چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “
هەژێن
٠٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
خوێنەری هێژا، ئەوەی لە خوارەوە وەك چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو ڕاگەیێندراوە دەیخوێننەوە، بریتییە لە خوێندنەوەی من بۆ “پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “، هەڵبەتە لەبەر ڕۆشانیی زانیاریی و دەرك و ئەزموونە کەسییەکانی خۆم وەك کەسێکی ئازادیخواز [ئەنارکیست] و پەیڕەوکەری دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خوازیاریی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و چالاکێکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی.
پێش هەموو شت بە باشتر دەزانم، کە ئاماژە بە ئەوە بدەم، کە ٢٣ی فێبریوهری ٢٠٠٩ لەبارەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەك لە ڕێکەوتی ١٩ی فێبریوەریی ٢٠٠٩ لە هەرێمی کوردستان بەناوی (بزووتنەوەی هاریکاری) کۆمەڵێك سەرنجی خۆم بە سەردێڕی (بزووتنهوهی هاریکاری: ئهڵتهرناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجهکانی) لەبارەی ئەو ڕاگەیاندنە نووسین و بڵاوکردنەوە و پێش بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم، من نێرەری ڕاگەیاندنەکەم لە نووسین و بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم ئاگادارکردەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستگیریی پاش بڵاوبوونەوەی سەرنجەکانی من، زۆر لە گوتن و دۆستایەتی پێش ئەوە جیاواز بوو و تەنانەت ئەو هەڵوێستگیرییە بۆ ناکۆکی و دژایەتییەکی بەردەوام و تەنانەت تۆمەتبارکردن و دژایەتیی کەسیی بە کۆمەڵێك ناوی جیاواز درێژبووەوە و تاکو ئێستاش وەك دوژمنێك لەنێو هۆش و کۆڕی ئەو کەسانە هەژماردەکرێم و وەك ئەهریمەنێك بەردباراندەکرێم. هەرچەندە ئەو کەسە ئەو کات نووسیبووی “بەم زووانە وەڵامی خۆمان بۆ بۆچوونە نادروستەکانی هەژێن دەبێت”، بەڵام نە بزووتنەوەیەکی ئاوا لە کەتواری کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق سەریهەڵدا و نە بوونی هەبوو و نە وەڵام و ڕەخنەگرتن لە سەرنجەکانی من بڵاونەکرانەوە.
لەبەرئەوە، هیوادارم چالاکانی ئەم هەوڵە تازەیە و نووسەران و داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندەش تووشی هەمان هەڵەی دەستەی ڕاگەیاندنی (بزووتنەوەی هاریکاری) نەبن و پێش ئەوەی ئاوا هەڵوێستێك وەربگرن، تەماشای ڕەهەندی ناڕۆشنییەکان بکەن و زیانە ئەگەرییەکان و قۆستنەوەی هەڵە و لاوازییەکان لەلایەن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان لەبەرچاوبگرن. هەڵبەت دەکرێت ئەم سەرنجانەی من لەنێو دونیای کەتواریی و هەر ئاوا لە کەتواری هەوڵی ڕاگەیێنەران هەڵە بێت، بەڵام هەموو شتێك وێرای هەڵەبوونی هێشتا شیاو و شایستەی شرۆڤەکردن و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی ئەو و دەتوانێت ئێمە بۆ بیرکردنەوە هانبدات. هیوادارم بەلایەنی کەم ئەم سەرنجانەی منیش وەك هەڵەیەکی هاندەر و وروژێنەر لەبەرچاوبگیردرێن.
دیسانەوە پێش هەموو شت، من لە هەر هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی هەر تاکەکەس و دەستەیەك دەستخۆشیدەکەم، کە بۆ زیندووکردنەوەی بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی کۆمەڵی ئێمە و گێرانەوەی متمانەی تاکەکان بە هێز و توانا و بیرکردنەوە و دیتنی خۆیان هەوڵدەدەن. بە بۆچوونی من خراپ نەدەبوو، ئەگەر هەوڵیانبدرایە لەتەك ئەو دەستەیە کە ١٩ی فیبریوەری ٢٠٠٩ بۆ بەڕێخستنی (بزووتنەوەی هاریکاری) هەوڵیاندا، پەیوەندیبگرن و لە ئەزموون و توانایی یەکدی کەڵکوەربگرن و هێز و وزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکبخەن، چونکە (بزووتنەوە و تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) هیچ بەربەستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی نییە، تاوەکو ئێمە خوازیارانی ئەو ئامانجە نەتوانین پێکەوە تێبکۆشین.
بێجگە لەوەش کاتێك کە سەرنجی ئەو پەیج و گروپانەی کە بەناوی ( toribnarati1 تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دەرکەوتوون و ئێستا ئەم ڕاگەیاندنەیان بڵاوکردووەتەوە، یەکەم گروپێکی فەیسبووکییە، کە ڕۆژی ٢ی مارچی ٢٠١٥ دەرکەوتووە و تاکو ١٠ی جونی ئەم ساڵ بێجگە لە بابەتێکی هاوڕێ (سەلام نەجیبە) لەبارەی مانگرتن و خۆنیشاندانەکانی فەرەنسە، هیچ بابەتێکی پەیوەست بە )هاریکاری کۆمەڵایەتیی و بوونی تۆڕێك( بڵاونەکردووەتەوە و لە ماوەی نێوان ١٠ی جونی و ١٣ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەتێکی نەبووە و دەستپێکردنەوەی ڕاگەیاندنی هەواڵی (هەروەزییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی) دەبێت و دوا بابەتیشی ئەم ڕاگەێێندراوەیە، کە من خوازیارم لەبارەیەوە سەرنجەکانی خۆم بنووسم. دووەم، پەیجێکی فەسیبووکییە، کە ڕۆژی ١٠ی مارچی ٢٠١٥ بەناوی (toribnarati تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دروستکراوە و تاکو ١٥ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەت و بڵاوکراوەیەکی نەبووە و هیچ چالاکییەکی بە ئاراستەی هاریکاری کۆمەڵایەتیی نەبووە. خوێنەری هێژا، مەبەست لەم پێشەکییە ئەوەیە کە تۆی خوێنەری هێژا بزانیت لەبارەی کێ و چی دەنووسم و لە چی ڕەخنەدەگرم.
سەرەتا هەرچەندە لە نووسینی ئەم سەرنجانە لە سەرنجدانی لایەنی زمانەوانیی داڕشتنەکە خۆم لادەدەم، بەڵام ناکرێت لە هەڵەبوونی واژەکان بەتایبەت ناوی تۆڕەکە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ” خۆم لابدەم؛ (تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی) یان (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) ؟
بەدڵنیاییەوە مەبەستی ئەو بەڕێزانە (هاریکاری کۆمەڵایەتیی)ـە و منیش هەر بەو جۆرە سەرنجی خۆمی ئاراستەدەکەم. مەبەست لە (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) چییە؛ (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی ئیتەرنێتی) یان (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان) ؟ ئەگەر مەبەست باری یەکەمە، ئەوا پێویستە وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەك فەیسبووك و تویتەر و …تد دەربکەوێت نەك ئەکاونت، گروپ، پەیجی نێو تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی وەك فەیسبووك. دەکرێت تۆڕی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەڵام دیسان لەو بارەدا پێش ئەوە ئینتەرنێتی بێت، پێویستە هەبووی شوێنی ژیان و کاری کۆمەڵایەتیی بێت.
” بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە سەپێنراوەی سیستمی سەرمایەداریی نوێ “
“سیستەمی سەرمایەداری نوێ” چییە و کەی سەریهەڵداوە؟ ئایا لەتەك سیستەمی “سەرمایەداریی کۆن” جیاوازییەکانی چین و کامانەن؟
” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی لە هەناوی کۆمەڵگەوە خۆی ڕادەگەیەنێت “
ئەم دەستەواکەیە ئەوە دەگەیێنێت، کە ئاوا تۆڕێك پێش ئەوەی پاگەندەیەکی ئینتەرنێتیی ڕۆشنگەر بێت، بوونێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەوە بۆ من لەم دوورەوە دڵخۆشکەرە و ئومێدەکان زیندوودەکاتەوە و بۆ چالاکیکردنی پشتیوانیکەرانە من هاندەدات.
” بەهۆی شۆڕشی وشیارکردنەوەوە، کە لە ئێستاوە دەستی دەدەینێ” ئەم دەستەواژەیە لەلایەن من نەخراوەتە نێو جووت کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوە، بەڵکو هەر بەخۆی ئاوا نووسراوە و من وەك خوێنەرێك لە هۆکاری ئاوا نووسینی تێناگەم، ئایا دەستەواژەیەکی وەرگیراوە، هی کێیە؟ هەرچەندە من دەستەواژەی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” و (شۆرشی ڕۆشنگەریی) ڕەتدەکەمەوە، بەڵام بۆچی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” بۆ ئایەندە و پاش ” لە ئێستادا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دەکرێت ڕزگار بکرێت ” هەڵدەگیردرێت ؟
” پرەنسیپەکان: ١- بڕیارو ڕاسپاردەو گشتێنراوەکان، بە کۆمەڵ بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەدمینەکانی تۆڕەکە، ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت.”
کاتێك بە وردی دەستەواژەی ” ئەدمینەکانی تۆڕەکە ” سەرنجبدەین، ئیدی ئەوە ڕۆشندەبێتەوە، کە مەبەست لە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ” گروپێك یان پەیجێکی فەیسبووکییە، چونکە ئەدمین یان ئەدمنیستراتۆر فرەتر بواری سەرپەرشتی کۆمپیوتەر و گروپ و پەیج و ئیمەیل ئینتەنێتی دەگرێتەوە و گروپە خۆجێی و هەروەزییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان لەجیاتی ئەدمین و سەرۆك و بەرپرس و ڕابەر و تاک-سەرپەرشتیکار، دەستەی هەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکانیان هەن. هۆکارەکەش ڕۆشنە بەکاربردنی کۆ-سەرپەرشتییکردن و کۆ-بەڕێوەبەریی بۆ بەرگرتن بە دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و پاوانگەریی و هەلپەرستیی تاکەکان. لەبەرئەوە ئەگەر مەبەست لە تۆڕی گروپ و هەروەزییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەندامانی گروپ و ڕێکخراو و هەرەوەزییەکان.
بێجگە لەوەش سپاردنی ” ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت “بە ئەدمینەکانی گروپ و پەیجەکانی ئینتەرنێتییەکان، لاوەکیکردن و وابەستەکردنی گروپ و هەروەزییە کەتوارییەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەیە. وەك گوتم ئەو ناڕۆشنییە لەلای منی خوێنەر دروستبووە، مەبەست لە “تۆڕی … کۆمەڵایەتی” چییە؛ تۆڕی ئینتەرنێتی یان تۆڕی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان؟
“٢- بەشداریکردنی خانمان و پیاوان بە هاوبەشیی “
ناچارم بڵێم، من لەو جیاکارییە لە شوناسی کەسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کەسەکان تێناگەم؛ ئەگەر بۆ ژنان “خانمان” بەجێیە، ئەی بۆ پیاوان چی؛ بۆچی (ژنان و پیاوان) نەبێت ؟
“٣- باوەڕ نەبوون بە توندو تیژیی و بەرامبەر بەوەش وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیستم، نەک دەزگاو فەرمانگەکان.”
باوەڕنەبوون بە توندوتیژی یەکێکە لە بنەما هەرە پەسندەکان، بەڵام مەگەر ” دەزگاو فەرمانگەکان ” بەشێك لە سیستەمەکە نین؟ ئەگەر وەڵام [نە]یە، ئەدی سیستەم چییە؟ ئەگەر چارەسەر پێشنیارکردن و جیگیرکردنی ئەڵتەرناتیڤی “دەزگاو فەرمانگەکان” وەك یەکەی بنکەیی و پایەی سیستەمەکە نییە، ئەدی چۆن ئەڵتەرناتیڤی سیستەمەکە پێشنیار و جێگیردەکرێت و چۆن لە بنکەوە لە سیستەمەکە دەدرێت؟ ئایا ئەوە دیسانەوە گەڕانەوە نییە بۆ سەر بنەمای (لە سەرەوە بۆ خوارە) یان ڕوخاندنی دەسەڵات و جێگیرکردنەوەی بە دەستەیەك بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی؟
“٥- پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا.”
مەبەست لەو بنەمایەی سەرەوە چییە؟ بۆچی و لەپێناو چی پێکەوە کاردەکەن؟ بەداخەوە من لە دەستەواژەی “پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” دەتوانم تەنیا ئەوە تێبگەم، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ چینی سەرمایەدار و توێژە سەروەرەکەی/ دەسەڵاتدارەکەی ئەو چینەش دەگرێتەوە. ئەگەر وەڵام [ئەرێ]یە، چۆن چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوە دەتوانن پێکەوە کاربکەن، چۆن چینی بۆرجوازی وەك یەکێك لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ دژی سیستەم و یاساکانی خۆی (بۆرجوازی کورد)، کە سەروەر و پارێزەری سیستەمە نائازاد و نایەکسان و ناداپەروەرەکەیە، کاردەکات؟ ئەی مەبەست لە” پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگە” چییە؟ ئایا هەژاری زۆرینە هاوسەنگی دەوڵەتمەندیی کەمینە نییە؟ ئایا سەروەریی کەمینە هاوسەنگی ژێردەستیی زۆرینە نییە؟
“٧- بوارنەدان بە دەرکەوتنی هیچ تاکێک وەک پێشەنگ و سەرۆک و دەمڕاستی تۆڕەکە، هەموو بڕیارە چارەنوسسازەکان بە کۆمەڵ دەدرێت. هەرەوەزییەکان سەربەستن لە هەر جۆرە بڕیاردانێکدا لە سنوری چالاکیی خۆیان، بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەس و دەستەیەکی تر.”
هەرچەندە لێرەدا دیارە مەبەست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نائینتەرنێتیی و هەروەزییەکانە. بەڵام هێشتا منی خوێنەر ناتوانم لەسەر ئەوە ساخببمەوە، کە مەبەست گروپی ئێنتەرنێتی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتییە یان تۆڕی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی شوێنی ژیان و کار؟
چونکە ئەگەر مەبەست یەکەم بێت، ئەوا ئەو بنەمایانە /پرنسیپڵانە پێویست نین و کاراییان نابێت و ڕۆڵی ئاوا تۆڕێت لە پاگەندە و ئاڵوێریی زایارییەکان واوەتر ناڕوات، ئەگەر مەبەست دووەم بێت، ئەوا ئەدمین بە واتای (دەرکەوتنی هەندێك تاك وەك پیشەنگ و سەرۆك و دەمراست تۆڕەکە و تەنانەت هەموو خەڵکی) دێت .
“٩- باوەڕ بوون بە دیموکراتیکی راستەوخۆو سیستمی خۆبەڕێوەەریی.”
ئەم بنەمایەش تەواو پێچەوانەی سیستەمی بوونی ئەدمینەکانە و بە کۆڕ و کۆمەڵی خۆجێی پەیوەستە، چونکە لەنێو جیهانی ناکەتواریی گروپ و پەیجی تۆڕە ئینتەرنێتییەکان هەم دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ واتانابەخشێت و هەم نا-خۆبەڕێوەبەریی بوونی نییە و دروستکەرانی هەموو گروپ و پەیجێك بەخۆیان بەڕێوەبەر و سەرپەڕشتیکاری گروپ و پەیجەکانیانن. بەڵام بۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی گروپ و هەروەزییە کەتوارییە کۆمەڵایەتییەکان جوانترین و هەرە پێویستترین بنەمایە.
“١٠- باوەڕ نەبوون بە ئایدیۆلۆژیاو هەموو ئەو بیرو فیکرانەی دەبنە مایەی کۆتکردنی مرۆڤ.”
بە بۆچوونی من، هەرچەندە من بە سەراپای بوونمەوە دژ و ڕەتکەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و زۆبەری بابەتەکانم لەو بارەوەن، بەڵام لەنێو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و گروپ و ڕێکخراو و هەروەزییەکان ناکرێت و ناتوانرێت و دروستیش نییە، کە بڕوانەبوون بە ئایدیلۆجیا بکرێتە بنەما، چونکە پێویستە و دەبێت بەشداران ئازاد بن و بەو جۆرەی خۆیان دەخوازن، تەنیا مەرجێك یان بنمەمایەك ئەوەیە، کە بوارنادرێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بە دەستەگەریی ئایدیۆلۆجیی پارچە پارچە و دابەشبکرێت. بە واتایەکی دیکە مەرجی باوەڕنەبوون بە ئایدیۆلۆجیا بەسەر بەشداران ناسەپێندرێت، بەڵام مەرجی بەرگرتن بە ئایدیۆلۆجییکردنی بزووتنەوەکە دەبێت هەبێت و پێویستە.
” میکانیزمی خۆبەڕێوەبەرێتیی: ١- دامەزراندنی هەرەوەزییەکان و کارکردن لە سنوری چالاکیی خۆیاندا، بە مەرجێک لە 2 کەس کەمتر نەبێت و بە ناوی هەرەوەزییەکەوە دەناسرێن. سنوری چالاکییەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، هەموو گوندو شاروچکەو شارەدێ و گەڕەک و شارێک دەگرێتەوە. ٢- بە هەر ١٠ هەرەوەزیی، لە سنورێکی جوگرافیی، یان لە جۆرێکی پیشەیی هاوبەشدا سەندیکا پێک دەهێنن.
٣- بە هەر ١٠ سەندیکا فیدراسیۆنێک پێک دەهێنن.. هەماهەنگیی فیدراسیۆنەکان ئازادانە دەبێت. “
بە تێگەییشتنی من و بۆچوونی من، ئەم سێ خاڵەش هەر بنەمان و میکانیزم نین، میکانیزمی کارکردن و خۆبەڕێوەبەریی دەکرێت شتی دیکە بێت. لەوانە کۆبوونەوەی گشتی، هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ** و لەکارخستنی نوێنەرایەتی کەسێكی هەڵبژێردراو، ماوەی نێوان کۆبوونەوە گشتییەکان و پێداویستیی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەگەر دانیشتووانی کۆڵان و گەڕەك، گوند یان کرێکارانی کارگەیەك، لکی کارخانەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك، مامۆستایان یان خوێندکارانی فێرگەیەك ئەوە بخوازن.
ئەگەر لەو سەرنجەش بگوزەرێم هێشتا نادروستییەك لە خاڵی دووەم و سێیەم دەبینم، کە دیاریکردنی هەژماری خوازراوی هەرەوەزییەکانە، چونکە ئەگەر لە ناوچەیەك یان هەرێمێك ئەو ژمارە نەبێت، کەواتە مافی پێکهێنانی سەندیکایەك بۆ ئەوان نییە. ئەی ئەگەر لە هەرێمێك هەژماری سەندیکاکان کەمتر لەو هەژمارە خوازراوە بێت، کەوایە دیسانەوە ئەوانیش مافی پێکهێنانی فێدراسیۆنێکیان نابێت .
لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدات، ئەوانە کێن کە ئەو بنەمایانە بۆ هەرەوەزییەکان و سەندیکاکان و فێدراسیۆنەکان دیاریدەکەن، لە کاتێکدا کە نە هەرەوەزییەکی بەرهەمهێن و نە هەرەوەزییەکی خۆکۆمەکیی و نە سەندیکا و نە فێدراسیۆنێك لە ئارادا نییە و ئەوی هەیە، تەنیا پاگەندەکردنە بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخستنانە. ئایا ئەوە بڕیاردان نییە لە سەرووی ویستی کەسەکان و بەناوی ئەوانەوە؟ ئایا ئەوە چوارچێوەسازیی ئایدیۆلۆجیی نییە بۆ بزووتنەوەکان؟ ئایا ئەوە دروستکردنی و داڕشتنی کڵێشەی پارتییەکی تازە نییە؟
بە دیتنی من و زانیاریی من لە ئەزموونەکانی ڕابوردوو، پێداویستیی هەروەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆن هەبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە؛ کاتێك کە سەندیکایەك یا چەند سەندیکایەك هەبن، خۆبەخۆ پێداویستی یەکگرتنی ئەوان بنەمای یەکگرتنەوەیان لەنێو ڕێخکراوێکی ناوچەیی، هەرێمیی و سەرتاسەری دەسەپێنێت. نەك پێچەوانەکەی گروپ و هەروەزیی و بوونیان نەبێت و چوارچێوەیان بۆ دابڕێژرێت. ئەمە ئەو شتەمان بیردەخاتەوە، کە جارێکیان کابرایەك لە مامۆستا گۆرانی هۆنەر دەپرسێت “مامۆستا ئەگەر کوڕێکم هەبێت، بیهێنم تۆ لە فێرگە وەریدەگریت؟ ” مامۆستا گۆران بەو جۆرە وەڵامدەداتەوە “جارێ تۆ بڕۆ کوڕەکە دروستبکە، ئینجا وەرە لای من ناوی تۆماربکە”..
” بەرنامەی کاری هاوبەش: ١- هەنگاونانی خێرا بۆ فراوانکردنەوەی هەرەوەزییەکان، بە کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.”
مەبەست لە کارکردن لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ چییە؟ بڕیارە کێ ئەو کارەبکات، ئایا منی بێکار دەتوانم لەنێو خوێندکاران چالاکیبکەم و ئەوان ڕێکبخەم و بە ئەوان هوشیاری ببەخشم، ئایا منی خوێنکار دەتوانم لەنێو کرێکاران چالاکیبکەم و ئەوان رێکبخەم و بە ئەوان هوشیاریی ببەخشم و بەو جۆرە تا دەگاتە نێو چینی بۆرجوازی و توێژی دەسەڵاتداران، کە ” هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” ئەوانیش دەگرێتەوە. جارێکی دیکە، کێن ئەوانەی کە بە ” بە هەنگاونانی خێرا و کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەرەوەزییەکان فراواندەکەنەوە ” ؟ ئایا ئەو دەستە نادیارە جۆرێك لە دەستەبژێری ئاراستەکەر و پارتییەکی ڕانەگەیێندراو نییە؟
“٣- کارکردن و پێکهێنانی هەرەوەزیی لەناو فەرمانگەو خوێندنگەکان، بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ.”
بە دیتنی من چالاکیکردن و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییەکان لە هەر شوێنێك کارێکی زۆر گرنگ و باشە، بەڵام بەبێ ” بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ “. چونکە سەپاندن واتە دیکتاتۆریی، سەپاندن واتە سەندنەوەی هەموو مافێك لە کەسەکانی ئەو شوێنە، سەپاندن واتە ناچارکردن، سەپاندن واتە چەپاندن، سەپاندن واتە پێشێلکردنی هەموو ماف و ئازادییەك و سەپاندن ڕەتکەرەوەی یەکجارەکی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆیە و دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆش واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو سیستەمانەی [ڕەگەزسالاریی، نەژادسالاریی، نەتەوەسالاریی، ئێتن-سالاریی، ئایینسالاریی، دەستەبژێرسالاریی، پارتییسالاریی، جەنەڕالسالایی، پاشاسالاریی و پارلەمانسلارایی و فەرماندارسالاریی و دەوڵەتسالاریی] کە سەپێندراون و لە دەرەوەی خواست و ویستی کەسانی ژێردەستەوەن. لەبەرئەوە من ناتوانم و نازانم چۆن لە بەکاربردنی واژەی سەپاندن بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ تێبگەم.
“٥- دەستخستنی داراییەک لە ناوخۆی تۆڕەکەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی داهاتوو، بە وەگەڕخستنی پرۆژەی بچوک لە شوێنە جیاوازەکاندا.”
بێجگە لە ئەوە کە هێشتا سنووری نێوان گروپ و پەیجی ئینتەرنێتیی و گروپ و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی ناڕۆشنە و
لێرەدا بێجگە لە ئابوونەی ئەندامەتیی کەسەکان لەنێو هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆنەکان و ئینجا تۆڕەکەش وەك پارتییەك لە سەرووی گشت ئەوانەوە، ناتوانم هیچی دیکە وێنابکەم. بەبۆچوونی من، لە سەردەمێکدا کە خەڵك نانی نییە بخوات، مەرجکردنی ئابوونە و هەر ئاوا لەنێو کۆمەڵێك، کە پارتییایەتی و فەرمانداریی و دەوڵەت و نەزمی نوێی بازار بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی گومان و نەهێشتنی متمانە، توانیوویانە گەندەڵیی کۆمەڵایەتیی بکەنەوە، دەستبردن و ناوهێنانی پیتاك و ئابوونە و سندوقی مالی دەتوانێت هەڵەیەکی گەورە و زەمینەسازییەك بێت بۆ تۆمەت و پیلانی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت و دەست و پەیوەندەکانیان دژی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکاندنەوە و نائومێدکردنی کەسەکان. لەو بارەوە پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و گرتنی هۆڵ و قاوەخانە و …تد هەموو جارێك پێش گەشتکردنی چالاکەکە بۆ کۆڕێك یان کۆبوونەوەیەك، ئەوانی دیکە بۆ خۆبەخشانە کۆمەککردن بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و پێداویستییەکانی دیکە بانگەوازبکرێن و بڕێك کە کۆدەبێتەوە لە کۆتایی کۆڕ یان کۆبوونەوەکە ڕابگەیێنرێت، ئەوەی لێرەدا من وەك نموونە و پێشنیارێك دەیهێنمەوە، ئەزموونێکە کە من لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی چالاکە ئەوروپییەکان فێریبووم.
بە کورتی سەراپای ئەو ڕاگەیاندنە تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆری هەیە و بنەما کراوە بە میکانیزم و دواتر بەرنامە کە دیسانەوە هەر کۆمەڵێك بنەمان و تەنیا خاڵی سێیەم و و پێنجەم دەچنە خانەی بەرنامەکار و ئەوانی دیکە بنەمای کارن، تێکەڵوپێکەڵ کراون.
بێجگە لەوەش، ئەو خاڵانەی کە لەنێو ئەم ڕاگەیێندراوە ڕیزکراون، پەیوەندییان بە کاری پاگەندەی ئینتەنێتی و تەنانەت گروپی پاگەندەی خۆجێیشەوە نییە. هەر ئاوا لیستی ئەو ناوانەی کە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ سات ٨:٢٩ خولەك بڵاوکراونەتەوە، زیاتر کۆمەڵەی دەستەبژێری توێژەکانن و هەندێکیان هیچ واتایەکیان نییە و تەنانەت لەنێو ژیانی کەتواریی خەڵك واتانابەخشن لەوانە ” هەرەوەزی ئەندازیارانی شارستانی ” ئەی (هەرەوەزیی ئەندازیارانی ناشارستانی) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتی نییە؟ ” هەرەوەزی کچانی رۆشنبیر/ کەرکوک ” ئەی (هەرەوەزیی کچانی ناڕۆشبیر) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتیکردن نییە؟ ئایا ئەوانە هەرەوەزین یان کۆمەڵە و ڕێکخراو و دەستە؟ ئایا ئەو هەرەوەزییانە چ وەك بەرهەمهێنان و چ وەك خۆکۆمەکیی بوونیان هەیە، ئەگەر وەڵام ئەرێییە، بەرهەمەکانیان چین، کۆمەکەکان چین و چۆن و لە چی ئاستێك ئاڵووێردەکرێن و تاکو چ ڕادەیەك توانیوویانە هاریکاریی کۆمەڵایەتیی بکەنە ئەڵتەرناتیڤی کەتواریی نێو ژیانی ڕۆژانەی بەشدارانی ئەو هەرەوەزییانە؟
خاڵێك یان سەرنجێك کە ناتوانم بەسەری بگوزەرێم و خۆم لابدەم ئەوەیە، ئایا لەنێو کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ ئەو خاڵانە شرۆڤەکراون و دەنگدان / ڕێکەوتن و ئەنجامگیریی کراون؟ ئایا نوێنەرانی بەشداربوونی هەرەوەزییەکان لەنێو ئەو کۆبوونەوە کورتەیەك لەبارەی پرۆژەی هەرەوەزیی و ئامانج و ئاستی گەشەکردن و پێشوازیی خەڵك لە هەرەوەزییەکە و ئەزموونەکانی چالاکی و کارە نێوخۆییەکانی هەرەوەزییەکان پێشکەشکراوە و لەتەك گروپ و هەرەوەزییەکانی دیکە زانیاریی و ئەزموونەکانیان ئاڵووێرکراون؟ ئایا تۆڕی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوانیان ڕێکخراوە؟ ئایا پەیرەوی نێوخۆی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا ژمارەی ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا بە شێوازی کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرپەرشتی یان نوێنەرایەتی خۆیان ئاماژەیانداوە؟
بەداخەوە لەنێو خاڵی بنەماکان و میکانیزم و بەرنامەی کار بە هەموو شێوەیەك تارمایی سەرپەرشتیاکارنی تۆڕەکە وەك پێکهایەتیەکی قووچکەیی و نێوەندیی سەرەتاتکێدەکات؛ ئایا گروپ و هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسێۆنەکان بێجگە لە ئەرك لە بەرانبەر سەرەوەی تۆڕەکە، هیچ مافێکیان هەیە؛ ئەگەر هەیانە کامانەن و بۆچی بەو مافانە ئاماژەنەدراوە؛ بۆ نموونە ئەگەر نوێنەرانی گروپ و هەرەوەزییەکان لەنێو سەندیکاکان و نوێنەری سەندیکاکان لەنێو فێدراسیۆنەکان پێچەوانەی هەڵبژێرەران و نێرەران جوڵانەوە یان سەرپەرشتیکارانی سەرەوەی تۆڕەکە پێچەوانەی خوارەوە جوڵانەوە چی؟ هەرەوەزییەکان، سەندیکاکان، فێدراسیۆنەکان، چی مافێکیان هەیە و دەتوانن چی بکەن و بە چی میکانیزمێك لەو شتانە ڕێگرییدەکەن؟
وێڕای ئەم سەرنجانە و ناڕۆشنییەك کە هێشتا لەلای من نەڕەویوەتەوە، دەستی یەك بە یەکی چالاکانی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دەگوشم و هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو لە نێوەندییبوونەوە و سەرهەڵدانی ڕێکخستنی قووچکەیی و بەرتەرییخوازیی و ناوبانگخوازیی و ئۆتۆریتەگەریی کەسەکان ڕێگرییبکەن و هاوکات ئەڵتەرناتیڤ و بنەما و میکانیزم و شێوازە گونجاوەکانی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لە ئەزموونی دەوروبەر کەڵکوەربگرن و هەرەوەزییەکان و گروپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان ببنە فێرگەی هوشیاربوونەوەی چەوساوان [نەداران و بێدەسەڵاتان]، ببنە ئامراز و مەیدانی تێکۆشانی ڕۆژانەی جەماوەریی و ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.
* https://www.facebook.com/toribnaratyi1
https://www.facebook.com/toribnaratyi
** بەداخەوە لە زمانی کوردیی دوو شت (نوێنەر/نوێنەرایەتی) کە هەڵبژێردراوی کاتیی نێو کۆبوونەوەی گشتی کۆڕ و کۆمەڵەیەکە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو لەتەك (جێگر/جێگرایەتی) کە هەڵبژێردراوی هەمیشەیی/چوار ساڵ جارێکی دەنگدانی پارلەمانییە و هەڵبژێرەران مافی دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەویان نییە و ئەوە پارتیی و لیستەکەی ئەوە کە ماف و ئەرك و ئامانجەکانی ئەو دیاریدەکات و زۆربەی کات ڕۆڵی هەڵبژێردراوی پارلەمانی لۆبیکردنە بۆ کۆمپانییەکان و پێش هەڵبژاردنیش هەر کۆمپانییەکان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیان خەرك و ئەرکی بانگەوازی هەڵبژاردن و بە دەسەلاتگەییشتنی ئەوان لە ئەستۆدەگرن، لەو بارەوە باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئەمەریکا و پارلەمانەکانی ئەوروپایە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان.