All posts by Anarchistan ئەنارکیستان

Kurdistan Anarchists Forum - KAF سەکۆی ئەنارکیستان

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی شەشەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی شەشەم

هەژێن :

لەبەرئەوەی كە ناتوانم لێرەدا بەتێروتەسەلی وەڵام بە پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیربدەمەوە، بۆیە زۆر بە كورتی لە چەند سەردێرێكدا وەڵام بە شۆرش لەیەك وڵات و دەوڵەتدا دەدەمەوە :

سەرەتا وەك وتم، من تەنانەت بە پێچەوانەی ھەندێك لە ئەناركییەكانەوە، شۆڕش بە ڕووداوێكی ماوە و كات دیاریكراو نازانم؛ شۆڕش خۆبەخۆ پرۆسێسێكی مێژوویی جیھانییە، تا ئێستا لە ھیچ جێیەك بەیەكجاری بەسەر سیستەم و سەروەری چینایەتییدا سەرنەكەوتووە و بەھیچ شێوەیەكیش تێكشكانەكان، تێكشكانی شۆڕش نەبوون و نین، بەڵكو تەنیا تێكشكانی تاكتیكێك یا ستراتیجی ڕەوتێكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستیی بوون، باشترین نموونەش پاش تێكشكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە بلۆكی خۆرھەڵاتییدا، كە دەستبەجێ لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوودا، ھاوكاتی ھەڵوەشاندنەوە و ناوگۆڕینی دەیان پارتی كۆمونیست، بینەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕۆلیتێری بووین، لەوانە خۆپیشاندانەكانی شیكاگۆ، مانگرتنی كەناسانی توركیە، مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئاڵمان ناسراو بە مەشخەڵبەدەستان، مانگرفتنی كرێكارانی ئیسرائیل، مانگرتنی گشتی لوبنان و گۆڕینی حكومەت، مانگرتنی گشتی بەنگلادیش، مانگرتنی كرێكارانی پۆستە و گەیاندنی ئەمەریكا پاش چەند دەھە بێدەنگی و ھەروەھا لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا بینەری خۆپیشاندانە جیھانییەكانی دژی جەنگ و دژی كۆبوونەوەكانی لوتكەی (G8) و داگیركردنی كارخانە و ھۆتیل و چێشتخانە و چاپخانە و شەقامەكان لە ئەرجەنتین و پار و پیرار و لەم ڕۆژانەشدا ڕاپەڕینەوەی جەماوەر لە تونس و میسر  و مانگرتنە بەردەوام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی یۆنان و پۆرتوگال و ئیسپانیا … تد . ئەمانە ھەموویان ھەم نیشانەی بەردەوامی شۆڕش و پشتڕاستكردنەوەی بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی بوون لەژێر قورسایی كەلاكی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوباییدا و ھەم ناپێشڕەوبوونی پارت و دەوڵەتی بەناوی كرێكارییان سەلماند. لەم بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل Cajo Brendel كە یەكێكە لەو ماركسیستانەی ڕەخنەی پەیگیرانە لە بۆلشەڤیزم و لێنین دەگرێت، بەنێوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە” ڕادەكێشم، كە چەند دەھە پێش كڕمۆڵبوون و پووكانەوەی بلۆكی ڕوسی، بابەتەكانی نووسیوەن.

بەبۆچوونی من، ئەوەی بە شۆڕش ناسێنراوە و دەناسرێنێت، تەنیا ڕووداوی ھەڵچوونی نێو ڕەوتی بەردەوامی شۆڕشن و تەنیا دەكرێت ناوی ڕاپەڕینیان لێبنرێت و بەداخەوە ھەندێكیان لەلایەن ڕەوتە بەناو سۆشیالیستیەكانەوە سەركوتكراون؛ لەوانە ھەرەوەزییە كشتكارییەكانی ئۆكرانیا و سۆڤیەتە سەربەخۆكانی دەریاوانی كرۆنشات، كە دەكرا لەو كاتەدا وەك نموونە و ھەوڵێكی سۆشیالستی بواری تاقیكردنەوەیان بدرایە و بماندیایە، كە كام شێواز سەركەوتووە، ھەرچەندە ھەر ئەوكات ھەم لە ڕووی ڕێكخستن و ھەم لە ڕووی خودكەفایی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكی و نێوخۆیی بەھێزتر و سەركەوتووتر بوون. بەشەكەی دیكەیان ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئەسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ و كۆمیتەكانی كارخانە [ئۆتۆنۆمییە كرێكارییەكان]ی ئیتالیا ١٩٦٢- ١٩٧٧ كە ئەمانیش وەك ئۆكرانیا و كرۆنشتات بەپێچەوانەی ئەزموونی بۆلشەڤیكی لەنێوخۆیانەوە كرمۆڵ نەبوون و جەماوەر تێكینەشكاندن و لە ڕووی ئابووری و پەروەردەیی پرۆلیتێرییەوە سەركەوتووبوون و تەنانەت كاتێك كە پاش سەركەوتنی سەربازیی فرانكۆ و گەڕانەوەی خاوەنكیڵگە و كارخانەكان، بەداخەوە دونیایەكی ئاوەدان و پڕبەرھەمیان بۆبەجێما. من ئەم نموونانە وەك ئەزموونی ئەناركی گەشاوە دەخەمە بەرچاوی ئێوە و دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن و لەتەك ڕوسیای زلھێزی جیھانی ١٩١٨ – ١٩٨٩ بەراوریان بكەن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاسۆیەكی ڕۆشن بۆ ڕاپەڕینەوە و ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن بەرنامەی شۆڕش، بەدەستبھێنن.

ھاوڕێ تاھیری ئازیز، ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا ناوی شۆڕشی لەسەر دەنرێت، فرەتر كودەتای پارتییانە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەردا و كودەتای سەربازییە بەسەر حكومەتی بۆرجوازیدا و دروستكردنی حكومەتی پارتە بەناوی كرێكارانەوە لەسەر كەلاوەی دەوڵەت و چێكردنەوەی و دواتر ڕەوایەتیدان بە دیكتاتۆری سەركردایەتی پارت بەسەر خودی ئەندامانی پارت و دواتر بەسەر كۆمەڵگەدا و ڕەوایەتیدان بە كوشتوبڕی مانگرتنەكان و كۆمەڵكوژی ناڕازییانی كۆمەڵگە چ ماركسیستە ئازادیخوازەكان و چ ئەناركیستەكان بەناوی سەپاندنی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریاوە . ئایا تا ئێستا مێژوو لەمە زیاتری نیشانداوین، یا پەنابردنەوە بۆ چەندبارەكردنەوەی دەوڵەتی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە، بێجگە لەو شكستانە، دەتوانێت شتێكی دیكەمان بداتە دەست، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، خۆشحاڵ دەبم بە خوێندنەوە و بیستنی .

بە بۆچوونی من نە لە قۆناخەكانی پێش سەرمایەداریدا ڕویداوە، كە ڕاپەڕینەكان گشتگیر و جیھانی بن، نە لە یەك وڵاتیشدا یەكئاستبوون، نە لە ئێستاشدا یەكئاست دەبن . بۆیە قسەكردن لەسەر ڕاپەڕینی جیھانی تەنیا خەیاڵپلاوی ڕۆشنبیرانی نەخشەكێشە [ تكایە لێرەدا قسەكەم مەیكێشنە سەر خۆتان مەبەستم ئێوە نییە]دەوەشێتەوە، وەك وتم مەبەستی من لە ڕاپەڕین ھەمان شتە كە تۆ ناوی شۆڕشی لەسەر دادەنێیت، بۆ نموونە ئەوەی لە كۆمونە یا ١٩٠٥ و ١٩١٧ ی ڕوسیا، ١٩٣٦ ئیسپانیا، ١٩٥٦ ھەنگاریا، ١٩٧٩ ئێران، ٢٠١١ی وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا تەنیا ڕاپەڕین بوون و بە ھەندێكیان لەلایەن دوژمنە دەرەكییەكانەوە تێكشكاون و ھەندێكیان لەلایەن دژە شۆڕشە نێوخۆییەكانەوە.

ھەورەھا لە ئاستی وڵاتیشدا بڕوام بە ھاوجۆری و ھاوئاستی نییە، ئەوەی ڕوودەدات بە ئامادەیی و خۆپەروەردەیی پرۆلیتێرەكانەوە پەیوەستە، ئەوەی كە لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانەدا چەندە توانیویانە خۆیان رێكبخەن و ڕێكخراوە ناقوچكەییە (ناھەرەمی/ ناھیرارشیی) سەربەخۆكانیان پێكبھنن و ھەم وەك ئامرزای خۆھوشیاریی و خۆپەروەردەیی و ھەم وەك ئامرازی بەرەنگاری و ھەم وەك ئامرازی رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەگەی داھاتوو، چەندە توانراوە لە رێكخراوە و ھەرەوەزیی و كۆمونەكاندا ژیانی سۆشیالیستی و پەیوەندی سۆشیالیستی و كولتووری سۆشیالیستی جێگیربكەن و بەكردەوە نیشانی كۆمەڵگەی بدەن، كە دەكرێت و لە توانادا ھەیە، مرۆڤ ئاوا بژی و خۆی لە پەیوەندییە سەروەرییەكان و سیستەمی كرێگرتەیی ڕزگار بكات . كاتێك كە ئەمە بوو بە بەشێك لە كولتووری ڕۆژ و مرۆڤەكان كەتوارییبوونیان دەركرد و توانیان ئەزموونی بكەنەوە، ئەو كات من و تۆش زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەركی ئەوە بكەین، كە پێویستمان بە دەوڵەت و دیكتاتۆری و شوانەیی پارتەكان و ئامۆژگاری ڕامیارەكان نییە.

ھاوڕێ، بەبۆچوونی گرفتی لەیەك تێنەگەییشتنمان لەوەدایە، كە تۆ باس لە پرۆسێسی دروستكردنی پارتێك وەك پێشڕەو دەكەی، كە دونیا بۆ پرۆلیتاریا تەخت بكات و دواییش سەركردە و ڕابەرە خۆ بە ژیر و خەڵك بە نەزانكانی ئەوەندە بەخشندە بن، بێن و بڵێن، فەرموون پرۆلیتێرەكان، خۆتان ژیانی خۆتان لە سۆڤیەتەكاندا ڕێكبخەن و دەوڵەتێكی سەراپاگیر و توندوتۊڵ (مەحكەم)ی ئاواش كە بەرگەی ھێرشی دەرەكی و گەندەڵی نێوەكی و ھێرشی دێمۆكراسی بۆرجوازی و بیروكراسی نێوەكی بگرێت و جەنگی دار و بەرد بكات، پاشان بەخۆیشی، دیسانەوە بەخشندانە وەك پەشمەك بتوێتەوە [ تكاتان لێدەكەم ئەمەم بە لاقرتێ و كەمڕێزی لێوەرمەگرن] بەداخەوە وەھا پارتێكی بەخشندە و دەوڵەتێكی پەشمەكی، تەنیا لە فیلمە كارتۆنییەكاندا توانای بوونیان ھەیە. بۆیە من زۆرجار ئەوانەی ھەموو تاوانەكانی (ڕوسیا)ی جاران و بلۆكی خۆرھەڵاتی دەدەنە پاڵ )جۆزیف ستالین)، بەبێویژدانی دەزانم. چونكە كەسێكی وەك ستالین [ كە پەروەردەی پارتی كۆمونیست و شاگردی لێنین و جێمتمانەی ترۆتسكی و دەوڵەتی بەناو كرێكاران] لەوە زیاتر نەیدەتوانی نەرمتر بێت، لەوانەشە ھەندێك جار چاوپۆشیشی لە پێداویستیی دیكتاتۆربوون كردبێت. ھیوادارم دەربڕینەكانم زبر و برنداركەر نەبن و دڵی ھاوڕێیانێكی وەك تۆ و كاك (فوئاد)م نەئێشاندبێت، كە ھیچ كات ناتوانم گومان لە سۆشیالیستبوون و دڵسۆزیتان بۆ سۆشیالیزم و پرۆلیتاریا بكەم. ھەرواش دڵنیام كە ھیچ ئامانجێكی كەسیی (شخصی) ھاندەری پێداگرییتان لەسەر پارت و دەسەڵات نییە، بەڵكو بەوپەڕی دڵسۆزیتانەوە بۆ سۆشیالیزم پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونانەتان دەكەن. بەڵام دیسان بەداخەوە، ناچارم بڵێم ھاوڕێیان، مێژوو وەڵامی خۆی بە پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی و دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا داوەتەوە و بڕواناكەم ھوشیاریی و كەتواریی جیھانی ئەمڕۆ و تاكەكان، ھیچ كات بواری دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەكی ئاوا بە گاڵتەجارییەوە بدات .

لێرەدا وەك دوا ڕستە حەزدەكەم ئەوە بڵێم و بیدركێنم؛ خۆزگە سۆشیالیزم بە پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆری بھاتایەتەدی، بەدڵنیاییەوە ئامادەدەبووم گیانی خۆم بكەمە مۆمی ڕێی سەركەوتنی ئەو پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆرییە، بەڵام داخەكەم تەنیا یەك خۆزگە دەیتوانی ئەوە جێبەجێ بكات و بەر بەو شكستانە بگرێت، ئەویش دەیتوانی ئەوە بێت، كە لە ساڵی ١٩١٨ەوە لە ڕوسیا بواری ئەناركیییەكان و مەنشەڤیكەكان و نادرۆنیكەكان و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەكان بدرایە، تاوەكو لەو جێیانەی كە جەماوەر  بۆچوون و شێواز و كاركردی ئەوانی لەلا پەسەندە، تاقیبكەنەوە. چونكە بەدڵناییەوە نە ئەوەندە ئەناركی و سۆشیالیست و كۆمونیست دەكوژران و نە ئەوەندەش جوتیار و كرێكاری بەدبەخت ڕەوانەی ئوردووگە و دوورخراوگەكانی سیبریا دەكران و نە ئەو ئەزموونەش ئاوا بە ئاسانی بەو سەرنجامەی ١٩٨٩ دەگەیشت و نە من و تۆش لەم ساتەدا لەبری ئەم مشتومرە ھەزاربارەبووەوە، چاومان لەدیار كۆمیوتەرێك كزدەبوو و لەوانەشە لەم ساتەدا پارچە ھۆنراوەیەكی پڕ یاداوەری پاش ڕاپەڕین یا بەسەرھاتی ئەڤیندارییەكی سەركەوتوو یا باسی یارییەكی سەردەمی مناڵیمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە یا لەوانەیە پێداویستی یەكترناسیمان نەھاتایەتە بوون و (تاھیر و ھەژێن)ێك بەم بۆچوونانەی ئێستە لە نێۆماندا دروستنەدەبوون .

زۆر سوپاستان دەكەم و بە ھاورییەتی و ھاوەڵی كەسانی وەك ئێوە دڵخۆشم، كوردواتەنی ” ئێمە ماركسیستەكان و ئەناركیستەكان گوشتی یەكتر بخۆین، ئێسقانی یەكتر ناشكێنین” چونكە یەك ئامانجمان ھەیە؛ ئەویش سۆشیالیزم و لەنێوبردنی سەرمایەداریییە، با ھەر یەكەمان بە شێوازی خۆی لەو پێناوەدا درێژە بە خەباتی بدات.

تاهیر ساڵح شەریف :

ئەمشەو ڕەنگە نەتوانم هەموو سەرنجەکانم بنووسمەوە، چونکە بەڕاستی ماندووم و کۆمێنتەکانی بەڕێزیشتان تا ڕادەیەک درێژن و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیش تێکەڵ بەیەکترکراون…. سەرەتا لە هاوڕێ هەژێنەوە دەست پێدەکەم. هاوڕێ هەژێن سەدجار لەسەر هەقە کە مانا گریکییەکۆنەکە” پرۆلیتێر ” بە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خاوەنی موڵکداری تایبەتی نین و کۆیلەی سەرمایەدارانن. تەعریفە گریکییەکە بە ڕای منیش دروستە و پێم وایە فەریدرەک ئەنگڵسیش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا، وەڵامی ئەو پرسیارە [ پرۆلیتاریا کێیە؟… پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاری خاوەنی هیچ هۆیەکی بەرهەمهێنان نییە – هەڵبەت ئێستا فرۆشتنی هێزی فیکر و تەنانەت هێزی سێکسیش هاتۆتە سەر” sex workers “، چونکە لەسەردەمی ئەنگڵسدا، بەکاربردنی هێزی فیکری و هێزی سێکسی لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا وەک ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو] بەجۆرێکی دیکە دەداتەوە. لەم ڕووەوە من هاوڕام لەگەڵ بەکاربردنی ووشەی پرۆلیتێردا بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەنی هیچ موڵکایەتییەکی تایبەتی نین، جگە لە فرۆشتنی هێزی کار، هێزی فیکر و هێزی سێکسیان و ژیانی خۆیان لەوڕێگانەوە دابین دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەو زووییە نەتوانم لە نووسینەکانمدا ئەو دەستەواژەیە بەکار ببەم، چونکە ئەمە پێویستی بە کات هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و جێگیرکردنی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا.

زاهیر باهیر :

کەواتە با هەموومان پێک بێێن لەسەر واتای وشەی پڕۆلیتاریا کە لە سەدا ٩٩ کە دەگرێتەوە نەک کوشەی کرێکاران کە فرۆشەری هێزی بازوو و زهنی و سێکسی دەفرۆشن کە کەما یەتین. دیسانەوە ببورن کە من بووم ڕام کێشان بۆ ئەو جەدەل، بەڵام سەرئەنجامێکی باشی دا بەدەستەەوە کە ئەویش هەموومانی یەکخست لە سەر ئەوەی کە هەموومان مەبەستمانە، بەبەکارهێنانی پڕۆلیتاریا کە نزیکەی هەموو کەس دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا من پێشنیازی ئەوە دەکەم گەر هاوڕێیان ، هەمووتان بەلاتانەوە باش بێت ، لە کۆتایی مشت و مڕەکانماندا ئەمەی کە کردومانە لە م بوارەدا لە ماڵپەڕەکەی هاوڕی تاهیرو سەکۆی ئەنارکستاندا بڵاو بکرێتەوە، دەشتوانیین هەواڵەی سایتەکانی تریشیا بکەین گەرچی دڵنیانیم کە هەموویان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام دڵنیام کە ڕەوەندوو پێنووسەکان و کۆمۆنەش بڵاوی دەکەنەوە. من دەزانم کە ڕينگە لە کۆتاییدا نەگەینە سەرئەنجامێکت وا بەڵام دڵنیام ئەمە بەسوود دەبێت گەر هاوڕێیانی تر لە لایەنە جیاجیاکانەوە بیبینن و بێنە زمان. ئێمە هیچمان نەکردبێت، هەندێک شتی گرنگمان وتتوەو، لە هەمووشی گرنگتە بە گیانێکی هاوڕێیانەی پڕ لە ڕیزو خۆشەویستییەوە لە یەکتری چوینەتە پێشەوەو ، کە بێڕێزیو سوکایەتی بە فکری یەکتری و نە گیانی خۆ بە مامۆستایی زان و گومڕایی فکری تێدا بەدی ناکرێت. کە ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ نوسەری کورد و سیاسی کە زۆربەیان زمانییان زبرە بەرامبەر بە یەکتری.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان/ بەشی پێنجەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان

بەشی پێنجەم

زاهیر باهیر:

هاوڕێ تاهیر كۆمێنتەكەی تۆ لەسەردوو خاڵە. یەكەمیان چینی پڕۆلیتاریایە: منیش لەگەل تۆدا هاوڕام كە چینی كرێكاران شادەماری ئابوری وڵات و جیهانیان بە دەستەوەیە دەتوانن هەتا بەبێ خۆپیشاندان و چوونە سەرەشەقامەكان ، تەنها لە ڕێگای مانگرتنی گشتییەوە لە ماوەیەكی كەمدا هەرەس بە حكومەتەكانیان بهێنن و دواتریش سیستەمەكە لە سەرانسەری جیهاندا.  بەهەرحاڵ من ئەم هێزو توانایەی پڕۆلیتاریا ناو دەنێم وزەی شاراوە كە پێم وایە بە ئینگلیزییەكەی كە مانا باشتر دەدات دەوترێت پۆتێنشەڵەتی. هەر وەكو تۆش دەزانیت هەبوونی وزەی شاراوەو بەكارهێنانی، دوو شتی گەلێك جیاوازن لە یەكدی. كرێكاران لە ئەمڕۆدا ئەو تاقە كامینەیان هەیە بەڵام نەك نایانەوێت بەكاری بهێنن ، بەڵكو هەل ومەجی ژیانیان ڕێگرە لە بەكارهێنانی. بە ڕونكردنەوەیەكی زیاتر من دیسانەوە دەڵێم سەرجەمی شتەكان لە سەردەمی ماركسەوە بۆ ئێستا گۆڕاون كە لایەنێكیان كرێكارانن. لەسەردەمی ئەودا بە حوكمی نزیكی سەرجەمی كرێكران لە ڕوی هەل و مەجی كاركردن یان و مووچەو كرێی سەركاریان، لە وڵاتەكەیاندا، كەم تا زۆر، موتەجانس بوون و چالاكی هاوبەشیی گەورە گەورەیان بە یەكەوە كردوە. من لە ئێستادا ئەو تەجانوسە نابینم، ڕاستە هەموویان كرێكارن و هێزی بازوو زهنییان  دەفرۆشن بەڵام لە چەند توێژاڵێكی جیاجیادا كە هەر توێژاڵەیان لە هەل و مەرجی سەر كاركردنیان و مووچەیاندا جیاوازن لەوانی تریان. لە ئێستادا كرێكارانێك كە هێزی زهنیان دەفرٶشن و لە بەشەكانی تەكنەلۆجیا پێشكەوتوەكاندا كار دەكەن و مووچه‌یه‌كی باش وه‌رده‌گرن ، زیاتر لە چینی ناوەڕاستەوە نزیكن خۆشیان هەر وا خۆیان دەبینن ، تاكو كرێكارانی پاككردنەوە، كەرتەكانی دەوڵەت و هەندێكی تریان. دیارە لەم حاڵەتەشدا مانگرتنی بەشێكیان بێ پشتگیری دەمێنێتەوە لە لایەنی ئەوانی تریانەوە سەر ئەنجامیش مانگرتنی گشتی یا ڕوو نادات یا زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات. دیارە ئەمەی كە وتم هۆیەكە لە هۆگەلەكان لە مەسەلەی ڕونەدانی مانگرتنی گشتی. هەر بۆیەش لە وڵاتێكی وەكو بریتانیادا مانگرتنی گشتی لە ١٩٢٦ وە جارێ تر ڕوی نەداوەتەوە. لەم ماوەیەدا نقابەی ئێرە وڕاوەی ئەوەیان كرد كە تەنها بیری لێبكەنەوە لە دژی ئەو قەیرانە گەورەی كە پێشی پێگرتوین و دژی سیاسه‌تی ده‌ستگرتمه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ كردنیدا.  لە وەڵامی ئەمەدا دەوڵەت هەڕەشەی لێكردن وتی ناتوانن مانگرتنی گشتی بكەن دژی دەوڵەت كە سیاسەتی تەقەشوف پەیڕەو دەكات، ئەمان تەنها بۆیان هەیە كە مانگرتنی گشتی دژی خاوەنكار بكەن. دەوڵەت نەقابەی دڵنیاكردەوە ، گەر كاری وابكەن ئەوە بەیاساو دادگا دەیانوەستێنن لە كردنیدا.   لە ئەڵمانیاو وڵاتانی سكەندناڤی و كەنەدای لای تۆۆ ئەمەریكاو گەلێك وڵاتی تر جگە یۆنان و ئیسپانیاو پورتوغال و فەرەنسا نەبێت، لە شوێنەكانی تر رەنگە مانگرتنی گشتی بەبیرەوەری ئێمە نەكرابێت. ئەوەشت لەبیر نەچیت ئەوەش كە لەو ٤ وڵاتەدا بووە  تەنها كرێكارانی بەشی دەوڵەتی لە مانگرتنی گشتیدا بوون، كەمتر ڕیكەوتوە كە كرێكارانی بەشێكی  كەرتی تایبەتی، بەشداری كردبێت، ئەویش مەگەر ئەو كەرتە تێكەڵە بووبێت لە كرێكارانی دەوڵەتی و كەرتی تایبەتی.  لە هەمووش گرنگتر ، لە بەشێكی گەورەی كه‌رتی دەوڵەتییدا، كرێكارو كارمه‌نده‌كان لە نقابەی جیاوازدان، ئەمەش وادەكات كە لە هەمان شوێنی كاركردندا، نقابەیەكیان لە مانگرتندابن بەڵام ئەوی تریان یان ئەوانی تریان لەسەر كارن.

تێنەگەێستم تۆ چۆن خانەنشینكراونت بە كرێكاران داناوە هەر لەبەر ئەوەی كە پێشتر كرێكار بوون. كرێكار ئەو كەسەیە كە هێزی بازوی یا زهنی دەفرٶشێت و زێدەبایی دروست دەكات. خانەنشێنكراوان ، بێكاران، قوتابییان، كەمئەندامان ، منداڵان، چینی ناوەڕاست، ئەوانەی كە لەسەر سۆشیالن، هیچیان كرێكار نین . من بۆیە دەڵێم كرێكاران كەمایەتین هیچ كام لەمانەی كە ناوم هێنان كرێكار نین و لە سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكاو كەنەدادا زۆربەشن. بەهەرحاڵ گەرچی من و تۆ لەم خاڵەشدا هاوڕا نەبین بەڵام لەسەرجەمەكەیدا هاوڕاین چونكە تۆ لە سەدا ٩٩ كە بە كرێكار دەزانیت منیش لە سەددا ٩٩ كە بە خەڵك دەزانم. ئەوەشت لە بیر نەچێت بارو دۆخی ژیانی كرێكاران زۆر لە بێكاران، منداڵان، قوتابییان، كەمئەندامان و خانەنشینكراوان باشترە.

ببورە هاوڕێم سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەجێی دەهێڵم بۆ بەیانی.

هەژێن :

پێش ئەوەی بچمە پای وەڵامی پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیر لەمەر “شۆڕش لە یەك جێ یا چەند جێ و چۆ پارێزگاریی لێبكرێت؟”، پێمباشە لەنێوان ئێوەدا (ھاوڕێیان تاھیر و زاھیر) قسەیەك بكەم، كە من جیاوازی لەنێوان قسەكانی ئێودا نابینم، تەنیا جیاوازی لە ناونان و بەكاربردنی واژەكاندا نەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار تەنیا ئەوانە بێت كە لەم ساتەدا لەسەركارن، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ زاھیر دروستە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار ھەموو مرۆڤێكی كرێگرتە بێت، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ تاھیر دروستە. باشە ئەو ٩٩% خەڵكەی ھاوڕێ زاھیر و ٩٩% كرێكارەی ھاوڕێ تاھیر، ھەر ھەمان چینی ژێردەستی سەروەری چینایەتی (دەسەڵاتی ڕامیاریی) سەرمایەداران + ڕامیاران و كرێگرتەی (دەسەڵاتی مشەخۆرانەی ئابووریی) دەوڵەت + كۆمپانییەكان نین؟ ئەگەر وەڵامتان بەم پرسیارە، ئەرێیە، ئەوا من ناوی سێیەم بە دروستر دەزانم، كە (پرۆلیتاریا)یە، چونكە “كرێكار” تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە، كە پێناسەیەكی دیاڕێكراویان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەیە و لە زمانی كوردیدا تەنیا بە كرێكارانی تەلارسازی دەوترێت و لە سایەی سەدام و پۆستسەدامییەكاندا خەڕێكە ئەم ناوەش لەنێودەچێت، “خەڵك”یش چەمكێكە بۆ سڕینەوەی شوناسی چینایەتی و ھەروەھا واژەیەكی فارسییە بە واتای گەل و ھاوكاتیش لە كوردەواریدا بە ترشاوی و بە كوڵاوی بەكاردبرێت و تەنانەت بۆ كەسێك، كە لێی بپرسیت “لە كوێ لەدایكبوویت ؟” دەڵێن “خەڵكی كوێیت ؟”. بۆیە من واژەی پڕۆلیتاریا [ھەرچەندە ئەم واژەیە لەلایەن پارتە كۆمونیستە دەوڵەتخواز و دیكتاتۆرەكانەوە شێوێنرا و تەنانەت سووك و ناشیرینیش كرا] بە دروستر دەزانم. چونكە وەك پێشتر وتم لە یۆنانی كۆندا بە ھەموو ئەو كەسانە وتراوە، كە بێدەسەڵات و بێموڵك بوون، ئەگەر ئەمڕۆش سەرنج بدەین لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەموو چین و توێژە ناسەروەر و بێسەرمایە و بێمولك و كرێگرتەكان لەو چەمكەدا جێگەیان دەبێتەوە. بەبۆچوونی من ھەردوكتان لە (٩٩%ی كرێكار و خەڵك)دا مەبەستتان ھەر پڕۆلیتاریایە و لەسەر ئەوەش كۆكن، كە ھەم خەڵك و ھەم ٩٩% لەدەست ستەمی سەرمایەداری دەنگیانھەڵبرێوە و سەركوت و نادادوەریی بەربینی پێگرتوون.

زاهیر باهیر :

هاوڕێ تاهیر دووبارە سەڵاو ، سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەڕای من ئەناركستەكان و ماركسییەكان لەسەر هەمان لە دوو بواردا ناكۆكن بەیەكتری كە یەكەمیان دروستكردنی دەوڵەتی قەومییە. لێردا ماركسییەكان بەرنامەی لانی كەمیان یالانی خوارویان هەیە، كە بەندێكی بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ لابەلابوونەوەی كێشەی قەومیدان و بەشێكی زۆری خەباتی خۆیان بۆ دروستبوونی ئەو دەولەتە بەسەردەبەن ئەوە یەكێكە لە موهیمەكانی ئەوان، هەر بۆیەش بینیمان پارتە بەلشەفییەكانی كۆن و نوێ و ئەمانەی ئێستاتاش وەكو حكك و كۆمۆنیستەكان ئەوەندەی بایاخ بەو مەسەلەیە دەدەن ، ئەوەندە گرنگی بە كێشە چینایەتییەكە نادەن. هەڵبەتە بۆ ئەمەش هەر هەمویان لە كۆن و نۆێدا پاساوێان ئەوە بووەو ئەوەیە كە ئەمە پێشینەی یا بەرایی درووستكردنی دەوڵەتی سۆشیالیستییە، بە وشەیەكی تر لای ئەمان دەوڵەتی سۆشیالیستی دروستبوونی مەحاڵە هەتا كێشەی قەومی بمێنێت. دیارە بۆ ئەمەش لە كۆنیشداو لە ئیستاشدا پەنایان بۆ مەسەلەی ئیرلەندەو پۆڵۆنیاكەی ماركس و ئەو سەردەمە بردووە. باشە ئەو كاتە لە زەمینەی واقیعدا ئەزمونێك نەبووە كە گەر ئەو دەوڵەتانەش دروست بێت هیچێك لە مەسەلەی كرێكاران ناگۆڕێت. بەڵام لە ئێستادا بە دەیەها نموونە لەو بوارەدا دەبینین كەچی لە بری ئەوەی كێشەی سۆشیالیستی بەرەو پێشەوە بەرێت، بەرەو دواوەی بردووە و بارو دۆخەكەشی بە شێوەیەك گرانكردوە، بۆ نموونە زیادكردنی گیانی ڕەیسیزم و فاشسێزم لەناو قەومە ڕزگار بووەكاندا، بووەتە بەربەستێكی تر. هەر تەماشای واقیعی كوردستانی ژێر دەوڵەتی كوردی و سەدەی پێشوی بكەن . گەرچی لە ٦١ وە ئەو بزوتنەوە كۆنە پەرستەی كوردی دروستبوو و جەنگێكی خوێناویش هاتە كایەوە كەچی هەڵوێستی كورد بەرامبەر بە عەرەب ، توركمان زۆر باشترو مرۆڤانە تر بوو تاكو ئێستای كورد لەژێر حكومەتی هەرێمدا. تەماشای فەلەستینییەكان بكەن، ئەلبانییەكانو سەرجەمی وڵاتانی بۆلقان و ڕوسیای هەڵوەشاوە ببینین، بزانن لە سای دەوڵەتی نەتەوییاندا ڕایسیزم و فاشیسزم چەند بەهێز بووە . كەواتە، هاوڕێی من، دەبێت تەماشای واقیع بكەین نەك بڕگەو تیوری نێو كتێبەكانی هەر هەمویان ، هەتا بە ئەناركستە ناسراوە كانیشەوە. پمێـوایە ئەوەندەمان ئەزموون لەبەردەمدایە كە دەتوانرێت لەو بوارەدا دەرسی لێوەرگیرێت و هەنگاوێك كێشەی سۆشیالیزم، كۆمۆنیزم ( بۆ زانیاریت ئەم دووانە لای من هەر یەكێكن) بەرێتە پێشەوە، ئیدی بۆچی دەبێت سەدەیەكی تر بەزایە بدەین دوای ئەوە دەست بدینە خەباتی چینایەتی؟ ئەمە وەخت كوشتنەو بەسوودی سیستەمی مەوجود كۆتایی دێت.

هەرچی ئەناركستەكان هەیە، ڕەدی هەموو جووداخوازییەك، هەڵاواردییەك، چەوساندنەوەیەك ، باڵادەستییەك، پاشكۆیی بوونێك، تەقدیس كردنێك ، دەسەڵاتێك دەوەستنەوە،. هەر بەو چەشنەش لەگەڵ زوڵم و زۆری نەتەوەییدا نین دژی ئەوەش خەبات دەكەن، بەڵام دیسان نەبەرنامەیەك بۆ نەتەوەی ژێردەست دادەنێن تاكو حكومەتیان هەبێت و نە لە شانی قەومییەكانیشەوە خەبات دەكەن بۆ دروستكردنی دەوڵەتی قەومی، گەرچی ئەمان دۆستی ڕاستەقینەی ئازادین و بەمانای وشەە ئازادیخوازن، كە دەیانەوێت خەڵكی خۆی دەبێت ئازاد بێت لە بڕیارو كردەوەكانیاندا.

خاڵی دووهەم هەر لە دەوڵەتدا كە ئەم دوو تەیارە لە یەكدی جیان، ئەوەیە: هەرچی ماركسییەكانن ئەوەندە دژی دەوڵەتن كە پێی دەوترێت دەوڵەتی بورجوازی، فاشی ، دیكتاتۆری ، دینی، لیبراڵ، شاهی، كۆماری. بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی سۆشیالیستی چینی كرێكاراندان وەكو هەمووشمان دەزانیین بەپردی پەڕینەوەی دەزانن بۆ قۆناغی كۆمۆنیزم. بەڵام هەرچی ئەناركستەكانە دژی هەموو جۆرە دەوڵەتێكن بە دەوڵەتی كرێكاریشەوە، هاوڕی ، ئەوەی كە تۆ وتووتە كە دەوڵەت ئامرازی چینایەتییە ، هەر ئەوە وا لە ئەناركستەكان دەكات كە دژی دەوڵەت بن ، هەتا دەوڵەتی كرێكاریش، چونكە وەكو پێشتر وتم ئەوان دژی دەسەڵات و باڵادەستین ، جا گەر هەتا ئەوە دەوڵەتی كرێكای بێت، دەسەڵات بەسەركێدا؟ واتە باڵادەستن، لەبەر ئەوە ئەركی ئەناركستەكانە كە نەك هەر ڕەتی بكەنەوە بەڵكو دژایەتیشی بكەن.

من بۆیە پێشتر پەیگیریم لەسەر ئەوە دەكرد كە كرێكاران بە مانای خۆدی وشەكە هێزی كارو زهنیان دەفرۆشن و دروستكەری زێدەبایین، واقیعەن كەمایەتییەكی كەمیشن، جا كە تۆ بتەوێت حوكمێك لەژێر هەر ناوێكدا بۆ ئەو كەمایەتییە بەسە زۆرینەكەدا دامەزرێنێت ، ئەو كەمایەتییە چۆن كۆنترۆڵی ئەم زۆرینە دەكات گەر بەبەكارهێنانی توندووتیژی و كوشتن و بڕین نەبێت؟!. دوای ئەوە هاوڕێم تۆ دەڵێیت شۆڕشی پڕۆلیتاریا لە جیهاندا ڕوونادات بۆیە یەكەمجار لە دەوڵەتێكدا دەردەكەوێت ( دیارە منیش گەر لە دیدی تۆوە بیبینم هەر وای بۆ دەچم) پرسیار دەكەیت لەو حاڵەتەدا چۆن دەتوانێت خۆی بگرێیت لەبەردەم هێڕشی سەرمایەداران و وڵاتانی سەرمایەداریدا؟ منیش لەگەڵتام وەڵامەكەش لای من ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتە سۆشیالیستییە دەبێت نمونەیەكی زیندوی تر بێت لە هەموو ئەم دەوڵەتانەی ئەم سەرزەمینە بە هەموو ئامرازوو ئەجهیزەكانیانەوە كە هەیانە. پرسیاری منیش بۆتۆ لێرەدا چی دەكەیت یەكەم ؟ دووهەم تۆ كە دەگەیت بە سٶشیالیست ، لە ڕێگەی پارتێكی بەلشەفی یا باشتریش لەوەی لینین بۆ ئەم مەبەستە دروست دەكەیت، چۆن زەمانەتی ئەوە دەكەیت كە ئەو پارتە بەدەردی هەموو پارتە بەلشەفییەكان ناچێت، لە هیراشییەتی ڕێكخستنیاندا، لە مامەڵەی ئەندامان دۆستانیاندا، لە نەكەوتنە زۆنگاوی گەندەڵییەوە، لەوەی كە نەبێتە دەسگەیەكی بیرۆكراتی سرف…….؟ دوای ئەمانە دیسانەوە چۆن دەتوانیت دەستەبەری مانەوەی ئەو دەوڵەتە بە سۆشیالیستی بكەیت و نەگەڕیتەوە یا تێنەشكێت و پارت جێگای چینی كرێكاران نەگرێتەوە، بە كورتی چۆن بە دەردی پارتە بەلشەفییەكان ناچێت؟!!!ئەناركستەكان چۆن چارەی ئەوە دەكەن؟ بە كورتی: ئەمان كە باوەڕیان بە گەڕانەوەی بڕیارەكان و دەسەڵاتەكان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ناو خوودی خەڵك ، خەڵكی خۆی بە هەرەوەزی دەنگی لەسەر بدات و كاری لەسەر بكات، بەمەش یانی سەندنەوەی دەسەڵات لە ئیدارە گەندەڵە بیرۆكراتەەكانی دەوڵەت و شارەوانییەكان. خەڵكی لە كۆمۆنێتییەكەدا دەژی و تەواوی ئازادی خۆی و هێزی داهێنانی خۆیان و توانای خۆیان بەكار دەهێننن بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەمی كارو كێشەكانیان لەناو خۆدا. پارە دەوری نامێنێت هەر بۆیەش پێداویستییەكانی ژیان بەهایان لە كاڵاوە دەگۆڕێت بۆ پێداویستی و بەكارهێنان ، هەموو شت بەلاش و بێ پارە دەبێت. دیارە لەم حاڵەتەدا ئەم كۆمەڵگەیەش ، ئەم كۆمۆنێتییەش دەكەوێتە بەر فشاری ئابوری، سیاسی ، كۆمەڵایەتی ڕەنگە هێڕشی سەربازێش، هەر وەكو دەوڵەتە كرێكارییەكە. بەڵام تەنها مەترسی عەمەلی لە كاتێكدا لە سای دەوڵەتی كرێكاری و سٶسیالیستیدا هەر هەموویەتی، بەڵام لە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی ناناوەندگەرایی و بی هەبوونی دەسەڵاتدا، تەنها خەتەری هێڕشی سەربازییە ، ئەگینا ئەم كۆمەڵگەیە ئیكتیفای زاتی تەواوی خۆی هەیەو با لە ئاستێكی سەرەتایشدا بێت ، مەترسی نە ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی نییە. جا هاوڕێم تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت و بزانە كامیان عەمەلی ترەو بێ مەسەرف ترەو بێ مەترسی دارترە.

دوا وشەم لێرەدا ئەوەیە كە دووبارەی دەكەمەوە ئەوەی كە ماركسییەكان دەیڵێن و دەیانەوێت بیكەن ، واتە دروستكردنی دەوڵەتی كرێكاری، سۆشیالیستی ، لە هەقەتدا چانسی سفری هەیە، چونكە لە زەمینەی واقیعدا دووبارەو دەبارە كراوەتەوە لەبری خێرو خۆشی بۆ كۆمەلگەكە كارەساتی بۆیان هێناوە، لەبری ئەوەشی بەرەو سۆشیالیزم نزیكمان بكاتەوەو بمانبات ، بگرە گەورە ترین كۆسپی دروسكردوەو زۆر دووری خستوینەتەوە لەو ئامانجە. بەڵام كۆمەڵگەی ئەناركیسزم-سۆشیالیزم بەلانی كەمەوە چانسی لەسەدا ٥٠ مان هەیە چونكە هێشتا بە شێوەیەكی فراوان ئەوە بەڕێوە نەچووە ، واتە لە زەمینەی واقیعدا هێستا فەشەلی نەهێناوە چونكە بەو بەربەرینییە تاقی نەكراوەتەوە. دەبا هاوڕێیان چانسێكی بدرێتێ خۆ زەرەر ناكەین گەر قازانج نەكەین!

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم: http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم: http://wp.me/pu7aS-18E

 بەشی چوارەم: http://wp.me/pu7aS-18J

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا / شاره‌وانییه‌کان

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا

دانییل گرین

و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

(٩) شاره‌وانییه‌کان (كۆمونەكان)**

(پرۆدۆن) له‌ به‌شی یه‌که‌می کاری (ڕامیاری- تیۆری) خۆیدا، هه‌رچییه‌ك ڕامیاریی بووبێت، ئه‌و لێی به‌گومان بووه‌ و توخنی نه‌که‌وتووه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و گرنگیی پێده‌دا، ڕێکخستنی ئابووریی بوو، ته‌بانه‌بوونیشی لەتەك به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمیدا، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، به‌ڵام له‌ ساڵه‌کانی کۆتایی ژیانیدا، ده‌ستیکرد به‌ گرنگییدان به‌ گیروگرفتی ڕامیاری، ئه‌وه‌ش زیاتر له‌ ئازادیخوازیی نزیکی خسته‌وه‌، واته‌ ڕێكخستنی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ [ناقوچكەیی/ لاھرمی/ ناھیرارشی]، مرۆڤه‌کان له‌ نێوان خۆیاندا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی “ھەرەوەزییه‌کی سروشتی پێکده‌هێنن” واته‌ پێکهێنانی شار، یان ڕێکخستنی ڕامیاریی، که‌ له‌ جموجۆڵیاندا، یه‌کێتی وسه‌ربه‌خۆیی ژیان خۆی ده‌نوێنێت و ده‌سه‌لمێنێت “ده‌شێت کۆمه‌کی له‌ یه‌کچووی دوور له‌ یه‌کتر، که‌ چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هاوبه‌شیان ببێت، ئێمه‌ ده‌یهێنینه‌ پێشچاومان، که‌ ئه‌وانه‌ لەنێو خۆیاندا ڕێكده‌که‌ون و هاوبه‌شیی پراکتیزه‌ده‌که‌ن و دڵنیاییه‌ك سه‌قامگیرده‌که‌ن و کۆمه‌کی به‌رزتری لێده‌که‌وێته‌وه‌”.

(پرۆدۆن) به‌ وردییه‌کی ڕێژه‌یی شاره‌وانی [كۆمون] دیاریده‌کات، که‌ نێوه‌ڕۆکه‌که‌ی بوونەوە‌ری سه‌روه‌ر‌ (کائن سید)ه‌، واته‌ به‌و پێوانه‌یه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ “خۆفەرمانڕەوایی بکات، بەخۆی کاروباره‌کانی خۆی به‌ڕێوەببات،‌  باجه‌کان بسه‌نێت و موڵک و داهاتی خۆی بەكاربەریت‌، فێرگەکان دروستبکات و مامۆستاکانیشی بۆ دابمه‌زێرێت …. تد ” ئا ئه‌وه‌یه‌، که‌ من ناوی به‌ شاره‌وانی کۆمه‌کیی ڕامیاریی ناویدەبەم (..)  ئه‌ویش، هه‌موو کۆسپه‌کان ده‌خوڵقێنێت و له‌ سنووری خۆی زیاتر، هیچ سنوورێکی دیكە ناناسێته‌وه‌، هه‌موو کارێکی نابه‌جێێی ده‌ره‌وەی‌ ئه‌و سنووره،‌ به‌ بکوژ ده‌زانێت.

له‌ بابه‌ته‌کانی پێشتردا بینیمان، که‌ (پرۆدۆن) بۆچوونی ئاوایه‌، که‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تی سه‌پێنراو پێکه‌وه‌ ناگونجێن، (پرۆدۆن) هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش ده‌ڕوانێته‌، پێکه‌وه‌نه‌ژیانی شاره‌وانی لەتەك ده‌وڵه‌تی به‌نێوه‌ندیکراوی له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ [قوچكەیی/ ھرمی/ ھیرارشی]، له‌و بواره‌دا، هیچ چاره‌یه‌کی نێوەنجیش نییه‌، یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت شاره‌وانی سه‌روه‌ربێت، یان ببێته‌ لقێکی پاشکۆ، به‌و پێوانه‌یه‌، یا هه‌موو شتێکه‌، یان هیچ نییه‌، هه‌رچییه‌ك هه‌یه‌ به‌ هه‌موو چه‌شنێك بیده‌ن به ‌(شاره‌وانی)، له‌وه‌ زیاتر چارێك نییه‌، که‌ ده‌بێت له‌ سنووری خۆیدا بمێنێته‌وه‌، گه‌ر بیه‌وێت نه‌مێنێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و یاسایانه ‌په‌سه‌ندبکات که‌ کۆمه‌کی  گه‌وره‌ (…) له‌سه‌ره‌وه‌ بڕیاریداون، له‌و باره‌دا ڕۆژێك له‌ تەكیدا ده‌که‌وێته‌ دژایه‌تییه‌وه‌ و ململانێ ده‌ستپێده‌کات، ئه‌و کاته‌ش لۆجیك و هێز ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی سه‌ربکه‌وێت و دیالۆگی پله‌ی سه‌ره‌وه‌ و پاشکۆش بڤه ‌و نا ماقوڵییه‌ .

کاتێك (باکۆنین) دێته‌ نێو باسی ئه‌و پرسه‌وه‌وه‌،  شاره‌وانی [كۆمون] له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا ده‌بینێت، ئه‌و له‌چاو (پرۆدۆن)دا لۆجیكیتر بووه‌، پێویسته‌ هاوبه‌شییه‌ کرێکارییه‌کان به‌ ئازادی هاوپه‌یمان بن، له‌ چوارچێوه‌ی شاره‌وانییه‌کانی ناوچه‌کاندا، ده‌بێت (فیدرالی)ی بن “ساڵه‌های ساڵه‌ ده‌وڵه‌ت  کار و ژیانی وه‌ستاندوه ‌و هه‌ڵیانده‌لوشێت، دوای ڕوخاندنی ده‌وڵه‌ت کار و ژیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌وانییه‌کان، له‌و “باره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، دەبێت شاره‌وانییه‌کان په‌یوه‌ندییان لەتەك سه‌ندیکالیزمی کرێکاری چۆنبێت؟ ” بارودۆخی ناوچه‌ی (کورتولاری Coutelary) ڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ دەداته‌وه‌ و دەڵێت دەبێت فیدرالی بێت له‌ چه‌شنی (الجوراسیة) ***. ساڵی ١٨٨٠ وه‌ڵامه‌که‌ به‌و جۆره‌ بوو ” ئامێری ژیانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، فیدرالی پێكھاتە‌ پیشه‌ییه‌کان بووه‌، هه‌ر ئه‌و فیدرالیه‌شه‌، که‌ ده‌بێته‌ شاره‌وانی داهاتوو” هه‌ندێك ڕاڕایی به‌و که‌سانه‌وه‌ دیاره‌، که‌ ئه‌و داڕشتنه‌یان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وان ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌که‌ن “ئایا ڕێکه‌وتنی شاره‌وانی ئه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت، که‌ ئه‌نجومه‌نی گشتی له‌ هه‌موو دانیشتووان پێكدێت، یان هه‌ر له‌ هه‌ندێك  نوێنه‌رانی پێكھاتە‌ پیشه‌ییه‌کان پێكدێت (…) ؟  دواتر ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌، ده‌توانرێت ئه‌وه‌ بهێنرێته‌ پێشچاو، که‌ ده‌توانرێت ئه‌و دوو جۆره‌ (پراکییزه‌) بکرێن، به‌ڵام له‌و باره‌دا لەپێشبوون بۆ شاره‌وانییه‌، یان بۆ سه‌ندیکا؟ له‌سه‌ر ئه‌و دوو پرسه‌، له‌ ڕوسیا و ئیسپانیا جیاوازی و جیابوونه‌وه‌ ڕوویدا، له‌لایه‌ك (کۆمونیسته‌ ئازادیخوازه‌کان/ ئەناركۆكۆمونیستەكان) له‌لاکه‌ی تره‌وه‌ (ئازادیخوازه‌ سه‌ندیکالیزمه‌کان/ ئەناركۆسەندیكالیستەكان)

به‌تێڕوانینی (باکۆنین) شاره‌وانی ئامرازێکه‌، بۆ به‌خاوه‌نبوونی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانیان له‌ خزمه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌بردندا، هیچی دیكە نییه‌، كە بتوانێت جێگه‌ی ئه‌و شاره‌وانیه‌ بگرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ قۆناخی یه‌که‌می ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، شاره‌وانی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌بێت، بۆ قه‌ربووکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و که‌ره‌سه‌ و که‌لوپه‌لانه‌، که‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ریاندا. (باکۆنین) به‌وردی باسی ڕێکخستنی نێوه‌وه‌ی شاره‌وانی ده‌کات، که‌ ئه‌نجومه‌نێك به‌ڕێوەیده‌یبات ، که‌ له‌ نوێنه‌ره‌ هه‌لبژێراوه‌کان پێکهاتوه‌، ده‌توانرێت هه‌موو ساتێك ئه‌رکه‌کانیان لێبسه‌نرێنه‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌که‌شیان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، واته‌ ئه‌وانه‌  وه‌ها نابن، که‌ ئیدی نه‌گۆڕدێن، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ بواره‌ جیاوازه‌کان، لیژنه‌ جێبه‌جێکاره‌کان دیاریده‌کات، باشییه‌کانی دابه‌شکردنی ئه‌و به‌رپرسیاریانه‌، ئه‌وه‌یه‌، که‌ زۆرتریین که‌سانی خواره‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردندا به‌شداریده‌که‌ن، بێجگه‌ له‌وەش، که‌ ئه‌و جۆری دابه‌شکردنه‌ ده‌بێته‌ کۆسپ له‌به‌رده‌می سیستمی نوێنه‌رایه‌تی و جێگه‌گرتنه‌وه‌دا، که‌ له‌و سیسته‌مه‌دا، ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان به‌ ده‌سته‌وەن‌ و ڕۆڵی خه‌ڵکیش په‌ڕاوێزکراوه‌.

(باکۆنین) به‌شێوه‌یه‌کی غه‌ریزه‌یی له‌وه‌ تێگه‌یشت، که‌ دەبێت ئه‌و کۆڕه‌ هه‌ڵبژێراوانه‌، یاساکاربن یان جێبه‌جێکار (کرێکاریی)بن و(دیموکراتی ناپه‌رله‌مان/ دێمۆكراتی ڕاستوخۆ)ی بن. ھەروەك، که‌ (لینین)  سات‌ نا ساتێك به‌لای ئازادیخوازیدا لایداوه‌، ساتێك له‌و ساتانه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ باسی ناوچه‌ی (کورتولای) ده‌هێنێته‌ گۆڕێ و ده‌ڵێت ” له‌به‌رئه‌وه‌ی وێڵنه‌بین و به‌ ده‌ست به‌ڕێوه‌بردنه‌ بیرۆکراتییه‌کانه‌وه‌، تووشی شڵه‌ژان نه‌بین، ئێمه‌ بڕوامانوایه‌، که‌ نابێت ته‌نها یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کان به‌ڕێوه‌ببات، به‌ڵکو دەبێت چه‌ند لیژنه‌یه‌کی (لقی پیشه‌یی) (…)به‌ڕێوه‌یانببه‌ن، ته‌نها ئه‌و جۆری به‌ڕێوه‌بردنه‌ش ده‌توانێت له‌ سیفه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی حوکمه‌تی بمانپارێزێت.

پسپۆڕیی ته‌کنیکی، تێگه‌یشتنێکی به‌فه‌ڕه‌، بۆ خۆلادان له‌ (په‌ڕله‌مانبازی شاره‌وانیی)، (کرۆپۆتکین) له‌ خستنەڕووی ڕه‌خنه‌گرتنیدا له‌ کۆمۆنه‌ی پاریس١٨٧١، سه‌رزه‌نشتی گه‌ل ده‌کات، که‌ ” ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆی بووه‌ و ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌ی داونە‌ته‌ ده‌ست، چه‌ند که‌سێکی دیكە، ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ش، که‌م تا زۆر به‌ڕێکه‌وت هه‌ڵبژێراون، ئه‌وه‌ش پراکتیزه‌کردنی جۆری په‌رله‌مانخوازییه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌یه‌، که‌ هه‌ندێك ڕیفۆرمخواز هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ حکومه‌تی (جیگرتنه‌وه‌) هه‌ر بمێنێته‌وه‌”. به‌ بۆچوونی (کرۆپۆتکین) ئه‌و سیستمی نوێنه‌رایه‌تییه‌، هێنده‌ی لێخوراوه‌ و لێخوراوه‌ته‌وه‌، هیچ سودێکی نه‌ماوه‌. ئه‌و سیستمه‌ ڕۆڵی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بۆرجوازی ده‌بینێت و ده‌سه‌لمێنێت، دەبێت به‌ نه‌مانی بۆرجوازی، ئه‌ویش نه‌مێنێت . ” دەبێت ئێمه‌ له‌ قۆناخی ئابووریی نوێدا به‌ دوای ڕێکخستنێکی ڕامیاریی نوێدا بگه‌ڕێین، ئێمه‌ به‌ باشی سه‌ره‌تای ئه‌و ئابوورییه‌ نوێیه‌ ده‌بینین، له‌به‌رئه‌وه‌ دەبێت ئه‌و ڕێکخستنه‌ ڕامیارییه‌ نوێیه‌ش‌، بەته‌واوی له‌ جۆری نوێنه‌رایه‌تیی، جیاواز بێت”. دەبێت گه‌ل شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی گەلییانەتر بدۆزێته‌وه‌، كە ته‌واو له‌وه‌ جیاوازبێت، که‌ حکومه‌ت دابینیده‌کات، دەبێت گه‌ل خۆی فەرمانڕەوای خۆی بێت، واته‌ خۆی به‌ خۆی فەرمانڕەوایی خۆی بکات، ئەگه‌ر ئه‌و دیموکراتییه‌ ڕاسته‌وخۆیه‌ زیاتر وزه‌ی بدرێتێ، تا ئه‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌، که‌ پێویسته‌ بیگاتێ، جا چ له‌سه‌ر ئاستی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی بێت، یان له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمیی بێت، دەبێته‌ هۆی ڕاماڵینی پاشماوه‌کانی ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتسه‌پاندن). له‌ واقعدا پێویسته‌ له‌سه‌ر ھەر سۆسیالیستێك، چ سۆسیالیستێکی ئۆتۆریتگەرا autoritaire بێت، یان ئازادیخوازLibertaire، کار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بکات، به‌ڵام به‌و مه‌رجەی، که‌ خەبابەتەكی بۆ گه‌یشتن بێت به‌ قۆناخێکی پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ تیایدا کرێکار ببێته‌ خاوه‌نی هۆشمه‌ندی و زانست، ئه‌و هۆشمه‌ندی و زانسته‌ش ته‌ریببێت به‌وه‌ی، که‌ فره‌یی (الوفرة) جێگه‌ی نه‌بوونی (العوز carance) گرتبێته‌وه‌، زۆر پێش (لینین)، (کرۆپۆتکین) ساڵی ١٨٨٠ ده‌رباره‌ی ناوچه‌ی (کوتورالی) وتوویه‌تی ” له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، که‌ زانستیانه‌ ڕێکخراوبێت، پەیڕەوكردن و بەكاربردنی ئه‌و دیموکراتییه [دێمۆكراتی نوێنەرایەتی]‌، که‌ زاده‌ی ده‌نگدانی گشتییه‌، هیچ گرنگییه‌کی نامێنێت”.

******************

په‌ڕاوێز

 

*په‌ڕتووکی – من العقیدة الی الممارسة – دانییل غیرین

**بابه‌تی (٩)ی به‌شی دووه‌می په‌ڕتوکی ناوبراو

***الجورا Jura ناوچه‌یه‌کی شاخاوییه‌، له‌ نێوان فه‌ره‌نسا و ئیتالیا و سویسرادا، فیدرالی جۆراسی لقێکی ئی‌نته‌رناسیۆنالیزمی یه‌که‌م بوو، له‌ سویسرای (الروماندیة) په‌یڕه‌وی بییرکردنه‌وه‌کانی (باکۆنین)ی ده‌کرد-و-ع

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی چوارەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی چوارەم

هەژێن:

ھاوڕێ زاھیر، تێبینییەكەت لەبارەی سەرنجەكەی منەوە لەسەر چینی كرێكار لەبیرچووە ؟….ھاوڕێ تاھیر، منیش لەسەر ھاوبەشیی ئەناركییەكان و ماركسیستەكان لە دژایەتیكردنی سەرمایەداریدا ھاوبۆچوونی ئێوەم. بەڵام مادامەكی ئێوە شكستەكانی بیرۆكەی دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا بەھەند وەرناگرن و خوازیاری چەندبارەكردنەوەیانن، با لە جێیەكی دیكەوە بۆ پرسە بڕۆین؛ وەك دەزانین لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا بەگشتی و لە كوردستانەكەی خۆشماندا، ناوچە و گوند ھەبوون، كە بەبێ بەگ و دەسەڵات، لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتیی ساڵانێكی دوورودرێژ ژیاون و كۆمونەكان بە درێژایی مێژوو لە زۆڕێك لە كۆمەڵگەكاندا ھەبوون و من لەو بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكی [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] ڕادەكێشم و ھیوادارم پەیدای بكەن و ئەگەر بۆشتان بكرێت، بیكەنە كوردی. ھەروەھا لە بەرامبەردا وەك لە سەرنجی پێشووتردا وتم، لە (ڕوسیا)وە بۆ چین و بۆ ئەمەڕێكای لاتین و بۆ ئەوروپا و بۆ ئەفەڕێكا، بینەری تراجیدیای دەوڵەتی كۆمونیستی و دیكتاتۆری پارت بەناوی پڕۆلیتاریاوە بووین و دیتمان كە چۆن بۆچوونەكانی باكونین دەقاودەق دەرچوون و نەك ھەر دەوڵەت بەرەو لاوازی و پووكانەوەی خۆبەخۆیی نەچوو، بەڵكو بەپێی سروشت و پێداویستی بوونی و میكانیزمەكانی پاراستنی خۆی، ڕووی دیكتاتۆرییەكانی پێش و پاش خۆی سپی كردەوە !

ئایا بەبۆچوونی ئێوە ئامادەكاریی توێژەكانی پرۆلیتاریا لە خەباتی ڕۆژانەدا و لەسەر بنەمای ڕێكخستنی سەربەخۆ و خەباتی ڕاستەخۆی چینایەتی و پەروەردەی كولتووری سۆشیالیستیی چەوساوان بۆ گرتنەدەستی كاروبارەكانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیاندا خەیالپڵاوی و ئەستەمە، یا دروستكردنی دەوڵەتێك بە دەزگەی بیروكراتی و سیخوریی و میلیتێری و توێژی ئوروستۆكراسی فەرمانڕەواوە و دواجار توانەوەی پەشمەكیانەی وەھا دەزگەیەك خۆبەخۆ و خۆبەخشانە، تكایە وەڵام كامیان ئەستەم و خەیاڵپڵاوییە؟

ئەگەر بەدیھاتنی كۆمەڵگە ھەرەوەزییە ئازادە پرۆلیتیرییەكان لە پرۆسێسێكی ھوشیاربوونەوە و خۆڕێكخستنی چەوساواندا دەیان ساڵ خەباتی خەباتی جەماوەریی و ھونەری و كولتووری و ڕۆشنگەریی وەك پیشمەرجەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بخایێنێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەی كە لە شەوڕۆژێكدا بە پیلان و كودەتای سەربازی و پارتیی دێتەسەر تەخت، ئەگەر سەدەیەك خەبات بۆ ڕووخاندنەوەی پێویست نەبێت، بێگومان ٧٠ ساڵ مەرگەسات و لەخوێنگەوزانی پێویست دەبێت!

 ھاوڕێیان، ئەوەی من دەیڵێم لە حەز و گۆشەگیریی و ھەوڵی تیئۆری (باكونین و ڕۆكەر)ەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو بەرەنجامی ئەزموونی زیاتر لە (١٨٠) ساڵی مرۆڤایەتی ھەیە، بەداخەوە ئەزموونێك كە پرۆلیتێرەكانی لە تاكی شۆڕشگێرەوە گۆڕی بۆ تاكی نادەربەست و نائومێد و تەنانەت ئەگەر سەرنجی ڕەوتی نیئۆنازیستی و فاشیستی و ڕاسیستی وڵاتانی بەناو بلۆكی سۆشیالیستی جاران بدەین، ئەوا دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەكان، تەنیا نیئۆنازیزمیان بەرھەمھێناوە، ئەمە سەرەنجامێكی خەمناكە، بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین. ئەمە ئەنجامگیری منە و ئەزموونەكان و مێژووی ڕەوتی دەسەڵاتخوازی نێو بزاڤی سۆشیالیستی لە سەردەمی ئینتەرناسینالی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ، دیسان بەداخەوە تەنیا ئەم ڕاستیانەمان دەخەنە بەردەست.

ھاوڕێ فوئاد، بەداخەوە پێداگریت لەسەر سكتاریستبوونی ئەناركییەكان لە ئینتەرناسیونالی یەكەمدا، تەنانەت نووسینەكانی (ماركس و ئینگلس)یش ناتوانن پشتیوانی لێبكەن، چونكە نووسین و شەڕە قسەكانی ئەو كاتی نێوان ئەو دوو باڵەی نیونەتەەیی یەكەم، پێچەوانەی پێداگرییەكەی تۆن. ھەروەھا بۆ من گرنگ نییە، كێ ڕاستی وتووە و كێ ڕاستدەكات؟ لای من ئەوەی گرنگە، ئایا سۆشیالیزم لە دەوڵەتدا دەگونجێت یا نا؟ پڕۆلیتاریا دەتوانێت دیكتاتۆر بێت یا نا؟ ئەو دەوڵەت و دیكتاتۆریەی كە كۆمونیستە ماركسیستەكان پێداگری لەسەر دەكەن؛ دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریان یا ھی پارتە كۆمونیستەكان؟ ئەی ئەزموونەكانی سەدەی بیستەم لەم بارەوە چیمان بۆ دەخەنەڕوو؟

زاهیر باهیر:

هاوڕی تاهیرجاڕیکی تریش سوپاس بۆ هاتنە ناو جەدەلەکەوە. من لێرەدا تەنها دوو شت دەڵێم یەکەم لەبەر ئەوەی لە سەرنجدانی کۆمێنتەکەی کاک فوئاددا شتێکم وتوە ڕەنگە تا ڕادەیەک شمولی سەرنجەکەی تۆش بکات. دووهەمیش هاوڕێی خەمی نان و….هەندێک شتی وتوە کە من دەم ویست بیڵێم، ماڵی ئاوا بێت ، ئەرکی لەسەر من کەم کردەوە. بەهەرحاڵ خاڵی یەکەمم منیش تا ڕادەیەک ، دەڵێم تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕاکەی مارکس دام سەبارەت بەپێناسەکەی مارکس بۆ پڕۆلیتاریا، بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاوە، چونکە ڕاستە ژمارەی پڕۆلیتاریا گەر هی زەوی و زەرەکان و بیناسازی و دەستغێڕەکان و خەڵکانێکی مووچە کەم یان بدیتە پاڵ ، زیادی کردوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا سیستەم سەردەم بە تایبەت لە وڵاتانی ئابووری گەشيکردوودا ژمارەیەکی یەکجار لە چینی ناوەڕاستیشی دروست کردوە. کە من ناتوانم بە پڕۆلیتاریان ناونووس بکەم.، گەرچی بەرژەوەندیان وەکو سەرجەمی هەموومان لە مەحف بوونەوەی ئەم سیستەمەدایە، بەڵام ئەوان بە عەمەلی لەمڕۆدا بەرگری لە مانەوەی دەکەن. دوای ئەوە هاوڕێم تۆو کاک فوئاد لە ناکۆکیدان لەگەڵ خۆتاندا چونکە لە کاتێکدا کە قەناتتان بەوە هەیە کە زۆربەی خەڵک پڕۆلیتاریایە کەچی لەولاوە بزوتنەوەکە بە بزوتنەوەی خەلك نازانن ، بەڵکو تا ئێستاش هەر پڕۆلیتاری بە پێشڕەوو بوتنەوەکەی بە دینەمۆی گۆڕینی مێژوو دەزانن. بەڵام لای من وەکە لە سەرنجی یەکەممدا لەسەر سەرنجەکەی کاک فوئاد نوسیم بزوتنەوە بزوتنەوەی خەڵکە نەک بە تەنها کرێکاران، هەر ئەمەش خاڵێکی جیای ئێستاو سەردەم مارکسە و خەسڵيتێکی تایبەتی خەباتی ئێستایە، بەڕەغمی ئەوش کە وتم لەسەرەوە ئێستاش پرۆلیتاریا کەمایەتین لە کۆمەڵگەدا، بۆ نمەەنە لە بریتانیادا ژمارەی خانەنشین بووان نزیکەی دە ملۆێنە، منداڵان نزیکەی ٧ ملۆێنە، ٣.٥ کەمئەندامان هەیە زیاتر ٥ مللۆێن ئافرەتیش هەن کە کار ناکەن، چەند ملۆێنێکیش قوتابی زانکۆکان و پیمانگاکان و خوێندنی باڵان، کە هەر هەموو یەم توێژاڵانە ئەمڕۆ لە بریتانیای مندا لە کرێکاران شۆڕشگێڕ ترن و هەمیشەش ئەوانن کە لە پرۆتێست و خۆپیشاندانەکان و کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدا بەشذارن. ڵیرەدا تەنها ئەو کرێکارانە بەشداری دەکەن کە سۆشێلیستن، ئەنارکستن یا چەپی ڕادیکالن.

دووهەمیان : دەبێت ئەوە بڵێم ئەوە تەنها کۆپلەیەکە لە چەندەها وتاری باکۆنیین لەسەر دەوڵەت ، نە شتێکی تر، منیش لەسەر ئەو کۆپلەیە هەمان ڕای تۆم هەیە، کە باکۆنیین تەنها هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت دەخاتە پێشچاو نەچارە سەرەکەی لە هەڵوەشاندنەویدا. ئەنرکستەکن ڕوانگەیان دیارو ڕۆشنە لە خەباتکردن دژی دەسەڵات ، کە دەوڵەت بەشی سەرەکییەتی دیسانەوە کە چۆن رزگاریشمان دەبێت لە دەستی. من لێرەدا لەبەر ئەوەی کە فەیشبووکە ناتوانم بچمە ئەو وردەکاریانەوە. بۆیە دەبێت بوەستم.

تاهیرساڵح شەریف:

با بگەڕێمەوە سەر باسی دەوڵەت. دەوڵەت لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە ئامڕازی زەبروزەنگ نواندنی چینێکە بۆ سەرکوتکردنی چینێکی دیکە. بەڕاستیش وایە و من خۆم قەناعەتی تەواوم بەو بۆچوونە هەیە. پێشم وانیە لە سەر ئەوەی کە دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنە، کێشەیەک لە نێوان مارکسییەکان و ئانارکیستەکاندا هەبێت، تەنها کێشەکە لەوەدایە کە مارکسیستەکان، دەوڵەت بە ئامڕازی [چینێک بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە دەزانن] و ئانارکیستەکان بڕوایان بەوە هەیە کە [دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنی گشت خەڵکە]. کێشەکە لە تێگەیشتن و دەرککردنی دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگەدایە لەلایەن مارکسییەکان و ئانارکییەکانەوە. مارکسیستەکان پێیان وایە کە بەدوای جێگیربوونی مێژوویی سیستەمی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگە دابەشبووە بەسەر دووچینی سەرەکی [بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکان]دا. لەنێوان بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکانیشدا توێژی کۆمەڵایەتی دیکە، لەوانە ووردە بۆرژوازی هەیە کە ناتوانێت کۆتایی بە ڕژێمی سەرمایەداری و مڵکداری تایبەتی بهێنێت. ئەوەی کە ئەم کێشەیە لە بوعدێکی ئابوریی، سیاسیی و مێژووییدا یەکاڵا دەکاتەوە پرۆلیتێرەکان، یان هەمان چینی کرێکارە. چینی کرێکاریش، بە ڕاستی ئەو چینە نییە کە هاوڕێ زاهیر ژمارەو ئاماری لەسەر دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو چینەیە کە شاڕەگی ئابوریی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەدەستدایەو لەسەر هێزی بازو، یان مێشکی ئەو، بۆرژوازی کەڵەکەی سەرمایەدەکات. لەسەردەمی پرۆدۆن و مارکس و باکۆنینەوە تا ئەمڕۆ، ئەوچینە گۆڕانکارییەکی چەندایەتی و چلۆنایەتی بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەو چینە نەبۆتە کەمایەتییەک وەک هاوڕێ زاهیر تێیدەگات، بەڵکو ئەو چینە زیادیکردووە!. چۆن ؟ لە دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردووەوە، گەشەکردنی تەکنەڵۆژیای زانیاری، پرۆلیتارییایەکی نوێی بەرهەمهێناوە، ئەو پرۆلیتارە نوێێە نەک پرۆلیتاریای سەدەی نۆزدەهەمی، کە لەڕێگای هێزی جەستەیی و بازووییەوە مامەڵەی لەگەڵ کارگەکان و ئامێرەکانی بەرهەمهێنناندا دەکرد، بەڵکو ئەو پرۆلیتێرە هاوچەرخەیە کە لە ڕێگای کاری فیکرییەوە و بە مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجتاڵیدا، ملیار ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی کۆمینیکەشن قازانج کەڵەکە دەکات، ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین فەرعی دیکەی بەرهەمهێنان کە هێزی بازووی تێدا بەکار دەبرێت، تا ئێستاش تەکنەلۆژیای زانیاری نەیتوانییوە زاڵ بێت بەسەریاندا و تا هەنوکە پرۆلیتارە سەدەی هەژدەهەمی نۆزدەهمییەکان کاریان تێدا دەکەن. هەم پرۆلیتاریای سەردەمی پیشەسازی و هەم پرۆلیتاریای سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە ئەمڕۆ وەک یەک چینی کۆمەڵایەتی دەردەکەونەوە و یەکیان هێزی کارەکەی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی درێژە بەژیانی خۆی بدات و ئەوی دیکەیشیان هێزی فیکرییەکەی دەفرۆشێت تا زیندوو بمێنێتەوە، ئەگەر لە ٩٩%ی کۆمەڵگە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان پێکنەهێنن، بە دڵنیاییەوە لە ٩٠%ی دانیشتووانی چینی کارگەری ڕۆژئاوا پێکدەهێنن. تەنها ژمارەیەکی کەم ئیمتیازێکی ووردە بۆرژواییان لەلایەن بانکەکان، کۆمپانیاکانی کۆمینیکەیشن، مارکێتەکان، پەترۆکان و تاد… پێدراوە، کە ئەوانەش لە ١٠٠٠ دا یەک چانسی بوون بە سەرمایەداریان هەیە و ئیتر ئەو هەموو خێڵی گەورەی کارگەران کار بۆ ژمارەیەکی یەک لەسەد یان دە لەسەد دەکەن و سەرمایە بۆ ئەو کەمایەتییە بەرهەم دەهێنن…. پێم سەیرە هاوڕێ زاهیر نموونە لە سەر ئەوەندە ملیۆن خانەنشینکراوی بەریتانیا دەهێنێەوە و ئەوانە بە پرۆلیتار حساب ناکات. ئاخر هاوڕێ گیان تۆ دەبوو لە خۆت بپرسیت؛ ئەم چەندین ملیۆن تەقاعودە کێن ؟ ئەوانە ئەو کەسانەن کە پاش ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ کارکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سەرمایەدارەکان و پاش ئەوای کە شیلەی گیان و جەستەیان دادۆشراوەو توانای کارکردنیان نەماوە، سەرمایەداری خانەنشینیکردوون وبەشێکی بچووک لەو سەرمایەی کە بۆ بۆرژواکانیان بەرهەمهێناوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەڕێگای دەوڵەتەوە دەکاتەوە بە قوڕگیاندا. حسابکردنی چینی کرێکار، یان هەمان پرۆلیتێرەکان، لە ڕووی ژمارەوە، هەڵەیەکە  کە لە خوێندنەوە ناوەرۆکی چینایەتی دەوڵەتیشدا، دەمانخەتە هەڵەوە. ئەوەی کە دەتوانێت چەرخی کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕابووەستێنێت کێن؟ بێگومان کرێکارانن. کرێکارانی مۆدێڕنەو پۆست مۆدێرەنم ڕوونکردەوە کە کێن و چ کەسانێکن. ئەوانە ژمارەیان چەندەیە گرنگ نییە [کە هەڵبەت زۆربەی هەرزۆری کۆمەڵگەن- ٩٠ – ٩٩%]، گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەوانە دەتوانن شۆڕش بکەن و دەوڵەت وەک ئامڕازی دەستی چینی سەرمایەدار بۆ سەرکوتکردنیان بڕوخێنن یان نا ؟ ئایا هاوڕێ زاهیر تۆ وەڵامێکی پۆزەتیڤت بۆ پرسیارەکە هەیەیان نا؟ ئەگەر پۆزەتیڤە، کەواتە تۆ بڕوات بە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان لە یەک ئان و ساتدا لە گشت جیهاندا ڕوونادات!. ڕەنگە لە چەند وڵاتێکدا ڕوو بدات، یان وەک لە پاریس و لە شارێکدا ڕوویدا، یان لە وڵاتێکدا. لەم حاڵەتەدا بە چی بەرگری لە خۆت دەکەیت لەبەرامبەر گەلە کۆمەکێی دەوڵەتی سەرمایەدارانی دیکەی بەشەکانی دنیادا؟ من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەردوو هاوێیان کاک زاهیرو کاک هەژێن دەکەم، چونکە وەڵامی ئەوان بەو پرسیارە، دەتوانێت مناقشەکەمان درێژ بکاتەوە و بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکەی هاوڕێ زاهیر کە پرسیویەتی : ” چۆن دەوڵەت لە ناوببرێ؟”.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم: http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم: http://wp.me/pu7aS-18E

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان /٣

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی سێیەم

تاهیر ساڵح شەریف:

سڵاو هاوڕێیان… من بەهۆی کەمی کاتەوە بە خێرایی سەرنجمدایە سەر تێکستەکان و مناقشەکانتان. بە هەموو جیاوازی تێگەیشتنمانەوە دەربارەی سەرمایەداری و سۆشیالێزم، بەڵام ئەم مناقشانە زەرورین.

 هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ڕژێمی سەرمایەداری، ڕژێمێکی ناعادلانەیەو سەرئەنجام بڕوامان بەوە هەیە کە دەبێت ئەم ڕژێمە لەناوببرێت و سیستەمێکی دیکە بۆ ژیان بێتە کایەوە کە مرۆڤەکان تێیدا بە یەکسانی بژین و کەس ئاغا و ڕەعیەت، یان کۆیلە و کۆیلەدار نەبێت تێیدا. ئەو سیستەمەش، شتێک نییە جگە لە سیستەمی کۆمۆنیستی.

من پێم وایە تیۆریسانی کۆمۆنیزم، لە سان سیمۆن، فۆریە، پرۆدۆن، باکۆنین و مارکسەوە بگرە هەتا دەگات بە نەوەکانی دوای خۆیان، هەموویان لە سیستەمی سەرمایەداری ناڕازین و تەئکید لەسەر سیستەمێکی نوێ و عادیلانە دەکەن. لەم ڕووەوە من بڕوام وایە کە هەموو لایەک لە خاڵی ئەنتی کاپیتاڵیزمدا یەکدەگرنەوە، بەڵام لە خاڵی گەیشتن بە کۆمەڵگەی پۆست کاپیتاڵیزم [ کۆمۆنیزم ] دا لێکجودا دەبنەوە و ناکۆکییەکان لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات. هیچ یەکێک لە تیۆریسێنانی سۆشیاڵیزم ژیانی داهاتووی لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی پاش سەرمایەداریدا لە قاڵبی بەرنامەیەکی موقەدەس، موتڵەق و شێوە دینی نەداوە [ وەک ئەوەی لە تێکستێکی هاوڕێ هەژێندا بەرچاوم کەوت ]، بەڵکو ئەوان تەنها تیۆرییەکیان لە بارەی کۆمەڵگەی پۆست سەرمایەدارییەوە خستۆتە ڕوو، تیۆرییەک کە بەهیچ شێوەیەک نەچوونەتە ناو تەفاصیلاتەکەیەوە. …..

 لەو نووسینەی پێشەوەی باکۆنیندا، کە هاوڕێ زاهیر بەشێکی لێکردۆتە کوردی، شتێک دەربارەی کۆمەڵگەی دوای سەرمایەداری ناڵێت. باکۆنین لەو نووسینەدا تەنها لە سیاسییەکان و دەوڵەت توڕەیە، بەڵام میکانیزمێک دەربارەی نەمانی دەوڵەت، یان ئەڵتەرناتیڤی ” دەوڵەت ” پێشنیار ناکات. گریمان هاوڕا بووین لەگەڵ باکۆنیندا دەربارەی ناوەرۆکی نووسینەکەی، بەڵام با کۆنین پێمان ناڵێت چۆن دەوڵەت [ بە هەمان تعاریف و پێناسەکانی ئەو ] لەناو ببەین و دوای دەوڵەت چی؟!… لە نووسینە کورتەکەی باکۆنیندا وەڵامێکی ئەو پرسیارەمان دەست ناکەوێت و ئەگەر مرۆڤ لە هەمان تێگەیشتنی باکۆنینەوە، بنەمای کار بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی دابڕێژێت، تەنها خۆی تووشی پاسیفیزمێکی توڕە بەرانبەر بە دەوڵەت و سیاسییەکان دەکات و تەنها لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات!….

 سەبارەت بە [ پرۆلیتار ] بوونیش، کە لە تێکستێکی هاوڕێ زاهیردا بەرچاوم کەوت، مارکس لە دوو دەقی خۆیدا، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هاوڕێ زاهیر لەمەڕ پرۆلیتار بوون، کە پێی وایە پرۆلیتاربوون تەنها کرێکارانی پیشەسازییە، ڕاست دەکاتەوە. مارکس هەم لە مانیڤێست و هەم لە نووسراوی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەکەیدا،  بۆچوونی وایە  کە لە قەشەیەکەوە  بگرە تا دەگاتە مۆسیقار و زانایەک، ئەوانە هەموویان کۆیلەی کرێگرتەن لە شێوە و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە هەمان لە ٩٩%، کە دروشمی ۆڵستریتییەکان بوو، بە کرێکاری کرێگرتە ناو لێدەبات…. هەروەک وتم لەبەر کەمبوونی کات و بەپەلە خوێندنەوەی تێکستەکان، نەمتوانی سەرنجەکانم لەسەر گشت باسەکەتان بنووسمەوە و بەوهیوایە کە ئەم جۆرە پۆڵیمکانە درێژەیان هەبێت.

فواد قەرەداخی:

دەستخۆش هاوڕێ تاهیر، راستت پێکاوە کە ئێمە خاڵی ناوکۆییمان هەیە سەبارەت بە سیستمی سەرمایەداری، بەڵام چۆن ئەو سیستمە لەناودەچێت ، ئەوە خاڵی جیاوازییە ، دیارە باکۆنین شیوعییەکی تێکۆشەرو زۆر ئەکتیڤی سەردەمی خۆی بووە و لەو پێناوەدا چەرمەسەری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی لەناوبردنی سەرمایەداری باشی نەپێکاوە و خۆی و شوێنکەوتووانی لە ئینتەرناسیۆناڵی یەکەمدا دەورێکی سکتاریستانەی رێکخراوەییان دیوە و بزووتنەوە کرێکارییەکەی ئەو سەردەمەیان بە پارچە پارچەیی هێشتۆتەوە کە ( ئێستا بە عەمەلی هەمان مەترسی هەیە لەلایەن شوێنکەوتووانی ئەمڕۆیەوە )، ئەو ئیعلانی ئەنتی دەوڵەتی کردووە بە شێوەیەکی ئەبستراکت : دەوڵەت بەبێ بوعدە مێژووییەکەی، هەروەها دەوڵەت بەبێ ناسنامە چینایەتییەکەی، بۆیە کە هاوڕێیانی ئەنارکیست باس لە نەهێشتنی دەوڵەت دەکەن تەنها لە ستراتیژ دەدوێن، بەڵام پێمان ناڵێن تاکتیکی عەمەلی بۆ نەهێشتنی دەوڵەت چییە، خۆ ئێمەومانانیش دەزانین ماهییەتی دەوڵەت لەسایەی هەموو سیستمەکاندا سەرکوتکردنی چینایەتییە، بۆیە دەبێت نەمێنێت و ئەوە حوکمی مێژووشە بەڵام چۆن نامێنێت ؟ ئەوە کرۆکی پرسیارەکەیە. ئایا لە دنیای ئەمڕۆدا ( دنیای سەرمایەداری ) مومکینە ؟ ئایا ئەوە قەڵەمباز نییە بەسەر واقیع و مێژوودا، ئایا ئامادەکردنی پێداویستییەکانی لە ئارادایە ؟ یان دەبێت ” نەخشە رێگای” هەبێت بۆ هێنانەدی ، من ئەو نەخشە رێگایە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سۆسیالیستی کرێکاران دەزانم لە دواڕۆژدا لەگەڵ ناسین و دەستنیشانکردنی هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر بەشەرییەتدا هات لە سایەی دەوڵەتە سۆسیال بۆرژواو سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکاندا کە سەرلەپاکیان هەرەسیان هێنا.

زاهیر باهیر:

سوپاس هاوڕێ تاهیر کە هاتیتە ناو جەدەلەکەوەو بەهاو وەزنەکەیت زیاد کرد. من لەگەڵ هاوڕێ هەژێندا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕام و تێبینییەکی وام نییە لەسەر کۆمێنتەکەی، جگە لە وشەی چینی کرێکاران نەبێت ، کە دواتر لەسەر کۆمێنتەکەی هاوڕێ تاهیر بەکورتی شتێک دەڵیم.

 هاوڕێم کاک فوئاد سەبارەت بە کۆمێنتی پێشترت. ڕاست دەکەیت کە لێدوانەکەی ئێمە لە مەداری دەوڵەتدا دەخولێتەوە، بەڵام بەڕای من ئەمە ڕۆح و جەوهەری هزری ئەنارکیسزمە کە دژی دەسەڵاتەو دەوڵەتیش بەشێکی یەکجار گەورەی ئەو دەسەڵاتەیە. زۆر زۆر زەروورە کە مەسەلەی دەوڵەت لەلامان لابەلا بێتەوە، چونکە هەرە زۆرینەی هاوڕێیان بەدەر لە دووری و نزیکیمانەوە لەیەکتری، حیزب و دەوڵەت لایان زەروورە بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە بۆ قۆناغی سۆشیالیزم ، کۆمۆنیزم. ئەوەتا تۆش پێ لەسەر ئەوە دادەگریت کە دەوڵەتێکی سۆشیالیستی پڕۆلیتاری زەروورە بۆ گەیاندن بەو قۆناغە، کە لەکتێکدا، ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی ڕابوردوومان ئەو تیورەی فەشەل پێهێناو سەلماندی کە دەوڵەت شتێک نییە جگە لە ئامرازی حوکمی چینایەتی. من ئەمەم بۆ قوت ناچێت، پڕۆلیتاریا کە حوکم دەکات ، بەسەر کێدا دەیکات؟ خۆ گەر بەسەر پاشماوەی  بورجوازیدا دەیکات، ئەو کات پێویستی بە هەبوونی هەموو دەسگە ئابوری و سیاسی و میلیتەری و سیخوری میدیای شەڕەنگێز و هتد هەیە هەروەک هەموو دەوڵەتێکی تر لە ڕابوردوو لە ئێستادا، ئەوکاتە هەموومان دەزانین چی دەبێت و چی ڕوودەدات و پاشەڕۆژ بەرەو کوێ دەڕوات. لۆجیك و واقیع قەبوڵی ناکات کە کۆمەڵگە بگاتە قۆناغی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە. بەڕای من لە ڕیگای دەوڵەتەوە ناگەینە ئەو قۆناغە، بۆیە گرنگە کە قسە لەسەر دەوڵەت بکەین ، بەڵام چۆن دەوڵەت ناهێڵین ئەمەیان جەدەلێکی ترە. لای ئەنارکستەکان شۆڕش، شۆڕشی هەموو خەڵکە دژی کەمایەتییەکی زۆر کەم، هەروەکو هاوڕێ هەژێنیش وتی ئەم شۆڕشە بەردەوامەو هەموو ڕۆژێکە، هەموو دەقەیەکە، بەڵام ئەم شۆڕشە دەبێت لە بنی کۆمەڵگاوە دەست پێبکات ، بە ئامادە بوونی خەڵکی و هاوکارییان لە هەموو شوێنێکدا و خۆڕێکخستنیان دژی دەسگە بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت و ناو کۆمەڵگە تاکو داخوازییەکانیان و گێڕانەوەی هەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکانە بۆخۆیان، مەیسەر دەکەن، بەمشێوەیە لەهەمان کاتیشدا دژی هەموو چەشنەکانی  دەسەڵات، دەجەنگن.  من نامەوێت لێرەدا زۆر لەسەر ئەمە بڕۆم چونکە من بە درێژی لە چەند وتارێکمدا لەسەریم نوسیوە، تەنها ئەوەندە دەڵێم کە هەرەوەزیانە لەو بوارانەدا بڕیارەکان دەدەن و هەر بە هەرەوەزیانەش کاری لەسەر دەکەن. دیارە پارت یا حیزب ئەمانەی بۆ ناکرێت و هەمیشەش ئەوان خولیای دەستکەوتنی دەسەڵاتن. حیزبچێتی و حیزبگەرێتی بزوتنەوەی خەڵکی نین و بگرە لێدانە لەو بزووتنەوەیە، لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا ڕووداوەکان و بەڵگەنامەکان شاهیدن بەتایبەت کە دەستیان گەیشتۆتە دەسەڵات.  من دەزانم ناکۆکییەکی گەورە هەبووە لە نێوانی مارکس و باکۆنین دا تەنها سەبارەت بە دەسەڵات، دەوڵەت، بەڵام مارکسیش لەو بوارەدا سکتاریانە ڕەفتاری لەگەڵ هەرکەسێک کە لەگەڵ بیری ئەودا نەهاتبێتەوە، کردوە، تۆ لەمن باشتر دەزانیت ئە و چی کردوە بە برۆدۆن لە بوئسی فەلسەفەدا. من باوەڕم بەوە نییە کە نێونەتەوەی کرێکاران چ لەسەردەمی مارکس و چ دوای ئەویش، بووبێت. ئەوەی کە بووە نێونەتەوەیی خودی ئەو خەڵکانە بووە و هەروەها حیزب و ڕێکخراوەکانیان، نەک کرێکاران، هیچ جیاوازییەکی لەو ڕووەوە نەبووە لەگەڵ نیونەتەوەیی ٣ هەم ٤ هەمیشدا. لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن دەوڵەت لەناو بچێت بەڵام ئالەم دەقیەدا ئەوە گرنگە کە بزانین بۆچی دەوڵەت بە هەموو جۆرەکانییەوە کۆسپ و بەستن لە ڕێگای  بەدیهێنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیزمدا

درێژەی ھەیە ……

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی دیكە، سەردانی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم :

 http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم:

http://wp.me/pu7aS-18m

شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

ھەژێن

خوێنەرانی ھێژا، ئەم سەرنجە ڕەخنەییانەی خوارەوە، بریتین لە بەشێك لە مشتومرێك كە لەنێوان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] و [لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان] و كۆمەلێك ھاوڕێی سەر بە گروپ و بزووتنەوەكانی دەرەوەری ئەو دوو لایەنەی مشتومڕەكە، كە لەسەر وتارێكی لێنین دروستبووە و ھەر كەسە لە ڕوانگەی خۆیەوە، دۆستانە بەشداری تێداكردووە. بۆ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەو بەستەرەی كۆتایی ئەم نووسینە بكەن.

بەڕێزان، ئەم وتەیەی سەرەوە*، لە ناونیشانی پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل (Cajo Brendel) كۆمونیستی شورایی بەناوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە“، وەرمگرتووە و من تەنیا واژەی كۆمەڵایەتیم خستووەتەسەر.

لەبەرئەوەی ھاوڕێیانێك، كە بەر لە من بەشدارییانكردووە، زۆر سەرنج و پرسیاریان خستووە ڕوو، كە منیش لەوانەدا ھاوبۆچوونیانم. بۆیە خۆم لە دووبارەكردنەوەی ئەو لایەنانەی وەڵامەكان لادەدەم و بەم بەراییەوە، یەكسەر دەچمە سەر مشتومڕەكە و سەرنجەكانی خۆم دەخەمەڕوو.

ئەگەر ئێمە شۆڕشێک بکەین پێویستە دوای شۆڕشەکە پارێزگاری لەو ڕووبەرە بکەین  ”

بەڵێ منیش دەڵێم ئەگەر شۆڕش بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتەكەی ئێوە یا ھەر پارتێكی دیكە بێت، ئەوا وەك ھەموو دەسەڵاتێكی دیكەی سەرووخەڵكی، پێویستتان بە دەزگەی (چیكا) و لەشكری (سوور) و و زیندان و  دوورخراوگە و  زۆر شتی دیكە دەبێت، تكایە، ئەمەم وەك توانج لێوەرمەگرن، چونكە دەسەڵاتی ھەموو كەمایەتییەكی سەروەر، بەناچاریی بۆ سەركوتی مانگرتنەكان و یاخیبوون و خۆپیشاندانەكان، دەبێت پەنابەرێتە بەر ئەو شتانەی كە ناوم ڕیزكردوون. بەڵام ئەگەر شۆڕش گۆڕانی كۆمەڵایەتییانەی سیستەمی سەرمایەداری بە واتا ئابوورییەكەی بێت، ئەوا پێویستی بەو شتانە نابێت، چونكە پێش تێداچوونی یەكجارەكی سیستەمی سەرمایەداری، لە ڕەوتی گەشەی كۆمەڵایەتییدا، پێداویستی بوون و مانەوەی ئەو سیستەمە نامێنێت، ھەروا، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەرێتەوە !

ئایە دەکرێت ئێمە پشت لە رێکخراوبوونێک بکەین لە ناو دەزگایەک کە ناونراوە حکومەت لە کاتێکدا چەندینی تر لە دەوروبەرمان هەبن و دژایەتی هەر هەموویان بکەین؟

دیسانەوە دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر  سەرەنجامی شۆڕشەكە، دروستبوونی میرایەتی/دەوڵەتی كەمایەتی سەروەربێت بەسەر كۆمەڵگەوە، ئەوا پێش ھەموو شت خودی شۆڕشەكە تێكشكاوە و  ئەو میرایەتییە بەرئەنجامی تێكشكانەكەیەتی، كاتێك كە شۆڕشێك، لەنێوخۆدا تێكشكابێت، ئەگەر ئەو میرایەتییە/ دەوڵەتە، بەھێرش و فشاری دەرەكی نەڕوخێت، ئەوا وەك ئیمپراتۆرییەكەی بۆلشەڤیەكەكان پاش (٧٠) ساڵیش بووبێت، لەنێوخۆدا كڕمۆڵ دەبێت و دەپووكێتەوە..

بەڵام كاتێك كە شۆڕشی كۆمەڵایەتیی لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو ببێت، ئەوا ژێردەستانی وڵاتانی دەوروبەری لە كارایی ئەو شۆڕشە بەدەر نابن و  شەپۆلەكانی سنوورە ڕامیارییەكان دەبەزێنن و  دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئەو دەوڵەتانەی دوەروبەر، كە ئێوە دەیانكەنە بیانووی دروستكردنەوەی دەوڵەتی تێكشكاوی بۆرجوازی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ھەروەك بینیمان ڕاپەڕینی جەماوەریی وڵاتانی باكووری ئەفەریكا شەپۆلەكانی گەییشتنە ولایەتەكانی ئەمەریكا و بوونە مەترسی بەسەر  دەوڵەتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا و ولایەتەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵێك ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەرییان بەدوای خۆیاندا ھێنا و ھێشتاكە پاش دوو ساڵ زیاتر، چ لە نێوخۆی تونس و میسر، چ لەنێو وڵاتانی دیكەدا نەنیشتوونەتەوە، بە ھەمان شێوە شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ھێندە سنووربڕە، مەگەر ڕێكەوتننامەی وەك [برست لیتوفسك مارس 1918] ، بتوانێت لە وڵاتانی دەوروبەر شكست بە شەپۆلە سنووربڕەكانی بدات !

بێگومان نەخێر ئەمە خەیاڵە، بەڵام بە پراکتیزەکردنی شۆڕشی رێکخراوبوون دەتوانین حکومەتێکی سۆسیالیستی دابمەزرێنین. “

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕۆشن بكەمەوە، كە بە پێچەوانەی پاگەندەی سەرانی پارتە كۆمونستەكان و بۆچوونی ئەندامانی ڕیزەكانی خوارەوەیان، كە لە ناھوشیاریی و ئاگادارنەبوونەوە دەخوازن و دەڵێن ئەناركیستەكان دژی ڕێكخستنن، ئەناركیستەكان لە ھەموو ئاڕاستە ھزریی و ڕامیارییەكانی كۆمەڵگەی سەرمایەداری زیاتر پێداگری لەسەر ڕێكخستن و  سیستەم بۆ كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام بەو شێوە باوە نا، كە باڵە بۆرجواكان و باڵە ماركسیستەكان كاری بۆ دەكەن؛ ئەناركییەكان پێداگریی لەسەر خۆڕێكخستنی ئاسۆیی و زنجیرەیی و تۆڕیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەكان و ڕۆنانی سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای یەكگرتنی فیدراتیڤیانەی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و  ھەرەوەزییەكانی بەرھەمھێنەران، دەكەن، واتە ڕێكخستن و سیستەمی كۆمەڵایەتی تەواو پێچەوانەی ڕێكخستن و سیستەمی ڕامیاریی، چونكە كۆمەڵایەتیبوون و ڕامیارییبوون، دوو چەمك و دوو شێوازی دژبەیەكن و لە ھیچ خاڵ و سەردەمێكدا بەیەكناگەن و یەكانگیر نابن. ھەر لەبەرئەوەیە، كە ئەناركیستەكان دژی دەوڵەت و میرایەتی سەرووخەڵكی و  بە میرایەتیكردن و دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمن.

ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.“

تكایە مەبەستتان لە “لێكۆڵینەوە و بڕیاری زانستییانە و مرۆڤدۆستانە” لەنێو  ھۆڵەكانی دادگەدا چییە؟ ئایا بەڕاستی ئەم دەستەواژەیە، واتایەكی دیاریكراوی ھەیە، یا ھەر ڕیزكردنی وشە و پڕكردنەوەی پەرەگرافی سەرنجەكەتانە ؟

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا  “ دیکتاتۆریەت و زۆرداری یەک نییە، ئێوە پێویستە ئەم دوو زاراوەیە لە یەک جیا بکەنەوە، دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن

ببوورن ئەمەشم بە توانج و لاقرتێ لێوەرمەگرن، پاش چەند جار خوێندنەوەی ئەم سێ نێوەڕستەیە و ھەڵگڵوفاندنی چاوەكانم، نەمتوانی لەم وەڵامە زیاتر پەیدابكەم؛ “بژی ھیتلەر، بژی  ستالین، بژی سەدام”، باشە ئەگەر دیكتاتۆری، زۆرداری نەبێت، ئەدی زۆرداری چییە ؟

ھەرچەندە من لە وتاری دیكەدا بەدرێژی لەمەڕ  دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەژێر سەردێری [ کێ دیکتاتۆره‌، پارت یا پرۆلیتاریا؟] دواوم، بەڵام دیسانەوە ناچارم لێرەدا بڵێم، دیكتاتۆر، ناوە/سیفەیە و لە فەرمانی [دیكتەكردن]ەوە ھاتووە و سەرچاوەی دیكتەكردنیش بۆ بەنەزانزانینی ژێردەستان دەگەرێتەوە و سەری لە ئامۆژگارییە ئایینییەكانەوە دەردەچێت! كەسی دیكتەكەر  بۆ تەمێكردنی كەسانێك كە لاساریی دەكەن یا تێناگەن سزا و ئامرازی تایبەتی خۆی ھەیە، ئیدی ئەو دیكتەكەرە، مەلایەك بێت یا مامۆستایەك یا كادرێكی پارت و ڕابەرانی پارت و سەرۆكەكانی دەسەڵات، ھیچ لە ئامانجی دیكتەكردنەكە و  ھیچ لە سەپاندنگەریی دیكتەكەر ناگۆڕێت.  ئەگەر ھێشتا دیكتاتۆر بە زۆردار نازانن، بە سەردەمی منداڵی و فێریاریی خۆتاندا بچنەوە و شووڵە تەرەكانی مامۆستا و باوك و دایكتان بھێیننەوە بەرچاوتان، وەك نموونەیەكی ھەرە گچكەی دیكتاتۆر و دیكتاتۆری، بزانن ھێز ھەیە ئازاری سەرپەنجە و لاسمت و شانەكانتان لە یاداوەرییەكانتاندا بسرێتەوە. ئینجا تۆزێك وێنەكە گەورە بكەرەوە و  دوورخراوگەكانی سیبریا و كاری زۆرەملێ و سیاچالەكانی مۆسكۆ و پترۆگراد بھێننەوە بەرچاوتان، ھەڵبەتە مەبەستم ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢١ نەك سەردەمی ستالین !

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا ” و پارتیش و حکومەتیش مەرج نیە دەسەڵاتی سەرووی خەڵک بن، …….، پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک لە ڕێگای شووراکانەوە.

بەڵێ پارت دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەڵك، بەڵام لە سەرتاسەری مێژوودا شتی ئاوا ڕووینداوە، نەك لەبەرئەوەی كە ئەستەم بێت، بەڵكو لەبەرئەوەی كارێكی ئاوا فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی پارتی ڕامیاریی دەخاتە ژێر پرسیار و ھەبوونی ڕەتدەكاتەوە.  وەك خۆشتان نكۆڵی لێناكەن، پارت بۆ دەسەڵاتگرتنەدەست دروستدەبێت و پێویستە و ئەگەر ئامانج دەسەڵات نەبووایە، شەڕەدەندووك و پاشقول-لەیەكردنی سەرانی پارت لەسەر بەرتەریی پلەوپایە و ناوبانگ، زیاتر لە دوو سەد ساڵ درێژەی نەدەكێشا، باشترین نموونەش كەرتبوونەكانی سەراپای سەدەی بیستەم و بەدیاریكراویش جووت خوشكەپارتی (حككا) و (حككع)، كە مەگەر خۆتان ھەژماری پارتۆكە جیابووەكان و جیاوازیی و پاساوی جیابوونەوەكان بزانن، ئێمەی بینەر و بیسەر و خوێنەر، تەنیا یەك شت دەزانینن، ئەویش شەڕی پلە و پایەی لیدەر/ ڕابەر و سكرتێر و كۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی تا دەگاتە كۆكەرەوانی ئابوونەی مانگانەی ئەندامانی بەدبەخت و گویڕایەڵ و خەولێكەوتوو.

ئەگەر پارتچییەكان كوشتەی دەسەڵات نین، بۆچی ئەو ھەمووە شەڕە نێوخۆییە دەكەن و بۆچی بەو ھەموو پارچەپارچەكردنەی بزووتنەوەكە ھەڵدەستن ؟ من بۆ خۆم، تەنیا دوو ھۆ دەبینم؛ یا شەڕە لەسەر پلەوپایە و ناوبانگ؟! یا ھۆی دووەمە؛ پارچەپارچەكردن و لاوازكردنی بزووتنەوەكە [بزووتنەوەی سۆشیالیستی]، كە بۆرجوازی بە ئاسانی بۆی ناكرێت، ئەوان [پارتەكان بەناوی پرپلیتاریاوە] لەڕێی خودا بۆ بۆرجوازی ئەنجامدەدەن؟!  بۆیە ئەگەر ھۆی یەكەم نەبێت، ئەوا تەنیا ھۆی دووەم دەمێنێتەوە. بۆ سەلماندنی پێگەییشتنەكەم، ئەوا باشترین نموونە، ئەوەیە، كە لە سەراپای مێژووی سەد و ئەوەندە ساڵەی سەرھەڵدانی پارتە كۆمونیستەكاندا چ جیاوەبووەكان و بەجێماوەكان، بۆ سەلماندنی ڕاستبوونیان، وتەكانی ماركس و لێنین و .. دەكەنە بەڵگە و ھیچكامیان شتێكی دیكەیان نەكردووە بە بەڵگەی ڕاستێتی خۆیان، ھەروەك چۆن  مەنسوورییەكان وێنە و وتە و ھاوڕێیەتییان لەتەك مەنسوور، دەكەنە حیكمەتی جیابوونەوە یا دەركردن و سزادانی ئەندامەكانیان و ناوناتۆرە دروستكردن بۆیان!

ئایا مێژووی پارتە كۆمونستەكان شتێكی دیكەی جیاواز لەم بەرەنجامە دەخاتە بەردەستمان؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، تكایە كامە و چی و لەكوێ و كەی؟

بەڵێ بەو پێیە و بەو بەڵگەیە، پارتە [ناو] كۆمونیستەكان، دوژمن و پڕشوبڵاوەكەری ڕیزی چینایەتی كرێكاران و لاوازكەری خەباتی سۆشیالیستین!

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە ھاوڕێ (باكۆ جەلال)دا “  ئێمە ئەو کەسانەین کە دەمانەوێت چینایەتیەکان نەهێڵین لە بەرامبەرمان دا کەسانێک هەن دەیانەوێت بمێنێت چوونکە لە قازانجی ئەوانە.

پێش ھەموو شتێك ئەوانەی كێن، كە لە بەرامبەر ئێوەدا دەیانەوێت چینەكان بمێنن؟ پاشان ھەرچەند لە دەستەواژەكەتان ورددەبمەوە، زۆرتر كۆمەڵێك سۆپەرمانم دێنەبەرچاو، كە فریای مرۆڤایەتی دەكەون! ئێوە ئەو بنچینە بەخوێننووسراوەی ھەموو سەردەمەكانی مێژوو لەبیردەكەن یا دەتانوێت نادیدەی بگرن، كە “ھیچ ھێزێك ناتوانێت كۆیلەیەك ڕزگار بكات، ئەگەر ئەو كۆیلەیە لەناخی خۆیدا ڕزگارنەبووبێت و ئارەزووی ڕزگاربوون نەكات، ھەرواش ھیچ ھێزێك نییە، ئازادئەندێشێك كۆیلە بكات، ئەگەر ئەو كەسە لە ناخی خۆیدا ئامادەیی كۆیلەبوونی تێدانەبێت” !

بەبۆچوونی من ئێوە پارتیخوازەكان و دەسەڵاتخوازەكان، بەر لە ھەموو كۆیلەیەكی سەرمایەداری پێویستتان بەخۆڕزگاركردن لە خۆشباوەڕیی بە سۆپەرمانبوونی خۆتان ھەیە، ئەوسا وەرن با پێكەوە لە ڕیزێكی چینایەتییدا دەست بدەینە دەستی یەكدی و ھەمووان پێكرا، خشت بە خشت بناخەكانی كۆمەڵگەی چینایەتی و سیستەمە ڕامیارییەكەی ھەڵگیرێنەوە، بەڵام نە كەسمان ڕابەری ئەوی ئەوی دی و نە چین و توێژە پڕۆلیتێرەكانیش پاشڕەوی كەسمان !

ئازیزانم، خۆتان لە من و ھاوڕێ (باكۆ) باشتر دەزانن، كە ئێوە لەنێو چینی كرێكاردا نین و سەر بەو چینەش نین، تەنیا شتێك كە ئێوەی بەكرێكار كردبێت، شەقی ئاوارەیی و پەنابەرییە، ئەگینا خۆبەمامۆستازانینی ئێوە لەكوێ و دەستی قەلێشخواردووی نێو كاری كرێكاران و جوتیاران لەكوێ؟ بێجگە لەمەش ئێوە ئەو بنەمایە ڕەتدەكەنەوە، كە ھوشیاریی مرۆڤ بەرھەمی كاری خۆیەتی و ھوشیاری كرێكارانیش لەنێو خۆیان و لەشوێنی كار و لە خەباتی ڕۆژانەدا بەدەستی دەھێنن و بە گواستنەوەی لە وردەبۆرجوازییەوە بۆ نێو سەری ئەوان موتوربە ناكرێت و خۆشیان ئەوەندە گێل نین، كە پێویستیان بە چاوساخ و ڕابەریی ئێوەبێت !

تكایە لەنێوان ئەم سێ دەربڕینەدا ” پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک ” ، ” ئێمە کە کەسانی هۆشیارین لە ناو چینی کرێکاردا هەوڵی هۆشیارکردنەوەی چینی”کرێکاردەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵات لە سەرمایەداران وەرگرینەوە “، “  ئەو قەدەغەکردنانە پەیڕەو بکەین تاکوو دابەشبونەکان خودکارانە لە ناو بچن. ساخ بكەنەوە. “

ئێوە لەلایەك دەڵێن، پارت دەسەڵاتی ڕامیاریی بەدەستدەھێنیت و دواتر دەیدات بە كرێكاران، لەولاشەوە دەڵێن،  ئێمە كرێكاران ھوشیاردەكەینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە سەرمایەداران بستێننەوە، پاشان ئەم دوو پاگەندانەتان لەبیردەچن و دەڵێن كرێكاران دەبێت ڕێنوێنیییەكانی ئێمە پەیڕەو بكەن. من لەم سێ پاگەندەدا وێڕای جیاوازی و ناكۆكی، ھاوبەشییەكی شاراوە لەنێوانیاندا بەدیدەكەم، ئەویش ئەوەیە؛ كە ئەنگۆ كرێكاران بە بێتوانا و ھیچ لەباردانەبوو دەزانن، بۆیە ئەو ئەركە بەخۆتان دەسپێرن، كە شۆڕشی كاریكاتێرییان بۆ بكەن و سەرمایەدارییان بۆ بڕوخینن و دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنن، بێجگە لەوەش بە دەبەنگ و نەزانیان دەزانن، بۆیە پێتانوایە، بەخۆیان توانای ھوشیاربوونەوەیان نییە و پێویستە ئێوەی ڕامیار لە بنكەی پارتەكانتانەوە ھوشیارییان بۆ بە دیاری ببەن، سەرباری ئەمەش بە كەم ئاوەز و بێدەركیان دەزانن، بۆیە ئەركی ڕێنوێنیكردنیان بەخۆتان دەسپێرن ! ئایا ئەو سێ پاگەندەیە ئێوە، بێچگە لەمە ھیچی دیكە دەگەیێنیت ؟

وەڵامی Sarmad Ahmad  بۆ ھاوڕێ (باكۆ جەلال)  “… کاکە بیکۆ جەلال ئەو ووتەیەی لینین بە هەڵە تێگەیشتوویت . ئەوە ماناکەی نیە چونکە ماناو مەغزای ئەو ڕستەیە زۆر ئاشکرا و مەعلومە. لێکدانەوەکەت دروست نیە. تۆ هاتوویت رستەکەت (اعراب کردوە وەک چۆن لە عەربی دا جملە اعراب دەکرێ) . هاتووی ووشەی قەدەغەت بە بۆچوونی خۆت و ئارەزوومەندانە لێکداوەتەوە کە بەتەئکید ئەو لێکدانەوەیەت دروست نیە. کاتێ دەڵێ قەدەغەیە مەبەستی ئەوەیە نەهێشتنی دابەشبوونی ئینسانەکان بۆ چینەکان . ئەلبەتە ئەو وەرگێرانەی قەدەغەکردنە هەڵەیە بەڕای من ووشەی لەناوبردن یا نەهێشتن تەرجومەی دروست ترە

كاك سەمەد گیان، برای شیرینم، خۆ ئەمەش پرسی لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئان نییە، كە مەلاكان دەبێژن، ھەزار و یەك واتایان ھەیە .. برای خۆم، یەكەم (ھاوڕێ باكۆ) ئەو وتارەی وەرنەگێڕاوە، دووەم، ئەگەر وەرگێڕانەكەی ھەڵەیە، بۆ پێش ڕەخنەی ئەو ھاوڕێیانە، ڕاستتاننەكردەوە و ھەستتان بە ھەڵەبوونی نەكرد؟ ئەزیزی من، قەدەخە، قەدەخەیە و ئیدی لێمان مەكە بە مەتەڵ، قەدەخە، واتە “بڤە”، ئەگەر ئەو كارە بكەیت، دەستت دەسووتێنم، قونت بەر قامچیان دەدەم، زیندانیت دەكەم، ھەڵتدەواسم ! بۆ نموونە كۆیلەدارێك، دەرەبەگێك، سەرۆكخێلێك، ڕابەری پارتێك، دیكتاتۆرێك بە ژێردەستەكانی دەبێژێت ” ئەگەر ئەو كارە بكەن، وا و واتان لێدەكەم، ھا، ئاگاداربن ! ” ھەروەك چۆن لە ساڵی ١٩٩٣ بەم لاوە ڕابەران و كۆمیتەی ناوەندی پارتەكەی ئێوە بە ئەندامانی ناڕازی و بۆچوونجیاواز، دەڵێت “ئەگەر ئەو كارە بكەن، لە ماوەی ٢٤ سات دەتانكەمەدەرەوە !”وابزانم پێویست بە دانانی لیستی دەركراوان، بە فەرمانی دیكتاتۆرانەی پارت، ناكات ! ئایا قەدەخە لەمە زیاتر واتا دەدات؟

كاكە سەمەد ئەحمەد، لەبەرامبەر دوا سەرنجتدا، كە خەون بە لەدایكبوونەوەی (لێنین)ەوە دەبینیت، تەنیا دەتوانم وەك خۆی دایبڼمەوە و بنووسم بەبێ توانج ! بەڕاستی بەدبەختییە ھێندە ئامادەیی كۆیلەتیت تێدابێت، چونكە وەك لە سەرەوە وتم ھیچ ھێزێك ناتوانێت، كۆیكەیەك لەو خەوی خەفڵەت ڕاچڵەكێنێت! بەداخەوە، بەداخەوە، كە لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا وێڕای ئەو ھەمووە لەبارییەی، كە تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان جیھانیان كردووە بە گوندێك، كەسێك پەیدا ببێت و ھێشتا خەون بە بوون و پێویستبوونی شوانەوە بۆ خۆی ببینێت !

لێرەدا بەم داواكارییە، كۆتایی بە سەرنجەكانم دەھێنم؛ ئازیزان، تكایە بڕۆن ئەم پەرتووكە [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] بخوێننەوە، كە ھاوڕێیەكی ماركسیست نووسیویەتی و باشترین بەڵگەی ئەوەیە، كە ماركس و ئەنگلس، داھێنەری كۆمونیزم نەبوون و نین، بەڵكو كۆمونیزم خەونێكی دێرینەی مرۆڤایەتییە و  بەر لەوەی فیلۆسۆفان و ڕامیاران و پارتەكان بیر لە داڕشتنی قاڵبی كۆمەڵگەی داھاتوو بكەنەوە، بزووتنەوە [سۆشیالیستخواز و كۆمونیستەكان/ ئەناركییەكان] ھەبوون و ئێمەی ئەناركیست و  كۆمونیست نەوەی ئەوانین، بۆیە نابێت ڕێگە بەخۆمان و بە كەسانی دیكە بدەین، كە لە ماركسیزم و ئیزمەكانی دیگە، ئایینێكی دونیایی چێبكەن و بیكەنە تەوقێك لە ملی پڕۆلیتێرەكانی توند بكەن !

وەك ئەرك و دڵسۆزییەك و دەركردنی ئەو بەدبەختییە، وەك دوا دەستەواژە، ئەم بەستەرەت پێشكەش دەكەم، كە ھەر (١٤) ژمارەكەی  ھەواڵنامە (Izvestiia)ی كۆمونیستەكانی (كرۆنشتات)ی ڕۆژانی پێش كوشتوبڕی تێدایە و لەوە دەچێت، زمانی ئینگلیزی باش بزانیت و دڵنیام خوێندنەوەیان خراپ و بێسوود نابێت. تكایە ئەگەر فرمێسكی ھاودەردیت بۆ ھاوڕێ كۆمونیستە لەخوێنگەوزاوەكانی (كڕۆنشتات)، زایە چاوە كانت، مەیشارەوە و بە ئێمەشی نیشانبدە، تا ئێمەش ھەست بەوە بكەین، كە لە دەرككردنی دوا خەونی دەریاوانەكانی (كڕۆنشتات) و دوا ئازار ی پێش گیانەڵانیاندا تەنیا نین و لە ھەرێمەكەی لای ئێمەشدا خەریكە ویژادنی مرۆڤایەتی بەئاگادێت. خۆ ئەگەر زمانی ڕوسیش شارەزا بیت، ئەوا بەستەری كۆپییە بنەڕەتییەكانت بە زمانی ڕوسی و بە سكانكراوی وەك خۆیان بۆت دەنێرم.

ھیوادارم وەلامەكانم بە ھێڕش و برینداركردن وەرنەگرن، چونكە ئامانجم تەنیا لێدانە لە بۆچوونە ناكۆمونیستییەكان و بەس …

بەستەری ژمارەكانی ھەواڵنامەی كڕۆنشتات ٠٣ی ئازار تا ١٦ی ئازاری ١٩٢١

http://libcom.org/library/kronstadt-izvestiia-1

خوێنەری ھێژا، بۆ دڵنیابوون و خوێندنەوەی بۆچوونە ڕەخنەلێگیراوەكان، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=615433518470011&set=a.335256909821008.96368.335231036490262

بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەرھەمدەھێنێت ؟/ ١+٢

بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەرھەمدەھێنێت ؟

ھەژێن

بەشی یەكەم

بەپێچەوانەی دەرکی لێنین و پاشڕەوانییەوە، ئەنارکییەکان خەباتی ڕۆژانە ڕەتناکەنەوە، هەروەها هیچ بەوەش خۆشباوەڕ نین، کە سەرمایەداری ڕیفۆرم بکرێت، لەبەرئەوەی لەبری ڕیفۆرمخوازیی، سەرقاڵی جۆشدانی خەباتی سەربەخۆی ڕۆژانەی ژێردەستان دژی سەروەریی دەبن.

بەشی دووەم

خوێنەرانی ھێژا، ببوورن، بەھۆی ونكردنی بەستەری مشتومڕەكەوە، ئاگام لە درێژەی مشتومڕەكە و بۆچوونە تازە زیادكراوەكان نەبووە، بۆیە درنگ بەسەر ئەم بەستەرەدا كەوتمە و درەنگ وەڵامم دایەوە. لێرەدا لەبەرئەوەی شەو درەنگە تەنیا وەڵامی یەكێك لە سەرنجەكانی وەستا سابیر دەدەمەوە، وەڵامی سەرنجەكانی دیكەی وەستا سابیر و ھاوڕێیانی دیكە، بەیانی یا كاتێكی دیكە دەدەمەوە، ھیوادارم بە سنگێكی فراوانەوە ھەڵەی داڕشتن و چاپم لێوەرگرن، چونكە نووسینی سەرنج لە فەیسبووكدا بێ ھەڵە نابێت …

بەڵێ وەستا گیان، مرۆڤ بەبێ ھۆشمەندی گیاندارێكی سروشتییە، ھەروا كە بە ھۆشمەندیشەوە ھەر گیاندارێكی سروشتییە و نابێتە دەستكرد یا ماشینی. من تێناگەم مەبەستت لە “زاڵبوون بەسەر سروشتدا چییە”، ئایا مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی سروشتی توانیویەتی خۆی لە سروشت و سروشتە سروشتییەكەی جیابكاتەوە، تاوەكو لە دەرەوەی ئەو سروشتەوە توانای زاڵبوونی بەسەر سروشتدا ھەبێت یا بەدەستیھێنابێت؟

لەوەتەی مرۆڤ ھەیە، بەتایبەت ئەوەی كە تۆ بە ھۆشمەندی لە دەرەوەی سروشت ناوی دەبەیت، تەنیا توانیویەتی یەك شت بەرامبەر سروست بكات، ئەویش تێكدانی سروستی ژینگەكەی خۆیەتی، كە سەرەنجامەكەیان تەنیا تووانەوەی بەستەڵەكی جەمسەرەكانی گۆی زەوی و تسونامی و زریان و بومەلەرزە پەیتاپەیتاكان بووە ! تكا دەكەم نەلێیت داھێنانی تازەترین فڕۆكەی جەنگی و تڕومبێڵی پان و پۆڕی ئەمەریكی!

كامە زاڵبوون؛ كاتێك كە من سەرنجی ئەو زاڵبوونە ھۆشمەندانەیەی كە تۆ لەبارەیەوە دەدوێت، دەدەم، تەنیا یەك وێنا بۆ ئەو مرۆڤە ھۆشمەندە ناسروشتییە لەلام گەلاڵە دەبێت، ئەویش كاریكاتێری ئەو مرۆڤەیە، كە لەسەر  لكی درەختێكە و بە مشارێكەوە خەریكی بڕینەوەی لكەدرختەكەی ژێرپێی خۆیەتی! ئایا ئەو ھۆشمەندییەی كە ویستوویەتی یا پاگەندەی زاڵبوون بەسەر سروشتدا دەكات، بێجگە لەمە، ھیچی دیكەی بەرھەمھێناوە؟

بەلێ چالاكی (ئەكشن) دەروێشان، ھۆشمەندانەیە و بەرھەمی زنجیرەیەك ئەزموونی مرۆڤایەتییە، بەڵام شۆرشگیڕانە نییە، ھەر ئاوا كە فەرمانبردنی ئەندامانی پارتێك وەك مێگەل، شۆڕشگێڕانە نییە !

ئایا جیاوازی لەنێوان دەروێشانی خانەقایەك و ئەندامانی پارتێك ھەیە، ئەگەر ھەیە، كامەیە، تكا دەكەم ؟

بەڵام ھەموو چالاكییەك كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، مامانی لەدایكبوونی ھوشیارییە و ھەر چالاكییەك بەپێی ڕەچەتەی ئایدیۆلۆجی ئەنجامبدرێت، ھیچ جیاوازی لەتەك بەجێگەیاندنی دەقە پیرۆزكراوەكانی ئایینەكان نییە، ئەگەر ھەیە، تكایە جیاوازییەكەی لە چێدایە؟

تكایە خۆت ساخكەرەوە، مادە پێش ھۆشە یا ھۆش پێش مادەیە؟ چونكە تۆ خەریكی پاساو بۆ وتە ئایدیالیستییەكەی لێنین دەھێنیتەوە، كە بوونی تیئۆری شۆرشگێڕانە [ھەڵبەتە لەو قوماشەی كە خۆی مەبەستییەتی] دەكاتە پێشمەرجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ئایا دەزانیت ئەمە سەری لە كوێوە دەردەچێت ؟

وابزانم، سەرنجی ئەناركیستان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] تەنیا لەسەر وتەی سەر وێنەیەكە و نەچووەتە سەر بابەتەكە، تكایە با وەڵامەكانیش لەو خوڵگەدا بدرێنەوە،؛ ئایا ئەو وتەیە دروستە یا نا ؟

لێرەوە دەچمە سەر وەڵامی باسە لاوەكییەكان، كە تۆ تێكەڵ و پێكەڵت كردوون …

پرسیارێكی زۆر سادە و دوور لە بێنەوبەردە؛ لە دروستبوونی (پارتی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا)وە تا ئەم ساتە، لە دونیادا چەند پارت بەو ناوەوە [بنیادنانی پارتی شۆشگێری چینی کرێکار] كە تۆ باسی دەكەیت، دروست بوون و سەرەنجامیان چی بوو و بووە و دەىێت؟ بڕواشناكەم كە بەتەمابیت بڵێیت ئەو پارتانە بەو ھەموو تیئۆریسیۆن و [خۆتان واتەنی] ڕابەرانەوە، نەیانتوانیبێت ئەو پارتە بن، كە تۆ خەریكی وەك نووشتە دەیپێچیتەوە و دەیكەیتە ملی كرێكاران و نیازیشت نییە بە كرێكاران بڵییت جیاوازی پارتەكەی تۆ لەتەك پارتەكەی لێنین و ناوەكانی دیكە، كە خۆت ڕیزتكردوون چییە و ئەوەی تۆ چی ئەنجامدەدات، كە ئەوان ئاوەزیان پێینەشكابێت، یا جیاوازی بەرنامەی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی پارتەكەت لەتەك ئەوانەی پێشووتر چییە، ئەوە بۆ كرێكاران مسۆگەر دەكات، كە بەھەمان ڕێچكە و كەندەڵانی سەرنگومبووندا نەیانباتەوە ؟

ئینجا وەستا گیان، نازانم تۆ ئەم ناوانەت “چارتی یەکانی بریطانیا و فابی یەکان و برۆدۆنی یەکان دواتر کاوتسکی و برنشتانی یەکان” چۆن لەتەنیشت یەك ڕیزكردوون ، ئایا دەتوانیت بۆ ئێمەی خوێنەری كورد بسەلمێنیت، كە ئەناركیستەكان ئەوانەی كە تۆ بە پرۆدۆنی [نەك برۆدۆنی] ناویاندەبەیت، ڕیفۆرمیستبوون؟

ھیوادارم لەم بارەوە بە وتارێكی ڕەخنەیی لە بۆچوونەكانی پرۆدۆن و ئەناركیستەكانی پاش ئەو، ڕیفۆرمیستبوونی ئەو باڵە لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی بسەلمێنیت، ئایا دەزانیت ڕیفۆرم بە واتای چاكسازیی لە سیستەمی سەرمایەداریدا نەك باشتركردنی ژیان و گوزەران و ھەلومەرجی كاركردن، چونكە ئەوەی دووەم بە خەباتی ڕۆژانەی خوودی كرێكاران دێتەدی و ئەوەی یەكەم بە چەنەبازیی ڕامیارەكان لە پارلەمانەكاندا یا لە نووسینگەی پارتەكاندا !

تكا دەكەم ھەر وەڵامێك بە بەڵگە و سەلمێنەری مێژوویی نەك بە حەز و گەزی پارتایەتی و ئایدیۆلۆجیا !

شتێك كە زۆر بەلامەوە سەیرە ئەوەیە، پاش ١٩ ساڵ بیستنەوەی بۆچوونەكانت، كەچی ھێشتا بە ھەمان نەفەسی جاران شتەكان لێكدەدەیتەوە و زۆر بە یەقینەوە قسەدەكەیت، ئایا دەزانیت، یەقین لە ئایدیالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەتگەرەوەی ڕەخنەیە ؟

بەداخەوە تۆ ھاتوویت و دۆ و دۆشاوت تێكەڵكرووە، تاوەكو باشتر بتوانیت لە لێڵی باسەكەدا مەلەبكەیت، ئایا دەكرێت زۆر ڕۆشن و بەبێ پەردە ناوی ئەوانە بھێنیت، كە نامە و سكاڵا و واژۆنامە بۆ دەسەڵاتداران و ناوەندە جیھانییەكانی سەرمایە دەنێرن، كێن و ناویان چییە؟

تۆ ئەناركیستەكان خۆت واتەنی ” برۆدۆنی یەکان“نت خستووەتە پاڵ باڵە ماركسیستەكان و پاشان لە واژۆنامە نووسین بۆ ” سەرانی بۆرژوازی جیهانی و پارتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش” بەشدارتكردوون. ئەمە چەندی بە چەندە ؟ من دەزانم مەبەستت لە كێیە، بەڵام نازانم بۆی وا بە مەتەڵ بۆچوونەكەت دەردەبڕیت و ناتەوێت بەڕۆشنی بلێیت فڵانی لەتەك پارت یا ھێڵە ڕامیارییەكەی تۆمە. تۆ دەتەوێت بە تیرێك دوو نیشانە بپێكیت، لە وەڵامدانەوەی وەڵامی (ئەناركیستان)دا دەتەوێت سۆزی ئەوانەی، كە خۆت بە نامەنووس بۆ سەرانی بۆرجوازی جیھانی و پارتە كۆنەپەرسەتاكانی ناوچەكە ناویاندەبەیت، بەدەستبھێنیت و لەولاشەوە بە لەژێر پەردەی ڕیزكردنی كۆمەلێك ناوی بزووتنەوە و كەسایەتی سەدەی نۆزدە، پەلاماری ئەو ھیلە ڕامیارییە یا ئەو پارتە بدەیت، كە خۆت بە نامەنووسیان ناودەبەیت !

من پەسەندی شكاندنی ئامێرەكان ناكەم، بەڵام ئەگەر بڕیاربێت لەنێوان ئەو ھۆشمەندییەی كە تۆ پێتوایە توانیویەتی بەسەر سروشتدا زاڵبیت و شكاندنی ماشینەكان لەلایەن (چارتیستەكان)ەوە بكەم، ئەوا بەبێ سڵەمینەوە، ئەوەی چارتیستەكان شۆرسگێرانەت بووە. چونكە یەكەم، زیانیان لە خاوەنكارەكان داوە و دووەم نیشانیانداوە، كە ئامێرەكان بەبێ كرێكاران ھێزنین و ھیچیان لەباردا نییە، بەڵام ئەو ھۆشمەندییەی كە تۆ بە شانازییەوە پێتوایە بەسەر سروشتدا زاڵبووە، تەنیا وێرانكردنی ژینگەی بارھێناوە و ھیچی دیكە !

لە بەرامبەر ئەم ڕستەیەدا “ڕاستە مرۆف هۆشمەندی بەرهەم ئەهێنێ بەڵام مەرج نی یە هەمو جارێ بە قازانجی چینی کرێکار بێت ” تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم، كە مرۆڤ ھۆشمەندی بەرھەمناھێنێت، بەڵكو كاری مرۆڤە كە ھۆشمەندی وەك دەرەنجامی ئەزموونەكان لەلای خودی مرۆڤی كاركردوو كەڵەكە دەكات و دەیكاتە سامانی ھزریی بۆ نەوەی داھاتوو، بەڵام ئەگەر نەوەی داھاتوو، وەك ماركسیستەكان دانیشتن و ھۆشمەندی پێش خۆیان پیرۆزبكەن، ئەوا مرۆڤایەتی وەك پارتە كۆمونیستەكان تەنیا شكست سەرەنجامی دەبێت. ھەروەھا نازانم بۆ دەبێت چینی كرێكار ئەوەندە دەستەپاچەبێت، كە كەسانی دەرەوەی خۆی ھۆشمەندی بۆ بەرھەمبھێنن؟ ئایا ئەمە لەتەك ئەوەی كنسێت و كلیسا و مزگەوتەكان بە درێژایی مێژوویان پاگەندەیان كردووە، جیاوازی ھەیە؟

خوێنەرانی ھێژا، بۆ گەڕانەوە سەر بۆچوونەوەكانی وەستا سابیر و بەشداربووانی دیكە، تكایە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە كرتە بكە :

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=10151229775877480&set=a.84727347479.78989.608192479&type=1&comment_id=9197573&offset=0&total_comments=22

بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەرھەمدەھێنێت ؟ / ٣

بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بەرھەمدەھێنیت یا تیئۆری، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بەھرەمدەھێنێت ؟

ھەژێن

بەشی سێیەم

سڵاو ھاوڕێیان، دەستخۆش وەستا سابیر بۆ سەرنجی دووەمت، ھەرچەندە تا نزیكەی كۆتایی وەڵامەكەت خوێنەر لەوە تێناگات، كە ڕووی دەمت لە كێیە، تا لە كۆتاییەكەدا دەردەكەوێت مەبەستت چییە.

بەداخەوە سێ بەشی وەڵامەكەت بۆ پێداھەڵدانی مەزھەبییانەی ماركسیزم تەرخانكردووە و پاشان بە یەقینگەرایی قوفڵ لە گشت دەرگەكانی بیركردنەوە دەدەیت. ئەزیزم، دەكرێت كەسێك لە حوجرەكانی پارتدا وەھا بۆ شاگردان بدوێت و بە مەزھەبی ماركسیزم سەرسووڕماویان بكات، بەڵام كاتێك كە لە تۆڕێكی كۆمەڵایەتییدا مشتومڕ لەسەر بابەتێك دروستدەبێت، ناكرێت كاتی خوێنەر بەو مەوعیزانە بگریت. پێویستە لە وەڵامی بابەت دەرنەچیت و دەقاودەق لەسەر بۆچوونە دەربڕاوەكانی بەرامبەر قسە بكەیت. مشتومری نێوان سۆشیالیستەكان كایەی نێوان (تۆم و جێری) نییە، كە خەریكی بردنەوە و براوەكاری بین و لەبری گوێگرتن و خوێندەوەی یەكدی، خەریكی سەرقاڵكردنی بەرامبەربین بە شتی لاوەكی و خۆدزینەوە لە بابەت.

تۆ سەد ئەوەندەی تر ڕستە ڕیزبكەیت، ھێشتا ناتوانێت ھێندەی ھاوڕێ (سەلام عارف)ی ئەناركیست پێداگری لەسەر وردەكاری و جوانییەكانی ھزری ماركس بكەیت. ئەو لە بەرامبەر ئایدیالیزمی (لێنین)دا پشتیوانی لە ماركس دەكات و تۆش دەتەوێت بەڕیزكردنی كۆمەڵێك مەوعیزە، بیسەلمێنیت، كە ئەوەی لێنین وتوویەتی، درێژەی بیركردنەوەی (كارل ماركس)ە. ئەمەیە كڕۆكی بەدبەختییەك، كە وای لە لایەنگرانی ماركس لە كوردستان و خۆرھەڵاتی ناوین كردووە، لەبری پێداگری و شانازی بە سۆشیالیستبوونەوە، چەپایەتیییان كردووەتە میراتی ماركس، لەبری خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژانەی چین و توێژە ژێردەستەكان، ڕیفۆرم و چەنەبازیی ڕامیارییان كردووەتە میراتی ماركس و خەباتی كۆمونیستی.

كاكی خۆم، زانست شتێكی زۆر پیرۆز نییە، وەك پەنابەرە ئەفریكییەكە لەبەرامبەر كابرای نازی وتی “ھەموو خوێڕی و ساختەچییەك دەتوانێت ئاڵمانی بێت !” ھەر ئاواش ھەموو داھێنانێكی دژە مرۆیی و دژە سۆشیالیستی دەتوانێت زانست بێت، ئاخر لە ئەمڕۆدا زانست ئەو شوناسەی لەدستداوە، كە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات، بەڵكو چەكی دەستی بۆرجواكانە و لە كلیسا باشتر خزمەت بە سەروەری و مشەخۆری دەكات.

من دژی زانست نیم و زانست؛ تەكنۆلۆجی مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست، مەرجی سەرەكی گەشە و ھەڵكشانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی و داھاتووی مرۆڤایەتین، بەڵام دانانی ترۆھاتێك، كە ئەمڕۆ بە زانست دەناسرێت، لە سەروویی ھەموو شتێكەوە و دەمكوتكردنی خەڵك بەوە، كارێكی دژە شۆڕشانەیە.

پاشان نە زانست و نە یاساكەی نیوتن و نە تیئۆرییەكانی داروین و ماركس ناكرێت لەسەرووی ڕەخنەوە بن، ھەروەھا بەداخەوە ھەم تیئۆرییە زانستییەكەی داروین و ھەم تیئۆرییە ڕامیاریی و ئابوورییەكەی [مەبەست لە دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمە نەك لێكۆڵینەوەكانی دیكەی ماركس] لە سەدەی بیستەمدا گەورەترین خزمەتیان بە سەروەری و مانەوەی بۆرجوازی كرد و ئابووری دەوڵەتی و ناوەندگەرایی پلان، لەوەوە سەرچاوەیان گرت. تیئۆری “بنچینەی جۆرەكان”ی داروین، گەورەتین دار بوو بەدەست ڕژێمی ئاپارتایدیستی ئەفەریكای خوارووەوە، ھەروەھا تیئۆری “ململانێی مانەوە”ی داروین تا ئێستاش گەورەترین خزمەتی بە ڕەوایەتیدان بە چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەو، كردووە. ئەگەر كاتت ھەبوو خراپ نییە، سەرنجی ڕەتدانەوەی كرۆپۆتكین بۆ ئەو تیئۆرییە بدەیت، كە دەیەوێت بەھەمان بنەمای ژیانی ناچاریی ئاژەڵەكان، ڕەوایەتی بە زاڵبوونی ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا بدات …

ئایا كوورەكانی مرۆڤسوتاندن لە ئاڵمانیا و  تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی بەسەر ھیرۆشیما و ناكازاكی و یورانیۆم بەسەر سەربازانی ئێرانی لە لەنگەرگەی (فاو) و كیمیایی بەسەر ھەڵەبجەدا، داھێنان و دەسكەوتی زانستی نەبوون، ئایا سێدارەی ئەلەكتریستی و بڵاكردنەوەی ئایدز لە ئەفەریكای خواروو لەڕێی دەرزیلێدانەوە، داھێنانی زانستی و دەستكەوتی زانستی نەبوون، ئایا بڵاكردنەوەی ڤایروسە دروستكراو و جێنشێوێنراوەكان بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی نەخۆشی و فرۆشتنی ھەرچی زیاتری دەرمانی كیمیایی و لێدان لەو كۆمیونیتییەیانەی كە نایانەوێت بچنە ژێر باری جیھانگیری نیئۆلیبرالیزم، داھێنانی زانستی نین و شانازیی ئەو زانستە نین؟

بەداخەوە دەستەواژەی “زانستی بوون” ئەوەندەی كراوەتە كوتەك لەسەر ڕەخنەگرانی تیئۆرییەكان، ئەوەندە واتای زاسنتی بەھیچ شتێك نەبەخشیوە و لەتەك گوتەی كنسێت و كلیسا و مزگەوتەكان، كە لەبەرامبەر ھەر ڕەخنەیەكدا (یەھوا و گۆد و ئەللە) قوتدەكەنەوە، جیاوازیی نیییە و ئەوەندەی خزمەت بە ئایدیاكانی ئایدیالیزم دەكات، ئەوەندە خزمەتی بە ئایدیاكانی ماتریالیزم نەكردووە !

ئەزیزی من، ڕیزكردنی ڕستە و پەرەگرافی پێداھەڵدان ئاسانە، بەڵام، پەسەندكردنی بۆ ئاوەزی تەندروست و پشتبەستوو بە لۆجیك، زۆر گرانە !!!!!!

پاشان تۆ دەڵێیت “تئیۆری شۆڕش ئەگەر زانستی نەبێت تێک ئەشکێت ، تێک شکانی شۆڕشی ئوکتۆبەر بە مانای تێک شکانی تیئۆرێ زانستی یانەی شۆڕشی بەڵشەفیکەکان و لێنین نی یە ، بە مانای تێک شکانی دەستکەوتە زانستی یەکانی مارکس ئەنگس بۆ خەباتی چینایەتی نی یە . “

منیش دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر تیئۆری شۆڕش پشت بە لۆجیكی ماتریالیستی نەبەستێت، ئەوا خۆبەخۆ دەچێتە خانەی دژە-شۆرش واتە نالۆجیكیی ئایدیالیستی. بەڵام ھەر بەو پێوەرەی خۆت، كە تیئۆرییەكانی لێنین بەتایبەت [پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی شۆرشگێڕ و تیئۆرییە ئابوورییەكانی كە كۆڵەكە ئابوورییەكانی ڕوسیای بۆلشەڤیكی [١٩١٧-١٩٨٩]یان لەسەر بنیاتنرا، زانستی دەزانیت، كەچی ئامادەنیت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێت، كە ئەو شكستە بەرھەمی ئەو زانستەبوون كە تۆ بوویتەتە كۆیلەی و وەك خوایەك لە سەرووی خۆتەوە داتناوە !

بە بۆچوونی من، یا تیئۆرییەكانی ماركس و لێنین [بەتایبەت لێنین] زانستی نەبوون و ھەر بە پێوەرەكەی تۆ واتە شۆڕشگێڕیش نەبوون، یا ئەوەتا شكستی ئیمپراتۆری (٧٠) ساڵەی بۆلشەڤیزم، شكستی ئەو تیئۆرییانەیە !!! ئەگەر نا، بۆ ئێمەی ڕوون بكەرەوە، كە چۆن شكستی ئەو تیئۆرییانە نەبووە و نییە، بەڵام تكادەكەم بە خوێندەوە و  لێكدانەوەی ئابووریی و تیئۆریك نەك بە پێداھەڵدانی مەزھەبییانە ….

وەستا گیان، ئەگەر مەبەستت لەم دەستەواژەیەدا “چەندین ڕەوت و بۆچون و دارو دەستەو تاقمی جۆراو جۆر هەن لە توێژە ووردەبۆرژواکانی ناو کۆمەڵگا کە دژایەتی کۆمۆنیزم ئەکەن بە شێوەیەکی شەرمێونانە و بە پێچ و پەناوە،“

ئەناركیستەكانن، ئەوا تەنیا ئەوە بەسە كە بڵێم، ئەناركیستەكان بەخوێن و قوربانیدانی مێژوویی، كە ئێستاش ناشیرترین لەكەیەكە بەنێوچەوانی (لێنین  وترۆتسكی)یەوە، وەڵامی ناكۆمونیستبوون و نا شۆڕشگێربوونی بۆلشەڤیكەكانیان داوەتەوە، لە ئەمڕۆشدا لە سەرتاسەری دونیادا لە (جاكاتا)وە تا (یوھانسبێرگ) لە بزووتنەوەی دژی جیھانگیریی نیئۆلیرالیزمەوە بیگرە تا داگیركردنی كارخانەكان لە (ئەرجەنتین)ەوە تا  یۆنان و میسر، ئەوە ئەناركیستەكان كە ئاڵای سۆشیالیزمیان بەرزكردووەتەوە و بە ئاشكرا دەلێن، سۆشیالیزم دەوڵەت نییە، بۆلشەڤیزم دژە-شۆرش بووە و ھەیە. ئیدی نازانم كێن ئەوانەی كە شەرمنۆكانە ناوێرن ئەمە بە تۆ بلێن؟

لەبارەی بەشی تەواوكەری ئەو دەستەواژەوە، ئەوەیان پەیوەندی بە شەڕەدەندووكی نێوان خۆتان [پاشڕەوانی لێنین و مەنسووری حیكمەت]ەوە ھەیە و تەنیا خۆتان دەتوانن بەسەرەنجامی بگەییێنن ….

لەوە بەدوا بەتەواوی پشتیوانی لە بۆچوونەكانت بەرامبەر ھەلپەرستیی چەپ لە كوردستان و عیراق دەكەم، كە بۆ دەستكەوتی پارتیی و كەسیی خۆیان، لەتەك بكوژانی ھاوڕێیكانیان كەوتوونەتە سازش …

وەستا گیان، ھیوادارم درێژە بەم مشتومڕە بدەین، بەڵام تكادەكەم، بەبێ پەنابردن بۆ گێڕانەوە، با ھەر یەكە لە ئێمە، لە توانای ھزریی خۆمانەوە لە ئەزموونی خۆمانەوە، لە پێگەییشتنی خومانەوە، ھەوڵی ڕۆشنكردنەوە و كردنەوەی گرێكوێرەكان و شڵەقاندنی گۆمە لیخنەكان بدەین، ئەو گۆمانەی كە ڤایروس و بەكتریای وەھای بەرھەمھێناوە، كە بەناوی سۆشیالیزمەوە لیبرالیزمی نەزمی نوێ، بە كۆمەڵگەی كوردستان دەفرۊشێتەوە..

دەبێت بمبووریت و دڵگیر نەبێت، لە توندی وەڵامدانەوەكانم، چونكە ئەوە شێوازی وەڵامدانەوەی تۆیە، كە ئاوا دەمھێڼیتە قسە … وەڵامدانەوەی بەرامبەر بەبێ ناوھێنانی و تۆمەتباركردنی بە بەكڕیگیراو  و خزمەتكاری بۆرجوازی، شێوازێكی ناشێرینی دەھەی نەوەدی چەپی كوردستانە و ھیوادارم ئەگەر خۆت بە سۆشیالیست و كۆمونیست دەزانیت، ھەوڵبدەیت خۆت لەو شێوازە بۆرجوازییانەیەی كەمڕاگرتنی بەرامبەر، ڕاببسێنیت…

كاتێكی خۆش بۆ ھەمووان و دەستی خەباتكارانەتان دەگوشم ….

خوێنەرانی ھێژا، بۆ گەڕانەوە سەر بۆچوونەوەكانی وەستا سابیر و بەشداربووانی دیكە، تكایە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە كرتە بكە :

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=10151229775877480&set=a.84727347479.78989.608192479&type=1&comment_id=9197573&offset=0&total_comments=22

دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی دووەم

دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی دووەم

هەژێن:

سڵاو ھاوڕێیان، مشتومڕەكەتان خۆشە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەم سەرنجانەی لەلای من بەجێھێشتن … .

ھاوڕێ (زاھیر)یش لە وەڵامی ھاوڕێ (فوئاد)دا، بەھەمان تێڕوانین، چەمكی پڕۆلیتاریا بەكاردەبات، كە دەكاتە كرێكاری پیشەسازی و لەم بارەدا ڕاسدەكات، پرۆلیتاریا كەمینەیە، بەڵام پڕۆلیتاریا لە یۆنانی كۆنەوە بە واتای چینی ئەو تاكانەی كە خاوەنی سامان و دسەڵات نین یا كۆیلەی كەسانی دیكەن، كە لەم بارەدا ھەموومان بە كرێكار و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار و خانەشین و بێكار و جوتیار و ھەرجی ژێردەست ھەیە، دەگرێتەوە؛ واتە ھەموو ئەوانەی كە مافی بڕیاردانیان لەسەر ژیانی خۆیان و كاروباری كۆمەڵگە نییە. من پڕۆلیتاریا بەم واتایەی دووەم بەكاردەبەم ..

ھاوڕێ فوئاد، لەوەتەی دەوڵەت سەریھەڵداوە، ھەندێك كاری ئەنجامداوە؛ لەوانە وردوخاشكردنی ویست (ئیرادەی تاك) و متمانە بەخۆی، لەنێوبردنی پەیوەندی و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە دامودەزگە ڕامیارییەكان، ڕۆبۆتكردنی تاك و كوشتنی ھەموو گیانێكی ھەرەوەزیی و ھاڕێكاریی و متمانەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێكخستنی ئابووری كۆمەڵگە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت و لە باشترین باردا خاوەندارێتی دەوڵەتی، لەنێوبردنی مۆڕاڵ و ڕێسای كۆمەڵایەتی و یاسای سروشتی، جێگرتنەوەیان بە مۆڕالی ڕامیاریی و یاسای دەستكرد، ھەروەھا كەڵەگایی بەسەر كۆمەڵگەوە و بڕیاردانی جەنگ و سازش و كوشتوبڕین و جینۆساید و داگیركردن و تاڵانكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بەنێوی كۆمەڵگە و نەتەوە و چینەوە .. . ئایا دەتوانرێت و دەكرێت و بۆی ھەیە وەھا ئامرازێك ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و پارێزەری دادپەروەریی؟ ھەروەھا ئەگەر لە سەردەمی دەربڕینەكانی (گۆدوین شتاینەر و و پرۆدۆن و باكونین)دا ھاوڕێ ماركسیستەكان، لەبەر نەبوونی ئەزموونی دەوڵەت لەلایەن پارتە كۆمونیستەكانەوە و بەنێوی پرۆلیتاریاوە، توانیبێتیان ئەوان [ئەناركیستەكان] بە خەیاڵپڵاو تۆمەتباربكەن، ئایا پاش ئەو ھەموو كۆیلەكردنەی پرۆلیتێرەكان لەلایەن دەوڵەتی پارتە كۆمونیستەكانەوە لە (ڕوسیا)وە بۆ چاینا و كوبا و ڤێتنام و كۆریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیا و ئەڵمانیا و ھەنگاریا و بولگاریا و … تد، ئەوە نالۆجیكی نییە و پاش ئەو ھەموو ئەزموون و سەلماندنە مێژووییانەی دروستی بۆچوونی ئەناركیستەكانی پێش و پاش ئینتەرناسیونالی كرێكاری (یەكەم)، ڕاستی بۆچوونی ئەناركییەكان ناسەلمێنێت ؟

بابەتێكی دیكە خەدری مێژووییە لەو سۆشیالیستە كەتوارییانەی كە بەداخەوە ئەناركیستەكانیش وەك ماركسیستەكان بە یوتۆپی (خەیاڵپڵاو)یان ناودەبەن، كە بە بڕوای من لە ھەموو سۆشیالستەكانی پێش و پاشی خۆیان كەتواربینتر بوون و بەكردەوەش سەلماندیان پرسی سۆشیالیزەكردنی كۆمەڵگە، پرسێكی ڕامیاریی نییە و تەنیا بە ھەنگاوی كردەیی دەكرێت، سۆشیالیزم ببێتە سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵگە .. .

ھاوڕ فوئاد، بەداخەوە لە دوا وەڵامتدا بۆ ھاوڕێ زاھیر، بەجۆرێك دەرگەت لەسەر لێدوانەكە داخستووە. لە كاتێكدا كە ھیچ یەك لە ئێمە ناتوانین بڵێین، من ئەوەم بۆ داھاتوو یا لە داھاتووشدا ئاوا دەبم، دەكرێت بڵیین من لەم ساتەدا ئاوا بیردەكەمەوە، چونكە بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە خولەكێكی دیكە ئاوا بیردەكەمەوە، ڕەتكردنەوەی بنەماكانی بەردەوامی گۆڕانی مرۆڤە وەك ماددە  .. .

زاهیر باهیر:

 کاک فوئاد تکایە بمبەخشە گەر کۆمێنتەکەم ، لای تۆ وای گەیاندبێت کە تۆ لەسەر ئەنارکیسزم هیچت نەخوێندۆتەوە یا هیچ نازانیت. من دڵنیام کە تۆ دە ئەوەندەی منت لەسەریان خوێندۆتەوە. لێتی ناشارمەوە تاکو ئەم دەقەیە من کتێبێکی یەکێک لە ئەنارکستە بیردۆزە کۆنەکانم نەخوێندۆتەوە، من تەنها لێرەو لەوێ چەند وتارێکم خوێندۆتەوە. من کە ئیدیعای ئازادیخوازی و ئەنارکستێت دەکەم لە خوێندنەوەی شتەکانی ئەنارکستەکانەوە نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەوەیەکی سەردەمێکی زۆرەوە کە پێموایە چەند ساڵێکی خایاند ، هەروەهاش تەماشای ئەزموونەکانی هەموو پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و نموونەی دەوڵەتەکانی بەلشەفی، تێکەڵاوبوونم بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرەو نقابەکەیان، وایلێکردم کە من بە سەرجەمی بیروڕای خٶم و هاوڕێیانی دووروو نزیك و تەواوی ئەزموونەکانماندا بچمەوە بگەمە ئەم قەناعەتەی ئێستام ، ئەمە جگە لەوەی کە من فکری ئەنارکست بە ڕۆح و گیانی سروشتی خودی مرۆڤ دەزانم کە گیانی یاخیبوونی تێدایە، حەزی بەوە نییە کە نەسیحەت و ئیرشادات بکرێت، حەزی بە ئازادییەو دژی کۆنترۆڵکردنە، حەزی بەوەیە کەکەس بڕیاری بۆ نەدات خۆی خاوەنی بڕیارەکانی بێت. هەر هەموومان کە گەنج بووین ئەمانەمان تیادا بووەو خاڵی هاوبەشیمان بوون لەگەڵ یەکتریدا. گەر من بچمە جەدەلی دەوڵەت و پارت و سیاسەتەوە باوەڕناکەم پەنا بۆ تەنها بڕگەیەکی یەکێک لەو ئەنارکستە ناودارانە، بەرم ، مەگەر تەنها لە ٢ بوواردا کە یه‌که‌میان ئاماژە بە ئاماره‌کانه‌و ئەوی تریان هێنانەوەی ئەزموونه‌کانی سەردەمی ئەوانن. من باوەڕم وایە نابێت هەوڵبدەین  تیورەکان بسەپێنین بەسەر کۆمەڵگەو چینەکاندا ، بە یەک وشە واقیعدا، بەڵکو دەبێت تیورەکان و بیرۆکەکان لە واقیعەوە هەڵهێنجین . هەروەکو خۆتیش دەزانیت باشترین بەڵگەنامە گەڕانەوە بۆ واقیعە ، لەبری گەڕانەوە بۆ بڕگەی ناو کتێبەکان ئیدی ڕابوردوو یا ئێستا، گرنگ نییە.

لە کۆتاییدا وەکو ئەو هاوڕێیەش پێشتر وتی ، تۆ دەرگات لەسەر مشتومڕەکان داخست، کە ئەمە بێئومێدی لای من دروستکرد چونکە من هەمیشە ڕام وایە کە تۆ یەکێکی لە هەرە ڕۆشنبیرەکان و بە ئەقڵ و سەلیقەی زۆرو قوڵەوە دەچیتە ناو کێشەکان ، پرسەکانەوەو لێکدانەوه‌کانت شایانی خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنن. با ئەوەش بڵێم ، من خۆم هێشتا بەدوای حەقیقەتدا دەگيڕیم بۆیە تامەزرۆی مشتومڕو ڕاگۆڕینەوەم لەگەڵ هەمووتاندا. هەڵبەتە تۆش ئازادیت لە بڕیارەکانتا. خۆشی و تەندروستی باشت بۆ دەخوازم.

فواد قەرەداخی:

سوپاس هاوڕێیان بۆ وەڵامەکانتان ، وەڵامەکان دیسان لەسەر دەوڵەت تەرکیزیان کردووە ، کە هاوڕاتانم لەسەر ماهییەتی دەوڵەت بەڵام + ناسنامە چینایەتییەکەی . ئێوە باس لەدەوڵەت بە گشتی دەکەن ، من پێموایە دەوڵەت ناسنامەی چینایەتی هەیە و سەرکوت بەشێکی کارێتی ، بەڵام کێ سەرکوت دەکات ؟ ئەوە مەسەلەکەیە ، لەلایەکی ترەوە من دەبینم کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکیان هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتی چینایەتیدا ، دیارە ئەو تەجروبەیە فەشەلیکرد بەڵام دەستکەوتیشی لە سەرەتادا هەبووە و دەکرێت بۆ دواڕۆژ سوود لەو تەجروبەیە وەربگیرێت بۆ دەورەیەکیتری تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری ، ئەو سیستمەی بە تێکۆشانی منظم ، بە خۆڕێکستن ، بە حزبی تکۆشەرو جەماوەیی پۆڵایین دەڕووخێت ، من تا ئێستا نازانم بەبێ دەسەڵاتی سیاسی چینی پێشڕەوی کۆمەڵگا چۆن دەتوانین مەرجەکانی کۆمەڵگای ( بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت ) بەدیبهێنن ئانارکیستەکان بەرنامەیەکی رۆشنیان بۆ ئەوە نییە ، ئەوان دەسەڵاتخواز نین ، واتە دەسەڵاتیان ناوێت ، بۆیە بە عەمەلی ئەبێت دەسەڵاتی سیستمی سەرمایە دەستکارینەکەن ،ئەم جیهانە بەرینە چۆن دەگاتە کۆمۆنیزم کە تۆ بەرنامەی رووخاندنی سەرمایەو چۆنیەتی رێکخستنەوەی کۆمەڵگای گواستنەوەت پێ نەبێت . من دەرگاشم لەسەر ئەم مەسەلەیە دانەخستووە ، بە پێچەوانەوە دەرگایەکم کردەوە کە ئێوە بتوانن لێی بچنە ژوورەوەو بەرنامەی تەفصیلی و عەمەلی ئانارکیستی بخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و میکانیزمی نەهێشتنی دەوڵەتیان پێ بڵێن لە سەرانسەری جیهاندا ، من بەرنامەی ئانارکیستەکان بە بەرنامەیەکی خەیاڵیی دەزانم کە ئەگەری بەدیهێنانی نییە ، بۆیە وەک هەر کەسێکیتر چاوەڕوانی نووسینەکانتان دەکەم و هەر کاتێک قەناعەتمکرد دڵنیابن بێ سێو دوکردن پێیەوە پەیوەست دەبم .

ھەژێن :

سڵاو ھاوڕێ فوئاد، پرسەكە لەسەر قەناعەتكردن بەیەكتر نییە، نەخێر من بۆخۆم و لە ھاوڕێ (زاھیر)یش دڵنیام كە نیازی شتێكی ئاوای نییە، بەڵكو ھەوڵدانە بۆ مشتومڕكردن و بۆچوونگۆڕینەوە و دەرگەئاوەڵاكردن بەڕووی كۆمەڵێك پرسدا، كە بەداخەوە بەستەڵەكیان بەستووە. ھەروەھا وەك ھاوڕێ زاھیر دەڵێت “پرسەكە لەسەر دروستی و نادروستی ئەم و ئەو نییە” بەڵكو لەسەر دەربڕینی بۆچوونی كەسیی خۆمان و بەشكردنیەتی لەتەك ھاوەڵەكانی فەیسبووكدا .. . با ئاوای دابنێین، كە لە مێژوودا ئەناركیستەكان بوونیان نییە، ئەی دەبوو من و تۆ و ئەوانی دیكە لەبەردەم شكستخواردنی بەكردەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەردەستی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان چیمان بكردایە؟ ئایا ئەركی من و تۆ و ئەوانی دیكە نییە، كە لەو شكستانە وردبینەوە و لە دەرەوەی بۆچوونە باوەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەرێین؟

بە بۆچوونی من ئەو لێدانەی كە بۆلشەڤیزم لە ١٩٠٥ە تا ١٩٨٩ لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كرێكاری داوە، ھەموو دەوڵەتەكانی بۆرجوازی لەوەتەی سەرمایەداری ھەیە، تا ئەمڕۆش نەیداوە … . چونكە بۆلشەڤیكەكان بە ڕابەرایەتی لێنین [نەك تەنیا ستالین و دواتران] دەسكە دارینەكەی تەورەكە بوون لە بڕینەوەی دارستانەكانی شۆرشدا تا ئێستاش ھەر دەسكەتەورن … .

ئەوەی كە تۆ بەبێ دەوڵەت، ناتوانیت وێنای كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەیت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم وەك زۆربەی ھاوڕێ ماركسیستەكان شۆڕش بە ڕووداوێكی كتوپڕ و دیاڕێكراوی ماوەیی دەزانیت، بۆیە لەوەھا بارێكدا تاكی پەردەوەری سیستەم و كولتووری بۆرجوازی [مشەخۆری] لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی سۆشیالیسیدا وەك جانەوەری چاوچنۆك دێتەبەرچاو و ناچار بۆ ڕاگرتن و سۆشیالیزەكردنی پێویستت بە دەوڵەت و دامودەزگە سەركوتگەرەكانی دەبێت. بەڵام ئەگەر شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی لە بەرەبەیانی مرۆڤایەتییەوە تا دواساتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانیت، ئەوا ئەو شتانەی بە شۆرش ناویاندەركردووە، دەبنە ڕاپەڕین و بەرھەڵستاری لە ڕوەتی شۆڕشدا و زۆر ئاسایی ھەر لە ھەناوی ئەم سیستەمەدا، ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكانی پڕلیتاریا، لە خوارەوەرا وەك فێرگەیەكی سۆشیالیستی، تاكەكان بە كولتووری سۆشیالیستی پەروەردەدەكەن و لەنێو خۆیاندا [لە ماڵە ھاوبەش و ھەروەزییەكانیاندا، لە كارگە و فرۆشگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكاندا] بەپێی توانا سۆشیالیزم ئەزمووندەكەن و وەك ھاوڕێ زاھیر دەلێت ” لەوێوە تیئۆرییە شۆڕشگێرییەكانیان سەرھەڵدەدەن…”.

تكایە ئەم دوا ڕستەمە وەك خۆی لێ وەربگرە؛ سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان خەڕێكن لەم سیستەمەدا ڕۆژانە خشت بە خشتی ئەم سیستەمە دەدەنە بەر ڕەخنە و بە كردەوە لە ھەرەوەزیی ژیاندا ھەڵیدەگێرنەوە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی پارتە كۆمونیستە زۆر و زەبەندەكانەوە، كە لە ئەوروپا خاوەنی پیتزەری و ڕیستورانت و قاوەخانە و فرۆشگەن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان و كرێكارانی كۆچەر بە كرێیەكی زۆر كەم بەكرێدەگرن و دەیانخەنە خزمەت سیستەمی كاری كرێگرتەوە و لەسەر ڕەنجی ئەوان، سەرمایەی دراوی پێكەوەدەنێن و لەولاشەوە لەسەر چالاكی و خەباتی لێبڕاوانەی ئەندامانی پارتەكانیان، ناووناوبانگ دەردەكەن و وێنەی خۆیان لەبەردەم وێنەكانی ماركس و ئینگلس و لێنین و ترۆتسكی و ستالین و مائۆتسی تۆنگ و جیڤارا و پەخشان و تەخشان دەكەن .. .

ھاوڕێم، ئەناركیستەكان كەتوار لە قاڵبی تیئۆری نادەن، بەڵكو تیئۆرییەكان لە ئەزموونكردنی خەباتدا لە كەتواری ئەم ساتەدا بەدەستدەھێنن، ھەروەھا ئەناركیستەكان بەرنامەی ڕامیاری داناڕێژن، چونكە، یەكەم، ڕامیاریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامراز و چەكی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتین و دووەم، ئەناركیزم بە واتای سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە بەخۆی بەرنامەی ژیانە و كاتێكیش كە ژیان لە قاڵب بدرێت، ئیدی تەنیا تابووتێك لە چەشنی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی و ماوی و كاسترۆییمان بۆ دەمێنێتەوە.

ئەگەر ئێمە ئەو شكستانەی كە لەسەر دەستی سۆشیالیستە دەوڵەتخوازەكان بەسەرماندا ھاتوون، بەھەند وەرنەگرین و دووبارە لە ھەوڵی چێكردنەوەی دەوڵەتێكدا بین لە جێی دەوڵەتێكی دیكە، ئەوا وەك ھەر دەستەیەكی دیكەی مەزھەبی لە جیھانی خەیاڵدا خەڕێكی چێكردنی بەھەشتێك دەبین، كە لە جیھانی كەتوارتیدا بێجگە لە پیرۆزكردنی دۆگمەكان، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە!

دەكرێت لە زنجیرە وتارێكی دوورودرێژدا بچینە پای شێوازی خەباتی ئەناركی و شێوە و بنەمای كۆمەڵگەی ئەناركی و چۆنیەتی پێكھاتنی كۆمەلگە ئەناركییەكان، بەڵام بەداخەوە ڕوونكردنەوەی كۆمەڵگەی ئەناركی كە ڕەتكردنەوەی سەراپای كۆمەڵگەی چینایەتی چەند ھەزار ساڵەیە، لە وەلامی كۆمێنتێكی فەیسبووكدا ئاسان نییە، ھەر بۆیە لەمەڕ ھەڵەی داڕشتن و ڕێنووسی نێو سەرنجەكانیم، داوای لێبوردن دەكەم، چونكە بواری نووسین لە فەیسبووكدا ھەر ئەوەندەیە .

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، تكایە كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

http://wp.me/pu7aS-18f

شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆرشێكی كۆمەڵایەتییە نەك كودەتای سەربازیی و ڕامیاریی

سڵاو ھاوڕێیان، ئەمەی دەیخوێننەوە، سەرنج و وەڵامی ئێمە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ە بە سەرنج و ڕەخنەی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)ە لە بارەی مشتومرێكەوە،  كە لە ڕووپەڕی ئەو گروپەدا لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە ….

ھیوادارین خوێنەرانی ھێژا، سەرنج و ڕەخنەی خۆیان لەمەڕ وەڵامەكەی ئێمە لە بەشی كۆمێنتی خوارەوەی ئەم بابەتەدا بنووسن و بەرچاوی ئێمە ڕۆشنبكەنەوە .. بەشداریتان، مایەی دڵخۆشی و نیشانەی بەدەربەستبوونتانە لەمەڕ پرسەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو [ئەناركی / سۆشیالیستی]

سڵاو ھاوڕێیان، …..

بەشداریكردنی دەنگە جیاوازەكان، ھیوابەخشە و بەھیوای بەردەوامبوونی …

بەڕێزان (لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)، بەشداریتان مایەی دڵخۆشییە، خۆزگە ھاورێ (شوان سدیق)، كە وەك ھاوبۆچوونییەك ئەم وتەیەی (لێنین)ی لە ڕووپەڕەكەی ئێوەوە، لەتەك ھاوەڵەكانی بەشكردبوو، بەخۆشی بەشداری مشتومڕەكەی بكردایە.

بەڕێزان، سەرنجەكەی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF) لەسەر ئەو وتەیەی لێنین بوو، ھەڵبەتە ھەر كەس و گروپێكیش كە ھاوبۆچوونی ئەو بۆچوونەی لێنین بێت، بەدڵنیاییەوە سەرنجەكەی (KAF) ئەویش دەگرێتەوە. ھەروەھا نووسەری سەنجەكەش سەرپەرشتیگەری ڕووپەڕی (ئەناركیستان)ە و ئەو سەرنج و بانگەواز و وەلامانەی كە بەناوی (KAF) بڵاودەبنەوە، تەنیا دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو سەرخەتانەدا بن، كە ھەموو ھاورییانی سەكۆ لەسەریان كۆكن، دەسەلاتی سەروو خەڵكی ئیدی حكومەتی بۆرجوازی بێت یا كرێكاری یا مرۆڤایەتی، یەكێكە لەو ئیدانەی كە (KAF) ڕەتیدەكاتەوە و یەكێكە لەو سەرخەتانەی كە ھەموو ھاوڕێیان لەسەری كۆكن.

بەڵام كاتێك من یا ھەر ھاوڕێیەكی دی بەناوی سەكۆوە بكەێتە وەلامدانەوەی مشتومڕە فرەلایەن و ناكۆتاكان، ئەوا كارێكی ئاوا بۆ ھەموومان دروستدەكات، كە ناچاربین لەسەر ھەموو پەرەگرافێك ڕەزامەندی ھەمووان بەدەستبھێنین و بەو جۆرە نە فریای وەڵامدانەوەكان دەكەوین و نە فریای ژیانی ڕۆژانە و دەبێت ھەموو چركەیەك لە كۆبوونەوەدا بین، ئەمەش ھەم ئەستەمە و ھەم لەبەرئەوەی كە ئێمە بەناو زۆرێك لە ولاتەكاندا پرش و بڵاوین..

ھەر لەبەرئەوە، لێرەدا بە كورتی وەلامی سەرنجەكەتان كە ڕوویان لە سەكۆیە، دەدەمەوە، بەلام وەك تاك لەوانەیە زۆرێكمان بەشداری بكەین و لە ئێوە زیاتر ئارەزوومەندی مشتومڕی دۆستانە بە ئامانجی بەھێزكردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی/ ئەناركی لەو گۆشەیەی دونیا [خۆرھەڵاتی ناوین] ھەین.

لەوانەیە بۆ ئێوە ئاسایی و مەیسەربێت، كە كەسێك بەناوی گشتەوە قسە بكات، چونكە ئێوە باوەڕتان بە نێوەندگەرایی بڕیاردان ھەیە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی بنەماكانی ئێمەیە، كە باوەڕمان بە بڕیاردانی بەكۆمەڵ و ھاوئاست ھەیە. بۆیە لە درێژەی مشتومڕەكەدا وەك تاك بەشداردەبین نەك وەك (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF).

پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی وەڵام و پرسیارەكانی ئێوە، بەپێویستی دەزانم، كە دەستخۆشی لە گشت بەشداربووان بكەم و پێیانبڵێم، كە بەردەوامیدان بەم مشتومڕانە خزمەتێكی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و دادپەروەرییخوازی كوردستان و ناوچەكەش دەكات، ئێوە وەك كەسانی بەدەربەست و دڵسۆزی ئەو بزووتنەوەیە، مایەی دڵخۆشی ئێمەن ..

لەبەرئەوەی كە بەگشتی لەتەك بۆچوونی ھاوڕێیان (باكۆ جەلال و سیروان فاتیح و كەیفی ئەمین و زاھیر باھیر)دا ھاوبۆچوونین و سەرنجەكانیان بە دروست و لۆجیكپەسەند دەزانین، لێرەدا تەنیا لە وەڵامەكەی ئێوە دەدەینەوە، كە لەتەك تێڕوانینی ئێمەدا جیاوازە و بۆ ئێوەش ھەر ئاوایە…

“لەسەر بەرنامەیەک دەڕۆن کە پێشتر پەیڕەو کراوە و سەری نەگرتووە، و ئێمە سیستەمێکی زۆردار دادەمەزرێنین،”

بەڕێزان، وابزانم لە سەرنجەكەی ئێمەدا ناوی ھیج كەس و گروپێك نەھاتووە، بەڵام ئەگەر ئێوە پشتیوانی لەو بۆچوونەی لێنین دەكەن، ئەوا ناچار دەبن ھەمان ڕێچكە بگرنەوەبەر، كە لە ڕوسیا گیرایەبەر …

بەڕێزان، شۆرش خۆی لە خۆیدا ڕێكخستنی سروشتی و كۆمەڵایەتییانەی دەنگە نارازییەكانە، بەڵام نە شۆڕش بەو واتایە دێت، كە ئێوە مەبەستتانە و نە پارت ئامرازی ڕێكخستنی شۆرشی كۆمەڵایەتییە و نە حكومەت دەرەنجامییەتی، باشترین نموونەش ڕوسیایە، كە لە تێكشكاندنی كۆمیتەی كارخانەكان و سۆڤیەتەكانی كڕیكاران و جوتیاران و سەربازان و دەریاوانان لەلایەن بۆلشەڤیكەكانەوە، حكومەتی بۆلشەڤیكی دروست بوو و خۆی سەپاند.

ئێمە باوەڕیی بێچەندوچوونمان بە رێكخستن و پێداویستی ڕێكخستن ھەیە، بەڵام نە ڕێكخستنی ڕامیاریی و نە رێكخستنی قوچكەیی [ھرمی / ھیرارشی]، بەڵكو ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی. ھەروا شۆرش دروستناكرێت، شۆرش سروشتی گۆرانی كۆمەڵە و ھۆشیاربوونەوەی جەماوەری ژێردەست بە پێداویستی شۆڕش و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، بەرەو (سۆشیالیزم / ئەنارشی) ئاراستەی دەكات، نەك پارت و رابەڕ و فیلۆسۆفان ….

باشە مەگەر وەرگرتنەوەی چەك لە خەڵك، بە بڕیارێك نابێت، ئەدی ئەو بڕیارە چییە، یا یاسای پارتە یا یاسای حكومەت. ئەگەر لەمە بگوزەرێین نازانم بۆ خەیاڵتان بۆ چەكردنی خەڵك چووە، مەگەر ئێوە بەتەمانین “خۆتان واتەنی شۆڕش بكەن” و دوای بیدەنەوە دەستیی “خاوەنە بنچینەییەكانی” ؟ باشە جیاوازی لێسەندنەوە/ وەرگرتنەوە/ لێوەرگرنەوە/ پێدانان لەتەك ئەوەی بەیاسایەك فەرمانیان بەسەردا بدەیت چییە؟

باشە بەڕێزان، ئێوە لە خاڵی یەكەمدا باس لە ” دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستی ” دەكەن و كەچی یەكسەر پاش ئەوە، قسە لە “باج دانان لەسەر سەرمایەداران ” دەكەن! باشە كۆمەڵگەیەكی سۆشیالیستی كە سەرمایەداری تێدامابێت و بەكاربێت و باجی لێبسێندرێت، چ جیاوازییەكی لەتەك سۆشیالیزمەكەی سۆشیالدێمۆكراتەكان ھەیە ؟ ئایا لە بارێكی ئاوادا كە سەرمایەداران ھەبن و زەكاتیان لێبسێندرێت، سیستەمی سویندی یا ئاڵمانی باشتر نییە، كە پێویست بە خۆماندووكردن و خەڵك بەكوشتدان و ئەندامبوون لە پارتەكەی ئێوەشدا ناكات؟

ئەم تێڕوانینەی ئێوە دوو شتی بەبیرھێناینەوە؛ یەكەم كە ئۆباما لە كاتی ھەڵبژاردندا پاگەندەی بیمەی دەرمانی بۆ خەڵك كرد، لە ئەمەریكا بە كۆمونیست تاوانباركرا! دووەمیان لە ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە ھاتبوو بۆ سوید، نامەی بۆ ھاوڕێكانی نووسیبووەوە، “ھاوڕێیان ئەو سۆشیالیزمەی ئێمە باسی دەكەین، لێرە بەخۆی ھەیە ! ” …

“١-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە :”

پاشان مەبەستتان لە “بەگشتی کردنەوەی موڵکە تایبەتیەکان” چییە؟ ھەر دەولەتیكردن نییە، كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و (ڤاتیكان)ەوە بیگرە تا سوید و یوھانسبێرگی ئەفەریكا و جاكاتا و سیدنی و ئەمەریكا  و كەنەدا ، نموونەی زۆری ھەیە؟

ئایا ئێوە دەزانینن دەوڵەتیكردن ناكاتە سۆشیالیزە (كۆمەڵایەتیی)كردن ؟

ئەی مەبەستتان لە ” ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.” چییە، تكایە كەمێك وردتری بكەنەوە، تاوەكو ئێمەش لێی تێبەگەین !

” ٢-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە:”

چەوسانەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە تەنیا لە ھۆشی ناسیونالیستەكاندا بوونی ھەیە، لە ھیچ سەردەمێكدا سۆشیالیستێك (چ بلانكیستەكان، چ ماركسیستەكان، چ ئەناركیستەكان، چ سۆشیالدێمۆكراتی ئەوروپی و چ بۆلشەڤیكی، چ نادرۆنیكیستەكان و چ سۆشیالیستە شۆرشگێڕەكان چ مەنشەڤیكەكان، چ ترۆتسكیستەكان و چ مائیۆئیستەكان و چ كاسترۆئیسەكان و چ چێ گواراییەكان و چ خۆجەییەكان و گروپە سۆشیالیستەكانی پێش و پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ی كوردستانیش) كەس ئەم بۆچوونەوەی نەبووە، نازانم ئێوە لە كوێ ھێناوتانە و بەتەمان بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە بە خەڵكی پێشكەش بكەن ؟

نەتەوە تەنیا لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەچەوسێتەوە، ھەروا كە ژێردەستانی نەتەوەكەی خۆیان و ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەست، وەك یەك لەڕووی چینایەتییەوە دەچەوسێنێتەوە، ھۆی چەوسانەوەی نەتەوەكان، بنەمای ئابووری و ڕامیاریی ھەیە !

ئەگەر لەمەش بگوزەێین، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی چ جیاوازییەكی لە چەوسانەوەی نەتەوەیی ھەیە؟ بەپێچەوانەوە ئێمە ئەناركیستەكان و زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیستی ماركسیست، نەھێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەكان [نەك قەدەخەكردن]ی چەوسانەوە، تەنیا لە ڕزگاری نەتەوەكاندا دەبینینەوە، بە تێكشكاندی داگیركەر و ڕاپەڕین و خەبات لەلایەن ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەستەوە دەبینین… سۆشیالیزمیش سڕینەوەی كولتوور و شوناسی نەتەوەكان نییە، بەڵكو لەنێوبردنی زەمینەكانی ناسیونالیزمە وەك ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی بۆرجوازی.

بەڕێزان نەھێشتن و ھەڵوەشاندنەوە، زۆر لە قەدەخەكردن جیاوازە، چونكە ئەوە تاكی عەرەب نەبوو، كە ئێمەی وەك تاكێكی كورد دەچەوساندەوە، بەڵكو ئەوە دەوڵەتی بۆرجوازی عەرەب لە عیراقدا بوو، بۆیە ئاوەز پەسەندی ناكات، دەسەڵات شت لە خۆی قەدەخە بكات، دەولەت تەنیا چەكوشی بۆرجوازییە بەسەر خەڵكەوە، ئیدی ڕێكخستنی ئابووریی ئەو دەولەتە كەرتی گشتی (دەوڵەتی) و بازاری قۆرخكراوبێت یا كەرتی تایبەتی و بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم بێت !

ڕاستییەكەی دەبێت لەم خاڵەدا ددان بەوەدا بنێین، كە ئێوە لە بۆلشەڤیكەكان جیاوازن، چونكە ئەوان چەوسانەوەی نەتەوەیان لەلایەن نەتەوەوە نەدەبینی، بەڵكو لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەبینی!

بەڕێزان، بەپێچەوانەی بینینی خۆتانەوە، لەم دەستەواژە ناڕۊشنەدا ” دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن لەو ناوچەیەی کە لە داهاتوو دا ئەو ” لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و ڕامیاریی و كولتوورییەكانیییەوە”ەی تێدا جێبەجێ بکرێت،” شتێكی جیاواز لەوەی ڕەخنەگرانی دیكتاتۆری دەیڵێن، نەوتووە، ئێمەش ھەر لەوێوە دژایەتی دەكەین، كە دەوڵەتە و دەوڵەتیش ئامرازی دەستی چینێكی سەروەر، ئیدی سەروەران چینێكی كۆمەڵایەتی وەك بۆرجوازی بن یا كۆمونیستە دەسەڵاتخوازەكان! ئەوا ھیچ لە پرسی دیكتاتۆریی ناگۆرێت و بە كردەوەش دیتمان، كە ھیچ جیاوازییەك لەنێوان دیكتاتۆری بۆلشەڤیكەكان و نازییەكان و فاشییەكان و بەعسییەكاندا نەبوو و نەبووە ونییە و ناشبێت !

باشە كاتێك كە شۆرشی پڕۆلیتاریا بێت لە لەنێوبردنی چەوسێنەرەكەی، كە دەكاتە لەنێوبردنی خۆی، ئیدی چۆن دەمێنێت و دەبێتە سەروەر و دیكتاتۆر؟ ھەڵبەتە لە مۆدێلە سۆشیالیستییە ئاخرزەمانییەكەی ئێوەدا، كە تێدا ھێشتا سەرمایەداران خاوەنی كارخانەكانن و  باج دەدەن، دەكرێت پرۆلیتاریاش لە كارخانەكاندا خەریكی خەباتكردن بێت بۆ باشتركردنی ژیانی وەك لە تەواوی دەوڵەتەكانی دیكەدا، خەریكن و ناچارە، لەسەر ئەم بنەمایە دیكتاتۆریی پارتەكەی ئێوە بەناوی پرۆلیتاریاوە، مرۆڤ دەتوایت وێنای بكات !

” پارت دەتوانێن ببێتە لێژنەی ڕێبەری کردنی ئەو حکومەتەی کە لەلایەن گەلەوە بڕیارەکانی دەردەچن و پارت دەتوانێت پارێزگاری لەو ئامانجانە بکات کە بریتین لە “ئازای و یەکسانی”

باشە گەل یا چینێك كە توانانی شۆرسكردنی ھەبێت و توانای لەنێوبردنی سیستەمێكی ھەزاران ساڵەی چینایەتی ھەبێت و مافی ىڕیاردانیشی ھەبێت، ئیدیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت ئەو لێژنانە پێكبھێنێت، كە بۆ جێبەجێكردن پێویستن؟ ئیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت پاریزگاریی لە ئامانجەكانی بكات؟ ئایا مرۆڤ ھەیە ئامانجی ھەبێت و نەتوانێت پاریزگاری لە ئامانجەكەی بكات ؟ كەسی ئامانجدار، كەسی ھوشیارە و كەسی ھوشیاریش پێویستی بە شوانەیی كەس نییە!

ببوورن، لەمە زیاتر من ناتوانم بچمە وردەكارییەوە، چونكە نازانم بۆچوون و تیروانینی ھاوڕێیانم لە درێژەیدا چی دەبێت، بۆیە لێرەدا كۆتایی بە وەلام بەناوی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ەوە دەھێنم و ئەگەر پێویستی كرد، ئەوا لە درێژەی مشتومڕەكەدا ھەر كەسەمان بەناوی خۆمانەوە بەوپەڕی دڵخۆشییەوە بەشداری دەكەین.

دووبارە سڵاو و خۆشەویستیمان بۆ ھەموو كەسێك كە ھیوای دواڕۆژی بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر [سۆشیالیستی / ئەناركی]ەوە گرێداوە، ھیوادارین وەڵامەكانمان ھەستی كەسیی ھیچ كەسێكیان بریندار نەكردىیت و ھەروا ھەر كەس لەلای خۆیەوە ھاوڕێ و ھاوەڵانی خۆی بۆ بەشداری لەم مشتومڕەدا بانگەواز بكات.

تێبینی  و تكایەكی دۆستانە : پێشتر ھاوڕێیانمان لە كۆمەلێك مشتومڕی ھاوڕێیانی ئێوەدا بەشدارییانكردووە، بەڵام بەداخەوە لەبری بەردەوامیدان بە مشتومرەكان، ھاوڕێیانی ئێوە بابەتەكانیان سڕیونەتەوە، تاوەكو كۆتایی بە مشتومڕەكە بھێنن. لێرەدا مەبەستم لە ئەكاونتێك بەناوی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان) نییە!

بەرەو كۆمەڵگەی بێچین و چەوسانەوە

(سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- www.anarchistan.tk  )

خوێنەرانی ھێژا بۆ خوێنندەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكەن :

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=615433518470011&set=a.335256909821008.96368.335231036490262