ئەرشیفەکانى هاوپۆل: وتار

وتار

ئایا‌ئه‌م قه‌یرانه‌ئابوورییه‌قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه‌؟ / ٢

                                                                                                          زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

                                                                                                                                      01/10/2015

به‌شی دووهه‌م و کۆتایی:

گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌:        

ئه‌وه‌ی که‌ تائێستا به‌ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌داری ناسراوه‌، له‌هه‌قه‌تدا نه‌ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌دارانن و نه‌ئه‌زمه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش، له‌کاتێکدا ململانێی و کێشمه‌کێشی پرۆسه‌ی ته‌سفییه‌ی حساباتی نێوانیان ڕووده‌دات و ده‌بێته‌هۆی گلانی یه‌کجاریی یا هه‌نووکه‌یی هه‌ندێکیان ، ئا له‌م بارودۆخه‌دا باشترین هه‌ل بۆ سه‌رمایه‌داری له‌ڕێگای نوێنه‌ره‌سیاسییه‌کانیانه‌وه‌ که‌حکومه‌ته‌کان و سیسته‌می په‌ڕله‌مانتارییانه‌یانه‌ ، ده‌توانن ئه‌وه‌ی که‌ده‌یانه‌وێت ، بیکه‌ن . بۆ ئه‌مه‌ش حکومه‌تی نیشتمانی ، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ده‌گرێته‌به‌ر . سیاسه‌تی ده‌ستگرتن به‌پاره‌وه‌گوایه‌بارو دۆخی ئابوری و دارایی وڵات ، کیشۆره‌که‌ یاخود جیهان زۆر خراپه‌و له‌داڕماندایه‌، گه‌ر به‌ئاگا نه‌بین هه‌موو شتێك هه‌ره‌سده‌هێنێت و له‌ده‌ستده‌چێت ئه‌و کاته‌ش ژیان ده‌وه‌ستێت.  به‌م پاساودانانه‌هه‌موو هێڕشێك: هه‌ر له‌ فرۆشتن و به‌تایبه‌تیکردنی که‌رته‌ده‌وڵه‌تییه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێ و موچه‌و ده‌رکردنی کرێکاران و کارمه‌ندان و بڕینی بیمه‌کان‌و که‌مکردنه‌وه‌یان و درێژکردنه‌وه‌ی کاتی سه‌رکار و سه‌پاندنی هه‌لومه‌رجی نامرۆیانه‌به‌سه‌ر کرێکاران و کارمه‌ندان، تاده‌گاته‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی یپێداو یستییه‌کانی ژیان و کرێی خانوو و داخستنی شوێنه‌خزمه‌تگوزارییه‌کان و ناچارکردنی کرێکاران به ڕازیبوون به‌‌هه‌موو شتێك به‌هۆی ئافراندنی سوپایه‌کی گه‌وره‌ی به‌تاڵه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قام ، له‌بازاڕدا.

‌هه‌موو ئه‌م سیاسه‌تانه‌ش یه‌ك کۆمه‌ڵه‌گرفتی گه‌وره‌ی وه‌کو لاوازکردنی نقابه‌کان و پاشه‌کشه‌کردن به‌بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی ، که‌مکردنه‌وه‌ی باجی کۆمپانیا و شۆپه‌گه‌وره‌کان به‌بیانوی هاندانی به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ له‌وڵاتدا، زیادبوونی تاوان و دزی و ڕاو و ڕووت ، ڕایسیزم و فاشیسزم ، درێژبوونه‌وه‌ی لیستی ‌ناوی چاوه‌ڕوانی دکتۆره‌کان و خه‌سته‌خانه‌کان و کارمه‌ندان و کرێکارانی شاره‌وانی و لانه‌وازان و بێ خانو وبه‌ره‌و گه‌لێکی دیکه‌له‌مانه‌.

ئاماره‌کان و واقیعه‌که‌ ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌‌ن که‌قۆرته‌کانی ئه‌م قه‌یران و سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌یه‌ به‌ته‌نها له‌سه‌ری ئیمه‌دا ده‌شکێنه‌وه‌‌ و ئه‌م قه‌یرانه‌به‌قه‌یرانی ئێمه‌ده‌مێنێته‌وه‌تاکو هۆشیارییه‌کی ته‌واو به‌هه‌موو بارودۆخه‌که‌په‌یدا ده‌که‌ین و به‌ئاگا دێیننه‌وه‌له‌میحنه‌تییه‌کانمان ، ئه‌ویش به‌خۆڕێکخستنمان له‌ده‌ره‌وه‌ی پار ته‌سییاسییه‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕژیمی په‌ڕله‌مانتاری و ‌گرتنه‌به‌ری چالاکی ڕاسته‌وخۆ و ئه‌نجامدانی دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌کۆمه‌ڵیکردن و هه‌ره‌وه‌زیکردنی هه‌ر هه‌موو پێداویستییه‌کانی ژیان له‌ڕێگای خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییه‌کانمانه‌وه‌‌.

تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌وه‌ڕووده‌دات وه‌کو ئه‌م به‌ڵگانه‌ی خواره‌وه‌نیشانیانده‌دات ، ئه‌زمه‌کان له‌سه‌ری ئێمه‌دا ده‌شکێنه‌وه‌و سه‌رمایه‌دای و سه‌رمایه‌داران به‌گوڕ و تینێکی زۆر له‌وه‌ی پێش ڕودانی قه‌یران هه‌ڵده‌سنه‌وه‌و خۆیان باشتر ڕێکده‌خه‌نه‌وه‌.

خۆگرتنه‌وه‌و به‌هێزبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران، سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دوای قه‌یرانه‌کان ، جاری وا هه‌یه‌ده‌گاته‌ ڕاده‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێکی زۆر گه‌وره‌، باشترین نموونه‌ش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م بوو دوای گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابوری که‌له‌کۆتایی بیسته‌کانی چه‌رخی ڕابوردوو ، 1928 بۆ ساڵی 1930، هه‌روه‌ها توانای خولقاندنی ده‌یه‌ها جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و نێوانی وڵاتان و ناوچه‌گه‌ری.‌

گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی جیهانه‌وه‌ده‌ست پێبکه‌ین ئه‌وه‌ده‌توانین ئاماژه‌به‌ڕاپۆرته‌که‌ی ئۆکسفام -ی ڕۆژی 19/01/15 که‌ده‌ڵێت نیوه‌ی سامانی جیهان له‌ژێر چنگیی له‌1% ی دانیشتوانه‌که‌یه‌تی ، ئه‌مه‌ له‌ساڵی 2009 دا به‌ڕێژه‌ی له‌40% بوو ،که‌له‌ساڵی 2015 دا سه‌رکه‌وتووه‌بۆ له‌48% .   ڕاپۆرته‌که‌ئاوا پێشبینی ده‌کات که‌ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌له‌ساڵی 2016 دا زیاتر له‌ 50% ی سامانی جیهان ده‌که‌وێته‌ژێر چنگیانه‌وه. له‌و راپۆرته‌دا واهاتووه‌که‌ هه‌ره‌85 ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی جیهان بڕی هه‌مان سامانی نیوه‌ی دانیشتوانی جیهانی له‌ده‌ستدایه‌‌که‌3.5 ملیارن، هاوکاتیش ڕاپۆرته‌که‌ ملیارده‌رانی جیهان به‌645 که‌س، ده‌خه‌مڵێنێت.

له‌کاتێکدا که‌ سه‌رمایه‌داران له‌ئه‌وروپادا ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن و کۆمپانیاکان و بانقه‌کان   قازانجی زیاتریان ده‌ستده‌که‌وێت ، هاوکات قه‌یرانه‌که‌ی ئێمه‌قوڵترده‌بێته‌وه‌ به‌خستنه‌وه‌ی به‌تاڵه‌ی زیاتر و سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌ی بێکاری. بۆ نموونه‌له‌ئیتالیا ڕیژه‌ی بێکاری له‌12.4% و پورتوغال 13.% یۆنان له‌25.6% ئیسپانیا له22.7‌% .. فه‌ره‌نسا له‌10.5 %، له‌ئیره‌له‌نده‌9.7%، ئه‌ڵمانیا 4.8% له‌بریتانیا 5.4% له‌ئه‌مه‌ریکا له‌10.3% . ڕێژه‌ی بێکاری له‌نێوانی گه‌نجانی ژێر ته‌مه‌ن 25 ساڵ له‌ئیسپانیا له‌53.5% و ئیتالیا 43.9% له‌یۆنان   56% و له‌کرۆتیا له‌45.5% و له‌نێو انی ئه‌فریقییه‌ئه‌مه‌ریکییه گه‌نجه‌کانی ته‌مه‌ن 17 و 20 ساڵدا که‌ناویان بۆ زانکۆکان تۆمار نه‌کراوه‌ و قوتابخانه‌ی سانه‌وی سه‌رو ئه‌ویان ته‌واو کردوه‌له‌50% زیاترن .

وه‌کو پێشتر وتم ڕاسته‌له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند کۆمپانیایه‌ك و چه‌ند بانقێك مایه‌بووچبوون یا به‌ته‌واوی هه‌ره‌سیان هێنا به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌یان که‌ماونه‌ته‌وه‌له‌م قه‌یرانه‌ سوودمه‌ندبوون و قازانجی زیاتریان به‌به‌راورد به‌ساڵانی پێشتر ده‌ستگیر بووه‌. من لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌به‌هه‌ندێکیان ده‌که‌م که‌داهات و قازانجیان خستۆته‌ڕوو، له‌وانه‌:

قازانجی ساڵی 2014 ی Walmart 16.4 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بووه‌، که‌به‌ڕێژه‌ی 2% له‌ساڵ ی2013 وه‌سه‌رکه‌وتووه‌،   JP Morgan له‌14/07/15 قازانجی وه‌رزی یه‌که‌می ئه‌مساڵی خسته‌ڕوو که‌ به‌ڕێژه‌ی له‌5.2% زیادیکرددووه‌. له‌31/07/15 دا Electronic Arts پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌قازانجی هه‌ر پشکێك (سه‌هم) 2.85 دۆلار سه‌ر بکه‌وێت ، که‌ئه‌م‌بڕه‌قازانجه‌ش دووقات زیاتره‌له‌ساڵی پار.   Amazon Online به‌بڕی 5.3 ملیار پاوه‌ندی ‌له‌ڕێی ئینته‌رنێتی بریتانییه‌وه، فرۆشتووه‌‌ که‌به‌ڕێژه‌ی له‌14% سه‌رکه‌وتووه‌. Apple قازانجی ساڵی پاری به‌ڕێژه‌ی له‌6% له‌چاو ساڵی 2013دا بۆ 39.1 ملیار دۆلار سه‌رکه‌وتووه‌، Microsoft ساڵی 2014 قازانجه‌که‌ی 22.1 ملیار دۆلار بووه‌ و له‌به‌رامبه‌ر ساڵی 2013دا به‌ڕێژه‌ی له‌1% سه‌رکه‌وتووه‌، Google له‌ساڵی پاردا ، 2014 دا، 14.4 ملیار دۆلاری قازانجکردووه‌، که‌به‌ڕێژه‌ی له‌11% سه‌رکه‌وتووه‌. Nike ساڵی پار به‌بڕی 2.7 ملیار دۆلار قازانجیکردووه‌ که‌ئه‌م بڕه‌ش به‌ڕێژه‌ی له‌8% له‌ساڵی 2013وه‌سه‌رکه‌وتووه‌، IBM بڕی قازانجی ساڵی2014 ی 12 ملیار دۆلار بووه‌و له‌ساڵی 2013وه‌به‌ڕێژه‌ی له‌27% زیادیکردووه‌. ‌ ‌

له‌سه‌ر ئاستی بریتانیاش به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی سه‌نده‌ی تایم-ی ڕۆژی 26/04/15 که‌لیستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی به‌یانکرد، ده‌ڵێت داهات و سامانیان له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابوردوودا دووقاتبووه‌ . هه‌زار ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی بریتانیا داهات و سامانیان 547 ملیار پاوه‌ندی ستێرلینییه، ئه‌مه‌بێ حسابکردنی ئه‌وه‌ی که‌له‌حسابی بانقه‌کانیاندایه‌‌، ئه‌م بڕه‌ به‌به‌راورد به‌250 ملیار پاوه‌ند له‌ساڵی 2005 دا، سه‌رکه‌وتووه‌.   ژماره‌ی ملیارداران له‌ساڵی پاره‌وه‌که‌104 دانه‌بوون ئێستا سه‌رکه‌وتون بۆ 117 که‌س، که‌ 80 دانه‌یان له‌له‌نده‌ندان .

ئه‌مه‌ی که‌له‌سه‌ره‌وه‌ده‌یبینین جێی سه‌رسوڕمان نییه‌چونکه‌یه‌که‌م ئه‌و بڕه‌ باجه‌ی که‌ئه‌وان ده‌یده‌ن ئه‌گه‌ر بیشده‌ن ، له‌ئێستادا له‌20% که‌له‌سه‌رده‌می چێرچڵ-دا بڕی باڵای باج له‌97 % و له‌ژێر حوکمی مارگرێت تاچه‌ریش-دا له‌60% بووه‌، ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی که‌حکومه‌ت به‌بڕی 93 ملیار پاوه‌ند سپۆنسه‌ری بزنسی کردوه‌ به‌ئاسانیکردنی دانی باج، دووهه‌میش ‌داهاتی خه‌ڵکانی داهات که‌م به‌ڕێژه‌ی له‌10% له‌ژیانی فیعلیدا هاتۆته‌خواره‌وه‌. زیاتر له‌900 هه‌زار که‌س له‌سه‌ر سێنته‌ره‌کانی خواردن به‌خشینه‌وه‌ده‌ژین و که‌ئه‌م ڕێژه‌یه‌به‌بڕی له‌38% له‌چاو ساڵی پاردا ، 2014 ، سه‌رکه‌وتووه‌، ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی که‌جیاوازی نێوانی کرێ یاخود موچه‌ی پیاوان و ژنان دوای 70 ساڵ هێشتا ئه‌و که‌لێنه‌هه‌ر ماوه‌.

کاتێک که‌ئه‌و ئامار و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه‌ده‌بینین له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی که‌زیاتر له‌1.7 ملیۆن خه‌ڵکی له‌سه‌ر عه‌قدی زیڕۆ کۆنتراکته‌، واته‌نه‌بوونی هیچ کۆنتراکتێك له‌نێوانی ئه‌و خه‌ڵکانه‌و‌خاوه‌نکاره‌کانیاندا، بڕینی هه‌ندێك له‌بیمه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌یان ، فرۆشتنی موڵک و سامانی ده‌وڵه‌تی به‌خانوه‌کانی شاره‌وانیشه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی زیاتری ده‌وڵه‌مه‌ندان ، پانتربوونی که‌لێنی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران ، کاتێك ستانده‌ری ژیانی خه‌ڵکی له‌5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری خراپتره‌، کاتێك که‌ڕێژه‌ی خانوودار ( ئه‌وانه‌ی که‌له‌خانوی خۆیاندان به‌ڵام مه‌رج نییه‌به‌ بێ قه‌رزی عه‌قار بێت) له‌ 70% دابه‌زێت بۆ له‌64%. و ژماره‌ی ده‌رکراوان له‌خانوه‌کانیان له‌ڕۆژێکدا بچێته زیاتر له‌ 1000 و ته‌نها له‌نێوانی مانگی ته‌موز و سێبته‌مبه‌ری ساڵی پاردا، 2014 ،دا ژماره‌ی کرێچیانی ده‌رکراو گه‌یشتبێته‌11 هه‌زار و 2805 قه‌رزاری سلفه‌ی عه‌قار له‌3 مانگدا خانووه‌کانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت ، کاتێك که‌بڕی خێزانێك له‌خانویه‌کدا ، گه‌ر ژیان به‌م شێوه‌یه‌بڕوات، له‌کۆتایی ساڵی 2016 دا به‌بڕی 10 هه‌زار پاوه‌ن قه‌رزار بێت ، کاتێك که‌ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که‌داوای کرێی خانوو له‌ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن به‌بڕی 500 هه‌زار که‌یس چوبێته‌سه‌ره‌وه‌، کاتێك که‌له‌نێو گه‌نجانی ئیتنیکییه‌کاندا به‌تاڵه‌یی به‌ڕیژه‌ی له‌50% به‌رزبوبێته‌وه‌، کاتێك که‌کولفه‌ی گه‌وره‌کردنی منداڵێك له‌چاو ساڵانی پێشووه‌وه‌به‌بڕی 2 هه‌زار پاوه‌ند به‌رز بووبێته‌وه‌، کاتێك که‌پێنجیه‌کی کرێکارانی بریتانیا کرێ و موچه‌یان له‌ژێر کرێ و موچه‌ی بژێوییه‌وه‌بێت…… گه‌لێک به‌ڵگه‌و ئاماری دیکه‌…… کێ ده‌توانێت بڵێت ئه‌م قه‌یرانه‌قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌ ، کێ باوه‌ڕی وایه‌ که‌” قه‌یران بنچینه‌ی کۆمه‌ڵی بورجوازی ده‌له‌رزێنێ” و هی ئێمه‌نییه‌؟؟

ئه‌و کاته‌ی که‌ڕۆحی ڕه‌تکردنه‌وه‌و قبوڵنه‌کردنی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌مان به‌رزده‌بێته‌وه‌، کاتێك که‌به‌رهه‌ڵستی فرمانه‌کانی ده‌سته‌بژێر و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌بینه‌وه‌و به‌گژیاندا ده‌چینه‌وه‌و ده‌توانین خۆمان به‌خۆمان گۆڕانکارییه‌کان بکه‌ین ، کاتێك که‌ئاره‌زوی مه‌یلی یاخیبوونمان ده‌که‌ین و ڕاده‌په‌ڕین، کاتێك که‌به‌خۆمان ده‌زانین که‌چۆن به‌کارهێراوین و چه‌وسێنراینه‌ته‌وه‌ له‌ته‌ك هه‌بوونی مێنته‌ڵه‌تی به‌گژاچوونه‌وه‌، که‌ئه‌مانه‌زۆر گرنگن بۆ وه‌رچه‌رخاندنی ئه‌و قه‌یرا‌نه‌ی که‌ یه‌خه‌ی پێگرتوین به‌ئاقاری سیسته‌می هه‌نوکه‌یی ، ته‌نها ئه‌و کاته‌ده‌توانین ئازادانه‌به‌ده‌نگی زوڵاڵ و به‌رز بڵێین: قه‌یران قه‌یرانی کاپیتاڵیزمه‌، نه‌ك ئێمه‌ …

ئایا‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه‌؟ /1

به‌شی یه‌که‌م:
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن:

سیسته‌می سه‌رمایه‌داری  و  میدیاکه‌ی هه‌میشه‌ کاریان له‌سه‌ر چه‌واشه‌کاری و گه‌وجاندنی خه‌ڵک کردووه‌ ، نزیکه‌ی سه‌د ساڵه‌  سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی به سۆشیالیزم  به‌ ئێمه‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌‌، نزیکه‌ی 40 ساڵیشه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێران ڕوویدا به‌ شۆڕش به‌ ئێمه‌ی ده‌ناسێنن، ئه‌وه‌ی  که‌ له‌  وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کانی وه‌کو تونس و میسر و لیبیا و سوریادا ده‌گوزه‌رێ به‌”به‌هاری عه‌ره‌بی و به‌ شۆڕش” به‌ ئیمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن ، پتریش له‌ سه‌د ساڵه‌ ئه‌زمه‌ی خه‌ڵکی به‌ ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌داری  و  سیسته‌مه‌که‌ی ناوده‌به‌ن ، تاکو پێمان بڵێن ئه‌وه‌ی که‌ باجه‌که‌ی ده‌دات ئه‌وانن و  ژیانی ئێمه‌ هه‌ر  وه‌کو خۆی ده‌گوزه‌رێت و ئه‌وانن که‌ زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کین.
به‌ڕای من هۆکاری ئه‌مه‌ش  ئه‌وه‌یه‌  به‌شێکی زۆری ئێمه‌ ‌ ناتوانین ‌ سه‌ربه‌‌خۆیانه‌ ، ئازادانه،‌ بیربکه‌ینه‌وه‌ ، به‌واتایه‌کی دیکه‌ زۆربه‌ی وه‌خت ده‌که‌وینه‌ ژێر هه‌ژموونی میدیاوه‌ ، زۆربه‌ی کات به‌ مێشکی یه‌کێکی دیکه‌‌ بیرده‌که‌ینه‌وه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش لێکدانه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌کانمان بۆ زۆرینه‌یه‌ك له‌ دیارده‌  کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی و سیاسییه‌کان له‌ دیدی میدیای باو  و که‌سانی ناسراو و  توێژه‌ره‌وه‌ و ئه‌کادیمایای ئه‌و بواره‌وه‌یه‌‌ که‌ له‌سه‌ری ده‌نوسن و ده‌ده‌وێن ، ده‌یانبینین.
مارکس له‌ سه‌رده‌می خۆیدا تێبینی کردووه که‌‌ به‌ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن  که‌لێنی نێوانی قه‌یرانه‌ ئابورییه‌کان نزیکتر ده‌بنه‌وه‌ و درێژتریش ده‌بنه‌وه‌.  ڕه‌نگه‌ ڕۆژگارێکیش بێت ئه‌و که‌لێنه‌ی نێوانیان ته‌نها له‌ چه‌ند سالێکی که‌مدا ، خۆی بگرێته‌وه‌ .  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڕای من ئه‌وه‌ته‌ی‌  ئه‌زمه‌ په‌یدا بووه‌  تاکو هه‌نوکه‌ش‌ هه‌رگیز قه‌یرانه‌که‌ قه‌یرانی ئابوری سه‌رمایه‌داری وه‌کو سیسته‌م و سه‌رمایه‌داران به‌گشتی نه‌بووه‌، به‌ڵکو هه‌میشه‌  قه‌یرانی ئابوری ئێمه‌ بووه‌ ، هه‌میشه‌ پێگه‌ و ده‌سه‌ڵات و  ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێمه‌ له‌ ڕۆچوندا بوون و سه‌رمایه‌داریش وه‌کو سیسته‌م له‌ بره‌و و خۆڕێکخستنه‌وه‌ له‌ شێوه‌یه‌کی نوێ و  پته‌وتردا، بووه‌ ، هه‌میشه‌ قه‌یرانه‌کان ئێمه‌ی زیاتر  وه‌کو هێز ، بێ هێزتر و جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی که‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ، به‌هێزتر کردوه‌.
گه‌رچی ته‌واوی تیوره‌ سیاسییه‌که‌ی مارکس له‌ پراکتیکدا فه‌شه‌لی هێنا و به‌شێکیش له‌  لێدوان و شیکردنه‌وه‌ ئابورییه‌که‌شی  لای من جێگای سه‌رنجه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ مارکس ده‌رباره‌ی ئابوری وتویه‌تی ، هه‌رگیز نابێت سه‌رزه‌نشتبکرێت، چونکه‌ یه‌که‌م:  لێکۆڵینه‌وه‌کانی مارکس و تاووتوێکانی بۆ سیسته‌مه‌که،‌ پێناسه‌ی بۆ چینی کرێکاران بۆ  سه‌رده‌می خۆی بووه‌  که‌  سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئه‌و،  زۆر لاوازتر و  بزوتنه‌وه‌ی کرێکارانیش له‌ ئێستا  زۆر به‌هیزتر بووه‌ .  هه‌ڵبه‌ته‌  ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆی هه‌یه‌ .  دووهه‌میش:  من مارکس ناکه‌م به‌ خوا و په‌یامبه‌ر که‌ ئه‌وه‌ی ‌ ‌  له‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆیدا وتویه‌تی هه‌ر هه‌مووی بۆ ئێستاش و داهاتوش ، ده‌ستده‌دا ، ئه‌وه‌شی که‌ شێوازه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوای هه‌بێت نه‌ك هه‌ر  غه‌درێکی گه‌وه‌ره‌ له‌و پیاوه‌ ده‌کات به‌ڵکو سوکایه‌تیشی پێده‌کات،   خۆشی ته‌نها ‌‌ توتیییه‌كه،‌ نه‌ مرۆڤێکی ده‌ماخداری  بیرکه‌ره‌وه‌ به‌ مێشکی خۆی .
سه‌باره‌ت به‌م بۆچونه‌ی خۆم ته‌نها و به‌ ته‌نها من پشت به‌ دوو سه‌رچاوه‌ ده‌به‌ستم که‌ یه‌کێکیان واقیعی کۆمه‌ڵایتی و  ئابوری و سیاسییه‌ و ئه‌وی دیکه‌شیان به‌ڵگه‌ و ئاماره‌کانن .
لای من ئه‌م سیسته‌مه‌ ئابورییه‌ ئێمه‌ دروستمانکردوه‌ نه‌ك سه‌رمایه‌داری ، ئێمه‌ین ‌که‌ پاره ‌و خاوه‌ندارێتی  و سامان و هه‌موو پێداویستییه‌کانی ژیان دروستده‌که‌ین  نه‌ك سه‌رمایه‌داران و سه‌رمایه‌داری ، ئێمه‌ین که‌ به‌ بێ پاره‌ به‌ بێ هه‌بوونی موڵکییه‌تی تایبه‌تی به‌ بێ  سه‌رمایه‌داری ده‌توانین بژین و کۆمه‌ڵیش دروستبکه‌ین و پێویستیشمان به‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش ، نه‌بێت، به‌ڵام سه‌رمایداران هه‌رگیز ناتوانن به‌ بێ هێزی بازوی ئێمه‌ به‌ ته‌نها، ته‌نانه‌ت ده‌مارقاچانێکیش دروست بکه‌ن و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش بۆ چرکه‌یه‌ك به‌رقه‌رار بێت،  ئێمه‌ین که‌ بکه‌ری یه‌که‌مین و ئه‌وانیش بخۆر و ته‌واکه‌ری ئامانج و  ته‌ماحه‌کانی خۆیان .  لیره‌وه‌ ده‌مه‌و‌ێت بڵێم ئیمه‌ین که‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مانێکدا سیسته‌می ئابوریمان ڕاگرتووه‌ نه‌ك سه‌رمایه‌داران، هه‌ر به‌م هۆکاره‌ش که‌‌ درزێك، کونێک ، داڕمانی لایه‌کی ئه‌م سیسته‌مه‌  ڕووده‌دات، ئێمه‌ین  زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م، نه‌ك سه‌رمایه‌دار به‌ گشتی و  سیسته‌مه‌که‌ی.
قه‌یرانی ئابوری چییه‌؟
پێناسه‌ی فه‌رهه‌نگی  ئۆکسفۆرد بۆ قه‌یرانی ئابوری ” بارودۆخێکه‌ که‌ وڵاته‌که ‌له‌ پڕێکدا به‌هۆی قه‌یرانی دراوییه‌وه‌ توشی ها تنه‌وه‌یه‌كده‌بێت.  ئابورییه‌ك که‌ ڕووبه‌ڕوی قه‌یرانی ئابوری  ده‌بێته‌وه‌ به‌زۆری داهاتی نه‌ته‌وه‌یی داده‌به‌زێت، که‌مبوونه‌وه‌ی به‌گه‌ڕخستنی پاره‌ و سامان له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ و دابه‌زینی نرخه‌کاندا به‌هۆی هه‌ڵئاوسان و پووکانه‌وه‌ی پاره‌وه‌ ،   قه‌یرانی ئابوری ده‌توانێت له‌ فۆرمی مه‌نگی و سستی و بێ جووڵه‌ییدا خۆی ببینێته‌وه‌ ، ئه‌وکاته‌ش به‌ قه‌یرانی ڕاسته‌قینه‌ی ئابوری ناوده‌برێت”
پیناسه‌ی گووگڵ بۆ قه‌یرانی ئابوری به‌م شێوه‌یه‌:   “چونه‌‌یه‌کی، کرژی ئابورییه‌ ، به‌شێك له‌ ده‌ورانی ئابوری ،( که‌ هه‌ندێك جار  به‌ ده‌ورانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی) ناو ده‌برێت.  له‌ بریتانیاش پێناسه‌ بۆ ئه‌م قه‌یرانه ‌‌ گه‌شه‌‌کرنی سلبیانه‌ی ئابورییه‌ له‌ دوو  چاره‌کی یا دوو وه‌رزی یه‌ك به‌داوی یه‌کی ساڵێکدا.  پێناسه‌ی کرژی یا چونه‌وه‌یه‌کی ئابوری کارایی که‌متره‌  ‌ له‌ قه‌یران، قه‌یرانی ئابوری  ” …..  ” بارودۆخێکه‌ که‌  ئابوری وڵات ڕووبه‌ڕوی کرژبوونه‌وه‌یه‌کی کوتوپڕی  قه‌یرانی ئابوری ببێته‌وه‌ ‌ یاخود به‌ هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌یه‌ ‌” . زۆرینه‌یه‌ك له‌ ئابوریناسان ده‌ڵێن ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ئێستا ، خراپترین قه‌یرانێکه‌ که‌ جیهان له‌ سه‌رده‌می سستییه‌   (رکود) گه‌وره‌که‌ی سا ڵی 1930 وه‌ ، نه‌یبینیوه‌ .
پێناسه‌ی کارڵ مارکسیش بۆ قه‌یرانی ئابوری ، ده‌ڵێت ” کاپیتاڵیزم، سیسته‌مه‌ێکی ئابورییه‌ که‌ قه‌یرانه‌کانی به‌ میراتی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، هێزی پاڵپێوه‌نه‌ری ئه‌مه‌ش نائارامی و  پشێوی و  خۆوێرانکردنه‌.”  مارکس و ئینگلس له‌ به‌یاننامه‌ی کۆمۆنیستدا ،  ده‌ڵێن ” کۆمه‌ڵێك که‌ ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی  به‌ شێوه‌یه‌کی موعجیزانه‌ خولقاندووه‌   ، وه‌کو ساحرێك  به‌ شیوه‌یه‌کی ساحیرانه له‌گه‌ڵ وزه‌ی جیهانێکی ‌ شاراوه‌دا مامه‌ڵه‌ ده‌کات ‌ که‌ دواتر ‌ ده‌سه‌ڵاتی  به‌سه‌ر ئه‌م هێزه‌دا نامێنێت”   لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ :  ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌وه‌ ڕویداوه‌؟!!  ئایه‌ ڕاسته‌ که‌  بورجوازییه‌ت توانای ده‌سه‌ڵاتی له‌ ده‌ستداوه‌ ؟!!  دوای 170 بۆ 180 ساڵ له‌ دوای ئه‌و قسه‌یه‌ له‌کوێدا ڕویداو  نه‌توانرا کۆنترۆڵبکرێته‌وه‌؟!!
له‌ شوێنێکی دیکه‌دا مارکس جه‌ده‌لی ئه‌وه‌ ده‌کات  که‌ قه‌ یران” له‌ شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌که‌یدا  زۆرترین مه‌ترسی خاپورکردن و وێرانکردنی ، هه‌ڵگرتووه‌ ، هه‌روه‌کو بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بناغه‌ی  کۆمه‌ڵی بورجوازی، ده‌له‌رزێنێت”  بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانین پرسیاری ئه‌وه‌ بکه‌ین : ئایا به‌ڕاستی کام بومه‌له‌زه‌  بنچینه‌ی کۆمه‌ڵی بورجوازی له‌رزاند؟!! ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ ئاشکرا مارکس مه‌به‌ستی له‌ قه‌یرانی خودی سیسته‌مه‌که و کۆمه‌ڵی بورجوازییه‌.
پێناسه‌ جیاجیاکانی قه‌یرانی ئابوری هه‌رچۆنێك بنوسرێت، چۆن ڕویدابێت هێشتا لای  پۆزشکارانی کاپیتاڵیزم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد  که‌  سستی ( رکود)  هه‌رگیز  ڕوونادات و سوڕی بره‌و و  مه‌وجدانه‌وه‌ ( مه‌وجدانه‌وه‌ی شمه‌ك) و  کرژبوونه‌وه‌ی له‌  بزنس و بازرگانی ، له‌ناوبراون و به‌سه‌رچوون .
مارکس  هۆکاره‌کانی قه‌یران به‌ زۆری ‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ  زێده‌ به‌رهه‌م،  دابه‌زینی توانایی  کڕین ،  پشێوی و نائارامی خودی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری .  ئه‌و ده‌ڵێت ”  سستی،  مه‌نگی بێ جووڵه‌یی   له‌ به‌ر هه‌مهێناندا  – له‌ بارودۆخێکی  دیاریکراوی ناوخۆی سیسته‌می کاپیتاڵیزمدا – حاله‌تی گه‌شه‌کردن و فراوانی به‌رهه‌م ، به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێته‌وه‌ ، به‌م شێوه‌یه‌ش سوڕه‌که‌ش نوێ ده‌بێته‌وه‌ ”     ‌
لای مارکس و ئینجلس تاکه‌ حه‌لی ئه‌م قه‌یرانه‌ پلانی دیمۆکراتی ئابوریانه‌یه‌- سۆشیالیزم، ده‌ڵێن  ”  گه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ران داخوازی  مشته‌رییه‌کان بزانن‌ ، گه‌ر له‌ نێوانی خۆ یاندا   به‌رهه‌مه‌کانیان ڕ ێکبخستایه‌ ، گه‌ر  به‌رهه‌مه‌کانیان هاوبه‌ش (شه‌یر) بکردایه‌ ، ئه‌وا  هه‌ڵگه‌ڕ ان و داگه‌ڕانی ‌ ( ته‌قه‌لوبات) ڕکه‌به‌ری ، ململانێی  کاپیتاڵیزم و  مه‌یلانه‌که‌ی به‌ره‌و قه‌یران، مه‌حاڵ (موسته‌حیل)  ده‌بوو .   به‌رده‌وامبونی به‌رهه‌مهێنان به‌ هۆشمه‌ندییه‌وه‌  وه‌کو مرۆڤ، نه‌ك  وه‌کو پرژ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئۆتۆمێك.  به‌ بێ ئاگایی خۆت ، ئه‌وا   زاڵده‌بوویت به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ی که‌ دروستکراون  له‌ته‌ك ئه‌م هه‌موو ناکۆکیانه‌دا،که‌ ناتوانرێت به‌رگریی لێبکرێت .  به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تۆ  تا ئێستاش ناهوشیارانه‌ به‌رده‌وامبیت له‌  به‌رهه‌مهێنان، به‌ ڕێگایه‌کی بێ پلانانه‌ و بێ بیرکردنه‌وه‌ ،‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی به‌ختدا …قه‌یرانه‌کان ده‌مێنن و  سنوری هه‌ر یه‌ك له قه‌یرانه‌کانیش زیاتر  گه‌ردوونی ( که‌ونی ) ده‌بێت‌  هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌و خراپتر ده‌بێت له‌وه‌ی پێشو  و ده‌بێته‌ هۆی هه‌ژارکردنی کۆمه‌ڵێکی زۆری سه‌رمایه‌داره‌ بچوکه‌کان…..ژما ره‌یه‌کی  زۆریش له‌و  چینه‌ی که‌ له‌سه‌ر هێزی کاری خۆیان ده‌ژین”   ‌ ‌
گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌  ئاژاوه‌ و پشێوی (فه‌وزای) شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی   که‌ ناکۆکن به‌ هێزی به‌رهه‌مهێنان، قه‌یران به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت، که‌ سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌  ڕوت و  ڕه‌جاڵکردنی زۆرینه‌مان و  خڕبوونه‌وه‌ی پاره‌ و سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌  به‌ هه‌موو شێوه‌کانییه‌وه‌ له‌ چنگی خه‌ڵکانێکی زۆر که‌مدا.
گه‌ر  هۆکاری سه‌ره‌کی  قه‌یران مه‌وجدانه‌وه‌ی شمه‌ك و کاڵاکان بێت له‌ بازاڕه‌کاندا و  ئه‌وه‌ش ببێته‌ هۆی خولقاندنی سستی ئابوری، ئه‌وا له‌ ئێستادا به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیاو  خۆڕێكخستنه‌وه‌ و پلانکردنی پێشواده‌  تا ڕاده‌یه‌كی زۆر  ده‌توانرێت پێش به‌و  مه‌وجدانه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌ و  شمه‌كانه‌ بگیرێت.  له‌ ئێستادا هه‌ر یه‌ك له‌ کۆمپانیا و  کارگه‌ و  شۆپه‌ گه‌وره‌کان به‌ کلیکێکی سه‌ر کۆمپیوته‌ره‌کانیان  له‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کدا ده‌توانن له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه‌دا که‌ لقیان ( فه‌رعیان)  هه‌بێت بزانن چه‌ند له‌ کاڵاکانیان نێردراوه‌ بۆ ئه‌وێ، ژماره‌ی کرێکارانیان ، بڕی فرۆشتنیان، جۆری کاڵای فرۆشراویان ، زۆر و که‌می موشته‌رییان ، ته‌نانه‌ت چه‌ندایه‌تی  مانگی یا خود وه‌رزی فرۆشتنیان له‌ که‌یدا له‌ بره‌ودایه‌ و که‌نگێ له‌ کزیدایه‌.   به‌م هۆیه‌شه‌وه‌  ده‌توانرێت  لانی که‌م  پلان بۆ ماویه‌کی که‌م سه‌باره‌ت به‌هه‌ر  لقێکی فرۆشگاکانیان ، بازاڕه‌کانیان بکه‌ن به‌ پێیی که‌م و زۆری  فرۆشتن که‌ لێره‌شه‌وه‌ ده‌توانن که‌ بزانن چه‌ند کرێکار و کارمه‌ندیان ده‌وێت، تێچونی (کولفه)‌ی مانگ و ساڵیان و  زه‌ره‌ر و قازانجیان چه‌ند ده‌بێت.    ئێستا سه‌رده‌م و چه‌رخه‌کانی کۆن نین تاکو سه‌رمایه‌د‌اری ده‌سته‌پاچه‌ بێت ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ هه‌نووکه‌  قه‌یرانه‌کان زیاتر له‌ بواری داراییدا ڕووده‌ده‌ن تاکو  مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و  بزنس، گه‌ر چی کۆتاییه‌که‌ی به‌ ‌ ‌ قه‌یرانی ئابوری دێت.
ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا لای من گرنگه‌ مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی قه‌یرانه‌کان نین ، به‌ڵکو هه‌ژموون و کارایی قه‌یرانه‌کانن  له‌سه‌ر هه‌ره‌ زۆرینه‌که‌مان .  چونکه‌ ڕاسته‌ لێره‌و له‌وێ چه‌ند سه‌رمایادارێک و چه‌ند کۆمپانیا و بانقێك هه‌ره‌سده‌هێنن و مایه‌پوچده‌بن ، به‌ڵام سیسته‌مه‌که‌ به‌گشتی به‌پێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و پته‌وتر  و به‌هێزتر خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌ ، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك دێت و ده‌ڕوات به‌ڵام له‌ سه‌ری ئێمه‌دا ده‌شکێته‌وه و سه‌رمایه‌داری  و سیسته‌مه‌‌که‌ی ته‌نها ڕووبه‌ڕووی چه‌ند له‌رزینێکی که‌مده‌بنه‌وه‌ ‌‌ .
وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ وتم  چونێتی دروستبوونی قه‌یرانه‌کان ‌ گرنگ نییه‌ ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ ئه‌ژموون و کارایییه‌کانێتی که‌ به‌گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌  ( ته‌قه‌شوف) ناسراوه، کۆتایی دێت.

درێژه‌ی هه‌یه‌…

یەکسانی لە ملهوڕیی و ئازادی لە سێکسفرۆشیدا

هەژێن

١٢ی ئۆگوستی ٢٠١٥

بابەتێك بۆ مشتومڕ و ئاڵووێری بۆچوون

ئەم ڕۆژانە میدیای دەوڵەتانی ئەوروپی ناوبەناو دوو بابەت دەوروژێنێت، کە بریتین لە دابەزاندنی یەکسانی ڕەگەزیی [ژن و پیاو] تا ئاستی یەکسانی هەژماری ژنان لەتەك هەژماری پیاوان لە دەسەڵات و پلەکانی بەرێوەبردندا، هەروەها دابەزاندنی ئازادی تا ئاستی یاساییبوونی سێکسفرۆشیی ژنان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر لەو دەوڵەتانەدا کرێی کاری ژنان بەراورد بە کرێی پیاوان لە هەمان پیشە و بواردا نزیکەی لەسەدا بیست و پێنج ٢٥% کەمترە و دەوڵەت و سەرمایەداران بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین مل بە سێنتێك/ پێنسێك زیادبوونی یەکسانی ئابووریی نێوان ژنان و پیاوان بدەن و سیناریۆکەیان تەنیا یەکسانی دەسەڵاتداربوون و چەوسێنەربوونە بۆ ژنانی دەستەبژێر و دارا، تاوەکو باشتر بتوانن وەك پیاوانی دەسەڵاتدار و دارا ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش وەك پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش بچەوسێننەوە.

لەبارەی پرسی دووەمەوە، کە بێڕێزییکردنە بە مرۆڤبوون و پیشێلکردنی هەست و سۆز و دەروونی ژنان، لەجیاتی ئەوەی ئەو بێڕێزییە یاساخبکرێت و لە بەرانبەردا کار و پیشە و خولی تایبەت بۆ پەروەردەکردنی توانانییەکانی ژنان لە بواری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بکەنەوە، بۆرجواکان هەوڵی یاساییکردنی بێڕێزی بە مرۆڤبوونی ژن دەدەن. هەرچەندە تا ئێرە ئاساییە و سەروەری و یاسا و هەوڵی ڕامیاران و سەرمایەداران تەنیا بۆ کۆیلەڕاگرتنی مرۆڤە بەهەر بیانوویەك و شێوەیەك بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، ئەوەیە کە بەداخەوە لەو بارەوە هەندێك لە ژنان بەناوی یەکسانیخوازیی و بەشێك لە کۆمونیستەکانیش لایەنگریی لەو هەوڵەی بۆرجوازی دەکەن، کە لە بنەڕەتدا شانخاڵێکردنە لە وەڵامدانەوە بە بێکاریی ملیۆنی ژنان، هەوڵدانە بۆ ڕاگرتنی ژنان لەو پلەچەندییەی کە ئایینەکان بۆ ژنیان دیاریکردووە و بریتییە لە ئامرازبوونی ژن بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆش و هەوەسبازیی پیاوان.

پرسیار لەبارەی پرسی یەکەمەوە:

ئایا جیاوازی لەنێوان ئەوەدا هەیە، کە چەوسێنەر و سەرکوتگەری ژنان خودی ژنان بن یا پیاوان؟

ئایا یەکسانی دەسەڵاتداربوونی ژنان هیچ لە ناڕەوایی دەسەڵاتداریی و ملهوڕیی سەروەریی دەگۆڕێت؟

پرسیار لەبارەی پرسی دووەمەوە:

– ئایا جیاوازی پیاوانێك کە بە دەسەڵاتی پارە دەچنە سێکسفرۆشییەکان و هەست و نەستی ژنان دەکەنە کۆیلەی وەڵامدانەوە بە هەوەسبازیی خۆیان لەتەك ئەتککردنی ژنان لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتدار و جەلاد و نەخۆشەوە هەیە؟

– ئایا هیچ بنەمایەکی ئازادیخوازیی هەیە، کە پشتیوانی لە یاساییکردنی پلەچەندبوونی ژنان بکات؟

– ئایا یاساییکردنی سێکسفرۆشی گەڕانەوە نییە بۆ سەر هەمان بنەمای ئایینی، کە ژنان بە ئامێرێك بۆ دامرکاندنەوەی هەوەسبازیی و ئاڵۆشی پیاوان دەزانێت؟

ملکه‌چی و گوێڕایه‌ڵی

هاوڕێ سیروان

ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وانه‌ ناگرێته‌وه‌، که‌ خۆیان خۆیان به‌ چه‌پ، سۆسیالیست یا کۆمۆنیست ده‌زانن، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی لێی بزانن، یا کرێکارێک بیانناسێت، یا کرێکارێک بناسن، به‌ڵکو زیاتر په‌یوه‌ندی به‌و گه‌نجانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ هێشتا ته‌وراتی به‌لشه‌فیکه‌کان (ماالعمل) ژه‌نگی به ‌مێشكیان هه‌ڵنه‌هێناوه‌. گه‌نجانێک که‌ ساڵانێکی دوورودرێژه،‌ به‌رده‌وام، خۆیان به‌ره‌وڕووی چه‌نده‌ها پرسیاری گرنگ و هه‌ستیار کردۆته‌وه‌، که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌ بزووتنه‌وه‌ی خۆخۆیی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام و بێ ماندووبوون گه‌ڕاون تا وه‌ڵامه‌کانیان ده‌ست که‌وتۆته‌وه‌ و پرسیاری گرنگ و هه‌ستیار لایان ئه‌وه‌ بووه‌: ئایا ڕێکخراوی ئه‌ستوونی کارگه‌یی (=خاوه‌نکار، جێگری خاوه‌نکار، ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن، سه‌رکاره‌کان، کرێکاران.). ئه‌مانه‌، که ‌له‌ ڕێکخراوی ئه‌ستوونی کارگه‌ییدا ده‌بنه‌ (=سکرتێر، جێگری سکرتێر، ده‌سته‌ی باڵا، کادره‌به‌رزه‌کان، ملکه‌چپێكراوه‌کانی خواره‌وه‌.). پرسیاری ئه‌وه‌شیان له‌ خۆیان کردووه‌: ئایا جۆرێکی تر له ‌ڕێکخستن، جگه‌ له‌و جۆره‌ ڕێکخستنه‌ سه‌ربازییه‌، هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بوترێت و جێگه‌ی داخه‌ که ‌ڕوویداوه‌، هه‌ندێ جار گه‌نجان تووشی نائومێدی بوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ‌هۆی خۆی هه‌یه‌ و به‌ ڕای من هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌و نائومێدییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، به ‌ته‌نهایی و دابڕاو له‌ مه‌سه‌له‌ فکرییه‌کانی تر دیراسه‌ كراون. واته‌ گوێ به‌وه‌ نه‌دراوه‌ که ‌ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێت له ‌ناوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ فکرییه‌کانی تری ئه‌و بواره‌دا دیراسه ‌بکرێت و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ری وه‌ربگیرێت. ده‌توانین ئه‌و مه‌سه‌له‌ فکرییانه‌ی تر، له ‌دوو خاڵی سه‌ره‌کیدا چڕ بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌که‌م: ڕێکخراوێکی شۆڕشگێرمان بده‌نێ، ڕووسیا هه‌ڵده‌گێڕینه‌وه‌. لینین

دووه‌م: بزووتنه‌وه‌یه‌کی شؤڕشگێڕ نییه،‌ به‌بێ تیۆرییه‌کی شۆڕشگێڕ. لینین

ئه‌گه‌ربه ‌وردی بڕوانینه‌ ئه‌و دوو هاوکێشه‌ لینینییه‌، له‌ هاوکێشه‌ی یه‌که‌مدا؛ باس باسی ڕۆڵی ڕێکخراوه‌، نه‌ک چینێکی شۆڕشگێڕی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی. بێگومان مه‌به‌ست له ڕێکخراویش ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ که ‌له‌سه‌ر بنه‌ما لینینیه‌کانی (ماالعمل) بنیات نراوه‌، واته‌ ناوه‌ندێتیی دیمۆکراسی بڕبڕه‌ی پشتیه‌تی، ملکه‌چیی خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ و جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی به‌بێ چه‌ندوچۆن، ڕێنوێنیکردن و په‌روه‌رده‌کردنی خواره‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جێبه‌جێ بکه‌ و دوایی بدوێ، سه‌رشۆڕکردنی که‌مایه‌تی بۆ زۆرینه! ئه‌وانه‌ هه‌موویان له‌گه‌ڵ به‌ له‌‌به‌رچاوگرتنی ئیمتیازه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. دوای ئه‌وه‌ ئه‌مجا باسی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی کراوه‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕووسیا. هاوکێشه‌ی دووه‌میش، باش دیاره‌ که ‌له‌سه‌ر ته‌وقی سه‌ر ڕێ ده‌کات، وه‌کو بڵێیت که‌ینونه‌ سه‌رچاوه‌ی هۆشمه‌ندی نییه ‌و دیاری ناکات! بێگومان له‌وێشدا مه‌به‌ست له‌ بزووتنه‌وه؛‌ بزووتنه‌وه‌ خۆخۆییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان نییه‌ و هه‌ر مه‌به‌ست له‌ ڕێکخراوی ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی شۆڕشگێره؛ ڕێک‌ وه‌ک وه‌سفه‌که‌ی (ماالعمل)!

له‌و باوه‌ڕه‌دام تا ساته‌کانی نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ گه‌نجانی شۆڕشگێڕی ئازادیخواز، به‌ هه‌ڵپه‌ له‌ناو لاپه‌ره‌کانی مێژوودا به‌ دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌رێن، تا بزانن له‌ کوێ و كه‌ی؟ ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ گۆڕانکارییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجام داوه‌! گه‌نجان نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ نادۆزنه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ش نادۆزنه‌وه‌ که‌ ڕێکخراوێک توانیبێتی ببێته‌ وزه‌به‌خشی مانگرتن و خۆپیشاندانیکی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی سه‌رانسه‌ری له‌ هیچ جێگه‌یه‌ک. گه‌نجانی شۆڕشگێڕی ئازادیخواز به‌ هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان و له‌به‌ر تیشکی ڕووداوه‌ مێژووییه‌کاندا بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ ده‌توانرێت جۆرێکی تر له‌ ڕێکخستن هه‌بێت، جیاواز له‌ ڕێکخستنی ئه‌ستوونی کارگه‌یی؛ ڕێکخستنێک که‌ که‌س تێیدا سه‌ری گه‌وره‌ی که‌س نه‌بێت، که‌س لغاوکراو و ملکه‌چی که‌س نه‌بێت، ڕێکخستنێک که ‌بتوانێت به‌بێ لووتبه‌رزی و فیز و پۆزلێدانی پێشڕه‌وایه‌تییه‌وه‌‌ تێکه‌ڵ به ‌بزووتنه‌وه‌ی خۆخۆیی شۆڕشگێڕی کرێکاران و زه‌حمه‌تکیشان ببێت.

مێژووی ڕه‌تکردنه‌وه ‌و یاخیبوون له ‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ناو ڕێکخستن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می درووسبوونی ئومه‌مییه‌ی یه‌که‌م، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ده‌مه‌ که‌ کۆڕی گشتیی ده‌سته‌ی باڵای ئومه‌مییه‌ی یه‌ک له‌ کۆنگره‌ی (لاهای)دا داوای ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ده‌کات و ده‌خوازێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ چڕتر و ناوه‌ندیتر بێت. ئه‌و بۆچوون و داوایانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ له‌ شۆڕشگێڕانه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌کرێنه‌وه‌ و لێیان یاخی ده‌بن، چونکه‌ ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ لایان وا بووه‌ که‌ ئه‌و کاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری له ‌کاری ڕێکخستندا زیاتر هیچ ئه‌نجامێکی تر نادات به ‌ده‌سته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و زۆران و ململانێیه‌ به‌رده‌وام تینی ده‌سه‌ند وتینی زیاتر بوو به ‌ده‌رکرنی کتێبی (ماالعمل) و فه‌رزکردنی. ئه‌و خه‌باته‌ ئازادیخوازه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ تیر و تانه‌ی زۆری لێ ده‌درا و به ‌به‌ره‌ڵایی و گیره‌شێوێنی ناو ده‌برا، تینی دانه‌مرکایه‌وه‌ و هه‌ر به‌رده‌وامه ‌و وا ئه‌مرۆ به‌ به‌رچاوی خۆمانه‌وه‌ له‌ ده‌رگای کوردستانی داوه‌ و گه‌نجێکی زۆر له‌ خه‌باتدان تا ڕزگاریان بێت له‌ کۆیله‌یی ده‌سه‌ڵاتی ڕێکخستنی ئه‌ستوونی کارگه‌یی، که‌ زیاتر له 80 ساڵه‌ باڵی ڕه‌شی کێشاوه‌ به‌سه‌ر مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا، ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا گرنگ و په‌له‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئازادیخوازان بتوانن‌ یه‌کتر بدۆزنه‌وه‌ بۆ خۆڕێکخستن و تێکه‌ڵبوون به‌ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی خۆخۆیی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکیش و به‌شمه‌ینه‌تان، نهک ‌بۆ پێشڕه‌و‌یکردنی به ‌ناوی پێویستیی مێژوویی ده‌سبژێری پێشڕه‌وی هۆشمه‌نده‌وه‌!

نابێت لێگه‌ڕێین کۆبانی و کانتۆنه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاوا له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی جیهاندا، نوشستبهێنن / ٣

                                                                                                                                                زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

                                                                                                                                                27/05/2015

 

به‌شی سێهه‌م و کۆتایی:

کۆبانی و ئاوادانکردنه‌وه‌ی:‌‌     ‌ ‌‌ ‌

پاش بردنه‌وه‌ی جه‌نگ و به‌زاندنی داعش و حکومه‌تی تورکی ، کۆبانی توانی له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی یه‌که‌میدا ده‌رچێت و سه‌رکه‌و توانه‌ له‌ جه‌نگه‌که‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ . گومانی تیادا نییه‌ به‌شداریکردنی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ ڕێگای ئاسمانییه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ بوو که‌ زانییان یا کۆبانی ناکه‌وێت یا که‌ که‌وت ته‌نها گیانله‌به‌رێكیش به‌ زیندوویی تیایدا ڕزگاری نابێت ئه‌و‌ کاته‌ش ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شی نێو ته‌وێڵی ئه‌وه‌ی که‌ پێیده‌ڵێن ” کۆمۆنێتی نێوده‌وڵه‌تی” بۆیه‌ به‌ ناچاری به‌شدارییان له‌ دژی هێزه‌کانی داعش،کرد.

گه‌رچی بوونی جه‌نگ و گه‌مارۆی ئابوریانه کاراییه‌کی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و‌ چه‌ند ملیۆن خه‌ڵکه‌ی ئه‌و سێ کانتۆنه‌ داناو تا ئێستاش و ڕه‌نگه‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی دووریش هه‌ژموونی خراپی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ بهێڵێته‌وه،‌ به‌ڵام به‌ڕای من هه‌ر ئه‌و دوو ڕوداوه‌ بوون که‌ ڕۆڵێکی یه‌کجار گه‌وره‌شی له‌ مانه‌وه‌ی هه‌موو ڕؤژاوادا ، گێڕا.

جه‌نگی کۆبانی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر کۆبانی به‌ڵکو هه‌موو ڕۆژاوا به‌ جیهان به‌ گشتی و سه‌رجه‌می چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نقابییه‌کان و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی دوونیا بناسێنێت. بوه‌ هۆی ڕا کێشانی سۆزو خۆشه‌ویستی و هاوکاری و یارمه‌تی خه‌ڵکانێکی زۆر تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به‌ سه‌ده‌ها که‌س له‌ شوێنی جیاجیاوه‌ به‌ره‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ ملیان ناو له‌ ڕیزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌دا له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه، دژی داعش ده‌جه‌نگان که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی گیانبه‌ختکردنی گه‌لێکیاشیان. هاوکاتیش به‌ سه‌ده‌های دیکه‌ ڕویانده‌کرده‌ ئه‌وێو له‌ بواره‌کانی میدیا و کاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌دا به‌شدارییان ده‌کرد.

گه‌مارۆدانی ئابوریش له‌ لایه‌ن تورکیا و هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ ، ئه‌میش دیسان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی بینی له‌ مانه‌وه‌ ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ دیمۆکراتییه‌کانی ڕۆژاوادا، له‌ دروسنه‌بوونی ژینگه‌ی گه‌نده‌ڵیی. ئه‌م گه‌مارۆ ئابورییه‌ وای له‌ کۆمه‌ڵیی کوردی له‌وێ کرد که‌ بڕوای ته‌واو بکه‌نه‌ سه‌رخۆیان له‌ کاروباری ڕۆژانه‌ و قایلبووون به‌ ژیانێكی ساکار و ساده، له‌‌ له‌ده‌ستنه‌دانی گیانی هاوکاری و ڕۆحی یارمه‌تیدانی یه‌کدی و کردنی کاری هه‌ره‌وه‌زی و خۆبه‌خشی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ‌ خۆشه‌ویستی بۆ پاره‌ و کۆکردنه‌وه‌ی و ملشکاندنی یه‌کدی له‌ پێناوی ده‌ستکه‌وتنیدا. به‌ کورتی گه‌مارۆی ئابوری بوه‌ هۆی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مرۆیانه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵێکی سه‌ره‌تایی، چاوه‌ڕوانی لێده‌کرێت.

ئیستاش ، پاش قۆناغی جه‌نگ و گه‌مارۆ ، پاش ده‌ستپێکردنی قۆناغی دووهه‌م که‌ قۆناغی ده‌ستپێکردنی تاقیکردنه‌وه‌ی دووهه‌مه و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار سه‌خته‌‌ ، قۆناغی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و ڕه‌نگڕشتنه‌ بۆ ئابوری داهاتوی نه‌ك هه‌ر کۆبانی به‌ڵکو هه‌موو ڕۆژاوا، که‌ ئه‌م قۆناغه‌ش له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ی کۆبانییه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. قۆناغی مردن و ژیانه‌وه‌ی ڕۆژاوایه‌، قۆناغی به‌ره‌وپێشه‌وچوون یا تێشکانی ئه‌و شۆڕشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ که‌ نزیکه‌ی 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستی پێکرد ، قۆناغی دستپێکردنی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ مه‌زنه‌یه‌ ( هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ شێوه‌ی میکانیکیانه‌دا نا) یاخود هه‌ڵکێشانی هه‌ناسه‌ی ساردی بێ ئومێدییه‌ .

دروستبوونه‌وه‌و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی به‌ ڕێگایه‌ك له‌ ڕێگاکان به‌ره‌ و یه‌کێك له‌و‌ ئاقارانه‌ی سه‌ره‌وه‌مان ده‌بات، بۆیه‌ سه‌رکه‌وتن و داڕوخانی سه‌رجه‌می ڕۆۆژاوا له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕێگایه‌ك له‌ ڕێگاچاره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی-دا ، له‌نگه‌ر ده‌گرێت.

به‌ڕای من ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ی کۆبانی به‌گرتنه‌به‌ری ‌ یه‌کێك له‌م ڕێگایانه‌ی خواره‌وه‌ ڕووده‌دات:

یه‌که‌م: له‌ ڕێگای گه‌وره‌ کۆمپانییه‌کانی جیهانی و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌کو : سندوقی دراوی نێو ده‌وڵه‌تی ، بانکی جیهانی و بانکی نێوه‌ندی ئه‌وروپی . بێگومان گرتنه‌به‌ری ڕێگایه‌کی ئاوا ته‌نها و به‌ ته‌نها به‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و حکوموته‌ ملهوڕه‌کانی ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ سه‌پاندنی هه‌لومه‌رجێکی   یه‌کجار سه‌ختی وه‌کو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئه‌فه‌ریقادا، ده‌یانبینین‌.

دووهه‌م: له‌ ڕێگای یارمه‌تی و هاوکاری نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ به‌شداریکردنی چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و سه‌ندیکالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازان و هه‌ندێ له‌ ده‌زگه‌ و ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کانه‌وه‌یه‌ . گه‌رچی ئه‌م ڕێگایه‌ درێژخایه‌نه‌ و پرۆسه‌یه‌کی یه‌کجار دوورودرێژه‌ ، به‌ڵام تاکه‌ ڕێگایه‌که‌ ‌ که‌ ده‌ستی کۆمپانیا و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی جیهانی تیادا کۆتا بکرێت و خواست و هیوایانی تیادا زینده‌ به‌چاڵبکرێت.

سێهه‌م: له‌پاڵ ڕێگای سێهه‌مدا تووله‌ڕێگایه‌کی دیکه‌ش هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش به‌ قۆنته‌راتدانی هه‌ندێك پرۆژه‌یه‌ به‌ چه‌ند کۆمپانیایه‌ك له‌ ‌هێنانی ماتیریاڵ و خه‌ڵکانی پسپۆڕ، به‌ڵام به‌کاری هه‌ره‌وه‌زی خه‌ڵکی خۆی ئه‌و پڕۆژانه‌ جێبه‌جێ بکرێت و له‌ژێر چاودێرییه‌کی وردو هه‌مه‌ لایه‌نانه‌دا کاره‌کانیان ته‌واو بکه‌ن و بارگه‌ و بنه‌یان بگێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ لێوه‌ی هاتوون.

ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی له‌ ڕێگای یه‌کێك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ دستنیشانی ئابوری داهاتوی نه‌ك هه‌ر کۆبانی به‌ڵکو هه‌ر هه‌موو ڕۆژاوا ده‌کات ، ده‌توانیت ئه‌و به‌رنامه‌ ئابورییه‌ی که‌ له‌ ئێشتادا کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت بخرێته‌ گه‌ڕ.

بێگومان له‌ ئێستادا وتووێژێکی زۆر له‌ ننێوانی سیاسییه‌کان و ئابوورییناسه‌کان و خودی خه‌ڵکانی کۆبانیدا ‌ له‌سه‌ر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی، به‌رده‌وامه و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌شدا کۆنفرانسێکی دووڕۆژی له‌ شاری ئامه‌د هه‌ر بۆ تاووتوێکردنی ئه‌و کێشه‌یه، گیرا‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا تا ئێستا بڕیارێکی ئاوا نه‌دراوه‌ له‌ چونێتی ئاوه‌نداکردنه‌وه‌ی کۆبانی دا. منیش بۆخۆم کاتێك که‌ له‌وێ بووم چه‌ند له‌دووچوونێکی ئه‌و باسه‌م کرد به‌ڵام هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ دیتمن نکوڵی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ مل بۆ فشاری ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و کۆمپانیه‌کانیان   بدرێت. ئه‌وان ده‌یانوت که‌ به‌ فه‌رمی ئه‌و داخوازییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌.

نه‌دانی بڕیارێك که‌ له‌ به‌رژوه‌ندی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان و ده‌زگه‌ درواییه‌کانیان بێت سه‌باره‌ت به‌ ئاوه‌نداکردنه‌وه‌ی کۆبانی ، کارێکی باشه‌ و نیشانه‌ی به‌رگری و چۆکدانه‌دانه‌ بۆیان، هاو کاتیش ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌ر هه‌موومانه‌ له یارمه‌تیدان و هاوکاریکردنی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی به‌ چه‌شنێك له‌ چه‌شنه‌کانی کۆمه‌كکردن تاکو ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌و ره‌یه‌ی که‌ وه‌کو ئه‌ستێره‌یه‌کی پرشنگدار له‌ ئاسمانی خه‌باتی ئازادیخوازاندا ده‌دره‌وشیته‌وه‌ به‌رده‌وام بێت. نابێت بهێڵین ئه‌و هه‌موو ماندووبوون و خه‌بات و و هیلاکه‌تییه‌ی ئازادیخوازانی ڕۆژاوا به‌ فیڕۆبڕوات ، نابێت ڕێگا بده‌ین دڵۆپ دڵۆپ خوێنی گه‌شی گه‌نجانی ژنان و پیاوانی جه‌نگاوه‌رانی کۆبانی و سه‌رجه‌می ڕۆژاوا له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ریی ئازادی بگرێت ، پاره‌ و سوود و سه‌رمایه‌ی زیاتر بۆ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کان به‌ ئه‌نجام بهێنێت. ‌ ‌‌   ‌   ‌    

 

نابێت لێگه‌ڕێین کۆبانی و کانتۆنه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاوا له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی جیهاندا، نوشستبهێنن / ٢

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
27/05/2015

به‌شی دووهه‌م؛

دووهه‌م: خۆسه‌ریی دیمۆکراتیییه‌کان و جیاوازییان له‌گه‌ڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ڕۆژاوا:
خاڵه‌ لێکچووه‌‌کانی نێوانی ئه‌م دوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گه‌لێك زۆرن له‌وانه‌ : بڕواکردنه‌‌ سه‌رخۆو بڕوابوون پێیان و کارکردن بۆ سه‌رکه‌وتنیان، هه‌بوونی چه‌نده‌ها گروپ و کۆمیسۆن و لیژنه‌ی خۆجێیی و ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل له‌ گونده‌کان و شاره‌کان و سه‌رشه‌قامه‌کان ، کارکردنی هه‌ره‌وه‌زیانه‌و خۆبه‌خشانه‌، بڕیاردانی به‌ کۆمه‌ڵ له‌ ڕێگای ئه‌نجوومه‌نه‌کان و ماڵی گه‌له‌وه‌ ، کارکردن له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی بڕیاره‌کان بۆناو ده‌ستی خه‌ڵکی له‌ گوند و شارۆچکه‌ و شاره‌کاندا ، کارکردن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندگه‌رێتی و لاوازبوونی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت ، کارکردن له‌سه‌ر لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، بایاخدان به‌ کێشه‌ی ژینگه‌ و ئیکۆلۆجی، باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی که‌ شۆڕش ده‌بێت له‌بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌ستپێبکات و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیان نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها سیاسه‌ت ، بگرێته‌وه‌ ، کارکردن له‌سه‌ر کاڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌ی ئاین و مه‌زهه‌ب و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و گه‌لێکی دیکه‌، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ خاڵه‌ ناوکۆییه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌کانی ڕۆژاوا و خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانی باکورن.

دیاره‌ جیاوازییه‌کی زۆریش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌مه‌لایه‌نانه‌ی که‌ هه‌ر یه‌که‌یانی هێناوه‌ته ژیانه‌وه‌ و ده‌سته‌به‌ری مانه‌وه‌یانی کردووه‌ و ده‌کات ، له‌وانه:
• خۆبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ڕۆژاوه‌و سه‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ن که‌ له‌ سوریادا به‌ گشتی و کشانه‌وه‌ی سوپای سوری و ئاماده‌بوونی خه‌ڵکی و باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی که‌ ده‌یانخواست ڕووبدات، ڕویدا. هه‌رچی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانی باکور هه‌نه‌ سه‌ره‌نجامی خه‌باتێکی دوورو درێژی جه‌ماوه‌رانه‌ی خه‌ڵکی ئه‌وێیه‌ که‌ له‌ ڕێگای په‌که‌که‌وه‌ کردویانه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

• خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ڕۆژاوا له‌ ئێستادا خۆیان گرتووه‌ و خۆیان ده‌زگه‌ی سه‌ره‌کین له‌ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کاندا له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ و حکومه‌تی سوریدا له‌ کێشه‌ و مل ملانێیدا، نین. له‌ هه‌قه‌تدا جگه‌ له‌ کانتۆنی جه‌زیره‌ نه‌بێت داموده‌زگه‌ی ئه‌سه‌د له‌ دوو کانتۆنه‌که‌ی دیکه‌دا بوونی نییه‌ . ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که ئه‌م خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ له‌و کارانه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن ده‌ستیانکراوه‌ بێت. هه‌رچیش خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانی باکور هه‌ن هێشتا له‌ گه‌لێك ‌ شار و له‌ نێو گوندنشینه‌کاندا خۆیان به‌ته‌واوی و وه‌کو پێویست نه‌چه‌سپاندووه‌. له ده‌ڤه‌ره‌کانی وه‌کو ئامه‌د و وان و جۆڵه‌مێرگ له‌ مل ملانێیه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌دان له‌گه‌ڵ داموده‌زگه‌ حکومییه‌کاندا . ته‌نانه‌ت له‌ شارێکی وه‌کو ئامه‌د-دا په‌یوه‌ندی له‌ نێوانی شاره‌وانی و سه‌رۆکی پۆلیس و والی شار و هێزی سه‌ربازیدا، نییه‌ . له‌ شاری وان-یش په‌یوه‌ندی نێوانیان زۆر ئاڵۆزه‌ و هه‌بوونی کێشه‌ی نێوانیان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ئاڵۆزتریشی کردووه‌. له‌ دانیشتنێکمدا له‌گه‌ڵ ئه‌و برادرانه‌ی ئه‌وێدا (وان) وتیان ” له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا که‌ ویستومانه‌ ناوی شه‌قامه‌کان بگۆڕینه‌‌ سه‌ر کوردی گرفتێکی یه‌کجار زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تدا بۆ دروست بووه‌” .

• کێشه‌ی ڕۆژاوا و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی زۆر به‌باشی له‌ سه‌ر ئاستی جیهانی ناسراوه‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی ڕاکێشانی هاوکار ی و خۆشه‌ویستی زۆربه‌ی زۆری چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نقابییه‌کان و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی جیهان . خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانی باکور به‌ سه‌ره‌نجامی کاری په‌که‌که‌ ناسراوه‌ و ده‌وڵه‌تی تورکی و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی خۆراوا و ده‌ردراوسێش ، په‌که‌که‌یان به‌ پارتێکی تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌و پاگه‌نده‌ی ژاراویانه‌ی ئه‌وان ڕۆڵێکی ئاوای بینیوه‌ که‌ له‌ ‌ به‌هاو نرخی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ئه‌وێی، تا ڕاده‌یه‌ك که‌مکردۆته‌وه‌.

• به‌رده‌وامی جه‌نگی داعش له‌ ڕۆژاواو لوشدانی به‌شی زۆری سه‌ره‌وه‌ت و سامانی ڕۆژاوا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ، که‌ کارێکی وایکردوه‌ کارکردن له‌سه‌ر ئامانجه‌کانی ئاینده‌ی کانتۆنه‌کان و پرۆسه‌ی پێشه‌وه‌چوونیانی ، تا ڕاده‌یه‌ك دواخستووه‌ و پر ۆسه‌که‌ی هێواشکردووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسی هێڕشی سوپای ئازادی سوریا و له‌شکری سوری که‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌وه‌ ناکات، ئه‌وه‌ مه‌ترسییه‌ بڕه‌وێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ باکوردا خۆشبه‌ختانه‌ نه‌ جه‌نگ هه‌یه‌ و نه‌ تا ئێستاش مه‌ترسی ڕوودانییشی له‌ ئارادایه‌ .

• ڕۆژاوا وڵاتێکی کشتیارییه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌بوونی نه‌وت و غاز و کبریت-دا ، گه‌رچی له‌ باکوردا ‌ نه‌وت و غاز زۆر که‌مه‌ به‌ڵام وڵاتێکی یه‌کجار ، یه‌کجار کشتیارییه‌و ئاوێکی یه‌کجار زۆریشی هه‌یه‌ ڕوباری دیجله‌ و ڕوباری دیکه‌ و شاخه‌ سه‌رکه‌شه‌کانی ئه‌وێ که‌ زۆربه‌یان به‌فری ئه‌مساڵ ده‌گه‌یه‌ننه‌وه‌ ‌ به‌ ساڵی ئاینده‌ و ده‌ریای وان که‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی کو‌ردستاندایه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زه‌وی و زاری به‌پیتی یه‌کجار فراون زه‌مینه‌سازی نه‌ك بۆ دروستبوونی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کان،کرده‌وه به‌ڵکو ده‌سته‌به‌ری ژیانی ده‌یه‌ها ملیۆن خه‌ڵکی له‌ سای ئه‌و خۆبه‌سه‌ریی دیمۆکراتیانه‌ی ئاینده‌دا ده‌کات، ‌ بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی نێوندێك بکه‌ن، که‌ دابینی ژیانیان بکات..
• کاپیتاڵیزم له‌ ڕۆژاوادا گه‌شه‌یه‌کی به‌هێزی نه‌کردووه‌، ‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش نه‌ کۆمپانیای گه‌وره‌ و نه‌ کارگه‌ و نه‌ بیناسازی مه‌زنی تیادانیییه‌و ‌ گه‌لێك له و ‌ ڕواڵه‌ته‌ دزێوه‌ سه‌رمایه‌داریانه‌ ‌ که‌ ‌ له‌ وڵاتێکی وه‌کو تورکیادا ده‌یبینین له ڕۆژاوادا بوونیان نین . گه‌رچی ئه‌مڕۆ له‌ باکوری کوردستاندا ڕاسته‌ که‌ شوێنده‌ستی کاپیتاڵیزم به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی تورکیاد ده‌یانبینین ، نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ باکوری کوردستاندا به‌رده‌وامه و‌ به‌ره‌و‌ پته‌وبوون و جێگیربوون ده‌ڕوات.

ه ‌سه‌ندیکاله‌ کرێکارییه‌کان له‌ باکور زۆر به‌هێزن و ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه‌ هه‌م له‌ شاره‌وانییه‌کان و نێو گروپه‌ خۆجێییه‌کان و ئه‌نجوومه‌نه‌کان و هه‌م له‌سه‌ر کار ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ پێوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ 3 نقابه سه‌ره‌کییه‌که‌ی تورکیادا هه‌یه‌ . هه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌خسانی ئه‌م بارودۆخه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخی گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازییه‌وه‌ هه‌یه‌ ، که‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌م زه‌مینه‌سازییه‌ له‌ ڕۆژاوادا نییه‌ و‌ سه‌ندیکال و سه‌ندیکالیسته‌کان هه‌م وه‌کو ژماره‌ و هه‌م وه‌کو ئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌ی که‌ له‌ باکوردا له‌ خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کاندا، ده‌یبینن، له‌ ڕۆژاوا زۆر که‌مترن و کارایشییان که‌متره‌.

له‌و دانیشتنه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ برادرانی شاری وان-دا کردم زۆ ر به‌ وردی و تێروته‌سه‌ل باسیان له‌ هه‌لومه‌ر‌جه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کان و بارودۆخه‌که‌ی ئه‌وێ، کرد . باسیان له‌ ته‌واجودی خه‌ستی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌موو شوێنه‌کاندا کرد که‌ هه‌بوونی خوودی ئه‌و هیزانه‌ش ئازادی لێقه‌ده‌خه‌ کردون ، فشارێکی زۆری خستۆته‌‌ سه‌ریان به‌به‌رده‌وامیش مه‌ترسی هه‌راسانکردن و گرتن و سوکایه‌تیپێکردنیان، له‌سه‌ره‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ کارکردن به‌گه‌شه‌دان به‌ لایه‌نه‌کانی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کان . هاوکات کارو چالاکی ئه‌وان له‌ کۆمۆسیۆنه‌کانی ئابوری و سییاسی و په‌یوه‌ندییه‌کان و زمان و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و کشتوکاڵ و ژناندا به‌رده‌وامه‌ و توانیویانه‌ کارایی خۆیان له‌سه‌ر له‌ %80 ی ده‌ڤه‌ری وان دانێن و له‌ 1056 گونددا بوونیان هه‌یه‌ و له‌ %40 ئه‌وێ جۆرێك له‌ جۆره‌کانی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کان ده‌ستبه‌کاره‌ ، ڕێژه‌ی بوونی ژنانیش له‌ ناو هه‌ر هه‌موو دامو ده‌زگه‌کاندا به‌ ڕێژه‌ی له‌ %50 یه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ له‌ ده‌ڤه‌ری وان-دا گه‌لانی دیکه‌ی وه‌کو ئازه‌ر و ئه‌رمه‌ن و تورک ده‌ژین که‌ ژماره‌یان ده‌چێته‌ 30000 که‌س. شاری وان به‌ هۆی هه‌بوونی ده‌ریای وانه‌-وه‌ که‌ ساڵانه‌ گه‌شتیارێکی زۆری بۆ دێت ، ئه‌مان پلانی داهاتوویان بۆ ئه‌وێ هه‌یه که‌ له‌ بواری گه‌شت و گه‌شتیاریدا پرۆژه‌ی ئیکۆتۆریزمه‌ ، واتا بایاخدان به‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان له‌سه‌ر بناخه‌ی ئیکۆلۆجی و پاراستنی ژینگه‌ و زییان پێنه‌گه‌یاندنی . پرسی ئیکۆلۆجی ‌ به‌شێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رنامه‌ی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کان.
ئه‌‌م براده‌رانه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی که‌ له‌ چالاکیه‌کانیاندا ، ڕوبه‌ڕویان بوونه‌ته‌وه‌، نه‌ده‌شارده‌وه‌ ، که‌ له‌وانه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی داهاته‌ که‌ به‌ بڕی له‌ %50 به‌هۆی وێرانکارییه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی جه‌ندرمه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیدا تووشی هاتووه‌، هاتۆته‌ خواره‌وه‌. متمانه‌ نه‌بوونی خه‌ڵکی به‌ خۆیان ، ئاماده‌نه‌بوونه‌ له‌ هاوبه‌شکردنی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یانه، کولتوری سه‌رمایه‌داریانه‌ ، نه‌بوونی ئازادی ، بوونی گرفتی سییاسیانه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌مان بی ئومێد نین و دڵنیان که‌ به‌سه‌ر ئه‌م کۆسپ و گرفتانه‌دا سه‌ر ده‌که‌ون و ده‌یانگوت ” کارێكی ئاسان نییه‌ که‌ 500 ساڵ کارکردنی ده‌سه‌ڵاتخوازانی تورك و و ده‌وڵه‌تی تورکی له‌سه‌ر که‌نارخستنی تاك و کۆمه‌ڵ و سوکایه‌تیپێکردنیان، هاندانی ونکردنی متمانه به‌ خۆیان له‌ چه‌ند ساڵێکدا یا وه‌ختێكی که‌مدا پاکۆ بدرێت و مێنته‌ڵه‌تی خه‌ڵک و ئه‌و کولتوره‌ باوه‌ ، بگۆڕرێت، ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانێکی زۆر و کردنی کاری نموونه‌یانه‌ و شتی دیکه‌ ئه‌و‌ گرفتانه‌ جێگایان پێلێژ ده‌بێت و ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مانه‌وێت . له‌ جێگای داده‌نرێت ” له‌ بینینی هاو سه‌رۆکی هه‌ده‌پ و هاوسه‌رۆکی پارتێکی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ که‌ دژی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت ڕاده‌وه‌ستانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆکی شاره‌وانی له‌ شاری جۆڵه‌مێرگیش ، له‌ نزیکه‌ی پتر له‌ کاژێرێك قسه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌وانیش به‌ درێژی باسی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا بۆ کردم و په‌نجه‌یان خسته‌ سه‌ر گرفته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان، که‌ ده‌توانرێت رێگر بێت له‌ پێشه‌وه‌ چوونیان. به‌ ئاشکرا ئه‌وه‌ ده‌بینیت که‌ هه‌تاکو به‌ره‌و شاره‌کانی سه‌رسنور بڕۆیت کارکردنی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ختترده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ زیاتر ده‌ڤه‌رێكی قه‌ده‌خه‌کراوه‌ ( مووحه‌ڕه‌مه‌یه‌) ئه‌مه‌ش وای کرده‌وه‌ که‌ بوونی هێزێکی سه‌ربازی و پۆلیسی زۆر گه‌وه‌ره‌ له‌وێ ببینرێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م گرفتانه‌شدا بڕیاری لێبڕاوانه‌ی خه‌ڵکی له‌وێ دڕی به‌و گرفتانه‌ داوه‌ و ده‌یانه‌وێت شاری جۆڵه‌مێرگ پێشه‌نگی به‌جێگه‌یاندنی ئیکۆلۆجی ( Pilot Ecology ) بێت هه‌ر وه‌کو چۆن شاری ئامه‌د پێشه‌نگی ئابوری باکوره‌، که‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی ئاینده‌وه‌ ‌ کاری سه‌ره‌کی هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌ ، کارکردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ‌‌

ئه‌وه‌ی که‌ خاڵی جه‌وهه‌ری و کارایه‌ له‌ هه‌ردوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌که‌ی ڕۆژاوا و باکوردا بروابوونه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل واته‌ له‌ گه‌له‌وه‌ بۆ گه‌ل که‌ ئه‌مه‌ش له‌ کرۆکی شۆڕشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌که‌دایه‌ که‌ ده‌ستی پێکراوه‌ .
من له‌ وتارێکی د‌یکه‌مدا که‌ له‌ژیر ناو‌ی” ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژاوا و باکوری کوردستان گومانی بۆ ده‌ستپێکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگای گروپه‌ خۆجێیه‌کانه‌وه‌ ، نه‌ هێڵاوه‌ته‌وه‌.” نوسیم که‌ هه‌ردوو شؤڕشی کۆه‌مه‌ڵایه‌تی دوو شێوه‌ مۆدێلی بۆ خه‌باتی سۆشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی جیهان ، نیشانداوه‌و ئه‌وه‌ی یه‌کاڵاکردۆته‌وه‌ که‌ ده‌توانرێێت خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌کان دابمه‌زرێنرێت. ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ که‌ له‌ باکوری کوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی به‌رجه‌سته‌ کردوه‌ که‌ ده‌توانرێت ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل له‌ناو خودی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و ده‌سته‌بژێره‌که‌یدا ، دروستبکرێت یا ڕاسستر خۆی بسه‌پێنێت.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌ خاڵێکی گرنگی شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌ بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات . که‌ تا ئێستا له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌و شۆڕشه‌دا به‌رچاوم نه‌که‌وتووه‌ ، بدوێم. ده‌مه‌ویت بڵێم که‌ ئه‌م شۆڕشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ له‌ بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات دژی هه‌موو چه‌شنه‌ ناوه‌ندگه‌رییه‌که‌ ده‌بێت له‌ هه‌ره‌ خاڵی لاوازی سه‌رمایه‌داری و له‌ هه‌ره‌ خاڵی به‌هیزی سروشته‌ مرۆیانه‌که‌ی کۆمۆنێته‌که‌وه‌ ده‌ستپێبکات ـ که‌ به‌ڕای من ئه‌و خاڵه‌ش له‌ هه‌ر وڵا تێكی ئه‌م جیهانه‌دا گونده‌کانه‌. گونده‌کانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کردوودا که‌ هێشتا به‌ ته‌واوی ده‌ستی نه‌گریسی کاپیتاڵیزم نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگی سروشی گوندنشینی بتاسێنێ‌ ، په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی تاکه‌کانی نێو گوندیی له‌ یه‌کدی به‌ته‌واوی بترازێنێ‌ ‌ ، به‌هاو نرخی مرۆڤی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر تیادا هه‌ڵته‌کێنێ‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌ش دروستکردنی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل و بڕیاردان له‌سه‌ر کێشه‌کانیان و حه‌لکردنیان، کردنی کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و ژیانی به‌ کۆمه‌ڵیی و دروستکرنی کۆمیونه‌کان زۆر ئاسانتر و عه‌مه‌لی تره‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ لادێکان سه‌رچاوه‌یه‌کن بۆ ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی، بێ ئه‌وه‌ی له‌ پێداویستییه‌کانیاندا ، به‌ زۆری ‌ بۆ شاره‌کان و ده‌رامه‌تی شاره‌کان، بگه‌ڕێنه‌وه‌ .

دروستبوونی ئه‌نجومه‌نی گه‌ل له‌ سه‌رجه‌می گونده‌کان و ته‌نینه‌وه‌یان له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ده‌توانرێت کۆنفیدراسوێنی گونده‌کان پێکبێنێت و ئاڵوگۆڕی پێداوایستییه‌کان له‌ نێوانی ئه‌ڵقه‌کانی کۆنفیدراسوێنه‌کاندا دا ڕووبدات. به‌ڕای من لادێکان، گونده‌کان ، سه‌ره‌کین و بنی بنه‌وه‌ی شاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی وڵاتن. هه‌ر به‌م شێوه‌ش وڵاتانی گه‌شه‌ نه‌سه‌ندوی دونیاش بنی بنه‌وه‌ی دونیای یا وڵاتانی گه‌شه‌کردوی سه‌رمایه‌دارین ، ده‌ستپێکردن یا ڕوودانی شۆڕشی کۆه‌مه‌ڵایه‌تی له‌م جیهانه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ گه‌شه‌نه‌کردووه‌دا گه‌لێك ئاسانتره‌ ئه‌مه‌‌ش له‌ خۆێدا ده‌بێته‌ هۆی لاوازکردنی شارگه‌له‌ مه‌زنه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کانی جیهانی وه‌کو ئه‌‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و که‌نه‌ده‌ و ئوسترالیا و ڕوسیا و شوێنه‌کانی دیکه.

من به‌ ته‌واوی باوڕـم به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ کاتێکدا بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ئازادیخوازه‌کان ، بزوتنه‌وه‌ ڕادیکاله‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت و ‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان که‌ له‌م وڵاته‌ زه‌به‌لاحانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ناونوسم کردن ، له‌ ڕاده‌ای نه‌بووندان‌، هاوکاتیش خۆپایشاندان و مانگرتنه‌ زڕه‌کان و نقابه‌ زه‌رده‌کانی پارێزه‌ری سیسته‌م، که‌ نه‌ك ته‌نها هه‌نگاوێك شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌بردۆته‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ چه‌ند هه‌نگاوێکیش ئه‌و شۆڕشه‌یان ،‌ پاشه‌کشه‌ پێکردوه‌ و پێده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌مانه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ك که‌ باوه‌ڕمان به‌ شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ و دژی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتین ، باشترین زه‌مینه‌یه‌ك که له‌ ئێستادا‌ بتوانین کاری تیادا بکه‌ین به‌کارهێنانی سه‌نگ و توانای خۆمانه‌ له‌ یه‌کێك له‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی ڕؤژاوا و باکوردا. ( هه‌وڵده‌ده‌م له‌ هه‌لێکی دیکه‌دا به‌ درێژی بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌ یه‌)

درێژه‌ی هه‌یه‌

نابێت لێگه‌ڕێین کۆبانی و کانتۆنه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاوا له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی جیهاندا، نوشستبهێنن

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
27/05/2015
به‌رله‌وه‌ی ‌ بچمه‌ سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌م ده‌بێت گه‌ر به‌ کورتیش بێت له‌سه‌ دوو مه‌سه‌له‌ی گه‌له‌ك گه‌وره‌ له‌ باکوری کوردستان که‌ زۆر به‌ توندی گر ێدراونه‌ته‌وه‌ به‌و‌ باسه‌ی سه‌ره‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌تین و به‌هێزیان به‌یه‌کدییه‌وه‌ هه‌نه، بدوێم‌. بۆ ئه‌مه‌ش من له‌ نێوانی 08/05 و 22/05/2015 دا بۆ دوو هه‌فته‌ چووم بۆ شاره‌کانی کوردستانی باکور: ئامه‌د ، وان ، جۆڵه‌مێرگ ( هه‌کاری) و شاری گه‌ڤه‌ر. دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شاری سروچ تاکو له‌وێوه‌ بچم بۆ کۆبانی.
ئامانجی سه‌ره‌کی سه‌فه‌ره‌که‌م سێ خاڵی گرنگ بوو یا ڕاسستر لتێگه‌یشتن و لێچوونه‌وه‌یه‌ك بوو له‌ سێ مه‌سه‌له‌ی گرنگ. یه‌که‌م: ڕۆڵی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کان له‌و شارانه‌دا و لێكچوون و جیاوازییان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاوادا هه‌ن. دووهه‌م: دروستکردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی ، سێهه‌م: ئابوری ئاینده‌ی ڕۆژاوا. گه‌رچی براده‌رانی که‌جه‌ده‌ و لیژنه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری ڕۆژاوا له‌ شاری ئامه‌د و سروچ هه‌وڵێکی زۆریان بۆ دام به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر نه‌متوانی بچمه‌ کۆبانی.
ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ کۆبانی و کانتۆنه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاواوه‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن ، که‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بکه‌م:
یه‌که‌ـم: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی مانگی داهاتوو له‌ تورکیا:
هه‌ڵبه‌ته‌ گه‌لێکمان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانین که‌ مانگی داهاتوو گه‌لانی تورکیا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌وه‌‌ . هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی تورکیا نه‌ك هه‌ر ڕووداوێکی مێژووییه‌ بۆ کوردانی باکور له‌ تورکیا به‌ڵکو له‌ هه‌قه‌تتدا بۆ هه‌ر هه‌موو گه‌لانی تورکیا، هه‌مان بایاخی هه‌یه‌‌. سه‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یا تورکیا چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و‌ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ، واته‌ ئۆردگان و پارته‌که‌ی ، ئاکه‌په‌، ده‌ستکراوه‌تر و ده‌سه‌ڵاتدارتر و لایه‌نی دیکتاتۆرییه‌ته‌که‌ی زاڵتر و مافه‌کانی سه‌رجه‌می مرۆڤیش له‌ تورکیا له‌وه‌ی ئێستاش کاڵتر ده‌بێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی زه‌برو زه‌نگی پۆلیس و کوشتن و بڕینی پتر ده‌کرێت، به‌ کورتی ئه‌جه‌نده‌ی دیمۆکراتی ئیسلامی له‌ تورکیادا به‌ هه‌موو وردو درشته‌کانییه‌وه‌ ، به‌سه‌رکه‌وتنی ئه‌که‌په‌، پیاده‌ده‌کرێت. یاخود ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وڵاتی تورکیا به‌چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌باته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی ئاکه‌په‌ و ئۆردگان و ئه‌جه‌نده‌ ئیسلامییه‌که‌یان کورتده‌کاته‌وه‌‌، گه‌ر سه‌راپای ئه‌و به‌رنامه‌ ڕادیکاله‌ش که‌ هه‌یه‌ نه‌توانرێت کاری پێبکرێت و ته‌نها نیوه‌شی به‌کاربهێنرێت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایییه‌وه‌ مێژوی تورکیایه‌کی نوێ ده‌ستپێده‌کات. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ گه‌ر کورد له‌وێ بتوانێت به‌و ڕێژه‌یه‌ی که‌ بۆی دانراوه‌ ده‌نگبهێنێت، ئه‌وه‌ ئاینده‌ی تورکیا ، مه‌گه‌ر بکه‌وێته‌وه‌ ژێر ڕکێفی جێنڕاڵه‌کان، ده‌نا بۆ یه‌کجاری ده‌گۆڕێت.
له‌ ئامه‌د و وان و جۆڵه‌مێرگ و هه‌روه‌ها له‌ گه‌ڤه‌ریش چاوپێکه‌وتنێکی زۆرم له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ئه‌وێدا کرد که‌ هه‌ر هه‌موویان سه‌رقاڵی که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن، بوون، سه‌رسه‌ختانه‌ و لێبڕاوانه‌ له‌ هه‌وڵی په‌یداکردنی ده‌نگی زیاتردان بۆ پارتی دیمۆکراتی گه‌لان (HDP ) .
کاندیده‌کان و که‌سه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی که‌ ئه‌رکی به‌ڕێکردنی که‌مپه‌ینه‌که‌یان له‌سه‌ر شانه‌ ، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ به‌ ڕوداوێكی مێژوویی ده‌زانن و پاساویشیان ئه‌م هۆکارانه‌ی خواره‌وه‌یه‌، که‌ زۆر گرانه‌ که‌ له‌گه‌ڵیاندا یه‌کنه‌گریته‌وه‌:
• ئه‌مه‌ یه‌کمجاره‌ که‌ له‌ مێژوی ئه‌وێدا که‌ کورد له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا وه‌کو حیزبێکی سیاسی به‌شداری ده‌کات، که‌ تاکو ئێستا وه‌کو که‌سانی سه‌ربه‌خۆ به‌شدارییان له‌ په‌ڕله‌ماندا کرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاریشه‌ که‌ خه‌ڵکانێکی زۆری غه‌یره‌ کورد پاڵپشت و هاوکاری کورد بکه‌ن له‌ ده‌وری به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا ڕادیکال که‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر هه‌مووان وه‌کو یه‌ك ڕه‌چاوده‌کات و ده‌پارێزێت، له‌و حیزبه‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆببنه‌وه‌‌.
• ئاشکرایه‌ ئاکه‌په‌ و ئۆردگانی سه‌رۆك، به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی، ناچارکراون‌ . کوردانی باکور به‌ خه‌بات و تێکۆشانی نه‌پساوه‌ی خۆیان ملیان به‌ ئاکه‌په‌ داوه‌ که‌ کار له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی بکات و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی ببات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشتا ئاکه‌په‌ هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ی بۆ ئه‌م پرۆسه‌ مێژوییه‌ نه‌ناوه‌ و له‌ خۆ دزینه‌وه‌دایه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ کوردان له‌م پرسسه‌یه‌دا ده‌نگێكی ئاوا نه‌هێنن و نه‌بنه‌ هێزێکی سه‌ره‌کی له‌ په‌ڕله‌ماندا تاکو گوژمێکی گه‌وره‌ به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی نه‌ده‌ن . که‌واته‌ ده‌نگهێنانی پارتی دیمۆکراتی گه‌لان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گرنگه‌ و گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتێك ده‌بێت بۆ کوردانی باکور.
• به‌رنامه‌ی یاخود مانیفێسته‌ی پارتی دیمۆکراتی گه‌لان ، به‌رنامه‌یه‌کی زۆر ڕادیکالانه‌یه‌ که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی به‌ کورد و تورك و ئازه‌ری و .. هتد. به‌ کێشه‌ی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریی و دینییه‌وه‌ ‌،‌ ‌ گرتۆته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها قسه‌ له‌سه‌ر جێنده‌ و یه‌کسانی ژنان و پیاوان و کۆتاکردنی ده‌ستی کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ناساندنی کانتۆنه‌کانی ڕۆژاوا و کێشه‌ ی قوبرس و ناسینی مافی نه‌ته‌وه‌ و دین و کولتور و مافی تاك و گه‌لێکی دیکه‌ ده‌کات.
• ئاشکرایه‌ که‌ کۆبانی پێویستی به‌ بیناکردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یه،‌ ته‌نها ڕێگایه‌کیش (کۆریدۆریکیش) بۆ کارکردن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ یا ده‌بێت خودی سوریا بێت یاخود وڵاتی تورکیایه‌ . بیناکردنه‌وه‌ی کۆبانی به‌ هه‌ر ڕێگایه‌کیان بێت واته‌ یا له‌ ڕێگه‌ی کۆمپانییه‌کانه‌وه‌ یاخود له‌ ڕێگای کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌ به‌هاوکاری چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی جیهانه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێت له‌ ڕێگای تورکیاوه‌ بێت . بۆ ئه‌مه‌ش حکومه‌تی تورکی ده‌بێت ملبدات ، که‌ له‌ ئێستادا ته‌نها قه‌بوڵی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی پێداوتستییه‌ مرۆییه‌کانه‌، نه‌شتێکی دیکه‌، ده‌کات. که‌واته‌ له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی پارتی دیمۆکراتی گه‌لان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ، گرنگه‌ و ده‌توانیێت ڕۆڵێکی کاریگه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کۆبانی ببینێت.
گومانی تیادانییه‌ که‌ پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن له‌ تورکیا به‌هۆی ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدان، تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌ ، که‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان به‌ کێشانی هێڵێکی گه‌وره‌ خۆی جیا ده‌کاته‌وه‌ ، دیاره‌ تێشکانیش له‌م پرۆسسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا ، ڕه‌وتی پێشه‌وه‌چوونی خۆسه‌ریی دیمۆکراتییه‌کانی باکور ، ناوه‌ستێنێ و سستیان ناکات.

درێژه‌ی هه‌یه‌

تاکتیکی جەنگی نێوخۆ لەپێناو ستراتیجی سەرۆکایەتی و کاردانەوەی تاکی ئازاد

 

هەژێن
٢٩ی ئەپریلی ٢٠١٥

ئەگەر سەرنجی مێژوو و هۆکارەکانی جەنگی نێوخۆی باڵەکانی بۆرجوازی کورد بدەین، ئەوا لە هەرسێ خولی جەنگی نێوخۆییدا تەنیا دوو هۆکاری هەبوون :
یەکەم: پاوانگەریی دەسەڵات [سنووری دەسەڵاتداریی]
دووەم: چەپاوڵگەریی ئابووری [بە پارتییکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان و دابەشکردنی داهات لەنێو دەسەڵاتداران]

خولی یەکەم ١٩٦٣- ١٩٧٠ و خولی دووەم ١٩٧٦- ١٩٨٧ سەراپای جەنگەکان تەنیا لەسەر سنووری دەسەڵاتداریی و سەپاندنی تاكپارتایەتی و تاك میلیشیایی بوو، هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێك بوو و لەسەر بنەمای پێکهاتەی خێڵەکییان، پەلاماری یەکدیان دەدا و ناوچەی ژێردەسەلاتی یەکدییان داگیردەکرد و چەکدارانی یەکدییان کۆمەڵکوژ و تیرۆر دەکرد و لایەنگرانی یەکدییان ئەتکدەکرد و ژنانی هەڵهاتوو لە ڕێسا دواکەوتووەکانیان دەکوشت، هەڵهاتووانی سەربازییان بە چەکهەڵگرتن یا گەڕانەوە بۆ بەرەی ڕژێمی بەعس ناچاردەکرد.

خولی سێیەم، ١٩٩٤- ١٩٩٨جەنگی نێوخۆ لەسەر زیاتر داگیرکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان و کردنیان بە کەرتیی پارتیی وەك کۆمپانیای کۆڕەك و نۆکان و …تد و دابەشکردنی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و چەپاوڵگەریی زیاتر بوو، هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێکی دراوسێ بوو و هەنووکەش هەر ئاوایە و هەمان هاوکێشە و هاوسەنگی لە ئارادایە و هەرێمی کوردستانیان کردووە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی جەنگی ئابووریی و ڕامیاریی و سەربازیی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە.
بەڵام ئێستا بەپێچەوانەی ڕابوردووەوە، پارتییە زلهێزەکان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەبەر پاراستنی بەرژوەندی ئابووریی و سەروەریی خۆیان وەك خاوەنی کۆمپانیا و داگیرکاری کەرتی جۆراوجۆر لە بەرانبەر مەترسی ڕاپەيڕینی خەڵكدا لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێکەوتنی ستراتیجییان هەیە و لەتەك ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنیش بە هەمان شێوە ڕێکەوتنی ستراتیجیان پێکهێناوە. لەبەرئەوە قسەکردن لە ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆیی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەچێتە خانەی پاگەندەی درۆینە و ترساندنی خەڵك بە ئەگەری گەڕانەوەی ماڵوێرانی ١٩٩٤- ١٩٩٨ کە خێزان و کۆڵان و گەڕەك و فێرگە و فەرمانگە و مزگەوت و هاوەڵان و هاوپۆلان و هاوکاران و هونەرمەندان و نووسەران و میدیاکاران و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دڵدارانیشی کردبوو بە دوو بەش و دژی بە یەکدی و هەرێمیشی کردبووە مەیدانی تەڕاتێنی هێزی لەشکریی و سیخوڕیی دەوڵەتانی عیراق و تورکیە و ئێران.

ئەوەندی ئاوەزی من بڕبکات و تێگەییشتنم بواربدات، پەیامە ترسێنەرەکەی “سەرۆك”، درێژەی هەمان پەلاماردانی ئەم دواییانەی نێو پارلەمان و هەڕەشەی قزڵباشییەکانیەتی لە ڕەخنەگران لە “سەرۆك”. لەبەرئەوە جەنگێکی نێوخۆیی لەنێو باڵەکانی بۆرجوازی کوردا جارێکی دیکە ئەستەمە، چونکە ئیدی ئەوان میلیشیای جاران نین و گۆڕدراون بە کۆمپانیای چەپاوڵگەر و مانەوە و پاراستنی سوود و بەرژوەندییان پێویستی بە ئاساییش و جێگیریی دەسەڵات هەیە، بازرگانی و پیشەسازی و چەپاوڵگەری ئابووریی پێویستیان بە بار و دۆخی جێگیر و ئاساییشی گواستنەوە و داگیرکاریی ئابووریی و کێبڕکێی بازار هەیە نەك جەنگی میلیشیایی و نێوخۆیی، لەو بارەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر چەکدارانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابوردوودا بهاتنایە هەرێم، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەورەتری جەنگی نێوخۆییان بەرانبەر بەرپادەکرا، بەڵام لە ئێستادا هەم ئاساییشی بازرگانی و هەم لاوازیی سەربازیی ناچار بە سازشی ڕامیاریی کردوون.
بەڵام لە بەرانبەردا بیست و چوار ساڵە جەنگێکی نێوخۆیی پەردەپۆشکراو و ڕانەگەیێندراو دژی کەسانی ئازادیخواز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەکان بەرپاکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەموو بوارەکاندا ئەم جەنگە ڕەنگدەداتەوە و بەرەوپێش دەبرێت و زۆرێك نائاگاهانە بوونەتە بەشێك لە بەرەوپێشبردنی ئەو جەنگە؛ چ بە پاگەندەکردنی ساوایی و پاراستنی فەرمانداریی هەرێم، چ بە خۆشباوەڕکردنی خەڵك بەسەرۆك و فەرمانداریی و دەوڵەتی باش و خەریککردنی دەنگدەری ناڕازی بە کایەی گۆڕینی ئەم لیست بە ئەو لیست و هەڵبژرادنی خراپ بەرانبەر خراپتر .

ئەگەر لە بەرانبەردا، تاك و جەماوەر لە کۆمەڵی هەرێمی کوردستاندا خودهوشیاریی و سەربەخۆیی کەسایەتی خۆی بەدەستهێنابێت و لە ڕووداوەکانی بیست و چوار ساڵی ڕابوردوو ئەزموونی وەرگرتبێت و چیدیکە ئامادەنەبێت ببێتە چەکدار و سەربازی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەگەر چیدیکە گروپ و پێکهاتەکانی کۆمەڵ ئامادەنەبن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندییەکانی سەرانی پارتییەکان، ئەوا هیچ جەنگێکی نێوخۆیی نێوان باڵەکانی بوارجوازی کورد توانای ڕوودانی نییە و جەماوەر دەتوانێت بڵێت جەنگی ئێوە جەنگی ئێمە نییە و فەرموون زگی یەکدی هەڵدڕن و یەکدی لەنێوبەرن، ئەو کات دەبینین کە منداڵی هیچ دەسەڵاتدار و سەرمایەدارێك ئامادەی یەك سات ئێشکگری و جەنگکردنی نییە و هیچ ڕامیارێك ئامادەی چوونە بەرەی جەنگ و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیانی نییە و ڕوودانی ئەگەری جەنگی نێوخۆ لە ڕوودانی وەستانی سورانەوەی ئەستێرەکان ئەستەمترە و هیچ پێویستی بە هەراسانی و دڵەخورپە و ترس نییە، چونکە ئەنجامدەر و قوربانی هەموو جەنگەکان تەنیا ئێمەی ژێردەستین و ئەگەر ئێمە نەبین، هیچ جەنگێك بوون و ڕوودانی نییە و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕامیاران و هاوبەرژەوەندانیان، ئەگەر گۆشتی یەکدی بخۆن، هەرگیز ئێسکی یەکدی ناشکێنن و هەر کات بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە هەموو جەنگ و کێشەکانیان ڕادەگرن، هەر ئاوا کە ڕوومەتی دیکتاتۆرەکەی (بەغداد)یان لێسایەوە .

جەنگی بیست و چوار ساڵەی دەسەڵات دژی خەڵك بۆ چاوەڕوانڕاگرتنی تاکی کۆمەڵی هەرێمی کوردستان بووە لە خۆشباوەڕیی و دەستەمۆیی و پاشکۆییدا، تاوەکو تاك و جەماوەر هەرگیز بیر لە هێز و توانای سەربەخۆ و یەکگرتووانەی خۆیان نەکەنەوە و بەرژەوەندییەکانی ڕامیاران و سەرمایەداران مسۆگەر بمنن و هیچ مەترسییەك بۆ سەر چەپاوڵگەریی و پاوانگەریی و سیستەمە چینایەتییەکەی هەرێم دروستنەبێت. وەها جەنگێك لە هەموو مەیدانەکان و بوارە کولتوورییەکانی ئایین و هونەر و میدیا و ڕامیارییدا بەرەوپێش براوە و دەیان سیناریۆ و ڕێکەوتننامە و بەڵێن و پاگەندەی بۆ بەڕێخراوە و لە ڕووی دەروونییەوە تیرۆری تاكی وێرانبوونی پاش جەنگەکانی کردووە و بە ناچارکردنی پارتییانە گەندەڵی سیستەمەکەی کۆمەڵایەتییکردووەتەوە و تەنانەت ناڕەزایەتی خەڵکیشی بەرەو داواکردنی بەشە تاڵانی و گەندەڵیی بردووە، ئەمە ئەو جەنگە نەبینراوەیە و تاکە جەنگێکە کە هەر ڕۆژ و بە چەندین شێوە ئاراستەدەکرێت؛ جەنگی لەنێوبردنی هێز و توانا و بڕوابەخۆبوونی تاك وخەڵك بەخۆی، کە بە دیوەکەی دیکەیدا سەرنەکەوتنی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕاوێژکارە ڕامیارەکانیان لەو جەنگەدا، واتە هەبوون و لە بزووتندابوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵی ئازاد و سەربەخۆ و پشتبەخۆبەستوو .

بەڵام وەك ئەزموونەکان نیشانماندەدەن، هیچ بار و دۆخێكی لە سەرەوە سەپاو تاسەر جێگیر و بەردەوامنابێت و دژ و بەرهەڵستکاری خۆی بەرهەمدەهێنێت و خۆهوشیاریی دژەباو لە تاك و گروپەکانی کۆمەڵدا سەرهەڵدەدات و کۆمەڵی هەرێمی کوردستانیش وەك هەر کۆمەڵێکی دیکە لە کارایی گۆڕانی کۆمەڵەکانی دەوروبەری خۆی و کۆی مرۆڤایەتی بەدەرنابێت و سروشی گۆڕانخوازیی لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە و ڕووداوەکانی وەك ڕاپەڕینەکانی باکووری ئەفریکا و خۆرهەڵاتی نێوڕاست و بزووتنەوەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی بەشی سوریە”ڕۆژاوا” و کوردستانی بەشی تورکیە “باکوور” و بلۆکیوپای ئەمەریکا و ئەوروپا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و تورکیە وەرگرتووە و وەردەگرێت و بەجۆرێك هەوڵ بۆ ئەزموونکردنەوەیان دراوە و دەدرێت، بەتایبەت ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”، کە جەنگاوەرانی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) لەتەك هاوپشتی و فریاگوزاریی خۆیان بۆ کۆمەڵەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان هاوردیان و بووە سروشبەخشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم و سەرەتاکانی لە شەنگال و سلێمانیدا لە دەرکەوتندان و هەر ئەو دەرکەوتنەشە کە دەسەڵاتدارانی ئەو دوو ناوچەیەی هەرێمی هەراسانکردووە و ناچار بە سیناریۆسازیی و پیلانگێریی لە چەشنی “ڕەوتی دابڕان” و ” سێکیۆلار” کردووە و دوژمنەکانی دوێنێی [ئەندامانی پارتییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی و ینک] خستووەتە سەنگەرێكەوە و کەوتوونەتەخۆ تاوەکو بەر بە هەژموونی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی و دێمۆکراسی ڕاستوخۆبگرن و بەڵینی گۆڕان لە سەرەوە بە خەڵك بدەن و چەند ساڵ و دەهەیەکی دیکە درێژە بە کایە پارلەمانییەکەی خۆیانبدەن و ئەوانەی کە هەنووکە لە دەرەوەی کایەکەن، ببردرێنە نێو کایەکە و بە کۆمەڵێك بەرتەریی و دەستگیرۆیی ئابووریی ڕازیبکرێن و ئەوانیش لە بەرانبەردا پۆشاکێکی نوێ بە هەوڵەکانی دەسەڵاتدا بکەن و لەژێر پەردەی سەنگەرگرتن بەرانبەر توندڕەویی ئایینی، ئاشبوونەوەی چینایەتییان بەرەوپیش بەرن و مەرگی خۆیان دووربخەنەوە.

بەبۆچوونی من، پاگەندەکانی ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆی سەرۆك و پاگەندەی سێکیولاریزمی ” ڕەوتی دابڕان” و “سەنتەری سێکیولاریزم” تەنیا هەولێکن بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی هەژموونی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە هەمووانی [دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتیخوازی] خافڵگیر و تووشی شۆك کرد، بەتایبەت ئەوەی کە پیلانی هێنانی هێزەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یەکێك لە ئامانجەکانی لاوازکردن و پاشەکشێکردن بوو بە بزووتنەوەی ناڕازیانی باشوور و باکووری عیراق [هەرێمی کوردستان] و ناچارکردن و خۆشباوەڕکردن و ڕیزکردنی دژە-(داعش)یان بوو لەپشت سەری دەسەڵاتدارانی فەرمانداریی خوارووی عیراق و فەرمانداریی هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردن بۆ لێدان و سەرکوتی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزا و دژە-دەسەڵات لەژێر ناوی دژە-داعش و دژەتیرۆر. ئا لێرەوە دەتوانین دژایەتی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” تێبگەین و سەرنجی هەوڵەکانی ئێستا و داهاتوویان بدەین.

*******************************
http://www.hejeen.wordpress.com

ناوه‌ندی سێکولار له‌ کوردستان، شاری گه‌وره‌ و دێی وێران!!!

ناوه‌ندی سێکولار له‌ کوردستان، شاری گه‌وره‌ و دێی وێران!!!


زاھیر باھیر     

شاری گه‌وره‌ و دێی وێران، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ یاخود ئه‌و په‌نده‌ کوردییه‌یه‌ که‌ ده‌قاوده‌ق به‌سه‌ر ناوه‌ندی سێکولار له‌ کوردستان که‌ له ڕۆژی ١٩\٤\٢٠١٥دا له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ڕۆشنبیرانی سیاسی و حیزبی، به‌ قسه‌ی وتوان (خوا پێمنه‌گرێت!) به‌ پاره‌ و کۆمه‌کی یه‌کێتی، بانگه‌شه‌کرا.


قه‌یرانی ڕۆشنبیرانی کورد ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابورییه‌یه‌‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمه‌ڵی کوردی له‌ کوردستانی باشووردا پیایدا تێده‌په‌ڕێت. هه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌شه‌ که‌ چه‌نده‌ها گروپ و حیزبی سیاسی هه‌مه‌ چه‌شنه‌ی فریاڕه‌سمان بۆ قوتده‌کاته‌وه‌. ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌ پێناوی ‌ ده‌رکه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی جۆرێك له‌ پله‌ و پایه‌،‌ ڕۆشنبیرانی کوردی خستۆته‌‌ ڕکه‌به‌ری و جه‌نجاڵییه‌کی فکرییه‌وه‌ نه‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی قه‌یرانه‌کانیان پێده‌بینرێت نه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی زانستیانه‌ و که‌تواریانه‌یان پێده‌کرێت، نه‌ چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تیشیان، لێچاوه‌ڕوانده‌کرێت. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه‌ که‌ وایان لێده‌کات په‌نا بۆ کردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی ئاوا ده‌به‌ن، له‌ژێر ناو و به‌ بیانوی چاره‌سه‌رێك‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ کۆمه‌ڵایتی و سیاسییه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵی کوردی پیادا ده‌ڕوات که‌ چه‌قی قورسایی ئه‌و قه‌یرانه‌ش ، ئه‌و کێشه‌یه‌ش، لای ئه‌مان، کێشه‌ی ئیسلام و ئیسلامی تووندڕه‌وه، ئیدی لای ئه‌مان هه‌رچی شتێك دژی ئاینی ئیسلام و موسڵمانان و ئیسلامی توندڕه‌و دروستبێت ، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی دووژمنیی کۆمه‌ڵی کوردی و مه‌ترسی گه‌وره‌ ، ئیسلام و ئاینی ئیسلامه‌، کارێك و هه‌نگاوێکی شۆڕشگێڕانه‌یه‌‌.

 
خاڵه‌ لاوازه‌اکنی ئه‌م ناوه‌نده‌:


به‌رنامه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌ که‌ چه‌ند خاڵیك و داخواز ییه‌کی گه‌وره‌ی به‌ خۆوه‌ گرتووه‌ ، زیاتر به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی حیزبیانه‌یه‌ نه‌ك به‌رنامه‌ و ئه‌رك و پێداویستی ناوه‌ندێك که‌ بۆ مه‌به‌ستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت.


کردنه‌وه‌ی سێنته‌رێکی عه‌لمانی ده‌بێت کار و ئه‌رکی توێژینه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ و به‌دووچوونی کێشه‌کانه‌وه‌ بێت، دیسانه‌وه‌ ئه‌رکی ده‌بێت خۆ به‌دوورگرتن له‌ دانانی به‌رنامه‌ی حیزبیانه‌و کێشانی هێڵێك له‌ نێوانی خۆی و حکومه‌تی هه‌رێـمدا، بێت. گه‌ر سه‌رنجی خاڵه‌کانی به‌رنامه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌ بده‌ین به‌ ئاسته‌م ده‌بینیت که‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی و پێداویستی هه‌بوونی سێنته‌رێکی عه‌لمانی-دا جووتده‌بێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ له‌ نێوه‌ندی بۆردی ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م ناوه‌نده‌دا ته‌نها دووکه‌س، به‌ڕێزان فوئاد میسری و شێرزاد حه‌سه‌ن ، ده‌بینین، که‌ بتوانن له‌پای ئه‌نجامدانی کاری توێژینه‌وه‌ و به‌دووچونی مێژوی ئیسلام به‌ گشتی و ته‌فسیری قورئان و وته‌کانی په‌یامبه‌ردا، بن.


هۆکاری بنه‌ڕه‌تی دانانی سێنته‌رێکی ئاوا ته‌نها ترس و مه‌ترسییه‌ له‌ ئیسلام و ئاینی ئیسلام به‌ گشتی و ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتخواز به‌تایبه‌تی، که‌ جێگای داخه‌ که‌ سه‌رجه‌می ڕۆشنبیرانی حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری و زۆربه‌ی زۆری چه‌په‌کانی دیکه‌ش ئیسلام و کێشه‌ی ئیسلامیان ئه‌وه‌نده‌ زه‌قکردۆته‌وه بووه‌ته‌ کێشه‌یه‌کی یا ناکۆکی سه‌ره‌کی نه‌ك هه‌ر له‌ نێوانی خۆیان و ئه‌واندا به‌ڵکو له‌ نێوانی ئیسلام و به‌شه‌‌که‌ی دیکه‌ی کۆمه‌ڵیشدا، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ ئه‌مان ئه‌وه‌نده‌ بێده‌ربه‌ستن و ئه‌ونده‌ بێئاگایانه‌ ‌ به‌رخوردی خودی دین، ده‌که‌ن که‌ به‌ ئه‌سڵی نه‌خۆشییه‌که‌ی‌ ده‌زانن، نه‌ك به‌ نیشانه‌کانی (ئه‌عرازه‌کانی) نه‌خۆشییه‌که‌.


‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌کردنی کۆمه‌ڵی کوردی، به‌م شێوه‌یه‌، که‌ کۆمه‌ڵێکی ئیسلامییه‌ ، کار اییه‌کی نه‌رێیانه‌ی زیاتر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ داده‌نێت ، له‌بری ئه‌وه‌ی که‌ ئیسلام و کێشه‌که‌ی لاواز بکرێت ده‌رنجامه‌که‌ی پێچه‌وانه‌که‌ی، ده‌بێت. ئه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان نایانه‌وێت جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌نه‌وه‌، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ ، ئه‌و پاشخانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و ئابوریی و مێژوییه‌یه‌ که‌ ئیسلام و دینی ئیسلامی هه‌یه‌تی‌ ، سیاسه‌تی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکایه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ گه‌لێك له‌مان ‌ هه‌میشه‌ گۆرانی به‌ باڵایاندا ده‌ڵێن و سه‌رسامی کۆمه‌ڵه‌ مه‌ده‌نییه‌که‌یانن، سیاسه‌تی دووفاقه‌ی هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ خۆیان کارگه‌ی دروستکه‌ری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتخواز ن له‌ ڕێگای‌ کۆمه‌ك پێکردنی ئابوری و ڕۆشبیری و دینی هه‌م کۆمه‌كی سیاسیش ، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ ناو خودی وڵاته‌کانیشیاندا هه‌بوونی سیاسه‌تی ڕایسستانه‌ و هه‌ڵاواردن دژیان . هاوکاتیش‌ ململانێی نێوانی ئێران و سعودییه‌ و وڵاتانی که‌نداو و تورکیا ، که‌ توانیویانه‌ چه‌نده‌ها گروپ و حیزبی سیاسی و هه‌تا چه‌کداریش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دروستبکه‌ن تاکو به‌ وه‌کاله‌ت شه‌ڕی خۆیانی پیبکه‌ن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و سیاسه‌ته‌شی که‌ حکومه‌تی هه‌رێم له‌ بواره‌کانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و و ڕۆشنبیریدا ،گرتویه‌تییه‌ به‌ر ، که‌ ڕۆڵی خۆیان هه‌یه‌ له‌ ڕاکێشانی خه‌ڵکانێکدا ، منداڵانێکدا بۆ باوه‌شی یا لانکه‌ی ئیسلامێتی ده‌سه‌ڵاتخواز.


‌هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو هۆکاره‌کان نین و زۆری دیکه‌ش له‌و بواره‌دا کارایی خۆیان داده‌نێن، که‌ پێویسته‌ کار له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ بکرێت، کارکردنیش له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگای سێنته‌رێکی ئاواوه‌ ناکرێت که‌ زیاتر ڕؤشنبیرانی حیزبی به‌ خۆوه‌ گرتووه‌ و به‌رنامه‌یه‌کی حیزبیانه‌ ، ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌ ، له‌بری توێژینه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ و به‌دووچوون و کارکردن له‌سه‌ر خولقاندنی فه‌زایه‌کی ئاوا که‌ بتوانرێت قسه‌ و مشتومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکرێت که‌ ئایا دین حه‌لی کێشه‌کانی سه‌رده‌می پێیه‌؟ ئایا دین ده‌بێت دژایه‌تی بکرێت یا خود قسه‌ و مشتومڕی له‌سه‌ر بکرێت، ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بدرێت؟ ئایه‌ ده‌بێت قسه‌ له‌سه‌ر ده‌رکردنی دین له‌ کۆمه‌ڵ بکرێت یاخود قسه‌ له‌سه‌ر ئازادی خه‌ڵکی به‌ ئازادی موسڵمانانیشه‌وه‌ بکرێت که‌ چ دینێك یا بیروڕایه‌ك بۆخۆی هه‌ڵده‌بژرێت ئه‌وه‌نده‌ی هیچ لایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وی دیکه‌دا فه‌رزی نه‌کات؟ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا شیکردنه‌وه‌ و لێدووان له‌سه‌ر سوره‌ته‌کانی قورئان و قسه‌ و باسه‌کانی په‌یامبه‌ر و مێژو‌ی ئیسلام و ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ گرتویه‌تییه‌ به‌ر ، به‌ڵام به‌بێ سوکایه‌تیکردن به‌ خه‌ڵکانی دینی و پیرۆزییه‌کانیان. ده‌بێت بکرێت.


به‌ڵام کاتێك که‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌ند ده‌بینین که‌ ده‌ڵێت ” ‌ جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ ده‌وڵه‌ت، یه‌کسانی نێر و مێ له‌ هه‌موو بواره‌کانی یاسایی ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی ، دانانی یاساکانی باری که‌سی و یاساکانی سزادان له‌سه‌ر بنه‌ما و پرنسپه‌ سێکۆلاره‌کان و دووربن له‌ په‌یڕه‌وکردنی بنه‌مانانی هه‌ر ئاینێك . سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ دووربخرێته‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ی ئاینییه‌کان و ده‌زگا ئایینییه‌کان، حکومه‌ت و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان هیچ پێشوازییه‌کی ماددی دامه‌زراوه‌ ئاینییه‌کان نه‌که‌ن، قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو جۆره‌کانی توندوتیژی له‌ ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی هه‌ر داموده‌زگایه‌ک بێت به‌ داموده‌زگای ئایننی و شوێنه‌ ئاینییه‌کانیشه‌وه‌…….” ئه‌رێ گه‌لۆ ئه‌مه‌ به‌رنامه‌ی سێنته‌رێکی ڕۆشنبیرییه‌ یاخود حیزبێکی سیاسییه؟!! گه‌ر ئه‌مه‌ چه‌واشه‌کردن و به‌شه‌واره‌خستنی خه‌ڵکی و هه‌ڵگرتنی به‌ردی گه‌وره‌ی نه‌هاوێژراو نه‌بێت ، ده‌بێت چی بێت ؟ دوای ئه‌مه‌ چۆن به‌رنامه‌یه‌کی واگه‌وره‌ به‌ ئه‌نجامده‌گه‌یه‌نرێت گه‌ر پاره‌یه‌کی خه‌یاڵیت به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت، که سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش یا ده‌بێت حیزبه‌کان یا خودی حکومه‌ت ، بێت ، کێی دیکه‌ ده‌توانێت؟ خۆ ئه‌گه‌ر حکومه‌ت و حیزبه‌کان له‌ پشتییه‌وه‌ بن ، دیاره‌ ئه‌مان له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندی کۆمه‌ڵی کوردیدا نه‌ك خزمه‌ت پێکردنیان ،به‌رده‌وامده‌بن، چونکه‌ له‌ ڕاستیدا ‌ حیزبه‌کان و حکومه‌تی هه‌رێم پشکی شێریان له‌م گرفتانه‌ی که‌ ئه‌م ناوه‌نده‌ بۆی دروستبووه‌، به‌رده‌که‌وێت!!! گه‌ر سه‌رنج له‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بده‌ین ده‌بینین که‌ بوونه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و ناوه‌نده‌ ، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات ، که‌ ئه‌م ڕؤشنبیرانه‌ له‌ ڕێگای حیزبه‌کانیانه‌وه‌ یا خود ئه‌و ئاراسته‌ سیاسییه‌ی که‌ گرتویانه‌ ، فه‌شه‌لیان هێناوه‌ به‌ڵام نه‌ ئاماده‌ن پشتڕاستی بکه‌نه‌وه‌ و نه‌ به‌دوای ڕێگه‌ چاره‌یه‌کی جددی دیکه‌شدا ده‌گه‌ڕێن.


ئه‌مان هه‌ر له‌ ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م سێنته‌ره‌ و به‌رنامه‌که‌یه‌وه‌ خۆیان خسته‌ سه‌نگه‌ری دژ به‌ موسڵمانانی ئاسایی و ئیسلامه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانه‌وه‌ ، ئه‌م ڕؤشنبیرانه‌ بانگه‌شه‌ی دووژمنایه‌تی و شه‌ڕیان به‌م هه‌ڵوێسته‌یان کردوه‌ ، چونکه‌ ئه‌مان بۆ‌ موسڵمانانی ئاسایی و ئیسلامه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانیان ڕووننه‌کردۆته‌وه‌، تاکو پێیان بڵێن ” ئه‌مه‌ی که‌ ئێمه‌ ده‌یکه‌ین بۆ دژایه‌تی دین نییه‌ ، له‌ هه‌قه‌تدا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی دین و ڕیزگرتن له‌ که‌سانی دنییه‌ ‌ وه‌کو بیروباوه‌ڕێکی که‌سی، شه‌خسی، ده‌توانن پێڕه‌وی بکه‌ن ، ئه‌مه‌ بۆ درو‌ستکردنی شه‌ڕو ناخۆشی و جوودایی له‌ نێوانی ئیمه‌ و ئێوه‌دا نییه‌ به‌ڵکو ئه‌مه‌ بۆ دروستکردنی ئاشتی و ته‌بایی و ناساندنی مافه‌کانی یه‌کدین ، ئه‌مه‌ بۆ چه‌وسانده‌نه‌وه و زوڵمکردن و سوکایه‌تی کردن به ئێوه‌ نییه‌ و ده‌رکردنی ئێوه‌ نییه‌ ،به‌ڵکو بۆ هاوتا بوون و مافی هاوبه‌شی هه‌موومانه‌ ‌ ‌ له‌سه‌ر یه‌ک خاك و یه‌ك زه‌وی ، ئه‌مه‌ بۆ هه‌بوونی ئازادیی هه‌ر هه‌موومانه‌ نه‌ك بۆ داگیرکردنی ئازادییتان ….. گه‌ر ئێمه‌ ئازاد نه‌بین ئێوه‌ش ئازاد نابن ، چونکه‌ ئازادی زنجیره‌یه‌کی به‌ یه‌که‌وه‌به‌ستراوه‌ ..” و گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه.


فه‌رامۆشکردن و به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی گه‌وره‌ ئه‌زموونی ڕۆژاوا:


کاره‌سات و نه‌هامه‌تی ڕۆشنبیری سیاسی و حیزبی وه‌کو ته‌واوی سیاسییه‌کانی دیکه‌ ، له‌ وه‌رنه‌گرتنی وانه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونه‌کانی شوێنه‌کانی دیکه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا قه‌یرانه و قه‌یرانی مه‌وجودیش قوڵترده‌کاته‌وه‌ . له‌مڕۆدا له‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌م جیهانه‌دا له‌ نێوانی خه‌ڵکانی چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازاندا به‌ هه‌زاره‌ها کۆبوونه‌وه‌ و سیمینیار له‌سه‌ر ڕۆژاوا ده‌گیرێت ، به‌ هه‌زاره‌ها ڕاپۆرت و وتار له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که‌ی ، ده‌نوسرێت . ڕۆژاوا ئه‌مڕۆ نموونه‌یه‌كه‌ که‌ ناتوانرێ وا به‌ ئاسانی که‌نارخرێ بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی کار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کانی ده‌کرێ، گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن بچێت ، گه‌لێك له‌و تیورانه‌، گه‌لێك له‌و پێشبینیانه‌ی ناو کتێبه‌ زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کان ، به‌ناچاری ده‌که‌ونه‌ زبڵخانه‌ی مێژووه‌وه‌ . كه‌چی له‌ کاتێکدا له‌‌ کوردستانی باشوردا له‌ ڕۆژی دروستبوونی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌،‌ قه‌یرانێکی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ ده‌ستی ناوه‌ته‌ بیناقاقه‌یه‌وه‌ ، گه‌رچی له‌ بنده‌ستیشیا ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌یه‌ و وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد که‌ له‌ هه‌موو شوێنێکه‌وه‌ خه‌ڵك ڕوی تێدکات به‌شی خۆی له‌و ئه‌زموونه‌ ده‌بات و لێیه‌وه‌ فێرده‌بن ، مه‌خابن له‌ کوردستانی ئێمه‌دا، پشتیتێکراوه‌ ، فه‌رامۆشکراوه‌.


گه‌ر سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ، گه‌ر قه‌ڵه‌مفرۆشه‌کان ، گه‌ر چڵکاوخۆر و ویژدان نه‌بووه‌کان ، به‌رژه‌وندیان له‌ چاو نوقاندندا هه‌بێت له‌ به‌رمبه‌ر ئه‌زموونی ڕۆژاوادا ، ئه‌ی ئه‌وانی دیکه‌یان بۆ؟!! بۆچی ته‌نها هه‌ر ته‌ماشایه‌ك ناکه‌ن تاکو ببینن که‌ تاکه‌ سێنته‌رێکی ڕۆشنبیری له‌ ڕۆژاوا وه‌کو ئه‌مانه‌ی که‌ ئه‌مان دایان ناوه‌ نییه‌ و که‌چی دینه‌کان له‌و په‌ڕی بێده‌سه‌ڵاتییاندا له‌ لوتکه‌ی ئازادی خۆیاندان ‌‌ . له‌ هه‌موو ڕۆژاوادا ناوه‌ندێك نییه‌ که‌ وانه‌ی دژه‌ ده‌وڵه‌تی، نه‌ته‌وه‌چێتی، کوردچێتی تیادا بخوێنرێت ، به‌ڵام دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌ك هه‌ر وجودی نییه‌ به‌ڵکو هه‌ستی دروستکرنه‌که‌شی لای خه‌ڵکی ڕۆژاوا ده‌مێکه‌ به‌سه‌رچووه‌. دیسانه‌وه‌ له‌ هه‌موو ڕۆژاوادا سێنته‌رێکی تایبه‌تی بۆ خوێندنی یا وانه‌ وتنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌بایی و به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و ڕێزگرتن له‌ دین و ئیتنیتی جیاواز و ڕێز له‌ که‌سایه‌تی و دژه‌ گه‌نده‌ڵی، نییه‌، که‌چی خه‌ڵکی له‌وپه‌ڕی هارمۆنی و ته‌بایی و پاکیدا له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا به‌خۆشییه‌وه‌ ،ده‌ژین. هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تانیش ته‌ماشای پێگه‌ و جێگه‌یان بکه‌ن له‌ به‌شداری کردن له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌ سه‌ربازی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و کولتوری و به‌شداری ‌ بڕیاره‌کان، ده‌که‌ن ، ته‌ماشای ئاستی ڕۆشنبیری و بیروڕایان و ئازایه‌تی و شه‌هامه‌ت و که‌سایه‌تی و گیانی قوربانیدانیان ، به‌رخۆدانیان، بکه‌ن.


ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ‌ ناونوسم کردون ، کردووه‌ ، هه‌نگاوه‌ فیعلییه‌کانه‌ ، که‌توارییه‌کانه‌، که‌ له‌ له‌ زه‌مینه‌‌ی واقیعدا ، ناویانه‌ . ئه‌وان له‌ ڕؤژاوادا ‌ نه‌هاتوون سێنته‌ر بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی که‌ ئێمه‌ ڕووبه‌ڕوی بوینه‌ته‌وه‌ ، دروست بکه‌ن ، ئه‌وان چاره‌سه‌ره‌که‌یان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌دا، له‌ زه‌مینه‌ واقیعییه‌که‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ . بۆیه‌ گه‌ر ڕۆشنبیرانی سیاسی و حیزبی ده‌خوازن و ده‌یانه‌وێت به‌ عه‌مه‌لی هه‌نگاو بنێن و کۆمه‌ڵی کوردی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ به‌شبه‌ش نه‌که‌ن و شه‌ڕێکی مه‌زهه‌بی دیکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی داعش ، دروستنه‌که‌ن، با ته‌نها ئاوڕێ له‌ ڕۆژاوا بده‌نه‌وه‌ و شتێكی لێوه‌ فێر بن ، بێگومان گه‌ر وانه‌که‌ن ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌و به‌رنامه‌ حیزییه‌ چی دیکه‌ ناتوانن بکه‌ن و له‌ ئاوا حاڵه‌تێکیشدا، ده‌بێت بۆ ئاینده‌ و مێژووش فه‌رامۆشی به‌رپرسیاری خۆیان، نه‌که‌ن. ‌

ئەنفال خاڵی نێوکۆیی فاشیزمی ئایینی و فاشیزمی دەوڵەتییە

anfalئەنفال پێش ئەوەی کردەوەی بەعسییەکان بێت، سوورەت و ئایاتی پیرۆزکردنی چەتەگەریی چواردە سەدە لەمەوبەرە و ئەوەی کە سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و سەربازەکان و بەکرێگیراوە کوردەکانیان “چەکدارە شۆڕشگێرەکان” بانگەوازیان بۆ کرد و ئەنجامیاندا داهێنانێکی نوێی دەسەڵاتداران نەبوو، نەخێر، گێرانەوە و چەندبارەکردنەوەی فاشیزمی ئایینی چواردە سەدە لەمەوبەر بوو، ئەگەر ئەسحابەکانی مەککە و مەدینە لە ساڵی ١٩٨٨دا بوونایە، ئەوا لەجێی شمشێر کیمیایی و لە جێی ڕیگرتن لە کاروانی بازرگانی خێڵەکانی دیکە، هەزاران گوندیان وێران و سەدان هەزار گوندییان کۆمەڵکوژدەکرد و لەجیاتی “تەیر ئەبابیلە” میکی هەژدە و فانتۆمی شازدەیان بەکاردەبرد.

موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بۆ ڕەوایەتییدان بە فەرمانەکانی خۆی، چەتەگەریی و کۆمەڵکوژیی و کەنیزەککردنی ژنانی کردە خواستێکی ئاسمانی و جێبەجێکردنی کردە ئەرکێکی ئایینی و پاداشتەکەشی کردە تاڵانیی ئەم دونیا و پەرییەکانی بەهەشتی ئەو دونیا، هەر بەو جۆرەی کە سەدام حوسەین پاش چواردە سەدە بۆ ڕەوایەتییدان بە فاشیزمی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتەکەی و پیرۆزڕاگرتنی ناسیونالیزمەکەی، پشتی بە پیرۆزکراویی فەرمانەکانی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشی بەست.

ئەوانەی کە دەخوازن ئەنفالی یەهوودیان چواردە سەدە لەمەوبەر و ئەنفالی کوردان بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە یەکدی جیابکەوە، یا کەسانێکی خۆشباوەڕ و نائاگان لە مێژوو، یا کەسانێکی فاشیستی ئایینین و دەخوازن پاپۆڕی تێکشکاوی ئایین لە نقومبوون ڕزگاربکەن و پاساوی پووچگەرایانە بۆ سوورەتی ئەنفال بهێننەوە!

سەدام حوسەین و پارتییەکەی و ڕژێمەکەی بە ئاشکرا گوتیان ئەوەی ئەنجامیدەدەن، ئەنفالی پیرۆزە، مێژووی چواردە سەدەی رابوردووش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەنفالی بادینان و گەرمیان و قەرەداخ و کیمیابارانی هەلەبجە هەر هەمان ئەنفالە کە موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا بانگەوازی بۆ کرد، کەچی قسەکەرانی بۆرجوازی کورد بۆ پاراستنی کورسیی و مشەخۆریی خۆیان، پاگەندەی جەنگی بەناو ئەنفال، دەوڵەتی بەناو خەلافەتی ئیسلامی و چەندین تڕۆهاتی دیکەی لەو جۆرە ڕێزدەکەن، کە تەنیا لە خانەی (تەرسەقول/ Bullshit)دا جێگەی دەبێتەوە!

هەڵبەتە ئەمە تەنیا تایبەتمەندیی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانە، کە مێژوویان پڕ لە کۆمەڵکوژیی و چەتەگەریی و تاڵانی و کەنیزەککردنی ژنان و لەنێوبردنی کولتوور و کەلەپووری کۆمەڵەکانی دەرەوەی خۆیان و پیرۆزکردنی تاوانەکانی خۆیان و سزاوارکردنی بەرانبەریان.