All posts by azadebram

تێگەیشتن لە چەپ و هەڵوێستەکانیان ئاڵۆز و دژوارە

Zaher Baher

24/06/2025

ڕەنگە زۆر هۆکار هەبێت بۆ ئەوەی سەرەوە، لەوانە بنەمای چەپ کە بنەمایەکی ئایدۆلۆجیانیەیە ، کۆیلەیەتییان بۆ حیزب و بۆ ڕابەر و سەرکردە، پێداگرتنە لەسەر بڕگەکانی کتێب و فەرامۆشکردنی واقیع، تەریكبوونیانە لە جەماوەر و خواستی جەماوەر، هەروەها بەستەڵەکی فکرییە و ڕنگە زۆری تر بن .

لە زۆر کات و لە زۆر ڕووداودا ئەو دژواری و ئاڵۆزێی سیاسەتی چەپمان بینیوە ، ئێستاش لە هێڕشی ئیسرائیل و ئەمەریکادا بۆ سەر ئێران زۆر ئاشکرایە کە تا ڕادەیەك دەیبینینەوە کە لە هەندێ پێگەدا چەپ و ڕاست ، پێشکەوتوو و دواکەوتوو و ڕوانینی مادیانە و میسالیانە یەکدەکەون و هاوئامانجن.

لێرەد دەکرێت ئاماژە بە تەنها دوو نموونە بکەم:

یەك: چەپەکان دەیەها ساڵە دژ بە ڕژێمی ئێرانن و داوای ڕوخاندنی دەکەن کەچی ئێستا لەگەڵ لایەنگرانی مانەوەی دەوڵەتی ئاخوندەکاندان بەو بیانوەی کە گوایە : یەك: ئەمە زەربە بە بارودۆخی شۆڕشگێڕانە دەدات، وەکو ئەوەی کە کرێکارانی ئێران لە ئێستادا ئەوە چەند هەفتەیەک بێت لە مانگرتنی سەرانسەریدان ، یاخود خۆپیشاندانی جەماوەری هەموو کونجو کەلبەرێکی ئێرانی بۆ ماوەی  چەند هەفتەیەكە گرتۆتەوە و بەردەوامە و دەوڵەتیان شپرزە کردووە. دوو: هەر گۆرانکارییەك بێت لای ئەوان، باشتر نابێت چونکە لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبیت و گۆڕانکارییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەبێت.  سێ: فەوزا و پشێوی و بەرەڵایی دروست دەبێت چونکە ئامادەکاری تەواوی بۆ نەکراوە [ واتە حیزبی پێشڕەو نیە تاکو جڵەوی ڕاپەڕین و شؤڕش بگرێتە دەست] . 

لێرەدا دەردەکەوێت ئەمان تەنها لایەنە نەرێنییەکان دەبینین ئەوە نابینن کە ڕەنگە گوژمێکی بەهێز بدات بە بزوتنەوەی خەڵکی نەك هەر لە ئێڕاندا بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا، جۆرێك لە ئازادی بەتایبەت بۆ ژنان لە بوارەی ژیانی تایبەتیاندا دەهێنێت  ، ئەوان ئەوە نابینن کە خودی ئەو داخوازی و دروشمانەی ئەوان ڕێک لە بەرژەوەندی ئیسلامی دەسەڵاتخواز و تیرۆریستە، واتە پێچەوانەی ئەوانەیە کە هەتا دوێنێ دەیانبووت.

دوو: ئەمان ساڵانێکی ئێکجار دوور و درێژە هێڕش دەکەنە سەر بزوتنەوەی کوردی و کوردایەتی بە دژایەتیکردنی فکری کۆمۆنیستی و دابەشکردنی خەڵك و وەهمی دەزانن ، کەچی ئێستا نەك هەر لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکاندا لەمەدا یەكدەکەون بەڵکو لە گەڵ حیزبە نەتەوەییەکانیشدا هەر یەكدەکەون ، کە هیچ وەخت زۆرێك لەو چەپانە دانی خێریان بەو حیزبە نەتەوەییانەدا نەناوە ، کە لە ئێستادا هەندێکیان لەگەڵ مانەوەی حکومەتی ئاخوندەکاندا.

من خۆم دژ بە شەڕم بە هیچ شێوەیەك شەڕخواز نیم  ، بەڵام لە کاتێکدا شەرەکە بەردەوامە و منیش هیچ دەسەڵاتێکم نییە ، دەخوازم خەڵکانی ئێران و ناوچەکە خراپترینەکەیان بە نسیب نەبێت ، کە مانەوەی دەوڵەتی ئاخوندەکانە و بەردەوامیدانە بە سێدارە و کوشتن بڕین و حوکمکردنیان لە عێراق و هاوکاری و یارمەتی گروپە تیرۆریستیەکانە . ئەمەش نکوڵی کردنم نییە لەوەی کە ئیسرائیل حکومەتێکی دڕەندە و تیرۆریست و ڕایسستە و ئەوەی کە لە غەزە و بەرانبەر فەلەستینییەکان دەیکات تەنها خوا و دۆستە تیرۆریستەکانی خودی ئیسرائیل قەبوڵیانە.

سیاسەتی دووفاقەیی حکومەتی بریتانی

24/06/2025

ڕژی هەینی ڕابوردوو ، 20/06 ، گروپێکی بەرگری لە فەلەستین بە ناوی گروپی چالاکی فەلەستین ، چالاکییەکی ڕاستەوخۆیان بە دزەکردنە ناو یەكێك لە بنکەیەکی  فڕۆکەی جەنگی بریتانیاوە، توانییا دوو تەیارەی جەنگی ڕەنگ بکەن .  ئەم چالاکییە بووە هۆی ئەوەی کە وەزیری ناوخۆی بریتانی ڕەشنوسێك بنوسێت تاکو ئەم جۆرە چالاکیانە قەدەخە بکرێن و بخرێنە خانەی کاری تیرۆریستانەوە ، هەفتەی ئایندە بڕیارە لە پەڕلەماندا ئەمە تاوتوێ بکرێت و بچێتە پاڵ وردەکارییەکانی دیکە کە حکومەت لێی دەترسێت دەبێت بە گوێرەی یاسا قەدەخەبکرێت .

بێ گومان ئەمە نە کارێکی تیرۆریسییە و نە هیچ چونکە تەنها ڕەنگکردنی دوو فڕؤکە بووە ، گەر ئەمە بکرێتە کارێکی تیرۆریستانە واتە گروپەکەش دەچێتە نێو لیستی تیرۆریستان  ، ئەو کاتەش هەموو چالاکییەك وەکو زیانگەیاندن بە بینایەك یاخود چێشتخانەیەک کە سەر بە ئیسرائیل بێت و یا بینایەکی ناسراوی ئیسرائیلی هەموو ئەمانە دەچنە خانەی کاری تیرۆریستانەوە.  ئەمەی کە ڕوو دەدات بەهۆی کارایی و بەهێزی گروپی جوولەکەکانەوەیە کە هەژمونێکی زۆر گەورەیان لە سەر سیاسەتی دەوەڵەتی بریتانیا هەیە لە دانانی یاسا و قدەخەکردنی ئەم گروپ ئەو گروپ و گرتنی ئەم کەس ئەو کەس . 

ئەم سیاسەتەی بریتانیا سیاسەتێکی دووفاقەیە کە لە لایەکەوە بچوکترین چالاکی کە زیانی پارەیەکی زۆر زۆر  کەمە و کە هیچ توندووتیژییەکی تێدا بەکارنەهێنراوە بە کردار و ڕەفتاری تیرۆریستیانە دەزانێت ، کەچی حکومەتی ئیسرائیل زیاتر لە 60 هەزار کەسی کوشتوە و سەدان هەزاری دیکەی پەککەوتە و بریندار کردووە ژمارەیەکی کەم لە خانوەکانی غەزە بە پێوە ماون و سیاسەتی قڕکردنی خەڵکی غەزەی گرتۆتەبەر لە ڕیگەی لێگرتنەوەی کەرەسە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان تاکو ئەو خەڵکە بمرێت ، ئەمانە هیچی لای حکومەتیئ برریتانیا کار و ڕەفتار و چالاکی تیرۆریستیانە نییە ، بەڵام بە حاڵ بۆیاخکردنی دوو فڕۆکە کاری تیرۆریستانەیە .

شتێکی دیکەی سەیر ، لە ساڵی 2003 دا کیری ستارمە  ێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران، سەرکەوتوانە بەرگری لە خۆپیشاندەران کرد کە لەو ساڵەدا ( 2003)  هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانی بەریتانیا بۆ ئەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ئەمریکییەکان بوەستێنن کە بەرەو عێراق دەڕۆیشتن. ستارمەر توانی لە بەندکردنیان بیانپارێزێت  ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چالاکییەی ئەوان یاساییە  چونکە مەبەستیان ڕێگریکردنە لە تاوانەکانی جەنگ.  

لە هەموو جیهاندا و لە سای هەموو حوکمدارانێکدا لەژێر هەر ناوێکدا بن ئەم دووفاقییەی دەسەلات هەیە و تا ئەو کاتەشی دەسەلات و دەوڵەت بەردەوام بێت ئەم دووفاقییەی سیاسەت و حوکمکردنە دەمێنێت . 

ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکان بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە ئێمە دەمانەوێت

Zaher Baher

16/06/2025

ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکان گەر جەماوەری بن بەو ئاڕاستەیەدا ناڕۆن کە ئێمە دەمانەوێت چونکە جەماوەر کاتێک کە دەڕژێتە سەر شەقامەکان هەر هەموویان بە هەمان دافیع و هەمان هۆکار نایەنە سەر شەقام . جەماوەر بریتی نییە لە چینێک یا توێژاڵێکی دیاری کراو، بەڵکو دەیەها توێژاڵ بە خۆیەوە دەگرێت،  هەر یەكەشیان بە هۆکارێك و بۆ مەبەستێك دێتە سەر شەقام ، هەیە بۆ نان و ئاو و پێداویستیی سەرەکیی، هەیە بۆ چاککردنی بارودۆخی پەککەوتەیی و بەدیهێنانی ئامانجی خاوەن پێداویستی تایبەتی ، هەیە بۆ پرسی ژینگە، هەشە بۆ کێشەی بێ خانوویی ،  بۆچارەسەری نەخۆشی و دەرمان و خەستەخانە  و خوێندنی بەلاش … ئیتر هەر کۆمەڵە و توێژاڵێک ئامانجی خۆیانیان هەیە و ئەسبەقییەتیش دەدات بەوەی کە لای خۆی گرنگە.

گرنگە بە جددی گوێ لەم دەنگ و دروشم و داواکاریانە بگیرێت کاریان لەسەر بکرێت، نابێت بیر لە رابەرایەتی و سەرکردایەتییان  بکرێتەوە و ئەوانە داخوازی جەماوەرن ، جەماوەر ئەوانەی دەوێت نەك سۆشیالیزم کە ئێمە دەمانەوێت .  گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەین گەر راپەڕینەکە کرێکارانە  نەبێت و ئامانجی دروستکردنی حکومەتی کرێکاری یا دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاری نەبێت ، ئیتر پشتی تێبکەین و  هەر لە دوورەەوە چاودێری بکەین .

ئێمەی چەپ لە وەهمدا دەژین کە نائومێد بین لەوەی کە خەڵکی داوای سۆشیالیزم ناکەن یاخود بەوەی کە بزوتنەوەیەکی کرێکارانە بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت نییە تاکو ئیحتیوای ڕاپەڕینی خەڵکی بکات و بەرە و حکومەتی شوورایی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا و دەوڵەتی سۆشیالیستییان بەرێت، ئەمە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە و هەرگیزیش شۆڕش، شۆڕشی کرێکاران نابێت. شؤڕش یا هەر نابێت یا جەماوەریی دەبیت . دەبێت واقیعانە بیربکەینەوە.  ئەوەی کە لەم دەرفەتەدا بۆمان دەکرێت ئەوە بکەین .  ئەمەش مانای ئەوە نییە کە تۆ هاوکاری یەککەوتنی جەماوەر و ڕێکخستنیان نەکەیت، پێشنیارت نەبیت ، جەدەل و لێکدانەوەت لە سەر بارودۆخەکە نەبێت ، ململانێ و بەیەکادانی مشتومڕانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەبێت .  کردنی ئەمەش  ئەوە نییە کە تۆ سازشت کردووە و لە داخوازییە سەرەکییەکەت یا مانیفێستەکەت پاشەکشەت کردووە . بەڵکو ئەمە ئەوەیە زەمینەیەك هاتۆتەپێشەوە یا دێتە پێشەوە بەدەر لە ویستی ئێمە ، بەڵام بارودۆخێکی خولقاندووە یاخود دەخولقێت کە دەکرێت هۆشیاری تەواو بە خەڵکی بدات ، ئەزموونێکی نوێیان پێبدات ، هاوپشتی نێوانی خەڵکی دروست بکات ، زانیاری و مەعریفەی زیاد لە حەد بە دەستەوە بدات ، کەش و هەوایەکی برایانە، خوشکانە، ئازادانە بهێنێتە ناوەوە، گەلێک لە زانیاری و ئەزموونە کۆنەکان دەداتە دواوە، خودی بزوتنەوەکە هی نوێ و نوێتر دروست دەکات.

هەمیشە جەماوەر لە ئێمەی خوێنەرەوەی کتێب و دانیشتوی پشتی کۆمپیتەر و خەڵکانی حیزبیی  زیرەكتر و هۆشیارترن ، چونکە ئەوان ژیان فێری کردون و فێریان دەکات ، نەك کتێب و بڕگەی ئەم و هی ئەو ، ئەوان دەستەویەخە و چنگاوشی ژیان بوونەتەوە ، نەك دەستەویەخەی کتێب ، ئەوان ژیان مامۆستایانە نەك کتێب و ئەم ڕابەر و ئەو بیرمەند . 

 جەماوەر گەمژە نییە ، مەڕ نییە وەکو زۆرێك دەڵێن، بەڵام بارودۆخ و زەمینەیەك خولقاوە کە ئەوانی ناچار بە بێ دەنگی کردووە ، بەڵام هۆکاریان هەیە بۆ ئەوە ، هیچ شتێک بێ هۆ نییە ، نە بە بێ هۆ بێ دەنگە و بەرەو ڕووی شکست دەبێتەوە ، نە بێ هۆش سەرکەوتن بەدەست  دەهێنیت.  ئەوەی گرنگە هاوکاریکردن و بەشداریکردنە بەڵام بێ سەپاندنی هیچ بەرنامەیەکی حیزبی و خەڵکانی دەسەڵاتخواز.

بەرای من مامەڵەی دروست لە ئایندەی ئێراندا ئەمەیە.  من خۆم باوەڕم پێی هەیە و ئاواش تەعامولی لەگەڵ دەکەم.

ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات

Zaher Baher

15/06/2025

ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات کەوتنە خوارەوە چەند ساروخێکی ئێرانی لە ناو سەدان ساروخدا بۆ ناو بینا و ئەپەرتامێنتی دانیشتوانی مەدەنی تەلئەبیب نییە ، بەڵکو قاتوقڕکردنی سووپاسالارە جەلادەکانی ئێرانە کە سەراپایان  و زۆرێکیش لە زانایانی نوەوەی و تێشکانی دەیەها بارەگا و بنکەی بەهێزی سەربازیی و سوپایی و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی نوەوی ئێرانیییە لە زەرفی تەنها دوو کاتژمێردا هەر هەمووشی لە یەك کاتدا.

ئەوەی ڕوویدا بەڵگەی فشەڵی و بنکۆڵیی  حوکمی ئاخوندەکان و تەنینی ڕایەڵەی سیخوڕی ئیتلاعات و ئەوانی دیکە و تەنانەت تا ئیستیعلامانی خودی خامەنەیشە بە دەزگەی سیخوڕی موساد. ئێمەی هەژار هیچ لەو نهێنییە گەورەیە نازانین و ئیسرائیلیش ڕەنگە تا دەیەیەکی دیکە ئەو زانیاریانە دزە پێ نەکات .

من خۆشحاڵ نیم بەم شەڕە، شەڕێکە کە نەك دانیشتوانی خودی ئێران و ئیسرائیل باجە سەرەکییەکەی دەدات بەڵکو هەر هەموومان لە هەر شوێنێک بین بە جۆرێك لە جۆرەکان باجەکەی دەدەین لە گرانبوونی نەوت و غاز و کارەبا و هاتووچۆی سەفەر و هۆڵیدەیی کرێی خانوو و سلفەی عەقار و سەرکەوتنی کولفەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیش.

هاوکاتیش من ئەوە دەبینم کە گەلانی ئێران 47 ساڵە هیچ نەفەسدانێکیان بۆ نەماوەتەوە ، هەناسەیەکی ئازادیانە هەڵنامژن ، پارووە نانێك بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ ناخەنە دەمیان ، وێرای ئەوەی کە دەزانن کە وڵاتەکایان وڵاتێکی گەورەی بەرهەم هێنەر و کشتیاری و خاوەن کانزایەکی سروشتیی زۆر و زەبەندەیە .  دەزانن کە سەراپای پارەکەی قووتی ئەوانە کە ئێران توانی شەڕی لە 5 وڵاتدا پێبکات : خودی ئێران خۆی ، یەمەن ، لوبنان، سوریا، عێراق-یش تا ڕادەیەك. کە ئەمانە ملیارەها دۆلاری تێچووە .

شتێکی دیکەش ئەزموون و رووداوەکانی زۆرێك لە وڵاتانیش ئەوەی سەلماندووە کە بە خۆپیشاندان و پرۆتێست چەندێك درێژیش بێت وەکو لە خودی ئێران ڕوویدا ، لە عێراق، لوبنان، سوریا ، ڤێنزویلا ، تورکیا ،  ڕوسیا ، فەرەنسا و پۆڵۆنیا و بولغاریا و …. ڕوخاندنی ڕژێمەکانی زۆر مەحاڵ کرد .

کەواتە دوو هێز و تەنها و دوو هێز دەتوانن ڕژێمی وڵاتان بگۆڕن  بە ڕوخاندنی حکومەتەکانیان . یەکەمیان : هێزی کرێکارانە ئەوەیش بە مانگرتنی سەرانسەری بۆ ماوەیەکی درێژ کە ئەمەش لە هیچ وڵاتێکدا لە 50 ساڵ ڕەنگە 100 ساڵیش لەمەوبەرەوە ڕوی نەداوە ، ئیدی نازانین لە ئایندەدا. دووەم: هێزەکانی وەکو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان وەکو وڵاتانی ئەوروپی و ئیسرائیل.

بەداخەوە کە ئێمە لە بەردەم  تەنها ئەو دوو بژاردەیەداین نەك بژاردەی سێیەم .  هەر لەبەر  ئەوەش بوو کە خەڵکانێکی زۆر لە داگیرکردنی عێراقدا لە لایەن ئەمەریکا و بریتانیاوە دەهاتنە سەر شەقام و ئاهەنگیان دەگێرا .  ئێستا لە ئێرانیشدا لە تەبرێز و هەندێك گەڕەکی  تاران  هەمان شت دەبینین کە ڕەنگە ئەمە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینی ئێرانییەکان بێت ، قۆناخی دووەم ڕەنگە چەند ڕؤژێکی دیکە دەست پێکات کە گەر هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت [ کە زۆر زەحەمەتە چونکە لە سوودی سەرمایەداری جیهانی مانەوەی ئێرانە وەکو جەمسەری شیعە دژ بە سوونە و سعوددییە و لەکار نەکەوتنی کارگە و کۆمپانیاکانی چەك و تەقەمەنین ] ئەوە خەڵك لە ئێراندا راپەڕین دەکەن .

کردنی ئەو ڕاپەڕینە و هەرەسهێنانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەسەر دەستی خۆیاندا و هەرچی دروست بکەن بە گەورەترین سوود بۆ هەموو خەڵکی ئێران و کورد لە هەر چوار پارچەکەدا دەگەڕێتەوە .

بەداخەوە کە ئەو هێزانەی کە لە ئێراندا هەن نەك هەر نەیان توانیوە ئامادەکاری بکەن لەو بارەوە بەڵکو ڕاگەیاندنی خراپیش بڵاودەکەنەوە .  تەنها هێزێك کە لە ڕاستیدا بەرنامەیەکی عەمەلی تا ئێستا باسکردبێت کە خاڵەکانی زۆر باشن بەرنامەکەی پژاکە کە ڕەنگە پێچەوانەی رای پەکەکە و کەجەکەش بێت . 

خۆئامادەکردن و قسەکردن لەسەر خۆڕێکخستن لر گروپی لۆکاڵی و ڕێکخراوی جەماوەریانەدا  و هەروەها خۆپاراستن لە ئەزموونە قێزەوەندەکانی وەکو هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە بۆ پلانی ئایندە کە دانیشتوانی وڵاتی ئێران خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن و دایبنێن کە  چی بکەن و چییان پێویستە لەم قۆناخەدا.

 بەسەدەها باوك لە لەندەن و شاری  ئێدنبرەی سکۆتلەندە خۆپیشاندانیان کرد بۆ زیادکردنی مافی باوکایەتییان

12/06/2025

دوێنێ چوار شەمە ، 11/06، باوکانێکی زۆر هەندێکیان لەگەڵ منداڵ و هاوسەرەکانیاندا لە لەندەن و لە ئیدنبرە هاتنە سەر شەقام ، داوای ئەوەیان کرد کە مافی باوکایەتی کە ئێستا تەنها دوو هەفتەیە لەکاتێکدا کە هاوسەرەکانیان منداڵیان دەبێت ، درێژبکرێتەوە بۆ شەش هەفتە .

بریتانیا لە مافی باوکاندا کە هاوسەرەکانیان منداڵیان دەبێت کەمترین مافیان هەیە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا ، هەروەها لە لیستی 43 وڵاتی گەشەکردوو لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە ، بریتانیا لە ڕیزی 40 دایە .

 باشترین مافی باوکایەتیی  لە وڵاتی سویدە کە 480 ڕؤژیان لە نێوانی باوك و دایکدا لە ماوەی 10 ساڵدا هەیە ، واتە گەر دایكێك هەموو ساڵێک منداڵی ببێت باوک و دایك مافی 48 ڕۆژ مانەوەیان لە ماڵەوە هەیە  . ئەگەر بە هەر هۆکارێك ئەو 48 ڕؤژە وەرنەگرن  ئەوە ئەو مافەیان لێدەسەنرێتەوە و هەڵناگیرێت یا کەڵەکە نابێت بۆ ساڵانی ئایندەتر .

وڵاتێك کە خۆی پەنابەر و بێیانە و کۆچهێنەر دروستی کردووە ، کە چی ئێستا لە هەوڵی ناردەنەوەی ئەوانەدایە

11/06/2025

ئەمەریکا لە ئەوان دروست بووە و ئەوان دروستیان کردووە، ئەمەریکییەکان نەتەوە نین ، واتە لەسەر دەستی نەتەوەیەکی ئەمەریکیدا دروستبووبێت .

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلس ڕؤژی پێنجەمیشی تەواو کرد جگە لە شارەکانی نیو یۆرك و شیکاگۆ و ئەوانی تر ئێستا ناڕەزایەتییەکان وەکو پرسی هاوپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی لۆس ئەنجلس لە ئەتلەنتە و ئۆمەها و سیاتڵ و ئۆستن و داڵاسیش  دەستی پێکردووە.  لە سەرانسەری ئەمەریکادا 1800 ناڕەزایی و خۆپیشاندان ڕۆژی شەمە کراوە.  خۆپیشاندانەکان جۆرەها دروشمی جیاوازیان بە خۆوە گرتووە  ” بۆ دەرەوە هێزی دیپۆرتکەرەوەی کۆچهێنەران  بۆ دەرەوە”  ” گان بدەن ”  ” ئێوە بۆچی خۆتان تەیارکردووە ( مەبەست لە هێزی پاسەوانی نیشتمانییە) خۆ لێرە نە ئاژاوە هەیە و نە یاخییبوون”

کەس نازانێت ئەم خۆپیشاندانانە بەرەو کوێ دەروات ، بەڵام ئەوە زانراوە هەتا زیاتر و فراوانتر بێت داپڵۆسین و سەرکوتکردنیش زاڵمانە تر دەبێت ، زۆریش زەحمەتە کە گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات لە ئەمەریکادا چونکە سەرنج و ویستی خەڵکی هەر ڕژانە سەر شەقامەکانە و وەستاندنی حکومەتە لە ناردنەوەی کۆچهێنەراندا کە ساڵانێکی دوورودرێژە لەوێن و ئیقامەیان هەیە .

ڕەنگە بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکانیان کاریگەر بێت و ئەو هەڵچون و ڕک و کینەیە بەردەوام بێت خۆڕێکخستنیان بێت لە گروپی لۆکاڵی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بەهێزکردن و فراوانکردنی چالاکییەکانیان  بێت بە کۆبونەوەی فراوان و کارکردن لە سەر ئامانج خواستەکانیان و ناساندنی خۆیان و ئەو ئامانجانەش  بە خەڵکانی دیکە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە تاکو بتوانن ئامادە بن لە ئایندەدا بۆ  دەستبەسەراگرتنی ئیدارە لۆکاڵییەکان و بەڕێوەبردنیان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیانەوە.

خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی شاری لۆس ئەنجلس بۆ چوارەم ڕۆژ بەردەوامە

10/06/2025

لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترامپ ئامادە نییە لە بڕیارەکەی خۆی واتە ناردنەوەی کۆچهێنەران کە مافی مانەوەیان لەوێ هەیە ، بنێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یاخود بۆ سلفادۆر ، خۆپیشاندانەکان نەك هەر بەر دەوامە بەلکو فراوانتر بووە و ئێستا لە شارەکانی نیو یۆرك ، شیکاگۆ ، دالاس و سانفرانسیسکۆش دەستی پێکردووە .

‌هۆکاری ئەمەش چڕبوونەوەی هێڕشەکانی پۆلیسن و بۆ دەستگیرکردنی کەسانی بێیانەی کۆچهێنەر لە دانبەسەر چێشتخانەکان و کارگەکان و کتێبخانەکان و کۆفی شؤپەکان و زۆر شوێنی دیکە .  ئەمەش وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر بێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری لە مانەوەی کۆچهێنەراندا بە بەرزکردنەوەی دروشمی جیاوازی وەکو ” چی تر ‌هێڕشکردنە سەر کۆچبەرانمان ناوێت ” ” کەس نایاسایی نییە لە خاكی دزراودا ” ” بڕۆن ، بچنە دەرەوە ، بۆ دەرەەوە ”  مەبەستیان ئەو هێزەیە کە هاتوونەتە شارەکانەوە .

 هەتا دوێنی 2000 لە پاسەوانانی نیشتمانی خراونەتە سەر شەقامەکانی لوس ئەنجلس لە پاڵ پۆلیسی شارەکەدا، لە دوێنێشەوە ترامپ فرمانی داوە کە 2000ی دیکە لەگەڵ 700 لە هێزی دەریایی بەشداری بکەن لە سەرکوتکردنی خۆپیشانداراندا . تا ئێستا  زیاتر لە 300 کەس گیراوە کە لەوانە پارێزەر و سەرۆکی یەكێک لە نقابەکانە، هیچیان  مافی بینینی پارێزەریان نییە.

وەکو وتم هێڕشەکانی پۆلیس  کاریگەرییان لەسەر کرێکارانی ناوچەی جلوبەرگ و کرێکارانی ڕۆژانە و چێشتخانەکان هەبووە و هەروەها پارێزەرانیش کە ویستویانە بەرگری لە گیراوان بکەن .   سەرۆکی سەندیکایەکی گەورەی کالیفۆرنیایان دەستگیرکردووە کە لە کاتی هێڕشەکانی  پۆلیس دا وەک چاودێرێکی کۆمەڵایەتی کاری دەکرد.

چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ

Zaher Baher

Jun 2025

هاتنە سەر شەقام دژ بە سیاسەت و یاسای نوێی دۆناڵد ترامپ لە لۆس ئەنجلس

08/06/2025

لە ڕۆژی هەینیەوە ، 06/06 ، بە دەیان هەزار کەس دژ بە سیاسەتی ناردنەوەی پەنابەران و کۆچهێنەران کە ماوەیەکی زۆرە لە ئەمەریکادا دەژین و کار دەکەن و باج دەدەن بە دەوڵەت دەیانەوێت بیاننێرنەوە بۆ وڵاتانی کە لێوەی هاتوون .

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان ئەوەندە گەوەر بوون کە ترامپ فرمانی کرد کە 20

00 لە پاسەوانی نیشتمانی بنێریت بۆ ئەوێ بۆ هاوکاری پۆلیسی ناوخۆ بۆ ئیدارەدانی بارودۆخەکە [ وەکو خۆی دەڵێت ] بەڵام لە ڕاستیدا بۆ کپکردنەوەی خەڵکییە تاکو بتوانن بە بێ گرفت ئەوانەی کە گیراون و دەستبەسەرن بگێڕرێنەوە بۆ ولاتانی خۆیان .

گەرچی جوڵاندنی هێزی پاسەوانی نیشتمان نابێت بەرانبەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا بەکاربهێنرێت و لە صەلاحییەتی کۆنگریس دایە، بەڵام هەمیشە لە یاسادا بۆشاییەك هەیە کەی ویسترا و پێی لێبخشێنرێت و سەرپێچی لێبکرێت .

 .

خۆپیشاندان دژ بە سیاسەتی دەستگرتنەوە ، سیاسەتی تەقەشوف

08/06/2025

دوێنێ شەمە ، 07/06/2025 ، بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی لەندەن بۆ دژایەتیکردنی سیساسەتی دەستگرتنەوە کە حوکمەتەکەی حیزبی کرێکارانی لە بریتایادا ئەوەتی هاتۆتە سەر حوکم دەرێغی نەکردووە لە درێژەدان بە سیاسەتی حیزبی موحافیزینی کۆنە حوکمڕان .

خۆپیشاندانەکە لە لایەن ‘ ئەنجومەنی خەڵکەوە ‘ ڕێکخرابوو بە هاوکاری لایەنە چەپ و سۆشیالیست و نقابییەکان کە داوایان لە حکومەت دەکرد کە لەبری هێڕشكردنە سەر کرێکاران و کەمدەرامەتان باج لەسەر زۆر دەوڵەمەند و ساماندارەکان و کۆمپانیاکانیان زیاد بکات بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە بوجەدا هەیە .

حیزبی کرێکاران ( لەیبەر)  بەناوی ڕیفۆرمەوە دەستیان بۆ قوتی خەلکانی هەژاری بریتانیا بردووە، هەر لە بڕینی هاوکاری گەرمکردنی ماڵ بۆ لە سەروو 11 ملیۆن خانەنشینکراو کە بڕی ساڵانەی هاوکارییەکە لە نێوانی 200 و بۆ 300 پاوەند بوو ، هێڕش بۆ سەر کەسانی پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەتی و زیادکردنی بوجەی سوپا و کەرتی بەرگریی بریتانی و بەردەوامیدان بە سیاسەتی حوکمڕانانی پێشوو هەروەها دەرکردنی یاسای سەخت و خراپتر لە بەرانبەر پەنابەران و کۆچهێنەراندا تا ئەو ڕادەیەی کە سەرەکوەزیران وردە وردە مەیلە ڕایسستیییەکەی دەردەکەوێت بەتایبەت کاتێک کە باسی لە داخستنی چاپتەری کتێبی بابەتی هاوکاری و یارمەتی پەنابەران و کۆچبەران دەکات . ئەو سەبارەت بە کۆچهێنەران کە دێنە بریتانیا پیی وایە ئەوان زیانێکی بێئەندازەی بەم زەوییە سەوز و خۆشە گەیاندووە ، مەبەستی خاکی بریتانیایە.  بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئەو دەیڵێت شتێکی بێمانایە – کۆچهێنەر و هاتوان بۆ ئەم خاکە ئەم وڵاتەیان دروست کردووە . ئەو بەو وتە ڕایسستیانەی کە لە بەرانبەر خەڵکانی هاتوو بۆ ئەم وڵاتە کە لای ئەو مەترسی گەورەیان لەسەر بریتانیا دروست کردوو گەیستە ڕادەی  وتینی ” مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە ببینە دوورگەیەکی نامۆکان”.