‌ن، به‌ڕێژه‌ی (٢٢%) مووچه‌کانیان بۆ زیاد بكات، که به‌وه مووچه‌ی مانگانەیان ده‌بێته (٨٢٥) پاوه‌ندی بریتانی. هه‌روه‌ها پێدانی (١٥٠) پاوه‌ندی دیكە به هه‌ر یه‌که لە كرێكارەكان وەك قەرەبووی كرێی (٥) ھەفتە بێكاربوونیان، بێجگە ئه‌مه‌ش بڕیاره له مانگی ئۆكتۆبەری ئەم ساڵیش‌دا، جارێکی دی مووچه‌که‌یان بۆ زیاد بکرێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته نه سەندیكا‌ی گشتی کرێکارانی کانه‌کان و نه حکومه‌تی خوارووی ئه‌فریكا ( ANC )، نە ئه‌و چالاکییه ڕاسته‌وخۆیه‌یان پێخۆش بوو، نه سه‌رکه‌وتنی کرێکاره‌کان، چونکه نه به پرس‌وڕای ئه‌وان كرابوو، نه له‌ژێر کۆنترۆڵی ئه‌وانیشدا بوو. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ش به‌ده‌ر له ڕۆڵی هه‌ردوو لایان، شوێن و پایه‌ی ئه‌وانی هه‌م له‌نێو خه‌ڵکانی هه‌ژاردا و هه‌م له نێو بزوتنه‌وه‌ی کرێکارانی ئه‌وێدا گه‌لێک لاوازکرد.
به‌رده‌وام و سه‌رکه‌وتوو بێت چالاکی ڕاسته‌وخۆ و کاردانه‌وه‌کانی.




پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.