All posts by azadebram

مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا بۆ زیادکردنی کرێ و مووچە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە *

نوسینی : Hassan Yildirim

19/09/2022

و: زاهیر باهیر

 مانگرتن و پرۆتێستەکان  بۆ کرێی زیادە لە تورکیا لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی پارە لەگەشەدایە.  ملیۆنان کەس  لە تورکیا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە ململانێیەکی گەورەدان، لە کاتێکدا نرخی خۆراک و وزە بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە و هێرشکردنە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکارانیش لە زیادبووندایە.

لە مانگی ئابدا ڕێژەی فەرمی هەڵاوسانی دراوی ساڵانەی تورکیا بۆ 80% بەرزبووەوە.  ڕێکخراوی ENAG کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی توێژینەوەیە، هەڵاوسانی دراوی تورکیای  بە ڕێژەی 181% تۆمار کردووە.  بەگوێرەی ماڵپەڕی ئابووریی بازرگانی، هەڵاوسانی فەرمی دراوی تورکیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە دوای زیمبابۆی، سۆدان و سووریاوە.

بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراوی تورکی بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە  جیهاندا کە بەهۆی چاپکردنی بەرفراوانی پارە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە سەروبەری  پەتایکۆڤید- 19 دا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی سوپەر دەوڵەمەندەکان هەروەها بەهۆی شەڕی ناتۆ و ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە.  هەر ئاواش بەهۆی  سیاسەتی دارایی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارەوە کە بەرگریی لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەسەر حسابی  پێداویستییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان  دەکات زۆر خراپتر بووە.

چینی دەسەڵاتدار باری سەرەکیی  قەیرانەکەی بەسەر چینی کرێکاراندا سەپاندووە.  لە کاتێکدا بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندا بەردەوامە، هاوکاتیش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەموو کاڵاکانیش بە تایبەت پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەرزبوونەوەدایە.  بەم هۆکارە توانای کڕینی کرێکاران تەنانەت بە زیادبوونی مووچەشیانەوە هێشتا بە بەردەوام  لە خوار هەڵاوسانی دراوەوە هەرەس دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی “سنووری برسێتی”  خەرجی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسیی لە تورکیا  زیاترە لە لانی کەمی مووچە کە لە مانگی تەموزدا بە ڕێژەی کەمتر لە 30% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5500  لیرەی تورکی .

کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی لایەنگری حکومەت، تورک-ئیس، ڕایگەیاند داهاتی  حەدی  هەژاریی، واتە ئەو بڕە پارەیەی دانراوە وپێوەرە بۆ ڕادەی هەژاریی،  لە کۆتایی مانگی ئابدا بۆ 22 هەزار و 440 لیرە بەرزبووەتەوە و ڕادەی  برسێتی (خەرجی مانگانەی خۆراك بۆ خێزانێکی چوار کەسی) بۆ 6 هەزار و 890 لیرە هەڵکشاوە.

 لانی کەمی مووچە بووەتە تێکڕای مووچەی ملیۆنان کەس لە تورکیا.  بەپێی راپۆرتێکی مانگی کانوونی دووەمی 2021 ی کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی سەر بە  ئۆپۆزسیۆن، دیسک، 64%ی سەرجەم کرێکارانی تورکیا (12.5 ملیۆن کرێکار) لەسەر لانی کەمی مووچەن یان کەمێک زیاترە، هەروەها لە سەدا 70ی کرێکارانی کەرتی تایبەت مووچەیان تەنیا لانی کەمی مووچەیە.

سەرەڕای ئەوەی سەرەوە 3.4 ملیۆن کرێکار (18٪ی سەرجەم کرێکاران) داهاتیان کەمترە لە لانی کەمی مووچە، زۆرینەی زۆریان پەنابەر و کرێکاری کۆچبەرن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دڕندانە بوونەتەوە.  بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن جەمعییەی مافی بەکاربەرانەوە ئەنجامدراوە، لە 90%ی دانیشتوانی تورکیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ملیۆنان کرێکار تا دێت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دابین بکەن.  لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە تەنها بە هاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵایەتییانە توانیویانە پارەی کارەبایان بدەن بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی وزەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری یۆرۆنیوز، نرخی جوملەی غازی سروشتی لە كۆمپانیای دەوڵەتی توركیا (بۆتاس) بەڕێژەی 1330% بەرزبووەتەوە.  ئەم بەرزبوونەوەیە بەڕێژەی 997% لەسەر  بەشی پیشەسازی و بەکارهێنەرانی، هەروەها بە ڕێژەی 216% بۆ بەکارهێنانی لە لایەن دانیشتوانەوە کارایی خۆی داناوە.

لە 1ی ئەیلولەوە نرخی غاز بەڕێژەی 20.4% و نرخی كارەباش بەڕێژەی 20% لە سەر خێزانەكان بەرزبوونەتەوە.  لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن لەم زستانەدا ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە.  هەروەها جارێکی دیکەش لە کارگە پیشەسازییەکانیشدا غاز بە ڕێژەی 50.8% و کارەبا بە 50% زیادی کردووە،  ئەمەش دەریدەخات کە بەرزبوونەوەی نوێی نرخی وزە نرخی نزیکەی هەموو کاڵاکان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە بەرزدەکاتەوە.

لە بەرزبوونەوەی  هەڵاوسانی دراودا، زیادبوونی مووچە زۆر بە خێرایی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ”  لە مانگی تەموزدا لانی کەمی مووچەیان بە بڕی 1250  لیرە بەرزکردەوە .  ئێمە گوتمان شتێکی باشە بەڵام دواتر هەموو شتێکی دیکە زیادی کردووە “.  کرێکارێکی کانزا لە هاس چەلیک بە ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێلی وتووە.

لەلایەکی دیکەوە، نورەدین نەباتی، وەزیری دارایی و وتەبێژی بۆرصەی بانکی تورکیا، بە شانازیی و خۆهەڵکێشانەوە دەڵێت: “سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، کە بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە 24ی شوبات دەستیپێکرد و بەردەوامە تا ئێستا، کە لە جیهاندا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆی گشتی هەبووە بەڵام تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.”  بەپێی ئامارەکانی دەزگای ڕێکخستن و چاودێری بانکی (BDDK) قازانجی کەرتی بانکی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 169 ملیار لیرە.

لەگەڵ چڕکردنەوەی دژە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە و  هاتنی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ململانێی چینایەتیش چڕتر دەبێتەوە.

شەپۆلی مانگرتنە کێوییەکانی مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی ئابی ڕابردووەوە هێزی خۆی وەرگرتەوە و وزەی پێداوە.  لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ڕادیکالبوونی کرێکاراندا، کرێکارانی TPI Composite و Standart Profil توانییان کۆمپانیاکان و سەندیکاکان ناچار بکەن بە کردەوەی وۆک-ئاوت (جۆرێک لە مانگرتنی بە کۆمەڵە لە وەستان لە کارکردن، بەدەر لە خواستی سەندیکاش]، داواکارییەکانیان قبوڵ بکەن.  هەروەها لە مانگی ئەیلولدا شەپۆلێکی مانگرتن و ناڕەزایەتی نوێ دەستی پێکرد.  یاریدەدەری پزیشکی نەخۆشخانەکانی زانکۆ لە 15 و 16ی ئەیلولدا لە سەرتاسەری وڵات مانیان گرت، دوای ئەوەی کە لە “ڕێسای نوێی  پارەپێدانی زیاتر” بەدەرکران و ئەوانی نەگرتەوە.  لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی مووچەی زیاتر ئەمساڵ پزیشكان و كارمەندانی تری تەندروستی لە توركیا چەندین جار لەسەر ئاستی وڵات مانیان گرتووە.

هاوکاتیش 562 هەزار کرێکاری شارەوانی بە گرێبەستی لاوەکی و وەختیی لە سەرانسەری تورکیا داوای گەرەنتی کردنی کارەکانیان بە گشتی دەکەن، واتە ببنە کرێکاری ئەو شوێنەی کە کاری لێدەکەن نەك لە ڕێگای گرێبەستییەوە.  لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کرێکارانی گرێبەستی لاوەکی شارەوانی (TABIB)، کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست.  ئەوان داوای دڵنیایی کار و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئیجباری و زیادکردنی موچە بەگوێرەی  ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو  و وەرگرتنی پارەی پاداشتی 52 ڕۆژە دەکەن کە بە هەموو کرێکارانی کەرتی گشتی دەدرێت.  تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان کە بە کەمترین مووچە و بێ گەرەنتی کار دەکەن، لە بزوتندان و داوای  مووچەیەکی بنەڕەتی یەکسان بە مووچەی قوتابخانە حکومییەکان دەکەن.  هەروەها مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان دژایەتی ” پیشەی  مامۆستایەتیی/ فێرکردن بە یاسا”، دەکەن کە پابەندیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و ملکەچی “پلیکانەی پیشە/ کار” دەکات.

پارتە بۆرژوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن لەسەر تێچووی ژیان واتە گرانی ژیان، بەقەد ئەو پارتە دەسەڵاتدارە کە کۆنترۆڵی شارەوانییەکان دەکات، دوژمنایەتی چینی کرێکار دەکەن. لەم دواییانەدا یڵماز بویوکەرسن، سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لە شاری ئێسکیشەهیر، ئەو کرێکارانەی کە داوای بەرزکردنەوەی پارەیان کردووە، سەرزەنشت کرد و بە “ئیستفزازیی” ناوی بردوون و هەڕەشەی دەرکردنیان دەکات.

کرێکارانی شارەوانی کادیکۆی کە لە لایەن جەهەپەوە شارەوانییەکە  بەڕێوەدەبرێت  لە ئەستەنبوڵ بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە گرێبەستییەکان کە دوو هەزار و 300 کرێکار تێیدا بەشدارن، مانگرتن دەکەن. .ئەگەر سەندیکای Genel-Is کە لایەنگر و پەیوەندیدارە بە DISK ،  لە کۆتا خولەکدا نەیانفرۆشێت،  ئەوە مانگرتنەکە لە دوو مانگی تردا دەست پێدەکات.

لە ساڵی 2021دا مانگرتنێک لە شارەوانی کادیکۆ بوو لە سازشێکی خراپی نێوان سەندیکا و خاوەنکاردا، سەندیکا مانگرتنەکەی فرۆشت بێ ئەوەی خودی کرێکاران بەوە ڕازی بن.  لە ماوەی ئەو مانگرتنە کورتەدا، شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ کە لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەچوو و ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانییەکە کە لە لایەن پارتە ساختە چەپەکانەوە پشتیوانی لێکرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی کرێکارانی ئیزراب شکێنی کۆکردنەوەی زبڵ و پیسایی، مانگرتنەکە بوەستێنێت.

بە هۆی فشاری سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆوە لەسەر ڕێکخراوی  IBB  43 کرێکار کە بەهۆی “لێکۆڵینەوەی ئەمنی” یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە،  لە ئێستادا لەبەردەم شارەوانیدا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن

لە ڕاگەیاندنێکیاندا سەندیکای جێنەل- ئس  سەبارەت بە دانوستانەکانی گرێبەست لە شارەوانییەکانی قەزای ئیزمیر هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە لە چەند شارەوانییەک مانگرتن هەبێت.  گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر مانگرتن لە ناو 294 کرێکار لە دیکیلی، 1400 کرێکار لە بوجا، 1580 کرێکار لە بۆرنۆڤا و 1250 کرێکار لە بایراکلی بەردەوامە.

لێدوانەکانی سەندیکاکانی دیسک و جێنێل-ئیس جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ خاوەنکارەکاندا بەبێ مانگرتن دەکەنەوە.   جێنەل-ئیس خیانەتی لە دەنگەکانی مانگرتنەکانی ئەم دواییەی کرێکاران  کردووە کە دەنگیان بە مانگرتن دا لە زۆرێک لە شارەوانییەکان کە جەهەپە بەڕێوەی دەبەن؛ لە زۆر شوێندا یارمەتی سەپاندنی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەك لە کرێ دەکەن کە زۆر لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی دراوەوەیە.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە کە کەرتەکانی کرێکاران دەیکەن گەورەن هەمیشە  بەشێکن لە بزووتنەوەی  گەشەسەندوی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران.  لە هەموو شوێنێک کرێکاران ڕووبەڕووی هەمان کێشە و داواکاری بەپەلە دەبنەوە کە لە سەرمایەداری و شەڕەوە سەرهەڵدەدەن.  زیادکردنی مووچەی ئاسایی بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو  بۆ کۆتاییهێنان بە زێدە تێچووی ژیان.  هەروەها  بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، چاودێری تەندروستی تایبەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ  کۆتایی هاتنی جەنگ و خەرجییە سەربازییەکان.

خەبات بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە پێویستی بە یەکخستنی هەموو کرێکاران لە شوێنی کاردا هەیە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و جیهانی، بەبێ گوێدانە سەندیکای سەر بە کۆمپانیا و دەوڵەت.  هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرێکارانی کۆمیتەکانی کریکاران و کارگەران  (IWA-RFC) ئامرازەکانی بەشداریکردن لەم خەباتە نێونەتەوەییەدا بۆ کرێکاران دابین دەکات.

 داوا لە هەموو کرێکارانی تێکۆشەر دەکەین پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ دروست کردنی ئەو جۆرە لیژنانە لە شوێنی کارەکانیان.

…………………

*ئەمە نوسینێکی گرنگە دەربارەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی تورکیا کە لە ڕاستیدا ئەم زانیارانە زۆر گرنگ و دەگمەنن کە ئێمەی خوێنەری کورد لێی بێ ئاگاین .

……………..

لینکە ئینگلیزییەکەی نوسینەکەی نوسەر

https://www.wsws.org/en/articles/2022/09/20/stri-s20.html

چالاکی گەوەی هاوبەش لە چەند شار و وڵاتێکدا بۆ بەرگری لە ژینگە و ئایندەی مرۆڤ

11/11/2022

دوێنێ، 5شەمە، 10/11/22 چالاکوانانی ژینگە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی دوو لە فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی فڕۆکەی تایبەتی [ جێتی شەخسی ] بەریتانیایان گرتووە، ئەمەش لە چوارچێوەی شەپۆلی جیهانی چالاکیی دژی فڕۆکەو / فڕۆکەوانی  تایبەت .  ئەمە لە کاتێکدا دەکرێت کە هاوکاتە لەگەڵ ڕێکەوتننامەی گۆڕانی کەش و هەوا[COP27] کە لە شەرم ئەلشێخی میسر بەڕیوەیە.

دوو گروپ لەم جالاکییەدا بەشدارییان کرد : گروپی   چالاکوانەکانی یاخیبوون لە  لەناوچوون و هەروەها گروپی یاخیبوونی زاناکان کە  چالاکییەکانیان لە فڕۆکەخانەی فارنبۆرۆ، لە هامپشایر و فڕۆکەخانەی لوتن ئەنجامدا

ناڕەزایەتی هاوشێوە لە تێرمیناڵەکانی فڕۆکەخانەکانی  بەرلین، میلانۆ، ستۆکهۆڵم و ترۆندهایم لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هەماهەنگدا بەڕێوەچوو کە لە 13 وڵاتدا پلانی بۆ دانرابوو کە فڕۆکە شەخسسیەکان و خاوەنەکانیانی کردبووە ئامانج. هەروەها چالاکوانان ڕۆژی چوارشەممە لە ئیبیزا و مێلبۆرن و ڕۆژی شەممەش لە ئەمستردام  هەمان جۆری جلاکییان ئەنجامدا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی نیوز، داتاکانی FlightRadar دەریخستووە لە نێوان 4 بۆ 6ی ئەم مانگە 36 فڕۆکەی تایبەت لە شەرم ئەلشێخ نیشتوونەتەوە هەروەها  64 فڕۆکەش بەرەو قاهیرە فڕیون کە 24 فڕۆکەیان لە شەرم ئەلشێخەوە هاتبوون.

گروپی یاخیبوون لە  لەناوچوون وتی: “هەڵمەتەکە شێوازی ژیانی کەش وهەوا ، تێکدەرانی ژینگەی وەکو جێتە شەخسییەکان و  ملیاردێر و فرە ملیۆنێرەکان دەکاتە ئامانج، کە خەریکە تێکچوونی ژینگە  توندتر دەکەنەوە و زۆرینەی جیهانیش  مەحکوم دەکەن بە ژیانی هەژاریی.”

ئەو چالاکوانانە ئاماژەیان بەوەشکردووە کە داوا لە کەسایەتییە بەرزەکان دەکەن کە لە کۆبونەوەکەی شەرم ئەلشێخدان ، بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت قەدەغە بکەن، کە بە وتەی خودی بەشدارییبوانی ئەو کۆبونەوەیە  5 بۆ 14 هێندەی فڕۆکە بازرگانییەکان بۆ هەر سەرنشینێک پیسکەرترن، هەروەها 50 هێندەی شەمەندەفەرەکان پیسکەرترن” گروپی یاخییبون لە لە ناوچون ئەوەشیان وت کە  کەمپەینکاران داوای باج لەسەر ئەو کەسانە دەکەن کە زۆرجار فڕین دەکەن بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و یارمەتی کۆکردنەوەی پارە بۆ خەرجکردنی ئەو  زیانانەی کە بەهۆی تێکچوونی کەش وهەوا تووشی بووە.

گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ کە چالاکی ڕژانی شۆرەبای تەماتەی بەسەر تابلۆکەی ڤان کوخدا ئەنجام دا کە لەم چالاکییەشدا بەشداریکرد  دەڵێت: “وەک گەنجێک، تاکە داهاتوویەک کە لەبەردەممدا دەیبینم، داهاتوویەکی برسێتی بەکۆمەڵ، وشکەساڵی توند، ئاگرکەوتنەوەی کێوی، لافاو و داڕمانی کۆمەڵگایە “. دەبێت ئەم جۆرە چالاکییانە بکەین و ژیانی ڕۆژانە بوەستێنین ، چونکە بە پەلە بەرەو کارەساتی کەش وهەوا دەڕۆین، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت بەردەوامە لە خیانەتکردن لە من و نەوەی من و خەڵکی باشووری جیهانی بە دەرکردنی مۆڵەتی نوێی پشکنین  و دەرهێنانی نەوت”.

بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە یازدە ئەندامی ڕێکخراوی نەوتی جەست ستۆپ ئۆیل [ Just Stop Oil  لە دادگاکان ئامادەبن، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرابوون بە هۆکاری بێزارکردنی گشتی. ئەم گروپە سەراپای مانگی ئۆکتۆبەر هەموو ڕۆژێك چالاکییان ئەنجامداوە و هەروەها لەم مانگەشدا 4 ڕۆژی توانییان سەیارە لە مۆتۆروەی 25 بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگرن . 

هەڵوێستی شؤڕششگێڕانە

زاهیر باهیر

10/11/2022

دوێنێ، 4شەمە تارانێ عەلیدۆستی تەمەن 38 ساڵی ئەکتەر هەڵوێستی شؤڕشگێڕانە و مرۆیانەی خۆی بە ئاشکرا بۆ پاڵپشتی ڕاپەڕیوانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ پۆشینی لەچك لە ئینستەگرام بڵاوکردەوە. عەلیدۆستی ئەکتەرێکی بەناوبانگ و ناسراوی ئێرانە.  ئەوە هەر لە دەیەکانی سەرەتای تەمەنییەوە کاری هونەری کردووە و لەسینەماکانا دەرکەوتووە، ئێستاش لە سەراپای سینەماکانی ئێراند ڕۆڵی هەیە و زۆر ناسراوە و چەند جارێکیش خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاات ئۆسکار .

قسە و کرداری ئەو بۆ پاڵپشتی ڕاپەڕیوان وەکو قسە و ڕەفتاری ئێمەی دانیشتوو لە پشتی کۆمیپیوەتەرەوە و بخۆر بەگی بێ مەترسی و بی گرفت نییە کە هەر پێچێك بە سکماندا دێت و لە بەتاڵی و حەتاڵیی سواڵی لایکرکردندا پۆستێکی بێ سەروبەرە دەکەین کە خۆشمان نازانین کە ئایا ئەو پۆستە بە سوود یا زیانی ڕاپەڕیوانی جەماوەریی ئێران و ئەنجامەکەی دەگەەڕێتەوە یانا.

زانیاری زیاتر لەسەر هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی بە فیعلی ئەو :

ئەو دروشمی : ژن ، ژیان ، ئازادیی ، بە کوردی لای خۆیەوە داناوە. 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستەگرام، ئەو ئەکتەرە سوێندی خوارد کە بە “هەر نرخێک بێت” لە زێدی خۆی بمێنێتەوە، وتی پلانی هەیە کارەکانی ڕابگرێت و لەبری ئەوە پشتگیری لە کەسوکاری ئەو کەسانە بکات کە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون یان دەستگیرکراون.  ئەو دەڵێت: “من ئەو کەسەم لێرە دەمێنمەوە و هیچ نیازێکم نییە بچمە دەرەوە”، ڕەتیدەکاتەوە هیچ پاسپۆرت و شوێنی نیشتەجێبوونی لە وڵاتانی  بیانەدا هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەمێنمەوە، کارەکەم ڕادەگرم.  من لە تەنیشت بنەماڵەی زیندانییەکان و ئەوانەی کوژراون دەوەستم.  من دەبمە داکۆکیکاریان”، ئاماژەی بەوەشکردووە “من شەڕ بۆ ماڵەکەم دەکەم ، من هەر باجێک دەدەم بۆ ئەوەی لە پێناو مافەکانمدا بوەستمەوە، لە هەمووی گرنگتر باوەڕم بەو شتانە هەیە کە ئەمڕۆ پێکەوە بنیاتیان دەنێین”.

ئەو وەک داکۆکیکارێکی ڕاشکاوانە لە مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤی فراوانتر لە ئێران ناسراوە.  کەسایەتییە سینەماییەکانی ئێران تەنانەت پێش دەستپێکردنی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکان لەژێر فشاردا بوون، لە ناویشیانا ئەم.

کاتێک لە تشرینی دووەمی 2019 ناڕەزایەتییە گەورەکان وڵاتی هەژاند، عەلیدووستی ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان “ملیۆنان دیل”ن نەک هاووڵاتی.

مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەری ژێرزەمینی دەستپێدەکات و لەسەر هاتووچۆکانی دیکەش کارایی خۆی دادەنێت

09/11/2022

سبەینێ 5شەمە. 10/11/22 ، 10 هەزار کرێکاری شەمەندەفەرەکان/ قیتاری ژێرزەمنیی بۆ ماوەی 24 سەعات ماندەگرن .  مانگرتنی ئەمان دەبێتە هێواشبوونەوەی قیتارەکانی سەر زەوی و پاسەکان و هەروەها بەکارهێنانی سەیارەیەکی زۆر و  هێواشبوونەوەی ڕۆیشتن و قەرەباڵغییەکی ئێکجار زۆر لەسەر شەقامەکان. ئەم مانگرتنە تەنانەت کارایی خۆی لەسەر هاتووچۆی قیتار لە لەندەنەوە بۆ مانشستەر و بێرمنگەهام و گڵاسکۆ و ئێدنبرە و  ڕۆژی هەینی-ش دادەنێت بە هۆی نەگەڕانەوەی حاڵەتەکە بۆ حاڵەتی ئاسایی.

سەندیکاکە کۆمپانیایTFL [ ئاماژەیە بۆ Transport for London واتە هاتووچۆلە لەندەندا]  تۆمەتبار کرد بەوەی کە پێشنیاری دواجار بۆ هەڵوەشاندنەوەی مانگرتنەکەی ڕەتکردەوە، کە وەستانی پلانەکەیانە سەبارەت بە دەرکردنی کرێکاران و چاکنەکردنی هەلومەرجی سەر کار و هەروەها مووچەی خانەنشینیی. سکرتێری گشتی RMT، [ ئاماژەیە بە ناوی نقابەکە]  مایک لینچ، وتی TfL “دەرفەتێکی زێڕینی لەدەستداوە”، ئاماژەی بەوەشکرد: “TfL پێویستە دەست بکات بە سازشکردن و کارکردن لەگەڵ سەندیکاکە بۆ گەیشتن بە گرێبەستێک کە کار بۆ کارمەندان بکات و دووربکەوێتەوە لە تێکدانی زیاتری ژیانی سەرنشینەکان.

هاوکاتیش تۆڕی ئیدارەی کۆمپانیای  شەمەندەفەرەکان ڕایگەیاندووە کە هیچ ئۆفەرێکی نوێی مووچە لەسەر مێزەکە نییە، لە دەرەوەی زیادبوونی 8% لە ماوەی دوو ساڵدا لەگەڵ 500 پاوەند خەڵاتی بۆ کەمترین مووچە و 75% داشکاندنی بێسنوور لە گەشتکردن بە شەمەندەفەر – بەڵام ئەو ماوەیەی درێژکردووەتەوە  بۆساڵی 2025 چی تر  گرەنتی نادات.   هەروەها ڕاوێژ و وتووێژی لەبارەی جێبەجێکردنی شێوازە نوێیەکانی کارکردنەوە وەستاندووە، کە بەبێ ڕێککەوتنی سەندیکاکان بەردەوام بوو.

ستافی زانکۆ لە سەرانسەری بەریتانیا مانگرتن سەبارەت بە پرسی مووچە و خانەنشینی و  مەرجەکانی سەر کار دەکەن

09/11/2022

سەندیکای زانکۆ و کۆلێژەکان دەڵێت پێشبینی دەکرێت 70 هەزار وانەبێژ و ستافی دیکە بەشداری بکەن لە مانگرتنی داهاتوودا. 

بڕیارە لانیکەم 70 هەزار کارمەندی زانکۆکان مانبگرن، ئەمەش لە دوایین قۆناغی ئەو شەپۆلی چالاکییەکانن کە لە زستانی ئەمساڵدا لە سەرانسەری بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.  سەندیکای  زانکۆ و کۆلێژەکان ڕایگەیاند کە پلانی مانگرتنی سەرانسەری خۆی لە ڕۆژانی 24 و 25  و 30 ی  ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت و کارمەندان  و وانەبێژانی 150 زانکۆ لە سەرانسەری بەریتانیا ڕێوشوێنی چالاکی مانگرتن دەگرنەبەر سەبارەت بە مووچە و مەرجەکانی کارکردن و خانەنشینی.

سەندیکاکە ڕایگەیاندووە، نزیکەی 2.5 ملیۆن خوێندکار کاریگەرییان لەسەر دەبێت بەڵام “دەتوانرێت ئەمە ڕوو نەدات ئەگەر خاوەنکارەکان خێرا هەنگاو بنێن و ئۆفەری باشتر پێشکەش بکەن. ئەگەر نەیکەن، چالاکیی مانگرتن لە ساڵی نوێدا پەرەدەسێنێت شانبەشانی بایکۆتی نمرەدان و هەڵسەنگاندن.”

جۆ گرەدی، سکرتێری گشتی سەندیکای  UCU[ ئاماژە بە نقابەیە] وتی: “کەمپەکان واتە داخلییەکانیش لە سەرانسەری بەریتانیا بیر لە چالاکیی مانگرتن دەکەنەوە ،  بە قەبارەیەك کە پێشتر نەبینراوە.  حەفتا هەزار و وانەبێژ و کارمەند ماندەگرن و ڕوونی دەکەنەوە کە دابەزینی مووچە و بڕینی خانەنشینی و دامەزراندنی کاتی و بێ ئایندە ڕەتدەکەنەوە قبوڵی ناکەن “. …” ئەمە بوونی چۆیسە ، بژاردەیە، ئیدارە و سەرۆکی زانکۆ هەڵیدەبژێرن کە سەدان هەزار پاوەند بدەن بە خۆیان لە هەمان کاتدا ئەندامەکانمان ناچار دەکەن گرێبەستی کەم مووچە و نەبوونی زامنێتی کار و ئایندە بەسەرمانا دەسەپێنن تا ڕادەی ئەوەی کە زۆرێك لە سەر سێنتەری خۆراك بەخشینەوە دەژین.  بۆ خۆشیان  جۆرە ژیانێکی تر و مامەڵەیەکی باشتر و پارە و موچەی باشتر هەڵدەبژێرن.”………”ئەگەر سەرۆك و جێگرەکانی زانکۆکان جددی نەبن، پەیامەکەمان سادەیە – ئەم هێرشەی مانگرتن تەنها سەرەتایەکە.”

گرتنی چالاکوانانی گروپی Just stop oil لەسەر بناخەی گومان

زاهیر باهیر

07/11/2022

ڕەفتار و سەرکوتکردنی پۆلیس و حکومەتەکان هیچ جیاوازییەکی نییە لە هیچ شوێنیکی ئەم جیهانەدا . دوێنێ پۆلیس لە سەر گومانی ئەوەی کە باوەڕیان وایە کە ئەو گروپەی سەرەوە ئەمڕۆ دووشەمە چالاکییەك دەکەن بە داخستنی مۆتۆڕ وەی 25 هەر لەبەر ئەوە هەڵسان بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی 3 چالاکەوان.

هەر بیهێنەرە پێشچاوی خۆت لێرەش هەر هەمان شت دەکرێت کە لە ولاتانی دیکەدا هەر بۆ نموونە ئێران دەکرێت . لەو وڵاتانەش هەر لە سەر گومان و هەبوونی ناو لە لایان،  دەدەن بەسەر چالاکوانانا و دەیانگرن .  لە کاتێکدا گروپێی زۆر بچوك چالاکی هێمنانە و ناتووندوتیژ ئەنجام دەدات هەر لە 32 ڕۆژ چالاکیدا 677 کەسیان گیراوە و  لەمانە 111 کەسیان غەرامە بە شێوەی جیا جیا کراون.  بۆ وەستانی ئەم چالاکیانەش 9438 پۆلیس بە شفت کاردەکەن .  زۆر ئاسسایانە دەتوانین ئیتر بزانین ئەوەی کە لە ئێراندا بۆ 8 هەفتە ڕوودەدات گەر بۆ 3 ڕۆژ لێرە ڕوی بدایە بە دەیەها هەزار کەس دەسگیر دەکرا وبە سەدەهاش دەکوژرا بێ لە هەڵسانی تەیارە و خستنە سەر شەقامی پۆلیس  و هێزی سەربازی و ڕاگەیاندنی قەدەخەی هاتوو چۆ.  بێ گومان ئەمە پاساوی جیاوازی و باشتری  حکومەتی ئێران نادات بۆ من هەموو حکومەتان و دەوڵەتان هەر هەموویان بێ جیاوازی فاشی و دیکتاتۆرن ، توندووتیژی و هێمنیان وەکو تاکتیك بۆ مانەوە و پاراستنی سیستەمەکە و پایە سەرەکییەکەی بەکاردەهێنن.

لە پاساوی کارەکەیاندا پۆلیس دەڵێت ” هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون گومانیان لێدەکرێت کە پیلانگێڕییان کردووە بۆ دروستکردنی بێزاری گشتی پێچەوانەی بڕگەی 78ی یاسای پۆلیس و تاوان و سزادان و دادگاکان ،  …..ئەگەری ئەوە ماوە کە تۆمەتبارانی هەڵپەسێردراو هێشتا بەنیازن ببنە هۆی تێکدانی نایاسایی بۆ خەڵک….پۆلیس تیمێکی پسپۆڕی کۆکردۆتەوە و ئەفسەری پۆلیسی لە سەرانسەری پایتەختەوە کۆکردۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو چالاکییانە”.  

لە وەڵامی پۆلیس دا ئەمانیش دەڵێن ” لەبەر  قەیرانی کەشوهەوا گروپەکە  داوای لە حکومەت کردووە دەستبەرداری پلانەکانی مۆڵەتدان بە زیاتر لە 100 پڕۆژەی نوێی نەوت و گاز  بوەستێنن کە بڕیارە ئەو پرۆژەیە تا ساڵی 2025 جێ بەجێ بکرێت و هاوکاری  زیاتریش بۆ ئەو کەسانە کە پارەی دانی وزەیان نییە”

گروپی جەست ستۆپ ئۆیل لە ڕاگەیاندنەکەیاندا درێژەی پێدەدەن و دەڵێن “شکستی سیاسەتەکان … ملیۆنان کەس ناچار دەکات بچنە خانەی  هەژاری و ڕووبەڕووی بژاردەی نێوان  گەرمکردنەوە، خواردن دەبنەوە، یان دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییە سەرەتاییەکان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای دەیان ساڵ لە زانیاری هەڵە و خراپبوونی کەشوهەوا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی وجودی دەبینەوە لەگەڵ  هەموو ئەو شتانەی کە بە ئازیزمانەوە لەدەستی دەدەین .   پێویستە لە ئێستاوە سیاسەتی مۆڵەتدان بە پرۆژەی نەوت و غازی نوێ لە چاڵ بنێن  و پێویستە سیاسەتەکانمان بگۆڕین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەمووان قسەیان هەبێت لەو بڕیارانەی کە داهاتووی مرۆڤایەتی دیاری دەکەن”.

پرۆتێست بۆ داخستنی سێنتەری مانستن –ی پەنابەران لە دەرەوەی لەندەن

07/11/2022

بە سەدەها کەس وەکو لە وێنەکاندا دەبێنرێن پرۆتێستێکی گەوەرەیان بۆ داخستنی سێنتەری مانستن کرد کە هێشتا نزیکەی 2000 پەنابەری تێدایە کە لە خراپترین دۆخی ژیاندا دەژین . 

پرسی پەنابەر و وەستانی پەنابەر و گەیشتنی پەنابەر و کۆچبەر هەمیشە پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردن بووە لە لایەن هەر سێ حیزبە سەرەکییەکەی بریتانیا : موحافیزین، لەیبەر [ کرێکاران]  و لیبراڵ .  ئەم پرسە کارتێکی گرنگ بووە بۆ هێنانی دەنگی زیاتر و هاوکاتیش بۆ توندکردنی زیاتری گروپە ڕاستڕەوەکان و ڕایسیستەکان و وروژانی ئەو پرسە دژ بە خەڵکانی بێیانە.

سێنتەری مانستن کە خۆی بۆ جێگای 600 کەس کراوە 10 ڕۆژ لەمەوبەر 4 هەزار و 300 کەسیان تێئاخنیبوو ، پیسی شوێنەکە و قەرەباڵخییەکەی بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی خراپ کە دەنگی دایەوە و خەڵکی ئاسایی لێئاگەدار کرایەوە .

هەر هەفتەی پێشوو بوو کابرایەکی ڕایسست بە 3 نارنجۆك هێڕشی کردە سەر یەکێک لە کەمپەکان و چەند کەسێکی بە سوکی برینداکرد و دواتریش خۆی کوشت.

پەنابەران لە لایەن وەزیری ناوخۆ و پۆلیسەوە بە “داگیرکەر” ناو بران .پرۆتێستەکەی کە دەیبینن چەند جۆرێك دروشمیان هەڵگرتووە لەوانە ” پەنابەر بەخێر بێت”  و “پەنابەر دوژمن نییە ، دوژمن ئەوانەن کە بە لیمۆزین دێن ”  و ” سێنتەری مانستن داخەن، ” هیچ کەسێك نایاسایی نییە” و ” وەزیری ناوخۆ بڕۆ”

     

برینپێچانی/ پەرستارانی [ نێرس]  بریتانیا دەنگیان بۆ مانگرتن  لەسەر ئاستی بریتانیا دا

06/11/2022

لە مێژوی دروستبوونی بەشی تەندروستی نیشتمانی کە لە 05/07/1948 دا بوو، بۆ یەکەم جار زیاتر لە 300 هەزار نێرس پێش هاتنی کریسمس مان دەگرن.

نقابەکەیان دەڵێت لەوەتەی پارتی پارێزگاران لە ساڵی 2010 دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، مووچەی بەشێک لە پەرستارانی [ نێرس]  بەئەزموون لە ڕووی ڕاستەقینەوە بە ڕێژەی 20% دابەزیوە ئەوان داوای زیادکردنی بە ڕێژەی لە سەدا 15یان کردوە واتە لە سەدا 10 بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە و لە سەدا 5ی زیاتریش.    ئەمە لە کاتێکدا کە حکومەت تەنها  لە سەدا 4ی موچەیانی لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە  زیادکردووە. .

نقابەی ئەم نێرسانە دەڵێت زیاتر لە 40،365 نێرس هەر ئەمساڵ تاکو مانگی حوزەیران کارەکانیان بەجێهێشتووە.  هەروەها دەڵیت  ژمارەیەکی زۆر لە ستافەکان – چ دامەزراوانی بە ئەزموون و چ دامەزراوانی نوێ – بڕیار دەدەن کە ناتوانن داهاتوویەک لە پیشەکەیاندا ببینن کە بەهای نەبێت و مامەڵەی دادپەروەرانەی لەگەڵدا نەکرێت.

هاوکاتیش نقابەی یونیسۆن کارتی دەنگدا بۆ 350  هەزار کارمەندی بەشی تەندروستی کە بریتین لە کرێکارەکانی خەستەخانەکان ، نێرسەکان، فریاگوزاری و کرێکارانی پاککەرەوە،  سەبارەت بە دەنگدان لە ئینگلتەرا و وێڵز و ئێرلەندای باکوور دەنێرێت. دەنگدەران دەبێت هەتا کۆتایی ئەم مانگە دەنگەکانیان بدەن. لەگەڵ ئەمانەشدا پزیشکە نوێیەکان دەنگیان بە دەنگدان لە مانگی یەکدا داوە.

بەپێی پرۆتۆکۆڵەکانی دەوڵەت لە مانگرتنەکاند دەبێت هەندێك لە نێرسەکان و دکتۆرەکان مان نەگرن و دەوام بکەن  وەکو بەشی چارەسەری ئیمێرجنسی ، ئیسعاف و فریاگوزاریی و چارەسەرە بەپەلەییەکان و ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی بە پەلەی نەخۆشییەکان .  ئەمانە دەوام دەکەن.

بە گوێرەی بەندێكی دژە نقابە کە لە سەردەمی تاچتەردا بوو بەیاسا، لە ئینگلتەرا و سکۆتلەندا و وێڵز  دەبێت لانیکەم لە سەدا 50ی دەنگەکان دەنگیان دابێت و بەشداربووبن لە پرۆسەی دەندگدانەکەدا،  لەوانەش دەبێت زۆرینەیان دەنگی بە مانگرتن  دابێت تاکو مانگرتنەکەیان یاسایی بێت ، دەنا حکومەت بۆی هەیە ئەوەی بییەوێت بەرانبەریان بیکات.

چالاکوانانی ژینگە هێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەی ئەمستردام و ڕێگری لە فڕۆکە تایبەتەکان دەکەن

06/11/2022

زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر، بە پۆشاکی سپییەوە، ڕۆژی شەممە، دوێنێ، 05/11 ،  چوونە ئەو زۆنەی کە فڕۆکە تایبەتەکانی تێدا ڕاگیراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی ناو فڕۆکەخانە و دەوروبەری کە لەلایەن گروپە ژینگەپارێزەکانەوە ڕێکخرابوو.

Dewi Zloch، کە لە گروپی گرین پیسە و یەکێكە لە ڕێکخەرەکانی کەمپەینەکە کە گروپەکەیان  یەکێکە لە گروپەکانی بەشداربوو، وتی: ئێمە دەمانەوێت گەشتی کەمتر و شەمەندەفەری زیاتر و قەدەغەکردنی گەشتی کورت مەودای ناپێویست و فڕۆکەی تایبەتی جێت ڕووبدات . گروپی گرینپیس دەڵێت، فڕۆکەخانەکە  گەورەترین سەرچاوەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لە هۆڵەندا و ساڵانە 12 ملیار کیلۆگرام کاربۆن دروستدەکات.

هەروەها گروپی  “یاخیبوون لە  لەناوچوون” بەشدار بوون لەو چالاکییەدا و  سەدان خۆپیشاندەری دیکە لە هۆڵی سەرەکی فڕۆکەخانە و دەوروبەری دروشمی  ” بەکارهێنانی فڕۆکە سنووردار بکەن و قیتار زیاتر بکەن ”

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، نزیکەی سێ کاتژمێر دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکە، پۆلیسی سنوور دەستی بە دەستگیرکردنی چالاکوانان کرد، کە هەندێکیان دوای ئەوەی بەشێوەیەکی پاسیڤ بەرەنگاری دەستگیرکردن بوون، ڕاکێشران بۆ پاسە چاوەڕوانکراوەکان.

حکومەتی هۆڵەندا لە مانگی حوزەیراندا پلانەکانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی گەشتە ساڵانەیەکانی فڕۆکەخانەکە کەم بکاتەوە بۆ 440 هەزار گەشت ، کە نزیکەی 11% لە خوار ئاستی ساڵی 2019ەوەیە، ئەمەش بەهۆی پیسبوونی هەوا و نیگەرانییەکانی کەشوهەوا.

مانگرتنی کرێکارانی پاککەرەوە و بەشی چێشتلێنان  لە هەندێك بەشی بزنسدا لە بریتانیا

05/11/2022

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کرێکارانێك کە لە بواری چێشتلێنان و کاروبارەکانی دیکەی و بواری پاککەرەوە کە لە کەرتەکانی هەندێك لە بزنسدا کار دەکەن  لە لەندەن لەسەر زیادکردنی  مووچە و تەندروستی و سەلامەتی سەر کار و مانبگرن .  ئەمەش  دوای ئەوەی کە هەندێك لە ئەندامانی سەندیکاکان ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژانە ژەمێك لە نانخواردنیان بواردووە چونکە توانای کڕینی خۆراکیان نەبووە.

 ئەندامانی سەندیکای خزمەتگوزاریی گشتی و بزنس کە لە وەزارەتی بازرگانی و وزە و ستراتیژی پیشەسازی (BEIS) کاردەکەن، دوای ئەوەی کە گفتوگۆیان لەگەڵ خاوەنکارەکاندا  بێ ئەنجام بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا بڕیاریان دا  بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مان بگرن.

سەراپای ئەم کرێکارنەی کە وەرقەی دەنگدانەکانیان گەڕاندۆتەوە لە سەدا 75 ن لە سەدا 100یان، دەنگیان بۆ مانگرتنەکە داوە کە بڕیارە لە ڕۆژانی  16، 23 و 30ی ئەم مانگە و ڕۆژانی 7 و 14 ی مانگی یەکی ساڵی ئایندەشدا جارێکی دیکە مانبگرنەوە .

سکرتێری گشتی نقابەکەیان ، مارک سێروتکا، وتی: “ڕاپرسییەکی ئەم دواییە دەریخست کە یەک لەسەر سێی ئەندامەکانمان ژەمێك خواردنیان نەخواردووە  چونکە توانای کڕینی خۆراکیان نەبووە، بۆیە هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نابێت ئەگەر ئەمان  ماندوونەناسانە خۆیان نان دروست دەکەن بۆ کەسانی دیکە  و خزمەتیان دەکەن کەچی خۆیان ژەمێك خواردن ببوێرن لەبەر نەبوونیان بۆیە داوا دەکەین  کە بەرزکردنەوەی مووچەیان لە سەرووی هەڵاوسانی پارەوە بێت  بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە قەیرانی تێچووی ژیانی ئێستا و ئایندەشیانا.”

لە لایەکی دیکەوە دوێنی،ڕۆژی هەینی، سەدان کرێکاری فڕۆکەخانەی هیسڕۆ، کە گەورەترین فڕۆکەخانەی بریتانیایە  مانگرتنیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ  لەو کاتەی کە یاری کاسی جیهانی  لە قەتەردا دەکرێت ڕاگەیاند.