١ی ئایار ڕۆژی خەباتی چینایەتی و بەرگرتن بە جەنگی میلیشیایی و دەوڵەتی لە عیراق و سوریە
بەڵێ بۆ خەباتی جەماوەری .. بەڵێ بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان
نا بۆ جەنگی میلیشیایی و خێلەكی .. نا بۆ لەشكركێشی دەوڵەت و زلھێزەكان
ئازادیخوازانی جیھان لە ھەر كوێیەك ھەن، جەماوەری ناڕازی و خەباتكاری عیراق لەبەردەم ھێرشی لەشكری دەوڵەتی عێراقدایە!
ئەوە چەند مانگە لە چەند شارێكی عیراقدا جەماوەری ناڕازی بە مانگرتن و خۆپیشاندان و دانیشتن لە نێوەندی شارەكاندا كۆمەلێك داخوازی ڕەوای بە ڕووی دەسەلاتدارانی ئێستای عیراقدا بەرزكردوونەتەوە، لە بەرامبەردا فەرمانڕەوایانی عیراق بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵی بەرەو جەنگكێشانی ناڕەزایەتییەكان و تێكەڵكردنی بە جەنگی میلیشیایی و ناكۆكی مەزھەبی دەدەن و ھەروەھا لە ھەموو لایەكەوە چ دەوڵەتەكانی ناوچەكە و چ پارتە ڕامیارییەكان و چ پاشماوەكانی ڕژێمی بەعس وەك تەواوكەری بازنەی جەنگ و كیشمەكێشە ڕامیارییەكان، خەریكی ھەڵگیرساندنی جەنگی چەكداری و زاڵكردنی میلیشیاگەریین بەسەر ناڕەزایەتی سەربەخۆی جەماوەریی شارەكانی عیراقدا. بۆ ئەو مەبەستە میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەكان، گەورەترین ڕۆڵیان لە شێواندنی نێوەڕۆكی ڕاستینەی ناڕەزایەتییەكاندا گێڕاوە و دەگێڕن و تەنانەت ئەو پارتانەش كە ھەڵگری ناوی سۆشیالیست و كۆموسیتبوونن، لەو زوڕناژەندییەی دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا قۆڵیان لێھەڵماڵیوە، ھۆكاری ئەمەش تەنیا شتێكە كە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لەو شارانەدا وەك بەشەكانی دیكەی عیراق بۆیان دەستەمۆنەكراوە و بەخۆیان لەو ناڕەزایەتییانەدا خاوەنی ھێز و قسەكەر نین، بۆیە مۆر و تۆمەتی كۆنەپەرستی و خێڵەكی لە ڕەواترین داخوازییەكانی جەماوەر؛ كە وەدەرنانی ھێزە سەركەوتگەرەكانی دەوڵەت و كۆمەڵێك داخوازیی دیكەی ھاوبەش كە ھەمان داخوازییەكانی جەماوەری ناڕازین لە ناوچەی شیعەنشینەكان و كوردستان، دەدەن.
ئێمە وەك سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان، ھەڵنەبژاردنی نوێنەر بۆ گفتوگۆكردن لەتەك دەوڵەت و بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەی شارەوانییەكانی عیراق، بە لووتكەی یەكگرتوویی و سەربەخۆیی خەباتی جەماوەری ناڕازی لەو شارانەدا دەبینین و خوازیارین شارەكانی كوردستانیش كەڵك لەو ئەزموونە سەركەوتووەی خەباتی جەماوەریی وەربگرن و نەچنە پای سندووقەكانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر.
ئێمە وەك سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان، بێجگە لە وەستانەوە و دژایەتی ھەموو جەنگێكی میلیشیایی و دەوڵەتی و خێڵەكی و مەزھەبی، وەك ئەركێكی ئازادیخوازانەمان ھاوپشتی چینایەتیمان لەتەك خەباتی سەربەخۆی جەماوەری ئەو شارانە ھەروەك ھاوپشتی ھەمیشەییمان بۆ كرێكارانی مانگرتوو، ڕادەگەیێنین و خوازیاری بەرەیەكی سەربەخۆ و یەكگرتووی جەماوەریین لە سەرتاسەری عیراق و ناوچەكە و جیھاندا دژ بە جەنگ و لەشكركێشییەك كە حكومەتی نێوەندی عیراق خەریكە لە ماوەی چەند مانگ و چەن ڕۆژی ڕابوردوودا بەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو بەرپایدەكات.
ھەروەھا ئێمە، ئاوا كە خوازیاری ھاوپشتی جیھانی گشت ئازادیخوازانی جیھانین بۆ خەباتی ڕەوا و سەربەخۆی جەماوەریی شارەكانی عیراق، ھەر ئاواش خوازیاری ئەوەین، كە جەماوەری ناڕازی لەو شارانە و سەرتاسەری عێراقدا بە ھەموو شێوەیەك بەر بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە [ئێران ، سعودیە، توركیە، قەتەر و ئێران] و قۆستنەوەی ھەلی جەنگی میلیشیایی و خیڵەكی و پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتی لەلایەن ھێزە بەكرێگیراوەكانی وڵاتانی ناوچەكە و زلھێزە داگیركەرەكان و ھێزە پاشماوەكانی ڕژێمی پێشووی عیراقەوە بگرن و نەھێڵن كە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی لە عیراقدا بە دەردی خەباتی دوو ساڵەی ڕاپەڕیوانی سوریە ببرێت و بكرێتە بازارێك بۆ بازرگانی چەك و پێگەیەك بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی داگیركەران.
سەركەوتووبێت خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی
نا بۆ جەنگ و كینەدۆزی خێڵەكی و مەزھەبی
نا بۆ دەوڵەت و سەرمایەداری
بەڵێ بۆ خۆبەرێوەبەرایەتی سەربەخۆی كۆمەڵایەتی
سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان
٣٠ی ئەپڕیلی ٢٠١٣
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی حەوتەم
سیروان فاتیح:
سیروان فاتیح:
پێمخۆشبوو، ههر له سهرهتای مشتومڕهكەتاندا لهگهڵتاندا بوومایه، بهڵام بەداخەوە، بههۆی بێبوارییەوە ئەو ھەلەم بۆ نەڕەخسا .. تا لە ئێستادا ئەو ھەلەم بۆ ڕەخسا و توانیم گشت كۆمێنتهكانی بهشداربووان بخوێنمەوە .. لێمببورن، گهر بڵێم له گشتدا ئهمه خۆی، تێپهڕاندنی گهڕانه بهدوای ئهلگۆیهكی نوێ بۆ ڕزگار بوون له سیستهمی چینایهتی، چونكه ڕهوتی باسهكه بووەته ململانێیك له نێوان دوو ڕهوتی تئیۆری یان بڵێن فكری و سیاسی. ههروههاش بهو ئهندازهش نهچوونهته سهر خوێندنهوهی مێژووی ململانێی چینایهتی تا ئهو ڕادهی گێڕانهوهی بهسهرهاتهكانی میژوویهك خراوهته پاڵ ڕهوتێكی سیاسی وهك ئهوهی هاوڕێ ههژین دهستنیشانیكردوه به (بهلشەویكهكان) . هاوڕێیان با وەڵام و باسهكان لهسهر خودی میژووی ململانێی چینایهتی بێت و لێكدانهوه له ڕووداوهكان له ڕاڤهی سیاسی تاقانهیی بهێنینه دهرهوه .. بەو مەبەستە، من ئەم چهند پرسه دهخهمه بهردهستی ئێوە .. من گومانم لهوهدا نییه، كه ئێوهش لهگهڵ مندا كۆكن، كه ململانێی چینایهتی ڕهوتی میژووی مرڤایهتی ئاراسته دهكات.. گهر وایه با چهند پرسیارێك دژ بهم بۆچوونه بكهین، بۆ ئهوهی خهیاڵمان ڕاچهڵكێنین و بزانین به چی دهگهین.
باشه بۆ قۆناغی سهرمایهداری به دوای كۆتایی سهردهمی كۆیهلایهتیدا نههات؟ بهڵكو سهردهمی فیوداڵی سهدان ساڵی تهمهن كرد ئهو كاته قۆناغی سهرمایهداری لهدایكبوو؟!
با بپرسین بۆ له ههناوی شۆڕشی فهرنسادا چینێكی نوێ لهدایكبوو، كه به ههموو مانهیهك كهرستهی ژیان و ململانێ جیاوازی ههبوو لهگهڵ ڕابردووی خۆی؟ بهڵام ئهم چینه (چینی بۆرجوازی) له شۆڕشی سپارتاكۆسدا ههر بوونشی نهبوو؟
با بپرسین ڕهوتێكی سیاسی چۆن به تهنها توانی ئاراستهی شۆڕشی چینێك لهناو بهرێت وهك ئهوهی هاوڕێ ههژین بۆ شۆڕش له ڕوسیادا دهیكات؟
یان دهكرێت بڵێن ئایه بۆ ئهوهی مرڤایهتی له قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی زۆر جیاواز له پێشووی تێپهڕێت، مهرج نییه چینێێك یان تویژێك كه بهوه سهردهمه نامۆیه، له ههناوی ئهو ململانێیهدا لهدایكبووبێت ؟
له ئهنجامدا، ناكرێت بپرسین كامهیه ئهو چینهی، كه له قۆناغی سهرمایهداریدا سهریدهرهێناوه و خاوهنی جۆرێكی زۆر جیاوازتره له ژیانكردن لهوهی كە لە سهرمایهداریدا ههیه؟
تكایە، كهس پێمنهڵێت چینی كرێكارانه! چونكه ئهو چینهی كه له ههناوی چ لە قۆناغی كۆیهلایهتی و چی لە قۆناغی دهرهبگایەتیدا ههبوو بههیچ جۆرێك لهناو خودی ئهو سهردهمەدا له ململانێكەدا جیگهی نهبوو. بهواتایهكی تر، من پێموایه چینێك خۆی له ئاستێك و قۆناغێكی ململانێدا بوونی ههبوبێت، ناتوانێت خهون و ئومێدی ژیانێكی جیاواز لهو ململانێیهدا بهێنێته بهرههم وهك ئهوهی چۆن كۆیلهكانی سهردهمی ململانی لهگهڵ خاوهن كۆیلهكاندا، ههرگیز ئهنگیزه و شرۆڤهی جوتیارهكانی سهردهمی فیوداڵیان پێنهبوو، ههروهك ئهوهی ههر ئهو جوتیاره ناڕازییانهی سهردهمی فیوداڵی، له كۆتایهكانی قۆناغهكهدا خاوهنی خهونی دنیای سهرمایەداری نهبوون. ھەربۆیه لای من، وەڵام بهم پرسیارانه وەڵامه به وجوودی دهوڵهت خۆی یان فۆرمی ژیانكردن خۆی.
من پێموایه باكۆنین له ڕهخنهگرتن له فۆرمێك ئۆرگانیزهكراوی وهك دهوڵهت تێنهپڕیوه، چونكه دهوڵهت تهحصیل حاصله نهك بنهما .. بۆ من چهنده تۆ دووژمنكار بیت لهگهڵ ئهم ئۆرگانهدا ھەبێت، زۆر بایەخدار نییه، چونكه كۆمۆنیستهكانیش ئهم ڕهق و بیزاریهیان لێی ههیه. ئهوهی بۆ من گرنگه ئهوهیه، ئایا ململانێی چینایهتی ئهم سهردهمه تا ئێستا توانیویتی جۆرێك له ژیانكردن بهێنێته بهرههم، كه ئهم فۆرمی ژیانكردنه تێپهڕاندبێت و لهناوئاخنهی خودی خۆیدا ناڵێم چینێك یان تویژێكی نوێ، بهڵكو ههر جوڵەیهك كه له دهرهوه ئهو ململانێیهدا گهرای ههبێت؟
دوا شت، كه ماوه بیڵیم ئهوهیه، دهكرێت چینی كرێكار خاوهنی شۆڕش بێت، وهك چۆن كۆیلهكان و جوتیارهكان خاوهنی شۆڕش بوون، بهڵام گومانی گهورهم لەوە ههیه، كه چینی كرێكار ههڵگری خهونێكی تازه بێت بۆ مرۆڤاتی. بۆیه له ئهزمونی ڕوسیاشدا نهیانتوانی به سهر فۆورمی دهوڵهتدا تێپهڕ بكەنن، دواجار ههر شكڵێكی تری سهرمایهداریان بهرههمهێنایەوە
تاهیر ساڵح شەریف:
پاش دابڕانێک… دووبارە سڵاو لە هاوڕێیانی بەشدار بوو. وەک لە کۆمێنتەکەی پێشوومدا وتم، باسەکان هەندێک تێکەڵ و پێکەڵ بوون و لەسەر سکەی ئەسڵی دەرچوون و چەند بابەتی جیاواز ئیزافەکراوە بۆ مناقشەکە. بەم حاڵەوەشەوە من دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر پرسیارێک کە لەپێشەوە هاوڕێ زاهیر هێنایەکایەوە؛ چۆن دەوڵەت لەناو دەبرێت؟ پاش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لە ڕوانگەی خۆمەوە، دەگەڕێمەوە سەر بابەتە فەرعییەکان…. ئەم پرسیارە [ دەوڵەت چۆن لە ناوببرێ، یان چۆن لە ناودەبرێت؟ ]، پرسیارێکە کە جیاوازییەکانی مارکسیستەکان و ئانارکیستەکان لە مامەڵە لەگەڵ کێشەی بوونی دەوڵەتدا دیاریدەکات. هەڵبەت هەم لەناو مارکسیستەکان و هەم لە ناو ئانارکیستەکانیشدا، تێڕوانین و تێگەیشتنی جیاواز بۆ لەناوبردنی دەوڵەت بوونی هەیە. ئەوەندەی من لە بۆچوونەکانی مارکس و ئەنگلس تێگەیشتووم، ڕێگای لە ناوبردنی دەوڵەت، وەک ئامڕازێکی سەرکوتی چینی بۆرژوازی، شۆڕشی کۆمۆنیستییە. شۆڕشی کۆمۆنیستی لەڕوانگەی مارکس و ئەنگلسەوە، بریتییە لەشۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە لەئەنجامی گەشەکردنی ئابوریی و مێژوویی کۆمەڵگەوە ڕوودەدات. گەشەکردنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە هەر قۆناغێکدا، گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانی بەدوادا دێت. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، لە قۆناغی یەکەمدا، مەرجی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانن، بەڵام لەقۆناغی دووەمدا هێزەکانی بەرهەمهێنان بەڕادەیەک گەشەدەکەن، کە ئیتر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، کە پێشتر مەرجی گەشەکردنیان بوون، دەبنەڕێگر لە بەردەمیاندا. ئەم ناکۆکییە لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا، لەسەر ئاستی سەرخانیشدا ڕەنگدەداتەوە و کۆمەڵگە لەگەڵ قەیرانێکی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و فیکریدا بەرەوڕوو دەبێتەوە؛ ئەو قەیرانە ئەگەر نەگۆڕێت بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، ئەوا خولێکی نوێ لەگەشەکردن و بوژانەوەی سەرمایە [ لێرەدا سەرنجی من لەسەر ناکۆکی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، نەک کۆمەڵگەکانی پێش لەسەرمایەداری ] دەستپێدەکاتەوە. شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە لەم سرکڵە [ گەشەکردن – قەیران- گەشکردن ] دا بخولێتەوە. بۆیە بە ناچاری، لە دواشیکردنەوە ئەم سرکڵە دەشکێنرێت و شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات. ئەم شۆڕشە، هیچ شتێک نییە جگە لە شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا، واتە ئەو چینەی کە خۆی بەشێکە لە هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. لەڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە، ڕوودانی ئەم شۆڕشە [ شٶڕشی کۆمۆنیستی ]، پێشمەرجی خۆیی هەیە. ئەوان دوو پێش مەرج لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانییەکەیاندا دیاریدەکەن؛ یەکەم، گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەیەکی مێژوویی – جیهانیدا. دووەم، هوشیاری مرۆڤەکان دەربارەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی داهاتوو، کە لەودا، خاوەندارێتی تایبەتی، دەوڵەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکان لە نێودەچن و جیهان دەبێتە کۆمەڵگەیەک بۆ هەموو مرۆڤەکان. ئەوەی کە وتم تێڕوانینێکی گشتی و ئەبستراکی مارکس و ئەنگڵسە دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنیستی کە دەوڵەت لە ناو دەبات، بەڵام لە ئاستێکی کۆنکرێتیشدا، ئەوان کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی دابەش دەکەن بەسەر دوو قۆناغدا، هەروەک هاوڕێ زاهیریش لەسەرەوە ئاماژەیەکی ناڕۆشنی پێداوە؛ قۆناغی یەکەم، قۆناغێکە کە [دەوڵەت ] هێشتا بە مانای دەوڵەت لەناوناچێت. ئەم دەوڵەتە، ناو لێدەنێنن [ دەوڵەتی سۆشیاڵیستی – دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ]. پێویستی ئەم دەوڵەتە چییە؟ ئایا ئەزمونی سۆڤیەت، کە بەردەوام هاوڕێ هەژێن و هاوڕێ زاهیر ئاماژەی پێدەکەن و یەکسانی دەکەن بە شکستی [ تیۆری دەوڵەتی پرۆلیتاریاکەی مارکس]، هەمان ” ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس “ە، کە مارکس تێزی ” دەوڵەتی پرۆلیتاریا، یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]ی لێ ئیستنتاجکرد؟…. ئەم باسە بەجێدەهێڵم بۆ سبەی شەو…. درێژەی دەبێت. تکایە ڕێگەبدەن ئەم باسە لەسەر ” دەوڵەت چۆن لە ناو دەچێت “، کە تەوەرەی سەرەکی جەدەلەکەمان درێژە پێبدەم و باسەکە لەسەر سکەی خۆی ڕابگرن تا دوا ئەنجامگیری خۆم دەنووسمەوە.
زاهیر باهیر:
هاوڕێ سیروان گەلێک بەخێربێت بۆناو ئەم جەدەلەو دڵنیاشم بە سەلیقەو ڕاو بۆچونەکانت ، جەدەلەکە بەرەوە پێشەوە تر دەبەیت. من هەندێک سەرنجم هەیە بەڵام کە ئەوەی هاوڕێ هەژێنم بینی ، لەوە دەکات کەم و زۆر یەک سەرنجمان هەبێت، هەر لەبەر ئەمەش من بەجێی دەهێڵم بۆ ئەو تاکو خۆمان لە بێوەختی و دووبارەکردنەوە بپارێزین. هاوڕێ تاهیر سەڵاوی گەرمم: من لێرەدا تاکو سەرنجەکانت دەنوسیتەوە یەک دوو شتێک دەڵێم بۆ ئەوەی شتەکانم بەسەردا کەڵەکە نەبێت. یەکەمیان، بە داخەوەم کە یا ژیان بواری مارکسی نەدا تاکو ئەو چەواشەیە لە مەسەلەی دەوڵەت بەگشتی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری ن بەتایبەتی ەهێڵێلێت، یا خوود خۆی پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەوەی کە لە بەرنامەی غۆتادا ، لەسەر دەوڵەت نووسیوێتی ، لە پاش خۆی دەبێتە کێشەیەکی گەورەو کارەسات بۆ هەر هەموو سۆشیلیستەکان و ئەوانی تریش بەجی دەهێڵیت. بەهەرحاڵ ئەوەندەی من هەستی پێبکەم مارکس لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە چونکە ئەو یەکەم پارتی و پاتگەڕایی نەخواستووە قەتیش لە ژیانیا سەر بە پارتێک نەبووە ، دووهەمیشیان ئەو ئەوەی ، کە وەکو تۆش یادت خستینەوە، کۆمۆنەی پاریسی بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاری زانیوە نەک دەوڵەتێکی پڕۆلیتاری. کە من ئالەمەیاندا ناکۆکیم نییە لەگەڵ مارکس دا جگە لە ڕونکردنەوەی هەندێک شتەوە نەبێت . دووهەمیان ، من داوای لێبوردنتان لێدەکەم کە دوو مەسەلەم کێشکردبێتە ناو جەدەلەکەوە کە یەکەمیان قسە لەسەر چینی کرێکاران بوو کە من بە کەمایەتیم زانیوەو دەزانم ، ئەمەش هەر لەبەر دەوڵەت بوو کە ئەوە بڵێم وەکو پێشتر وتومە، کە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتارییەکەیان حوکمی کەمایەتی دەبێت. بەڵام سوپاس بۆ هەمووتان بە تایبەت هاوڕێ هەژێن کە لای من ئێستا ئەو کێشەیە حەلبووە. دووهەم کێشەی دەوڵەت، من بۆیە پێم لەسەر زیاتر لە سەر هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت دادەگرت ، تاکو چۆن کۆمەڵگەی کۆمۆنیزم، سۆشیالیزم ، بینا دەکرێت بێ دەوڵەت. ، چونکە من ئەوە بەگرنگ دەزانم کەگەر هەموومان دەرک بە مەترسی دەوڵەت بە هەموو چەشنەکانییەوە، دەوڵەتی پڕۆلیتاریش بە تانبەتی ، بکەین. خۆ گەر هاوڕا نەبین لەسەر ئەم هەنگاوەی یەکەم ، ساغکردنەوەی مەسەلەی دووهەم کە کۆمەڵگەی داهاتووە، زۆر گران، دەبێت، گەرچی ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە نابێت قسەی لەسەر بکەین.
تاهیر ساڵح شەریف:
دووبارە سڵاو لە هاوڕێیانی بەشداربوو … پێم وایە کە ئیدیتۆرەکەی فەیسبوک تەنها چەند سەد ووشەیەک زیاتر پۆست ناکات. بۆیە ناچارم بە دوو یان بە سێ جار درێژەی باسەکەمتان بۆ پۆست بکەم و دوا بەشیش لە شەوانی داهاتوودا پۆستی دەکەم. دوای ئەوە چاوەڕێی سەرنج و تێبینییە ڕەخنەییەکانی هاوڕێیان کاک زاهیر و کاک هەژێن و هاوڕێیان بەشداربووی دیکە دەکەم.
لێرەوە دەست دەکەمەوە بە درێژەدان بە باسەکەم و بەم پرسیارانە دەستپێدەکەم؛ بۆچی شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا دەبێت قۆناغبەندی بکرێت؟ پێویستی، دەوڵەت و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕوانگەی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە چییە؟ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە؟.
ئەزمونی مێژوویی گۆڕانکاری لە شێوەکانی بەرهەمهێنان و فۆرماسیۆنە ئابوریی- کۆمەڵایەتییەکاندا پیشانیدەدات کە هیچ یەکێک لەشێوەکانی بەرهەمهێنان و فۆرماسیۆنە ئابوریی- کۆمەڵایەتییەکان لە ناکاو و کتوپڕ جێگۆڕێکیان نەکردووە. نە شێوەی بەرهەمهێنانی کۆیلەداری کتوپڕ جێگای خۆی چۆڵکردووە بۆ شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی و نە شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتیش بە خێرایی و بە ئاسانی جێگای خۆیداوە بە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. ئەم کێشەیە، ئەوە پێمان دەڵێت کە گۆڕانکاری لە شێوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، بە ڕاستە هێڵێکی مێژووییدا نەڕۆیشتووە و هیچ یەکێک لە شێوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە یەک شەوە شێوەی بەرهەمهێنانی پێش لەخۆی بەیەکجاری بسڕێتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر شێوەیەکی بەرهەمهێنانی نوێ لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی کۆندا، پرۆسێسێکی درێژخایەن لە گەشەکردن، گەورەبوون، پیربوون و پوکانەوەی توخمە پێکهێنەرەکانیان تێکچرژاون و لێکئاڵاون کە مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان تووشی پێچاوپێچ و هەوراز و نشێوی سەیرو سەمەرەکردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەڕاستە هێڵێکی بێ گرێ و گۆڵدا نەڕۆیشتوە و ناڕوات، بەڵکو بە ڕێگایەیەکی پڕ لە گرێ و گۆڵ و هەورازو نشێودا ڕۆیشتووە و دەڕوات.
ئەوە لە ئیرادەو توانای کەسەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش، وەک ئۆرگانی زەبروزەنگ و ئامڕازی سەروچینایەتیدا نەبووە و نییە کە مێژوو بخەنە سەر ڕاستەهێڵێک کە خۆیان مەبەست و ئامانجیان بووە، واتە ڕەوتی گەشەکردنی مێژوویی کۆمەڵگە بخەنەدەرەوەی ئەو هێڵە پێچاوپێچ و پڕلە گرێ و گۆڵەی کە ناکۆکی نێوان پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و هێزەکانی بەرهەمهێنان لە هەر فۆرماسیۆنێکی ئابوریی – کۆمەڵایەتیدا بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دیاریدەکات، . ئەوەش بۆمان ڕووندەکاتەوە کە مێژوویی مرۆڤایەتی خاوەنی یاسای گەشەکردنی خۆیەتی و ئەو یاسایانەش لەدەرەوەی ئیرادەی کەسەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکانەو بەسەر بەخۆ لە ئیرادەو مەیلی ئەوان کاردەکەن و دەجوڵێنەوە. لە ناوبردنی یەکجاری دەسەڵاتی ئابوریی، سیاسیی و ئاینی دەرەبەگەکان و ئەرستۆکراتی، خواست و ئارەزووی چینی بۆرژوازی تازەپێگەیشتووی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا بوو، بەڵام لەبەرئەوەی کە گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە منداڵدانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی دەرەبەگیدا بە ئاستێک لەگەشەکردن نەگەیشتبوو تا چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانە تێکبشکێنێت کە ڕێگربوون لەبەردەمی گەشەکردنی زیاتریاندا، چینی بۆرژوازی توانای نەبوو کە خواست و ئامانجەکانی خۆ بەدیبهێنێت و پراکتیزەیان بکات. چینی بۆرژوازی لە ئەنجامی زنجیرەیەکی درێژ لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانیدا توانی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بێتە مەیدانی ململانێی ئاشکراوە لەگەڵ چینی دەرەبەگی دەسەڵاتداردا. ئەم چینە دەستیدایە خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی. ئامڕازی یەکاڵاکردنەوەی ئەو خەباتە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و هێزەکانی بەرهەمهێنانی نوێ [ سەرمایەداری ]بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا. دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵۆزترین پێکهاتەی سیاسیی بوو کە دەبووایە نەک تەنها پاشماوەکانی دەسەڵاتی فیوداڵی پێڕابماڵێت، بەڵکو دەبووایە وەک شمشێرێکیش بەسەر ئەو چینە نوێیە [ پرۆلیتاریا ]وە ڕایبگرێت کە تازە لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا گەشەیکردبوو. چینی بۆرژوازی لەگەڵ ئەوەدا کە لەڕووی مێژووییەوە چینێکی لە ڕادەبەدەر شۆڕشگێربوو بەرامبەر بە سیستەمی دەرەبەگایەتی و لەهەر شوێنێک دەسەڵاتی سەقامگیر دەبوو، بێڕەحمانە پەیوەندییە ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەرەبەگایەتی لەبەریەکهەڵدەوەشاندەوە، یان لاوازی دەکردن، بەڵام بەو حاڵەشەوە پرۆسەی سەقامگیربوونی مێژوویی دەسەڵاتی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کڵتورییەکانی سەرمایەداری و چینی بۆرژوازی، چەندین سەدە درێژەی کێشا. جێگیربوونی سەرمایەداری وەک فۆرماسیۆنێکی ئابوری- کۆمەڵایەتی و مێژوویی، لەهەنگاوی یەکەمدا نەیتوانی کۆمەڵێک توخم و پاشماوەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگی لەناوببات و لە هەنگاوەکانی دواتردا ئەو پرۆسەیەی بەسەرئەنجامی یەکجاری خۆی گەیاند. لەم ئاستە لە باسەکەدا، من دەمەوێت بگەمە ئەنجامگیرییەکی کۆنکرێت دەربارەی گۆڕانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بۆ شێوەی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی؛ شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، ئاڵۆزترین، تێکجرژاوترین و بە تواناترین شێوەی بەرهەمهینانە لە مێژوویی کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا. ئەم سیستەمە سەرەڕای قەیرانە کوشندە دەورەییەکانی، توانای خۆ نوێکردنەوە و خۆ بوژاندنەوەی هەیە و تا ئێستا چەندین قەیرانی مەرگهێنەری تێپەڕکردووە. ئەم شێوە بەرهەمهێنانە، بە خێرایی و بەئاسانی جێگای خۆی نادات بەشێوەی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی. ئەم پرۆسێسە درێژ خایەنە، بەڵام سەرئەنجامی هەیە و جێگۆڕکێکردنی بەشێوەی بەرهەمهێناینی کۆمۆنیستی حەتمییە،چونکەئەم شێوە بەرهەمهێنانە ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە خۆی لەدەست حوکمی ئەو یاسا کوێرانە ڕزگار بکات کە لەدەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ خۆیان بەسەریدا سەپاندووە.
ئەمڕۆ هێزەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە ڕادەیەک گەشەیانکردووە، کە ئیتر گونجاندنیان لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا مەحاڵە، بەڵام ئەوەی کە ئەم هێلکەیەی بەسەر پەتەکەوە ڕاگرتووە، دەوڵەتە. دەوڵەت، تەنها ئەو تەعریفە گشتییە نییەکە ئامڕازی چینێکە بۆ سەرکوترکردنی چینێکی دیکە، دەوڵەتی بۆرژوازی ئەمڕۆ پێویستی بە شیکردنەوەیەکی کۆنکرێتر و هەمەلایەنتر هەیە؛ دەوڵەت حیزبەکانە، دەوڵەت سوپایە، دەوڵە ڕاگەیاندن و میدیایە، دەوڵەت ڕێکخراوە پیشەییەکانە، دەوڵەت ئایدیۆڵۆژییە، دەوڵەت ئیستبداد، دیموکراسی و سیاسەتە، دەوڵەت ئاین و کڵتورە، دەوڵەت، پەروەردەوفێرکردنە، دەوڵەت نەتەوەو نیشتمانەو…. دەوڵەت ئەختەبوتێکە هەموو پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخی بەخۆیەوە بەستۆتەوە. بەم حاڵەشەوە، دەوڵەت، ئامڕازێکە بۆ بەرگرتن بە ئاڵوگۆڕێکی نوێ کە دەبێت لە مێژووی کۆمەڵگەی جیهانیدا ڕوو بدات. ئەو ئاڵوگۆڕە، هیچ شتێک نییە جگە لە ڕزگارکردنی مرۆڤی بەرهەمهێنەر لە دیلێتی کرێ گرتەیی. ڕزگاربوونی مرۆڤی هاوچەرخ لە دیلێتی کرێگرتەیی، ڕزگارکردنی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی کۆمەڵگەشە لەو تەوقەی کە پەیوەندییەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەستاو لەسەر خاوەندارێتی تایبەتی لەگەردنیکردووە و نایەڵێت هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی کۆمەڵگە تا ئەو ڕادەیە گەشە بکەن کە گشت مرۆڤایەتی لەسایەیاندا بحەسێتەوە. بۆیە لە ناوبردنی دەوڵەتی بۆرژواکان، هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەیەتی کرێگرتەیی. دەوڵەتیش، بەو پێکهاتە عەنکەبوتییەی ئێستایەوە لەناو ناچێت، مەگەر ئەوە مرۆڤی بەرهەمهێنەر و کۆیلەی کرێگرتە لەم ڕژێمەدا دەست بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین ببات. شۆڕش و ڕاپەڕین، بە واتای لەناو بردنی دەوڵەتە، بەڵام ئەی دوای ئەمە چی؟ ئایا بۆرژواکان، دەست لە پلانگێڕی و خۆ سازدانەوە بۆ گرتنەوە دەستی دەسەڵات و دروستکردنەوەی [ دەوڵەت ] هەڵدەگرن؟! بێگومان، وەڵامەکە نێگەتیڤەو ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس ئەم ڕاستییەی سەلماند. کۆمۆنەی پاریس، هیچ شتێک نەبوو جگە لە دەوڵەتی پرۆلیتاریا. دەوڵەتێک کە پایەی سەرەکی خۆی لەسەر دیکتاتۆری بۆسەرمایەداران و دیموکراسی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە داڕشت بوو. دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. تۆ هەر ناوێکی دیکەی لێبنێیت، لە ڕووی کارکردەوە هەمان شتە. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە [ ئەگەر هاوڕێیان ئانارکیست ڕێگەی دووەمیان لایە، با پێشنیاری بکەن، ڕێگایەک کە جیاوازتر لە ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس بێت ]. پرسیار ئەوەیە کە ئابوریی سەردەمی دەوڵەتی پرۆلیتاری چ جۆرە ئابورییەکە؟لە دیدگای مارکس و ئەنگلسەوە، ئابوریی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی پرۆلیتاریا، ئابورییەکی کۆمۆنیستییە کە لە هەناوی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە هاتۆتە دەرەوەو بە ناچاری مۆرکی شێوەی بەرهەمهێنانی پێش خۆیی [سەرمایەداری ] پێوەیە،بەڵام لە قۆناغی گەشەکردنی دواتریدا، واتە قۆناغێک کە دەوڵەتی پرۆلیتاریش هەموو زەرورەتێکی خۆی لەدەستدەدات و دەوڵەت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت، ئابوریی کۆمۆنیستی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی تێزی [ لەهەرکەس بە پێی تواناییەکەی و بۆ هەکەس بەپێی پێویستییەکەی ] بینادەکرێت [ مارکس- ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا].
بۆ ئەمشەو ئەوەندە دەتوانم و لێرەدا ناچارم باسەکە ڕابگرم بۆ شەوانی داهاتوو، کە وەڵامی دواپرسیاری سەرەوە [ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە یان شتێکی دیکە بوو؟] دەدەمەوەو دواتر گوێگر و خوێنەری سەرنج و ڕەخنەکانی هاوڕێ زاهیر و هەژێن دەبم لەسەر ئەوەی کە لەڕوانگەی خۆمەوە دەربارەی لەناوبردنی دەوڵەت وتومە.
******
ئایا ئەزمونی شکستخواردووی سۆڤیەت، بەڵگەیە بۆ شکستی تیۆری و تێزی ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” مارکس؟ ئایا ئەوەی کە لە ١٩١٧ی ڕوسیادا ڕوویدا” شۆڕشی کۆمۆنیستی” بوو بەو چەمکەی مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی ئایدیۆڵۆژیای ئەڵمانی و مانیڤێستی کۆمۆنیستدا پێشنیاریانکردووە؟ با لە پرسیاری یەکەمەوە دەستپێبکەم. بە بڕوای من و ئەوەندەی کە سەرنجم داوەتە سەر سیاسەت و ئابوریی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیا، هەرگیز ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” لە سۆڤیەتدا جێگیر نەبووە. واتە شۆڕشێک بە گەورەی و شکۆداری وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر، هەرگیز شۆڕشێکی کۆمۆنیستی نەبووە بەو چەمکەی کە من لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانیا، مانیڤێست و ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتای مارکس و ئەنگلسدا خوێندوومەتەوە و لێیتێگەیشتووم. هەربەم هۆیەشەوە، ناتوانم بڵێم ئەو دەوڵەتەی کە بەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی قەیسەر و سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕوسیادا هاتە کایەوە، ” دەوڵەتی سۆشیالیستی سەردەمی گواستنەوە بووە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم”، واتە ئەو سەردەمەی کە ” دەوڵەت ” هەرجۆرە زەرورەتێکی مێژوویی خۆی لەدەستدەدات و کۆمەڵگە بە بێ بوونی دەوڵەت خۆی بەڕێوە دەبات.
ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە پایەی بابەتی تیۆری ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” و “شۆڕشی کۆمۆنیستی ” مارکس و ئەنگڵسی لەسەر بنیاتنراوە، لە ڕوسیای سەردەمی قەیسەر تا ڕوخانی ئەو ڕژێمە لە ١٩١٧دا، ئەو چینە تا ئەو ئاستە گەشەی کۆمەڵایەتی نەکردووە کە بتوانێت وەک چینێک پەیامی مێژوویی خۆی بەسەرئەنجام بگەیەنێت و شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپا بکات. ئامارەکانی ئەو سەردەمە لەلایەک و دەقی نووسراوەکانی لینین، ترۆتسکی، بوخارین، پراوپراژنیسکی و باسەکان دەربارەی سیاسەتی ئابوریی نوێ ” نیپ ” و پرۆژەی پیشەسازیکردنی سۆڤیەتی ساڵانی ١٩٢٨ و بۆسەرەوە، هەموویان پێمان دەڵێن کە چینی کرێکار،لەڕووی کۆمەڵایەتی و چەندایەتییەوە لەو ئاستەدا نەبووە کە بتوانێت ” شۆڕشی کۆمۆنیستی ” بەرپا بکات. کۆمەڵگەی ڕوسیای سەردەمی قەیسەرو تا ساڵانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کۆمەڵگەیەکە کە ژێرخانەکەی لە کۆمەڵێک توخمی ئابوریی جیاواز [ سەرمایەداری، دەرەبەگایەتی و تەنانەت پەتریاکی ] پێکهاتووە. ئابوریی و ژێرخانێکی لەوجۆرە، کە تێیدا پەیوەندییەکان وهێزەکانی بەرهەمهێنان بە ئاڕاستەی سەرمایەداریدا گەشەی نەکرد بێت و لە ناکۆکیدا نەبن، ناتوانرێت شۆڕشی کۆمۆنیستی لەسەر بەرپابکرێت [ هەروەکو ئەوەی کە مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانیدا ئاماژەی پێدەکەن و ناکۆکی نێوان پەیوەندییەکانی بەرهەم هێنان و هێزەکانی بەرهەمهێنان بە پێشمەرجی ماددی شۆڕشی کۆمۆنیستی دەزانن]. ئەو شۆڕشەی کە لە ڕوسیای ١٩١٧دا ڕوویدا، شۆڕشێکی گەلی و پۆپۆڵیستی بوو. سەربازان، جوتیاران، ووردە بەرهەمهێنەران، خوێندکاران و کرێکاران هێزی بزوێنەری بوون، بەڵام ئەم شۆڕشە گەلییە [ کە ووردە بۆرژوازی بەرفراوانترین بەشی کۆمەڵایەتی ئەو شۆڕشە بوو ] لە ژێر ناوی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیستیدا ڕوویدا. ئەوەشی کە ڕابەرایەتی شۆڕش ئەو چین و توێژانەیکرد بۆ ئەم شۆڕشە، مەنشەفییەکان و بەڵشەفییەکان بوون و لەژێر ناوی مارکسیزم و بە ئیلهام وەرگرتن لە تیۆرییەکانی مارکس و ئەنگڵس،ئەو چین و توێژانەیان خستە قاڵبی حیزبییەوە بۆ ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆری قەیسەردا، کە سەرئەنجام بە ڕووخانی قەیسەر و گرتنە دەسەڵاتی سیاسیی و دەوڵەت لەلایەن بەڵشەفییەکانەوە کۆتایی پێهات….
حیزبی بەڵشەفیک، ئەگەرچی توانی لە پێوەرێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا، چینی کرێکاری ساوای ڕوسیا لە دەوری سیاسەت و ئامانجەکانی کۆ بکاتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو نییەت پاکی، سەمپاثی و دڵسۆزییەکی ڕابەرانی بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی، نەیدەتوانی حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند. شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نەیدەتوانی دەسەڵاتی سیاسیی بخاتە دەستی چینێک کە هەم لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە کەمایەتییەکی کۆمەڵگەی ڕوسیای ئەو سەردەمەی پێکهێناوەو گەشەی مێژوویی نەکردووەو هەم هوشیاری دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەبووە. حیزبی بەڵشەفیک نەیدەتوانی ئەو بۆچوونەی مارکس و ئەنگڵس، کە لە مانیڤێستی حیزبی کۆمۆنیستدا بەیانیانکردووە [ کۆمۆنیستەکان بەرژەوەندیەکی جیاواز لە بەرژەوەندی پرۆلیتێرەکان نییە …- یان؛ کۆمۆنیستەکان پرەنسیپێکی تایبەت ناهێننەکایەوە کە بزووتنەوەی پرۆلیتاریا بخاتە چوارچێوەی خۆیەوە..- یان؛ کۆمۆنیستەکان لەخەباتی پرۆلیتاریای نەتەوە جیاوازەکاندا، ئەوان تەنها بەرژەوەندی گشت پرۆلیتاریای جیهان لەبەرچاو دەگرن] پراکتیزە بکات. حیزبی بەڵشەفیک، بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی مارکس و ئەنگڵس لە مانیڤێستدا؛ بەڵشەفییەکانی پرەنسیپێکی تایبەتیان هێنایە کایەوە کە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای ڕوسیای خستە قاڵبی خۆیەوە؛ حیزب ئەو پرەنسیپەیە کە پرۆلیتاریای ڕوسیای لە قاڵبدا. مارکس و ئەنگڵس حیزبیان بە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی پرۆلیتاریا بە پێویست دەزانی، بەڵام هەرگیز حیزبیان بە مەرجی ڕزگاری پرۆلیتاریا و بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەدەزانی. ئەوان یەکێتی کۆمۆنیستەکان و ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەمیان، وەک یەکەمین حیزب و ڕێکخراوەی کۆمۆنیستی دروستکرد، بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو ڕێکخراوە سیاسییەیان بە پیرۆز نەزانی و خۆشیان بەشداریان لە هەڵوەشانەوەیدا کرد. لێنین و بەڵشەفییەکان وایان نەکرد. ئەوان حیزبیان لە جوڵانەوەی پرۆلیتاریای ساوای ڕوسیا پێگرنگتر بوو. ململانێ حیزبییەکانی لینین و ئەوانی دیکە کە لەسەرەوەی حیزبی بەڵشەفی [ حیزبی کۆمۆنیستی دواتر ] دا بوون لەسەر ئینشقاق، یان یەکگرتوویی، لەسەر یەک ڕوانگەیی و یەک دروشمی حیزب، هەموویان بەو ئاکامە شکانەوە کە حیزب نەک پرۆلیتاریای ڕوسیا، بەڵکو گشت کۆمەڵگەی ڕوسیای خستە قاڵبی ئەو مەبادیئانەوە کە حیزبی بەڵشەفی دایهێنابوون. ئەم حیزبە سەرەڕای ئەوە کە پاڵپشتێکی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و پرۆلیتێری دنیا بەدەست هێنا، بەڵام تەنها بەرژەوەندی دەسەڵاتە ڕوسییەکەی خۆی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و پرۆلیتێری جیهانی بەلاوە گرنگتر بوو!. ئینشقاق دروستکردن لە ئەنتەرناسیۆناڵی دووەم و دروستکردنی ئەنتەرناسیۆناڵی سێهەم، کە خۆی تێیدا باڵا دەست بوو، نموونەیەکەو سەدان نموونەی دیکە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ڕوسیانەی حیزب و دەسەڵاتی بەڵشەفیکی لەبەردەستدان کە بەرژەوەندی جیهانی کۆمۆنیستی و پرۆلیتاری کراوە بە قوربانیان…. لەم ئاستە لە باسەکەدا، دەمەوێت بە ئەنجامگیرییەکی کۆنکرێتر بگەم؛ لەپێشەوە وتم، کە بەجیا لە نیەت و ئارەزووە کۆمۆنیستییەکانی ڕابەرانی بەڵشەفیک، کۆمەڵگەی ڕوسیا لەگەڵ کێشەو گرێ کوێرەیەکی بابەتی و مێژووییدا بەرەوڕوو بوو بوو. ڕژێمی قەیسەری نەیتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ئەو گرێ کوێرەیە بکاتەوە. ئەو کێشەو گرێ کوێرە بابەتی و مێژووییە، شتێک نییە جگە لە [ گەشەکردنی پەیوەندییەکان و هێزەکانی بەرههەمهێنان ] لە چوارچێوەیەکی سەرمایەداریدا. سیاسەتی داگیرکارانە و شەڕەکانی ڕژێمی قەیسەر لەگەڵ دنیای دەرەوەدا، هێزی کۆمەڵایەتی و فیکری کاری ڕوسیای لە بوارێکی نابەرهەمهێنی فراواندا بەگەڕ خستبوو؛ بواری سەربازی و چەکهەڵگرتن بۆ سوپا. ئەمە، ئابوریی ڕوسیای لەبواری گەشەکردنی پیشەسازی و تەکنەڵۆژیدا ئیفلیج و لاواکردبوو. لەبواری کشتوکاڵیشدا، پەیوەندییە ئاغاو ڕەعیەتییەکانی لە پێوەرێکی بەریندا هێشتبووەوە و کۆمەڵگەی ڕوسیا، کۆمەڵگەیەکە کە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ئابوریی و مێژوویی هەیە، بەڵام ڕژێمی قەیسەر ڕێگرە لەبەردەم ئەو ئاڵوگۆرە ئابوریی و مێژووییەدا. لەڕوانگەی مێژوویی کۆمەڵگەی ڕوسیاوە، دەسەڵاتی ٣٠٠ ساڵەی قەیسەر مەحکومە بە ڕوخان.
مەنشەفییەکان و بەڵشەفییەکان ئەم کارەدەکەن و قەیسەر دەڕوخێنن. دواتر بەڵشەفییەکان دەسەڵاتی سیاسیی و دەوڵەت لەدەست دەگرن و دیکتاتۆری خۆیان بە ناوی دیکتاتۆری [ کرێکاران، جوتیاران و سەربازان ]ی ڕێکخراو لە شوراکاندا بەسەر کۆمەڵگەی ڕوسیادا دەسەپێنن. شوراکان، بەکردەوە شورای کرێکاران، سەربازان و جوتیاران نین [ هەرچەندە ئەوان هێزی پێکهێنەری شوراکانن]، بەڵکو شوراکان لەلایەن حیزبی بەڵشەفیکەوە، لەسەرەوەڕا کۆنترۆڵ کراون و بەرەو بەهێزکردنی دیکتاتۆریەتی حیزبی ئاڕاستە دەکرێن. دەوڵەتی سۆڤیەتاتی دوای شۆڕش، دەوڵەتی حیزب و سەرانی حیزبی بەڵشەفیکە. دەوڵەتی حیزبی بڕیارە سیاسیی و ئابورییەکان دەدات. ئەم دەوڵەتەلە ڕووی سیاسییەوە، هەنگاو بە هەنگاودەست دەکات بە پێشێلکردنی ئازادییەکانی هاوڵاتیان، تەنات بەشێک لەو ئازادیانەی کە چەندین ساڵ دروشمی قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیشی بوون لەسەردەمی قەیسەردا. لەڕووی ئابورییشەوە، دەوڵەتی بەڵشەفیکی دەست دەکات بە کردنەوەی گرێ کوێرە مێژووییەکەی ڕوسیا؛ لە چەند پلانی ئابوریی پێنج ساڵەدا، کۆمەڵگەی ڕوسیا لەڕووی پیشەسازییەوە دەباتە ئاستی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا. دەوڵەت دەبێتە خاوەنی ئابوریی و پیشەسازییەکی بەهێز و گشت ئابوریی سۆڤیەت دەکەوێتە ژێر دەستی دەوڵەتی بەڵشەفیکییەوە، بەڵام ئەم دەوڵەتە ناتوانێت ئەرکی مێژوویی گەشەکردنی سەرمایەداری ڕوسی لە ئەستۆ بگرێت، مەگەر ئەوە کە کەسێکی دیکتاتۆری بەهێز سوکانەکەی لەدەست بگرێت؛ ئەو کەسە لە ناو حیزبی کۆمۆنیستدا ئامادەکراوە؛ ستالین. ستالین ئەو کاراکتەرە بەهێزەیە کە مێژووی گەشەکردنی سەرمایەداری دەوڵەتی دەیهێنێتە سەر شانۆکە. سەرمایەداری لە ڕوسیای دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا نەیدەتوانی گەشەبکات، مەگەر ئەوە کە دەوڵەتێکی بەهێز زەمینە جۆراوجۆرەکانی بۆ بڕەخسێنێت و خۆی ببێت بە بەشێک لە پرۆسەی گەشەکردنەکە. دەوڵەتی کۆمۆنیستی دوای شۆڕش، تەنها بە ناو دەوڵەتی [ کۆمۆنیستی ] یە. ئەو دەوڵەتێکی سەرمایەدارییە و ئەرکی مێژوویی گەشەکردنی سەرمایەداریانەی ئابوریی ڕوسیا جێبەجێ دەکات. بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتەبە باشی و بەخێرایی ئەرکەکانی بەجێبهێنێت، دەبێت دیکتاتۆریەتی ڕوتی بێ پەردە لە وڵاتی سۆڤیەتدا پیادە بکات. ستالین ئەو کاراکتەرە مێژووییەیە کە ئەم دیکتاتۆریەتە سەرمایەدارنە لەنێوان دەوڵەت و حیزبدا ڕێک دەخات و یەکانگیری دەکات…. لەڕووی ئابورییشەوە، سەرەڕای بوونی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، کە پایەی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستین، بەڵام هەرگیز دروشمی لە [ هەرکەس بە بڕی کارەکەی ]، کە مارکس بە ئابوریی قۆناغی یەکەمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی [ یان قۆناغی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای ] دەزانێت، لە سۆڤیەتدا نەخرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بڕی زیادەی کاری هەر مرۆڤێکی کارکەری ئەو وڵاتە دەچووە سەر خەزێنەی دەوڵەتەوە و دەبووە سەرمایەی ژێر دەستی دەوڵەت. دەوڵەتیش، حیزبی کۆمۆنیست لەسەرەوەی ڕاوەستابوو. لێرەوە، دەگەمە ئەو ئەنجامە کە لە سۆڤیەتدا تیۆری ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” ی مارکس لە سۆڤیەتدا هەرگیز پراکتیزە نەکراوەو جێبەجێ نەکراوە. لەبەرئەوە،ئەزمونی شکست و داڕامانی سۆڤیەت،شکست و داڕمانی تیۆری ” مارکسیزم ” لە بواری شۆڕشی کۆمۆنیستی و دیکتاتۆری پرۆلیتاریدا نییە، بەڵکو شکست و داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەتی و ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتی سەرمایەدارانەیە کە حیزبی بەڵشەفیک لە ژێر ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا بۆ کۆمەڵگەی ڕوسیای داهێنا. ئەمە تێگەیشتن و خوێندنەوەی منە لەسەر ئەوەی کە لە سۆڤیەتدا ڕوویدا. لەم ڕووەیەشەوە هاوڕێیان دەتوانن بۆچوون و ڕەخنەکانیان بخەنە ڕوو. ئەم باسانە، هەرچەندە لە ڕوانگە و جیهانبینی جیاوازەوە بهێنرێنە کایە، بەڵام دڵنیام سودی باشیان هەیە، بە تایبەتی کە تا ئێستا چەپی عێراق و کوردستان نەیوێراوە، یان لە توانای تیۆریدا نەبووە کە لە دەرگای ئەمجۆرە باسانە بدات. لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە.
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
یهکی ئایار شایی یان شیوهن؟
سهلام عارف
ئهو دهمهی کرێکاران خۆیان به خۆیان به ئامرازه سهرهتاییهکانی خۆیانهوه،له بۆ بهرژهوهندییه چینایهتییهکانی خۆیان، به ڕووی خاوهنکاران و دامو دهزگا مافییهکانی دهوڵهتدا تهقینهوه، هێشتا هزری (دهستەبژێری هۆشمهندی پێشڕهو) قۆزاخهبوو، توانای ئهوهی نهبوو بهزۆری زۆرداری خۆی بکاته سورهی بهرلهشکر و ناوهڕۆکی بزووتنهوهی کرێکاران کرمێ بکات،بهڵام دواتر ئههلی ئهو هزره بۆ گهیشتن به مهرامی خۆی، بوون به دوو بهشهوه، تا ئێستاش ههروایه، بهشێکیان دوورهپهرێز و شهرمنانه بهشداری یادکردنهوهکانی یهکی ئایار دهکهن، بهشهکهی دی لهژێر پهردهی پاکڕاگرتنی ڕهسهنی بیروباوهری شۆڕشگیرییدا بهشداریکردنی خۆدهرخستن و شای و لۆغان ڕهتدهکهنهوه، بانگهشه بۆ شیوهن دهکهن. ئیدی بهبێ ئهوه گیوێ بهوه بدهن ، که یهکی ئایار لهڕووی مێژوییهوه بۆته سهمبولی خهباتی شۆڕشگێڕانهی بزووتنهوهی کرێکاران، گیانه ئینتهرناسیۆنالیستییهکهشی ملوێنهها مرۆڤ دهوروژێنێت، ئەگهر یهکی ئایار وهك سمبولی خهباتی بزووتنهوهی کرێکاران واتایهك ببهخشێت، ئهوا واتای بهردهوامیدان به خهباتی بزووتنهوهی کرێکاران، دژی سەرمایەداری و دهوڵهت دهبهخشێت. لێرهدا پرسیار ئهوهیه؛ جا کهوایه بۆچی ئههلی هزری (دهستبژێری هۆشمهندی پێشڕهو) چۆته کهلیشهیتان و چووه به چهقی نهعلهتدا و گۆشهگیربوه و بۆته دژه تهوژم و داوای شیوهن دهکات، بهو بیانووهوه، که گوایه کرێکار جهژنی نییه؟ وابزانم وهڵامی ئهو پرسیاره له پرسیارهكە خۆیدایه و ئهوان داخ و حهسرهتی ئهوه دهچێژن،که یهکی ئایار دەستكردی (دهستبژێری هۆشمهندی پێشڕهو) نهبووه، ئێستاش تازه به تازه ناتوانرێت جڵهوی بگرێت، ههروهها ئهو ئههله بڕوای وایه، که ئهو دهمه بزووتنهوهی کرێکاران هیچی نهکردوه بههیچ ههر چیهکیشی دهستخستبێت، پێشکهوتن و گۆڕانی کۆمهڵگهی سهرمایهداری خۆی سەپاندوویەتی، بهواتایهکی دی دهست و دیاری سهرمایهدارییه،سهرمایهداران دهست و دڵفراوانبوون !
ئێسته با بزانیین گرنگی مێژوویی یهکی ئایار چییە؟
میژوو شایهته* که کرێکاران خۆبهخۆیی لهو مومارهسهیهدا ماهییهتی چینی خۆیان سهلماند، بهبێ ئهوهی چاوهڕوانی بەزەیی دهستێکی جادوویی دهرهوەی خۆیان بکهن، جگه لهوه کرێکاران له تاقیکردنهوهکانی کهوتن و ههڵسانهوهکانی خۆیانهوه، ڕێکخستنه سهرهتاییهکانی خۆیان بۆ ئهو تهقینهوهیه دروستکردن و ئامادهیانکردن،سهرباری ئهوه، گرنگی ههستی گیانی نێونەتەوەیی ئهو خۆدهرخستن و شایی و لۆغانه، جارێکی دی مێژوو شایهته، که بزووتنهوهی کرێکاران لهوێدا پهنگی نهخواردهوە و نهمرد، بهپێچهوانهوه پاش سهدان کهوتن و ههڵسانهوه، قۆناخ به قۆناخ یهکی ئایار پاش یهکی ئایار، خۆی نوێدهکردهوه و شێوازهکانی خهباتی خۆی ڕادیکالانه دهگۆڕی و دهیگهیانه پلهیهکی بڵندتر، سهرهتای سهدهی بیستهم، کاتێك بهلشهفیکهکان و مهنشهفیکهکان** سهرخهویان دهشکاند، کرێکاران سۆڤیهتهکانی خۆیان دروستدهکرد و کارگه و زهوییەکانیان لە سەرمایەدار و دەرەبەگەكان دەسەندنەوە و بەخۆیان بهڕێوهیاندەبردن، هێندهی نهبرد، که ئهو دهرده کوشندهیه، له قاپی دهوڵهتهکانی دیكەی دا، ئهلمانیا ١٩١٨- ١٩١٩ئیسپانیا- ئیتالیا ١٩٣٦ له ههموو جێگهکانی کارکردن، کۆڕه کرێکارییهکانیان دروستدهکردن، تا دواتر هێدی هێدی، یهك له دوای یهك کهوتنە بهر گورزی خاوهنکاران و دهوڵهتهکان*** و دیسانهوه ئهو بارە بووه سهرهتایهکی نوێ بۆ بهردهوامبوون، وهکو وتم شێوازی خهباتی کرێکاران گۆڕانێکی چلۆنایهتی ڕادیکالی بهخۆوهدیت، پاش ئهو ههموو گورزخواردنه، کرێکاران بهردهوام دژی خاوهنکاران و دهوڵهتهکان، ههر سهرقاڵی خۆڕێکخستن بوون، لێره و لهوێ ههر درێژهیان به خهبات و جهنگی چینایهتی داوه، ها ئهوه ڕاپهڕینی ملوێنی 1968ی فهرهنسا و ئهلمانیا و یابان، ها تهماشاکهن خهباتی کرێکارانی لە یۆنان، ئیتالیا، فهرهنسا، ئیسپانیا، میسر، تونس، ئامێد، ههر بهردهوامه، هاوکات سەرمایەداریش ههردوو سهری دونیای لێهاتۆتهوه یهكو ناتوانێت لهو قهیرانه ئابورییە کۆمهڵایهتییه قوتار بێت، که تێکهوتووه!
کرێکارانی دونیا، نهك ههر یهکی ئایار، به بهرههمی خهباتی خۆیان دهزانن، یادکردنهوهی ساڵانهشی به بهشێکی دانهبڕاو له زنجیرهی خهباتی چینایهتی دهزانن ،كردار و خەباتیان ئهو ڕاستییه دهسهلمێنێت.
تهماشاکه ئهم ساڵیش چۆن له سهراتاپای دونیادا کرێکاران به ئاڵا سوور و سوور/ڕهشهکانهوه دهڕژێنه سهر شەقامەکان و هاواری دابینکردنی ئازادی و دادپهروهرییهکی کۆمهڵایهتی، که له بهرابهریی ئابورییهوه سهرچاوهیانگرتبێت، ھاوكات تهماشای (دهستبژێری هۆشمهندی)ش بکهن، چۆن له قهراخی شەقامەکان ڕهنگههڵگهڕا و واقوڕماو بوونهته بینهره خۆشهویستهکان و کوژراوی ئاخ و حهسرهتی ئهوهن، که ئهوهیان لهدهستدهرچووه و ناتوانن، جڵهوبهدهست بن، گهر جڵهوبهدهست بوونایه، نه دهبوو یهکی ئایار ههر یهك ڕۆژ بووایه دهبووایه کۆتایی نههاتایه.
پەراوێز:
* ( کارل مارکس ) وتوویهتی ” مێژوو تهنها زانستێكه، ئێمه دهیناسین و بڕوای پێدهکهین”
** بڕوانه ئهو بابهتهی (لینین) دهربارهی ڕاپهڕینی مۆسکۆ، ئهو لهو بابهتهدا وتوویهتی”ڕاپهڕینی مۆسکۆ ١٩٠٥سهلماندی، که کرێکاران سهد جار چهپڕهوترن له ڕێکخراوهکان به ئێمهشهوه”
*** یهکهم گورز له مۆسکۆ-پترۆگراد-کڕۆنشتات، سهروهرانی شۆڕشی ڕوسی وهشاندیان….تد
گهڕان به دوای کۆمهڵگهی داهاتوودا*
دانییل گرین
و. له عهرهبییهوه: سهلام عارف
(١٠) ئهو وشهیهی شهڕی نایهوه – دهوڵهت
باتهکانی پێشوو دهریانخست ، که ئازادیخوازهکان ئهوهیان ڕهتدکردۆتهوه ، که وشهی”دهوڵهت” بهکاربهێنن.
له نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیونال)ی یهکهمدا، ئهو خاڵه، واته “دهوڵهت” کهلهبهرێك بووه، که بووەته مایهی جیاوازی نێوان (دهسهڵاتخوازهکان) و (ئازادیخوازهکان) بهڵام ئهو کهلهبهره، به بهردهوامی بهو جۆره نهبووه، که نهتوانرێت خۆی لێ لابدرێت ھەرەوەزیخوازەكان (کۆلێكتیڤیستەکان collectivistes) بهتایبهتی (باکۆنین) ئهو وشهیهیان لەلا پهسهندبوو، بهڵام بهو مهرجه، که بهکارهێنانی واتای ھەرەوەزیی کۆمهڵایهتی (collectivité sociale) ببهخشێت، واته دهوڵهتی شۆڕشگێڕی نوێ، سۆسیالیزم. ئازادیخوازهکان، ههر زوو له مهترسی بهکارهێنانی ئهو وشهیه تێگهیشتن، بهو جۆرهی، که دهسهڵاتخوازهکان بهکاریدههێنن، لهبهرئهوه به پێویستیانزانی، که واتایهکی جیاواز و قوڵتری بدرێتێ، جا بۆ خۆ لادان له خراپ لهیهكتێگهیشتن، دهبێت ئهو وشهیه به کارنههێنرێت،چونکه تێگهیشنی نوێ پێویستی بوونی وشهیهکی نوێ دهسەپێنێت، ئهو بڕوایه، وههای له ئازادیخوازهکان کرد، وشه کۆنهکه بهکارنههێنن بۆ بهخشینی واتای (ھەرەوەزییی کۆمهڵایهتی داهاتوو)
مارکسیستەکان بهمهبهستی ڕازیکردن و ڕاکێشانی ئازادیخوازهکان بهلای خۆیاندا، ئامادهیی خۆیان نیشاندا، که دهستبهرداری پرسی زمانهوانی ببن، ههروهها بۆ ئهوهش بوو، تا بتوانرێت بڕیاری بیروباوهڕی خاوهندارێتی ھەرەوەزیی بدرێت، دژی پاشماوه کۆنخوازه تاکپهرسته (پرۆدۆن)یهکان، بڕیاری ئهوهیاندا پێشنیاری ئازادیخوازهکان پهسهندبکهن و وشهی (فیدریالیزم) یان (هاریکاری شارهوانییهکان) بخرێته جێگهی وشهی دهوڵهت، پاشان ئهوهبوو، که (ئینگلس) له نامهیهکی ڕهخنهییدا بۆ(ئۆگست بیبیلAuguste Bele) ڕهخنه له پرۆگرامی (غۆتا) واته پرۆگرامی سۆسیال دیموکراتی ئهلمانی دهگرێت بهپهله پێشنیاری ئهوه دهکات، که ” له ههموو جێگهیهك وشهی دهوڵهت بگۆڕێت به وشهی Gemeinwesen ئهو وشهیهش وشهیهکی ئهلمانی کۆنه له زمانی فهرهنسیدا به واتای (کۆمۆن commune )ە دێت
ساڵی 1869له کۆنگرهی (بال Bâle)دا ئازادیخوازه ھەرەوەزیخوازهکان بڕیاری ئهوهیاندا،کاتێك خاوهندارێتی دهکرێته خاوهندارێتی سۆسیالیستی، ئهبێت (شارهوانییه هاریکارخوازهکان) بیگوزهرێنن (باکۆنین) له وتهکهیدا وتی “بۆ پاکردنهوهی کۆمهڵایهتی من دهنگ به كۆمەڵیانەی زهوی و كۆمەڵیانەی سامانی کۆمهڵایهتی ئهدهم، مهبهستم له خاوهندارێتی یاسایی موڵکی ئێستایه، ههروهها مهبهستم له لهنێوبردنی مافی یاسایی دهوڵهتی ڕامیارییە، که پشتگیری خاوهندارێتی دهکات و دهیپارێزێت، دهربارهی ڕێکخستنی داهاتوش (…) پشتگیری هاریکاری شارهوانییەكان دهکهم (…) بهتایبهتی ئهو جۆره شارهوانییه، که پهیڕهوی ڕێکخستنی کۆمهڵگه له خوارهوه بۆ سهرهوه دهکات.
****************************
پهڕاوێز
*پهرتوکی- من العقیدة الی الممارسة-دانییل غیرین-
**بابهتی دهههمی بهشی دووهمی کتێبی ناوبراو
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی شەشەم
هەژێن :
لەبەرئەوەی كە ناتوانم لێرەدا بەتێروتەسەلی وەڵام بە پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیربدەمەوە، بۆیە زۆر بە كورتی لە چەند سەردێرێكدا وەڵام بە شۆرش لەیەك وڵات و دەوڵەتدا دەدەمەوە :
سەرەتا وەك وتم، من تەنانەت بە پێچەوانەی ھەندێك لە ئەناركییەكانەوە، شۆڕش بە ڕووداوێكی ماوە و كات دیاریكراو نازانم؛ شۆڕش خۆبەخۆ پرۆسێسێكی مێژوویی جیھانییە، تا ئێستا لە ھیچ جێیەك بەیەكجاری بەسەر سیستەم و سەروەری چینایەتییدا سەرنەكەوتووە و بەھیچ شێوەیەكیش تێكشكانەكان، تێكشكانی شۆڕش نەبوون و نین، بەڵكو تەنیا تێكشكانی تاكتیكێك یا ستراتیجی ڕەوتێكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستیی بوون، باشترین نموونەش پاش تێكشكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە بلۆكی خۆرھەڵاتییدا، كە دەستبەجێ لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوودا، ھاوكاتی ھەڵوەشاندنەوە و ناوگۆڕینی دەیان پارتی كۆمونیست، بینەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕۆلیتێری بووین، لەوانە خۆپیشاندانەكانی شیكاگۆ، مانگرتنی كەناسانی توركیە، مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئاڵمان ناسراو بە مەشخەڵبەدەستان، مانگرفتنی كرێكارانی ئیسرائیل، مانگرتنی گشتی لوبنان و گۆڕینی حكومەت، مانگرتنی گشتی بەنگلادیش، مانگرتنی كرێكارانی پۆستە و گەیاندنی ئەمەریكا پاش چەند دەھە بێدەنگی و ھەروەھا لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا بینەری خۆپیشاندانە جیھانییەكانی دژی جەنگ و دژی كۆبوونەوەكانی لوتكەی (G8) و داگیركردنی كارخانە و ھۆتیل و چێشتخانە و چاپخانە و شەقامەكان لە ئەرجەنتین و پار و پیرار و لەم ڕۆژانەشدا ڕاپەڕینەوەی جەماوەر لە تونس و میسر و مانگرتنە بەردەوام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی یۆنان و پۆرتوگال و ئیسپانیا … تد . ئەمانە ھەموویان ھەم نیشانەی بەردەوامی شۆڕش و پشتڕاستكردنەوەی بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی بوون لەژێر قورسایی كەلاكی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوباییدا و ھەم ناپێشڕەوبوونی پارت و دەوڵەتی بەناوی كرێكارییان سەلماند. لەم بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل Cajo Brendel كە یەكێكە لەو ماركسیستانەی ڕەخنەی پەیگیرانە لە بۆلشەڤیزم و لێنین دەگرێت، بەنێوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە” ڕادەكێشم، كە چەند دەھە پێش كڕمۆڵبوون و پووكانەوەی بلۆكی ڕوسی، بابەتەكانی نووسیوەن.
بەبۆچوونی من، ئەوەی بە شۆڕش ناسێنراوە و دەناسرێنێت، تەنیا ڕووداوی ھەڵچوونی نێو ڕەوتی بەردەوامی شۆڕشن و تەنیا دەكرێت ناوی ڕاپەڕینیان لێبنرێت و بەداخەوە ھەندێكیان لەلایەن ڕەوتە بەناو سۆشیالیستیەكانەوە سەركوتكراون؛ لەوانە ھەرەوەزییە كشتكارییەكانی ئۆكرانیا و سۆڤیەتە سەربەخۆكانی دەریاوانی كرۆنشات، كە دەكرا لەو كاتەدا وەك نموونە و ھەوڵێكی سۆشیالستی بواری تاقیكردنەوەیان بدرایە و بماندیایە، كە كام شێواز سەركەوتووە، ھەرچەندە ھەر ئەوكات ھەم لە ڕووی ڕێكخستن و ھەم لە ڕووی خودكەفایی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكی و نێوخۆیی بەھێزتر و سەركەوتووتر بوون. بەشەكەی دیكەیان ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئەسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ و كۆمیتەكانی كارخانە [ئۆتۆنۆمییە كرێكارییەكان]ی ئیتالیا ١٩٦٢- ١٩٧٧ كە ئەمانیش وەك ئۆكرانیا و كرۆنشتات بەپێچەوانەی ئەزموونی بۆلشەڤیكی لەنێوخۆیانەوە كرمۆڵ نەبوون و جەماوەر تێكینەشكاندن و لە ڕووی ئابووری و پەروەردەیی پرۆلیتێرییەوە سەركەوتووبوون و تەنانەت كاتێك كە پاش سەركەوتنی سەربازیی فرانكۆ و گەڕانەوەی خاوەنكیڵگە و كارخانەكان، بەداخەوە دونیایەكی ئاوەدان و پڕبەرھەمیان بۆبەجێما. من ئەم نموونانە وەك ئەزموونی ئەناركی گەشاوە دەخەمە بەرچاوی ئێوە و دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن و لەتەك ڕوسیای زلھێزی جیھانی ١٩١٨ – ١٩٨٩ بەراوریان بكەن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاسۆیەكی ڕۆشن بۆ ڕاپەڕینەوە و ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن بەرنامەی شۆڕش، بەدەستبھێنن.
ھاوڕێ تاھیری ئازیز، ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا ناوی شۆڕشی لەسەر دەنرێت، فرەتر كودەتای پارتییانە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەردا و كودەتای سەربازییە بەسەر حكومەتی بۆرجوازیدا و دروستكردنی حكومەتی پارتە بەناوی كرێكارانەوە لەسەر كەلاوەی دەوڵەت و چێكردنەوەی و دواتر ڕەوایەتیدان بە دیكتاتۆری سەركردایەتی پارت بەسەر خودی ئەندامانی پارت و دواتر بەسەر كۆمەڵگەدا و ڕەوایەتیدان بە كوشتوبڕی مانگرتنەكان و كۆمەڵكوژی ناڕازییانی كۆمەڵگە چ ماركسیستە ئازادیخوازەكان و چ ئەناركیستەكان بەناوی سەپاندنی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریاوە . ئایا تا ئێستا مێژوو لەمە زیاتری نیشانداوین، یا پەنابردنەوە بۆ چەندبارەكردنەوەی دەوڵەتی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە، بێجگە لەو شكستانە، دەتوانێت شتێكی دیكەمان بداتە دەست، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، خۆشحاڵ دەبم بە خوێندنەوە و بیستنی .
بە بۆچوونی من نە لە قۆناخەكانی پێش سەرمایەداریدا ڕویداوە، كە ڕاپەڕینەكان گشتگیر و جیھانی بن، نە لە یەك وڵاتیشدا یەكئاستبوون، نە لە ئێستاشدا یەكئاست دەبن . بۆیە قسەكردن لەسەر ڕاپەڕینی جیھانی تەنیا خەیاڵپلاوی ڕۆشنبیرانی نەخشەكێشە [ تكایە لێرەدا قسەكەم مەیكێشنە سەر خۆتان مەبەستم ئێوە نییە]دەوەشێتەوە، وەك وتم مەبەستی من لە ڕاپەڕین ھەمان شتە كە تۆ ناوی شۆڕشی لەسەر دادەنێیت، بۆ نموونە ئەوەی لە كۆمونە یا ١٩٠٥ و ١٩١٧ ی ڕوسیا، ١٩٣٦ ئیسپانیا، ١٩٥٦ ھەنگاریا، ١٩٧٩ ئێران، ٢٠١١ی وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا تەنیا ڕاپەڕین بوون و بە ھەندێكیان لەلایەن دوژمنە دەرەكییەكانەوە تێكشكاون و ھەندێكیان لەلایەن دژە شۆڕشە نێوخۆییەكانەوە.
ھەورەھا لە ئاستی وڵاتیشدا بڕوام بە ھاوجۆری و ھاوئاستی نییە، ئەوەی ڕوودەدات بە ئامادەیی و خۆپەروەردەیی پرۆلیتێرەكانەوە پەیوەستە، ئەوەی كە لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانەدا چەندە توانیویانە خۆیان رێكبخەن و ڕێكخراوە ناقوچكەییە (ناھەرەمی/ ناھیرارشیی) سەربەخۆكانیان پێكبھنن و ھەم وەك ئامرزای خۆھوشیاریی و خۆپەروەردەیی و ھەم وەك ئامرازی بەرەنگاری و ھەم وەك ئامرازی رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەگەی داھاتوو، چەندە توانراوە لە رێكخراوە و ھەرەوەزیی و كۆمونەكاندا ژیانی سۆشیالیستی و پەیوەندی سۆشیالیستی و كولتووری سۆشیالیستی جێگیربكەن و بەكردەوە نیشانی كۆمەڵگەی بدەن، كە دەكرێت و لە توانادا ھەیە، مرۆڤ ئاوا بژی و خۆی لە پەیوەندییە سەروەرییەكان و سیستەمی كرێگرتەیی ڕزگار بكات . كاتێك كە ئەمە بوو بە بەشێك لە كولتووری ڕۆژ و مرۆڤەكان كەتوارییبوونیان دەركرد و توانیان ئەزموونی بكەنەوە، ئەو كات من و تۆش زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەركی ئەوە بكەین، كە پێویستمان بە دەوڵەت و دیكتاتۆری و شوانەیی پارتەكان و ئامۆژگاری ڕامیارەكان نییە.
ھاوڕێ، بەبۆچوونی گرفتی لەیەك تێنەگەییشتنمان لەوەدایە، كە تۆ باس لە پرۆسێسی دروستكردنی پارتێك وەك پێشڕەو دەكەی، كە دونیا بۆ پرۆلیتاریا تەخت بكات و دواییش سەركردە و ڕابەرە خۆ بە ژیر و خەڵك بە نەزانكانی ئەوەندە بەخشندە بن، بێن و بڵێن، فەرموون پرۆلیتێرەكان، خۆتان ژیانی خۆتان لە سۆڤیەتەكاندا ڕێكبخەن و دەوڵەتێكی سەراپاگیر و توندوتۊڵ (مەحكەم)ی ئاواش كە بەرگەی ھێرشی دەرەكی و گەندەڵی نێوەكی و ھێرشی دێمۆكراسی بۆرجوازی و بیروكراسی نێوەكی بگرێت و جەنگی دار و بەرد بكات، پاشان بەخۆیشی، دیسانەوە بەخشندانە وەك پەشمەك بتوێتەوە [ تكاتان لێدەكەم ئەمەم بە لاقرتێ و كەمڕێزی لێوەرمەگرن] بەداخەوە وەھا پارتێكی بەخشندە و دەوڵەتێكی پەشمەكی، تەنیا لە فیلمە كارتۆنییەكاندا توانای بوونیان ھەیە. بۆیە من زۆرجار ئەوانەی ھەموو تاوانەكانی (ڕوسیا)ی جاران و بلۆكی خۆرھەڵاتی دەدەنە پاڵ )جۆزیف ستالین)، بەبێویژدانی دەزانم. چونكە كەسێكی وەك ستالین [ كە پەروەردەی پارتی كۆمونیست و شاگردی لێنین و جێمتمانەی ترۆتسكی و دەوڵەتی بەناو كرێكاران] لەوە زیاتر نەیدەتوانی نەرمتر بێت، لەوانەشە ھەندێك جار چاوپۆشیشی لە پێداویستیی دیكتاتۆربوون كردبێت. ھیوادارم دەربڕینەكانم زبر و برنداركەر نەبن و دڵی ھاوڕێیانێكی وەك تۆ و كاك (فوئاد)م نەئێشاندبێت، كە ھیچ كات ناتوانم گومان لە سۆشیالیستبوون و دڵسۆزیتان بۆ سۆشیالیزم و پرۆلیتاریا بكەم. ھەرواش دڵنیام كە ھیچ ئامانجێكی كەسیی (شخصی) ھاندەری پێداگرییتان لەسەر پارت و دەسەڵات نییە، بەڵكو بەوپەڕی دڵسۆزیتانەوە بۆ سۆشیالیزم پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونانەتان دەكەن. بەڵام دیسان بەداخەوە، ناچارم بڵێم ھاوڕێیان، مێژوو وەڵامی خۆی بە پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی و دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا داوەتەوە و بڕواناكەم ھوشیاریی و كەتواریی جیھانی ئەمڕۆ و تاكەكان، ھیچ كات بواری دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەكی ئاوا بە گاڵتەجارییەوە بدات .
لێرەدا وەك دوا ڕستە حەزدەكەم ئەوە بڵێم و بیدركێنم؛ خۆزگە سۆشیالیزم بە پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆری بھاتایەتەدی، بەدڵنیاییەوە ئامادەدەبووم گیانی خۆم بكەمە مۆمی ڕێی سەركەوتنی ئەو پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆرییە، بەڵام داخەكەم تەنیا یەك خۆزگە دەیتوانی ئەوە جێبەجێ بكات و بەر بەو شكستانە بگرێت، ئەویش دەیتوانی ئەوە بێت، كە لە ساڵی ١٩١٨ەوە لە ڕوسیا بواری ئەناركیییەكان و مەنشەڤیكەكان و نادرۆنیكەكان و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەكان بدرایە، تاوەكو لەو جێیانەی كە جەماوەر بۆچوون و شێواز و كاركردی ئەوانی لەلا پەسەندە، تاقیبكەنەوە. چونكە بەدڵناییەوە نە ئەوەندە ئەناركی و سۆشیالیست و كۆمونیست دەكوژران و نە ئەوەندەش جوتیار و كرێكاری بەدبەخت ڕەوانەی ئوردووگە و دوورخراوگەكانی سیبریا دەكران و نە ئەو ئەزموونەش ئاوا بە ئاسانی بەو سەرنجامەی ١٩٨٩ دەگەیشت و نە من و تۆش لەم ساتەدا لەبری ئەم مشتومرە ھەزاربارەبووەوە، چاومان لەدیار كۆمیوتەرێك كزدەبوو و لەوانەشە لەم ساتەدا پارچە ھۆنراوەیەكی پڕ یاداوەری پاش ڕاپەڕین یا بەسەرھاتی ئەڤیندارییەكی سەركەوتوو یا باسی یارییەكی سەردەمی مناڵیمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە یا لەوانەیە پێداویستی یەكترناسیمان نەھاتایەتە بوون و (تاھیر و ھەژێن)ێك بەم بۆچوونانەی ئێستە لە نێۆماندا دروستنەدەبوون .
زۆر سوپاستان دەكەم و بە ھاورییەتی و ھاوەڵی كەسانی وەك ئێوە دڵخۆشم، كوردواتەنی ” ئێمە ماركسیستەكان و ئەناركیستەكان گوشتی یەكتر بخۆین، ئێسقانی یەكتر ناشكێنین” چونكە یەك ئامانجمان ھەیە؛ ئەویش سۆشیالیزم و لەنێوبردنی سەرمایەداریییە، با ھەر یەكەمان بە شێوازی خۆی لەو پێناوەدا درێژە بە خەباتی بدات.
تاهیر ساڵح شەریف :
ئەمشەو ڕەنگە نەتوانم هەموو سەرنجەکانم بنووسمەوە، چونکە بەڕاستی ماندووم و کۆمێنتەکانی بەڕێزیشتان تا ڕادەیەک درێژن و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیش تێکەڵ بەیەکترکراون…. سەرەتا لە هاوڕێ هەژێنەوە دەست پێدەکەم. هاوڕێ هەژێن سەدجار لەسەر هەقە کە مانا گریکییەکۆنەکە” پرۆلیتێر ” بە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خاوەنی موڵکداری تایبەتی نین و کۆیلەی سەرمایەدارانن. تەعریفە گریکییەکە بە ڕای منیش دروستە و پێم وایە فەریدرەک ئەنگڵسیش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا، وەڵامی ئەو پرسیارە [ پرۆلیتاریا کێیە؟… پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاری خاوەنی هیچ هۆیەکی بەرهەمهێنان نییە – هەڵبەت ئێستا فرۆشتنی هێزی فیکر و تەنانەت هێزی سێکسیش هاتۆتە سەر” sex workers “، چونکە لەسەردەمی ئەنگڵسدا، بەکاربردنی هێزی فیکری و هێزی سێکسی لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا وەک ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو] بەجۆرێکی دیکە دەداتەوە. لەم ڕووەوە من هاوڕام لەگەڵ بەکاربردنی ووشەی پرۆلیتێردا بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەنی هیچ موڵکایەتییەکی تایبەتی نین، جگە لە فرۆشتنی هێزی کار، هێزی فیکر و هێزی سێکسیان و ژیانی خۆیان لەوڕێگانەوە دابین دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەو زووییە نەتوانم لە نووسینەکانمدا ئەو دەستەواژەیە بەکار ببەم، چونکە ئەمە پێویستی بە کات هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و جێگیرکردنی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا.
زاهیر باهیر :
کەواتە با هەموومان پێک بێێن لەسەر واتای وشەی پڕۆلیتاریا کە لە سەدا ٩٩ کە دەگرێتەوە نەک کوشەی کرێکاران کە فرۆشەری هێزی بازوو و زهنی و سێکسی دەفرۆشن کە کەما یەتین. دیسانەوە ببورن کە من بووم ڕام کێشان بۆ ئەو جەدەل، بەڵام سەرئەنجامێکی باشی دا بەدەستەەوە کە ئەویش هەموومانی یەکخست لە سەر ئەوەی کە هەموومان مەبەستمانە، بەبەکارهێنانی پڕۆلیتاریا کە نزیکەی هەموو کەس دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا من پێشنیازی ئەوە دەکەم گەر هاوڕێیان ، هەمووتان بەلاتانەوە باش بێت ، لە کۆتایی مشت و مڕەکانماندا ئەمەی کە کردومانە لە م بوارەدا لە ماڵپەڕەکەی هاوڕی تاهیرو سەکۆی ئەنارکستاندا بڵاو بکرێتەوە، دەشتوانیین هەواڵەی سایتەکانی تریشیا بکەین گەرچی دڵنیانیم کە هەموویان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام دڵنیام کە ڕەوەندوو پێنووسەکان و کۆمۆنەش بڵاوی دەکەنەوە. من دەزانم کە ڕينگە لە کۆتاییدا نەگەینە سەرئەنجامێکت وا بەڵام دڵنیام ئەمە بەسوود دەبێت گەر هاوڕێیانی تر لە لایەنە جیاجیاکانەوە بیبینن و بێنە زمان. ئێمە هیچمان نەکردبێت، هەندێک شتی گرنگمان وتتوەو، لە هەمووشی گرنگتە بە گیانێکی هاوڕێیانەی پڕ لە ڕیزو خۆشەویستییەوە لە یەکتری چوینەتە پێشەوەو ، کە بێڕێزیو سوکایەتی بە فکری یەکتری و نە گیانی خۆ بە مامۆستایی زان و گومڕایی فکری تێدا بەدی ناکرێت. کە ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ نوسەری کورد و سیاسی کە زۆربەیان زمانییان زبرە بەرامبەر بە یەکتری.
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان
بەشی پێنجەم
زاهیر باهیر:
هاوڕێ تاهیر كۆمێنتەكەی تۆ لەسەردوو خاڵە. یەكەمیان چینی پڕۆلیتاریایە: منیش لەگەل تۆدا هاوڕام كە چینی كرێكاران شادەماری ئابوری وڵات و جیهانیان بە دەستەوەیە دەتوانن هەتا بەبێ خۆپیشاندان و چوونە سەرەشەقامەكان ، تەنها لە ڕێگای مانگرتنی گشتییەوە لە ماوەیەكی كەمدا هەرەس بە حكومەتەكانیان بهێنن و دواتریش سیستەمەكە لە سەرانسەری جیهاندا. بەهەرحاڵ من ئەم هێزو توانایەی پڕۆلیتاریا ناو دەنێم وزەی شاراوە كە پێم وایە بە ئینگلیزییەكەی كە مانا باشتر دەدات دەوترێت پۆتێنشەڵەتی. هەر وەكو تۆش دەزانیت هەبوونی وزەی شاراوەو بەكارهێنانی، دوو شتی گەلێك جیاوازن لە یەكدی. كرێكاران لە ئەمڕۆدا ئەو تاقە كامینەیان هەیە بەڵام نەك نایانەوێت بەكاری بهێنن ، بەڵكو هەل ومەجی ژیانیان ڕێگرە لە بەكارهێنانی. بە ڕونكردنەوەیەكی زیاتر من دیسانەوە دەڵێم سەرجەمی شتەكان لە سەردەمی ماركسەوە بۆ ئێستا گۆڕاون كە لایەنێكیان كرێكارانن. لەسەردەمی ئەودا بە حوكمی نزیكی سەرجەمی كرێكران لە ڕوی هەل و مەجی كاركردن یان و مووچەو كرێی سەركاریان، لە وڵاتەكەیاندا، كەم تا زۆر، موتەجانس بوون و چالاكی هاوبەشیی گەورە گەورەیان بە یەكەوە كردوە. من لە ئێستادا ئەو تەجانوسە نابینم، ڕاستە هەموویان كرێكارن و هێزی بازوو زهنییان دەفرۆشن بەڵام لە چەند توێژاڵێكی جیاجیادا كە هەر توێژاڵەیان لە هەل و مەرجی سەر كاركردنیان و مووچەیاندا جیاوازن لەوانی تریان. لە ئێستادا كرێكارانێك كە هێزی زهنیان دەفرٶشن و لە بەشەكانی تەكنەلۆجیا پێشكەوتوەكاندا كار دەكەن و مووچهیهكی باش وهردهگرن ، زیاتر لە چینی ناوەڕاستەوە نزیكن خۆشیان هەر وا خۆیان دەبینن ، تاكو كرێكارانی پاككردنەوە، كەرتەكانی دەوڵەت و هەندێكی تریان. دیارە لەم حاڵەتەشدا مانگرتنی بەشێكیان بێ پشتگیری دەمێنێتەوە لە لایەنی ئەوانی تریانەوە سەر ئەنجامیش مانگرتنی گشتی یا ڕوو نادات یا زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات. دیارە ئەمەی كە وتم هۆیەكە لە هۆگەلەكان لە مەسەلەی ڕونەدانی مانگرتنی گشتی. هەر بۆیەش لە وڵاتێكی وەكو بریتانیادا مانگرتنی گشتی لە ١٩٢٦ وە جارێ تر ڕوی نەداوەتەوە. لەم ماوەیەدا نقابەی ئێرە وڕاوەی ئەوەیان كرد كە تەنها بیری لێبكەنەوە لە دژی ئەو قەیرانە گەورەی كە پێشی پێگرتوین و دژی سیاسهتی دهستگرتمهوه كه دهوڵهت بهردهوامه له كردنیدا. لە وەڵامی ئەمەدا دەوڵەت هەڕەشەی لێكردن وتی ناتوانن مانگرتنی گشتی بكەن دژی دەوڵەت كە سیاسەتی تەقەشوف پەیڕەو دەكات، ئەمان تەنها بۆیان هەیە كە مانگرتنی گشتی دژی خاوەنكار بكەن. دەوڵەت نەقابەی دڵنیاكردەوە ، گەر كاری وابكەن ئەوە بەیاساو دادگا دەیانوەستێنن لە كردنیدا. لە ئەڵمانیاو وڵاتانی سكەندناڤی و كەنەدای لای تۆۆ ئەمەریكاو گەلێك وڵاتی تر جگە یۆنان و ئیسپانیاو پورتوغال و فەرەنسا نەبێت، لە شوێنەكانی تر رەنگە مانگرتنی گشتی بەبیرەوەری ئێمە نەكرابێت. ئەوەشت لەبیر نەچیت ئەوەش كە لەو ٤ وڵاتەدا بووە تەنها كرێكارانی بەشی دەوڵەتی لە مانگرتنی گشتیدا بوون، كەمتر ڕیكەوتوە كە كرێكارانی بەشێكی كەرتی تایبەتی، بەشداری كردبێت، ئەویش مەگەر ئەو كەرتە تێكەڵە بووبێت لە كرێكارانی دەوڵەتی و كەرتی تایبەتی. لە هەمووش گرنگتر ، لە بەشێكی گەورەی كهرتی دەوڵەتییدا، كرێكارو كارمهندهكان لە نقابەی جیاوازدان، ئەمەش وادەكات كە لە هەمان شوێنی كاركردندا، نقابەیەكیان لە مانگرتندابن بەڵام ئەوی تریان یان ئەوانی تریان لەسەر كارن.
تێنەگەێستم تۆ چۆن خانەنشینكراونت بە كرێكاران داناوە هەر لەبەر ئەوەی كە پێشتر كرێكار بوون. كرێكار ئەو كەسەیە كە هێزی بازوی یا زهنی دەفرٶشێت و زێدەبایی دروست دەكات. خانەنشێنكراوان ، بێكاران، قوتابییان، كەمئەندامان ، منداڵان، چینی ناوەڕاست، ئەوانەی كە لەسەر سۆشیالن، هیچیان كرێكار نین . من بۆیە دەڵێم كرێكاران كەمایەتین هیچ كام لەمانەی كە ناوم هێنان كرێكار نین و لە سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكاو كەنەدادا زۆربەشن. بەهەرحاڵ گەرچی من و تۆ لەم خاڵەشدا هاوڕا نەبین بەڵام لەسەرجەمەكەیدا هاوڕاین چونكە تۆ لە سەدا ٩٩ كە بە كرێكار دەزانیت منیش لە سەددا ٩٩ كە بە خەڵك دەزانم. ئەوەشت لە بیر نەچێت بارو دۆخی ژیانی كرێكاران زۆر لە بێكاران، منداڵان، قوتابییان، كەمئەندامان و خانەنشینكراوان باشترە.
ببورە هاوڕێم سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەجێی دەهێڵم بۆ بەیانی.
هەژێن :
پێش ئەوەی بچمە پای وەڵامی پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیر لەمەر “شۆڕش لە یەك جێ یا چەند جێ و چۆ پارێزگاریی لێبكرێت؟”، پێمباشە لەنێوان ئێوەدا (ھاوڕێیان تاھیر و زاھیر) قسەیەك بكەم، كە من جیاوازی لەنێوان قسەكانی ئێودا نابینم، تەنیا جیاوازی لە ناونان و بەكاربردنی واژەكاندا نەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار تەنیا ئەوانە بێت كە لەم ساتەدا لەسەركارن، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ زاھیر دروستە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار ھەموو مرۆڤێكی كرێگرتە بێت، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ تاھیر دروستە. باشە ئەو ٩٩% خەڵكەی ھاوڕێ زاھیر و ٩٩% كرێكارەی ھاوڕێ تاھیر، ھەر ھەمان چینی ژێردەستی سەروەری چینایەتی (دەسەڵاتی ڕامیاریی) سەرمایەداران + ڕامیاران و كرێگرتەی (دەسەڵاتی مشەخۆرانەی ئابووریی) دەوڵەت + كۆمپانییەكان نین؟ ئەگەر وەڵامتان بەم پرسیارە، ئەرێیە، ئەوا من ناوی سێیەم بە دروستر دەزانم، كە (پرۆلیتاریا)یە، چونكە “كرێكار” تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە، كە پێناسەیەكی دیاڕێكراویان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەیە و لە زمانی كوردیدا تەنیا بە كرێكارانی تەلارسازی دەوترێت و لە سایەی سەدام و پۆستسەدامییەكاندا خەڕێكە ئەم ناوەش لەنێودەچێت، “خەڵك”یش چەمكێكە بۆ سڕینەوەی شوناسی چینایەتی و ھەروەھا واژەیەكی فارسییە بە واتای گەل و ھاوكاتیش لە كوردەواریدا بە ترشاوی و بە كوڵاوی بەكاردبرێت و تەنانەت بۆ كەسێك، كە لێی بپرسیت “لە كوێ لەدایكبوویت ؟” دەڵێن “خەڵكی كوێیت ؟”. بۆیە من واژەی پڕۆلیتاریا [ھەرچەندە ئەم واژەیە لەلایەن پارتە كۆمونیستە دەوڵەتخواز و دیكتاتۆرەكانەوە شێوێنرا و تەنانەت سووك و ناشیرینیش كرا] بە دروستر دەزانم. چونكە وەك پێشتر وتم لە یۆنانی كۆندا بە ھەموو ئەو كەسانە وتراوە، كە بێدەسەڵات و بێموڵك بوون، ئەگەر ئەمڕۆش سەرنج بدەین لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەموو چین و توێژە ناسەروەر و بێسەرمایە و بێمولك و كرێگرتەكان لەو چەمكەدا جێگەیان دەبێتەوە. بەبۆچوونی من ھەردوكتان لە (٩٩%ی كرێكار و خەڵك)دا مەبەستتان ھەر پڕۆلیتاریایە و لەسەر ئەوەش كۆكن، كە ھەم خەڵك و ھەم ٩٩% لەدەست ستەمی سەرمایەداری دەنگیانھەڵبرێوە و سەركوت و نادادوەریی بەربینی پێگرتوون.
زاهیر باهیر :
هاوڕێ تاهیر دووبارە سەڵاو ، سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەڕای من ئەناركستەكان و ماركسییەكان لەسەر هەمان لە دوو بواردا ناكۆكن بەیەكتری كە یەكەمیان دروستكردنی دەوڵەتی قەومییە. لێردا ماركسییەكان بەرنامەی لانی كەمیان یالانی خوارویان هەیە، كە بەندێكی بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ لابەلابوونەوەی كێشەی قەومیدان و بەشێكی زۆری خەباتی خۆیان بۆ دروستبوونی ئەو دەولەتە بەسەردەبەن ئەوە یەكێكە لە موهیمەكانی ئەوان، هەر بۆیەش بینیمان پارتە بەلشەفییەكانی كۆن و نوێ و ئەمانەی ئێستاتاش وەكو حكك و كۆمۆنیستەكان ئەوەندەی بایاخ بەو مەسەلەیە دەدەن ، ئەوەندە گرنگی بە كێشە چینایەتییەكە نادەن. هەڵبەتە بۆ ئەمەش هەر هەمویان لە كۆن و نۆێدا پاساوێان ئەوە بووەو ئەوەیە كە ئەمە پێشینەی یا بەرایی درووستكردنی دەوڵەتی سۆشیالیستییە، بە وشەیەكی تر لای ئەمان دەوڵەتی سۆشیالیستی دروستبوونی مەحاڵە هەتا كێشەی قەومی بمێنێت. دیارە بۆ ئەمەش لە كۆنیشداو لە ئیستاشدا پەنایان بۆ مەسەلەی ئیرلەندەو پۆڵۆنیاكەی ماركس و ئەو سەردەمە بردووە. باشە ئەو كاتە لە زەمینەی واقیعدا ئەزمونێك نەبووە كە گەر ئەو دەوڵەتانەش دروست بێت هیچێك لە مەسەلەی كرێكاران ناگۆڕێت. بەڵام لە ئێستادا بە دەیەها نموونە لەو بوارەدا دەبینین كەچی لە بری ئەوەی كێشەی سۆشیالیستی بەرەو پێشەوە بەرێت، بەرەو دواوەی بردووە و بارو دۆخەكەشی بە شێوەیەك گرانكردوە، بۆ نموونە زیادكردنی گیانی ڕەیسیزم و فاشسێزم لەناو قەومە ڕزگار بووەكاندا، بووەتە بەربەستێكی تر. هەر تەماشای واقیعی كوردستانی ژێر دەوڵەتی كوردی و سەدەی پێشوی بكەن . گەرچی لە ٦١ وە ئەو بزوتنەوە كۆنە پەرستەی كوردی دروستبوو و جەنگێكی خوێناویش هاتە كایەوە كەچی هەڵوێستی كورد بەرامبەر بە عەرەب ، توركمان زۆر باشترو مرۆڤانە تر بوو تاكو ئێستای كورد لەژێر حكومەتی هەرێمدا. تەماشای فەلەستینییەكان بكەن، ئەلبانییەكانو سەرجەمی وڵاتانی بۆلقان و ڕوسیای هەڵوەشاوە ببینین، بزانن لە سای دەوڵەتی نەتەوییاندا ڕایسیزم و فاشیسزم چەند بەهێز بووە . كەواتە، هاوڕێی من، دەبێت تەماشای واقیع بكەین نەك بڕگەو تیوری نێو كتێبەكانی هەر هەمویان ، هەتا بە ئەناركستە ناسراوە كانیشەوە. پمێـوایە ئەوەندەمان ئەزموون لەبەردەمدایە كە دەتوانرێت لەو بوارەدا دەرسی لێوەرگیرێت و هەنگاوێك كێشەی سۆشیالیزم، كۆمۆنیزم ( بۆ زانیاریت ئەم دووانە لای من هەر یەكێكن) بەرێتە پێشەوە، ئیدی بۆچی دەبێت سەدەیەكی تر بەزایە بدەین دوای ئەوە دەست بدینە خەباتی چینایەتی؟ ئەمە وەخت كوشتنەو بەسوودی سیستەمی مەوجود كۆتایی دێت.
هەرچی ئەناركستەكان هەیە، ڕەدی هەموو جووداخوازییەك، هەڵاواردییەك، چەوساندنەوەیەك ، باڵادەستییەك، پاشكۆیی بوونێك، تەقدیس كردنێك ، دەسەڵاتێك دەوەستنەوە،. هەر بەو چەشنەش لەگەڵ زوڵم و زۆری نەتەوەییدا نین دژی ئەوەش خەبات دەكەن، بەڵام دیسان نەبەرنامەیەك بۆ نەتەوەی ژێردەست دادەنێن تاكو حكومەتیان هەبێت و نە لە شانی قەومییەكانیشەوە خەبات دەكەن بۆ دروستكردنی دەوڵەتی قەومی، گەرچی ئەمان دۆستی ڕاستەقینەی ئازادین و بەمانای وشەە ئازادیخوازن، كە دەیانەوێت خەڵكی خۆی دەبێت ئازاد بێت لە بڕیارو كردەوەكانیاندا.
خاڵی دووهەم هەر لە دەوڵەتدا كە ئەم دوو تەیارە لە یەكدی جیان، ئەوەیە: هەرچی ماركسییەكانن ئەوەندە دژی دەوڵەتن كە پێی دەوترێت دەوڵەتی بورجوازی، فاشی ، دیكتاتۆری ، دینی، لیبراڵ، شاهی، كۆماری. بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی سۆشیالیستی چینی كرێكاراندان وەكو هەمووشمان دەزانیین بەپردی پەڕینەوەی دەزانن بۆ قۆناغی كۆمۆنیزم. بەڵام هەرچی ئەناركستەكانە دژی هەموو جۆرە دەوڵەتێكن بە دەوڵەتی كرێكاریشەوە، هاوڕی ، ئەوەی كە تۆ وتووتە كە دەوڵەت ئامرازی چینایەتییە ، هەر ئەوە وا لە ئەناركستەكان دەكات كە دژی دەوڵەت بن ، هەتا دەوڵەتی كرێكاریش، چونكە وەكو پێشتر وتم ئەوان دژی دەسەڵات و باڵادەستین ، جا گەر هەتا ئەوە دەوڵەتی كرێكای بێت، دەسەڵات بەسەركێدا؟ واتە باڵادەستن، لەبەر ئەوە ئەركی ئەناركستەكانە كە نەك هەر ڕەتی بكەنەوە بەڵكو دژایەتیشی بكەن.
من بۆیە پێشتر پەیگیریم لەسەر ئەوە دەكرد كە كرێكاران بە مانای خۆدی وشەكە هێزی كارو زهنیان دەفرۆشن و دروستكەری زێدەبایین، واقیعەن كەمایەتییەكی كەمیشن، جا كە تۆ بتەوێت حوكمێك لەژێر هەر ناوێكدا بۆ ئەو كەمایەتییە بەسە زۆرینەكەدا دامەزرێنێت ، ئەو كەمایەتییە چۆن كۆنترۆڵی ئەم زۆرینە دەكات گەر بەبەكارهێنانی توندووتیژی و كوشتن و بڕین نەبێت؟!. دوای ئەوە هاوڕێم تۆ دەڵێیت شۆڕشی پڕۆلیتاریا لە جیهاندا ڕوونادات بۆیە یەكەمجار لە دەوڵەتێكدا دەردەكەوێت ( دیارە منیش گەر لە دیدی تۆوە بیبینم هەر وای بۆ دەچم) پرسیار دەكەیت لەو حاڵەتەدا چۆن دەتوانێت خۆی بگرێیت لەبەردەم هێڕشی سەرمایەداران و وڵاتانی سەرمایەداریدا؟ منیش لەگەڵتام وەڵامەكەش لای من ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتە سۆشیالیستییە دەبێت نمونەیەكی زیندوی تر بێت لە هەموو ئەم دەوڵەتانەی ئەم سەرزەمینە بە هەموو ئامرازوو ئەجهیزەكانیانەوە كە هەیانە. پرسیاری منیش بۆتۆ لێرەدا چی دەكەیت یەكەم ؟ دووهەم تۆ كە دەگەیت بە سٶشیالیست ، لە ڕێگەی پارتێكی بەلشەفی یا باشتریش لەوەی لینین بۆ ئەم مەبەستە دروست دەكەیت، چۆن زەمانەتی ئەوە دەكەیت كە ئەو پارتە بەدەردی هەموو پارتە بەلشەفییەكان ناچێت، لە هیراشییەتی ڕێكخستنیاندا، لە مامەڵەی ئەندامان دۆستانیاندا، لە نەكەوتنە زۆنگاوی گەندەڵییەوە، لەوەی كە نەبێتە دەسگەیەكی بیرۆكراتی سرف…….؟ دوای ئەمانە دیسانەوە چۆن دەتوانیت دەستەبەری مانەوەی ئەو دەوڵەتە بە سۆشیالیستی بكەیت و نەگەڕیتەوە یا تێنەشكێت و پارت جێگای چینی كرێكاران نەگرێتەوە، بە كورتی چۆن بە دەردی پارتە بەلشەفییەكان ناچێت؟!!!ئەناركستەكان چۆن چارەی ئەوە دەكەن؟ بە كورتی: ئەمان كە باوەڕیان بە گەڕانەوەی بڕیارەكان و دەسەڵاتەكان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ناو خوودی خەڵك ، خەڵكی خۆی بە هەرەوەزی دەنگی لەسەر بدات و كاری لەسەر بكات، بەمەش یانی سەندنەوەی دەسەڵات لە ئیدارە گەندەڵە بیرۆكراتەەكانی دەوڵەت و شارەوانییەكان. خەڵكی لە كۆمۆنێتییەكەدا دەژی و تەواوی ئازادی خۆی و هێزی داهێنانی خۆیان و توانای خۆیان بەكار دەهێننن بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەمی كارو كێشەكانیان لەناو خۆدا. پارە دەوری نامێنێت هەر بۆیەش پێداویستییەكانی ژیان بەهایان لە كاڵاوە دەگۆڕێت بۆ پێداویستی و بەكارهێنان ، هەموو شت بەلاش و بێ پارە دەبێت. دیارە لەم حاڵەتەدا ئەم كۆمەڵگەیەش ، ئەم كۆمۆنێتییەش دەكەوێتە بەر فشاری ئابوری، سیاسی ، كۆمەڵایەتی ڕەنگە هێڕشی سەربازێش، هەر وەكو دەوڵەتە كرێكارییەكە. بەڵام تەنها مەترسی عەمەلی لە كاتێكدا لە سای دەوڵەتی كرێكاری و سٶسیالیستیدا هەر هەموویەتی، بەڵام لە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی ناناوەندگەرایی و بی هەبوونی دەسەڵاتدا، تەنها خەتەری هێڕشی سەربازییە ، ئەگینا ئەم كۆمەڵگەیە ئیكتیفای زاتی تەواوی خۆی هەیەو با لە ئاستێكی سەرەتایشدا بێت ، مەترسی نە ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی نییە. جا هاوڕێم تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت و بزانە كامیان عەمەلی ترەو بێ مەسەرف ترەو بێ مەترسی دارترە.
دوا وشەم لێرەدا ئەوەیە كە دووبارەی دەكەمەوە ئەوەی كە ماركسییەكان دەیڵێن و دەیانەوێت بیكەن ، واتە دروستكردنی دەوڵەتی كرێكاری، سۆشیالیستی ، لە هەقەتدا چانسی سفری هەیە، چونكە لە زەمینەی واقیعدا دووبارەو دەبارە كراوەتەوە لەبری خێرو خۆشی بۆ كۆمەلگەكە كارەساتی بۆیان هێناوە، لەبری ئەوەشی بەرەو سۆشیالیزم نزیكمان بكاتەوەو بمانبات ، بگرە گەورە ترین كۆسپی دروسكردوەو زۆر دووری خستوینەتەوە لەو ئامانجە. بەڵام كۆمەڵگەی ئەناركیسزم-سۆشیالیزم بەلانی كەمەوە چانسی لەسەدا ٥٠ مان هەیە چونكە هێشتا بە شێوەیەكی فراوان ئەوە بەڕێوە نەچووە ، واتە لە زەمینەی واقیعدا هێستا فەشەلی نەهێناوە چونكە بەو بەربەرینییە تاقی نەكراوەتەوە. دەبا هاوڕێیان چانسێكی بدرێتێ خۆ زەرەر ناكەین گەر قازانج نەكەین!
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
گهڕان به دوای کۆمهڵگهی داهاتوودا
دانییل گرین
و. له عهرهبییهوه: سهلام عارف
(٩) شارهوانییهکان (كۆمونەكان)**
(پرۆدۆن) له بهشی یهکهمی کاری (ڕامیاری- تیۆری) خۆیدا، ههرچییهك ڕامیاریی بووبێت، ئهو لێی بهگومان بووه و توخنی نهکهوتووه، ئهوهی ئهو گرنگیی پێدهدا، ڕێکخستنی ئابووریی بوو، تهبانهبوونیشی لەتەك بهڕێوهبردنی ههرێمیدا، لهوێوه سهرچاوهیگرتبوو، بهڵام له ساڵهکانی کۆتایی ژیانیدا، دهستیکرد به گرنگییدان به گیروگرفتی ڕامیاری، ئهوهش زیاتر له ئازادیخوازیی نزیکی خستهوه، واته ڕێكخستنی له خوارهوه بۆ سهرهوه [ناقوچكەیی/ لاھرمی/ ناھیرارشی]، مرۆڤهکان له نێوان خۆیاندا لهسهر ئاستی ناوچهیی “ھەرەوەزییهکی سروشتی پێکدههێنن” واته پێکهێنانی شار، یان ڕێکخستنی ڕامیاریی، که له جموجۆڵیاندا، یهکێتی وسهربهخۆیی ژیان خۆی دهنوێنێت و دهسهلمێنێت “دهشێت کۆمهکی له یهکچووی دوور له یهکتر، که چهند بهرژهوهندییهکی هاوبهشیان ببێت، ئێمه دهیهێنینه پێشچاومان، که ئهوانه لەنێو خۆیاندا ڕێكدهکهون و هاوبهشیی پراکتیزهدهکهن و دڵنیاییهك سهقامگیردهکهن و کۆمهکی بهرزتری لێدهکهوێتهوه”.
(پرۆدۆن) به وردییهکی ڕێژهیی شارهوانی [كۆمون] دیاریدهکات، که نێوهڕۆکهکهی بوونەوەری سهروهر (کائن سید)ه، واته بهو پێوانهیه مافی ئهوهی ههیه “خۆفەرمانڕەوایی بکات، بەخۆی کاروبارهکانی خۆی بهڕێوەببات، باجهکان بسهنێت و موڵک و داهاتی خۆی بەكاربەریت، فێرگەکان دروستبکات و مامۆستاکانیشی بۆ دابمهزێرێت …. تد ” ئا ئهوهیه، که من ناوی به شارهوانی کۆمهکیی ڕامیاریی ناویدەبەم (..) ئهویش، ههموو کۆسپهکان دهخوڵقێنێت و له سنووری خۆی زیاتر، هیچ سنوورێکی دیكە ناناسێتهوه، ههموو کارێکی نابهجێێی دهرهوەی ئهو سنووره، به بکوژ دهزانێت.
له بابهتهکانی پێشتردا بینیمان، که (پرۆدۆن) بۆچوونی ئاوایه، که خۆبهڕێوهبردن و دهوڵهتی سهپێنراو پێکهوه ناگونجێن، (پرۆدۆن) ههر بهو چهشنهش دهڕوانێته، پێکهوهنهژیانی شارهوانی لەتەك دهوڵهتی بهنێوهندیکراوی له سهرهوه بۆ خوارهوه [قوچكەیی/ ھرمی/ ھیرارشی]، لهو بوارهدا، هیچ چارهیهکی نێوەنجیش نییه، یا ئهوهتا دهبێت شارهوانی سهروهربێت، یان ببێته لقێکی پاشکۆ، بهو پێوانهیه، یا ههموو شتێکه، یان هیچ نییه، ههرچییهك ههیه به ههموو چهشنێك بیدهن به (شارهوانی)، لهوه زیاتر چارێك نییه، که دهبێت له سنووری خۆیدا بمێنێتهوه، گهر بیهوێت نهمێنێتهوه، دهبێت ئهو یاسایانه پهسهندبکات که کۆمهکی گهوره (…) لهسهرهوه بڕیاریداون، لهو بارهدا ڕۆژێك له تەكیدا دهکهوێته دژایهتییهوه و ململانێ دهستپێدهکات، ئهو کاتهش لۆجیك و هێز دهیانهوێت دهسهڵاتی نێوهندی سهربکهوێت و دیالۆگی پلهی سهرهوه و پاشکۆش بڤه و نا ماقوڵییه .
کاتێك (باکۆنین) دێته نێو باسی ئهو پرسهوهوه، شارهوانی [كۆمون] له کۆمهڵگهی داهاتوودا دهبینێت، ئهو لهچاو (پرۆدۆن)دا لۆجیكیتر بووه، پێویسته هاوبهشییه کرێکارییهکان به ئازادی هاوپهیمان بن، له چوارچێوهی شارهوانییهکانی ناوچهکاندا، دهبێت (فیدرالی)ی بن “ساڵههای ساڵه دهوڵهت کار و ژیانی وهستاندوه و ههڵیاندهلوشێت، دوای ڕوخاندنی دهوڵهت کار و ژیان دهگهڕێنهوه بۆ شارهوانییهکان، لهو “بارهدا پرسیار ئهوهیه، دەبێت شارهوانییهکان پهیوهندییان لەتەك سهندیکالیزمی کرێکاری چۆنبێت؟ ” بارودۆخی ناوچهی (کورتولاری Coutelary) ڕاستهوخۆ وهڵامی ئهو پرسیاره دەداتهوه و دەڵێت دەبێت فیدرالی بێت له چهشنی (الجوراسیة) ***. ساڵی ١٨٨٠ وهڵامهکه بهو جۆره بوو ” ئامێری ژیانی ئهو ناوچهیه، فیدرالی پێكھاتە پیشهییهکان بووه، ههر ئهو فیدرالیهشه، که دهبێته شارهوانی داهاتوو” ههندێك ڕاڕایی بهو کهسانهوه دیاره، که ئهو داڕشتنهیان ئهنجامداوه، ئهوان ئهو پرسیارهش دهکهن “ئایا ڕێکهوتنی شارهوانی ئهوه لهخۆدهگرێت، که ئهنجومهنی گشتی له ههموو دانیشتووان پێكدێت، یان ههر له ههندێك نوێنهرانی پێكھاتە پیشهییهکان پێكدێت (…) ؟ دواتر دهگهنه ئهو ئهنجامه، دهتوانرێت ئهوه بهێنرێته پێشچاو، که دهتوانرێت ئهو دوو جۆره (پراکییزه) بکرێن، بهڵام لهو بارهدا لەپێشبوون بۆ شارهوانییه، یان بۆ سهندیکا؟ لهسهر ئهو دوو پرسه، له ڕوسیا و ئیسپانیا جیاوازی و جیابوونهوه ڕوویدا، لهلایهك (کۆمونیسته ئازادیخوازهکان/ ئەناركۆكۆمونیستەكان) لهلاکهی ترهوه (ئازادیخوازه سهندیکالیزمهکان/ ئەناركۆسەندیكالیستەكان)
بهتێڕوانینی (باکۆنین) شارهوانی ئامرازێکه، بۆ بهخاوهنبوونی ئامرازهکانی بهرههمهێنان و بهکارهێنانیان له خزمهتی خۆبهڕێوهبردندا، هیچی دیكە نییه، كە بتوانێت جێگهی ئهو شارهوانیه بگرێتهوه، بهتایبهتی له قۆناخی یهکهمی ڕێکخستنی کۆمهڵایهتییدا، شارهوانی له ڕیزی پێشهوه دهبێت، بۆ قهربووکردنهوهی ههموو ئهو کهرهسه و کهلوپهلانه، که دهستگیراوه بهسهریاندا. (باکۆنین) بهوردی باسی ڕێکخستنی نێوهوهی شارهوانی دهکات، که ئهنجومهنێك بهڕێوەیدهیبات ، که له نوێنهره ههلبژێراوهکان پێکهاتوه، دهتوانرێت ههموو ساتێك ئهرکهکانیان لێبسهنرێنهوه و ئهنجومهنهکهشیان ههڵبوهشێنرێتهوه، واته ئهوانه وهها نابن، که ئیدی نهگۆڕدێن، ئهو ئهنجومهنه بۆ بواره جیاوازهکان، لیژنه جێبهجێکارهکان دیاریدهکات، باشییهکانی دابهشکردنی ئهو بهرپرسیاریانه، ئهوهیه، که زۆرتریین کهسانی خوارهوه له بهڕێوهبردندا بهشداریدهکهن، بێجگه لهوەش، که ئهو جۆری دابهشکردنه دهبێته کۆسپ لهبهردهمی سیستمی نوێنهرایهتی و جێگهگرتنهوهدا، که لهو سیستهمهدا، ژمارهیهکی زۆر کهم ههموو ئهرکهکانیان به دهستهوەن و ڕۆڵی خهڵکیش پهڕاوێزکراوه.
(باکۆنین) بهشێوهیهکی غهریزهیی لهوه تێگهیشت، که دەبێت ئهو کۆڕه ههڵبژێراوانه، یاساکاربن یان جێبهجێکار (کرێکاریی)بن و(دیموکراتی ناپهرلهمان/ دێمۆكراتی ڕاستوخۆ)ی بن. ھەروەك، که (لینین) سات نا ساتێك بهلای ئازادیخوازیدا لایداوه، ساتێك لهو ساتانه ئهوه بووه، که باسی ناوچهی (کورتولای) دههێنێته گۆڕێ و دهڵێت ” لهبهرئهوهی وێڵنهبین و به دهست بهڕێوهبردنه بیرۆکراتییهکانهوه، تووشی شڵهژان نهبین، ئێمه بڕوامانوایه، که نابێت تهنها یهك بهڕێوهبهرایهتی بهرژهوهندییه گشتییهکان بهڕێوهببات، بهڵکو دەبێت چهند لیژنهیهکی (لقی پیشهیی) (…)بهڕێوهیانببهن، تهنها ئهو جۆری بهڕێوهبردنهش دهتوانێت له سیفهتی بهڕێوهبردنی حوکمهتی بمانپارێزێت.
پسپۆڕیی تهکنیکی، تێگهیشتنێکی بهفهڕه، بۆ خۆلادان له (پهڕلهمانبازی شارهوانیی)، (کرۆپۆتکین) له خستنەڕووی ڕهخنهگرتنیدا له کۆمۆنهی پاریس١٨٧١، سهرزهنشتی گهل دهکات، که ” دهستبهرداری بیروباوهڕهکانی خۆی بووه و ئهو بیروباوهڕانهی داونەته دهست، چهند کهسێکی دیكە، ئهو جۆره کهسانهش، کهم تا زۆر بهڕێکهوت ههڵبژێراون، ئهوهش پراکتیزهکردنی جۆری پهرلهمانخوازییه، ههروهها دهربارهی ئهوه به داخهوهیه، که ههندێك ڕیفۆرمخواز ههوڵی ئهوه دهدهن، که حکومهتی (جیگرتنهوه) ههر بمێنێتهوه”. به بۆچوونی (کرۆپۆتکین) ئهو سیستمی نوێنهرایهتییه، هێندهی لێخوراوه و لێخوراوهتهوه، هیچ سودێکی نهماوه. ئهو سیستمه ڕۆڵی دهستبهسهراگرتنی بۆرجوازی دهبینێت و دهسهلمێنێت، دەبێت به نهمانی بۆرجوازی، ئهویش نهمێنێت . ” دەبێت ئێمه له قۆناخی ئابووریی نوێدا به دوای ڕێکخستنێکی ڕامیاریی نوێدا بگهڕێین، ئێمه به باشی سهرهتای ئهو ئابوورییه نوێیه دهبینین، لهبهرئهوه دەبێت ئهو ڕێکخستنه ڕامیارییه نوێیهش، بەتهواوی له جۆری نوێنهرایهتیی، جیاواز بێت”. دەبێت گهل شێوهیهکی تایبهتی گەلییانەتر بدۆزێتهوه، كە تهواو لهوه جیاوازبێت، که حکومهت دابینیدهکات، دەبێت گهل خۆی فەرمانڕەوای خۆی بێت، واته خۆی به خۆی فەرمانڕەوایی خۆی بکات، ئەگهر ئهو دیموکراتییه ڕاستهوخۆیه زیاتر وزهی بدرێتێ، تا ئهگاته ئهو شوێنه، که پێویسته بیگاتێ، جا چ لهسهر ئاستی خۆبهڕێوهبردنی ئابووریی بێت، یان لهسهر ئاستی بهڕێوهبردنی ههرێمیی بێت، دەبێته هۆی ڕاماڵینی پاشماوهکانی دهسهڵات (دهسهڵاتسهپاندن). له واقعدا پێویسته لهسهر ھەر سۆسیالیستێك، چ سۆسیالیستێکی ئۆتۆریتگەرا autoritaire بێت، یان ئازادیخوازLibertaire، کار بۆ ئهو مهبهسته بکات، بهڵام بهو مهرجەی، که خەبابەتەكی بۆ گهیشتن بێت به قۆناخێکی پێشکهوتووی کۆمهڵایهتی، که تیایدا کرێکار ببێته خاوهنی هۆشمهندی و زانست، ئهو هۆشمهندی و زانستهش تهریببێت بهوهی، که فرهیی (الوفرة) جێگهی نهبوونی (العوز carance) گرتبێتهوه، زۆر پێش (لینین)، (کرۆپۆتکین) ساڵی ١٨٨٠ دهربارهی ناوچهی (کوتورالی) وتوویهتی ” له کۆمهڵگهیهکدا، که زانستیانه ڕێکخراوبێت، پەیڕەوكردن و بەكاربردنی ئهو دیموکراتییه [دێمۆكراتی نوێنەرایەتی]، که زادهی دهنگدانی گشتییه، هیچ گرنگییهکی نامێنێت”.
******************
پهڕاوێز
*پهڕتووکی – من العقیدة الی الممارسة – دانییل غیرین
**بابهتی (٩)ی بهشی دووهمی پهڕتوکی ناوبراو
***الجورا Jura ناوچهیهکی شاخاوییه، له نێوان فهرهنسا و ئیتالیا و سویسرادا، فیدرالی جۆراسی لقێکی ئینتهرناسیۆنالیزمی یهکهم بوو، له سویسرای (الروماندیة) پهیڕهوی بییرکردنهوهکانی (باکۆنین)ی دهکرد-و-ع
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی چوارەم
هەژێن:
ھاوڕێ زاھیر، تێبینییەكەت لەبارەی سەرنجەكەی منەوە لەسەر چینی كرێكار لەبیرچووە ؟….ھاوڕێ تاھیر، منیش لەسەر ھاوبەشیی ئەناركییەكان و ماركسیستەكان لە دژایەتیكردنی سەرمایەداریدا ھاوبۆچوونی ئێوەم. بەڵام مادامەكی ئێوە شكستەكانی بیرۆكەی دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا بەھەند وەرناگرن و خوازیاری چەندبارەكردنەوەیانن، با لە جێیەكی دیكەوە بۆ پرسە بڕۆین؛ وەك دەزانین لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا بەگشتی و لە كوردستانەكەی خۆشماندا، ناوچە و گوند ھەبوون، كە بەبێ بەگ و دەسەڵات، لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتیی ساڵانێكی دوورودرێژ ژیاون و كۆمونەكان بە درێژایی مێژوو لە زۆڕێك لە كۆمەڵگەكاندا ھەبوون و من لەو بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكی [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] ڕادەكێشم و ھیوادارم پەیدای بكەن و ئەگەر بۆشتان بكرێت، بیكەنە كوردی. ھەروەھا لە بەرامبەردا وەك لە سەرنجی پێشووتردا وتم، لە (ڕوسیا)وە بۆ چین و بۆ ئەمەڕێكای لاتین و بۆ ئەوروپا و بۆ ئەفەڕێكا، بینەری تراجیدیای دەوڵەتی كۆمونیستی و دیكتاتۆری پارت بەناوی پڕۆلیتاریاوە بووین و دیتمان كە چۆن بۆچوونەكانی باكونین دەقاودەق دەرچوون و نەك ھەر دەوڵەت بەرەو لاوازی و پووكانەوەی خۆبەخۆیی نەچوو، بەڵكو بەپێی سروشت و پێداویستی بوونی و میكانیزمەكانی پاراستنی خۆی، ڕووی دیكتاتۆرییەكانی پێش و پاش خۆی سپی كردەوە !
ئایا بەبۆچوونی ئێوە ئامادەكاریی توێژەكانی پرۆلیتاریا لە خەباتی ڕۆژانەدا و لەسەر بنەمای ڕێكخستنی سەربەخۆ و خەباتی ڕاستەخۆی چینایەتی و پەروەردەی كولتووری سۆشیالیستیی چەوساوان بۆ گرتنەدەستی كاروبارەكانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیاندا خەیالپڵاوی و ئەستەمە، یا دروستكردنی دەوڵەتێك بە دەزگەی بیروكراتی و سیخوریی و میلیتێری و توێژی ئوروستۆكراسی فەرمانڕەواوە و دواجار توانەوەی پەشمەكیانەی وەھا دەزگەیەك خۆبەخۆ و خۆبەخشانە، تكایە وەڵام كامیان ئەستەم و خەیاڵپڵاوییە؟
ئەگەر بەدیھاتنی كۆمەڵگە ھەرەوەزییە ئازادە پرۆلیتیرییەكان لە پرۆسێسێكی ھوشیاربوونەوە و خۆڕێكخستنی چەوساواندا دەیان ساڵ خەباتی خەباتی جەماوەریی و ھونەری و كولتووری و ڕۆشنگەریی وەك پیشمەرجەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بخایێنێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەی كە لە شەوڕۆژێكدا بە پیلان و كودەتای سەربازی و پارتیی دێتەسەر تەخت، ئەگەر سەدەیەك خەبات بۆ ڕووخاندنەوەی پێویست نەبێت، بێگومان ٧٠ ساڵ مەرگەسات و لەخوێنگەوزانی پێویست دەبێت!
ھاوڕێیان، ئەوەی من دەیڵێم لە حەز و گۆشەگیریی و ھەوڵی تیئۆری (باكونین و ڕۆكەر)ەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو بەرەنجامی ئەزموونی زیاتر لە (١٨٠) ساڵی مرۆڤایەتی ھەیە، بەداخەوە ئەزموونێك كە پرۆلیتێرەكانی لە تاكی شۆڕشگێرەوە گۆڕی بۆ تاكی نادەربەست و نائومێد و تەنانەت ئەگەر سەرنجی ڕەوتی نیئۆنازیستی و فاشیستی و ڕاسیستی وڵاتانی بەناو بلۆكی سۆشیالیستی جاران بدەین، ئەوا دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەكان، تەنیا نیئۆنازیزمیان بەرھەمھێناوە، ئەمە سەرەنجامێكی خەمناكە، بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین. ئەمە ئەنجامگیری منە و ئەزموونەكان و مێژووی ڕەوتی دەسەڵاتخوازی نێو بزاڤی سۆشیالیستی لە سەردەمی ئینتەرناسینالی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ، دیسان بەداخەوە تەنیا ئەم ڕاستیانەمان دەخەنە بەردەست.
ھاوڕێ فوئاد، بەداخەوە پێداگریت لەسەر سكتاریستبوونی ئەناركییەكان لە ئینتەرناسیونالی یەكەمدا، تەنانەت نووسینەكانی (ماركس و ئینگلس)یش ناتوانن پشتیوانی لێبكەن، چونكە نووسین و شەڕە قسەكانی ئەو كاتی نێوان ئەو دوو باڵەی نیونەتەەیی یەكەم، پێچەوانەی پێداگرییەكەی تۆن. ھەروەھا بۆ من گرنگ نییە، كێ ڕاستی وتووە و كێ ڕاستدەكات؟ لای من ئەوەی گرنگە، ئایا سۆشیالیزم لە دەوڵەتدا دەگونجێت یا نا؟ پڕۆلیتاریا دەتوانێت دیكتاتۆر بێت یا نا؟ ئەو دەوڵەت و دیكتاتۆریەی كە كۆمونیستە ماركسیستەكان پێداگری لەسەر دەكەن؛ دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریان یا ھی پارتە كۆمونیستەكان؟ ئەی ئەزموونەكانی سەدەی بیستەم لەم بارەوە چیمان بۆ دەخەنەڕوو؟
زاهیر باهیر:
هاوڕی تاهیرجاڕیکی تریش سوپاس بۆ هاتنە ناو جەدەلەکەوە. من لێرەدا تەنها دوو شت دەڵێم یەکەم لەبەر ئەوەی لە سەرنجدانی کۆمێنتەکەی کاک فوئاددا شتێکم وتوە ڕەنگە تا ڕادەیەک شمولی سەرنجەکەی تۆش بکات. دووهەمیش هاوڕێی خەمی نان و….هەندێک شتی وتوە کە من دەم ویست بیڵێم، ماڵی ئاوا بێت ، ئەرکی لەسەر من کەم کردەوە. بەهەرحاڵ خاڵی یەکەمم منیش تا ڕادەیەک ، دەڵێم تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕاکەی مارکس دام سەبارەت بەپێناسەکەی مارکس بۆ پڕۆلیتاریا، بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاوە، چونکە ڕاستە ژمارەی پڕۆلیتاریا گەر هی زەوی و زەرەکان و بیناسازی و دەستغێڕەکان و خەڵکانێکی مووچە کەم یان بدیتە پاڵ ، زیادی کردوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا سیستەم سەردەم بە تایبەت لە وڵاتانی ئابووری گەشيکردوودا ژمارەیەکی یەکجار لە چینی ناوەڕاستیشی دروست کردوە. کە من ناتوانم بە پڕۆلیتاریان ناونووس بکەم.، گەرچی بەرژەوەندیان وەکو سەرجەمی هەموومان لە مەحف بوونەوەی ئەم سیستەمەدایە، بەڵام ئەوان بە عەمەلی لەمڕۆدا بەرگری لە مانەوەی دەکەن. دوای ئەوە هاوڕێم تۆو کاک فوئاد لە ناکۆکیدان لەگەڵ خۆتاندا چونکە لە کاتێکدا کە قەناتتان بەوە هەیە کە زۆربەی خەڵک پڕۆلیتاریایە کەچی لەولاوە بزوتنەوەکە بە بزوتنەوەی خەلك نازانن ، بەڵکو تا ئێستاش هەر پڕۆلیتاری بە پێشڕەوو بوتنەوەکەی بە دینەمۆی گۆڕینی مێژوو دەزانن. بەڵام لای من وەکە لە سەرنجی یەکەممدا لەسەر سەرنجەکەی کاک فوئاد نوسیم بزوتنەوە بزوتنەوەی خەڵکە نەک بە تەنها کرێکاران، هەر ئەمەش خاڵێکی جیای ئێستاو سەردەم مارکسە و خەسڵيتێکی تایبەتی خەباتی ئێستایە، بەڕەغمی ئەوش کە وتم لەسەرەوە ئێستاش پرۆلیتاریا کەمایەتین لە کۆمەڵگەدا، بۆ نمەەنە لە بریتانیادا ژمارەی خانەنشین بووان نزیکەی دە ملۆێنە، منداڵان نزیکەی ٧ ملۆێنە، ٣.٥ کەمئەندامان هەیە زیاتر ٥ مللۆێن ئافرەتیش هەن کە کار ناکەن، چەند ملۆێنێکیش قوتابی زانکۆکان و پیمانگاکان و خوێندنی باڵان، کە هەر هەموو یەم توێژاڵانە ئەمڕۆ لە بریتانیای مندا لە کرێکاران شۆڕشگێڕ ترن و هەمیشەش ئەوانن کە لە پرۆتێست و خۆپیشاندانەکان و کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدا بەشذارن. ڵیرەدا تەنها ئەو کرێکارانە بەشداری دەکەن کە سۆشێلیستن، ئەنارکستن یا چەپی ڕادیکالن.
دووهەمیان : دەبێت ئەوە بڵێم ئەوە تەنها کۆپلەیەکە لە چەندەها وتاری باکۆنیین لەسەر دەوڵەت ، نە شتێکی تر، منیش لەسەر ئەو کۆپلەیە هەمان ڕای تۆم هەیە، کە باکۆنیین تەنها هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت دەخاتە پێشچاو نەچارە سەرەکەی لە هەڵوەشاندنەویدا. ئەنرکستەکن ڕوانگەیان دیارو ڕۆشنە لە خەباتکردن دژی دەسەڵات ، کە دەوڵەت بەشی سەرەکییەتی دیسانەوە کە چۆن رزگاریشمان دەبێت لە دەستی. من لێرەدا لەبەر ئەوەی کە فەیشبووکە ناتوانم بچمە ئەو وردەکاریانەوە. بۆیە دەبێت بوەستم.
تاهیرساڵح شەریف:
با بگەڕێمەوە سەر باسی دەوڵەت. دەوڵەت لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە ئامڕازی زەبروزەنگ نواندنی چینێکە بۆ سەرکوتکردنی چینێکی دیکە. بەڕاستیش وایە و من خۆم قەناعەتی تەواوم بەو بۆچوونە هەیە. پێشم وانیە لە سەر ئەوەی کە دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنە، کێشەیەک لە نێوان مارکسییەکان و ئانارکیستەکاندا هەبێت، تەنها کێشەکە لەوەدایە کە مارکسیستەکان، دەوڵەت بە ئامڕازی [چینێک بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە دەزانن] و ئانارکیستەکان بڕوایان بەوە هەیە کە [دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنی گشت خەڵکە]. کێشەکە لە تێگەیشتن و دەرککردنی دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگەدایە لەلایەن مارکسییەکان و ئانارکییەکانەوە. مارکسیستەکان پێیان وایە کە بەدوای جێگیربوونی مێژوویی سیستەمی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگە دابەشبووە بەسەر دووچینی سەرەکی [بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکان]دا. لەنێوان بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکانیشدا توێژی کۆمەڵایەتی دیکە، لەوانە ووردە بۆرژوازی هەیە کە ناتوانێت کۆتایی بە ڕژێمی سەرمایەداری و مڵکداری تایبەتی بهێنێت. ئەوەی کە ئەم کێشەیە لە بوعدێکی ئابوریی، سیاسیی و مێژووییدا یەکاڵا دەکاتەوە پرۆلیتێرەکان، یان هەمان چینی کرێکارە. چینی کرێکاریش، بە ڕاستی ئەو چینە نییە کە هاوڕێ زاهیر ژمارەو ئاماری لەسەر دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو چینەیە کە شاڕەگی ئابوریی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەدەستدایەو لەسەر هێزی بازو، یان مێشکی ئەو، بۆرژوازی کەڵەکەی سەرمایەدەکات. لەسەردەمی پرۆدۆن و مارکس و باکۆنینەوە تا ئەمڕۆ، ئەوچینە گۆڕانکارییەکی چەندایەتی و چلۆنایەتی بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەو چینە نەبۆتە کەمایەتییەک وەک هاوڕێ زاهیر تێیدەگات، بەڵکو ئەو چینە زیادیکردووە!. چۆن ؟ لە دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردووەوە، گەشەکردنی تەکنەڵۆژیای زانیاری، پرۆلیتارییایەکی نوێی بەرهەمهێناوە، ئەو پرۆلیتارە نوێێە نەک پرۆلیتاریای سەدەی نۆزدەهەمی، کە لەڕێگای هێزی جەستەیی و بازووییەوە مامەڵەی لەگەڵ کارگەکان و ئامێرەکانی بەرهەمهێنناندا دەکرد، بەڵکو ئەو پرۆلیتێرە هاوچەرخەیە کە لە ڕێگای کاری فیکرییەوە و بە مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجتاڵیدا، ملیار ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی کۆمینیکەشن قازانج کەڵەکە دەکات، ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین فەرعی دیکەی بەرهەمهێنان کە هێزی بازووی تێدا بەکار دەبرێت، تا ئێستاش تەکنەلۆژیای زانیاری نەیتوانییوە زاڵ بێت بەسەریاندا و تا هەنوکە پرۆلیتارە سەدەی هەژدەهەمی نۆزدەهمییەکان کاریان تێدا دەکەن. هەم پرۆلیتاریای سەردەمی پیشەسازی و هەم پرۆلیتاریای سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە ئەمڕۆ وەک یەک چینی کۆمەڵایەتی دەردەکەونەوە و یەکیان هێزی کارەکەی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی درێژە بەژیانی خۆی بدات و ئەوی دیکەیشیان هێزی فیکرییەکەی دەفرۆشێت تا زیندوو بمێنێتەوە، ئەگەر لە ٩٩%ی کۆمەڵگە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان پێکنەهێنن، بە دڵنیاییەوە لە ٩٠%ی دانیشتووانی چینی کارگەری ڕۆژئاوا پێکدەهێنن. تەنها ژمارەیەکی کەم ئیمتیازێکی ووردە بۆرژواییان لەلایەن بانکەکان، کۆمپانیاکانی کۆمینیکەیشن، مارکێتەکان، پەترۆکان و تاد… پێدراوە، کە ئەوانەش لە ١٠٠٠ دا یەک چانسی بوون بە سەرمایەداریان هەیە و ئیتر ئەو هەموو خێڵی گەورەی کارگەران کار بۆ ژمارەیەکی یەک لەسەد یان دە لەسەد دەکەن و سەرمایە بۆ ئەو کەمایەتییە بەرهەم دەهێنن…. پێم سەیرە هاوڕێ زاهیر نموونە لە سەر ئەوەندە ملیۆن خانەنشینکراوی بەریتانیا دەهێنێەوە و ئەوانە بە پرۆلیتار حساب ناکات. ئاخر هاوڕێ گیان تۆ دەبوو لە خۆت بپرسیت؛ ئەم چەندین ملیۆن تەقاعودە کێن ؟ ئەوانە ئەو کەسانەن کە پاش ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ کارکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سەرمایەدارەکان و پاش ئەوای کە شیلەی گیان و جەستەیان دادۆشراوەو توانای کارکردنیان نەماوە، سەرمایەداری خانەنشینیکردوون وبەشێکی بچووک لەو سەرمایەی کە بۆ بۆرژواکانیان بەرهەمهێناوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەڕێگای دەوڵەتەوە دەکاتەوە بە قوڕگیاندا. حسابکردنی چینی کرێکار، یان هەمان پرۆلیتێرەکان، لە ڕووی ژمارەوە، هەڵەیەکە کە لە خوێندنەوە ناوەرۆکی چینایەتی دەوڵەتیشدا، دەمانخەتە هەڵەوە. ئەوەی کە دەتوانێت چەرخی کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕابووەستێنێت کێن؟ بێگومان کرێکارانن. کرێکارانی مۆدێڕنەو پۆست مۆدێرەنم ڕوونکردەوە کە کێن و چ کەسانێکن. ئەوانە ژمارەیان چەندەیە گرنگ نییە [کە هەڵبەت زۆربەی هەرزۆری کۆمەڵگەن- ٩٠ – ٩٩%]، گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەوانە دەتوانن شۆڕش بکەن و دەوڵەت وەک ئامڕازی دەستی چینی سەرمایەدار بۆ سەرکوتکردنیان بڕوخێنن یان نا ؟ ئایا هاوڕێ زاهیر تۆ وەڵامێکی پۆزەتیڤت بۆ پرسیارەکە هەیەیان نا؟ ئەگەر پۆزەتیڤە، کەواتە تۆ بڕوات بە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان لە یەک ئان و ساتدا لە گشت جیهاندا ڕوونادات!. ڕەنگە لە چەند وڵاتێکدا ڕوو بدات، یان وەک لە پاریس و لە شارێکدا ڕوویدا، یان لە وڵاتێکدا. لەم حاڵەتەدا بە چی بەرگری لە خۆت دەکەیت لەبەرامبەر گەلە کۆمەکێی دەوڵەتی سەرمایەدارانی دیکەی بەشەکانی دنیادا؟ من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەردوو هاوێیان کاک زاهیرو کاک هەژێن دەکەم، چونکە وەڵامی ئەوان بەو پرسیارە، دەتوانێت مناقشەکەمان درێژ بکاتەوە و بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکەی هاوڕێ زاهیر کە پرسیویەتی : ” چۆن دەوڵەت لە ناوببرێ؟”.
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی سێیەم
تاهیر ساڵح شەریف:
سڵاو هاوڕێیان… من بەهۆی کەمی کاتەوە بە خێرایی سەرنجمدایە سەر تێکستەکان و مناقشەکانتان. بە هەموو جیاوازی تێگەیشتنمانەوە دەربارەی سەرمایەداری و سۆشیالێزم، بەڵام ئەم مناقشانە زەرورین.
هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ڕژێمی سەرمایەداری، ڕژێمێکی ناعادلانەیەو سەرئەنجام بڕوامان بەوە هەیە کە دەبێت ئەم ڕژێمە لەناوببرێت و سیستەمێکی دیکە بۆ ژیان بێتە کایەوە کە مرۆڤەکان تێیدا بە یەکسانی بژین و کەس ئاغا و ڕەعیەت، یان کۆیلە و کۆیلەدار نەبێت تێیدا. ئەو سیستەمەش، شتێک نییە جگە لە سیستەمی کۆمۆنیستی.
من پێم وایە تیۆریسانی کۆمۆنیزم، لە سان سیمۆن، فۆریە، پرۆدۆن، باکۆنین و مارکسەوە بگرە هەتا دەگات بە نەوەکانی دوای خۆیان، هەموویان لە سیستەمی سەرمایەداری ناڕازین و تەئکید لەسەر سیستەمێکی نوێ و عادیلانە دەکەن. لەم ڕووەوە من بڕوام وایە کە هەموو لایەک لە خاڵی ئەنتی کاپیتاڵیزمدا یەکدەگرنەوە، بەڵام لە خاڵی گەیشتن بە کۆمەڵگەی پۆست کاپیتاڵیزم [ کۆمۆنیزم ] دا لێکجودا دەبنەوە و ناکۆکییەکان لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات. هیچ یەکێک لە تیۆریسێنانی سۆشیاڵیزم ژیانی داهاتووی لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی پاش سەرمایەداریدا لە قاڵبی بەرنامەیەکی موقەدەس، موتڵەق و شێوە دینی نەداوە [ وەک ئەوەی لە تێکستێکی هاوڕێ هەژێندا بەرچاوم کەوت ]، بەڵکو ئەوان تەنها تیۆرییەکیان لە بارەی کۆمەڵگەی پۆست سەرمایەدارییەوە خستۆتە ڕوو، تیۆرییەک کە بەهیچ شێوەیەک نەچوونەتە ناو تەفاصیلاتەکەیەوە. …..
لەو نووسینەی پێشەوەی باکۆنیندا، کە هاوڕێ زاهیر بەشێکی لێکردۆتە کوردی، شتێک دەربارەی کۆمەڵگەی دوای سەرمایەداری ناڵێت. باکۆنین لەو نووسینەدا تەنها لە سیاسییەکان و دەوڵەت توڕەیە، بەڵام میکانیزمێک دەربارەی نەمانی دەوڵەت، یان ئەڵتەرناتیڤی ” دەوڵەت ” پێشنیار ناکات. گریمان هاوڕا بووین لەگەڵ باکۆنیندا دەربارەی ناوەرۆکی نووسینەکەی، بەڵام با کۆنین پێمان ناڵێت چۆن دەوڵەت [ بە هەمان تعاریف و پێناسەکانی ئەو ] لەناو ببەین و دوای دەوڵەت چی؟!… لە نووسینە کورتەکەی باکۆنیندا وەڵامێکی ئەو پرسیارەمان دەست ناکەوێت و ئەگەر مرۆڤ لە هەمان تێگەیشتنی باکۆنینەوە، بنەمای کار بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی دابڕێژێت، تەنها خۆی تووشی پاسیفیزمێکی توڕە بەرانبەر بە دەوڵەت و سیاسییەکان دەکات و تەنها لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات!….
سەبارەت بە [ پرۆلیتار ] بوونیش، کە لە تێکستێکی هاوڕێ زاهیردا بەرچاوم کەوت، مارکس لە دوو دەقی خۆیدا، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هاوڕێ زاهیر لەمەڕ پرۆلیتار بوون، کە پێی وایە پرۆلیتاربوون تەنها کرێکارانی پیشەسازییە، ڕاست دەکاتەوە. مارکس هەم لە مانیڤێست و هەم لە نووسراوی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەکەیدا، بۆچوونی وایە کە لە قەشەیەکەوە بگرە تا دەگاتە مۆسیقار و زانایەک، ئەوانە هەموویان کۆیلەی کرێگرتەن لە شێوە و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە هەمان لە ٩٩%، کە دروشمی ۆڵستریتییەکان بوو، بە کرێکاری کرێگرتە ناو لێدەبات…. هەروەک وتم لەبەر کەمبوونی کات و بەپەلە خوێندنەوەی تێکستەکان، نەمتوانی سەرنجەکانم لەسەر گشت باسەکەتان بنووسمەوە و بەوهیوایە کە ئەم جۆرە پۆڵیمکانە درێژەیان هەبێت.
فواد قەرەداخی:
دەستخۆش هاوڕێ تاهیر، راستت پێکاوە کە ئێمە خاڵی ناوکۆییمان هەیە سەبارەت بە سیستمی سەرمایەداری، بەڵام چۆن ئەو سیستمە لەناودەچێت ، ئەوە خاڵی جیاوازییە ، دیارە باکۆنین شیوعییەکی تێکۆشەرو زۆر ئەکتیڤی سەردەمی خۆی بووە و لەو پێناوەدا چەرمەسەری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی لەناوبردنی سەرمایەداری باشی نەپێکاوە و خۆی و شوێنکەوتووانی لە ئینتەرناسیۆناڵی یەکەمدا دەورێکی سکتاریستانەی رێکخراوەییان دیوە و بزووتنەوە کرێکارییەکەی ئەو سەردەمەیان بە پارچە پارچەیی هێشتۆتەوە کە ( ئێستا بە عەمەلی هەمان مەترسی هەیە لەلایەن شوێنکەوتووانی ئەمڕۆیەوە )، ئەو ئیعلانی ئەنتی دەوڵەتی کردووە بە شێوەیەکی ئەبستراکت : دەوڵەت بەبێ بوعدە مێژووییەکەی، هەروەها دەوڵەت بەبێ ناسنامە چینایەتییەکەی، بۆیە کە هاوڕێیانی ئەنارکیست باس لە نەهێشتنی دەوڵەت دەکەن تەنها لە ستراتیژ دەدوێن، بەڵام پێمان ناڵێن تاکتیکی عەمەلی بۆ نەهێشتنی دەوڵەت چییە، خۆ ئێمەومانانیش دەزانین ماهییەتی دەوڵەت لەسایەی هەموو سیستمەکاندا سەرکوتکردنی چینایەتییە، بۆیە دەبێت نەمێنێت و ئەوە حوکمی مێژووشە بەڵام چۆن نامێنێت ؟ ئەوە کرۆکی پرسیارەکەیە. ئایا لە دنیای ئەمڕۆدا ( دنیای سەرمایەداری ) مومکینە ؟ ئایا ئەوە قەڵەمباز نییە بەسەر واقیع و مێژوودا، ئایا ئامادەکردنی پێداویستییەکانی لە ئارادایە ؟ یان دەبێت ” نەخشە رێگای” هەبێت بۆ هێنانەدی ، من ئەو نەخشە رێگایە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سۆسیالیستی کرێکاران دەزانم لە دواڕۆژدا لەگەڵ ناسین و دەستنیشانکردنی هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر بەشەرییەتدا هات لە سایەی دەوڵەتە سۆسیال بۆرژواو سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکاندا کە سەرلەپاکیان هەرەسیان هێنا.
زاهیر باهیر:
سوپاس هاوڕێ تاهیر کە هاتیتە ناو جەدەلەکەوەو بەهاو وەزنەکەیت زیاد کرد. من لەگەڵ هاوڕێ هەژێندا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕام و تێبینییەکی وام نییە لەسەر کۆمێنتەکەی، جگە لە وشەی چینی کرێکاران نەبێت ، کە دواتر لەسەر کۆمێنتەکەی هاوڕێ تاهیر بەکورتی شتێک دەڵیم.
هاوڕێم کاک فوئاد سەبارەت بە کۆمێنتی پێشترت. ڕاست دەکەیت کە لێدوانەکەی ئێمە لە مەداری دەوڵەتدا دەخولێتەوە، بەڵام بەڕای من ئەمە ڕۆح و جەوهەری هزری ئەنارکیسزمە کە دژی دەسەڵاتەو دەوڵەتیش بەشێکی یەکجار گەورەی ئەو دەسەڵاتەیە. زۆر زۆر زەروورە کە مەسەلەی دەوڵەت لەلامان لابەلا بێتەوە، چونکە هەرە زۆرینەی هاوڕێیان بەدەر لە دووری و نزیکیمانەوە لەیەکتری، حیزب و دەوڵەت لایان زەروورە بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە بۆ قۆناغی سۆشیالیزم ، کۆمۆنیزم. ئەوەتا تۆش پێ لەسەر ئەوە دادەگریت کە دەوڵەتێکی سۆشیالیستی پڕۆلیتاری زەروورە بۆ گەیاندن بەو قۆناغە، کە لەکتێکدا، ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی ڕابوردوومان ئەو تیورەی فەشەل پێهێناو سەلماندی کە دەوڵەت شتێک نییە جگە لە ئامرازی حوکمی چینایەتی. من ئەمەم بۆ قوت ناچێت، پڕۆلیتاریا کە حوکم دەکات ، بەسەر کێدا دەیکات؟ خۆ گەر بەسەر پاشماوەی بورجوازیدا دەیکات، ئەو کات پێویستی بە هەبوونی هەموو دەسگە ئابوری و سیاسی و میلیتەری و سیخوری میدیای شەڕەنگێز و هتد هەیە هەروەک هەموو دەوڵەتێکی تر لە ڕابوردوو لە ئێستادا، ئەوکاتە هەموومان دەزانین چی دەبێت و چی ڕوودەدات و پاشەڕۆژ بەرەو کوێ دەڕوات. لۆجیك و واقیع قەبوڵی ناکات کە کۆمەڵگە بگاتە قۆناغی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە. بەڕای من لە ڕیگای دەوڵەتەوە ناگەینە ئەو قۆناغە، بۆیە گرنگە کە قسە لەسەر دەوڵەت بکەین ، بەڵام چۆن دەوڵەت ناهێڵین ئەمەیان جەدەلێکی ترە. لای ئەنارکستەکان شۆڕش، شۆڕشی هەموو خەڵکە دژی کەمایەتییەکی زۆر کەم، هەروەکو هاوڕێ هەژێنیش وتی ئەم شۆڕشە بەردەوامەو هەموو ڕۆژێکە، هەموو دەقەیەکە، بەڵام ئەم شۆڕشە دەبێت لە بنی کۆمەڵگاوە دەست پێبکات ، بە ئامادە بوونی خەڵکی و هاوکارییان لە هەموو شوێنێکدا و خۆڕێکخستنیان دژی دەسگە بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت و ناو کۆمەڵگە تاکو داخوازییەکانیان و گێڕانەوەی هەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکانە بۆخۆیان، مەیسەر دەکەن، بەمشێوەیە لەهەمان کاتیشدا دژی هەموو چەشنەکانی دەسەڵات، دەجەنگن. من نامەوێت لێرەدا زۆر لەسەر ئەمە بڕۆم چونکە من بە درێژی لە چەند وتارێکمدا لەسەریم نوسیوە، تەنها ئەوەندە دەڵێم کە هەرەوەزیانە لەو بوارانەدا بڕیارەکان دەدەن و هەر بە هەرەوەزیانەش کاری لەسەر دەکەن. دیارە پارت یا حیزب ئەمانەی بۆ ناکرێت و هەمیشەش ئەوان خولیای دەستکەوتنی دەسەڵاتن. حیزبچێتی و حیزبگەرێتی بزوتنەوەی خەڵکی نین و بگرە لێدانە لەو بزووتنەوەیە، لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا ڕووداوەکان و بەڵگەنامەکان شاهیدن بەتایبەت کە دەستیان گەیشتۆتە دەسەڵات. من دەزانم ناکۆکییەکی گەورە هەبووە لە نێوانی مارکس و باکۆنین دا تەنها سەبارەت بە دەسەڵات، دەوڵەت، بەڵام مارکسیش لەو بوارەدا سکتاریانە ڕەفتاری لەگەڵ هەرکەسێک کە لەگەڵ بیری ئەودا نەهاتبێتەوە، کردوە، تۆ لەمن باشتر دەزانیت ئە و چی کردوە بە برۆدۆن لە بوئسی فەلسەفەدا. من باوەڕم بەوە نییە کە نێونەتەوەی کرێکاران چ لەسەردەمی مارکس و چ دوای ئەویش، بووبێت. ئەوەی کە بووە نێونەتەوەیی خودی ئەو خەڵکانە بووە و هەروەها حیزب و ڕێکخراوەکانیان، نەک کرێکاران، هیچ جیاوازییەکی لەو ڕووەوە نەبووە لەگەڵ نیونەتەوەیی ٣ هەم ٤ هەمیشدا. لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن دەوڵەت لەناو بچێت بەڵام ئالەم دەقیەدا ئەوە گرنگە کە بزانین بۆچی دەوڵەت بە هەموو جۆرەکانییەوە کۆسپ و بەستن لە ڕێگای بەدیهێنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیزمدا
درێژەی ھەیە ……
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی دیكە، سەردانی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بكە
بەشی یەكەم :
بەشی دووەم:
شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *
ھەژێن
خوێنەرانی ھێژا، ئەم سەرنجە ڕەخنەییانەی خوارەوە، بریتین لە بەشێك لە مشتومرێك كە لەنێوان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] و [لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان] و كۆمەلێك ھاوڕێی سەر بە گروپ و بزووتنەوەكانی دەرەوەری ئەو دوو لایەنەی مشتومڕەكە، كە لەسەر وتارێكی لێنین دروستبووە و ھەر كەسە لە ڕوانگەی خۆیەوە، دۆستانە بەشداری تێداكردووە. بۆ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەو بەستەرەی كۆتایی ئەم نووسینە بكەن.
بەڕێزان، ئەم وتەیەی سەرەوە*، لە ناونیشانی پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل (Cajo Brendel) كۆمونیستی شورایی بەناوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە“، وەرمگرتووە و من تەنیا واژەی كۆمەڵایەتیم خستووەتەسەر.
لەبەرئەوەی ھاوڕێیانێك، كە بەر لە من بەشدارییانكردووە، زۆر سەرنج و پرسیاریان خستووە ڕوو، كە منیش لەوانەدا ھاوبۆچوونیانم. بۆیە خۆم لە دووبارەكردنەوەی ئەو لایەنانەی وەڵامەكان لادەدەم و بەم بەراییەوە، یەكسەر دەچمە سەر مشتومڕەكە و سەرنجەكانی خۆم دەخەمەڕوو.
” ئەگەر ئێمە شۆڕشێک بکەین پێویستە دوای شۆڕشەکە پارێزگاری لەو ڕووبەرە بکەین ”
بەڵێ منیش دەڵێم ئەگەر شۆڕش بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتەكەی ئێوە یا ھەر پارتێكی دیكە بێت، ئەوا وەك ھەموو دەسەڵاتێكی دیكەی سەرووخەڵكی، پێویستتان بە دەزگەی (چیكا) و لەشكری (سوور) و و زیندان و دوورخراوگە و زۆر شتی دیكە دەبێت، تكایە، ئەمەم وەك توانج لێوەرمەگرن، چونكە دەسەڵاتی ھەموو كەمایەتییەكی سەروەر، بەناچاریی بۆ سەركوتی مانگرتنەكان و یاخیبوون و خۆپیشاندانەكان، دەبێت پەنابەرێتە بەر ئەو شتانەی كە ناوم ڕیزكردوون. بەڵام ئەگەر شۆڕش گۆڕانی كۆمەڵایەتییانەی سیستەمی سەرمایەداری بە واتا ئابوورییەكەی بێت، ئەوا پێویستی بەو شتانە نابێت، چونكە پێش تێداچوونی یەكجارەكی سیستەمی سەرمایەداری، لە ڕەوتی گەشەی كۆمەڵایەتییدا، پێداویستی بوون و مانەوەی ئەو سیستەمە نامێنێت، ھەروا، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەرێتەوە !
” ئایە دەکرێت ئێمە پشت لە رێکخراوبوونێک بکەین لە ناو دەزگایەک کە ناونراوە حکومەت لە کاتێکدا چەندینی تر لە دەوروبەرمان هەبن و دژایەتی هەر هەموویان بکەین؟ “
دیسانەوە دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر سەرەنجامی شۆڕشەكە، دروستبوونی میرایەتی/دەوڵەتی كەمایەتی سەروەربێت بەسەر كۆمەڵگەوە، ئەوا پێش ھەموو شت خودی شۆڕشەكە تێكشكاوە و ئەو میرایەتییە بەرئەنجامی تێكشكانەكەیەتی، كاتێك كە شۆڕشێك، لەنێوخۆدا تێكشكابێت، ئەگەر ئەو میرایەتییە/ دەوڵەتە، بەھێرش و فشاری دەرەكی نەڕوخێت، ئەوا وەك ئیمپراتۆرییەكەی بۆلشەڤیەكەكان پاش (٧٠) ساڵیش بووبێت، لەنێوخۆدا كڕمۆڵ دەبێت و دەپووكێتەوە..
بەڵام كاتێك كە شۆڕشی كۆمەڵایەتیی لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو ببێت، ئەوا ژێردەستانی وڵاتانی دەوروبەری لە كارایی ئەو شۆڕشە بەدەر نابن و شەپۆلەكانی سنوورە ڕامیارییەكان دەبەزێنن و دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئەو دەوڵەتانەی دوەروبەر، كە ئێوە دەیانكەنە بیانووی دروستكردنەوەی دەوڵەتی تێكشكاوی بۆرجوازی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ھەروەك بینیمان ڕاپەڕینی جەماوەریی وڵاتانی باكووری ئەفەریكا شەپۆلەكانی گەییشتنە ولایەتەكانی ئەمەریكا و بوونە مەترسی بەسەر دەوڵەتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا و ولایەتەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵێك ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەرییان بەدوای خۆیاندا ھێنا و ھێشتاكە پاش دوو ساڵ زیاتر، چ لە نێوخۆی تونس و میسر، چ لەنێو وڵاتانی دیكەدا نەنیشتوونەتەوە، بە ھەمان شێوە شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ھێندە سنووربڕە، مەگەر ڕێكەوتننامەی وەك [برست لیتوفسك مارس 1918] ، بتوانێت لە وڵاتانی دەوروبەر شكست بە شەپۆلە سنووربڕەكانی بدات !
” بێگومان نەخێر ئەمە خەیاڵە، بەڵام بە پراکتیزەکردنی شۆڕشی رێکخراوبوون دەتوانین حکومەتێکی سۆسیالیستی دابمەزرێنین. “
لێرەدا پێویستە ئەوە ڕۆشن بكەمەوە، كە بە پێچەوانەی پاگەندەی سەرانی پارتە كۆمونستەكان و بۆچوونی ئەندامانی ڕیزەكانی خوارەوەیان، كە لە ناھوشیاریی و ئاگادارنەبوونەوە دەخوازن و دەڵێن ئەناركیستەكان دژی ڕێكخستنن، ئەناركیستەكان لە ھەموو ئاڕاستە ھزریی و ڕامیارییەكانی كۆمەڵگەی سەرمایەداری زیاتر پێداگری لەسەر ڕێكخستن و سیستەم بۆ كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام بەو شێوە باوە نا، كە باڵە بۆرجواكان و باڵە ماركسیستەكان كاری بۆ دەكەن؛ ئەناركییەكان پێداگریی لەسەر خۆڕێكخستنی ئاسۆیی و زنجیرەیی و تۆڕیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەكان و ڕۆنانی سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای یەكگرتنی فیدراتیڤیانەی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و ھەرەوەزییەكانی بەرھەمھێنەران، دەكەن، واتە ڕێكخستن و سیستەمی كۆمەڵایەتی تەواو پێچەوانەی ڕێكخستن و سیستەمی ڕامیاریی، چونكە كۆمەڵایەتیبوون و ڕامیارییبوون، دوو چەمك و دوو شێوازی دژبەیەكن و لە ھیچ خاڵ و سەردەمێكدا بەیەكناگەن و یەكانگیر نابن. ھەر لەبەرئەوەیە، كە ئەناركیستەكان دژی دەوڵەت و میرایەتی سەرووخەڵكی و بە میرایەتیكردن و دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمن.
” ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.“
تكایە مەبەستتان لە “لێكۆڵینەوە و بڕیاری زانستییانە و مرۆڤدۆستانە” لەنێو ھۆڵەكانی دادگەدا چییە؟ ئایا بەڕاستی ئەم دەستەواژەیە، واتایەكی دیاریكراوی ھەیە، یا ھەر ڕیزكردنی وشە و پڕكردنەوەی پەرەگرافی سەرنجەكەتانە ؟
لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە [KAF]دا “ دیکتاتۆریەت و زۆرداری یەک نییە، ئێوە پێویستە ئەم دوو زاراوەیە لە یەک جیا بکەنەوە، دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن “
ببوورن ئەمەشم بە توانج و لاقرتێ لێوەرمەگرن، پاش چەند جار خوێندنەوەی ئەم سێ نێوەڕستەیە و ھەڵگڵوفاندنی چاوەكانم، نەمتوانی لەم وەڵامە زیاتر پەیدابكەم؛ “بژی ھیتلەر، بژی ستالین، بژی سەدام”، باشە ئەگەر دیكتاتۆری، زۆرداری نەبێت، ئەدی زۆرداری چییە ؟
ھەرچەندە من لە وتاری دیكەدا بەدرێژی لەمەڕ دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەژێر سەردێری [ کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟] دواوم، بەڵام دیسانەوە ناچارم لێرەدا بڵێم، دیكتاتۆر، ناوە/سیفەیە و لە فەرمانی [دیكتەكردن]ەوە ھاتووە و سەرچاوەی دیكتەكردنیش بۆ بەنەزانزانینی ژێردەستان دەگەرێتەوە و سەری لە ئامۆژگارییە ئایینییەكانەوە دەردەچێت! كەسی دیكتەكەر بۆ تەمێكردنی كەسانێك كە لاساریی دەكەن یا تێناگەن سزا و ئامرازی تایبەتی خۆی ھەیە، ئیدی ئەو دیكتەكەرە، مەلایەك بێت یا مامۆستایەك یا كادرێكی پارت و ڕابەرانی پارت و سەرۆكەكانی دەسەڵات، ھیچ لە ئامانجی دیكتەكردنەكە و ھیچ لە سەپاندنگەریی دیكتەكەر ناگۆڕێت. ئەگەر ھێشتا دیكتاتۆر بە زۆردار نازانن، بە سەردەمی منداڵی و فێریاریی خۆتاندا بچنەوە و شووڵە تەرەكانی مامۆستا و باوك و دایكتان بھێیننەوە بەرچاوتان، وەك نموونەیەكی ھەرە گچكەی دیكتاتۆر و دیكتاتۆری، بزانن ھێز ھەیە ئازاری سەرپەنجە و لاسمت و شانەكانتان لە یاداوەرییەكانتاندا بسرێتەوە. ئینجا تۆزێك وێنەكە گەورە بكەرەوە و دوورخراوگەكانی سیبریا و كاری زۆرەملێ و سیاچالەكانی مۆسكۆ و پترۆگراد بھێننەوە بەرچاوتان، ھەڵبەتە مەبەستم ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢١ نەك سەردەمی ستالین !
لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە [KAF]دا ” و پارتیش و حکومەتیش مەرج نیە دەسەڵاتی سەرووی خەڵک بن، …….، پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک لە ڕێگای شووراکانەوە. “
بەڵێ پارت دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەڵك، بەڵام لە سەرتاسەری مێژوودا شتی ئاوا ڕووینداوە، نەك لەبەرئەوەی كە ئەستەم بێت، بەڵكو لەبەرئەوەی كارێكی ئاوا فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی پارتی ڕامیاریی دەخاتە ژێر پرسیار و ھەبوونی ڕەتدەكاتەوە. وەك خۆشتان نكۆڵی لێناكەن، پارت بۆ دەسەڵاتگرتنەدەست دروستدەبێت و پێویستە و ئەگەر ئامانج دەسەڵات نەبووایە، شەڕەدەندووك و پاشقول-لەیەكردنی سەرانی پارت لەسەر بەرتەریی پلەوپایە و ناوبانگ، زیاتر لە دوو سەد ساڵ درێژەی نەدەكێشا، باشترین نموونەش كەرتبوونەكانی سەراپای سەدەی بیستەم و بەدیاریكراویش جووت خوشكەپارتی (حككا) و (حككع)، كە مەگەر خۆتان ھەژماری پارتۆكە جیابووەكان و جیاوازیی و پاساوی جیابوونەوەكان بزانن، ئێمەی بینەر و بیسەر و خوێنەر، تەنیا یەك شت دەزانینن، ئەویش شەڕی پلە و پایەی لیدەر/ ڕابەر و سكرتێر و كۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی تا دەگاتە كۆكەرەوانی ئابوونەی مانگانەی ئەندامانی بەدبەخت و گویڕایەڵ و خەولێكەوتوو.
ئەگەر پارتچییەكان كوشتەی دەسەڵات نین، بۆچی ئەو ھەمووە شەڕە نێوخۆییە دەكەن و بۆچی بەو ھەموو پارچەپارچەكردنەی بزووتنەوەكە ھەڵدەستن ؟ من بۆ خۆم، تەنیا دوو ھۆ دەبینم؛ یا شەڕە لەسەر پلەوپایە و ناوبانگ؟! یا ھۆی دووەمە؛ پارچەپارچەكردن و لاوازكردنی بزووتنەوەكە [بزووتنەوەی سۆشیالیستی]، كە بۆرجوازی بە ئاسانی بۆی ناكرێت، ئەوان [پارتەكان بەناوی پرپلیتاریاوە] لەڕێی خودا بۆ بۆرجوازی ئەنجامدەدەن؟! بۆیە ئەگەر ھۆی یەكەم نەبێت، ئەوا تەنیا ھۆی دووەم دەمێنێتەوە. بۆ سەلماندنی پێگەییشتنەكەم، ئەوا باشترین نموونە، ئەوەیە، كە لە سەراپای مێژووی سەد و ئەوەندە ساڵەی سەرھەڵدانی پارتە كۆمونیستەكاندا چ جیاوەبووەكان و بەجێماوەكان، بۆ سەلماندنی ڕاستبوونیان، وتەكانی ماركس و لێنین و .. دەكەنە بەڵگە و ھیچكامیان شتێكی دیكەیان نەكردووە بە بەڵگەی ڕاستێتی خۆیان، ھەروەك چۆن مەنسوورییەكان وێنە و وتە و ھاوڕێیەتییان لەتەك مەنسوور، دەكەنە حیكمەتی جیابوونەوە یا دەركردن و سزادانی ئەندامەكانیان و ناوناتۆرە دروستكردن بۆیان!
ئایا مێژووی پارتە كۆمونستەكان شتێكی دیكەی جیاواز لەم بەرەنجامە دەخاتە بەردەستمان؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، تكایە كامە و چی و لەكوێ و كەی؟
بەڵێ بەو پێیە و بەو بەڵگەیە، پارتە [ناو] كۆمونیستەكان، دوژمن و پڕشوبڵاوەكەری ڕیزی چینایەتی كرێكاران و لاوازكەری خەباتی سۆشیالیستین!
لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە ھاوڕێ (باكۆ جەلال)دا “ ئێمە ئەو کەسانەین کە دەمانەوێت چینایەتیەکان نەهێڵین لە بەرامبەرمان دا کەسانێک هەن دەیانەوێت بمێنێت چوونکە لە قازانجی ئەوانە.“
پێش ھەموو شتێك ئەوانەی كێن، كە لە بەرامبەر ئێوەدا دەیانەوێت چینەكان بمێنن؟ پاشان ھەرچەند لە دەستەواژەكەتان ورددەبمەوە، زۆرتر كۆمەڵێك سۆپەرمانم دێنەبەرچاو، كە فریای مرۆڤایەتی دەكەون! ئێوە ئەو بنچینە بەخوێننووسراوەی ھەموو سەردەمەكانی مێژوو لەبیردەكەن یا دەتانوێت نادیدەی بگرن، كە “ھیچ ھێزێك ناتوانێت كۆیلەیەك ڕزگار بكات، ئەگەر ئەو كۆیلەیە لەناخی خۆیدا ڕزگارنەبووبێت و ئارەزووی ڕزگاربوون نەكات، ھەرواش ھیچ ھێزێك نییە، ئازادئەندێشێك كۆیلە بكات، ئەگەر ئەو كەسە لە ناخی خۆیدا ئامادەیی كۆیلەبوونی تێدانەبێت” !
بەبۆچوونی من ئێوە پارتیخوازەكان و دەسەڵاتخوازەكان، بەر لە ھەموو كۆیلەیەكی سەرمایەداری پێویستتان بەخۆڕزگاركردن لە خۆشباوەڕیی بە سۆپەرمانبوونی خۆتان ھەیە، ئەوسا وەرن با پێكەوە لە ڕیزێكی چینایەتییدا دەست بدەینە دەستی یەكدی و ھەمووان پێكرا، خشت بە خشت بناخەكانی كۆمەڵگەی چینایەتی و سیستەمە ڕامیارییەكەی ھەڵگیرێنەوە، بەڵام نە كەسمان ڕابەری ئەوی ئەوی دی و نە چین و توێژە پڕۆلیتێرەكانیش پاشڕەوی كەسمان !
ئازیزانم، خۆتان لە من و ھاوڕێ (باكۆ) باشتر دەزانن، كە ئێوە لەنێو چینی كرێكاردا نین و سەر بەو چینەش نین، تەنیا شتێك كە ئێوەی بەكرێكار كردبێت، شەقی ئاوارەیی و پەنابەرییە، ئەگینا خۆبەمامۆستازانینی ئێوە لەكوێ و دەستی قەلێشخواردووی نێو كاری كرێكاران و جوتیاران لەكوێ؟ بێجگە لەمەش ئێوە ئەو بنەمایە ڕەتدەكەنەوە، كە ھوشیاریی مرۆڤ بەرھەمی كاری خۆیەتی و ھوشیاری كرێكارانیش لەنێو خۆیان و لەشوێنی كار و لە خەباتی ڕۆژانەدا بەدەستی دەھێنن و بە گواستنەوەی لە وردەبۆرجوازییەوە بۆ نێو سەری ئەوان موتوربە ناكرێت و خۆشیان ئەوەندە گێل نین، كە پێویستیان بە چاوساخ و ڕابەریی ئێوەبێت !
تكایە لەنێوان ئەم سێ دەربڕینەدا ” پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک ” ، ” ئێمە کە کەسانی هۆشیارین لە ناو چینی کرێکاردا هەوڵی هۆشیارکردنەوەی چینی”کرێکار“ دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵات لە سەرمایەداران وەرگرینەوە “، “ ئەو قەدەغەکردنانە پەیڕەو بکەین تاکوو دابەشبونەکان خودکارانە لە ناو بچن. ساخ بكەنەوە. “
ئێوە لەلایەك دەڵێن، پارت دەسەڵاتی ڕامیاریی بەدەستدەھێنیت و دواتر دەیدات بە كرێكاران، لەولاشەوە دەڵێن، ئێمە كرێكاران ھوشیاردەكەینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە سەرمایەداران بستێننەوە، پاشان ئەم دوو پاگەندانەتان لەبیردەچن و دەڵێن كرێكاران دەبێت ڕێنوێنیییەكانی ئێمە پەیڕەو بكەن. من لەم سێ پاگەندەدا وێڕای جیاوازی و ناكۆكی، ھاوبەشییەكی شاراوە لەنێوانیاندا بەدیدەكەم، ئەویش ئەوەیە؛ كە ئەنگۆ كرێكاران بە بێتوانا و ھیچ لەباردانەبوو دەزانن، بۆیە ئەو ئەركە بەخۆتان دەسپێرن، كە شۆڕشی كاریكاتێرییان بۆ بكەن و سەرمایەدارییان بۆ بڕوخینن و دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنن، بێجگە لەوەش بە دەبەنگ و نەزانیان دەزانن، بۆیە پێتانوایە، بەخۆیان توانای ھوشیاربوونەوەیان نییە و پێویستە ئێوەی ڕامیار لە بنكەی پارتەكانتانەوە ھوشیارییان بۆ بە دیاری ببەن، سەرباری ئەمەش بە كەم ئاوەز و بێدەركیان دەزانن، بۆیە ئەركی ڕێنوێنیكردنیان بەخۆتان دەسپێرن ! ئایا ئەو سێ پاگەندەیە ئێوە، بێچگە لەمە ھیچی دیكە دەگەیێنیت ؟
وەڵامی Sarmad Ahmad بۆ ھاوڕێ (باكۆ جەلال) “… کاکە بیکۆ جەلال ئەو ووتەیەی لینین بە هەڵە تێگەیشتوویت . ئەوە ماناکەی نیە چونکە ماناو مەغزای ئەو ڕستەیە زۆر ئاشکرا و مەعلومە. لێکدانەوەکەت دروست نیە. تۆ هاتوویت رستەکەت (اعراب کردوە وەک چۆن لە عەربی دا جملە اعراب دەکرێ) . هاتووی ووشەی قەدەغەت بە بۆچوونی خۆت و ئارەزوومەندانە لێکداوەتەوە کە بەتەئکید ئەو لێکدانەوەیەت دروست نیە. کاتێ دەڵێ قەدەغەیە مەبەستی ئەوەیە نەهێشتنی دابەشبوونی ئینسانەکان بۆ چینەکان . ئەلبەتە ئەو وەرگێرانەی قەدەغەکردنە هەڵەیە بەڕای من ووشەی لەناوبردن یا نەهێشتن تەرجومەی دروست ترە“
كاك سەمەد گیان، برای شیرینم، خۆ ئەمەش پرسی لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئان نییە، كە مەلاكان دەبێژن، ھەزار و یەك واتایان ھەیە .. برای خۆم، یەكەم (ھاوڕێ باكۆ) ئەو وتارەی وەرنەگێڕاوە، دووەم، ئەگەر وەرگێڕانەكەی ھەڵەیە، بۆ پێش ڕەخنەی ئەو ھاوڕێیانە، ڕاستتاننەكردەوە و ھەستتان بە ھەڵەبوونی نەكرد؟ ئەزیزی من، قەدەخە، قەدەخەیە و ئیدی لێمان مەكە بە مەتەڵ، قەدەخە، واتە “بڤە”، ئەگەر ئەو كارە بكەیت، دەستت دەسووتێنم، قونت بەر قامچیان دەدەم، زیندانیت دەكەم، ھەڵتدەواسم ! بۆ نموونە كۆیلەدارێك، دەرەبەگێك، سەرۆكخێلێك، ڕابەری پارتێك، دیكتاتۆرێك بە ژێردەستەكانی دەبێژێت ” ئەگەر ئەو كارە بكەن، وا و واتان لێدەكەم، ھا، ئاگاداربن ! ” ھەروەك چۆن لە ساڵی ١٩٩٣ بەم لاوە ڕابەران و كۆمیتەی ناوەندی پارتەكەی ئێوە بە ئەندامانی ناڕازی و بۆچوونجیاواز، دەڵێت “ئەگەر ئەو كارە بكەن، لە ماوەی ٢٤ سات دەتانكەمەدەرەوە !”وابزانم پێویست بە دانانی لیستی دەركراوان، بە فەرمانی دیكتاتۆرانەی پارت، ناكات ! ئایا قەدەخە لەمە زیاتر واتا دەدات؟
كاكە سەمەد ئەحمەد، لەبەرامبەر دوا سەرنجتدا، كە خەون بە لەدایكبوونەوەی (لێنین)ەوە دەبینیت، تەنیا دەتوانم وەك خۆی دایبڼمەوە و بنووسم بەبێ توانج ! بەڕاستی بەدبەختییە ھێندە ئامادەیی كۆیلەتیت تێدابێت، چونكە وەك لە سەرەوە وتم ھیچ ھێزێك ناتوانێت، كۆیكەیەك لەو خەوی خەفڵەت ڕاچڵەكێنێت! بەداخەوە، بەداخەوە، كە لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا وێڕای ئەو ھەمووە لەبارییەی، كە تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان جیھانیان كردووە بە گوندێك، كەسێك پەیدا ببێت و ھێشتا خەون بە بوون و پێویستبوونی شوانەوە بۆ خۆی ببینێت !
لێرەدا بەم داواكارییە، كۆتایی بە سەرنجەكانم دەھێنم؛ ئازیزان، تكایە بڕۆن ئەم پەرتووكە [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] بخوێننەوە، كە ھاوڕێیەكی ماركسیست نووسیویەتی و باشترین بەڵگەی ئەوەیە، كە ماركس و ئەنگلس، داھێنەری كۆمونیزم نەبوون و نین، بەڵكو كۆمونیزم خەونێكی دێرینەی مرۆڤایەتییە و بەر لەوەی فیلۆسۆفان و ڕامیاران و پارتەكان بیر لە داڕشتنی قاڵبی كۆمەڵگەی داھاتوو بكەنەوە، بزووتنەوە [سۆشیالیستخواز و كۆمونیستەكان/ ئەناركییەكان] ھەبوون و ئێمەی ئەناركیست و كۆمونیست نەوەی ئەوانین، بۆیە نابێت ڕێگە بەخۆمان و بە كەسانی دیكە بدەین، كە لە ماركسیزم و ئیزمەكانی دیگە، ئایینێكی دونیایی چێبكەن و بیكەنە تەوقێك لە ملی پڕۆلیتێرەكانی توند بكەن !
وەك ئەرك و دڵسۆزییەك و دەركردنی ئەو بەدبەختییە، وەك دوا دەستەواژە، ئەم بەستەرەت پێشكەش دەكەم، كە ھەر (١٤) ژمارەكەی ھەواڵنامە (Izvestiia)ی كۆمونیستەكانی (كرۆنشتات)ی ڕۆژانی پێش كوشتوبڕی تێدایە و لەوە دەچێت، زمانی ئینگلیزی باش بزانیت و دڵنیام خوێندنەوەیان خراپ و بێسوود نابێت. تكایە ئەگەر فرمێسكی ھاودەردیت بۆ ھاوڕێ كۆمونیستە لەخوێنگەوزاوەكانی (كڕۆنشتات)، زایە چاوە كانت، مەیشارەوە و بە ئێمەشی نیشانبدە، تا ئێمەش ھەست بەوە بكەین، كە لە دەرككردنی دوا خەونی دەریاوانەكانی (كڕۆنشتات) و دوا ئازار ی پێش گیانەڵانیاندا تەنیا نین و لە ھەرێمەكەی لای ئێمەشدا خەریكە ویژادنی مرۆڤایەتی بەئاگادێت. خۆ ئەگەر زمانی ڕوسیش شارەزا بیت، ئەوا بەستەری كۆپییە بنەڕەتییەكانت بە زمانی ڕوسی و بە سكانكراوی وەك خۆیان بۆت دەنێرم.
ھیوادارم وەلامەكانم بە ھێڕش و برینداركردن وەرنەگرن، چونكە ئامانجم تەنیا لێدانە لە بۆچوونە ناكۆمونیستییەكان و بەس …
بەستەری ژمارەكانی ھەواڵنامەی كڕۆنشتات ٠٣ی ئازار تا ١٦ی ئازاری ١٩٢١
خوێنەری ھێژا، بۆ دڵنیابوون و خوێندنەوەی بۆچوونە ڕەخنەلێگیراوەكان، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە:
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.