All posts by azadebram

چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان

Zaher Baher

29/12/2024

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت .

گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات هیشتا لە قازنجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن .

ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:

یەك: زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات.  ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت .

تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.

 لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر ، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوات .

دوو: ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی  بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل. 

لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت .

سێ : سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی :  بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا .

سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین . هەر بۆیە کە یەکێکیان دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت .  ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی ، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.

خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە  و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە  .

بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو  ” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە .

ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش.  ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای . 

دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە .

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و  ئایندەیان و  ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و  پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا.  هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.

  دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.  

یونیسێف دەڵێت، نزیکەی لە هەر پێنج منداڵ یەکێکیان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەژین

28/12/2024

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یونیسێف منداڵانێکی زۆر لە جیهاندا قوربانی دەستی ئەو شەڕ و ئاژاوانەن کە لە زۆر ڕوەوە شوێن و وڵاتەکانی ناسەقامگیر کردووە کە نەك هەر لەڕووی هەژاری و تیاچونیانەوە زەرەرمەند بوون بەڵکو لە زۆر ڕووی دیکەشەوە کارایی خراپیان لەسەر دانراوە .

ڕاپۆرتەکە ڕۆشنایی خستۆتە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

+ نزیکەی یەک لە پێنج منداڵی جیهان لەو ناوچانەدا دەژین کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

+ بەپێی ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە 473 ملیۆن منداڵ بەدەست خراپترین ئاستی توندوتیژییەوە دەناڵێنن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

+ ڕێژەی ئەو منداڵانە کە لە ناوچەکانی بەیەکاداندا دەژین لە سەرانسەری جیهاندا دوو هێندە زیادی کردووە لە نزیکەی 10% لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ نزیکەی 19%، هەروەها هۆشداریشیدا کە ئەم زیادبوونە دراماتیکییە لە زیانەکانی بۆ منداڵان پێویستە نەک ببێتە “ئاسایی نوێ.

+  لە ساڵی 2023 وە 32 هەزار و 990 پێشێلکاری سەختی لە دژی 22 هەزار و 557 منداڵ پشتڕاستکردەوە، کە بەرزترین ئامارە لەو کاتەوەی ئەنجومەنی ئاسایش نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر چاودێری کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر منداڵانی جیهان بڕیاریدا.

+ کۆی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە زۆر ئاوارە بوون لە ساڵی 2023دا گەیشتە 47.2 ملیۆن کەس.

+ ژمارەی کوژراوان دوای نزیکەی 15 مانگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە زیاتر لە 45 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و لە کۆی ئەو حاڵەتانەی کە پشتڕاستکراوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە 44% منداڵن.

+ لە ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا قوربانیی منداڵانی زیاتری پشتڕاستکردووەتەوە بە بەراورد بە تەواوی ساڵی 2023، پێشبینیشی کردووە لە ساڵی 2025 دا زیادبوونی زیاتری منداڵان هەبێت.

+ ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی سەرنجی بۆ دۆخی نالەباری ژنان و کچان ڕاکێشا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتە بەرفراوانەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا بڵاوبوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هایتی تەنها لە ماوەی ساڵی 2024 دا ژمارەی ڕووداوە ڕاپۆرتکراوەکانی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بە ڕێژەی 1000% زیادیکردووە.

+ ئاماژەی بەوەش داوە کە منداڵان بە تایبەتی لە کاتی شەڕدا تووشی بەدخۆراکی بوون، کە بە تایبەتی هەڕەشەیەکی کوشندەیە لە سۆدان و غەززە. زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە پێنج وڵاتی زیانلێکەوتووی ململانێکان لە برسێتیدان.

+ هەروەها ململانێ کاریگەری جددی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندنی منداڵان هەیە. لەسەدا چل لە منداڵانی کە نەکوتراون یانی بە کەمی کوتراون  لەو وڵاتانەدا دەژین کە بە تەواوی یان بەشێکیان کاریگەری ململانێیان لەسەرە، ئەمەش وایان لێدەکات زۆر زیاتر بەرەوڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و ئیفلیجی منداڵان ببنەوە.  لە مانگی تەمموزدا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە دەستنیشانکرا، یەکەمجارە لە دوای چارەکە سەدەیەك  ڤایرۆسەکە لەوێ دەرکەوت .

+ زیاتر لە 52 ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی ململانێ لە خوێندن بێبەشن، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە، و ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان لە سۆدان، زیاتر لە ساڵێک لە خوێندن بێبەش بوون.

+ لە وڵاتانی دیکەی ململانێدا، لەوانە ئۆکرانیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و سوریا، قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتبوو، لەناوچوون یان دووبارە ئامانجیان بۆ دانرابووەوە، بەمەش ملیۆنان منداڵ دەستیان بە فێربوون نەگەیشتبوو.

+ ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵانیش زۆر گەورەیە”. توێژینەوەیەک کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی War Child پشتگیری کراوە، ڕایگەیاندووە کە 96%ی منداڵانی غەززە هەستیان بەوە کردووە کە مردنیان نزیکە و نزیکەی نیوەیان دەیانەوێت لە ئەنجامی ئەو زەبر و زەنگەی کە بەسەریاندا هاتووە بمرن.

May be an image of 8 people and child

ئەم کوردە چەند هەژارە

Zaher Baher

24/12/2024

ئەم کوردە چەند هەژارە کە ئەندام پەڕلەمانتارێك، یا سەناتۆرێكی ئەمریکی  قسەیەکی مەسڵەحەت لەبارەی کوردەوە دەکات، ئیتر ئەمان شاگەشکە دەبن، نازانن ئەوانە هەر قسەی کەسانێکن کە زیاتر پەرواوێز خراون و هیچیان بەدەست نییە . ئەم کوردانە هیچ زانیارییەکیان نییە لە سەر مێژوی ڕەشی ئەمەریکا و سەراپای سیاسەتەکانی .

گەر تەماشای هەموو ڕاگەیاندنەکانی هەر سیاسییەک و ئەندام پەڕلەمانتارێکی  ئەوروپی، هەر سەرەکوەزیرانێکی ئەوروپا، هەر سەناتۆرێكی ئەمەریکی بە سەرۆکەکانیشیانەوە بکەیت ، ئەوەی کە دەیڵێت سەبارەت بە هەسەدە و کوردی ڕۆژائاوا ئەمەیە ” شەڕکەرێکی باشن ، هاوپەیمانییەکی باشن لە جەنگدا دژ بە داعش ، ئاسایشی ئێمە دەپارێزن” تەنانەت هەرگیز باسی پەیەدە ناکەن ، کە هەسەدە لەشکری پەیەدەیە.

ئەو ڕاگەیاندنەی ئەوان یانی چی؟

یانی ئەوان تەنها هاوپەیمانی سەربازییان هەیە لەگەڵ کوردانی ڕؤژئاوا دژ بە داعش و گروپە تیرۆریستییەکان ، نەك هاوپەیمانی سیاسی لەسەر چارەنوسی کوردانی ڕۆژئاوا.

یانی هاوپەیمانی ئەمان لەگەڵ هەسەدەدا تەنها وەختییە و بۆ مەبەستێکە ، کەی ئەو مەبەستە بەسەر چوو ئەوە نە هاوپەیمانی دەمێنێ و نە دۆستایەتی.

یانی نەدانی هیچ جۆرە ڕاگەیاندنێك دژ بە تورکیا هیچ هەڵوێستێكی دەوڵەتی دەربارەی تورکیا ، نەبا تورکیایان لێ زویر ببێت.

یانی هەتا گروپە تیرۆریستەکان بەهێز بن و مەترسی لەسەر ئەوروپا و ئەمەریکا دروستبکەن ، هەسەدە پێگەی لای ئەمەریکییەکان و ئەوروپا بەهێزتر دەبێت  و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە .

ڕوخانی خەلافەی داعش لە ڕەقە ، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لاوازبوونی پێگەی هەسەدە  لای ئەمریکا و سیاسییەکانی ئەوروپا.  لە کاتی خۆیشیدا من سەبارەت بەمە قسەی خۆمم کردووە و پۆست و وتارم لەسەر نوسیوە .

بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین

Zaher Baher

20/12/2024

ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە.  ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە .

هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا.  هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.

هاتنی ئەوان  بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق -یشدا.   هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان،  لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.

حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو.  ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە.  بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.

  پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران.   لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.

جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن.  ئەو دوو دیاردەیەش :

یەك: وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە.  هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل. 

ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی  لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان  لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.

 ئێران  چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا ، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە  دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.

دوو: گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە.  ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردغان،  شوێنی دەگیرێتەوە.

  لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت،  ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.

کرێکارانی ئەمازۆن لە ئەمەریکا دەستیان بە مانگرتن کرد

20/12/2024

ئەمازۆن کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکان و ژمارەی ئەوانەی کە لە سەر ئاستی جیهان کاری بۆ دەکەن 1،5 ملیۆن کرێکارە .  لەگەڵ ئەوەشدا نقابە تەنها لە سەدا یەکی ئەم کرێکارانە ئەندامێتی .

نزیکەی 10 هەزار کرێکار لە 7 بەشی ئەمازۆن لەوانە لە نیویۆرك، ئەتلانتا و سانفرانسسیکۆ  لە ڕؤژی 5شەمەوە دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت و داوای گفتۆگۆ لەگەڵ ئیدارەی  ئەمازۆندا دەکەن سەبارەت بە کۆنتراکتەکەیان .  پێش مانگرتنەکەیان نقابەکەیان تاکو 15ی مانگی دابوو بە ئەمازۆن کە ئامادەبێت بۆ گفتوگۆ.  لەبەر ئەوەی کە ئەمازۆن ئامادە نەبوو  گفتوگۆ لەگەڵ نقابەکەیاندا بکات و دەڵێت ئەو دەیەوێت کە ڕاستەوخۆ لێدوان لەگەڵ کرێکاراندا بکات، کرێکارەکانیش دەستیان لە کار کێشایەوە.

لەم بارەشدا کرێکارەکان دەڵێن ئامادەن بۆ مانگرتن تاکو داوایەکەیان جێ بەجێدەکرێت ، هاوکاتیش نقابەکەیان لە ڕاگەیاندنێکدا بە خەڵکی دەڵێت ئەگەر دیارییەکانی کریسمستان دواکەوت ئەوە لۆمەی ئەمازۆن بکەن نەك ئەوان.

May be an image of 4 people, crowd and text

کرێکارانی ئەمازۆن بەشی دیلیڤەری پرسەکەیان لە ئەمازۆن بردەوە

19/12/2024

کرێکارانی بەشێکی  دیلیڤەری ئەمازۆن کە ژمارەیان 3000 کرێکارە لە ساڵی 2021 وە لە کێشەدان لەگەڵ ئیدارەی ئەمازۆن کە پێیان وایە هەقی قەرەبووکردنەوەیان هەیە بە بڕی 10،500 پاوەند .  

ئەسڵی کێشەکە لەوەوە هاتووە کە ئیدارەی ئەمازۆن حسابی ئەم کرێکارانەی کە دیلیڤەرییان بۆ ئەمازۆن ئاوا کردووە کە ئەمانە کرێکار نین بەڵکو کار بۆخۆیان دەکەن ، بە مانایەکی دیکە ، ئەمەی کە ئەمان دەیکەن کردنی بزنسێکی بچووکە ، کە لەم بارەشدا ئەوە دەکەوێتە سەر خۆیان کە چەندیان دەستدەکەوێت نەك ئەمازۆن هەروەها دەبێت خۆشیان کێشەی بری پارەیەك کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت ناشناڵ ئونشورانس کۆنترەبیوشن ، لابەلا بکەنەوە نەك خاوەنکارەکەیان کە ئەمازۆنە بۆیان بدات . هاوکاتیش ئەمان مافی وەرگرتنی پارەی هۆڵیدەی و ڕۆژانی نەخۆشکەوتنیان نییە ، چونکە بە حسابی ئەمازۆن ئەمان کار بۆ خۆیان دەکەن و کرێکاری ئەمازۆن نین .

بەڵام خۆشبەختانە پاش 3 ساڵ توانییان بە ڕێگای یاسایی کەیسەکەیان ببەنەوە ، بۆ ئەمەش ئەمازۆن دەبێت 140 ملیۆن پاوەند بدات بە ئەم کرێکارانە تاکو قەرەبوی ئەو ماوەیەیان بۆ بکاتەوە.

 

ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك

Zaher Baher

18/12/2024

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت .

لەو ڕاگەیاندنانە:

” دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا“.

مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.

” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ.

ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”

مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام  کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت:”هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە“.


 ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی:”گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە“.

ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت“.
 “ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە“.

ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت  “دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن“.

ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا ، قسەکەریان، نەواف رەشید،ئاوا دەڵێت “مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”

لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندووتەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو.
تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.

سەرنجی من:

ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش  بۆ ڕۆژائاوا نییە.

هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە ، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.

من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك،  واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای  دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی  کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت ، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت . 

چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم ، پرسی ژنان و   فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە .  لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت ، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات ، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە ، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .

 ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت : هەرەوەزیی ، حکومیی ، خۆسەریی … هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات .

بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا.  ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت .

بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش .

هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن. قسە و  لێکدانەوەکەی من بە گوێرەی ئەو راگەیاندن و هەڵوێست و بارودۆخەی ئێستایە کە سوریای پیادا تێدەپەڕێت، لە هاتنەپێشەوەی بارودۆخی نوێدا بێگومان لێکدانەوەی نوێ دەبێت بکرێت.

ئەوەی کە لە سوریا دەگوزەرێت زۆر ئاڵۆزە

Zaher Baher

17/12/2024

دوای دەستبەسەراگرتنی حوکم لە لایەن دەستەی تەحریری شامەوە کە وەکو دەڵێن نزیکەی 10 بۆ 13 گروپی جیاوازن .  ئەبو موحەمەد جۆلانی کە کەسی دەرکەوتو و سەرکردەی ئەو کۆمەڵانەیە بە زۆر شت تۆمەتبار دەکرێت کە یەکێکیان پەیوەندی گەرم و پتەوی نێوانی ئە و سی ئای ئەی ئەمەریکییە تا ئەو ڕادەیەی کە کوژرانی هەندێك لە سەرانی داعش و خودی  ئەبوبەکر بغدادیش لە کەشفکردنی شوێنەکەی بۆ ئەمەریکییەکان  دەخەنە پاڵ ئەو.

گەر تەماشای ڕووداوە سەیر و بەپەلەکان بکەیت ڕەنگە ئەو قسەیە ڕێی تێبچیت بەوەی کە ئەو توانی لە کەمتر لە ماوەی هەفتەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست ، هەروەها شێوەی قسەکردن و ڕێگە چارەی بۆ گرفتەکانی سوریا و پێکهاتەکانی ، گوێنەدان بە هیڕشی ئیسرائیل لە داگیرکردنی بەشێکی سوریا و بڕیاری کردنەوەی کەمپ بۆ جولەکەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان و جەبەل شەیخ و هەروەها پەیوەندی نێوانی وەزیری ئێستای ئەمریکا لەگەڵ جۆلانیدا و قسەکردن لەسەر لابردنی ناوی گروپەکەی لە لیستی تیرۆریستان و لەم لاشەوە دیلۆماسی بریتانیاش ئەوی بینی، هاوکاتیش بریتانیا ئامادەی خۆی دەربڕی بە ناردنی 5 ملیۆن پاوەن بۆ هاوکاری سوریا ، کە ئەمە ئاشکرا نییە ئایا بۆ خەڵکەکەیەتی یا خود بۆ دەستەی تەحریرە. لە لایەکی ترەوە بریتانیا و ئەمەریکا و ئەوروپا هەموویان ئامادەن کە گەمارۆی ئابووری لەسەر  سوریا هەڵگرن .

 جۆلانیش ڕۆژانە بریاری نوێ دەردەکات کە تازەترینیان یاساخکردنی چەکداربوونی گروپەکانە و کە دەبێت لە سوپای نوێی سوریادا خۆیان بتاوێننەوە.  کە ڕەنگە ئەمە داوێك بێت بۆ هەسەدە کە دەیانخاتە هەڵوێستێکی موحریجەوە .  گەر ئەوانیش ببنە بەشێك لە سوپا واتە ئازادیی خۆیان و ئامانجی خۆیان لە دەست دەدەن ، ئەگەریش ئەوە ڕەتبکەنەوە ، ئەو کاتە بە گروپێکی یاخیی ناو دەبرێن، بە گوێرەی یاساش دەسگیرکردن و لێدانیان ئاساییە.

هەموو ئەوانەی سەرەوە گومانی پەیوەندی ئەبو محەمەدی جۆلانی بە ئەمریکاوە تا ڕادەیەکی زۆر دەکاتە ڕاستی.

سوریا بەرەو کوێ دەڕوات؟

بەڕای من دوو ڕێگا لە بەردەم حکومەتی تازەدایە .  یەکەم: ئەگەر ئەبو موحەمەدی جۆلانی بە گوێرەی هەڵسوکەوت و قسە و راگەیاندنەکانی ئێستای بڕوات ، ئەوەی کە دەیڵێت دەیکات و پەیوەندی گەرمی دەبێت لەگەڵ ئەمەریکا و ولاتانی دیکە و ئەوروپا ، ئەوە هیچ گومانێک نامێنتەوە کە بەشێکی ئەگەر بەشە ززۆرەکەی هێزەکەشی  نەبێت بەوە ڕازی نابن و دەبنە موعارەزە و ئەو کاتە شەڕی ئەهلی لەوێ دروست دەبێتەوە .

خۆئەگەر ئەبوو موحەمەد هەموو ئەمانەی کە دەیڵێت بۆ خۆگرتنی و ڕێکخستنەوەی گروپەکان و پێکهێنانی حکومەتەکەی بکات، و  بە هیچ کام لەوانە کە وتویەتی کردار نەکات ، ئەوە دووبارە جەنگی ئەهلی دروست دەبێتەوە بەلام لە شێوەیەکی دیکەدا.

لە پاڵ ئەمەی سەرەوەشدا هێشتا هەر نوزەیەك لە سوریادا ماوە وەکو گریمانێکی زۆر لاوازە بەڵام دەبێت حسابی هەر بۆ بکرێت ئەویش کودەتای سەربازییە کە لە لایەن خودی بەعسییەکانەوە کە هێشتا هەمان هێز و پلە و پێگەیان هەر ماوە . ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە هەر ڕاکردنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بووە بەڵام دەستە و دائیرەی بەعسییەکان هەر هەموویان لەوێ ماون تا ئێستاش زۆرێکیان لە جێگەی خۆیانن.

هاوکاریکردنی کودەتایەکی سەربازیی ئاواش لە لایەن ڕوسیا ،  ئەوروپا،  ئەمەریکا و بریتانیاوە شتێك نییە کە لە خانەی ئەگەرەکاندا نەبێت.  هەموو شت لە سیاسەتدا ڕەوایە و دەکرێت .

بریتانیا پێشەنگی جیهانە لە سەرکوتکردن و دەسگیرکردن و گرتنی خۆپیشاندەرانی ژینگەدا

11/12/2024

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانییدا بڵاو بووەتەوە بریتانیا پێشەنگی جیهانە لەو کارە قێزەوەنەدا . ئەمەش دیمۆکراتییەتی سیستەمەکە و دووڕیی دەسەڵات کە قسە لەسەر ژینگە و گرنگی پاراستنی ژینگە دەکات دەردەخات .  لەو ڕاپۆرتەدا کە توێژینەوەیەک بۆ یەک دوو دەیەیەك، ئەم خاڵە گرنگانە نیشان دەدات :

+ توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پۆلیسی بەریتانیا خۆپیشاندەرانی ژینگەپارێزی بە نزیکەی سێ ئەوەندەی تێکڕای جیهانی دەستگیردەکات، ئەمەش ئاشکرایکردووە وڵاتەکە وەک پێشەنگی جیهان لە سەرکوتکردنی یاسایی چالاکییەکانی کەشوهەوا.

+ تەنها ئوسترالیا خۆپیشاندەرانی کەشوهەوا و ژینگەی بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پۆلیسی بەریتانیا دەستگیرکرد.  لە هەر پێنج ناڕەزایەتییە ژینگەییەکانی ئوسترالیا یەکێکیان بووە هۆی دەستگیرکردن، لە کاتێکدا لە بەریتانیا نزیکەی 17% بووە. تێکڕای ڕێژەی جیهانی 6.7% یە.

+ مایکڵ فۆڕست، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرگریکارانی ژینگە، سەرەتای ئەمساڵ وتی: “لە زۆرێک لە وڵاتان وەڵامی دەوڵەت بۆ ناڕەزایەتی ژینگەیی ئاشتیانە، تادێت زیاتر بۆ سەرکوتکردنە نەک بۆ توانا و پاراستنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت قسە لە پێناو ژینگەدا بکەن”.

+  داتابەیسەکانی نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2023، کە بە تایبەتی گرنگی بەو وڵاتانە دراوە کە زیاتر لە هەزار ڕووداوی ناڕەزایەتییان بۆ ئەو ماوەیە تۆمار کردووە. پاشان سەرنجیان تەسک کردەوە بۆ 14 وڵات کە نوێنەرایەتی هەر شەش کیشوەرەکە  دەکەن بۆ شیکارییەکی چۆنایەتی.

+ لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بە تێکڕا 6.7%ی ناڕەزایەتییەکانی کەشوهەوا و ژینگەیی بووەتە هۆی دەستگیرکردن، بەڵام ئەو ڕێژەیە زۆر جیاواز بووە لەگەڵ بەرزترین ڕێژەی لە باکووری جیهانی، نەک تەنها لە ئوسترالیا و بەریتانیا، بەڵکو نەرویجیش کە ڕێژەی15.1%.

+  ئەو وڵاتانەی کەمترین ڕێژەی دەستگیرکردنیان هەبووە بریتین لە بەرازیل بەڕێژەی 0.6%، پیرۆ بەڕێژەی 2% و ئۆگاندا بەڕێژەی 2.2%، بەڵام ئەمانەش ئەو وڵاتانە بوون کە زۆرترین ئاستی توندوتیژی پۆلیسیان تێدابووە.

+ توێژەران بە ئاماژەدان بەو ئامارانەی کە ڕێکخراوی ناحکومی گڵۆباڵ کۆیان کردۆتەوە، دەڵێن، لەو ماوەیەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، زیاتر لە دوو هەزار کوشتنی بەرگریکارانی ژینگە ڕوویداوە.

ئەرۆدۆغان جەنگە سەرەکییەکەشی بردەوە

Zaher Baher

08/12/2024

ئەردۆغان ئەو پیاوە سیاسییە بە ئەزموونە لە فێڵ و پاشقوللێدان لە دۆست و دووژمنانی.  ئەو پیاوەی کە لەوەتی حوکمڕانی دەکات هیچ گرەوێك، هیچ شەڕیکی نەدۆڕاندووە.  سیاسییەكی موحەنەك  کە لە سیاسەتەکانیدا هەمیشە براوە بووە.

خودی سیاسەت  یانی فێڵ و تەڵەکە و بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە لە بەرانبەر نەیاراندا و لەدەستنەدانی هیچ جۆرە هەلێک یاخود خولقاندن و قۆستنەوەی  هەموو دەرفەتێك لە پیناوی خۆی و حیزب و دەسەڵاتەکەیدا.

ئەردۆغان توانیوێتی دووسەرە یاری بکات و بزانێت چۆنیش یارییەکە دەباتەوە ئیتر ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبووە کە هەڵوێستی جیا جیا و ناکۆك و سازشکارانە و هەزیلانەش لە بەرانبەر دوژمنانیا ببێت .  ئێمە ئەمەمان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و تەنانەت ئەم دواییە کە لەگەڵ سوریاشدا کردی لێ بینیوە.

بێ گومان ئەردۆغان ئەمانەی بە هاوکاری پێگەی وڵاتەکەیی و بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ئەو زەمینە لە بارەی مەوقیعی تورکیا و بوونی وەکو وڵاتێکی کشتیاری و گەورە، کردووە.  هەر هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ بردەنەوەی گرەوەکانی، هاوکاتیش ناتوانرێت نکوڵی لە توانا و زیرەکی و لێزانی خۆشی بکرێت . 

با هەر تەماشایەکی مێژوی ئەردۆغان لەم 15 ساڵەی  ڕابوبوردوودا بکەین تاکو ئەو حقیقەتانەی سەرەوە بە بەڵگەوە ببینرێت.

لە ئاگربەستییەکەی پێش ساڵی 2015 لەگەڵ پەکەکە هەستی بەوە کرد کە لە ڕاستیدا ئەو ئاگر بەستییە پەکەکە و پرسی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای زۆر بردۆتە پێشەوە و  بەهێزیان دەکات و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە تاووتوێی ئەوە دەکرا کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە دەربهێنرێت. هەر لەو کاتی ئاگربەستییەشدا ڕۆژئاوا بووە چەقی ئازادیخوازانی بەشێکی زۆری دونیا، بووە جێگەو پێگەی زۆرێك لە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیست و نقابەییەکان. ئەردۆغان هەستی بەوە کرد   کە ئەمە مەترسی زۆر گەورە لە سەر تورکیا و وجودیی دروست دەکات .  ئەوە بوو کوژرانی دوو پۆلیسەکەی لە باکوری تورکیا لە ساڵی 2015 کە گوایە لە لایەن پەکەکەوە بووە قۆستەوە و پەکەکەی لە تەموزی ئەو ساڵەدا خستە ناو داوەکەیەوە، داوی شەڕکردنەوە.  

 بێ گومان ئەردۆغان  دەیزانی کە بەمە چی بەدەستدەهێنێت. دەیزانی کە دەتوانێت پێداگری بکات لەسەر ” تیرۆریستیی پەکەکە” ، دەتوانرێت  هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە پەکەکەوە گرێبدرێتەوە، لەو بارەشدا هاندانی دەوڵەتانێك کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی دەدات تاکو ڕێگری لێنەکەن لە هێڕشکردنە سەر ڕۆژئاوا.

کاتێک پەکەکەشی ئاڵان لەو شەڕەوە لەناو خودی تورکیاشدا ئەوەی بۆنی پەکەکەی لێهات یا دەگیرا یا دەبوایە ڕایبکردایە ، لەولاشەوە هەلی بۆ ڕێکەوت کە تەواوی ئیدارەی شارەوانییەکانی کوردستانی باکور هەڵبووەشێنێتەوە و سەرۆکی و ئەندامانی  شارەوانییەکان و تا گەیشتە ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش بە خۆشی و هاوسەرۆکی پارتەکەی و  زۆری تریش دەستبەسەر بکات.  لەمانەش زیاتر هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کە دیارترینیان دیاربەکر ( ئامەد) بوو وێران کرد . ئەو دەیزانی کە شەڕ لە قازانجێتی و ئاگربەستی لە زیانی.

بە سەپاندنی شەڕ بەسەر پەکەکەدا نەك هەر ئەو هەلەی دەستکەوت بۆ کردنی ئەوانەی سەرەوە، بەڵکو بەشێکی لە باشووری کوردستانیشی وێران کرد.

سەرکەوتنێکی دیکەی ئەردۆغان، بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستەکان بوو کە لە هەموویان بەهێز تر و دڕندەتریان داعش بوو بەریدانە گیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا و ڕۆژئاوا.  هاوکاتیش خۆی لە لای ئەوروپا و ئەمەریکا بە دژە تیرۆر نیشان دەدا و کۆنتراکتی گەورەشی لەگەڵ یەکێتی ئەورپادا بەست بۆ ڕێگرتن لە ڕووکردنە پەنابەرانی سوری و عێراقی بۆ ئەوروپا، بەمەش پارەیەکی مشەی دەست کەوت.

لەمانەش زیاتر ئەو کودەتایە بوو کە لە تورکیادا ڕویدا کە تا ئێستاش نەزانراوە کە ئەوە کودەتای حەقیقی بوو یاخود دەستکردی خودی ئەردۆگان خۆی بوو تاکو  ‘ گوڵانییەکان’ و هەرچی لە بەشی سوپا و پۆلیس و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا هەبوون دووربخاتەوە ئەوانەشی کە دەیویست دەستبەسەریان بکات بەو بیانوەوە کردنی و هیچ گریمانێکی کردنی کودەتای ئایندەی نەهێڵایەوە .

سیاسەتێکی دیکەی ئەردۆغان ئەوە بوو گەر چی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەو لەو بەینەدا بەگوێرەی پێویستی خۆی و حیزبەکەی  یاری دەکرد، هەم ئەندامێکی کارا بوو هەم دژ بە سیاسەتی ناتۆ دەجوڵایەوە کە لە هەردوکیاندا سەرکەوتوو بوو.  لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکی گەرم تا کڕینی تەیارەی جەنگی و لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆش دا دۆست . ئەو سیاسەت وای لێکرد کە لە لایەکەوە لەگەڵ ناتۆ و کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی بێت و  لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و چین دا پەیوەندی گەرموگوڕی هەبێت.  سیاسەتەکەی ئەو تا ئەو ڕادەیە فڕوفێڵاوی بوو کە لە ساڵی 2018 دا عەفرینی داگیر کرد و هەموو ئەو لایەنانە : ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئێران بە ئاگا بوون، تا ئێستاش هیچ لایەك قسەیەك ناکەن و دەنگێك هەڵنابڕن لەو کوشتار و وێرانکاری و کاولکردنەی ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەری کە  میلیشیاکانی ئەردۆغان لەوێ دەیکەن .

لەجەنگی ئیسرائیل و غەزە و دواتر لوبنان و ئیران، ئەو هەڵوێستانەی کە هەیبوون بەرانبەر بە هەر هەموویان کە لای هەموومان ئاشکرایە کەچی لە سەریان هیچ سزایەك نەدرا ، هیچ  سەرزەنشتێکی بەهێز نەکرا ، هیچ ئابرووچونێکی پێ ڕەوا نەبینرا،  بۆیە وەکو بەرزەکی بانان لەم سیاسەتەشی بە سەلامەتی دەرچوو.

بۆ درێژە دان بەم سیاسەتە و مانەوەی لە حوکمدا توانی بارودۆخی سوریا و پەیوندی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش ڕابگرێت ، بەڵام لە راستیدا کڵاوی کردە سەر هەر هەمویان بە  داعش و پەکەکەشەوە.  کورد وتەنی هەموویانی کردە کوڕەی سێو لەباخەڵ.

ئەردۆغان ئەمەی ئاوا بەرێکرد تا هەفتەیەك لەمەوبەر کە هێزی دەستەی ئەحرار شامی گەر بە هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نەبووبێت ئەوە بە بە ئاگایی ئەوان بووە ، کردە گیانی سوریا و هەرەسی بە حوکمی نیو سەدەی خێزانی ئەسەدهێنا .

ئەوەی کە ڕوویدا لە سوریا:

ئەمەی کە ڕوویداوە بە دڵنیاییەوە تورکیای لە پشتەوەیە گەرچی ڕەنگە پلانەکانی ئایندە بە گوێرەی ویستی ئەردۆگان نەڕوات بەڵام ئەو یەکێکە لە سوودمەندەکان و بە ئاسانی ناتوانرێت لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە.

ئەمەی کە ڕوویدا پلانێکی زۆر گەورە و نهێنییە و ئێمە بەوردەکارییەکانی نازانیین بەڵام بەشداربووانی ئەم گەمە خوێناوییە دەمێکە پلانی بۆ دادەڕێژن کە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر بەو ئاسانییە نەبووە و نییە.  بۆ نموونە ڕوسیا چۆن بەوە رازی بوو کە دەستبەرداری سوریا ببێت کە  لە ناوچەکەدا قەڵایەکی بوو لەگەڵ ئیراندا.  ڕەنگە ڕێکەوتنێک لەم بارەوە لەگەڵیدا کرابێت کە دوور نییە لەسەر حسابی ئۆکرانیا و گەلی نەگبەتی ئۆکرانیی بێت ، چونکە سیاسەت و سیاسەتمەداران  ئەمەند بێ حورمەتن  نە  پەیمان ، نە ڕاستگۆیی و نە دڵسۆزی و نە دۆستایەتی و نە دووژمنایەتی هیچ کات ئەمانە لای سیاسەتچییەکان مەحاڵ و عەیبە نییە.

لێرەدا دەکرێت بڵێین ئیسرائیلیش ئەگەر سوودمەندی یەکەم دوای ئەردۆغان نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو کەمتر سوودمەند نییە. خۆی یەکێکە لە پلاندانەران و نەخشەکێشی ئەوەی کە ڕویداوە بۆیە دەکرێت شتێك لەو سنورەی سوریا بۆ ئاسایشی خۆی ببڕێت.  هاوکاتیش هەر کەس لە سوریادا حوکمڕانی بکات  خۆ لە داعش مەترسیدارتر نابێت و داعیشیش بە درێژای دروستبوونییەوە تا ئێستا هیج زیانێکی بۆ ئیسرائیل نەبووە ، تەنانەت پشتگیریی حەماسیشی نەکرد نە لە کۆناو نە لەم دوایەشدا.

ئەی ڕۆژئاوا؟

ئایندەی ڕۆژئاوا نادیارە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا وا دەرناکەوێت کە مەترسی لەسەر بێت ، بەڵام ئەمە سەرەتایە و هێشتا پرۆژەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و غەرب و ڕوسیا و تورکیا هیچ دیار نییە ، دوای ئەوەش هێشتا دەستەی تەحریری شام جێ قوونی خۆیان لەسەر تەختی حوکمڕانی گەرم نەکردۆتەوە ، هێشتا هێزیان کۆ نەکردۆتەوە ، هێشتا پلانی تەواوی حوکمیان نەکێشاوە، هێشتا حکومەتیان تەشکیل نەکردووە، هێشتا کێشەکانی نێو خودی گروپەکانی ئەو هێزە قوڵنەبوەتەوە . 

قسە و راگەیاندنەکانی ئەم ڕۆژانەی دەستەی تەحریر و ئەبو موحەمەد جۆلانی نابێت بە هییچ شێوەیەك  جێگای متمانە و بڕوا بێت .  ئەمانە هەموی قسە و هەڵوێستی هەموو هێزێکە کە هێشتا پرژ و بڵاون و دەسەڵاتیان لە دەستدا نییە، یاخود لاوازە و  پێویستی بە ماوەیەك هەیە ، هێشتا جێی خۆی نەکردۆتەوە .  تا ماوەیەکی دیکەش شتێکی ئاوا لە سیاسەتی ئەمان و شێوازی حوکمکردنیان ناڕووندەبێت.  بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەندێك لەم گروپانە پاشماوەی داعش و قاعیدەن یاخود لەوان هاتوونەتە دەرەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و لە سەر دەسەڵاتیش ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن هاوکاتیش تورکیا وەکو هێزێکی پشت و پەنا بۆیان دەمێنتەوە.

خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بوونی بۆمبێکی ئامادەکراوی کاتییە لە ڕۆژئاوا کە بوونی کەمپی هۆڵە. وەکو دەزانین ئەم کەمپە   کەسانێکی زۆری داعش یاخود سەر بە داعش لەوێن لەو بارەشدا باوەڕ ناکەم کە ئەبو موحەمەد جۆلانی دەستبەرداری ئەم کەمپە ببێت ئیتر  بە ئاشتی بێت یا بە شەڕ، بۆیە گریمانی ئەوە هەیە هەسەدە ناچار بکات کە دەستبەرداری ئەو چەند هەزار کەسە لەوێ ببێت  کە خودی ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە ڕەنگە وەکو هێزێک بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە هەسەدە بسەنن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت وا بزانرێت کە ڕۆژئاوا  و هێزەکانی مەترسییان لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت ئەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیان پارێزن.  هەتا ئەردۆغان و حیزبی ئاکەپە لەسەر حوکم بن هەمیشە ئایندەی رۆژئاوا نادیار دەبێت هەرگیزیش ناتوانرێت پشت بە ئەمەریکا و غەرب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ببەسترێت . بەرژەوندییەکانیان لە هاوپەیمانەکانیان گرنگتر و لەپێشترە.