All posts by azadebram

ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات

Zaher Baher

15/06/2025

ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات کەوتنە خوارەوە چەند ساروخێکی ئێرانی لە ناو سەدان ساروخدا بۆ ناو بینا و ئەپەرتامێنتی دانیشتوانی مەدەنی تەلئەبیب نییە ، بەڵکو قاتوقڕکردنی سووپاسالارە جەلادەکانی ئێرانە کە سەراپایان  و زۆرێکیش لە زانایانی نوەوەی و تێشکانی دەیەها بارەگا و بنکەی بەهێزی سەربازیی و سوپایی و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی نوەوی ئێرانیییە لە زەرفی تەنها دوو کاتژمێردا هەر هەمووشی لە یەك کاتدا.

ئەوەی ڕوویدا بەڵگەی فشەڵی و بنکۆڵیی  حوکمی ئاخوندەکان و تەنینی ڕایەڵەی سیخوڕی ئیتلاعات و ئەوانی دیکە و تەنانەت تا ئیستیعلامانی خودی خامەنەیشە بە دەزگەی سیخوڕی موساد. ئێمەی هەژار هیچ لەو نهێنییە گەورەیە نازانین و ئیسرائیلیش ڕەنگە تا دەیەیەکی دیکە ئەو زانیاریانە دزە پێ نەکات .

من خۆشحاڵ نیم بەم شەڕە، شەڕێکە کە نەك دانیشتوانی خودی ئێران و ئیسرائیل باجە سەرەکییەکەی دەدات بەڵکو هەر هەموومان لە هەر شوێنێک بین بە جۆرێك لە جۆرەکان باجەکەی دەدەین لە گرانبوونی نەوت و غاز و کارەبا و هاتووچۆی سەفەر و هۆڵیدەیی کرێی خانوو و سلفەی عەقار و سەرکەوتنی کولفەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیش.

هاوکاتیش من ئەوە دەبینم کە گەلانی ئێران 47 ساڵە هیچ نەفەسدانێکیان بۆ نەماوەتەوە ، هەناسەیەکی ئازادیانە هەڵنامژن ، پارووە نانێك بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ ناخەنە دەمیان ، وێرای ئەوەی کە دەزانن کە وڵاتەکایان وڵاتێکی گەورەی بەرهەم هێنەر و کشتیاری و خاوەن کانزایەکی سروشتیی زۆر و زەبەندەیە .  دەزانن کە سەراپای پارەکەی قووتی ئەوانە کە ئێران توانی شەڕی لە 5 وڵاتدا پێبکات : خودی ئێران خۆی ، یەمەن ، لوبنان، سوریا، عێراق-یش تا ڕادەیەك. کە ئەمانە ملیارەها دۆلاری تێچووە .

شتێکی دیکەش ئەزموون و رووداوەکانی زۆرێك لە وڵاتانیش ئەوەی سەلماندووە کە بە خۆپیشاندان و پرۆتێست چەندێك درێژیش بێت وەکو لە خودی ئێران ڕوویدا ، لە عێراق، لوبنان، سوریا ، ڤێنزویلا ، تورکیا ،  ڕوسیا ، فەرەنسا و پۆڵۆنیا و بولغاریا و …. ڕوخاندنی ڕژێمەکانی زۆر مەحاڵ کرد .

کەواتە دوو هێز و تەنها و دوو هێز دەتوانن ڕژێمی وڵاتان بگۆڕن  بە ڕوخاندنی حکومەتەکانیان . یەکەمیان : هێزی کرێکارانە ئەوەیش بە مانگرتنی سەرانسەری بۆ ماوەیەکی درێژ کە ئەمەش لە هیچ وڵاتێکدا لە 50 ساڵ ڕەنگە 100 ساڵیش لەمەوبەرەوە ڕوی نەداوە ، ئیدی نازانین لە ئایندەدا. دووەم: هێزەکانی وەکو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان وەکو وڵاتانی ئەوروپی و ئیسرائیل.

بەداخەوە کە ئێمە لە بەردەم  تەنها ئەو دوو بژاردەیەداین نەك بژاردەی سێیەم .  هەر لەبەر  ئەوەش بوو کە خەڵکانێکی زۆر لە داگیرکردنی عێراقدا لە لایەن ئەمەریکا و بریتانیاوە دەهاتنە سەر شەقام و ئاهەنگیان دەگێرا .  ئێستا لە ئێرانیشدا لە تەبرێز و هەندێك گەڕەکی  تاران  هەمان شت دەبینین کە ڕەنگە ئەمە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینی ئێرانییەکان بێت ، قۆناخی دووەم ڕەنگە چەند ڕؤژێکی دیکە دەست پێکات کە گەر هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت [ کە زۆر زەحەمەتە چونکە لە سوودی سەرمایەداری جیهانی مانەوەی ئێرانە وەکو جەمسەری شیعە دژ بە سوونە و سعوددییە و لەکار نەکەوتنی کارگە و کۆمپانیاکانی چەك و تەقەمەنین ] ئەوە خەڵك لە ئێراندا راپەڕین دەکەن .

کردنی ئەو ڕاپەڕینە و هەرەسهێنانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەسەر دەستی خۆیاندا و هەرچی دروست بکەن بە گەورەترین سوود بۆ هەموو خەڵکی ئێران و کورد لە هەر چوار پارچەکەدا دەگەڕێتەوە .

بەداخەوە کە ئەو هێزانەی کە لە ئێراندا هەن نەك هەر نەیان توانیوە ئامادەکاری بکەن لەو بارەوە بەڵکو ڕاگەیاندنی خراپیش بڵاودەکەنەوە .  تەنها هێزێك کە لە ڕاستیدا بەرنامەیەکی عەمەلی تا ئێستا باسکردبێت کە خاڵەکانی زۆر باشن بەرنامەکەی پژاکە کە ڕەنگە پێچەوانەی رای پەکەکە و کەجەکەش بێت . 

خۆئامادەکردن و قسەکردن لەسەر خۆڕێکخستن لر گروپی لۆکاڵی و ڕێکخراوی جەماوەریانەدا  و هەروەها خۆپاراستن لە ئەزموونە قێزەوەندەکانی وەکو هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە بۆ پلانی ئایندە کە دانیشتوانی وڵاتی ئێران خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن و دایبنێن کە  چی بکەن و چییان پێویستە لەم قۆناخەدا.

 بەسەدەها باوك لە لەندەن و شاری  ئێدنبرەی سکۆتلەندە خۆپیشاندانیان کرد بۆ زیادکردنی مافی باوکایەتییان

12/06/2025

دوێنێ چوار شەمە ، 11/06، باوکانێکی زۆر هەندێکیان لەگەڵ منداڵ و هاوسەرەکانیاندا لە لەندەن و لە ئیدنبرە هاتنە سەر شەقام ، داوای ئەوەیان کرد کە مافی باوکایەتی کە ئێستا تەنها دوو هەفتەیە لەکاتێکدا کە هاوسەرەکانیان منداڵیان دەبێت ، درێژبکرێتەوە بۆ شەش هەفتە .

بریتانیا لە مافی باوکاندا کە هاوسەرەکانیان منداڵیان دەبێت کەمترین مافیان هەیە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا ، هەروەها لە لیستی 43 وڵاتی گەشەکردوو لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە ، بریتانیا لە ڕیزی 40 دایە .

 باشترین مافی باوکایەتیی  لە وڵاتی سویدە کە 480 ڕؤژیان لە نێوانی باوك و دایکدا لە ماوەی 10 ساڵدا هەیە ، واتە گەر دایكێك هەموو ساڵێک منداڵی ببێت باوک و دایك مافی 48 ڕۆژ مانەوەیان لە ماڵەوە هەیە  . ئەگەر بە هەر هۆکارێك ئەو 48 ڕؤژە وەرنەگرن  ئەوە ئەو مافەیان لێدەسەنرێتەوە و هەڵناگیرێت یا کەڵەکە نابێت بۆ ساڵانی ئایندەتر .

وڵاتێك کە خۆی پەنابەر و بێیانە و کۆچهێنەر دروستی کردووە ، کە چی ئێستا لە هەوڵی ناردەنەوەی ئەوانەدایە

11/06/2025

ئەمەریکا لە ئەوان دروست بووە و ئەوان دروستیان کردووە، ئەمەریکییەکان نەتەوە نین ، واتە لەسەر دەستی نەتەوەیەکی ئەمەریکیدا دروستبووبێت .

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلس ڕؤژی پێنجەمیشی تەواو کرد جگە لە شارەکانی نیو یۆرك و شیکاگۆ و ئەوانی تر ئێستا ناڕەزایەتییەکان وەکو پرسی هاوپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی لۆس ئەنجلس لە ئەتلەنتە و ئۆمەها و سیاتڵ و ئۆستن و داڵاسیش  دەستی پێکردووە.  لە سەرانسەری ئەمەریکادا 1800 ناڕەزایی و خۆپیشاندان ڕۆژی شەمە کراوە.  خۆپیشاندانەکان جۆرەها دروشمی جیاوازیان بە خۆوە گرتووە  ” بۆ دەرەوە هێزی دیپۆرتکەرەوەی کۆچهێنەران  بۆ دەرەوە”  ” گان بدەن ”  ” ئێوە بۆچی خۆتان تەیارکردووە ( مەبەست لە هێزی پاسەوانی نیشتمانییە) خۆ لێرە نە ئاژاوە هەیە و نە یاخییبوون”

کەس نازانێت ئەم خۆپیشاندانانە بەرەو کوێ دەروات ، بەڵام ئەوە زانراوە هەتا زیاتر و فراوانتر بێت داپڵۆسین و سەرکوتکردنیش زاڵمانە تر دەبێت ، زۆریش زەحمەتە کە گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات لە ئەمەریکادا چونکە سەرنج و ویستی خەڵکی هەر ڕژانە سەر شەقامەکانە و وەستاندنی حکومەتە لە ناردنەوەی کۆچهێنەراندا کە ساڵانێکی دوورودرێژە لەوێن و ئیقامەیان هەیە .

ڕەنگە بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکانیان کاریگەر بێت و ئەو هەڵچون و ڕک و کینەیە بەردەوام بێت خۆڕێکخستنیان بێت لە گروپی لۆکاڵی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بەهێزکردن و فراوانکردنی چالاکییەکانیان  بێت بە کۆبونەوەی فراوان و کارکردن لە سەر ئامانج خواستەکانیان و ناساندنی خۆیان و ئەو ئامانجانەش  بە خەڵکانی دیکە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە تاکو بتوانن ئامادە بن لە ئایندەدا بۆ  دەستبەسەراگرتنی ئیدارە لۆکاڵییەکان و بەڕێوەبردنیان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیانەوە.

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی شاری لۆس ئەنجلس بۆ چوارەم ڕۆژ بەردەوامە

10/06/2025

لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترامپ ئامادە نییە لە بڕیارەکەی خۆی واتە ناردنەوەی کۆچهێنەران کە مافی مانەوەیان لەوێ هەیە ، بنێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یاخود بۆ سلفادۆر ، خۆپیشاندانەکان نەك هەر بەر دەوامە بەلکو فراوانتر بووە و ئێستا لە شارەکانی نیو یۆرك ، شیکاگۆ ، دالاس و سانفرانسیسکۆش دەستی پێکردووە .

‌هۆکاری ئەمەش چڕبوونەوەی هێڕشەکانی پۆلیسن و بۆ دەستگیرکردنی کەسانی بێیانەی کۆچهێنەر لە دانبەسەر چێشتخانەکان و کارگەکان و کتێبخانەکان و کۆفی شؤپەکان و زۆر شوێنی دیکە .  ئەمەش وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر بێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری لە مانەوەی کۆچهێنەراندا بە بەرزکردنەوەی دروشمی جیاوازی وەکو ” چی تر ‌هێڕشکردنە سەر کۆچبەرانمان ناوێت ” ” کەس نایاسایی نییە لە خاكی دزراودا ” ” بڕۆن ، بچنە دەرەوە ، بۆ دەرەەوە ”  مەبەستیان ئەو هێزەیە کە هاتوونەتە شارەکانەوە .

 هەتا دوێنی 2000 لە پاسەوانانی نیشتمانی خراونەتە سەر شەقامەکانی لوس ئەنجلس لە پاڵ پۆلیسی شارەکەدا، لە دوێنێشەوە ترامپ فرمانی داوە کە 2000ی دیکە لەگەڵ 700 لە هێزی دەریایی بەشداری بکەن لە سەرکوتکردنی خۆپیشانداراندا . تا ئێستا  زیاتر لە 300 کەس گیراوە کە لەوانە پارێزەر و سەرۆکی یەكێک لە نقابەکانە، هیچیان  مافی بینینی پارێزەریان نییە.

وەکو وتم هێڕشەکانی پۆلیس  کاریگەرییان لەسەر کرێکارانی ناوچەی جلوبەرگ و کرێکارانی ڕۆژانە و چێشتخانەکان هەبووە و هەروەها پارێزەرانیش کە ویستویانە بەرگری لە گیراوان بکەن .   سەرۆکی سەندیکایەکی گەورەی کالیفۆرنیایان دەستگیرکردووە کە لە کاتی هێڕشەکانی  پۆلیس دا وەک چاودێرێکی کۆمەڵایەتی کاری دەکرد.

چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ

Zaher Baher

Jun 2025

هاتنە سەر شەقام دژ بە سیاسەت و یاسای نوێی دۆناڵد ترامپ لە لۆس ئەنجلس

08/06/2025

لە ڕۆژی هەینیەوە ، 06/06 ، بە دەیان هەزار کەس دژ بە سیاسەتی ناردنەوەی پەنابەران و کۆچهێنەران کە ماوەیەکی زۆرە لە ئەمەریکادا دەژین و کار دەکەن و باج دەدەن بە دەوڵەت دەیانەوێت بیاننێرنەوە بۆ وڵاتانی کە لێوەی هاتوون .

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان ئەوەندە گەوەر بوون کە ترامپ فرمانی کرد کە 20

00 لە پاسەوانی نیشتمانی بنێریت بۆ ئەوێ بۆ هاوکاری پۆلیسی ناوخۆ بۆ ئیدارەدانی بارودۆخەکە [ وەکو خۆی دەڵێت ] بەڵام لە ڕاستیدا بۆ کپکردنەوەی خەڵکییە تاکو بتوانن بە بێ گرفت ئەوانەی کە گیراون و دەستبەسەرن بگێڕرێنەوە بۆ ولاتانی خۆیان .

گەرچی جوڵاندنی هێزی پاسەوانی نیشتمان نابێت بەرانبەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا بەکاربهێنرێت و لە صەلاحییەتی کۆنگریس دایە، بەڵام هەمیشە لە یاسادا بۆشاییەك هەیە کەی ویسترا و پێی لێبخشێنرێت و سەرپێچی لێبکرێت .

 .

خۆپیشاندان دژ بە سیاسەتی دەستگرتنەوە ، سیاسەتی تەقەشوف

08/06/2025

دوێنێ شەمە ، 07/06/2025 ، بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی لەندەن بۆ دژایەتیکردنی سیساسەتی دەستگرتنەوە کە حوکمەتەکەی حیزبی کرێکارانی لە بریتایادا ئەوەتی هاتۆتە سەر حوکم دەرێغی نەکردووە لە درێژەدان بە سیاسەتی حیزبی موحافیزینی کۆنە حوکمڕان .

خۆپیشاندانەکە لە لایەن ‘ ئەنجومەنی خەڵکەوە ‘ ڕێکخرابوو بە هاوکاری لایەنە چەپ و سۆشیالیست و نقابییەکان کە داوایان لە حکومەت دەکرد کە لەبری هێڕشكردنە سەر کرێکاران و کەمدەرامەتان باج لەسەر زۆر دەوڵەمەند و ساماندارەکان و کۆمپانیاکانیان زیاد بکات بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە بوجەدا هەیە .

حیزبی کرێکاران ( لەیبەر)  بەناوی ڕیفۆرمەوە دەستیان بۆ قوتی خەلکانی هەژاری بریتانیا بردووە، هەر لە بڕینی هاوکاری گەرمکردنی ماڵ بۆ لە سەروو 11 ملیۆن خانەنشینکراو کە بڕی ساڵانەی هاوکارییەکە لە نێوانی 200 و بۆ 300 پاوەند بوو ، هێڕش بۆ سەر کەسانی پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەتی و زیادکردنی بوجەی سوپا و کەرتی بەرگریی بریتانی و بەردەوامیدان بە سیاسەتی حوکمڕانانی پێشوو هەروەها دەرکردنی یاسای سەخت و خراپتر لە بەرانبەر پەنابەران و کۆچهێنەراندا تا ئەو ڕادەیەی کە سەرەکوەزیران وردە وردە مەیلە ڕایسستیییەکەی دەردەکەوێت بەتایبەت کاتێک کە باسی لە داخستنی چاپتەری کتێبی بابەتی هاوکاری و یارمەتی پەنابەران و کۆچبەران دەکات . ئەو سەبارەت بە کۆچهێنەران کە دێنە بریتانیا پیی وایە ئەوان زیانێکی بێئەندازەی بەم زەوییە سەوز و خۆشە گەیاندووە ، مەبەستی خاکی بریتانیایە.  بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئەو دەیڵێت شتێکی بێمانایە – کۆچهێنەر و هاتوان بۆ ئەم خاکە ئەم وڵاتەیان دروست کردووە . ئەو بەو وتە ڕایسستیانەی کە لە بەرانبەر خەڵکانی هاتوو بۆ ئەم وڵاتە کە لای ئەو مەترسی گەورەیان لەسەر بریتانیا دروست کردوو گەیستە ڕادەی  وتینی ” مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە ببینە دوورگەیەکی نامۆکان”.

مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکانی ئێران بەردەوامە

31/05/2025

ئەوەی کە بووەتە هۆی مانگرتنەکە و بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە، زیادبوونی تێچووی کارکردن و  کەمبوونەوەی نرخی گواستنەوە لەگەڵ زیادبوونی پارەی لێبڕینی کرێی گواستنەوە لەلایەن دەڵاڵەکانەوە هەروەها  زیادبوونی باجی رێگەوبان و  بەرزبوونەوەی پارەی زەمانەتکردنی بارهەڵگەرکان .

ئەوانەی کە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە مناگرتنەکەدا زیاترن لە یەك ملیۆن و دووسەد هەزار کەس . نزیکەی 30٪ بۆ 35٪ـی بارهەڵگرەکانی ئێران کە دەکاتە نزیکەی 100 هەزار تانکەر، تایبەتن بە گواستنەوەی سووتەمەنی و ئەوانیش بەشدارن لە مانگرتنەکەدا. تەمەنی شؤفێرەکان کە مانیان گرتووە لە نێوانی 50 بۆ 60 ساڵن.

ئا شکرایە کە گواستینەوە پێداویستییەکان و شمەکەکان زۆر بایاخدارە لە ئێراندا و ڕؤڵی گرنگ دەبینێت لە گواستنەوەی نزیکەی 80٪ـی کاڵا لەنێوخۆی ئێران، لەوانە کاڵای خاو، بەرهەمی کشتوکاڵی، کەرەستەی بیناسازی و خۆراک؛ هەروەها رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و وەک دەروازەیەکی ترانزێت لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا کاردەکات.

هەوڵ و خەباتی ژنانی چالکوانی پاکستان تەکانێکی گەورەی بە دەستوری پاکستان دا

28/05/2025

گومان لەوەدا نییە کە ژنان لە سەراپای کۆمەڵگەکانی دونیادا دووچاری توندوتیژی و زوڵم و غەدری کۆمەڵایەتی و کولتورەکەی و هەڵاواردن دەبنەوە ، بەڵام لە وڵاتانی ئیسلامیدا ئەوە بەراوردێك ناکرێت بە وڵاتانی غەیرە ئیسلامی لەوەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

لە پاکستان 29%ی کچان تا تەمەنی 18 ساڵ هاوسەرگیری دەکەن، بەپێی ڕاپرسییەکی دیمۆگرافی لە ساڵی 2018، هەروەها 4%ی کچان پێش تەمەنی 15 ساڵ هاوسەرگیری دەکەن بە بەراورد لەگەڵ 5%ی کوڕان، بەپێی ئامارەکانی ” کچان، نەک بووک” ( واتە بە کچێتی بمێننەوە و نەك بکرێن بە بووك کە تەمەندیان منداڵە ) کە هاوپەیمانییەکی جیهانییە و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هاوسەرگیری منداڵان.  پاکستان لەنێو 10 وڵاتی سەرەکی جیهاندایە کە زۆرترین ژمارەی ڕەهای ئەو ژنانەی تێدایە کە پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیریان کردووە یان لە یەکێتیدا بوون

شاری ئیسلام ئاباد هەنگاوی ناوە بۆ قەدەغەکردنی هاوسەرگیری منداڵان، کە سیاسەتمەداران دەڵێن نیشانەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕەوتە جیهانییەکان بۆ ئەوەی لە پشت ژنانیەوە بوەستێت

سەرەڕای دژایەتییەکی توند لە لایەن کەسان و حیزبی موحافیزکارەوە پڕۆژەی یاسای قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵان لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان پەسەندکرا. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژۆ دەکرێت و دەبێتە یاسا و جێگەی ئەو یاسایانە دەگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیادا خراونەتەڕوو.

بەپێی یاسا نوێیەکە، کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە پایتەخت 18 ساڵە و بەگوێرەی یاسای نوێ هاوسەرگیریی کەمتەمەن تاوانە، کە  پێشتر بۆ کچان 16 بوو بەڵام بۆ کوڕان 18 بوو

بەشوونەدانی كچانی منداڵ کاراییەکی زۆری هەیە و کاراییش نەك هەر لە سەر خودی کچان و ڕەنگە خێزانەکانیشیان دابنێت ، بەڵکو کارایی گەورەش لەسەر کۆمەڵگە و سەلامەتی و تەندروستی باشی تاکەکانی کۆمەڵگەش دادەنێت، هەروەها لەسەر بوجەی بەشی تەندروستی خودی وڵاتەکەش .

بە گوێرەی زانیاری تەندروستی ئەو کچانەی کە تەمانیان لە خوار بیستەوەیە لەکاتی منداڵبوونیاندا گرفتی زۆریان هەیە و دەبێتە هۆی قوربانی گەلێکیشیان، بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسالامیدا .  ئەمە جگە لەوەی کە هاوسەرگیریی منداڵی زۆربەیان لە خوێندن و تەواوکردنی خوێندن دەخات لەگەڵ بوونی زانیارییەکی هەر زۆر کەم لە بارەی تەندروستی خۆیانەوە لە کاتی سكبوون و منداڵبوون و بەخێوکردنیان و پێگەیاندنیان . بێ گومان زۆر هۆکاری نەرێنیی ناتەندروستی دیکە هەیە لەم بارودۆخەدا ، بۆیە قەدەخەکردنی هاوسەرگیریی منداڵیی هەنگاوێکی گەورەیە لە کۆمەڵگەدا و هەنگاوێکیش دین بەتایبەت شەریعەی ئیسلامی دەباتە دواوە و ڕێگری دەبێت لەو جۆرە هاوسەرگیرییە.

شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی ئێران بەهۆی سووتەمەنی و مووچە و گەندەڵیەوە مانیان گرتووە

27/05/2025

لە 18ی مانگەوە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان لە سەرانسەری ئێران بزوێنەرەکانیان کوژاندەوە – نەک لە ماندوێتی ڕێگاوبان، بەڵکو لەبەر بێزاری قووڵ لە بەڵێن شکێنەکان، بەرزبوونەوەی تێچوونەکان و ئابوورییەک کە بەهۆی گەندەڵی و پشتگوێخستنەوە لە قاڵب دراوە.

 ئەوەی لە بەندەری بەندەر عەباس لە باشووری ئەو وڵاتە دەستی پێکرد بە خێرایی بۆ زیاتر لە 100 شار بڵاوبووەوە و یەکێک لە گەورەترین و بەردەوامترین چالاکییە کرێکارییەکان بوو لە یادەوەرییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا.

 ناڕەزایەتیەکە بە سێ داواکاری بەپەلە دەستی پێکرد:

. 1- دژایەتیکردنی سیستەمی نوێی نرخی گازۆیل سێ قات، کە تێچووی بۆ ئاستێکی ناپایەدار بەرزکردووەتەوە. –

2 – گەڕاندنەوەی ڕێژەی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو، لە 3000 لیترەوە بۆ 500 لیتر کەمکرایەوە. –

3- بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوەی بار، کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و زیادبوونی تێچووی کارکردن بە وەستانی ماوەتەوە. شۆفێران دەڵێن، لەگەڵ گەیشتنی نرخی گازۆیلی بێ پاڵپشتی بۆ هەر لیترێک 42 هەزار تۆمان کە دەکاتە نزیکەی 0.80 دۆلار، ئەمەش زۆرێکیان بەرەو مایەپووچی دەبات .  هەروەها سەلامەتی ڕێگاوبانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، ژێرخانی بەسەرچوو و بەرزبوونەوەی دزینی بار و تەنانەت هەڕەشە جەستەییەکان وایکردووە کارەکە زیاتر مەترسیدار بێت.