هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی هه‌شته‌م
نیشتمان ئه‌و شوێنه‌یه که مرۆڤ تیایدا مافه‌کانی پارێزراوبێت‌و دادپه‌روه‌ریی له‌نێوان تاکو گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پیاده‌بکرێت‌و هه‌ست به به‌خته‌وه‌ریی‌و ئارامی‌و ئاساییش بکات، هه‌ستبکات ئینتیمای بۆ شوێنێک هه‌یه ئینسانبوونی دهپارێزێتو گه‌شه‌ی پێدهداتو ڕێزی لێده‌نێت. ل١٩–٢٠
وێرای ئەوەی کە نووسەران دان بە شوێنبوون (یەکەی جوگرافیایی)ی نیشتماندا دەنێن، دیسانه‌وه ناچارم بپرسم، ده‌کرێت نیشتمانێکمان به‌و پێناسه‌یه‌ی خۆتان نیشان بده‌ن، که ئه‌و ئامانجانه‌ی تێدا مسۆگه‌ر بن؟
هه‌روه‌ها ئه‌وه شوێن (نیشتمان) نییه، که مرۆڤبوون ده‌پارێزێت، به‌لکو ئه‌وه ئاماده‌یی و هوشیاریی تاك خۆیه‌تی له پێداگری و سه‌پاندنی ویست و خواسته مرۆییه‌کانیدا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، که مرۆڤبوونی ده‌پارێزێت و نیشتمان تەنیا لە بوونی مرۆڤی شوناسداردا واتا پەیدا دەکات و ئەو شوناسەش خودی مرۆڤ بە خۆی دەبەخشێت و لە دەرەوەی خۆی هیچ ناتوانێت شورەی پاراستنی بێت!
من ناچارم، هه‌رده‌م له‌و وێنه جادوویانه بده‌م، که نووسه‌ران ناڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یان ده‌کێشن، که پێیانوایه کارێزی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی له پارله‌مانه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و به‌ره‌و کون و قوژبنه‌کانی کۆمه‌ڵگه و دوا گونده دوورده‌سته‌کانی خوڕ خوڕ ده‌ڕوات. ئه‌وان خۆیان له‌وه لاده‌ده‌ن، که ئارامی و ئاوه‌دانی نیشتمانه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ده‌مکوت و تاڵانی نیشتمانه وێران و دزراوه‌کانی ئێمه و چه‌وسانه‌وه‌ی هاوچینانی ئێمه له‌و وڵاتانه‌دا، ڕاگیراون.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌و وێنانه بشارنه‌وه، که ڕازیکردن و بێده‌نگڕاگرتنی هه‌ژاران و بێکارانی ئه‌وروپا به شتومه‌کی یه‌ك پاوه‌نی و هه‌رزانباییه‌کان و بە مه‌مره‌ومه‌ژی کرێکارانی پۆشاکدووری به‌نگلادیش و هیندوستان و پاکستان و فلیپین و ژنه کرێکاره‌کانی مه‌راکیش و وڵاتانی تری ئه‌فریکی، که خۆراکه ده‌ریاییه‌کان به که‌مترین کرێی ڕۆژانه و دڕندانه‌ترین ڕه‌فتاری بۆرجوازییانه ئاماده ده‌که‌ن، ده‌وه‌ستێت و تەواو دەبێت. ئه‌وان نایانه‌وێت وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نیشتمانه‌کانی ئه‌وروپا نیشانی لاوانی کوردستان بده‌ن، که تۆڵاشه‌به‌ردی قه‌ڕاخ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره تیژڕه‌وه‌کانی ئه‌وروپا، ڕۆژانه به هه‌زاران برین له ده‌ست و ده‌موچاو و جه‌سته‌ی منالانی به‌ردشکێنی ئاسیادا به‌جێده‌هێڵن. ئه‌وان نایانه‌وێت، له پشت وێنه‌ی نیشتمانه به به‌هه‌شتکراوه‌کانی ئه‌وروپا [لای لاوانی کوردستان]، وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی نیشتمانپه‌روه‌ری له تف و جنێوی ڕاسیسته‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و که‌نه‌دا، وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی ناسیونالیزم له چه‌قۆکێشی نیئۆنازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریکادا نیشانی لاوانی فریوخواردووی کوردستان [به به‌هه‌شته‌کانی دێمۆکراسی بۆرجوازی] بده‌ن! زیاتر بخوێنەرەوە چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/ ٨





پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.